ڕیالیزمی سیاسی لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکاندا

2022/03/16
1088
ئەمە وەشانێکی کۆنی ئەرشیفکراوە. وەشانی ئێستا: 2023/05/24

لە زانستی پەیوەندییە نیونەتەوەییەکاندا چەندین تیۆری گشتی یان ڕوانگەی تیۆریی دژ بە یەک هەن. ڕیالیزم، کە بە ڕیالیزمی سیاسیش ناسراوە، ڕوانگەیەکی سیاسەتی نێونەتەوەییە کە جەخت لەسەر لایەنی کێبڕکێکارانە و دژایەتیانەی سیاسەتی نێونەتەوەیی دەکاتەوە. زیاتر، بەرهەڵەستی ئایدیالیزم یان لیبرالیزم دەکات کە دەیەوێت جەخت لەسەر هاوکاریی بکاتەوە. ڕیالیستەکان دەوڵەتەکان بە گەمەکەری سەرەکی شانۆی نێونەتەوەیی دادەنێن، کە کەڵکەڵەی ئاسایشی خۆیان هەیە و هەوڵی دابینکردنی بەرژوەندییەکانی خۆیان دەدەن و بۆ بەدەستهێنانی هێز ململانێ دەکەن. لایەنی نەرێنی جەختکردنەوەی ڕیالیستەکان لەسەر هیز و بەرژوەندی تاکەکەسی، زیاتر ئەو بەدگومانییەیە کە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان نۆرمە ئەخلاقییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان هەیانە. هەندێ جار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیاسەتی ناوخۆیی قەڵەمڕەوی دەسەڵات و یاسایە، لە کاتێکدا کە سیاسەتی نێونەتەوەیی، شانۆیەکە بەری لە دادپەروەری و بە کێشمەکێشی کردەکی یاخود هێزەکی نێوان دەوڵەتەکان دەناسرێتەوە.

سەرەڕای ئەوە، هەموو ڕیالیستەکان حاشا لە هەبوونی ئەخلاق لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ناکەن. پێویستە لە نێوان ڕیالیزمی کلاسیک (کە چەند تیۆرزانی سەدەی بیستەم و لەوانە ڕاینۆڵد نەیبور و هانس مۆرگێنتا نوێنەرایەتییان دەکرد) و ڕیالیزمی ڕادیکاڵ یاخود زێدەڕۆ، جیاوازی دابنرێت. ڕاستە ڕیالیزمی کلاسیک لەسەر چەمکی بەرژوەندی نیشتمانی جەخت دەکاتەوە، بەڵام ئەوە بە واتای [قەبووڵکردنی] ئامۆژە [دکتۆرینی] ماکیاڤێلیستی نییە کە دەڵێت، "هەر شتێک لە مەسڵەحەتی دەوڵەتدا بێت ڕەوایە" (Bull 1995,189). هەروەها ستایشی شەڕ و کێشمەکێش لەخۆ ناگرێت. ڕیالیستە کلاسیکەکان ئەگەری داوەری ئەخلاقی لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا ڕەت ناکەنەوە. بەڵکو ڕەخنە لە ئەخلاقگەرایی دەگرن (واتە ئەو دیسکۆرسە ئەخلاقییە زەینییە کە واقعییەتە سیاسییەکان لەبەرچاو ناگرێت). ڕیالیستەکان بایەخێکی زۆر بە کردەیەکی سیاسی سەرکەتووانە دەدەن کە لەسەر بنەمای دوورئەندێشی بێت: واتە، توانای داوەریکردن دەربارەی شیاویی کردەیەکی گریمانەیی لە ناو بەدیلە شیمانەکراوەکان، لەسەر بنەمای ئەنجامە سیاسییە ئەگەرییەکانی.

ڕیالیزم چەندین ڕوانگەی جیاواز لەخۆ دەگرێت و بانگەشەی نەریتێکی تیۆریی دورودرێژ دەکات. لە ناو دامەزرێنەرانیدا توسیدید، ماکیاڤێللی و هۆبز ئەو ناوانەن کە زۆر جار ئاماژەیان پێ دەکرێت. ئەمڕۆکە ڕیالیزمی نوێ [نوێ ڕیالیزم]، کە هەوڵیکە بۆ هێنانەدی ڕوانگەیەکی زانستیانەتر بۆ خوێندنەوەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر جێگای ڕیالیزمی کلاسیکی سەدەی بیستەمی گرتووەتەوە. هەم ڕیالیزمی کلاسیک و هەم ڕیالیزمی نوێ لە لایەن ئەو تیۆرزانانە کە نوێنەرایەتی ڕوانگە لیبرال و ڕەخنەیی و پۆست مۆدێرنەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەکەن، کەوتوونەتە بەر ڕەخنە.

١. بنوبنچەکی نەریتی ڕیالیستی

١.١.توسیدید و گرنگی هێز

توسیدید (٤٦٠-٤٠٠ پ.ز)، وەکو تیۆرزانە سیاسییە کلاسیکەکانی تر، لەو بڕوایەدا بوو کە سیاسەت پرسە ئەخلاقییەکان لە خۆ دەگرێت. لە هەمووی گرنگتر، توسیدید ئەو پرسیارەی دەکرد کە ئایا پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان کە هێندە گرنگی بە هێز دەدات، دەکرێ بە نۆرمەکانی دادپەروەریش ڕێنوێنی بکرێت؟ لە ڕاستیدا کتێبەکەی توسیدید، واتە مێژووی شەڕی پلوپۆنزییەکان، نە بەرهەمێکی فەلسەفەی سیاسییە و نە تیۆرێکی بنەگتروویە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا. بەشێکی زۆری ئەو کتێبە، کە گێڕانەوەیەکی وردە لە تێکهەڵچوونی چەکداری نێوان ئاتێنییەکان و سپارتەکان لە نێوان ساڵانی ٤٠٤ تا ٤٣١ی پێش زایین، لێدوانە بەرانبەرەکانی کەسایەتییەکانی دوو بەرەیە کە سەبارەت بە یەک پرس، بەڵگەی جیاواز دەهێننەوە. سەرەڕای ئەوە، ئەگەر مێژووی شەڕی پلۆپۆنزییەکان، بە تاقە دەقی کلاسیکی ناسراو لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ناوی دەرکردووە و هەروەها ئەگەر خورپەبەخشی تیۆرزانەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە هۆبزەوە تا پسپۆڕانی ئێستا بووە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو کتێبە تەنیا نووسینەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو دەکرێ ڕوانگەیەکی تیۆریی لێ دەربهێنرێت.

ڕیالیزم لە یەکەمین لیدوانەکانی ئاتێنییەکان کە لە کتێبی مێژووی شەڕی پلۆپۆنزییەکاندا تۆمار کراون، ڕەنگی داوەتە (واتە لەو لیدوانانەدا کە لە میانەی دیبەیتێکدا، ڕێک پێش دەستپێکردنی شەڕەکە بەڕێوە چوو). جگە لەوە، لە شێوازی شرۆڤەی توسیدید سەبارەت بە هۆکاری شەری پلۆپۆنزییەکان و هەروەها لە [دەقی] "گفتوگۆی مێلیان"، واتە لە لێدوانەکانی نێردەکانی ئاتێندا، ڕوانگەیەکی ڕیالیستی بەکار هاتووە.

١.١.١. تایبەتمەندییە گشتییەکانی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا

تیۆرزانانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان جەخت لەو تەنگوچەڵەمانە دەکەنەوە کە سرووشتی مرۆڤ (کە بە بوونەوەرێکی خۆخوازی دەزانن) و نەبوونی حکومەتێکی نێونەتەوەیی، بەسەر سیاسەتدا دەیسەپێنن. ئەو دوو فاکتەرە پێکەوە یارمەتی پارادایمی کێشمەکێش-تەوەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەدەن، کە تیایدا دەوڵەتەکان گەمەکەری سەرەکین و هێز و ئاسایش دەبنە بابەتی سەرەکی و بابەتە ئەخلاقییەکان جێگایەکی ئەوتۆیان نابێتەوە. دەستەیەک پێشگریمانە سەبارەت بە گەمەکەرە دەوڵەتییەکان، خۆخوازی، ئانارشی، هێز، ئاسایش و بابەتە ئەخلاقییەکان کە نەریتی ڕیالیست پێناسە دەکەن، هەموویان دەسەدیاریی توسیدیدن.

(١) سروشتی مرۆڤ خاڵی دەستپێکی ڕیالیزمی سیاسی کلاسیکە. ڕیالیستەکان مرۆڤ بە بوونەوەرێک دەزانن کە بە شێوەی سرووشتی خۆخواز و قازانجویستە، بە ڕادەیەک کە قازانجویستی بەسەر بنەما ئەخلاقییەکاندا زاڵ دەبێت. لە دیبەیتەکەی سپارتا،کە لە کتێبی یەکەمی مێژووی شەڕی پلۆپۆنزییەکاندا ئاماژەی پێ کراوە، ئاتێنییەکان لەپێشتری و سەرێتی قازانجویستی لە بەرانبەر بابەتە ئەخلاقییەکاندا پشتڕاست دەکەنەوە. ئەوان دەڵێن، تێبینییەکان سەبارەت بە چاکە و خراپە "هەرگیز نەبوونەتە هۆی چاوپۆشی خەڵک لە دەرفەتەکانی خۆگەورەکردنەوە کە لە لایەن هێزی باڵادەستەوە ڕەخساون" (بەشی یەکەم، پەرەگرافی ٧٦).

(٢) ڕیالیستەکان، بە تایبەت نوێ ڕیالیستەکانی ئێستا، پێیان وایە نەبوونی حکومەتێکی جیهانی، واتە ئانارشی، یەکلاکەرەوەی سەرەکی ئەنجامە سیاسییە نێونەتەوەییەکانە. ڕیالیستەکان دەڵێن نەبوونی دەسەڵاتێکی باڵا بۆ دانانی یاسا و ڕێسای هاوبەش و جێبەجێیکردنییان، بە واتای ئەوە دێت کە شانۆی نێونەتەوەیی لە بنەڕەتدا سیستەمێکی خۆیارمەتیدەرە. هەر دەوڵەتێک بەرپرسی دابینکردنی مانەوەی خۆیەتی و لە چۆنیەتی پێناسەکردنی بەرژوەندییەکانی خۆی و چۆنیەتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هیز دەستی ئاوەڵایە. بۆیە، ئانارشی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دۆخێک کە تیایدا هێز ڕۆڵی سەرەکی لە بێچمدان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگێرێت. بە وتەی نێردە ئاتینییەکان لە مێلۆس، لە نەبوونی دەسەڵاتێکی هاوبەشدا کە بتوانێت تەکووز جێگیر بکات، "دەوڵەتە سەربەخۆکان [تەنیا] کاتێ مانەوەیان مسۆگەر دەبێت کە بەهێز بن" (5, 97).

(٣) تا ئەو جێگایەی ڕیالیستەکان جیهانی دەوڵەتەکان وەکو جیهانێکی ئانارشیک وێنا دەکەن، ئاسایشیش بە بابەتی سەرەکی دادەنێن. دەوڵەتەکان بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایش،هەوڵ دەدەن پەرە بە هێزی خۆیان بدەن و خۆیان سەرقاڵی جێگیرکردنی هاوسەنگی هێز بە مەبەستی بەرپرچدانەوەی پەلاماردەرە هێزەکییەکان بکەن. شەڕەکان بۆ ئەو مەبەستە ڕوو دەدەن کە نەتەوە ڕکابەرەکان لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزتر نەبن. سەرەڕای ئەوەی توسیدید لە نێوان هۆکارە دەستبەجێکان و هۆکارە بنەڕەتییەکانی شەڕی پلۆپۆنزییەکان جیاوازی دادەنێت، بەڵام هۆکارە ڕاستەقینەکەی ئەو شەڕە لە هیچ یەک لەو ڕووداوە تایبەتانەدا کە دەستبەجێ پێش دەستپێکردنی شەڕەکە هاتوونەتە ئاراوە، نابینێتەوە. بە پێچەوانەوە، هۆکاری شەڕەکە لە گۆڕانی [شێوازی] دابەشبوونی هێز لە نێوان دوو بەرەی دەوڵەت-شارە یۆنانییەکاندا دەبینێتەوە، واتە هاوپەیمانێتی دێلوس، بە ڕێبەرایەتی ئاتێنییەکان و هاوپەیمانێتی پلۆپۆنزییەکان، بە ڕێبەرایەتی سپارتا. بە وتەی توسیدید، هەڵکشانی هێزی ئاتینییەکان بووە هۆی نیگەرانی سپارتییەکان سەبارەت بە ئاسایشی خۆیان، ئەوەش بەرەو شەڕ ڕای کێشان (1.23).

(٤) ڕیالیستەکان بە گشتی سەبارەت بە پەیوەندی بابەتە ئەخلاقییەکان و سیاسەتی نێونەتەوەیی دێرەباوەڕن. ئەوە دەتوانێت بەرەو ئەو بانگەشەیە ڕایانبکێشێت کە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، جێگایەک بۆ بابەتە ئەخلاقییەکان نییە یان لە نێوان خواستە ئەخلاقییەکان و پێداویستییەکانی کردەی سیاسی سەرکەوتووانە لێکدژی هەیە یاخود دەوڵەتەکان ئەخلاقی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لە ئەخلاقی باو جیاوازە یان ئەخلاق (تەنانەت ئەگەریش لە ئارادا بێت) تەنیا وەکو کەرەسەیەک بۆ ڕەواییدان بە هەڵسوکەوتی دەوڵەتەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت. نموونەیەکی ئاشکرا لە ڕەتکردنەوەی نۆرمە ئەخلاقییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکاندا، دەتوانێت لە "گفتوگۆی مێلیان"دا بەرچاو بکەوێت (5. 85- 113). ئەو دیالۆگە تایبەتە بە ڕووداوەکانی ساڵی ٤١٦ی پێش زایین، ئەو کاتەی ئاتێنییەکان پەلاماری دوڕگەکانی مێلۆسیان دا. نێردەکانی ئاتێن مافی هەڵبژاردن لە نێوان دوو بژاردەی تەفروتوونابوون و خۆبەدەستەوەدانیان خستە بەردەم مێلیانیەکان و هەر لە سەرەتاوە داوای لێ کردن باسی دادپەروەری نەکەن، بەڵکو تەنیا بیر لە مانەوەی خۆیان بکەنەوە.بە وتەی نێردەکان، " هەر دوو لامان دەزانین بڕیارەکان سەبارەت بە دادپەروەری تەنیا کاتێ لە باسە مرۆییەکاندا دەدرێن کە هەر دوو لا لەژێر گوشارێکی بەرابەردا بن، بەڵام کاتێ لایەنێک بەهێزترە، ئەوەندەی لە توانای بێت بەدەست دەهێنێت و پێویستە لایەنی لاواز دان بەوەدا بنێت (5: 89). "لەژێر گوشاری بەرابەردا بوون" بە واتای لەژێر دەسەڵاتی یاسادا بوون و ئەوەش بە واتای لەژێر دەسەڵاتی مەرجەعێکی یاسادانەری هاوبەشدا بوون دێت (Korab-Karpowicz 2006, 234). لەبەر ئەوەی ئاوا دەسەڵاتێک لەسەرەوەی دەوڵەتەکان لە ئارادا نییە، ئاتێنیەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەو بارودۆخە بێ یاسایەی ئانارشی نێونەتەوەییدا، تاقە ماف، بریتییە لە مافی لایەنی بەهێزتر بۆ زاڵبوون بەسەر لایەنی لاوازتردا. ئەوان بە ئاشکرا ماف و توانست بە یەک شت دادەنێن و تێبینییەکان سەبارەت بە دادپەروەری لە کاروباری دەرەوەدا وەلا دەنێن.

٢.١.١. "گفتوگۆی مێلیان": یەکەمین دیبەیتی ڕیالیستی- ئایدیالیستی

کەوابوو ئیمە دەتوانین لە لێدوانەکانی ئاتێنییەکاندا پشتیوانییەکی بەهێز بۆ ڕوانگەی ڕیالیزم ببینینەوە. سەرەڕای ئەوە، ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە کە ئایا ڕیالیزمەکەی ئەوان چەندە لەگەڵ ڕوانگەی خۆدی تۆسیدید دەقاودەقە؟ گەرچی بەشێکی بەرچاو لە "گفتوگۆی مێلیان" و هەروەها بەشەکانی تری کتێبی مێژووی شەڕی پلوپۆنزییەکان، پشتیوانی لە خوێندنەوەیەکی ڕیالیستی دەکەن، بەڵام ناکرێت ڕوانگەی توسیدید لەو چەند پەرەگرافە هەڵبژێردراوە هەڵهێنجین، بەڵکو پێویستە ڕەوانگەی توسیدید لەسەر بنەمای دەقە بەربڵاوەکەی کتێبەکەی تاوتوێ بکرێت. لە ڕاستیدا، تەنانەت خۆدی "گفتوگۆی مێلیان" چەند ڕوانگەی ناتەبا دەخاتە بەردەم ئێمە.

ڕیالیزمی سیاسی، زۆر جار لە لایەن بیرمەندانی ئایدیالیزم یاخود لیبرالیزم، واتە ئەو روانگە تیۆرییەی کە جەخت لەسەر نۆرمە نێونەتەوەییەکان، پێکەوەبەستراوەیی نێوان دەوڵەتەکان و هاوکاریی نێونەتەوەیی دەکاتەوە، بەرهەڵستی کراوە. "گفتوگۆی مێلیان" کە یەکێکە لەو بەشانەی کتێبی "مێژووی شەری پلۆپۆنزییەکان کە بەردەوام باسی لەسەر کراوە، دیبەیتێکی کلاسیکی نێوان ڕوانگەی ئایدیالیستی و ڕیالیستی دەخاتە ڕوو: ئایا سیاسەتی نێونەتەوەیی دەتوانێت لەسەر بنەمای تەکووزێکی ئەخلاقی سەرچاوەگرتوو لە بنەماکانی دادپەروەری دابنرێت یاخود بۆ هەتاهەتایە وەکو شانۆی بەرژوەندییە نیشتمانییە لێکدژەکان و شانۆی هێز دەمێنێتەوە؟

مێلیانیەکان، کە کەڵک لە ئارگیومێنتە ئایدیالیستییەکان وەردەگرن، دەبێ لە نێوان شەڕ و خۆبەدەستەوەدان یەکیان هەڵبژێرن (5: 86). ئەوان بوێرن و نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێت و نایانەوێت ئازادی خۆیان لە دەست بدەن و سەرەڕای ئەو ڕاستییە کە لە ڕووی سەربازییەوە لە ئاتێنییەکان لاوازترن، بەڵام ئامادەن بەرگری لە خۆیان بکەن (5. 1000; 5. 112). ئەوان داخوازییەکانیان لەسەر بنەمای دادپەروەری دادەنەن، کە پەیوەندییان دەدات بە ئینسافەوە و ئاتێنییەکان بە نادادپەروەر دەبینن (5.90 ; 5.104). ئەوان عابید و پەرهێزگارن و لەو بروایەدان کە خوداوەندەکان لە ئامانجە دادپەروەرانەکەیان پشتیوانی دەکەن و لاوازییەکانیان قەرەبوو دەکەنەوە و هاوکات متمانەیشیان بە هاوپەیمانێتییەکان هەیە و پێیان وایە هاوپەیمانەکانیان، واتە سپارتاکان، کە خزمایەتیشیان لەگەڵیان هەیە، یارمەتییان دەدەن (5. 104, 5. 112). بۆیە، دەکرێ لە وتەکانی مێلیانییەکاندا، ڕەگەزەکانی جیهانبینی ئایدیالیستی یان لیبرالی ببێنرێتەوە: واتە، ئەو بڕوایە کە نەتەوەکان مافی بەکارهێنانی سەربەخۆیی سیاسییان هەیە و ئەوەی کە ئەو نەتەوانە بەڵێنی دوولایەنە بە یەکتری دەدەن و ئەو بەڵینانە جێبەجێ دەکەن و ئەوەی کە شەڕی پەلاماردەر، شەڕێکی نادادپەروەرانەیە. بەڵام ئەوەی مێلیانییەکان نیانە، بریتییە لە سەرچاوە[کانی هێز] و پاشەڕۆژبینی. مێلیانییەکان، لە بڕیارەکەیاندا بۆ پاراستنی خۆیان، زیاتر لەژێر کاریگەری هیواکانیاندان تا ئەوەی پشتیان بە بەڵگەکانی بەردەستیان یاخود تاوتوێکردنە وریایانەکان بەستبێت.

بەڵگەهێنانەوەی ئاتێنییەکان لەسەر بنەمای چەمکە ڕیالیستییە سەرەکییەکان و لەوانە، ئاسایش و هێز دانراوە و و لەسەر ئەو وشارییە داڕێژراوە کە جیهان چۆنە، نەک جیهان دەبێ چۆن بێت. ئاتێنییەکان ئاوڕ لە هیچ قسەیەکی ئەخلاقی نادەنەوە و مێلیانییەکان ناچار دەکەن چاو لە واقعیەتەکان بکەن (واتە، دان بە ڕەزاڵەتی خۆیان لە ڕووی سەربازییەوە بنەن، ئەنجامە شیمانەکراوەکانی بڕیارەکانیان لەبەرچاو بگرن و بیر لە مانەوەی خۆیان بکەنەوە (5.7; 5. 101). پێدەچێت لۆژیکێکی ڕیالیستی بەهێز لە پشت بەڵگەهێنانەوەکانی ئاتێنییەکانەوە بێت. ڕوانگەکەیان کە لەسەر بنەمای نیگەرانی سەبارەت بە ئاسایش و قازانجویستی دانراوە، بە ڕەواڵەت پشتی بە ئاوەزمەندی، هۆشیاری و پاشەڕۆژبینی بەستووە. سەرەڕای ئەوە، بە لێکدانەوەی وردتر، دەردەکەوێت لۆژیکەکەیان کەموکۆڕی جدی تێدایە. مێلۆس، کە دەوڵەتێکی تا ڕادەیەک لاوازە، هەڵگری هیچ هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی ئەوان نییە. لەناوچوونی یەکجارەیی مێلۆس چارەنووسی شەڕی پلۆپۆنزییەکان، کە ئاتێنییەکان چەند ساڵ دواتر تیایدا تووشی شکست دەبن، ناگۆڕێت.

توسیدید لە کتێبی مێژووی شەری پلۆپۆنزییەکاندا، دەری دەخات کە ئەگەر هێز لە ڕێگای میانەڕەوی و هەستکردن بە دادپەروەری بەری پێ نەگیرێت، دەبێتە هۆی مەیلێکی زێدەڕۆیانە بۆ [بەدەستهێنانی] هێزی زیاتر. هیچ بەربەستێکی لۆژیکی بۆ قەبارەی ئیمپراتوریەتێک لە ئارادا نییە. ئاتێنییەکان، سەرخۆش لە شانازی و دەسکەوتەکانی دوای داگیرکردنی مێلۆس، خۆیان دەرگیری شەڕ لە دژی سیسیل دەکەن. گوێ بە بەڵگەهێنانەوەکانی مێلیانییەکان نادەن کە دەڵێن ڕەچاوکردنی دادپەروەری لە درێژخایەندا بۆ هەمووان سوودمەند دەبێت (5.90). و لەبەر ئەوەی ئاتێنییەکان توانای خۆیان لەڕادەبەدەر دەبینن و لە کۆتاییدا شەڕەکە دەدۆڕێنن، لە ڕاستیدا لۆژیکی بەرژەوەندیخوازییان ئێجگار بیرتەسکانەیە.

گوێنەدان بە هێز لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، یوتۆپیایە، بەڵام تەنیا پشتبەستن بە هێزیش بە هەمان ڕادە نەزانانەیە. پێدەچێت توسیدید نە لایەنگری ئایدیالیزمی ساویلکانەی مێلیانییەکان بێت و نە ڕەشبینی ئاتێنییە دژبەرەکانیان. توسیدید فێرمان دەکات لە لایەکەوە ئاگاداری "خەیاڵبازییە ساویلکانەکان دەربارەی سیاسەتی نێونەتەوەیی" بین و لە لایەکی ترەوە، "لە بەرانبەر زێدەڕۆییەکی وێرانکەر تر، واتە ڕەشبینی زێدەڕۆیانە" ڕاوەستین (Donnelly 2000, 193). گەرچی دەکرێ توسیدید بە ڕیالیستێکی سیاسی دابنەین، بەڵام ڕیالیزمەکەی نە دەلالەت لە ڕئال پۆلیتیک دەکات کە تیایدا ئەخلاقی نەریتی حاشای لێ دەکرێت و نە دەلالەت لە ڕیالیزمی نوێی زانستیانەی ئێستا دەکات کە تیایدا پرسیارە ئەخلاقیەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو پشتگوێ دەخرێن. ڕیالیزمی توسیدید، نە بەدفەڕانەیە و نە بێ ئەخلاقانە و دەکرێت لەگەڵ ڕیالیزمەکەی هانس مۆرگێنتا، ڕیمۆن ئارۆن و باقی ڕیالیستە کلاسیکەکانی سەدەی بیستەم بەراورد بکرێت، کە گەرچی لە پێداویستییەکانی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان تێدەگەن، بەڵام حاشا لەوە ناکەن کە گەمەکەرە سیاسییەکان لە شانۆی نێونەتەوەییدا لەژێر کاریگەری داوەرییە ئەخلاقییەکاندان.

١.٢. ڕەخنەی ماکیاڤێللی لە نەریتی ئەخلاقی

ئایدیالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، هاوشیوەی ڕیالیزم، دەتوانێت بانگەشەی نەریتێکی دوورودرێژ بکات. ئایدیالیستەکان، ناڕازی لەو جیهانەی کە بۆیان دەرکەوتووە، بەردەوام هەوڵ دەدەن لە سیاسەتدا وەڵامی پرسیاری "دەبێ چۆن بێت؟"بدەنەوە. ئەفڵاتوون، ئەرەستۆ و سیسرۆ هەموویان ئایدیالیستی سیاسی بوون و لەو بروایەدا بوون کە هەندێ بەها و بایەخی ئەخلاقیی جیهانی [گشتگیر] لە ئارادان کە دەکرێت ژیانی سیاسی لەسەریان دابمەزرێت. سیسرۆ بە پشتبەستن بە بەرهەمەکانی پێشینیانی خۆی، بیرۆکەی یاسای ئەخلاقی سرووشتی هێنایە ئاراوە کە هەم لە سیاسەتی ناوخۆیی و هەم لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا شیاوی جێبەجێکردنە. بۆچوونەکانی سیسرۆ سەبارەت بە مێرخاسی لە شەڕدا زیاتر لە نووسراوەکانی بیرمەندانی مەسیحی، واتە سێنت ئاگۆستیێن و سێنت تۆماس ئاکۆیناس ڕەنگیان دایەوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی پانزدەهەم، ئەو کاتەی نیکۆلۆ ماکیاڤێللی لە دایک بوو، ئەو بیرۆکەیە کە سیاسەت، لەوانە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان، دەبێ کردارباشانە [هەڵگری تایبەتەمەندییە باشە ئەخلاقییەکان] بێت و هەروەها ئەوەی کە پێویستە میتۆدەکانی شەڕکردن پەیڕەوی لە پێوەرە ئەخلاقییەکان بکەن، هێشتا لە وێژەی سیاسیدا زاڵ بوو.

ماکیاڤێللی (1469–1527)، تەحەدای ئەو نەریتە ئەخلاقییەی کرد کە بە باشی جێ کەوتبوو، بۆیە خۆی وەکو داهێنەرێکی سیاسی دەرخست. ناوازەبوونی ڕوانگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەخنەی لە هزری سیاسی ڕۆژئاوا وەکو بابەتێکی ناواقیعی و بۆ جیاکردنەوەی سیاست لە ئەخلاق. بەو چەشنە بناغەکانی سیاسەتی مودێرنی داڕشت. ماکیاڤێللی لە بەشی ١٥ی کتێبی "میر"دا دەڵێت، بە دوورکەوتنەوە لە ئامۆژگارییەکانی بیرمەندانی پێشووتر، هەوڵ دەدات " لە جیاتی حەقیقەتی وێناکراو، حەقیقەتی کاریگەر" بدۆزێتەوە."حەقیقەتی کاریگەر" تاقە حەقیقەتێکە کە لای ماکیاڤێللی بایەخی خۆ پێوە ماندووکردنی هەیە. ئەو حەقیقەتە دەرخەری کۆی ئەو هەلومەرجە کردەییەیە کە ماکیاڤێللی پێی وایە بۆ بەختەوەری و بەهێزبوونی تاک و وڵات پیویستن. ماکیاڤێللی virtù، واتە توانایی یان بەقەوەتی، لە جیاتی virtueی سەردەمی کۆن، واتە خسڵەتێکی ئەخلاقیی تاکەکەسی، وەکو دادپەروەری یان پشوودرێژیی) دادەنێت. ماکیاڤێللی وەکو پێغەمبەری virtù، بەڵێن دەدات، نەتەوەکان و تاکەکان بەرەو مەزناهی زەمینی و هێز ڕێنوێنی بکات.

ماکیاڤێللیزم جۆری تۆخی ڕیالیزمی سیاسییە کە هەم لە ناوخۆ و هەم بۆ کاروباری دەرەوە بەکارهێنراوە. ئامۆژەیەکە [دکتۆرین] کە حاشا لە پەیوەندی ئەخلاق بە سیاسەتەوە دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو کەرەسەکان (ئەخلاقی و نائەخلاقی) بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییە ئاشکراکان ڕەوان. گەرچی مۆرگێنتا هەرگیز دەستەواژەی ragione di stato یان بە فەڕەنسەییەکەی raison d’état [ و بە کوردی: مەسڵەحەتی دەوڵەت]ی بەکار نەهێنا، بەڵام ئەوەی دەرئەنجام بۆ ئەو گرنگە، ڕێک هەر ئەوەیە: واتە، لە جیاتی نۆرم یان بەربەستە ئەخلاقییەکان، هەر شتێک کە لە قازانجی دەوڵەت بێت.

ماکیاڤێللیزم پاساوی بۆ کردەوە نائەخلاقییەکان لە سیاسەتدا هێنایەوە، بەڵام هەرگیز خۆی نەبوارد لە دانپێدانان بەوەی کە ئەو کردەوانە بەدڕەوشتانەن. ماکیاڤێللی لە تاقە چوارچێوەی ئەخلاقی نەریتیدا کاری دەکرد. ئەرکی تایبەتی پێڕەوانی سەدەی نۆزدەهەمی ماکیاڤێللی ئەوە بوو کە پەرە بە ئامۆژەی ئەخلاقی دووانە یان دووفاقە بدەن، واتە ئەخلاقی گشتی و ئەخلاقی تاکەکەسی، بۆ ئەوەی ڕیالیزمی ماکیاڤێللی تەنانەت بەرەو توندڕۆیی زیاتر پاڵ پێوە بنێن و لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەکاری بهێنن. هیگڵ بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە "دەوڵەت ئەرکێکی گەورەتر لە پاراستنی خۆی نییە"، فەتوایەکێکی ئەخلاقی بۆ پەرەپێدانی دەوڵەت بە بەرژوەندیی و قازانجەکانی خۆی لە بەرانبەر دەوڵەتەکانی تردا دەرکرد (Meinecke 357). بۆیە هیگڵ ئەخلاقی نەریتی داڕووخاند. بەرژوەندی دەوڵەت، بە شێوەیەکی لاسارانە وەکو باڵاترین بەهای ئەخلاقی ڕاڤە کرا و هاوکات پەرەپێدان بە هێزی نیشتمانی وەکو ماف و ئەرکی دەوڵەت، لەبەرچاو گیرا. هاینریش ڤۆن تاریچکە، بە گەڕانەوە بۆ ماکیاڤێللی ڕایگەیاند، دەوڵەت واتە هیز، ڕێک لەبەر ئەوەی لە بەرانبەر دەوڵەتە سەربەخۆکانی تردا کە بە هەمان ڕادە بەهێزن، خۆی دەسەلمێنێت و ئەوەی کە باڵاترین ئەرکی ئەخلاقیی دەوڵەت پەرەپێدان بەو هیزەیە. ترایچکە پێی وابوو ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان تەنیا تا ئەو کاتەی لە مەسڵەحەتی دەوڵەتدا بن، پێویستە جێبەجێ بکرێن. بۆیە، بیرۆکەی ئەخلاقی جیا لە ڕەفتاری دەوڵەت و چەمکی ڕیال پۆلەتیک هاتنە ئاراوە. ئەخلاقی نەریتی لەناوچوو و سیاسەتی هێز بووە "باڵاترین" جۆری ئەخلاق. ئەو چەمکانە و هەروەها بڕوامەندی بە سەرتریی کلتووری ژرمەنی، وەکو دوو چەک بەکارهاتن کە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا، لە سەدەی نۆزدەهەمەوە تا کۆتایی شەڕی دووەمی جیهانی، بۆ ڕەواییپێدان بە سیاسەتەکانی خۆیان بە مەبەستی داگیرکاریی و تەفروتووناکردن، کەڵکیان لێ وەردەگرتن.

بە گشتی، ماکیاڤێللی بە بۆنەی ئامۆژگارییە هوشیارانەکانی بۆ ڕێبەران (کە بووەتە هۆی ئەوەی وەکو دامەزرێنەری سەرەکی ستراتیژی سیاسی مودێرن بناسرێت) و بە هۆی ئەو بەرگرییەی لە فۆرمی "کۆماریی" حکومەت دەیکات، ستایش کراوە. بە دڵنیاییەوە زۆر لایەنی هزری ماکیاڤێللی شایستەی ئەو ستایشەن. هەروەها، دەکرێت وەکو بیرمەندێکیش سەیر بکرێت کە زیاترین بەرپرسیاریەتی هەیە لە داماڵینی ئەخلاقی ئەورووپا. بەڵگەهێنانەوەی نوێنەرانی ئاتێن لە "گفتوگۆی مێلیان"ی توسیدید، بەڵگەهێنانەوەی تراسیماخوس لە کتێبی کۆماری ئەفڵاتون یان کارنیدیس، کە سیسرۆ ئاماژەی پێ دەکات (هەموو ئەوانە، تەحەدای ڕوانگە کەونینە و مەسیحییەکان سەبارەت بە یەکانگیری سیاسەت و ئەخلاق دەکەن). سەرەڕای ئەوە، پێش ماکیاڤێللی، ئەم شیوازی بیرکردنەوەی نائەخلاقی یان بەدفەڕانە هەرگیز بەسەر ڕەوتی سەرەکی هزری سیاسی ڕۆژئاوادا زاڵ نەبووە. ئەوە توانا و لەباردابوونی پاساوەکەی بۆ پەنابردن بە شەڕ وەکو ئامرازێکی ڕەوای گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان بوو کە قەناعەتی بە زۆرێک لە بیرمەندان و شارەزایانی سیاسی هێنا کە پێڕەوی لێ بکەن. کاریگەریی بۆچوونەکانی ماکیاڤێللی، لەوانە ئەو بۆچوونە کە بەکارهێنانی هەموو کەرەسەکانی بەردەست، لە شەڕدا ڕەوایە، لە بەرەکانی شەڕی ئەورووپای مودێڕندا دەبینرێن، هەر بەو جۆرەی کە سوپای پێکهاتوو لە هاووڵاتیان، بە بێ ڕەچاوکردنی یاسای دادپەروەری لە دژی یەکتری بۆ ئەنجامێکی تاڵتر شەڕیان دەکرد. [بیرۆکەی] ناتەبایی نێوان مەسڵەحەتخوازی و ئەخلاق لە ژینگەی سیاسەتدا جێگە و پێگەی خۆی لە دەست دا. چەمکی ئەخلاقی دووانە، واتە ئەخلاقی گشتی و تاکەکەسی، کە خەسارێکی زیاتری لە ئەخلاقی نەریتی و باو دا، داهێنرا. دەرئەنجام ئامۆژەی مەسڵەحەتی دەوڵەت بووە هۆی سەرهەڵدانی فەزای حەیاتی، دوو شەڕی جیهانی و هەروەها کارەساتی هۆڵۆکاست.

ڕەنگە گەورەترین کێشەی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ئەوە بێت کە مەیلی ئەوەی هەیە بخلیسکێتە ناو نوسخە توندڕۆکانی خۆی، کە دان بە هەر جۆرە سیاسەتێکدا دەنێت کە لە قازانجی دەوڵەت و لە زیانی دەوڵەتانی تردا بێت، جا گرنگ نییە ئەو سیاسەتە لە ڕووی ئەخلاقییەوە چەندە کێشەخولقێنە. نووسراوەکانی والتز و زۆرێک لە نوێ ڕیالیستەکانی ئێستادا، تەنانەت ئەگەر بە ئاشکرا باس لە پرسیارە ئەخلاقییەکان نەکەن، بەڵام هەڵگری ئەخلاقی دووانەن و دەستەواژەگەلێک وەکو ڕئال پۆلەتیک ئیتر ئەو دەلالەتە نەرێنیانەی نییە کە بۆ ڕیالیستە کلاسیکەکان و لەوانە، هانس مۆرگێنتا هەیبوو.


٣.١. دۆخی سرووشتی ئانارشیکی هۆبز

تۆماس هۆبز (1588–1683) بەشێک بوو لەو بزووتنەوە ڕۆشنبیرییەی کە ئامانجەکەی بریتی بوو لە ڕزگارکردنی زانستی مودێرنی تازەسەرهەڵداو لە تەنگوچەڵەمەکانی میراتی کلاسیک و قوتابخانەیی. بە پێی فەلسەفەی سیاسی کلاسیک، کە ڕوانگەی ئایدیالیستی لەسەری دانراوە، مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگای ئاوەزەوە مەیل و حەزەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن و دەتوانن لە قازانجی ئەوانی تر، تەنانەت لە زیانی خۆیان هەڵسوکەوت بکات. کەوابوو ئەوان هەم بکەری ئاوەزمەند و هەم ئەخلاقین و توانای جیاوازیدانان لە نێوان چاکە و خراپە و بژاردنی ئەخلاقییان هەیە. هەروەها بە سرووشت جڤاکی یان کۆمەڵەیین. هۆبز بە لێهاتووییەکی تەواو، هێرش دەکاتە سەر ئەو ڕوانگانە. مرۆڤەکانی هۆبز، کە لە جیاتی ئەوەی ئەخلاقی یاخود کۆمەڵایەتی بن، لە ڕادەبەدەر تاکگەران، هەڵگری "ویستێکی هەتاهەتایی و بێئۆقرەی بەدەستهێنانی هیز لە دوای هێزن و [ ئەو ویستە] تەنیا دوای مردن کۆتایی پێ دێت" (Leviathan XI 2). بۆیە مرۆڤەکان بە ناچار بۆ بەدەستهێنانی هیز ململانێ دەکەن. هۆبز بە ڕێکخستنی ئەو بۆچوونانە، یارمەتی داهێنانی چەند چەمکێکی بنەڕەتی نەریتی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، بە تایبەت ریالیزمی نوێی دا. ئەو یارمەتیانە بریتین لە ناساندنی سرووشتی مرۆڤ بە سرووشتێکی خۆخواز، چەمکی ئانارشی نێونەتەوەیی و ئەو ڕوانگە کە سیاسەت، کە ڕیشەی کە ململانێ بۆ هیز داکوتاوە، دەتوانێت بە شێوەی ئاوەزمەندانە و زانستیانە لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت.

یەکێک لە ناسراوترین چەمکەکانی هۆبز، بریتییە لە دۆخی ئاناشیکی سرووشت، کە بە دەخۆی شەڕیی [جەنگی] بە هەژمار دێت و "ئەوە شەڕی هەر مرۆڤێکە لەگەڵ مرۆڤەکانی تر" (XII 8). هۆبز تێگەیشتنی خۆی لە دۆخی شەڕ لە ڕوانگەکانی خۆی سەبارەت بە سرووشتی مرۆڤ و ئەو بارەدۆخەی تاکەکانی تێدایە، وەردەگرێت. لەبەر ئەوەی لە دۆخی سرووشتیدا هیچ جۆرە حکومەتێک لە ئارادا نییە و هەمووان لە دۆخێکی بەرابەردان، هەر تاکێک مافی هەموو شتێکی هەیە، بەو واتایە کە بەربەستێک لە بەردەم رەفتاری تاکەکان لە ئارادا نییە. هەر کەسێک لە هەر کاتێکدا دەوانێت لە هێز کەڵک وەربگرێت و هەمووان دەبێ بەردەوام بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاوا هیزێک، هیز بەکاربهێنن. بۆیە، تاکەکان بە تەماحی بەدەستهێنان و بە بێ هیچ جۆرە بەربەستێکی ئەخلاقی و بە مەبەستی کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی کاڵا دەگمەنەکان، ئامادەن بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوت، "پالاماری" یەکتری بدەن. تاکەکان کە لە یەکتری بەدگومانن و لە یەکتری دەترسن، ڕەنگە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆیان، ڕەفتاری پێشگیرانە بگرنە بەر یاخود هێرش بکەنە سەر یەکتری. دەرئەنجام، تاکەکان بە ئیفادە و مەیلی بەدەستهێنانی ناوبانگ هەڵدەخڕێن. کەوابوو، تاکە هێزخوازەکان، چ بۆ دەستکەوت، چ بۆ ئاسایش یاخود بۆ ناوبانگ، هەوڵی لەناوبردن یان بەزاندنی یەکتری دەدەن (XIII 3). لە ئاوا هەلومەرجێکی نادیارەدا کە هەر کەسێک پەلاماردەرێکی هێزەکییە، شەڕکردن لەگەڵ ئەوانی تر، لە بەراورد لەگەڵ ڕەفتاری ئاشتیخوازانە، ستراتیژییەکی سوودمەندەترە و پێویستە هەمووان ئەوە فێر بن کە زاڵبوون بەسەر ئەوانی تردا بۆ مانەوەی خۆیان پێویستە.

کەڵکەڵەی سەرەکی هۆبز پەیوەندی نێوان تاکەکان و حکومەتە و زۆر بە دەگمەن باسی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان دەکات. سەرەڕای ئەوە، ئەوەی هۆبز دەربارەی ژیانی تاکەکان لە دۆخی سرووشتیدا دەیڵێت، دەتوانێت وەکو گێڕانەوەیەک لە چۆنیەتی پەیوەندی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتری، ڕاڤە بکرێت. کاتێک دەوڵەتەکان دادەمەزرێن، هێزویستی تاکەکان دەبێتە بنەمایەک بۆ "ڕەفتاری" دەوڵەتەکان و زۆر جار خۆی لە هەوڵی دەوڵەتەکاندا بۆ زاڵبوون بەسەر دەوڵەت یان خەڵکی تردا دەنوێنێت. هۆبز دەنووسێت، دەوڵەتەکان "بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان... بە بیانووی مەترسی و ترس لە پەلاماردان یاخود ئەو یارمەتیانەی کە ڕەنگە ڕادەستی پەلاماردەران بکرێت، پەرە بە قەڵەمڕەوی خۆیان دەدەن [و] تا بۆیان بلوێت هەوڵی بەزاندن و لاوازکردنی دراوسێکانیان دەدەن" (XIX 4). بەم پێیە، ویست و ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هیز لە چەقی نوسخەی هۆبزی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکاندایە. هەر ئەمە، دواتر سەبارەت بەو مودێلەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان کە لە لایەن مۆرگێنتاوە هاتە ئاراوە، واتە ئەو کەسەی کە بە جدی لەژێر کاریگەری هۆبزدا بوو و هەر ئەو ڕوانگەیە سەبارەت بە سرووشتی مرۆڤ وەرگرت، ڕاستە. هەر بەو چەشنە، کنێت والتزی نوێ ریالیست پێڕەوی لە پێشەنگایەتی هۆبز سەبارەت بە ئانارشی نێونەتەوەیی، وەکو فاکتەرێکی سەرەکی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان کرد (واتە ئەو حەقیقەتە کە هیچ دەسەڵاتێک لە سەرەوەی دەوڵەتە سەربەخۆکاندا لە ئارادا نییە).

تاکەکان بە چونە ژێر ڕکێڤی حکومەت، لە شەڕی هەمووان لە دژی هەمووان کە هۆبز گرێی دابوو بە دۆخی سرووشتییەوە، ڕزگاریان دەبێت. سەرەڕای ئەوە، ئەو شەڕە هێشتا لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکاندا زاڵە. ئەمە بەو واتایە نییە کە دەوڵەتەکان هەمیشە لە شەڕدان، بەڵکو زیاتر بەو واتایە دێت کە مەیلی شەڕکردنیان هەیە (XIII 8). بە هۆی ئەوەی هەر دەوڵەتێک، خۆی بڕیار دەدات کە پەنا بۆ هێز ببات یاخود نا، ئەگەری ڕوودانی شەڕ هەمیشە لە ئارادایە. کەوابوو، دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆیی لە ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتەوە، هاوتەریبە لەگەڵ نەبوونی ئاسایش لە نێوان دەوڵەتەکان. دەکرێ بڵێین، ئەگەر بۆچوونەکانی هۆبز بە گشتی یەکدەست بوایەن، لەگەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕا دەبوو کە دەوڵەتەکانیش بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، پیویستە گرێبەستێک پێک بێنن و خۆیان ڕادەستی حکومەتێکی جیهانی بکەن. گەرچی ئایدیای دەوڵەتی جیهانی ئەمڕۆکە لە لایەن هەندێک لە ڕیالیستەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، بەڵام ئەوە ڕوانگەی خۆدی هۆبز نییە. هۆبز پێشنیازی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان دەوڵەتەکان بە مەبەستی کۆتایینان بە ئانارشی نێونەتەوەیی ناکات. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو دۆخە نائەمنەی کە دەوڵەتەکانی تێ کەوتووە، وەکو پێویست نابێتە نائەمنی بۆ سەر هاووڵاتیانیان. تا ئەو کاتەی شەڕی چەکداری یاخود جۆرێک تێکهەڵچوونی نێوان دەوڵەتەکان ڕوو نەدات، تاکەکانی ناو دەوڵەتەکان دەتوانن بە شێوەی ڕێژەیی هەست بە ئاسایش بکەن.

حاشاکردن لە بوونی بنەما ئەخلاقییە جیهانییەکان [گشتیگرەکان] لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتییەکاندا، هۆبز لە ماکیاڤێلییەکان و پێڕەوانی دکتۆرینی مەسڵەحەتی دەوڵەت نزیک دەکاتەوە. تیۆری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی هۆبز، کە لەسەر ئەو گریمانە دانراوە کە دەوڵەتە سەربەخۆکان، وەکو تاکە سەربەخۆکان، بە شێوەی سرووشتی دژوژمن، ناکۆمەڵەیی و خۆخوازن و هیچ بەربەستێکی ئەخلاقی لە بەردەم هەڵسوکەوتیان لە ئارادا نییە، تەحەدایەکی گەورەیە بۆ ڕوانگەی سیاسی ئایدیالیستی کە لەسەر بنەمای بەکۆمەڵگەییبوون و هەروەها بۆ چەمکی ئەدای دادوەری نێونەتەوەیی کە لەسەر ئەو ڕوانگەیە دامەزراوە. سەرەڕای ئەوە، ئەوەی هۆبز لە ماکیاڤێللی جیا دەکاتەوە و زیاتر لە ڕیالیزمی کلاسیک نزیکی دەکاتەوە، پێداگری لەسەر تایبەتمەندی بەرگریکارانەی سیاسەتی دەرەوەیە. تیۆرە سیاسییەکەی بانگهێشتێک نییە بۆ ئەنجامدانی هەر شتێک کە رەنگە لە قازانجی دەوڵەت بێت. ڕوانگەکەی سەبارەت بە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان پاریزکارانە و هێمنانەیە: پێویستە دەوڵەتە سەروەرەکان، وەکو تاکەکان، بەرەو ئاشتی بڕۆن کە جێگای پەسەندی ئەقڵە.

ئەوەی هەندێ جار، والتز و باقی خوێنەرە نوێ ڕیالیستەکانی بەرهەمەکانی هۆبز پشتگوێی دەخەن، ئەوەیە کە هۆبز پێی وا نەبوو ئانارشی نێونەتەوەیی بە واتای ژینگەیەکی بێ یاسا و ڕێسایە. هۆبز وێڕای ئاماژەکردن بەوەی کە هەندێ لە حوکمەکانی ئەقڵ تەنانەت لە دۆخی سرووشتیدا جێبەجێ دەکرێن، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەکرێت پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ئاشتیخوازانەتر و هاوکارییخوازانەتر زیاتر بێت. حاشا لە یاسای نێونەتەوەییش ناکات. دەوڵەتە سەربەخۆکان دەتوانن پیکەوە هەندێ ڕێککەوتننامە واژۆ بکەن بە مەبەستی دابینکردنی بنەمایەکی قانوونی بۆ پەیوەندییەکانیان. سەرەڕای ئەوە، پێدەچێت هۆبز لەوە ئاگادارە کە یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان بە گشتی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە لە سنووردارکردنی ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز. دەوڵەتەکان ئەو یاسا و ڕێسایانە لە قازانجی خۆیان ڕاڤە دەکەن، بۆیە یاسای نێونەتەوەیی یان دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرژوەندییەکانی دەوڵەتەکان یاخود پشتگوێ دەخرێت. بۆیە، پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان هەمیشە بابەتێکی نامسۆگەرە. ئەم ڕوانینە خۆڤناکە بۆ سیاسەتی جیهانی، لە چەقی ڕیالیزمی هۆبزدایە.

٢.ڕیالیزمی کلاسیکی سەدەی بیستەم

ڕیالیزمی سەدەی بیستەم وەکو وەڵامێک بۆ ڕوانگەی ئایدیالیستی کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی باڵی بەسەر زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کێشابوو، هاتە ئاراوە. ئایدیالیستەکانی دەیەکانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ (کە بە نێونەتەوەگەراکان و یوتۆپیاگەرکانیش ناسراون) ئامانجیان جێگیرکردنی ئاشتی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە شەڕێکی تری جیهانی بوو. ئەوان چارەسەری کێشە نێودەوڵەتییەکانیان لە دامەزراندنی سیستەمێکی یاسای نێونەتەوەیی ڕێزلێگراو، بە پاڵپشتی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەبینییەوە. ئەو ئایدیالیزمەی نێوان دوو شەڕی جیهانی، بووە هۆی دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٠ و [ئیمزاکردنی] ڕێککەوتننامەی کلوگ- بریاند لە ساڵی ١٩٢٨دا کە شەڕی قەدەغە کرد و پێشنیاری چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی ناکۆکییەکانی دەکرد. وودرۆ ویلسۆن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەندین زانای وەکو نۆرمەن ئەنگێڵ، ئالفێرد زیمێرن و ڕیمۆن بی. فۆسدیک و باقی ئایدیالیستە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە، لە ڕووی فکرییەوە پشتیوانییان لە کۆمەڵەی گەلان کرد. ئەوانە لە جیاتی چڕبوونەوە لەسەر شەڕی نێوان دەوڵەتەکان و گەلان، کە ڕەنگە هەندێ بە ناچارەکی بزانن، جەختیان لەسەر بەرژوەندییە هاوبەشەکان کردەوە کە دەبێتە هۆی یەکانگیری مرۆڤایەتی و هەوڵیان دا کەڵک لە ئاوەزمەندی و بابەتە ئەخلاقییەکان وەربگرن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، سرووشتی خۆخوازی مرۆڤ سەرچاوەی شەڕ نییە، بەڵکو سەرچاوەکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی پڕ لە کەمایەسی و ڕێوشوێنە سیاسییەکان و ئەوانەش دەتوانن چاک بکرێن. بەو حاڵەش، بۆچوونەکانیان لە سەرەتای دەیەی ١٩٣٠ لە لایەن ڕەینهۆڵد نەیبور و چەند ساڵ دواتر لە لایەن ئی. ئێچ. کاڕەوە ڕەخنەیان لێ گیرا. کۆمەڵەی گەلان، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرگیز نەبووە ئەندامی و ژاپۆن و ئەڵمانیا لێی کشانەوە، نەیتوانی ڕێگری لە ڕوودانی شەڕی دووەمی جیهانی بکات. ڕەنگە ئەو حەقیقەتە، زیاتر لە هەر ئارگیومێنتێکی تیۆریک، کاردانەوەیەکی ڕیالیستی بەهێزی بەدوای خۆیدا هێنا. گەرچی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ساڵی ١٩٤٥دا دامەزرا، هێشتا دەکرا وەکو بەرهەمی بیرکردنەوەی سیاسی ئایدیالیستی سەیر بکرێت، بەڵام زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە سەرەتای ساڵانی دوای شەڕدا، بە چڕی کەوتە ژێر کاریگەری بەرهەمەکانی ڕیالیستە کلاسیکەکان و لەوانە جۆن. ئێچ. هێرز، هانس مۆرگێنتا، جۆرج کێنان و ڕیمون ئارۆن. دواتر، بە درێژایی ساڵانی دەیەی ١٩٥٠ و ١٩٦٠، ڕیالیزمی کلاسیک ڕووبەڕووی تەحەدای ئەو لێکۆڵەرانە بووەوە کە هەوڵیان دەدا، ڕوانگەیەکی زانستیانەتر بۆ خوێندنەوەی سیاسەتی نێونەتەوەیی بێننە ئاراوە. لە دەیەی ١٩٨٠دا، ڕەوتێکی تر، واتە ڕیالیزمی نوێ، لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا جێگای ئەو هەوڵانەی گرتەوە.

لەبەر ئەوەی ناکرێت لەم وتارەدا، هەموو ئەو بیرمەندانەی یارمەتی پەرەپێدان بە ڕیالیزمی کلاسیکی سەدەی بیستەمیان داوە، بناسێنین، بۆیە ئی. ئێچ کاڕ و هانس مۆرگێنتا، کە ڕەنگە کاریگەرترینی ئەو بیرمەندانەش بن، بۆ باسەکەمان دەستنیشان کراون.

١.٢. تەحەدای ئی. ئێچ. کاڕ لە ئایدیالیزمی خەیاڵی

ئێدوارد هاڵت کاڕ (١٨٩٢-١٩٨٢) لە سەرەکیتترین بەرهەمی خۆیدا سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، واتە لە کتێبی قەیرانی بیست ساڵەدا، کە بۆ یەکەم جار لە مانگی جولای ساڵی ١٩٣٩ بڵاو بووەوە، هێرش دەکاتە سەر ڕوانگەی ئایدیالیستی کە وەکو "یوتۆپیانیزم" ناوی دەبات. کاڕ ئەو ڕوانگەیە وەکو بڕوا بە ئاوەز، دڵنیابوون لە پێشکەوتن، هەستکردن بە بێگزی و دزی ئەخلاقی و بڕوا بە هاوئاهەنگی بنەڕەتی بەرژوەندییەکان، وەسف دەکات. بە بڕوای ئایدیالیستەکان، شەڕ لادانێکە لە ئاراستەی ژیانی ئاسایی و چارەسەری ڕێگریکردن لە ڕوودانی شەڕ بریتییە لە پەروەردەکردنی خەڵک بۆ ئاشتی و دامەزراندنی سیستەمی ئاسایشی بەکۆمەڵ، وەکو کۆمەڵەی گەلان یاخود ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئێستا. کاڕ بە گومان خستنە سەر بانگەشەی جیهانگەرایی ئەخلاقی و هاوئاهەنگیی بەرژوەندییەکان، تەحەدای ئایدیالیزم دەکات. کاڕ ڕایدەگەینێت کە "ئەخلاق تەنیا دەکرێت ڕێژەیی بێت، نەک گشتگیر" (١٩) و دەڵێت، گرووپە باڵادەستەکان باس لە ئامۆژەی هاوئاهەنگی بەرژوەندییەکان دەکەن،" بە مەبەستی پاساوهێنانەوە و پاراستنی پێگەی زاڵی خۆیان" (75).

کاڕ لەژێر کاریگەری مارکس و تیۆرزانە مودێرنەکانی تر، بۆ نیشاندانی ئەوەی کە ئەو پێوەرانەی کە سیاسەتەکان لەسەر بنەمایان داوەری دەکرێن، بەرهەمی هەلومەرج و بەرژەوەندییەکانن، لە چەمکی ڕێژەییبوونی هزر کەڵک وەردەگرێت. ئایدیای سەرەکی کاڕ بریتییە لەوەی کە بەرژوەندییەکانی لایەنێکی تایبەت هەمیشە دیاری دەکەن کە ئایا ئەو لایەنە بنەما ئەخلاقییەکان لەبەرچاو دەگرێت یان نا، بۆیە ئەو بنەمایانە جیهانیی نین. بۆ نموونە، کاڕ دەڵێت، زۆر جار سیاسەتوانان بۆ شاردەنەوەی بەرژوەندییە تایبەتەکانی وڵاتانی خۆیان یاخود هێنانە ئارای وێنایەکی نەرێنی لە خەڵکانی تر بە مەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ کردەیەکی پەلاماردەرانە، باس لە داپەروەری دەکەن. کاڕ بڕوای وایە هەبوونی ئەو جۆرە نموونانە سەبارەت بە ڕیسواکردنی دۆژمنێکی هێزەکی لە ڕووی ئەخلاقییەوە یاخود پاساوهێنانەوەی ئەخلاقی بۆ پێگەی خۆت، دەری دەخات کە بۆچوونە ئەخلاقییەکان هەڵێنجراوی سیاسەتە واقعییەکانن. سیاسەتەکان، بەو جۆرەی ئایدیالیستەکان دەیانەوێت، لەسەر بنەمای هەندێ نۆرمی جیهانی، سەربەخۆ لە بەرژوەندییەکانی لایەنە بەشدارەکان دانەنراون.

کاڕ دەڵێت، ئەگەر هەندێ پێوەری ئەخلاقیی تایبەت هەبن کە بە کردەوە لەسەر بنەمای بەرژوەندییەکان دانرابن، هەندێ بەرژوەندیش هەن کە بە بناغەی بنەما ڕەهاکان یاخود پێوەرە ئەخلاقییە جیهانییەکان بە هەژمار دێن. لە کاتێکدا کە ئایدیالیستەکان دەیانەوێت بەها و بایەخگەلێک وەکو ئاشتی و دادپەروەری بە بەها و بایەخی جیهانی دابنەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پاڵپشتی ئەو بەها و بایەخانە لە قازانجی هەمووانە، کاڕ بەرهەڵەستی ئەو ڕوانگە دەکات. بە وتەی کاڕ، نە بەها و بایەخی جیهانی لە ئارادان و نە بەرژوەندیی جیهانی. کار دەڵێت، ئەوانەی باس لە بەرژوەندییە جیهانییەکان دەکەن، لە ڕاستیدا بەپێی بەرژوەندییەکانی خۆیان دەجووڵێنەوە (71). ئەوانە وا بیر دەکەنەوە کە ئەوەی بۆ ئەوان باشترینە، بۆ هەمووان باشترینە و بەرژوەندییەکانی خۆیان و بەرژوەندییە جیهانییەکان بە یەک چاو سەیر دەکەن.

چەمکی ئایدیالیستیی هاوئاهەنگی بەرژوەندییەکان، لەسەر ئەو بۆچوونە ڕاوەستاوە کە مرۆڤەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاوەزمەندانە لەوە تێبگەن کە خاوەن هەندێ بەرژوەندی هاوبەشن، کەوابوو دەکرێ پێکەوە هاوکاریی بکەن. کاڕ بە کەڵکوەرگرتن لە واقعیەتی ناکۆکی بەرژوەندییەکان بەرهەڵەستی ئەو بۆچوونە دەکات. بە وتەی کاڕ، بەرژوەندییە تایبەتەکانی تاک و گرووپە جیاوازەکان، جیهانییان پارچە پارچە کردووە. لە ئاوا ژینگەیەکی پڕ لە کێشمەکێشدا، تەکووز [ڕێکوپێکی] لەسەر بنەمای هێزە، نەک لەسەر بنەمای ئەخلاق. جگە لەوە، خۆدی ئەخلاق بەرهەمی هێزە (61). کاڕ، هاوشێوەی هۆبز، ئەخلاق بە بەرهەمی سیستەمێکی قانوونی تایبەت دەزانێت کە لە لایەن دەسەڵاتێکی باڵاوە جێبەجێ دەکرێت. نۆرمە ئەخلاقییە نێونەتەوەییەکان لە لایەن نەتەوە زاڵەکانەوە یاخود دەستەیەک لەو نەتەوانەی کە خۆیان بە گشتی وەکو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەردەخەن، بەسەر وڵاتانی تردا دادەسەپێنرێن. ئەو نۆرمانە بە مەبەستی درێژەدان بە زاڵێتی ئەو نەتەوانە داهێنراون.

ئەو بەها و بایەخانەی کە ئایدیالیستەکان بۆ هەمووان بە باشیان دەزانن، بۆ نموونە ئاشتی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، خۆشبژێوی و تەکووزی نێونەتەوەیی، کاڕ وەکو چەمکگەلی [پاراستنی] دۆخی هەنوکەیی چاویان لێ دەکات. ئەو هێزانەی لە دۆخی هەنوکەیی ڕازین، ڕێوشوێنەکانی ئێستا بە دادپەروەرانە دەزانن، بۆیە بانگەوازی ئاشتی دەکەن. ئەو هێزانە هەوڵ دەدەن هەمووان لە دەوری بۆچوونەکەی خۆیان سەبارەت بەوەی کە چی باشە، کۆ بکەنەوە. "ڕێک وەکو چینی باڵادەستی کۆمەڵگە کە داواکاری جۆرێک لە ئاشتی ناوخۆیین، کە ئاسایش و باڵادەستی ئەوان مسۆگەر بکات... ئاشتی نێودەوڵەتیش دەبێتە بەشێک لە بەرژوەندییە ئاشکرا تایبەتەکانی هێزە باڵادەستەکان" (76). لە لایەکی ترەوە، هێزە ناڕازییەکان هەمان ئەو ڕێوشوێنانە بە نادادپەروەرانە دەزانن، بۆیە خۆیان ئامادەی شەڕ دەکەن. کەوابوو، ڕێگای بەدیهێنانی ئاشتی، ئەگەر بە ئاسانی جێگیر نەکرێت، بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هێزە ناڕازییەکانە. "ئەوانەی لە تەکووزی (نێونەتەوەیی) زیاترین قازانجیان بەردەکەوێت، لە درێژخایەندا تەنیا کاتێ دەتوانن هیوا لەسەر بەردەوامی ئەو دۆخە هەڵبچنن کە بە پێدانی ئیمتیازی پێویست بەو کەسانەی کە لانیکەمی قازانج وەردەگرن، دۆخەکەیان بۆ هێور بکەنەوە(152). ئەو ئەنجامە لۆژیکییەی کە خوێنەر دەتوانێت لە کتێبەکەی کاڕ وەری بگرێت، بریتییە لە سیاسەتی پێکەوەهەڵکردن [یان پێکەوەژیان].

کاڕ بیرمەندێکی خیبرە بوو. ئەو خۆی دانی بەوەدا دەنا کە لۆژیکی "ڕیالیزمی پەتی، شتێک نییە جگە لە ململانێیەکی ڕووت بۆ بەدەستهێنانی هێز، ئەوەش دەتوانێت بەدیهاتنی هەر جۆرە کۆمەڵگەیەکی نێونەتەوەیی پەک بخات" (87). گەرچی کاڕ ئەوەی کە بە "یوتۆپیای باو" ناوی دەبات، دەڕووخێنێت، بەڵام هاوکات هەوڵ دەدات "یوتۆپیایەکی نوێ"، واتە تەکووزێکی جیهانیی ڕیالیستی بنیات بنێت (Ibid). کەوابوو، دان بەوەدا دەنێت کە مرۆڤەکان پێویستییان بە هەندێ نۆرم و بەها و بایەخی بنەمایی و جیهانیی ڕوون هەیە، ئەوەش لەگەڵ بەڵگەهێنانەوەکەی خۆی کە هەوڵ دەدات جیهانگیریی هەر جۆرە نۆرم و بایەخێک ڕەت بکاتەوە، لێکدژە. وەکو ڕەخنەی زیاتر، ئەو ڕاستییەی کە باسکردن لە بەها و بایەخە ئەخلاقییە جیهانییەکان لە سیاسەتدا، دەتوانێت لە قازانجی لایەنێک یاخود ئەوی تر کەڵکی نابەجێی لێ وەربگیرێت و ئەوەی کە ئەو بەها و بایەخانە لە دامەزراوە سیاسییەکاندا تەنیا بە شێوەی کەموکۆرت جێبەجێ دەکرێن، بەو واتایە نییە کە ئەو بەها و بایەخانە لە ئارادا نین. لە ناو هەموو مرۆڤەکاندا، چ ئەوانەی خاوەن پێگەی تایبەتن و چ ئەوانەی بێدەسەڵاتن، تامەزرۆییەکی بەرفراوان بۆ ئاشتی، تەکووز، خۆشبژێوی و دادپەروەری لە ئارادایە. ڕەوایی ئایدیالیزم لە هەوڵی بەردەوام بۆ تێڕامان و پشتیوانیکردن لەو بەها و بایەخانەدایە. ئەگەر ئایدیالیستەکان لە هەوڵەکانیاندا بە ڕادەی پێویست سەرنج نەدەنە واقعیەتی هێز، تووشی شکست دەبن. لە لایەکی ترەوە، لە جیهانی ڕیالیزمی پەتیدا، کە تیایدا هەموو بەها و بایەخەکان گرێ دەدرێن بەرژوەندییەکانەوە، ژیان هیچ نییە جگە لە گەمەی هێز و ئەوەش بەدەر لە تاقەتە.

[کتێبی] قەیرانی بیست ساڵە، پەیوەندی بە چەند ئایدیایەکی جیهانییەوە هەیە، بەڵام ڕەنگدانەوەی ڕۆحی سەردەمی خۆیشیەتی. لە کاتێکدا دەتوانین ئایدیالیستەکانی نێوان ساڵانی دوو شەڕ(ی جیهانی) بەوە تۆمەتبار بکەین کە لە دامەزراندنی دامەزراوە نێونەتەوەییە بەتواناکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕوودانی شەڕی دووەمی جیهانی، بە ڕادەی پێویست توانایان نەبوو، بەڵام ئەو کتێبە دەری دەخات کە ڕیالیستەکانی نێوان دوو شەڕی جیهانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدایە ئامادە نەبوون. کار زۆر جار ئاماژە بە ئەڵمانیای ژێردەسەڵاتی نازییەکان دەکات، چما وڵاتێکە وەکو باقی وڵاتان. کار دەڵیت ئەگەر ئەڵمانیا لە حاڵەتی هێزێکی ناڕازی دەربێت و "ببێتە مەزنەهێزێکی ئەورووپا"، وەکو هێزەکانی تری ڕۆژئاوا، باس لە هاوجۆشی یان یەکڕیزی نیونەتەوەیی دەکات (79). تێنگەیشتنی کار و ڕیالیستەکانی تر لە ناوەڕۆکی مەترسیداری نازیزم و ئەو بڕوایەیان سەبارەت بەوەی کە ئەڵمانیا دوای داگیرکردنی خاک دەبێتە وڵاتێکی ڕازی، یارمەتی هاتنە دی ژینگەیەکی سیاسیی دا کە تیایدا هێزێک سەر هەڵبدات کە بە مەیلی خۆی چیکوسلۆڤاکیای داگیر کرد و لە سیپتەمبەری ساڵی ١٩٣٩دا تەنیا بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر پۆلۆنیا لە بەرانبەریدا خۆڕاگری کرا.

تیۆری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان تەنیا هەوڵێکی فکریی نییە، بەڵکو ئەنجامی کردەیی هەیە. لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی سیاسیمان کاریگەری دادەنێت. بە کردەوە، ڕیالیستەکانی دەیەی ١٩٣٠، کە کار لە ڕووی فکرییەوە پشتیوانی لێ دەکردن، ئەو کەسانە بوون کە دژی ئەو سیستەمەی ئاسایشی بەکۆمەڵ بوون کە لە کۆمەڵەی گەلان دەرکەوتبوو. ئەوان بە کارکردن لە ناو دامەزراوەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو سەردەمەدا، بەرەو لاوازییان برد. دوای لاوازکردنی کۆمەڵەی گەلان، سیاسەتی پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەژیان لەگەڵ ئەڵمانیایان وەکو بەدیلێک بۆ ئاسایشی بەکۆمەڵ گرتە بەر (Ashworth 46). دوای داگیرکردنی چیکۆسلۆڤا، کاتێ شکستی کۆنەپارێزە ڕیالیستە دژە کۆمەڵەکانی دەور نویل چمبێرلن و ئەو سیاسەتە ئاشکرا بوو، هەوڵیان دا هەمان سیستەمی ئاسایشی بەکۆمەڵ دامەزرێننەوە، کە پێشتر تێکیان دابوو. ئەو کەسانەی پاڵپشتی ئاسایشی بەکۆمەڵیان دەکرد، بە ئایدیالیستەکان ناسران.

٢.٢.بنەما ڕیالیستییەکانی هانس مۆرگێنتا

هانس جی. مۆرگێنتا (1904–1980) ڕیالیزمی کردە تیۆرییەکی بەربڵاوی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان. هانس مۆرگێنتا لەژێر کاریگەری زانستی خواناسی و نووسەری سیاسی، واتە رینهۆڵد نەیبور و هەروەها تۆماس هۆبز، خۆخوازی و هێزویستی دەخاتە چەقی ڕوانینی خۆی بۆ سرووشتی مرۆڤ. بە بڕوای مۆرگێنتا، ئیشتیای تێرنەخۆر و بەردەوام و بێ کۆتایی مرۆڤ بۆ هێز، کە بە "ئاژەڵی زاڵیخواز"، بە واتای مەیلی خۆسەپاندن، ناوی دەبات، هۆکاری سەرەکی شەڕە. بەو جۆرەی کە لە کتێبی سەرەکی خۆیدا، واتە "سیاسەتی نێوان نەتەوەکان: ململانێ بۆ هێز و ئاشتی"، کە لە ساڵی ١٩٤٨دا بڵاو بووەوە، جەخت دەکاتەوە، "سیاسەتی نێونەتەوەیی، وەکو هەموو سیاسەتەکانی تر، ململانێیە بۆ بەدەستهێنانی هێز" (25).

مۆرگێنتا ڕیالیزمی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لەسەر شەش بنەما کە لە چاپی دووەمی سیاسەتی نێوان نەتەوەکان بڵاویانی کردەوە، ڕێک خست. مۆرگێنتا، وەکو نەریتگەرایەک دژایەتی ئەو کەسانە دەکات کە بە زانستوانان (واتە، ئەو لێکۆڵەرانەی کە بە تایبەت لە دەیەی ١٩٥٠دا هەوڵیان دا تەکووز و ڕێوشوێنی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە لقێکی زانستە ڕەفتارییەکاندا کورت بکەنەوە) ناسراون. سەرەڕای ئەوە، مۆرگێنتا لە بنەمای یەکەمدا دەڵێت، ڕیالیزم لەسەر بنەمای یاسا بەرچاوەکان دانراوە، کە ڕیشەیان لە سرووشتی نەگۆڕی مرۆڤدایە (4). مۆرگێنتا دەیەوێت ڕیالیزم هەم وەکو تیۆرییەکی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و هەم وەکو هونەری سیاسی، واتە کەرەسەیەکی سوودمەندی سیاسەتی دەرەوە، بەکار بهێنێت.

بەردی بناغەی تیۆری ڕیالیستیی مۆرگێنتا، بریتییە لە چەمکی هێز یان "بەرژوەندییە پێناسەکراوەکان لە چوارچێوەی هێزدا" و ئەوەش دووەمین بنەمای ڕیالیزمی مۆرگێنتا پێک دێنێت: گریمانە ئەوەیە کە ڕێبەرانی سیاسی "بەپێی بەرژوەندییە پێناسەکراوەکان لە چوارچێوەی هێزدا، بیر دەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن" (5). ئەم چەمکە، سەربەخۆیی سیاسەت یەکلایی دەکاتەوە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ویستەکان و ئەولەوییەتەکان و تایبەتمەندییە فکری و ئەخلاقییەکانی سیاسەتوانان، دەرفەت بۆ شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە دەرەخسێنێت. جگە لەوە، پایە و بنەمای دیمەنێکی لۆژیکییە لە سیاسەت.

گەرچی، بەو جۆرەی مۆرگێنتا لە سێیەمین بنەمادا ڕوونی دەکاتەوە، بەرژەوەندی پێناسەکراو بە پێی هێز، بابەتێکی جێ متمانەی گشتگیرە و لە ڕاستیدا توخمێکی پێویستە لە سیاسەتدا، بەڵام دەکرێت لە کات و هەلومەرجە جیاوازەکاندا، شتانێکی جیاواز وەکو بەرژوەندی یان هێز پێناسە بکرێن. ئەوە ژینگەی سیاس و کلتوورییە کە ناوەڕۆک و شێوازی بەکارهێنانی دیاری دەکات.

مۆرگێنتا، لە بنەمای چوارەمدا، باس لە پەیوەندی نێوان ڕیالیزم و ئەخلاق دەکات و دەڵێت، ڕاستە کە ڕیالیستەکان لە گرنگی ئەخلاقیی کردەی سیاسی ئاگادارن، بەڵام هاوکات لە ناکۆکی نێوان بابەتە ئەخلاقییەکان و پێداویستییەکانی کردەی سیاسی سەرکەوتووانەیش ئاگاداران. مۆرگێنتا دەڵێت "ناکرێت پڕەنسیپە ئەخلاقییە جیهانییەکان، وەکو فۆرمولێکی زەینی گشتگیر بەسەر ڕەفتاری نێوان دەوڵەتەکاندا داسەپێن، بەڵکو... پێویستە ئەو پڕەنسیپانە بەپێی هەلومەرجی تایبەت بە شوێن و کات، بپاڵێورێن (9). پێویستە ئەو پڕەنسیپە ئەخلاقیانە تێکەڵ بە دوورئەندێشی بن، چونکە مۆرگێنتا هۆشداری دەدات کە "بەبێ دوورئەندێشی، واتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامە سیاسییەکانی کردەوەی بە ڕەواڵەت ئەخلاقی، ئەخلاقی سیاسی لە ئارادا نییە" (ibid).

پێویستە دوورئەندێشی، نەک بڕوا بە باڵادەستی ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیکی، کردە سیاسییەکان ڕێنوێی بکات. ئەوە لە پەنجەمین بنەمای ڕیالیزمی مۆرگێنتادا جەختی لێ کراوەتەوە، واتە لەو شوێنەی کە مۆرگێنتا هەمدیسان جەخت لەو بۆچوونە دەکاتەوە کە هەموو گەمەکەرە دەوڵەتییەکان، بە خۆیشمانەوە، دەبێ وەکو بوونەوەرێکی سیاسی سەیر بکرێن کە هەوڵی دابینکردنی ئەو بەرژوەندیانەی خۆیان دەدەن کە لە چوارچێوەی هێزدا پێناسە کراون. بۆیە، هەر دەوڵەتێک بە گرتنەبەری ئەو ڕوانگەیە سەبارەت بە دەوڵەتەکانی دەوروبەری و خۆبواردن لە بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیک، دەتوانێت سیاسەتێک بگرێتە بەر کە ڕێز لە بەرژوەندییەکانی دەوڵەتانی تر بگرێت و هاوکات بەرژوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و پەرەیان پێ بدات.

هەروا کە مۆرگێنتا لە شەشەمین بنەمای ڕیالیزمەکەیدا دەڵێت، تا ئەو شوێنەی هێز یاخود بەرژوەندییە پێناسەکراوەکان لە چوارچێوەی هێزدا، چەمکی پێناسەکەری سیاسەتە، سیاسەت بوارێکی سەربەخۆییە. ناکرێت سیاسەت لقێک بێت لە ئەخلاق. بەو حاڵەش، هێشتا ئەخلاق لە سیاسەتدا ڕۆڵ دەگێڕێت. بە بڕوای مۆرگێنتا "مرۆڤێک کە تەنیا "مرۆڤی سیاسی" بێت، ئاژەڵێک زیاتر نییە، چونکە بە تەواوەتی بەرییە لە بەربەستە ئەخلاقییەکان. مرۆڤێکیش کە تەنیا "مرۆڤی ئەخلاقی" بێت، ساویلکەیە، چونکە بە تەواوەتی بەتاڵە لە مشوور و دوورئەندێشی (12). هونەری سیاسی ئەوە دەخوازێت کە ئەو دوو لایەنەی ژیانی مرۆڤ، واتە هێز و ئەخلاق، لەبەرچاو بگیرێن.

سەرەڕای ئەوەی، شەش بنەماکەی ڕیالیزمی مۆرگێنتا هەندێ دووپاتکردنەوە و لێکدژییان تێدایە، بەڵام دەتوانین ئەو دیمەنە لەو بنەمایانە وەربگرین: هێز یان بەرژوەندی چەمکی سەرەکین کە دەبنە هۆی دەرکەوتنی سیاسەت وەکو بوارێکی زانستیی سەربەخۆ. گەمەکەرە دەوڵەتییە ئاوەزمەندەکان، هەوڵی دابینکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانیان دەدەن. بۆیە، دەکرێت تیۆرێکی لۆژیکی سەبارەت بە سیاسەتی نێودەوڵەتی چێ بکرێت. ئەو تیۆرە پەیوەندی بە ئەخلاق، بڕوا ئایینییەکان، ویستەکان یاخود ئەولەوییەتە ئایدۆلۆژییەکانی ڕابەرانی سیاسییەوە نییە. هەروەها دەری دەخات کە پێویستە دەوڵەتەکان، بە مەبەستی خۆبواردن لە پێکدادانەکان، خۆیان لە شەڕی مەزهەبی ئەخلاقی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدۆلۆژیکی ببوێرن و تەنیا لەسەر بنەمای ڕەزامەندی لە بەرژوەندییە بەرانبەرەکان، هەوڵی پێکەوەهەڵکردن بدەن.

گەرچی مۆرگێنتا سیاسەت وەکو بوارێکی سەربەخۆ سەیر دەکات، بەڵام پێڕەوی لە ماکیاڤێلی سەبارەت بە سڕینەوەی بەتەواوەتی ئەخلاق لە سیاسەت ناکات. مۆرگێنتا دەڵێت، گەرچی مرۆڤەکان ئاژەڵی سیاسین و هەوڵی دابینکردنی بەرژوەندییەکانی خۆیان دەدەن، بەڵام [هاوکات] ئاژەڵی ئەخلاقیشن. ئەگەر لەهەر جۆرە ئەخلاقێک بەری بوون، تا ئاستی گیانلەبەرەکان یاخود ئاستێکی کەمتر لە مرۆڤەکان دادەبەزین. کەوابوو، کردەی سیاسی تەنانەت ئەگەر بە پڕەنسیپە ئەخلاقییە جیهانییەکان ڕێنوێنی نەکرێت، لە دیدی مۆرگێنتاوە گرنگییەکی ئەخلاقی هەیە. دەرئەنجام کردەیەکی سیاسی کە ئامانجی مانەوەی نیشتمانی بێت، هەڵگری دوورئەندێشییە. پاراستنی ڕاستەقینەی ژیانی هاووڵاتیان لە بەرانبەر خەسارەکاندا، تەنیا کردەیەکی جەستەیی بەهێز نییە، بەڵکو لایەنێکی دوورئەندێشانە و ئەخلاقی هەیە.

مۆرگێنتا، ڕیالیزم بە ڕێگایەک بۆ بیرکردنەوە سەبارەت بە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و کەرەسەیەکی سوودمەند بۆ داڕشتنی سیاسەت دەزانێت. سەرەڕای ئەوە، هەندێ لە چەمکە بنەماییەکانی تیۆرەکەی، بە تایبەت ئەو بۆچوونەی کە دەڵیت سەرچاوەی شەڕ دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی مرۆڤ و هەروەها خۆدی چەمکی هێز، کەوتوونەتە بەر ڕەخنە.

لە دیدی مۆرگێنتا، سیاسەتی نێونەتەوەیی، وەکو هەموو جۆرەکانی تری سیاسەت، بە هۆی تامەزرۆیی بنەڕەتی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی هێز، جۆرێکە لە ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز. بەڵام لەبەرچاوگرتنی هەر تاکێک وەکو بوونەوەرێک کە بەردەوام هەوڵی بەدەستهێنانی هێز دەدات (هەمان ڕوانگەی هۆبز) گریمانەیەکی جێگای مشتومڕە. سرووشتی مرۆڤ لە ڕێگای بینین و ئەزموونەوە، ئاشکرا نابێت و بە هیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەکی ئەزموونی ناسەلمێت، بەڵکو تەنیا لە ڕێگای فەلسەفەوە پەردەی لێ لا دەدرێت و وەکو بیروبڕوایەک بەسەرماندا دادەسەپێت و لە ڕێگای پەروەردەوە جێگیر دەبێت.

خۆدی مۆرگێنتا بە ناساندنی لایەنێکی نۆرماتیڤ لە تیۆرەکەی، واتە ئاوەزمەندیی، بڕوا بە پلوپۆی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی هێز دەبووژێنێتەوە. سیاسەتی دەرەکی ئاوەزمەندانە، وەکو "سیاسەتی دەرەکی باش" بە هەژمار دێت (7). بەڵام مۆرگێنتا ئاوەزمەندیی وەکو پرۆسەی لێکدانەوەی تێچوو و قازانجەکانی هەموو سیاسەتە بەدیلەکان، بە مەبەستی دیاریکردنی سوودمەندی ڕێژەییان، بۆ نموونە توانستیان لە گەیاندنی هێز بۆ ئەوپەڕی خۆی، پیناسە دەکات. دەسەڵاتداران بە پێی بەرژوەندییە پێناسەکراوەکان لە چوارچێوەی هێزدا، بیر دەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن" (5). تەنیا لاوازی فکریی داڕێژەرانی سیاسەت دەتوانێت ببێتە هۆی لادانی سیاسەتی دەرەوە لە ئاراستەی ئاوەزمەندانە بۆ دابەزاندنی مەترسییەکان بۆ کەمترین ئاست و بەرزکردنەوەی قازانجەکان بۆ باڵاترین ئاست. بۆیە مۆرگێنتا زیاتر لە نیشاندانی وێنەیەکی ڕاستەقینە لە کاروباری مروڤ، جەختی لەسەر هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هێز و ئاوەزمەندیی ئەو هەوڵە دەکاتەوە و وەکو باڵاترین نۆرم دەستنیشانی دەکات.

هەروا کە ڕیمۆن ئارۆن و بیرمەندانی تر سەرنجیان داوە، هێز، واتە چەمکە سەرەکییەکەی ڕیالیزمی مۆرگێنتا، دووپاڵوویە. هەم دەکرێت کەرەسەیەک و هەم ئامانجێک بێت لە سیاسەتدا. بەڵام ئەگەر هێز تەنیا کەرەسەیەک بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی تر، ناوەڕۆکی سیاسەتی نێونەتەوەیی پێناسە ناکات، بەو جۆرەی کە مۆرگێنتا بانگەشەی بۆ دەکات. هەروەها ڕێگامان پێ نادات لە ڕەفتاری دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ویست و ئەولەوییەتە ئایدۆلۆژییەکانی ڕێبەرانی سیاسی ئەو دەوڵەتانە تێبگەین. ناکرێت وەکو بنەمایەک بۆ پێناسەکردنی سیاسەت وەکو بوارێکی سەربەخۆ سەیر بکرێت. کەوابوو، بنەماکانی ڕیالیزمی سیاسی مۆرگێنتا جێگای مشتومڕن. ئارۆن پرسیار دەکات "ئایا ئەوە ڕاستە کە دەوڵەتەکان، بە چاوپۆشین لە جۆری ڕژێمەکەیان، سیاسەتێکی هاوشێوە دەگرنە بەر" (597) و ئایا سیاسەتی دەرەوەی ناپلیۆن یان ستالین لە بنەڕەتدا هاوشێوەی سیاسەتەکانی هیتلەر، لویی شانزدەهەم یاخود نیکۆلاسی دووەمە و هیچ نییە زیاتر لە ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز؟ "ئەگەر کەسێک وەڵامی ئەرێنی بداتەوە، ئیتر جێگای باسکردن نامێنێتەوە، بەڵام شتێکی ئەوتۆیشی بۆ فێربوون تێدا نییە" (598). بەم پێیە، پێناسەکردنی ڕەفتاری دەوڵەتەکان تەنیا بە گەڕانەوە بۆ هێز، ئاسایش یاخود بەرژوەندییە نیشتمانییەکان، سوودێکی نییە. ناکرێت سیاسەتی نێونەتەوەیی جیا لە بەستێنە مێژوویی و کلتوورییە بەربڵاوەکەی بخوێنرێتەوە.

گەرچی کار و مۆرگێنتا زیاتر لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان چڕ دەبنەوە، بەڵام ڕیالیزمەکەیان دەتوانێت بۆ سیاسەتی ناوخۆیش بەکار بێت. ڕیالیستی کلاسیکبوون، بەو واتایە دێت کە سیاسەت وەکو لێکدژی بەرژوەندییەکان و ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە ڕێگای ناسینەوەی بەرژوەندییە هاوبەشەکان و هەوڵدان بۆ دابینکردنیان، لەجیاتی بەئەخلاقیکردنیان، سەیر بکرێت. بێرنارد ویلیامز و ڕیمۆند گێئۆس، نوێنەرانی بەرجەستەی ڕیالیزمی سیاسی نوێ، کە بزووتنەوەیەکە لە ناو تیۆری سیاسی هاوچەرخدا، ڕەخنەیان لەوەی گرتووە کە بە "ئەخلاقگەرایی سیاسی" وەسفیان کردووە و جەخت لە سەربەخۆیی سیاسەت لە ئەخلاق دەکەنەوە. سەرەڕای ئەوە، ریالیزمی تیۆری سیاسی و ڕیالیزمی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان وەکو دوو پلانی توێژینەوەی جیاواز دێنە بەرچاو. بەو جۆرەی هەندێ لە لێکۆڵەران (ویلیام شۆئێرمەن، ئالیسۆن مەککوین، تێری ماردین و دوکان بێڵ) ئاماژەیان پێکردووە، ئەو کەسانەی لە تیۆری سیاسیدا کاریگەرییان لەسەر ڕیالیزم داناوە، ئاوڕیان لە بەرهەمەکانی ئەو کەسانەی کە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لەسەر ڕیالیزم کار دەکەن، نەداوەتەوە.

٣.نوێ ڕیالیزم

[کتێبی] سیاسەتی نێوان نەتەوەکانی مۆرگێنتا، سەرەڕای لێڵی و خاڵە لاوازەکانی، بووە نامیلکەیەکی پێوەر بۆ بیرکردنەوە دەربارەی سیاسەتی نێونەتەوەیی بۆ نەوەیەک یاخود زیاتر. لە هەمان کاتدا، هەوڵێک بە مەبەستی پەرەپێدان بە ڕوانگەیەکی میتۆدیانەتر [شێوازمەندتر] بۆ داڕشتنی تیۆرێک سەبارەت بە کاروباری نێونەتەوەیی لە ئارادا بوو. لە دەیەکانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا، ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی بوارە زانستییە جیاوازەکان هاتنە ناو زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و هەوڵیان دا چەمک و بەڵگەهێنانەەوە زانستیانەکان لە جیاتی "وێژەی ئاوەز"ی ڕیالیستە کلاسیکەکان دابنەن (Brown 35). ئەوەش بووە هۆی کاردانەوەی مۆرگێنتا و بیرمەندانی سەر بە بەناو قوتابخانەی ئینگلیزیی، بە تایبەت هێدلی بۆڵ، کە بەرگری لە ڕوانگەی نەریتی دەکرد (Bull 1966).

دەرئەنجام، زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دابەش بوو بەسەر دوو لقی سەرەکی جیاوازدا: نەریتی یان نائەزموونگەرێتی [ناپۆزەتیڤیست] و زانستیانە یان ئەزموونگەرێتی (نوێ- ئەزموونگەرێتی). لە قۆناغی دواتردا لقی سێیەم هاتە ئاراوە و پۆست ئەزموونگەرێتی پێ زیاد بوو. نەریتییەکان پرسیارە نۆرماتیڤەکان دێننە ئاراوە و خۆیان سەرقاڵی مێژوو، فەلسەفە و یاسا دەکەن. زانستوانان یاخود ئەزموونگەرێتەکان لە جیاتی توێژینەوەی نۆرماتیڤ جەخت لە شێوازی توێژینەوەی وەسفی و ڕوونکردنەوە دەکەنەوە و بە شیوەیەکی بەهێز لەو بوارەدا چالاک بوون. خێرا، تا ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٦٠، زۆرینەی خوێندکارانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە ئەمریکا، لە بواری لێکۆڵینەوەی چەندایەتی، تیۆری گەمە و باقی تەکنیکە نوێکانی تایبەت بە توێژینەوەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان پەروەردە کران. ئەوە و گۆڕانکارییەکان لە ژینگەی نێونەتەوەییدا، کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر زانستی پەیوەندە نێونەتەوەییەکان دانا.

گریمانەی ڕیالیزم ئەوە بوو کە دەوڵەت سەرەکیترین گەمەکەری سیاسەتی نێونەتەوەییە و پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان چەقی [بابەتی سەرەکی] پەیوەندییە نێونەتەوەییە ڕاستەقینەکانە. سەرەڕای ئەوە، هاوکات لەگەڵ دامرکانی شەڕی سارد لە دەیەی ١٩٧٠دا، دەکرا شایەت و بینەری گرنگیپێدانی زیاتر بە ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و ناحکومییەکان و هەروەها کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان [فرەڕەگەزەکان] بیت. ئەو ڕووداوە، بووە هۆی گیانگرتنەوەی بیرکردنەوەی ئایدیالیستی کە بە لیبرالیزمی نوێ یاخود فرەچەشنگەرایی [پلۆرالیزم] ناوبانگی دەرکرد. ڕۆبێرت کیوهێن و جۆزێف نای، دوو بیرمەندی فرەچەشنگەرای بەناوبانگ، هاوکات لەگەڵ دانپێدانان بە هەندێ لە گریمانەکانی ڕیالیزمدا، چەمکی پێکەوەبەستراوەیی تێکەوەپێچراویان بە مەبەستی وەسفکردنی ئەو دیمەنە ئاڵۆزترەی سیاسەتی جیهانی داهێنا. ئەوان دەڵێن، دەکرێ لە پەیوەنییە نێونەتەوەییەکاندا پێشکەوتن بێتە ئاراوە و داهاتوو وەکو پێویست لە ڕابردوو ناچێت.

١.٣. سیستەمی نێونەتەوەیی کێنێت والتز

وەڵامی ڕیالیستی [بۆ لیبرالیستە نوێکان] زیاتر لە لایەن کێنێت والتزەوە دراوە، کە ڕیالیزمی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بە شێوازێکی نوێ و جیاواز داڕشتەوە. والتز لە کتێبەکەیدا لەژێر ناوی "تیۆری سیاسەتی نێونەتەوەیی"، کە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ بڵاو بووەوە، وەڵامی تەحەدا لیبرایەکەی دایەوە و هەوڵی دا بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێدۆزەکەی خۆی کە زانستیانەتر بوو و بە ڕیالیزمی پێکهاتەیی یاخود ریالیزمی نوێ ناوبانگی دەرکرد، کەموکۆڕییەکانی ڕیالیزمی کلاسیکی هانس مۆرگێنتا چارەسەر بکات. لە کاتێکدا کە مۆرگێنتا ڕیشەی تیۆرەکەی دەبردەوە سەر ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز و ئەویشی گرێ دەداوە بە سرووشتی مرۆڤەوە، والتز هەوڵی دا لە هەر جۆرە باسێکی فەلسەفی سەبارەت بە سرووشتی مرۆڤ خۆی ببوێرێت و لە جیاتی ئەوە، دەستی کرد بە داڕشتنی تیۆرێک هاوشیوەی ئابووری ورد دەربارەی سیاسەتی نێونەتەوەیی. واڵتز دەڵێت دەولتەکان لە سیستەمی نێونەتەوەییدا، وەکو کۆمپانیا بازڕگانییە ناوخۆییەکان یەک بەرژوەندییان هەیە کە بریتییە لە مانەوە. لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ژینگەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتەکان یا خود پێکهاتەی سیستەمەکەیان، لەسەر ئەو واقعیەتە دانراوە کە هەندێ لە دەوڵەتەکان لە کورتماوەدا مانەوە بە گرنگترین ئامانجی شیاوی دەستپێڕاگەیشتن دەزانن و بە لێهاتووییەکی ڕێژەییەوە، هەوڵی گەیشتن بەو ئامانجە دەدەن (93).

والتز پێی وایە هەم لیبرالیستە نەریتییەکان و هەم ڕیالیستە کلاسیکەکان، بە گرنگیدان بە دەوڵەتەکان وەکو تاک و پرسە ئایدۆلۆژی و ئەخلاقی و ئابوورییەکان، تووشی هەڵەیەکی هاوبەش دەبن. ئەوان نەیانتوانیوە گێڕانەوەیەکی جدی سەبارەت بە سیستەمی نێونەتەوەیی بێننە ئاراوە، گێڕانەوەیەک کە بتوانێت لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی- سیاسی بەربڵاوتر هەڵبهێنجرێت. والتز پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەو هەڵێنجانە دەست دەباتە ناو واقعیەت و زۆرێک لەو فاکتەرانەی کە بۆ ڕیالیزمی کلاسیک گرنگ بوون، وەلا دەنێت و ڕێگای شێکردنەوەی بەکارهێنانی سیاسەتێکی دەرەکی تایبەت نادات. بەو حاڵەش، هەڵهێنجانێکی سوودمەندە. بە تایبەت، یارمەتی تێگەیشتن لە فاکتەرە یەکلاکەرەوە سەرەکییەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی دەدات. هەڵبەت، تیۆرە نوێ ڕیالیستییەکی والتز، بۆ سیاسەتی ناوخۆیی بەکار نایەت و یارمەتی پەرەپێدان بە سیاسەتی دەوڵەتەکان لە کاروباری نێونەتەوەیی یاخود ناوخۆییاندا نادات. تیۆرەکەی تەنیا وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارە کە بۆچی دەوڵەتەکان سەرەڕای فۆرمە جیاوازەکانی حکومەتیان و ئایدۆلۆژییە سیاسییە جیاوازەکانیان، وەکو یەک رەفتار دەکەن و هەروەها سەرەڕای پەرەسەندنی ڕەوتی پێکەوەبەستراوەیی، بۆچی دوورە کە دیمەنی گشتیی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بگۆڕدرێت.

بە وتەی والتز، ڕەفتاری هاوسان و یەکجوری دەوڵەتەکان بە درێژایی چەندین سەدە، دەتوانێت لە ڕێگای ئەو تەنگوچەڵەمانەی کە سیستەمی نێونەتەوەیی بەسەر ڕەفتاریاندا دەسەپێنێت، شرۆڤە بکرێت. پێکهاتەی سیستەم لە پلەی یەکەمدا بە پێی ئەو بنەما یاخود تایبەتمەندییە سەرەکییەی کە ئەو سیستەمە ڕێک دەخات، پاشان لە بە پێی جیاوازی یەکەکانی ئەو سیستەمە و لە کۆتاییدا بە پێی دابەشبوونی توانا (هێز)ی نێوان یەکەکان پێناسە دەکرێت. بە بڕوای والتز، ئانارشی، بە واتای نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی، بنەمای ڕێکخەری سیستەمی نێونەتەوەییە. یەکەکانی سیستەمی نێونەتەوەیی دەوڵەتەکانن. والتز، دان بە هەبوونی گەمەکەرە نادەوڵەتییەکاندا دەنێت، بەڵام گرنگییەکی ئەوتۆیان پێ نادات. لەبەر ئەوەی کە هەموو دەوڵەتەکان خوازیاری مانەوەن و ئانارشی پێویستی بە سیستەمێکی خۆیارمەتیدەرە کە تیایدا هەر دەوڵەتێک دەبێ خۆی بپارێزێت، هیچ جۆرە دابەشکردنی کار یان جیاوازی ئەرکیی [کارکردی] لە نێوانیاندا نییە. سەرەڕای هاوسانی ئەرکیی دەوڵەتەکان، بەڵام لە ڕووی توانای ڕێژەییان (واتە، ڕێژەی ئەو هێزەی کە هەر یەک لەو دەوڵەتانە هەیانە) بۆ جێبەجێکردنی هەمان ئەرک، لێک جیا دەکرێنەوە.

کەوابوو والتز، بە شێوەیەکی جیاواز لە ڕیالیستە کلاسیکەکان دەڕوانێتە هیز و رەفتاری دەوڵەت. لە دیدی مۆرگێنتاوە، هێز هەم کەرەسە بوو و هەم ئامانج و ڕەفتاری ئاوەزمەندانەی دەوڵەت، بە ئاسانی وەکو جۆرە کردەیەک کە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی زیاترین ڕێژەی هێز، فام دەکرا. بەپێچەوانەوە، گریمانەی نوێ ڕیالیستەکان ئەوەیە کە بەرژوەندی بنەڕەتی هەر دەوڵەتێک بریتییە لە ئاسایش، کەوابوو گرنگی بە [شێوازی] دابەشبوونی هێز دەدەن. هەروەها ئەوەی ڕیالیزمی نوێ لە ڕیالیزمی کلاسیک جیا دەکاتەوە، وردبینی میتۆدۆلۆژیک و خۆوێناکردنی زانستیانەیە (Guzinni 1998, 127–128). والتز پێداگری لەسەر توانستی تاقیکردنەوەی ئەزموونیی زانست و بەهەڵەخستنەوە [باتڵکردنەوە]، وەکو جۆری هەره‌باشی میتۆدۆلۆژیی دەکاتەوە، کە بەو جۆرەی خۆیشی دانی پێدا دەنێت، تەنیا بە شێوەیەکی سنووردرا دەتوانێت لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەکار بهێنرێت.

دەکرێ دابەشبوونی تواناکان لە نێوان دەوڵەتەکاندا جیاواز بێت، بەڵام ئانارشی، واتە بنەمای ڕێکخەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، بە بێ گۆڕانکاری دەمێنێتەوە. ئەوە کاریگەرییەکی بەردەوام لەسەر ڕەفتاری دەوڵەتەکان دادەنێت کە بە لۆژیکی خۆیارمەتی بار هاتوون. والتز لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ رەتکردنەوەی بۆچوونە نوێ لیبرالییەکان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پیکەوەبەستراوەیی، لە وەڵامی ئەوەدا کە بۆچی سیستەمی ئانارشیکی نێونەتەوەیی هاوکاریی سنووردار دەکات، باس لە دوو هۆکار دەکات کە بریتین لە: نەبوونی ئاسایش و دەسکەوتە نابەرابەرەکان. لە بەستێنی ئانارشیکدا، هیچ دەوڵەتێک لە نیەتی دەوڵەتەکانی تر دڵنیا نییە و لەوە دەترسێت کە ڕەنگە دەستکەوتە شیمانەکراوەکانی هاوکاریکردن، زیاتر لە قازانجی ئەوانی تر بن تا لە قازانجی خۆی و ئەوەش ببێتە هۆی بەستراوەیی [وابەستەیی] بەوانی ترەوە. "دەوڵەتەکان بە مەیلی خۆیان خۆیان ناخەنە دۆخێکەوە کە ببێتە هۆی بەستراوەیی زیاتریان. لە سیستەمی خۆیارمەتیدا، تێبینییەکان دەربارەی ئاسایش، دەستکەوتە ئابوورییەکان دەبەستێتەوە بە بەرژوەندییە سیاسییەکانەوە" (Waltz 1979, 107).

ڕیالیزمی نوێ بە هۆی وردەکاری تیۆریی و وردبینی میتۆدۆلۆژییەوە، لە زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کاریگەری بەرچاوی داناوە. لە ڕوانگەی زۆرێک لە لێکۆڵەرانەوە، ڕیالیزمی مۆرگێنتا وەکو ڕیالیزمێکی ناوەخت ناسراوە (بێگومان بەشێکی سەرنجڕاکێش و گرنگە لە مێژووی بیرکردنەوە دەربارەی بابەتەکە، بەڵام بەدەگەمن وەکو بەشدارییەکی جدی لە [داڕشتن]ی تیۆرێکی زانستیانەی وردبینانە سەیر دەکرێت" (Williams 2007, 1). سەرەڕای ئەوە، لە کاتێکدا ڕیالیزمی نوێ سەرەتا زیاتر لە ڕیالیزمی کلاسیک پێشوازی لێ کرا، بەڵام لە چەندین بەرەیشدا ڕەخنەی توندی بەدوادا هات.

٢.٣. رەخنەکان لە ڕیالیزمی نوێ

لە ساڵی ١٩٧٩، والتز نووسی، لە سەردەمی [چەکی] ناوەکیدا، سیستەمی دووجەمسەری نێونەتەوەیی، لەسەر بنەمای دوو مەزنەهێز (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت) نەک هەر سەقامگیرە بەڵکو ڕەنگە پاوەجێ بێت (176–7). ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی دواتری یەکێتی گەلانی سۆڤییەت، سەلماندیان ئەو پێشبینییە هەڵە بووە. پێدەچێت جیهانی دووجەمسەری زۆر لەرزۆکتر لەوە بێت کە زۆربەی شرۆڤەکارە ڕیالیستەکان گومانیان دەکرد. کۆتاییەکەی، دەستپێکی دەرکەوتنی دەرفەت و تەحەدا نوێیەکان بوو سەبارەت بە بەجیهانیبوون. ئەوە زۆرێک لە ڕەخنەگرانی هان داوە کە بڵێن، ڕیالیزمی نوێ، وەکو ڕیالیزمی کلاسیک، ناتوانێت وەکو پێویست شرۆڤەی گۆڕانکارییە جیهانییەکان بکات.

دیبەیتی نوێی نێوان (نوێ) ڕیالیستەکان و (نوێ) لیبرالیستەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، ئیتر پەیوەندی بە پرسە ئەخلاقییەکان و سرووشتی مرۆڤەوە نییە، بەڵکو سەبارەت بەوەیە کە ڕەفتاری دەوڵەت چەندە لەژێر کاریگەری پێکهاتەی ئانارشیکی سیستەمی نێونەتەوەیی و چەندە لەژێر کاریگەری دامەزراوەکان، زانایی [ماریفەت] و فاکتەرەکانی تردایە کە دەبنە هۆی بەدیهاتنی هاوکاریی. ڕۆبێرت کیوهێن لە کتێبەکەی خۆی لە ساڵی ١٩٨٩، لەژێر ناوی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و هێزی دەوڵەت، دان دەنێت بە جەختکردنەوەکەی والتز سەبارەت بە تیۆری ئاستی سیستەمی و گریمانە گشتییەکەی سەبارەت بەوەی کە دەوڵەتەکان گەمەکەری خۆخوازن کە ئاوەزمەندانە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەدەن. سەرەڕای ئەوە، کیوهێن بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆری گەمە، نیشانی دەدات کە دەوڵەتەکان دەتوانن لە ڕێگای هاوکاریکردن لە بواری ئابووری و بەشداریکردن لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکاندا، تێگەیشتنی خۆیان لە بەرژوەندییەکانیان بەربڵاوتر بکەنەوە. بۆیە، مودێلەکانی پێکەوەبەستراوەیی دەتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەتی جیهان دابنەن. کیوهێن خوازیاری تیۆریگەلێکی سیستەمییە کە سەبارەت بەو فاکتەرانەی کە لەسەر کارلێکی دەوڵەتەکان کاریگەری دادەنێن و هەروەها بۆ گۆڕانکارییەکان، خوێندنەوەی باشتریان بێت.

هەروەها تیۆرزانە ڕەخنەییەکان و لەوانە ڕۆبێرت کۆکس لەسەر بەناو بێ­توانایی ڕیالیزمی نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆرانکارییەکاندا چڕ دەبێتەوە. لە ڕوانگەی ڕەخنەییەکانەوە، نوێ ڕیالیستەکان پێکهاتەیەکی دەوڵەت-تەوەری تایبەتی لە ڕووی مێژووییەوە دیاریکراوی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان هەڵدەبژێرن و گریمانەیان ئەوەیە کە ئەو پێکهاتە لەجیهاندا بڕواپێکراوە. بە پێچەوانەی ڕیالیستەکان، تیۆرزانە ڕەخنەییەکان لەو بڕوایەدان کە دوای شێکردنەوەی تێکەڵاویی ئایدیاکان، فاکتەرە ماددیەکان و هێزە کۆمەڵایەتییەکان، تێدەگەین کە چۆن ئەو پێکهاتە سەری هەڵداوە و چۆن دەکرێت دەرئەنجام بگۆڕدرێت. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕیالیزمی نوێ هەم ئەو ڕەوتە مێژووییە کە تیایدا شوناسەکان و بەرژوەندییەکان چێ کراون و هەم دەرفەتە میتۆدۆلۆژییە جیاجیاکان پشتگوێ دەخەن. ئەوە، ڕەوایی بە مانەوەی دۆخی هەنوکەیی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دەوڵەتەکان دەدات و میتۆدی زانستیانە بە تاقە ڕێگای کۆکردنەوەی زانیارییەکان دەزانێت. ئەوە دەرخەری کردەیەکی هەڵاوێردراو، واتە تامەزرۆیی بۆ خۆسەپاندن و کۆنتڕۆڵکردنە.

لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان کەڵکەڵەی ڕیالیستەکانە، تیۆرزانە ڕەخنەییەکان گرنگی بە ڕزگاری کۆمەڵایەتی دەدەن. سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوان تیۆری ڕەخنەیی، پۆست مودێرنیزم و فێمینیزم، بەڵام هەموویان دژی چەمکی سەروەری دەوڵەتن و کۆمەڵگەگەلێکی سیاسی نوێ وێنا دەکەن کە لە هەمبەر گرووپە پەراوێزخراو و بێبەشەکاندا کەمتر پاوانخواز بن. تیۆری ڕەخنەیی لە دژی بێبەشکردنی دەوڵەت-تەوەرە و حاشا لەوە دەکات کە بەرژوەندییەکانی هاووڵاتیانی وڵاتێک لە بەرژوەندییەکانی ئەوانەی لە دەرەوەن، لەسەرتر بن. ئەو تیۆرە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە سیاسەتوانان چەندە گرنگی بە بەرژوەندییەکانی هاونیشتمانیانی خۆیان دەدەن، ئەوەندەش گرنگی بە بەرژوەندییەکانی بیانییەکان بدەن و پێکهاتەگەلێکی سیاسی لە سەرەوەی "قەڵا"ی دەوڵەت-نەتەوە، وێنا دەکەن. پۆست مودرنێزم، بانگەشەی دەوڵەت سەبارەت بە ناوندێتی ڕەوای وەفادارییەکانی مرۆڤ و مافی دەوڵەت بۆ داسەپاندنی سنوورە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەخاتە ژێر پرسیار. پشتیوانی لە فرەچەشنی کلتووری دەکات و جەخت لەسەر بەرژوەندییەکانی کەمینەکان دەکاتەوە. فێمینیزم دەڵێت، تیۆری ڕیالیستی دەرخەری دەمارگرژییەکی نێرینەیە و [فمینیزم] لایەنگری لە جێکردنەوەی ژن و بەها و بایەخە بەدیلەکان لە ژیانی گشتیدا دەکات.

لەبەر ئەوەی کە تیۆرە ڕەخنەییەکان و باقی ڕوانگە تیۆرییە بەدیلەکان، دۆخی هەنوکەیی دەبەنە ژێر پرسیار و زانست بەستراوەی هێز دەزانن و جەخت لە سازکردنی [چێکردنی] شوناس و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەکەنەوە، نەریتی یان نائەزموونگەرێتی [ناپۆزەتیڤیستی] نین. تیۆرە ڕەخنەییەکان هەندێ جار بە "ڕەنگدانەوەییەکان" یاخود "پۆست-ئەزموونگەرێتییەکان" ناو دەبرێن (Weaver 165) و ئەوەش دەرخەری چوونەدەرەوەی ڕادیکالانە لە بازنەی تیۆرە نوێ ڕیالیستی و نوێ لیبرالییە "ئاوەزمەندانە" یان "ئەزموونگەرێتیانە"کانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانە. دەسکردخوازان [کۆنستراکتیڤیستەکان] و لەوانە، ئەلیکساندەر وێنت، هەوڵ دەدەن لە لایەکەوە لە ڕێگای بە دانپێدانان بە سیستەمی دەوڵەت-تەوەری هەنوکەیی و ئانارشی و لە لایەکی ترەوە بە چڕبوونەوە لەسەر سازبوون [چێبوونی] شوناس و بەرژوەوەندییەکان، پردێک لە نێوان ئەو دوو ڕوانگەیەدا درووست بکەن. وێنت بە پێچەوانەی بۆچوونی نوێ ڕیالیستییەکان، دەڵێت، خۆیارمەتی لە ڕووی لۆژیکی یاخود هۆکارێتییەوە لە ئانارشی سەرچاوە ناگرێت.، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ساز[چێ] دەکرێت. بۆچوونی وێنت سەبارەت بەوەی شۆناس و بەرژوەندییەکانی دەوڵەت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ساز کراون، بووەتە هۆی ئەوەی تیۆرییەکەی بە "دەسکردخوازیی" [یان بەرهەڤخوازی= کۆنستراکتیڤیزم] بناسرێت. بۆیە، لە ڕوانگەی وێنتەوە، "خۆیارمەتی و سیاسەتی هێز دامەزراوەن و وەکو پێویست خسڵەتی ئانارشی نین. ئانارشی هەمان ئەو شتەیە کە دەوڵەتەکان لێی تێدەگەن" (Wendt 1987 395). هیچ لۆژیکێکی تاقانەی ئانارشی لە ئارادا نییە بەڵکو بەستە بەو ڕۆڵانەی کە دەوڵەتەکان بۆ خۆیان و ئەوانی تر پێناسەی دەکەن، چەندین لۆژیکی هەیە. هێز و بەرژوەندییەکان دەسکردی ئایدیاکان و نۆرمەکانن. وێنت بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕیالیزمی نوێ توانای مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکاریییەکانی سیاسەتی جیهانی نییە، بەڵام دەسکردخوازییە نۆرم-تەوەرەکەی ئەو توانایە هەیە.

ئاکامگیرییەکی هاوشێوە، گەرچی بە شێوازێکی نەریتی، لە تیۆریە نائەزموونگەرێتییەکانی قوتابخانەی ئینگلیسی (ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی) وەرگیراوە کە هەم جەخت لەسەر گوشار و تەنگوچەڵەمەکانی سیستەم و هەم گوشارە نۆرماتیڤەکانی بەردەم ڕەفتاری دەوڵەت دەکاتەوە. ئەو تیۆرزانانە بە گەڕانەوە بۆ ڕوانگەی کلاسیک دەربارەی مرۆڤ وەکو تاکێک کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵەیی و ئاوەزمەندە و توانای هاوکاریکردن و پەندوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردووی هەیە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەوڵەتەکان، هاوشێوەی تاکەکان، خاوەن بەرژوەندی ڕەوان و "ئەوانی تر" دەتوانن ئەو بەرژەوەندیانە بیانناسنەوە و ڕێزیان لێ بگرن و هەروەها دەوڵەتەکان دەتوانن لە قازانجە گشتییەکانی جێبەجێکردنی بنەمای کەس‌لەکەسی [هەڵوێستی بەرانبەر= reciprocity] لە پەیوەندییە دوولایەنەکانیاندا تێبگەن (Jackson and Sørensen 167). کەوابوو، دەوڵەتەکان دەتوانن لە ڕێگای ڕێککەوتننامەکانەوە خۆیان بە دەوڵەتەکانی ترەوە گرێ بدەن و هەندێ بەها و بایەخی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتانی تر بێننە ئاراوە. کەوابوو، پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی بەو جۆرەی کە نوێ ڕیالیستەکان بانگەشەی دەکەن، نەگۆڕ نییە. پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی ئانارشی هەتاهەتایی هۆبزی نییە کە بە هۆی مەترسی شەڕ تەشەنەی سەندبێت. سیستەمێکی نێونەتەوەیی ئانارشیک کە لەسەر بنەمای پەیوەندی هێزتەوەرانەی پەتی لە نێوان گەمەکەرەکان دامەزراوە، دەتوانێت بگۆڕدرێت بۆ کۆمەڵگەیەکی نێونەتەوەیی هاوکاریخوازانە و ئاشتیخوازانە، کە تیایدا ڕەفتاری دەوڵەت بە پێی بەها و بایەخ و نۆرمە هاوبەشەکان بێچم دەگرێت. دەرکەوتەی کردەیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییانەن کە پشتیوانی لە سەروەری یاسا، بە تایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەکەن.

٤. ئەنجام: تایبەتمەندی پەنددەرانە و گۆڕەکی ڕیالیزم

لێکەوتەیەکی نەخوازراو و جێگای داخی باسەکان سەبارەت بە ریالیزمی نوێ ئەوەیە کە ڕیالیزمی نوێ و بەشێکی زۆر لەو ڕەخنانەی لێی دەگیرێن (تا ڕادەیەکی زۆر جگە لە قوتابخانەی ئینگلیزی) بە زمانی زانستیانەی زەینی و فەلسەفی دەربڕدراون. ئەوە وای کردووە کەسانی ئاسایی لە تیۆری سیاسەتی نێونەتەوەیی تێنەگەن و زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دابەش ببێت بۆ چەندین بەشی ناتەبا. لە کاتێکدا کە ڕیالیزمی کلاسیک تیۆرییەک بوو کە ئامانجی پشتیوانیکردن لە کردەی دیپلۆماتیک و ڕێنوێنیکردنی ئەو کەسانە بوو کە هەوڵی تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە شیمانەکراوەکانیان دەدا، تیۆرەکانی ئێستا، کە باس لە دیمەن و پرۆژەگەلی گەورەی جیاواز دەکەن، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە گونجاو نین. ڕەنگە ئەوە هۆکاری سەرەکی بێت بۆ ئەوەی کە هەمدیسان تامەزرۆیی بۆ ڕیالیزمی کلاسیک و بە تایبەت بۆچوونەکانی مۆرگێنتا خۆی نیشان داوەتەوە. لە ئێستادا بیرکردنەوەی مۆرگێنتا وردبینانەتر و سەردەمیانەتر لەوەی کە پێشتر ناسرابوو، سەیر دەکرێت، نەک ئەوەی وەکو فۆرمێکی لەبرەوکەوتووی هزری ڕیالیستی پێش-زانستیانە سەیر بکرێت کە ڕیالیزمی نوێ جێگای گرتبێتەوە(Williams 2007, 1–9). ئەوە بە ئاسانی لەگەڵ ئەو دیمەنە باوەی ڕیالیزم کە زۆر جار مۆرگێنتای پێوە گرێ دەدرێتەوە، ناخوێنێتەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا، لێکۆڵەران گێڕانەوە باوەکان سەبارەت بە نەریتە تیۆریە ئاشکراکانی زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانیان بردووەتە ژێر پرسیار. تۆسیدید، ماکیاڤێللی، هۆبز و باقی بیرمەندان وەکو کەرەسەیەک بە مەبەستی تەحەداکردنی ئەو کەڵکوەرگتنە باوەی لە میراتەکەیان لەو زانستەدا لە ئارادایە و هەروەها بە مەبەستی لێکدانەوەی باقی ڕەچەڵەکەکان و ئاراستە [فکرییە]کانیان هەمدیسان کەوتوونەتە بەر لێکۆڵینەوە. مۆرگێنتا بووەتە بابەتی پرۆسەیەکی هاوشیوەی دووبارە ڕاڤەکردنەوە. هەندێ لە لێکۆڵەران (هارموت بێهر، موریێل کۆزێت، ئەمیلیا هیز و سین مولوی) گرنگیی هزری مۆرگێنتایان وەکو سەرچاوەیەک بۆ گۆڕانکاری لە ڕاڤەی پێوەری ڕیالیزمدا، پشڕاست کردووەتەوە. موریل کوزێت جەخت لەسەر لایەنی ڕەخنەیی ڕیالیزمی مۆرگێنتا دەکاتەوە کە لە بەڵینەکەیدا بۆ "حەقیقەت گوتن سەبارەت بە هێز" و "ئاشکراکردنی بانگەشەکانی هێز سەبارەت بە حەقیقەت و ئەخلاق" و مەیلی مۆرگانتا بۆ دەربڕینی بانگەشە جیاوازەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا دەردەکەوێت (Cozette 10–12). کوزێت دەنووسێت: " پاراستنی ژیانی مرۆڤ و ئازادی لای مۆرگێنتا بایەخی سەرەکییان هەیە و "پێوەرێکی مەزنی ئەخلاق" پێک دێنن کە دەبێ بەردەوام هەڵخڕێنەری توێژینەوە زانستییەکان بێت" (19). ئەمە دەرخەری لخیزی ڕیالیزمە کلاسیکەکەی مۆرگێنتایە و گریمانە نۆرماتیڤەکانی کە لەسەر بنەمای بەرزکردنەوەی بەها و بایەخە ئەخلاقییە جیهانییەکان دانراوان، ئاشکرا دەکات. لە کاتێکدا کە مۆرگێنتا گریمانەی لەسەر ئەوە دادەنێت کە دەوڵەتەکان گەمەکەری هێزویستن، هاوکات دان بەوەدا دەنێت کە ئەگەر سنووری ئەخلاقی و کاریگەریی یاسای نێونەتەوەیی نەبێت، سیاسەتی نێونەتەوەیی زیاتر لەوەی لە واقێعدا دەبینرێت، کوشندە دەبێت (Behr and Heath 333).

شێوازێکی تری بەکارهێنانی تیۆری ڕیالیستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ئەوەیە کە لە کتێبەکەی ڕۆبێرت گیلپین لەژێر ناوی شەڕ و گۆرانکاریی لە سیاسەتی جیهانیدا، خراوەتە ڕوو. لە جیاتی سەرقاڵبوون بە دیبەیتە تیۆریە بێ قازانجەکان، ئەگەر ئەو جۆرە بەرهەمانە لە پرۆگرامی خوێندنی زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا گرنگی زیاتریان پێ درابا، ئەمڕۆکە ئێمە "بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی هێز و گۆڕانکارییە ژیوپلۆتیکییەکان" ئامادەتر بووین (Wohlforth, 2011 505). ئێمە دەتوانین هۆکارەکانی شەڕە گەورەکان و قۆناغە درێژخایەنەکانی ئاشتی و هەروەها سەرهەڵدان و دامرکانی تەکووزە نێونەتەوەییەکان شرۆڤە بکەین. شێوازێکی تریش بە بەکارهێنانی داهێنانە زانستییە نوێکان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا خراوە ڕوو. بەڵگە بۆ ئەو شێوازە، بۆ نموونە، بریتییە لە دوایین بەرهەمی ئەلیکساندر وێنت لەژێر ناوی زەینی کوانتۆمی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان. ڕوانگەیەکی ڕیالیستی نوێ لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا، دەتوانێت لەسەر بنەمای ڕوانینی لەشگۆنە و هەمەلایەنەی تیۆری کوانتۆم، بیرۆکەی پێگەیشتنی مرۆڤ و پەرەسەندنی ئاگایی سەبارەت بە ڕۆڵی مرۆڤ لە پرۆسەی پێگەیشتندا بێتە ئاراوە (Korab-Karpowicz 2017).

کەوابوو، ڕیالیزم گەورەترە لە تیۆرییەکی چەق و بێئەخلاقانە و ناکرێت تەنیا لە ڕاڤەیەکی ئەزموونگەرێتی سەبارەت بە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کۆرت بکرێتەوە. ڕیالیزم تیۆریەکی کردەیی و لە گۆراندایە کە بەستراوەی هەلومەرجی مێژوویی و سیاسی ڕاستەقینەیە و دەرئەنجام بە پێوەرە ئەخلاقییەکانی خۆی و بەو پەیوەندییەی بە بڕیاردانی سیاسی دوورئەندێشانەوە هەیەتی، داوەری دەکرێت (Morgenthau 1962). هەروەها ڕیالیزم ڕۆڵی پەنددەرانەی سوودمەند دەگێڕێت. ڕیالیزم لە بەرانبەر پێشکەوتنگەرایی، ئەخلاقگەرایی، قانووگەرایی و باقی ئاراستەکان کە پەیوەندی لەگەڵ واقعیەتی بەرژوەندییە تاکەکەسییەکان و هێز دادەبڕن، هۆشداریمان پێ دەدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕوانگە، زیندووکردنەوەی ڕیالیزمی نوێی دەیەی ١٩٧٠، دەتوانێت وەکو پێداچوونەوەیەکی پێویستش لە بڕوایەکی ئێجگار گەشبینانە سەبارەت بە هاوکاریی نێونەتەوەیی و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە پێکەوەبەستراوەیی سەرچاوە دەگرن، ڕاڤە بکرێت.

سەرەڕای ئەوە، کاتێک ڕیالیزم دەبێتە هەوڵێکی دەمارگرژانە، ناتوانێت ئەو ئەرکەی لێی چاوەڕوان دەکرێت، جێبەجێ بکات. ڕیالیزم، بە چەقین لە ناو "پارادایمێکی" دەوڵەت-تەوەر و ئێجگار ساکار وەکو نیۆڕیالیزمدا و بە حاشاکردن لە ئەگەری هەر جۆرە پێشکەوتنێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، دەبێتە ئایدۆلۆژیایەک. لە جەختکردنەوەکەی لە سیاسەتی هێز و بەرژوەندییە نیشتمانییەکان، دەکرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پەلهاوێشتن کەڵکی نابەجێ وەربگیردرێت. بۆیە دەبێت تیۆریگەلێک جێگای بگرنەوە کە خوێندنەوەیەکی باشتریان بۆ دیمەنی گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی سیاسەتی جیهانی بێت. پێویستە نۆرمە ئەرێنییەکان بە ئەرکی [کارکردی] تیۆری ڕیالیزم کە تەنیا نەرێنی و پەنددەرە زیاد بکرێن. ئەو نۆرمانە لەو ئاوەزمەندی و دوورئەندێشییە کە لە ڕیالیزمی کلاسیکدا جەختیان لێ کراوەتەوە و هەروەها لە ڕوانگەی فرەلایەنگەرایی، یاسای نێونەتەوەیی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە لە لایەن لیبرالەکان و ئەندامانی قوتابخانەی ئینگلیزییەوە جەختیان لەسەر کراوەتەوە بگرە تا جیهان- نیشتمانگەرایی و هاوجۆشی جیهانی کە زۆرێک لە نووسەرانی ئێستا لایەنگری لێ دەکەن، سەرچاوە دەگرن.


پێرستی سەرچاوەکان

Aron, Raymond, 1966. Peace and War: A Theory of International Relations, trans. Richard Howard and Annette Baker Fox, Garden City, New York: Doubleday.

Ashley, Richard K., 1986. “The Poverty of Neorealism,” in Neorealism and Its Critics, Robert O. Keohane (ed.), New York: Columbia University Press, 255–300.

–––, 1988. “Untying the Sovereign State: A Double Reading of the Anarchy Problematique,” Millennium, 17: 227–262.

Ashworth, Lucian M., 2002. “Did the Realist-Idealist Debate Really Happen? A Revisionist History of International Relations,” International Relations, 16(1): 33–51.

Brown, Chris, 2001. Understanding International Relations, 2nd edition, New York: Palgrave.

Behr, Hartmut, 2010. A History of International Political Theory: Ontologies of the International, Houndmills: Palgrave Macmillan.

Behr, Hartmut and Amelia Heath, 2009. “Misreading in IR Theory and Ideology Critique: Morgenthau, Waltz, and Neo-Realism,” Review of International Studies, 35(2): 327–349.

Beitz, Charles, 1997. Political Theory and International Relations, Princeton: Princeton University Press.

Bell, Duncan (ed.), 2008. Political Thought in International Relations: Variations on a Realist Theme, Oxford: Oxford University Press.

–––, 2017. “Political Realism and International Relations,” Philosophy Compass, 12(2): e12403.

Booth, Ken and Steve Smith (eds.), 1995. International Relations Theory Today, Cambridge: Polity.

Boucher, David, 1998. Theories of International Relations: From Thucydides to the Present, Oxford: Oxford University Press.

Bull, Hedley, 1962. “International Theory: The Case for Traditional Approach,” World Politics, 18(3): 361–377.

–––, 1977. The Anarchical Society: A Study of Order in World Politics, Oxford: Clarendon Press.

–––, 1995. “The Theory of International Politics 1919–1969,” in International Theory: Critical Investigations, J. Den Derian (ed.), London: MacMillan, 181–211.

Butterfield, Herbert and Martin Wight (eds.), 1966. Diplomatic Investigations: Essays in the Theory of International Politics, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Carr, E. H., 2001. The Twenty Years’ Crisis, 1919–1939: An Introduction to Study International Relations, New York: Palgrave.

Cawkwell, George, 1997. Thucydides and the Peloponnesian War, London: Routledge.

Cox, Robert W., 1986. “Social Forces, States and World Orders: Beyond International Relations Theory,” in Neorealism and Its Critics, Robert O. Keohane (ed.), New York: Columbia University Press, 204–254.

Cozette, Muriel, 2008. “Reclaiming the Critical Dimension of Realism: Hans J. Morgenthau and the Ethics of Scholarship,” Review of International Studies, 34(1): 5–27.

Der Derian, James (ed.), 1995. International Theory: Critical Investigations, London: Macmillan.

Donnelly, Jack, 2000. Realism and International Relations, Cambridge: Cambridge University Press.

Doyle, Michael W., 1997. Ways of War and Peace: Realism, Liberalism, and Socialism, New York: Norton.

Galston, William A., 2010. “Realism in Political Theory,” European Journal of Political Theory, 9(4): 385–411.

Geuss, Raymond, 2008. Philosophy and Real Politics, Princeton: Princeton University Press.

Gustafson, Lowell S. (ed.), 2000. Thucydides’ Theory of International Relations, Baton Rouge: Louisiana State University Press.

Guzzini, Stefano, 1998. Realism in International Relations and International Political Economy: The Continuing Story of a Death Foretold, London: Routledge.

Harbour, Frances V., 1999. Thinking About International Ethics, Boulder: Westview.

Herz, Thomas, 1951, Political Realism and Political Idealism: A Study of Theories and Realities, Chicago: University of Chicago Press.

Hobbes, Thomas, 1994 (1660), Leviathan, Edwin Curley (ed.), Indianapolis: Hackett.

Hoffman, Stanley, 1981. Duties Beyond Borders: On the Limits and Possibilities of Ethical International Politics, Syracuse: Syracuse University Press.

Jackson, Robert and Georg Sørensen, 2003. Introduction to International Relations: Theories and Approaches, Oxford: Oxford University Press.

Kennan, George F., 1951. Realities of American Foreign Policy, Princeton: Princeton University Press.

Keohane, Robert O. and Joseph Nye, 1977. Power and Independence: World Politics in Transition, Boston: Houghton Miffin.

––– (ed.), 1986. Neorealism and Its Critics, New York: Columbia University Press.

–––, 1989. International Institutions and State Power: Essays in International Relations Theory, Boulder: Westview.

Korab-Karpowicz, W. Julian, 2006. “How International Relations Theorists Can Benefit by Reading Thucydides,” The Monist, 89(2): 231–43.

–––, 2012. On History of Political Philosophy: Great Political Thinkers from Thucydides to Locke, New York: Routledge.

–––, 2017. Tractatus Politico-Philosophicus: New Directions for the Development of Humankind, New York: Routledge.

Lebow, Richard Ned, 2003. The Tragic Vision of Politics: Ethics, Interests and Orders, Cambridge: Cambridge University Press.

Linklater, Andrew, 1990. Beyond Realism and Marxism: Critical Theory and International Relations, Basingstoke: Macmillan.

Machiavelli, Niccolò, 1531. The Discourses, 2 vols., trans. Leslie J. Walker, London: Routledge, 1975.

–––, 1515. The Prince, trans. Harvey C. Mansfield, Jr., Chicago: Chicago University Press, 1985.

Mansfield, Harvey C. Jr., 1979. Machiavelli’s New Modes and Orders: A Study of the Discourses on Livy, Ithaca: Cornell University Press.

–––, 1996. Machiavelli’s Virtue, Chicago: University of Chicago Press.

Maxwell, Mary, 1990. Morality among Nations: An Evolutionary View, Albany: State University of New York Press.

Mearsheimer, John J., 1990. “Back to the Future: Instability in Europe After the Cold War,” International Security, 19: 5–49.

–––, 2001. The Tragedy of Great Power Politics, New York: Norton.

Meinecke, Friedrich, 1998. Machiavellism: The Doctrine of Raison d’État in Modern History, trans. Douglas Scott. New Brunswick, NJ: Transaction Publishers.

Molloy, Seán, 2003. “Realism: a problematic paradigm,” Security Dialogue, 34(1): 71–85.

–––, 2006. The Hidden History of Realism. A Genealogy of Power Politics, Houndmills: Palgrave Macmillan.

Morgenthau, Hans J., 1946. Scientific Man Versus Power Politics, Chicago: University of Chicago Press.

–––, 1951. In Defense of the National Interest: A Critical Examination of American Foreign Policy, New York: Alfred A. Knopf.

–––, 1954. Politics among Nations: The Struggle for Power and Peace, 2nd ed., New York: Alfred A. Knopf.

–––, 1962. “The Intellectual and Political Functions of a Theory of International Relations,” in Politics in the 20th Century, Vol. I, “The Decline of Democratic Politics,” Chicago: The University of Chicago Press.

–––, 1970. Truth and Power: Essays of a Decade, 1960–1970, New York: Praeger.

Nardin, Terry and David R. Mapel, 1992. Traditions in International Ethics, Cambridge: Cambridge University Press.

Nardin, Terry, forthcoming. “The New Realism and the Old,” Critical Review of International Social and Political Philosophy, first online 01 March 2017; doi:10.1080/13698230.2017.1293348

Niebuhr, Reinhold, 1932. Moral Man and Immoral Society: A Study of Ethics and Politics, New York: Charles Scriber’s Sons.

–––, 1944. The Children of Light and the Children of Darkness: A Vindication of Democracy and a Critique of Its Traditional Defense, New York: Charles Scribner & Sons.

Pocock, J. G. A., 1975. The Machiavellian Movement: Florentine Political Thought and the Atlantic Political Tradition, Princeton: Princeton University Press.

Rosenau, James N. and Marry Durfee, 1995. Thinking Theory Thoroughly: Coherent Approaches to an Incoherent World, Boulder: Westview.

Russell, Greg, 1990. Hans J. Morgenthau and the Ethics of American Statecraft, Baton Rouge: Louisiana State University Press.

Sleat, Matt, 2010. “Bernard Williams and the possibility of a realist political theory,” European Journal of Political Philosophy, 9(4): 485–503.

–––, 2013. Liberal Realism: A Realist Theory of Liberal Politics, Manchester: Manchester University Press.

Smith, Steve, Ken Booth, and Marysia Zalewski (eds.), 1996. International Theory: Positivism and Beyond, Cambridge: Cambridge University Press.

Scheuerman, William, 2011. The Realist Case for Global Reform, Cambridge: Polity.

Thompson, Kenneth W., 1980. Masters of International Thought, Baton Rouge: Louisiana State University Press.

–––, 1985. Moralism and Morality in Politics and Diplomacy, Lanham, MD: University Press of America.

Thucydides. History of the Peloponnesian War, trans. Rex Warner, Harmondsworth: Penguin Books, 1972.

–––. On Justice, Power, and Human Nature: The Essence of Thucydides’ History of the Peloponnesian War, Paul Woodruff (ed. and trans.), Indianapolis: Hackett, 1993.

Vasquez, John A., 1998. The Power of Power Politics: From Classical Realism to Neotraditionalism, Cambridge: Cambridge University Press.

Waltz, Kenneth, 1979. Theory of International Politics, Boston, MA: McGraw-Hill.

Walzer, Michael, 1977. Just and Unjust Wars: A Moral Argument with Historical Illustrations, New York: Basic Books.

Wendt, Alexander, 1987. “Anarchy is What States Make of It: The Social Construction of Power Politics,” International Organization, 46: 391–425.

–––, 1999. Social Theory of International Politics, Cambridge: Cambridge University Press.

Weaver, Ole, 1996. “The Rise and the Fall of the Inter-Paradigm Debate,” in International Theory: Positivism and Beyond, Steven Smith, Ken Booth, and Marysia Zalewski (eds.), Cambridge: Cambridge University Press, 149–185.

Wight, Martin, 1991. International Theory: Three Traditions, Leicester: University of Leicester Press.

Williams, Bernard, 1985. Ethics and the Limit of Philosophy, Cambridge: Cambridge University Press.

–––, 2005. “Realism and Moralism in Political Theory,” in In the Beginning was the Deed: Realism and Moralism in Political Argument, ed. G. Hawthorn, Princeton: Princeton University Press, 1–17.

Williams, Mary Frances, 1998. Ethics in Thucydides: The Ancient Simplicity, Lanham, MD: University Press of America.

Williams, Michael C., 2005. The Realist Tradition and the Limit of International Relations, Cambridge: Cambridge University Press.

–––, 2007. Realism Reconsidered: The Legacy of Hans Morgenthau in International Relations, Oxford: Oxford University Press.

Wohlforth, William C., 2008. “Realism,” The Oxford Handbook of International Relations, Christian Reus-Smit and Duncan Snidal (eds.), Oxford: Oxford University Press.

–––, 2011. “Gilpinian Realism and International Relations,” International Relations, 25(4): 499–511.

کەرەسە ئاکادیمییەکان

sep man icon How to cite this entry.

sep man icon Preview the PDF version of this entry at the Friends of the SEP Society.

inpho icon Look up topics and thinkers related to this entry at the Internet Philosophy Ontology Project (InPhO).

phil papers icon Enhanced bibliography for this entry at PhilPapers, with links to its database.

باقی سەرچاوە ئینتەرنێتییەکان

Political Realism, entry the Internet Encyclopedia of Philosophy.

Political Realism, entry in Wikipedia.

Melian Dialogue, by Thucydides.

The Prince, by Machiavelli.

The Twenty Years’ Crisis (Chapter 4: The Harmony of Interests), by E.H. Carr.

Principles of Realism, by H. Morgenthau.

Peace and War, by Raymond Aron.

Globalization and Governance, by Kenneth Waltz.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

خۆخوازی، ئەخلاق: نەریتی یاسای سرووشتی، تیۆری گەمە، هۆبز، یوماس: فەلسەفەی ئەخلاقی و سیاسی، دادپەروەریی: دابەشبوونی نێونەتەوەیی، لیبرالیزم، ماکیاڤێللی، نیکۆلۆ، سەروەری.