هاوبەستی لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا

Author: Andrea Sangiovanni and Juri Viehoff
Translation: ئەروەند سالاری
2026/02/27
26

زاراوەی «هاوبەستی» بۆ یەکەم جار لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم تا کۆتاییەکانی ئەو سەدەیە لە فەڕەنسا کەوتە سەر زاران. لەو سەرەدەمەوە تا ئێستا، ئەو زاراوەیە هەمووکات بۆ وەسفکردنی پەیوەندییەکی تایبەتی یەکێتی و هەستی منەتباری و قەرزدارێتیی دوولایەنە لەناو گرووپێکدا بەکار هاتووە. ڕەگوڕیشەی ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی یاسایی فەڕەنسی، کە تێیدا چەمکی یاسایی ڕۆمیی پابەندی لە سۆلیدومدا (in solidum) —بەرپرسیارێتی و پابەندییەکی گرێبەستیی هاوبەش کە تێیدا هەر واژۆکەرێکی ئەو گرێبەستە ڕایدەگەیەنێت کە لە ئاست قەرزەکانی هەموواندا لێپرسراو و دەروەستە— زۆر لەمێژە لە یاسای مەدەنیی فەڕەنسا (code civile)دا بەدی دەکرێت و هەیە (Blais 2007; Hayward 1959; Wildt 1999). هاوبەستی لە چوارچێوەی ئاخێزگە یاساییەکانی قەتیس نامێنێت و لە وەڵامی دڵەڕاوکێ سەبارەت بە هێزگەلی ناوەندڕەوێن و هەڵاواردنی تاکگەرایانەی کۆمەڵگەی بازرگانی و پیشەسازی، دەبێتە چەمکێکی سەرەکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی. چی دەتوانێت جێی پەیوەندی و گرێدراوییە کۆمەڵایەتییە کۆنەکانی کڵێسا، بنەماڵە و سەندیکا پیشەییەکان بگرێتەوە، کە هەموویان بەهۆی بازاڕەکانەوە لاواز ببوون؟ چی دەتوانێت هەستی ئامانجی هاوبەش و چاکەی گشتی مسۆگەر بکات؟ وەک وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارانە، «هاوبەستی» دەبێتە دروشمی سەرەکیی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان لە سەرانسەری ئەورووپادا، لەوانە سۆسیالیزم، ناسیۆنالیزمی لیبراڵ، چاکسازیخوازیی کاتۆلیک و سۆلیداریزم.

لەم دواییانەدا، نەتەنێ بانگەواز بۆ هاوبەستی بەڵکوو داڕشتنی بیردۆز سەبارەت بە هاوبەستییش بووژانەوە و سەرهەڵدانەوەیەکی بە خۆیەوە بینیوە. لەگەڵ زیادبوونی ڕێکوپێکی و تەکووزی لە بزاڤە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکاندا (بزووتنەوە بۆ ژیانی ڕەشپێستەکان، داگیرکاری، بزووتنەوەی منیش (MeToo) و چالاکییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا)، لە یاسا و سیاسەتدا (کۆڤید، یەکێتیی ئەورووپا، دەستوورەکان لە سەرانسەری جیهاندا و مافەکانی مرۆڤ) و تەنانەت لە بواری بایۆئێتیکیشدا، زۆرتر پەنا براوەتەبەر هاوبەستی. لە بوارەکانی کۆمەڵناسی، زانستی سیاسی، بیردۆزی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەلێک بەرهەم و نووسراوە لەسەر ئەم چەمکە و بەهاکەی بوونیان هەیە و تا دێت زۆرتریش دەبن. سەرەڕای ئەمەش، هێشتاکە پێناسە و دیاریکردنی ئەم ئایدیایە هەر ئەستەم دەست دەدات: هاوبەستی چییە؟ و چ شتێک بەهای پێ دەبەخشێت، هەڵبەت گەر وەها شتێک هەبێت؟ لەم وتارەدا، ئامانجمان خستنەڕووی تێڕوانینێکی گشتی لەم باس و گەنگەشانەی ئەم دواییە بە تەرکیزکردن لەسەر ڕسکان و پەرەسەندنی لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە.


  • ١. کرۆکی هاوبەستی
  • ٢. هاوبەستی لە مومارەسەدا
  • ١.٢. سۆسیالیزم
  • ٢.٢. هاوبەستیی مەدەنی
  • ٣.٢. هاوبەستیی نەتەوەیی
  • ٤.٢. هاوبەستیی کریستیانی
  • ٥.٢. هاوبەستی لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا
  • ٦.٢. ئەنجام
  • ٣. بەهای هاوبەستی
  • ٤. ئاڵنگارییەکانی بەردەم هاوبەستی
  • ١.٤. ڕەخنەی تیۆری لە هاوبەستی
  • ١.١.٤. نایەکانگیریی چەمکی
  • ٢.١.٤. زیادەیی تیۆری
  • ٢.٤. ئاڵنگارییە کردەییەکانی بەردەم هاوبەستی
  • ١.٢.٤. گەلۆ هاوبەستی هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی؟
  • ٢.٢.٤. گەلۆ هاوبەستی برەو بە بیروباوەڕە چەواشەکان دەدات؟
  • ٣.٢.٤. گەلۆ هاوبەستی دەبێتە هۆی بێبەریکردنی کەسانی دەرەوەی بازنەی ئەندامێتی و نادادپەروەری لە ئاستیان؟
  • ژێدەرەکان
  • پەراوێز

 

١. کرۆکی هاوبەستی

چەمکی هاوبەستی لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بە پلەی یەکەم بۆ هەڵسەنگاندن، ئاراستەکردن و وەسفکردنی چالاکییەکانی ناو گرووپەکان و نێوان تاکەکان و گرووپەکان بەکار دەهێنرێت. لە ئاوڕدانەوە لە کۆمەڵێک لێکدانەوەی جیاواز، باشتر وایە بە ڕیزکردنی هەندێک دەربڕینی ئاسایی دەست پێ بکەین کە ڕەگوڕیشەیان لە پراکتیکدایە و تێیاندا ئەم چەمکە بەکار هاتووە. لە وتووێژ سەبارەت بە ژینگەی شوێنی کارمان دەکرێت بگوترێت، «دەبێ هاوبەستییەکی زۆرتر لەگەڵ یەکتر بنوێنین»؛ لە گفتوگۆ لەمەڕ ئاخێزگەکانی دەوڵەتی خۆشبژیوی، گوێمان لێ دەبێت کە دەڵێن، «دەوڵەتی خۆشبژیوی دەرخەر و سەمبولێکی هاوبەستی لە نێوان هاووڵاتییاندایە»؛ لە ئاخافتن لەسەر داینامیکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەشێ بگوترێت، «خۆپیشاندەرە نیۆنازییەکان بە هاوبەستی لەگەڵ یەکتردا مامەڵەیان دەکرد»؛ لە گفتوگۆ سەبارەت بە پاڵپشتیکردن لە «بزووتنەوە بۆ ژیانی ڕەشپێستەکان»، دەبیستین دەڵێن، «من لە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و چەوساندنەوەدا بە هاوبەستی شان بە شانی ئێوە وەستاوم»؛ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بەها ئەخلاقییانەی کە ڕۆح دەکەنە بەر یەکپارچەیی و یەکخستنی ئەورووپا وەک پرۆژەیەک، دەگوترێت، «هاوبەستی بەهایەکی بنەڕەتیی یەکێتیی ئەورووپایە»؛ لە ئاخافتن لەمەڕ لایەنە نەرێنی و خاڵە لاوازەکانی بانکەوانیی وەبەرهێنان، دەشێ بگوترێت، «هاوبەستییەکی زۆر لە نێوان بانکەوانەکان بەدی ناکرێت»؛ سەبارەت بە چەرمەسەری و ڕۆژڕەشیی بەرکەوتووانی بوومەلەرزە لە ئیندۆنیزیا، ئەمە بەر گوێمان دەکەوێت کە دەڵێن، «بە مەبەستی هاوبەستی پێویستە بە زووترین کات بڕەپارەیەکیان بۆ بنێرین»؛ لە کاردانەوە بە بیستنی هەواڵی تووشبوونی هاوتیمێکمان بە شێرپەنجە، دەشێ ئەم پێشنیارە بدەین کە «دەبێ وەکوو هاوبەستی لەگەڵ ئەو هاوڕێیەمان سەرمان بتاشین». چ لێکدانەوە و ڕاڤەیەک لەم چەمکە دەتوانێت لە هەڵسەنگاندن و وەسفکردنی ئەو دیاردەیە یارمەتیدەرمان بێت کە لەم هەلومەرجانە و لە هەلومەرجی هاوشێوەدا ئاماژەی پێ کراوە؟

لە بەربڵاوترین ئاستدا، فەیلەسووفان (بۆ نموونە O’Neill 1996: 201 و Miller 2017: 62) زۆربەی کات لە نێوان دوو مانای هاوبەستی جیاوازی دادەنێن: «هاوبەستی لە نێوان» و «هاوبەستی لەگەڵ». بە گوێرەی مانای یەکەم، هاوبەستی وەسفکەر و دەرخەری پەیوەندییەک لە نێوان ئەندامانی یەک گرووپی کۆمەڵایەتییە. وەک لە خوارەوە وردتر لەسەری دەدوێین و بۆمان ڕوون دەبێتەوە، بۆ «هاوبەستی لە نێوان» زۆربەی کات پێویست بە تا ڕادەیەک لێکچوویی و هاوتایی لە هەڵوێست و نێرین و خوو و خدەی ئەنداماندا هەیە. بۆ نموونە، ڕەنگە ئێمە هەردووکمان سەر بە نەتەوەی دانیمارکی بین، هەردووک دەروەست بین بە ڕووخاندن و ڕاماڵینی داگیرکەران و هەرکاممان ئامادە بین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران یارمەتیی یەکتر بدەین. لە لایەکی ترەوە، «هاوبەستی لەگەڵ» وەسفکەر و دەرخەری پەیوەندییەک لە نێوان تاکێک و تاکێکی تر، یاخود لە نێوان کۆمەڵێک تاک و ئەندامانی گرووپێکی کۆمەڵایەتییە کە ئەو کۆمەڵە تاکە ئەندامی نین («دەرەوەگرووپ»). لەم خوێندنەوە و لێکدانەوەیە بۆ هاوبەستی، لێکچوویی پێویست نییە: کاتێک من پارە بۆ ڕێکخراوەیەکی ناحکوومیی چالاک لە شاری تۆ دەنێرم، ئەوە لەگەڵ تۆدا کە بەرکەوتوو و قوربانییەکی بوومەلەرزەی، بە هاوبەستی مامەڵە دەکەم. لێرەدا من لەگەڵ تۆ بە هاوبەستی مامەڵەم کردووە، بەبێ ئەوەی کە تۆ بە هاوبەستی لەگەڵ من بجووڵێیەوە (یان تەنانەت بەبێ ئەوەی کە لە ئەگەری پێچەوانەبوونی حاڵەتەکە، واتە گەر هاتبایە و من بەرکەوتووی بوومەلەرزە بایەم، تۆ خواست و مەبەستی ئەوەت هەبایە کە لەگەڵ من بە هاوبەستی بجووڵێیەوە). نموونەیەکی بەرچاوی «هاوبەستی لەگەڵ» چەمک و مانای کاتۆلیکیی هاوبەستییە کە وەک فۆرمێک لە کاریتاس (caritas) یان خێرخوازی فێم دەکرێت (لە درێژەی ئەم وتارەدا زۆرتر لەسەر ڕاڤە و لێکدانەوەیەکی بەدیل بۆ هاوبەستی لە نەریتی کاتۆلیکیدا دەدوێین). هەروەک جۆزێف تیشنەر کە دەورێکی کاریگەری لە بزاڤی هاوبەستیی پۆڵەندادا هەبوو، دەنووسێت:

کەواتە، ئێمە لەگەڵ کێدا هاوبەستیمان هەیە؟ ئێمە بەر لە هەمووان لەگەڵ ئەوانە هاوبەستیمان هەیە کە زامداری دەستی کەسانی ترن، لەگەڵ ئەوانەی کە بەر ژان و ئازارێک کەوتوون کە دەکرا پێشی پێ بگیردرێت —ژان و ئازارێکی بەڕێکەوت و ناپێویست. ئەمە ڕێگر نییە لەبەردەم هاوبەستیکردن لەگەڵ ئەوانی تر، لەگەڵ هەموو ئەوانەی تووشی ئازار و ژانێک هاتوون. بەڵام هاوبەستی لەگەڵ ئەوانەی کە بە دەستی کەسانی تر تووشی ئازار و ژانێک بوون، بە شێوەیەکی تایبەت بنگەهی، ئێجگار پێویست، بەهێز و خۆڕسکە. (Tischner 1982 [1984]: 8–9)

فەیلەسووفان لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ فۆرمە ناهاوتا، لاسەنگ و یەکلانەیەکانی یارمەتی و پشتیوانی لە لایەن کۆمەڵێک تاکەوە بۆ کۆمەڵێک تاکی تر، یاخود لە لایەن ئەندامانی دەرەوەگرووپ بۆ ئەندامانی ناوەوەگرووپ وەک هاوبەستییەکی ڕاستەقینە دێتە هەژمار بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبن. لای هەندێکیان (بۆ نموونە بڕوانە Sangiovanni forthcoming) بە هاوبەستیی ڕاستەقینە داناندرێت. سانجیۆڤانی دەڵێت باشتر وایە کە بە هیچ شێوەیەک «هاوبەستی لەگەڵ» وەک فۆرمێکی هاوبەستی نەخەمڵێنین. درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت کە ئەو خوێندنەوە تاکلایەنە و ناهاوتایە بۆ هاوبەستی ئەو یەکسانیخوازییەی کە لە دڵی هاوبەستیدا هەیە بێنرخ و خاشەبڕ دەکات و لەگەڵ ئەو ڕەوت و ڕێچکە باوانەی کە تێیاندا ئەو زاراوەیە بە شێوەیەکی مێژوویی باو و زاڵ بووە بە باشی یەک ناگرێتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە «هاوبەستی لەگەڵ» لەم مانا بەرتەسکترەی خۆیدا لەگەڵ زاراوە پەیوەندیدارەکانی تری وەک «یارمەتیی مرۆڤدۆستانە»، «خێرخوازی»، «چاکەکاری» یاخود «پاڵپشتیکردن بۆ ئامانجێکی باش» جیاوازیی نابێت. هیچ خێرێک لەوەدا نییە کە فۆرمگەلێکی وەک یارمەتیی مرۆڤدۆستانە یان پاڵپشتیکردن بۆ ئامانجێکی باش ناو بنێین «هاوبەستی»، و لێکبەستنی ئەم دوو ئایدیایە بەیەکەوە لەژێر یەک دروشم و بەیداخدا، بەهای هاوبەستی وەک فۆرمێکی چالاکی و کردوەی یەکسانیخوازانەی بەکۆمەڵ لێڵ و تەماوی دەکات.

بۆ کۆمەڵێکی تر لە فەیلەسووفان (بۆ نموونە Kolers 2016) هاوبەستی (چ لە فۆرمی «لەگەڵ»دا و چ لە فۆرمی «لە نێوان»دا) دەبێ هەمووکات یەکلایەنە، ناهاوتا و لاسەنگ بێت. کۆلێرز دەڵێت کە حاڵەتە پارادایمی و نموونەییەکانی هاوبەستی تەنیا بریتین لەو حاڵەتانەی کە گرووپێک یان تاکێک (زۆربەی کات ئەندامانی دەرەوەگرووپێک)، کە بە پیتی S دیاریی دەکات، بۆ گرووپێکی ئامانج، کە بە پیتی G ناوی دێنێت، خۆی بە دەستەوە بدات و خێری پێ بگەیەنێت، بەڵام پێچەوانەکەی ناگرێتەوە. کۆلێرز گوتەنی،

[هەنگاو و کردەوەی هاوبەستی] ناکرێت بە هانابردنەبەر ئامانجەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی پاساو بدرێت، هەروەها ئێمەش لەسەر بنەمای ئامانجە هاوبەشەکان لایەنەکان هەڵنابژێرین. بەپێچەوانەوە، کاتێک S لە هاوبەستی لەگەڵ Gدایە، ئەوا S پشتگیریی G خۆی دەکات یان بەهای پێ دەدات، نەک ئامانجەکانی G. هەر ئامانجێک کە G بۆ ئەو کردەوەیە یان وەک ئامانجێکی سیاسی دەستنیشانی بکات، S ئامادەیی هەیە قبووڵی بکات و بیشۆپێنێت. بۆ نموونە، تا ئەو کاتێک کە لە هاوبەستیدان، خەڵکانی جیازایەندخواز کە پاڵپشتیی مافی هاوسەرگیریی دوو کەسی هاوزایەند لەگەڵ یەکتر دەکەن، لەبەر ئەوە نییە کە وەک خۆیان و بە مەبەستی کەسی بخوازن هاوسەرگیریی دوو کەسی هاوزایەند ڕێگەپێدراو بێت، بەڵکوو هۆکارەکەی ئەمەیە کە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە وەک ئامانجێکی گرنگ مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکات. (Kolers 2016: 58)

لە نموونە پارادایمییەکانی هاوبەستیدا ئەندامانی (دەرەوە)گرووپەکان (بۆ نموونە جیازایەندخوازان) خۆیان دەروەست بە ئەنجامدانی هەر شتێک دەزانن کە ئەندامانی (ناوەوە)گرووپێکی بەشبڕاو و بێوەری (وەکوو هاوزایەندخوازان) بۆ زاڵبوون بەسەر نادادپەروەری و ڕەواندنەوەی ئەو نادادپەروەرییە، بە پێویستی دەزانن. خاڵی جێی بایەخ ئەوەیە کە لەم وێنەیەدا ئەندامانی دەرەوەگرووپ بەو گرووپەوە دەروەستن، نەک بە هەر ئامانج و مەبەستێک کە ئەو گرووپە شوێنی دەکەوێت. من وەک کەسێکی جیازایەندخواز بۆ ئەوەی بە هاوبەستی مامەڵەم کردبێت، نایەم شان بە شانی ئەندامانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بە ئاراستەی دەروەستبوونی ڕاستەوخۆ بە بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیی جیازایەندخوازی هەنگاو بنێم؛ بەڵکوو بۆ ئەوەی بە هاوبەستی بجووڵێمەوە دەبێ پابەند بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە وەک خۆی بم، و لەم ڕووەوە دەبێ دەروەست بم بە هەر شتێک کە ئەندامەکانی پێم بڵێن کە پێویستە بۆ پێشخستنی دۆزەکەیان بیکەم، جا هەر دۆز و ئامانجێک بێت.

یەک لە باشییەکانی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە ڕەهەندێکی گرنگی ئەخلاقیی بزاڤە کۆمەڵایەتییە هاوپەیمانییەکان لە خۆ دەگرێت و دەنوێنێت، واتە ئەوەی کە (دەرەوە)گرووپە هەڤیازترەکان لە بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەریدا وەک هەواڵبەند و هاوپەیمانی (ناوەوە)گرووپە بێوەری و بێبەشترەکان هەنگاو دەنێن و دەجووڵێنەوە. هەروەک زۆرجار ئاماژەی پێ دراوە، کێشەی وەها هاوپەیمانیگەلێک ئەوەیە کە هەڤیازییەکانی ئەندامانی گرووپە هەڤیازترەکان زۆربەی کات کاریگەری دەخەنە سەر لە هەوڵەکانیان بۆ پاڵپشتیکردن لە ئامانجەکانی بزووتنەوەکە و تەنانەت هەندێک کات ئەو هەوڵانە دەشێوێنن و بە لاڕێیاندا دەبەن، و ئەو ئەندامانە چاویان لە ئاست شێواز و ڕێگەکانی ئەو کاریگەریدانان و شێواندنە دادەخەن.[١] هاوپەیمانە دەرەوەگرووپییەکان هاوکات کە شان بە شانی ئەندامانی ناوەوەگرووپەکان خەریکی بەرخۆدان و بەرەنگاربووەنەوەن، دەکرت هەندێک کات بە شێوەیەکی ناوشیارانە مۆدێل و شێوازە پێکهاتەییە بەربڵاوترەکانی دەسەڵات و هەڵاوارتن و بێبەشکردن بەرهەم بهێننەوە. بۆ نموونە، دەشێ لە هەوڵدان بۆ سەپاندنی ئەجێندا یان ئایدیالەکانی خۆیان بەسەر بزاڤە بەرین و بەربڵاوترەکەدا، لە فۆرمێک لە فۆرمەکانی نادادپەروەریی مەعریفی بگلێن (Deveaux 2021; Clark 2014; Medina 2013; Gould 2020; Land 2015). کارەکانی کۆلێرز بیری خوێنەرانی دەخاتەوە کە بۆ هاوبەستیی ڕاستەقینە پێویستە ئەندامانی دەرەوەگرووپەکان نیگەرانی، ئایدیال، پێشداوەری و لاگیرییە تایبەتەکانی خۆیان وەلا بنێن و گوێ بگرن (Kolers 2016: 115). ئیتر کاتیەتی ئامادە بن دان بە سنوورە ڕێژەییە مەعریفییەکانی خۆیان بە بەراورد لەگەڵ ئەندامانی ناوەوەگرووپەکاندا بنێن کە نەتەنێ بە هەموو وجوودیان لەناو کایەکەدان و گیرۆدەی بابەتەکەن، بەڵکوو زۆربەی کات ئەزموونێکی ژینکراوی زیندوو و دیاریان لەو فۆرمانەی نادادپەروەری هەیە کە خەریکن بەرەنگاریان دەبنەوە. هەروەها دەبێ ئامادە بن لەبەر ڕێزگرتن لە بەشبڕاوەکان خۆیان بە دەستەوە بدەن و ئەوان لە پێشتر دانێن: جا چ ئەم بەشبڕاوانە دەستڕاگەیشتنی مەعریفیی باشتریان بە ڕاستییەکان سەبارەت بە خەبات و بەربەرەکانییەکە و بابەتەکانی تری پەیوەندیدار بەمەوە هەبێت یان نا، هەڤیازەکان دەبێ بۆ ڕێزگرتن لە هەر شتێک کە بۆ بەشبڕاوان تا ئەو ڕادەیە گەوهەرییە و لەژێر مەترسیدایە، خۆیان بە دەستەوە بدەن.[٢]

تا ئێرە لەسەر ڕاڤە و لێکدانەوە یەکلایەنە و ناهاوتاکانی چەمکی جێی باسمان دواوین و گەنگەشەمان کردوون. ئێستا دەپەرژێینە سەر ئەو ڕاڤە و لێکدانەوانە لەو چەمکە کە بیرۆکەی «هاوبەستی لە نێوان» وەک پارادایم و مۆدێلی نموونەیی ڕەچاو دەکەن. بیرۆکەی «هاوبەستی لە نێوان» بۆ ناودێرکردنی پەیوەندییەک لە نێوان ئەندامانی تاکە گرووپێک کەڵکی لێ وەردەگیرێت، نەک بۆ ئاماژەدان بە کۆمەڵێک هەڵوێست و هەنگاوی کردەیی کە دیاریکەری تایبەتمەندیی تاکێکن کە (بە شێوەیەکی تاکلایەنە) پشتیوانی یان یارمەتییەک پێشکەش دەکات. ئەم پەیوەندییە بەگشتی بەو شێوەیە دێتە تێگەیشتن کە حاڵەتێکە کە گرووپەکە جۆرێکی جیاواز لە یەکێتی لە نێوان ئەندامەکانی لە خۆی پێشان دەدات (solidus لە زمانی لاتینیدا بە واتای گشت یان یەکگرتوو و یەکپارچە دێت). بەڵام چ جۆرە یەکێتییەک؟ بەپێی هەموو بۆچوونە ڕێتێچوویەکان، ئەو یەکێتییەی کە باسی لێ دەکەین لە کۆمەڵێک هەڵوێست، خوو و خدە و کردەوەی تایبەتمەند پێک دێت کە لێکگرێدراون و لە لایەن ئەندامانەوە دێنە دەربڕین و نواندن. لێرەدا بەراوردکردنی پەیوەندییەکانی هاوبەستی لەگەڵ ئەو پەیوەندییانەی پێکهێنەری گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، وەک خۆیانن، دەتوانێت بابەتەکە ڕوونتر بکاتەوە. بە گوێرەی یەک لە پێناسە کاریگەرەکان بۆ گرووپی کۆمەڵایەتی، گرووپێکی کۆمەڵایەتی

بریتییە لە کۆمەڵێک تاک کە خۆیان وەک ئەندامی یەک پۆلی کۆمەڵایەتی دەزانن، هەندێک گیرۆدەبوون و گرێدراویی سۆزدارییان بەم پێناسە هاوبەشە لە خۆیان هەیە و بە ڕادەیەک لە کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی گرووپەکەیان و ئەندامێتییان لەو گرووپەدا گەیشتوون. (Tajfel & Turner 2001: 100)

چەند کەسێک کە لە وێستگەیەکی پاسدا چاوەڕێ دەکەن یاخود سواری شەمەندەفەرێک دەبن لە حاڵەتی ئاساییدا گرووپێکی کۆمەڵایەتی نین؛ بەڵام فەرمانبەرانی گووگڵ و ئەندامانی کڵێسای ئینگڵتەرا گرووپێکی کۆمەڵایەتین. کەواتە دەتوانین بڵێین: بۆ ئەوەی (ناوەوە)گرووپێک هاوبەستیی خۆی پێشان بدات دەبێ خۆی وەک گرووپێکی کۆمەڵایەتی بناسێتەوە: ئەندامانی دەبێ خۆیان لەسەر بنەمای هەندێک خەسڵەت و تایبەتمەندی بناسنەوە کە وەک گرووپێکی کۆمەڵایەتی دیارییان دەکات. بۆ نموونە، ئەندامان دەشێ خۆیان وەک کرێکار (واتە لەسەر بنەمای ڕۆڵێک)، وەک ڕەشپێست (لەسەر بنەمای پۆلێنکردنی ڕەگەزی[٣])، وەک ڕزگاربووانی شێرپەنجە (لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ئەزموونی هاوبەش)، وەک ژینگەپارێز (لەسەر بنەمای دۆزێکی هاوبەش) و هتد بناسنەوە.[٤] بەڵام چ مەرجێکی تر پێویستە (یان لانیکەم پارادایمییە)؟ ناسینەوە وەک گرووپێکی کۆمەڵایەتی بەس نییە: پێم وایە ڕوونە کە بۆی هەیە خۆمان وەک فەرمانبەری گووگڵ، یان ئەندازیار، یاخود بانکەوانی وەبەرهێنان بناسینەوە، کەچی دیسانەکەش هاوبەستیمان لەگەڵ یەکتر نەبێت.

یەک لە بابەتە زەقەکان ئەو مەرجەیە کە ئەندامانی ئەو گرووپە کۆمەڵایەتییە ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت کە لە کاتی پێویستدا بەرژەوەندیی بەرتەسکی تاکەکەسیی خۆیان بۆ بەهاناچوون و یارمەتیدانی یەکتر وەلا بنێن. بۆ نموونە، دەتوانین بیهێنینە پێش چاومان کە فەرمانبەرانی گووگڵ یان بانکەوانانی وەبەرهێنان، بەدەر لە هەندێک حاڵەت و هەلومەرجی تایبەت (بۆ نموونە فەرمانبەران بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەدەر لە ئیشەکەیان یەکتر بناسن)، ئامادە نین بەرژەوەندیی بەرتەسکی خۆیان وەلا بنێن. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا پێدەچێت کە مرۆڤەکان لە هەڵسوکەوت و پەیوەندیی ئاسایی ڕۆژانەیاندا هاوبەستییان لەگەڵ یەکتر نەبێت (سەرەڕای هاوکارییەکانیان). بەشێک لە فەیلەسووفان لەو باوەڕەدان کە ئەم دوو مەرجە —ناسینەوە وەک ئەندامێکی گرووپێکی کۆمەڵایەتی و لەسەر ئەو بنەمایە، ئامادەیی بۆ وەلانانی بەرژەوەندیی بەرتەسکی تاکەکەسی لە پێناو یارمەتیدان بە ئەندامێکی تر— بۆ هاوبەستی پێویست و بەسن. بۆ نموونە فیلیپ ڤان پاریس دەنووسێت:

کاتێک لەڕووی هاوبەستییەوە یارمەتیت دەدەم، ئەم کارە دەکەم چونکە تۆ «یەکێک لە ئێمەی»، چونکە «دەکرا من لەجیاتی تۆ بم»، چونکە بەم واتایە، من لەگەڵ تۆدا «دەناسرێمەوە». (Van Parijs forthcoming؛ هەروەها بڕوانە Mason 2000: 27)

بۆ ڕوونبوونەوەی بابەتەکە ڤان پاریس نموونەی گەشتیارێک دێنێتەوە کە جزدانێکی ونبوو بۆ هاوسەفەرەکەی دەگەڕێنێتەوە، یان پاسکیلسوارێک کە یارمەتیی پاسکیلسوارێکی دیکە دەدات تا سواری شەمەندەفەر بێت. لە هەر دوو حاڵەتەکەدا، کەسێک خۆی وەک گەشتیار (یان پاسکیلسوار) دەناسێتەوە و بەهۆی ئەو ناسینەوەیە، ئامادەیە یارمەتیی گەشتیار یان پاسکیلسوارێکی تر بدات.

لایەنێکی ئەرێنیی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە دەتوانێت کۆمەڵێک بوار و بەستێنی فرەچەشن و جیاواز لە خۆ بگرێت. بۆ نموونە دەتوانێت هەستە یەکلایەنەکانی هاوبەستی، وەک چیرۆکی «سامریی چاکەکار»مان بۆ ڕوون بکاتەوە. مادام سامریی چاکەکار خۆی بە شێوەیەک پۆلێن بکات کە گرێدراو و پەیوەندیدار بە ئەوانی ترە و تەنانەت ئەو کەسە نامۆ و نەناسیاوەیش بگرێتەوە و ئەم شێوازی خۆپۆلێنکردنە پاڵنەری کردەوەکانی بێت، ئەوا بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی نەناسیاوەکە بە هاوبەستی هەژمار دەکرێت. لەوانەیە سامریی چاکەکار بەهۆی ئەزموونی بوونە قوربانیی نادادپەروەری یان بەرگەزەنیی هاوبەشیان، بڵێین وەک مرۆڤ، ئامادەیی بۆ یارمەتیدان تێدا بێت. بەڵام سروشت و کرۆکی گشتگیری ئەم بابەتە ڕەنگە هەڵاواردن و جیاکردنەوەی لە چەمکە پەیوەندیدارەکانیشەوە ئەستەم بکات. پێدەچێت ئەم لێکدانەوەیە بۆ ئەم بۆچوونە دادەڕمێت کە دەڵێت هاوبەستی ناوێکی ترە بۆ هەموو ئەو بەرپرسیارێتییانەی کە لە ئەنجامی ئەندامێتی لە گرووپێکی کۆمەڵایەتیدا دێنە کایەوە (یان وا دەخەمڵێندرێت کە دێنە کایەوە).

تۆمی شێڵبی ڕوانگەیەک دەخاتە ڕوو کە لەڕووی پێکهاتەوە بە شێوەیەکی گشتی هاوشێوەیە، بەڵام مەرجەکانی بۆ ناسینەوەی هاوبەش و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی گرووپ پتەوتر دەکات. شێڵبی دەڵێت:

باوەڕم وایە پێنج مەرجی نۆرماتیڤی سەرەکی هەن کە بەیەکەوە بۆ فۆرمێکی تۆکمە و پتەوی هاوبەستی بەسن [ناسینەوە لەگەڵ گرووپەکەدا، کەڵکەڵەی تایبەت، بەها و ئامانجی هاوبەش، وەفاداری، و متمانەی دوولایەنە]. مەبەستم لە «تۆکمە و پتەو» هاوبەستییەکە کە بە ڕادەیەک بەهێزە کە خەڵک بەرەو کردەوە و هەنگاوی بەکۆمەڵ ئاراستە دەکات، نەک تەنیا هاوسۆزییەکی دوولایەنەی هەڵقوڵاو لە داننان بە هاوبەشێتی یاخود تەنیا هەستێکی ئینتمای گرووپی. (Shelby 2005: 68؛ هەروەها بڕوانە May 1996: 44؛ بەراوردی بکە لەگەڵ Feinberg 1973: 677)

بەپێی ئەم ڕوانگەیە گەڕاندنەوەی جزدانێکی ونبوو بۆ خاوەنەکەی و چیرۆکی سامریی چاکەکار بە هاوبەستی لە قەڵەم نادرێن، چونکە بەرهەمی هەستێکی لاوازی ئینتمای گرووپین. بەڵام ڕەنگە هەندێک کەس ناڕەزایی دەرببڕن لەوەی کە ئەم ڕوانگەیە هێشتاکەش بە ڕادەی پێویست سنووردانەر و بەرتەسککەرەوە نییە. بۆ نموونە، دەشێ گرووپێکی خوێندنەوەی کتێب هەر پێنج تایبەتمەندییەکە لە خۆی پێشان بدات و بەشداربووانی هان بدات کە بەیەکەوە کار بکەن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، پێدەچێت زۆر ئەستەم بێت بتوانین بڵێین گرووپێکی خوێندنەوەی کتێب لە هاوبەستی لەگەڵ یەکتردان. (زۆر ئەستەمە نەک لەبەر ئەوەی کە لە زمانی باو و ئاساییدا واتای نییە، بەڵکوو چونکە پێدەچێت لەگەڵ بەها و دیرۆکی ئەو ڕەوت و ڕێچکە باوانە ناکۆک و دژوازە کە تێیاندا ئەم زاراوەیە بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی دەرخستووە، و هەروەها لەگەڵ تێگەیشتنمان لەو ڕۆڵە یەک ناگرێتەوە کە دەخوازین لێکدانەوەیەک لە هاوبەستی بیگێڕێت.) هەروەها بە گوێرەی ئەم ڕوانگەیە ڕوون نییە کە ئاخۆ کردەوە و هەنگاوی بەکۆمەڵ مەرجێکی پێویست بۆ هاوبەستییە، یاخود گەلۆ دەکرێت دوو یان چەند کەس بەبێ ئەوەی هیچکات پێکەوە و بە مانایەک پەیوەست بە یەکتر بجووڵێنەوە، تەنیا بە هەبوونی ئەو هەڵوێستانەی باس کراون، لە هاوبەستیدا بن. گەلۆ دەکرێت چەند برایەک تەنیا لەبەر هەبوونی هەر ئەو پێنج ڕەوش و هەڵوێستەی وەک مەرج باسمان کردن لە هاوبەستیدا بن، تەنانەت گەر هەرگیز بۆ شۆپاندنی هیچ ئامانجێک بەیەکەوە هەنگاویان نەنابێت یاخود بە هیچ شێوەیەک بە هانای یەکترەوە نەچووبن؟

سالی شۆڵز ڕوانگەیەک لە هاوبەستی دەخاتە ڕوو کە ڕاشکاوانە سیاسی و بەرهەڵستکارانەیە. شۆڵز دەڵێت،

هاوبەستیی سیاسی لە بەربەرەکانێ و دژایەتیی شتێکدا سەر هەڵدەدات؛ بزاڤێک بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە کە دەشێ لە زۆر ئاستی بوونی کۆمەڵایەتیدا ڕوو بدات. ... کارەساتە سروشتییەکان ڕەنگە بۆ هەست و سۆزی بەهێز و تەنانەت بەستنی پەیوەندی ئیلهامبەخش بن، بەڵام بۆ هاوبەستیی سیاسی ئیلهامبەخش نین. هاوبەستیی سیاسی بەو شێوەیەی کە من لەسەری دەدوێم، ناوەرۆک یان ئامانجێکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی هەیە؛ لە بەرامبەر بە ناداپەروەری، چەوساندنەوە، ستەم، مڵهوڕی و بەرگەزەنیی کۆمەڵایەتیدا دەوەستێتەوە و بەرهەڵستی دەکات. (Scholz 2008: 54؛ هەروەها بڕوانە Mohanty 2003: 7)[٥]

هاوبەستی لەم بۆچوونەدا هەمووکات بەرەو زاڵبوون بەسەر نادادپەروەریدا ئاراستە دەکرێت؛ و لە بنەڕەتدا سیاسییە. ئیتر گرووپی خوێندنەوەی کتێب، سامریی چاکەکار و ناردنی پارە وەک یارمەتی بۆ بەرکەوتووانی بوومەلەرزە دەخرێنە دەرەوە و بە هاوبەستی داناندرێن. شۆڵز هەروەها دەڵێت کە ئەم چەمکە پێویستیی هەبوونی پابەندیی ئەخلاقیی ئەرێنی لە نێوان بەشداربوواندا لە خۆ دەگرێت. ئەگەر بەشداربووان (بۆ نموونە گرووپێکی لایەنگری باڵادەستیی سپیپێستەکان) لە ناڕەزایی دەربڕین بە یەکخستنی ڕەگەزی، پابەندیی ئەرێنییان بۆ یارمەتیدان بە یەکتر نەبێت (چونکە ناڕەزایی دەربڕینێکی لەم شێوەیە خزمەت بە ئامانجگەلی ناداپەروەرانە دەکات)، ئەوا ناتوانن لەو کاتەدا کە ناڕەزایی دەردەبڕن، یارمەتیی یەکتر دەدەن و بە دۆزەکەیان دەروەستن، بە هاوبەستی بجووڵێنەوە و هەنگاو بنێن.

ئاندریا سانجیۆڤانی ڕوانگەیەکی لەم بوارەدا هەیە کە کەمتر سنووردانەر و بەرتەسککەرەوەیە (بەڵام سنووردانەرتر لە ڕوانگەی شێڵبییە). بەپێچەوانەی شێڵبی، سانجیۆڤانی دەڵێت کە هاوبەستی دەبێ هەمووکات بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر نەهامەتی و کڵۆڵیدا بێت، بەڵام ئەو نەهامەتییە مەرج نییە تەنیا سیاسی بێت. بۆ نموونە، وای دانێن گوندێک لە ئاگردا بسووتێت و دانیشتووانی بۆ نۆژەنکردنەوە و سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی کۆ ببنەوە. ئەوان بەو هەوڵ و تێکۆشانە دەروەستن و ئامادەن بە هانای یەکترەوە بێن. چونکە ئەو هەوڵە بە ئاراستەی زاڵبوون بەسەر نەهامەتییەکی هاوبەشە، بە هاوبەستی لە قەڵەم دەدرێت. جگە لەمە، لای سانجیۆڤانی چەمکی هاوبەستی ڕەهەندێکی ئەخلاقیی نییە: تەنانەت مافیاکانیش دەتوانن لە هاوبەستی لەگەڵ یەکتردا بن (واتە سەرەڕای ئەم ڕاستییە کە هاوبەستییەکەیان بۆ پێشخستنی ئامانجگەلێکی چەوت و لارە). لە کۆتاییدا ئیدعای ئەوە دەکات کە هاوبەستی نە بەر لە کردەوەی بەکۆمەڵ دێت و پێشمەرجێکیەتی (یان وەک شێڵبی دەڵێت ئەگەری کردەوەی بەکۆمەڵ زۆرتر دەکات) و نە بەرهەمێکی لاوەکیی کردەوەی بەکۆمەڵە، بەڵکوو خۆی فۆرمێکی کردەوەی بەکۆمەڵە. کەواتە هاوبەستی وەک جۆرێک لە کردەوە، تەنیا بۆ ئاماژەدان بە کۆمەڵێک حەز و ویست و باوەڕ، ڕەوشتبەرزییەک یاخود هەستێکی هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسانی تردا کەڵکی لێ وەرناگیرێت. بەڵکوو هاوبەستی هەر نموونەیەک لە کردەوەی بەکۆمەڵ دەگرێتەوە کە ئەم تایبەتمەندییە سەرەکییانەی خوارەوەی هەبێت:

١. بەشداربووان لەگەڵ یەکتر خۆیان لەسەر بنەمای ڕۆڵێک، هەلومەرجێک، دۆزێک، کۆمەڵێک ئەزموون یاخود شێوازێکی ژیان دەناسنەوە کە بەپێی ئەو ...

٢. ... ئەوان هەر یەکەیان ...

a. ... بەتەمان بە شۆپاندنی هەندێک ئامانجی هاوبەشی نزیکتر (بە Y ناودێری دەکەین)، دەوری خۆیان لە زاڵبوون بەسەر کۆمەڵێک چەرمەسەری و نەهامەتیی بەرچاودا ببینن (بە X ناودێری دەکەین)؛

b. ... بە تاک دەروەستن (i) بە X و Y و (ii) بە ڕەچاوکردن و ژێرپێنەخستنی ئیرادەی یەکتر لە دەستەبەرکردنی X و Yدا؛

c. ... دەروەستن بە هاوبەشبوون لە چارەنووسی یەکتر بە شێوەیەکی پەیوەست بە X و Y؛

d. ... بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان لە X و Yدا بگێڕن متمانە بە یەکتر دەکەن، متمانە بە دەروەستیی یەکتر دەکەن، متمانە بەوە دەکەن کە هەر یەکەیان ئیرادەی ئەوەی تر بە هەند وەردەگرێت و ژێر پێی نەخات، و متمانە بەوە دەکەن کە هەر یەکەیان لە چارەنووسی ئەوەی تردا هاوبەش دەبێت.

ئەم ڕوانگەیە بەرەوڕوو کۆمەڵێک ئاڵنگارییش بووەتەوە. یەکەم ئەوەی کە وەک شێڵبی و شۆڵز، حاڵەتە یەکلایەنەکانی هاوبەستی —وەک نموونەی سامریی چاکەکار و ناردنی پارە وەک یارمەتی بۆ بەرکەوتووانی بوومەلەرزە— وەک نموونەی هاوبەستی ناهێنێتە هەژمار، چونکە تێیاندا هیچ کردەوە و هەنگاوێکی بەکۆمەڵ لە واتای پێویستی خۆیدا بەدی ناکردرێت. خاڵی دووەم و پەیوەست بە یەکەمەوە، ڕێگە بە حاڵەتەکانی هاوبەستیی «بێدەنگ» یان «کەسی و تایبەت» نادات (Bommarito 2016; Zhao 2019). سیمۆن وایڵ وەک کچێکی گەنج وازی لە خواردنی شەکر هێنا، چونکە شەکر بۆ سەربازان لە بەرەی شەڕدا بەردەست نەبوو. وا دیارە ڕێی تێچێت گەر بڵێین بە هاوبەستی لەگەڵ سەربازەکاندا ئەم کارەی کردووە. ئیتر بە چ هۆکارێک دەبێ حاڵەتگەلێکی لەم چەشنە ڕەت بکەینەوە؟ و لە کۆتاییدا وا دیارە ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەی کە بە نوێنەرایەتی و لەژێر ناوی بەرکەوتووانی نادادپەروەری بەڵام نەک لەگەڵ ئەو قوربانییانە، ڕێک خراون، دەخاتە دەرەوەی بازنەی هاوبەستییەوە. بیهێننە بەرچاوتان خۆپێشاندانێکی ناڕەزایی دەربڕین لە دژی داخستنی کەمپەکانی پەنابەرانی کالێ لە لایەن حکوومەتی فەڕەنساوە، ڕێک دەخەین، و گریمان پەنابەرانی ئەوێندەرێ هەر ئاگاداری ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕینەی ئێمە نین، یان هەر بەشداریی تێدا ناکەن. وا دیارە پێناسەی هاوبەستی لای سانجیۆڤانی ناچارمان دەکات بڵێین ئێمە لە دەرەوە لەگەڵ یەکتر هاوبەستیمان هەیە، بەڵام لەگەڵ پەنابەرەکاندا نا.

٢. هاوبەستی لە مومارەسەدا

تا ئێرە باسمان لە کرۆکی هاوبەستی بە شێوەیەکی گشتی کرد. لەم بەشەدا، دەپەرژێینە سەر باسی ئەو ڕەوت و ڕێچکە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە تێیاندا ئەم زاراوەیە دەرکەوتووە. هەر لێکدانەوەیەک لەو چەمکە گشتییە کە پێمان وایە باشترینە دەبێ لە ڕوونکردنەوەی هەرکام لەم بوار و بەستێنانە (بە وەسفکردن، هەڵسەنگاندن و ئاراستەکردنی سەرکەوتووانەیان) یارمەتیدەرمان بێت. سەرەڕای ئەمەش، ئێمە لە درێژەی ئەم بابەتەدا لە نێوان لێکدانەوە جیاوازەکان لەم چەمکە گشتییە لاگیری ناکەین و بێلایەن دەمێنینەوە. جگە لەمە، ئێمە تەنیا چەند نموونەیەک لەم بوار و بەستێنانە دەخەینە بەر باس. ئەگینا گەلێک ڕەوت و ڕێچکەی تریش هەن کە تێیاندا هاوبەستی جێگەی هەبووە. تەنیا تیشک دەخەینە سەر ئەو بابەتانەی کە پێمان وایە لەڕووی مێژووییەوە گرنگترین و کاریگەرترینیانن.

١.٢. سۆسیالیزم

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، بیرۆکەی هاوبەستی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم لە فەڕەنسا بڵاو دەبێتەوە. یەکەم بەستێن کە ئەم چەمکە تێیدا ڕەگوڕیشەی خۆی داکوتاوە سۆسیالیزمە. یەکەم نووسەرە سۆسیالیستەکان —لەناویاندا ڕۆبێرت ئۆین (1771-1858)، هێنری دی سەینت سیمۆن (1760-1825) و شارل فووریێ (1772-1837) (کە مارکس و ئەنگڵس دواتر وەک کەسانێکی «یوتۆپیاگەرا» دووریان خستنەوە و وەلایان نان) بەتایبەتی کاریگەرییان زۆر بوو— هەستان بە ئیدانەکردن و ڕیسواکردنی ئەو تاکگەرایی و خۆپەرستییەی کە لە ئامێزی کۆمەڵگەی بازاڕ هاتبووە دەرەوە و بڵاو ببووەوە (Claeys 2011). ئەوان دەیانگوت کە دەربازبوونی بازاڕ لە کۆتوبەند و چوارچێوەکانی یاسای نەریتی، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و ئەخلاق بەناچار ململانێی کۆمەڵایەتی، و داکەوتن و داڕمانی ئەخلاقی، ئابووری و کولتووریی چینی کرێکاری لێ دەکەوێتەوە. لەو باوەڕەدا بوون کە فۆرمە نوێیەکانی یارمەتیدان، هاریکاری، گرێدایی و بەشداریی دوولایەنە بۆ ئەم مەبەستە پێویستن کە هەموو یەکە کارکردییەکانی ئابووریی پیشەسازیی مۆدێرن بەیەکەوە لە تۆڕێکی پشتیوان و پاڵپشتی دوولایەنەدا لە دەوری یەک کۆ بکرێنەوە، و ڕێگری بکرێت لە کاریگەرییە هەرە خراپ و کرێتەکانی دابەشکردنی کار بە شێوەیەکی کێبەرکێیانە و ئەو هەژارییەی کە بەرهەمی دەهێنێت. ڕۆبێرت ئۆین لە ساڵی 1826دا دەنووسێت:

تاکە ڕێگەیەک هەیە ... کە مرۆڤ بە گرتنەبەری دەتوانێت تاهەتایە خاوەنی سەرجەم ئەو بەختەوەرییە بێت کە سروشتی خۆی توانای چێژلێوەرگرتنی هەبێت —ئەویش یەکێتی و هاریکاریی هەمووان لە پێناو بەرژەوەندیی یەکە بە یەکەیانە. تا کاتێک کە مرۆڤ لە شار و شارۆچکە مەزنەکاندا لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە، یان هەرکامەیان لە خێزانێکدا و جودا لە مرۆڤەکانی تر دەژین، کە هەر یەکەیان کۆمەڵێک بەرژەوەندیی جیاواز و دژوازی هەیە، هیچ پێشکەوتن و باشتربوونێکی گەوهەری لە دۆخی کۆمەڵگەدا دەستەبەر و کاریگەر نابێت. مرۆڤەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە سەرجەم قازانج و باشییەکانی هاوکاری، دەبێ لە کۆمەڵی بچووک بچووک یاخود لە چوارچێوەی خێزان و بنەماڵەی گەورەدا لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە، کە هەموو ئەندامانیان دەبێ بە دەوری گرێدایی بە بەرژەوەندییەکی هاوبەش یەک بگرن؛ هەمان گرێدایی و پەیوەندیی یەکێتی کە هەر کۆمەڵێک بە هەر کۆمەڵێکی تر کە لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاوچەشن بنیات نراوە دەبەستێتەوە. (Owen 1826–27 [2016: 69]؛ هەروەها بڕوانە Leopold 2015)

هیپۆلیت ڕینۆ ناوێکی بەم هاوکارییە کۆمەڵایەتییە یەکپارچە و بە شێوەی دوولایەنە پشتیوان و پاڵپشتە کە لە خزمەت تاک بە تاک و هەموواندایە بەخشی کە دواتر هەر لەو ناوە بۆ ناونیشانی پوختە ئێجگار بەناوبانگەکەی لە کار و بەرهەمەکانی فووریێ کەڵک وەرگیرا، ئەویش Solidarité (1842) واتە هاوبەستی بوو.[٦]

ئەنگڵس لە وتاری «سۆسیالیزم: یوتۆپیایی و زانستی»دا (1876) یوتۆپیاگەراکان لەو ڕووەوە کە ناتوانن شیی بکەنەوە کە چلۆن کۆمەڵگە پێشنیارکراوەکانیان دەکرێت بێنەدی، بەرپەرچ دەداتەوە (1876 [1978: 685ff]). هیچ بنەمایەک بۆ دۆکترینەکانیان یان باوەڕیان بەو یاسایانەی کۆمەڵگە کە لەڕووی ئەزموونییەوە دەکرا پشتڕاست بکرێنەوە، بوونی نەبوو. بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی نێوان «هاوبەستی» و «یوتۆپیاگەراکان»، ڕوونە کە نە مارکس و نە ئەنگڵس هیچکات لە هیچکام لە نووسراوە سیستەماتیکییەکانیاندا کەڵکیان لە «هاوبەستی» وەک زاراوەیەک وەرنەگرت. تەنیا لەو لێدوان و نامانەیان کە پەیوەست بە کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی کرێکاران بوون کە لە هەموو شوێنێک بۆ داکۆکی و پشتگیریی سۆسیالیزم سەریان هەڵدەدا، کەڵکیان لەو زاراوەیە وەردەگرت. مارکس لە لێدوانێکدا کە ساڵی 1872 لە ئەمستەردام دوای کۆنگرەی ئینتەرناسیۆنالی یەکەم پێشکەشی کرد، دەڵێت:

هاووڵاتییان، با بیر لە پرەنسیپی بنەڕەتیی ئینتەرناسیۆنال بکەینەوە: هاوبەستی. تەنیا کاتێک کە توانیمان ئەم پرەنسیپە ژیانبەخشە لەسەر بنەمایەکی دروست لە نێوان کرێکارانی بێژماری هەموو وڵاتاندا بنیات بنێین، دەتوانین بەو ئامانجە کۆتاییە مەزنەی کە بۆ خۆمانمان دیاری کردووە بگەین. شۆڕش دەبێ بە هاوبەستی ڕاپەڕێندرێت؛ ئەمە وانەی مەزنی کۆمۆنی فەڕەنسایە، کە لەو ڕووەوە هەرەسی هێنا کە هیچکام لە ناوەندەکانی تر —بەرلین، مەدرید و هتد— بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی بەو ڕادەیە مەزنیان پێک نەهێنا کە بە ڕاپەڕینی بەهێز و پڕشکۆی پرۆلیتاریای پاریس بەراورد بکردرێت. (Marx 1872 [1978: 522])

و هەروەک چۆن کارل کاوتسکی، یەکێک لە کاریگەرترین مارکسیستەکانی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، لە کتێبی خەباتی چینایەتیدا، کە شرۆڤەی فەرمیی حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا لەسەر بەرنامەی پێشنیارکراوی ئێرفورت لە ساڵی 1891دا بوو، دەنووسێت:

بەڵام هەر کە کرێکاران بۆیان دەرکەوت بەرژەوەندییەکانیان هاوبەشە، کە هەموویان بەرەنگاری چەوسێنەران بوونەتەوە، ئەوا شێوەی ڕێکخراوەگەلی گەورە و شەڕی ئاشکرا لە دژی چینی چەوسێنەر بە خۆیەوە دەگرێت. ... و کاتێک [ئەم مەیلە ئاستبەرزکەرەوە و پێشخەرانە] جارێک وشیاریی چینایەتیی تەواویان لەناو هەر گرووپێک لە کرێکاراندا وەخەبەر هێنا، وشیاری سەبارەت بە هاوبەستی لەگەڵ هەموو ئەندامانی چینی کرێکار، وشیاری لەسەر ئەو هێزەی لە یەکێتییەوە لە دایک دەبێت؛ هەر کە هەر گرووپێک زانی و دانی بەوەدا نا کە بۆ کۆمەڵگە پێویست و جەوهەرییە و بوێریی ئەوەی تێدا بوو کە هیوا بۆ شتی باشتر لە دواڕۆژدا بخوازێت —ئەوا زۆر ئەستەمە ئەو گرووپە بۆ ناو ئاپۆرەی نزم و داتەپیوی بوونەوەرگەلێک پاڵ بندرێتەوە کە بەرخۆدان و دژایەتیکردنیان لەگەڵ ئەو سیستەمەی لەژێر ئازار و سەرکوتیدان، فۆرمێکی تری بەدەر لە ڕق و قینی بێهۆ و لەخۆوە وەرگرێت. (Kautsky 1892: Ch. 5, Secs. 5–6؛ هەروەها بڕوانە Wildt 1999)

«هاوبەستی» هەر لە ئاخێزگە سۆسیالیستییە سەرەتاییەکانیەوە، جێگەی سروشتیی خۆی وەک زاراوەیەک مسۆگەر کرد کە یەکێتیی کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی کرێکارانی وەسف دەکرد —واتە زاراوەیەک کە ناسینەوەی هاوبەش و دوولایەنەیان لەگەڵ یەکتر وەک چەوسێنراو، دەروەستیی دوولایەنەیان بە ڕووخاندن و لەبنهێنانی سەرمایەداری لە ڕێگەی هاوکاریی ڕێکخراوەوە، و ئامادەییان بۆ قوربانیدان لە پێناو یەکتردا لەژێر ناوی دۆزەکەیاندا وەسف دەکرد.

٢.٢. هاوبەستیی مەدەنی

هاوبەستیی مەدەنی ئاماژەیە بە هاوبەستیی نێوان هاووڵاتییانی دەوڵەتگەلی مۆدێرن، و زۆربەی کات پەیوەستە بە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی دەوڵەتگەلی خۆشبژیوییەوە. ئەم زاراوەیە بەم پێناسە و تێگەیشتنەوە، یەکەم جار لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم لە فەڕەنسا بڵاو بووەوە و کەوتە سەر زاران. شێوازەکانی بەکارهێنانی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بەرهەم و دەرەنجامی فۆرمە سەرەتاییەکانی سۆسیالیزمن، بەڵام ئەم بیرۆکەیە بە ئاراستەیەکدا دەبەن و پێش دەخەن کە لەو سۆسیالیزمەی کە وەک هێزێکی سیاسی دوابەدوای ساڵی 1848 سەری هەڵدا، کەمتر بەرهەڵستکارانە و دژبەرانەیە. دوو کەسایەتی دەورێکی گرنگیان لە برەوپێدان و بڵاوکردنەوەی ئەم زاراوەیە لەم قۆناغە لە مێژوودا بینیوە: لیۆن بۆرژوا و ئێمیل دۆرکهایم. لە لیۆن بۆرژواوە دەست پێدەکەین، چونکە لێکدانەوە و خوێندنەوەکەی لەو سەردەمەدا لەوەی دۆرکهایم کاریگەرتر بوو.

لیۆن بۆرژوا —سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا لە ساڵانی 1895 و 1896دا— نامیلکەیەکی لە 1896دا لەژێر ناونیشانی Solidarité واتە هاوبەستی (Bourgeois 1902) بڵاو کردەوە کە دواتر بوو بە مانیفێستۆی بەرنامەیی بزاڤی سۆلیداریستی. نامیلکەکە بە ئاماژەدان بەو خاڵە دەست پێدەکات کە هەموو زیندەوەرە ئاڵۆزەکان لە ڕێگەی دابەشکردنی ناوخۆیی کارەوە خۆیان بەرهەم دەهێننەوە. هەر ئەندامێکی جەستە ئەرکێکی جیاوازی هەیە؛ پێکبەستراوەیی و گرێدراویی ئەم ئەندامانە بەیەکەوە بە شێوەیەک ڕێک خراوە کە بەردەوامی و زیندوومانەوەی بوونەوەرەکە مسۆگەر بکات. بۆرژوا ئەم یەکێتییە ناوخۆییە ناو دەنێت هاوبەستیی سروشتی. پاشان ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر بەم شێوەیە ڕێک دەخرێن: هەرچی کۆمەڵگەیەک ئاڵۆزتر بێت دابەشکردنی ناوخۆیی کارەکەی، فرەچەشنتر و پێکبەستراوەترە. لێرەدا دوو جیاوازی بەدی دەکرێت. جیاوازیی یەکەم ئەوەیە کە کۆمەڵگەکان لە مرۆڤەکان پێک هاتوون کە خاوەن ئەقڵ و ئیرادەن، و لەم ڕووەوە یاساکانی سروشت بۆ گەرەنتیکردنی هاوئاهەنگیی پاژەکان بە مەبەستی پاراستن، درێژەپێدان و بەرهەمهێنانەوەی ژیانی یەکە گشتییەکە بەس نین. جیاوازیی دووەمیش ڕاستەوخۆ لە جیاوازیی یەکەمەوە دێتە کایەوە. لەو ڕووەوە کە هاوئاهەنگیی پێویست بۆ پاراستن و بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵگەیەک پەیوەست بە ئەقڵ و ئیرادەی تاکەکانە، ئەو یاسایانەیش کە بەسەر ئەم بەرهەمهێنانەوەیەدا زاڵن دەبێ ڕێک لە ڕێگەی هەمان بەهرە و توانمەندییانەوە ئیش بکەن. بەم پێیە، ئەو یاسایانەی کە بەسەر هاوبەستیی کۆمەڵایەتیدا زاڵن و دەیبەن بەڕێوە، بێ ئەملا و ئەولا پێویستە ئەخلاقی بن.

چ داب و دەستوورێک دەبێ بەسەر دابەشکردنی کار و دواجار بەسەر دابەشکردنی خێر و قازانج، و بارگرانی و ئەرکەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەشدا زاڵ بێت و بیبات بەڕێوە (دابەشکردنی سوود و تێچووەکان (la répartition des profits et des charges))؟ بۆرژوا دەنووسێت کە ئێمە دەبێ لە لێکەوتە ئەخلاقییەکانی ئەو گرێدراوییە دووسەرەوە کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کۆمەڵگە پێک دەهێنێت، بە شوێن وەڵامدا بین. کاتێک ئەمەمان کرد، بۆمان دەردەکەوێت کە هەر تاکێک لە چوارچێوەی دابەشکاریی کۆمەڵایەتیی کاردا، زۆربەی هەرەزۆری ئەوەی دەتوانێت لەو کۆمەڵگەیە بە دەستی بهێنێت —بۆ نموونە، لە ڕێگەی بەهرە و تواناکانیەوە، یاخود لە ڕێگەی ئەو زانینەی کە لەو کۆمەڵگەیە بە دەستی دەهێنێت— قەرزداری دوو سەرچاوەیە. یەکەم، قەرزدار و منەتباری وەچەکانی پێشوو، و دووەم، ئەو مرۆڤە هاوچەرخانەن کە لە ئێستادا ئەو دامەزراوە، زانین، سەرچاوە و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییانە بەرهەم دەهێننەوە و پەرە پێدەدەن کە (نزیکەی) گشت ئەوەی هەیانە، لێیانەوە بە دەست دەهێنن.

[بەهۆی پشتبەستنی مرۆڤ بە دابەشکردنی کۆمەڵایەتیی کار] ئاڵوگۆڕێکی پێویستی خزمەتگوزارییەکان لە نێوان یەکە بە یەکەیان و هەموواندا بوونی هەیە. بۆ هەر تاکێک، پێشکەوتن و گەشەی ئازادی توانمەندییەکانی، چالاکییەکانی، و بەکورتی، خودی بوونەکەی، تەنیا لە ئاکامی هاوبەشی و یاریدەی هاوکات و بەیەکەوەی توانمەندییەکان و چالاکییەکانی مرۆڤەکانی تر دێتە دی. هەروەها ئەم پێشکەوتن و گەشە ئازادە تەنیا لە ئاکامی هاوبەشیی کەڵەکەبووی ڕابردوو دەتوانێت بەوپەڕی خۆی بگات.
کەواتە بە بۆنەی ئەو هاوبەشی و خزمەتگوزارییانەی هەموو بۆ یەکتری دابین دەکەن، هەرکامەیان قەرزدار و منەتباری هەموو ئەوانی ترە. (Bourgeois 1902: 137، وەرگێڕانی سانجیۆڤانی)

کەواتە، هاوبەستیی ئەخلاقی دەخوازێت کە هاووڵاتییان خۆیان بەیەکەوە وەک بەرپرسیاری هاوبەش لە ئاست بەرهەمی کۆمەڵایەتی بناسنەوە، و ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت کە ئەو قەرزە کۆمەڵایەتییە لە ڕێگەی دامەزراوەگەلێکی هاوبەش بدەنەوە کە بۆ بیمەکردنی خەڵک لە هەمبەر بێکاری، نەخۆشی و بەساڵاچوویی، بۆ پاراستنی هەلی کار بۆ کەسانی بەهرەمەند و هەروەها بۆ پشتگیریی سیستەمی پەروەردەی گشتی داڕێژراون. بۆرژوا وا دەگەیەنێت کە نەبوونی هاوبەستیی ئەخلاقی بێ ئەملا و ئەولا دەبێتە هۆی نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان پاژەکان، و لەم ڕووەوەش فەشەلهێنان و داڕمانی هاوبەستیی سروشتیی لێ دەکەوێتەوە.

تێزی دکتۆرای دۆرکهایم، لەژێر ناونیشانی دابەشکردنی کار لە کۆمەڵگەدا (1893)، کە چەند ساڵێک بەر لە نامیلکەی بۆرژوا بڵاو کرایەوە، لە نێوان هاوبەستیی میکانیکیی ناو کۆمەڵگە بەر لە مۆدێرنیتە و کەمتر ئاڵۆزەکان، و هاوبەستیی ئۆرگانیکی کۆمەڵگە پێشەسازییە مۆدێرنەکاندا جیاوازی دەکات و لێکیان هەڵدەوێرێت. ئەو کۆمەڵگەیانەی کە لێکگرێدراویی کۆمەڵایەتییان لەسەر هاوبەستیی میکانیکی بنیات نراوە، لە ڕێگەی «وشیاریی بەکۆمەڵ»ەوە کە شێوازێکی هاوبەشی ژیان پێناسە دەکات یەک دەخرێن و یەکپارچەیی تێیاندا بەدی دێت. لە کاتێکدا کە هاوبەستیی میکانیکی بە لێکچوون لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەیەک پێناسە و دیاری دەکرێت، تایبەتمەندیی دیاریکەری هاوبەستیی ئۆرگانیک جیاوازییە. لە دڵی هاوبەستیی ئۆرگانیکدا دابەشکردنی کار جێ دەگرێت، وەک چۆن لای بۆرژواش وا بوو. کۆمەڵگە مۆدێرنەکان دەبێ لە ڕێگەی پێکبەستراوەیی هاوئاهەنگی دابەشکردنێکی بەربڵاوی کارەوە یەکپارچە بکرێن. بەڵام دۆرکهایم سوورە لەسەر ئەوەی کە کارکردی هاوئاهەنگی پاژە جیاوازەکان خۆڕێکخەر نییە. ئەو جەخت لەسەر پێویستیی هاودەنگییەکی ئەخلاقیی پەلهاویشتوو بۆ بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی کارکردی دابەشکردنی کار دەکات. (ڕێکخستنێکی لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە ڕێگەی دەوڵەتیش —کە «زۆر دوور و لاکەوتە» [لە مەبەست] و «گشتی»یە— بەس نییە [Durkheim 1893 [1984: 27]].) ئەم هاوبەستییە چیتر ناتوانێت لە «وشیاریی بەکۆمەڵ»ەوە بێت (بەو شێوەیەی کە لە کۆمەڵگە پێشمۆدێرنەکاندا لەوەوە سەرچاوەی دەگرت): جیاکارییەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن تاکگەرایی و فرەڕەنگی زیاد دەکات، و ئەو گرێدایی و پەیوەندییە لێکچوونانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە کۆمەڵگە پێشمۆدێرنەکانیان بەیەکەوە دەبەستەوە. کەوایە، چ سەرچاوەیەکی تر بۆ پشتگیریکردن لە «هۆگربوون» بە یەکتر، ئامادەیی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی تر و متمانەی پێویست بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگەیەک دەمێنێتەوە؟

چارەسەری پێشنیارکراوی دۆرکهایم لە پێشەکیی دووەمی دابەشکردنی کاردا کە لە ساڵی 1902دا پێوەی زیاد کراوە، بەڕوونی باس کراوە. باوەڕی وی ئەوەیە کە دەوڵەت بە تەنیا ناتوانێت هەلومەرجی پێویست بۆ پاراستنی هاوبەستی لە هەمبەر سێ هۆکاری زاڵ و سەرەکیی پشێویی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە مۆدێرنە جیاکراو و پارچەپارچەکراوەکاندا گەرەنتی بکات. هۆکاری یەکەم بەرەڵایی کۆمەڵایەتییە، واتە نەبوونی ئاراستە و ئاراستەکردن، کە دەکرێت هاوکات لەگەڵ پسپۆڕگەرایی بێت. بەرەڵایی کۆمەڵایەتی مەترسیی بەرایی کۆمەڵایەتییە کە لەگەڵ زۆربوونی قووڵایی و ئاستی دابەشکردنی کار هاوتەریبە، و هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو هەستە کە ئێمە هەریەکەمان پشکێکی سەرەکیمان لە سەرکەوتنی کۆمەڵگە وەک گشتێک هەیە (Durkheim 1893/1902 [1984: 289-90]). هۆکاری دووەم زەبروزەنگە، واتە هەستکردن بە نادادپەروەرییەک کە لەو هەستەوە سەر هەڵدەدات کە کاری هەر کەسێک بە گوێرەی بایەخ و بەهای ئەو کارە و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی ئەو کەسە خۆی، بەهای پێ نادرێت —بەکورتی، هەستکردن بەوەی کە دەچەوسێتەوە. وەها ناڕەزایەتی و گازندەگەلێک بەتایبەتی کاتێک بەهێزن کە توخمەکانی پێشمۆدێرنی کاستی کۆمەڵایەتی لە سەردەم و ڕەوشی مۆدێرندا ماونەتەوە و درێژەیان هەیە. هۆکاری سێیەم بێوەجی و بێکەڵکبوون، یان بێئامانجی، زیزی و تووڕەیی، و نەبوونی تەرکیزە کە کاتێک دێتە ئاراوە کە بەپێی پێویست کار بەردەست نەبێت. دۆرکهایم دەڵێت کە لە هەر یەک لەم مەلەف و حاڵەتانەدا ئەو هاووڵاتییە بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات کە بەرە بەرە جێگەی مەزنتری خۆی لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو یەکەیەدا لە دەست بدات؛ کە بۆ ناخی خۆی دەگەڕێتەوە، ناڕەزایەتی و گازندەکانی بە لایەوە گەورەتر و ئەرکەکانی بەرامبەر بەوانی دیکە بێنرختر و بێکەڵکتر دەنوێنن؛ چیتر کارەکەی بە ڕەنگدانەوەی سروشت و کرۆکی خۆی نابینێت و کەمتر هەست بە ڕەزامەندی لە کاری خۆی دەکات؛ بێمتمانەیی ڕەگ دادەکوتێت؛ چیتر وەک هاوکارێکی کاری هاوبەش سەیری خاوەنکارەکانی ناکات، بەڵکوو بەرە بەرە وەک نەیار لێیان دەڕوانێت.

دۆرکهایم لەو پێشەکییەدا دەڵێت کە تەنیا «گرووپبەندیی پیشەیی هێزێکی ئەخلاقییە کە دەتوانێت خۆپەرستیی تاکەکەسی هەوسار بکات و سنوورێکی بۆ دانێت» (Durkheim 1893/1902 [1984: 11]). مەبەستی دۆرکهایم لە «گرووپبەندیی پیشەیی» ئەوە بوو کە لقە پیشەسازییە جیاوازەکانی ئابوورییەک لە چوارچێوەی کۆمەڵێک کەڵەکۆمپانیادا پۆلێن و گرووپبەندی بکردرێن (بە مۆدێلی کەڵەکۆمپانیای فیوداڵی). بەپێچەوانەی سەندیکاکان و یەکێتییە پیشەییەکان، کەڵەکۆمپانیاکان هەم لە لایەن خاوەنکاران و هەم کارمەندانەوە پێک دەهێنرێن، و دەسەڵاتی دیاریکردن و ڕێکخستنی هەقدەست، هەلومەرجی کارکردن، دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەیان دەبێت؛ هەروەها دەسەڵاتی هاوئاهەنگی لەگەڵ لقەکانی تر و لەگەڵ حکوومەتیان دەبێت. کاریگەریی وەها گرووپبەندییەک سەرلەنوێ چێکردنەوەی هاوبەستی لە شوێنێکدایە کە زۆرترین زەختی خرابووە سەر:

لەناو کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا [بۆ نموونە کەڵەکۆمپانیایەک]، هەر کە ژمارەیەکی دیاریکراو لە تاکەکان بۆیان دەرکەوێت کە هەڵگر و خاوەنی بیرۆکە، بەرژەوەندی، هەست و سۆز و پیشەی هاوبەشن کە بەشەکەی تری خەڵک لە دەرەوەی ئەو بازنەیەن و لەم بابەتانەدا لەگەڵیان هاوبەش نین، بێ ئەملا و ئەولا لەژێر کاریگەریی ئەم لێکچوونانەدا، هۆگری یەکتر دەبن و بۆ لای یەکتر ڕادەکێشرێن. ... مەحاڵە بۆ مرۆڤەکان کە پێکەوە بژین و لە پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ یەکتردا بن بەبێ ئەوەی کە تا ڕادەیەک هەستیان بۆ ئەو گشتێتییە هەبێت کە بەیەکەوە لە ڕێگەی یەکگرتنەوە پێکی دەهێنن، بەبێ ئەوەی کە هۆگری بن، گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی بدەن و لە هەڵسوکەوتیاندا ڕەچاوی بکەن. (Durkheim 1893/1902 [1984: 17-8])

بیرۆکەکە ئەمە بوو کە تاکەکان لە گرووپبەندی و پۆلێنکردنیاندا بەیەکەوە لە یەکەگەلێکی بچووکتر و لەڕووی کارکردییەوە ڕێکخراودا هەستی هاوبەشییان لە کۆمەڵگەدا دیسانەکە بە دەست دەهێننەوە، و لە هەمان کاتدا، پشکێکی بەرچاو لەو دادەپەروەری و ئینسافەی بۆ بەرهەمهێنانەوەی پێویستە بە هەمووان دەبەخشێت. بەکورتی، هاوبەستیی ئۆرگانیک ئاماژەیە بە پەیوەندییەکانی قوربانیدان و هۆگربوونی دوولایەنە کە ئەو کاتە ساز دەبن کە هەر هاووڵاتییەک تێبگات کە چلۆن ئەو یاریدە و بەشدارییەی لە ڕێگەی ڕۆڵی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیەوە دەیخاتە خزمەت کارکردی گشتیی کۆمەڵگە وەک یەکەیەک، پەیوەستە بە تۆڕێکی تەواو لێکگرێدراو و پێکبەستراو لە کۆمەڵ و ڕێکخراوەگەلێکی تایبەتتر.

٣.٢. هاوبەستیی نەتەوەیی

ناسیۆنالیستەکانی سەدەی نۆزدەیەم ئەم زاراوەیە لە سۆسیالیستەکان وەردەگرن تا یەکێتیی نەتەوەیەک لە خەبات دژی هێزگەلی دەرەکیدای پێ وەسف بکەن. لای ناسیۆنالیستەکان هاوبەستی ڕەگوڕیشەی لە ناسینەوەی هاوبەش لەگەڵ «کۆمەڵێکی وێنایی»دایە کە تێیدا ئەندامێتی نەک بەپێی چین و پێگەی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لەسەر بنەمای شێوازێکی بنچینەیی ژیان پێناسە دەکرێت کە بە ڕێچکەی گشتی و نەریتی هاوبەش، داب و دەستووری هاوبەش و مێژوویەکی هاوبەشی خەبات دیاری دەکرێت. ئێرنێست ڕێنان لە ساڵی 1882دا بانگەشەی ئەوەی کرد کە نەتەوە دەرکەوتەیەکی

هاوبەستییەکی مەزنە (une grande solidarité)، کە لە ڕێگەی هەستی قوربانیدانێکی هاوبەش پێک هاتووە کە ئەنجام دراوە و هەر تاکێک ئامادەیە دووپاتی بکاتەوە. (Renan 1882: 29)

و جووسێپێ ماتزینی، کە وەشانی ناسیۆنالیزمە لیبراڵ-کۆمارییەکەی دەبووایە کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر بزاڤە ناسیۆنالیستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەبێت، لە ساڵی 1871دا دەنووسێت:

سەرچاوە و سامان و تواناکانی مرۆڤ و سی چل ساڵەیی تەمەن و ژیانی پێگەیشتوویی مرۆڤ تەنیا دڵۆپێکی بچووک لە ئۆقیانووسی مەزنی بوونە. مرۆڤ هەر کە بەمەی زانی، دڵسارد و هیوابڕاو دەبێت و واز لە تەواوی ئەرک و کارەکانی دەهێنێت. ئەگەر مرۆڤێکی باش بێت جارجارە خێرخوازییەکی ساکار دەکات. ئەگەر خراپیش بێت، خۆی دادەبڕێت و لە خۆویستیی تەواودا خۆی قەتیس دەکات. بەڵام وڵاتێک [partia] بدەن بەو مرۆڤە و لە نێوان هەوڵە تاکەکەسییەکانی و هەوڵەکانی هەموو وەچەکانی دواتریدا پەیوەندییەکی هاوبەستی [solidarietà] دروست بکەن؛ بیخەنە شوێنی هاوبەشی و پەیوەندی لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانی بەکۆمەڵی 25 بۆ 30 ملیۆن مرۆڤ کە بە زمانی وی قسە دەکەن، خوو و بیروباوەڕی هاوشێوەیان هەیە، باوەڕیان بە ئامانجێکی یەکسان هەیە، و ئامرازی تایبەتیان بۆ کارەکەیان بەپێی پێویست و گونجاو لەگەڵ بارودۆخی گشتیی خاکەکەیان بەدی هێناوە و پەرە پێداوە، و دەبینن کە پرسەکە بە جارێک بۆی دەگۆڕدرێت: خاڵە بەهێزەکانی بە ڕادەیەکی بەرچاو چەندهێندە دەبن، و ئەمەش ڕێگەی پێ دەدات هەست بەوە بکات کە لە ئەستۆی ئەرکەکەی دێت. (Nazionalismo e Nazionalità" 1871 [2009:63]")

بە گوێرەی ئەم تێگەیشتنە، نەتەوە بە پرۆژەیەک وێنا دەکرێت کە هەر تاکێک بە درێژایی کات و جیل بە جیل تێیدا بەشدارە. ڕێک ئەم تێگەیشتنە بۆ ناسیۆنالیستە هاوچەرخەکانیش گوازراوەتەوە. لای ئەوان، مێژوو و خاکێکی هاوبەش و پەیوەندیی هاوبەشی ئینتما دەبێتە هۆی دەروەستی بە پرۆژەیەکی هاوبەش کە بەرهەمهێنانەوە و بەرگری لە وڵات و نیشتمانە. جگە لەمە، هەروەک بزووتنەوەکانی کرێکاران، ئەم خەباتە پێویستی بە ئامادەیی بۆ پشتگرتن و یارمەتیدانی یەکتر لە ڕێگای وەدیهێنانی پرۆژەکەدایە.

٤.٢. هاوبەستیی کریستیانی

هاوبەستی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمەوە لە هزر و پراکتیکی کریستیانی، بەتایبەتی کاتۆلیکدا بە ڕادەیەکی زۆر پڕبایەخ دەبێت و بەتایبەت لە سەردەمی پاپا جۆن پاوڵی دووەمدا دەگاتە ئەوپەڕی خۆی.[٧] لە کاردانەوە بە زۆربوونی بایەخی سۆسیالیزم و ململانێی چینایەتی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا، کڵێسا هەستی بە پێویستیی گرنگیدان بە دۆخی کرێکاران کرد. وەک وەڵام و کاردانەوەی کڵێسا بەم بابەتە، نامەی فەرمیی پاپا لیۆی سێزدەیەم بۆ هەموو کڵێساکان، بە ناونیشانی لەمەڕ شتگەلی نوێ (Rerum Novarum) (1891) —کە بەرهەمێکی بنەڕەتی و سەرەکیی ئەندێشەی کۆمەڵایەتیی کاتۆلیکییە— هەوڵ دەدات بە گونجاندن، ڕاستکردنەوە و پەرداخکردنی یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کۆکەرەوەی سۆسیالیستەکان لە دەوری یەک، واتە بیرۆکەی پێکەوەژیان و هاوکاریی دوولایەنە لەناو کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی کرێکاران، پێش سۆسیالیستەکان بکەوێتەوە. پاپا لیۆ لەو دەقەدا بە مەبەستی پەسندانی گرنگیی برایەتی، چەند ڕستە و بڕگەیەک لە کتێبی کۆمەڵ (Ecclesiastes) دەهێنێتەوە و دەڵێت:

«باشتر وایە دوو کەس پێکەوە بن تاکوو هەرکام بە جیا؛ چونکە لەم حاڵەتەدا دەتوانن لە قازانجی کۆمەڵگەکەیان بەهرەمەند ببن. ئەگەر یەکیان بکەوێت، ئەوەی تر پشتی دەگرێت. داخ بۆ ئەو کەسەی بە تەنیایە، چون گەر بێتو بکەوێت کەسی نییە دەستی بگرێت و هەڵیستێنێتەوە». و هەروەها: «برایەک کە لە یارمەتیی براکەی بەهرەمەند ببێت، وەک شارێکی پتەو و بەهێز وایە.» ئەمە هەر ئەو پاڵنەرە سروشتییەیە کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە؛ و بە هەمان شێوە ئەمەیە وایان لێ دەکات کە لە کۆمەڵەکاندا یەک بگرن. (Leo XIII 1891: §50)

بەڵام زۆری پێچوو تا زاراوەکە خۆی بەدیاریکراوی کەڵکی لێ وەرگیرێت. پاپا پاوڵی شەشەم لە ساڵی 1967دا لە نامەی فەرمیی خۆیدا بۆ هەموو کڵێساکان کە بە پێشکەوتنی گەلان (Populorum Progressio) ناودێر کرابوو، لەسەر گەشەسەندنی جیهانی و نایەکسانیی نێوان نەتەوە زەنگین و هەژارەکان، کەڵک لەو تێڕوانینە بێ ئەملا و ئەولا هاوبەستیگەرایانەیە وەردەگرێت کە پێکبەستراوەیی دوولایەنە پابەندبوونی کۆمەڵایەتی دروست دەکات:

ئێمە میراتگرانی جیلەکانی پێشووین، و بەرهەمی هەوڵەکانی هاوچەرخەکانمان دروێنە دەکەینەوە و لێیان بەهرەمەند دەبین؛ ئێمە لە ئاست هەموو مرۆڤەکاندا پابەند و بەرپرسیارین. کەواتە ناتوانین لە ئاست خۆشبژیویی ئەو کەسانەی کە دوای ئێمە دێن تا خێزانی مرۆڤایەتی زیاد بکەن و پەرە پێبدەن کەمتەرخەم بین و چاو بنووقێنین. ڕاستیی هاوبەستیی مرۆیی بۆ ئێمە نەتەنێ هەر قازانج بەڵکوو پابەندی و ئەرکیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. (17§)

ئاخێزگەی یەکێتیی پێکبەستراوەیی دوولایەنە و هاوبەستیی کڵێسا بۆ ڕەوتێکی هزریی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە کە زۆرجار بە «هاوبەستیی کریستیانی» ناو دەبرێت. هاینریش پێش (1854-1926)، دامەزرێنەر و دیارترین داکۆکیکاری ئەم چەمکە، لە کتێبی ئەخلاق و ئابووریی نەتەوەییدا (1918) دەنووسێت:

کریستیانێتی فێرمان دەکات کە مرۆڤەکان، سەرەڕای هەموو جیاوازییە تاکەکەسی و هەروەها کۆمەڵایەتییەکان لە پیشە و خاوەندارێتیدا، ڕێک بەهۆی ئەم جیاوازییانەوە کۆمەڵایەتین، واتە هاوڕێن. ئەوان بەیەکەوە گرێدراون و لە ڕێگەی کۆمەڵێکی سۆلیداریستیی بەرژەوەندییەکان لە سەرجەم پەیوەندییە پیشەسازییەکانیاندا، وەک وەستاکار و کرێکاری شارەزا، وەک خاوەنکار و کرێکار، و بە شێوەیەکی گشتی لە ڕەگەزی مرۆییدا، کە بنەماڵەی مەزنی جیهانیی نەتەوەکانە، بەیەکەوە بەستراونەوە. (Pesch 1918 [2004: 104])

بەپێی ئەم تێگەیشتنە کۆمەڵەگەرایانەیە، ئەوە تەنیا ئەزموونی هاوبەشی ئازاری مرۆڤ یان تێگەیشتن و تێڕوانین لە مرۆڤ وەک وێنەی خودا (imago dei) نییە، بەڵکوو داننان بە پێکبەستراوەیی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدایە کە بنەمای پێویستیی هاوبەشبوون لە چارەنووسی یەکتردا پێک دەهێنێت. لەم وێنەیەدا، دەمانهەوێت تێبگەین کە چلۆن هەم گەشەکردنمان و هەم ئازارچێشتنمان دەرەنجامی کاریگەریی دوولایەنە و پشتپێبەستنی دوولایەنە لەناو و لە ڕێگەی ئەو کۆڕ و کۆمەڵە جۆراوجۆر و فرەیانەیە کە ئەندامیانین؛ لە وەڵامدا، ئەرکی سەر شانمانە کە بە بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی ئەوانی تر و بە کەمکردنەوە و سنووردارکردنی ئەو خەسارانەی پێیانیان دەگەیەنین، لە چارەنووسی ئەوانی تردا هاوبەش بین.

هەروەک دەزانرێت، جۆن پاوڵی دووەمیش بەقووڵی لەژێر کاریگەریی ئەم لقە لە هزری کۆمەڵایەتیی کاتۆلیکیدا (و وەدیهاتنی لە نامەکەی لیۆی سێزدەیەم، واتە لەمەڕ شتگەلی نوێدا (Rerum Novarum)) بوو.[٨] جۆن پاوڵی دووەم لە لەمەڕ کەڵکەڵەی بابەتی کۆمەڵایەتیدا (Sollicitudo rei socialis) دەنووسێت:

کاتێک دان بە پێکبەستراوەییدا دەنرێت [...]، وەڵام و کاردانەوەی پەیوەندیدار و گونجاو وەک هەڵوێستێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی، وەک «ڕەوشتبەرزییەک»، هاوبەستییە. کەواتە ئەمە هەستێکی بەزەیی ناڕوون یان کەسەرێکی ڕواڵەتی و سەرسەرەکی لە ئاست نەهامەتییەکانی ئەو هەموو خەڵکە، چ لە نزیک و چ لە دوورەوە، نییە. بەپێچەوانەوە، ئیرادەیەکی پتەو و خۆڕاگر بۆ دەروەستبوون بە چاکەی گشتییە؛ واتە چاکەی هەمووان و چاکەی هەر تاکێک، چونکە بەڕاستی هەموومان لە ئاست هەموواندا بەرپرسیارین. (John Paul II 1987: §V)

لەم خوێندنەوەیەدا —هەروەک ئەمە نێرینی بۆرژوا و دۆرکهایمیش بوو— بنەمای هاوبەستی، ناسینەوە لەسەر بنچینەی ڕۆڵی ئێمە لە دابەشکردنی کاردایە، کە دانپێدانانێک لە خۆ دەگرێت کە بریتییە لەوەی کە نەزمێکی کۆمەڵایەتیی نادادپەروەرانە، ڕێگە بۆ بەردەوامبوونی ئازارەکان خۆش دەکات و ئێمەش تێوە دەگلێنێت. ئەم دۆکترینە هاوتەریبی و لێکگرێدراوییەکی قووڵی لەگەڵ ئەو وانە و ڕێنوێنییانەی کڵێسا سەبارەت بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی بڕیاردان بۆ ژێرکۆمەڵەکان هەیە، کە تێیدا کۆمەڵە خۆجێییەکان —لەوانەش ڕەنگە گرنگترینیان بنەماڵە بێت— بە بەراورد لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵە گشتیتر و گشتگیرترەکانی وەک دەوڵەت، لەپێشترێتی و ئەولەویەتی ئەخلاقییان هەیە. یەکە گشتیتر و گشتگیرترەکانی ڕێکخستن تەنیا کاتێک دەبێ دەستتێوەردان لە کاروباری ڕیزەکانی خوارەوە بکەن کە بە مەبەستی یارمەتیدان و ئالیکاری لە ڕاپەڕاندن و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بێت. بەپێی ئەم تێگەیشتنە، کاردانەوە بە ئازاری تاکەکەسی دەبێ بەکۆمەڵ بێت؛ تاکەکان خۆیان بەتەنیایی ناتوانن هەستن بە ئەنجامدانی ئەم ئیشە، بەڵکوو دەبێ هەر تاقم و کۆمەڵێک بە بەشی خۆی، لە هەر ئاستێک لە گشتێتیدا، بەیەکەوە وەک یەکەیەک بۆ پاراستنی چاکەی گشتی کار بکات. هەروەک پاپا فرانسیس لە پرسیار و وەڵامی پەیوەست بە نامە فەرمییەکەی سەبارەت بە کۆڤید-19 بە ناونیشانی هەموو براکان (Fratelli Tutti) ئاماژەی پێ دا،

بەبێ بەشداریی کۆمەڵایەتی، بەبێ بەشداریی گرووپ و دامەزراوەگەلی مابەینی و نێوەندگیر: وەکوو بنەماڵەکان، کۆمەڵەکان، کۆمپانیا یان کۆمەڵە هەرەوەزییەکان، کار و کاسبییە بچووکەکان و نوێنگەکانی تری کۆمەڵگە، هاوبەستییەکی ڕاستەقینە بوونی نابێت. هەموو پێویستە بەشداری بکەن، هەموو. (Francis 2020)[٩]

٥.٢. هاوبەستی لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا

لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، بزاڤە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکانی وەک خەباتی دژەئیستعماری، بزاڤی ڕەشپێستەکان، فێمینیستەکان، کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە و کەمئەندامان، ئەو بەستێنە زاڵە بوون کە هاوبەستی تێیاندا جێگە و پێگەیەکی هەبووە. باس و گەنگەشەی ئەمەی کە چلۆن هاوبەستی لە هەرکام لەم بزووتنەوانەدا دەکار کراوە و پەرەی پێ دراوە زۆر لە بابەتی سەرەکی دوورمان دەخاتەوە. بەڵام جێی خۆیەتی تێگەیشتنێک لەو چەشنە پرسیارانە بدەین کە بوونەتە پاڵنەری ئەو کەسانەی کە پەیوەست بەو بزووتنەوانە بوون. یەک لەو پرسیارە سەرەکییانە ئەمەیە: بنەمای بزووتنەوەی ڕەشپێستەکان، دژەئیستعماری، ئافرەتان و هتد دەبێ چ بێت؟ بۆ نموونە گەلۆ دەبێ بزاڤی ئافرەتان لەسەر بنچینەی بیرۆکەی خۆشکایەتی —واتە لەسەر ئەوەی کە ئافرەتان وەک ئافرەت یەکگرتوو دەکات— ڕۆ بندرێت یاخود لەسەر دەروەستبوون بە ئارمانج و ئایدیالی فێمینیستی (یان هەردووکیان، یاخود هیچکامیان)؟ گەلۆ هاوبەستیی ڕەشپێستەکان (بۆ نموونە لە ئەمریکا) دەبێ لەسەر بنەمای شوناسێکی ئەتنۆکولتووریی هاوبەش وەک نەتەوەیەک دابمەزرێت، یاخود لەسەر ئەزموونی هاوبەشی چەوسانەوە و ستەم (یان هەردووکیان، یاخود هیچکامیان)؟ گەلۆ بزاڤە دژەئیستعمارییەکانی گەلانی ڕەسەن لە کەنەدا دەبێ لەسەر بنچینەی شێوازێکی دیاریکراوی هاوبەشی ژیان بەپێی ئەو خاکەی لەسەری ژیاون دابمەزرێت، یاخود لەسەر دەروەستیگەلێکی بەربڵاوتر بە ڕووخاندنی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی لە هەر شوێنێک کە هەبێت (یان هەردووکیان، یاخود هیچکامیان)؟ (بۆ نموونە بڕوانە Coulthard 2014; Simpson 2017). بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ڕوونتر لەم باس و گەنگەشەیە بخەینە ڕوو، سەرنج دەخەینە سەر هاوبەستیی ڕەشپێستەکان و ئایدیای خوشکایەتی.

گەلۆ هاوبەستیی نێوان ئافرەتان، وەکوو ئافرەت، دەبێ لەسەر چەشنێک ئەزموونی هاوبەشی ئافرەتبوون و ژنێتی بونیات بنرێت؟ ئەمەی کە هیچ ئەزموونێکی هاوبەشی ئافرەتبوونی پەتی و ساکار بوونی نییە بووەتە بنەمایەکی سەرەکی و کۆڵەکەی ئەدەبیاتی فێمینیستی. پێدەچێت هەوڵی دەستنیشانکردنی لیستەیەکی ستاندارد و باو لەو ئەزموونانەی دیاریکەری تایبەتمەندیی «ئافرەتبوون»ن، لە ئەنجامدا فۆرمگەلێکی هورد و نابەرهەستی بێبەریکردن و لێوەدەرنانی لێ بکەوێتەوە. زۆرجار دەگوترێت هەوڵەکانی پێشووی لەم چەشنە، ئەزموونەکانی ئافرەتگەلێکی سسجێندەری سپیپێستی چینی ناوەندیان بەرهەم هێناوەتەوە، و ئەزموونەکانی ئەو ئافرەتانەیان پەراوێز خستووە کە ئەزموونەکانیان لەگەڵ ئەو لیستە ناگونجێت و تێیدا جێیان نەبووەتەوە (Lorde 1984; Hill Collins 1990 [2000]; hooks 2000 [2015]; Combahee River Collective 1977/1983; Spelman 1988). لەم پەیوەندییەدا سەیری وتاری «ڕوانگە فێمینیستییەکان سەبارەت بە زایەند و جێندەر» لە ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەی ستانفۆرددا بکەن.

بەدیلێک بۆ داڕشتنی بنچینەی خوشکایەتی لەسەر ئەزموونی هاوبەش یان چەوسانەوەی هاوبەش، ڕۆنانی بنەمای ئەو بیرۆکەیە لەسەر دەروەستبوون بە ئارمانج و دۆزێک یان هاوپەیمانییەک دژی پیاوسالارییە. کێشەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێ نییە کە ئەم ڕوانگەیە چلۆن فۆرمێکی جیاواز لە خوشکایەتی پێناسە دەکات، نەک فۆرمێکی هاوبەستیی فێمینیستی. بەڵام گەلۆ هاوبەستی لە نێوان ئافرەتان، وەک ئافرەت، هیچ شتێک یان ڕەهەندێکی جیاوازی هەیە؟ ئەگەر هەیە، بنەماکانی چین؟

وەڵامێک ئەوەیە کە بنەمای خوشکایەتی نەک لەسەر ئەزموونێکی هاوبەش، بەڵکوو لەسەر بارودۆخێکی هاوبەشی چەوسانەوە و ستەم هەڵبچنین —کە هەر تاکێک بەپێی پێگەی پێکهاتەیی گشتیی خۆی، ئەو دۆخە بە شێوازی جیاواز ئەزموون دەکات (کە لەوانەیە زۆرتر لەژێر کاریگەریی فاکتەرگەلێکی یەکتربڕی وەکوو ڕەگەز، چین، زایەند و ئاییندا بێت) (بۆ نموونە بڕوانە Young 1994).

ئەم وەڵامە شیمانەییە بۆ ئاریشەیەک کە خۆی لە ئاکامی بێبەریکردن سەر هەڵدەدات، کێشە و تانەیەکی تر دەهێنێتە ئاراوە: ئەگەر بڕیار بێت خوشکایەتی لەسەر بنەمای دۆخێکی هاوبەش بونیات بندرێت، کە ئەو دۆخە هاوبەشە خۆی لە ڕێگەی کۆمەڵێک پەیوەندی بە کۆمەڵێک بابەتی فیزیکی و ماددییەوە پێناسە دەکردرێت کە کۆمەڵگە مەرجەکانیان دیاری دەکات (بە پلەی یەکەم جەستەیەک کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە زایەندی کراوە، و کارکرد و ئەرکە زاوزێییەکانی)، کەواتە گەلۆ ئەمەیش خۆی، لێوەدەرنان و بێبەریکردن نییە؟ ئەگەر بڕیارە ئەمە بناغەداڕێژی ناسینەوەیەک لە نێوان ئافرەتان، وەکوو ئافرەت، بێت، کەواتە گەلۆ حەوجە نییە خوشکایەتی گێڕانەوەیەکی هاوبەش دروست بکات سەبارەت بەوەی کە ئەو پەیوەندییانە چین و چلۆن مەرجەکانی جەستەی بەزایەندکراو دیاری دەکەن؟ (Shrage 2009) بەڵام ئاخۆ ئەمە خۆی جارێکی تر ئەو ئاریشەیە ناهێنێتە ئاراوە کە لە ئاکامی بێبەریکردن ساز ببوو؟ چونکە لەم حاڵەتەیشدا بەشێک لە ئافرەتان —بە گوێرەی پێگەی پێکهاتەییان— دیسان خۆیان ژێردەست، پاشکۆ و چەوساوەی دەستی کۆمەڵێک پەیوەندی و ڕەوت و ڕێچکەی جیاواز دەزانن کە کۆمەڵگە زەقی کردوونەتەوە. نموونەی ئەمە بریتییە لە ئافرەتانی ترانسجێندەر یاخود لە کۆمەڵێک حاڵەتی جیاوازدا کە تێیاندا ڕەگەز، زایەندێتی، جێندەر و ئایین لە شوێنێکدا یەک دەگرنەوە و سەریەک دەکەون.[١٠]

گەر بێتو کرۆک و چییەتیی هاوبەستیی ڕەشپێستەکان (ی ئەمریکا) تاوتوێ بکەین، دیسانەکە لەگەڵ پرسیارگەلێکی لەم جۆرە بەرەوڕوو دەبینەوە. ئاخۆ وەها هاوبەستییەک دەبێ لەسەر بنەمای شوناسێکی ئەتنۆکولتووریی هاوبەش، لەسەر دۆخێکی هاوبەش وەکوو چەوساوە، لەسەر دۆزێکی دژەڕەگەزپەرستانە لەو ڕەهەندەی خۆیەوە، یاخود لەسەر شتێکی تر (وەکوو چارەنووسێکی هاوبەش) هەڵبچندرێت؟ (هەڵبەت پێویست ناکات بابەتەکە تەنیا بۆ یەکێک لەم بنەمایانە تەرخان بکردرێت: دەکرێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە هاوبەستیی ڕەشپێستەکان دەبێ هەم لەسەر شوناسی ئەتنۆکولتووری و هەم لەسەر هەستی هاوبەشبوون لە دۆخێکی جیاوازی چەوسانەوە و ستەمدا دابمەزرێت.) لقێکی گرنگی ناسیۆنالیزمی ڕەشپێستەکان —کە بەتایبەتی لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا زەق و بەرچاو بوو— هەڵگری ئەو باوەڕەیە کە ئەو بانگەوازە پڕهاشوهووش و فڕوفیشاڵانەی بانگەشە بۆ ئەگەری یەکگرتن لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوە و خەباتێکی جیهانیی دژی نادادپەروەری دەکەن، ناکرێت ببن بە بنەمایەک بۆ هاوبەستییەکی پتەو لە نێوان ڕەشپێستەکاندا. بەڵکوو تێگیران و گرێدراوییەکی قووڵتر و بەربڵاوتر لەگەڵ کولتوورێکی جیاوازدا پێویستە. بە گوێرەی ئەم فۆرمە لە ناسیۆنالیزم، ئەمریکییە ڕەشپێستەکان (وەک وەچەکانی ئەو کۆیلانەی بەزۆر لە ئەفریقا و شوێنی تری جیهان ڕفێندراون و بۆ ئەمریکا بردراون) نەتەوەیەکی جیاواز و بەڕوونی کولتووری لەناو نەتەوەیەکدا پێک دەهێنن (Robinson 2001; Moses 1978). ناسیۆنالیستەکان دەڵێن کە ئەگەرچی کولتووری ڕەشپێستەکان لە ئێستادا پەراوێز خراوە و لەناو خۆیدا کەلێنی تێکەوتووە و دابەش بووە، بەڵام خوازیاری گەشەکردن و دەربڕینی خۆیەتی (بۆ نموونە لە هونەر، مۆسیقا، وێژە و شانۆدا) (Cruse 1967)؛ ڕەشپێستەکان بەبێ ئەمە و هەستی شوناسی بەکۆمەڵ و ئەو شکۆ و شانازییەی پێیانی دەبەخشێت، ناتوانن لە کۆمەڵگەیەکی لە بنەڕەتدا ناتەبا و دژبەرانەی ئەمریکیدا ئازادیی خۆیان بە ئەرخەیانی و تەناهی دەستەبەر بکەن (بۆ نموونە بڕوانە Malcolm X 1970 [1992]; cf. Rivers 1995).

زۆرێک لە لیبراڵە ڕەشپێستەکان دژی ئەم بۆچوونەن و دەڵێن: سەرەڕای ئەوەی کە سەربەخۆیی کولتووری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕەشپێستەکان لە هەندێک هەلومەرجی تایبەتدا دەتوانێت لە خەبات دژی ئەو ڕەگەزپەرستییەی بەرامبەر بە ڕەشپێستەکان لە ئارادایە، لەڕووی ستراتیژییەوە بەسوود بێت، بەڵام پێداگری لەسەر یەکێتیی کولتووری وەک بنەمای هاوبەستیی ڕەشپێستەکان هەڵەیە و بە لاڕێماندا دەبات. بە ڕەچاوکردنی فرەچەشنیی بەربڵاوی پاشخانی ئەتنیکی و کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵی ڕەشپێستەکاندا، پێداگری لەسەر یەکێتیی کولتووری، دووبەرەکی دەنێتەوە و لەخۆوە بەشێکان دەخاتە دەرەوەی بازنەکە و بێبەرییان دەکات. لەبری ئەمە، هاوبەستیی ڕەشپێستەکان دەبێ لەسەر بنەمای ڕەشپێستێتیی «تەنک و ڕووکەشی» ڕۆ بندرێت، واتە لەسەر ئەزموونی هاوبەش لەو ڕەگەزپەرستییەی بەرامبەر بە ڕەشپێستەکان لە ئارادایە (بۆ نموونە بڕوانە Shelby 2005: 245; Hill Collins 1990 [2000]; cf. Gooding-Williams 2009).

٦.٢. ئەنجام

لەم بەشەدا چاوێکمان بە مێژووی بەشێک لەو بوارە دیار و بەرچاوانەدا خشاند کە زاراوەی «هاوبەستی» تێیاندا بەکار هاتووە. ئەم چاوپێداخشاندن و شەنوکەوە لە دوو ڕووەوە بەکەڵکە. یەکەم ئەوەی کە لەوەدا یارمەتیدەرمان دەبێت کە نێرینێکی گشتی و پوختەیەک لەسەر ئەو بەکارهێنانە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە بخەینە ڕوو کە هاوبەستی تێیاندا دەوری بینیوە و بەکار هاتووە. ئەمەش ڕێگەمان پێ دەدات بتوانین چوارچێوەیەک بۆ ئەو ئاڵنگارییە وەسفی و نۆرماتیڤانەی کە هەر بیردۆزێکی هاوبەستی لەگەڵیان بەرەوڕوویە داڕێژین: گەلۆ هاوبەستی تاکە یەک چییەتی و کرۆکی هەیە کە لە سەرجەم نموونە پارادایمییە جیاوازەکاندا دووپات دەبێتەوە؟ یاخود زاراوەیەکی لخیز، ناڕوون و لێڵە کە هیچ ناوەرۆکێکی جێگیری نییە؟ چ شتێک بەها دەدات بە هاوبەستی، هەڵبەت گەر لە بنەڕەتدا وەها شتێک هەبێت؟ بنچینە و بنەماکانی هاوبەستی بۆ نموونە لە بزاڤە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، لە دەوڵەتی خۆشبژیویدا، یان بە شێوەیەکی گشتیتر و بەربڵاوتر، لە کۆمەڵ و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێ چ بن؟ خاڵی دووەم ئەوەیە کە ئەم تاوتوێ و لێکۆڵینەوەیە بەستێنێکی تاقیگەرییانە بۆ بیردۆزگەلی نوێی هاوبەستی دابین دەکات کە بە بۆچوونی ئێمە دەبێ لە ئاست مێژووی چەمکەکە وەڵامدەر بن. پێوەرەکە بۆ قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوە ئەو بیردۆزانە دەبێ ئەوە بێت کە ئاخۆ دەتوانن بە سەرکەوتوویی ئەو مومارەسە و ڕەوتە جۆراوجۆرانەی کە تێیاندا ئەم زاراوەیە دەردەکەوێت یان دەرکەوتووە و دەوری بینیوە وەسف بکەن، هەڵسەنگێنن و ئاراستە بکەن یان نا. لە کاتێکدا کە دەشێ بیردۆزێک گۆڕانکارییەکی چەمکی پێشنیار بکات، بەڵام بێ گومان پێویستە ڕوون بکردرێتەوە کە بۆچی و چلۆن وەها گۆڕانێک شایەنی ئەوەیە بێتە ئارایەوە. هەر چۆنێکی بێت، ئاگاداربوون لە مێژووی چەمکەکە خاڵێکی جەوهەری و گرنگە، چونکە هاوبەستی نەک تەنیا ئایدیالێک بەڵکوو کۆمەڵێک مومارەسە و ڕەوتی کۆنکرێتی و ڕوونیش دەگرێتەوە.

٣. بەهای هاوبەستی

ڕوونە و جێی موناقەشە نییە کە هاوبەستی دەتوانێت بەهای ئامرازیی هەبێت: کاتێک ئەندامانی گرووپێکی پەراوێزخراو بە دەروەستبوون بە یەکتر، گرێدرایی و پەیوەندیی هاوبەستی چێ دەکەن، و لە ئاکامی لە هاوبەستیدا بوون (یان جووڵانەوە بە گوێرەی هاوبەستییەوە)، دەتوانن بەسەر ئەو ستەم و چەوسانەوەیەدا زاڵ ببن و سەر بکەون کە دەرهەقیان لە ئارادایە، ئەوا هاوبەستی بەهۆی ئەو ڕۆڵە هۆداری/ئامرازییەی خۆیەوە خاوەن بەهایە. بە هەمان شێوە، ئەمەیش ڕوونە کە هاوبەستی دەتوانێت لایەنێکی دژەبەهای ئامرازیی هەبێت: تەنانەت هەنگاوگەلێک کە قەستێکی چاکیان لە پشتە و لەڕووی ئەخلاقییەوە پاساودراون و بە گیانێکی هاوبەستیخوازانە و بە ئاراستەی هاوبەستییەوە ئەنجام دەگیرێن، دەتوانن دەرەنجامی چاوەڕواننەکراو و جێی داخیان لێ بکەوێتەوە. بەڵام پرسیارە سەرنجڕاکێشتر و ئاڵۆزترەکە ئەوەیە کە ئاخۆ هاوبەستی، وەک مومارەسەیەکی کۆمەڵایەتی، لایەنی بەها (یان دژەبەها)ی نائامرازییشی هەیە یان نا؟ بەڵام بەر لەوەی کە بپەرژێینە سەر ئەو بابەتە، بەکورتی هەندێک لەو بەها ئامرازییانە دەخەینە ڕوو کە هاوبەستی لە فۆرمی جیاوازدا بە شێوەیەکی گشتی ئاسانکارییان بۆ دەکات و پاڵنەریانە:

لە هەمووی گرنگتر، هاوبەستی توانای بەکۆمەڵ بۆ بەدواداچوونی پرۆژەکان بەرز دەکاتەوە. ئەندامانی کۆمەڵێک کە لەگەڵ یەکتر هاوبەستییان هەیە، بە دەروەستبوون بە یەکتر و ئەزموونکردنی یەکێتی، بنەمایەکی پتەوی ناسینەوەی هاوبەش دادەمەزرێنن کە ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێنێت کە کێشە و ئاریشەکانی پەیوەست بە هاوئاهەنگی و هاوکاری چارەسەر بکەن و بە شێوەیەکی هاوبەش هەنگاو بنێن و بەم شێوەیە ئەگەری سەرکەوتنیان زۆرتر لەو حاڵەتە دەبێت کە هەرکامیان خۆی بەتەنیا دەست بۆ ئەو ئیشە بەرێت (Shelby 2005). هەروەها ئەو گرووپانەی کە هاوبەستی لە خۆیان پێشان دەدەن، زۆرتر دەخوازن بە ڕێگەی سوودبەخش و بەخێر بایەخ بە یەکتر بدەن و لا لە یەکتر بدەنەوە، بۆ نموونە، بە پاراستنی ئەندامە لاوازەکانیان یاخود کەمکردنەوەی ئاستی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی لە نێوان خۆیاندا (Banting & Kymlicka 2017; Miller 2017). هەروەتر، هاوبەستی کۆمەڵێک قازانجی مەعریفی و پەیوەندیداریی تایبەتی هەیە: ئەو ئەندامانەی بەیەکەوە هاوبەستییان هەیە، چ لە ئەنجامی ئامانجی هاوبەش، چ ئەزموونی هاوبەش یاخود سەرکوت و چەوسانەوەی هاوبەش (لە سەرەوەدا لەسەری دواین)، لە بەدواداچوون بۆ چاکەی گشتیدا وەک بەشداربوویەکی متمانەپێکراو حسێب لەسەر یەکتر دەکەن، و زانیاری لەگەڵ یەکتر پارڤە دەکەن، بەیەکەوە هەڵسەنگاندن و ڕاوێژ دەکەن و سەبارەت بە چۆنێتیی تێگەیشتن لە نەهامەتی و چەوسانەوە و پەیڕەوکردنی ستراتێژەکان بۆ زاڵبوون و سەرکەوتن بەسەریدا لە یەکتر فێر دەبن (Harvey 2007 سەبارەت بە هاوبەستیی مەعریفی؛ Goodin & Spiekermann 2015; Wiland 2017).

گەلۆ هاوبەستی لە سەرووی ئەم دەرەنجامە باشانە هیچ بەهایەکی تری هەیە؟ سەرەتا دەشێ ڕوونکردنەوە و پێناسەیەکی خێرای چەند زاراوەیەک بۆ درێژەی باسەکەمان یارمەتیدەر بێت. بەهای نائامرازی بەهایەکە کە لە بەشداریکردن لە شتێکی تردا سەرچاوە ناگرێت. بەهای نائامرازی ئەگەر بەهاکە لە هەندێک تایبەتمەندیی ناوخۆیی (پێویستی؟) شتەکەوە سەرچاوەی گرتبێت ئەوا زاتی و خۆماکییە (بڕوانە: بەهای خۆماکی بەرامبەر بە بەهای دەرەکی). چەند نووسەرێک ناڕاستەوخۆ پشتیان بەم مانا و تێگەیشتنە لە بەهای نائامرازیی خۆماکی بەستووە، و بەم پێیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەهای هاوبەستی تەنیا دەتوانێت ئامرازی بێت. بۆ نموونە، ڕاینەر فۆرست دەڵێت کە هاوبەستی ناتوانێت «لە زاتی خۆیدا شتێکی باش بێت، چونکە خێزانێکی مافیا بە ڕادەیەکی زۆر پشت بە هاوبەستیی ئەندامەکانی دەبەستێت» (Forst forthcoming) و بەو ئەنجامە دەگات کە، کەواتە هاوبەستی «بە نۆرم و پێودانگەوە گرێدراوە». نووسەرانی دیکەش لەگەڵ ئەم لێکدانەوە و بڕیارە هاوڕان: هاوبەستی بە ئامانجی وەدیهێنانی دادپەروەری یان زاڵبوون بەسەر ستەم و چەوساندنەوەدا دێتە ئاراوە، و کاتێک و لەبەر ئەوە خاوەن بەهایە کە ئەم ئامانجە وەدی بهێنێت (Kohn forthcoming). پێکهاتەی ئارگیومێنتی نەرێنی لێرەدا بە ڕادەی پێویست ڕوونە:

  1. ئەگەر هاوبەستی بەهای نائامرازیی هەبێت، ئەوا هەر نموونەیەکی هاوبەستییش بەهای دەبێت؛
  2. یەکێتیی نێوان ئەندامانی گرووپێکی مافیا نموونەیەکی هاوبەستییە؛
  3. یەکێتیی نێوان ئەندامانی گرووپێکی مافیا هیچ بەهایەکی نییە؛
  4. لەبەر هەندێ، هاوبەستی هیچ بەهایەکی نائامرازیی نییە.
  5. کەواتە، هیچ تایبەتمەندییەکی ناوخۆیی لە ڕەوت و ڕێچکەکانی هاوبەستیدا نییە کە خۆی لە خۆیدا و سەربەخۆ لەو دەرەنجامانەی بەرهەمیان دەهێنێت، خاوەن بەها بێت.

بەڵام لێرەدا سەریەککەوتنێکی سەرنجڕاکێش هەیە لەگەڵ پرسێک کە لە بەشی 2دا باسمان کرد، ئەویش ئەوەیە کە ئاخۆ هاوبەستی دەبێ بەئەخلاقی بکردرێت یان نا: بە گوێرەی بەشێک لەو نووسەرانەی کە ئەم چەشنە «هاوبەستییە زیانبەخشانە»، وەک ئەو نموونەیەی کە لە نێوان خێڵە مافیاکان و لایەنگرانی باڵادەستیی سپیپێستاندا باوە، شیکاری دەکەن، کاردانەوەی دروست بۆ حاڵەتی فۆرست ڕەتدانەوەی ئەو بیرۆکەیە نییە کە هاوبەستی بەهای نائامرازیی هەیە، بەڵکوو ڕەتکردنەوەی پێشگریمانەی ژمارە (٢)یە: ڕێک بەو هۆیە کە هاوبەستی بێ ئەملا و ئەولا کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ناوخۆیی وەدیهێنەری چاکەی هەیە، نابێ یەکێتیی نێوان ئەندامانی گرووپێکی مافیا وەک نموونەیەکی هاوبەستی ڕەچاو بکەین.

ڕوون نییە کە چلۆن دەکرێت ئەم ناکۆکی و ناهاوڕاییە ئەگەرییە چارەسەر بکرێت. گەلۆ دەشێ هیچ ڕێگەیەکی تر هەبێت کە بیگرینەبەر؟ بە بۆچوونی ئێمە، ئەگەر لە پێشگریمانەی ژمارە (1) ورد بینەوە و شەنوکەوی بکەین، ڕێبازێکی باشتر بە ڕووماندا دەکرێتەوە: بەهای خۆماکی تەنیا یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە تێیدا مومارەسەیەک دەتوانێت بەهای نائامرازیی هەبێت. هەرچەندە دەشێ ئەمە ڕاست بێت کە مومارەسەیەک تەنیا کاتێک بەهای خۆماکیی هەیە کە هەر نموونەیەک لەو مومارەسەیە خاوەن بەها بێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ناتوانێت بە شێوەیەکی ناخۆماکی، بەهای نائامرازیی هەبێت. لێرەدا چەند خاڵ هەن کە گرنگە تێبینییان بکەین: وا دەردەکەوێت کە ئەوەی کە تەنیا بەهای ئامرازی بخەینە پاڵ هاوبەستییەوە لانیکەم لەگەڵ دوو جۆر حاڵەت بەرەوڕوومان دەکاتەوە. یەکەمیان ئەوەیە کە داکۆکیکارانی بەهای نائامرازیی هاوبەستی لەوانەیە ئاماژە بە هێزی شهوودیی «هاوبەستیی بێسوود و بێبەرهەم» بکەن: کاتێک کۆمەڵێک کرێکاری ئیستغلالکراو بۆ خەبات و بەرەنگاربوونەوە بۆ مافەکانیان بە هاوبەستی لەیەک کۆ دەبنەوە و یەک دەگرن، لە لای زۆرێکمان ئەو هەوڵەیان خاوەن بەها و بەنرخە، تەنانەت ئەگەر هەوڵەکەیان لە کۆتاییدا پووچەڵ بکرێتەوە و سەریش نەگرێت. دووەم، ئەمەیش بیرۆکەیەکی زۆر وێچوو و ماقووڵە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان، چەشنێکی تایبەتی بەها تەنیا کاتێک وەدی دێت و دەستەبەر دەبێت کە لایەنە خراپە و نادادپەروەرانەکانی جیهان لە ڕێگەی هەنگاوگەلێکی هاوبەستییەوە کۆتاییان پێ بێت: کاتێک کە لەجیاتی گۆڕانکاریی چاوەڕواننەکراوی بیر و بۆچوونی سەرۆکە ئیستغلالکەر و چەوسێنەرەکەیان، دەزگای یەکگرتوو و یەکخراوی کرێکاران دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەو ستەم و چەوسانەوەیە، شتێکی ئێجگار خاوەن بەها ڕووی داوە.

هەڵبەت داکۆکیکارانی تێزی «بەس ئامرازی» دەتوانن لە وەڵامدا باس لە کۆمەڵێک خاڵ بکەن و چەند بابەتێک بخەنە ڕوو: بۆ نموونە، ڕەنگە ئاماژە بەوە بکەن کە لە هەرکام لەم نموونەدا، تەنانەت گەر ئامانجی گشتییش دەستەبەر نەبووبێت، دیسانەکە کۆمەڵێک دەرەنجامی باشی لێ کەوتووەتەوە. بۆ نموونە لەوانەیە بەهۆی هاوبەستییەوە، هەستکردن بە چارەنووسی هاوبەش یان دەروەستیی دوولایەنە لە نێوان کرێکاران لە هەمبەر یەکتردا بێتە ئاراوە. لەم حاڵەتەدا، ئەوە ئەم دەروەستییە دوولایەنەیە (و ئەو ئاکامەی کە لێی دەکەوێتەوە) کە بەهای هەیە، نەک هاوبەستی خۆی لە خۆیدا. کێشەی ئەم وەڵامە ئەوەیە کە پێدەچێت پەیوەندیی نێوان هاوبەستی و هەر چاکەیەک کە لە جیهاندا ڕووی داوە بە هەڵە وەسف بکات. بۆ نموونە، ئەو دەروەستییە دوولایەنە کە کرێکاران لە هەمبەر یەکتردا هەیانە، «بەهۆی» هاوبەستییەوە نییە: بەڵکوو هاوبەستی تا ڕادەیەک یان بەتەواوی لە ڕێگەی ئەو دەروەستییە دوولایەنەوە چێ دەبێت و دێتە ئاراوە. کەواتە، پێشنیارێک ئەوەیە کە هاوبەستی بەهای نائامرازیی لە جۆری ناخۆماکیی هەیە. ئەمە بە چ واتایەکە؟ بیرۆکەکە ئەوەیە کە هاوبەستی بەشێکی پێکهێنەری شتێکە کە لەڕووی نائامرازییەوە خاوەن بەهایە. ئەمەیش ڕێگە بەو حاڵەتە دەدات کە پراکتیک یان مومارەسەیەکی وەک x هەبێت کە پێوەرەکانی ئێمە بۆ هاوبەستیبوونی تێدا بێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەیش، بەهایەکی نەبێت. بەڵام ئەو ئایدیایە دەپارێزێت کە هاوبەستی نەتەنێ بە بۆنەی ئەوەی لێی دەکەوێتەوە چاکە، بەڵکوو گەر هەلومەرجی گونجاو دابین ببێت، توخمێکی دانەبڕاوی شتێکە کە بە شێوەی خۆماکی و زاتی چاکە.

لانیکەم بە دوو ڕێگە دەتوانین بەهای نائامرازیی هاوبەستی وردتر شرۆڤە و جومگەبەندی بکەین، کە یەکیان زۆرتر تاکگەرایانە و ئەوەی تریان زۆرتر بەکۆمەڵە. ئەو ڕێگەیەی کە زیاتر تاکگەرایانەیە دەری دەخات کە دەتوانین بە جۆرێک لە بەهای نائامرازیی هاوبەستی تێبگەین کە هاوشێوەی بەهای ئەو خوو و خدە و نێرین و هەڵوێستە باشانەی ترە کە بکەرێک دەکرێت هەیبن. بەتایبەتی، ئەو فەیلەسووفانەی لەمەڕ چاکەی ڕەوشتبەرزی دەهزرن، باسیان لەوە کردووە کە کاردانەوەی ئەرێنی بە شتێک کە خاوەن بەهایە، خۆی بەهای (خۆماکی و زاتیی) هەیە، هەروەک چۆن بەرەنگاربوونەوەی شتێک کە لایەنی دژەبەهای هەیە، بە هەمان شێوەیە (Hurka 2001). پەیوەندیی هاوبەستی بە ڕەوشتبەرزییەوە بەم شێوەیەیە: کاتێک بکەرێک بە چاندن و پەرەپێدانی خوو و هەڵوێستی هاوبەستیگەرایانە —بۆ نموونە بە دەروەستبوون بە کۆتاییهێنان بە سەرکوت و ستەم شان بە شانی ئەوانی ترێک کە بەر ئەو ستەم و سەرکوتەوە کەوتوون— کاردانەوەی بەو نەهامەتی و ناخۆشییانە هەبێت کە بەرەوڕووی خۆی یان ئەوانی تر دەبێتەوە، هەبوونی ئەو هەڵوێستە هاوبەستیگەرایانانە لەڕووی نائامرازییەوە (واتە خۆی لە خۆیدا و بەدەر لە دەستەبەرکردنی چاکەیەک) خاوەن بەهایە، چونکە بەرەنگاربوونەوە و دژکردەوەی بۆ شتێک هەیە کە لایەنی دژەبەهای هەیە (وەکوو سەرکوت و چەوسانەوە، نەهامەتی و هتد). بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە کاردانەوەی ئەو بکەرە تەنیا کاتێک بەهای هەیە کە وەڵام و کاردانەوەیەکی دروست بۆ ئەو تایبەتمەندییە پەیوەندیدارەی جیهان بێنێتە کایەوە. هاوبەستیی لایەنگرانی باڵادەستیی سپیپێستان بەهای نییە چونکە ئەو بابەتەی کە ئەو هاوبەستییە دژایەتیی دەکات و لە دژی ئاراستە دەکردرێت، واتە لێرەدا یەکسانیی ڕەگەزی، دۆخێکی خاوەن بەهایە. بەڵام بەرەنگاربوونەوەی شتێک کە خاوەن بەهایە، بەڕوونی بێبەری لە بەهای نائامرازییە. ئەم لێکدانەوە تاکگەرایانەیە لە بەهای نائامرازیی هاوبەستی سەرنجڕاکێشە، چونکە دەتوانێت بە یەک ڕادە بە باشی دوو چەشنی «هاوبەستی لە نێوان» و «هاوبەستی لەگەڵ» شی بکاتەوە. هەروەتر، بە ڕادەی یەکسان بۆ ئەو حاڵەتانە وەڵام دەداتەوە و دەکار دەکردرێت کە بکەرەکان بە شێوەیەکی کەسی و تایبەت هەڵوێستی هاوبەستیگەرایانەی پەیوەندیدار پەرە پێ دەدەن بەبێ ئەوەی کە بەڕاستی بە گوێرەی ئەو هەڵوێستانە بجووڵێنەوە و هەنگاو بنێن (ئەم بابەتە بۆ نموونە لەم ژێدەرانەدا خراوەتە بەر باس: Bommarito 2016; Zhao 2019; and Viehoff forthcoming). تا کاتێک کە هەڵوێست و نێرینی ئەوان بە لای ئێمەوە بەهای هەبێت، پێویست دەکات کۆمەڵێک لێکدانەوە و ڕاڤە بۆ پاساودانی بە ئاراستەی هێڵی ئەوان بخەینە ڕوو.

بەڵام ڕەنگە لەم وێنە تاکگەرایانەیەدا شتێک لە بیر کرابێت: یەک لەو بەرهەڵستییانەی ئاراستەی ئەوانە دەکردرێت کە دەڵێن کە هاوبەستی تەنیا بەهای ئامرازیی هەیە، لەسەر بنەمای ئەو ئایدیایە ڕۆ نراوە کە ئەمەی کە خەڵکانێک بەیەکەوە ئامانجێک وەدی بهێنن و دەستەبەر بکەن خاوەن بەهایە. گەلۆ نابێ ڕاڤەی ئێمە لە بەهای نائامرازیی هاوبەستی بتوانێت ئەم لایەنەیش لە خۆ بگرێت؟ توێژینەوە و دەقەکانی ئەم بوارە لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی گشتی بە دوو شێوە ئەم بابەتەیان ڕوون کردووەتەوە (گەرچی مەرج نییە ئەم دوو شێوەیە تەواو بەدەر لە یەکتر بن): ئاڤێری کۆلەرز لەو بڕوایەدایە کە گرووپگەلی هاوبەستی، تەواو سەربەخۆ لە شۆپاندنی ئامانجگەلی پاساودراو، پەیوەندییەکی دادپەروەرانە (بە وتەی ئەو «یەکسان و بەئینسافەوە») لە نێوان بەشداربووانیان چێ دەکەن. لای کۆلەرز، ئێمە بە پەیڕەوکردنی پێداویستی و مەرجە پێویستەکانی هاوبەستی و بەیەکەوە هەنگاونان،

نەتەنێ بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم و چەوسانەوە (ئاکامگەرایانە) کار و خەبات دەکەین؛ بەڵکوو بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیهانێکی بەدیلی ناسەرکوتگەرانە و ناستەمکارانە بەرجەستە دەکەین —تەنانەت گەر، هەروەک ڕێشی تێدەچێت، هەوڵە هاوبەشەکانمان لە کۆتاییدا، تا ڕادەیەک یان بەتەواوی هەرەس بهێنن و سەر نەگرن. (Kolers 2016: 123–4)

کەواتە یەک لە ڕێگاکانی تیشکخستنەسەر بەهای نائامرازیی بەکۆمەڵ دەرەنجامی تەرکیزخستنەسەر جۆری ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لە پەیوەندییەکانی هاوبەستییەوە سەر هەڵدەدات: ئەندامان لە هەنگاونان و جووڵانەوەی پێکەوە بەو شێوە تایبەتەی کە ئایدیالی هاوبەستی دەخوازێت، بەر لەوەش خۆیان لەگەڵ ئەو نۆرمانەی یەکسانی یان دادپەروەریدا دەگونجێنن کە هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بیانهێننە دی.

هێڵێکی تری ئەم ئارگیومێنتە لە لایەن سانجیۆڤانییەوە داڕێژراوە، کە دەڵێت کە کاتێک بەیەکەوە ئامانجە خاوەن بەهاکان بەسەرکەوتوویی دەشۆپێنین، بکەرێتییەکی هاوبەشی خاوەن بەهای نائامرازی چێ دەکەین:

ئێمە چێژ لە وەگەڕخستن و مومارەسەکردنی ئەو توانستە دوولایەنانە وەردەگرین کە بە شێوەی دوولایەنە ڕێک خراون و بە شێوەی دوولایەنەیش بەهێزکەرن و ئەو توانایەمان پێ دەدەن کە بەسەر ئەو فۆرمانەی نەهامەتی و ڕۆژڕەشیدا زاڵ ببین کە زاڵبوون بەسەریاندا بە تەنیا و تاکەکەسی مەحاڵ بوو. چالاکیی بەکۆمەڵی زاڵبوون [...] دێ کە بەهای نائامرازیی هەبێت. (Sangiovanni forthcoming)

سەرەڕای ئەمەش، هاوشێوەی ئارگیومێنتی پێشوو کە تاکگەرایانەتر بوو، بەهای بکەرێتیی پێکەوە مومارەسەکراو مەرجدارە: جووڵانەوە و هەنگاوێکی سەرکەوتوو بۆ زاڵبوون بەسەر هەندێک لەمپەردا تەنیا کاتێک لەڕووی نائامرازییەوە خاوەن بەهایە کە ئەو زاڵبوونە دەسکەوتێکی بەنرخ و بایەخدار بێت.

٤. ئاڵنگارییەکانی بەردەم هاوبەستی

لەم بەشەدا دەپەرژێینە سەر باسی ئەو ڕەخنانەی بەرەوڕووی هاوبەستی کراونەتەوە و سەرەتا لە هەڵاواردن و دیاریکردنی جۆرە جیاوازەکانی ڕەخنەکان بە ئاراستەی ڕەهەندگەلی جیاوازەوە دەست پێدەکەین. ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر، هەڵاواردن بێت لە نێوان ئاڵنگارییەکانی بەردەم هاوبەستی وەک پراکتیکێکی کۆمەڵایەتی (یان شەبەنگێک لە پراکتیکگەلی کۆمەڵایەتی) لە لایەکەوە، و ڕەخنەکان لە بیردۆزی هاوبەستی، لە لایەکی دیکەوە. بە جۆری یەکەمی ڕەخنەکان دەڵێین «ئاڵنگارییە کردەییەکان» بۆ هاوبەستی، و ڕەخنەکانی لە جۆری دووەم بە «ئاڵنگارییە تیۆرییەکان» ناو دەنێین. ئاڵنگارییە کردەیی و تیۆرییەکان بەڕوونی سەربەخۆ لە یەکترن. بۆ نموونە، تەنانەت ئەگەر پێمان وا بێت کە مومارەسەکانی هاوبەستی بەگشتی دەرەنجامی نەرێنییان بۆ ژیانی سیاسی هەیە، دەکرێت وا بیر بکەینەوە کە پێویستمان بە ڕوونکردنەوە و ڕاڤەیەکی ڕوون سەبارەت بە چییەتیی هاوبەستییە.

ئاڵنگارییە تیۆرییەکانی بەردەم هاوبەستی دەشێ چەند فۆرمێکی جیاوازیان هەبێت، بەڵام لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر ئەو تۆمەت و گوژمانەی پەیوەست بە نەبوونی یەکانگیریی چەمکی و زیادەیی تیۆرین. ئەوەی یەکەمیان دەڵێت کە بەکارهێنانی هاوبەستی، هەم لە بابەت تێگەیشتنی باو و هەم لە بواری فەلسەفەدا، بە ڕادەیەک پەڕژ و بڵاو و نایەکانگیرە کە بۆ هیچ پێناسەیەکی سەرومڕ و گونجاو و لەڕووی تیۆرییەوە بەرهەمهێنەر دەست نادات. ئەگەر کەڵکوەرگرتن لە چەمکی هاوبەستی لە گەنگەشەی سیاسی و فەلسەفیدا ئەو ئەگەرە بەهێزتر بکات کە لایەنەکانی ئەو گەنگەشەیە تووشی بەهەڵە لێک تێگەیشن یان گفتوگۆیەکی بێئەنجام و پەرتەوازە ببن، نابێ کەڵک لەو چەمکە وەرگرین. ئاڵنگاریی دووەمیش بریتییە لەوەی کە لە سۆنگەیەکی تیۆرییە، هیچ پێویست ناکات هاوبەستی بە چەمکە فەلسەفییە بنەڕەتییەکانی ئەم بوارەوە زیاد بکەین، چونکە بە ڕامان لەو چەمک و تیۆرییە بەدیلانەی کە هەر ئێستاش هەن و باشتر پۆشتە و پەرداخ کراون و گەشەیان پێ دراوە، وەک نموونە دادپەروەری، کۆمەڵ یان یەکسانی، دەتوانین هەموو ئەوەی گەرەکمانە، هەمانبێت.

باسەکە کە دێتە سەر ئاڵنگارییە کردەییەکانی بەردەم هاوبەستی، ڕەخنەگران دەڵێن کە هاوبەستی زیاتر دەرەنجامی نەرێنیی هەن، و لەبەر هەندێ، نابێ برەوی پێ بدەین. دەتوانین ئەم ئاڵنگارییە پراکتیکییانە لە لایەنی، یەکەم، جۆری ئەو دەرەنجامە نەرێنییانەی کە دەخرێنە پاڵ هاوبەستییەوە، و دووەم، جۆری ئەو مومارەسە هاوبەستییانەی کە بەر ئەم ئاڵنگارییە دەکەون و ئەم ئاڵنگارییە دەیانگرێتەوە، زۆرتر هەڵاوێرین و لێک جیا بکەینەوە. لە بابەت لایەنی یەکەمەوە، دیارترین ڕەخنەکان لە پەیوەندی لەگەڵ کاریگەریی هاوبەستی لەسەر وەدیهاتن و دەستەبەربوونی بەها کۆمەڵایەتی و سیاسییە گرنگەکانی تردان. هێڵێکی گرنگی مێژوویی ڕەخنە لە هاوبەستی ئەمەیە کە هاوبەستی هەڕەشە لە ئازادی دەکات (ئارێنت، شکلار، کاتێب). هەندێکی تر نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بەوە دەردەبڕن کە هاوبەستی فۆرمێکی نادادپەروەرانەی نایەکسانی لە نێوان ئەندامانی ناو گرووپێکی هاوبەستی و کەسانی دەرەوەی ئەو گرووپەوە دێنێتە کایەوە (Scheffler 2001). لە کاتێکدا کە ڕەخنەکان زۆرتر جەخت لە کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر کەسانی دەرەوەی بازنەی گرووپ دەکەنەوە، لە لایەکی ترەوە، ڕەخنەگران هەروەها دەڵێن کە هاوبەستی دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەندامانی گرووپیش هەبێت. ڕەنگە دیارترینیان ئەو خاڵە بێت کە هەندێک ئاماژەی پێ دەدەن کە هاوبەستی ڕێگری لە پلۆرالیزم و فرەچەشنی دەکات. نیگەرانییەکی پەیوەندیدار هاوکات جیاواز ئەوەیە کە هاوبەستی برەو بە بیروباوەڕ و خۆوافامکردنی هەڵە و چەواشە لە نێوان ئەنداماندا دەدات —یان ڕەنگە تەنانەت مەرجێکی پێویست بۆ هاوبەستییش بێت (Margalit 2017; Shelby forthcoming).

بەر لەوەی کە یەک بە یەک بێینە سەر باسی ئارگیومێنتەکان، خاڵێک سەبارەت بە گشتگیری پێویستە بگوترێت: لەسەر ئەو بڕوایەین کە بۆ ئەوەی ڕەخنەیەک ببێتە «ئاڵنگارییەک» بۆ هاوبەستی، دەبێ تا ئاستێکی تایبەت لە گشتگیری بەرز ببێتەوە، واتە دەبێ بۆ کۆمەڵێک لە ڕاڤە و لێکدانەوەکانی هاوبەستی دەکار بکردرێت و ڕاست بێت.

١.٤. ڕەخنەی تیۆری لە هاوبەستی

لەو ڕووەوە کە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئاڵنگارییە تیۆرییەکانی بەردەم هاوبەستی (نەک تەنیا کۆمەڵێک تانە و بەرهەڵستی لە ئاست لێکدانەوەیەکی دیاریکراو لە هاوبەستی)، لەو ئاڵنگارییانە ورد دەبینەوە کە گەر ڕاستییان بسەلمێندرێت، ئەو هەوڵانە لاواز و خاشەبڕ دەکەن کە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پێگەی هاوبەستی لەناو چەمکە تیۆرییە پڕبایەخەکانی ئەم بوارەدا ئەنجام دەگیرێن.

١.١.٤. نایەکانگیریی چەمکی

 یەکەم نیگەرانیی تیۆری سەبارەت بە هاوبەستی ئەوەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی فرەچەشنیی بەکاربردنی زمانی، پانتایی بەستێنەکانی بەکارهێنان، و فراوانیی ئەو دیاردانەی کە لە دەقی فەلسەفیدا لەژێر ئەم ناونیشانەدا باسیان لێ دەکرێت، هاوبەستی لە بابەت چەمکییەوە نایەکانگیرە. چۆن دەکرێت ئاوا بێت؟ وەک نموونەیەکی تا ڕادەیەک وێناکراو و خەیاڵی، وای دانێن کە ئەرکی ئەوەمان خرابێتە سەر شان کە ڕاڤەیەک لە تایبەتمەندییە وەسفییەکان، چاکە یان ڕێگەپێدراویی سەرجەم ئەو چالاکییانەی مرۆڤ ئامادە و پێشکەش بکەین کە بە پیتی «L» [لە ئینگلیزیدا] دەست پێدەکەن. لەو ڕووەوە کە ئەو کردار و چالاکییانەی دەچنە ناو ئەم پۆلێنبەندییە، بەڕوونی ئێجگار ناچونیەک و فرەجۆرن (شتێکی سەیر نییە کە خاڵێکی هاوبەش لە نێوان پێکەنین (laughing) و درۆکردندا (lying) نەبینینەوە، چ جای ئەڤینداری (loving) و لەسێدارەدانی بێ دادگاییکردن (lynching))، هەر چەشنە تیۆریزەکردنێک بێمانا دەبێت. ئاخۆ دەتوانین بڵێین کە «هاوبەستی»یش کۆمەڵێک هەنگاو و کردە و مومارەسە هەڵدەبژێرێت کە بەو بۆنەوە کە ئێجگار ناچونیەک و فرەجۆرن، شتێکی لێ شین نابێتەوە کە لەڕووی تیۆرییەوە ڕۆشنکەرەوەی ڕێگا بێت و بەرچاوڕوونییەکمان پێ بدات؟ بۆ نموونە، نیکلاس لومان دەیگوت کە هاوبەستی سواو و لەکارکەوتوویە، تەنیا «فۆرموڵەیەکی ئایدیۆلۆژیا»ی بەبێ ناوەرۆکێکی دیاریکراوە (Luhmann [1984] کە لە ژێدەری Thome 1999: 101 وەرگیراوە).

گەرچی ئەم تانەیە لە تیۆریزەکردنی هاوبەستی لە سەرەتادا ماقووڵ و وێچوو دەردەکەوێت، ئێمە لەو باوەڕەداین کە تیۆریستانی هاوبەستی وەڵامی بەهێزیان بۆی هەیە. بەر لە هەموو شتێک، دەتوانن ئاماژە بە کۆمەڵێک لێکچوون بکەن کە تایبەتمەندییە وەسفی، پێودانگی و هەڵسەنگێنەرانەکانی نموونەکانی هاوبەستی یەک دەخەن، تەنانەت ئەوانەیش کە بە ڕادەی ئەو حاڵەتانەی لە سەرەوە باسمان کردن فرەچەشن و جۆراوجۆرن. بۆ نموونە، نووسەرگەلی جیاواز هەوڵیان داوە پێشانی بدەن کە سەرەڕای ئەو ناچونیەکییەی لە سەرەتادا دەبیندرێت، هاوبەستی لە هەموو ئەم بەستێنانەدا فۆرمێکی ناسینەوە، یان هەست و ئینتمایەکی یەکێتی، یان چەشنێک ئاراستەکردن بەرەو زاڵبوون بەسەر بەربەست یان نەهامەتییەک، یاخود تێکەڵەیەک لەم توخمانە دەخوازێت و بە دوای خۆیدا دەهێنێت (Scholz 2008; Taylor 2015; Prainsack & Buyx 2017). جگە لەمەش، ئەو نووسەرانە هاوبەستییان بەسەر کۆمەڵێک بەستێنی کۆمەڵایەتیدا —بۆ نموونە هاوبەستیی سیاسی و هاوبەستیی مەدەنی— پۆلێن کردووە (Bayertz 1999a; Scholz 2008)، و بەمەش بەکارهێنانی زمانەوانیی ناچونیەکی ئێمەیان ڕێک خستووە تاکوو ڕێبازگەلێکی تیۆریی بەکەڵک بۆ مومارەسە کۆمەڵایەتییە مسۆگەر و دیاریکراوترەکانی هاوبەستی دابین بکەن و ڕێگەیان بۆ بکەنەوە. دواجار، تیۆریستانی هاوبەستی دەتوانن بڵێن کە لە خستنەڕووی ڕاڤەیەکی تیۆری/فەلسەفی بۆ هاوبەستیدا، ڕادەیەک لە ئازادی هەیە بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری پێداچوونەوە سەبارەت بەوەی کە دەبێ چ شتێک بە هاوبەستی دابندرێت. تەنیا کاتێک دەتوانین بڵێین تێگەیشتنی (وەسفی، پێودانگی و هەڵسەنگێنەرانەی) ئێمە لە هاوبەستی پێشکەوتوویە کە لێکدانەوە و ڕاڤەمان لە هاوبەستی بە سڕینەوەی هەندێک بەکارهێنانی پەراوێزی و لاوەکی، «تیژتر» بکەینەوە، بەم شێوەیە دەتوانێت ڕەوا بێت و بواری تۆمەت و گوژمی نایەکانگیری کورت دەکرێتەوە. تیۆریستانی هاوبەستی هەروەها دەشێ ئاماژە بە چەمکە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دیکە بکەن تاکوو بانگەشەی ئەوە بکەن کە بەکارهێنانی ناچونیەک، چ لە گوتاری ڕۆژانەدا و چ لەناو فەیلەسووفاندا، بەدەگمەن بە هۆکارێک دادەندرێت کە بتوانێت قەناعەتمان پێ بهێنێت کە خۆ لە تیۆریزەکردنی چەمکەکانی وەک ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و چەمکی هاوشێوەی تر ببوێرین. جا ئیتر بۆ دەبێ لەگەڵ هاوبەستیدا بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە بکەین؟

٢.١.٤. زیادەیی تیۆری

ڕەخنەگران کاتێک کە بەرەوڕووی ئەو وەڵامە دەبنەوە کە ئەم ڕەخنەیە دەکرێت چەمکگەلی سیاسیی تریش بگرێتەوە، ڕوو لە ڕەخنەیەکی پەیوەندیدار بەڵام جیاواز لەوەی پێشوو دەکەن: دەشێ دان بەوەدا بنێن کە چەمکگەلێکی وەک ئازادی و یەکسانییش هەروسا ئاڵۆزی و ناتەبایی چەمکییان تێدا بەدی دەکرێت کە پێویستە چارەسەر بکرێت. بەڵام دەتوانن پێداگری لەسەر ئەوە بکەن کە هیچ پێویست بە تەرخانکردنی ئەو هەوڵە قورسە بۆ هاوبەستی ناکات، چونکە —پێچەوانەی ئازادی، یەکسانی و هتد— پێویست بە بیردۆزی هاوبەستی ناکات. ئەمە ڕەخنە و گوژمی زیادەیی تیۆرییە: دەتوانین بە کەڵکوەرگرتن لەو چەمک و گوتەزایانەی ئێستاکە لە ئارادان ڕێک ئەو ڕادە لە توانستی ڕاڤەیی و لێکدانەوەییە وەدەست بخەین، بەبێ ئەوەی کە بیردۆز بۆ هاوبەستی داڕێژین. لە لایەنی وەسفییەوە، ئەو کار و بەرهەمانەی لەسەر مرۆڤدۆستی، کۆمەڵ و پەیوەندیی ئەمەگناسانە و وەفادارانە بڵاو کراونەتەوە، دەتوانن هەر بە ڕادەی هاوبەستی یارمەتیدەرمان بن: هەموو ئەو پەیوەندییانەی لە سەرەوە وەک پەیوەندیی هاوبەستییانە باسمان لێ کردن پەیوەندیی بەکۆمەڵ (ی کەم تا زۆر خۆمانەیی) لە نێوان مرۆڤەکاندان. لە لایەنی نۆرماتیڤەوە، ڕەخنەگر لەوانەیە پێشنیاری ئەوە بکات کە دەتوانین ئەو بانگەشانەی ئاخێزگەیان هاوبەستییەوە داشکێنین بۆ پێداویستی و مەرجە پێویستەکانی دادپەروەری، ئینساف، یەکسانی و بابەتی هاوشێوەی تر. و لە لایەنی هەڵسەنگێنەرانەوە، بۆ وەدیهێنانی ژیانێکی گەشەسەندوو و گەشاوە دەتوانین پەنا بەرینە بەر چاکەی گشتیی گرێدایی و پەیوەندییە تایبەتەکان، جا ئەو گرێدایی و پەیوەندییانە هاوڕێیەتی، خێزانی، ئایینی یاخود کۆمەڵی سیاسی بن. ئەگەر ئەمە وا بێت، ئەوا تیۆریزەکردنی هاوبەستی زیادە، و لە ئەنجامدا بێواتا و بێهوودە دەبێت. بۆچی دەست پێوە نەگرین و بێکێشە پشت بەو چەمک و بیردۆزانەوە نەبەستین کە هەر ئێستا هەمانن؟

لێرەشدا، وەک ڕەخنەی پێشوو، پێمان وایە کە ئەوانەی داکۆکی لە هاوبەستی دەکەن وەڵامی باشیان بۆ گوتن پێیە: ڕەنگە بەهێزترین وەڵام بۆ ئاڵنگاریی زیادەیی، خستنەڕووی ڕاڤەیەکی جەوهەری و بنچینەیی لە هاوبەستی بەپێی تایبەتمەندییە وەسفی، پێودانگی و هەڵسەنگێنەرانە جیاوازەکانی بێت. ئەگەر ئەم لێکدانەوەیە ڕۆشنکەرەوە بێت و خاڵی مەبەست بپێکێت، ئەوا ڕەخنەی زیادەیی پێدەچێت بێسەروبن بێت و فڕی بە بابەتەکەوە نەبێت. بەتایبەتیتر، تیۆریستانی هاوبەستی دەتوانن پەنا بەرنە بەر تایبەتمەندییە وەسفی یان ئەرێنییە جیاوازەکانی مومارەسەکانی هاوبەستی کە وا دەکەن پۆلێنکردنی هاوبەستی وەک ژێرلقێکی ڕاڤەیەکی گشتیی کۆمەڵ و وەفاداری نالەبار بێت (بۆ باسوخواسێک لەم بوارەدا بڕوانە بەشی دووەمی Kolers 2016). بۆ نموونە، هاوبەستی بەپێچەوانەی گرێدایی هاوڕێیەتی و خێزانی، ئامانجدارە (ئامانج-تەوەرە)، هەم لەم واتایەدا کە هاوبەستی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی زاڵبوون بەسەر هەندێک کۆسپ و بەربەست یان نەهامەتییە، و هەم بەم مانایە کە ئەندامان لەسەر بنەما و بە گوێرەی ئەو ئامانج و دۆزەی دەشۆپێندرێت هەڵدەبژێردرێن، نەک بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ئامانج و مەبەست (Arnsperger & Varoufakis 2003; Kolers 2016). لەڕووی جیاوازیی نۆرماتیڤەوە، تیۆریستانی هاوبەستی هەروەها دەشێ بەرهەڵستی گریمانەی ناڕاستەوخۆی ڕەخنەگر ببنەوە کە ڕاڤەیەکی تیۆری لە تایبەتمەندییە نۆرماتیڤەکانی x چیتر کەڵکی نامێنێت کاتێک کە بۆمان دەربکەوێت کە ئەم تایبەتمەندییانە لە ئاکامی تێبینییەکی ئەخلاقیی گشتیترەوە سەر هەڵدەدەن یاخود لە ڕێگەی وەها تێبینییەکەوە ڕوون دەکرێنەوە.

٢.٤. ئاڵنگارییە کردەییەکانی بەردەم هاوبەستی

ئێستا دێینە سەر باسی ئاڵنگارییە کردەییەکانی بەردەم هاوبەستی. گەلۆ دەبێ ڕەخنە لە مومارەسەکانی هاوبەستی لە جیهانی واقیعدا بگرین، بەو هۆیە کە دەرەنجامی خراپیان لێ دەکەوێتەوە؟ یان ڕەنگە تەنانەت لە بزووتنەوە هاوبەستییەکاندا شتێکی لە بنەڕەتدا کێشەخوڵقێن بوونی هەبێت؟ سێ ڕەخنەی دیار لەم بوارەدا بۆ کاریگەریی هاوبەستی لەسەر ئازادی، دادپەروەری و ڕاستی دەگەڕێنەوە.

١.٢.٤. گەلۆ هاوبەستی هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی؟

ئاخۆ هاوبەستی، ئازادی کپ و لاواز دەکات؟ جودیت شکلار لە وتارە بەناوبانگەکەی بە ناونیشانی «لیبراڵیزمی ترس»دا دەڵێت کە کپ و لاوازی دەکات. شکلار دەنووسێت:

بۆیە دەبێ لە ئایدیۆلۆژیاکانی هاوبەستی بەگومان بین. ڕێک بەو هۆیە کە زۆر سەرنجڕاکێش و دڵگرن بۆ ئەوانەی کە لیبراڵیزم لەڕووی هەست و سۆزەوە تێریان ناکات، و ئەوانەی کە هێشتاکەش و لەم سەدەیەشدا بە شوێن ئەوەدان کە ڕژێمێکی سەرکوتکەر و زۆردار و ستەمکار پێک بهێنن کە لە ترسێنەری و تۆقاندندا بێوێنە بێت. [...] شۆپاندنی گەشەی سۆزەکی و کەسی لە باوەشی کۆمەڵێکدا یان لە خۆدەربڕینی ڕۆمانسیدا، لە کۆمەڵگە لیبراڵییەکاندا هەڵبژاردنێکی ئازاد و کراوەیە لەبەردەم هاووڵاتییان. سەرەڕای ئەمەش، هەردووکیان پاڵنەری ناسیاسی و تەواو خۆتەوەرن، کە لە باشترین حاڵەتدا کاتێک وەک دۆکترینگەلێکی سیاسی دەخرێنە ڕوو، ئێمە لە ئەرکی سەرەکیی سیاسەت دوور دەخەنەوە و لاڕێمان دەکەن، و لە خراپترین حاڵەتیشدا، لە هەلومەرجی نگریس و نەخوازراودا، دەتوانن خەسارێکی زۆر بە ڕەوت و ڕێچکە لیبراڵییەکان بگەیەنن. چونکە هەرچەندە وا دەردەکەوێت کە هەردووکیان تەنیا خەریکن سنوورەکانی نێوان بابەتی کەسی و بابەتی گشتی سەرلەنوێ دادەڕێژنەوە و دیاری دەکەنەوە [...] ناکرێت بڵێین هیچکامیان تێگەیشتنێکی جیددییان لە لێکەوتە و ئاماژەکانی گۆڕانکارییە پێشنیارکراوەکان بە هەر ئاراستەیەکدا هەیە. (Shklar 1989: 36)

ڕەنگە وا بیر بکرێتەوە کە توخمێک لە ڕاستی لێرەدا بوونی هەیە: تیۆریستانی هاوبەستی زۆرتر جەخت لەوە دەکەنەوە کە هاوبەستی کاتێک و بەو هۆیە پڕبایەخ دەبێت کە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ نەهامەتیدا، هەست بە پێویستیی بەرخۆدانی بەکۆمەڵ و یەکێتیی ئامانج دەکەین. ئەوان هەروەها جەخت دەکەن لەسەر بەهای نائامرازیی وەلانانی بەرژەوەندیی تاکەکەسی لە ناسینەوەیەکی ئاسۆیی لەگەڵ ئەوانی تردا بە بۆنەی ئامانجێکی هاوبەشەوە، کە بەشێک لەوەی خاوەن بەهایە دیتنی ئێمە، پێکەوە، و ڕەنگدانەوەی بکەرێتیی بەکۆمەڵمان لەو ئامانجانەدایە کە دەیانشۆپێنین (بڕوانە بەشی پێشوو).

دەشێ لێرەدا بەتایبەتی توخمی ناسینەوە کێشە و گرفت بنێتەوە. بۆ ناسینەوە، سەرەڕای بابەتەکانی تر، پێویستە ئەوانی تر «وەکوو خۆمان» ببینین، و ئەو لێکچوونە بکەین بە بنەمایەک بۆ کەڵکەڵەی هاوبەش، هاودڵی و هاوسۆزی، و ئاراستەکردنی نۆرماتیڤ. کەواتە بۆ نموونە کاتێک من خۆم لەگەڵ تۆدا وەک کرێکارێک دەناسمەوە، ڕۆڵی هاوبەشی خۆمان بە ڕێپیشاندەر و ئاراستەکەرێکی گرنگ لە ژیانی خۆمدا دادەنێم. لەم سۆنگەیەوە، بۆ هاوبەستی حەوجەیە کە ئەو کەسە بە قازانجی بابەتی سیاسی، بابەتی کەسی وەلا بنێت و پشتگوێی بخات (ئەمەیش ڕێک «سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سنوورەکانی» نێوان ئەم دووەیە). نیگەرانییەکە لێرەدا ئەمەیە کە، لانیکەم لە سیاسەتدا، داخوازی و پێویستیی هاوبەستی بۆ لێکچوون، دەروەستی، وەفاداری و ئەمەگناسی، دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئازادی و ملهوڕی.[١١]

تیۆریستانی هاوبەستی کە بەرەوڕووی ئەم ئاڵنگارییە بنەڕەتییە دەبنەوە، لانیکەم دوو ئارگیومێنتیان پێیە: یەکەم، پێداگرن لەسەر ئەوەی کە ئەو باوەڕە کە دەروەستبوون بە هاوبەستی لەگەڵ دەروەستبوون بە لیبراڵیزم ناتەبایە و ناگونجێت، باوەڕێکی هەڵەیە. گومان لەوەدا نییە کە ئەو هاوبەستییانەی بۆ پێشخستنی ئامانجگەلی نالیبراڵی و لە ڕێگەی ئامرازی نالیبراڵییەوە ڕێک دەخرێن، بەڵێ لە پێناسەی خۆیاندا نالیبراڵین. بەڵام ئەم بەهەندوەرنەگرتن و کەمتەرخەمییەیان لە ئاست مافە تاکەکەسییەکان یان ئازادی یان یەکسانی بەهۆی هاوبەستییەوە نییە یان پێویستییەک نییە کە هاوبەستی هێنابێتیە کایەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر، وەک شکلار و نووسەرانی تر جەختی لەسەر دەکەنەوە، لیبراڵیزم پێویستی بە زیتی و چاوکراوەیی، ڕق و بێزاری لە نادادپەروەری و ئامادەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات لە کاتی پێویستدا هەبێت، ئەوا لیبراڵیزم پێویستی بە هاوبەستی هەیە. بەرخۆدان کاتێک زۆرترین کاریگەریی دەبێت کە لە لایەن گرووپگەلێکەوە ئەنجام بدرێت کە ناڕەزایەتییەکانیان هاوبەش بن و ئەو ناڕەزایەتییانە بەوە بناسرێن کە هاوبەشن. ئەم ناڕەزایەتییانە بەستێنێک بۆ هەنگاوی هاوبەش و چاوگەیەکی بەهێز بۆ ناسینەوە دەهێننە ئاراوە. وەها ناسینەوەیەک بۆ زاڵبوون بەسەر ترسدا پێویستە، و ئەو هەلە بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت کە لە سەرووی بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خێرا و کورتماوەیان لە بابەتەکە بڕوانن و چاویان لەو ئەرکە مەزنترە بێت کە بە دەستیانەوەیە و بەمەیش بە شێوەیەکی کۆمەڵگەدۆستانە هەنگاو هەڵێنن.

هۆکاری دووەم بۆ ئەوەی کە بۆچی ئەم ئاڵنگارییانە ناتوانن بە تەواوی قەناعەتمان پێ بێنن، ئەمەیە: لە شیکاریی شکلاردا، ئامانجەکە ئەو شتەیە کە دەتوانین پێی بڵێین هاوبەستی لەسەر ئاستی دەوڵەت. هەرچەندە ناودێری ناکەن و ئەم ناوەی بۆ بەکار ناهێنن، بەڵام ئامانجی وان هاوبەستیی نەتەوەیی یان نیشتمانپەروەرانەیە —هاوبەستی بەو جۆرەی کە ئەوانە بانگەوازی بۆ دەکەن کە دەسەڵاتی سیاسییان هەیە و گەرەکیانە خەڵک لە دژی نەیارێک کۆ بکەنەوە و بجووڵێنن، یاخود هاوبەستی بەو جۆرەی کە ئەو کەسانە بانگەوازی بۆ دەکەن کە باوەڕیان وایە کە بۆ ژیانێکی گەشاوە، بەشداریی سیاسیی چالاکانە و لایەنگریی بەگوڕ پێویست و جەوهەرییە. وەڵامی یەکەم تەنیا ئاماژەکردن بەم خاڵەیە (وەک لەم وتارەشدا ئاماژەی پێ دەکرێت) کە هاوبەستی دەتوانێت لە دڵی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و کردەی سیاسیی لە خوارەوە بۆ سەرەوەدا بێت. پێویست نییە تەنیا لەسەر دەوڵەت تەرکیز بکات یان لە ڕێگەی دەوڵەتەوە داڕێژرێت و ئاراستە بکردرێت. وەڵامی دووەمیش ئەوەیە کە مەرج نییە تەنانەت هاوبەستیی لەسەر ئاستی دەوڵەتیش بەو ڕادەیە زیانبەخش و تێکدەر بێت. هاوبەستیی مەدەنی پێویستی بە سەپاندنی دەقاودەقبوون و هاوتایی چاوبەستووانە، بێڕێزیکردن بە جیاوازییەکان، ناکۆکی و جیاوازیی ڕا و بۆچوون، یان لەناوبردن و بنبڕکردنی پلۆرالیتی نییە.[١٢] نەریتێکی دەوڵەمەند لە مێژووی ئایدیا سیاسییەکاندا هەیە —هەر لە هاوبەستیگەرایی لیۆن بۆرژواوە[١٣] تا نووسراوەکانی ئێستاکە— کە پێی وایە هاوبەستیی مەدەنی نەک لەسەر بنەمای چەشنێک شوناسی «تۆتالیتاریزەکەری» بەر لە پرۆسەی سیاسی، بەڵکوو لەسەر بناغەی پێکبەستراوەیی دوولایەنەی هاووڵاتییان و هاوکاریی دیموکراتییان لە بنیاتنانی دامەزراوەگەلی پارێزەری دادپەروەریدا دادەمەزرێت.[١٤]

٢.٢.٤. گەلۆ هاوبەستی برەو بە بیروباوەڕە چەواشەکان دەدات؟

دەگوترێت کە هاوبەستی نەتەنێ کۆمەڵێک مەرجی پێویست سەبارەت بەوەی کە دەبێ چ بکردرێت، بەڵکوو لەمەڕ ئەوەی کە ئەندامان دەبێ باوەڕیان بە چ هەبێت، دادەسەپێنێت. بەپێی ئەم چەشنە بیروباوەڕانە، بۆ هاوبەستی پێویستە ئەندامان بە بۆنەی هەندێک تایبەتمەندی یان هەلومەرج یان ئەزموونی هاوبەش، یەکتر وەک یەکەیەکی یەکگرتوو ببینن. ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایا هاوبەستی بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەبێتە هۆی چێبوونی بیروباوەڕی درۆ و چەواشە لای ئەندامانی گرووپگەلی هاوبەستی، بۆ نموونە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوەدا کە چ شتێک کۆیان دەکاتەوە و یەکگرتوویان دەکات؟

لەوانەیە دیارترین پرس بریتی بێت لە پرسی پەیوەندیی نێوان ڕاستی —لێرەدا ڕاستیی مێژوویی— و ئەو چەشنە ناسینەوە بەکۆمەڵە گرووپییەی کە بۆ هاوبەستی پێویستە، کە لە گەنگەشەکانی پەیوەست بە ناسیۆنالیزم(ی لیبراڵ) هاتووەتە ئاراوە و بەرچاو دەکەوێت. لێرەدا ڕەخنەیەک کە دەخرێتە پاڵ هاوبەستیی ناسیۆنالیزمییەوە ئەوەیە کە شوناسی نەتەوەیی، بۆ ئامانجگەلێک کە لە بنچینەوە ئامرازین، هەم پشت بە بیروباوەڕگەلی چەواشە لەناو ئەنداماندا سەبارەت بە ڕابردووی نەتەوەیی پڕشکۆوە دەبەستێت و هەم برەویشی پێ دەدات (Abizadeh 2004). بێ گومان فۆرمەکانی تری هاوبەستی پێویستیان بە پشتبەستن بە بنەچە و ڕەچەڵەکی مێژوویی هاوبەش لە نێوان ئەنداماندا نییە. بەڵام دەکرێت ئەم ئاڵنگارییە بگشتێندرێت: لە پەیوەندی لەگەڵ پێویستیی هاوبەستی بە بناغەیەک بۆ ناسینەوەی دوولایەنە، جا چ ئەزموونی هاوبەش بێت یان چەوسانەوە و ستەمی هاوبەش یاخود ئامانجگەلێکی هاوبەش بێت، مەترسییەک کە لە ئارادایە ئەمەیە کە ئەو مومارەسەیە بە شێوەیەکی سیستەماتیک ئەندامان و بەشداربووان بەو ئاقارەدا ببات کە ئەو تایبەتمەندییانەی بوونەتە بەستێن و بناغەی ئەو ناسینەوەیە، زیاتر لە ڕاستی گەورەیان بکەنەوە و گرنگییان پێ بدەن، ئەویش لەسەر حسێب و تێچووی کۆمەڵێک توخمی تر کە ڕەنگە دیارتر و پڕبایەختریش بن، بەس لە نێوان ئەنداماندا هاوبەش نین. ئەگەر بێینەوە سەر ئەو دوو نموونەیە کە پێشتر باسمان کردن، خوشکایەتی دەشێ ئەمە بخوازێت کە بەشداربووان تایبەتمەندییەکی شوناسی خۆیان («ژنبوون») بە چاوێکی تر سەیر بکەن و بایەخێکی تایبەتی پێ بدەن، لە کاتێکدا کە لە ڕاستیدا ڕەوشی دیفاکتۆی ئەم بێبەشی و بێبەریبوونە کۆمەڵایەتییەی ئافرەتان، (هەروەها) لە بنەڕەتدا لە لایەن کۆمەڵێک گوتەزای دیکەی وەک ڕەگەز یان چینەوە ساز بووە و هاتووەتە ئاراوە. بە هەمان شێوە، هاوبەستیی ڕەشپێستەکان داوا لە بەشداربووان دەکات کە جەخت لەسەر هەر بناغە و بنچینەیەک بکەنەوە کە لە نێوان ڕەشپێستەکاندا هاوبەشە، تەنانەت ئەگەر پێگەی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەیان لەژێر کاریگەریی بابەتگەلێکی وەک چین، جێندەر، باری کۆچبەری و هتددا بیچمی گردبێت (Shelby forthcoming).

ناسیۆنالیستە لیبراڵەکانی وەک دەیڤید میلەر (Miller 1995) کاتێک بەرەوڕووی ئەو ڕاستییە دەبنەوە کە زۆربەی ئەو شتەی کە وەکوو بەشێک لە مێژووی هاوبەشی نەتەوەیی دەزانرێت و ڕادەگەیەندرێت، لەگەڵ تۆماری مێژوویی یەک ناگرێتەوە و بەڵگەی مێژوویی لە پشت نییە، وەڵامیان ئەوەیە کە «ئەفسانەکان» سەبارەت بە ڕابردووی بیرگەی بەکۆمەڵی نەتەوەیی مادام خزمەت بە ئامانجی پشتگیریکردنی ئەو نێرین و هەڵوێستانە بکەن کە بەردی بناغەی هاوبەستیی نەتەوەیی دادەکوتن، مەرج نییە ڕاست بن. بەڵام ئەو ئەفسانانە بەدەر لەوەی کە بەکەڵک و سوودبەخشن یان نا، دوورن لە ڕاستییەوە، و گەر بێتو ناسینەوەی گرووپیی پێویست بۆ هاوبەستیی نەتەوەیی پشت بەم ئەفسانانەوە ببەستێت، ئەوا دەتوانین بڵێین لەسەر هەبوونی بیروباوەڕی درۆ و چەواشەوە هەڵچندراوە.

ئایا ئەم نیگەرانییە بۆ هەموو فۆرمەکانی هاوبەستی دەگشتێندرێت و هەموو چەشنەکانی دەگرێتەوە؟ جیاوازییەکی گرنگی نێوان هاوبەستیی نەتەوەیی و فۆرمەکانی تری هاوبەستی ئەوەیە کە زۆربەی جۆرەکانی تری هاوبەستی زۆربەی کات پشت بە بیروباوەڕ بە شتێک نابەستن کە بەئاشکرا و بەڕوونی ناڕاستە. بەڵکوو جەختیان لەسەر پەیوەندیی نێوان کۆمەڵێک ڕەهەندی ڕەسەنی شوناسی کردەیی تاکەکانە —جا چ ئەزموونی هاوبەش بێت، یان چەوسانەوە و ستەمی هاوبەش یاخود ئامانجی هاوبەش و هتد— تاکوو ڕەهەندەکانی تر. دەشێ ئەمەش بڵێین کە ئەمەی کە ئاخۆ تایبەتمەندییەک لە ناسنامەی کردەیی تاکێکدا بەرچاوە و دەبێ بایەخی پێ بدرێت یان نا، لانیکەم تا ڕادەیەک پەیوەستە بە بکەری پەیوەندیدارەوە. کەواتە وەڵامێکی دۆستانە و ئاشتەواییانەی لایەنگرانی هاوبەستی(ی نانەتەوەیی) ئەوەیە کە هاوبەستی پشت بە باوەڕ بە درۆ و بابەتی ساختە نابەستێت، بەڵکوو ئەوە دەردەخات کە ئەندامان کامە لایەن و ڕەهەندانەی ناسنامەی خۆیانیان لا گرنگە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن کە تا کاتێک کە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوەی ئازادانە هەم لەبارەی ئەوەی کە بەشداربووانی بزاڤە هاوبەستییەکان یەکگرتوو دەکات، و گرنگتر لەمەش، هەم لەبارەی ئەوەی کە پەرتەوازە و دابەشیان دەکات، لە ئارادایە، ئەو گوژم و ڕەخنەیە کە هاوبەستی برەو بە بیروباوەڕی چەواشە دەدات ڕێی تێناچێت و دوورە لە ڕاستی. وەک وەڵامێک کە زۆرتر ڕەنگی لاساری و لێهەڵگەڕانەوەی پێوە دیارە، ئەو لایەنگرانەی هاوبەستی دەتوانن ئەم باسە بێننە کایەوە کە هاوبەستی، لانیکەم لە هەندێک حاڵەتدا، بەڕاستی توخمێکی پێویستە بۆ سازبوونی بیروباوەڕی دروست سەبارەت بە تەنگژە و چەرمەسەرییەکانی مرۆڤ خۆی و مرۆڤەکانی تریش. ویلاند ئەمە بە هاوبەستیی مەعریفی وەسف دەکات (Wiland 2017: 69). کەواتە هەبوونی هاوبەستی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بەر نموونەی هاوشێوە و یەکسانی نەهامەتی و چەوسانەوە و ستەم کەوتوون دەتوانێت مەرجێکی پێویست بێت بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین دەرک بەو تەنگژە و چەرمەسەرییە بکەین کە تووشی هاتووین: کاتێک بتوانین متمانە لەسەر شایەتحاڵیی یەکتر لە پەیوەندی لەگەڵ ستەم و چەوسانەوەدا هەڵبچنین، دەتوانین بیروباوەڕی ڕاستەقینە سەبارەت بە چەرمەسەری و تەنگوچەڵەمەی هاوبەشمان چێ بکەین و توانامان بۆ پێناسەکردن و بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخی سەرکوت و چەوسانەوە بەرز بکەینەوە (Goodin & Spiekermann 2015).

٣.٢.٤. گەلۆ هاوبەستی دەبێتە هۆی بێبەریکردنی کەسانی دەرەوەی بازنەی ئەندامێتی و نادادپەروەری لە ئاستیان؟

هاوبەستی لەڕووی وەسفییەوە بریتی لە هەر شتێکی تر بێت، دەروەستییەکی تایبەت لە ئاست ئەندامانی گرووپی هاوبەستییەوە بە دوای خۆیدا دێنێت کە مرۆڤ لە هەمبەر کەسانی تردا نییەتی. و هاوبەستی هەر دەرەنجامێکی نۆرماتیڤی بۆ ئەوانە هەبێت کە لە بازنەی هاوبەستیدان، کۆمەڵێک ئیدعای تایبەت بونیات دەنێت کە ئەم ئەندامانە لەسەر ئێمە، ئێمەیش لەسەر ئەوان هەمانە. بەم پێیە، هاوبەستی هاوشێوەی پەیوەندیی هاوڕێیەتی، خێزانی و نەتەوایەتی، پەیوەندییەکی تایبەت، بە کۆمەڵێک پابەندیی تایبەتەوە پێک دەهێنێت. لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک فەیلەسووف تەحەدایان ڕێک لەم بیرۆکەیە کردووە کە دەڵێت پابەندیگەلی تایبەت بۆ ئەندامانی بازنەی گرووپی هاوبەستی بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی بەشێک لەو بازنەیە نین دەتوانێت پاساو بدرێت. ڕەنگە دیارترینیان ساموێل شێفلێر بێت کە «تانە و ڕەخنەیەکی دابەشکاری»ی لەسەر بنەمای دادپەروەریی، بەرامبەر بە هەموو پەیوەندییە تایبەتەکان ورووژاندووە (Scheffler 2001). ئەگەر کەسانی ناو بازنەیەکی هاوبەستی پەیوەندییەکی تایبەت و بە پابەندیگەلی تایبەتەوە پێک بێنن، ڕەخنەی شێفلێر بۆ ئێرەش دەگونجێت؟

تانە و ڕەخنەی دابەشکاری لەسەر ئەم بیرۆکەیە بونیات نراوە کە بەشداربووانی پەیوەندییەکی تایبەت، لە بەرژەوەندیی تایبەت لە لایەن یەکترەوە بەهرەمەند دەبن: ئێمە وەک ئەندام نەتەنێ چاوەڕوانیی زۆرترمان لە ئەندامانی بازنەی خۆمان هەیە تاوەکوو کەسانی دەرەوەی ئەو بازنەیە، بەڵکوو لانیکەم لە هەندێک حاڵەتدا چاوەڕوانیی لەپێشترێتیمان هەیە و خۆمان بەهەق دەزانین کە ئەولەویەتمان هەبێت. ئەوەی تانەی دابەشکاری تێبینیی دەکات ئەم خاڵەیە کە ئەندامان پێشوەختە لەو چاکە و بەرژەوەندییانەی پەیوەندی بەهرەمەندن کە لە بنەڕەتدا بە بوون لە پەیوەندییەکی پڕمانادا گرێ دراون. لەم ڕووەوە، کێشەکە ئەوەیە کە ئەندامان کەمتر لە جاران لە هەمبەر کەسانی دەرەوەی بازنەکەی خۆیان هەست بە بەرپرسیارێتی و دەروەستی دەکەن: کەواتە کارکردی پەیوەندییە تایبەتەکان —لەوانە پەیوەندیی هاوبەستییش— شێفلێر گوتەنی، وەکوو «سەرپەنای باجی ئەخلاقی» وایە بۆ ئەوانەی پێشوەختە لێی سوودمەندن.

لە کاتێکدا چەند نووسەرێک بە تەواوی ڕەخنەی دابەشکارییان ڕەت کردووەتەوە (Kolodny 2002; Lazar 2009)، ئێمە گەرەکمانە ئاماژە بە هەندێک تایبەتمەندیی هاوبەستی بکەین کە دەتوانن هاوبەستی لە بەرامبەر ئەم ئاڵنگارییە بپارێزن و ئەم ڕەخنەیەی لەسەر بڕەوێننەوە. خاڵێکی گرنگ ئەمەیە کە لایەنگرانی هاوبەستی جەخت دەکەنەوە کە پابەندییەکانی هاوبەستی، بەپێچەوانەی پەیوەندیی هاوڕێیەتی و ئەڤینداری، مەرج نییە لەسەر بەهای ئەو پەیوەندییە دامەزرابن، بەڵکوو بناغەی ئەو پابەندییانە لەسەر بەهایەکی سەربەخۆ لەو پەیوەندییە هەڵچندراوە کە لە هەبوونی ئەم ئەرکانەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم حاڵەتەدا ئەرکە تایبەتەکانی هاوبەستی زیاتر هاوشێوەی پابەندیگەلی ڕۆڵ پاساو دەدرێن. بۆ نموونە پارێزەر بۆ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی بریگرتەکەی، کۆمەڵێک ئەرکی تایبەت بە ئەمانەتداریی لەسەر شانە، نەک لەبەر بەهای نائامرازیی پەیوەندیی نێوان پارێزەر و بریگرتە، بەڵکوو بەهۆی ئەو قازانجانەی کە پێسپاردنی ئەو ئەرکانە بە پارێزەر بۆ توانای گشتیی سیستەم لە بە باشترین شێوە هێنانەدیی مەرجە ئەخلاقییە پێویستەکانی لانەگری و بێلایەنیدا (وەکوو پارێزگاریکردن لەو تۆمتبارە داواکراوانەی کە بێتاوانن) هەیەتی. بە گوێرەی ئەم ستراتیژە، ئەرکەکانی هاوبەستی لە ئەنجامدا لەسەر بەهاگەلێکی لانەگرانەی وەک ئینساف و دادپەروەریی سروشتی هەڵدەچندرێن. ئەم پاساودانە چلۆن ئیش دەکات؟ کەموکووڕی و خەوش لە زۆربەی ئەرکە گشتییە ئەرێنییەکانماندا بەدی دەکرێت، بە جۆرێک کە تەنانەت مرۆڤە نیازپاکەکانیش دەشێ لە ڕاپەڕاندن و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەدا، بەرەوڕووی کۆسپ و تەگەرەی گەورە ببنەوە: ئەمە پێویستی بە توانای هاوئاهەنگکردنی کردە و هەنگاوەکانمان بە ڕێگە و شێوازی ئاڵۆز لەگەڵ ئەوانی ترە؛ و هەروەها دەبێ خوازیار و تامەزرۆی ئەوە بین کە لە پرۆژە و پەیوەندیگەلی گرنگی تردا بەشداریمان هەبێت و یارمەتی بدەین. ئەگەر ئەو پابەندییە تایبەتانەی کە لە دەروەستییەکانی هاوبەستییەوە سەرچاوە دەگرن بتوانن ڕێگایەکی پتەو بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی پەیوەست بە هاوئاهەنگی و تامەزرۆیی و هاندان بخەنە پێشمان (چونکە دوابەدوای دەروەستییەکی هاوبەستی، جێبەجێکردنی ئەرکە گشتییەکانمان لە ڕێگەی هاوبەستییەوە بە جۆرێک باشتر لەگەڵ پرۆژە کەسییەکانمان هاوتەریب دەبێت) ئەوا دەکرێت ئەو پابەندبوونانە بە پەنابردنەبەر کۆمەڵێک تێبینیی ئەخلاقیی بێلایەنانە پاساو بدرێن (Kolers 2016; Viehoff forthcoming).

بەڵام تەنانەت بۆ ئەوانەیش کە بڕوایان وایە کە کۆمەڵێک ئەرکی هاوبەستی لەسەر بنەمای بەهای نائامرازیی ئەندامێتیی هاوبەستیگەرایانە دادەمەزرێن، وەڵامی گرنگ بەردەستە: یەکەم ئەوەی کە هاوبەستی (لانیکەم لە پارادایمیترین و نموونەییترین فۆرمەکانیدا) لەناو ئەو کەسانەدا یەکێتی بەدی دێنێت کە قوربانیی نادادپەروەری یان سەرکوت و چەوسانەوەن، کەواتە بە هیچ شێوەیەک چەشنێک پارێزگاریی ناڕاستەوخۆ لە ئەرکگەلێکی بەربڵاوتر لە ئاست ئەوانەی بەرگەزەنترن دابین ناکات. دووەم، بەرپرسیارێتیی تایبەت لە هەمبەر هاوگرووپانمان لە گرووپی هاوبەستیدا، هەر وەک ئەرکە تایبەتەکانی تر، ڕەها نین: بە شێوەیەکی تەواو قایلکەر، لە ڕێگەی کۆمەڵێک مەرجی گشتیی پێویستی دادپەروەرییەوە سنووردار دەکرێن. لەبەر هەندێ، تەنانەت گەر پابەندییە تایبەتەکان لە نێوان ئەندامانی گرووپی هاوبەستیدا بتوانن ببن بە بنامەیەک بۆ لاگری، ئەم ئەرکانە لە لایەن کۆمەڵێک تێبینیی کاریگەرتر و پڕبایەختری دادپەروەرییەوە سنووردار دەکرێن.

گەلۆ ئەم وەڵامانە هەموو ئەو ڕەخنە و تانە ڕێتێچوویانەی پەیوەست بە ئینساف و بێبەریکردن دەڕەوێننەوە و وەڵامی پێویستیان پێ دەدەنەوە؟ بە ئەگەری زۆرەوە نا؛ پرسیارەکانی پەیوەست بە لاگریی هاوبەستیگەرایانەی ڕێپێدراو، بەتایبەت لەناو کۆمەڵی ئاستی مەزنتری وەک دەوڵەتدا، بەڕوونی گرێدراون بە پرسیارگەلێک لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و جیهانی کە لێرەدا ناکرێت بپەرژێینە سەریان. کەواتە هەر پرسیارێک لەسەر ئەو جۆرە پابەندییانەی کە ڕەوت و ڕێچکەکانی هاوبەستی دەتوانن بیانهێننە ئاراوە، لەگەڵ پرسگەلی دادپەروەری ئاوێتە دەبێت. بەڵام ئەمە نە دەبێ لامان سەیر بێت و نە ڕێگرمان بێت لەوەی کە لە هاوبەستی خۆی لە خۆیدا ڕابمێنین.

ژێدەرەکان

  • Abizadeh, Arash, 2004, “Historical Truth, National Myths and Liberal Democracy: On the Coherence of Liberal Nationalism”, Journal of Political Philosophy, 12(3): 291–313. doi:10.1111/j.1467-9760.2004.00201.x
  • Appiah, Anthony, 1985, “The Uncompleted Argument: Du Bois and the Illusion of Race”, Critical Inquiry, 12(1): 21–37. doi:10.1086/448319
  • Arendt, Hannah, 1963, On Revolution, New York: Viking Press.
  • –––, 1951 [1973], The Origins of Totalitarianism, New York: Harcourt, Brace. New edition, New York: Harcourt Brace & Jovanovich, 1973.
  • Arnsperger, Christian and Yanis Varoufakis, 2003, “Toward a Theory of Solidarity”, Erkenntnis, 59(2): 157–188. doi:10.1023/A:1024630228818
  • Banting, Keith and Will Kymlicka (eds.), 2017, The Strains of Commitment: The Political Sources of Solidarity in Diverse Societies, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780198795452.001.0001
  • Bayertz, Kurt, 1999a, “Four Uses of ‘Solidarity’”, in Bayertz 1999b:3–28. doi:10.1007/978-94-015-9245-1_1
  • ––– (ed.), 1999b, Solidarity, (Philosophical Studies in Contemporary Culture), Dordrecht: Springer Netherlands. doi:10.1007/978-94-015-9245-1
  • Blais, Marie-Claude, 2007, La solidarité: histoire d’une idée, (Bibliothèque des idées), Paris: Gallimard.
  • Bommarito, Nicolas, 2016, “Private Solidarity”, Ethical Theory and Moral Practice, 19(2): 445–455. doi:10.1007/s10677-015-9640-2
  • Bourgeois, M. Léon, 1902, “Rapport de M. Léon Bourgeois au Congrès d’Éducation Sociale en 1900”, in Solidarité, 3rd edition, by M. Léon Bourgeois, Paris: Armand Colin, 159–188. [First edition published in 1896.]
  • Bowles, Samuel and Herbert Gintis, 2011, “A Cooperative Species”, in their A Cooperative Species: Human Reciprocity and Its Evolution, Princeton, NJ: Princeton University Press, 1–7.
  • Bratman, Michael, 2014, Shared Agency: A Planning Theory of Acting Together, New York: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780199897933.001.0001
  • Carastathis, Anna, 2014, “The Concept of Intersectionality in Feminist Theory”, Philosophy Compass, 9(5): 304–314. doi:10.1111/phc3.12129
  • Claeys, Gregory, 2011, “Non-Marxian Socialism 1815–1914”, in The Cambridge History of Nineteenth-Century Political Thought, Gareth Stedman Jones and Gregory Claeys (eds.), Cambridge: Cambridge University Press, 521–555. doi:10.1017/CHOL9780521430562.018
  • Clark, Meghan J., 2014, The Vision of Catholic Social Thought: The Virtue of Solidarity and the Praxis of Human Rights, Minneapolis, MN: Fortress Press.
  • Combahee River Collective, 1977/1983, “A Black Feminist Statement”, April 1977, Boston, MA. Printed in Home Girls: A Black Feminist Anthology, Barbara Smith (ed.), New York: Kitchen Table—Women of Color Press, 1983. New edition, New Brunswick, NJ: Rutgers University Press, 2000, 264–274.
  • Coulthard, Glen Sean, 2014, Red Skin, White Masks: Rejecting the Colonial Politics of Recognition, (Indigenous Americas), Minneapolis, MN: University of Minnesota Press.
  • Crenshaw, Kimberle, 1991, “Mapping the Margins: Intersectionality, Identity Politics, and Violence against Women of Color”, Stanford Law Review, 43(6): 1241–1299. doi:10.2307/1229039
  • Cruse, Harold, 1967, The Crisis of the Negro Intellectual: A Historical Analysis of the Failure of Black Leadership, New York: William Morrow.
  • Dawson, Michael C., 2001, Black Visions: The Roots of Contemporary African-American Political Ideologies, Chicago: University of Chicago Press.
  • Dean, Jodi, 1995, “Reflective Solidarity”, Constellations, 2(1): 114–140. doi:10.1111/j.1467-8675.1995.tb00023.x
  • Deveaux, Monique, 2021, Poverty, Solidarity, and Poor-Led Social Movements, New York: Oxford University Press. doi:10.1093/oso/9780190850289.001.0001
  • Durkheim, Émile, 1928 [1959], Le socialisme: sa définition, ses débuts, la doctrine Saint-Simonienne, Marcel Mauss (ed.), (Travaux de l’Année sociologique), Paris: F. Alcan. Translated as Socialism and Saint-Simon, Charlotte Sattler (trans.), Yellow Springs, OH: Antioch Press, 1959.
  • –––, 1893 [1984], De la division du travail social, Paris: Félix Alcan; second edition 1902, third edition 1911. Translated as The Division of Labor in Society, W. D. Halls (trans.), New York: Free Press.
  • Dworkin, Ronald, 2011, Justice for Hedgehogs, Cambridge, MA: Harvard University Press.
  • Engels, Friedrich, 1876 [1978], Herrn Eugen Dühring's Umwälzung der Wissenschaft, a translated abstract of which was published as “Socialism: Utopian and Scientific” and collected in Tucker 1978, pp. 683–718.
  • Faucci, Riccardo and Antonella Rancan, 2009, “Transforming the Economy: Saint-Simon and His Influence on Mazzini”, History of Economic Ideas, 17(2): 79–105.
  • Feinberg, Joel, 1973, Social Philosophy, (Foundations of Philosophy Series), Englewood Cliffs, NJ: Prentice-Hall.
  • Forst, Rainer, forthcoming, “Contexts of Solidarity”, in Sangiovanni and Viehoff forthcoming.
  • Francis, 2020, “Catechesis ‘Healing the world’: 8. Subsidiarity and virtue of hope”, 23 September 2020. [Francis 2020 available online]
  • Fricker, Miranda, 2007, Epistemic Injustice: Power and the Ethics of Knowing, New York: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780198237907.001.0001
  • Garton Ash, Timothy, 1983 [2002], The Polish Revolution: Solidarity, London: J. Cape. Third edition, New Haven, CT: Yale University Press, 2002.
  • Goodin, Robert E. and Kai Spiekermann, 2015, “Epistemic Solidarity as a Political Strategy”, Episteme, 12(4): 439–457. doi:10.1017/epi.2015.29
  • Gooding-Williams, Robert, 2009, In the Shadow of Du Bois: Afro-Modern Political Thought in America, Cambridge, MA: Harvard University Press.
  • Gould, Carol C., 2007, “Transnational Solidarities”, Journal of Social Philosophy, 38(1): 148–164. doi:10.1111/j.1467-9833.2007.00371.x
  • –––, 2020, “Motivating Solidarity with Distant Others: Empathic Politics, Responsibility, and the Problem of Global Justice”, in The Oxford Handbook of Global Justice, Thom Brooks (ed.), Oxford: Oxford University Press, 121–138. doi:10.1093/oxfordhb/9780198714354.013.6
  • –––, forthcoming, “Rethinking Solidarity through the Lens of Critical Social Ontology”, in Sangiovanni and Viehoff forthcoming.
  • Glasgow, Joshua, 2009, A Theory of Race, New York: Routledge. doi:10.4324/9780203880951
  • Harvey, Jean, 2007, “Moral Solidarity and Empathetic Understanding: The Moral Value and Scope of the Relationship”, Journal of Social Philosophy, 38(1): 22–37. doi:10.1111/j.1467-9833.2007.00364.x
  • Hayward, J. E. S., 1959, “Solidarity: The Social History of an Idea in Nineteenth Century France”, International Review of Social History, 4(2): 261–284. doi:10.1017/S0020859000001371
  • Hechter, Michael, 2015, “Solidarity, Sociology of”, in International Encyclopedia of the Social & Behavioral Sciences, second edition, James D. Wright (ed.), Oxford: Elsevier, 6–9. doi:10.1016/B978-0-08-097086-8.32147-X
  • Hill Collins, Patricia, 1990 [2000], Black Feminist Thought: Knowledge, Consciousness, and the Politics of Empowerment, (Perspectives on Gender 2), Boston: Unwin Hyman. Second edition, New York: Routledge, 2000. doi:10.4324/9780203900055
  • hooks, bell, 1981 [2015], Ain’t I a Woman, London: Routledge. [First edition published 1981, second edition 2015.]
  • –––, 2000 [2015], Feminism Is for Everybody: Passionate Politics, Cambridge, MA: South End Press. Second edition, New York: Routledge, 2015.
  • Hurka, Thomas, 2001, Virtue, Vice, and Value, New York: Oxford University Press. doi:10.1093/0195137167.001.0001
  • John Paul II, 1987, Sollicitudo rei socialis, 20 December 1987 [Sollicitudo rei socialis available online (English)]
  • Kateb, George, 1989, “Democratic Individuality and the Meaning of Rights”, in Rosenblum 1989: 183–206 (ch. 10). doi:10.4159/harvard.9780674864443.c14
  • Kautsky, Karl, 1892 [1910], The Class Struggle: Erfurt Program, trans. William Bohn, New York: Kerr & Co. [Originally published as Das Erfurter Programm in seinem grundsätzlichen Theil erläutert, Stuttgart: Vorwärts.
  • Kohn, M., (forthcoming), “Solidarity: The Link Between Facts and Norms”, in The Virtue of Solidarity, Andrea Sangiovanni and Juri Viehoff (eds.), Oxford: Oxford University Press.
  • Kolers, Avery, 2016, A Moral Theory of Solidarity, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780198769781.001.0001
  • Kolodny, Niko, 2002, “Do Associative Duties Matter?”, Journal of Political Philosophy, 10(3): 250–266. doi:10.1111/1467-9760.00152
  • Koslowski, Peter, 2000, “Solidarism, Capitalism, and Economic Ethics in Heinrich Pesch”, in The Theory of Capitalism in the German Economic Tradition: Historism, Ordo-Liberalism, Critical Theory, Solidarism, Peter Koslowski (ed.), (Studies in Economic Ethics and Philosophy), Berlin/Heidelberg: Springer, 371–396. doi:10.1007/978-3-662-04084-3_10
  • Land, Clare, 2015, Decolonizing Solidarity: Dilemmas and Directions for Supporters of Indigenous Struggles, London: Zed Books.
  • Lazar, Seth, 2009, “Debate: Do Associative Duties Really Not Matter? 1”, Journal of Political Philosophy, 17(1): 90–101. doi:10.1111/j.1467-9760.2008.00329.x
  • Leo XIII, 1891, Rerum Novarum. [Rerum Navarum available online (English)]
  • Leopold, David, 2015, “Scientific Socialism: The Case of Robert Owen”, in Scientific Statesmanship, Governance and the History of Political Philosophy, Kyriakos N. Demetriou and Antis Loizides (eds.), New York: Routledge, 193–209.
  • Leroux, Pierre, 1840 [1845], De l’humanité: de son principe, et de son avenir, où. se trouve exposée la vraie définition de la religion et où l’on explique le sens, la suite, et l’enchaînement du Mosaisme et du Christianisme, Paris: Perrotin. Second edition 1845.
  • Lorde, Audre, 1984, Sister Outsider: Essays and Speeches, (Crossing Press Feminist Series), Freedom, CA: Crossing Press.
  • Luhmann, Niklas, 1984, “Die Differenzierung von Interaktion und Gesellschaft. Probleme der sozialen Solidarität”, in Solidarität in der Welt der 80er Jahre: Leistungsgesellschaft und Sozialstaat, Robert Kopp (ed.), Basel: Helbing and Lichtenhahn, 79–96.
  • Malcolm X, 1970 [1992], By Any Means Necessary, New York: Pathfinder. Second edition, 1992.
  • Margalit, Avishai, 2017, On Betrayal, Cambridge, MA: Harvard University Press.
  • Marx, Karl, 1871 [1978], Speech, 8 September 1872 in Amsterdam after a congress of the First International. Collected as “The possibility of non-violent revolution (the Amsterdam speech)” in Tucker 1978, pp. 522–525.
  • Mason, Andrew, 2000, Community, Solidarity, and Belonging: Levels of Community and Their Normative Significance, Cambridge/New York: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511490309
  • May, Larry, 1996, The Socially Responsive Self: Social Theory and Professional Ethics, Chicago, IL: University of Chicago Press.
  • Mazzini, Giuseppe, 1871 [2009], “Nazionalismo e Nazionalità”. Translated as “Nationalism and Nationality”, in A Cosmopolitanism of Nations: Giuseppe Mazzini’s Writings on Democracy, Nation Building, and International Relations, Stefano Recchia and Nadia Urbinati (eds.), Stefano Recchia (trans.), Princeton, NJ: Princeton University Press, 2009, 62–65.
  • Medina, José, 2013, The Epistemology of Resistance: Gender and Racial Oppression, Epistemic Injustice, and Resistant Imaginations, (Studies in Feminist Philosophy), Oxford/New York: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780199929023.001.0001
  • Michnik, Adam, 1985, “Letter from Gdansk Prison”, Jerzy B. Warman (trans.), The New York Review of Books, 18 July 1985.
  • Miller, David, 1995, On Nationality, (Oxford Political Theory), Oxford: Clarendon Press.
  • –––, 2017, “Solidarity and Its Sources”, in Banting and Kymlicka 2017: 61–79 (ch. 2). doi:10.1093/acprof:oso/9780198795452.003.0002
  • Mohanty, Chandra Talpade, 2003, Feminism without Borders: Decolonizing Theory, Practicing Solidarity, Durham, NC: Duke University Press.
  • Moses, Wilson Jeremiah, 1978, The Golden Age of Black Nationalism, 1850–1925, Hamden, CT: Archon Books.
  • O’Neill, Onora, 1996, Towards Justice and Virtue: A Constructive Account of Practical Reasoning, Cambridge/New York: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511621239
  • Owen, Robert, 1826–27 [2016], “The Social System”, The New-Harmony Gazette, volume 2, several issues. Reprinted in Selected Works of Robert Owen, Gregory Claeys (ed.), (The Pickering Masters), London: W. Pickering, 1993. Reprinted, New York: Routledge, 2016, volume 2, 56–105.
  • Pesch, Heinrich, 1918 [2004], Ethik und Volkswirtschaft, Freiburg im Breisgau: Herdersche verlagshandlung. Translated as Ethics and the National Economy, Rupert J. Ederer (trans.), Norfolk, VA: IHS Press, 2004.
  • Plunkett, David and Tim Sundell, 2013, “Disagreement and the Semantics of Normative and Evaluative Terms”, Philosopher’s Imprint, 13: article 23. [Plunkett and Sundell 2013 available online]
  • Potter, Mark W., 2009, “Solidarity as Spiritual Exercise: A Contribution to the Development of Solidarity in the Catholic Social Tradition”, PhD thesis, Boston College. [Potter 2009 available online]
  • Prainsack, Barbara and Alena Buyx, 2017, Solidarity in Biomedicine and Beyond, (Cambridge Bioethics and Law 33), Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/9781139696593
  • Renan, Ernest, 1882, Qu’est que c’est qu’une nation, Paris: Calmann-Lévy. [Quoted translation is by the authors.]
  • Renaud, Hippolyte, 1842, Solidarité: Vue Synthétique sur la Doctrine de Charles Fourier, Paris: Librairie de l’École Sociétaire; second edition 1845, third edition 1846.
  • Rivers, Eugene F., 1995, “Beyond the Nationalism of Fools: Toward an Agenda for Black Intellectuals”, Boston Review, 20(3/Summer): 16–18.
  • Robinson, Dean E., 2001, Black Nationalism in American Politics and Thought, New York: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511606038
  • Rosenblum, Nancy L. (ed.), 1989, Liberalism and the Moral Life, Cambridge, MA: Harvard University Press. doi:10.4159/harvard.9780674864443
  • Sangiovanni, Andrea, forthcoming, Solidarity: Its Nature, Grounds, and Value, Manchester: Manchester University Press.
  • Sangiovanni, Andrea and Juri Viehoff (eds), forthcoming, Solidarity, Oxford: Oxford University Press.
  • Scheffler, Samuel, 2001, Boundaries and Allegiances: Problems of Justice and Responsibility in Liberal Thought, Oxford/New York: Oxford University Press. doi:10.1093/0199257671.001.0001
  • Scholz, Sally J., 2008, Political Solidarity, University Park, PA: Pennsylvania State University Press.
  • Sewell, William H., 1980, Work and Revolution in France: The Language of Labor from the Old Regime to 1848, Cambridge/New York: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511583711
  • Shelby, Tommie, 2005, We Who Are Dark: The Philosophical Foundations of Black Solidarity, Cambridge, MA: Harvard University Press. doi:10.4159/9780674043527
  • –––, forthcoming, “A Tale of Two Tenths: Race, Class, and Solidarity”, in Sangiovanni and Viehoff forthcoming.
  • Shklar, Judith N., 1989, “The Liberalism of Fear”, in Rosenblum 1989: 21–38 (ch. 1). doi:10.4159/harvard.9780674864443.c2
  • Shrage, Laurie (ed.), 2009, “You’ve Changed”: Sex Reassignment and Personal Identity, (Studies in Feminist Philosophy), Oxford/New York: Oxford University Press.
  • Simpson, Leanne Betasamosake, 2017, As We Have Always Done: Indigenous Freedom through Radical Resistance, (Indigenous Americas), Minneapolis, MN: University of Minnesota Press.
  • Spelman, Elizabeth V., 1988, Inessential Woman: Problems of Exclusion in Feminist Thought, Boston, MA: Beacon Press.
  • Tajfel, Henri and John Turner, 2001, “An Integrative Theory of Intergroup Conflict”, in Intergroup Relations: Essential Readings, Michael A. Hogg and Dominic Abrams (eds.), (Key Readings in Social Psychology), New York: Psychology Press, 94–109.
  • Tajfel, Henri, M. G. Billig, R. P. Bundy, and Claude Flament, 1971, “Social Categorization and Intergroup Behaviour”, European Journal of Social Psychology, 1(2): 149–178. doi:10.1002/ejsp.2420010202
  • Taylor, A., 2015, ‘Solidarity: Obligations and Expressions’, Journal of Political Philosophy, 23: 128–45.
  • Taylor, Charles, 1989, “Cross-Purposes: The Liberal-Communitarian Debate”, in Rosenblum 1989: 159–182 (ch. 9). doi:10.4159/harvard.9780674864443.c13
  • Thome, Helmut, 1999, “Solidarity: Theoretical Perspectives for Empirical Research”, in Bayertz 1999b: 101–131. doi:10.1007/978-94-015-9245-1_6
  • Tischner, Józef, 1982 [1984], Etyka solidarności, Paris: Spotkania. 2nd Ed. Translated as The Spirit of Solidarity, Marek B. Zaleski and Benjamin Fiore (trans.), San Francisco: Harper & Row.
  • Tucker, R. C. (ed.), 1978, The Marx-Engels Reader, London: Norton.
  • Van Parijs, Philippe, forthcoming, “Solidarity and the Just Society”, in Sangiovanni and Viehoff forthcoming.
  • Viehoff, Juri, forthcoming, “Personal Sacrifice, Commitment, and the Value of Solidarity”, in Sangiovanni and Viehoff forthcoming.
  • Wiland, Eric, 2017, “Moral Testimony: Going on the Offensive”, in Oxford Studies in Metaethics 12, Russ Shafer-Landau (ed.), Oxford: Oxford University Press, 1:chapter 3.
  • Wildt, Andreas, 1999, “Solidarity: Its History and Contemporary Definition”, in Bayertz 1999b: 209–220. doi:10.1007/978-94-015-9245-1_11
  • Young, Iris Marion, 1994, “Gender as Seriality: Thinking about Women as a Social Collective”, Signs, 19(3): 713–738.
  • Zakaria, Rafia, 2021, Against White Feminism: Notes on Disruption, New York: W.W. Norton.
  • Zhao, Michael, 2019, “Solidarity, Fate-Sharing, and Community”, Philosopher’s Imprint, 19: article 46. [Zhao 2019 available online]


پەراوێز

١. ئەمە بەراورد بکەن بەو وتە باوەی کە بەردەوام لەناو بزووتنەوە فێمینیستییەکاندا دەگوترێتەوە، کە فێمینیزمی ڕاستڕەوی «شەپۆلی دووەم» بەوە تۆمەتبار دەکات کە زۆرتر لە کەسانی سپیپێست پێک دێت و زۆربەی کات لەڕادەبەدەر (ناوشیارانە) پاوانکار و سەر بە چینی ناوەندە. بۆ نموونە بڕوانە Zakaria 2021; Spelman 1988; Crenshaw 1991; hooks 1981 [2015].

٢. سپاسی باری ماگوایەر دەکەین بۆ گفتوگۆ و گەنگەشەکردن لەم بابەتەدا.

٣. لێرەدا هیچ هەڵوێستێکمان لەسەر میتافیزیکی ڕەگەز نییە. بیرۆکەی هاوبەستی لەناو ڕەشپێستاندا، وەک ڕەشپێست، لەگەڵ گومانکردن لەوەی کە شتێک بە ناوی «ڕەگەزی جیاواز» بوونی هەیە یان نا، دەگونجێت و ناکۆک نییە. بۆ نموونە بڕوانە Appiah 1985; Glasgow 2009. لای ئەوانەی گومان لەو چەشنە هاوبەستییە دەکەن، هاوبەستی لە نێوان ڕەشپێستاندا، وەک ڕەشپێست، دەتوانێت لەسەر بناغەی، وەک دەڵێن، ئەزموونی هاوبەش لە ژێردەستی و چەوسانەوە لە نەزمێکی بەڕەگەزیکراودا دامەزرابێت کە تێیدا بەشێکی تایبەت لە مرۆڤەکان وەک ڕەشپێست پۆلێن دەکرێن (تەنانەت ئەگەر ئەم پۆلێنکردنەیش بۆ هیچ تایبەتمەندییەکی ڕاستەقینە نەگەڕێتەوە).

٤. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەو ڕاڤە و لێکدانەوانە لە هاوبەستی کە جەخت لەسەر ناسینەوەی دوولایەنە دەکەن، بڕوانە Shelby 2005; Van Parijs forthcoming; Sangiovanni forthcoming; May 1996.

٥. هەروەها شۆلز پێناسەیەکی گشتیتر بۆ هاوبەستی دەخاتە ڕوو (کە لەم پێناسەیەدا هاوبەستیی سیاسی تەنیا نموونەیەکی هاوبەستییە). بڕوانە Scholz 2008: 19.

٦. هەروەها بڕوانە پەرتووکی لەمەڕ مرۆڤایەتی (De l’humanité)ی پیەر لیرۆ، کە هاوبەستی لەگەڵ خێرخوازیدا بەراورد دەکات. لە زاراوەی هاوبەستی بۆ کەم تا زۆر ئاماژەدان بەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە کەڵک وەردەگرێت کە لەسەر بنەمای مومارەسەی یارمەتی و گرێدایی دوولایەنە دامەزراون، کە بە بۆنەی بەرژەوەندیی تاکەکەسیی دوولایەنە و ژیرانەوە چێ دەبن و دێنە ئاراوە، نەک لەسەر بنەمای ئەڤینی بێکۆتایی بۆ مرۆڤایەتی (Leroux 1840 [1845: 157-76]).

٧. سەبارەت بە پاپا جۆن پاوڵی دووەم و بزاڤ و هاوبەستیی سەندیکاکانی کرێکارانی پۆڵەندا کە بە Solidarnosc ناسراوە، بڕوانە Garton Ash 1983 [2002]; Michnik 1985.

٨. بۆ نموونە بڕوانە گەنگەشەیەکی بەکەڵک لەسەر «هاوبەستیی پێکبەستراوەیی» لە Potter 2009دا.

٩. سپاسی مێگان کلارک دەکەین بۆ باس و گەنگەشەی ئەم بابەتە و ئەو خاڵانەی ئاماژەی پێ کردن.

١٠. هەروەها بڕوانە ئەو باس و گەنگەشانەی لە ئێستادا لەسەر سەریەککەوتن لە ئارادان، بۆ نموونە Carastathis 2014; Crenshaw 1991، کە ئەو فۆرمانەی دەسەڵات و بێبەریکردن دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە لە هەر هەوڵێک بۆ پێناسەی فۆرمێکی پارادایمیی ستەم و چەوسانەوە یان ئەزموون یان کرۆکێک کە بڕیارە هەموو ئافرەتان تێیدا هاوبەش بن بەکار دەچن.

١١. بۆ ڕەخنەی هاوشێوەی پەیوەندیدار بەم باسە لە هاوبەستی، بڕوانە: Arendt 1951 [1973: 465–66] and Kateb 1989: 188.

١٢. سەبارەت بە هاوبەستیی دەوڵەتی خۆشبژیوی و پەیوەندییەکەی بە دادپەروەرییەوە، هەروەها بڕوانە: Bayertz 1999a: 21–6.

١٣. Bourgeois 1902. هەروەها بڕوانە: Sangiovanni forthcoming.

١٤. بەراوردی بکە لەگەڵ چەمکی هاوبەستیی ڕەنگدانەوەیی جۆدی دین (Dean 1995: 123).