سەروەری

2023/05/26
943

سەروەری، گەرچی واتاکەی بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هاوکات واتایەکی ناوکیی هەیە: دەسەڵاتی باڵا لە چوارچێوەی سەرزەمینێکدا. ئەمە تێگەیشتنێکی مۆدێرن لە دەسەڵاتی سیاسییە. بگۆڕە مێژووییەکان لە سێ ڕەهەنددا دەکرێ خوێندنەوەیان بۆ بکرێ: هەڵگری سەروەری، ڕەهایەتیی سەروەری، و ڕەهەندە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەروەری. دەوڵەت ئەو دامەزراوە سیاسییەیە کە سەروەری تێیدا بەرجەستە دەبێتەوە و وێنا دەکرێت. تێکهەڵکێشێک لە دەوڵەتەکان سیستەمێکی دەوڵەتگەلی سەروەر پێک دێنێت.

مێژووی سەروەری کە لە هەردووکی دامەزراوە سیاسییەکان و هزری سیاسیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، دەکرێ لە ڕێگەی دوو بزاڤی بەرینەوە بێتە فامکردن. یەکەمیان گەشەی سیستەمێک لە دەوڵەتگەلی سەروەرە کە لە پەیمانی وێستفالیا لە ١٦٤٨ بە لووتکەی خۆی دەگات. لە هەمان سەردەمدا، سەروەری لە ڕێگەی نووسراوەکانی ماکیاڤێلی، لۆتەر، بۆدین و هۆبز لە هزری سیاسیدا زەق دەبێتەوە. بزاڤی دووەم بەرتەسککردنەوە و سنووردارکردنی دەوڵەتی سەروەرە کە بەکردەیی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم دەستی پێکرد و تا هەنووکە لە ڕێگەی یەکخستنی وڵاتانی ئەورووپی و گەشە و پتەوبوونی یاساکان و هەنگاوە کردەییەکان بۆ پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە. بەرچاوترین هزری سیاسیی پەیوەندیدار لە نووسراوەکانی ڕەخنەگرانی سەروەری وەک بێرتراند دی جووڤێنێڵ و ژاک ماریتاین دەبیندرێت.

١. پێناسەیەک بۆ سەروەری

٢. سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەروەر: بیردۆز و مومارەسە

٣. سنووردارکردنی دەوڵەتی سەروەر: بیردۆز و مومارەسە

ژێدەرەکان

ژێدەرەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت



١. پێناسەیەک بۆ سەروەری

ئێرنست کانتۆرۆویچ، نووسەری سەدەکانی ناڤین، لە کتێبە بەرز و دیارەکەیدا بە ناوی دوو جەستەی پاشا (1957) گۆڕانکارییەکی قووڵ لە تێگەی دەسەڵاتی سیاسی ڕاڤە و شی دەکاتەوە کە لە ماوەی سەدەکانی ناڤین هاتووەتە ئاراوە. ئەم گۆڕانکارییە کاتێک دەست پێدەکات کە تێگەی جەستەی مەسیح پەرە دەستێنێت بۆ بیرۆکە و ئایدیای دوو جەستە: یەکەم، جەستەی سروشتی1، واتە پەنچکە نانی پیرۆزی2 ناو میحراب؛ ئەوەی تر، جەستەی عیرفانی3، واتە جەستەی کۆمەڵایەتیی کڵێسە لەگەڵ پێکهاتەی بەڕێوەبەری و کارگێڕیی گرێدراوی. ئەم ئایدیایەی دووەم –کە لە ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتیی بەکۆمەڵ سەرچاوە دەگرێت کە سروشت و کرۆکێکی عیرفانیی هەرمانی هەیە– دێ ڕاگوێزرێت بۆ دامەزراوە سیاسییەکان واتە جەستە-سیاسەت4. کانتۆرۆویچ لەپاشان باس لە سەرهەڵدانی تێگەی دوو جەستەی پاشا لە کۆتاییەکانی سەدەکانی ناڤین دەکات کە لە شانۆنامەی ڕیچاردی دووەمی شێکسپیردا ڕەنگی داوەتەوە و دەکرێت بەسەر جەستە-سیاسەتی مۆدێرنی سەرەتاکان پیادە بکرێت. لە کاتێکدا جەستەی سروشتی و میرای پاشا بە مەرگی لەناو دەچوو، وەلێ وا بیر دەکرایەوە کە جەستەیەکی سەرووسروشتی و هەرمانیشی هەیە کە ناکرێت تەنانەت بە کوشتن و تیرۆر لەناو ببردرێت، چونکە دەرخەری شکۆی عیرفانی و دادپەروەریی جەستە-سیاسەت بوو. ئەو یەکە سیاسییە مۆدێرنەی لە سەرەتاکانی ئەورووپای مۆدێرن وەک یەکەی سیاسیی زاڵ سەری هەڵدا تایبەتمەندییەکانی ئەو کۆمەڵەیەی دەرخەست کە کانتۆرۆویچ شیی کردەوە: کۆمەڵەیەکی یەکگرتووی تاک کە لەناو سنوورەکانی سەرزەمینی سنووردار کرابووەوە و خاوەنی کۆمەڵێک بەرژەوەندی بوو و لە لایەن دەسەڵاتێکەوە حوکم دەدرا کە لە یەکەیەکی تاکدا چڕ کرابووەوە و لە بەرەوەپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی حکوومەت هەڵگری سەردەستی و زاڵێتی بوو. گەرچی لە سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێرندا پاشاکان بوون کە هەڵگری ئەم دەسەڵاتە بوون، لێ مومارەسەکەرانی دواتری ئەم دەسەڵاتە بریتی بوون لەو کەسانەی بە گوێرەی دەستوورێک حوکمڕانییان دەکرد: نەتەوەکان، حیزبی کۆمۆنیست، دیکتاتۆرەکان، حکوومەتە میلیشیاییەکان و حکوومەتە ئایینییەکان. یەکەی سیاسیی مۆدێرن بە ناونیشانی دەوڵەت و تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکەی دەسەڵاتی ناوی واتە سەروەری ناسراوە.

ئەو گۆڕانکارییەی کانتۆرۆویچ باسی لێ کرد پێکهێنەرانەیە، چونکە سەروەری تایبەتمەندییەکی زەق و دیاریکەری سیاسەتی مۆدێرنە. هەندێ لە توێژەران بەگومانن کە تێگەیەکی جێگیر و سەرەکی بۆ سەروەری بوونی هەبێت. وەلێ لە ڕاستیدا پێناسەیەک هەیە کە ئەو واتا و لێکدانەوەیەی لە سەرەتای ئەورووپای مۆدێرندا لە سەروەری کرا بپێکێت و لە ئەمەوە زۆربەی پێناسەکانی دواتری چەشنێک لەو پێناسەیەن: دەسەڵاتی باڵا لەناو سنوورەکانی سەرزەمینێکدا. ئەمە ئەو تایبەتمەندییەیە کە یەکەم دەوڵەتانی مۆدێرن هەیانبوو، وەلێ پۆپەکان، ئیمپراتۆرەکان، پاشاکان، سەرقەشەکان و زۆربەی بەگزادەکان و ڤاسالەکان لە سەدەکانی ناڤیندا لێی بێبەری بوون.

هەر بەشێکی پێکهێنەری ئەم پێناسەیە تیشک دەخاتە سەر لایەنەکی گرینگی ئەم تێگەیە. سەرەتا، هەڵگرێکی سەروەری خاوەنی دەسەڵاتە. بەو واتایە کە ئەو کەس یان یەکەیە ئەو هێز و دەسەڵاتەی کە بەڕێوەی دەبات تەنێ زۆردارانە و زۆرەملێیانە نییە، کە بە توانایی A بۆ ناچارکردنی B بە ئەنجامی کارێک پێناسە دەکرێت کە بێ ئەوە ئەنجامی نەدەدا. دەسەڵات هەر ئەو شتەیە فەیلەسووف ڕ. پ. وۆڵف بەم شێوەیە پێناسەی دەکرد: «مافی فەرمانکردن و بە گرێدراوی بەمەوە مافی فەرمانبردن» (Wolff, 1990, 20). ئەوەی لێرەدا پڕ گرنگە زاراوەی «ماف»ە، کە ئاماژە و دەلالەتە بە ڕەوایی و یاساییبوون. هەڵگری سەروەری لە چەند سەرچاوەی دانپێدانراوی دوولایەنەی ڕەوایی، دەسەڵات وەردەگرت: یاسای سروشتی، حوکمێکی خودایی، یاسای کەلەپووری و میراتی، دەستوورێک (یاسای بنەڕەتی)، یان تەنانەت یاسای نێونەتەوەیی. لە سەردەمی هاوچەرخدا، چەند یاسایەک هاوکات لە هەموو شوێنێک سەرچاوەی سەروەرین.

وەلێ سەروەری گەر بابەتێکی گرێدراو بە دەسەڵاتە، تەنیا بۆ دەسەڵات ناگەڕێتەوە، بەڵکوو بۆ دەسەڵاتی باڵا. سەردەستی و سەرتربوونە کە دەستووری ئەمریکا لە پێگەیەکی بەرزتر و سەرتر لە حکوومەتی ویلایەتی پێنسیلڤانیا یاخود هەر هەڵگرێکی تری سەروەری جگە لە سەرۆک یان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پۆلیس دادەنێت. هەڵگری سەروەری سەرتر لە گشت دەسەڵاتەکانی ناو ئاقارەکانی ژێر حوکمیەتی. سەردەستییش بۆ مۆدێرنیتە تایبەتمەندییەکی ڕەسەن و دیاریکەرە. لە سەدەکانی ناڤیندا، دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان چەشنگەلێک لە حوکم و جەوازی یاساییان بۆ دەسەڵاتەکەیان هەبوو، جا چ فیۆداڵی بێت یان بە گوێرەی یاسای کڵێسە یاخود حاڵەتی تر، لێ زۆر بەدەگمەن وەها جەواز یان سەرچاوەیەک سەردەستیی پێ دەبەخشین.

دوایین توخمی پێکهێنەری سەروەری سەرزەمینگەراییە کە هەروەها تایبەتمەندییەکی دەسەڵاتی سیاسی لە مۆدێرنیتەدایە. سەرزەمینگەرایی بنەواشەیەکە کە لە ڕێگەیەوە ئەندامەکانی کۆمەڵێک پێناسە دەکرێن و دیاری دەکات کە ئەندامێتییان لە نیشتەجێبوونیان لەناو سنوورەکانی ئەو سەرزەمینە سەرچاوە دەگرێت. ئەمە بنەواشەیەکی بەهێزە، چونکە ئەندامێتی بە شێوەیەک پێناسە دەکات کە دەشێ پەیوەندیی بە شوناسەوە نەبێت. سنوورەکانی دەوڵەتێکی سەروەر دەشێ بە هیچ شێوەیەک لەخۆگری «گەل»ێک یان «نەتەوە»یەک نەبێت، بەڵکوو دەکرێ لە ڕاستیدا چەندێک لەم شوناسانە بگرێتە خۆ، هەروەک بزاڤەکانی چارەیخۆنووسینی نەتەوەیی و گێڕاندنەوەخواز5 دەری دەخەن. زۆرتر زۆر ساکار بەهۆی هەڵکەوتنیان لەناو سنووری جوگرافیاییە کە خەڵک سەر بە دەوڵەتێکن یان دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حوکمڕانەکەی. لەناو سەرزەمینێکی جوگرافیاییە کە دەسەڵاتدارانی سەروەری مۆدێرن بە شێوەیەکی زاڵ و سەردەست خاوەن دەسەڵاتن.

ئێستاکە سەرزەمینگەرایی بەتەواوی بە ئەمرێکی قبووڵکراو و بەڵگەنەویست سەیر دەکرێت و تایبەتمەندییەکی دەسەڵات لە سەرانسەری جیهانە. تەنانەت ڕێکخراوە سەروونەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان وەکوو یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەوڵەتگەلێک پێک دێن کە ئەندامێتییان خۆی لە خۆیدا بەپێی سەرزەمینەکەیان پێناسە دەکرێت. ئەم گشتگیرێتی و جیهانگیرییەی فۆرم خاڵێکی دیاریکەری مۆدێرنیتەیە و جەخت لە پەیوەندیی سەروەری لەگەڵ مۆدێرنیتە دەکاتەوە. گەرچی سەرزەمینگەرایی لە سەردەمگەل و شوێنگەلی جیاواز بوونی هەبووە، بەڵام بنەواشەکانی تری ئەندامێتی وەکوو گرێدراویی خزمایەتی و بنەماڵەیی، ئایینی، خێڵی و فیۆداڵییش بایەخ و پرەستیژی مەزنیان هەبووە. دیارترین دژوازی لەگەڵ سەرزەمینگەرایی، هۆزێکی ڕەوەندە کە تێیدا پێکهاتەی دەسەڵات بەتەواوی سەربەخۆ لە پارچە زەوییەکی تایبەتە. سەرزەمینگەرایی دیاری دەکات کە بە گوێرەی چ تایبەتمەندییەک هاووڵاتییان بەندن بە دەسەڵات؛ واتە شوێنی جوگرافییان لەناو کۆمەڵێک سنووردا. تیۆریستەکانی پەیوەندیی نێونەتەوەیی لە ڕاستیدا ئاماژەیان بە لێکچوونی نێوان سەروەری و بنەمایەکی مافناسانەی تر، واتە خاوەندارێتیی تایبەت، کردووە کە تێیدا هێڵەکان سنووری عەرد دیاری دەکەن. لە ڕاستیدا، ئەم دووە بەدیاریکراوی بەیەکەوە لە هزری تۆماس هۆبزدا گەشەیان سەند.

باسمان کرد پێناسەی گشتیی سەروەری ئەمەیە: دەسەڵاتی باڵا لەناو سەرزەمینێکدا. دەرکەوتە دیرۆکییەکانی سەروەری کەم تا زۆر هەمووکات نموونەگەلی دیاریکراوی ئەم پێناسە گشتییەن. ئەمە لە ڕاستیدا ئەو نموونانەن کە فەیلەسووفەکان و خاوەن ویستە سیاسییەکان زۆربەی کات لەسەری دواون و بانگەشەی خۆیان بۆ سەروەریی فلانە کەس و فیسارە پێکهاتەی یاسا لەسەر داڕشتووە. کەواتە بۆ تێگەیشتن لە سەروەری حەوجەیە لە ئیدعا و بانگەشەکان بۆی یان لانیکەم لە بەشێک لە گرنگترینی ئەم ئیدعایانە تێبگەین.

لە پێنجسەد ساڵی پێشوودا، ئەم بانگەشانە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر فۆرمگەلی جیاوازیان بە خۆیان گرتووە؛ نەتەوەگەلێک کە داوای سەربەخۆیی لە دەوڵەتگەلی دایک دەکەن، کۆمۆنیستگەلێک کە بە شوێن ڕزگاری لە کۆلۆنیالیستەکاندان، دەنگی گەل کە لۆمە و دژایەتیی ڕژێمە لەکارلادراو و پێشووەکان دەکات، حکوومەتە ئایینییەکان کە دەسەڵاتی دەوڵەتە سیکۆلارەکان ڕەت دەکەنەوە و گەلێکی تر. ئەمە لە ڕاستیدا هێمایەکی خۆگونجێنی و لەخۆگریی دەوڵەتی سەروەرە کە وەها چەشنگەلێکی فرەجۆر لە دەسەڵاتی لە خۆیدا جێ کردووەتەوە. گەرچی هێنانی لیستەیەک لەم دەسەڵاتانە لێرەدا مەیسەر نییە، باسکردن لەو سێ ڕەهەندەی دەشێ تێیاندا لەم دەسەڵاتانە بگەین، یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ پۆلێنبەندییان: هەڵگرانی سەروەری، سروشتی ڕەها یاخود سنوورداری سەروەری، و پەیوەندیی نێوان ڕەهەندە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەروەری.

هەروەک گوترا، دەسەڵاتگەلێکی فرەچەشن هەڵگری سەروەری بوونە: پاشاکان، دیکتاتۆرەکان، ئەوانەی بە گوێرەی دەستوور حوکمڕانی دەکەن و زۆری تریش. کەسایەتیی هەڵگری دەسەڵاتی سەردەست لەناو سەرزەمینێکدا دەشێ گرنگترین ڕەهەندی سەروەری بێت. لە سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێرندا، تیۆریستی فەڕەنسی ژان بۆدین پێی وا بوو کە سەروەری دەبێ لە تاکەکەسێکدا جێگیر بێت. هەم ئەو و هەمیش فەیلەسووفی ئینگڵاندی تۆماس هۆبز سەروەرییان لە سەرووی یاسا دادەنا. بیرمەندانی دواتر جیاواز بیریان دەکردەوە و هاتنە وێناکردنی پێگەیەکی نوێ بۆ سەروەری، لێ دەروەست و باوەڕمەندی بنەواشەکە مانەوە.

سەروەری هەروەها دەتوانێ ڕەها یاخود سنووردار بێت. چلۆن دەکرێ سەروەری هاوکات کە سەردەست و زاڵە سنووردار بێت؟ جیا لەمە، توێژەرانێک وەک ئالان جەیمز پێیان وایە کە سەروەری تەنێ دەتوانێ هەبێ یان نەبێ، و ناتوانێ بە شێوەیەکی ڕێژەیی هەبێت (James 1999, 462–4). وەلێ لێرەدا، ڕەهایەتی ناگەڕێتەوە بۆ ئاست و ڕادەی سەروەری یان سروشت و تایبەتمەندیی سەروەری، کە دەبێ هەمووکات سەردەست و زاڵ بێت، بەڵکوو ئاماژەیەکە بۆ بوار و پانتایی بابەتگەلێک کە هەڵگرێکی دەسەڵات بەسەریانەوە سەروەرە. بۆدین و هۆبز سەروەرییان بە ڕەهایی وێنا دەکرد کە بێ هیچ شەرت و مەرجێک گشت بابەتەکانی ناو سەرزەمین دەگرێتەوە و باڵ دەکشێت بەسەریاندا.

دەکرێ دەسەڵاتێک بەسەر چەند بابەتێکی ناو سەرزەمینێکدا سەروەر بێت، بەڵام نەک هەموویان. ئەمڕۆکە زۆربەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەرخەری سنووردارین. لە حوکمڕانیی بواری بەرگریدا سەروەرن، لێ لە بوارەکانی دراو، سیاسەتی بازرگانی، و زۆربەی سیاسەتەکانی خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیدا حوکمڕانی سەروەر نین، که هەروەک لە یاسای یەکێتیی ئەورووپادا ئاماژەی پێ دراوە بە هاوکاریی دەسەڵاتەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوەیان دەبەن. سەروەریی ڕەها سەروەریی شاز و نموونەیی مۆدێرنە. لێ لە چەند دەیەی ڕابردوودا، هاتووە کە لە لایەن دامەزراوەگەلێکی وەک یەکێتیی ئەورووپا، هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستتێوەردانی ڕێگەپێدراو و دادگای تاوانی نێونەتەوەیی سنووردار بکرێتەوە.

دوایین جووت ئاوەڵناوێک کە سەروەری پێناسە دەکەن «ناوخۆیی» و «دەرەکی»ن. لەم بارەوە، ئەم دوو وشەیە نەک چەشنگەلی تایبەت و جیاوازی سەروەری بەڵکوو لایەنە جیاوازەکانی سەروەری وەسف دەکەن کە هەم بەیەکەوە و هەم لە گشت شوێنێک بوونیان هەیە. دەسەڵاتی سەروەر لەناو سنوورەکاندا، بەڵام هەروەها بە گوێرەی پێناسەکەی، لە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دەرەکی لەکار دەکرێت، کە دەشێ فڕیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو دەسەڵاتە سەروەرەدا نەبێ. هەر لە سەردەمی پەیمانی وێستفالیاوە لە 1648دا، پاش ئەوەی دەستتێوەردان لە دەسەڵاتەکان و کاروباری حوکمڕانیی وڵاتانی تر یاساخ کرا، دەوڵەت بووە بە هەڵگری سەرەکی و باڵای سەروەریی دەرەکی. تێگەی سەروەری لە یاسای نێونەتەوەییدا زۆربەی کات ئاماژەیە بە سەروەریی دەرەکی. ئالان جەیمز بە هەمان شێوە سەروەریی دەرەکی بە سەربەخۆیی دەستووری –سەربەستیی دەوڵەتێک لە باندۆری دەرەکی بەسەر دەسەڵاتە بنەڕەتییەکانیدا– دەزانێت (James 1999, 460–462). سەروەریی دەرەکی تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە دانپێدانران لە لایەن بیانی و دەرەکییەکانەوە. ئەم دانپێدانرانە بۆ دەوڵەتەکان وەک یاسای نەهێشتنی دەستدرێژی و پێشێلکردن بۆ خاوەنداریی تایبەت وایە –کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی دوولایەنە کە سامان، یاخود دەوڵەت، لە دەستتێوەردانی دەرەکی دەپارێزێت. ئەمە هەروەها سەروەریی دەرەکییە کە مەرجی سەرەکیی پەیوەندیی نێونەتەوەیی جێگیر دەکات –ئانارکی، واتە نەبوونی دەسەڵاتێکی باڵاتر کە قسەی بەسەر دەسەڵاتگەلی نزمتردا بڕ بکات. کۆمەڵە دەوڵەتێک بەیەکەوە کە لە هەردوو ڕووی ناوخۆیی و دەرەکیدا سەروەرن، سیستەمێکی نێونەتەوەیی پێک دێنێت کە تێیدا یەکەگەلی سەروەر هاوپەیمانی پێک دێنن، بازرگانی و ئاڵووێر دەکەن و شەڕ و ئاشتی بەرپا دەکەن.



٢. سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەروەر: بیردۆز و مومارەسە

دەسەڵاتی باڵا لە سەرزەمینێکدا؛ سەروەری لەم پێناسەیەدا تەنێ لە ڕێگەی دیرۆکەکەی دەکرێ بەوردیتر فام بکردرێت. ئەم دیرۆکە دەکرێ وەک یەکێک لەم دوو بزاڤە بەرینە باس بکردرێت: یەکەم، گۆڕانکاری و پێشڤەچوونێک بە درێژایی یەک سەدە بەرەو کیشوەرێک بە ناوی ئەورووپا، و پاشان جیهانێک، لە دەوڵەتگەلی سەروەر؛ و دووەم، سنووردارکردنی ئیختیاراتی ڕەهای دەسەڵاتی سەروەر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا.

لە پەیمانی وێستفالیا لە 1648دا بوو کە ئەورووپا تێپەڕینی دوورودرێژی لە سەدەکانی ناڤینەوە بۆ جیهانێک لە دەوڵەتگەلی سەروەر جێگیر کرد. بە گوێرەی مێژوونووس ج. ڕ. سترایەر، بەریتانیا و فەڕەنسا تا ساڵەکانی 1300یش زۆر وەک دەوڵەتگەلی سەروەر وا بوون و پاشاکانیان لە سەرزەمینگەلێک بە سنووری دیاریکراودا خاوەن سەردەستی و زاڵێتی بوون. وەلێ دواتر تەنانەت لە سەرەتاکانی سەردەمی چاکسازیی پرۆتیستانتی لە ١٥١٧دا، ئەورووپا لە وێستفالیا دوور مابووەوە. ڕێک لەو سەروبەندەدا بوو کە هەڵگەڕانەوەیەکی مەزن لە جووڵەی مێژوو ڕووی دا، کاتێک چارلزی پێنجەمی ئیسپانیا لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت و کاستیا، ئاراگۆن و هۆڵەندای یەک خست و لە هەمان کاتدا بوو بە ئیمپراتۆری پیرۆزی ڕۆمی و کۆمەڵێک دەسەڵاتی بەسەر مەڵبەندگەلێک لە ئەورووپای ناوەندی دەستەبەر کرد، لە کاتێکدا دەوری جێبەجێکار و ڕاییکەری دەسەڵاتە دونیاییە هێشتا گرنگ و بەرچاوەکەی کڵێسەی کاتۆلیک لە ناوخۆی ئیمپراتۆریدا، بەتایبەت چەسپاندن و پیادەکردنی ئۆرتۆدۆکسی کڵێسەیی هەبوو. وەلێ چارلزی پێنجەم لە ناوخۆی ئیمپراتۆریدا سەروەر نەبوو، چونکە شازادەکان و بەگزادەکان لەوێندەرێ هەندێ ئیختیاراتیان هەبوو کە ئەو هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەریاندا نەبوو. لە 1555دا، سیستەمێک لە دەوڵەتگەلی سەروەر لە پەیمانی ئاوگسبۆرگدا پێگەیەکی پڕبایەخی بەدەست هێنا، کە فۆرموڵەکەیان «قەڵەمڕەوی کێیە، ئایینی وان»6، ئیزنی بە شازادە ئەڵمانییەکان دا کە ئایین و باوەڕی دینیی خۆیان لەناو سەرزەمینەکەیاندا بسەپێنن. وەلێ ئاوگسبۆرگ ناسەقامگیر بوو. ململانێ و ڕکەبەریی فرەلایەنە لەسەر بڕگەکانی پەیماننامەکە بوو بە هۆی کۆمەڵێک شەڕی بەردەوام کە لە کۆتاییدا شەڕی سی ساڵەی لێ کەوتەوە، کە ئەمیش تا ساڵی 1648 واتە کاتی پەیمانی وێستفالیا کۆتایی پێ نەهات.

چ تایبەتمەندیگەلێکی وێستفالیا کردوویەتی بە چاڤکانیی سیستەمی دەوڵەتگەلی سەروەر؟ هەڵبەت لە ڕاستیدا، گشت توێژەران لەو باوەڕەدا نین کە شیاوی وەها پێگەیەک بێت (بڕوانە Krasner 1999). لە هیچ شوێنێکی پەیماننامەکانی ڕێککەوتن سیستەمێکی دەوڵەتگەلی سەروەر یاخود تەنانەت دەوڵەت وەک یەکەی ڕەوای حوکمڕانی دیاری نەکراوە و بڕیاری لەسەر نەدراوە. بێ گومان، وێستفالیا لە هیچەوە نەبوو کە سیستەمێکی دەوڵەتگەلی سەروەری چێ کرد، چونکە خاڵە پێکهێنەرەکانی ئەم سیستەمە بۆ ماوەی چەند سەدە بەر لە ڕێککەوتنەکەوە کەڵەکە کرابوونەوە؛ هەروەتر، پاش وێستفالیایش هەندێ ناڕێکی و دۆخی نائاسایی سەدەکانی ناڤین درێژەی هەبوو. سەرەڕای ئەمە، سیستەمی دەوڵەتگەلی سەروەر لە دوو ڕەهەندی گشتییەوە، واتە هەم دەسەڵاتی یاسایی و هەم هێزی کردەیی، سەرکەوتنی بەدەست هێنا. یەکەم، دەوڵەتەکان وەک تاکە فۆرمی دەسەڵاتی دەستووریی ڕاستەقینە لە ئەورووپا سەریان هەڵدا، و چیتر ئیمپراتۆریای پیرۆزی ڕۆمی بە شێوەیەکی جیددی بەرەنگاری دەسەڵاتیان نەدەبووەوە. هۆڵەندا و سویسڕا سەروەریی بێبەرهەڵستیان بەدەست هێنا، ویلایەتە ئەڵمانییەکانی ئیمپراتۆریای پیرۆزی ڕۆمی بوونە خاوەن مافی یەکگرتن و هاوپەیمانی لە دەرەوەی ئیمپراتۆری، لە کاتێکدا گەڵاڵەی هەردووکی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و سیاسەتی دەرەوەی زلهێزەکانی هاوچەرخ دەرخەری تێگەیشتنێکی هاوبەش لە سیستەمێکی دەوڵەتگەلی سەروەر بوو. دەسەڵاتە دونیاییەکانی کڵێسە ژی بە ڕادەیەک کورت و سنووردار کرانەوە کە چیتر بەرەنگاری سەروەرەیی هیچ دەوڵەتێک نەبوونەوە. لە کاردانەوەی ئەمەدا، پۆپ ئینۆسێنتی دەیەم پەیماننامەکانی ئاشتیی بە «بێبرەو، پووچەڵ، هەڵوەشاوە، زۆردارانە، نادادپەروەرانە، دزێو، قێزەون، گەمژانە و بێ واتا و بێکاریگەری بۆ هەمیشە» (وەرگیراو لە Maland 1966, 16) ناو برد و ئیدانەی کردن.

خاڵی دووەم، وێستفالیا کۆتایی بە سەردەمی دوورودرێژی دەستتێوەردان لە کاروباری ئایینی هێنا، کە تا ئەوکاتیش باوترین نموونەی پوختی مومارەسەکراوی ئیختیاراتی سەروەر بوو. پاش چەند دەیە ململانێی چەکدارانە، لە کۆتاییدا گەڵاڵەی پەیمانی ئاوگسبۆرگ جێگیر بوو، هەڵبەت بە وردەکاریی ساڵی 1555 نەبوو، وەلێ بە شێوەیەکی کاریگەر دەسەڵاتی شازادەکان و پاشاکانی بەسەر ئاییندا چەسپاند. گەرچی دەستتێوەردان لە کاروباری ئایینی بەتەواوی کۆتایی پێ نەهات، لێ بە ڕادەیەکی ئێجگار زۆر دەگمەن کرا، ئەمە تەواو پێچەوانەی ١٣٠ ساڵی بەر لەمە بوو، کاتێک شەڕە ئایینییەکان ئەورووپایان لێک دادڕی. کاتێک سیستەمی دەوڵەتگەلی سەروەر لە دەیەکانی دواتردا زۆرتر گشتگیر بووەوە، ئەم یاساخ و سەرکۆنەکردنەی دەستتێوەردان ژی زۆرتر پەرەی سەند و بڵاو بووەوە و بوو بە پێودانگێکی بنەڕەتیی سیستەمی نێونەتەوەیی.

هەروەک گوتمان هەموو توێژەران لەو بڕوایەدا نەبوون کە وێستفالیا شیانی پێگەی «ساتەوەختی بنیاتنان»ی هەبێت. دانیەڵ فیلپۆت لە (Philpott, 2001)دا بۆ باوەڕی ئۆرتۆدۆکسی باس و ڕاڤەی کردووە. سەرەڕای ئەمە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە توێژەران باسیان لەوە کردووە کە ئوستوورەی وێستفالیا پێویستە تێک بشکێندرێت و وەلا بنرێت (Krasner, 1999; Carvalho, Leira, and Hobson, 2011; Nexon, 2009; Osiander, 1994; Osiander, 2001; Teschke, 2009). بەگشتی، ئەم توێژەرانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە توخمە گرنگەکانی دەوڵەتداری گەلێک بەر لە وێستفالیا بوونیان هەبووە و توخمە گرنگەکانی «هیرارکی»، یا بەرتەسککردنەوە و سنووردارکردنی سەروەری لە سەرەوەڕا، گەلێک پاش وێستفالیا ژی هەر درێژەی هەبوو. تەنێ هاوڕایی درێژماوەی توێژەران دەتوانێت دیاری بکات کە چلۆن وێستفالیا دێ بێتە ڕەچاوکردن و لالێدانەوە.

چ سیستەمی دەوڵەتگەلی سەروەر لە وێستفالیادا جێگیر بووبێت و لە سەردەمێکی دواتردا بیچمی تەواوی بە خۆی گرتبێت، یاخود هەمووکات بەدەر لە ڕەوتی باو و سەرەکی مابووبێتەوە، هەرچۆنێک بێت فۆرمە سەرەکییەکەی لە ماوەی سێ سەدەی دواتردا لە تەواوی جیهاندا بڵاو بووەوە و بە داڕمانی ئیمپراتۆرییە کۆلۆنیاڵییەکانی ئەورووپا لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، کاتێک کە دەوڵەت بوو بە تاکە فۆرمی سیاسەت کە تا ئەوکاتە هەموو ڕووبەری خاکی جیهانی داگرتبێت، بە ترۆپکی خۆی گەیشت. ئەمڕۆکە پێودانگەکانی سەروەری لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتوون و بایەخیان پێ دراوە، کە بڕگەی ٢(٤)ی ئەو جاڕنامەیە هێرش بۆ سەر «سەربەخۆیی سیاسی و یەکپارچەیی خاک» یاساخ دەکات و بڕگەی ٢(٧)ی بەتوندی و ڕاشکاوی سنوور بۆ دەستتێوەردان دادەنێت.

لە کاتێکدا پاژی دووەم دێ بەوردەکاری باس لە سنووردارکردنی سەروەری لەپاش جەنگی جیهانیی دووەم بکات، ئەم ڕەوتە مێژووییە گشتییە نابێت ئەو لایەنانەی تێیاندا سەروەری لە ساڵانی ڕابردوودا بەرگەی گرتووە و تەنانەت بووژاوەتەوە و گەشەی کردووە لێڵ و تەماوی بکات. توێژەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ڕۆڵاند پاریس لە وتارێکی گرنگدا (2020) ئەم بابەتە ڕاڤە دەکات کە سیاسەتی جیهانی وا سەرهەڵدانەوە و سەرلەنوێ دەرکەوتنەوەی تێگەگەلی سەروەریی بەر لە وێستفالیا، لەوانە وەشانەکانی «دەروویاسایی» و «ڕێکخراو»، بە خۆیەوە دەبینێت، کە لەگەڵ سەروەریی وێستفالیایی و پێودانگەکانی یەکسانیی یاسایی دەوڵەت و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی لێکدژ و ناکۆکە. پاریس بۆ ئەم دەرکەوتنەوەیە لە ڕووسیای ژێر حوکمی سەرۆک کۆمار ڤلادیمیر پووتین، چینی ژێر دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار شی جین پینگ و ئەمریکای ژێر دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار دۆناڵد ترامپ بەڵگە دێنێتەوە.

کە دەوڵەتی سەروەر لە سەرەتای سەردەمی مۆدێرندا پارچە بە پارچەی کیشوەری ئەورووپای داگرت و لە کۆتاییدا سیستەمێکی پێک هێنا کە هەموو جیهانی گرتەوە، فەیلەسووفە سیاسییەکانی هاوچەرخ ئەم فۆرمە لە سیاسەتیان قبووڵ کرد و ئەو بنەمایانەی ڕەواییان بەو سیستەمە دەدا شی کردەوە. ئەوان داهێنەری ئەم تێگەیە نەبوون، چونکە تەنانەت لە سەردەمانی سەدەکانی ناڤیندا، فەیلەسووفگەلێک وەک دانتە و مارسیلیوس پادوایی پاڵپشتییان لە جیابوونەوەی دەسەڵاتی دونیایی و ئایینی دەکرد کە لە ڕێگەی ڕاگواستنی دەسەڵات و ئیختیارات بۆ فەرمانڕەوای دونیایی دەستەبەر دەبوو. پاشان، لە سەرەتای سەردەمی مۆدێرن دوو فەیلەسووفی تا ڕادەیەک هاوسەردەم هەبوون کە بەئاشکرایی و هۆشیارانە لەسەر سەروەری نەیاندەنووسی، بەڵام ئایدیاکانیان لە کرۆکی خۆیدا بوو بە هۆی پەرەسەندنی گرنگی تێگەکە. ماکیاڤێلی سیاسەتی دەوڵەت-شارەکانی لە ئیتالیای سەردەمی ڕێنیسانس دیت و شیی کردەوە کە شازادەیەک پێویستە چ بکات تا کۆمارێکی ڕوولەگەشە لەو هەلومەرجانەی کە دەسەڵاتی سەردەستی لە ناوخۆی سەرزەمینەکەی پێ دەبەخشێت گەشە بکات. ڕوونە کە ئەو نەدەبووایە پێبەستی یاسای سروشتی، یاسای کڵێسەیی، فەرمانەکانی ئینجیل یاخود هەر پێودانگ یان دەسەڵاتێک بێت کە ئەندامەکانی جیهانی مەسیحیەتی دەروەست دەکرد. بەڵکوو دەبووایە بۆ «باش نەبوون» و بۆ ئەنجامدانی خراپە ئامادە بێت، نەک لەبەر ئەوە کە خراپە چیتر خراپە نەبوو، بەڵکوو چونکە هەندێ جار پێویست بوو بۆ دەستەبەرکردنی ئاکامێک کە بۆ ماکیاڤێلی سەرەکی و بنگەهی بوو زۆرتر پێشڤە بچێت، ئاکامێک کە دەگاتە ئایدیای یەکخەری هزرەکەی: هێز و تەکووزی و باش ڕێکخراویی دەوڵەت. دەروەستیی شازادە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بوو. ئەو لە ناوخۆی سنوورەکانی خاکی دەوڵەتەکەدا سەردەست بوو و بۆ خۆشبژیویی ئەم جەستە تاکە یەکپارچەیە بەرپرسیار بوو.

مارتین لۆتەر لە گۆشەنیگایەکی تەواو جیاوازەوە خزمەت بە سەروەری دەکات. تیۆلۆژیای بزاڤی چاکسازیی لۆتەر پاڵپشتیی وەرگرتنەوەی هێزی زۆری کڵێسەی کاتۆلیک بوو، نەتەنێ دەسەڵاتی لە کاروباری ئایینیدا، بەڵکوو ئەو دەسەڵاتەیش کە بەپێی هەر پێناسەیەکی مۆدێرن دونیاییە. لۆتەر پێی وا بوو کە چیتر کڵێسە نابێت وەک دامەزراوەیەکی هیرارکیی دیار ڕەچاو بکردرێت، بەڵکوو بە کۆمەڵی نادیارانە یەکگرتووی کڵێسەگەلی خۆجێیی دەزانی کە لایەنگری دۆکترینی ڕاست بوو. کەواتە، کڵێسەی کاتۆلیک چیتر بە شێوەیەکی ڕەوا خاوەنی ئەو پارچە زەوییە بەرینانە نەبوو کە باجی بۆ وەردەگرتن، بەرگریی لێ دەکردن و دادپەروەریی تێدا بەرقەرار دەکردن؛ چیتر ڕەوا نەبوو بۆ سەرقەشەکانی کە پلە و پۆستی دونیاییان لە سەردەمی شازادەکان و پاشاکاندا هەبێت؛ هەروەها پۆپیش نەیدەتوانی لە ڕێگەی هێزی تەکفیری حوکمڕانە سیکۆلارەکان لە کار لادات؛ و لە گشتی گرنگتر، ئیمپراتۆریای پیرۆزی ڕۆمی چیتر بۆی نەبوو یەکدەستیی کاتۆلیک بسەپێنێت. کڵێسە و ئەوانی لەژێر ناوی وییەوە دەجووڵانەوە چیتر نەیاندەتوانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بەکار بێنن. کەوایە کێ ئەو دەسەڵاتە چۆڵکراوەی دەگرتە دەستی؟ شازادەکانی سەرزەمینەکان. فەیلەسووفی سیاسی ج. ن. فیگیس (72) دەنووسێت: «بە هەڵوەشانی سەربەخۆیی کڵێسە و نەمانی دەستڕۆیشتوویی و کاریگەرییەکەی بەسەر ڕای گشتییەکی سەروو سنوورەکانی سەرزەمینییەوە، دوایین لەمپەڕ لەبەردەم یەکگرتن لەناو دەوڵەتدا هەڵگیرا.» ئەم ڕوانگەیە بوو کە لە وێستفالیادا سەرکەوت.

تیۆلۆژیای سیاسیی لۆتەر هەموو ئەمانە شی دەکاتەوە. ئەو فێری کردین کە لەژێر دەسەڵاتی خودادا، دوو بەستێن بە دوو فۆرمی حکوومەتەوە بوونی هەیە. «قەڵەمڕەوی ڕۆح» ئەو بەستێنە بوو کە تێیدا مەسیح بە ڕۆحی کەسی ئیماندار گرێ دەدرایەوە. قەڵەمڕەوی جیهان بەستێنی کۆمەڵگەی سیکۆلار بوو کە تێیدا دەسەڵاتدارانی سیڤیل لە ڕێگەی یاسا و زۆرلێکردن دامەزراوە حکومییەکانیان بەڕێوە دەبرد. هەردوو قەڵەمڕەوەکە چاکەی ئیماندارانیان پتر دەکرد، لێ هەرکام بە تێگەیشتنی جیاواز؛ ئەم دوو قەڵەمڕەوە دەبووایە بە شێوەیەکی جیاواز ڕێک بخرێن. ڕێبەرانی کڵێسە ئەرکگەلی مەعنەوییان ئەنجام دەدا و شازادەکان، پاشاکان و دادوەران ئەرکە دونیاییەکان. شازادەکان کە لە هێزی پۆپ و کڵێسەی کاتۆلیک ڕزگار ببوون و دەسەڵاتی شیاوی دونیاییان لە ناوخۆی قەڵەمڕەوەکەیان گرتبووە دەست، ئیتر بە شێوەیەکی کارا سەروەر بوون. لەو سەردەمەدا، شازادەکان تەنانەت کۆنترۆڵێکی بەرچاویان بەسەر کڵێسەکانی پرۆتێستانتدا هەبوو و هەروەک لە دۆکترینی «ئەراستیانیزم»دا ڕوون کرابووەوە، دەسەڵاتی دیاریکردنی سەرکردە ناوچەییەکانیان هەبوو. گەرچی نە لۆتەر و نە ڕیفۆرمخوازە پرۆتێستانتەکانی تر بەوردی باسیان لە دۆکترینی سەروەری نەدەکرد، گشت ناوەرۆکەکەیان بۆ شازادەکان دیاری کردبوو. دیسان فیگیس دەڵێت: «یەکێتی و گشتگیرێتی و دروستیی بنەڕەتیی دەوڵەتی سەرزەمینیی سەروەر و ڕەتکردنەوەی هەر چەشن و فۆرمێکی ژیانی بەکۆمەڵی سەربەخۆ یا سەروو سنوورەکانی سەرزەمینی، پشکی هەرمانی لۆتەر لە سیاسەتدایە.» (91)

بێ گومان، یەکەم فەیلەسووفە مۆدێرنەکانی تر بەئاشکرایی پاڵپشتییان لە دۆکترینی سەروەری دەکرد، و بەم پێیە زۆر گەرموگوڕتر پەیوەندییان لەگەڵ دەگرت. فەیلەسووفی فەڕەنسی ژان بۆدین یەکەم فەیلەسووفی ئەورووپی بوو کە بە بەربڵاوی هاتە سەروکاری ئەم تێگەیە. تێگەی "souveraineté"7ی بۆدین وەک تێگەیەکی سەرەکی لە بەرهەمەکەی بە ناوی De la républiqueدا ڕەنگی دایەوە، کە ئەو بەرهەمەی لە ساڵی 1576دا لە سەردەمێکدا کە فەڕەنسا بە دەستی شەڕی ناوخۆیی نێوان هوگنۆتە کالڤینیستەکان و پاشایەتیی کڵێسە شڕ ببوو نووسی. ئەو کێشەی تەکووزیی بە کێشەیەکی بنەڕەتی و سەرەکی دەزانی و پێی وا نەبوو لە ڕێگەی تێگەگەلی کۆنەباوی سەدەکانی ناڤینی کۆمەڵگەیەکی دابەشبوو بکرێ چارەسەر بکردرێت، بەڵکوو تەنێ لە ڕێگەی تێگەیەک چارەسەر دەکرا کە تێیدا فەرمانڕەواکان و بەرفەرمانەکان لە تاکە جەستەیەکی سیاسیی یەکپارچەدا یەک دەخران کە لە سەرووی هەر یاسایەکی مرۆیی و لە ڕاستیدا سەرچاوەی یاسای مرۆیی بوو. ئەم تێگەیە سەروەری بوو. تەنێ دەسەڵاتێکی سەردەست لە ناوخۆی سەرزەمینێکدا دەیتوانی کۆمەڵێکی لێک دابڕاو و دابەشبوو بەهێز بکات.

بەدڵنیاییەوە، بۆدین پێی وا بوو کە ئەو جەستەیەی سەروەری وەگەڕ دەخات گرێدراو بە یاسای سروشتی و خوداییە، هەر بۆیەش هیچ یاسایەکی مرۆیی نەیدەتوانی هەڵسەنگاندن یان پێداچوونەوەی بۆ بکات. سەیرتر لەمەیش، ئەو هەروەها وای دەڕوانی کە سەروەرییەک کە بەدروستی لەکار بکردرێت ڕێزی مافگەلی نەریتی و مافی خاوەندارێتی دەگرێت. ڕوون نییە کە چلۆن وەها کۆسپ و بەربەستێک دەکرێ لەگەڵ پێگەی سەردەستی دەسەڵاتی سەروەر بگونجێندرێت. دەشێ بۆدین وای بیر کردبێتەوە کە وەها مافگەلێک دەبێ تایبەتمەندیی ڕژێمێکی یاسایی بن کە خۆی بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتەکانی تر سەروەرە. لە ڕاستیدا، هەروەها پێی وا بوو کە فۆرمی حکوومەتێک کە کار بە دەسەڵاتی سەروەر دەکات دەبێ بە شێوەیەکی یاسایی لە نێوان فۆرمەکانی پاشایەتی، ئاریستۆکراسی و دیموکراسی بگۆڕدرێت، هەرچەند خۆی پاشایەتیی بە لاوە باشتر بوو. هەر چۆنێک بێت، جەستەی سەروەر بە هەر شێوەیەک هاتبێتە بەرچاو و لێکدانەوەی بۆ کرابێت، لەناو قەڵەمڕەوی خۆیدا پاشکۆ و لەژێر دەسەڵاتی هیچ یاسا یا دەسەڵاتێکی مرۆیی دەرەکی نەبوو. ف. ھ. هینسلی دەنووسێت:

لە کاتێکدا کە کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و تێکهەڵچوونی دەسەڵاتداران و بەرفەرمانان ببوو بە پێویستییەک، [بۆدین] تێگەیشت –و ئەمە شاکارێکی هزریی مەزن و شوێندانەر بوو– کە ئەو ململانێیە تەنێ بە مەرجێک چارەسەر دەبێ کە ئەو ئەگەرە سەر بگرێت کە هەم بوونی هێزێکی حوکمڕانیی بێ ئەملا و ئەولا بێسنوور جێگیر بکردرێت و هەم ئەو هێزە لە مڵهوڕی و سەرەڕۆییەک جیا بکرێتەوە کە ئازادانە گشت یاسا و ڕێساکان پشتگوێ بخات. ئەو ئەم کارەی بە بنیاتنانی هەردوو بابەتی یاساییبوونی ئەم هێزە و ئاوەزمەندیی چاودێریکردنی ئەو بەربەستانە بە ئەنجام گەیاند کە لەمپەڕ بوون لەبەردەم بەکارهێنانی دروست و شیاوی لەسەر ناوەرۆک و سروشتی جەستەی سیاسی، وەک کۆمەڵگەیەکی سیاسیی پێکهاتوو لە حوکمڕان و بەرفەرمانان –و دەربڕینی وی لە سەروەری تاکە ئاکامی ڕێتێچووی پێویست بوو. (124–125)

«لێدوانی سەروەری»ی بۆدین یەکەم لێدوانی سیستەماتیک لە فەلسەفەی مۆدێرنی ئەورووپیدا بوو، و بەو پێیەش شیاوی پێگەیەکی گرنگ و بەرچاوە.

فەیلەسووفی ئینگڵاندی تۆماس هۆبزیش لە سەردەمی شەڕی ناوخۆییدا دەینووسی و ئەویش هەر گەیشتە ئەو قەناعەتە کە بیرۆکەی سەروەری بە ڕێگەچارەیەک بزانێت. لە لای هۆبز، خەڵک لە ڕێگەی گرێبەستێک کە تێیدا گشت مافەکانیان گواستبووەوە بۆ لیڤیاتان، کە هێمای تێگەی ئابستراکتی دەوڵەت بوو، دەسەڵاتی سەروەریان بنیات نا. ویستی لیڤیاتان قسەی کۆتایی و زاڵ لە حوکڕانیدا بوو و نوێنەرایەتیی ویستی ئەوانەی دەکرد کە مافەکانیان بۆی گواستبووەوە. وەک تێگەی دەسەڵاتی سەروەری بۆدین، لیڤیاتانی هۆبز ژی لە سەرووی یاسا بوو؛ خوایەکی میرا کە بێبەری و ئازاد لە هەر دەستوور یا دەروەستبوونێکی گرێبەستی لەگەڵ هەر لایەنێکی دەرەکی بوو. هۆبزیش وەکوو بۆدین پێی وا بوو کە دەسەڵاتی سەروەر دەبێ لە ئاست خودا و بە ئەگەری زۆر بە جۆرێک لە ئاست یاسای سروشتی بەرپرسیار بێت. ئەگینا، یاسا فەرمانی حوکمڕانی سەروەر بوو، کە لە ویستی وییەوە سەرچاوەی دەگرت، و گوێڕایەڵبوون پێی ئەرکێکی ڕەها بوو.

هەردووکی بۆدین و هۆبز بە دەسەڵاتی باڵا باسیان لە سەروەری دەکرد. ئەم تێگەیە هێشتایش وەک گریمانەی حوکمڕانیی سیاسی لە دەوڵەتدا لە سەرانسەری جیهان پشکی شێری هەیە، بۆ نموونە لەو شوێنانەی کە جەستەی سەروەری یاسایی، حکوومەتی سنووردار و مافگەلی مەدەنی بۆ تاکەکان جێگیر دەکات. بە درێژایی چەند سەدە، تێگەیشتنی نوێ لە هەڵگرانی سەروەری گەشەی سەندووە. ڕوسۆ، کە گەلێک جیاواز لە بۆدین و هۆبز بیری دەکردەوە، گەلی بەکۆمەڵی ناو دەوڵەتێکی بە سەروەر دەدیت کە لە ڕێگەی ویستی گشتییەکەی حوکمڕانی دەکات. لە حکوومەتی دەستووریدا ئەمە گەلە کە بەپێی جەستەیەکی یاسایی کە سەروەرە دەسەڵات دەبات بەڕێوە. لە دونیای ئەمڕۆدا ئەمە باوترین وەشانی حوکمڕانیی ڕەوایە.

سەرەڕای ئەمەیش وەشانگەلێک لە سەروەری کە لەوەی هۆبز یان بۆدین سەرچاوەیان گرتووە لە سەدەی بیستەمدا هاتوونەتە ئاراوە. بۆ نموونە، فەیلەسووف و مافناسی ئەڵمانیی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، کارڵ شمیت، بەڕوونی بۆ کارەکانی ئەم دوو فەیلەسووفە دەگەڕێتەوە و کەڵکیان لێ وەردەگرێت. کتێبەکەی کە لە ساڵی 1922دا بڵاو بووەتەوە بەم ڕستەیە دەست پێ دەکات: «سەروەر ئەو کەسەیە کە بڕیار لەسەر ڕەوشی ئاوارتە دەدات» (وەرگێڕانی G. Schwab, 1985). شمیت لای وابوو کە سەروەر لە سەرووی هەر یاسایەکی دەستوورییە و دەبێ بتوانێت لەسەر ناوی چاکەی دەوڵەت لە سەردەمی ڕەوشی نائاسایی (تەنگەتاوی) «بڕیار بدات». ئەو ڕێزێکی ئەوتۆی بۆ دەستوورخوازیی لیبراڵ نەبوو، کە بە تێفکرینی وی بۆ ڕێگریکردن لە ململانێ و شەڕی دەسەڵات کە سیاسەت سەروکاری لەگەڵ هەیە، بەتەواوی ناکارامە و ناتەواوە. هەر چۆنێک بێت ئاماژەیەکی بچووک هەیە کە شمیت، لانیکەم لەم بەرهەمەدا، لەو بڕوایەدا بووبێت کە سەروەر بشێ بە یاسای خودایی یان یاسای سروشتی سنووردار بکردرێت. دەستوورخوازیی لیبراڵیی کۆماری وایماری ئەڵمانیا بەڵگەی سەرەکیی وی بۆ ئەم باوەڕە بوو؛ لە دەیەی 1930دا بەخەستی و بەگوژم پشتیوانیی لە ڕژێمی ناسیۆنال سۆسیالیست کرد، ڕژێمێک کە دەسەڵاتەکانی باری نائاسایی تەنێ ئەوانە بوون کە ئەو بە پێویستی دەزانین.



٣. سنووردارکردنی دەوڵەتی سەروەر: بیردۆز و مومارەسە

سەرهەڵدان و پەرەسەندنی جیهانیی سەروەری، کە لە لایەن فەیلەسووفانی سیاسی ڕاڤە کراوە و تەنانەت پەسن دراوە، بووە بە یەکێک لە تۆکمەترین و سەرکەوتووترین ڕەوتە سیاسییەکانی سەردەمی مۆدێرن. وەلێ سەروەری ژی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانیەوە هەم بەرەوڕووی کەسانی دڕدۆنگ و بەگومان پێی و هەم لایەنگر و پشتیوانانی لێهاتوو بووەتەوە، کە زۆرێکیان هەر بانگەشەیەکی جەستەی یاسا بۆ ڕەوشی سەروەریان بە چەشنێک بتپەرستی دەزانی، و هەندێ کات وەک قەڵغانێک کە لە پشتی ویدا دەسەڵاتداران، بە پارێزراوی لە پشکنینی ڕەوای دەرەکی، ستەم و زۆرداری و نادادپەروەری ئەنجام دەدەن. لە ڕاستیدا لە پاش هۆلۆکاست بوو کە بەربەستگەلی یاسایی و دامەزراوەیی گرنگ بۆ سەروەری سەری هەڵدا، کە زۆربەی ئەم بەربەستانە مافەکانی دەوڵەتگەلی سەروەریان بە ڕادەیەکی بەرچاو کورت کردووەتەوە. دوو لە بەرتەسکردنەوە گرنگەکان بڕیارنامەی مافەکانی مرۆڤ و بڕیارنامەی یەکگرتنی وڵاتانی ئەورووپییە.

لە ساڵی 1948دا بوو کە زۆربەی هەرەزۆری دەوڵەتەکان جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤیان واژۆ کرد و خۆیان دەروەست بە ڕێزگرتن و ڕەچاوکردنی زۆرتر لە ٣٠ مافی جیای تایبەت بە تاک کرد. بەو پێیەی ئەم جاڕنەمەیە لەڕووی یاساییەوە تەوزیمی نەبوو و هیچ مەرجێکی بۆ بەپێویستکردنی بەجێهێنانی تێدا نەبوو، جاڕنامەکە سەروەریی دەوڵەتانی بێخەوش هێشتەوە، وەلێ ئەمە یەکەم هەنگاو بەرەو بەستنەوەیان بە دەروەستیگەلی نێونەتەوەیی و گەردوونی لەمەڕ کاروباری ناوخۆییان بوو. بە تێپەڕینی چەند دەیەیەک، ئەم مافی مرۆڤە دێ لە تەنانەت پێگەیەکی بەهێزتری یاسایی بەهرەمەند بێت. یەک لە پتەوترین بڕیارنامەکانی مافەکانی مرۆڤ، کە بەڕاستی لە ڕێگەی میکانیزمەکانی دادوەریکردنی، سەروەری، تەنانەت گەر لە ئاستێکی کەمیشدا بێت، سنووردار و بەرتەسک دەکاتەوە بڕیارنامەی ئەورووپی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکانە کە لە ساڵی 1950دا پێک هێندرا. هەر لەو سەروبەندەدا کە بڕیارنامەی جینۆساید لە ٩ی کانوونی یەکەمی 1948دا واژۆ کرا و وڵاتانی واژۆکەری دەروەست بە خۆدوورکردنەوە لە ئەنجامدانی جینۆساید و سزادانی ئەنجامدەرانی کرد. دواتر لە ناوەڕاستی دەیەی 1960دا، دوو بڕیارنامە –بڕیارنامەی مافەکانی مەدەنی و سیاسی و بڕیارنامەی مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری– بە شێوەیەکی یاسایی دەستی زۆربەی وڵاتانی جیهانیان بەست تا ڕێز لە مافەکانی مرۆڤی گەلی خۆیان بگرن. دیسانەکە، دەسەڵاتەکانی دەستووریی واژۆکەران تا ڕادەیەکی زۆر بێخەوش مایەوە، چونکە ئیزنیان نەدەدا هیچکام لەم دەروەستییانە سەروەرییان پێشێل بکات. بڕیارنامەکانی تری مافەکانی مرۆڤ ژی کە لە لایەن زۆرینەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهان واژۆ کراون هەر لەگەڵ وەها مەرجگەلێک بەرەوڕوون.

تەنێ شێوازێک لە مومارەسەی مافەکانی مرۆڤ کە پشتیوانیی داسەپاندنی سەربازی یاخود ڕێوشوێنی پتەوی دەزگای دادی هەبێت دێ بە شێوەیەکی جیددی سنوور و بەربەست بۆ سەروەری دانێت. پێشڤەچوون لەم ئاراستەدا پاش شەڕی سارد لە ڕێگەی پیاچوونەوەی مێژوویی بە پەیمانی وێستفالیادا دەستی پێ کرد، و بەربەست بۆ نۆرمێک، واتە دەستوەرنەدان، دادەنێت کە لە ڕێگەی خاڵەکانی پەیماننامەکە بەتەواوی پەرەی سەندبوو. لە کۆمەڵە هەنگاوێکدا کە لە 1990 دەست پێکران، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی تر هەنگاوێکی کردەیی سیاسییان، کە زۆربەی کات هێزی سەربازییشی دەگرتەوە، پەسند کرد کە پێشتر ڕای زۆربەی دەوڵەتان لەمەڕی ئەمە بوو کە دەستتێوەردانی نایاسایی و ناڕەوا لە کاروباری ناوخۆییە. ئەم هەوڵانە بریتی بوون لە پەسندکردنی دەستبردن بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ چارەسەری نادادپەروەری لە ناوخۆی سنوورەکانی دەوڵەتێک یاخود لە دەرەوەی بەڕێوەبەریی ناوەندە خۆجێییەکانی وەک ئۆپەراسیۆنی پۆلیس. بەپێچەوانەی ئۆپەراسیۆنەکانی پاراستنی ئاشتی لە ماوەی شەڕی سارددا، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەزۆری ڕەزامەندیی حکوومەتی ئەو دەوڵەتەی لە پشت نەبوو کە بووەتە ئامانجی. لەم چەشنە ئۆپەراسیۆنانە لە عێراق، یووگۆسلاڤیای پێشوو، بۆسنیا، کۆسۆڤۆ، سۆماڵیا، ڕواندا، هایتی، کەمبۆدیا، لیبێریا، لیبیا و چەند شوێنێکی تر ڕوویان داوە. گەرچی ڕەوایی و ئاوەزمەندیی دەستتێوەردانی بەتەنیایی وڵاتێک زۆربەی کات لە نێوان وڵاتان جێی مشتومڕە –بۆ نموونە، بۆمبابارانی عێراق لە کانوونی یەکەمی 1999 لە لایەن ئەمریکاوە و دەستتێوەردانی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ نەیانتوانی پشتیوانی و ڕەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستەبەر بکەن، هەروەک هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە 2003دا ژی نەیتوانی– وەلێ پێ دەچێت کە هەوڵی کردەیی و مومارەسەی بەربڵاوی دەستتێوەردان، هەر وا پشتیوانیی بەرفرەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی تر هەبێت.

بانگهێشتێکی ئاشکرا بۆ پێداچوونەوە بە تێگەی سەروەری بە شێوازێک کە ئیزنی ئەو دەستتێوەردانانە بدات کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە پشتیوانیی لێ کرابێت، بە بەڵگەنامەی «بەرپرسیارێتیی پاراستن» هاتە ئاراوە کە بەڵگەنامەیەک بوو کە لە ساڵی 2001دا لە لایەن «کۆمیسیۆنی نێونەتەوەیی دەستتێوەردان و سەروەریی دەوڵەت» نووسرا و بەرهەم هێنرا. ئەم کۆمیسیۆنە لە لایەن حکوومەتی کەنەداوە بە ڕاسپاردەی کۆفی عەنان، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ساز درا. ئەم بەڵگەنامەیە پێشنیازی پێداچوونەوەیەکی قووڵ بەو تێگە کلاسیکە دەکات کە بە هۆیەوە سەروەری «بەرپرسیارێتیی پاراستن» دەگرێتەوە کە بەرپرسیارێتییەکە لە لایەن دەوڵەتێکەوە لە ئاست هاووڵاتییانی، بەرپرسیارێتییەک کە لەو کاتانەی کە دەوڵەتێک دەست بۆ نادادپەروەرییەکی مەزن دەبات یاخود ناتوانێت پارێزگاری لە هاووڵاتییانی بکات دەشێ بیانییەکان بیگرنە ئەستۆیان. بەرپرسیارێتیی پاراستن سەرنجی بەربڵاوی نێونەتەوەیی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و وەک مانیفێستێک بۆ تێگەیەکی سەروەری کار دەکات کە ڕەها نییە و مەرجدارە بە دەروەستیگەلی دەرەکی.

ڕێگەیەکی تر کە تێیدا سەروەری سنووردار دەکرێتەوە یەکگرتوویی وڵاتانی ئەورووپییە. ئەم ئایدیایە ژی لە کاردانەوە بە هۆڵۆکاست سەری هەڵدا، کارەساتێک کە زۆربەی سەرکردە ئەورووپییەکان هۆکارەکەیان لانیکەم تا ڕادەیەک بۆ نەبوونی بەرپرسیارێتی و وەڵامدەرنەبوونی دەوڵەتی سەروەر گەڕاندەوە. بە شێوەیەکی مێژوویی، تامەزرۆترین لایەنگرانی یەکگرتوویی ئەورووپا لە ڕاستیدا لە حیزبەکانی دیموکرات مەسیحیی کاتۆلیک بوونە، کە ئایدیاڵەکانیان لە مەسیحیەتی سەدەکانی ناڤین سەرچاوە دەگرێت، کە بە گوێرەی، لانیکەم لە تیۆریدا، هیچ سەرکردەیەک سەروەر نەبوو و هەموو سەرکردەکان لە ئاست کۆمەڵێکی گەردوونی لە بەهاکان وەڵامدەر و بەرپرسیار بوون. بە زمانی مۆدێرنی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی، ئەوان ڕەنگدانەوەی سەرکۆنەکردنی پەیمانی وێستفالیا لە لایەن پۆپ ئینۆسێنتی پێنجەم بوون.

یەکگرتوویی ئەورووپا لە ساڵی 1950دا دەستی پێکرد، کاتێک کە شەش دەوڵەت لە پەیماننامەی پاریسدا «کۆمەڵی ڕەژوو و پۆڵای ئەورووپا»یان پێک هێنا. ئەم کۆمەڵەیە دەسەڵاتی هاوبەشی نێونەتەوەیی بەسەر پیشەسازیی ڕەژوو و پۆڵای ئەم شەش وڵاتەدا چەسپاند کە بریتی بوو لە کۆنترۆڵ و چاودێریی ڕاپەڕاندن لە ڕێگەی بیرۆکراسی هەمیشەیی و نەگۆڕ و ئەنجومەنێکی بڕیاردەری وەزیران کە لە وەزیرانی دەرەوەی هەرکام لەم شەش وڵاتە پێک هاتبوو. ڕێک ئەم مۆدێلە لە پەیماننامەی ڕۆما لە ساڵی 1957دا بۆ هەرێمێکی ئابووریی گشتی پەرەی پێ سەندرا. بە زیادکردنی دامەزراوەیەکی دادگەری، واتە دادگای دادی ئەورووپی، و ناوەندێکی یاسادانان، واتە پەرلەمانی ئەورووپا، کە دامەزراوەیەک بوو کە ئەندامەکانی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە سەرانسەری ئەورووپادا هەڵدەبژێردران، پتەوتر کرا. بە تێپەڕینی کات، یەکگرتوویی ئەورووپا بەربڵاوتر بووەتەوە، بە شێوەیەک کە ئێستاکە ئەم دامەزراوەیە ٢٧ ئەندام لە خۆ دەگرێت، و هەروەها قووڵتریش بووەتەوە، بەم جۆرە کە لە پەیماننامەی ماستریخت لە ساڵی 1991دا دەسەڵاتەکانی ئەم دامەزراوەیە بەرفرە کران و وەک یەکێتیی ئەورووپا داڕێژرایەوە. یەکێتیی ئەورووپا، بەبێ جێگرەوەبوون بۆ دەوری دەوڵەتان، لایەنە گرنگەکانی سەروەریی ئەو دەوڵەتانە لە دامەزراوەیەکی «سەروونەتەوەیی»دا کە تێیدا ئازادیی کردەیان سنووردار دەکرێتەوە، «ئاوێتە دەکات و کۆ دەکاتەوە» (Keohane & Hoffman 1991). ئەوان چیتر بە ڕەهایی سەروەر نین. لە ساڵانی ڕابردوودا، پرۆسەی یەکگرتوویی ئەورووپا لە چەند لایەنێکی گرنگەوە درێژەی بە پێشڤەچوون و گەشەی خۆی داوە. لە 1ی کانوونی یەکەمی 2009دا، پەیماننامەی لیسبۆن هاتە جێبەجێکردن و بە بەهێزکردنی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی ئەورووپا، هاوبەشکردنی سەروەری پتر کرا و نوێنەرایەتیی باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنی دامەزرێندرا تا نوێنەرایەتیی هەڵوێستی یەکگرتووی یەکێتیی ئەورووپا بکات و جێبەجێکردنی جاڕنامەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی یاسایی تەوزیم بکات. سەرەڕای ئەمەش، زەخت و گوشارەکان بۆ سەر یەکگرتوویی ئەورووپا لە ساڵانی ڕابردووشدا دەرکەوتوون. پەیماننامەیەک بۆ چێکردنی دەستوورێک بۆ ئەورووپا لە ساڵی 2004دا لە لایەن دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئەرووپا واژۆی بۆ کرا، وەلێ گەلی فەڕەنسا و هۆڵەندا لە گشتپرسییەکدا کە لە ساڵی 2005 ئەنجام گیرا دەنگیان پێ نەدا و ڕەت کرایەوە و پێش بە پەسندکردنی گیرا. پاشان لە 2016دا، گشتپرسییەک لە بەریتانیا بەڕێوە چوو کە ئاکامەکەی سەرکەوتنی دەنگی کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بوو کە بە «برێگزیت» ناسراوە.

ئەم سنووردارکردنەی دەوڵەتی سەروەر، لە ڕێگەی نۆرمگەلی نێونەتەوەیی و دامەزراوەی سەروونەتەوەیی، بە هەمان شێوە لە لایەن فەیلەسووفانی هاوچەرخیش کە پەلاماری تێگەی سەروەریی ڕەها دەدەن، ئەنجام گیراوە. هزری وان بەتەواوەتی نوێ نییە، چونکە تەنانەت لە سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێرندا، فەیلەسووفگەلێک وەک هوگۆ گرۆتیوس، ئالبێریکۆ جێنتیلی و فڕانسیسکۆ سوارێز، گەرچی دەوڵەتیان وەک دامەزراوەیەکی ڕەوا قبووڵ بوو، پێیان وا بوو کە دەسەڵاتی دەبێ سنووردار بێت، نەک ڕەها. بۆ نموونە، شازادەیەکی زۆردار دەشێ ببێتە ئامانجی هەوڵی کردەیی تەمێکردن لە لایەن شازادەکانی دراوسێی، کە زۆر وەک تێگەگەلی هاوچەرخی دەستتێوەردانی مرۆڤدۆستانەیە.

دوو لە بەرچاوترین هێرشەکانی سەر سەروەری لە لایەن فەیلەسووفانی سیاسی لەپاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە، لە پەنجاکانی زایینی، لە لایەن بێرتراند دی جووڤێنێڵ و ژاک ماریتەینەوە بوو. جووڤێنێڵ لە بەرهەمە بەناوبانگەکەی بە ناوی سەروەری: لێکۆڵینەوەیەک لەمەڕ چاکەی سیاسی، کە لە ساڵی 1957دا بڵاو بووەوە، دان بەمەدا دەنێت کە سەروەری تایبەتمەندییەکی گرنگی دەسەڵاتی سیاسیی مۆدێرنە کە بۆ دامرکاندنی ململانێکانی ناوخۆی دەوڵەت و بۆ چڕکردنەوەی هاوکاریی گشتی لە بەرگری دژی بیانییەکاندا پێویستە. وەلێ ئەو بەتوندی و ڕژدی ئیدانەی تێگەی مۆدێرنی سەروەری دەکات کە دەسەڵاتدارێک چێ دەکات کە لە سەرووی ڕێساکانە، دەسەڵاتدارێک کە فەرمان و حوکمەکانی بەسانایی دەبێ یاسایی و ڕەوا ڕەچاو بکردرێن، چونکە لە ویستی وییەوە سەرچاوەیان گرتووە. لای جووڤێنێڵ سەروەری لە هۆبزدا بە ترۆپکی خۆی گەیشت، کە «لە تێگەیشتنی قێزەون و کرێتیدا هەموو شتێک دەگەڕێتەوە سەر ئامرازەکانی بەربەستدانان کە دەسەڵاتی دەرکردن و دیاریکردنی مافەکان و سەپاندنی یاساکان بە هەر شێوازێک حەزی لێ بێت بە دەسەڵاتداری سەروەر دەبەخشێت. وەلێ ئەم ئامرازانەی بەربەستدانان خۆیان کەرتێک لە هێزگەلی کۆمەڵایەتین کە لە دەستی دەسەڵاتداری سەروەردا چڕ بوونەتەوە» (197). بیرمەندانی دواتر وەک لاک، پوفێندۆرف و ڕۆسۆ، سەرەڕای جیاوازییان لەسەر چەق و فۆرمی سەروەری، «دەبووایە تەڵەکە و هەڵفریواندنی ئەم پێکهاتە میکانیکییە شازە هەست پێ بکەن» (198). جووڤێنێڵ دەنووسێت، ئەمە «خۆی لە خۆیدا کاتژمێری سەروەری» بوو، کە بە گەیشتنی «ئەستەمە لەمەوبەدوا کەسێک ئازایەتی و بوێریی ڕەتکردنەوەی هەبێت» (198).

هەروەک لە باسەکەی لەمەڕ هۆبز دەردەکەوێت، جووڤێنێڵ بە مەترسییەکی مەزن لە سەروەریی ڕەهای مۆدێرنی سەرەتاکان دەڕوانێت و دەنووسێت: «ئەمە خۆی ئایدیایەکە کە پڕمەترسییە» (198). بەڵام لەبری ئەوەی داوای هەڵوەشاندنەوەی تێگەکە بکات، لەسەر ئەم بۆچوونەیە کە دەبێ سەروەری بە شێوەیەک ئاراستە بکردرێت کە ویستی دەسەڵاتی سەروەر سنوور و چوارچێوەی ڕەوا تێپەڕ نەکات. ئەخلاق بەدەر لەوەی چلۆن لە لایەن دەسەڵاتی سەروەرە پێناسە دەکرێت، باوەڕپێکراویی سەربەخۆی هەیە. ئەو بە هانابردن بۆ ڕوانگەی «بیرمەندانی کریستیان» باس لەمە دەکات کە «هەندێ ویست هەن کە دادپەروەرانەن و هەندێ ویست هەن کە نادادپەروەرانەن» (201). کەواتە، «دەسەڵات ئەو ئەرکەی لەسەرە کە شتێک حوکم بکات کە دەبێ حوکم بکردرێت» (201). ئەمە ئەو تێگەیشتنە لە دەسەڵاتە کە ڕژێمەکانی پێشوو هەڵگری بوون، کە تێیدا ڕاوێژکارانی کاریگەر و بەباندۆری پاشا دەیانتوانی هەوڵەکانی بەرەو چاکەی گشتی ئاراستە بکەن. ئەمڕۆکە چ شتێک دەتوانێ ویستی دەسەڵاتی سەروەر ئاراستە بکات؟ وا دەردەکەوێت کە جووڤێنێڵ بەگومان بێت لەوەی کە داڕشتنی دەزگای داد یا دەستوور بەتەنیایی سەرومڕ بێت. بەڵکوو هیوا بە تێگەگەلی ئەخلاقیی هاوبەشی هاووڵاتییان دەبەستێت، کە وەک بەربەست و لەمپەڕێک لە هەمبەر بژاردەکانی دەسەڵاتی سەروەر کار دەکات.

ژاک ماریتاین لە پاژی دووەمی بەرهەمە هەرمانەکەی بە ناونیشانی مرۆڤ و دەوڵەت کە ساڵی 1951 بڵاو کراوەتەوە، هاوسۆزی و لایەنگرییەکی زۆر کەم بۆ سەروەری پیشان دەدات، تەنانەت بە ڕادەی لایەنگرییە مەرجدارەکەی جووڤێنێڵیش نا:

ڕوانگەی من ئەوەیە کە فەلسەفەی سیاسی دەبێ وشە و هەروەها تێگەی سەروەری تووڕ هەڵدات: نەک چونکە تێگەیەکی لەبرەوکەوتوویە، یان بە هۆکاری بیردۆزێکی کۆمەڵناسانە-دادگەرییانەی «یاسای ئۆبجێکتیڤ»؛ و نەتەنێ چونکە تێگەی سەروەری کێشەی چارەسەرنەکراو و گیروگرفتی تیۆری لە بواری یاسای نێونەتەوەیی بە دوای خۆیدا دێنێت؛ بەڵکوو چونکە ئەم تێگەیە، لە واتای ڕاستەقینەی خۆیدا، و لە سۆنگەی ئەو بوارە زانستییە گونجاوەی کە تێیدا پێناسە کراوە، واتە فەلسەفەی سیاسی، لە کرۆکی خۆیدا هەڵەیە و گەر بەردەوام بین لە کەڵک لێ وەرگرتنی، بە لاڕێماندا دەبات –بەو گریمانەیە کە ماوەیەکی دوورودرێژە و بە ڕادەیەکی زۆرە کە قبووڵ کراوە کە بە شێوەیەکی ڕێگەپێدراو ڕەت بکرێتەوە، و لە ئاماژە و واتا شاراوە هەڵەکانی نائاگان کە بەشێکن لە ناوەرۆک و سروشتی (29-30).

هەڵەی بۆدین و هۆبز لە تێگەیشتنیان لە سەروەری بە وێنەی دەسەڵاتێک بوو کە گەل تاسەر و یەکجارەکی بۆ یەکەیەکی دەرەکی، کە لێرەدا پاشایە، گواستوویانەتەوە و ڕادەستیان کردووە. دەسەڵاتی سەروەر لەجیاتی نوێنەرایەتیکردنی گەل و وەڵامدەر و بەرپرسیاربوون لە هەمبەری، بوو بە یەکەیەکی پێگە بەرزتر کە خاوەنی مافی بەرز و مسۆگەر و بێبڕانەوەی حوکمڕانی بەسەر گەلدایە، سەربەستانە و بێ گەڕانەوە بۆ ئەوان، لەجیاتی نوێنەرایەتیکردنی گەل و وەڵامدەربوون پێیان. ماریتاینیش هاوشێوەی جووڤێنێڵ، بۆ پیاهەڵدان و بەرزکردنەوەی پێگەی ویستی دەسەڵاتداری سەروەر، بە جۆرێک کە ڕێک ئەو شتەیە کە بەرژەوەندییەکانی دابین دەکات، بەداخەوەیە. ئەمە بتپەرستی و پەسندانی بێ ئەملا و ئەولایە. هەر شێوە ڕاگواستنی دەسەڵاتی جەستەی سیاسی چ بۆ بەشێک لە خۆی و چ بۆ یەکەیەکی دەرەکی –دەزگای دەوڵەت، پاشایەک، یان تەنانەت گەل– ناڕەوایە، چونکە دروستێتی و ئیعتباری حکوومەت ڕەگوڕیشەی لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ یاسای سروشتیدایە. سەروەری سێ ئاڵۆزی و ناکارامەیی لێ دەکەوێتەوە. یەکەم، ڕەهەندە دەرەکییەکەی یاسای نێونەتەوەیی و دەوڵەتێکی جیهانی لە بار دەبات، کە ماریتاین ئێجگار لایەنگری هەردووکیانە. دووەم، ڕەهەندە ناوخۆییەکەی سەروەری، واتە دەسەڵاتی ڕەهای دەوڵەت بەسەر جەستەی سیاسیدا، سەنتراڵیزمی لێ دەکەوێتەوە، نەک پلووراڵیزم. سێیەم، دەسەڵاتی سەردەستی دەوڵەتی سەروەر لەگەڵ تێگەی دیموکراتیی بەرپرسیارێتی و وەڵامدەربوون ناتەبا و دژە.

ئارگیومێنتەکانی ماریتاین، وەک فەیلەسووفێکی کاتۆلیک، هاوشێوەی فەیلەسووفە کریستیانەکانی سەرەتای ئەورووپای مۆدێرنە کە سەروەریی ڕەها دەگرنە بەر ڕەخنە. ئەوان کە بینەری سەرهەڵدانی یەکەی تۆکمەی دەوڵەت بوون، بە شوێن سنووردارکردن و بەرتەسککردنەوەی هێز و دەسەڵاتەکەیدا بوون. ئەوان پێشینیانی ئەو کەسانەن کە ئەمڕۆکە لەژێر ناوی مافەکانی مرۆڤ، مافی لەباربردنی جینۆساید و کارەسات، و مافی بەهاناوەچوونی دەرەکی، لەژێر ناوی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی، و لەژێر ناوی یەکەیەکی سەروونەتەوەیی کە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و حوکمڕانیی کەرتی ئابووری، و لەوانەیە لە ئێستادا، کاروباری سەربازی دەگرێتە دەست، دەخوازن سنوور بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت دیاری بکەن.

بابەتی سنووردارکردنی سەروەری لە نەریتی کاتۆلیک و نەریتەکانی تری مەسیحیەت هەر بە بەهێزی ماوەتەوە. بۆ نموونە، پۆپ بێنێدیکتی شازدەیەم لە لێدوانەکەی ساڵی 2008یدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، بابەتی بەرپرسیارێتیی پاراستنی هێنایە بەر باس. لە ساڵانی ڕابردوودا، فەیلەسووفگەلی سیاسیی سەر بە نەریتی لیبراڵیش باسی سنووردارکردنی سەروەرییان هێناوەتە گۆڕ. وەک دوو نموونە دەتوانین ئاماژە بە تۆماس پۆگ (1992, and 2008, 174–201) و ئاڵێن بوکانان (2004) بدەین. هەردووکیان لەسەر ئەو بۆچوونەن کە سەروەری دۆخێکی ئەخلاقیی گرنگە بەڵام ڕەها نییە و بە شوێن ئەوەوەن کە شوێن بۆ ئەگەرگەلێکی وەک دەستتێوەردانی مرۆڤدۆستانەی دانپێدانراو لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرەسەندنی پتەوتری دامەزراوە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری بکەنەوە.


تێبینییەکان

[1] corpus naturale

[2]کاتۆلیکەکان باوەڕیان وایە جەستەی مەسیح لە پەنچکە نانێک دەردەکەوێت کە قەشە پەیڤەکانی مەسیح لە دوایین شێودای بەسەردا دەڵێتەوە، واتە «ئەمە جەستەی منە». - وەرگێڕ

[3] corpus mysticum

[4]یەکەیەکی سیاسییە (وەکوو شار، قەڵەمڕەو یان دەوڵەت) کە بە جەستەی سیاسی ڕەچاو دەکرێت و ڕیشەی سەرهەڵدانیشی هەر ئەو ئایدیایەیە کە نووسەر باسی لێوە کردووە. - وەرگێڕ

[5]مەبەست لە بزاڤی گێڕاندنەوەخواز بزاڤێکە لە بەشێک لە سنووری فەرمیی دەوڵەتێک کە دانیشتووانەکەی خۆیان لەو دەوڵەتە بێبەری دەکەن و شوناسی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتێکی تر (زۆربەی کات هاوسنوور) بە هاوبەش دەزانن، لەبەر هەندێ خەبات دەکەن خۆیان لە دەوڵەتی سەردەستی ئێستایان جیا بکەنەوە و خۆ بە دەوڵەتی مەبەستیان بلکێنن. - وەرگێڕ

[6]بەو واتایە کە ئایینی فەرمانڕەوا دەبووایە بەسەر بەرفەرمانەکان واتە دانیشتووانی ئاسایی ئەو سەرزەمینە فەڕز بکردرێت و ئەوان ئەو ئایینە قبووڵ بکەن. - وەرگێڕ

[7]هاوتای فەڕەنسی بۆ سەروەری - وەرگێڕ

ژێدەرکان

Bartelson, J., 1995. A Genealogy of Sovereignty, Cambridge: Cambridge University Press.

Bodin, J., 1992. On Sovereignty: Four Chapters From Six Books of the Commonwealth, Cambridge: Cambridge University Press.

Brown, Wendy, 2010. Walled States, Waning Sovereignty, Brooklyn: Zone Books, 2010

Buchanan, Allen, 2004. Justice, Legitimacy, and Self-Determination, Oxford: Oxford University Press.

de Carvalho, Benjamin, Halvard Leira and John Hobson, 2011. ‘The Myths That Your Teachers Still Tell You about 1648 and 1919,’ Millennium, 39(3): 735–758.

Elshtain, Jean Bethke, 2008. Sovereignty: God, State, and Self, New York: Basic Books.

Figgis, J. N., 1907. From Gerson to Grotius 1414–1625, 2nd edition; reprinted, Cambridge: Cambridge University Press, 1916.

Fowler, M. R. and J. M. Bunck, 1995. Law, Power, and the Sovereign State, University Park, PA: Penn State Press.

Grimm, Dieter, and Belinda Cooper, 2015. Sovereignty: The Origin and Future of a Political and Legal Concept, New York: Columbia University Press.

Grotius, H., 1625. The Rights of War and Peace, London: M. Walter Dunne, 1901.

Hinsley, F. H., 1986. Sovereignty, second edition, Cambridge: Cambridge University Press.

Hobbes, T., 1651. Leviathan, Harmondsworth: Penguin, 1968.

International Commission on Intervention and State Sovereignty: Report, 2001. The Responsibility to Protect, International Development Research Centre Publications [Preprint available online].

Jackson, Robert, 2007. Sovereignty: The Evolution of An Idea, Cambridge: Polity Press.

James, A., 1986. Sovereign Statehood, London: Allen & Unwin.

James, A., 1999. ‘The Practice of Sovereign Statehood in Contemporary International Society,’ Political Studies, 47(3): 457–473.

de Jouvenel, B., 1957. Sovereignty: An Inquiry Into the Political Good, Chicago: University of Chicago Press.

Kallis, Aristotle, 2018. ‘Populism, Sovereigntism, and the Unlikely Re-Emergence of the Territorial Nation-State,’ Fudan Journal of the Humanities and Social Sciences, 11(3): 285–302.

Kalmo, Hent, and Quentin Skinner, 2014. Sovereignty in Fragments: The Past, Present, and Future of a Contested Concept, Cambridge: Cambridge University Press.

Kantorowicz, E., 1957. The King’s Two Bodies: A Study in Medieval Political Theology, Princeton: Princeton University Press.

Keohane, R. O. and S. Hoffmann, 1991. ‘Institutional Change in Europe in the 1980s,’ in The New European Community: Decisionmaking and Institutional Change, R. O. Keohane and S. Hoffmann (eds.), Boulder: Westview Press.

Krasner, S. D., 1999. Sovereignty: Organized Hypocrisy, Princeton: Princeton University Press.

Kratochwil, F., 1989. Rules, Norms, and Decisions: On the Conditions of Practical and Legal Reasoning in International Relations and Domestic Affairs, Cambridge: Cambridge University Press.

Luther, M., 1523. Temporal Authority: To What Extent It Should Be Obeyed, Philadelphia: Westminster Press, 1967.

Machiavelli, N., 1532. The Prince and the Discourses, New York: The Modern Library, 1950.

Maland, David, 1966. Europe in the Seventeenth Century, London: Macmillan.

Maritain, J., 1951. Man and the State, Chicago: University of Chicago Press.

Nexon, Daniel H., 2009. The Struggle for Power in Early Modern Europe: Religious Conflict, Dynastic Empires, and International Change, Princeton: Princeton University Press.

Osiander, Andreas, 1994. The States System of Europe, 1640–1994, Oxford: Clarendon Press.

Osiander, Andreas, 2001. ‘Sovereignty, International Relations, and the Westphalian Myth,’ International Organization, 55(2): 253–254.

Paris, Roland, 2020. ‘The Right to Dominate: How Old Ideas About Sovereignty Pose New Challenges for World Order,’ International Organization, 74(3): 1–37.

Pavel, Carmen, 2014. Divided Sovereignty: International Institutions and the Limits of State Authority, Oxford: Oxford University Press.

Philpott, D., 2001. Revolutions in Sovereignty: How Ideas Shaped Modern International Relations, Princeton: Princeton University Press.

Pogge, T., 1992. ‘Cosmopolitanism and Sovereignty,’ Ethics, 103: 48–75.

Pogge, Thomas, 2008. World Poverty and Human Rights, 2nd. edition, Cambridge: Polity Press.

Schmitt, Carl, 1922. Politische Theologie: Vier Kapitel zur Lehre von der Souveränität, München und Leipzig: Verlag von Duncker & Humblot; translated as Political Theology: Four Chapters on the Concept of Sovereignty, G. Schwab (trans.), Chicago: The University of Chicago Press, 1985.

Spruyt, H., 1994. The Sovereign State and Its Competitors, Princeton: Princeton University Press.

Teschke, Benno, 2009. The Myth of 1648: Class, Geopolitics, and the Making of Modern International Relations, London: Verso.

Wilks, Michael, 1964. The Problem of Sovereignty in the Later Middle Ages, Cambridge: Cambridge University Press

Wolff, R. P., 1990. The Conflict Between Authority and Autonomy, Oxford: Basil Blackwell.