نیۆلیبراڵیزم

Author: Kevin Vallier
Translation: ئەروەند سالاری
2025/08/25
60

هەرچەندە هەموو توێژەران لەسەر واتای ئەو زاراوەیە کۆک نین، بەڵام بەگشتی وا دادەنرێت کە «نیۆلیبراڵیزم» ئاماژەیە بەو ڕوانگە فەلسەفییە کە پێی وایە دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەیەک دەبێ بەخەستی و بەتەواوی لیبراڵ و کاپیتالیستی بن، بەڵام هاوکات دیموکراسییەکی سنووردارکراو بە دەستوور و دەوڵەتێکی خۆشبژیویی میانەڕەو تەواوکەری ئەو سیستەمە بن. کار و توێژینەوەکانی ئەم دواییە لەسەر نیۆلیبراڵیزم، بەم ڕوانگە و تێگەیشتنە لێی، دەریان خستووە کە فەلسەفەیەکی سیاسیی یەکانگیر، تۆکمە و جیاوازە. ئەم وتارە بە تاوتوێ و شەنوکەوی ئەو چەمکە سیاسی، پرەنسیپ و سیاسەتانەی کە لە لایەن فریدریش هایەک، میلتۆن فریدمان و جەیمز بیوکانانەوە پارڤە کراون و خراونەتە ڕوو، کە هەموویان ڕۆڵێکی پێشەنگیان لە لێکۆڵینەوەی مێژوویی نوێ لەسەر نیۆلیبراڵیزمدا هەبووە و هەموویان هەم لە بواری فەلسەفەی سیاسی و هەم ئابووریی سیاسی بەرهەم و نووسراوەیان هەیە، نیۆلیبراڵیزم ڕوون دەکاتەوە. دەستنیشانکردنی تەوەرە هاوبەشەکانی ناو بەرهەمەکانیان وێنەیەکی ڕوونکەرەوە لە نیۆلیبراڵیزم وەک دۆکترینێکی سیاسیی پتەو و یەکانگیر دەدات بە دەستەوە.

لەم وتارەدا دوای خستنەبەر باسی هەندێک وەسف و لێکدانەوەی کۆڵکە و پڕکەموکوڕی لە نیۆلیبراڵیزم، بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە گەنگەشەی نێرینە نیۆلیبراڵییەکان بەرامبەر بە لیبراڵیزم، سەرمایەداری، دیموکراسی و دەوڵەتی خۆشبژیوی دەکەین، و دواجار بە باس و خواسێک لەمەڕ ڕەخنە باوەکان کۆتایی پێ دێنین.

 

  • ١. ڕوونکردنەوەی زاراوەیەکی چەتوون
  • ٢. وەسفە کۆڵکە و پڕکەموکوڕییەکان
  • ١.٢. نیۆلیبراڵیزم وەک ئیتۆس
  • ٢.٢. نیۆلیبراڵیزم وەک قوتابخانەیەکی هزریی ناو چوارچێوەی قازانجگەرایی
  • ٣.٢. نیۆلیبراڵیزم وەک لیبەرتاریانیزم
  • ٤.٢. نیۆلیبراڵیزم وەک بیردۆزی ئایدیال
  • ٣. لیبراڵیزم
  • ٤. سەرمایەداری
  • ٥. دیموکراسی
  • ٦. دەوڵەتی خۆشبژیوی
  • ٧. ڕەخنەکان لە نیۆلیبراڵیزم
  • ١.٧. ڕەخنەکانی پەیوەست بە ئیتۆسەوە
  • ٢.٧. نایەکسانی
  • ٣.٧. لاوازکردنی دیموکراسی
  • ٤.٧. نائەقڵانیبوونی ئابووری
  • ٥.٧. ڕەتدانەوە کەینزییەکان
  • ٦.٧. ئابووریی داچۆڕانەوە
  • ٧.٧. ڕەخنە لیبەرتاریەنییەکان
  • ٨.٧. ڕەخنە کۆلۆنیالیستییەکان
  • ٩.٧. ڕەخنە پۆپیولیستی/ناسیۆنالیستییەکان
  • ١٠.٧. ڕەخنە فێمینیستییەکان
  • ١١.٧. ڕەخنەکانی تر
  • ٨. پوختە
  • تێبینییەکان
  • ژێدەرەکان
  • ژێدەرەکانی تری سەر تۆڕی ئینتەرنێت


١. ڕوونکردنەوەی زاراوەیەکی چەتوون

ساڵانێکی زۆرە کە زاراوەی «نیۆلیبراڵیزم» بە شوێن ژێدەرێکدا دەگەڕێت. بڵێی نیۆلیبراڵیزم ئایدیۆلۆژیایەک بێت کە وای کردبێت بازاڕ وەک بتێک بپەرسترێت؟ یاخود پرۆگرامێکی سیاسی بە ئامانجی بنیاتنان و چەسپاندنی دەسەڵات و حوکمڕانیی چینی سەرمایەدارە؟ گەلۆ نیۆلیبراڵیزم دوژمنی دەوڵەتە؟ یاخود لە بەرژەوەندیی دەوڵەتدایە کە هەلومەرج بۆ بازاڕە پێشبڕکێییەکان بڕەخسێنێت؟ ڕاجیش ڤینۆگۆپاڵ (Venugopal 2015: 166) لەو باوەڕەدایە کە نیۆلیبراڵیزم «لە ئێستادا لە توێژینەوە و بەرهەمەکانی ئەم بوارەدا بە شێوەیەکی بەرفرە وەک زاراوەیەکی مشتومڕلەسەر، نایەکانگیر، شپرزە و قەیراناوی دەناسرێت، تەنانەت لای زۆرێک لە کاریگەرترین پەرەپێدەرەکانی»، وەک میشێل فۆکۆ (Foucault 2004 [2010]). هەڵسەنگاندنی ڤینۆگۆپاڵ ڕێک دە ساڵ لەمەوبەر بەجێ و شیاو بوو.

بەڵام کۆمەڵێک هەوڵ و لێکۆڵینەوەی ئەم دواییە لەسەر ئاستی کتێب سەبارەت بە نیۆلیبراڵیزم (Burgin 2012; Biebricher 2018; Slobodian 2018; Whyte 2019) لە پێکهێنانی چەمکێکی سیاسی تا ڕادەیەکی زۆر ساوا و سەرەتایی یارمەتیدەر بوون. هەروەک کوین سلۆبۆدیان دەڵێت، «لەم دەیەی ڕابردوودا، هەوڵگەلێکی مەزن و سەرسووڕهێنەر بۆ بەمێژووییکردنی نیۆلیبراڵیزم و ڕێنوێنییەکانی بۆ حوکمڕانیی جیهانی، و هەروەها بۆ گۆڕینی «جنێوی سیاسی» و «دروشمی دژە لیبراڵ» بۆ مژارێکی توێژینەوەی بەئەرشیڤکردنی تێروتەسەل و پڕوردەکاری دراوە.» (Slobodian 2018: 3) هەر بەم ئاراستەیە، تۆماس بیبریچەر (Biebricher 2018: 8-9) پێی وایە کە نیۆلیبراڵیزم چیتر بەرەوڕووی بەربەست و لەمپەری شیکاریی گەورەتر لە هەڵوێستە سیاسییەکانی تری وەک شۆپپارێزی و سۆسیالیزم نابێتەوە.

لەژێر تیشکی ڕووناکیی ئەم کار و توێژینەوە مێژووییانەی ئەم دواییە، ئێستا لە دۆخێکداین کە وەک بیردۆزێکی سیاسیی جیاواز لە نیۆلیبراڵیزم دەڕوانین. نیۆلیبراڵیزم پێی وایە کە دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەیەک دەبێ بەخەستی و بەتەواوی لیبراڵ و کاپیتالیستی بن، بەڵام هاوکات دیموکراسییەکی سنووردارکراو بە دەستوور و دەوڵەتێکی خۆشبژیویی میانەڕەو تەواوکەری ئەو سیستەمە بن. نیۆلیبراڵەکان پشتگیریی مافە لیبراڵییەکان و ئابووریی بازاڕی ئازاد بە مەبەستی پاراستنی ئازادی و بەرزکردنەوەی ئاستی برەوی ئابووری دەکەن. نیۆلیبراڵەکان بە شێوەیەکی گشتی دیموکراتن، بەڵام هەر بەو ڕادەیەی کە جەخت لە پێویستیی دیموکراسی دەکەنەوە جەخت لە سنوورەکانی دیموکراسییش دەکەنەوە. و لە کاتێکدا کە نیۆلیبراڵەکان بە شێوەیەکی گشتی پێیان وایە کە حکوومەت دەبێ بیمەی کۆمەڵایەتی و شتومەکە گشتییەکان دابین بکات، بەڵام لە هەمبەر دەوڵەتی ڕێکخەر، خەرجی فرەی حکوومەت و سیاسەتی دژەسووڕی بە سەرپەرشتیی حکوومەت بەگومانن. کەواتە نیۆلیبراڵیزم تەنیا دۆکترینێکی ئابووری نییە. بە گوێرەی بیبریچەر، نیۆلیبراڵیزم «بەڕوونی دەپەرژێتە سەر باسی پێشمەرجە نائابوورییەکانی بازاڕە کارا و چالاکەکان و کاریگەرییە کارلێکییەکانی نێوان بازاڕەکان و دەوروپشتیان.» (Biebricher 2018: 27) و «ئەم کێشەیە کە چلۆن فاکتەرە پێویستەکان بۆ ڕاگرتن و پاراستنی بازاڕە کارا و چالاکەکان دیاری بکەن» (Biebricher 2018: 26) کێشە و بابەتێکی هاوبەش بۆ هەموو نیۆلیبراڵەکانە. سلۆبۆدیان ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم نیۆلیبراڵەکان «پرۆژەی هزرییان دۆزینەوەی دەوڵەتی گونجاو و یاسای گونجاو بۆ خزمەتکردن بە نەزمی بازاڕە.» (Slobodian 2018: 87)

بەم شێوەیە نیۆلیبراڵەکان بەپێی بەستێنی جیاواز ڕێنماییگەلێکی بێوێنەی دامەزراوەیی پێشنیار دەکەن و دەخەنە ڕوو. کەوایە، خاڵی گرنگ ئەوەیە کە نیۆلیبراڵیزم وەک دۆکترینێکی فەلسەفی هەوڵێک بۆ پڕکردنەوە و داگرتنی دامەزراوەکان بە بیرۆکەی بکەرە مرۆییەکان وەک مرۆڤی ئابووری نییە (Brown 2019). بەڵکوو جێسیکا وایت گوتەنی (Whyte 2019: 8)، نیۆلیبراڵیزم ڕەهەندێکی نۆرماتیڤی هەیە کە لە ئابووری تێدەپەڕێت، چونکە نیۆلیبراڵەکان لەو باوەڕەدا بوون «کە بازاڕێکی پێشبڕکێیی کارا پێویستی بە بنچینە و بناغەیەکی ئەخلاقی و یاسایی شیاو و بەپێی پێویست هەیە»، بە شێوەیەک کە ئارگیومێنتەکانی تایبەت بە دامەزراوە نیۆلیبراڵییەکان دەکەوتنە خانەی پەنابردنەبەر بنەواشە نۆرماتیڤەکان (Whyte 2019: 14, 233).

دەتوانین بە تاوتوێی ئەو چەمکە سیاسی، پرەنسیپ و سیاسەتانەی کە لە لایەن سێ ئابووریزانی سیاسیی سەدەی بیستەمەوە، کە بریتین لە فریدریش هایەک، میلتۆن فریدمان و جەیمز بیوکانان، پارڤە کراون و خراونەتە ڕوو، نیۆلیبراڵیزم بە شێوەیەکی بەکەڵک ڕوون بکەینەوە. هەر سێکیان لە کاتێکدا بواری ئەکادیمییان ئابووریزانی بووە، لە بواری بیردۆزی سیاسیدا توێژینەوە و بەرهەمیان هەیە، بەتایبەتی هایەک و بیوکانان کە بە ڕادەیەکی زۆر و بەرفرە لەو بوارەدا کاریان کردووە. دەستنیشانکردنی تەوەرە هاوبەشەکانی کارەکانی ئەم سێ کەسە وێنەیەکی وردبینانە و ڕۆشنگەرانە لە نیۆلیبراڵیزم وەک دۆکترینێکی فەلسەفی دەدات بە دەستەوە.

ئەم کەسایەتییانە بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوە مێژووییەی کە پێشتر گوتمان لەسەر نیۆلیبراڵیزم کردوویانە هەڵبژێردراون. بیبریچەر (Biebricher 2018: 2) هەر سێ کەسایەتییەکە بە نیۆلیبراڵ دەزانێت، ئەگەرچی ئەو «ئۆردۆلیبراڵ»ەکانیش کە سەرنجیان لەسەر ئەورووپایە و لەسەر ئەورووپا چڕ بوونەتەوە، بەتایبەتی واڵتەر یووکەن، ویلهێڵم ڕۆپکە و ئەلێکساندەر ڕوستۆ، بە نیۆلیبراڵ دادەنێت. سلۆبۆدیانیش (Slobodian 2018: 268) فریدمان، هایەک و بیوکانان بە نیۆلیبراڵ لە قەڵەم دەدات، هەرچەندە ئەویش کەسایەتییەکی تا ڕادەیەکی زۆر لیبەرتاریەنی وەک لودویگ ڤۆن میسێس[١]، و بەشێکی زۆر لە ئۆردۆلیبراڵەکانیش بە نیۆلیبراڵ دەزانێت. سلۆبۆدیان هەروەها تەرکیزی شیکارییەکەی خستووەتە سەر ئەوەی کە بە «نیۆلیبراڵیزمی قوتابخانەی جنێڤ» ناودێری دەکات، کە ئاخێزگەی بەشێکی بەرچاوی هزر و ئەندێشەی نیۆلیبراڵی سەبارەت بە دامەزراوە جیهانییەکان بووە.[٢] وایت (Whyte 2019: 31) زۆرتر سەرنجی خۆی خستووەتە سەر هایەک و فریدمان تاکوو بیوکانان، بەڵام ئەو دەیانخاتە بەرەیەکی گەورەتری کەسایەتییەکان. کەواتە، گەرچی هایەک، فریدمان و بیوکانان تەنیا نیۆلیبراڵ نین، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شیکاریی مێژوویی نوێدا هەیە. و بە وردبوونەوە لە بیروباوەڕیان، نەک هەر لە بارگرانیی شیکاری کەم دەبێتەوە، بەڵکوو دەرفەت بۆ سەرنجدان و تەرکیزکردن لەسەر بیرۆکە نیۆلیبراڵییەکان بەو شێوەیەی کە لە لایەن بیریار و بیرتیژترین لایەنگرانیان داڕێژراون و پەرداخ کراون دەڕەخسێت. جگە لەمە، نیۆلیبراڵەکانی تر زۆر کەمتر سەبارەت بە دەروەستییە فەلسەفییەکانیان دواون و قسەیان کردووە، کەواتە مەتریاڵ و بابەتی کەممان لەبەردەستدایە کە کاری لەسەر بکەین. لەوانەیە بێدەنگیی کەم تا زۆری نیۆلیبراڵەکانی تر هەڵبژاردنی هایەک، فریدمان و بیوکانان بۆ نوێنەراتیکردنی ئەو نیۆلیبراڵانەی بۆمان ئەستەمتر کردبێت، بەڵام ئەو هەڤبەندییە سیاسی و سیاسەتەی کە لە نێوانیاندا هاوبەشە دەرخەری سەریەککەوتن و خاڵی هاوبەشی بەرچاوە.[٣]

ڕێباز و هەڵوێستی ئەم وتارە بۆ پێناسەکردنی نیۆلیبراڵیزم زۆر لەوەی بیبریچەر، سلۆبۆدیان، وایت و براون (Brown 2019) جیاوازە، بە هەمان شێوە کە فەیلەسووفان و تیۆریستە سیاسییەکان لە مێژوونووسان جیاوازن، و لە ڕاستیدا هەروەک چۆن فەیلەسووفان جیاوازییان لەگەڵ تیۆریستە سیاسییەکان هەیە. دەکرێت وەک دۆکترینێکی تا ڕادەیەک نەگۆڕ و چەقبەستوو لە نیۆلیبراڵیزم بڕوانین تاکوو بنەمایەک بۆ هەڵسەنگاندن چێ بکەین، و ئەمەش دواتر دەتوانێت بۆ ڕوونکردنەوەی جیاوازی و فرەچەشنیی ڕوانگەکان یارمەتیدەر و بەکەڵک بێت. بەڵام دەشێ سروشتیتر بێت کە وەک سیستەمێکی بزێو و داینامیکی ئایدیاکان لەگەڵ نیۆلیبراڵیزمدا هەڵسوکەوت بکەین، هەروەک چۆن مێژوونووسان و تەنانەت بەشێک لە تیۆریستە سیاسییەکان بەم چەشنە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. سەرەڕای ئەمەش، چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی هایەک، فریدمان و بیوکانان دۆکترینێکی تا ڕادەیەکی زۆر نەگۆڕ و ستاتیکی لێ پێشان دەدات کە دەکرێت وەک چەشنێک فەلسەفەی سیاسی بخەمڵێندرێت.

بەکارهێنانی زاراوەی «نیۆلیبراڵیزم» لەم وتارەدا ڕێک لەگەڵ هەموو بەکارهێنانەکانی تری ئەم زاراوایە یەک ناگرێتەوە و هەموویان لە خۆ ناگرێت. لەم ڕووەوە، ئامانجی ئەم وتارە زۆرتر لەوەی کە ڕوونکردنەوەی مانای ڕاستەقینەی «نیۆلیبراڵیزم» لە هەموو بەکارهێنانەکانیدا بێت، خستنەڕووی واتایەک لەسەر بنەمای سێ پێوەرە. یەکەم، زاراوەی «نیۆلیبراڵیزم» دەبێ بۆ ئاماژەدان بە کۆمەڵێکی تا ڕادەیەک یەکانگیر لە هەڵوێست و ڕوانگەکان بەکار بهێندرێت. دووەم، دەبێ ڕوانگە و بۆچوونەکانی ئەو کەسایەتییانەی کە زۆرترین گرێدراوییان لەگەڵ ئەم ڕێبازەدا هەیە لە خۆ بگرێت. لە کۆتاییدا، دەبێ لەجیاتی ئەوەی کە سەرنج بخرێتە سەر ئەو شێوازە باو، دابەزێنەر و ناشیرینانەی بەکارهێنانی «نیۆلیبراڵیزم»، لەسەر ئەوە چڕ ببینەوە کە بەکارهێنانە هەرە جددی، بێلایەن و ڕاستبینەکانی ئەو زاراوەیە، وەکوو ئەوەی لای مێژوونووسە ئەکادیمییەکان، ڕەچاو بکەین و لە واتاکەدا بیانگونجێنین. لێکدانەوەی ئەم وتارە لە واتای ئەم زاراوەیە، هەر سێ پێوەرەکە دەپێکێت. ئەم وتارە دۆکترینێکی یەکانگیر دەستنیشان دەکات کە لە تێگەیشتنێک سەری هەڵداوە کە لەژێر تیشکی ڕووناکیی ڕوانگەی لایەنگرانی نیۆلیبراڵیزم هاتووەتە ئاراوە، و شێوازی بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە لەم وتارەدا زۆرتر لەگەڵ چەشنی وردبینانەتری بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە لە لایەن مێژوونووسە ئەکادیمییەکانی ئەم دواییەدا کۆکە. بە دیاریکردنی دەروەستییە هاوبەشەکان لە هزر و ئەندێشەی هایەک، فریدمان و بیوکاناندا، هەر سێ ئامانجەکە دەشۆپێنین و دەپێکین.


٢. وەسفە کۆڵکە و پڕکەموکوڕییەکان

گەر گەرەکمان بێت بە گوێرەی بیرۆکەی کەسانێک کە فرەتر گریدراوی نیۆلیبراڵیزمن، و هەروەها بە گوێرەی ئەو شێوازە بەکارهێنانانەی کە مێژوونووسەکان خستوویانەتە ڕوو، لە نیۆلیبراڵیزم تێبگەین، دەبێ وەک دۆکترینێک سەبارەت بە چۆنێتیی ڕێکخستنی سیاسەت و ئابووری لێی بڕوانین. نیۆلیبراڵیزم بیردۆزێکی دادپەروەری یان ڕەوایی نییە. بەڵکوو، نیۆلیبراڵەکان بۆ پاساودانی دامەزراوە دڵخواز و هەڤیازەکانیان پەنا دەبەنە بەر کۆمەڵێک تێبینیی ئەخلاقی. دەبێ لە چەشنێک پێناسەکردنی نیۆلیبراڵیزم کە بکەوێتە خانەی هەرکام لەم چوار تاقمەی خوارەوە خۆ ببوێرین. کەواتە نابێ نیۆلیبراڵیزم وەک (بەشی ١.٢) ئیتۆس یان چەمکێکی ژیانی باش، (بەشی ٢.٢) قوتابخانەیەکی هزریی ناو چوارچێوەی قازانجگەرایی، (بەشی ٣.٢) وەشانێکی لیبەرتاریانیزم، یان (بەشی ٤.٢) بیردۆزێکی ئایدیال پێناسە بکردرێت.


١.٢. نیۆلیبراڵیزم وەک ئیتۆس

زۆر کەس وا بیر دەکەنەوە کە کۆمەڵگە نیۆلیبراڵییەکان قازانج دەخەنە پێش بەها ناوەندی و بنگەهییەکانی تر. بۆ نموونە، دەیڤید هارڤی دەڵێت کە «نیۆلیبراڵیزم بە ڕادەیەک بایەخ و بەها بە ئاڵووێری بازاڕ دەدات وەک بڵێی "خۆی لە خۆیدا ئەخلاقێکە کە ئەو تواناییەی هەیە کە ڕێنوێن و ئاراستەکەری هەموو کردارەکانی مرۆڤ بێت، و جێگای هەموو بیروباوەڕە ئەخلاقییەکانی پێشوو بگرێتەوە".» (Harvey 2005: 3) جۆرج مۆنبیۆت پێداگرە لەسەر ئەوەی کە نیۆلیبراڵیزم «بە چەشنێک لە پێشبڕکێ [ی ئابووری] دەڕوانێت وەک بڵێی تایبەتمەندیی پێناسەکەر و دیاریکەری پەیوەندییە مرۆییەکانە. نیۆلیبراڵیزم هاووڵاتییان وەک بەرخۆر پێناسە دەکاتەوە.» (Monbiot 2016)

براونیش (Brown 2019) هاوڕایە. هەندێک دەڵێن نیۆلیبراڵیزم ئایدیۆلۆژیایەکە کە تێیدا بڕیارە هەمووکەس تەرکیزی لەسەر برەوی ئابووری یان گەشەی ئابووری بێت. هەندێکی تریش دەڵێن کە نیۆلیبراڵیزم ئیتۆسێکی ئەو کۆمپانیایانەیە کە گوێ بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکان نادات، بەڵکوو لەبری ئەوە پێشنیار دەکات کە کۆمپانیاکان تەنیا سەرنجیان لەسەر قازانجی کۆتایی خۆیان بێت (Steger & Roy 2010: 13).

بەڵام نیۆلیبراڵەکان، بەپێچەوانەی ئەم بابەتانە، ڕوانگەیەک سەبارەت بە گەڵاڵەکردن و داڕشتنی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دەخەنە ڕوو و پەرە پێدەدەن، نەک ئیتۆسێکی دیاریکراوی ژیانی کۆمەڵایەتی. لە ڕاستیدا، زۆر لەسەر ئەوەی کە چلۆن ژیانێکی باش بژیێین نادوێن. بەڵکوو نیۆلیبراڵەکان باس لەوە دەکەن کە داکۆکییان لە سەرمایەداری مەرج نییە شوێن قازانج کەوتن وەک شێوازێکی ژیان بکاتە ئەرکی سەر شانی خەڵک و هەروەها بازاڕەکانیش خەڵکانێک بە وەها ئیتۆسێک بەرهەم ناهێنن. ڕاستە کە لە بیر و هزریاندا کۆمەڵێک نێرین و بەهای دیاریکراو هەیە، بۆ نموونە ئەمەی کە سەرنجێکی لەڕادەبەدەر لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی ئەنجامەکان، دژایەتی لەگەڵ هەموو شوێن قازانج کەوتنێک دەتوانێت بناغەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد لاواز و بنکۆڵ بکات. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئیتۆسێکی بەرخۆرپەروەرانە دەگرنە بەر.

بۆ ئەوەی بابەتەکە ڕوونتر بێتەوە فریدمان لەبەرچاو بگرن. فریدمان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەشێک لە بنەمای داکۆکی لە ئازادی ئەوەیە کە نازانین کە خەڵک دەبێ چ بەهایەک بەرز بنرخێنن، چونکە کەس بەڕاستی نازانێت ژیانی باش چ لە خۆ دەگرێت و بریتی لە چییە؛ کۆمەڵگەیەکی ئازاد باشە چونکە ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدات کە فۆرمە جیاوازەکانی ژیان تاقی بکەنەوە تاکوو خۆیان وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە (Friedman 1987 [2017: 185]). و لە کاتێکدا کە فریدمان (Friedman 1962a [2002: 133]) بەئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەرکی یەکەمی سەر شانی کەڵەکۆمپانیاکان بەوپەڕی خۆی گەیاندنی قازانج بۆ خاوەن پشکەکانیانە و ئەوەی کە سیاسەتی گشتی دەبێ لەوە دڵنیامان بکاتەوە کە بەوپەڕی خۆی گەیاندنی قازانج لە بەرژەوەندیی هەمووان کار دەکات، تەنانەت ئەویش داکۆکی لە لێکدانەوەیەکی تایبەت سەبارەت بەوەی کە مرۆڤەکان دەبێ چ شتێک وەک بەها بەرز بنرخێنن ناکات.

هایەک و بیوکانان تەنانەت ڕاشکاوانەتر ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە ژیانی باش بریتی لە ئامانجگەلی ئابووری وەک بەوپەڕی خۆی گەیاندنی سامان بێت. بیوکانان (Buchanan 1991: 343) جەخت لەسەر بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی تاکەکەسی، هۆگری و پابەندبوون بە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی قەدەغەکردنی قەرز (Buchanan 1987: 456, 461)، و شۆپاندن و پەیڕەوکردنی «ڕێسا یان نۆرمە ئەخلاقی-ڕەوشتییەکان بۆ هەڵسوکەوت» دەکات (Buchanan 1999: 451). هایەک وا بیر دەکاتەوە کە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا پێویستە مرۆڤەکان کۆمەڵێک ڕێسا و نۆرم پەیڕەو بکەن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە شوێن قازانج کەوتنەوە نەبێت، چونکە زۆربەی ئەو ڕێسایانە لە ئاستێکی خوارەوەتر لە بیرکردنەوەی وشیارانەی ئێمەدان (Hayek 1973). ئەوەی جێی سەرسووڕمانە ئەوەیە کە هەم هایەک (Hayek 1988: 135-142) و هەم جێفری برینان و بیوکانان (Brennan and Buchanan 1985: 150) تەنانەت وا بیر دەکەنەوە کە بۆ کۆمەڵگە ئازادەکان پێویست بە خەڵکانێکە کە ئامادە بن لەسەر بنەمای پاڵنەرە لە بنەڕەتدا ئایینییەکان بجووڵێنەوە و مامەڵە بکەن.

دەبێ دان بەوەدا بنرێت کە فریدمان و بیوکانان لە مرۆڤی ئابووری بۆ تێگەیشتن لە زۆربەی هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ کەڵک وەردەگرن. بەڵام تێگەیشتنی بیوکانان (Brennan and Buchanan 1981: 81) لە مرۆڤی ئابووری بەرین و بەربڵاوە؛ دەتوانرێت بە «بەوپەڕی خۆی گەیاندنی کەم تا زۆر هەموو شتێک لێی بڕواندرێت»، و لەم ڕووەوە هیچ دەروەستییەکی زاتی بە بۆ نموونە بەوپەڕی خۆی گەیاندنی سامان نییە.


٢.٢. نیۆلیبراڵیزم وەک قوتابخانەیەکی هزریی ناو چوارچێوەی قازانجگەرایی

هەندێک لە تیۆریستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە «لیبراڵیزمی کلاسیک»، ئەو زاراوەیەی کە زۆربەی کات بۆ ئاماژەدان بەم سێ نیۆلیبراڵە بەکار دەهێنرێت کە لەسەریان دەدوێین، لە بنەڕەتدا لە تێگەیشتنی خۆی لە بنەمای نەزمی کۆمەڵایەتی قازانجگەرایانەیە (Freeman 2011: 25).[٤] بەڵام بیوکانان (Buchanan 1975) گرێبەستگەرایەکی ڕاشکاوە و قازانجگەرایی ڕەت دەکاتەوە، ئەویش لەبەر ئەو هۆکارەی کە قازانجگەرایی پێویستی بە کەڵەکەکردن و سەریەکخستنی بەها کەسییەکان بەو شێوازانەیە کە بیوکانان پێی وایە مەیسەر یان گونجاو نین. لە کاتێکدا گەلێک کەس فریدمان (Friedman 1974a [2017: 72]) وەک قازانجگەرایەک دەناسێنن، خۆی دەڵێت کە «من خۆم هیچکات قازانجگەراییم قبووڵ نەبووە». داکۆکیی فریدمان لە بازاڕی ئازاد وەک بەوپەڕی خۆی گەیاندنی قازانج هیچکات بەو واتایە نەبووە کە خەڵک بێبەری لەو مافە سەرەتاییانە بکات کە ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا پێش بە بەوپەڕی خۆی گەیاندنی قازانج بگرن یان قەدەغەی بکەن. فریدمان سەرنجی خستبووە سەر تێبینییە قازانج-تەوەرەکان، هۆکارەکەش ئەوە بوو کە وای بیر دەکردەوە کە ئەو تێبینییانە دڵڕفێنی و سەرنجڕاکێشیی جیهانییان هەیە. هایەک (Hayek 1988: 69) نەتەنێ قازانجگەرایی ڕەت دەکاتەوە، بەڵکوو تاقمێکی بەربڵاوتری بیردۆزە ئەنجامگەرایانەکانی نەزمی کۆمەڵایەتییش ڕەت دەکاتەوە: ئەو هەر کاتێک کە ئەخلاق لە بەرهەمهێنانی هەندێک ئامانجی دیاریکراوی وەک بەختەوەریدا داڕێژرابێت و بونیات نرابێت، هەر چەشنە داواکارییەک بۆ پاساودان ڕەت دەکاتەوە. باشتر وایە هایەک (Hayek 1978: 132) وەک گرێبەستگەرایەک بێتە ناسین.


٣.٢. نیۆلیبراڵیزم وەک لیبەرتاریانیزم

نیۆلیبراڵەکان بە باوەشێکی کراوەتر لە لیبەرتاریەنەکان بەرەو پیری دەوڵەت-نەتەوەوە دەچن و قبووڵی دەکەن. خاڵی دووەم ئەوەیە کە لیبەرتاریەنەکان زۆربەی کات لە سۆنگەی بیردۆزێکی ئەخلاقی و بیردۆزێکی دادپەروەرییەوە بەڵگاندن بۆ پێکهاتە دامەزراوەییەکان دەکەن و داکۆکیی لێ دەکەن، ڕێبازێک کە ڕۆبێرت نۆزیک (Nozick 1974) گرتوویەتیە بەر. لە بەرامبەردا، نیۆلیبراڵەکان بە دەگمەن پەنا دەبەنە بەر بیردۆزە بە تێروتەسەلی شیکراوەکانی دادپەروەری، لەوانە بیردۆزگەلی مافە سروشتییەکان، تەنانەت ئەگەر بۆ هەندێک خاڵ و ئامانجی جیاجیایش کەڵک لە زمانی دادپەروەری وەرگرن. گەر لە بابەتی بیردۆزەکانی مافگەلی سروشتیی دادپەروەری ورد ببینەوە، دەبێ بڵێین بیوکانان باوەڕی پێیان نییە. بیوکانان ڕیسالەکەی لەمەڕ فەلسەفەی سیاسی، بە ناونیشانی سنووری ئازادی، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوە دەست پێدەکات کە هیچ ئەخلاقێک بەدەر لەوەی لەگەڵی کۆک و هاوڕاین بوونی نییە (Buchanan 1975: 1). هایەک بە دەگمەن لەسەر مافە سروشتییەکان دەدوێت، و فریدمان زۆرتر بە شێوەیەکی ڕیتۆریکی و ڕەوانبێژانە باس لەو مافانە دەکات. ئەمە بەو واتایە نییە کە نیۆلیبراڵەکان لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەتدا سنوورە ئەرکباری و دیۆنتیکییەکان ڕەت دەکەنەوە. ڕەهەندی گرێبەستگەرایانەی هایەک و بیوکانان گرتنەبەری ڕێگای ئازادی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی بە شێوەگەلێک کە بە دڵ و قەناعەتی هەمووان نەبێت و هەمووان نەتوانن لەگەڵی کۆک بن بەجێ نازانێت و خەڵکی لێ بەدوور دەگرێت. نیۆلیبراڵەکان لەبری ئەوە، سەرنجیان دەخەنە سەر ئارگیومێنتە دەرەنجام-تەوەرەکان بۆ لیبراڵیزم بەبێ ئەوەی کە ئەنجامگەرایی قبووڵ بکەن و بیگرنەبەر. ئەوان تەنیا لیبراڵیزم تا ڕادەیەک بە گوێرەی ئەو بانگەشەیە کە دەرەنجامگەلی باشی هەیە پاساو دەدەن.

دروستتر دەنوێنێت و ڕێی زۆرتر تێدەچێت کە بگوترێت کە نیۆلیبراڵیزم بووژاندنەوەیەکی سەدەی بیستەمی ئایدیا لیبراڵییە کلاسیکەکان لە وەڵامی هەندێک ئاڵنگاریی دیاریکراوی تایبەت بە سەدەی بیستەمە. نیۆلیبراڵیزم لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو وەک وەڵامێک بە سێ ئایدیۆلۆژیای سەدەی بیستەم کە داکۆکییان لە دەوڵەتگەلی بەربڵاو دەکرد سەری هەڵدا: کۆمۆنیزم (وەک دیارترین فۆرمی سۆسیالیزم)، فاشیزم و سۆسیال دیموکراسی. نیۆلیبراڵەکان بە شوێن قەتیسکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سنووری کۆمەڵێک ئەرک و کارکرددا بوون کە زۆر سنووردارتر بوو لەوەی دەوڵەتە بەربڵاوەکانی لەم سێ چەشنە لە ئەستۆی خۆیان گرتبوو. کار و توێژینەوەی هایەک لەسەر سیستەمە زانیارییەکان وەڵامێک بە پلاندانانی کۆجێیی کۆمۆنیستی بوو. مۆنیتاریزمی فریدمان وەڵامێک بوو بە سیاسەتی کەڵەئابووریی کەینزی. و گەڵاڵەی توێژینەوەی هەڵبژاردنی گەلەمپەریی بیوکانان وەڵامێک بە ئابووریی هاوسەنگیی گشتی و ئابووریی نسکۆی بازاڕ بوو.


٤.٢. نیۆلیبراڵیزم وەک بیردۆزی ئایدیال

فەیلەسووفان لە ڕێگەی جیاواز و بە شێوازی جۆراوجۆر تێگەیشتنیان لە بیردۆزی ئایدیال لا ساز بووە، بەڵام دەتوانین تێگەیشتنی جۆن ڕاوڵز (Rawls 1971 [1999: 7-8, 215-6, 308-9]) بۆ بیردۆزی ئایدیال ڕەچاو بکەین و بشۆپێنین کە بریتییە لە وەسفکردن و ڕوونکردنەوەی باشترین نەزمی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەژێر تیشکی ڕووناکیی هەندێک لێکدانەوەی بەرزەبیرانەی دیاریکراو لە تواناییەکان، هەڵسوکەوت و هەلومەرجی سروشتیی مرۆڤ، بەتایبەت تەیاری بۆ ڕازیبوون و ملدان بەو دامەزراوانەی کە لەخۆگری چەمکی دروستی دادپەروەرین و بەرجەستەی دەکەن. بیردۆزە ئایدیالەکانی دادپەروەری کۆمەڵێک لێکدانەوە و شیکردنەوە لە «یوتۆپیای ڕیالیستی و واقیعبینانە» دەخەنە ڕوو کە هاووڵاتییان دەبێ هەوڵی بۆ بدەن، کۆمەڵگایەک کە هەموو کەس تێیدا بە ڕەچاوکردن و گوێڕایەڵبوون بە ڕێسا دامەزراوەییە دادپەروەرانەکان، بە گوێرەی مەرج و داخوازییەکانی دادپەروەری دەجووڵێتەوە (Rawls 2001: 4, 13).

نیۆلیبراڵەکان هەر دوو توخمەکەی تیۆریزەکردنی سیاسی ڕەت دەکەنەوە. یەکەم، حەز دەکەن توخنی تیۆریزەکردن سەبارەت بە ئایدیالێک نەکەون و ڕەتی بکەنەوە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە نیۆلیبراڵەکان زۆرجار لە تواناییمان بۆ کۆکردنەوە و بەدەستهێنانی زانینی ئەخلاقی بەگومانن؛ بەربەستێکی مەعریفی بۆ زانینی ئەوەی بەڕاستی دروست یان باشە هەیە. دیسانەوە، فریدمان بە بەردەوامی دەڵێت کە بنەما و هۆکاری هەبوونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد ئەوەیە کە نازانین «گوناح چییە»، و هایەک دەڵێت کە بە ڕەچاوکردنی سنوور و بەربەستەکانی زانینمان، «لانیکەم دەبێ لەوە بەگومان بین کە ئاخۆ لەم قۆناغەدا گەڵاڵەیەکی پڕوردەکاری لە نەزمێکی ناوخۆیی خوازراوی کۆمەڵگە بەو ڕادەیە بەکەڵک و سوودبەخش دەبێت –یاخود ئاخۆ تەنانەت کەس شیانی داڕشتنی وەها گەڵاڵەیەکی هەیە» (Hayek 1944 [2007: 237]). هایەک پێی وا نییە کە فەیلەسووفە سیاسییەکان کۆمەڵگە دادەهێنن؛ خۆی نیۆلیبراڵەکان وا بیر ناکەنەوە کە لە پێگە و دۆخێکدان کە ڕوونی بکەنەوە کە کۆمەڵگەیەکی ئایدیال چلۆن کار دەکات.

پاشان، خاڵی گرنگ ئەوەیە کە بیوکانان (Buchanan 1975: 91-106) ئەنارکیستێکی فەلسەفییە: «کۆمەڵگەی ئایدیال ئەنارکییە، کە تێیدا هیچ تاک یان گرووپێک لە مرۆڤەکان بەزۆر ئەوی تر بە ئاراستەیەکدا نابات و ناچار ناکات». و فریدمان (Friedman 1974a [2017: 87]) لەو باوەڕەدایە کە «خوازراو و جێی پەسندە کە وێنایەکمان لە ئایدیال هەبێت» و پێدەچێت کە لیبەرتاریانیزم وەک ئەو ئایدیالە قبووڵ بکات. جگە لەوەش، دەشێ پێی وا بێت کە زۆرێک لە سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتە خۆشبژیوییەی ئەو گەرەکیەتی، نەبن بە بەشێک لە نەزمێکی کۆمەڵایەتیی ئایدیال. سەرەڕای ئەمەش، هەم فریدمان و هەم بیوکانان لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئایدیال دەتوانێت ئاکامی پێچەوانەی هەبێت، بۆیە ئابووریی سیاسی دەبێ تەرکیز بخاتە سەر چاکسازییە پەراوێزییەکان لە دامەزراوەکاندا. بەم شێوەیە، نیۆلیبراڵەکان هەندێک کات خاوەن ئایدیالی سیاسین، بەڵام لە دۆکترینی سیاسی-ئابوورییاندا، واتە لەو شتەدا کە بەڕاستی داکۆکی و پشتیوانیی لێ دەکەن، ئەم ئایدیالانە خاڵی ناوەندی و سەرەکی نین.

دووەم، هایەک (Hayek 1944 [2007: 157-170])، فریدمان (Friedman 1962b [2017: 23]) و بیوکانان (Buchanan and Tullock 1962) هەموویان نکۆڵی لەوە دەکەن کە دەبێ وای دانێین کە خەڵک دەخوازن شوێنکەوتوو و گوێڕایەڵی ئەو شتە بن کە دادپەروەری و یاسا بە پێویستی دەزانن و لەسەریان فەڕز دەکەن. خەڵک بە هەڵەدا دەچن، بەتایبەت کاتێک دەسەڵاتیان زۆرە. هەروەک فریدمان (Friedman 1962b [2017: 23]) دەڵێت، «لیبراڵەکان مرۆڤ بە بوونەوەرێکی ناتەواو و خاوەن کەموکوڕی دادەنێن» و لایان وایە کە ڕێکخستنی کۆمەڵگا بە هەمان ڕادە کە بۆ «ڕێگریکردن لە خەسارگەیاندنی خەڵکانی "خراپ"» دەگەڕێتەوە، هەر بەو ڕادەیەش گرێدراوە بە یارمەتیدان و ڕێخۆشکردن بۆ ئەوانی تر کە چاکە بکەن. پرۆژەی بیوکانان تیۆریزەکردنی سیاسەت «بەبێ ڕۆمانسیەت» و ڕەتکردنەوەی ئەگەری ڕێککەوتنێکی گرێبەستی لەسەر پرەنسیپەکانی دادپەروەرییە. هیچ نەبێت، لە مۆدێلەکانیان بۆ نەزمی کۆمەڵایەتیدا گوێڕایەڵی بگۆڕێکە کە لە ناوخۆوە سەر هەڵدەدات، لە کاتێکدا کۆمەڵەی جیاوازی ڕێساکانی کۆمەڵایەتی ئاستی جیاواز لە گوێڕایەڵی بەرهەم دەهێنن و تا ڕادەیەک لەسەر ئەو بنەمایە هەڵدەبژێردرێن. بەکورتی، گوێڕایەڵی هیچکات هەر وا بە مسۆگەر دانەندراوە. بیردۆزی نائایدیالی وان هەروەها پەیوەستە بە دژبەری و بەرهەڵستکارییان لەگەڵ سۆسیالیزم بە هەموو جۆرەکانیەوە: سۆسیالیزم بیردۆزێکی ئایدیالی نابەرپرسیارانەیە کە تەواوی ئەو ئەگەرانەی بە هاشوهووشەوە بانگەشەیان دەکات لەسەر ئەو گریمانە ناڕەوا و ڕێتێنەچوویە ڕۆ نراون کە سروشت و کرۆکی مرۆڤ دەکرێت بە جۆرێک بگۆڕدرێت و چاکسازی بکردرێت کە مرۆڤەکان ئەقڵانیتر، لەخۆبردووتر و گیانفیداتر بن. کۆمەڵگا بە گوێرەی پێشبینیی سۆسیالیستەکان کار ناکات و ناچێت بەڕێوە.


٣. لیبراڵیزم

هایەک، فریدمان و بیوکانان بەر لە هەموو شتێک خۆیان وەک بەرگریکاری ئازادیی تاکەکەسی و ئازادیی گرووپە بچووکەکانی وەکوو خێزان دەبینن. ئازادی زۆربەی کات بە نەرێنی لێک دەدرێتەوە، هەروەک هایەک دەڵێت کە ئازادی کاتێکە کە «ناچارکردنی هەندێک کەس لە لایەن ئەوانی ترەوە تا ئەو ڕادەیەی دەکرێت لە کۆمەڵگەدا کەم بکرێتەوە» (Hayek 1960 [2011: 11]). ناچارکردن «کاتێک ڕوو دەدات کە کردەوەکانی مرۆڤێک بۆ خزمەتکردن بە ویستی مرۆڤێکی تر ئەنجام بگیردرێت، لەبەر ئامانج و مەبەستی کەسێکی تر، نەک هی خۆی» (Hayek 1960 [2011: 133]). ئێمە بە پێناسەکردنی پانتاییەکی کەسی و تایبەتی چالاکیی تاکەکەسی و سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت هەوساری دەسەڵاتی ناچارەکی بە دەستەوە دەگرین (Caldwell 2004: 289). فریدمانیش بە هەمان شێوە بیر دەکاتەوە. لیبراڵیزمی فریدمان وەک باوەشکردنەوە بۆ «حکوومەتێک لێی دەڕواندرێت کە بە پلەی یەکەم بە پاراستنی پێکهاتەیەکی یاسایی، سنووردار کراوە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات کە بە دڵخوازی و بە ویستی خۆیان هاوکاری و بەشداری لە بازاڕدا بکەن، و دەسەڵاتەکەی پەڕژ و بڵاوە» (Butler 1985: 22). لای فریدمان، لیبراڵەکان «ئازادیی تاک، یان ڕەنگە خێزان، وەک ئامانجی کۆتاییمان لە بڕیاردان لەسەر ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرن» (Friedman 1962b [2017: 22]). و ڕاشکاوانەتر دەڵێت: «من ئازادی بە نەبوونی ناچارکردنی کەسێک لە لایەن کەسێکی ترەوە پێناسە دەکەم» (Friedman 1987 [2017: 185]).

نیۆلیبراڵەکان باوەشیان هەمووکات تەنیا بە ڕووی لێکدانەوە نەرێنییەکان لە ئازادی کراوە نییە. لێکدانەوە و تێگەیشتنی هایەک (Hayek 1960 [2011:11]) لە ئازادی دەتوانرێت بە لێکدانەوە و تێگەیشتنێکی کۆماریخوازانە دابندرێت، کە بەپێی ئەم ڕوانگەیە مرۆڤ کاتێک ئازادە کە سەربەست لە دەستتێوەردانی سەرەڕۆیانە بێت، لەو ڕووەوە کە هایەک بەردەوام نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە تێوەگلانی حکوومەت لە کۆنترۆڵکردنی سەرەڕۆیانە کە ڕێگر بێت لەوەی کە خەڵک پلانە درێژخایەنەکانیان پەرە پێبدەن. ئەمە تا ڕادەیەک پێداگریی ئەو لەسەر ئەو بابەتە کە کۆمەڵگەیەک تەنیا کاتێک دەتوانێت ئازاد بێت کە بە سەروەریی یاسا بەڕێوە بچێت ڕوون دەکاتەوە، چونکە ئەگەرچی یاسا بەگشتی بە شێوەیەکی ناچارەکی و زۆرەکی دەستتێوەردان دەکات، بەڵام دەستتێوەردانەکانی بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و هەڕەمەکی نین و پێشبینی دەکردرێن (Hayek 1960 [2011: 21, 153]). لە کاتێکدا بیوکانان لەگەڵ ڕوانگەی کۆماریخوازانەی هایەکدا هاوبیر و هاوڕا نییە، ئەویش لەو باوەڕەدایە کە ڕێسا گشتییەکان ئازادی مەیسەر دەکەن. وەک خاڵێکی گرنگ پێویستە بگوترێت کە هیچکام لەم سێ بیرمەندە، بە پێچەوانەی لیبەرتاریەنەکانی وەک نۆزیک (Nozick 1974)، باوەش بۆ تێگەیشتنێکی بەئەخلاقیکراو لە ئازادی ناکەنەوە کە تێیدا ئازادی هەلومەرجی کەسێکە کە مافەکانی ڕێزیان لێ دەگیردرێت.

یەک لەو خاڵانەی کە نیۆلیبراڵەکان، بەتایبەتی هایەک، جەختێکی ئێجگار زۆری لەسەر دەکەنەوە گرنگیی سەروەریی یاسایە. هەمووان ئەو مافەیان هەیە کە لە لایەن دامەزراوە یاسایی، کارگێڕی و سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگاکەیانەوە وەکیەک و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکردرێت. کەس نابێ بە گوێرەی ڕادەی کاریگەری و باندۆری کۆمەڵایەتی یان دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی یاخود پێگە و ڕەوشی بەمیراتبراوی، لای لێ بدرێتەوە. ئەگەر مرۆڤەکان لە پارێزراوبوونێک بەهرەمەند نەبن کە سەروەریی یاسا مسۆگەری دەکات، ئازادییەکانیان بە شێوەیەک سنووردار دەکرێت کە لە توانای بەرگەگرتنی مرۆڤ بەدەرە، چونکە بۆی هەیە بکەونە بەر دەستتێوەردانی سەرەڕۆیانە و هەڕەمەکی، و ناتوانن پێشبینیی ئەوە بکەن لە داهاتوودا چیان بەسەر دێت و چارەنووسیان چ دەبێت. ئەمە بەو واتایەیە کە ناتوانن بەبێ بەربەست و کۆسپ سوود لەو ئازادییانە وەربگرن کە لە ئێستادا لێی بەهرەمەندن. نیۆلیبراڵەکان سەروەریی یاسا لە دژی لایەنگرانی دەوڵەتە بەربڵاوترەکان (کە هەم لیبراڵە سۆسیال دیموکراتەکان و هەم سۆسیالیستەکان دەگرێتەوە) بەکار دەهێنن، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایە کە دەوڵەتگەلی کارگێڕیی بەربڵاو بۆ ئەوەی بپەرژێنە سەر چالاکییە تایبەتمەندەکانیانەوە دەبێ سەروەریی یاسا پێشێل بکەن. هایەک دەڵێت کە دەسەڵاتی ڕەهاگەری لە «دامودەزگایەکی کارگێڕیی بەهێز، کۆجێیی و ناوەندگەراوە» سەر هەڵدەدات کە چینە کارگێڕییە پیشەیی و لێهاتوویەکەی دەبێتە «حوکمڕانی سەرەکیی خەڵک» (Hayek 1960 [2011: 193]). بیرۆکراسییە گەورەکان بە بەردەوامی و بێپسانەوە و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەستتێوەردان دەکەن. ئەم لۆژیکە مەترسیدارەی بیرۆکراسی تایبەتمەندییەکی بنگەهی و سەرەکیی پرۆگرامی توێژینەوەی بیوکانان بوو، و سەروەریی یاسایش ڕێگەچارەکەیەتی. لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە نیۆلیبراڵەکان لەو باوەڕەدان کە مامەڵەی یەکسان لەبەردەم یاسادا ئازادییەکی سەرەکیی ڕێکاری یاساییە کە مرۆڤەکان نەتەنێ لەبەردەم دادگادا، بەڵکوو لە هەر کاتێکدا کە دەکەونە بەر ناچارکردن لە لایەن دەوڵەتەوە، لێی بەهرەمەندن. ئەوەی کە نیۆلیبراڵەکان لایەنگری حکوومەتی سنووردارن بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە باوەڕیان وایە کە مامەڵەی یەکسان لەبەردەم یاسادا تەنیا کاتێک دەستەبەر دەبێت کە حکوومەت سنووردار بکرێتەوە و ئازادییە ئابوورییە کاپیتالیستییەکانی وەک ئازادیی گرێبەست جێگیر بکردرێن، چونکە هەردووکی ئەم ڕێکارە دامەزراوەییانە ڕێگە بۆ خەڵک خۆش دەکەن کە ڕێسا گشتییەکان پەیڕەو بکەن و خۆیان لە داوای پشتڕاستکردنەوە لە دەسەڵاتێکی سەرەڕۆیانە بەدوور بگرن (Hayek 1960 [2011: 205, 230]).

باوترین هۆی لۆژیکی و بنەما بۆ ئازادی لای هایەک و فریدمان «نەزانییە –ناتوانین دڵنیا بین کە ئێمە ڕاستین» (Friedman 1987 [2017: 185]). وەک بینیمان، لە کاتێکدا کە فریدمان دەڵێت کە لایەنگری «کۆمەڵگایەکی ئازادم چونکە بەهای بنەڕەتیی من خودی ئازادییە»، سەرەڕای ئەمەش دەپرسێت، «چلۆن ئەم بە باشتر زانین و لایەنگرییە پاساو بدەم؟ ... ئەگەر بەڕاستی دەمزانی گوناح چییە، نەمدەتوانی پاساوی بدەم» (Friedman 1987 [2017: 185]). بە هەمان شێوە، هایەک دەڵێت کە داکۆکی لە دۆزی ئازادیی تاکەکەسی «بە شێوەیەکی سەرەکی پشتئەستوورە بە داننان بە نەزانیی لێدەربازنەبووی هەموومان سەبارەت بە زۆرێک لەو فاکتەرانەی کە گەیشتن بە ئامانجەکان و خۆشبژیویمان بەوانەوە گرێدراوە» (Hayek 1960 [2011: 29]; Caldwell 2004: 347). و تەنانەت دەڵێت: «ئەگەر دەمانزانی کە ئازادی چلۆن بەکار دەهێنرێت، ئیتر دۆزێک بۆی لە ئارادا نەدەبوو» (Hayek 1960 [2011: 31]). ئامانج لە ئازادیی تاکەکەسی ئەوەیە کە هەموو کەس دەرفەتی ئەوەی هەبێت کە «بە تەواوی و بە شێوەیەکی ڕەبەق کەڵک لە زانینی خۆی، بەتایبەت زانینی کۆنکرێتی و زۆرجار بێوێنەی خۆی لە بابەت هەلومەرجە تایبەتەکانی کات و شوێن وەرگرێت» (Hayek 1960 [2011:156-7]). فریدمان تەرکیز لەسەر نەزانی سەبارەت بە ڕاستییە ئەخلاقییەکان دەکات، لە کاتێکدا هایەک لە نەزانیی ئەخلاقی و هەروەها نەزانی سەبارەت بە چۆنێتیی ڕێکخستنی ژیانی خەڵک ورد دەبێتەوە، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت، نەزانی پاساوی سەرەکی بۆ ئازادییە.

چەشنێکی تایبەتی خاکەڕایی مەعریفی، بەتایبەت خاکەڕایی سەبارەت بەوەی کە کۆمەڵگا چلۆن ڕێک بخرێت و ئەوەی کە دەرەنجامەکانی سیاسەتە پەسندکراو و هەرە لەپێشینەکانی ئێمە چ دەبن، بۆ ڕامان و هزری نیۆلیبراڵی بنگەهی و پێویستە. سەرەڕای ئەمەش، وەک بینیمان، نیۆلیبراڵەکان هەندێک کات ڕێگای شک و گومانێکی بەرفرەتر دەگرنەبەر کە تێگەیشتنمان لە ڕاستییە ئەخلاقییەکان دەخەنە گومانەوە. دەبێ وەک تایبەتمەندییەکی دۆکترینی نیۆلیبراڵ لە خاکەڕایی مەعریفی سەبارەت بە کۆمەڵێکی فرە لە ڕاستییە کۆمەڵایەتییە ناپێودانگییەکان بڕوانین، لە کاتێکدا کە خاکەڕایی سەبارەت بە ڕاستییە ئەخلاقییەکان بەو ڕادەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە نیۆلیبراڵیزم چییە بنگەهی و سەرەکی نییە. کەواتە، دەکرێت نیۆلیبراڵیزم بەدەر لەم فۆرمە بەربڵاوترەی گومانگەرایی ئەخلاقی فۆرموڵە بکەین.

نیۆلیبراڵەکان هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئازادی ئەو هەلە بۆ خەڵکانێک بە ئامانجگەلی جیاوازەوە دەڕەخسێنێت کە هاوکاری و هەرەوەزی بکەن و ئاشتی وەدی بهێنن (Hayek 1978: 111–136). ئەمە بۆ بیوکانان تەوەرێکی گرنگە (Buchanan 1975). وەک گرێبەستگەرایەک پێی وایە ئامانج لە ڕێککەوتن لەسەر ڕێسا دەستوورییەکان کۆتاییهێنان بە دۆخی جەنگیی هۆبزی و مسۆگەرکردنی ئاستێکی پێویست لە ئاشتی بۆ ڕانانی بەرژەوەندی و دەستکەوتی هاوبەش لە ئاڵوگوڕدایە. لەم ڕووەوە، هۆی لۆژیکیی دووەم بۆ ئازادییە نەرێنییە بەربڵاوەکان ئەوەیە کە ئامرازێک بۆ هاوکاری و ئاشتین.

نیۆلیبراڵەکان بە ڕاشکاوی پشتیوانی لە مافگەلێکی بەهێزی خاوەندارێتیی تایبەت دەکەن، مافگەلێک کە نەتەنێ شتومەک و ڕاژەی بە مەبەستی بەرخۆری و بەکارهێنانی مرۆڤ خۆی، بەڵکوو هەروەها لە شێوەی سەرمایەش دەگرێتەوە (Hayek 1988: 35; 1973: 107). هۆی لۆژیکی بۆ مافگەلی خاوەندارێتیی تایبەت هاوشێوەی بابەتی گشتیی ئازادییە لیبراڵییەکانە کە باس و گەنگەشەمان کرد. هایەک (Hayek 1988: 35; 1973: 107; 1960 [2011:35]) و فریدمان (Friedman 1962a [2002: 8-9]) بەتایبەتی باس لەوە دەکەن کە تەنانەت لەڕووی چەمکییشەوە، ناتوانین ئابووری بەتەواوەتی لە ئازادییەکانی تر هەڵاوێرین. ئەم ئارگیومێنتەی هەردووکیان زۆر بەناوبانگە کە دەڵێن ئازادیی سیاسی و ئابووری لە مومارەسە و لەسەر ئەرزی واقیعیش ناکرێت لێک جیا ببنەوە. ئەمە بەشێک لە کرۆکی کتێبی سەرمایەداری و ئازادی و بێ گومان کرۆک و خاڵی سەرەکیی کتێبی ڕێگای کۆیلایەتییە. بیوکانان (Buchanan 1993: 230) و هایەکیش (Hayek 1960 [2011: 141]) جەخت لەوە دەکەنەوە کە مافگەلی خاوەندارێتیی تایبەت ڕێگە بۆ مرۆڤەکان خۆش دەکەن کە بتوانن پلان دابنێن، تا ڕادەیەک لەبەر ئەوەی کە خاوەندارێتیی تایبەت ئەو هەلە بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت کە پارە پاشەکەوت بکەن و بەم شێوەیە کەمتر پشت بە خاوەنکاران و بیرۆکراتەکان ببەستن. هەروەها خاوەندارێتیی تایبەت بە «مەرجێکی بنەڕەتی بۆ ڕێگریکردن لە ناچارکردن» و هەروەها بۆ دابەشبوونی بەربڵاوی دەسەڵات دادەنرێت (Hayek 1960 [2011: 140]). داکۆکی لە ئازادیی گرێبەستیش هەر بە هۆکارگەلێکی هاوشێوەی ئەمەیە. و کۆمەڵگە بۆ ڕێزگرتن لەم مافانە دەبێ پێشوازی لە سەرمایەداری بکات، چونکە جێبەجێکردنی ئەم مافانە بێ ئەملا و ئەولا ڕێکخستنی ئابووریی سەرمایەداریی لێ دەکەوێتەوە، کە سەرمایە هەم لە لایەن خاوەن سەرمایەکان و هەم کرێکاران سەریەک دەخرێت.


٤. سەرمایەداری

دەتوانین سەرمایەداری وەک سیستەمێکی ئابووری پێناسە بکەین کە تێیدا کۆمەڵێکی بەربڵاو لە شتومەک و ڕاژە پێشکەشکراوەکان بەپێی مافێکی بەهێزی خاوەندارێتیی تایبەت و سیستەمێک کە تێیدا نرخەکان لە لایەن ڕێکخراوە ناحکوومییەکانەوە دیاری دەکردرێن، بەڕێوە دەبردرێت. خەڵک ئازادن شتومەک و ڕاژەکانیان بە گوێرەی هەر بەند و مەرجێک کە گرێبەستیان لەسەر کردووە، بە ئاستێکی کەم لە سنوورداربوونەوە، ئاڵووێر بکەن. نیۆلیبراڵەکانیش وەها تێڕوانین و بیرکردنەوەیەکیان هەیە، تەنانەت گەر هەردەم بە ناو داکۆکی لە سەرمایەداری نەکەن.

نیۆلیبراڵەکان لە داکۆکی لە سەرمایەداریدا تەرکیز لەسەر بەزاندنی دوو نەیار دەکەن: سۆسیالیزم و کەینزیانیزم، کە بە شێوەیەکی گشتی وەک ڕانەری کاریگەرترین بەدیلەکان بۆ دامەزراوە جێی مەبەست و پەسندکراوەکانی خۆیانیان ڕەچاو دەکەن. سۆسیالیزم، یان لانیکەم ئەو سۆسیالیزمەی کە کەوتووەتە بەر ئامانجی هێرشی نیۆلیبراڵەکان، سیستەمێکی ئابوورییە کە تێیدا سەرمایە بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی، و بەگشتی لە لایەن حکوومەتەوە خاوەندارێتی دەکردرێت، و لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە پاشەکەوتی سەرمایە بەرهەم دەهێنرێت و ڕێک دەخرێت و دەسکەوتەکانی دابەش دەکردرێت، ئەمەش واتە بە شێوەیەکی کۆجێیی پلان بۆ ئابووری دادەڕێژرێت. نیۆلیبراڵەکان بە توندترین شێوە هێرش دەکەنە سەر سۆسیالیزمی مارکسیستی، بەڵام مارکسیستەکان تاکە ئامانجی هێرشەکانی وان نین. هایەک تامەزرۆ بوو ئۆسکار لانگە (Lange 1936)، سۆسیالیستی سەدەی بیستەم کە هەندێک ڕەهەندی ئابووریی نیۆکلاسیکی قبووڵ کردبوو، ڕەت بکاتەوە و بیر و بۆچوونەکانی پووچەڵ بکاتەوە. نیۆلیبراڵەکان هەروەها سۆسیالیزمی دیموکراتییان دەکردە ئامانجی ڕەخنەکانیان؛ بۆ نموونە، هایەک (Hayek 1944 [2007: 163-4]) لە پەرتووکی ڕێگای کۆیلایەتیدا ڕەخنەی ئاراستەی سۆسیالیستەکانی فابیان کردووە.

ئارگیومێنتی نیۆلیبراڵەکان لە دژی سۆسیالیزم لەسەر بنەمای سێ نیگەرانی بنیات نراوە: ناکارامەیی، ململانێ و دەسەڵات. سۆسیالیزم ناکارامەیە، ململانێی کۆمەڵایەتی چێ دەکات و بە شێوەگەلێکی مەترسیدار دەسەڵات لە یەک شوێندا چڕ دەکاتەوە. با لە ناکارامەییەوە دەست پێ بکەین، ئەو ئارگیومێنتە ناسراوەی کە دەڵێت ئابوورییە سۆسیالیستییەکان بە بەراورد لەگەڵ سەرمایەداری، کۆمەڵگە هەژار دەکەن.[٥] یەکەم هۆکاری ناوبانگدەرکردنی هایەک ڕۆڵی ئەو بوو لەو باسەدا کە بە گەنگەشەی حیساباتی سۆسیالیستی ناودێر کرابوو، کە دەپەرژایە سەر ئەو بابەتە کە چلۆن پلاندانەرانی سۆسیالیست بەبێ کەڵکوەرگرتن لە سیستەمێکی نرخ، دەتوانن پلان بۆ بەرهەمهێنان و دابەشکردنی شتومەکە سەرمایەییەکان داڕێژن. سۆسیالیستەکان دەیانگوت پلاندانەران دەبێ بتوانن بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هەڵبژاردەی بەرخۆر و بەرهەمهێنان پلان دابنێن. لودویگ ڤۆن میسێس (Mises 1922 [1936/1951]) ئەم گەنگەشەیەی بەو ئارگیومێنتە دەست پێکرد کە بەبێ سیستەمێکی نرخ، ئەو زانیارییەی بۆ داڕشتنی پلانی ئابووری پێویستە لە ئارادا نابێت. بەبێ سیستەمێکی نرخ، هیچ زانیارییەک بۆ کۆکردنەوە و خەمڵاندن لەبەردەستی پلاندانەراندا نابێت. ئۆسکار لانگە (Lange 1936) وەڵامی دایەوە کە بەڕێوبەرانی سۆسیالیستی کۆمپانیاکان دەتوانن بە چاولێکەری لە نرخەکانی بازاڕ ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن. هایەک (Hayek 1945) لەگەڵ لانگە هاوڕا نەبوو؛ لەو باوەڕەدا بوو کە تەنانەت ئەگەر زانیاریی پێویست بۆ پلاندانانی ئابووری بەردەستیش بێت، بەر لەوەی ئەو زانیارییە پەیوەندیدارە بگۆڕدرێت کۆکردنەوەی زۆر ئەستەمە و خەمڵاندن و بەراوردکردنی هەر مەیسەر نییە. کێشەکە ئەوەیە کە زانیاریی پێویست بۆ پلاندانانی ئابووری بە کەس نادرێت. بە بۆچوونی هایەک، «ئەگەر هەموو زانیارییە پەیوەندیدارەکان لەبەردەستماندا بێت، ئەگەر بتوانین لە سیستەمێکی دیاریکراوی هەڵبژاردەکانی بەرخۆرەوە دەست پێ بکەین و ئەگەر دەست بەسەر زانینی تەواو لەسەر ئامرازەکانی بەردەستدا بگرین» دەتوانین پلانی ئابووری داڕێژین. بەڵام ئەمە «بە دڵنیایی تەواوەوە ئەو کێشە ئابوورییە نییە کە کۆمەڵگە لەگەڵی بەرەوڕوویە» (Hayek 1945: 519). لەبری ئەمە، «ئەو "داتا"یەی کە حیساباتی ئابووری لێیەوە دەست پێدەکات هیچکات بۆ هەموو کۆمەڵگە بە یەک زەین و نێرینەوە "پێدراو و بەردەست" نییە کە بتوانێت لەسەر ئاماژە و لێکەوتەکانی کار بکات و هیچکاتیش ناکرێت بەم شێوەیە پێ بدرێت».

لە بەرامبەردا، ئابووریی بازاڕ لە ڕێگەی سیستەمی نرخەوە دەتوانێت کەڵک لەم زانیارییانە وەرگرێت. سیستەمی نرخ دەتوانێت سوود لە زانینی خۆجێیی و زۆربەی کات ناڕاستەوخۆی هەر تاکێک بۆ بەرهەمهێنانی کارا و کاریگەرانەی شتومەک و ڕاژە وەرگرێت بەبێ ئەوەی کە ئەو زانیارییانە لە شوێنێکدا کۆ بکاتەوە. «تایبەتمەندیی سەرسامکەر»ی بازاڕ ئەوەیە کە کاتێک کە هەندێک کەرەستەی خاو بە ڕادەی پێویست دەست ناکەوێت، «دەیان هەزار کەس کە بە چەندین مانگ پشکنین و لێکۆڵینەوە شوناسیان دیاری ناکردرێت، ناچار دەبن کە ئەو کەرەستە خاوە یان بەرهەمەکانی بە شێوەیەکی دەستپێوەگرانە بە کار بهێنن»، و ئەمەش «بەبێ ئەوەی کە فەرمانێک دەرکرابێت و بەبێ ئەوەی کە زیاتر لە چەند کەسێک هۆکارەکەی بزانن» ڕوو دەدات (Hayek 1945: 527). شیکاریی هایەک لەسەر ئەوەی کە چلۆن زەینەکان زانیارییەکان پرۆسێس دەکەن (Caldwell 2004: 261–285)، و چلۆن کۆمەڵگەی بازرگانی و هەروەها سیستەمگەلی ڕێسا کولتووری و ئەخلاقییەکان دەگۆڕدرێن و گەشە دەکەن، لەوانەیە تەرکیزی سەرەکیی کارەکانی بێت (Caldwell 2004: 286-321). فریدمان (Friedman 2000 [2012: 234]) و بیوکانان (Buchanan 1969: 87-8) لەگەڵ شیکارییەکەی هایەک هاوڕان.[٦]

نیۆلیبراڵەکان بۆ پاساودانی بازاڕ، بەدەر لە ئارگیومێنتی زانیاریپێدەرانە، پەنا بۆ کۆمەڵێک تێبینی دەبەن، کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بە تایبەتمەندیی داهێنەرێتیی میکانیزمی بازاڕ و توانایی بازاڕ بۆ بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی ژیان بدەین. ئیمۆن باتلەر (Butler 1985: 22) ئاماژە بەوە دەکات کە بەڵگاندنی فریدمان بۆ سەرمایەداری، وەک لە پەرتووکی سەرمایەداری و ئازادیدا ڕوونی کردووەتەوە، لەسەر بنەمای «ئەو فرەچەشنی، خۆگونجاندن و ڕێکبوونی خێرا، داهێنان و تاقیکارییەیە کە لە بازاڕدا بەدی دەکرێت». فریدمان لە کتێبی ئازاد بۆ هەڵبژارتندا دەڵێت کاتێک دەوڵەت هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی کۆجێیی و ناوەندگەرا پلان داڕێژێت، هاووڵاتییانی ئاسایی «ئاستی ژیانیان نزمە» (Friedman & Friedman: 54–5). لە بەرامبەردا، بازاڕ «هێزێکی بەرچاو و سەرنجڕاکێشی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ستانداردە ماددییەکان بە شێوەیەکی خێراتر لە هەر سیستەمێکی تری» هەیە، هاوکات کە ئازادییش دەپارێزێت (Butler 1985: 197). هایەک (Hayek 1978: 67) جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرمایەداری پێشبڕکێ دەپارێزێت، کە ئەو نەک وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە نرخی هاوسەنگیی بازاڕ، بەڵکوو وەک «ڕێکارێکی دۆزینەوە» بۆ وەدیهێنانی بیرۆکە و داهێنانی نوێ لێی دەڕوانێت. بیوکانان گەرەکیەتی سەرنج لەسەر ئەو ئارگیومێنتە چڕ بکاتەوە کە بازاڕەکان، لەچاو کاربەدەستەکانی حکوومەت، پاڵنەر و گوڕوتینێکی باشتر بە خەڵک دەبەخشن. لەو ڕووەوە کە «سیاسەتڤان و بیرۆکراتەکان وەک خەڵکانێکی ئاسایی ڕێک هاوشێوەی ئێمە دەبیندرێن» (Buchanan 1979: B4 [1984:20])، هیچ پاڵنەر و تامەزرۆییەکیان بۆ تەنانەت هەوڵدان بۆ ڕاپەڕاندن و جێبەجێکردنی پلانێکی سۆسیالیستی نییە. بەڵکوو لانیکەم بەشێکی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئابووریدا بۆ ئامانجە خۆویستانەکانیان بەکار دەهێنن، کە ئەمەش، تەنانەت ئەگەر هەموو کێشەکانی پەیوەست بە زانیارییەوە چارەسەر بکرێن، کاریگەری و کارایی حکوومەتی سۆسیالیستی دادەبەزێنێت و خاشەبڕ دەکات.

بەشێکی تری ئارگیومێنتەکان لە دژی سۆسیالیزم بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە سۆسیالیزم ململانێی ناپێویست دێنێتە ئاراوە. هایەک دەنووسێت کە سۆسیالیزم «ڕێککەوتنێکی زۆر ڕەبەقتر لەمەڕ بایەخی ڕێژەیی ئامانجە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی لە واقیعدا لە ئارادایە پێشگریمانە دەکات»، کە ئاکامەکەی ئەوەیە کە «دەسەڵاتی پلاندانان دەبێ کۆمەڵێکی بەربڵاو و هەمەلایەنە لەو بەهایانەی کە بوونیان نییە بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت» (Hayek 1997: 193؛ هەروەها بڕوانە Hayek 1944 [2007: 109, 166]). فریدمان بە هەمان شێوە دەڵێت کە «هەرچی بواری ئەو چالاکییانەی کە لەژێر کارتێکەری و چاودێریی بازاڕدان بەرینتر و بەرفراوانتر بێت، ئەو پرسگرێکانە کە پێویست بە بڕیاری سیاسیی ڕاشکاوانە و دەسا گەیشتن بە ڕێککەوتنە لەسەریان کەمتر دەبنەوە» (Friedman 1962a [2002: 24]). بازاڕەکان ئەو هەلە دەڕەخسێنن کە ئەو خەڵکانەی جیاوازیی ڕا و بۆچوونیان هەیە، سەرەڕای هەبوونی بەهاگەلی جیاواز قازانج بە یەکتر بگەیەنن. لە بەرامبەردا، سۆسیالیزم پێویستی بە پلانێکی ناوەندییە، و لەم ڕووەوە دەبێ بەها و ئامانجگەلی مشتومڕهەڵگر و تاقم و تیرەگەرایانە بەسەر هەموواندا بسەپێنێت. حکوومەتە سۆسیالیستییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم ململانێیانە و سەپاندنی پلانێکی ناوەندی، دەبێ دەسەڵاتی سیاسی لە شوێنێکدا چڕ بکەنەوە.

سۆسیالیزم لە ڕێگەی دیکەشەوە لەڕادەبەر دەسەڵات لە شوێنێکدا چڕ دەکاتەوە. زۆرجار سۆسیالیستەکان باسیان لەوە کردووە کە بە گواستنەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ کۆمەڵگە، دەکرێت دەسەڵاتی ئابووریی کاپیتالیستی کۆنترۆڵ بکردرێت، بەڵام هایەک (Hayek 1944 [2007: 165]) لە وەڵامدا دەڵێت کە سۆسیالیزم «دەسەڵات کپ ناکات»، تەنیا لە یەک شوێندا چڕی دەکاتەوە. فریدمان (Friedman 1955 [2017: 4]) هاوڕایە و دەڵێت کە «دەسەڵاتی سیاسی لە سرۆشتی خۆیدا مەیلی بە چڕبوونەوە لە شوێنێکدا هەیە»، لە کاتێکدا دەسەڵاتی ئابووری «ئەگەر لە ڕێگەی بازاڕێکی بێلایەن ڕێک بخرێت دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر نەناوەندی و ناکۆجێیی بێت». مەترسیی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دامەزراوە سیاسییەکاندا ئەوەیە کە «حکوومەت پاشکۆ و ملکەچی گرووپە کۆجێییە خاوەن بەرژەوەندییەکان دەبێت»، لە کاتێکدا بازاڕەکان لە ڕێگەی «گوشاری پەڕژ و بڵاوی ملیۆنان بەرخۆری تاک» دەگۆڕدرێن. بە هەمان شێوە، لە کاتێکدا کە حکوومەتەکان برەو بە پاوانکاری و قۆرخکارییەکان دەدەن، «بازاڕ تێکیان دەشکێنێت» (Butler 1985: 223). یەک لە لایەنە باشەکانی بازاڕەکان ئەوەیە کە خەڵک دەتوانن بڕیار بدەن کە نەچنە ناو ئاڵووێرەوە، لە کاتێکدا لەژێر سێبەری سۆسیالیزمدا هەمووان لە ململانێیەکی سیاسی تێوە دەگلێن. جگە لەمە، هایەک (Hayek 1978: 99) دەڵێت کە لەژێر سێبەری سۆسیالیزمدا دەسەڵاتی سیاسی پێگەی کۆمەڵایەتیی تاکەکان و گرووپەکان دیاری دەکات، کە ئاکامێکی بە تانە و تەشەری دۆکترینێکە کە ئامانجەکەی دابەشکردن و پەخشانکردنی دەسەڵاتە. بیوکانانیش (Buchanan 1993: 246) لەسەر ئەم بۆچوونەیە، هەرچەند تا ڕادەیەک هۆکارەکانی جیاوازن.

نیۆلیبراڵەکان لەبەر ئەوە داکۆکی لە سەرمایەداری ناکەن کە هەرچی شایەنی خەڵکە پێیان دەبەخشێت. فریدمان و بیوکانان وەها ئارگیومێنتێک ناهێننە ئاراوە، و هایەک دژی بانگەشەگەلی لەم چەشنە دەدوێت و بەڵگاندن دەکات. هایەک (Hayek 1978: 70) لە چەندین شوێندا دەڵێت کە لێکەوتە و ئەنجامەکانی بازاڕ بە هیچ شێوەیەک بە گوێرەی لێوەشاوەیی و شیانێکی تایبەت نین، و بۆیە کەس ناتوانێت بڵێت کە لێکەوتەی بازاڕ دادپەروەرانە یان نادادپەروەرانەیە. هایەک، فریدمان و بیوکانان لەوە تێدەگەن کە لێکەوتە و ئەنجامەکانی بازاڕ لە گۆشەنیگایەکی ئەخلاقییەوە زۆربەی کات هەڕەمەکی و بە ڕێکەوتن. بازاڕەکان هەندێک کەسی نەشیاو دەوڵەمەند دەکەن و هەندێک کەسی شیاو و لێوەشاوە هەژار دەکەن.

وەک ئاماژەمان پێ دا، کەینزیانیزم نەیارە گەورەکەی تری نیۆلیبراڵیزمە. با کەینزیانیزم وەک کۆمەڵێک پێشنیار و گەڵاڵەی ڕامیاری پێناسە بکەین کە ئامانج لێیان بریتییە لە ڕاستکردنەوەی شکستە هەڵبەستراوەکان بۆ بازاڕ لەسەر ئاستی کەڵەئابووریدا، و بەتایبەت وەک کەڵکوەرگرتن لەو بەشە لە خەرجییەکانی حکوومەت کە لە ئەنجامی کورتهێنانی بودجە لە ڕێگەی قەرزەوە بە مەبەستی بەڕێوەبردنی سووڕی بازرگانی و بزاوتن و وەجووڵەخستنی ئابووری دابین کراون. ئەم سیاسەتانە لە جۆن مەینارد کەینزەوە (Keynes 1935 [1965: 2011]) ئیلهام وەرگیراون، تەنانەت ئەگەر هەمووکاتیش بە بەردەوامی ئەو سیاسەتانەی نەگرتبێتەبەر.[٧]

هەر سێ بیرمەندەکە هەوڵێکی زۆر دەدەن کە وەڵامی ئارگیومێنتەکانی کەینز سەبارەت بە دەستتێوەردانی حکوومەت بدەنەوە. ئارگیومێنتەکانی هایەک (Hayek 1941 [2007]) لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوەدان کە چلۆن خەرجییەکانی حکوومەت و بڕیار و هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی کاریگەری لەسەر پێکهاتەی شتومەکە سەرمایەییەکان لە سەرانسەری ئابووریدا دادەنێن. بە پێچەوانەی دڵنیایی و ئاسوودەیی کەینز (Keynes 1935 [1965: 37-45]) لە داتا ئامارییەکان لە کتێبی بیردۆزی گشتیدا، هایەک (Hayek 1941 [2007]) پێی وایە کە پشتبەستن بە داتا ساکارە ئابوورییەکان ئەمە لەبەرچاومان لێڵ و ناڕوون دەکات کە پێکهاتەی سەرمایە و وەبەرهێنان لە سەرانسەری ئابووریدا بە چ شێوەیەکە. هایەک هەروەها لەو باوەڕەدایە کە هۆکاری سەرەکیی داتەپینی ئابووری ئەو سیاسەتانەیە کە پێدانی ئیعتباری بانکی، زۆر ساکار دەکەنەوە، کە دەبێتە هۆی وەبەرهێنانی هەڵە کە لە سەردەمی لێکەوتنی ئابووریدا دەبێ نەخت بکرێنەوە. خاڵی جێی بایەخ ئەمەیە کە ڕەخنەی هایەک لە کەینز لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا کاریگەریی نەبوو. بیرۆکەکانی فریدمان و بیوکانان، بەتایبەتییش فریدمان، قورسایی و باندۆرێکی زۆرتریان هەبوو.

فریدمان و بیوکانان دەپەرژێنە سەر ئەو بانگەشە کەینزییانە کە دەڵێن داتەپینە ئابوورییەکان بەهۆی کەمبوونەوەی کۆی خواست دێنە ئاراوە و تەنیا بە یارمەتیی قورسی ئەو پاڵنەرە داراییانەی لە ڕێگەی قەرزەوە دابینی دارایی کراون دەکرێت چارەسەر بکردرێن (گەرچی کەینز خۆی هەمووکات لایەنگری سیاسەتی دژەسووڕیی دابینی دارایی لە ڕێگەی قەرزەوە نەبوو). فریدمان (Friedman 1959) دۆکترینی مۆنیتاریزمی پەرە پێ دا، کە پێی وایە هەڵاوسان لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو شوێنێکدا دیاردەیەکی پارەییە. هەڵاوسان و سووڕی بازرگانی دەتوانرێت بە سیاسەتی پارەیی کۆنترۆڵ بکردرێت و بۆیە پێویست بە وەڵامێکی دارایی نییە. فریدمان و ئانا شوارتز (Friedman & Schwartz 1963) پێیان وایە کە «داتەپینی ئابووریی مەزن» [1929-1939] بەهۆی دابەزین لە کۆی خواستدا نەبوو، بەڵکوو لەبری ئەوە سیستەمی بانکی ناوەندیی ئەمریکا هۆکار بوو کە ڕوو بدات –هەر ئەو بانکە ناوەندییەی کە بۆ ئەوە ساز کرابوو کە پێش بە داتەپینە ئابوورییەکان بگرێت– ئەویش چونکە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ڕێگەی بە بناغەپارە دا کە داڕمێت. ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا گەشەی پاشەکەوتی پارەی مسۆگەر بکردایە، دەکرا پێش بە «داتەپینی ئابووریی مەزن» بگیردرێت. ئەم بابەتە بۆ داکۆکی لە بازاڕ بایەخێکی زۆری هەیە چونکە سووچی «داتەپینی ئابووریی مەزن» بە شێوەیەکی بەربڵاو خرایە سەر سەرمایەداری و ئەوی پێ سەرکۆنە کرا. ئەگەر ئەو «داتەپینە ئابوورییە» فەشەلهێنانێکی حکوومەت لە ئاکامی خراپ بەڕێوەبردنی پارە بوو، ئەوە ئەم «داتەپینە ئابوورییە» ناتوانێت ببێت بە بنەمایەک بۆ ڕەتکردنەوەی سەرمایەداری –بەڵکوو تەنانەت ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ بەپیرەوەچوون و قبووڵکردنی سەرمایەداری.

لە ڕوانگەی فریدمانەوە (Friedman 1959)، کاردانەوەی سەرەکیی سیاسەت گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی سووڕی بازرگانی لە کۆنگرێسەوە بۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا، و بەستنەوەی بانکی ناوەندی لە سیاسەتێکی کرانەوەی پارەییدایە بۆ ئەوەی کە نەهێڵێت تووشی هەڵەی گەورە ببێت. زۆر سادە بیڵێم، داڕێژەرانی سیاسەتی پارەیی بە ڕادەی پێویست شارەزا و لێزان نین کە سیاسەتی پارەیی بۆ بەڕێوەبردنی سووڕی بازرگانی بەکار بهێنن. بەڵکوو پێویستە پابەند بە ڕێسایەکەوە بن کە هەڵاوسانی هێدی و لەسەرەخۆی لێ دەکەوێتەوە، کە هەم پێش بە هەڵاوسانی ڕژد دەگرێت و هەم بە کەمکردنەوە و ڕەواندنەوەی ئەو ئاڵۆزی و شێواوییانەی بەهۆی هەقدەستی نۆمیناڵی چەسپاو هاتوونەتە ئاراوە، بەر بە بێکاریی درێژەدار و سووڕی دەگرێت، بە پێچەوانەی بیر و بۆچوونی کەینز (Keynes 1935 [1965: 231-7]). تەرخانکردنی سەرنج و تەرکیزمان لەسەر گەشەی بناغەپارە هەروەها بەر بە داڕمانی پاشەکەوتی پارە دەگرێت و لە ئاکامدا ڕێگری لە چەند حاڵەت و جۆری داتەپینی ئابووری دەکات.

ڕەخنەی بیوکانان لە کەینز جیاواز لەوەی فریدمانە، هەرچەندە ڕەخنەکانی ئەم دووە یەکتر بەهێز دەکەن. بیوکانان (Buchanan 1987, 1999) پێی وایە کە تەنانەت ئەگەر کەینز بە دروستییش هۆکارەکانی داتەپینی ئابووریی دەستنیشان کردبێت، تا کاتێک کە خەڵکانی جیهانی واقیع حکوومەتەکان پێک دەهێنن و بەڕێوەیان دەبەن، چارەسەرەکەی ناتوانێت کەڵکی هەبێت. زۆربەی سیاسەتڤانان و بەرپرسان و کاربەدەستانی حکوومی زۆرتر لە خەمی قازانج و بەژەوەندیی خۆیان و گرووپگەلێکی خاوەن بەرژەوەندیی تایبەتدان، نەک خەمی بەرەوپێشبردنی چاکەی گشتی. بۆیە کاتێک حکوومەتێک بژاردەی پاڵنەری ئابووریی دابینکراو لە ڕێگەی قەرزەوە هەڵدەبژێرێت و کارا دەکات، ئەگەری ئەوە زۆرترە کە ئەو پارەیە ئاراستەی ئەو گرووپانە بکردرێت کە بە دڵی سیاسەتڤانانن، نەک بدرێت بەو شوێنانەی کە زۆرترین پێویستییان بەو پارە پاڵنەرەیە. گرفتێکی سەرەکیی سیاسەتی دارایی کەینزی، مەترسیی گشتگیر و بەربڵاوی شکستهێنانی حکوومەت بەهۆی هەنگاوەکانی ئەکتەرە ئابوورییە بەرژەوەندیخوازەکانە، کە تەوەرێکی سەرەکیی کتێبی حیساباتی ڕەزامەندییە (Buchanan & Tullock 1962). بە هەمان شێوە، کاتێک خەڵک ڕوو لە گواستنەوە و هەناردنی ڕاستەوخۆی پارە دەکەن، کەمکردنەوەی ئاستی کورتهێنانی بودجە دوای کۆتاییهاتنی داتەپینی ئابووری ئەستەم دەبێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی قەرزی درێژخایەن و دابەزینی ئاستی برەو و گەشەی ئابووری.


٥. دیموکراسی

نیۆلیبراڵەکان پێشوازی لە دیموکراسی دەکەن. بەتایبەتیتر، پشتگیریی مافی یەکسان بۆ دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن و پشتیوان و لایەنگری دیموکراسیی پەرلەمانی وەک ئامرازێک بۆ دانانی یاسان. هایەک دەڵێت، «بەقووڵی باوەڕم بە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دیموکراسی وەک تاکە ڕێگەی کاریگەر کە تا ئەمڕۆ بۆ مەیسەرکردنی گۆڕانکاریی ئاشتییانە دۆزیومانەتەوە هەیە» (Hayek 1979: xiii)، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە نیگەرانی دڵساردی و بێهیوایی لە دیموکراسی «وەک شێواز و میتۆدێکی خوازراو بۆ حکوومەتە». لای هایەک، گەر بڕیارە سیستەمی بازاڕ بە دروستی ئیش بکات دەبێ «لەناو کۆمەڵێک دامەزراوەی کۆمەڵایەتیدا جێ بگرێت»، و ئەمەش بریتی لە «سیاسەتێکی دیموکراتیی ملکەچی سەروەریی یاسا»یە (Caldwell 2004: 348). خاڵێکی جێی بایەخی کتێبی ڕێگای کۆیلایەتی ئەوەیە کە بیسەلمێنێت کە سۆسیالیزمی لیبراڵ دیموکراتی ناسەقامگیرە و ئەوەی کە سۆسیالیزم یا دەبێ لەوە دەست بکێشێت کە دیموکراتی بێت یان لەوەی کە سۆسیالیزم بێت. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ داڕشتنی پلان بۆ ئابووری نەتەنێ مافە لیبراڵییەکان لەناو دەبات، بەڵکوو بەناچار دیموکراسییش کاول دەکات.

ئاراستەی داکۆکیکردنی هایەک لە دیموکراسی ڕووی لە میتۆدێکی ئامرازگەرایانەیە، لەو ڕووەوە کە دەڵێت «بەهای ڕاستەقینەی دیموکراسی ئەوەیە کە وەک ڕێوشوێنێکی مشوورخۆرانە و تۆکمەکاریی پاکژ دەور دەبینێت کە لە دژی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات پارێزگاریمان لێ دەکات. دیموکراسی ڕێگەمان پێ دەدات حکوومەتێک لە کۆڵ خۆمان بکەینەوە و هەوڵ بدەن حکوومەتێکی باشتر لە شوێنی دانێین» (Hayek 1979: 137). هەروەها «یەک لە گرنگترین قەڵغانەکانی پارێزەری ئازادییە» (Hayek 1979: 5). و لەگەڵ ئەمەشدا، هایەک پێی وایە کە بۆ داننان بە یەکسانیی مرۆڤەکان پێویستە نەتەنێ یەکسانی لەبەردەم یاسادا هەبێت بەڵکوو «هەروەها دەخوازێت کە هەموو مرۆڤەکان پشکی هاوبەشیان لە دانانی یاسادا هەبێت» تەنانەت گەر دیموکراسی «ئامرازێکیش بێت نەک ئامانجێک» کە پێویستە سنووردار بکردرێت (Hayek 1960 [2011: 103, 107-8]).

ئەم دەروەستییە لە لایەن ئەندامانی «کۆمەڵەی مۆنت پێلێرین»ەوە کە هایەک ڕێکی خستبوو، قبووڵ کرابوو. ئانگوس بورگین دەڵێت کە «بە درێژایی دەیەی یەکەمی دامەزرانی ئەم کۆمەڵەیە، پەیوەندییەکی گریمانەیی لە نێوان بازاڕە ئازادەکان و سیاسەتە دیموکراتییەکاندا باڵی بەسەر باس و گەنگەشەکانی ئەم کۆمەڵەیەدا کێشابوو و گریمانەیەکی بنەڕەتیی بۆ زۆرێک لە بەشدارییەکانی ئەندامان لە گەنگەشە و مشتومڕەکانیدا پێک هێنابوو» (Burgin 2012: 117). فریدمان زۆرتر لەسەر ئەو بنەمایە داکۆکی لە بازاڕە ئازادەکان دەکات کە بۆ ئازادیی سیاسی و دیموکراسی یارمەتیدەرن؛ ئەم دوو ئازادییە «بەیەکەوە گرێدراون و لە یەکتر جیا ناکرێنەوە» (Butler 1985: 207). فریدمان (Friedman 1962a [2002: 9]) زۆربەی کات دەڵێت کە «هیچ نموونەیەک لە هیچ سەردەم و هیچ شوێنێکدا شک نابات کە تێیدا کۆمەڵگەیەک بەوە ناسرابێت کە تا ڕادەیەکی زۆر ئازادیی سیاسیی تێدا بەدی دەکرێت، کەچی کەڵکی لە شتێک لە شێوەی بازاڕێکی ئازاد بۆ ڕێکخستنی بەشێکی بەرچاو لە چالاکییە ئابوورییەکانی وەرنەگرتبێت». کەواتە، وا دیارە باوەڕی فریدمان ئەوەیە کە دیموکراسی چاکەیەکی مەزنە، بەڵام ئێمە بۆ لای خەمڵاندنی هۆکارەکانی ئەمەی کە بۆچی وایە ڕادەکێشرێین. دەکرێت بڵێین داکۆکیی فریدمان لە دیموکراسی زۆربەی لەبەر ئەوەیە کە ئازادی دەپارێزێت و دەرفەتی لەسەر کار لابردنی ئاشتییانەی حکوومەتێکی خراپ دەڕەخسێنێت. بەڵام لە کۆی بەرهەمەکانی زۆر کەم هەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان قسە لەسەر ئەم پرسیارە بکات.

بیوکانان دیموکراتترینی ئەم سێ کەسەیە. هاوڕایە کە دیموکراسی بۆ ئاشتی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی پێویستە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ یەکسانیی سیاسی پێویستە حکوومەت لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی خەڵک بێت. دیموکراسی درێژکراوەی تاکگەراییەکەیەتی: «ڕێبازەکە دەبێ دیموکراتی بێت، کە لەم تێگەیشتنەدا تەنیا جۆرێکە لە نۆرمی پێناسەیی بۆ تاکگەرایی. هەر مرۆڤێک تاکێک بە هەژمار دێت، ئیتر تەواو» (Buchanan 1975: 2). بیوکانان هاوکات کە بۆ ڕێسا دەستوورییەکان پێداگری لەسەر ڕەزامەندیی یەکدەنگ و بەتێکڕایی دەکات (بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش، لە نێوان کەسانی نائایدیالدا)، پێی وایە کە دەستوورەکان دەبێ ڕێگە بەو ڕێسایانەی بڕیاردان بدەن کە تەنانەت یەکدەنگیی تەواویان لەسەر نییە، بۆ نموونە حوکمڕانیی زۆرینە. ڕاستە بیوکانان (Buchanan and Tullock 1962: 85–96) دەڵێت کە بۆ ڕێساکانی یاسادانان لەجیاتی زۆرینەی سادە دەبێ زۆرینەی بەهێز ڕەچاو بکردرێت، بەڵام هێشتاش ئەمە لە چوارچێوەی دیموکراسی دەرناچێت، بەتایبەت کاتێک کە بناغەکانی بە ڕەزامەندیی بەربڵاوی خەڵک بەهێز و پتەو بکردرێت.

بەڵام بەپێچەوانەی زۆرێک لە تیۆریستە دیموکراتییە کلاسیک و هاوچەرخەکان، نیۆلیبراڵەکان دیموکراسی نە وەک لەخۆگری ئیتۆسێکی کۆمەڵایەتی یان کولتوورێکی نەتەوەیی دەبینن و نە خۆی لە خۆیدا وەک دەربڕینێکی ئازادی سەیری دەکەن. وەک هایەک (Hayek 1979: 5) ئاماژەی پێ دەدات، «دیموکراسی خۆی ئازادی نییە». فریدمان پێداگرە کە بە شێوەیەکی سەلبی لە ئازادی تێبگەین، بە جۆرێک کە تێگەیشتنمان بۆ پرۆسەی سیاسی وەک دیاریکەری سنوورەکانی ئازادی و ڕەنگە پارێزەریشی بێت، بەڵام وەک بەرجەستەکردنی ئازادی لێی نەڕوانین. هەروەها بیوکانان ڕەخنە لەو تێڕوانینە دەگرێت کە ئەو بە ڕوانگەیەکی لە بنەڕەتدا «ڕۆمانتیک» بۆ دیموکراسی ڕەچاوی دەکرد، کە بە گوێرەی ئەو ڕوانگەیە ویست و ئیرادەی خەڵک لە هەنگاو و کردەوەکانی حکوومەتێکی دیموکراتیدا بەرجەستە دەبێتەوە و خۆی دەردەخات.

شایەنی باسە کە نیۆلیبراڵەکان کاتێکی زۆر زیاتر بۆ باس و موناقەشە لەسەر سنوورەکانی دیموکراسی تەرخان دەکەن تاکوو گەنگەشە لەسەر دیموکراسی خۆی. بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوای شکستهێنانی فاشیزم، چاکی و لەباریی دیموکراسی لای نیۆلیبراڵەکان و بەردەنگی باس و گفتوگۆکانیان، بە شتێکی ڕوون و بەڵگەنەویست داندراوە. هایەک، فریدمان و بیوکانان لەبری ئەمە، سەرنجیان دەخەنە سەر ڕەخنەگرتن لە دیموکراسیی «بێسنوور». هایەک (Hayek 1944 [2007: 111-2]) لەوە نیگەرانە کە دیموکراسییەکی بێسنوور دەتوانێت سەروەریی یاسا لاواز و خاشەبڕ بکات و دەسەڵاتی مڵهوڕی بێنێتە کایەوە. دەڵێت (Hayek 1960 [2011: 106]) دەسەڵاتەکانی هەر «زۆرینەیەکی کاتی» دەبێ سنووردار بن. دەسەڵاتی بێسنوور «کەمایەسییەکی کوشندەی فۆرمی زاڵ و باوی دیموکراسییە» و لەسەر بنەمای ئەو گریمانە هەڵە و چەوتە دامەزراوە کە هەموو یاساکان «لە دەسەڵاتی یاسادانانەوە سەرچاوە دەگرن» (Hayek 1979: 3-4). کێشەیەکی تری دیموکراسیی بێسنوور ئەوەیە کە کۆڕ و کۆمەڵە دیموکراتییەکان دەسەڵاتێکی زۆرتر لەوە دەگرن بە دەستەوە کە بتوانن بە شێوەیەکی کارا و کاریگەر هەڵیسووڕێنن، و بەم شێوەیە ناچار دەبن ئۆتۆریتە و دەسەڵات «ڕادەستی ئەو بەڕێوبەرانە بکەن کە ئەرکی وەدیهێنانی ئامانجگەلێکی تایبەتیان پێ سپێردراوە» (Hayek 1960 [2011: 116]). لە دیموکراسییەکی بێسنووردا «ئەوانەی هەڵگری دەسەڵاتی ئیختیاری و بە گوێرەی پێخۆشبوونی خۆیانن، بیانهەوێت یان نا، ناچارن لە بەرژەوەندیی گرووپگەلێکی تایبەت دەسەڵاتیان بە کار بهێنن کە هەر ئەو دەسەڵاتەیان پشتئەستوور و گرێدراو بە دەنگی نامسۆگەر و یەکلایینەکراوەی ئەو گرووپگەلە تایبەتەیە» (Hayek 1979: 139). دەتوانین بڵێین ئامانجی بەرگی سێیەمی پەرتووکی یاسا، یاسادانان و ئازادی گەڕاندنەوەی باوەڕ بە دیموکراسی لە ڕێگەی داکۆکیکردن لەو سنوورانە بوو کە بۆی داندراوە.

فریدمانیش (Friedman 1962b [2017: 26]) ئاماژە بە زۆرێک لەم خاڵانە دەکات و جەخت لەسەر ئەمەش دەکاتەوە کە ئازادیی سیاسی تەنیا «نەبوونی ناچارکردن و زۆرلێکردن لە مرۆڤێک لە لایەن مرۆڤەکانی ترە» و ئەوەی کە هەڕەشەی بنەڕەتی بۆ سەر ئازادی «هێز و دەسەڵاتی ناچارکردنە»، جا چ ئەو دەسەڵاتە لە دەستی دیکتاتۆرێکدا بێت چ لە دەستی «زۆرینەیەکی ساتەوەختی و کورتماوەدا». نیگەرانییەکی تری فریدمان ئەوەیە کە گەر لەجیاتی «دیموکراسیی بەشداریکەرانە» «دیموکراسیی بیرۆکراتی»مان هەبێت، دیموکراسی بەرەو جڵەوگرتن، ناکارامەیی و کۆنترۆڵکردن بڕوات.[٨]

ئارگیومێنت و بنەمای لۆژیکیی بیوکانان (Buchanan 1962: 131-146) بۆ سنوورە دەستوورییەکانی سەر دیموکراسی دەوڵەمەندتر و بیرتیژانەتر لەوەی هایەک و فریدمانە. بیردۆزی گرێبەستی بیوکانان بۆ ئەم ئارگیومێنتە تەرخان کراوە کە حوکمڕانیی زۆرینەی سادە دەتوانێت کۆمەڵێک کێشە و گرفتی فرەچەشنی لێ بکەوێتەوە، کە لە هەموویان سەرەکیتر مەترسییەکانی جێگۆڕکێی هاوپەیمانی و هەواڵبەندییەکانی دەنگدەران یان یاسادانەرانە کە بە دابەشکردنەوەی سامان، خەسار بە یەکتر دەگەیەنن و سامان لە یەکتر دوور دەکەنەوە، و بەم شێوەیە بۆ هەمووان دەرەنجامەکانی ئاستی نزمتری پاریتۆ دێتە ئاراوە. کێشەیەکی دیکەی دیموکراسیی بێسنوور ئەوەیە کە «تەنانەت لە لەبارترین بارودۆخیشدا لەوانەیە کارکردی پرۆسەی دیموکراتی، دەسبڵاویی بودجەیی لێ بکەوێتەوە. ئەگەر لە دەستووردا سنوور بۆ دیموکراسی دیاری نەکردرێت، دەشێ دیموکراسی ببێتە لیڤیاتانی خۆی» (Buchanan 1975: 204–5). سنوورەکانی سەر دیموکراسی لە پێویستییەکانی خودی یەکسانیی سیاسییشە، چونکە «دەسەڵاتی مڵهوڕانەی زۆرینە» هەڕەشەیەکە بۆ سەر مافە یەکسانەکانی کەمینەکان، و بەتایبەتی «چونکە دنەی ئەو وەهمە ئایدیالیستییە دەدات کە بەشداریکردن تەنیا شتێکە کە گرنگە»، دەتوانێت مەترسیدار بێت (Buchanan 1993: 259). لە ئەنجامدا، بیوکانان (Buchanan 1999: 75-88) پشتگیری لە میکانیزمەکانی دەرچوون، بۆ نموونە ڕێکخستنە فیدراڵییەکان دەکات، کە ئەو میکانیزمانە ڕێگە بە خەڵک دەدەن کە لە دیموکراسیی زێدەڕۆیانە ڕزگاریان بێت.

پێش ئەوەی کۆتایی بەم بەشە بێنین پێویستە چوار ڕوونکردنەوە بدەین: یەکەم، نیۆلیبراڵەکان سەرەڕای نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە دیموکراسیی بێسنوور، دەیانهەوێت مافە دیموکراتییەکان بپارێزن. گرفتێک کە لەگەڵ دەوڵەتە بەربڵاوەکان هەیانە ئەوەیە کە دەوڵەتە زەبەلاحەکان ئاستی کاریگەریی دەنگی هەرکام لە تاکەکان دادەبەزێنن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە حکوومەتە زەبەلاحەکان ناتوانن هاوسەنگی لە نێوان ئەرکە زۆرەکانیاندا بپارێزن و ناتوانن ئەو خاترجەمییە بدەن کە ڕێککەوتن لەسەر پرسە هەرە گرنگ و لەپێشترەکان ببەنەسەر. هایەک دەڵێت کە ئاکامی ئەمە ناسەقامگیریی دیموکراتی دەبێت کە دیکتاتۆریی لێ دەکەوێتەوە. نیۆلیبراڵەکان بە پێچەوانەی لیبراڵە یەکسانیخوازترەکان، هەوڵ نادەن لە ڕێگەی لێوردبوونەوە و ڕاگۆڕینەوەی دیموکراتی، پرۆسەی دیموکراتی ئەندازیاری بکەن. بەڵکوو لەبری ئەوە، هیوادارن بە گرتنەبەری ڕێگەی سنووردارکردنی دەستووری لە قۆناغەکانی دواتری پرۆسەی دیموکراتیدا، بۆ نموونە بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی یاسادانان، پارێزگاری لە مافە دیموکراتییەکان بکەن. دووەم، نیۆلیبراڵەکان لە کاتێکدا کە پشتگیریی دیاریکردنی سنوور بۆ دیموکراسی دەکەن، بەقووڵی لەگەڵ نەناوەندیکردنی دەسەڵاتی سیاسی و مسۆگەرکردنی ئەوەن کە دەسەڵات بە دەست هەمووانەوە بێت، و بە پارێزراوی لە بەرامبەر تاڵان و زاڵێتیی حکوومی و کۆمپانیاکان پابەندن. وەک فریدمان ئاماژەی پێ دەدات، «کۆمپانیا بازرگانییەکان داکۆکیکار و بەرگریکاری ئابووریی بازاڕی ئازاد نین. بەپێچەوانەوە، یەک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی مەترسین» (Burgin 2012: 202).

ئەوان تەنیا سەبارەت بەوەی کە چلۆن ئەم بابەتە لەڕووی دامەزراوەییەوە مسۆگەر بکردرێت لەگەڵ لیبراڵە یەکسانیخوازەکان ناکۆکن. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، نیۆلیبراڵەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە داڕشتن و گەڵاڵەکردنی دامەزراوەکان بە شێوەیەک بێت کە دامەزراوە گەندەڵ و خۆسەپێنەکان نەتوانن، لە ناوخۆ یاخود لە دەرەوەی حکوومەت، بۆ نموونە لە بەکارهێنانی بازاڕەکاندا، پێک بهێندرێن. بەڵام هەروەها بۆ سنووردارکردنی ستەم و سەرکوت و گەندەڵی، پەنا دەبەنە بەر کۆمەڵێک میکانیزمی دەستووریی وەک ڕێساکانی زۆرینەی بەهێز (Buchanan & Tullock 1962) و فیدراڵیزم (Feld 2014). بەم پێیە، نیگەرانییەکی قووڵی نیۆلیبراڵەکان ئەوەیە کە خەڵک لە کۆنترۆڵی لەڕادەبەدەری سیاسی پارێزراو بن، بەڵام وا بیر ناکەنەوە کە ڕاگۆڕینەوەی گشتی بابەتێکی بنگەهی و سەرەکی بۆ دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجانە بێت. دەتوانین بڵێین بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی، میکانیزمەکانی «دەرچوون» بە بژاردەیەکی باشتر و گونجاوتر لە میکانیزمەکانی «دەنگ» دادەنێن (Hirschman 1970). خاڵی سێیەم، نیۆلیبراڵەکان تەنیا کەسانێک نین کە لە سنووردارکردنی دیموکراسی لە دەستووردا داکۆکی دەکەن، هەرچەندە زۆربەی تیۆریستە دیموکراتە چەپگەراکان، بە بەراورد لەگەڵ نیۆلیبراڵەکان، سنوورگەلێکی کەمتر بۆ دیموکراسی دادەنێن.

لە کۆتاییدا، مێژوونووسانی ئەندێشەی سیاسی سەرنجمان بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشن کە ئەو کەسایەتییە نیۆلیبراڵانەی لێرەدا باس کراون هەندێک کات پەیوەندی و تێکەڵاوییان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئاگوستۆ پینۆشێت لە چیلیدا هەبووە. بەڵام بیوکانان (Farrant & Tarko 2018) و فریدمان (Burgin 2012: 205) لە باشترین حاڵەتدا پەیوەندییەکی کەم و کورتیان لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا هەبووە و تەنانەت ڕەخنەگریشی بوون. بەڵام بەداخەوە، بابەتی هایەک چیرۆکێکی ترە. هایەک بیردۆزێکی نیوەچڵ و ناتەواوی بە ناوی «دیکتاتۆریی ڕاگوزەر» هەبوو کە ڕێگەی بە دیکتاتۆرێکی لیبراڵ دەدا کە پێش بە دەرەنجامە سۆسیالیستییەکان بگرێت و کۆمەڵگەیەک بەرەو دیموکراسییەکی لیبراڵ بگوازێتەوە، و ئەم بابەتە لە ڕوونکردنەوەی هەندێک تێبینی و لێدوانی ئەرێنیی هایەک لە پاڵپشتی و لایەنگریی ڕژێمی پینۆشێتدا یارمەتیدەرە (Farrant, McPhail, & Berger 2012; Biebricher 2018: 142–7; Slobodian 2018: 277). پشتگیریی هایەک بۆ ئەو ڕژێمە دەروەستییە دیموکراتییەکانی نیۆلیبراڵەکان خاشەبڕ ناکات، بەڵام دەتوانین بڵێین کە هایەک لەڕادەبەدەر لە دیموکراسی بەگومان بوو. دەتوانین مەترسییەکانی جوداکردنەوەی خەست و چڕی لیبراڵیزم لە دیموکراسی بەڕوونی ببینین، کە دەتوانێت کەسێک بە ڕادەیەک هەڵخڕێنێت کە بۆ پێشگرتن لە سۆسیالیزمی دیموکراتی، خۆی لە باوەشی دیکتاتۆریی لیبراڵ هاوێت.


٦. دەوڵەتی خۆشبژیوی

 نیۆلیبراڵەکان کە لەگەڵ دەوڵەتێکدان کە تا ڕادەیەک بەربڵاوتر لە دەوڵەتێکە کە حکوومەتەکەی لە هەمبەر هێزە دەرەکییەکان و تاوانبارە ناوخۆییەکان پارێزگاری لە خەڵک دەکات، شتومەکە گشتییەکان بەرهەم دەهێنێت و خزمەتگوزاریی سنووردار بۆ هەژاران دابین دەکات، پشتگیریی باجدانانی مامناوەند، دابەشکردنەوەی سامان، دابینکردنی شتومەکە گشتییەکان و جێبەجێکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی دەکەن. بۆ نموونە، هایەک (Caldwell 2004: 291)، فریدمان (Butler 1985: 206) و بیوکانان (Buchanan 1975: 35-52) لەگەڵ دابینکردنی شتومەکە گشتییەکان لە لایەن حکوومەتەوەن، چونکە بازاڕەکان بە ڕادەی پێویست شتومەکە گشتییەکان بەرهەم ناهێنن، لەبەر هەندێ، حکوومەت تەنانەت ئەگەر هەندێک جار شکستیش بهێنێت پێویستە هەنگاوێک بنێت (Butler 1985: 206).

بێ گومان نیۆلیبراڵەکان بە یاسا و پەیڕەوەکانی حکوومەت ڕەشبینن، کە بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وا بیر دەکەنەوە کە دامودەزگاکانی چاودێری دەخوازن پشت لە ئامانج و مەبەستی باش و ڕوو لە مەبەستی چەوت و خراپ بکەن (2007: 93). ئەمە تەوەرێکی بەردەوامی کارەکانی فریدمانە (Friedman 1962a [2002: 137-160])، بەتایبەت لە ڕەخنەکانی لە پێدانی مۆڵەتی پیشەییدا. و شیکاریی ڕانتخوازی یەک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی بیوکانانە کە ئەم بابەتە هەروەها لە لایەن هاوکاری سەردەمێکی دوورودرێژ لە کاری توێژینەوەی، واتە گۆردۆن توڵۆکیش خراوەتە ڕوو. بیرۆکراسییە مەزنەکان دەسەڵاتێکی زۆر دەدەنە دەست بەڕێوەبەران، دەسەڵاتێک کە بە کردەوە دەخوازێت بۆ بەرژەوەندیگەلی تایبەت خراپ بەکار بهێندرێت (Butler 1983: 209). و بەدڵنیاییەوە، نیۆلیبراڵەکان هەموویان دژی سیاسەتی دارایی کەینزین، بەتایبەت ئەو پاڵنەرانەی لە ڕێگەی قەرزەوە دابینی دارایی دەکرێن (Buchanan 1987: 456; Butler 1985: 186). بەڵام ئەم نیگەرانییانە لەگەڵ لایەنگری لە دەوڵەتی خۆشبژیوی یەک دەگرێتەوە.

هایەک دەستتێوەردانە جۆراوجۆرەکانی حکوومەتی تەواو بەدڵە. هایەک (Hayek 1944 [2007]) لە پەرتووکی ڕێگەی کۆیلایەتیدا داکۆکی دەکات لە سیاسەتی پارەیی دژەسووڕی، سازکردن و بنیاتنانی ژێرخانەکانی گواستنەوە لە لایەن حکوومەتەوە، بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ کارەساتە سروشتییەکان، بیمەی تەندروستی لە لایەن حکوومەتەوە، ئاستێکی لانیکەمیی داهاتی بنەڕەتی، و هەورەها یاساگەلێکی ئەستەم لە پەیوەندی لەگەڵ کاتژمێرەکانی کارکردن، تەندروستی و سەلامەتی لە شوێنی کاردا، ژەهرەکان، لەناوبردنی دارستان، میتۆدە زیانبەخشەکانی کشتوکاڵ، ژاوەژاو، دووکەڵ و نرخی ئەو شتومەک و ڕاژەیانەی پاوانکاریی سروشتین (Hayek 1944 [2007: 22, 43-4, 133-5, 217]; Burgin 2012: 90-1). بە هەمان شێوە، لە کتێبی دەستووری ئازادیدا دەڵێت کە حکوومەت پێویستە پێش بە داتەپینی ئابووری بگرێت و مووچەی خانەنشینی، چاودێریی پزیشکی و پارەی پەروەردە لە شێوەی کۆپیندا دابین بکات (Hayek 1960 [2011: 264, 276, 286, 294, 379]). هایەک بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە «فۆرموڵە کۆنەکانی "لێسێ فێر" (laissez faire) یان دەستتێوەردان نەکردن پێوەرێکی وەک پێویست و گونجاومان بۆ هەڵاواردن لە نێوان ئەوەی لە سیستەمێکی ئازاددا ڕێپێدراو و قبووڵکراوە لەگەڵ ئەوەی قبووڵکراو نییە پێ نادات» (Hayek 1960 [2011: 231]؛ هەروەها بڕوانە Hayek 1944 [2007: 71]; 1973: 62; 1979: 41).

هایەک تەنانەت پشتیوانی لە داهاتێکی بنەڕەتی دەکات: « ... دڵنیابوون لە داهاتێکی لانیکەمیی دیاریکراو بۆ هەمووان ... وا دیارە نەتەنێ پارێزگارییەکی تەواو ڕەوا لە هەمبەر مەترسییەکی هاوبەش بۆ هەمووان دەبێت، بەڵکوو بەشێکی تایبەت لەو کۆمەڵگە مەزنە دەبێت کە تێیدا تاک چیتر ئیدعایەکی تایبەتی لەسەر ئەندامەکانی ئەو گرووپە بچووکە تایبەتانە نییە کە تێیاندا لە دایک بووە» (Hayek 1979: 55). لە کاتێکدا کە مەبەستی هایەک لە زاراوەی «ڕەوا» لێڵ و ناڕوونە و لەوانەیە تەنیا تا ڕادەیەک لەگەڵ بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە لە فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا یەک بگرێتەوە، وێ دەچێت پێی وا بێت کە حکوومەتەکان لەڕووی ئەخلاقییەوە پێویستە ڕێوشوێن و هەنگاوەکانی دەوڵەتی خۆشبژیوی ببەن بە ڕێوە. حکوومەتەکان دەبێ بە شوێن کەمکردنەوەی هەژاریدا بن، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کە بەسوودە، بەڵکوو چونکە کارێکی دروستە. هایەک نیگەرانی ئەوەیە کە تۆڕەکانی سەلامەتیی کۆمەڵایەتی لە کۆنترۆڵ دەربچن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پشتگیرییان دەکات (Caldwell 2004: 291).

لەگەڵ ئەوەدا کە فریدمان لیبەرتاریەنترین کەسی ناو ئەم سێ کەسایەتییەیە (Burgin 2012: 213)، بە هیچ شێوەیەک داکۆکی لە هەڵوەشاندنەوەی دابەشکردنەوەی سامان لە پێناو هەندێک ئامانج و مەبەستدا ناکات، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکوومەت دەبێ «نەهامەتی و هەژاریی تووش و ئەستەم کەم و ساڕێژ بکات» (Friedman 1951 [2012: 7]). حکوومەت دەبێ «ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگە کە ناکرێت وەک تاکێکی "بەرپرسیار" ڕەچاو بکردرێن، بەتایبەت منداڵان و شێتەکان، بپارێزێت» (Butler 1985: 206). هەروەتر، «لیبراڵەکان کە پشتگیری و پێشوازی لە کەمکردنەوەی هەژاری لە لایەن حکوومەتەوە دەکەن، بە پلەی یەکەم لەبەر ئەوەیە کە ڕاشکاوانە بە شێوەیەکی باوکسالارانە ئاگایان لە خەڵکانی هەژارە» (Friedman 1974b [2012: 23]).

یەک لە بەناوبانگترین پێشنیارە ڕامیارییەکانی فریدمان باجی نەرێنی لەسەر داهاتە، کە تێیدا هەژاران گەر بێتو داهاتیان بە ڕادەیەکی دیاریکراو کەم بێت، لە یارمەتیی دارایی ڕاستەوخۆ بەهرەمەند دەبن کە پارەکەی لە ڕێگەی باجی ئەرێنی لەسەر داهاتی دەوڵەمەندان و چینی ناوەند دابین دەکرێت (Friedman 1962a [2002: 191-4]). فریدمان (Friedman 1960 [2002: 191-2]) لەو باوەڕەدا بوو کە ئەم سیاسەتە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری ڕەوایە، چونکە چالاکیی خێرخوازیی ناحکوومیی پەتی ڕەنگە ببێتە هۆی مفتەخۆری. فریدمان (Friedman 1962a [2002: 85-107]) هەروەها داهێنەری سیاسەتی کۆپینی قوتابخانەیە، و ئەو (Friedman 1974b [2012: 20]) بە مەرجێک حکوومەت قوتابخانەکان کۆنترۆڵ نەکات، پاڵپشتی لە خوێندنی ناچاری دەکات.[٩] لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، فریدمان هێشتاش نیگەرانی ئەوەیە کە دەوڵەتی خۆشبژیوی لەڕادەبەر بیرۆکراتی و ئۆتۆریتاریەن بێت، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەدا بوو کە یارمەتیی دارایی ڕاستەوخۆ جێی زۆربەی پرۆگرامەکانی دەوڵەتی خۆشبژیوی بگرێتەوە.

جێیەتی لێرەدا باس لە دوو خاڵی دیکە سەبارەت بە ڕوانگەی فریدمان بۆ کەمکردنەوەی هەژاری بکەین. یەکەم، فریدمان وا بیر دەکاتەوە کە «هیچ ڕێسا و پێناسەیەکی سروشتی بۆ خاوەندارێتی نییە. دواجار توخمێکی لە بنەڕەتدا ئارەزوومەندانە هەیە کە دیاری دەکات هێڵ و سنوورەکانی خاوەندارێتی تا کوێ بکێشرێن» (Friedman 1974a [2017: 86]). ئەمە خاڵێکە کە زۆربەی کات لە لایەن ڕەخنەگرانی لیبەرتاریانیزم جەختی لەسەر دەکرێتەوە، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایە کە مافە خاوەندارێتییەکان گرێبەستین، نەک سروشتی، بۆیە ناتوانن لەڕووی ئەخلاقییەوە دابەشکردنەوەی سامان قەدەغە بکەن (Murphy & Nagel 2002). ئەم ڕستانە ئەوە پێشان دەدەن کە فەلسەفەی سیاسیی فریدمان مافێکی سروشتیی خاوەندارێتیی تایبەت لە خۆ ناگرێت کە وەک ڕێگر و بەربەستێک لەبەردەم دابەشکردنەوەی سامان بێت. دووەم، فریدمان داکۆکیی خۆی لە دەوڵەتی خۆشبژیوی، وەک بەشێک لە بیردۆزی نائایدیالی خۆی دەزانێت، نەک ئایدیال. فریدمان داکۆکی لە کۆپین و باجی نەرێنی لەسەر داهات دەکات «نەک لەبەر ئەوەی کە بەشێک لە کۆمەڵگەی یوتۆپیایی ئایدیالی من بن، بەڵکوو چونکە من وای بۆ دەچم کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شوێنەی ئێستا لێی ڕاوەستاوین، کاریگەرترین هەنگاوەکان بۆ گەیشتن بەو شوێنەن کە دەمانهەوێت پێی بگەین» (Burgin 2012: 175). لە ڕاستیدا، فریدمان (Friedman 1974a [2017: 79]) هاوسۆزیی بۆ ئەنارکیزم هەیە، گەرچی پێی وایە «پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕێتێچوو و مەیسەر» نییە. ئەمە لەگەڵ وەسفکردنی نیۆلیبراڵیزم وەک بیردۆزێکی نائایدیال دەیخوێنێتەوە و یەکانگیرە. لە کاتێکدا لە بیردۆزی ئایدیالدا فریدمان لیبەرتاریەن یان لانیکەم لیبەرتاریەنتر لە نیۆلیبراڵەکانی ترە، بیردۆزی نائایدیالی وی نیۆلیبراڵیزمە.

بیوکانان هەم سەختگیرترین کەس لەسەر دەوڵەتی خۆشبژیوی و هەم یەکسانیخوازترینیانە. ئەو لە ڕاستیدا سەبارەت بە کەمکردنەوەی هەژاری لە لایەن حکوومەتەوە هیچ ناڵێت. سەرەڕای ئەمەش، گرێبەستگەرایی بیوکانان تا ڕادەیەک دابەشکردنەوەی سامان قبووڵ دەکات، بەو پێیەی کە لەو باوەڕەدایە کە گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکەی لە ئەنجامدا ڕێککەوتنێکی یەکدەنگ لەسەر هەبوونی دەوڵەتێکی «بەرهەمدەر»ی لێ چێ دەبێت، کە ئەو شتومەکە دابین دەکات کە پارەکەیان لە ڕێگەی باجەوە دەست دەخرێت، و هەروەها دەتوانێت بیمەی کۆمەڵایەتی دابین بکات (Buchanan 1975: 124). بیوکانان هەروەها داکۆکی لە پرەنسیپی دەرفەتی یەکسان دەکات، کە پێی وایە پێویستی بە باجی لەسەداسەدی لەسەر میراتە کە پێش بە سازبوونی ئەریستۆکراسی دەگرێت. پێدەچێت ئەم پرەنسیپە بتوانێت فۆرمەکانی تری دابەشکردنەوەی سامان پاساو بدات.

نیۆلیبراڵەکان بەتوندی یەکێک لە باوترین بنەماکانی پاساودانی دەوڵەتی خۆشبژیوی، واتە شۆپاندنی چەمکێکی یەکسانیخوازانە لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ڕەت دەکەنەوە. هایەک لەم بابەتەدا لە هەمووان ڕوونتر و ڕاشکاوانەترە، ئەویش لەم ڕووەوە کە بیرۆکەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە. تێڕوانینی هایەک بۆ بیرۆکەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کە تا ڕادەیەک سەیر و نائاساییە، بریتییە لە کۆمەڵێک پرەنسیپی ئەخلاقی کە بەسەر لەپاساوهاتوویی دابەشکردنەوەی تایبەتی سەرچاوە ئابوورییەکاندا زاڵن، نەک ئەو پرەنسیپە ئەخلاقییانەی کە کارکردی سیستەمێکی ئابووری بەگشتی ئاراستە دەکەن. هایەک (Hayek 1978: 78) لەو باوەڕەدایە کە بیرۆکەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەو ڕووەوە لێڵ و ئاڵۆزە کە دادپەروەری ناتوانرێت بۆ دەرەنجامە تایبەتەکانی بازاڕ بەکار بهێنرێت، چونکە ئاکامی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و هۆشیارانە نین. دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ئایدیایەکی ناڕێک و نایەکانگیرە، زۆر وەک ئەوە وایە بڵێین «ئەو بەردە ئەخلاقییە». هایەک پێی وایە زۆر پێویستە کە دەوڵەت بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی مووبەمووی داهات بەکار نەهێنرێت (Caldwell 2004: 350): «هەر سیاسەتێک کە ڕاستەوخۆ ئایدیای بنچینەیی دادپەروەریی دابەشکاری بە ئامانج بگرێت دەبێ لەناوبردنی سەروەریی یاسای لێ بکەوێتەوە» (Hayek 1944 [2007: 79]).

دیسانەکەش تێگەیشتن و تێڕوانینی هایەک بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، سەیر و نائاساییە. هایەک لای وایە بۆ دادپەوریی کۆمەڵایەتی پێویستە دەرەنجامگەلێکی ئابووریی تایبەت و دیاریکراو بسەپێندرێن، نەک ئەوەی کە ڕێسا ئەخلاقی، یاسایی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەیەک لە بەرژەوەندیی هەمووان لە گەڕدا بن؛ کە ئەو خۆی پشتیوانی لە مەرجی دووەم دەکات. هایەک دەڵێت «خوازراوترین و پەسندترین نەزمی کۆمەڵگە» «ئەوەیە کە ئەگەر بمانزانیبایە کە تێیدا پێگەی سەرەتاییمان تەواو بە ڕێکەوت دیاری دەکردرێت (وەکوو ئەو ڕاستییە کە لە خێزانێکی دیاریکراودا لە دایک بووین) هەڵماندەبژارد» (Hayek 1978: 132). گەر هایەک وەکوو جۆن ڕاوڵز دێتە بەر چاو بە ڕێکەوت نییە. ئەوەی کە هایەک نووسراوە سەرەتاییەکانی ڕاوڵزی (نەک بیردۆزێکی دادپەروەری) دەخوێندنەوە بەو قەناعەتەی گەیاند کە هیچ ناتەبایی و جیاوازییەکی بیروڕای لەگەڵ ڕاوڵزدا نییە، لەو ڕووەوە کە ڕاوڵز «دان بەوەدا دەنێت کە دەبێ واز لەوە بهێندرێت کە ئەرکی هەڵبژاردنی سیستەمگەلێکی تایبەتی دابەشکردنی شتە خوازراوەکان، وەک بابەتێکی دادپەروەرانە سەیر بکردرێت» (Hayek 1978: 100).[١٠] بەم شێوەیە، پێ دەچێت کە هایەک لەگەڵ چەمکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی ڕاوڵز هاوڕا بێت و کەڵکی لێ وەرگرێت، بەڵام تێگەیشتنی ڕاوڵزی بۆ ئەو چەمکە قبووڵ نییە. ئەم چەمکەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئازادیدا کۆکە و دەگونجێت. شوێن دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کەوتن تەنیا کاتێک بە واتای لەناوبردنی سەروەریی یاسایە کە تێگەیشتنمان بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وا بخوازێت کە دەست ببەینە ناو کۆمەڵێک دەرەنجامی ئابووریی تایبەتەوە (Hayek 1960 [2011: 85]). لایەنگران و داکۆکیکارانی بیر و بۆچوونەکانی هایەک ئێستاکە بە باشی لەم خاڵانە تێگەیشتوون (Tomasi 2012: 142–150).

بیوکانان و فریدمان کەمتر تەرکیزیان لەسەر ڕەتکردنەوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کردووە، بەڵام هەڵوێستەکانیان لەوانەی هایەک دەچێت. گرێبەستگەرایی بیوکانان بەو باوەڕەی گەیاندووە کە دابەشکردنەوەکانی سامانی کۆمەڵگەیەک کاتێک دادپەروەرانەن کە بەرهەمی ڕێساگەلێک بن کە هەمووان لەسەریان کۆکن، ئەگینا بەدەر لەمە نادادپەروەرانەن. کەواتە ئەگەر شۆپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە واتای شکاندن و ژێرپێخستنی ئەو ڕێسا دەستوورییانە بێت کە لەسەریان ڕێککەوتووین، ئەوە گرفت ساز دەکات. بەڵام گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان دەشێ ڕێساگەلێکی دابەشکردنەوەیان هەبێت. ئەگەر خەڵک ڕەزامەندییان بە ڕێساکانی دابەشکردنەوە هەبێت، ئەوە دابەشکردنەوە پاساودراوە. لەم ڕەهەندەوە، بیوکانان بە بەراورد لەگەڵ هایەک، لە ڕاوڵز نزیکترە.

فریدمان فرە کەمتر لەوەش لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەدوێت. زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنیا چەند جۆرێکی یەکسانی خوازراو و جێی پەسندن. بۆ نموونە، فریدمان (Friedman 1980 [2017: 144]) زۆر جار دەڵێت کە تەنیا دەبێ بە شوێن یەکسانیی دەرفەتەکاندا بین، نەک یەکسانیی ئەنجامەکان (Butler 1985: 218). بەڵام هەروەها بە پێویستی دەزانێت کە جەخت لەوە بکاتەوە کە بازاڕەکان لە زات و کرۆکی خۆیاندا بەو شێوەیە نین کە ئەنجامگەلێکی زۆر نایەکسان بەرهەم بهێنن. فریدمان (Friedman 1955 [2017: 14]) دەڵێت کە «ڕێگەی کەمکردنەوەی نایەکسانی ... پێدانی سوکناییەکی کاتی و چەواشەکارانەی هاوبەشکردنی سامان نییە، بەڵکوو باشترکردن و پێشخستنی میکانیزم و شێوازی کارکردنی بازاڕ، بەهێزکردنی کێبەرکێ و فراوانکردنی دەرفەتەکان بۆ تاکەکانە تا بتوانن زۆرترین سوود لە تایبەتمەندییەکانی خۆیان وەربگرن». جیاوازییەکان لە هێزی ئابووریدا ئەوە ناگەیەنێت کە حکوومەت ڕوو لە دابەشکردنەوەی سامان بکات، بەڵکوو دەخوازێت زیاتر بەرەو کاپیتالیزم هەنگاو بنێین: «فەزیلەتی کاپیتالیزمی ئابووریی بازاڕی ئازاد ئەوەیە کە بازرگانێک لە بەرامبەر بازرگانێکی تر دادەنێت و بەم پێیەش کاریگەرترین ئامێرە بۆ کۆنترۆڵکردن» (Friedman 1974a [2017: 84]). بازاڕە ئازادەکان هێزی ئابووریی پاوانکارانە و قۆرخکارانە تێک دەشکێنن، لە کاتێکدا حکوومەت ئەو هێزە بەرهەم دەهێنێت (Butler 1985: 210).


٧. ڕەخنەکان لە نیۆلیبراڵیزم

ئەم بەشە دەپەرژێتە سەر ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی نیۆلیبراڵیزم کراون، بەڵام بەشێکی زۆر لەو ڕەخنانەش لێرەدا ناخەینە بەر باس. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی ئەو ڕەخنە ناسراوانەی ئاراستەی نیۆلیبراڵیزم دەکردرێن لە ڕاستیدا تەنیا ڕەخنە لە سەرمایەدارین. بەم پێیە، ئەم بەشە تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕەخنانەی کە ڕاستەوخۆ نیۆلیبراڵیزم دەکەنە ئامانج.


١.٧. ڕەخنەکانی پەیوەست بە ئیتۆسەوە

خەڵکانێکی زۆر نیۆلیبراڵیزم بەرەوڕووی ئەو ڕەخنەیە دەکەنەوە کە پێکهاتەی کۆمەڵگە لە دەوری بازاڕ دادەڕێژێت و هەڵدەچنێت، پەیوەندییەکانی بازاڕ بە کاڵا دەکات و بەگشتی خەڵک بۆ خزمەتکردن بەو ئامانجانەی لە ڕوانگەی بازرگانی یان بەرهەمهێنانی ئابوورییەوە هەرە باش و بەقازانجن هەڵدەسووڕێنێت و بەکار دەهێنێت. بەم شێوەیە، نیۆلیبراڵیزم کۆمەڵگە بە دەوری چەق و خاڵی ناوەندیی پارەوە بنیات دەنێت. بەڵام نیۆلیبراڵیزم بەپێچەوانەی سەرمایەداریی تەواو، ئەو کارە بە شێوەیەکی شاراوە و نهێنی ئەنجام دەدات کە بۆ سەلماندنی، پێویست بە لێکۆڵینەوە و کاری زانستیی جددییە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، نیۆلیبراڵیزم خۆی ئیتۆسێک نییە، بەڵام ڕەنگە بکرێت وەک فاکتەرێک بۆ چێکردنی پەیوەندییەکی لەڕادەبەدەر کاپیتالیستی/سەوداگەرانە لە نێوان خەڵکدا ڕەچاو بکردرێت. جێسیکا وایت لە کاتێکدا کە ئەم وەسف و لێکدانەوەیە لە نیۆلیبراڵیزم ڕەت دەکاتەوە، بە پەیڕەوی لە کەسانێکی تری وەک وێندی براون (Brown 2015)، دەڵێت کە نیۆلیبراڵیزم زۆربەی کات «وەک ئایدیۆلۆژیایەکی ئابووریی نائەخلاقی باس دەکردرێت کە هەموو بەهاکان دەکاتە پاشکۆ و بندەستی ئەقڵانیەتێکی ئابووری» (Whyte 2019: 19). لێرەدا ئەم شیکارییە تا ڕادەیەکی زۆر لە فۆکۆ (Foucault 2010) وەرگیراوە کە دەگوترێت نیۆلیبراڵیزم ئەقڵانیەتی کردەیی تا ئاستی کۆمەڵێک تێبینیی ئابووری دێنێتە خوارەوە، تا ئەو ڕادەیە کە «لە نێوان پێشێلکردنی ڕێوشوێن و یاسایەکی هاتوچۆ لەگەڵ کوشتنی بەئەنقەستدا هیچ جیاوازییەک نامێنێت» (Brown 2015: 253-4). تەنانەت دەکرێت ئارگیومێنتێکی نیگەرانکەرتر بخرێتە ڕوو کە نیۆلیبراڵیزم هێندەی کە هەڵوێست و تێڕوانینی دەمارگرژانە، کۆنەپەرستانە، هیرارکی و تەقلیدی بە دوای خۆیدا دێنێت، تێڕوانینی خۆپەرستانەی لێ ناکەوێتەوە (Brown 2019: 7, 37).


٢.٧. نایەکسانی

یەک لە نیگەرانییە سەرەکییەکان سەبارەت بە نیۆلیبراڵیزم ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر گەشەی ئابووری زۆرتر بکات، نایەکسانیی ئابوورییش بەرز دەکاتەوە کە لە چەندین ڕووەوە کێشە و گرفت ساز دەکات. بەگشتی دوو جۆر ڕەخنەی نایەکسانی دەخرێتە ڕوو. ئەوەی زیاتر ناسراوە ڕەخنە ئەزموونییەکانن کە تەنیا بەپێی داتاکان پێشانی دەدەن کە ڕژێمە نیۆلیبراڵەکان دەبنە هۆی چێبوونی کۆمەڵێک نایەکسانیی مەترسیدار. نموونەی ئەم جۆرە ڕەخنەیە کتێبی تۆماس پیکێتی بە ناونیشانی سەرمایەیە (Piketty 2014) کە هەڵگری ئەو بۆچوونەیە کە نایەکسانیی ئابووری لە گەشەدایە و هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی، هەروەها کار و توێژینەوەی مارتین گیلێنس (Gilens 2014) لەسەر نایەکسانی و کاریگەری وەرگرتنی سیاسەتداڕێژیی دیموکراتی لە دەیەکی دەوڵەمەندی کۆمەڵگە.

جۆرەکەی تری ڕەخنە لە بواری نایەکسانی لەژێر نیۆلیبراڵیزمدا لە کارەکانی ڕاوڵز وەرگیراوە. وەک دەزانرێت، ڕاوڵز سەرمایەداریی دەوڵەتی خۆشبژیوی و فۆرمێکی تۆکمە و پتەوتری سەرمایەداری کە بە سیستەمی ئازادیی سروشتی ناوی دەبرد ڕەت دەکاتەوە، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایە کە ئەو دوو فۆرمەی سەرمایەداری مەرجەکانی دوو پرەنسیپی دادپەروەریی ڕاوڵزیان تێدا نییە و ئەو پرەنسیپانە ناهێننەدی (Rawls 2001; O’Neill and Williamson 2014). ڕاوڵز دەڵێت کە تەنانەت سەرمایەداریی دەوڵەتی خۆشبژیوییش ناتوانێت پارێزگاری لە بەهای ئازادیی سیاسی بکات یان ئەولەویەتەکانی بهێنێتەدی (Rawls 1993 [2005]) چونکە ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکات کە سەرمایە لە دەستی چەند کەسێکدا کۆ ببێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی هەژموون و زاڵبوونی ئابووری بەسەر سیاسەتدا، و هەروەها بێبەری و بێبەشبوونی بەشێکی زۆر لە خەڵک لە هەڤیازییەکانی خاوەنبوون، وەگەڕخستن و سوودوەرگرتن لە لانیکەم بەشێک لەو سەرمایەیە کە بۆ بەهرەمەندبوون لە بەهای ئازادییە دەستوورییەکانی خۆیان پێویستیانە.

چەشنێکی تری نایەکسانی کە وەک نیگەرانییەک بۆ کۆمەڵگە نیۆلیبراڵییەکان ورووژێنراوە لاسەنگیی دەسەڵاتی سیاسی لەناو کۆمپانیاکاندا لە نێوان سەرۆکەکان و کرێکاراندایە. بۆ نموونە، ئێلیزابێت ئەندەرسۆن (Anderson 2019) ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە فۆرمێکی «حکوومەتی تایبەت»ی ستەمکارانە و مڵهوڕانەیە، و ئەو دامەزراوانەی کە نیۆلیبراڵەکان داکۆکییان لێ دەکەن (ئەگەرچی خۆی ڕێک ئەم زاراوەیە بەکار ناهێنێت) بۆ یەکسانکردنی ئازادییەکانی سەرمایەداران و کرێکاران شیاو و تەواو نین.


٣.٧. لاوازکردنی دیموکراسی

ڕەخنەیەکی زۆر باو کە لە نیۆلیبراڵیزم دەگیرێت ئەوەیە کە دیموکراسی لاواز دەکات. هەروەک مارتین گیلێنس (Gilens 2014) لە کتێبی سامان و باندۆردا دەڵێت و لاری بارتێڵزیش (Bartels 2008 [2016]) داکۆکیی لێ دەکات، لەوانەیە بەو هۆیەوە بێت کە نایەکسانیی ئابووری کە بەرز دەبێتەوە دیموکراسی لاواز دەکات. نیۆلیبراڵیزم لە ڕێگەیەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆی لاوازبوونی دیموکراسی، کە ئەویش بە ئەولەویەتدان بە پاراستنی ئازادییە ئابوورییە لیبراڵییە کلاسیکەکانی وەک مافی خاوەندارێتیی تایبەتە. ئەمانە دەتوانن توانایی هاووڵاتییانی دیموکرات بۆ بڕیاردان لەسەر دابەشکردنەوەی سامان بەرتەسک بکەنەوە. ئەم کێشەیە بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕوانگەی ئەرێنیی هایەک بۆ ڕژێمی پینۆشێت لە چیلی بەرجەستە دەبێتەوە. هایەک هیوای دەخواست کە دیموکراسییەک لە چیلیدا وەدی بێت، بەڵام هاوکات پێی وا بوو کە کوودەتای پینۆشێت هەلی بۆ چیلی ڕەخساند کە خۆی لە دەست فیشەکی سۆسیالیزمی دیموکراتی ڕزگار بکات کە سالڤادۆر ئالێندێ، سەرۆک کۆماری بەر لە پینۆشێت، لایەنگری و داکۆکیی لێ دەکرد. گرژییەک لە نێوان لیبراڵیزم و دەروەستییە دیموکراتییەکان لەناو نیۆلیبراڵیزمدا بوونی هەیە کە لە پراکتیکدا بە لایەکدا دەشکێتەوە کە خەسار بە دیموکراسی دەگەیەنێت.


٤.٧. نائەقڵانیبوونی ئابووری

ڕژێمە نیۆلیبراڵییەکان بە ڕادەیەکی زۆر پشتیان بە میکانیزمەکانی بازاڕ بەستووە، و نیۆلیبراڵەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بازاڕەکان کارا و کارامەن یان لانیکەم لەڕووی ئابوورییەوە ئاستێکی بەرزی بەرهەمدەرییان هەیە (هەرچەندە نیۆلیبراڵەکان لەسەر چۆنێتیی پێناسەکردن و ڕوونکردنەوەی بەرهەمدەری و کارامەیی بازاڕ هاوڕا نین). بەڵام ئابووریزانە ڕەفتارییەکان (Kahneman 2013; Ariely 2010) کۆمەڵێک لاگیریی جۆراوجۆریان لە ئەقڵگەریی مرۆڤدا دەستنیشان کردووە کە مۆدێلی مرۆڤی ئابووری خاشەبڕ و لاواز دەکات، کە دەگوترێت نیۆلیبراڵەکان بۆ مۆدێلکردن و پێشبینیکردنی پەرەسەندنی ئابووری کەڵک لەو مۆدێلە وەردەگرن (گەرچی وەک لە سەرەوە باس کرا، نیۆلیبراڵەکان پەیوەندییەکی وردتریان لەگەڵ مرۆڤی ئابووریدا هەیە). بۆ زانیاریی زۆرتر دەتوانن سەیری وتاری «ئەقڵانیەتی سنووردار» لە ئینسایکلۆپیدیای ستانفۆرد بکەن.


٥.٧. ڕەتدانەوە کەینزییەکان

وەک ئاماژەی پێ درا، نیۆلیبراڵیزم تا ڕادەیەک لە کاردانەوە بە هەژموونی سیاسەتی کەڵەئابووریی کەینزی سەری هەڵدا. بەڵام کەینزییەکانیش، دیارتر لە هەمووانیان پاوڵ کروگمان (Krugman 2012)، وەڵامیان داونەتەوە و دەڵێن کە ڕەخنە نیۆلیبراڵییەکان لە سیاسەتی کەینزی شکست دەهێنن. ئەمە بەتایبەت لەو ڕووەوە دروستە کە نیۆلیبراڵەکان زۆربەی کات بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە سیاسەتی دارایی بە بەراورد لەگەڵ پاڵنەری پارەیی، پاڵنەرێکی نەزۆک و ناکاریگەرە. کروگمان لە کاتی «داتەپینی ئابووریی مەزن»دا ئاماژەی بەوە دا کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە ڕادەیەک ڕێژەی سوودی دابەزاندووە کە پاڵنەری پارەیی لەمە زیاتر تووشی شکست دێت، بۆیە سیاسەتی دارایی دەبێ دەستتێوەردان بکات و وەگەڕ بخرێت.

زۆربەی ئەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی ئەو ڕژێمە نیۆلیبراڵییانە دەکردرێن کە لە سەردەمی «داتەپینی ئابووریی مەزن»دا سیاسەتی «ڕیازەتی ئابووری»یان گرتبووە بەر، لەسەر بنەمای مۆدێلێکی بنچینەیی کەینزین، چونکە ڕەخنەگرانی کەمکردنەوەی خەرجیی حکوومەت لە ماوەی «داتەپینی ئابووریی مەزن»دا ڕەخنەکانیان زۆربەی کات لەسەر بنەمای ئەو ئایدیایە بوو کە کەمکردنەوەی خەرجیی حکوومەت گورز لە ئاسۆی ئابووریی هەژاران دەدات. لە کاتێکدا بە گوێرەی نیۆلیبراڵەکان بە کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازەوە، هەڵگڵۆفین و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت لە کاتی داتەپینی ئابووریدا زیان بە هەژاران ناگەیەنێت. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە سەیری وتاری «فەلسەفەی ئابووری» لە ئینسایکلۆپیدیای ستانفۆرد بکەن.


٦.٧. ئابووریی داچۆڕانەوە

یەک لەو تۆمەتانەی کە بەرەوڕووی نیۆلیبراڵیزم دەکرێتەوە ئەو بەڵێنە درۆیەیە کە دەڵێن سوود و قازانجەکانی گەشەی ئابووری لە دەوڵەمەندانەوە بەرەو هەژاران «دادەچۆڕێتەوە» و ئەوانیش لێی بەهرەمەند دەبن (Quiggin 2012). گەر بمانهەوێت وردتر بدوێین، ئابووریی داچۆڕانەوە قوتابخانەیەکی ڕەسەنی هزری ئابووری نییە، و لە لایەکی تریشەوە، هایەک، فریدمان و بیوکانان ئەم چەشنە ڕاڤە و لێکدانەوەیان لە ڕوانگە و بۆچوونەکانیان قبووڵ نەبووە. ئەم سێ توێژەرە لەو باوەڕەدا بوون کە هەمووان لەو برەوە ئابوورییە سوودمەند دەبن کە ئاکامی بازاڕی ئازادە، بەڵام مەرج نییە ئەمە لەبەر ئەوە بێت کە دەوڵەمەندەکان سەرەتا سوودمەند ببن. هایەک (Hayek 1960 [2011]) دەیگوت کە چەشنێک لە کاریگەریی داچۆڕانەوە بۆ نرخی شتومەکەکان و ڕاژەکان هەیە کە تێیدا ئەو کاڵایانەی بۆ دەوڵەمەندەکان لۆکس و لاکچەرین بۆ هەژاران دەبن بە شتانێکی ئاسایی، چونکە بەرهەمهێنەران تێدەگەن چلۆن نرخەکان دابەزێنن تا دزەکردن و باندۆری بازاڕ بە تێپەڕبوونی کات فرە و بەربڵاو بکەن. و لە ڕاستیدا، لە ئابووریی ڕەوتی سەرەکیدا ئەمە ستانداردێکە کە بگوترێت کە کار و کاسبییەکان بە کەڵەکەکردن و زۆرکردنی سەرمایەی خۆیان دەتوانن هەقدەستێکی زۆرتر بە کرێکارانیان بدەن و بەم شێوەیە دەتوانن کرێکاران لە کۆمپانیاکانی تریش بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. ئەم پرۆسەیە زۆربەی کات دەبێتە هۆی زیادبوونی هەقدەستەکان، لەم ڕووەوە گەر بێتو سەرمایەیەکی زۆرتر لە دەستی دەوڵەمەنداندا بێت دەکرێت بە کۆمەڵێک ڕێگەی هۆکردی تا ڕادەیەک ئاسایی، بەرزبوونەوەی هەقدەستی هەژارانی لێ بکەوێتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، زۆربەی بەرپرسە نیۆلیبراڵەکان بەڵێنی کۆمەڵێک دەستکەوتیان بۆ هەژاران دا، کە زۆرجار نەهاتنەدی.


٧.٧. ڕەخنە لیبەرتاریەنییەکان

نیۆلیبراڵیزم و لیبەرتاریانیزم گەرچی دوو ڕوانگەن کە پەیوەندییان لەگەڵ یەکتردا هەیە، بەڵام لە یەکتر جیان. هاوکات نیۆلیبراڵەکان لە هەندێک ڕووەوە و لەژێر هەندێک هەلومەرجدا لیبەرتاریەن بوون. لە ڕاستیدا، بیوکانان لەو باوەڕەدا بوو کە ئەنارکی لەڕووی ئەخلاقییەوە باشترین ڕژێمە، تەنانەت ئەگەر لە پراکتیکدا نەکرێت جێبەجێ بکردرێت. بەڵام هێشتاش ئاساییە کە لیبەرتاریەنەکان ڕەخنە لە لیبەرتاریەنە میانڕەوەکان بگرن؛ یەکەم، لەبەر ئەوەی کە ئیزن بە هەر چەشنە دابەشکردنەوەیەکی سامان دەدەن، بۆ نموونە مورای ڕۆتبارد (Rothbard 1973, 1982 [2002]) و ڕۆبەرت نۆزیک (Nozick 1974)، یاخود لەبەر ئەولەویەتدان بە دیموکراسی لەچاو ئەو فۆرمە بڕیاردانە سیاسییانەی کە ئێپیستۆکراتیتر یان نوخبەتەوەرترن، نموونەی ئەمەش جەیسۆن برێنانە (Brennan 2016).


٨.٧. ڕەخنە کۆلۆنیالیستییەکان

لە هەندێک کۆڕ و کۆمەڵدا ئەم گوتەیە زۆر دەگوترێت کە ڕژێمە نیۆلیبراڵییەکان تایبەتمەندیی کۆلۆنیالیستییان هەیە، ئەگەرچی بە شێوەیەکی نائاسایی ڕاستەوخۆیش بێت. وای لێی دەڕواندرێت کە نیۆلیبراڵیزم لە لایەن ڕژێمەکانی دونیای ئینگلیزی زمان و زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژاواوە گیرایەبەر و ئەمە کۆدەنگییەکی نوخبە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر چۆنێتی و شێوازی بەڕێوەبردنی ئابوورییەکان لە سەرانسەری جیهاندا پێک هێنا. ئاکامی ئەوەش پێکهاتنی «کۆدەنگیی واشینگتۆن» بوو کە کۆمەڵێک دەستتێوەردانی ڕامیاریی لێ کەوتەوە کە حوکمڕانیی دیموکراتیی وڵاتانی پەرەئەستێنی بە لاڕێدا برد، نایەکسانیی زۆرتر کرد و دۆخی هەژارانی خراپتر کرد. بۆ خوێندنەوەی باس و گەنگەشەیەکی تێروتەسەل لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە Whyte (2019: chapters 3–5).


٩.٧. ڕەخنە پۆپیولیستی/ناسیۆنالیستییەکان

ڕەخنەی پۆپیولیستە ڕاستڕەوەکان لە سیاسەتی نیۆلیبراڵی تا دێت زۆرتر دەبیسترێت، کە بنەمای ئەو ڕەخنانە جەختکردنەوەی سیاسەتی نیۆلیبراڵی لەسەر بازرگانیی ئازاد و کۆچی ئازادە کە کۆمەڵێک لێکەوتەی زیانبەخش بە دوای خۆیاندا دێنن، یەک لەو لێکەوتانە بچووکبوونەوەی بنچینەی پیشەسازیی وڵاتانی دیموکراتیی دەوڵەمەندی وەک ئەمریکایە، نموونەی ئەم چەشنە ڕەخنەیە ئەوەیە کە پاتریک دێنین (Deneen 2019) ئاماژەی پێ کردووە. فۆرمێکی چڕتر و بەهێزتری ئەم نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەگەر ڕێگە بە کۆچبەران لە کولتوورگەلی جیاوازەوە بدرێت کە لەناو وڵاتێکدا هاووڵاتێتی وەربگرن، ئاستی کولتوور و سیاسەتی ئەو وڵاتە دادەبەزێت یان خەساری پێ دەگات.


١٠.٧. ڕەخنە فێمینیستییەکان

هەندێکیش وەک نانسی فرایزەر (Fraser 2017) نیگەرانیی خۆیان لەوە دەربڕیوە کە نیۆلیبراڵیزم فێمینیزم بۆ ئامانج و مەبەستی خۆی بەکار دێنێت و بە لاڕێیدا دەبات، ئەویش بە گۆڕینی ئایدیالی فێمینیستی بۆ ئایدیالێک کە خزمەت بە چەشنێک شیاوسالاریی ساختەی بازاڕتەوەر دەکات کە تێیدا ئامانجی فێمینیزم بۆ نموونە ئافرەتێکە کە پیشەیەکی پڕداهاتی هەیە، و لە بەرزترین ئاستی ئایدیالی خۆیدا، کارڕەخسێنی و بوون بە بەڕێوبەری گشتیی کۆمپانیایەک بۆ ئافرەتانە. ئەمەش وای کرد فێمینیزم نەتوانێت گرنگی بە پێدڤی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ئافرەتانە بدات کە نیۆلیبراڵیزم زیانی پێ گەیاندوون. بۆ زانیاریی زۆرتر لەسەر ئەم تەوەرە سەیری وتاری «ڕوانگە فێمینیستییەکان سەبارەت بە بەجیهانیبوون» لە ئینسایکلۆپیدیای ستانفۆرد بکەن.


١١.٧. ڕەخنەکانی تر

نیۆلیبراڵیزم بەرەوڕووی کۆمەڵێک بەرهەڵستی و ڕەخنەی تریش بووەتەوە، بەڵام زۆربەیان هاوشێوەی ئەو کێشە و گرفتانەن کە لە بیردۆزە لیبراڵ دیموکراتییەکانی تریشدا بەدی دەکردرێن، بۆ نموونە دژوازی و ناکۆکیی نێوان مافە لیبراڵییەکان (بە هەر تێگەیشتن و لێکدانەوەیەک لێیان) و دیموکراسی – واتە ململانێ و موناقەشەی «ڕێکار-ناوەرۆک» لە دەق و نووسینەکانی دیموکراسیی ڕاوێژکارییانەدا، هەروەها ئەوەی کە چلۆن هەر ڕێباز و هەڵوێستێکی بەپێی پێویست لیبراڵ لە ئاست ئازادیی ئەندامێتی و پێکهێنانی کۆمەڵ و ڕێکخراوە، بە ڕەچاوکردنی ئەگەری لەئارادابوونی چەوساندنەوە و سەرکوتی ناوخۆیی، ئازادیی گرووپە پەراوێزخراوەکان بە هەند وەردەگرێت. نیۆلیبراڵەکان تێگەیشتنی جۆراوجۆریان لە ئازادی هەیە، هەرچەندە زۆربەیان نەرێنین و هەموو ئەو ڕەخنە ستاندارد و باوانەی ئەو ڕوانگانە بە دوای خۆیاندا دەیهێنن، ئاراستەیان کراوە. پاشان، ئەوەندەی بۆ نیۆلیبراڵیزمی کەسایەتیگەلێکی وەک هایەک و بیوکانان دەگەڕێتەوە کە چوارچێوەیەکی گرێبەستگەرایانەیان بۆ پاساودانی دامەزراوەکان گرتووەتەبەر، داکۆکی و ئارگیومێنتی ئەم نیۆلیبراڵانە کێشە و پرسگرێکەکانی گرێبەستگەرایی بە میرات وەردەگرێت و بۆی دەمێنێتەوە.


٨. پوختە      

ئەم وتارە ناخوازێت مانای ڕاستەقینەی «نیۆلیبراڵیزم» دیاری بکات، بەڵکوو گەرەکیەتی وەک دۆکترینێکی فەلسەفیی یەکانگیر تیشک بخاتە سەر نیۆلیبراڵیزم کە کۆمەڵێک کەسایەتی بە پیریەوە چوون و لەسەر ئەو ڕێچکەیە دەڕۆن کە زۆربەی کات بە نیۆلیبراڵەکان ناویان دێنن. هەروەها لەم وتارەدا هەوڵمان دا کۆمەڵێک حاڵەتی بەکارهێنانی ئەو زاراوەیە لە توێژینەوە مێژووییەکانی ئەم دواییەدا بخەینە ڕیزی پێشەوەی باس و بابەتەکانمان کە بێلایەنانەترن و کەمتر ڕەهەندێکی نەرێنی و سووکیان هەیە. ئەمە بەو واتایە نییە کە چاوپۆشیمان لەو تێگەیشتنانە لە نیۆلیبراڵیزم کردووە کە مێژووییتر و داینامیکترن. ئەوان هەڵگری بەرچاوڕوونین. بەڵام ئامانجی ئەم وتارە ناساندن و وەسفکردنی نیۆلیبراڵیزم وەک هەڵوێستێکی فەلسەفی بووە. ئەگەر بتوانین ئەو ئامانجە بپێکین، دەتوانین وەک دۆکترینێکی سیاسی-ئابووری لە نیۆلیبراڵیزم تێبگەین کە سەرمایەداریی لیبراڵیی پتەو و بەهێز، دیموکراسیی دەستووری و دەوڵەتێکی خۆشبژیویی میانەڕەو لە خۆ دەگرێت.[١١]


تێبینییەکان

١. لەم وتارەدا میسێس بە پێشەنگێکی نیۆلیبراڵ دادەندرێت، چونکە زیاتر لە سەرجەم ئەو کەسایەتییانەی بە شێوەیەکی ئاسایی بە نیۆلیبراڵ پۆلێن دەکردرێن لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێ چوارچێوە و سنوورەکانی سەر دەوڵەت بەرتەسکتر بکرێنەوە. بەڵام بۆ خوێندنەوەی ڕاڤە و بۆچوونێکی جیاواز لەم بارەوە دەتوانن سەیری Slobodian (2018) و Whyte (2019: 31) بکەن.

٢. ئانگوس بورگین هایەک و فریدمان و هەروەها بیوکانان دەخاتە نزیک ناوەندی ئەو شتەی کە خەڵکانی تر بە نیۆلیبراڵیزم ناودێری دەکەن. بڕوانە Burgin (2012: 118).

٣. بە هەمان شێوە، نابێ نیۆلیبراڵیزم بەو شێوەیەی کە حکوومەتەکان و حیزبە سیاسییەکان بەکاری دەهێنن پێناسە بکەین، چونکە ئەوان زۆربەی کات بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان بە شێوەیەکی ناشیرین و سووکایەتیپێکەرانە کەڵک لەو زاراوەیە وەردەگرن.

٤. نیۆلیبراڵیزم کەم تا زۆر قازانجگەرایانە نییە، چونکە قازانجگەرایی بیردۆزێکی ئەخلاقییە، لە کاتێکدا نیۆلیبراڵیزم لێکدانەوە و خوێندنەوەیەک بۆ ئابووریی سیاسییە.

٥. تەرکیزی من لەسەر پێناسەیەکی سەختگیرانەتر بۆ کارایی، وەک کارایی پاریتۆ نییە.

٦. بیوکانان (1975: 183) هەندێک کات هایەکی لەبەر پشتبەستنی لەڕادەبەدەری بە هێزگەلی ناخودئاگا بەرەوڕووی ڕەخنە دەکردەوە.

٧. لە کاتێکدا کە کەینز تا ڕادەیەک لایەنگری سەرمایەداری بوو، ئایدیا کەینزییەکان لەسەر پێشگریمانەی هەندێک نسکۆی بازاڕ لە ئاستی گەورەدا دامەزراون، هەر بۆیە ئەو ئایدیایانە هەڵبەت وەک ڕەخنە لە سەرمایەداری دێنە هەژمار.

8. Friedman, “Individuality and the New Society: The Market vs. the Bureaucrat,” 16, March 1968, box 50, folder 2, Friedman papers.

٩. هایەک (1979: 45) پێشنیارەکەی فریدمانی بەدڵ بوو.

١٠ هایەک لە ڕاستیدا ناپەرژێتە سەر کتێبی بیردۆزێکی دادپەروەری و لەسەری نادوێت. بڕوانە Hayek (1978: 166, 179).

١١. ئەم وتارە سەرنج دەخاتە سەر ڕوانگە نیۆلیبراڵییەکان لە ئاست ڕێکخستنی دەوڵەت-نەتەوەکان، سەرەڕای ئەوەی کە نیۆلیبراڵەکان هەوڵێکی زۆریان بۆ پەرەپێدانی بیردۆزەکانی ئابووریی جیهانی و دامەزراوە سیاسییە جیهانییە گونجاوەکان داوە، بەڵام هۆکاری ئەم بابەتە بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نیۆلیبراڵەکان دواجار لەسەر پێکهاتەیەکی گونجاو بۆ ئابووریی جیهانی، و بەتایبەت لە پێکهاتەی یەکێتیی ئەورووپادا تا ڕادەیەکی زۆر ناکۆکییان تێکەوت. بۆ خوێندنەوەی ڕاڤەیەک لەسەر فرەچەشنی و جیاوازیی نێوان ڕوانگەکانیان، بڕوانە Slobodian (2018: 180). سلۆبۆدیان بە وردی لەسەر پرۆژەی جیهانیی نیۆلیبراڵیزم و جیاوازییەکانی نێوان نیۆلیبراڵەکان دەدوێت. بەڵام لەو ڕووەوە کە سلۆبۆدیان گوتەنی، نیۆلیبراڵەکان یەکلایی نەبوونەوە و کۆمەڵێک هەڵوێست و نێرینی تا ڕادەیەک بەربڵاویان لە ئاست دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرتەبەر، ڕوانگەی نیۆلیبراڵی بۆ دامەزراوە جیهانییەکان فرەچەشنتر و ناجێگیرتر لەوە بوو کە شیکاریی فەلسەفی بکردرێت، ئەگەرچی سلۆبۆدیان (2018: 15) خۆی هەندێک خاڵ لەسەر سیاسەتی دەرەوە تاوتوێ دەکات کە نیۆلیبراڵەکان لەسەری کۆک و هاوڕا بوون. وایت (2019) لەگەڵ سلۆبۆدیان هاوڕایە لەسەر ئەوەی کە وەک پرۆژەیەکی جیهانی سەیری نیۆلیبراڵیزم بکردرێت. و بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە، نیۆلیبراڵەکان ڕاشکاوانە پشتگیریی بازرگانیی ئازاد، کۆچی ئازاد و سیاسەتی پارەیی وەک نرخی ناجێگیر و بگۆڕی ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن. بڕوانە Burgin (2012: 182-3, 221).


ژێدەرکان

  • Anderson, Elizabeth, 2019, Private Government: How Employers Rule Our Lives (and Why We Don’t Talk about It), Princeton, NJ: Princeton University Press.
  • Ariely, Daniel, 2010, Predictably Irrational: The Hidden Forces That Shape Our Decisions, New York: Harper Collins.
  • Bartels, Larry, 2008 [2016] Unequal Democracy: The Political Economy of the New Gilded Age, Princeton, NJ: Princeton University Press; second edition 2016.
  • Biebricher, Thomas, 2018, The Political Theory of Neoliberalism, Stanford, CA: Stanford University Press.
  • Brennan, Geoffrey and James Buchanan, 1981, “The Normative Purpose of Economic ‘Science’: Rediscovery of an Eighteenth Century Method”, International Review of Law and Economics, 1(2): 155–166. doi:10.1016/0144-8188(81)90013-2
  • –––, 1985, The Reason of Rules: Constitutional Political Economy, New York: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511895937
  • Brennan, Jason, 2016, Against Democracy, Princeton, NJ: Princeton University Press.
  • Brown, Wendy, 2015, Undoing the Demos: Neoliberalism’s Stealth Revolution, New York: Zone Books.
  • –––, 2019, In the Ruins of Neoliberalism: The Rise of Antidemocratic Politics in the West, New York: Columbia University Press.
  • Buchanan, James, 1969, Cost and Choice: An Inquiry in Economic Theory, Chicago: University of Chicago Press.
  • –––, 1975, The Limits of Liberty: Between Anarchy and Leviathan, Chicago: University of Chicago Press.
  • –––, 1979 [1984], “Politics without Romance: A Sketch of Positive Public Choice Theory and Its Normative Implications”, IHS-Journal, 3: B1–11; reprinted in James Buchanan & Robert Tollison (eds.), 1984, The Theory of Public Choice–II, pp. 11–22, Ann Arbor: University of Michigan Press.
  • –––, 1987, “Budgetary Bias in Post-Keynesian Politics: The Erosion and Potential Replacement of Fiscal Norms”, in Deficits, James Buchanan, Charles Rowley and Robert Tollison (eds.), New York: Blackwell, 180–198.
  • –––, 1991, The Economics and Ethics of Constitutional Order, Ann Arbor, MI: University of Michigan Press.
  • –––, 1993, Property as a Guarantor of Liberty, Northampton: Edward Elgar Publishing.
  • –––, 1999, The Logical Foundations of Constitutional Liberty, Indianapolis, IN: Liberty Fund.
  • Buchanan, James and Gordon Tullock, 1962, The Calculus of Consent, Ann Arbor, MI: University of Michigan Press.
  • Burgin, Angus, 2012, The Great Persuasion: Reinventing Markets since the Depression, Cambridge, MA: Harvard University Press.
  • Butler, Eamonn, 1985, Milton Friedman: A Guide to His Economic Thought, New York: Universe Books.
  • Caldwell, Bruce, 2004, Hayek’s Challenge, Chicago: University of Chicago Press.
  • Deneen, Patrick, 2019, Why Liberalism Failed, New Haven, CT: Yale University Press.
  • Farrant, Andrew, Edward McPhail, and Sebastian Berger, 2012, “Preventing the ‘Abuses’ of Democracy: Hayek, the ‘Military Usurper’ and Transitional Dictatorship in Chile?: Preventing the ‘Abuses’ of Democracy”, American Journal of Economics and Sociology, 71(3): 513–538. doi:10.1111/j.1536-7150.2012.00824.x
  • Farrant, Andrew and Vlad Tarko, 2019, “James M. Buchanan’s 1981 Visit to Chile: Knightian Democrat or Defender of the ‘Devil’s Fix’?”, The Review of Austrian Economics, 32(1): 1–20. doi:10.1007/s11138-017-0410-3
  • Feld, Lars P., 2014, “James Buchanan’s Theory of Federalism: From Fiscal Equity to the Ideal Political Order”, Constitutional Political Economy, 25(3): 231–252. doi:10.1007/s10602-014-9168-9
  • Foucault, Michel, 2004 [2010], Naissance de la biopolitique: cours au Collège de France (1978–1979), Paris: Gallimard. Translated as The Birth of Biopolitics, Graham Burchell (trans.), New York: Picador, 2020
  • Fraser, Nancy, 2017, “From Progressive Neoliberalism to Trump—and Beyond”, American Affairs, 1(4): 46–64.
  • Freeman, Samuel, 2011, “Capitalism in the Classical and High Liberal Traditions”, Social Philosophy and Policy, 28(2): 19–55. doi:10.1017/S0265052510000208
  • Friedman, Milton, 1951 [2012], “Neo-Liberalism and Its Prospects”, Farmand, February 17: 89–93; reprinted Friedman 2012: 3–10.
  • –––, 1955 [2017], “Liberalism, Old Style”, in 1955 Collier’s Year Book, New York: P. F. Collier & Son, 360–363; reprinted in Friedman 2017: 1–16.
  • –––, 1959, A Program for Monetary Stability, New York: Fordham University Press.
  • –––, 1962a [2002], Capitalism and Freedom, Chicago: University of Chicago Press; reprinted 2002.
  • –––, 1962b [2017], “The Relation between Economic Freedom and Political Freedom”, in Friedman 1962a: 7–21; reprinted in Friedman 2017: 17–34.
  • –––, 1974a [2017], Interviewed by Tibor Machan, Joe Cobb, and Ralph Raico, Reason, December 1974, pp. 4–14; reprinted in Friedman 2017: 69–92.
  • ––– 1974b [2012], “Schools at Chicago”, University of Chicago Record, 3–7, Remarks at the 54th annual Board of Trustees dinner for faculty, University of Chicago, 9 January 1974; reprinted Friedman 2012: 11–24.
  • –––, 1980, “Created Equal”, in M. Friedman and R. Friedman 1980: 128–149; reprinted in Friedman 2017: 139–164.
  • –––, 1987 [2017], “Free Markets and Free Speech”, Harvard Journal of Law & Public Policy, 10(Winter): 1–9; reprinted in Friedman 2017: 177–188.
  • –––, 2000 [2012], Commanding Heights Interview, 1 October 2000; reprinted Friedman 2012: 233–254.
  • –––, 2012, The Indispensable Milton Friedman: Essays on Politics and Economics, Lanny Ebenstein (ed.), Washington: Regnery.
  • –––, 2017, Milton Friedman on Freedom: Selections from the Collected Works of Milton Friedman, Robert Leeson and Charles Palm (eds.), Stanford, CA: Stanford University Press.
  • Friedman, Milton and Rose Friedman, 1980, Free to Choose: A Personal Statement, New York: Harcourt.
  • Friedman, Milton and Anna Schwartz, 1963, A Monetary History of the United States, Princeton, NJ: Princeton University Press.
  • Gilens, Martin, 2014, Affluence and Influence: Economic Inequality and Political Power in America, Princeton, NJ: Princeton University Press.
  • Harvey, David, 2005, A Brief History of Neoliberalism, New York: Oxford University Press.
  • Hayek, Friedrich A., 1929 [1933/2012], Geldtheorie und Konjunkturtheorie, Wien und Leipzig. Translated from the German by Nicholas Kaldor and H.M. Croome as Monetary Theory and the Trade Cycle, London, Toronto: Jonathan Cape, 1933; reprinted Eastford, CT: Martino Fine Books, 2012.
  • –––, 1941 [2007], The Pure Theory of Capital, Chicago: University of Chicago Press; reprinted, Lawrence H. White (ed.), as part of the Collected Works of F. A. Hayek, volume 12, Chicago: University of Chicago Press, 2007.
  • –––, 1944 [2007], The Road to Serfdom, London: Routledge. A definitive edition, Bruce Caldwell (ed.), as part of the Collected Works of F. A. Hayek, volume 2, Chicago: University of Chicago Press, 2007.
  • –––, 1945, “The Use of Knowledge in Society”, American Economic Review, 35(4): 519–530.
  • –––, 1960 [2011], The Constitution of Liberty, Chicago: University of Chicago Press. A definitive edition, Ronald Hamowy (ed.), as part of the Collected Works of F. A. Hayek, volume 17, Chicago: University of Chicago Press, 2011.
  • –––, 1973–79, Law Legislation and Liberty, Chicago: University of Chicago Press.
  • 1973, Volume 1: Rules and Order
  • 1978, Volume 2: The Mirage of Social Justice
  • 1979, Volume 3: The Political Order of a Free People
  • –––, 1988, The Fatal Conceit: The Errors of Socialism, W. W. Bartley (ed.), part of the Collected Works of F. A. Hayek, volume 1, Chicago: University of Chicago Press.
  • –––, 1997, Socialism and War: Essays, Documents, Reviews, Bruce Caldwell (ed.), part of the Collected Works of F. A. Hayek, volume 10, Chicago: University of Chicago Press.
  • Kahneman, Daniel, 2013, Thinking, Fast and Slow, New York: Farrar, Straus, and Giroux.
  • Keynes, John Maynard, 1935 [1965], The General Theory of Employment, Interest, and Money, New York: Harcourt, Brace. Harbinger edition, New York: Harcourt, Brace & World, 1965.
  • Krugman, Paul, 2012, End This Depression Now, New York: Norton.
  • Hirschman, Albert O., 1970, Exit, Voice, and Loyalty: Responses to Decline in Firms, Organizations, and States, Cambridge, MA: Harvard University Press.
  • Lange, Oskar, 1936, “On the Economic Theory of Socialism: Part One”, The Review of Economic Studies, 4(1): 53–71. doi:10.2307/2967660
  • Monbiot, George, 2016, “Neoliberalism: the Ideology at the Root of All Our Problems”, The Guardian, 15 April 2016 [Monbiot 2016 available online].
  • Mises, Ludwig von, 1922 [1936/1951], Die Gemeinwirtschaft, Untersuchungen über den Sozialismus, Jena: Fischer; translated from the second edition, 1932, as Socialism: An Economic and Sociological Analysis, J. Kahane (trans.), London: J. Cape, 1936; reprinted New Haven, CT: Yale University Press, 1951.
  • Murphy, Liam and Thomas Nagel, 2002, The Myth of Ownership: Taxes and Justice, New York: Oxford University Press.
  • Nozick, Robert, 1974, Anarchy, State and Utopia, New York: Basic Books.
  • O’Neill, Martin and Thad Williamson, 2014, Property-Owning Democracy: Rawls and Beyond, West Sussex: Wiley.
  • Piketty, Thomas, 2014, Capital in the Twenty-First Century, Cambridge, MA: Harvard University Press.
  • Quiggin, John, 2012, Zombie Economics: How Deal Ideas Still Walk among Us, Princeton, NJ: Princeton University Press.
  • Rawls, John, 1971 [1999], A Theory of Justice, Cambridge, MA: Belknap Press. Revised edition, 1999.
  • –––, 1993 [2005], Political Liberalism, New York: Columbia University Press; second edition, 2005.
  • –––, 2001, Justice as Fairness: A Restatement, Erin Kelly (ed.), Cambridge, MA: Belknap Press.
  • Rothbard, Murray N., 1973, For a New Liberty: The Libertarian Manifesto, London: MacMillan.
  • –––, 1982 [2002], The Ethics of Liberty, Atlantic Highlands, NJ; Humanities Press; reprinted New York: New York University Press, 2002.
  • Slobodian, Quinn, 2018, Globalists: The End of Empire and the Birth of Neoliberalism, Cambridge, MA: Harvard University Press.
  • Steger, Manfred and Ravi Roy, 2010, Neoliberalism: A Very Short Introduction, New York: Oxford University Press. doi:10.1093/actrade/9780199560516.001.0001
  • Tomasi, John, 2012, Free-Market Fairness, Princeton, NJ: Princeton University Press.
  • Venugopal, Rajesh, 2015, “Neoliberalism as Concept”, Economy and Society, 44(2): 165–187. doi:10.1080/03085147.2015.1013356
  • Whyte, Jessica, 2019, The Morals of the Market: Human Rights and the Rise of Neoliberalism, New York: Verso.

 

ژێدەرەکانی تری سەر تۆڕی ئینتەرنێت

[تکایە بۆ ئاگاداری لە پێشنیارەکان پەیوەندی بە نووسەرەوە بگرن.]