سروشتی یاسا

2023/05/26
1080

یاساوانان (مافناسان) زۆرتر تامەزرۆی ئەم پرسیارەن کە یاسای پرسێکی تایبەت چییە؟ ئەمە هەمیشە پرسیارێکی خۆجێییە و وەڵامەکانیشی بەستراوەتەوە بە جیاوازیی ئەو دەسەڵاتە دادگەرییە دیاریکراوە کە داوایان لێ‌ دەکرێت. لە بەرامبەردا، فەلسەفەی یاسا بایەخ بەم پرسیارە گشتییە دەدات کە یاسا چییە؟ ئەم پرسیارە گشتییە سەبارەت بە سروشتی یاسا پێشەکی وای دادەنێت کە یاسا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی بێهاوتایە بە تایبەتمەندیگەلێکی کەم تا زۆرێک جیهانگر (گشتگیر) کە دەکرێت لە ڕێگەی شیکاریی فەلسەفییەوە فام بکرێت. مەعریفەی ‌یاسای گشتی هەروەک لەم لێکۆڵینەوە فەلسەفییە سەبارەت بە سروشتی یاسا ناو نراوە، بە واتای گشتگیربوونیەتی. و ئەم گریمانەیەی هەیە کە یاسا خاوەنی تایبەتمەندیگەلی دیاریکراوە، بە سروشتی خۆی، یان گەوهەری خۆی وەک یاسا، هەر کاتێک و لە هەر شوێنێکدا هەبێت، خاوەندارییان لێ‌ دەکات. هەر چۆنێک بێت ئەگەر ئەم جۆرە تایبەتمەندییە گشتگیرانەی یاسایش هەبێت –کە جێی مشتومڕە، هەروەک دواتر باسی دەکەین– هۆکارەکان بۆ هۆگرێتیی فەلسەفییانە بۆ ڕوونکردنەوەیان جێی لێکدانەوەیە. سەرەتا، هۆگرێتیی هزریی پەتی بۆ تێگەیشتنی ئاوەها دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی ئاڵۆز هەیە کە بە هەر شێوەیەک یەکێکە لە ئاڵۆزترین بوارەکانی کولتووری مرۆڤ. هەر چۆنێک بێت، یاسا هەروەها کردەوەیەکی کۆمەڵایەتیی نۆرماتیڤە (پێودانگییە) : یاسا ڕێنوێنیی هەلسوکەوتی مرۆڤ دەکات و هۆکارگەلێک بۆ کردەوە وەدی دێنێت. هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم لایەنە نۆرماتیڤە و هۆکاربەخشینی یاسا یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی مەعریفەی یاسای گشتییە. ئەم دوو سەرچاوە جێ بایەخە لە سروشتی یاسادا پێکەوە بەستراونەتەوە. یاسا تاکە بواری نۆرماتیڤ لە کولتووری ئێمەدا نییە؛ ئاکار و ئایین و گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان و دابونەریت و هتد، کە بە چەندین شێوە کە هاوشێوەی یاسان، ڕێنوێنیی ڕەوشتی مرۆڤ دەکەن. بۆیە بەشێک لەو شتانەی کە لە تێگەیشتنی سروشتی یاسادا بەشدارن، لێکدانەوەی چۆنیەتیی جیاوازیی یاسا لەگەڵ ئەم بوارە نۆرماتیڤە هاوشێوانەیە، و چۆنیەتیی کارلێککردن لەگەڵیاندا، و ئەوەی کە ئاخۆ تێگەیشتنی بەستراوەتەوە بە دەستوورە نۆرماتیڤەکانی ئەوانی دیکە، وەک ئاکار یان گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان.

بیردۆزە یاساییە هاوچەرخەکان ئەم دوو هۆگرێتیی (بایەخە) سەرەکییە لە سروشتی یاسادا بەم مەرجانەی خوارەوە پێناسە دەکەن. سەرەتا پێویستە لەو مەرجە گشتییانە تێبگەین کە هەر نۆرمێکی واباوە (وادانراو) لەڕووی یاساییەوە باوەڕپێکراو دەکەن. بۆ نموونە ئایا تەنیا مەسەلەی سەرچاوەی نۆرمەکەیە، وەکوو دەرکردنی لە لایەن دامەزراوەیەکی سیاسیی تایبەتەوە یان مەسەلەی ناوەڕۆکی نۆرمەکەیشە؟ ئەمە پرسیاری گشتییە سەبارەت بە مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی. دووەم، هۆگرێتی بە لایەنی نۆرماتیڤی یاسا (بوونی) هەیە. ئەم هۆگرێتیی فەلسەفییە دوو بەشە: لێکدانەوەیەکی فەلسەفیی تەواو لە نۆرماتیڤیتیی یاسا کە دوو ئەرکی ڕاڤەیی و پاساودەرانە یش لەخۆ دەگرێت. ئەرکی ڕاڤەیی بریتییە لە هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن نۆرمە یاساییەکان دەتوانن هۆکارەکان بۆ کردەوە وەدی بێنن، و چ جۆرە هۆکارگەلێک لەبەر دەگرێت. ئەرکی پاساودان (ڕاستاندن) پێوەندیی بەم پرسیارەوە هەیە کە ئاخۆ خەڵک دەبێ لەڕووی ئاکارییەوە یان هەموو ئەو شتانەی کە ڕەچاو دەکەن، پەیڕەوی داواکارییەکانی یاسا بن. بە واتایەکی ‌تر، هەوڵدانە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەوایی ئاکاریی یاسا و هۆکاری پابەندبوونی تاکەکانە (شوێنکەوتووان). بیردۆزێک سەبارەت بە سروشتی یاسا، بەپێچەوانەی بیردۆزە ڕەخنەییەکانی یاسا، جەخت لەسەر یەکەمین پرسیار لەو دوو پرسیارە دەکات. ئامانجی ئەم لێکدانەوەیە ئەوەیە کە نۆرماتیڤیتیی یاسا لە ڕاستیدا چی لەخۆ دەگرێت. ئەگەرچی هەندێک فەیلەسوفی یاسایی هاوچەرخ گومان لەوە دەکەن کە ئەم دوو لایەنەی نۆرماتیڤیتیی یاسا بکرێت جیا بکرێنەوە. (دواتر دەگەڕێینەوە سەری).

بۆیە ڕوونکردنەوەی مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی و شرۆڤەی نۆرماتیڤیتیی یاسا لە دوو بابەتی سەرەکیی هەر بیردۆزێکی گشتی سەبارەت بە سروشتی یاسا پێکدێت. لە بڕگەی یەکەمدا، چەند باسێکی (مشتو‌مڕێکی) سەرەکی لەبارەی ئەم دوو پرسە ڕوون دەکەینەوە. لە بڕگەی دووەمدا چەند باسێکی میتۆدۆلۆژییانە سەبارەت بە سروشتی مەعریفەی‌ یاسای گشتی تاوتوێ دەکەین. لە ماوەی چەند سەدەی ڕابردوودا، دوو نەریتی فەلسەفی وەک ڕکابەری سەرەکی لەسەر سروشتی یاساییبوون دەرکەوتوون. کۆنترینەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی کریستیانی لە کۆتایی سەدەی نێوەڕاست کە پێی دەوترێت نەریتی یاسای سروشتی. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا، بیردۆزەکانی یاسای سروشتی بەتوندی لە لایەن توێژەرانی نەریتی پۆزیتیڤیزمی یاسایی وەک جێرمی بێنتام و جۆن ئوستین کەوتنە ژێر ڕەخنە و گازەندە. ئاخێزگەی فەلسەفیی پۆزیتیڤیزمی یاسایی زۆر کۆنترە، هەرچەندە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی سیاسیی تۆماس هۆبز . مشتومڕی سەرەکیی نێوان ئەم دوو نەریتە پێوەندیی بە مەرجەکانی ڕەوایی یاساییە. لە بنەڕەتدا پۆزیتیڤیزمی یاسایی دەیسەلمێنێت و یاسای سروشتی نکۆڵی لێ دەکات کە مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی بەتەواوی مەسەلەی فەکتە کۆمەڵایەتییەکانن. بەپێچەوانەی پۆزیتیڤیزمی یاسایی، یاسای سروشتی بانگەشەی ئەوە دەکات کە مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی بە ڕاستییەکانی کۆمەڵایەتی تەواو نابێت، ناوەڕۆکی ئاکاریی نۆرمەکانی وادانراویش بەسەر ڕەوایی یاساییان کاریگەری هەیە. وەک ئەو وتە بەناوبانگە کە دراوەتە پاڵ سەینت ئۆگۆستین کە lex iniusta non est lex، واتە یاسای نادادپەروەرانە یاسا نییە.


۱. مەعریفەی ‌یاسای گشتی

١.١ مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی

٢.١ نۆرماتیڤیتیی یاسا

٢. میتۆدۆلۆجیای مەعریفەی‌ یاسا

١.٢ ئامانجی بیردۆزێکی یاسا

١.١.٢ ڕوانگەکانی شیکاریی تێگەیی

٢.١.٢ لێکۆڵینەوە لە خودی یاسا

٣.١.٢ ڕوانگەی لێکۆڵینەوەی میتانۆرماتیڤ

٤.١.٢ ڕوانگەی دەستووری

٥.١.٢ شرۆڤەی بنیاتنەر لە مومارەسەی یاسایی

٢.٢ ئاخۆ بیردۆزی یاسایی بە شێوەیەکی زاتی (خۆی ‌لە خۆیدا) هەڵسەنگێنەرە؟

١.٢.٢ پێشەکییەکان

٢.٢.٢ ئایا بیردۆزی یاسایی لە واتای پەیوەندیداردا هەلسەنگێنەرە؟

سەرچاوەکان

ئامرازە ئەکادیمیکەکان

سەرچاوە ئینتەرنێتییەکانی دیکە

وتارە پەیوەندیدارەکان



۱. مەعریفەی‌ یاسای گشتی

۱.۱. مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی

تێڕوانینی سەرەکیی پۆزیتیڤیزمی یاسایی، کە مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی بە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکات، دوو بانگەشەی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە بە تێزی کۆمەڵایەتی و تێزی جیایی ناو نراون. تێزی کۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە یاسا بەقووڵی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی بریتییە لە ڕاستیی کۆمەڵایەتی، واتە ڕاستییە نانۆرماتیڤەکان . پۆزیتیڤیستە یاساییە سەرەتاییەکان بە دوای تێڕوانینی هۆبز کەوتن کە یاسا لە بنچینەدا ئامرازی سەروەریی سیاسییە و ئەوان باوەڕیان وایە کە سەرچاوەی بنچینەیی ڕەوایی یاسایی لەو ڕاستییانەی کە پێکهێنەری سەروەریی سیاسین، جێگیرە. ئەوان پێیان وا بوو کە یاسا لە بنەڕەتدا فەرمانی دەسەڵاتدارە . دواتر پۆزیتیڤیستە یاساییەکان سووکە گۆڕانێکیان بەسەر ئەم بۆچوونەیان هێنا و باوەڕیان وا بوو کە ئەوە ڕێسا کۆمەڵایەتییەکانن کە بنچینەی یاسا پێک دەهێنن، نە ڕاستییەکان لەسەر سەروەریی. زۆربەی پۆزیتیڤیستە یاساییەکانی هاوچەرخ ئەو بۆچوونەیان هاوبەشە کە ڕێساکانی ناسینەوە هەن، واتە ئەو ڕێسا یان گرێبەستە کۆمەڵایەتییانە کە دیاریکەری ڕاستی یان ڕووداوگەلێکی تایبەتن کە ڕێگاکان بۆ دروستکردن، گۆڕین (ڕاستکردنەوە) و بەتاڵکردنەوەی ستانداردە یاساییەکان دابین دەکەن. ئەم ڕاستییانە، وەک کردەوەی یاسادانان یان بڕیاری دادوەری، سەرچاوەی یاسان کە بە شێوەیەکی ئاسایی وەک لە هەر سیستەمێکی یاسایی هاوچەرخدا دیاری کراون. یەکێک لە ڕێگاکانی تێگەیشتن لە پێگەی پۆزیتیڤیستیی یاسایی لێرەدا ئەوەیە کە وەک فۆرمێکی داشکاندن بیبینین: پۆزیتیڤیزمی یاسایی لە بنەڕەتدا لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ڕەوایی یاسایی بۆ فەکتگەلێک لە جۆری نانۆرماتیڤ دادەشکێت، واتە ڕاستییەکان دەربارەی هەڵسوکەوت و باوەڕ و ئاراستەکانی خەڵک.

یاساوانە سروشتییەکان نکۆڵی لەم تێڕوانینە دەکەن، و سوورن لەسەر ئەوەی کە نۆرمێکی واباوە ناتوانێت لە ڕووی یاساییەوە ڕەوا بێت مەگەر لە لێواری ڕەوشتێکی دیاریکراودا تێپەڕێت. یاسای پۆزەتیڤ دەبێت لە ناوەڕۆکی خۆیدا لەگەڵ هەندێک بڕگەی بنەڕەتیی یاسای سروشتیدا واتە ڕەوشتی جیهانی ڕێک بخرێت بۆ ئەوەی لە بنەڕەتدا ببێتە یاسا. بە واتایەکی دیکە، یاساوانە سروشتییەکان باوەڕیان وایە کە ناوەڕۆکە ئاکارییەکان یان شیانی (لێهاتوویی) نۆرمەکان، نەک تەنیا بنچینە کۆمەڵایەتییەکانیان، هەروەها بەشێک لە مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی پێک دەهێنن. و دیسان دەکرێت ئەم پێگەیە (بارودۆخە) وەک تێگەیەکی ناداشکێنەری یاسا سەیر بکرێت، لەسەر ئەم باوەڕە کە ڕەوایی یاسایی بۆ ڕاستییە نانۆرماتیڤەکان کەم ناکرێتەوە. بڕواننە سەروشەی بیردۆزەکانی یاسای سروشتی.

تێزی جیایی، ئاماژەیەکی نێگەتیڤی گرنگە بۆ تێزە کۆمەڵایەتییەکان، بەم باوەڕە کە جیاوازیی تێگەیی هەیە لە نێوان یاسا و ئاکاردا، واتە لە نێوان ئەوەی یاسا چییە و یاسا دەبێت چی بێت. بە هەر شێوە، لەسەر تێزی جیایی زۆر جار زیادەڕەوی کراوە. هەندێک جار وا بیریان دەکردەوە کە یاسای سروشتی ئەمە دەپەرژێنێت و پۆزیتیڤیزمی یاسایی حاشای لێ دەکات کە یاسا بەپێی پێویست، لە ڕووی ئاکارییەوە باشە یان ئەوەی کە دەبێت یاسا لانیکەم هەندێک ناوەڕۆکی ئاکاریی هەبێت. تێزە کۆمەڵایەتییەکان بەدڵنیاییەوە پێویستیان بە نادروستبوونی ئەم گریمانەیە نییە کە لە یاسادا شتێکی حەتمەن باش هەیە. پۆزیتیڤیزمی یاسایی دەتوانێت ئەو بانگەشەیە قبووڵ بکات کە یاسا بەپێی سروشت یان کردەوە بنەڕەتییەکانی لە کۆمەڵگادا، شتێکی باشە کە شایەنی پێزانینی ئاکاریی ئێمەیە. هەروەها پۆزیتیڤیزمی یاساییش ناچار نییە نکۆڵی لەو بانگەشەیە قایلکەرە بکات کە یاسا لە هەر شوێنێکدا هەبێت دەبێت ڕەچەتەی (ڕێنوێنی) زۆری هەبێت کە لەگەڵ ڕەوشتدا هاوتەبا بێت. لەوانەیە لە نێوان ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی یاسا و ڕەوشتدا، تێکەڵبوونێکی بەرچاو هەبێت، و لەوانەیە پێویست بێت. جارێکی تر، تێزی جیایی کە بە دروستی فام کراوە، تەنها بە مەرجەکانی ڕەوایی یاساییەوە بەستراوەتەوە. و جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی پشت نابەستێت بە بەها ئاکارییەکانی ئەو نۆرمانەی کە جێی پرسیارن. چییەتیی یاسا ناتوانێت پشت بەو شتەی کە دەبێت لە بارودۆخی پێوەندیداردا هەبێت، ببەستێت.

زۆرێک لە پۆزیتیڤیستە یاساییە هاوچەرخەکان ئەم داڕشتنە لە تێزی جیایی قبووڵ ناکەن. قوتابخانەیەکی هزریی هاوچەرخ، کە بە پۆزیتیڤیزمی یاسایی گشتگیر ناو دەبرێت، تێزی کۆمەڵایەتی پەسەند دەکات، بەو واتایە کە مەرجە سەرەتاییەکانی ڕەوایی یاسایی لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگیرێت، وەک ڕێسا یان گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان کە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا ڕوو دەدەن. بەڵام، پۆزیتیڤیستە یاساییە گشتگیرەکان باوەڕیان وایە کە ڕەوایی یاسایی هەندێک جار بە ناوەڕۆکە ئاکارییەکانی نۆرمەکانەوە بەستراوەتەوە، بە پشتبەستن بەو گرێبەستە تایبەتانەی کە لە هەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا زاڵ (باو) دەبێت. ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییانەی کە لەسەر بنەمای ئەوان یاسا دیاری دەکەین، لەوانەیە ئەگەرچی پێویست ناکات، ئاماژە بە ناوەڕۆکی ئاکاری وەک مەرجی یاساییبوونی تێدا بێت (بۆ نموونە بڕواننە، واڵچو 1994).

نەریتی یاسای سروشتی لە سەدەی بیستەمدا کەوتە بەر گۆڕانکارییەکی بەرچاو، زۆرتر لەبەر وەشانە کلاسیک و بەناوبانگەکەی کە ڕووبەڕووی بەرهەڵستی ئاشکرا سەبارەت بە تێڕوانینە سەرەکییەکەی بووەوە: زۆر زەحمەتە بمانەوێ بانگهێشتی ئەوە بکەین کە یاسای خراپ لە ڕووی ئاکارییەوە یاسا نییە. ئەو بیرۆکەیەی کە یاسا دەبێت وەک خۆی لە جۆرێک فلتەرێکی ڕەوشتییەوە دەربچێت بۆ ئەوەی بە یاسا بژمێردرێت، زۆربەی یاساوانان لەگەڵ ئەو دنیا یاساییەی کە ئێمە دەیناسین، بە ناتەبای دەزانن. لەبەر ئەوە یاساوانە سروشتییە هاوچەرخەکان لێکدانەوەی جیاواز و وردتریان لەسەر بنچینەی یاسای سروشتی پێشنیار کردووە. بۆ نمونە، جۆن فینیس (1980) یاسای سروشتی (لە وەشانە تۆمیستەکەیدا) وەک سنوورێک بۆ ڕەوایی یاسایی یاسا ئەرێنییەکان نابینێت، بەڵکوو بە شێوەی سەرەکی وەک دەرخستنێکی نمونەیی یاسا بەتەواوی، یان بەرزترین مانا، بە جەختکردن لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە یاسا بەپێی پێویست چاکەی گشتی بنیات دەنێت، دەیبینێت. وەک پێشتر تێبینیمان کرد، بەڵام ڕوون نییە کە تێڕوانینێکی لەو شێوەیە سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕەوشتیی پێویست لە یاسادا لەگەڵ ناوەڕۆکە سەرەکییەکانی پۆزیتیڤیزمی یاسایی ناتەبا بێت. تا ئەو ڕادەیەی لێرەدا مشتومڕێک هەیە کە میتافیزیکییە دەربارەی ئەوەی کە چ شتێک بۆ یاسا گەوهەری یان پێویستە، و سەبارەت بەوەی کە ئایا پێویستە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی یاسا لە ڕووی تەلەلۆجییەوە ڕوون بکرێنەوە یان نا. پۆزیتیڤیستە یاساییەکان حەز ناکەن لەسەر باسی تەلەلۆجیای یاسادا لە درێژایی ئەو هێڵانەی کە فینیس دیاریی کردوون، بەقووڵی بدوێن، بەڵام ئەگەر ئەوان پێویستیان بە نکۆڵیکردن لەو پرۆژە میتافیزیکیانە هەبێت ئەوا ڕوون نییە.ئەو بیرۆکەیەی کە مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی بە لانیکەمەوە بەشێکن لە ناوەڕۆکە ڕەوشتییەکان یان لێهاتوویی (شیانی) نۆرمەکان بە شێوەیەکی کارامە لە لایەن بیردۆزی یاسایی ڕۆناڵد دۆرکینەوە باس دەکرێت.

دۆرکین مافناسێکی سروشتیی کلاسیکی نییە، هەر چۆنێک بێت لەسەر ئەو بڕوایەدا نییە کە ناوەڕۆکی پەسەندکراو لە ڕووی ئاکارییەوە پێشمەرجی یاسایی نۆرمێکە. بیرۆکەی سەرەکیی ئەو ئەوەیە کە جیاوازیی نێوان ڕاستییەکان و بەهاکان لە بواری یاساییدا، لە نێوان ئەوەی کە یاسا چییە و دەبێت چی بێت، زۆر تاریکترە لەوەی کە پۆزیتیڤیزمی یاسایی هەیبێت: دیاریکردنی ئەوەی کە یاسا لە کەیسە تایبەتەکاندا چییە، بەناچاری پەیوەستە بە تێبینییە سیاسی-ئاکارییەکان دەربارەی ئەو بابەتەی کە دەبێ ببێت. حوکمە هەڵسەنگێنەرەکان، دەربارەی یاسای قایلکەر کە پێویستە هەبێت یان دەبێت چی هەبێت، تا ڕادەیەک دیاری دەکات کە یاسا لە ڕاستیدا چییە.بیردۆزی یاسایی دۆرکین پشتی بە ڕەتکردنەوەی گشتی لە جیاوازیی کلاسیکی بەها-ڕاستی نەبەستووە، ئەوەندەی کە لەسەر بنەمای تێگەیەکی دیاریکراو لە بەڵگاندنی یاساییدایە. ئەم تێگەیە بە دوو قۆناغی سەرەکیدا تێپەڕیوە. لە دەیەی ١٩٧٠دا دۆرکین (1977) باسی ئەوەی کرد کە هەڵەی پۆزیتیڤیزمی یاسایی لەو ڕاستییەدایە کە ناتوانێت ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە بنەما یاساییەکان لە یاسادا دەیگێڕن، شرۆڤە بکات. دورکین پێی وا بوو کە پۆزیتیڤیزمی یاسایی پێی وایە کە یاسا تەنیا لە ڕێساکان پێکهاتووە. هەر چۆنێک بێت، ئەمە هەڵەیەکی جددییە، چونکە جگە لە ڕێساکان، یاسا بەشێکی بە بنەما یاساییەکان دیاری دەکرێت. جیاوازیی نێوان ڕێساکان و پرەنسیپەکان (بنەماکان) جیاوازییەکی لۆجیکییە. دۆرکین باوەڕی وا بوو ڕێساکان بە شێوەی «هەمووی یان هیچ» جێبەجێ دەبن. ئەگەر یاسا بەسەر بارودۆخەکەدا جێبەجێ بکرێت، ئەوا دەرەنجامێکی یاسایی دیاریکراو دیاری دەکات. ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، ئەوە بەتەواوی بە ئەنجامەکەوە پێوەندیی نییە. لە لایەکی دیکەوە، پرەنسیپەکان ئەنجامێک دیاری ناکەن تەنانەت ئەگەر بەڕوونی جێبەجێی بکەن بۆ بارودۆخێکی دیاریکراو. پرەنسیپەکان هۆکارێکی یاسایی بۆ دادوەران دابین دەکەن بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسەکە بە هەرشێوەیەک، و بەو هۆیەشەوە تەنیا لە ڕەهەندێکەوە قورساییان هەیە. واتە ئەو هۆکارانەی کە بنەماکە دابینیان کردووە لەوانەیە تا ڕادەیەک بەهێز بن، یان لاواز بن، بەڵام هەرگیز «ڕەها» نین. ئەم هۆکارانە، لە لایەن خۆیانەوە، ناتوانن دەرەنجامێک دیاری بکەن، هەروەک یاساکان ئەنجامی دەدەن.

هەر چۆنێک بێت، سەرنجڕاکێشترین و لە ڕوانگەیەکی پۆزیتیڤیستییەوە، پڕکێشەترین لایەنی پرەنسیپە یاساییەکان، لە ڕەهەندە ئاکارییەکەیانەوە پێک دێت. بەپێی بیردۆزی دۆرکین، جیاواز لە ڕێسا یاساییەکان، کە لەوانەیە پەیوەندیی بە ڕەوشتەوە هەبێت یان نەبێت، پرەنسیپەکان ناوەڕۆکەکەیان لە بنچینەدا مۆراڵین. لە ڕاستیدا بەشێکی ڕەچاوکردنی ئاکارییە کە دیاری دەکات ئایا پرەنسیپێکی یاسایی هەیە یان نا؟ بۆچی؟ چونکە بە باوەڕی دۆرکین پرەنسیپێکی یاسایی بوونی هەیە ئەگەر ئەو بنەمایە لە باشترین لێکدانەوەی ئاکاری و سیاسیی بڕیاری دادوەری و یاسادانانی ڕابردوو لە بوارە پەیوەندیدارەکاندا پەیڕەوی بکات. بە واتایەکی تر، پرەنسیپە یاساییەکان کەشێکی نێوەندی لە نێوان ڕێسا یاساییەکان و بنەما ئاکارییەکان داگیر دەکەن. ڕێسا یاساییەکان لە لایەن دامەزراوە ناسراوەکانەوە دانراون و ڕەواییان لە سەرچاوەی دەرچوونیان وەرگیراوە. پرەنسیپە ئاکارییەکان ئەو شتەن کە بەهۆی ناوەڕۆکیانەوەن و ڕەواییان بەتەواوی بەستراوەتەوە بە ناوەڕۆکەوە. لە لایەکی‌ ترەوە، بنەما یاساییەکان ڕەوایی خۆیان لە تێکەڵەیەک لە تێبینییە سەرچاوەتەوەر و ناوەڕۆکتەوەرەکان بەدەست دەهێنن. هەروەک دۆرکین لە گشتیترین وتەی باسی دەکات: «بەپێی یاسا وەک پێکهاتەیەکی یەکپارچە ، گوزارشتە (دەربڕینە) یاساییەکان لە کاتێکدا دروستن کە لە بنەمای دادپەروەری ، بێلایەنی ، و ڕەوتی دادوەری کە باشترین لێکدانەوەی بنیاتنەر بۆ کردەوەی یاسایی کۆمەڵگا دابین دەکەن، نەخشێنراون یان پەیڕەوی لێ دەکەن» (Dworkin 1986, 225). کەواتە ڕەوایی پرەنسیپێکی یاسایی لە تێکەڵەیەک لە ڕاستییەکان و تێبینییە ئاکارییەکان وەرگیراوە. ڕاستییەکان پێوەندییان هەیە بە بڕیارە یاساییەکانی ڕابردوو کە لە بوارە پەیوەندیدارەکاندا ڕووی داوە و ڕەچاوکردنی ڕەوشت و سیاسەتیش پەیوەندیی بەو شێوازانەوە هەیە کە دەکرێت ئەو بڕیارانەی ڕابردوو بە باشترین شێوە بە بنەما ڕەوشتییە دروستەکان شرۆڤە بکرێت.

پێویست ناکات بڵێین ئەگەر لێکدانەوەیەک لەم شێوەیە لە بنەما یاساییەکان ڕاست بێت، چیتر تێزی جیایی ناکرێت بپارێزرێت (بمێنێتەوە). بەڵام زۆرێک لە فەیلەسووفانی یاسایی گومانیان لە بوونی پرەنسیپی یاسایی لەو جۆرەی دۆرکین مەزەندەی دەکرد، هەیە. ئەڵتەرناتیڤێک هەیە کە ڕێگایەکی سروشتیترە بۆ شرۆڤەی جیاوازیی نێوان ڕێساکان و بنەماکان لە یاسادا: جیاوازیی پەیوەندیدار پەیوەندی بە ئاستی گشتێتی یان ناڕوونی ئەو نۆرم-کردەیە هەیە کە لە لایەن نۆرمی یاسایی گونجاو دیاری کراوە. نۆرمە یاساییەکان دەتوانن زیاتر یان کەمتر گشتی یان ناڕوون بن، لە پێناسەکەیاندا بۆ ئەو نۆرم-کردەیە کە یاسا دایناوە و هەرچی گشتیتر یان ناڕوونتر بن، زیاتر بەرەو ئەوە دەچن کە ئەو تایبەتمەندییە نیمچەلۆژیکییانەی دۆرکین بۆ پرەنسیپەکانیان هەبێت. لە هەمووی گرنگتر، سەرنج بدەن کە ئەگەر ڕەوایی یاسایی نۆرمەکان وەک بنەما یاساییەکان، پشت بە بەڵگاندنی ئاکاری ببەستێت، ئەوا ڕێگە بەو ئەگەرە دەدەن کە هەموو کۆمەڵگایەکی یاسایی یاساکانی خۆیان بە هەڵە وەربگرن. هەر هەڵەیەکی ئاکاری لە لێدوانەکە کە دەبێتە هۆی پرەنسیپێکی یاسایی لەوانەیە دەرەنجامەکە سەبارەت بە بنەماکە ناڕاست دەربخرێت و خودی پرەنسیپەکە بەم شێوەیە لە ڕووی یاساییەوە ڕەوا نییە.چونکە هیچ شتێک نییە بۆ ڕێگەگرتن لە دادوەران و ئەکتەرە یاساییەکانی ‌تر لە هەڵە ڕەوشتییەکان، هیچ شتێک نییە ڕێگە لە ئەنجامێک بگرێت کە بەپێی یاسایەکی تەواوی کۆمەڵگا بۆ ماوەیەکی زۆر یاساکانی خۆیان بە هەڵە وەردەگرن (مارمۆر 2011، بەشی 4). لەوانەیە دۆرکین ئەم بابەتەی بە کێشەساز نەدەزانی، بەڵام لە لایەن کەسانی ‌تر ئەگەری هەیە؛ ئەو بیرۆکەیەی کە هەموو کۆمەڵگایەکی یاسایی دەتوانێت بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەربارەی یاساکانی خۆی هەڵە بکات، لەوانەیە بیردۆزوانە یاساییەکان بەتوندی گیرۆدەی کێشە بکات.

دۆرکین لە ساڵانی 1980کاندا تێڕوانینەکانی لەبارەی ئەم بابەتانەوە ڕادیکاڵ کرد، و هەوڵ دەدات بیردۆزی یاسایی دژە پۆزیتیڤیستیی خۆی لەسەر بیردۆزی گشتیی شرۆڤە(کردن) بناسێنێت و جەخت لە سروشتی شرۆڤەیی قووڵی یاسا بکات. سەرەڕای ئەوەی کە بیردۆزی شرۆڤەیی یاسای دۆرکین زۆر ئاڵۆز و دژوارە، بەڵام دەکرێت گەوهەری مشتومڕەکەی لە لێکدانەوەکە بە شێوەیەکی سادە پوخت بکرێتەوە. ئارگیومێنتی سەرەکی لە دوو بینای سەرەکی پێک دێت. یەکەم تێز لەسەر ئەم باوەڕەیە کە دیاریکردنی ئەو شتەی کە یاسا پێویستی پێیەتی لە هەر کەیس و حاڵەتێکی تایبەتدا بە مەرجی هۆکار و بەڵگەی لێکدانەوەیە. هەر لێدوانێک لەم فۆرمە کە «بەپێی یاسا لە Sدا، x لە ئاست yدا ماف/ئەرکێکی هەیە، هتد" دەرەنجامی هەندێک شرۆڤە یان بابەتی دیکەیە. ئێستا بەپێی گریمانەی دووەم ڕاڤە (شرۆڤە) هەمیشە تێبینیگەلی هەڵسەنگێنەرانەی لەخۆ گرتووە. بە شێوەیەکی وردتر ڕەنگە شرۆڤەکردن نە بەتەواوی مەسەلەی دیاریکردنی ڕاستییەکان بێت و نە مەسەلەی بڕیاری هەڵسەنگاندن خۆی ‌لە خۆیدا بێت، بەڵام تێکەڵەیەکی جیانەکراو لە هەردووکیانە. بە ڕوونی، کەسێک کە هەردوو ئەم تێزانە قبووڵ بکات، دەبێت بەو ئەنجامە بگات کە تێزی جیایی بە شێوەیەکی بنچینەیی ناتەواوە. ئەگەر ئەوەی دۆرکین دەربارەی هەردوو ئەم تێزانە ڕاست بێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە دوای ئەوە دێت کە دیاریکردنی ئەو شتەی کە یاسا پێویستی پێیە هەمیشە تێبینیگەلی هەڵسەنگێنەرانەی تێدایە.

جێی ئاماژەیە کە یەکەم گریمانەی ئارگیومێنتی گشتیی دۆرکین زۆر مشتمومڕ هەڵدەگرێت. هەندێک لە فەیلەسووفانی یاسایی باسی ئەوەیان کردووە کە هۆکاری یاسایی بە تەواوی شرۆڤەیی نییە وەک دۆرکین وای دادەنێت. بەپێی ئەم تێڕوانینە، کە ماوەیەکی زۆرە لە لایەن هارتەوە (H.L.A. Hart 1961، بەشی ‌حەوتەم) پارێزراوە، شرۆڤەکردن ئاوارتەیەکە بۆ تێگەیشتنی ستانداردی زمان و پەیوەندییەکان، کە تەنیا کاتێک پێویستە کە یاسا لەبەر هەندێک هۆکار ناڕوون بێت. هەر چۆنێک بێت، لە زۆربەی حاڵەتە ستانداردەکاندا، یاسا بە سادەیی دەکرێ فام بکرێت، و جێبەجێ بکرێت، بەبێ نێونجیگەریی شرۆڤەکردن (مارمۆر 2011، بەشی 6).بیردۆزی یاسایی دۆرکین هەندێک تێگەیشتنی تایبەتی لەگەڵ دەقی گشتگیری پۆزیتیڤیزمی یاسایی دابەش دەکات. سەرنج بدەن کە هەرچەندە هەم دۆرکین و هەم پۆزیتیڤیستە یاساییەکان ئەو بۆچوونەیان هاوبەشە کە ڕەوشت و ڕەوایی یاسایی لە نزیکەوە پەیوەندییان هەیە، لەسەر بنەمای ئەم پەیوەندییە جیاوازییان هەیە. دۆرکین پێی وایە کە پشتبەستنی ڕەوایی یاسایی بە تێبینییە ڕەوشتییەکان یەکێک لە تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی یاسایە کە لە سروشتی شرۆڤەیی قووڵی یاساوە دێت. لە لایەکی ‌ترەوە، پۆزیتیڤیزمی گشتگیر پێی وایە کە ئەو جۆرە پشتبەستنە بە ڕەوایی یاسایی لەسەر تێبینیی ڕەوشتی شتێکی ڕێتێچوویە، و لە سروشتی یاسا یان بە بەڵگەهێنانەوەی یاسایی وەک ئاوەها بابەتێک وەرناگیرێت. پۆزیتیڤیستە گشتگیرەکان تێزی کۆمەڵایەتی قبووڵ دەکەن، ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تێبینییە ڕەوشتییەکان کاریگەرییان لەسەر ڕەوایی یاسایی هەیە تەنیا لەو حاڵەتانەدا کە لە لایەن ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان یان ئەو گرێبەستانەی کە لە سیستەمێکی یاسایی تایبەت دەسەپێنرێت. پەیوەندیی ڕەوشت لە هەر سیستەمێکی یاسایی تایبەت بەپێی ناوەڕۆکی گونجاوی گرێبەستەکانی ئەو کۆمەڵگایە دابین دەکرێت. بە پێچەوانەی هەردوو ئەم تێڕوانینە، پۆزیتیڤیزمی نەریتی، یان وەک ئەوەی ئێستا پێی دەگوترێت، پۆزیتیڤیزمی یاسایی تایبەتی، لەو باوەڕەدایە کە ڕەوایی یاسایی نۆرمێک هیچکات پشت بە ناوەڕۆکە ئاکارییەکەی نابەستێت. بەپێی ئەم ڕوانگەیە، ڕەوایی یاسایی بەتەواوی بە سەرچاوە ڕاستەقینە ناسراوەکانی یاسا پشت دەبەستێت.

ڕەنگە جێی سەرنج بێت کە ئەو بیردۆزە یاساییانەی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕەوایی یاسایی تا ڕادەیەک پشت دەبەستێت بە تێبینییە ڕەوشتییەکان هەروەها دەبێت لە ڕوانگەی دیاریکراو سەبارەت بە سروشتی ڕەوشت هاوبەش بن. کە ئەوانیش دەبێت هەڵوێستی ئۆبژێکتیڤ بگرن بە ڕێزگرتن لە سروشتی بەها ئاکارییەکان. دەنا ئەگەر بەها ئاکارییەکان ئۆبژێکتیڤ نەبن و یاساییبوون پەیوەست بە ڕەوشتەوە بێت، یاساییبوونیش سوبژێکتیڤ دەبێت، و بەرەوڕووی کێشە و پرسیارگەلی جددی بۆ ئەم پرسە دەبینەوە کە چۆن یاسا دیاری بکەین. هەندێک لە بیردۆزە یاساییەکان هەرچەندە سوورن لەسەر سوبژێکتیڤبوونی حوکمە ئاکارییەکان، بەم‌ شێوەیە ئەو دەرئەنجامە گوماناوییانەی کە لەسەر سروشتی یاسا پەیڕەوی دەکەن لە ئامێز دەگرن. بەپێی ئەم بیردۆزە گوماناوییانە، یاسا بەڕاستی زۆر پشت بە ڕەوشت دەبەستێت، بەڵام هەروەک ئەم بیردۆزەوانانە وای دادەنێن کە ئاکار بە تەواوی سوبژێکتیڤە، تەنیا ئەوە دەر دەخات کە چۆن یاسایش بەقووڵی سوبژێکتیڤە، و هەمیشە بۆ باسکردن پەل دەهاوێژێت. ئەم ڕێبازە گوماناوییە، کە لە ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرنیستیدا باوە، بە شێوەیەکی گرنگ پشت بە بیردۆزێکی سوبژێکتیڤیتیی بەهاکان دەبەستێت، کە بە دەگمەن لەم ئەدەبیاتەدا بە شێوازێکی ئاڵۆزەوە باسی دەکرێت.


٢.١ نۆرماتیڤیتیی یاسا

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی یاسا بە دامەزراوەیەکی زۆرەملێیانە ناسراوە کە لەڕێگەی هەڕەشە و توندوتیژییەوە داخوازییە پراکتیکییەکانی خۆی جێبەجێ دەکات. ئەم خەسڵەتە ئاشکرایەی یاسا وای کردووە بۆ هەندێک لە فەیلەسووفەکان زۆر فریودەر بێت کە وای دابنێن نۆرماتیڤیتیی یاسا لە ڕەهەندی زۆرەملێیانەیدا جێ دەگرێت. ئەگەرچی تەنانەت لەنێو نەریتی پۆزیتیڤیستیی یاسایی، ڕەهەندی زۆرەملێیانەی یاسا مشتومڕی توندی لێ کەوتووەتەوە. پۆزیتیڤیستە یاساییە سەرەتاییەکان، وەک بێنتام و ئۆستن، باوەڕیان وا بوو کە زۆرەملێبوونی یاسا تایبەتمەندییەکی بنچینەیی یاسایە، کە لە پانتاییە نۆرماتیڤەکانی ‌تر جیای دەکاتەوە. پۆزیتیڤیستە یاساییەکان لە سەدەی بیستەمدا لایەنگری ئەمە بوون کە نکۆڵی لەمە بکەن و باوەڕیان وا بوو کە زۆرداری نە بۆ یاسا گرنگە و نە لە ڕاستیدا تەوەرە بۆ بەجێهێنانی کارەکانی (ئەرکەکانی) لە کۆمەڵگادا. پێش ئەوەی ئێمە کێشە جۆراوجۆرەکانی بەشدار لەم مشتومڕەدا هەڵبوەشێنینەوە، ڕەنگە جێی ئاماژە بێت کە مشتومڕ لەسەر لایەنی زۆرەملێیانەی یاسا نموونەیەکی باشە لە دیبەیتەکانی نێو فەلسەفەی یاسادا کە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لەوانەیە تایبەتمەندییەکی گرنگ یان پێویست بێت لە یاسادا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەرکەوتە تایبەتەکانی لەم یان لەو سیستمی یاساییدا. چۆن لەم بانگەشانە سەبارەت بە گەوهەری یاسا تێبگەین و پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەم بانگەشانە دەربارەی میتافیزیکن یان شتێکی تر، لەوانەیە دەربارەی ڕەوشتەوە بێت، کە لە بەشی (١.٢) باس دەکرێت.

بگەڕێینەوە بۆ لایەنی زۆرەملێیانەی یاسا، لێرەدا چەندین کێشە لە ئارادایە و دەبێت بە وریاییەوە جیایان بکەینەوە. جۆن ئۆستن ناسراوە لەسەر ئەم باوەڕە کە هەریەکەو لە نۆرمێکی یاسایی، بەم شێوە دەبێت هەڵگری هەڕەشەیەک بێت کە لە لایەن سزاوە پشتگیری دەکرێت. ئەمە بە لایەنی کەمەوە دوو بانگەشەی جیا لەخۆ دەگرێت: لە مانای یەکەمدا دەتوانرێت وەک تێزێک سەبارەت بە چەمکی یاسا فام بکرێت و ئەوەی پێی دەڵێین یاسا تەنیا ئەو نۆرمانە بێت کە لە لایەن سزاکانی سەروەریی سیاسییەوە پشتگیری دەکرێن. لە مانای دووەمدا، هەرچەندە کەمتر لەوەی یەکەم کێشەی لەسەر نییە، پەیوەندیی نزیکی نێوان یاسا و هەڕەشەی سزاکان، تێزێکە لەسەر نۆرماتیڤیتیی یاسا. ئەوە تێزێکی داشکانباوەڕانە دەربارەی کاراکتەری نۆرماتیڤی یاسایە، بە ڕەچاوکردنی ئەو بابەتە کە نۆرماتیڤیتیی یاسا لە توانمەندیی بابەتەکاندا پێک دێت بۆ پێشبینیکردنی ئەگەرەکانی ڕوودانی سزا یان خراپە و خواستە گریمانکراوەکانیان بۆ خۆلادان لێی.

جگە لەم مشتومڕە دیاریکراوە، پرسیارێکی تر هەیە سەبارەت بە گرنگیی ڕێژەیی سزاکان بۆ توانانمەندیی یاسا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی. بۆ نموونە، هانس کێلسن باوەڕی وا بوو کە قۆرخکردنی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا و توانمەندیی یاسا بۆ سەپاندنی داواکارییەکانی بە ئامرازگەلی توندوتیژانە گرنگترین کارکرد و ئەرکی یاسا لە کۆمەڵگادایە. پۆزیتیڤیستە یاساییەکانی سەدەی بیستەم، وەک ئێچ ئێڵ ئەی هارت و جۆزێف ڕاز، نکۆڵی لەمە دەکەن و لەم باوەڕەدان کە ئەو لایەنە زۆرەملێیەی یاسا زۆر لە پەراوێزتردایە لەوەی کە پێشینیانیان وایان بۆ دادەنا. جارێکی تر، مشتومڕەکە لێرە لە ڕاستیدا دوو ئەوەندەیە: ئایا ناچارکردن بۆ کارێک کە یاسا جێبەجێی دەکات پێویستە؟ و تەنانەت ئەگەر بە گرنگ نەزانرێت، بە بەراورد لەگەڵ کردەوەکانی تری یاسا کە لە ژیانماندا جێبەجێ دەکرێت، چەندە گرنگە؟

شرۆڤەی داشکانباوەڕانەی ئۆستن لە نۆرماتیڤیتیی یاسا، بەو باوەڕە کە لایەنی نۆرمانیڤی یاسا تەنیا لە حەزی تاکەکان بۆ خۆلادان لە سزاکان پێک دێت، بە شێوەیەکی فراوان لە لایەن ئێچ ئێڵ ئەی هارتەوە کەوتە بەر ڕەخنەی توندەوە. بەرهەڵەستی بنەڕەتیی هارت بۆ شرۆڤەی داشکانباوەڕانەی ئۆستن لە نۆرماتیڤیتیی یاسا لەسەر شرۆڤەکەی خۆی ئەوەیە کە «لێکدانەوەی پێشبینییانە ئەو ڕاستییە دادەپۆشێت کە ڕێساکان لە هەر کوێ بن لادان نییە لێیان، و نەتەنیا بەستێنێکە بۆ پێشبینیکردنی ئەوەی کە کاردانەوەی نەیارەکانی لێ دەبێتەوە... بەڵکوو بە هۆکارێک یان پاساوێک بۆ ئەم جۆرە کاردانەوەیە و جێبەجێکردنی سزاکان دادەنرێت» (هارت 1961، 82). ئەم جەختکردنە لەسەر کردەوەی هۆکاربەخشینی ڕێساکان بە دڵنیاییەوە دروستە، بەڵام لەوانەیە بەس نەبێت.لایەنگرانی شرۆڤەی پێشبینییانە دەتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئەوە تەنیا پرسیاری زیاتر دەپرسێت کە بۆچی پێویستە خەڵک ڕێساکانی یاسا وەک هۆکار یان پاساو بۆ کارەکان دابنێن. ئەگەر بۆ نموونە، تەنیا لەبەر ئەوەی کە یاسا دەبێتە دابینکەری سزایەکی کارا، ئەوا مۆدێلی پێشبینییانەی نۆرماتیڤیتیی یاسا لەوانەیە دروست بێت. بە واتایەکی تر، بەرهەڵستی بنەڕەتیی هارت بۆ مۆدێلی پێشبینییانە لە ڕاستیدا ئەنجامی تێڕوانینی ئەوە سەبارەت بە کارە سەرەکییەکانی یاسا لە کۆمەڵگادا، بە پێچەوانەی ئۆستن و کێلسن، لەسەر ئەو باوەڕەدایە کە ئەو کردەوەگەلە بەتایبەتی پەیوەست نین بە توانمەندیی یاسا بۆ سەپاندنی سزاکان.

لەگەڵ ئەوەشدا جێگای مشتومڕە کە کردەوەکانی یاسا لە کولتووری ئێمەدا زۆرتر لەوەی کە هارت پێی ‌وایە، بە لایەنی زۆرەملێیەکەیەوە پەیوەستن. کەڵکوەرگرتنی کاتی لە «بیردۆزی کایە» لە یاسادا وا دەریخستووە کە عەقڵانیەتی هەمەجۆری زۆر لە ڕێکخستنە یاساییەکان بە باشترین شێوە دەتوانرێت لەڕێگەی کردەوەی یاسا لە چارەسەرکردنی کێشە هەلپەرستییەکاندا ڕوون بکرێتەوە، وەک ئەوەی پێی دەوترێت دۆخی دووڕیانی زیندانی. لەم حاڵەتانەدا ڕۆڵی سەرەکیی یاسا لە ڕاستیدا سازکردنی هاندەری زۆرەملێیە بۆ بەرژەوەندیی هاوبەشی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. هەرچەندە وا بێت لەوانەیە خۆمان بەدوور بگرین لە پەسەندکردنی هەڵوێستی ئۆستن یان کێلسن کە پێیان وایە تاکە کردەوەی یاسا لە کۆمەڵگەدا لە بنچینەدا گرێدراوە بە لایەنە زۆرەملێکانیەوە. چارەسەرکردنی کێشە هاوتاکانی چەندپاتەوەبوو و هەمەجۆر، دانانی ستاندارد بۆ هەڵسوکەوتی گونجاو، ڕاگەیاندنی دەربڕینی هێمایین لە بەها گشتییەکان، و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر ڕاستییەکان و بابەتی دیکەی لەم جۆرە، کردەوەگەلی گرینگن کە یاسا لە کۆمەڵگەکەماندا خزمەتی دەکات، و ئەوانەی کە زۆر کەم پەیوەندییان بە لایەنی زۆرەملێی یاسا و ئەرکی سزا سەپێندراوەکانیەوە هەیە.

ئەوەی کە یاسا تا چ ڕادەیەک لە ڕاستیدا دەتوانێت ڕێنمایی هەڵسوکەوت بکات بە دابینکردنی بابەتەکانی بە هۆی کردەوەوە، لە لایەن گروپێکی زۆر کارتێکەر لە زانایانی یاسایی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کە بە قوتابخانەی ڕیالیزمی یاسایی ناو دەبرێت، دەکەوێتە ژێر پرسیار. ڕیالیستە یاساییەکانی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەیان کرد کە توانای ئێمە بۆ پێشبینیکردنی دەرەنجامەکانی کەیسە یاساییەکان لەسەر بنەمای ڕێساکانی یاسا تا ڕادەیەک سنووردارە. لە کەیسەکانی ئاڵۆزتر (دژوارتر) کە لە دادگاکانی پێداچوونەوەدا دادوەری دەکرێن، ڕێسا یاساییەکان، لە لایەن خۆیانەوە، بە شێوەیەکی ڕیشەیی وەک دەرەنجامی کەیسەکان نادیارن. ڕیالیستە یاساییەکان پێیان وا بوو کە ئەو مافناسانەی کە حەزیان لەو پرسیارە پێشبینییانە هەیە کە دادگاکان لە کەیسە قورسەکاندا لە ڕاستیدا چ بڕیارێک دەدەن، پێویستیان بە تێوەگلانی توێژینەوەی کۆمەڵناسی و دەروونی هەیە، و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ئامرازە بیردۆزییەکان کە وامان لێ دەکات پێشبینیی ئەنجامە یاساییەکان بکەین. بۆیە ڕیالیزمی یاسایی بە شێوەیەکی سەرەکی هەوڵێک بوو بۆ ناساندنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەناو پانتایی مەعریفەی یاسایی بۆ مەبەستەکانی پێشبینییانە. تا چەند ئەم پرۆژە زانستییە سەرکەوتوو بووە بابەتێکی جێی مشتومڕە. هەر چۆنێک بێت، ڕیالیزمی یاسایی زۆر کەم گرنگیی بە پرسی نۆرماتیڤیتیی یاسا داوە، واتە بۆ ئەو پرسیارەی کە یاسا چۆن ڕێنوێنیی هەڵسوکەوت دەکات لەو حاڵەتانەیە کە پێ دەچێت وەک پێویست دیاری بکرێت.

ڕێبازێکی زۆر بەڵێندەرتر بۆ نۆرماتیڤیتیی یاسا لە بیردۆزی دەسەڵاتی جۆزێف ڕازدا دەدۆزرێتەوە کە ئەوەش دەری دەخات کە چۆن بیردۆزێکی ئاوا سەبارەت بە نۆرماتیڤیتیی یاسا، ئەنجامە گرنگەکان بە ڕێزگرتن لە مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی دەگرێتە خۆ (ڕاز 1994). تێڕوانینی بنەڕەتیی ئارگیومێنتی ڕاز ئەوەیە کە یاسا دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتیی دەسەڵاتدارێتییە، ڕاز بانگەشەی ئەوە دەکات کە یاسا دەسەڵاتێکی دیفاکتۆیە. بە هەر حاڵ، پێویستە بۆ یاسا کە دەبێت داواکاری دەسەڵاتی ڕەوا بێت. بێ گومان، هەر سیستەمێکی یاسایی تایبەت لەوانەیە لە جێبەجێکردنی ئەم بانگەشەیەدا شکست بهێنێت. بەڵام یاسا ئەو جۆرە دامەزراوەیە کە بەپێویست بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەسەڵاتێکی ڕەوایە.

بە بۆچوونی ڕاز ڕۆڵی سەرەکیی دەسەڵاتداران لە بەڵگاندنی کردەییماندا ئەوەیە کە نێوەندگیری بکات لە نێوان تاکە (شوێنکەوتووانی) وادانراوەکانی دەسەڵات و هۆکارە دروستەکان کە لە هەلومەرجی پەیوەندیداردا بەسەریاندا دەسەپێندرێت. دەسەڵاتێک ڕەوایە ئەگەر و تەنیا ئەگەر یارمەتیی تاکەکانی (شوێنکەوتووانی) دامەزراوەکانی بدات بۆ پابەندبوونی باشتر لەگەڵ هۆیه ڕاستەکانی پێوەندیدار به کردەوەکانیانەوه، واتە ئەگەر ئەوان زیاتر بەگوێرەی ئەو هۆکارانە هەڵسوکەوت بکەن که شوێنکەوتەی بڕیاری دەسەڵاتدارە تا لەوەی ئەوان هەوڵیان بۆ تێگەیشتن دابێت و لەسەر هۆکارەکان ڕاستەوخۆ هەڵسوکەوت بکەن (بەبێ بڕیاری نێوەندگیری). بۆ نموونە، لەوانەیە چەندین هۆکار هەبێت کە پێوەندیی بەم پرسیارەوە هەبێت کە بە چ خێراییەک لەسەر ڕێگایەکی دیاریکراودا لێبخوڕن –بڕی هاتوچۆی پیادە، بادانەوەی چاوەڕوانکراو لە ڕێگاکە، هتد– بەڵام شۆفێرەکان لەوانەیە باشتر پابەند بن بە هاوسەنگیی ئەو هۆکارانە بە شوێنکەوتنی سنووری خێرایی یاسایی تا ئەوەی کە خۆیان لە کاتدا بارودۆخەکە هەڵسەنگێنن و تاقیی بکەنەوە. کەواتە ڕەوایی سنووری خێرایی یاسایی لە شێوەیەک وەردەگیردرێت کە یارمەتیی خەڵک دەدات لە نواندنی باشتردا بە هاوسەنگیی هۆکارە ڕاستەکان هەڵسوکەوت بکەن.

ئێستا دەرەنجامەکە ئەوەیە کە بۆ ئەوەی کە شتێک بتوانێت بانگەشەی دەسەڵاتی ڕەوا بکات، دەبێت لە جۆرێک بێت کە بتوانێت بانگەشەی بۆ بکات، واتە توانایی ڕۆڵێکی وەها نێوەندگیری هەبێت. چ جۆرە شتێک دەتوانێت بانگەشەی دەسەڵاتی ڕەوا بکات؟ بە لایەنی کەمەوە دوو تایبەتمەندیی لەم شێوەیە هەیە کە پێویستە بۆ توانمەندیی دەسەڵات: یەکەم، بۆ ئەوەی شتێک بتوانێت بانگەشەی دەسەڵاتی ڕەوا بکات، دەبێت ئەو حاڵەتە بێت کە ڕێنماییەکانی وەک ڕێنماییە دەسەڵاتدارەکان دەستنیشان بکرێن (دیاریکراو بن)، بەبێ ئەوەی پێویست بکات پشت بەو هۆکارانە ببەستێت کە فەرمانی خاوەن دەسەڵات جێگەیان دەگرێتەوە. ئەگەر ئەم مەرجە جێبەجێ نەکرێت، واتە ئەگەر مەحاڵ بێت ڕێنمایی (دەستوور) دەسەڵاتدار وەک خۆی بناسێنرێت بەبێ پشتبەستن بەو هۆکارانەی کە دەسەڵات مەبەستی لێی پشتبەستن بوو، ئەوا دەسەڵات نەیتوانیوە ڕۆڵی سەرەکی و نێوانگیریی خۆی جێبەجێ بکات. بە کورتی، ناتوانێت جیاوازیی کردەوەی دروست بکات کە لەوێیە دروست دەبێت. تێبینیی ئەوە بکەن کە ئەم ئارگیومێنتە گرنگی بە کاریگەریی دەسەڵاتەکان نادات. خاڵەکە ئەوە نییە کە مەگەر ڕێنماییە دەسەڵاتدارەکان بەم شێوەیە بناسرێنەوە، دەنا دەسەڵاتەکان ناتوانن بە کارامەیی کار بکەن. ئارگیومێنتەکە لەسەر بنەمای عەقڵانیەتی دەسەڵات لەنێو بەڵگاندنی کردەییماندا بونیات نراوە. دەسەڵاتەکان هەن بۆ ئەوەی جیاوازییەکی پراکتیکی دروست بکەن و ئەوان ناتوانن جیاوازییەکی وەها دروست بکەن مەگەر ڕێنمایی دەسەڵات بکرێت بەبێ ئەوەی پەنا بۆ ئەو هۆکارانەی کە هەیە بۆ بڕیاردان لەسەری بناسرێتەوە. بە واتایەکی تر، بێمانایە کە ڕێنماییەکی دەسەڵاتداری هەبێت ئەگەر بۆ ئەوەی بزانیت فەرمانەکە چییە، دەبێت دەست بکەیت بە هەمان ئەو هۆکارەی کە پشتبەستن بە ڕێنماییەکە جێی بگرێتەوە. دووەم، بۆ ئەوەی شتێک بتوانێت بانگەشەی دەسەڵاتی ڕەوا بکات، دەبێت بتوانێت بۆچوونێک پێک بهێنێت لەسەر ئەوەی کە شوێنکەوتووانی چۆن دەبێت هەڵسوکەوت بکەن، جیا لە هۆکاری خودی تاکەکان سەبارەت بە هۆکارەکانی کردەوەیان، دەسەڵات پێویستی بە هەندێک نووسراوە (کۆکردنەوە) هەیە.

تێگەیشتنی ڕاز لە دەسەڵاتی یاسایی پشتیوانییەکی زۆر بەهێز بۆ پۆزیتیڤیزمی یاسایی تایبەت دابین دەکات چونکە پێویستی بەوەیە کە یاسا وەک بڕیاری دەسەڵاتدار، بە مەرجەکانی خۆی دیاری بکرێت، واتە بێ ‌ئەوەی پشت بەو تێبینییانە ببەستێت کە یاسا بۆ چارەسەرکردن لەوێیە. بۆیە نۆرم لە ڕووی یاساییەوە ڕەوایە (واتە دەسەڵاتدار) تەنیا ئەگەر ڕەواییەکەی لە ڕەوشت یان تێبینیی هەڵسەنگێنەرانەی ‌تر وەرنەگیردرێت کە یاساکە بەنیازە جێی بگرێتەوە. بە شێوەیەکی بەرچاو، بیردۆزەکەی ڕاز بەرەنگاری هەردوو بیردۆزی یاسایی دژە پۆزیتیڤیستیی دۆرکین و دەقی گشتگیری پۆزیتیڤیزمی یاسایی دەبێتەوە. ئەم بەڕەنگاری و ئەو مشتومڕانەی کە بۆی دروست بوو، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی باسکراو لە مەعریفەی یاسایی گشتی هاوچەرخدا پێک دێنێت.

هەر چۆنێک بێت، لێکدانەوەی عەقڵانیەتی دەسەڵاتی یاسایی تەنیا پێکهاتەی بیردۆزێک نییە سەبارەت بە نۆرماتیڤیتیی یاسا. ئەگەر ئەو تێزە پۆزیتیڤیستییە یاساییە ڕابگرین کە یاسا لە بنچینەدا لەسەر گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە، لێرەدا پرسیارێکی گرنگتر دروست دەبێت: چۆن دەکرێت کردەوەیەکی ئاسایی بتوانێت هۆکارگەلێک بۆ کردەوە و بەتایبەتی دەروەستی وەدی بهێنێت؟ هەندێک لە فەیلەسووفانی یاسایی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕێسا ئاساییەکان (باوەکان) ناتوانن خۆیان دەروەستبوون وەدی بێنن. هەروەک لێزلی گرین تێبینیی کرد، «تێڕوانینی هارت کە ڕێسا بنچینەییەکان [بۆ ناسینەوە]، "گرێبەستگەلی پەتی"ین کە لەگەڵ هەرجۆرە چەمکی بەڵێندەرانە بەبەردەوامی نائاسوودەن»، و گرین ئەمە بە زەحمەت دەزانێت، چونکە ڕێساکانی ناسینەوە ئاماژە بە «ئەو سەرچاوانە دەکات کە دادوەران لەڕووی یاساییەوە بۆ جێبەجێکردنی پابەندن» (گرین 1996، 1697). باسەکە لێرەدا بەشێکی سەبارەت بە سروشتی ئاسایی ڕێساکانی ناسینەوە و بەشێکیش دەربارەی ئەو ڕێگایانەن کە ڕێکەوتنەکان دەتوانن لە هۆکارەکانی کردەوەی ئێمەدا بناسنەوە. بەپێی بیردۆزێکی کارتێکەر، کە لە لایەن دەیڤد لویسەوە (1969) ئیلهامی لێ وەرگیراوە، ڕێسا باوەکان وەک چارەسەرێک بۆ کێشە گەورە و چەندپاتەوەبووەکانی هاوتایی (هاوئاهەنگی) دەردەکەون. ئەگەر ڕێساکانی ناسینەوە لە ڕاستیدا لەو جۆری هاوتایی بن، تا ڕادەیەک ئاسانە ڕوون بکرێتەوە کە چۆن ڕەنگە بەرەو دەروەستی ڕابکێشرێن. ڕێککەوتنە هاوتەریبەکان (هاوتاکان) لە حاڵێکدا زۆرەملێیانە دەبن کە شوێنکەوتووانی ئەو نۆرمە پابەند بن بە چارەسەرکردنی کێشەی هاوتایی کە لە سەرەتادا بوو بە هۆی ڕێککەوتنی پەیوەندیدار. هەرچەندە گومان هەیە ئەو ڕێککەوتنانە کە لە دامەزراوەکانی یاسادا هەن لە جۆری هاوتایی بن. لە هەندێک ڕووەوە یاسا لەوانەیە زیاتر وەک گەمەیەکی پێکهاتەمەند بێت، یان ژانرێکی هونەری، کە لە ڕاستیدا لە لایەن گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێک دێت. ئەم جۆرە گرێبەستە پێکهێنەرانە وەک چارەسەر بۆ هەندێک کێشەی هاوتایی دووبارەبووەی کە پێشتر هەبوون، شیاو نین. بۆ نموونە، ڕێسا ئاساییەکان کە یاریی شەترەنج پێک دێنن، لەوێ نین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوتایی نێوان یاریزانە شاراوەکان. پێش گەمەکە (شەترەنج)، هیچ کێشەیەکی هاوتایی تایبەت نییە بۆ چارەسەرکردن. ڕێسا ئاساییەکان (باوەکان)ی شەترەنج، پێکهێنەری یارییەکە خۆی وەک جۆرێک لە چالاکیی کۆمەڵایەتین کە لای خەڵک ئەو بایەخەی هەیە کە تێیدا بەشداری دەکەن. پەیمانە دەستوورییەکان بەشێک لە بەهاکان لە کردەوەی کۆمەڵایەتیی دەرکەوتوودا پێک دەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بایەخانە تەنها بۆ ئەو کەسانە هەیە کە گرنگی بە بینینیان دەدەن. ڕێککەوتنە دەستوورییەکان وەک خۆیان ناتوانن بەڵێنێک بۆ بەشداری لەو ڕەوتەی کە پێکی دەهێنن، دروست بکەن.

لە ڕوانگەی ئاکارییەوە، ڕێساکانی ناسینەوە خۆبەخۆ (وەک خۆیان) ناتوانرێت وەک سەرچاوەی پابەندبوون بە پەیڕەوکردنی یاسا دابنرێت. ئەمەی کە دادوەر، یان هەر کەسێکی تر، دەبێ یا نابێ ڕێز لە ڕێساکانی ناسینەوەی سیستەمێکی یاسایی بگرێت، لە کۆتاییدا کێشەیەکی ئەکارییە کە تەنیا بە مشتومڕی ئاکاری چارەسەر دەکرێت (سەبارەت بە کێشەی کۆنی پابەندبوونی سیاسی). ئەمەش بە شێوەیەکی گشتیتر ئەوەیە: بوونی پراکتیکێکی کۆمەڵایەتی، خۆی لە خۆیدا کەس پابەند بە تێوەگلانی (بەشداربوونی) ناکات. ڕێساکانی ناسینەوە تەنیا پێناسەی ئەوە دەکەن کە پراکتیزەکردنەکە چییە و هیچ شتێک لەسەر ئەو پرسیارە ناڵێن کە ئایا دەبێت یان نابێت تێوە بگلێن. بەڵام بە دڵنیاییەوە کاتێک کەسێک خۆی لە کردەوەکە تێوەگلا و ڕۆڵی دادوەری یان هەندێک بەرپرسی یاسایی دیکەی وەک خۆی گێڕا، دەروەستیی یاسایی هەیە کە بە ڕێساکانی یارییەکە پێناسە دەکرێت. بە واتایەکی تر، هیچ شتێکی تایبەت نییە لە بیرۆکەی پابەندبوونێکی یاسایی بۆ پەیڕەوکردنی ڕێساکانی ناسینەوە. ناوبژیوان لە یاریی تۆپی پێ بە یەک ڕادە ناچارە پەیڕەوی ڕێساکانی یارییەکە بکات و ئەو ڕاستییەش کە یارییەکە ئاساییە هیچ زەحمەتێکی لەمەوە نییە، با بڵێین لە «تێڕوانینی یاریزانی ناوەکی». بەڵام دیسان، ڕێسا دەستوورییەکانی یاریی تۆپی پێ ناتوانن بۆ هیچ کەسێک یەکلایی بکەنەوە کە ئایا دەبێت یاریی تۆپی پێ بکەن یان نا. بە هەمان شێوە ڕێساکانی ناسینەوە ناتوانێت بۆ دادوەری جێگیر بێت یان هەر کەسێکی تر بۆ ئەو مەسەلەیە ئەگەر بە ڕێساکانی یاسا یاری بکات یان نا. ئەوان تەنها پێمان دەڵێن کە یاسا چییە. هەرچەندە بە پێچەوانەی شەترەنج یان تۆپی ‌پێ، یاسا لەوانەیە بە باشی جۆرێک لە یاری بێت کە خەڵک ناچار بن بە یاریکردنیان، هەروەک چۆن بووە. بەڵام ئەگەر ئاوەها دەروەستییەک هەبێ، دەبێت لە ڕووی تێبینیگەلی ئاکاریی دەرەکییەوە دەربکەوێت، واتە لە پابەندییەکی ڕەوشتیی گشتییەوە بۆ گوێڕایەڵبوون بە یاسا. ئەم پرسیارە ئاڵۆزە کە ئایا پابەندییەکی وەها گشتی هەیە بۆ گوێڕایەڵبوون بە یاسا و ئەگەر پشت بە تایبەتمەندییە دیاریکراوەکانی سیستەمی یاسایی پەیوەندیدار ببەستێت، بە شێوەیەکی فراوان لەم نووسراوەدا لەسەر دەروەستیی سیاسی کەوتووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. بیردۆزێکی تەواو سەبارەت بە نۆرماتیڤیتیی یاسا دەبێت ئەم پرسە ئاکارییانەش لە خۆ بگرێت. (بڕواننە سەروشەکان لەسەر دەروەستی سیاسی و دەروەستیی یاسایی.)

ئەگەرچی لەم دواییانەدا ژمارەیەک لە فەیلەسووفەکان دەستیان کردووە بە پرسیارکردنی ئەو بیرۆکەیەی کە شتێک هەیە تایبەت بێت بە نۆرماتیڤیتیی یاسا و بانگهێشتنمان دەکەن بۆ ئەوەی بزانین کە یاسا چۆن کاریگەریی دەبێت لەسەر هۆکارەکانی ئێمە بۆ کردەوە لەو ڕێگایانەی کە لە نزیکەوە گرێدراوی سروشتی یاسا نین (گرینبێرگ ٢٠١٤، ئنۆخ ٢٠١١، مارمۆر ٢٠١٥). هەندێک لەو تێڕوانینانە (بۆ نموونە، ئینۆخ و مارمۆر) بۆ ئەوەی پیشانی بدەن کە شێوازگەلی جیاواز هەن کە بوونی نۆرمە جۆراوجۆرەکان هەڵگری هۆکارەکانی خەڵک بۆ کردەوەیە، لە یاسادا وەک هەر شوێنێکی تر، بەبێ ئەوەی نکۆڵی لەوە بکات کە یاسا زۆر جار جیاوازی دروست دەکات، ئەم بۆچوونانە تەنها نکۆڵی لەوە دەکەن شتێکی بێهاوتا هەیە بۆ چۆنیەتیی گۆڕینی هۆکارەکانی تاکەکان بۆ کردەوە، بە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی تری داواکارییە نۆرماتیڤەکان. کەسانی تر نۆرماتیڤیتیی یاسا لە گۆشەیەکی بەرامبەرەوە دەخەنە ژێر پرسیار (گرینبێرگ 2014، هێرشۆڤیتز 2015) کە باسی ئەوە دەکات کە تاکە لایەنی یاسا کە گرنگییەکی نۆرماتیڤی هەیە ئەو جیاوازییە ئاکارییەیە کە دەبێتە هۆکارەکانی خەڵک بۆ کردەوە.لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، بە کێشەگەلی نوێ بۆ مەعریفەی‌ یاسای گشتی و بەتایبەتی بۆ پۆزیتیڤیزمی یاسایی، وەرچەرخانێکی میتۆدیی سەرنجڕاکێش سەریان هەڵدا. ئەم وەرچەرخانە میتۆدییە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی یاسای دۆرکین (1986) تەکانێکی پەیدا کرد، کە باس لەوە دەکات کە نەک هەر یاسا، وەک پراکتیکێکی کۆمەڵایەتی، لێکدانەوەیەکی قووڵە (کەواتە تا ڕادەیەک بەڵام بەپێویست لە سروشتدا هەڵسەنگێنەرە)، بەڵام هەر بیردۆزێک سەبارەت بە سروشتی یاسا هاوشێوە شرۆڤەییە، و لە یەک ئاستدا هەڵسەنگێنەرە. زۆرێک لەو کەسانە کە بەپێویست لەگەڵ بۆچوونەکانی دۆرکین سەبارەت بە سروشتی شرۆڤەیی پراکتیکی یاسایی یان تایبەت بە بیردۆزی شرۆڤەیی هاوڕا نین، لەم گومانە میتۆدییەدا سەبارەت بە ئامانجە نەریتییەکانی مەعریفەی یاسای گشتی لەگەڵ دۆرکین پەیوەست دەبن، واتە سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی بیردۆزێک سەبارەت بەو سروشتەی یاسا کە کارکردی گشتی هەبێت و لە ڕووی ئاکارییەوە بێلایەن بمێنێتەوە. ئەمانە و بەربەرەکانیی تری میتۆدیی بەرئەنجام بۆ مەعریفەی‌ یاسای گشتیی نەریتی، بڕگەی دواتری لەخۆ گرتووە.

هەر چۆنێک بێ، دادپەروەرانەیە کە بڵێین لە چەند ساڵی ڕابردوودا، زۆرێک لە فەیلەسووفە یاساییەکان بێهیواییەکی زۆریان دەربڕیوە لەم مشتومڕە نەریتییانە سەبارەت بە سروشتی یاسا، و داوای ئەوە دەکەن کە فەلسەفەی یاسایی لە دیبەیتەکانی هارت-دۆرکین بپەڕێننەوە و هەندێک ڕێگای نوێی توێژینەوە بدۆزنەوە. بڕێک لەو ڕەخنەگرە نوێیانە ڕازین بە وازهێنان لە پرۆژەکە بەگشتی و مردنی مەعریفەی یاسایی گشتی ڕابگەیەنن (هێرشۆڤیتز 2015). لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێکی تر بەدوای چەڵێنجی نوێن. یەکێک لە ڕووبەرە دەرکەوتەکانی توێژینەوەکە بایەخدان بە سروشتی دەستکردی یاسایە، بە مەبەستی فێربوونی شتێک سەبارەت بە سروشتی یاسا کە یاسا وەک دەستکردێک دیارە، لە لایەن مرۆڤەوە بۆ مەبەستی تایبەت دروست کراوە و بەردەوام دەبێت. پەیوەندیی نێوان تایبەتمەندییەکانی یاسا وەک دەستکرد و خەیاڵی دەدۆزنەوە، پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لۆژیکی بنچینەیی و میتافیزیکەکانیان هاوبەشییەکی باشیان هەیە (مارمۆر 2018).

پانتاییەکی تری نوێ و پڕ بەرهەم لە توێژینەوەکە جەخت دەکاتە سەر بەکارهێنانی فەلسەفەی زمان لە یاسادا و بەرتیلدان بە پێشکەوتنە نوێکان لە فەلسەفەی زماندا بەتایبەتی لە پراگماتیکدا بۆ هەڵگرتنی پرسیارەکانی لێکدانەوەی یاسایی و تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی یاسایی (Asgeirsson forcoming, Asgeirsson 2015, Marmor 2014). ئەم ئاراستەیە زمانەوانییە، هەر چۆنێک بێت هەندێک لە فەیلەسووفانی یاسایی گومان دەردەبڕن دەربارەی ئەو بیرۆکەیەی کە ناوەڕۆکی یاسایی بە فاکتەری زمانەوانی دیاری دەکرێت (گرینبێرگ 2011) و گفتوگۆیەکی بەردەوام هەیە لەسەر ئەم کێشانە.

لە کۆتاییدا وا دیارە کە بایەخێکی زۆر هەیە لە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە لە میتافیزیک کە لەوانەیە هەڵگری بیردۆزێک بێت سەبارەت بە سروشتی یاسا و تەنانەت گفتوگۆش لەسەر میتافیزیکەکان لە چوارچێوەی دادوەریی گشتیدا دەست پێ دەکات بۆ دەرکەوتنی ئەو ڕێگایانەی کە ئێمە بیر لە ئەرکەکانی پرسی میتافیزیکی دەکەینەوە کە لەوانەیە لەسەر ئەو شێوەگەلەیە کە سەبارەت بە یاسا بیر دەکەینەوە کاریگەری دابنێت (Rosen 2010). بۆ نموونە ئەگەر ئەرکی سەرەکیی میتافیزیک دیاریکردنی ئەوە بێت کە بەڕاستی چی هەیە لە جیهاندا، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە یان ئەو ڕێگایانەی کە ئێمە نوێنەرایەتیی جیهان دەکەین، لەوانەیە میتافیزیک زۆر قسەی لەسەر سروشتی یاسا نەبێت یان ڕەنگە ئەوە نیشان بدات کە ئەگەر هەرچۆنێک بێت، ئەرکی لێکۆڵینەوەی میتافیزیکیش ئەوەیە کە بزانین چی لە شتێکی تر بنچینەییترە، پێکهاتەیەکی هیرارکیی جیهانمان پێ دەبەخشێت، کە هەندێک شت لە شوێنی ئەوانی تر دادەنێن، ئەوا میتافیزیک لەوانەیە چوارچێوەیەکی زۆر پڕ بەرهەم بێت بۆ کارکردن لەگەڵ هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوەی بنچینەکانی دیاردەی یاسایی گشتیتر. ئەم بایەخە میتافیزیکییە شاراوەیە لە مەعریفەی یاسایی لە سەردەمی ساواییدایە و کات پێمان دەڵێت ئایا ئەم ڕێبازە نوێیە ئەنجامێکی سەرنجڕاکێشمان بۆ وەدی دێنێت یان نا.



٢. میتودۆلۆجیای مەعریفەی یاسا

کاتێک باس لە میتۆدۆلۆجیای مەعریفەی یاسا دەکرێت دوو مەسەلەی سەرەکی دەدۆزینەوە. لە کاتێکدا یەکێک ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە نۆرماتیڤیتییەوە نییە، و دووەمیان پێوەندیی هەیە. یەکەم پرسیار لە ئامانجەکان و پێوەرەکانی سەرکەوتنی بیردۆزە فەلسەفییەکان دەربارەی سروشتی یاسا دەکات:

ئامانجی ئەو بیردۆزە ڕیزبەندی یەکەمانەی یاسا چییە و کەی سەرکەوتوو دەبن لەو کارەدا؟

دووەمیان پرسیار لە ڕۆڵی هەڵسەنگاندن لە میتۆدۆلۆجیای مەعریفەی یاسا دەکات:

ئایا بیردۆزە یاساییەکانی ڕیزبەندی یەکەم بە شێوەی زاتی یان پێویست هەڵسەنگێنەرن یان دەتوانن تەنیا وەسفی بن؟

هەر یەک لەم پرسیارانە بە نۆرەی خۆی تاوتوێ دەکرێت.


١.٢ ئامانجی بیردۆزێکی یاسایی

یەکەم چینی گرنگی پرسیاری میتۆدیی لە مەعریفەی یاسادا پەیوەندیی بە ئامانجی بیردۆزە ڕیزبەندی یەکەمەکانی یاساوە هەیە، ئەوەیە کە ئەم جۆرە بیردۆزانە دەیانەوێت شرۆڤە لەبارەی چ دیاردەیەک ئاراستە بکەن. لە هەڵوێستگرتن لەسەر ئەوەی کە ئامانجی گونجاوی بیردۆزی ڕیزبەندی یەکەمی یاسا چییە، تاک دەکەوێتە ژێر باری کۆمەڵێک پابەندبوونی میتۆدۆلۆجیی دیکە. ئەمانە بریتین لە گرتنەبەری بۆچوونێک دەربارەی کاتێک کە ئەم جۆرە بیردۆزانە سەرکەوتوو دەبن، هەڵوێستیان هەیە لەسەر ئەوەی کە چ جۆرە داتایەک وەک بیردۆزەکان ئامانجیان لە سیستەماتیککردن و شیکردنەوەیە و دیاریکردنی چ جۆرە مشتومڕێک کە بە شێوەیەکی ڕەوا بەکار دێن لە بڕیاردانی نێوان یەکێک لەم بیردۆزگەلە و ڕەکابەرەکانی.

ڕوانگەکان سەبارەت بەم پرسیارە لە پێنج دەستەی سەرەکیدا پۆلێن دەکرێن. ڕوانگەیەک هەڵگری ئەوەیە کە مەعریفەی یاسایی جۆرێک لە شیکردنەوەی تێگەیی بێت، واتە بیردۆزەکانی یاسا ئامانجیان ئەوەیە کە شرۆڤەیەک لە هەندێک تێگەی یاسا دابین بکەن. ئەم ڕێبازە زۆر جار پەیوەندیی بە بەرهەمی کارتێکەری هارتەوە واتە چەمکی یاسا (1994)وە هەیە. ڕوانگەی جۆری دووەم هەڵوێستێکی گوماناویی تر لە بەرامبەر میتۆدی شیکاریی تێگەیی دەگرێت و بیردۆزەکانی یاسا بە کاری ئاراستەکردنی ڕوونکردنەوەی داشکێنەرانە لە یاسا دەزانێت نەک بە هەندێک کاری تێگەیی. تێڕوانینێکی تری ئەم دواییە، مەعریفەی یاسای گشتی تەنیا بە لقێکی تری پرسی میتانۆرماتیڤ دەبینێت کە بەردەوام لەگەڵ بوارە فەلسەفییەکانی تر وەک میتائیتیکدا (سەروو-ئاکار) دەبێت. چوارەم، ڕوانگەی دەستووری لەو باوەڕەدایە کە ئامانجی بیردۆزی یاسا دەستنیشانکردنی واتایەک لە یاسایە کە بۆ ئێمە زۆر گونجاوتر دەبێت. جۆری پێنجەم، کە پەیوەندیی بە کارەکانی دۆرکینەوە هەیە، هەڵگری ئەوەیە کە بیردۆزە یاساییەکان لە کاری پێشکەشکردنی لێکدانەوەیەکی بنیاتنەر بۆ کردەوەی یاسایین. لە درێژەی ئەم بابەتەدا، هەریەک لەم پێنج تێڕوانینە و هەروەها هەندێک لە کێشە سەرەکییەکان کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە زۆر قووڵتر تاوتوێ دەکرێت.


١.١.٢ ڕوانگەکانی شیکاریی تێگەیی

لە ڕوانگەکانی شیکاریی تێگەیی، بیردۆزەکانی یاسا بەدوای دەستبەسەرداگرتنی تێگەی یاسان و تا ئەو ڕادەیە سەر دەکەون کە لێکدانەوەیەکی یەکگرتووی داتا پەیوەندیدارەکان سەبارەت بەو تێگەیە و تێگە پەیوەندیدارەکان دابین بکەن. بەتایبەتی، ئەو داتایانەی کە لە شهوود (تێگەیشتنی ڕاستەوخۆ)ی خەڵک ڕێک دەخرێن و هەندێک تێگەی یاسایی لەخۆ دەگرن (یان تێگەگەلی هاوڕەگ وەک ڕەوایی یاسایی یان پابەندبوونی یاسایی). لە سادەترین شێوەیاندا، ئەم جۆرە شهوودانە دەکرێت وەک دادوەرییەک دابنرێت دەربارەی ئەوەی کە ئایا تێگەی پەیوەندیدار بۆ کەیسە تایبەتەکان بەکار دەبردرێن یان نا. بەم پێیە و لەسەر ئەم جۆرە تێڕوانینە، بیردۆزێکی یاسا گەرەکیەتی لێکدانەوەیەک بۆ ئەو هەلومەرجانە بدات بە دەستەوە کە تێیاندا تێگەی ئامانجی یاسا (یان یەکێک لە هاوڕەگەکانی) بەکار دەچێت.

جگە لەمە، دەکرێت بە کەڵکوەرگرتن لە میتۆدی شیکاریی تێگەیی، کە لە ڕێگەی کورسیی‌ دەسکدار ئەنجام دەگیرێت، بە وەها بیردۆزێک بگەین. بیرۆکەکە ئەوەیە کە تیۆریست بە کۆمەڵێک پێوەری جێگیر بۆ بەکارهێنانی دروستی تێگەی ئامانج دەست پێدەکات، و پاشان ئەو گوزارشتە یان لێکدانەوەیە لە دژی شهوودەکانی دەربارەی ئەو تێگەیە تاقی دەکاتەوە. ئەگەر لێکدانەوەکە پێویستی بەوەیە کە ئەو تێگەیە بەسەر حاڵەتەکانی تایبەتدا جێبەجێ بکرێت کە بە ڕێگەی شهوودەوە جێبەجێ نابێت، ئەوا ئەمە هۆکارێک بۆ ڕەتکردنەوە یان پێداچوونەوە بە لێکدانەوەی ناوبراو دابین دەکات. بە پێچەوانەوە، ئەگەر لێکدانەوەکە پێویست بکات کە تێگەی ئامانج بەسەر چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت و ئەمەش ئەنجامێکی دروستی لێ ‌بکەوێتەوە، ئەمە بەڕوونی پشتگیریی ئەرێنی بۆ لێکدانەوەکە دابین دەکات. لێکدانەوەکە بە سەرکەوتوویی بەسەر تێگەی ئامانجەکە زاڵ دەبێت تا ئەو ڕادەیەی کە ئەنجامە ڕاستەکانی بە دەست دەهێنێت دەربارەی کەیسە تایبەتەکان، و ئەمە بە شێوەیەکی ڕوونکەرەوە شێوازێکی قایلکەرانەیە (بە پێچەوانەی شێوازی ئەدهۆک یان تایبەتی). (بۆ باسی قووڵتر لە میتۆدۆلۆجیای شیکاریی تێگەیی وەک لە تێگەی یاسادا جێبەجێ کراوە، بڕواننە شاپیرۆ 2011، 16-22).

مەعریفەی ‌یاسا لە دوو شێوازی سەرەکیی تێگەشتن لە شهوودە پەیوەندیدارەکان (یان داتا) کە بیردۆزەکانی یاسا ئامانجیان لە بەسیستەمکردنیە (ڕێکخستنیە)، کاریگەرییان گرتووە. ئەمەش بە نۆرەی خۆی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ لەوانەیە خۆی لە تێگەکان تێبگات و گەوهەرەکانی ئێمە لەبارەیانەوە بە دوو شێوازی جیاوازە. بەو پێیە، ئێمە دوو جۆری سەرەکی لە ڕوانگەی شیکاریی تێگەیی میتۆدۆلۆجی دەدۆزینەوە.

یەکەم تێگەیشتن لە تێگەکان خاوەندارێتیی تێگە وەردەگرێت کە بە شێوەیەکی سەرەکی ببێتە بابەتێکی لێهاتوویی زمانەوانی. واتە خاوەنداریکردن لە تێگەی یاسا ئەوەیە کە بزانین کەی وشەی یاسا وەک لە مانا یاساییەکەیدا بەکار دێت (نەک مانا زانستییەکەی) جێبەجێ دەبێت. بەم شێوەیەش، ئەو تێگەیشتنانەی کە سەبارەت بە تێگەی یاسا هەیە دەبێت وەک تێگەشتنێکی زمانەوانی دەربارەی چۆنیەتیی بەکارهێنانی وشەی «یاسا» فام بکرێن. کەواتە، لە ڕوانگەی ئێستادایە، شیکردنەوەی تێگەیی شێوازێکی شیکردنەوەی زمانەوانییە. ئەم جۆرە ڕوانگە ناسراوە لە بەشی ١ و ٢ی ئیمپراتۆریەتیی یاسای دۆرکین باس کراوە (دۆرکین 1986، 32، 43-46). کە بێ گومان دەگەرێتەوە بۆ جۆرێک لە فەلسەفەی زمانی ئاسایی کە پەیوەندیس بە جەی ئێڵ و ئۆستن و گیلبێرت ڕایلەوە هەیە (مارمۆر 2013، 210-212).

هەرچۆنێک بێت، ئەم تێگەیشتنە لە خاوەندارێتیی تێگە کێشەگەلێکی (خەوشگەلێکی) هەیە. ڕەنگە گەورەترین سەرچاوەی نیگەرانی لە چوارچێوەی ئێستادا ئەوەیە کە ئەم جۆرە ڕوانگەیە دەقی جێی مشتومڕی «چزووی مانایی» دۆرکین بەهێز دەکات (Dworkin 1986, 43-46). ئارگیومێنتەکە لەوانەیە بە شێوەی خوارەوە کورت بکرێتەوە. وای دانێن کە بیردۆزە یاساییەکان ئامانجیان دەستڕاگرتن بەسەر تێگەی یاسایە و ئەو خاوەنداریی تێگەیە تەنیا مەسەلەی زانینی ئەوەیە کەی وشەی یاسا جێبەجێ دەکرێت. ئەگەر وا بێت، مشتومڕەکە بەڕێوە دەچێت، بیردۆزە یاساییەکان ناتوانن ناکۆکی لەسەر زەمینەی یاسا ڕوون بکەنەوە، واتە سەبارەت بە مەرجەکانی ڕەوایی یاسایی. سەرەڕای ئەمانە ئەگەر بیردۆزە یاساییەکان بەم شێوەیە سروشتی ماناییان هەیە، پاشان نارەزایی و ناکۆکی لەسەر هۆکارەکانی یاسا دەبێت کورت ببێتەوە بە ناکۆکی سەبارەت بە کاتی جێبەجێبوونی وشەی «یاسا»، بە لایەنی کەمەوە لایەنە ناکۆکەکان تەنها باسی یەکتر ناکەن. بەڵام ئێستا دووڕیانەکە سەر هەڵدەدات، ئەمەی کە ئاخۆ شارەزایانی یاسایی واتای یەکسانیان لە یاسا هەیە یان نا. ئەگەر هەمان تێگەیان هەبێت، ئەوا وا دیارە ناتوانن ڕازی بن لەسەر ئەوەی کە نۆرمێک بە یاسا هەژمار بکرێت. دواتر، هەموویان دەزانن کە وشەیەک کە مانای هاوبەشی ئەوان دەردەبڕێت چ کات بەکەڵک دێت. بەڵام ئەمە ڕێی تێ ناچێت، چونکە کردەوەی یاسایی لە ڕاستیدا پڕ لە ناکۆکییە سەبارەت بەوەی کە بەستێنەکانی یاسا چییە (و بەم شێوەیە، چ شتێک بە یاسا یان بە یاسایی هەژمار دەکرێت). لە لایەکی دیکەوە ئەگەر شارەزایانی یاسایی لەسەر چەمکی یاسا هاوشێوە هاوڕا نەبن ئەوا ناکۆکییان لەسەر ئەوەی کە بەستێنی یاسا چییە دەبێت تەنیا لەبەر ئەوە بێت کە ئەوان لە یەکدیدا قسە دەکەن بەڵام ئەوە، هەروەها، ناتەواوە. کردەوەی یاسایی، وەک دۆرکین دەڵێت، «گاڵتەیەکی سەیر» نییە (دۆرکین 1986، 44). بەم پێیە، دەبێت هەڵەیەک هەبێت لە داڕشتنی بیردۆزە یاساییەکان وەک لێکدانەوە واتادارەکانی پەتی کاتێک وشەی «یاسا» بەکار دەبردرێت.

ئەگەر لە ژێر ڕووناکایی ئەم بەڵگاندنە واز لەو بیرۆکەیە بهێنین کە بیردۆزە یاساییەکانی ڕیزبەندی یەکەم بیردۆزگەلێکی واتایین، دوو ڕێگای ئاشکرا هەیە بۆ بەردەوامبوون. یەکەم، مرۆڤ لەوانەیە بە سادەیی واز لەو بیرۆکەیە بهێنێت کە بیردۆزە یاساییەکان ڕاهێنانگەلێک لە شیکردنەوەی تێگەییدان. ئەمە وەڵامە جێ‌ پەسەندەکەی دۆرکین بوو، هەرچەندە، وەک دەیبینین، مرۆڤ دەتوانێت شیکاریی تێگەیی ڕەت بکاتەوە بەبێ ئەوەی میتۆدۆلۆجیای پەسەندی دۆرکین خۆی بگرێتەوە. (باسی زیاتر لەسەر ئەوە لە بەشی لاوەکیی ٢.١.٢). دووەم، ئەگەر مرۆڤ بیەوێت هێشتا بڵێت کە بیردۆزە یاساییەکان لە کاری شیکاریی تێگەی یاسادان، ئەوا وەڵامدانەوەی ئاشکرا بۆ مشتومڕی چزووی مانایی ئەوەیە کە نکۆڵی لەوە بکرێت کە خاوەندارێتیی تێگەیی تەنیا مەسەلەی زانینی چۆنیەتیی بەکاربردنی وشەی یاسا لە مانا یاساییەکەیدایە. ئەمەش جۆرێکی دووەم و دەوڵەمەندتر لە شیکردنەوەی تێگەیی پێشنیار دەکات کە تیۆریستانی یاسایی لەوانەیە تێوەی بگلێن.

بیرۆکەی بنچینەیی لە پشت ڕوانگەی دەوڵەمەندتر ئەوەیە کە ئەو خاوەندارێتیی تێگەییە لەجیاتی ئەوەی کە تەنیا ببێت بە مەسەلەی زانینی ئەوە کە چ کاتێک وشەکان جێبەجێ دەکرێن، شتێکی کاکڵدارتر لەخۆ دەگرێت: واتە خاوەن پانتاییەکی فراوان لە بیروباوەڕی سەرەکی یان شهوود سەبارەت بەم تێگەیە، کە تایبەتمەندییە سەرەکییەکان و بەکارهێنانی شیاوی پێویستە. گریمانەکە ئەمەیە کە ئەو شهوودەی کە کەسێک بەهۆی خاوەندارێتیی تێگەی یاسا دەخوازێت پێی بگات، بەپێی پێویست بەپیت بێت بۆ پێکهێنانی تێگەیەکی دیاریکراوی بنەڕەتی لەوەی کە یاسا چییە و چۆن کار دەکات. کەواتە مەبەست لە بیردۆزی یاسا ئەوەیە کە ئەم حوکمە (داوەرییە) پێش-بیردۆزییانە لەسەر تێگەی یاسا ڕێک بخرێت بۆ ئەوەی لێکدانەوەیەک لە هەندێک تێگەی سەرەکیی یاسا دابین بکرێت (ئەم جۆرە تێڕوانینە دەوڵەمەندتر بۆ خاوەندارێتیی تێگە باس کراوە، بۆ نموونە، لە ڕاز 2004، 4-7؛ ستراڤۆپۆلۆس 2012، 78-79؛ شاپیرۆ 2011، 16-22 لەوانەیە ئەو جۆرە دیمەنە بێت کە لە لایەن هارتەوە ئامادە کراوە). لەسەر ئەم تێڕوانینە ناڕەزایەتیی (ناکۆکی) یاسایی بە ئەگەری خۆی دەمێنێتەوە چونکە لە کاتێکدا کە پسپۆڕان ڕەنگە هەموویان هەمان تێگەی یاسا بەکار بێنن، دەوڵەمەندیی تێگەکە ڕێگە دەدات کە لەگەڵ ئەوەشدا کە لەوانەیە خاوەنی ئەو تێگەیە نەبن تێگەکە بە تەواوی دیاری بکات، یان بە تەواوی لە مەرجەکانی بەکاربردنی تێبگات، بۆ گەرەنتیکردنی کۆدەنگی لەسەر پرسیارە بیردۆزییەکان دەربارەی ئەوەی کە بەستێنەکانی یاسا لە ڕاستیدا چین.

هەرچۆنێک بێت، ئەم تێگەیشتنە زۆر دەوڵەمەندە لە خاوەندارێتیی تێگە و وێنەی کاکڵەدارتر (بەپیتتر) لە شیکردنەوەی چەمکەکان، ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە (مارمۆر 2013، 215-217؛ ڕاز 2004، 10؛ لیتەر 2007، 177-79). پرسیارێک کە یەکسەر دروست دەبێت ئەوەیە کە کام چەمکی یاسا ڕێک ئامانجی گونجاوی بیردۆزێکی یاسا پێک دێنێت. ئایا ئەو چەمکی یاساییە لە لایەن پسپۆڕانی یاساییەوە لە دەسەڵاتی دادوەریی دیاریکراودا هەیە؟ یان ئایا ئەوە هەندێک چەمکی جیهانی هاوبەشە لە یاسادا؟ هەرچۆنێک بێت، نیگەرانییەکە لە هەر دوو لایەنەوە دەر دەکەوێت. ئەگەر بیردۆزێکی یاسایی تەنیا مەبەستی تێگەیشتن و بەکاربردنی چەمکی یاسا بێت کە لە دەسەڵاتی دادوەریی تایبەت بەکار گیراوە، کەواتە ئەو بیردۆزە بەرتەسک دەکات واتە سنوورداری دەکاتەوە و لەوانەیە هۆگرێتیی خۆی لە دەست بدات بۆ ئەوانەی کە مەیلێکی ئەوتۆیان بەرەو دەسەڵاتی دادوەریی تایبەت نییە. لە لایەکی ترەوە، لەوانەیە مرۆڤ گومانی لەوە هەبێت کە بە ڕاستی چەمکێکی گشتگیری هاوبەش لە یاسادا هەیە کە بە هەموو شێوەیەک لە لایەن پسپۆڕانەوە لە هەموو دەسەڵاتی دادوەری بەکار دەهێندرێت، یان ئەگەریش ببێت، ئەو گومانە هەیە کە ئەوە شتێک زیاتر بێت لە جۆرێک لە چەمکی تەسک (لاواز) کە مرۆڤ خاوەنیەتی بە مەبەستی زانینی ئەوەی کە وشەی یاسا لە مانا یاساییەکەیدا چی دەگەیەنێت.

نیگەرانییەکی قووڵتر لە هەموو شێوازەکانی شیکاریی چەمکی ئەوەیە کە بۆچی دەبێت لە پێگەی یەکەمدا گرنگی بە چەمکی یاسا بدەین (مارمۆر 2013،216-217؛ لیتەر 2007، 177-79). هەرچۆنێک بێت، وەک فەیلەسووف، دیارە خودی سروشتی یاسایە کە ئێمە گرنگی بە تێگەیشتنی دەدەین (ڕاز 2004، 7، 10). بێ گومان پرسیاری کۆمەڵناسانەی سەرنجڕاکێش هەیە کە پرسیار بکرێت دەربارەی ئەوەی کە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک باوەڕیان وایە کە چۆن یاسا کار دەکات. بەڵام ڕوون نییە شتێکی فەلسەفیی جیاواز دەربارەی ئەم جۆرە پرسیارانە هەبێت. تا ئەو ڕادەیە وەک فەیلەسووفەکان (qua philosophers) حەزیان لەوەیە کە خەڵک باوەڕیان بە چەمکێکی دیاریکراو هەیە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێگەیشتن لە بیروباوەڕی خەڵک دەربارەی چەمکەکە ڕێگایەک بێت بۆ تێگەیشتنی مانایەک کە لەو چەمکەوە دێت (ڕاز 2004، 4، 10). بەم پێیە لەوانەیە مرۆڤ وا بیر بکاتەوە کە ئەوەی بیردۆزەکانی یاسا بەدوایدان چەمکێکی تایبەت لە یاسا نییە بەڵکوو بەتایبەتی خودی سروشتی یاسا بێت (هەروەها سەیری سەروشەی چەمکەکان بکەن، کە لە بەشی ٥.٢دایە)

وەڵامێکی گونجاو بۆ ئەم ناڕەزاییە ئەوەیە کە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە یاسا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و بە بەشێکیش لە لایەن تێگەیشتنی خودی پسپۆڕان لەو پراکتیکە پێک دێن کە تێیدا تێوە گلاون و بەڵگە لەسەر چەمکەکە کۆ دەکەنەوە کە یاسا خاوەندارێتیی دەکا لە لایەن پسپۆڕانی یاساییەوە ڕێگەیەکی بەسوودە بۆ لێکۆڵینەوە لە خودی یاسا (Stravopoulos 2012, 79). هێشتا، لەوانەیە کەسێک بپرسێت کە ئایا ئەم ڕێگایە بۆ لێکۆڵینەوە لە سروشتی یاسا بە لەبەرچاوگرتنی ناراستەوخۆبوونەکەی کاریگەرترین ڕێکار دەبێت بۆ دامەزراندنی. بۆچی خۆمان سنوردار دەکەین بۆ پرسیارکردن دەربارەی چەمکەکان ئەگەر بکرێت یاسا ڕاستەوخۆ بخوێنرێتەوە؟

وەڵامێکی زۆر جیاواز بریتی دەبێت لە قبووڵکردنی لێکدانەوەیەکی ئەفلاتوونی بۆ چەمکەکان، بەو پێیە ئەوان بە هیچ شێوەیەک نواندنی زەینی نین، بەڵکوو بابەتگەلێکی ئەبستراکتن کە لەگەڵ بابەتە پرسینەوەییەکانی بیرکاری دەگونجێن. کەواتە چەمکی یاسا، دەبێتە بابەتێکی ئەبستراکت بۆ ئەوەی بیر لە یاسا بکاتەوە. بەم پێیە، ئەمە ئەم بابەتە ئەبستراکتییەی چەمکی یاسایە کە فەیلەسووفان گرنگیی پێ دەدەن و ئامانجیان ئەوەیە کە بە بەکارهێنانی شێوازی شیکاریی چەمکی، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن (cf. Bealer 1998). لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕوانگە لە چەمکەکان ڕووبەڕووی ڕەخنەگەلێکی ئاشنا دەبێتەوە. بۆ هەرکامەیان شرۆڤەیەک پێویستە کە چۆن دەتوانین دەستمان بە چەمکی یاسا بگات، کە وەک بابەتێکی ئەبستراکتی سەربەخۆ بوونی هەبێت. سەرەڕای ئەوەش ئەگەر بتوانین دەستمان پێبگات، پازڵێک دێتە پێش کە چۆن کەسانی جیاواز کە هەموویان بە شێوەیەکی دیاریکەر لە چەمکی یاسا تێدەگەن دەکرێ لە کۆتاییدا دەربارەی سروشتی (یاسا) ناکۆک بن (سارچ 2010، 468-73). لە کۆتاییدا، ئەگەرچی لەوانەیە جێی پەسەند بێت کە لقەکانی پێشووتر وەک بیرکاری و لۆژیک سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە شتە ئەبستراکتییەکانن (بڕواننە سەروشەی ئەفلاتوونیزم لە فەلسەفەی بیرکاریدا) ڕوون نییە کە لێکۆڵینەوە لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی وەک یاسا کە بەتوندی بەستراوەتەوە بە باوەڕەکان، تێڕوانینەکان و هەڵسوکەوت دەکرێ هاوشێوە فام بکرێت. لە کاتێکدا بیرکاریزانان لەوانەیە لە سروشتی شتە ئەبستراکتەکان وەک ژمارەکان یان کۆمەڵەکان بکۆڵنەوە، لەوە گومانێکی زیاتر دەر دەکەوێت کە فەیلەسووفانی یاسایی خەریکی توێژینەوە سەبارەت بە یاسای بابەتی ئەبستراکت بن.


٢.١.٢ بەدواداچوونی خودی یاسا

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گومانانەی سەرەوە سەبارەت بە شیکاریی چەمکی، چەند بۆچوونێک پێشنیار کراون کە بەپێی ئەو بیردۆزە یاساییانەی ڕیزبەندی یەکەم لە بنەڕەتدا لە کاری باسکردن و ڕوونکردنەوەی سروشتی خودی یاسادان نەک هیچ چەمک و واتایەک کە لێیەوە دێت. ڕوانگەگەلی داشکێنگەرانە و سروشتگەرانە دەکەونە ئەم دەستەوە. (وەک لە خوارەوە تێبینی کراوە، ئەم جۆرە تێڕوانینانە پێویستیان بە خۆپاراستنی تەواو لە شێوازەکانی کورسیی‌ دەسکدار (کورسیی ڕاحەتی) کە کێشراون نییە، بەڵام تا ئەو ڕادەیەی ئەم شێوازانە بە گونجاوی دەمێننەوە، دەبێت ڕوونکردنەوەیەکی زۆر جیاواز بۆ بەرگریکردنەکانیان بدرێت.)

ڕوانگە داشکێنگەرەکان بەتایبەت هەڵگری ئەوەن کە ڕۆشنکردنەوەی سروشتی یاسا مەسەلەی ڕوونکردنەوەیە کە یاسا چییە و چۆن کار دەکات، لە ڕووی ڕاستییە بنچینەییەکانی زیاترەوە. لە ئەنجامدا بیردۆزە یاساییەکانی ڕیزبەندی یەکەم سەر دەکەون تا ئەو ڕادەیەی کە بە شێوەی ڕوونکردنەوەیەکی بەهێز ئەم کارە ئەنجام بدەن (مارمۆر 2013). لەسەر ئەم جۆرە تێڕوانینە، ئامانجی بیردۆزی ڕیزبەندی یەکەم، ئەوەیە کە داشکانگەری میتافیزیکی یاسا ئاراستە بکرێت: واتە پیشاندانی ئەوەی کە دیاردەی یاسا لە ڕاستیدا لە لایەن جۆرێکی تر لە دیاردە بناغەییەکانی تر پێکهاتووە و بەتەواوی داشکێنەرە (بەو شێوەیەی کە دەکرێت کیمیا لە بنەڕەتدا بۆ فیزیای پارتیکڵ داشکێنرێت). بەم شێوەیە، بۆ نموونە پۆزیتیڤیزم بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی سروشتی یاسا دەبێت ڕاستییەکان سەبارەت بەوەی کە یاسا چییە، چۆن کار دەکات و چی دەوێت، بۆ ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکانی بنچینەییتر، بۆ نموونە، دەربارەی هەڵسوکەوت و باوەڕ و خوو و سرشتی خەڵک دابشکێنێت (بگۆڕدرێت). بە دابینکردنی داشکانگەری لەم جۆرە، بیردۆزێک وەک پۆزیتیڤیزم بانگەشەی ئەوە دەکات کە خودی دیاردەی یاسا بە شکاندنی بۆ ناو پێکهاتەکانی و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن پێکەوە ئەو کردەوە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزە پێک دەهێنن، ڕۆشن دەکاتەوە. (بۆ زانیاریی زۆرتر لەسەر داشکانگەریی میتافیزیکی بەگشتی، بڕواننە شرۆیدەر 2007، 61-83، هەروەها سەیری سەروشەی داشکانگەریی زانستی بکەن).

یەکێک لە جۆرە ناسراوەکانی تێڕوانینی داشکانگەرانە بریتییە لە مەعریفەی یاسایی بەسروشتیکراو. برایان لیتەر دیارترین بەرگریکاری ئەم ڕوانگە بووە (لیتەر 2007). وەک تێڕوانینە داشکانگەرانەکانی تر، مەعریفەی یاسایی بەسروشتیکراو ئامانجی بیردۆزە یاساییەکان لە ڕوونکردنەوەی خودی سروشتی یاسا دابین دەکات (نەک تێگەیشتنی تاکەکەسیی لێیەوە). بەڵام تایبەتمەندیی مەعریفەی یاسایی بەسروشتیکراو ئەوەیە کە هەروەها سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت میتۆدێکی ئەزموونیی تەواو بەکار بهێنرێت لە ئەنجامدانیدا (لیتەر 2007، 180-81، 183-99). (هەروەها سەیری سەروشەی سروشتگەرایی لە فەلسەفەی یاساییدا بکەن.)

سروشتخوازەکان لەوانەیە لەگەڵ لایەنگرانی ڕوانگە داشکانگەرەکانی‌ تر لەسەر ئەوەی کە ئایا شێوازەکانی کورسیی دەسکداری فەیلەسوفەکان و داواکاری پەیوەندیدار بە شهوودەکان، تاقیکردنەوەی بیرۆکەکان و هاوشێوەکان نادرووستە یان نا، بەشداری بکەن. سروشتخوازێک لەوانەیە ئەم شێوازەی لێکۆڵینەوە ڕەت بکاتەوە، لە کاتێکدا داشکانگەرەکانی‌ تر لەوانەیە زیاتر مەیلی بەکارهێنانیان هەبێت. داشکانگەرێک دەتوانێت لە پرەنسیپدا بەرگری لەم جۆرە لێپرسینەوەیە (توێژینەوەیە) بکات، بۆ نموونە بە بانگەشەی ئەوەی کە شهوودی تایبەتمان تێوە گلاوە لە چەمکێک کە لە ئەزموونەوە بەدەستمان هێناوە لەگەڵ پراکتیکی یاساییدا، بۆیە ئەم جۆرە دەرهاویشتانە دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی بەسوودی زانیاری لەمەڕ سروشتی خودی یاسا. سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر پراکتیکی یاسایی (وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی) بەشێکی لە لایەن بیروباوەڕ و هەڵسوکەوتی پسپۆڕان خۆیان پێک بێت بەرامبەر ئەو کردەوەی کە تێوەی گلاون، ئەوا بەڵگە دەربارەی چەمکی یاسا بۆ پسپۆڕانی یاسایی لەوانەیە بەتایبەتی وەک بەڵگەیەک سەبارەت بە خودی یاسا بسەلمێنێت (ئێستراڤوپولۆس 2012، 79).

بەپێچەوانەشەوە، سروشتخوازەکان بەپێی ئامانجیان لەسەر «تیۆریزەکردنی فەلسەفیی بەردەوام و پشتبەستن بە بیردۆزەکردنی زانستی»، شێوازی کورسیی دەسکدار بۆ تاقیکردنەوەی بیردۆزەکانی یاسا لە بەرامبەر شهوود پەسەند ناکەن (Leiter 2007, 35). لیتەر باس لەوە دەکات کە شهوودەکانی ئێمە دەربارەی یاسا زۆر بڕواپێنەکراون بۆ ئەوەی قورسایی مەعریفیی زۆر دابین بکرێت (وەک ئەوانی ‌تر سەبارەت بە شهوودەکان لە بوارەکانی تری فەلسەفە باسیان کردووە.) (لیتەر 2007، 180، 184؛ سی ئێف کامینس 1998). لە ڕوانگەی لیتەرەوە، فەیلەسووفەکان بەگشتی پێویستە ئامانجیان کردنەوەی ئەو «چەمکانە بێت کە لەگەڵ ڕۆڵیان لە ڕوونکردنەوە و پێشبینیکردنی سەرکەوتووانەی دیاردە ئەزموونییەکان بەرگری دەکات» (لیتەر 2007، 184). بەم شێوەیە، ئەو میتۆلۆژییەک پیشنیار دەکات کە «ئەدەبیاتی زانستی کۆمەڵایەتی لەسەر یاسا جددی دەگرێت بۆ ئەوەی بزانێت چ چەمکێک لە کەسایەتیی یاسا لە بەهێزترین مۆدێلی شرۆڤەکاری و پێشبینیکەری دیاردە یاساییەکان وەک ڕەفتاری دادوەری هەیە» (لیتەر 2007، 184). هەرچۆنێک بێت، ئەم تێڕوانینە میتۆدییانە پرسیار دروست دەکات کە بۆچی فەیلەسووفی یاسایی دەبێت تەنیا ڕەفتاری دادوەرییانە لەبەرچاو بگرێت نەک شتێکی تر.

بە شێوەیەکی گشتی، سروشتخواز قەرزارداری شرۆڤەیەکە کە چ تایبەتمەندییەکی یاسا زۆر پێویستی بە لێکدانەوەیە و بۆچی.جۆرێکی جیاواز لە نیگەرانی کە بۆ ڕوانگەی داشکانگەری (و ڕەنگە ڕوانگە سروشتخوازەکانیش) دروست دەبێت ئەوەیە کە لەوانەیە کێشەی تایبەت بۆ پۆزیتیڤیزم دروست بکات. بەتایبەتی ئەگەر یاسا دیاردەیەکی نۆرماتیڤ بێت کە دەبێتە هۆی پابەندبوونی یاسایی، لەوانەیە نیگەرانی هەبێت لەوەی کە ناکرێت ڕاستییە یاساییەکان (واتە ڕاستییەکان سەبارەت بەوەی کە دەروەستییە یاساییەکانمان چییە) بۆ کۆمەڵێک ڕاستیی تەواو نانۆرماتیڤ، بۆ نموونە ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان داشکێنرێت. لەوانەیە کەسێک وا بیر بکاتەوە کە ئەمە بە شێوەیەکی ناجێگیر لە کەلێنی ناسراو (هەرچەندە جێی باس نییە) تێدەپەڕێنێت. (بۆ باسکردن لەسەر ئەم جۆرە نیگەرانییە سەبارەت بە پۆزیتیڤیزم، بڕواننە شاپیرۆ 2011، 47-49.)

لە وەڵامدا، ڕێگایەک کە ئەو پۆزیتیڤیستانەی دەیانەوێت داشکانباوەڕ بن و دەتوانن بیگرنە بەر ئەوەیە کە ڕاستییە یاساییەکان بەڕاستی سروشتێکی وەسفییان هەیە، نەک نۆرماتیڤی ڕاستەقینە. بەتایبەتی، ئەو جۆرە پۆزیتیڤیستانە لەوانەیە بانگەشەی ئەوە بکەن کە ڕاستیەکان دەربارەی دەروەستیی یاساییمان تەنیا ڕاستیی وەسفکەرن دەربارەی ئەوەی کە یاسا چی دەڵێت کە پێویستە ئەنجامی بدەین، نەک ڕاستیی نانۆرماتیڤ دەربارەی ئەوەی کە ئێمە بەڕاستی پێویستە ئەنجامی بدەین (شاپیرۆ 2011، 188، هەروەها بڕواننە هارت 1994، 110).



٣.١.٢ ڕوانگەی لێکۆڵینەوەی میتانۆرماتیڤ

ڕوانگەیەکی‌ تری میتۆدۆلۆژیی ئەم دواییەی کە لە لایەن پلۆنکێت و شاپیرۆوە (2017) پەرەی سەندووە، مەعریفەی یاسای گشتی بە تەنیا لقێکی ‌تری لێکۆڵینەوەی میتانۆرماتیڤ دادەنێت. ئەم جۆرە لێکۆڵینەوەیەی دواییە وەک بابەتێکی گشتی مەبەستی ئەوەیە کە ڕوونی بکاتەوە کە چۆن هزر و وتە (ئاخافتن) و قەوارە نۆرماتیڤییەکان (ئەگەر هەبێت) لە واقیعدایە. میتائیتیک لقێکی‌ تری لێکۆڵینەوەی میتانۆرماتیڤە، کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چۆن هزر و قسە و قەوارە ئاکارییەکان لە واقیعدا دەگونجێن. بۆیە لە ڕوانگەی ئێستادا بابەتی لێپرسینەوە لە مەعریفەی یاسای گشتیدا هزر و ئاخافتن و قەوارەکان (ئەگەر هەبێت) یاسایی دەبن و ئامانجی بوارەکە ڕوونکردنەوەی چۆنیەتیی بیرکردنەوە و قسەکردن لەسەر یاسا و هەروەها پێکهاتە یاساییەکان و تایبەتمەندییە یاساییەکانە (ئەگەر هەبێت) –بە باشترین شێوە لە ڕوانگەی فەلسەفیی گشتی لە واقیعیەتدایە. لەسەر ئەم تێڕوانینە، لێکۆڵینەوەی مەعریفەی فەلسەفییانەی یاسا بەردەوام دەبێت لەگەڵ، و لە ڕووی میتۆدییەوە تەواو هاوشێوە دەبێت، بەو کارەی کە لە بوارەکانی تری لێکۆڵینەوەی نۆرماتیڤ و بەتایبەتی فەلسەفەی ئاکار و جوانیناسیدا دەکرێت.

بەهەرحاڵ پرسیارێک کە بۆ ئەم پێگەیە دروست دەبێت، ئەمەیە کە تا چ ڕادەیەک ئەم میتۆدە میتۆدێکی جیایە لەوانەی لەسەرەوە باس کران. ئەگەر تەرکیز لە پرسی میتانۆرماتیڤی کەسێک، هزر و ئاخافتنی یاسایی بێت، ئەوا وا دیارە ئێمە زیاتر نزیک دەبینەوە لە وێنەی شیکاریی چەمک کە چۆن دەبێ مەعریفەی یاسایی بەردەوام بێت. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر سەرنجی پرسیارەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چۆن قەوارە یاساییەکان یان تایبەتمەندییەکان بەگشتی لەگەڵ واقیعدا دەگونجێن، ئەوا ئەم ڕوانگەیە لە کۆتاییدا نزیکە لە پێگەی سروشتگەرایی، کە بابەتی لێپرسینەوەی دادوەریی خودی دیاردەی یاسایە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە سەرنجڕاکێشیی دیاریکراوی ڕوانگەی میتانۆرماتیڤ ئەوە بێت کە دەتوانێت نیشانی بدات کە چۆن وێنەی شیکاریی چەمکی و وێنەی سروشتگەرێتی، پارچە جیاکانی پرۆژە گەورەترەکەی ئەو ئەرکەی کە مەعریفەی یاسا تێوەی گلاوە، دەخاتە ڕوو. کەواتە لەجیاتی ئەوەی کە شوێنی ئەو میتۆدۆلۆجییەی تر بگرێتەوە کە لەسەرەوە باس کرا، تێڕوانینی میتانۆرماتیڤ، ئەگەر درووست بێت، ئەوا ئەوە دەبێتە خاڵێکی دەستپێک بۆ لێکۆڵینەوەی مەعریفەی یاسایی (وەک میتافیزیکی ناوەڕۆکی یاسایی، شیکاریی مانایی دەربڕینە (گوزارە) یاساییەکان، یان سروشتی پابەندبوونە یاساییەکان).


٤.١.٢ ڕوانگەی دەستووری

جۆرێکی جیاواز لە ڕێبازی میتۆدی لە مەعریفەی یاسادا هەڵگری ئەوەیە کە ئامانجی گونجاوی بیردۆزێکی یاسایی دیاریکردنی چەمکێکی گەوهەریی (بنچینەیی) یاسایە کە بەتایبەتی بۆ خەڵک جێی پەسەند دەبێت. سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر چەمکی یاسا کە ئەم لێکۆڵینەوە لە کۆتاییدا پشتگیریی لێ دەکات بە شێوەیەکی ڕیشەیی لە تێگەیشتنی پێش بیردۆزیمان لە یاسا دوور دەبێتەوە، ئەوا بیردۆزی ئەنجامەکە پێشنیاری وازهێنان لەو تێگەیشتنە پێشوەختەی یاسا دەدات. بەو پێیە، ئەگەر مەعریفەی یاسا بە شێوەیەکی سەرەکی هەوڵ و تەقالایەکی دەستووری بێت، ئەوا بیردۆزەکانی یاسا لەوانەیە کۆتاییان بێت بە پێداچوونەوەی ڕیشەیی لە سروشتدا (هەرچەندە مەرج نییە).

وەک لە بەشی لاوەکیی دواتردا ڕوون کراوەتەوە، ڕوانگەی میتۆدیی دۆرکین هەندێک توخمی دەستووری لەخۆ دەگرێت. بەڵام یەکێک لە پارێزەرە (بەرگریکار) دیارەکانی پرۆژەی تەرخانکراوی دەستووری نیل ماک کۆرمیکە (ماک کۆرمیک 1985، هەروەها سەیری کامپبێڵ 1996 بکەن، مورفی 2001؛ پۆستما 1989؛ شوێر 1996؛ واڵدرۆن 2001). ماک کۆرمیک باس لەوە دەکات کە مشتومڕی نۆرماتیڤی ناچارکراو (قایلکراو) هەیە لە بەرژەوەندیی گرتنەبەری چەمکی پۆزیتیڤیست لە یاسا. بەتایبەتی پێشنیاری ئەوە دەکات کە بەهاگەلی وەک خۆبەڕێوبەری و ئازادیی ویژدان دەخوازێت کە یاسا بە دەستی قورسەوە، «بواری بەها ئاواتییەکان، ئەرکی ڕێزگرتن لە خۆ و ئەرکی خۆشەویستی» ڕێک نەخات، ئەو بوارەی کە پێوەندیی هەیە بە «گەڕان بۆ چاکەی سەرتر لە ئەرک، یان بۆ هێڵە ڕاستەکانی گەشەکردنی تاک یان بۆ ئاوڕدانەوەی گونجاو لە خێزان، هاوڕێ یان دراوسێکان» (ماک کۆرمیک 1985، 35-36). ماک ‌کۆرماک پێی وایە بەهای وەک ئۆتۆنۆمی و ئازادیی ویژدان پشتگیریی ئەو بانگەشەیە دەکات کە لانیکەم لە نێو بواری هەڵسوکەوتدایە، گونجاوە ئەو پرسیارە بمێنێتەوە کە چییەتیی یاسا پێویستی بە جیابوونەوەی تەواو هەیە لەو پرسیارەی کە ڕەوشت پێویستی بە چییە. هەرچۆنێک بێت، ماک کۆرمیک ڕێگە دەدات کە یاسا بە باشی بتوانێت بواری «ئەرکی دادپەروەری» ڕێک بخات، چونکە ئەم ئەرکانە لە هەندێک مانادا قورسترن (MacCormick 1985, 35).بەو پێیە، لانیکەم لە هەندێک بواری هەڵسوکەوتدا، ئەو پرسیارەی کە پێویستە یاسا چۆن بێت جیا بکرێتەوە لەو پرسیارەی کە ڕەوشت چی دەوێت. بەم شێوەیە، ماک کۆرمیک وا دیارە کە گفتوگۆیەکی نۆرماتیڤ پێشکەش دەکات بۆ بانگەشەیەک کە زۆرجار لەگەڵ پۆزیتیڤیزمدا پەیوەست بووە، واتە وەشانێک لە تێزی جیایی. (هەرچەندە، وەک پێشتر بینرا، ڕوون نییە کە هەموو پۆزیتیڤیستەکان دەبێت پابەند بن بە دەقی بەهێزی ئەم تێزەوە.(

لە کاتێکدا ئەو پرسیارەی کە چ چەمکێک (واتایەک) لە یاسادا زۆر پەسەندە کە خەڵک وەری دەگرێت بە دڵنیاییەوە شتێکی گرنگە، بەڵام گرنگە تێبینیی ئەوە بکرێت کە ڕوانگەی دەستووری میتۆدناسی لە مەعریفەی یاسادا بە ڕاستی لە پێشبڕکێدا نییە لەگەڵ ڕوانگەی شیکاریی چەمکی یان ڕێبازی داشکانباوەڕیدا. سەرەڕای هەموو ئەم باسانە، ڕەنگە بۆ نموونە ئەوە دەرکەوێت کە پۆزیتیڤیزم باشترین لێکدانەوەی چەمکی یاسامان بۆ دابین دەکات، یان ڕەنگە باشترین لێکدانەوە داشکانگەری لە دیاردەی یاسا خۆی بێت، هەرچەندە مشتومڕی نۆرماتیڤی ناچارکەر (قایلکەر) هەیە بۆ گۆڕینی کردەوە یان گرتنەبەری چەمکێکی نوێی. بەم پێیە، لێکدانەوەی چەمکی یاسا یان بیردۆزی داشکێنگەرانەی یاسا مەرج نییە لەگەڵ لێکدانەوەی دەستووری کە چ بیردۆزێکی یاسایی لە ڕوانگەی ئاکارییەوە پەسەندترە بۆ دانان، ناتەبا بێت.


٥.١.٢ شرۆڤەی بنیاتنەر بۆ کردەوەی یاسایی

ڕوانگەیەکی میتۆدییانەی کۆتایی، کە بەهۆی کارتێکەریی و هەم ئاڵۆزبوونی شایانی چارەسەری جیایە، ڕوانگەی دۆرکینە (Dworkin 1986). ئەم تێڕوانینە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە (i) ئامانجی بیردۆزی یاسای ڕیزبەندی یەکەم، پراکتیکی یاسایی بەردەستە و (ii) ئەم بیردۆزانە تا ئەو ڕادەیە سەر دەکەون کە لێکدانەوەیەکی بنیاتنەرانەی دەستنیشانکراو (بە مانای دۆرکین) لەو پراکتیکە ئاڕاستە دەکەن. بەپێی تێڕوانینی لێکدانەوەی بنیاتنەر، ئامانجی بیردۆزی ڕیزبەندی یەکەم لە یاسادا شیکردنەوەی هیچ چەمکێک یان داشکاندنی ڕاستییەکانی یاسایی بۆ ڕاستییەکانی تری بنچینەیی نییە. بەڵکوو ئامانجی بیردۆزی یاسایی ئەوەیە کە ڕەفتار و خۆتێگەیشتنی بەشداربووان لە پراکتیکی یاساییدا بنیات بنێتەوە و سەرەڕای ئەوەش بە جۆرێک ئەم کارە جێبەجێ دەکات کە باشترین ڕووناکیی ئاکاریی خۆی پیشان دەدات. لە ئەنجامدا بیردۆزێکی یاسا سەرکەوتووترە و هەموو لەگەڵ داتاکاندا دەگونجێت سەبارەت بەوەی کە چۆن پسپۆڕانی یاسایی لەو پراکتیکە تێدەگەن کە تێیدا بەشدارن، لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو کردەوەیە پاساوهەڵگرە (Dworkin 1986؛ پێری 1995، 129-31؛ هەروەها سەیری سەروشەی شرۆڤەگەریی یاسایی بکەن).

پەرۆشییەک سەبارەت بە ڕوانگەی شرۆڤەی بنیاتنەرانە لە میتودۆلۆژیای مەعریفەی یاسایی ئەوەیە کە ڕەنگە لەکێبڕکێیەکی ڕاستەقینەدا لەگەڵ شیکاریی چەمکی یان ڕوانگەی داشکێنگەرانەی میتۆدناسیدا نەبێت. سەرەڕای هەموو شتێک، جۆرێک لە پرۆژەکە ئەوەیە کە ڕوونی بکاتەوە کە یاسا لە ڕاستیدا چییە و چۆن کار دەکات (لەوانەیە بەپێی مانا و تێگەیشتنی ئێمە بێت). بەڵام ئەوە پرۆژەیەکی زۆر جیاوازە بۆ ئەوەی ڕوونی بکەینەوە کە چۆن دەبێت یاسا وێنا بکەین بۆ ئەوەی کردەوەی یاسایی بە شێوەیەکی ئاسایی پاساوی بۆ دابنرێت. دیارە لێکدانەوەی ئێمە لەسەر ئەوەی کە لە ڕاستیدا کامە یاسایە یەک شتمان پێ دەڵێت (بۆ نموونە ئەو تایبەتمەندییە دیاریکراوانەی کە گرنگن و هەندێکی تر نا)، لە کاتێکدا لێکدانەوەی ئێمە لەوە کە یاسا دەبێت چۆن بێت بۆ ئەوەی کردەوەکە وەک ئەوەی گونجاو بێت پێمان دەڵێت بیر لە یاسا بکەینەوە بە جۆرێکی تر وەک بوونی تایبەتمەندییە گرنگە جیاوازەکان. بەم پێیە، هەندێک پێیان وایە کە تێڕوانینی لێکدانەوەی بنیاتنەر تەنیا لە کاتێکدا لەگەڵ ئەو تێڕوانینە میتۆدییانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێ کراوە، دەرگیر دەبن کە تەنیا ئەگەر لەوەی کە بانگەشەی دەکەن، نکۆڵی بکەن: واتە بیردۆزە یاساییەکان هەوڵی دابینکردنی ڕوونکردنەوەیەک دەدەن (لەوانەیە لە جۆرێکی تایبەت وک داشکێنەرانە) لە سروشتی ڕاستەقینەی یاسا (یان لەوانەیە تێگەیشتنی ئێمە لە یاسا).

ڕێگەیەک کە لایەنگرانی ڕوانگەی شرۆڤەی بنیاتنەر لەوانەیە لە بڕێک ڕوانگە میتۆدۆلۆجییەکانی دیاریکراوی تر کە بانگەشەی بۆ دەکەن نکۆڵی بکەن، نکۆڵیکردنە لەوەی کە تەنانەت دەکرێت ڕوونکردنەوەیەکی داشکێنەرانەی یاسا بدرێت. (بۆ باسکردن بڕواننە مارمۆر 2013، 218.) بیرۆکەکە دەبێت بانگەشەی ئەوە بکات کە یاسا کردەوەیەکی نۆرماتیڤە و ڕاستییە نۆرماتیڤەکان ناتوانن کەم بکرێنەوە (بگۆڕدرێن) بۆ ڕاستییە نانۆرماتیڤەکان بەبێ لەدەستدانی شتێکی بنەڕەتی. لە وەڵامدا، داشکانباوەڕ (داشکانگەر) لەوانەیە یان نکۆڵی لەوە بکات کە ڕاستییە یاساییەکان بە ڕاستی نۆرماتیڤن (لەو حاڵەتەدا داشکاندن بەدوایدا بێکێشە دەبێت)، یان لەوانەیە بانگەشەی ئەوە بکات کە هەر داشکانێکی سەرکەوتوو دەبێت ڕاستییە یاسایییەکان بۆ کۆمەڵێک ڕاستی کە ڕاستیی نۆرماتیڤی تێدایە، دابشکێنێت (لەو حاڵەتەدا دەقێکی بیردۆزی یاسای سروشتی لەوانەیە سەرەنجڕاکێش دەربکەوێت).


٢.٢ ئایا بیردۆزی یاسایی بە شێوەی زاتی هەڵسەنگێنەرە؟

دووەمین پرسیار کە بەفراوانی باس دەکرێت سەبارەت بە میتۆدناسیی مەعریفەی یاسایی ئەوەیە کە ئایا بیردۆزە یاساییەکانی ڕیزبەندی یەکەم بەشێوەی خۆڕسک (زاتی) هەڵسەنگێنەرن یان نا. ئەو بۆچوونانەی سەرەوە سەبارەت بە ئامانجی گونجاوی بیردۆزە یاساییەکانی ڕیزبەندی یەکەم دەرهاویشتەیەکی جیاوازیان هەیە دەربارەی ئەم پرسیاری دووەمە. بەڵام پێش ئەوەی ئەوە ڕوون بکەینەوە، پێویستە سەرەتا پرسیاری پەیوەندیداری ڕوونتر لە ڕوانگەکە بەدەست بهێنین.


١.٢.٢ پێشەکییەکان

بۆ دەستپێکردن، لەوانەیە جێی سەرسامی بێت کە هۆگربوون بەم پرسیارە کە ئایا بیردۆزی یاسایی بە شێوەی خۆڕسک جێی بایەخە، لە کوێوە دێت. هەندێک لەم هۆگرێتییە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەم نیگەرانییە گوماناوییە کە بیردۆزە یاساییەکان بە تەواوی وەسفی دەکەن لە ڕاستیدا پاڵ بە هەندێک ئەجێندای شاراوەی ئایدیۆلۆژی یان سیاسی دەدەن. (بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕواننە، بۆ نموونە، پێشەکیی جۆن گاردنەر بۆ دیکسۆن 2004.) سەرچاوەی دووەمی هۆگرێتی بەم پرسیارە لەوانەیە گومان (یان هیوا) بێت کە ئەگەر بیردۆزی یاسایی سەلماندی کە بە شێوەی خۆڕسک بایەخی هەبێت، ئەوە هۆکارێکی سەربەخۆ دەبێت بۆ هەڵگرتنەوەی هەندێک وەشانی بیردۆزی یاسای سروشتی. بەهەرحاڵ ئایا ئەمە ئەوەندە بەگومان دەمێنێتەوە، لەو کاتەوەی کە میتاپرسیارەکان دەربارەی میتۆدۆلۆژیای بیردۆزی یاسایی هەر لە سەرەتاوە پێ دەچێت سەربەخۆ بێت لە پرسیارەکان لە بیردۆزی یاسای ڕیزبەندی یەکەم وەک ئەوەی کە دیاریکەرانی ناوەڕۆکی یاسا چین. سەرەڕای ئەمە، زانایانی یاسایی ڕەنگە لە ڕێگەی ڕەچاوکردنی مشتومڕی دۆرکینەوە بۆ مەسەلەی ئێستا ڕابکێشرێن کە پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵ هەیە لە نێوان سروشتی هەڵسەنگێنەریی تیۆریزەکردن سەبارەت بە یاسا و سروشتی هەڵسەنگێنەریی خودی یاسا و لانیکەم تا ڕادەیەک، بەپێی تێبینییەکانی ئاکاری-سیاسی، ناوەڕۆکی یاسا بەناچاری سەربەخۆ دەکات. بێ گوێدان بە هاندانەکان بۆ تێوەگلان لە دیبەیتەکەدا سەبارەت بەوەی کە ئایا بیردۆزی یاسایی بە شێوەیەکی سەرەکی هەڵسەنگێنەرە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دیبەیتە (مشتومڕە) گرنگییەکی سەربەخۆی وەرگرتووە و خۆی لە خۆیدا بووەتە سەرچاوەیەکی پڕ بەرهەم بۆ تێگەیشت

ن.بۆ خۆلادان لە سەرلێشێواوی، ئەو پرسیارەی کە لێرەدا مژاری باسی ئێمەیە، دەبێت بە چەند شێوازێک ڕوون بکرێتەوە. چونکە چەند ڕێگەیەکی بێ ئەملا و ئەولا و مسۆگەر هەیە کە بیردۆزی یاسایی قایلکەرە یان لەوانەیە هەڵسەنگێنەر بێت و ئەمانە ناچنە ناخی مشتومڕی میتۆدییانە لە مەعریفەی یاسا‌دا.

یەکەم، چەند ڕێگەیەکی لاوەکی (ناسەرەکی) هەیە کە بیردۆزی یاسایی، وەک بیردۆزەکان سەبارەت بە هەر بابەتێک، بە شێوەیەکی ئاشکرا ناتوانێت بە تەواوی بێبایەخ بێت. بەتایبەتی وا دیارە مرۆڤ ناتوانێت بەشدار بێت لە کاری تیۆریزەکردنی یاسا بەبێ هەڵسەنگاندنی ئەو ڕادەیەی کە بیردۆزە جۆراوجۆرەکان تا ئەو ڕادەیە یەکڕیز و سادە و ڕوون و جوان و گشتگیرن (دیکسۆن 2004، 32-33). ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە بیردۆزە یاساییەکان دەبێت بە جۆرێک لە هەڵسەنگاندن بەشداری بکەن. بەڵام لەم بوارەدا هیچ شتێکی تایبەت سەبارەت بە بیردۆزی یاسایی نییە. هەرچۆنێک بێت، ئەم ڕەوشتبەرزییە میتاتیۆرییانە پێوەرن بۆ سەرکەوتنی بیردۆزەکان سەبارەت بە هەر بابەتێک.

دووەم شێوازێک کە وادیارە جێی مشتومڕ نییە بیردۆزی یاسایی هەڵسەنگێنەرە کە مرۆڤ ناتوانێت دەست بکات بە پەرەپێدان بە بیردۆزی یاسا بەبێ دیاریکردنی هەرکام لە تایبەتمەندییە ناوەندییەکانی کە دەبێت لەبەرچاو بگیردرێت (دیکسۆن 2001، 38-45). بۆ نموونە جۆن فینیس باس لەوە دەکات کە مرۆڤ ناتوانێت بیردۆزی یاسایی ڕیزبەندی یەکەم ئەنجام بدات بەبێ هەڵوێست وەرگرتن لەسەر ئەوەی کە تایبەتمەندییە گرنگەکانی یاسا چین کە بیردۆزە پێویستەکان دەبێت ڕوونی بکەنەوە (بۆ نموونە بانگەشەی یاسا بۆ دەسەڵات). هەرچۆنێک بێت، ئەمە پێویستی بە هەڵسەنگاندنە (فینیس 1980، 9-15).

لەگەڵ ئەوەشدا، لەوانەیە بەتایبەتی جێی مشتومڕ نەبێت کە بیردۆزی یاسایی بەم شێوەیە هەڵسەنگێنەر بێت. بۆ ئەوەی بزانین بۆچی، جیاوازی هەیە لە نێوان (١) داواکاریی هەڵسەنگێنەرانەی ئەستوور، کە جۆرێک لە چاکەی ئاکاری، یان لەوانەیە هەموو بەها ڕەچاوکراوەکان، لە بڕگەیەکدا پێشبینی دەکات و (٢) داواکاریی هەڵسەنگێنەرانەی تەسک، کە پێشبینی ناکات. (ئەم جیاکارییە تا ڕادەیەکی زۆر شوێنپێی جیاکاریی جولی دیکسۆن لە نێوان پێشنیارە ڕاستەوخۆ هەڵسەنگێنەرانەکان و ناڕاستەوخۆ هەڵسەنگێنەرانەکانی پێوە دیارە. بڕواننە دیکسۆن 2001، 51-55.) بەم شێوەیە، سادەترین داواکاریی هەڵسەنگێنەری ئەستوور ئەم فۆرمەی هەیە: X لە ڕووی ڕەوشتەوە [هەموو شتەکان لەبەرچاو دەگیردرێت] باش [خراپ]ە. ئەو جۆرە بانگەشانە لەوانەیە لە سروشتدا بەراورد بکرێن، وەک ئەوەی کە فۆرمیان هەبێت: X لە ڕووی ئاکارییەوە باشترە یان خراپترە لە Y. بەپێچەوانەوە، داواکاریی هەڵسەنگێنەری تەسک، دادوەری دەکەن کە چەند بە باشی هەندێک شت نزیکن بە ستانداردێک کە نە ئاکارییە و نە هەموو شتێک بە نۆرماتیڤ دادەنرێت. ئەم جۆرە بانگەشانە پێویستیان بە هیچ داواکارییەکی هەلسێنگەرانەی ئەستوور نییە. نموونەکانی داواکاریی هەڵسەنگێنەرانەی تەسک بەم شێوەیە کە X «گرنگە» و X «سەرنجڕاکێشە». بەم پێیە تەنانەت ئەگەر تیۆریستانی یاسایی دەبێت سازدەری داواکاریی هەڵسەنگێنەری تەسک بن بۆ ئەوەی بتوانن پرۆژەی پەرەپێدانی بیردۆزی یاسایی ڕیزبەندی یەکەم دەست پێ‌ بکەن، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە دەبێت داواکاریی هەڵسەنگێنەری ئەستوور بکەن بۆ ئەوەی ئەو کارە جێبەجێ بکەن. سەرەڕای ئەمانەش، لەوانەیە کەسێک بیردۆزێک بنیات بنێت کە کۆمەڵێک دیاردەی یاسایی بگرێتە خۆی کە بە ناوەندی یان گرنگ دادەنرێن، لە کاتێکدا هێشتا بە نامۆیی (گوماناوی) ماونەتەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەم دیاردانە خۆیان بەنرخن یان نا.ڕێگای سێیەم کە بیردۆزی یاسایی لە پرەنسیپدا دەتوانێ هەڵسەنگێنەر بێت، هەرچەندە بە شێوەیەکی نامشتومڕانە (ئاسایی)، لە لایەن ڕوانگەی دەستووری کە لە بەشی (٣.١.٢)دا گفتوگۆی لەسەر کراوە، پێشنیار کراوە. ئەگەر کاری (ئەرکی) بیردۆزی یاسایی ڕیزبەندی یەکەم دەستنیشانکردنی چەمکی یاسا بێت ئەوە زۆر گونجاو دەبێت بۆ ئێمە بۆ کەڵکوەرگرتنی، ئەوا هەستێک هەیە کە بیردۆزی یاسا لە ئەنجامیدا بێ گومان هەڵسەنگێنەر دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک لە سەرەوە بینرا، بیردۆزە دەستوورییەکان ئامانجی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی جیاوازن لە بیردۆزەکان لە شیکاریی چەمکەکان، جۆرەکانی داشکاندن یان لێکدانەوە. کەواتە ئەوەی جێی مشتومڕە سەبارەت بەوەی کە ئایا بیردۆزی یاسایی هەڵسەنگێنەرە ئەوە نییە کە ئایا بیردۆزی یاسایی لە پرەنسیپدا دەکرێت هەڵسەنگێنەر بێت، بەڵکوو ئەوەیە کە بەپێویست یان ناچار وایە.

ئێستا ئێمە لە پێگەیەکداین بۆ ئەوەی بە تەواوی پرسیاری جێ‌ بایەخی سەرەکی لێرە بەرز بنرخێنین. بەتایبەتی، ئەوە ئەوەیە کە ئایا بیردۆزەکان سەبارەت بە سروشتیبوونی کردەوەی یاسایی بەردەست (یان لەوانەیە مانا و تێگەیشتنی ئێمە بێ) بەپێویست تێوەگلانی داواکاری هەڵسەنگێنەرانەی ئەستوور سەبارەت بە یاسایە. واتە ئایا پێشنیارکردنی بیردۆزێکی ڕیزبەندی یەکەمی یاسا یان شیکاریی چەمکی، داشکانگەری یان لێکدانەوەی بنیاتنەر، پێویستی بە یەکێک هەیە بۆ قبووڵکردنی بانگەشەکان دەربارەی ئەوەی کە یاسا چەند بەنرخە، یان هەندێک تایبەتمەندی کە لێیەوە دێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە درێژەی ئەم نووسراوەیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.


٢.٢.٢ ئایا بیردۆزی یاسایی لە مانای پەیوەندیداردا هەلسەنگێنەرە؟

هەندێک وەڵام بۆ ئەو پرسیارەی کە لە بڕگەی (١.٢)دا باس کرا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بیردۆزەکانی یاسا بە شێوەیەکی بنچینەیی هەڵسەنگێنەرن لە مانای پابەندکردنی داکۆکیکارانی ئەم بیردۆزانە بۆ داوا هەڵسەنگێنەرە ئەستوورەکان دەربارەی یاسا. وەک دەبینین، ئەمە زۆر بە شیوەیەکی بەرچاوە لەسەر تێڕوانینی لێکدانەوەی بنیاتنەر بۆ میتۆدناسی. بەپێچەوانەوە، وەڵامەکانی تر بۆ ئەو پرسیارەی کە لە بەشی (١.٢)دا باسیان لەسەر کراوە، بەڕوونی ئەوە ناگەیەنێت کە بیردۆزە یاساییەکانی ڕیزبەندی یەکەم بانگەشەکانی خۆیان ئەنجام بدەن بۆ داواکاری هەڵسەنگێنەرە ئەستوورەکان. بەتایبەتی ئەمە حاڵەتێکە بۆ شیکردنەوەی چەمک و تێڕوانینە داشکانگەرەکانی میتۆدناسیی دادوەری بە لایەنی کەمەوە لە ڕووی خۆیانەوە، هەردوو ئەم تێڕوانینانە وا دەر دەکەون کە بتوانن بەتەواوی شرۆڤەی وەسفی یاسا هەبێت، واتە ئەو لێکۆڵینەوانەی کە تایبەتمەندییە ناوەندییەکانی یاسا هەڵدەگرن بەبێ ئەوەی پابەند بن بە هیچ هەڵسەنگاندنێکی ئاکاری یان بیرلێکردنەوە لە یاسا. لە دوای هەموو شتێک لەوانەیە کەسێک وا بیر بکاتەوە کە لێکدانەوەیەکی دیاریکراو کارێکی باش دەکات بۆ گرتنی چەند چەمکێکی بەربڵاوی هاوبەش لە یاسادا، بەڵام ئەمە بەئاشکرایی تاک پابەند ناکات بە گوتنی ئەوە کە یاسا لەسەر واتا و چەمک باشە. بە هەمان شێوە، لەوانەیە مرۆڤ داشکاندنی ڕاستییەکانی یاسایی پەسەند بکات بۆ هەندێک لە کۆمەڵی بنچینەییتر لە ڕاستییەکان (بۆ نموونە، هەندێک ڕاستیی کۆمەڵایەتی) بەبێ ئەوەی ئەو کەسە پابەند بێت کە بیر لەوە بکاتەوە کە یاسا بەنرخە یان لە ڕووی ئاکارییەوە پاساوی بۆ دانراوە.

لە ئەنجامدا لانیکەم بەڕواڵەت، هەردوو ڕوانگەی شیکاریی چەمکی و داشکانگەرانە وا دەر دەکەون کە ڕێگە بە بوونی بیردۆزەکانی یاسای ڕیزبەندی یەکەم بدەن کە بەتەواوی وەسفکەرن. هەندێ مشتومڕ پێویستە ئەگەر بمانەوێت ئەنجامە پێچەوانەکە پەسەند بکەین. بەم پێیە، با هەندێک مشتومڕی دیار لەبەرچاو بگرین بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە بیردۆزی یاسایی دەبێت لە سروشتدا بە شێوەیەکی سروشتی هەڵسەنگێنەر بێت. (بۆ سەرنجدانێکی گشتی، بڕواننە مارمۆر 2011، 122-35.)


ئارگیومێنتی کردەوە یاساییەکان

مشتومڕی ناوەندی بۆ ئەو کاریگەرییەی کە بیردۆزی یاسایی دەبێت لە مانایەی پەیوەندیداردا هەڵسەنگێنەر بێت لەو بیرۆکەیەوە دەست پێدەکات کە تێگەیشتن لەوەی کە یاسا چییە پێویستی بە وەرگرتنی تێڕوانینێک هەیە دەربارەی ئەوەی کە چ کردەوەیەک خزمەتی دەکات (فینیس 1980، 12-17؛ پێری 1995، 114-20). لەگەڵ ئەوەشدا، لەوانەیە کەسێک وا بیر بکاتەوە کە کردەوەکان بەو مانایە هەڵسەنگێنەرن کە پێوەندیدانی کردەوەیەک بە شتێکە کە ستانداردێک پەسەند بکات کە بەو پێیە ئەو شتە وەک سەرکەوتوو یان ناسەرکەوتوو دادوەری بکرێت. بەم شێوەیە لەوانەیە وا بیر بکرێتەوە کە بیردۆزی یاساییش بە شێوەیەکی خۆڕسک هەڵسەنگێنەرە.

لە کاتێکدا ئەم شێوە بیرکردنەوە قایلکەرانە ئەوە دەر دەخات کە بیردۆزی یاسایی پێویستی بە قبووڵکردنی هەندێک بانگەشەی هەڵسەنگێنەرانەی هەیە، بەڵام بەئاشکرا ئەوە نیشان نادات کە بیردۆزی یاسایی مەرج نییە داواکاریی هەڵسەنگێنەرانەی ئەستووری تێدا بێت (دیکسۆن 2001، 114-125). داواکارییەکانی فۆرمی «فانکشنی X، Fە، بە شێوەیەکی سروشتی پۆلێن کراون لەگەڵ «X گرنگە» (یان بەوردی، «X گرنگە بۆ هەندێک مەبەستی Y») وەک داواکاریی هەڵسێنگێنەرانەی تەسک. بەم پێیە، جەخت دەکرێت کە کردەوەی یاسایی F بەئاشکرا هیچ داواکارییەکی چڕی هەڵسەنگێنەری لەسەر یاسا ناگەیەنێت. لە دوای هەموو شتێکەوە، ڕوون نییە کە بۆچی خستنەپاڵی کردەوەیەک بە شتێک پێویستی بەم باوەڕەوە هەیە کە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە یان هەموو شتێکی لەبەرچاو گیراوە یان لەڕووی ئاکارییەوە باشە. بەم شێوەیە، خستنەپاڵەوەی کردەوەیەک بە یاسا پێویستی بە هیچ داواکارییەکی هەڵسەنگێنەری ئەستوور نییە.


ئارگیومێنت لە ڕوانگەی ناوخۆییەوە

مشتومڕی دووەمی سروشتی بە قازانجی بینینی بیردۆزی یاسایی وەک هەڵسەنگێنەرێکی سروشتی بە مانای پەیوەندیدار پشت بەو بیرۆکەیە دەبەستێت کە هەر بیردۆزێکی یاسایی پێویست دەبێت ڕەچاوی تێڕوانینی ناوخۆیی بکات کە پسپۆڕانی یاسایی دەیانەوێت بەرەو یاسا هەڵبگرن. بە شێوەیەکی دیاریکراوتر وەرگرتنی تێڕوانینی ناوخۆیی بەرامبەر بە یاسا مەسەلەی گرتنەبەری جۆرێک لە هەڵوێست وەرگرتنە بەرامبەری و بینینی وەک چۆن لە هەندێک مانادا پاساوی بۆ دادەنرێت یان وەک هۆکاری کردەوەیی دابین دەکات (شاپیرۆ 2011، 96-97؛ پێری 1995، 99-100؛ هەروەها سەیری سەروشەی پۆزیتیڤیزمی یاسایی بکەن). سەرەڕای ئەوەش، ئاساییە وا بیر بکەینەوە کە کۆمەڵێک لە بەشداربووان لە مومارەسەی یاسایی دەبێت تێڕوانینی ناوخۆیی بەرەو کردەوەکە بگرنەبەر بۆ ئەوەی کردەوەکە لە ڕاستیدا بە یاسا بژمێردرێت. ئەمە ڕاستییەکە کە هەر بیردۆزێکی یاسایی پێویست دەبێت حسابی بۆ بکات، و لەوانەیە بیری لێ بکاتەوە. بەم پێیە، چونکە تێڕوانینی ناوخۆیی هەڵسەنگاندنێکی پۆزەتیڤی یاسا لەخۆ دەگرێت و لەبەر ئەوەی هەر بیردۆزێکی یاسایی پێویست دەبێت حساب بۆ ئەم ڕوانگەیە بکات، لەوانەیە دەستنیشانی بکات کە هەر بیردۆزێکی یاسایی پێویست دەبێت خۆی بە شێوەیەکی بنچینەیی و خۆڕسک هەڵسەنگێنەر بێت (دەقی ئەم جۆرە مشتومڕە دەبیننەوە، بۆ نموونە، لە پێری 1995، 121-25؛ واڵدرۆن 2001، 423-28.)

بەڵام ڕوون نییە کە ئایا ئەم ئارگیومێنتە سەر دەکەوێت یان نا. هەر چۆنێک بێت، لە پرەنسیپدا وا دەر دەکەوێت کە مەیسەر بێت ڕوونی بکاتەوە کە چ جۆرە ڕەچاوکردنێکی یاسایی پەسەند دەکات، و بۆچی، بەبێ ئەوەی خۆی ئەو ڕەچاوکردنانە پەسەند بکات. بە هەمان شێوە، بیردۆزی یاسایی ڕیزبەندی یەکەم لەوانەیە بتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو ڕاستییە بەڵگەنەویستە ڕوون بکاتەوە کە پسپۆڕانی یاسایی دەیانەوێت تێڕوانینی ناوخۆیی لە هەمبەر یاسا لە بواری پێوەندیداریان هەبێت (واتە، پەسەند و مۆرکردن)، بەبێ ئەوەی ئەو بیردۆزە بەم بانگەشە بەڵێندار (پابەند) بێت کە یاسا لە هەر دەسەڵاتی دادوەریی تایبەت( یان یاسا بە شێوەی گشتی) جێی بایەخ یان پاساوهەڵگر بێت. بەم پێیە دیار نییە بۆچی بیردۆزێکی یاسا ناتوانێت لە پرەنسیپدا ئەو تێڕوانینە ناوخۆییە بگرێت کە لە لایەن پسپۆڕانی یاساییەوە بەرامبەر بە یاسا گیراوە بەبێ ئەوەی خۆی پابەند بێت بە هەر داواکارییەکی هەڵسەنگێنەرانەی ئەستوور لەسەر یاساکە.


ئارگیومێنتی دەرەنجامی شرۆڤە

لەوانەیە کاریگەرترین ئارگیومێنت بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە بیردۆزی یاسایی لە بنەڕەتدا هەڵسەنگێنراوە لەسەر ئەو بیرۆکەیەی کە بیردۆزی یاسایی هەوڵێکی لێکدانەوەیە لە تێگەیشتنی دۆرکین (Dworkin 1986؛ بۆ ڕەخنە، بڕوانە دیکسۆن 2001، 105؛ مارمۆر 2011، 126-30). بۆ گوتنی ئەوەی کە بیردۆزی یاسایی پرۆژەیەکی لێکدانەوەیە ئەوەیە کە بانگەشەی ئەوە بکەین کە تێگەیشتنی تەواو لەوەی کە یاسا پێویستی بە هەموارکردنی هەیە وەک باشترین نموونە دەتوانێت لە جۆری ئەو شتە بێت کە تێیدایە. سەرەڕای ئەوەش، لەوانەیە کەسێک وا بیر بکاتەوە کە بۆ ئەوەی کردەوەی یاسایی وەک باشترین نموونەی لەو جۆرە شتە بێت، پێویستە داواکاریی هەڵسەنگێنەری ئەستوور دەربارەی یاسا بکات. (سەیری سەروشەی شرۆڤەی یاسایی بکەن.)

لەوانەیە هەوڵ بدرێت بە دوو شێواز وەڵامی ئەم باسە بدرێتەوە. یەکەمیان وەڵامی سروشتی، هەرچەندە لە کۆتاییدا سەرکەوتوو نەبوو، وەڵامدانەوەی ئەوەیە کە دانانی شتێک وەک باشترین نموونە لە جۆری خۆی کە دەکرێت پێویستی بە وەرگرتنی ئەو جۆرە نەبێت بۆ ئەوەی باش بێت. وتنی ئەوەی کە بێرنی مادۆف (بۆ ماوەیەک) باشترین فێڵباز بوو لە مێژوودا ئەوە ناگەیەنێت کە کەسێک ساختەکاری پەسەند بکات. لە ئەنجامدا وتیان کە یاساکە دەبێت بەم شێوەیە بێت و بۆیە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەکی باش لە جۆری خۆی، تاک بە هیچ داواکارییەکی چڕی (ئەستوور) هەڵسەنگێنەری پابەند ناکات. لەگەڵ ئەوەشدا، هەستێکی قووڵتر یان سەرنجڕاکێشتر هەیە کە تێیدا لە ڕوانگەی دۆرکین بیردۆزی یاسایی بە شێوەیەکی بنچینەیی هەڵدەسەنگێنێت. بۆ دۆرکین، بیردۆزی یاسایی کۆمپانیایەکی لێکدانەوەیە، و پێشکەشکردنی لێکدانەوەیەکی بنیاتنەرانەی کردەوەی یاسایی پێویستی بە داپۆشینی لە باشترین ڕووناکیی ئاکاریدا هەیە. بەم شێوەیە، پێشکەشکردنی لێکدانەوەیەک بۆ کردەوەی یاسایی پێویستی بە هەڵوێست وەرگرتن دەبێت لەسەر کام لە ڕێگا بەردەستەکانی وەستاندنی ئەو کردەوەیە لە ڕووی ئاکارییەوە باشترە لە ئەوانی تر. بە دڵنیاییەوە، ئەمە پێویستی بە دووپاتکردنەوە نییە کە یاسا لەسەر هەر دەستوورێکی دیاریکراودا باشە. بەڵام وا دیارە پێویست دەکات بە لایەنی کەمەوە بڵێت کە هەندێک لە کردەوە یاساییەکان لە ڕووی ڕەوشتەوە باشترن لە شتە ئاساییەکانی تر. ئەمە وا دیارە کە داواکارییەکی هەڵسەنگێنەری ئەستوورە، هەرچەندە بەراوردکارانە بێت. سەرەڕای ئەوەش، مرۆڤ ناتوانێت ئەم جۆرە حوکمە بەراوردکارییانە بکات بەبێ ئەوەی بۆچوونێک هەبێت دەربارەی ئەوەی کە یەکێک لە کردەوە یاساییەکان لە ڕووی ئاکارییەوە باشتر دەبێت لە یەکێکی تر. کەواتە لانیکەم وەرگرتنی بیردۆزی یاسایی بۆ ئەوەی ببێتە هەوڵێک کە لێکدانەوەیە بە مانای دۆرکین دەبێتە هۆی ئەوەی بیردۆزی یاسایی بە شێوەیەکی بنچینەیی هەڵسەنگێنەر بێت بەو مانایەی کە ئێمە لێرەدا ئاوڕی لێ دەدەینەوە.

بەم پێیە، ئەگەر کەسێک بیەوێت ئەگەری بیردۆزە یاساییەکانی ڕیزبەندی یەکەم بپارێزێت، ستراتیژییەکی بەڵێندەرانەتر بۆ وەڵامدانەوەی مشتومڕێکی دەرەنجامی شرۆڤەکە، بردنە ژێر پرسیاری سەرەکیترین گریمانەکەیە، واتە بیردۆزی یاسایی بەدڵنیاییەوە هەوڵێکی شرۆڤەییە لە ڕوانگەی دورکینەوە. بۆ ئەوەی لایەنگرێکی ئەو باسە لە لێکدانەوەوە ئەم پێشەکییە بسەلمێنێت، دەبێت هەندێک هۆکاری بۆ بهێنێتەوە. واتە هەندێک مشتومڕ پێویستە بۆ ڕوونکردنەوە کە بۆچی دەبێت وا بیر بکەینەوە کە تێگەیشتن لە یاسا پێویستی بە لێکدانەوەیەکی بنیاتنەرانەیە. ڕەخنەگرێک لە مشتومڕەکە لە ڕێگەی شرۆڤەوە، لەوانەیە بانگەشەی ئەوە بکات کە لایەنگرانی باسەکە هەڵگری بارەکەی (ئەرکی) خۆیان نەبوون بۆ دابینکردنی و ئاراستەی هۆکارە عەقڵانییەکان بۆ ئەم پێشەکییە، کە مشتومڕەکە بە شێوەیەکی گرنگ پشتی پێ دەبەستێت.

یەکێک لە هۆکارە گونجاوەکان کە لەوانەیە لێرەدا پێشکەش بکرێت ئەوەیە کە لەو کاتەوەی کردەوە کۆمەڵایەتییەکان لە بنچینەدا تێوەگلاون بە پێوەندییەکان، و تێگەیشتن لە هەر شێوازێک لە پەیوەندییەکان بەپێویست بریتییە لە لێکدانەوەی بانگەشەکانی وتەبێژەکان، تێگەیشتن لە کردەوەی کۆمەڵایەتیی یاسا لێکدانەوە لەخۆ دەگرێت. هەرچۆنێک بێت ئەم عەقڵانیەتە زۆر خێرایە. تەنانەت ئەگەر ڕاست بێت تێگەیشتن لە هەر کردەوەیەکی کۆمەڵایەتی پێویستی بە لێکدانەوەی جۆرێک یان جۆرێکی تر هەیە، بە دوای ئەوەدا نایەت کە ئەم کارە پێویستی بە لێکدانەوەیەکی بنیاتنەرانە لە هەستی دۆرکیندا هەیە، واتە دەستنیشانکردنی چەقی کردەوەیەک کە لە باشترین ڕووناکیی ئاکاریی خۆیدایە (مارمۆر 2011، 127-28). بەڵام ئەم بانگەشەیەی دوایی بێ گومان ئەوەیە کە لایەنگرانی مشتومڕەکە لە لێکدانەوەوە پێویستیان بە دامەزراندنی هەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجامە خوازراوەکەیان کە بیردۆزی یاسایی لە بنچینەدا هەڵسەنگێنەرە.

بەم پێیە، وا دیارە ئێمە لەم دۆخە دیالێکتیکییەی خوارەوەدا ماوین. ئایا بیردۆزی یاسایی بە شێوەیەکی بنچینەیی هەڵسەنگێنەرە بە مانای پەیوەندیدار یان نا، پەیوەستە بەوەی کە ئایا مشتومڕەکە لە شرۆڤەوەوە سەرکەوتوو دەبێت یان نا. ئەگەر ئەو مشتومڕە سەرکەوتوو بێت، بە نۆرەی خۆی، پشت دەبەستێت بە گریمانە سەرەکییەکەی، واتە ئەو بانگەشەیەی کە تێگەیشتن لە یاسا پێویستی بە لێکدانەوەیەکی بنیاتنەرانەی هەیە بۆی. ئەگەر ئارگیومێنتێکی بێ پرسیار بۆ ئەم داوایە بدرێت، ئەوا هۆکار دەبێت بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە بیردۆزی یاسایی بەپێویست لە سروشتدا هەڵسەنگێنەرە. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر هیچ مشتومڕێکی بێ پرسیار نەدرێت بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە تێگەیشتن لە یاسا پێویستی بە لێکدانەوەیەکی بنیاتنەر هەیە، ئەوا مرۆڤ ئازاد دەبێت بۆ پاراستنی ئەوەی کە دەکرێت بە تەواوی بیردۆزە یاساییەکانی ڕیزبەندی یەکەمی وەسفی بێت.

بێ گومان ئەگەر مشتومڕی دەرەنجامی شرۆڤە شکست بهێنێت و بیردۆزە یاساییەکان بەهەمان شێوە تەواو وەسفی بمێنێتەوە، ئەوا هێشتا دەکرێت پرۆژەیەکی بەنرخ بێت بۆ هەوڵدان بۆ ئاراستەی لێکدانەوەیەکی بنیاتنەرانەی پراکتیکی یاسایی و دەرهاویشتەی ئەم پرۆژەیە بەڕاستی دەبێتە بیردۆزی تا ڕادەیەک هەڵسەنگێنەرانە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دوو جۆرە بیردۆزە بە ڕاستی لە ململانێدا نابن، چونکە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری جیاواز دەپرسرێن. لە کۆتاییدا، «پلۆرالیزمی میتۆدی» لەوانەیە ببێتە تایبەتمەندیی هەرە باش لە دۆخی ڕۆڵگێڕان لە مەعریفەی یاسادا.



سەرچاوەکان:

Asgeirsson, Hrafn, forthcoming, The Nature and Value of Vagueness in the Law, Oxford: Hart Publishing.

–––, 2015, “On the Instrumental Value of Vagueness in the Law”, Ethics, 125(2): 425–448.

Aquinas, St. Thomas, Summa Theologicaavailable online in English translation.

Augustine, De Libero Arbitrio, On Free Choice of the Will, translated by Thomas Williams, Indianapolis: Hackett Publishing, 1995.

Austin, John, 1832, The Province of Jurisprudence Determined, London: Weidenfeld & Nicolson, 1954.

Bealer, George, 1998, “Intuition and the Autonomy of Philosophy”, in M. DePaul and W. Ramsey (eds.), Rethinking Intuition: The Psychology of Intuition and Its Role in Philosophical Inquiry, Lanham, MD: Rowman & Littlefield, pp. 201–239.

Burazin, Luka, Kenneth Einar Himma and Corrado Roversi (eds.), 2018, Law as An Artifact, Oxford: Oxford University Press.

Campbell, Tom D., 1996, The Legal Theory of Ethical Positivism, Aldershot: Dartmouth.

Coleman, Jules, 1998, “Incorporationism, Conventionality, and The Practical Difference Thesis”, Legal Theory, 4: 381–425.

–––, 2001a, The Practice of Principle, Oxford: Oxford University Press.

Coleman, Jules (ed.), 2001b, Hart’s postscript: Essays on the Postscript to ‘The Concept of Law’, Oxford: Oxford University Press.

Cummins, Robert, 1998, “Reflection on Reflective Equilibrium”, Rethinking Intuition: The Psychology of Intuition and Its Role in Philosophical Inquiry, M. DePaul and W. Ramsey (eds.), Rowman & Littlefield, Lanham, MD, 113–128.

Dickson, Julie, 2001, Evaluation and Legal Theory, Oxford: Hart Publishing.

–––, 2004, “Methodology in Jurisprudence: a critical survey”, Legal Theory, 10(3): 117–156.

Dworkin, Ronald, 1977, Taking Rights Seriously, London: Duckworth.

–––, 1986, Law’s Empire, Cambridge: Harvard University Press.

Enoch, David, 2011, “Giving Practical Reasons”, The Philosopher’s Imprint, 11(4): 1–22.

Finnis, John, 1980, Natural Law and Natural Rights, Oxford: Clarendon Press.

Gardner, John, 2001, “Legal Positivism: 5 ½ Myths”, American Journal of Jurisprudence, 46: 199–227.

Green, Leslie, 1996, “The Concept of Law Revisited”, Michigan Law Review, 94(6): 1687–1717.

Greenberg, Mark, 2014, “The Moral Impact Theory of Law”, Yale Law Journal, 123: 1118.

Hart, H.L.A., 1961, The Concept of Law, Oxford: Clarendon Press; 2nd edition with postscript by J. Raz & P. Bulloch (eds.), Oxford: Oxford University Press, 1994.

Hershovitz, Scott, 2015, “The End of Jurisprudence”, Yale Law Journal, 124: 1160.

Kelsen, Hans, 1945/1961, General Theory of Law and State, translated by Anders Wedberg, New York: Russell & Russell.

Leiter, Brian, 2007, Naturalizing Jurisprudence: Essays on American Legal Realism and Naturalism in Legal Philosophy, Oxford: Oxford University Press.

Lewis, David. 1969. Convention, Cambridge, MA: Harvard University Press.

MacCormick, Neil, 1985, “A Moralistic Case for A-Moralistic Law?”, Valparaiso University Law Review, 20(1): 1–41.

Marmor, Andrei, 1992, Interpretation and Legal Theory, Oxford: Clarendon Press; revised 2nd edition, Hart Publishing, 2005.

–––, 2001, Positive Law & Objective Values, Oxford: Clarendon Press.

–––, 2011, Philosophy of Law, Princeton: Princeton University Press.

–––, 2013, “Farewell to Conceptual Analysis (in Jurisprudence)”, in Waluchow & Sciaraffa (eds.), Philosophical Foundations of the Nature of Law, Oxford: Oxford University Press, pp. 209–229.

–––, 2014, The Language of Law, Oxford: Oxford University Press.

–––, 2016 [2018], “Norms, Reasons and the Law”, Cornell Legal Studies Research Paper No. 16-19; reprinted in K. Himma et al. (eds.), Unpacking Normativity, Oxford: Hart Publishing, 2018.

–––, 2018, “Law as Authoritative Fiction”, Law and Philosophy, 37: 473.

–––, 2019, “What’s Left of General Jurisprudence: On Law’s Ontology and Content”, Jurisprudence, 10: 151–170.

Moore, Michael, 1998, “Hart’s Concluding Unscientific Postscript”, Legal Theory, 4: 301–327 .

Murphy, Liam, 2001, “The Political Question of the Concept of Law,” in Coleman, Jules (ed.), Hart’s postscript: Essays on the Postscript to ‘The Concept of Law’, Oxford: Oxford University Press, Oxford: Oxford University Press, pp. 371–409.

Perry, Stephen, 2001, “Hart’s Methodological Positivism”, in Coleman, Jules (ed.), Hart’s postscript: Essays on the Postscript to ‘The Concept of Law’, Oxford: Oxford University Press, pp. 311–354.

Plunkett, David and Scott Shapiro, 2017, “Law, Morality, and Everything Else: General Jurisprudence as a Branch of Metanormative Inquiry”, Ethics, 128(1): 37–68.

Postema, Gerald, 1989, Bentham and the Common Law Tradition, Oxford: Clarendon Press.

–––, 2015, “On the Instrumental Value of Vagueness in the Law”, Ethics, 125(2): 425–448.

Raz, Joseph, 1972, “Legal Principles and the Limits of Law”, The Yale Law Journal, 81 (5): 823–854; reprinted in M. Cohen (ed.), Ronald Dworkin and Contemporary Jurisprudence, Totowa, NJ: Rowman & Allanheld, 1984.

–––, 1979, The Authority of Law, Oxford: Clarendon Press.

–––, 1994, “Law, Authority and Morality”, in J. Raz, Ethics In The Public Domain, Oxford: Clarendon Press, Chapter 9.

–––, 2004, “Can there be a Theory of Law?”, in Golding & Edmundson (eds), The Blackwell Guide to the Philosophy of Law and Legal Theory, Oxford: Blackwell.

Rosen, Gideon, 2010, “Metaphysical Dependence: Grounding and Reduction”, in B. Hale & A. Hoffman (eds.), Modality: Metaphysics, Logic and Epistemology, Oxford: Oxford University Press, 109–136.

Sarch, Alexander, 2010, “Bealer and the Autonomy of Philosophy,” Synthese, 172: 451–474.

Schauer, Fredrick, 1996, “Positivism as Pariah,” in The Autonomy of Law: Essays on Legal Positivism, Robert P. George (ed.), Oxford: Oxford University Press, pp. 31–55.

Schroeder, Mark, 2007, Slaves of the Passions, Oxford: Oxford University Press.

Shapiro, Scott, 2011, Legality, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Stavropoulos, Nicos, 2012, “Obligations and the Legal Point of View,” in The Routledge Companion to Philosophy of Law, A. Marmor (ed.), London: Routledge.

Waldron, Jeremy, 2001, “Normative (or Ethical) Positivism”, in Jules Coleman (ed.), Hart’s postscript: Essays on the Postscript to ‘The Concept of Law’, Oxford: Oxford University Press, pp. 410–434.

Waluchow, Wil, 1994, Inclusive Legal Positivism, Oxford: Clarendon Press.