مێتافیزیک
ئاسان نییە بڵێین مێتافیزیک چییە. فەیلەسووفانی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاست لەوانەیە گوتبێتیان کە مێتافیزیک، وەک کیمیا یان ئەستێرەناسی، دەبێی بەپێی بابەتەکەی پێناسە بکرێت: مێتافیزیک ئەو "زانست"ـەیە کە لەسەر "بوون ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە" یان "هۆکارە سەرەتاییەکانی بوونەوەران" یان "شتە نەگۆڕەکان" دەکۆڵێتەوە. لەبەر دوو هۆکار چیدی ناتوانین بەو شێوەیە مێتافیزیک پێناسە بکەین. یەکەم، فەیلەسووفێک کە نکۆڵی لە هەبوونی ئەو شتانە دەکات –هۆکارە سەرەتاییەکان، شتە نەگۆڕەکان– کە پێشتر وەک بابەتێکی هەمیشەیی مێتافیزیک سەیر کرابوو، ئێستا وەک دەربڕێنێکی مێتافیزیکی دادەنرێت. دووەم، کۆمەڵێک پرسی فەلسەفی هەن کە هەنووکە وەک پرسی مێتافیزیکی (یان لانیکەم نیمچەمێتافیزیکی) وێنا دەکرێن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هۆکارە سەرەتاییەکان یان شتە نەگۆڕەکانەوە نییە –بۆ نموونە، پرسی ویستی ئازاد یان بابەتی زەینی یان بابەتی ماددی.
سێ بەشی یەکەمی ئەم وتارە لە هەڵبژاردەیەکی بەرین لەو پرسانە دەکۆڵێتەوە کە وەک پرسی مێتافیزیکی دێنە ئەژمار و ئەو شێوازانەی دەخاتە بەر باس کە تاوتوێی مێتافیزیک بە درێژەی زەمەن تێیاندا پەرەی سەندووە. بۆمان دەردەکەوێت کە پرسە سەرەکییەکانی مێتافیزیک لە سەردەمی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا، بە شێوەیەکی بەرچاو یەکلایی کراونەتەوە. ئەوەیش ئەو پرسیارە دێنێتە گۆڕێ کە ئایا تایبەتمەندییەکی هاوبەش هەیە کە پرسەکانی مێتافیزیکی هاوچەرخ یەکلایی بکاتەوە؟ لە دوو بەشی کۆتاییدا، باس لە هەندێک بیردۆزی ئەم دواییانە لەمەڕ سروشت و میتۆدناسی (ڕێڕەوناسی)ی مێتافیزیک دەکەین. هەروەها ئاوڕ لەو ئارگیومێنتانە دەدەینەوە کە دەڵێن مێتافیزیک، هەرچۆنێک پێناسە بکرێت، هەوڵێکی نامومکین و مەحاڵە.
- ١. وشەی "مێتافیزیک" و تێگەی مێتافیزیک
- ٢. پرسەکانی مێتافیزیک: مێتافیزیکی "کۆن"
- ١.٢. بوون ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە، هۆکارە سەرەتاییەکان، شتە نەگۆڕەکان
- ٢.٢. کاتەگۆرییەکانی بوون و هەمەکییەکان
- ٣.٢. جەوهەر (سرشت)
- ٣. پرسەکانی مێتافیزیک: مێتافیزیکی "نوێ"
- ١.٣. ئاراستەمەندی (مۆداڵیتی)
- ٢.٣. شوێن و کات
- ٣.٣. بەردەوامبوون و پێکهاتە (پاژە پێکهێنەرەکان)
- ٤.٣. هۆکارێتی، ئازادی و جەبربڕوایی (دیتێرمینیزم)
- ٥.٣. بابەتی زەینی و بابەتی ماددی (فیزیکی)
- ٦.٣. مێتافیزیکی کۆمەڵایەتی
- ٤. میتۆدناسیی مێتافیزیک
- ٥. ئایا مێتافیزیک مومکینە؟
- سەرچاوەکان
- سەرچاوە ئینتەرنێتییەکانی تر
١. وشەی "مێتافیزیک" و تێگەی مێتافیزیک
پێناسەکردنی وشەی مێتافیزیک گەلێک ئەستەمە. دەستەواژەگەلی داهێنراوی سەدەی بیستەم وەک "سەروو-زمان" یان "سەرووفەلسەفە"، ئەو تێڕوانینە دەورووژێنن کە گوایە فەلسەفە توێژینەوەیەکە کە تا ڕادەیەک "دەچێتە سەرووی" فیزیاوە، لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر ئەو بابەتانەی کە لەو شتە ئەم-جیهانییانە دەترازێت کە نیۆتۆن و ئەنشتاین و هایزێنبێرگ پێوەی سەرقاڵ بوون. ئەم تێڕوانینە هەڵەیە. وشەی "مێتافیزیک" لە کۆی ناونیشانی چواردە کتێبی ئەرەستوو وەرگیراوە کە ئێستا وەک کتێبی مێتافیزیکی ئەرەستوو دەیناسین. ئەرەستوو بۆخۆی ئەو وشەیەی نەدەناسی. (ناوبراو بۆ ئەو لقەی فەلسەفە کە بابەتەکەی مێتافیزیکە، چوار ناوی دانابوو: "فەلسەفەی یەکەم"، "زانستی یەکەم"، "حیکمەت/ژیری" و "یەزدانناسی"). لانیکەم سەد ساڵ دوای مردنی ئەرەستوو، هەڵەچنی ئاسەوارەکانی (بە ئەگەری زۆرەوە، ئاندرۆنیکۆسی ڕوودێسی) ناوی ئەو چواردە کتێبەی نا Ta meta ta phusika"" –"دوای بابەتە فیزیاییەکان" یان "ئەو بابەتانەی دوای بابەتی فیزیا هاتوون"– "بابەتی فیزیایی" ئەو کتێبانەی لە خۆ دەگرت کە ئێستا پێیان دەڵێین فیزیا (تەبیعیات)ی ئەرەستوو. ئەو ناونیشانە لەوانەیە بۆ ئاگاداریی خوێندکارانی فەلسەفەی ئەرەستوو بووبێت کە دەبێ پاش قاڵبوون بەسەر "بابەتە ماددییەکان"دا، ئەو کتێبانەی کە لەمەڕ سروشت یان جیهانی سروشتین –واتە سەبارەت بە گۆڕان، چونکە گۆڕان تایبەتمەندیی بێئەملاوئەولای جیهانی سروشتییە– ئاوڕ لە مێتافیزیک بدەنەوە.
ئەمە واتای وێچووی ناونیشانەکەیە، چونکە مێتافیزیک سەبارەت بە شتانێکە کە نەگۆڕن. ئەرەستوو لە جێگایەکدا بابەتی فەلسەفەی یەکەمی وەک "بوون ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە" و لە جێگایەکی تردا وەک "هۆکارە سەرەتاییەکان" پێناسە دەکات. پرسیاری گونجاو –و وەڕەزکەر– ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو پێناسەیە چییە؟ وێدەچێت وەڵامەکە ئەمە بێت: هۆکارە نەگۆڕە سەرەتاییەکان جگە لە هەبوون هیچ شتێکی هاوبەشیان لەگەڵ ئەو شتە بگۆڕانەی کە بەدییان دێنن [واتە هۆکرد]، نییە. ئەو هۆکارانەیش وەک ئێمە و بەرناسەکانی ئەزموونمان بوونیان هەیە و لێکچوونەکان [لە نێوان هۆکارە سەرەتاییەکان و شتە بگۆڕەکان] بەمە کۆتایی دێت. (بۆ ڕێنماییەکی ورد و پڕزانیاریی ئەم دواییانە لەسەر مێتافیزیکی ئەرەستوو، بڕوانە: پۆلیتیس، ٢٠٠٤).
ئایا دەبێ وای دانێین کە "مێتافیزیک" ناوێکە بۆ ئەو "زانست"ـەی کە بابەتی مێتافیزیکی ئەرەستوویە؟ ئەگەر گریمانەمان ئەوە بێت، ئەوا دەبێ پابەند بین بە شتێکی نزیک لەو تێزانەی خوارەوە:
- بابەتی مێتافیزیک بریتییە لە "بوون ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە"
- بابەتی مێتافیزیک بریتییە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونەوەران
- بابەتی مێتافیزیک بریتییە لە شتێک کە نەگۆڕە
هەر یەک لەو سێ تێزە لەوانەیە تا سەدەی حەڤدەیەم، وەک دەربڕینێکی شیاوی بەرگری لەمەڕ بابەتی ئەو شتەی پێی گوتراوە "مێتافیزیک"، ڕەچاو کرابێت. بەڵام دواتر، تا ڕادەیەکیش لەناکاو، گەلێک پرس و بابەت کە ئەرەستوو و بیرمەندانی سەدەکانی ناوەڕاست وەک بابەتی تایبەت بە فیزیاوە پۆلێنبەندییان کردبوو (بۆ نموونە، پەیوەندیی زەین و لەش، یان ئازادیی ویست، یان ناسنامەی تاکەکەسی لە درێژەی زەمەندا)، خرانە بازنەی مێتافیزیکەوە. بە ئەگەری زۆرەوە، دەتوانین بڵێین کە مێتافیزیک لە سەدەی حەڤدەیەمدا بوو بە کاتەگۆرییەکی بەربڵاو، واتە گەنجینەیەک لە پرسگەلێکی فەلسەفی کە چیدی وەک ماریفەناسی، لۆژیک، ئاکار یان لقەکانی تری فەلسەفە پۆلێن نەدەکران. (لەو سەردەمەدا بوو کە وشەی "بوونناسی" داهێنرا –وەک ناوێک بۆ زانستی بوون ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە– بوارێک کە وشەی "مێتافیزیک" چیدی نەیدەتوانی پڕی بکاتەوە). ئاوەزبڕوا ئەکادیمییەکانی سەر بە ڕێبازی پاش-لایبنیتزی دەیانزانی کە وشەی "مێتافیزیک" بە واتایەکی بەرینتر لە جاران دەکار هێنراوە. کریستیەن وۆڵف هەوڵی دا بەم تێبینییە واتای بەرینتری ئەو وشەیە پاساو بدات: هەرچەند بابەتی مێتافیزیک بوونە، بەڵام دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی یان هاوکات لەگەڵ بابەتگەلی سەر بە کاتەگۆریی تایبەتەوە، توێژینەوە لەسەر بوون بکەین. ناوبراو جیاوازیی دانا لە نێوان "مێتافیزیکی گشتی" (یان بوونناسی)، وەک لێکۆڵێنەوە لەمەڕ بوون ئەوە جۆرەی کە بۆخۆی هەیە، و لقە جۆراوجۆرەکانی "مێتافیزیکی تایبەتی"، کە لێکۆڵینەوە لەسەر بوونی بەرناسگەلی سەر بە جۆری جیاواز و تایبەت، وەک گیان (نەفس) و جەستە ماددییەکان، دەکەن. (وۆڵف هۆکارە سەرەتاییەکان بۆ مێتافیزیکی گشتی قۆرخ ناکات، بەڵکوو [لای وایە کە] لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هۆکارە سەرەکییەکان سەر بە یەزدانناسیی سروشتی، وەک لقێک لە مێتافیزیکی تایبەتییە.) جێی گومانە کە ئایا ئەم مشتومڕە لە فێڵێکی زمانی شتێ زیاترە یان نا. بە نموونە، بە چ واتایەک بیرمەندێکی بواری دەروونناسیی ئاوەزمەندانە (لقێک لە مێتافیزیکی تایبەتی کە بۆ گیان تەرخان کرابوو) سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لەسەر بوونە؟ ئایا بوونی گیان جیاوازە لەگەڵ بوونی هەبووەکانی تر؟ کەواتە ئایا کاتی لێکۆڵینەوە لەسەر گیان، نەتەنیا لەمەڕ سرشتی گیان زانیاری دەستەبەر دەکەین (واتە زانیاری لەمەڕ تایبەتمەندییەکانی وەک: ئاوەزمەندی، ناماددیبوون، نەمری، توانین یان نەتوانینی بۆ کارتێکەری لەسەر جەستە و هتد)، بەڵکوو سەبارەت بە "چۆنێتیی بوون"یشی، و لە ئاکامیشدا شتێک لەمەڕ [خودی] بوون فێر دەبین؟ بەدڵنیاییەوە ڕاست نییە کە هەموو یان لانیکەم زۆرێک لە دەروونناسە ئاوەزبڕواکان، وەک دەروونناسانی ئاوەزبڕوا، شتێکیان گوتووە کە دەتوانین بە شێوەیەکی گونجاو وەک بارسووکییەک بۆ تێگەیشتنمان لە بوون ڕاڤەی بکەین.
وێدەچێت دەکارهێنانی بەرینتری چەمکی "مێتافیزیک" دەرەنجامی ئەو واقعیەتە بووبێت کە چەمکی "فیزیا" خەریک بوو ببێت بە ناوێک بۆ زانستێکی چەندێتیپێوەری نوێ، ئەو زانستەی کە ئەمڕۆکە هەڵگری ئەو ناوەیە، و تا دەهات بۆ توێژینەوە لەسەر زۆرێک لە پرسە نەریتییە فەلسەفییەکان لەمەڕ شتگەلی بگۆڕ (و هەندێک پرسی تازە دۆزراو سەبارەت بە شتە بگۆڕەکان) لە کەڵک دەکەوت.
هۆکاری ئەو گۆڕانە هەرچییەک بووبێت، بەپێی دەکارهێنانی هەنووکە (و لە ڕاستیدا بەکارهێنانی ئەم سێسەد یان چوارسەد ساڵەی دوایی)، داننان بەوەی کە بابەتی مێتافیزیک هەمان بابەتی مێتافیزیکی ئەرەستوویە، ناتەبایە. هەروەها، لەگەڵ ئەو واقعیەتەدا ناگونجێت کە مێتافیزیکزانانێکی نموونەیی هەن و هەبوون کە نکۆڵی لە هەبوونی هۆکارە سەرەتاییەکان دەکەن –ئەم نکۆڵییەش بەدڵنیاییەوە بە واتای باو تێزێکی مێتافیزیکییە– هەندێکی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کە هەموو شت لە گۆڕاندایە (هێراکلیتۆس و هەر فەیلەسووفێکی نوێتر کە هاوکات هەم ماتریالیست/ماددەبڕوایە و هەم نۆمینالیستە/ناوبڕوایە)، هەڵای هەندێکی تر (پارمێنیدێس و زێنۆن) حاشا لەوە دەکەن کە چینێکی تایبەت لە بەرناسەکان هەن کە گۆڕانیان بەسەردا نایەت. بۆ دیاریکردنی مێتافیزیک وەک بوارێک، باشترین خاڵی دەسپێک ئەوەیە کە ئاوڕ لەو تەوەرە بێئەژمارانە بدەینەوە کە هەر لە کۆنەوە دیاری کراوە بۆی.
٢. پرسەکانی مێتافیزیک: مێتافیزیکی "کۆن"
١.٢. بوون ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە، هۆکارە سەرەتاییەکان، شتە نەگۆڕەکان
ئەگەر ئێستاکە مێتافیزیک ئاوڕ لە ڕووبەرێکی بەرینتر لەو پرسانە دەداتەوە کە لە مێتافیزیکی ئەرەستوودا باسیان لێوە کراوە، ئەو پرسە سەرەکییانە بەردەوام پەیوەندییان بە بابەتە سەرەکییەکەی مێتافیزیکەوە هەیە. بە نموونە، تەوەری "بوون ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە" (و "هەبوون ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە"، بە مەرجێک هەبوون شتێکی جیاواز لە بوون بێت)، یەکێک لەو بابەتانەیە کە بە پێوەری هەر بۆچوونێک لەمەڕ مێتافیزیک، سەر بە مێتافیزیکە. ئەو تێزانەی خوارەوە هەموویان بە شێوەیەکی نموونەیی مێتافیزیکین:
- "بوون هەیە؛ نە-بوون نییە" [پارمنیدێس]
- "چییەتی (ماهیەت) پێشترە لە هەبوون" [ئیبن سینا، داڕێژراوەتەوە]
- "هەبوون لە واقعیەتدا بەهێزتر و گرنگترە لە هەبوون تەنها لە زەیندا" [سەنت ئانسێلم، داڕێژراوەتەوە]
- "هەبوون کەماڵ (پێگەیشتوویی)ـە" [دێکارت، داڕێژراوەتەوە]
- "بوون بارێکی لۆژیکییە نە واقعی" [کانت، داڕێژراوەتەوە]
- "بوون بێناواخنترین و دەرهەستترینی هەموو کاتەگۆرییەکانە" [هێگل، داڕێژراوەتەوە]
- "سەلماندنی هەبوون لە ڕاستیدا هیچ نییە جگە لە نکۆڵی لە ژمارەی سیفر" [فێرێگە]
- "هەمەکییەکان بوونیان نییە، بەڵکوو بە بوونەوە پەیوەستن." [ڕاسێل، داڕێژراوەتەوە]
- "هەبوون واتە بڕی بگۆڕێکی سنووردار." [کواین]
- "پلەی بوونی بەرناسێک هاوتەریبە لەگەڵ سروشتیبوونی چۆنبوونی ئەو شتە" [مەک دەنیێڵ]
سەرەڕای ئەوە، وا دیارە ئاوەزمەندانەیە گەر بڵێین لێکۆڵینەوە لەمەڕ نە-بوون سەر بە تەوەری "بوونە ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە" و لەم ڕووەوە سەر بە مێتافیزیکە. (ئەم بۆچوونە لای ماینۆنگ ئاوەزمەندانە نییە، ئەو کە دەیویست بابەتی مێتافیزیک بۆ "بابەتی واقعی" تەسک بکاتەوە و هەر بۆیە تیۆریی بەرناسەکانی خۆی وەک تیۆرییەکی مێتافیزیکی ڕەچاو نەدەکرد. کەچی، بەپێی پێناسەی مێتافیزیک لە وتاری ناوبراودا، ئەو تێزەی ماینۆنگ کە "بار سەربەخۆیە لە بوون" [داڕێژراوەتەوە] بە شێوەیەکی بەرچاو مێتافیزیکییە.)
بابەتگەلی "هۆکارە سەرەتاییەکان" و "شتە نەگۆڕەکان" بەردەوام سەرنجی مێتافیزیکزانانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە، هەرچەند ئێستا وا نابینرێت کە ئەو بابەتانە هیچ پەیوەندییەکی گرینگیان بە بابەتی "بوون ئەو جۆرەی کە بۆخۆی هەیە" هەبێت. بەپێی هەر بۆچوونێک لەمەڕ مێتافیزیک، سێ ڕێگای یەکەمی پێنج ڕێگای ئاکویناس ئارگیومێنتگەلی مێتافیزیکین. هەروەها، ئەو تێزەی کە هیچ هۆکارێکی سەرەتایی لە ئارادا نییە و ئەو تێزەیش کە هیچ شتێک نییە کە نەگۆڕ بێت، وەک دوو تێزی مێتافیزیکی دێنە ئەژمار، چونکە بەپێی بۆچوونی هەنووکە لەمەڕ مێتافیزیک، نکۆڵی لە تێزێکی مێتافیزیکی بۆخۆی تێزێکی مێتافیزیکییە.
هیچ فەیلەسووفێکی پاش-سەدەکانی ناوەڕاست شتێکی لەم چەشنە ناڵێت:
من لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکارە سەرەتاییەکانی شتەکان دەکەم و کەواتە مێتافیزیکزانم. د. مەک زێدی هاوکارم نکۆڵی لەوە دەکات کە هیچ هۆکارێکی سەرەتایی هەبێت و هەر بۆیە مێتافیزیکزان نییە؛ ناوبراو پتر دژەمێتافیزیکە. بە بۆچوونی مەک زێد، مێتافیزیک زانستێکە وەک ئەستێرەناسی کە بابەتەکەی بوونی نییە.
ئەم تایبەتمەندییە سەبارەت بە پێناسەی مێتافیزیک لە سەردەمی هاوچەرخدا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لە لێدوانێکی سارتردا تیشک خراوەتە سەری:
"من لە نکۆڵیکردن لە بوونی خودا لە لایبنیتز کە بوونی ئەوی دەچەسپاند، خۆم بە مێتافیزیکزانێکی کەمتر لەو نازانم." (١٩٤٩: ١٣٩).
دژەمێتافیزیک بە واتا هاوچەرخەکەی، ئەو فەیلەسووفە نییە کە نکۆڵی لەوە بکات کە جۆرە شتانێک هەن کە فەیلەسووفێکی پێش ئەو لەوانەیە وەک بابەتی مێتافیزیک دیاریی کردبن (وەک هۆکارە سەرەتاییەکان، شتە نەگۆڕەکان، هەمەکییەکان، جەوهەرەکان و هتد)، بەڵکوو فەیلەسووفێکە کە نکۆڵی لە ڕەوایی ئەو پرسیارە دەکات کە ئایا شتانێکی لەو چەشنە هەن یان نا.
سێ تەوەری سەرەکی –واتە سرشتی بوون؛ هۆکارە سەرەتاییەکانی بوونەوەران؛ شتە نەگۆڕەکان– پاش ئەرەستوو وەک تەوەری لێکۆڵینەوەی مێتافیزیکزانان مانەوە. تەوەرێکی تر، کە لە بەشی دواییدا باسی لێوە دەکرێت، لە لای ئەرەستوو و شوێنکەوتووەکانیەوە جێگەوپێگەیەکی مامناوەندی هەیە.
٢.٢. کاتەگۆرییەکانی بوون و هەمەکییەکان
ئێمەی مرۆڤ شتەکان بەسەر چینگەلی جۆراوجۆردا دابەش دەکەین. و زۆرجار لامان وایە کە ئەو چینانەی کە شتەکانی بەسەردا دابەش دەکەین چەشنێک یەکێتیی هەناوییان پێکەوە هەیە. لەم ڕووەوە، لە دەستەکان بەتەواوی جیاوازن. (و گومان لەسەر ئەوانی دیکە نییە. بە نموونە، وا دیارە کە بیر لە چینگەلێک دەکەینەوە کە شتەکان لە ژێریاندا پۆلێن دەکەین –وەک جۆرە بایۆلۆژیکییەکان– وەک کۆکەرەوەی ئەندامگەلێکی جیاواز لە کاتگەلێکی جیاوازدا.) ئەو چینانەی کە شتەکان لە ژێریاندا پۆلێن دەکەین، بە زۆرینە چینگەلی "سروشتی"ن، ئەو چینانەی کە ئەندامێتییان تا ڕادەیەک یەکبیچمە –"چەشنەکان". ئێمە لێرەدا هەوڵ نادەین شرۆڤە یان پێناسەیەک لە [تێگەی] "چینی سروشتی" بکەین. نموونەکان دەبێ بەس بێت. بەدڵنیاییەوە، دەستەگەلێک هەن کە ئەندامەکانیان چینگەلی سروشتی پێک ناهێنن: دەستەیەک کە هەموو سەگەکان لە خۆ دەگرێت جگە لە یەکێکیان و دەستەیەک کە هەموو سەگاکان و تەنها پشیلەیەک لە خۆ دەگرێت، لە ڕوانگەی هیچ کەسەوە لەگەڵ هیچ چینێکی سروشتیدا یەک ناگرێتەوە. و فریودەرانەیە وا بزانین کە واتایەک لە "سروشتیبوون" هەیە کە تێیدا سەگەکان چینێکی سروشتی پێک دێنن و وا بزانین کە بە دابەشکردنی جیهان بەسەر سەگاکان و بوونەوەرەکانی تردا، خەریکین "سروشت لە جومگەکانیدا لێک دەترازێنین". بەڵام، ئەوە تێزێکی فەلسەفیی شیاوی سەرنجە کە ئایدیای چینێکی سروشتی ناتوانێت لەژێر لێکۆڵینەوەی فەلسەفی قوتاری بێت. ئەگەر ئەو تێزە شیاوی سەرنجە ڕاست بێت، ئەوا تەوەری "کاتەگۆرییەکانی بوون" زڕەتەوەرە. بێن با بەساکاری وای دانێین کە ئەو تێزە شیاوی سەرنجە هەڵەیە و گریمانەمان وا بێت کە شتەکان دەکەونە ژێر چینگەلێکی سروشتیی جیاوازەوە –لەمەبەدوا، بەساکاری [دەڵێین] چینەکان.
هەندێک لەو چینانەی کە شتەکان لە ژێریاندا پۆلێن دەکەین، لەوانی تر گشتگیرترن: هەموو سەگەکان ئاژەڵن، بەڵام هەموو ئاژەڵەکان سەگ نین؛ هەموو ئاژەڵەکان بوونەوەری زیندوون، بەڵام هەموو بوونەوەرە زیندووەکان ئاژەڵ نین. ئێستا ڕستەی "پۆلێنبەندیکردنی شتەکان" ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چینێکی ئێجگار گشتگیرتر هەیە: چینی شتەکان، چینی ئەو شتانەی کە دەتوانین لەژێر چینی جۆراوجۆردا پۆلێنی بکەین. بەڵام ئایا وایە؟ –و ئەگەر وەها بێت، ئایا چینگەلێک هەن کە لەم چینە دنیاداگرە "بەس هەندێک گشتگیربوونیان کەمتر" بێت؟ ئەگەر هەبن، ئایا دەتوانین بیانناسین؟– و ئایا ژمارەیان بەرین (لەوانەیە تەنانەت بێکۆتایی)یە، یان ژمارەیەکی تا ڕادەیک گەورە و تێکەڵوپێکەڵە وەک چل و نۆ، یان ژمارەیەکی هەندێک بچووک و بێگرێیە وەک حەوت یان چوار؟ بێن با هەر یەک لەو چینە کەمتر گشتگیرانە ناوی "کاتەگۆرییەکانی بوون" یان "کاتەگۆرییە بوونناسییەکان"ی لێ بنێین. دەستەواژەی یەکەم، گەر دووهەمیش وا نەبێت، پێشوەختە هەڵوێستێکی تایبەت بە کەسێک گریمانە دەکات کە لە سرشتی بوون دەپرسێت: ئەوەی کە هەموو شت، ئەوەی کە چینی دنیاداگر چینی بوونەوەرانە، چینی ئەو شتانەیە کە هەن. بەم شێوەیە پێشگریمانەی ئەوەیە کە ماینۆنگ هەڵە بوو کە دەیگوت "شتانێک هەن کە سەبارەت بەوان ڕاستە بڵێین ئاوەها شتانێک بوونیان نییە".)
تەوەری "کاتەگۆرییەکانی بوون" بەو هۆکارەی کە بە ڕەچاوکردنی پرسی هەمەکییەکان دەتوانین ڕوونی بکەینەوە، دەکەوێتە نێوەندی تەوەری "سرشتی بوون" و ئەو تەوەرانەی کە دەکەونە ژێر بۆچوونی پاش-سەدە ناوەڕاستییەکان لەسەر مێتافیزیک. هەمەکییەکان، لە ڕاستیدا ئەگەر هەبن، لە پلەی یەکەمدا تایبەتمەندی یان چۆنێتی یان سفەتگەلێکن (وەک "بچەمێتی" یان "سپێتی") کە گوایە بە شێوەیەکی گشتی لەنێو هەموو ئەندامانی چینگەلی شتەکان "ئامادەن" و پەیوەندیگەلێکن (وەک "باکووریبوون") کە چما بە شێوەیەکی گشتی لە لای ئەندامانی چینگەلی زنجیرەی شتەکان بوونیان هەیە. "لە حاڵەتی یەکەمدا": لەوانەیە شتانێک جگە لە تایبەتمەندی و پەیوەندییەکان گشتی بن، هەرچەند تایبەتمەندی و پەیوەندییەکان بابەتگەلێکن کە بە زۆرینە وەک نموونەی هەمەکییەکان ئاماژەیان بۆ دەکرێت. لەوانەیە ڕۆمانی شەڕ و ئاشتی هەمەکییەک بێت، شتێک کە بە جۆرێک لە هەر یەک لە ڕوونووسە بەرچاوەکانی ئەو ڕۆمانەدا بوونی هەیە. وێدەچێت وشەی "ئەسپ" هەمەکییەک بێت، شتێک کە لە هەر کام لە دەربڕینە دەنگییەکانی ئەو چەمکەدا هەیە. و لەوانەیشە چین یان چەشنە سروشتییەکان بۆخۆیان هەمەکی بن –چما شتێک بە ناوی "ئەسپ" یان جۆری Equus caballus، جیاواز لە تایبەتمەندیی دیاریکراوی "ئەسپبوون" یان "هاوشێوەییەتی"، هەیە و بە واتایەک لەهەر ئەسپێکدا "بوونی هەیە". (ڕەنگە هەندێک جیاوازیی نێوان تایبەتمەندیی "ئەسپبوون" و تایبەتمەندیی "ئەسپبوون یان پشیلەبوون" دەری بخات کە بۆچ ئەوەی یەکەمیان تایبەتمەندییەکی دیاریکراوەی چەشنێکە و ئەوەی دووهەمیان نا. پێدەچێت تایبەتمەندیی یەکەمیان بوونی هەبێت و ئەوەی دووهەمیان نا؛ لەوانەیە یەکەمیان تایبەتمەندیی پلەدووهەمی "سروشتیبوون"ی هەبێت و دووهەمیان نەیبێت؛ بگرە عەقڵ لە یەکەمیان ساناتر تێبگات تا ئەوەی دووهەم.)
ئەم تێزە کە هەمەکییەکان بوونیان هەیە –یان بەهەرحاڵ "بە بوونەوە پەیوەستن" یان "لە بوون بەهرەمەندن"– بە شێوەگەلێکی جۆراوجۆر پێی دەگوترێت "ڕیالیزم (واقعبڕوایی)" یان "ڕیالیزمی ئەفلاتوونی" یان "ئەفلاتوونبڕوایی". هەر سێ چەمکەکە جێی گومانن. ئەرەستوو بڕوای بە واقعیەتی هەمەکییەکان هەبوو، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا دژوێژانەیە گەر پێی بڵێین ئەفلاتوونبڕوا یان ڕیالیستی ئەفلاتوونی. و "ڕیالیزم" بەتەنهایی وەک ناوێک بۆ کۆمەڵێک تێزی فەلسەفی ڕۆڵی گێڕاوە. ئەو تێزە کە دەڵێت هەمەکییەکان بوونیان نییە –بوونێکی ئەوتۆیان نییە؛ بێبەرین لە هەر چەشنە بوونێک– بە شێوەیەکی گشتی پێی گوتراوە "نۆمینالیزم (ناوبڕوایی)". ئەم چەمکەیش جێی مشتومڕە. سەردەمانێک، ئەوانەی کە حاشایان لە بوونی هەمەکییەکان دەکرد، حەزیان لێ بوو بەم شێوەیە بدوێن:
شتێک بە ناوی "ئەسپبوون" لە ئارادا نییە: تەنها نێو یان نێوەکانی [nomen, nominis] "ئەسپ"، بەس دەنگێکی گەروو [بای گەروو] لە ئارادایە.
بەڵام، نۆمینالیستەکانی ئێستا ئاگادارن، هەرچەند نۆمینالیستە پێشووەکان نەیاندەزانی، کە ئەگەر ڕستەی "نێوی 'ئەسپ'" ئاماژە بۆ بەرناسێک دەکات، ئەو بەرناسەی ئاماژەی بۆ کراوە بۆخۆی هەمەکییەک یان شتێکی زۆر نزیک لەو چەشنەیە. ئەو شتە تەنها بای گەروو نییە و بەس، بەڵکوو پتر شتێکی هاوبەشە بۆ زۆرینەی دەنگەکانی گەروو کە ئاماژە بۆ ئەو شتە دەکەن.
مشتومڕێکی لەمێژینە لە نێوان نۆمینالیستەکان و ڕیالیستەکاندا تا ئێستایش هەر بەردەوامە. زۆرینەی ڕیالیستەکان لایان وایە کە هەمەکییەکان یەکێک لە کاتەگۆرییەکانی بوون پێک دێنن. بەدڵنیاییەوە، دەتوانین بەبێ هیچ بێواتاییەک باس لەسەر ئەم بۆچوونە بکەین. ڕەنگە چینێکی سروشتی لە شتەکان ببێت کە هەموو هەمەکییەکان سەر بە ئەون، بەڵام بە هەمان شێوە شتەکانی تریش لە خۆ دەگرێت (و چینی [هەمەکی] هەموو شتەکان نییە). لەوانەیە، بە نموونە ژمارەکان و گوتەزارەکان هەمەکی نەبن، و لەوانەیە ژمارەکان و گوتەزارەکان و هەمەکییەکان هەموویان ئەندامانی چینێک لە "بەرناسە دەرهەستەکان" بن، چینێک کە هەندێک لە شتەکان لە خۆ ناگرێت. یان وێدەچێت شتێک وەک "سپێتی/سپیبوونی تاج مەحەل" هەبێت و لەوانەیە ئەم شتە و "سپێتی"ی هەمەکی –بەڵام نە خودی تاج مەحەل– هەر دوو سەر بە چینی "تایبەتمەندییەکان" بن. بێن با ئاوەها چینێک – بن-چینێکی گونجاو لە کاتەگۆرییەکی بوونناسانە، چینێکی سروشتی کە نە چینی هەموو شتەکانە نە یەکێک لە کاتەگۆرییە بوونناسانەکان– ناو بنێین "بن-چینی بوونناسانە". لە ڕاستیدا، لەوانەیە هەمەکییەکان بن-چینێک لە بوون پێک بێنن و ئەندامانی کاتەگۆریی "شتی دەرهەست" بن. بەڵام دەگمەن فەیلەسووفانێک، ئەگەر نەڵێین هیچ فەیلەسووفێک، لایان وایە کە هەمەکییەکان ئەندامانی بن-چینی چل و نۆن –نە ئەوەی ئەندامی کۆمەڵێک یان بێئەژمار بن-چین بن. زۆرینەی ئەو فەیلەسووفانە کە بڕوایان بە واقعیەتی هەمەکییەکان هەیە، دەیانهەوێت بڵێن کە هەمەکییەکان، ئەگەر کاتەگۆرییەکی بووناسانە پێک نەهێنن، ئەوا لانیکەم یەکێک لە بن-چینە "بەرزە"کان پێک دەهێنن. ئەگە سەگەکان چینێکی سروشتی ڕۆ بنێن، ئەم چینە –بەپێی پێناسەکەمان– بن-کاتەگۆرییەکی بوونناسانەیە. و ئەم چینە بێ گومان دەبێ بە بن-چینێکی چەندین بن-کاتەگۆری: توخمی سەگشێوەکان، چینی گواندارەکان (بە واتای بایۆلۆژیکی mammalian) و بەم چەشنە لە ڕێگای بن-کاتەگۆرییەکانەوە کە لە ئاکامدا دەگات بە هەندێک بن-کاتەگۆریی گشتیی وەک "جەوهەر" یان "شتی ماددی". کەواتە، هەرچەند لەوانەیە سەگەکان بن-کاتەگۆرییەکی بوونناسانە پێک بهێنن، ئەم بن-کاتەگۆرییە –بەپێچەوانەی کاتەگۆریی "هەمەکی"– یەکێک لە کاتەگۆرییە "ئاستنزمەکانە". ئەم تێڕامانانە دەری دەخەن کە تەوەری "کاتەگۆرییەکانی بوون" دەبێ بە جۆرێک لێی ورد بینەوە کە هەم کاتەگۆرییەکانی بوون بەتەواوی و هەمیش بن-کاتەگۆرییە ڕاستەوخۆکانیان لە خۆ بگرێت.
ئایا تەوەری "کاتەگۆرییەکانی بوون" سەر بە مێتافیزیک بە واتا "کۆنە"کەین؟ بەپێی ئەو واقعیەتەی کە تیۆریی فۆرمەکان (هەمەکییەکان، تایبەتمەندییەکان)ی ئەفلاتوون بابەتێکی بەبرەوە لە مێتافیزیکی ئەرەستوودا، دەتوانین وەها شتێک بڵێین. لە کتێبی مێتافیزیکدا دوو تێزی سەرەکیی ئەفلاتوون سەبارەت بە فۆرمەکان دەخرێتە بەر ڕەخنەی توندەوە: (١) ئەو جۆرە شتانە (فۆرمەکان)، ئەویش ئەگەر بوونیان هەبێت، وەک یەکەمین بوونەوەران و "واقعیترین" شتەکان "ناکارا/بێکەڵک" دەبن و (٢) "جیایی" دەکەوێتە نێوان تایبەتمەندی و سفەتگەلی شتەکان و ئەو شتانەی کە ئەمانە تایبەتمەندیی ئەوانن. ئێمە لێرەدا تەنها لەسەر بابەتی دووهەم لەنگەر دەگرین. بە گفتی ڕێبازە [فەلسەفییە]کان، ئەو ڕەخنەیە دەتوانین بەم شێوەیە دەرببڕین: ئەفلاتوون بەهەڵە بڕوای وا بوو کە هەمەکیگەلی ante res (پێش شتەکان) بوونیان هەبووە؛ ڕوانگەی دروست ئەوەیە کە هەمەکییەکان in rebus (لەنێو شتەکان)دا هەن. بەهۆی ئەوەی کە ئەم لایەنەی پرسی هەمەکییەکان –چ هەمەکییەکان پێش شتەکان بوونیان هەبێت چ لەنێو شتەکاندا– بە دوورودرێژی لە کتێبی مێتافیزیک باسی لێوە کراوە، دەکرێت پاساوێکی پتەو بۆ ئەوە بهێنینەوە کە پرسی هەمەکییەکان دەکەوێتە ژێر پێناسەی کۆن لە مێتافیزیک. (و ئەو پرسیارەی کە ئایا هەمەکییەکان، گریمان کە ئەساسەن بوونیان هەیە، پێش شتەکان یان لەنێو شتەکاندا هەن لە سەدەی بیست و یەکەمدا بە هەمان ئەندازە جێی مشتومڕە کە لە سەدەی سێزدەهەم و سەدەی چواری پێش زایین بوو). ئەگەر بڕیار بدەین کە پرسی هەمەکییەکان سەر بە مێتافیزیک بە واتای کۆنە، ئەوجار چونکە لە ڕێگای داسەپاندنی ئەو یاسا هاوچەرخەوە کە نکۆڵی لە هەر هەڵوێستێکی مێتافیزیکی بۆخۆی وەک هەڵوێستێکی مێتافیزیکی وێنا دەکرێت، بایەخمان بە پێناسە کۆنەکە داوە؛ دەبێ بڵێین کە ئەو پرسیارە کە ئایا هەمەکییەکان ئەساسەن بوونیان هەیە یان نا پرسێکی مێتافیزیکییە لە چوارچێوەی پێناسەی کۆندا –و هەر بۆیە نۆمینالیزمیش بۆخۆی تێزێکی مێتافیزیکییە.
سەرەڕای ئەمە، دەتوانین دژ بە پۆلێنبەندی پرسی هەمەکییەکان وەک پرسێکی مێتافیزیک بە واتا کۆنە (بایەخپێدراوە)کەیەوە بوەستینەوە. چونکە پرسی هەمەکییەکان شتێک زیاترە لەو پرسیارە کە ئایا هەمەکییەکان بوونیان هەیە یان نا و ئەو پرسیارە کە ئایا ئەگەر بوونیان هەیە، بوونیان پێش شتەکانە یان لەنێو شتەکاندا. بە نموونە، پرسی هەمەکییەکان هەروەها پرسیارگەلێک سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەمەکییەکان (ئەگەر پەیوەندییەک هەبێت) و ئەو شتانەی کە هەمەکی نین، ئەو شتانەی کە بە گوێرەی باو پێیان دەگوترێت هەندەکییەکان، لە خۆ دەگرێت. ئەرەستوو ئەم پرسیارانە لە کتێبی مێتافیزیکدا تاوتوێ ناکات. بەم پێیە، دەتوانین بە شێوەیەکی پاساوهەڵگر ئیدعا بکەین کە تەنها بەشێک لە پرسی هەمەکییەکان (ئەو بەشەی کە تەرخان کراوە بۆ بوون و سرشتی هەمەکییەکان) سەر بە مێتافیزیک بە واتا کۆنەکەیەتی. سەردەمانێک لەوانەیە فەیلەسووفێک گوتبێتی،
"سەگبوون" شتێکی هەمەکیی نەگۆڕە. کەواتە، پرسیار سەبارەت بە سرشتی ئەم شتە سەر بە مێتافیزیکە؛ زانستی ئەو شتانەی کە نەگۆڕن. بەڵام سەگەکان بوونەوەرانێکن کە گۆڕانیان بەسەردا دێت. هەر بۆیە، پرسیار لەمەڕ پەیوەندیی سەگەکان لەگەڵ سەگبوون فڕی بە مێتافیزیکەوە نییە.
بەڵام هیچ فەیلەسووفێکی هاوچەرخ تەوەرەکان بەو شێوەیە پۆلێن ناکات –تەنانەت ئەگەر بڕوای هەبێت کە سەگبوون هەیە و شتێکی نەگۆڕە. فەیلەسووفێکی هاوچەرخ –ئەگەر ئەو فەیلەسووفە لای وا بێت کە پرسێکی وەها هەیە کە بە شێوەیەکی گونجاو دەتوانین ناوی "پرسی هەمەکییەکان"ی لێ بنێین– پرسی هەمەکییەکان وەک پرسێکی شیاوی ئەو ناوە دەبینێت، وەک پرسێک کە چەشنێک یەکێتیی هەناوییی هەیە کە فەیلەسووفان هان دەدات بۆ وتووێژ لەسەر پرسێکی فەلسەفی. و هەر ئەو خاڵە بۆ تەوەری "کاتەگۆرییەکانی بوون"یش ڕاستە: هەر فەیلەسووفێک کە خەریکە دەڵێت پرسیاری "کاتەگۆرییەکانی بوون چین؟" پرسیارێکی واتادارە، هەر لایەنێکی ئەو پرسیارە دەبەستێتەوە بە مێتافیزیکەوە.
بێن با ئاوڕ لە هەندێک لە پرسی هەمەکییەکان کە سەبارەت بە شتە بگۆڕەکانن، بدەینەوە. (واتە، ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە هەندەکییەکانەوە هەیە –چونکە تەنانەت ئەگەر هەندەکیگەلێک هەبن کە نەگۆڕ بن، زۆرینەی ئەو هەندەکییانەی کە لە وتووێژەکان سەبارەت بە پرسی هەمەکییەکان وەک نموونە دێنە ئاراوە، شتانێکی بگۆڕن.) دوو شتی سپیی تایبەت ڕەچاو بکەن –بە نموونە تاج مەحەل و مۆنۆمێنتی واشنگتۆن. و وای دانێن کە ئەم دوو شتە هەندەکییە بەو هۆیەوە سپین (واتە سپیبوونیان بۆ ئەوەیە) کە شتێکی تر ڕادەگرن و لەگەڵ "سپێتی"ی هەمەکی پەیوەندییەکی سفتوسۆڵ و لەناسینهاتوویان هەیە. هەروەتر وای دانێن کە دەتوانین ئەو پەیوەندییە لە ڕێگای چەشنێک تێڕامانی هزری یان ئەبسترەکشنەوە دیاری بکەین و (بەم کارەیش) ناوی "کەوتنە ژێر"مان بۆ هەڵبژاردووە. هەموو شتە سپییەکان و تەنها شتە چەرمووەکان دەکەونە ژێر سپێتی، و کەوتنە ژێر سپێتی هەمان ئەو شتەیە کە سپیبوون دیاری دەکات. (ئێمە لە گەلێک پرسیار تێدەپەڕین کە دەبووایە بورووژێندرێن، ئەگەر پرسی هەمەکییەکانمان سەربەخۆ بخستایەتە بەر باس. بە نموونە، شینێتی و سوورێتی هەردوو تایبەتمەندیگەلی ڕەنگی شەبەنگن، و سپێتی وا نییە. ئایا ئەم واقعیەتە دەرخەری ئەوەیە کە "تایبەتمەندییەکی ڕەنگی شەبەنگبوون"، وەک لەوانەیە بگوترێت، هەمەکییەکی پلەدووهەمە؟ ئەگەر وایە، ئایا شینێتی "دەکەوێتە ژێر" ئەم هەمەکییە بە هەمان واتا کە ڕوونووسێکی لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکان [ی ویتگنشتاین] دەکەوێتە ژێر شینێتییەوە؟) لەمەڕ سپێتیی دوو شت و سپیبوونی تاج مەحەل چ شتێک لە ئارادایە کە ئەو واقعیەتە پاساو دەدات کە دووهەمیان دەکەوێتە ژێر یەکەمیان؟
ئێستا سەبارەت بەم پەیوەندییە، ئەم "کەوتنە ژێر"ە، چ دەتوانین بڵێین؟ ئایا تاج مەحەل لەوانەیە "دەستە"یەک لە هەمەکییەکانی پێش شت بێت، و بەو هۆیە دەکەوێتە ژێر سپێتی کە سپێتی یەکێک لە هەمەکییەکانی پێکهێنەری ئەو دەستەیە؟ یان لەوانەیە پاژێکی وەک تاج، هەرچەند لە ڕاستیدا هەمەکیگەلێکی پێکهێنەری هەیە، شتێکی زیاتر لە پاژگەلی پێکهێنەری خۆی بێت؟ ئایا گونجاوە کە تاج پاژێکی پێکهێنەری هەبێت کە هەمەکییەک نییە، بەڵکوو "ژێرەوڕە" یان پاژێکە کە بە واتایەک خاوەن تایبەتمەندی نییە و هەموو پاژە گشتییە پێکهێنەرەکانی تاجی پێکەوە ڕاگرتووە و "لێکیانی گرێ داوە"؟ (ئەگەر ئەو هەڵوێستە بگرین، ئەوا لەوانەیە هاوڕێ لەگەڵ ئارمسترۆنگدا (١٩٨٩: ٩٤-٩٦) بڵێین کە تاج "پاژێکی ئەستوور" و ژێرەوڕەکەشی "پاژێکی ناسک"ـە: پاژێکی ئەستوور و پاژێکی ناسک لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی دەستەکەیدا پێکەوە ڕەچاو دەکرێن.) یان لەوانەیە تاج پاژگەلێکی هەبێت کە نە هەمەکین و نە ژێرەوڕە؟ ئایا وێدەچێت زۆر پەلەمان کردبێت کاتێک "پاژەکان"مان وەک شتانێک پێناسە کردووە کە هەمەکی نین؟ ئایا ئەگەری هەیە دوو جۆر نا-هەمەکی، واتە نا-هەمەکییە بەرهەستەکان یان هەندەکییە بەرهەستەکان (ئەوانەی کە هەندەکین وەک ئەستوور یان ناسک)، و نا-هەمەکییە دەرهەستەکان یان هەندەکییە دەرهەستەکان (وەک "ڕووداوەکان/عەرەزەکان" یان "خوازەکان" یان "نموونەگەلی خاوەندارێتی") لە ئارادا بن، شتانێک کە تایبەتمەندی یان چۆنێتین (وەک خودی پەیوەندییەکان)، شتانێک وەک "سپێتی (هەندەکی)ی تاج مەحەل"؟ ئایا لەوانەیە تاج کۆمەڵێک ڕووداو/عەرەز بێت نە کۆمەڵێک هەمەکی؟ یان ئەوەی لە ژێرەوڕەیەک و دەستەیەک ڕووداو پێک هاتووە؟ و ئێمە ناتوانین ئەو ئەگەرە پشتگوێ بخەین کە ئەرەستوو لەوانەیە بەرهەق بووە لەوەی کە هەمەکییەکان تەنها لەنێو شتەکاندا بوونیان هەیە. ئەگەر وەها بێت، دەبێ بپرسین لە نێوان ماددەیەک کە بۆخۆی پاژێک پێک دەهێنێت و هەمەکیگەلێک کە سرشتی ئەو شتەن –کە هاوکات "لەم" ماددەیە و "لەو" ماددەیەدا هەن، چ پەیوەندییەک هەیە.
ئەو کۆمەڵە پرسیارە کە لە پەرەگرافی پێشوودا خرانە ڕوو، دەرەنجامی ئەو تێبینییە بوو کە پرسی هەمەکییەکان هەم پرسیارەکان سەبارەت بە بوون و سرشتی هەمەکییەکان لە خۆ دەگرێت و هەمیش ئەو پرسیارانەی کە چۆن هەمەکییەکان لەگەڵ ئەو پاژانەی دەکەونە ژێریان پەیوەندییان هەیە. زۆرێک لەو تیۆرییانەی کە لەو زنجیرە پرسیارانەدا ئاماژەیان پێ کرا، دەتوانین وەک تیۆریگەلی "پێکهاتەی بوونناسانە"ی نا-هەمەکییەکان وەسفیان بکەین. دەتوانین پێکهاتەی بوونناسانە لە هەنبەر پێکهاتەی پاژناسانەوە دابنێین. پرسیاری فەلسەفی تەنها ئەوکاتە سەبارەت بە پێکهاتەی پاژناسانەی بەرناسێکە، کە لەمەڕ پەیوەندیی نێوان ئەو بەرناسە و ئەو پاژە پێکهێنەرانەی پرسیار بکات کە سەر بە هەمان کاتەگۆریی بوونناسانەی بەرناسەکەن. بە نموونە، فەیلەسووفێک کە پرسیار دەکات کە ئایا تاج مەحەل ئەساسەن یان بەهەڵکەوت لە بەین پاژەکانی خۆیدا بلووکێکی مەڕمەڕی تایبەتی هەیە، لە ڕاستیدا خەریکە پرسیار سەبارەت بە پێکهاتەی پاژناسانەی تاج دەکات، چونکە بلووکەکە و بیناکە سەر بە یەک کاتەگۆریی بوونناسانەن. بەڵام فەیلەسووفێک کە دەپرسێت کە ئایا تاج "سپێتی" وەک پاژێکی پێکهێنەر هەیە و فەیلەسووفێک کە گریمان دەکات کە تاج ئەم پاژە پێکهێنەرەی هەیە و دەپرسێت، "سرشتی پەیوەندیی 'پاژی پێکهێنەر' کە 'سپێتی' لەگەڵ تاج هەیەتی، چییە؟" خەریکە پرسیار سەبارەت بە پێکهاتەی بوونناسانەی ئەو شتە دەکات.
زۆرێک لە فەیلەسووفان پێیان وایە کە پاژەکان بە گونجاندنیان لەنێو پێکهاتەی بوونناسانەدا دەکەونە نێو چوارچێوەی هەمەکییەکانەوە. و فەیلەسووفانی دیکەش وای بۆ چوون کە پێکهاتەی بوونناسانەی پاژێک، تایبەتمەندییە تاکییەکان یان عەرەزەکان لە خۆ دەگرێت –و عەرەزێک عەرەزی پاژێکی تایبەتە، تەنها بەهۆی ئەوەی کە پاژێکە لە پاژە پێکهێنەرەکانی ئەو پاژە.
لایەنگرانی بوونی ante res (لەپێشی) هەمەکییەکان، و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە نکۆڵی لە پاژە پێکهێنەرەکانی ئەو هەمەکییانە دەکەن، بەرەو ئەو گریمانەیە دەکشن کە هەمەکییەکان فراوانن –ئەوەی کە نەتەنها هەمەکیگەلێکی وەک سپێتی هەن، بەڵکوو هەمەکییەکی وەک "هاوکات سپی و خڕ و هەروەها ڕووناک بوون یان لە زیو سازنەکراو"یش هەیە. لایەنگرانی تیۆرییەکانی تری هەمەکییەکان، شەبەنگی ئەو هەمەکییانەی کە دان بە بوونیاندا دەنێن تا ڕادەیەک بە بەرتەسکتر دەزانن. لایەنگرانی [بیرۆکەی] هەمەکییەکان لەنێو شتەکاندا بە ئەستەم بوونی "هاوکات سپی و خڕ و هەروەها بریقەدار یان لە زیو نەبوون" پەسند دەکەن، تەنانەت لە نموونەیەکدا کە بەرناسێک هەیە هاوکات هەم سپی و خڕە و هەمیش بریقەدار و لە زیو سازنەکراوە (وەک تۆپێکی پلاستیکیی سپیی بریقەدار).
دوو تەوەری "کاتەگۆرییەکانی بوون" و "پێکهاتەی بوونناسانەی بەرناسەکان" هەم پێکەوە هەمیش لەگەڵ پرسی هەمەکییەکاندا پەیوەندییەکی چڕیان هەیە. ناکرێت چارەسەرێک بۆ پرسی هەمەکییەکان بخەینە ڕوو کە هیچ دەلالەت و دەرکەوتەیەکی بۆ تەوەری "کاتەگۆرییەکانی بوون" نەبێت. (تەنانەت نۆمینالیزم ئەوە دەگەیەنێت کە لانیکەم بەربژێرێکی شایستە بۆ "کاتەگۆریی بوونناسانە"، نە-بوون یان هیچە). بەدڵنیاییەوە، دەکرێت بڵێین کە کاتەگۆریگەلێکی بوونناسانە هەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ پرسی هەمەکییەکاندا نییە (وەک "گوتەزار"، "دۆخی شتەکان"، "ڕووداو"، "ئەگەری پەتی")، بەڵام هەر فەیلەسووفێک کە بڕوای وا بێت، هاوکات لەسەر ئەوەیە کە ئەگەر هەمەکییەکان بوونیان هەبێت، لانیکەم یەکێک لە بن-کاتەگۆرییە بەرزە بوونناسانەکان پێک دەهێنن. و وێدەچێت کە تەنها ئەوکاتە دەتوانین باس لە پێکهاتەی بوونناسانە بکەین کە گریمانەمان ئەوە بێت کە شتانێک سەر بە کاتەگۆریگەلی جیاوازی بوونناسانە هەن. لەم ڕووەوە، هەر تێڕاونینێک لەسەر مێتافیزیک دەبێ هەموو لایەنەکانی پرسی هەمەکییەکان و هەموو ڕەهەندەکانی تەوەرگەلی "کاتەگۆرییەکانی بوون" و "پێکهاتەی بوونناسانەی بەرناسەکان" بەسەر کاتەوە. بۆ لێکدانەوەی ئەم دواییانەی ئەو پرسانە کە لەم بەشەدا خرانە بەر باس، بڕوانە: (لۆوی، ٢٠٠٦).
ئێستا ئاوڕ لە بابەتێک دەدەینە کە بەتەواوی سەر بە "کاتەگۆرییەکانی بوون"ـە، بەڵام بەهۆی گرنگییەکەیەوە دەشێ بەجیا بپەرژێینە سەری.
٣.٢. جەوهەر
هەندێک شت (ئەگەر ئەساسەن شتانێکی وەها هەبن) تەنها "لەنێو" شتەکانی تردا بوونیان هەیە: زەردەخەنەیەک، قژکورتکردنەوەیەک (وەک بەرهەم، نەک وەک پرۆسە)، کونێک و هتد. ئاوەها شتانێک لەوانەیە لە هەنبەر ئەو شتانەوە دابنرێن کە "سەربەخۆ بۆخۆیان" بوونیان هەیە. مێتافیزیکزانەکان ئەو شتانەی کە سەربەخۆ بۆخۆیان بوونیان هەیە پێیان دەڵێن "جەوهەر". ئەرەستوو پێی دەگوتن protai ousiai یان "هەبووە یەکەمەکان". ئەو هەبووانە گرینگترین کاتەگۆرییە بووناسانەکانی ناوبراو پێک دێنن. protai ousiai [هەبووە یەکەمەکان] چەند تایبەتمەندییان هەیە: بنەی بارێکن کە بۆخۆیان نابن بە باری شتەکان (واتە هەمەکی نین)؛ شتەکان "لەنێو" ئەواندا بوونیان هەیە، بەڵام بۆخۆیان "لەنێو" شتەکاندا نین (واتە عەرەزگەلێکی وەک ژیریی سوقرات یان بزەی پڕلەتوانجی ئەو نین)؛ سرشتگەلێکی دیاریکراویان هەیە. دەتوانین ئەو تایبەتمەندییە دواییە بە زمانی ئەمڕۆیی بەم شێوەیە داڕێژینەوە: ئەگەر prote ousia [هەبووی یەکەم]ی x لە کاتێکی دیاریکراودا بوونی هەبێت و [هەبووی یەکەم]ی y لە کاتێکی دیاریکراوی تردا، گونجاوە بپرسین کە ئایا x و y یەک شتن، لەڕووی ژمارەوە یەکێکن (و ئەو پرسیارەش دەبێ وەڵامێکی دیاریکراوی هەبێت)؛ و ئەو پرسیارەش کە ئایا prote ousia [هەبوویەکی یەکەمی] تایبەت لە کۆمەڵێک بارودۆخی دژەواقیعدا، گونجاوە بوونی ببێت، دەبێ بە هەمان شێوە وەڵامێکی هەبێت (لانیکەم ئەگەر بارودۆخەکان بە شێوەیەکی تەواو دیاریکراو بن –ئەگەر بە نموونە، جیهانێکی ڕێگەتێچوو/مومکین پێک بهێنن. لە بەشی دواییدا، لەسەر ئەم بابەتە زۆرتر دەکۆڵینەوە). ئەستەمە وای دانێین کە زەردەخەنەکان یان کونەکان ئەو جۆرە ناسنامە دیاریکراوەیان هەیە. پرسیار لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو بزەیەی کە سوقرات ئەمڕۆ کردی هەمان ئەو بزەیەیە کە دوێنێ کردی (یان هەمان ئەو بزەیەیە کە کاتێک کریتۆن یەکێک لە پرسیارە ساکارە سەرنجڕاکێشەکانی دەپرسی، دەیکرد)، تەنها پرسیارێک سەبارەت بە ناسنامەی وەسفییە و بەس.
ئەرەستوو ‘(prote) ousia’ نەتەنها وەک ناوێکی لەژماردنهاتوو، بەڵکوو وەک ناوێکی گشتی (لەژماردننەهاتوو) دەکار دێنێت. (ناوبراو بەگشتی دەنووسێت "ousia [سرشت، چییەتی، زات، ماهیەت]" بەبێ هیچ ئاوەڵکارێک، کاتێک کە لای وایە کە بەستێنەکە بۆخۆی دەری دەخات کە مەبەست 'prote ousia'یە.) بە نموونە، ئەرەستوو نەتەنها پرسیارگەلێکی لەم چەشنە دەپرسێت کە "ئایا سوقرات (prote) ousiaیەکە؟" و "(prote) ousiaیەک چییە؟"، بەڵکوو ئاوەها پرسیارگەلێکیش دەپرسێت: "(prote) ousiaی سوقرات چییە؟" و " (prote) ousiaچییە؟" (ئەو پرسیارەی کە ناوبراو خەریکە دەیپرسێت، هەندێک جار دەبێ لە بەستێنەکەی [واتە لە چوارچێوەی زمانی یۆنانیدا] ڕایکێشینە دەرێ، چونکە لە زمانی یۆنانیدا پێناسەی نەناسراو بوونی نییە). ئەرەستوو کاتێک ئەو چەمکە وەک ناوێکی لەژماردنهاتوو بەکار دێنێت، تا ڕادەیەک هەندێک لە (protai) ousiaiکان لەگەڵ ta hupokeimena یان "شتە بنچینەییەکاندا" بە هاوشێوە دەزانێت. بە نموونە، سوقرات hupokeimenon [بنچینەیە]کە کە "دەکەوێتە ژێر" ئەو هەمەکییانەی نێو شتەکان و ئەو عەرەزانەی کە هەمیشە لەگەڵ ئەودا هەن. ‘To hupokeimenon’ لە لاتینیدا بەرانبەرێکی نزیکی هەیە، ‘substantia’، واتە "ئەو شتەی کە لە بنەوەیە". (وا دیارە، "لەبنەوەبوون" و "کەوتنە ژێر" هەر دووکیان وەسفگەلێکی خوازەیی باشن بۆ شرۆڤەی پەیوەندییەکانی شتێک لەگەڵ تایبەتمەندی و عەرەزەکانیدا.) بەهۆی لێکنزیکیی (protai) ousiai و hupokeimena لە فەلسەفەی ئەرەستوودا و هەروەها نەبوونی هاوواتایەکی لاتینیی گونجاو بۆ ‘ousia’، ئیدی ‘substantia’ لە وەرگێڕانی لاتینیی باودا بوو بە ناوی لەژماردنهاتووی ‘(prote) ousia’.
ئەو پرسیارە کە ئایا لە ڕاستیدا جەوهەر بوونی هەیە یان نا، ئێستایشی لەگەڵ بێت، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی مێتافیزیکە. چەند پرسیاری لێکنزیکی لەم بارەوە ئەمانەن: دەبێ چۆن بەوردی لە تێگەی جەوهەر تێبگەین؟ کام یەک لەو شتانەی (ئەگەر شتێک لە ئارادا بێت) لە ژیانی ڕۆژانەماندا لەگەڵیان ڕووبەڕوو دەبینەوە، جەوهەرن؟ ئەگەر ئەساسەن جەوهەر بوونی هەیە، چەندی لێ هەیە؟ –ئایا وەک سپینووزا لای وا بوو، تەنها یەک جەوهەر هەیە یان ئەو جۆرەی کە ئاوەزبڕواکان گریمانەیان دەکرد، گەلێک جەوهەر لە ئارادایە؟ چ جۆر جەوهەرێک بوونیان هەیە؟– ئایا جەوهەرگەلی ناماددی، جەوهەرگەلی هەتاهەتایی، جەوهەرگەلێک کە بوونیان پێویستە (واجبالوجود) هەن؟
دەبێ جەخت لەسەر ئەوە بکەین کە هیچ پێناسەیەکی بەگشتی پەسندکراو و دەقیق لەسەر "جەوهەر" نییە. بەپێی ئەوەی کە چۆن لەو چەمکە (یان تێگەیە) تێدەگەین، دەتوانین بڵێین کە هیووم نکۆڵیی لەوە دەکرد کە هیچ جەوهەرێک هەبێت یان لای وا بوو جەوهەرەکان (یان تەنها ئەو جەوهەرانەی کە ئێمە دەیانناسین) هەمان کارتێکەریی هەستەکان و ئایدیا (وێنا)کانن. سەرەڕای ئەوە، وێدەچێت کە زۆرینەی فەیلەسووفانێک کە دەیانەوێت چەمکی "جەوهەر" بەکار بێنن، لە بنەڕەتدا حاشا لە جەوهەربوونی هەر یەک لەو بابەتانەی خوارەوە دەکەن (ئەویش ئەگەر بوونیان هەبێت):
- هەمەکییەکان و بەرناسە دەرهەستەکانی تر (دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە ڕەخنەی ئەرەستوو لە ئەفلاتوون بۆ ئەوە بوو کە ئەفلاتوون لای وا بوو کە protai ousiai، هەمەکیگەلێکن کە پێش شتەکان هەن.)
- ڕووداوەکان، پرۆسەکان یان گۆڕانەکان. (بەڵام هەندێک لە مێتافیزیکزانەکان بڕوایان وایە کە جەوهەر/عەرەز دوولانەیەکی هەڵەیە.)
- کەلوپەلە ماددییەکان، وەک گۆشت، ئاسن یان کەرە. (بەداخەوە لای خوێندکارانی سەرەتایی مێتافیزیک، واتای باوی "جەوهەر" دەر لە بواری فەلسەفە هەمان ماددەیە. ئەرەستوو ڕەخنەی لە"فەیلەسووفانی سروشتی" دەگرت بۆ ئەوەی گریمانەیان دەکرد کە prote ousia دەبێ ماددەیەک –ئاو، هەوا یان خاک– بێت.)
سرشتی بوون، پرسی هەمەکییەکان، و سرشتی جەوهەر، تا ڕادەیک لە لایەن هەر کەسێکەوە کە لە چەمکی مێتافیزیک کەڵکی وەرگرتووە، وەک تەوەرگەلێک ناسێندراون کە سەر بە "مێتافیزیک"ن. ئێمە ئێستا ئاوڕ لەو تەوەرانە دەدەینەوە کە تەنها بە واتای پاش-سەدە ناوەڕاستییەکان سەر بە مێتافیزیکن.
٣. پرسەکانی مێتافیزیک: مێتافیزیکی "نوێ"
١.٣. ئاراستەمەندی
فەیلەسووفان دەمێکە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە جیاوازییەکی گرنگ لەنێو دەستەی گوتەزارە ڕاستەکاندا هەیە: جیاوازیی نێوان ئەو گوتەزارگەلەی کە لەوانەیە هەڵە بن و ئەوانەی کە ناتوانن هەڵە بن (ئەوانەی کە دەبێ ڕاست بن). بە نموونە، ئەو گوتەزارەی کە پاریس پێتەختی فەڕەنسایە و ئەو گوتەزارەی کە لە نێوان هەر ژمارەیەکی گەورەتر لە یەک و دوو بەرانبەرەکەی ژمارەی یەک هەیە، پێکەوە هەڵسەنگێنن. هەردوو ڕاستن، بەڵام یەکەمیان دەکرا هەڵە بێت و دووهەمیان ناکرێت هەڵە بێت. بە هەمان شێوە، جیاوازییەک لەنێو دەستەی گوتەزارە هەڵەکانیشدا هەیە: لە نێوان ئەوانەی وا دەکرا ڕاست بن و ئەوانەی وا نەدەکرا ڕاست بن (ئەوانەی کە دەبێ هەڵە بن).
هەندێک لە فەیلەسووفانی سەدەکانی ناوەڕاست، وای بۆ دەچوون کە ئەو واقعیەتەی کە گوتەزارە ڕاستەکان دوو جۆرن، "بەدڵنیاییەوە ڕاست" و "بەئەگەرەوە ڕاست"، (هەمان واقعیەت لەمەڕ گوتەزارە هەڵەکانیشەوە هەیە)، دەرخەری ئەوەیە کە دوو "حاڵەت" هەیە کە گوتەزارێک تێیدا دەتوانێت ڕاست (یان ناڕاست) بێت: حاڵەتی ئیمکانی/ڕێکەوت و حاڵەتی زەرووری/پێویست –بەم هۆیەوەیە کە چەمکی "ئاراستەمەندی (مۆداڵیتی)" دێتە کایەوە. فەیلەسووفانی ئێستاکە چەمکی "ئاراستەمەندی"ی سەدەکانی ناوەڕاستیان ڕاگرتووە، بەڵام هەنووکە جگە لە "سەر بە ڕێکەوت و پێویست" واتایەکی دیکەی نییە. جۆرەکانی ئاراستەمەندیی پەسندکراوی مێتافیزیکزانەکان دابەش دەبن بەسەر دوو دەستەدا: ئاراستەمەندیی de re (شتپێوەر) و ئاراستەمەندیی de dicto (گوتەزارپێوەر).
ئاراستەمەندیی گوتەزارپێوەر ئاراستەی گوتەزارەکانە (‘dictum’ بە واتای گوتەزار یان شتێکی نزیک لەو بابەتەیە). ئەگەر ئاراستەمەندیی دەقاودەق لەگەڵ ئاراستەمەندیی گوتەزارپێوەردا هاوتەریب بووایەت، لانیکەم ئەم هەڵوێستە گونجاو دەبوو کە تەوەری ئاراستەمەندی سەر بە لۆژیکە تا مێتافیزیک. (لە ڕاستیدا، لێکۆڵینەوە لەسەر لۆژیکە ئاراستەمەندییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئانالیتیکی یەکەمی ئەرەستوو).
بەڵام گەلێک فەیلەسووفیش هەن کە لایان وایە جۆرێکی دووهەمی ئاراستەمەندی هەیە، واتە ئاراستەمەندی شتپێوەر –ئاراستەمەندی خودی شتەکان. (بەدڵنیاییەوە ئاراستەمەندی جەوهەرەکان و لەوانەیشە ئاراستەمەندی شتەکان لە کاتەگۆرییە بوونناسانەییەکانی تردا). بابەتی ئاراستەمەندی شتپێوەر بێ گومان تەوەرێکی مێتافیزیکییە، و ئێمە دەیخەینە پاڵ مێتافیزیکی "نوێ"وە، چونکە هەرچەند دەتوانین پرسیارگەلێکی ئاراستەمەند سەبارەت بەو شتانە بپرسین کە نەگۆڕن، وەک خودا یان هەمەکییەکان، بەڵام بەشێکی زۆر لەو کارانەی لەم بوارەدا کراون لەمەڕ تایبەتمەندیگەلی ئاراستەمەندیی شتە بگۆڕەکانە.
ئاراستەمەندیی شتپێوەر دوو جۆری هەیە. یەکەمیان پەیوەندە بە بوونی شتەکانەوە –بوونی مرۆڤەکان بە نموونە. ئەگەر مرۆڤێکی ئاسایی وەک ساڵی بڵێت: "من لەوانە بوو بوونم نەبێت"، تا ڕادەیەک هەمووان ئەو گوتەیەی ساڵی وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر ڕەچاو دەکەن. و ئەگەر ئەوەی ئەو خانمە گوتوویەتی ڕاست بێت، ئەوا ئەو بە شێوەیەکی ئیمکانی بوونی هەیە. واتە، ناوبراو هەبوویەکی ڕێگەتێچوو و مەرجدارە: هەبوویەک کە دەکرا نەبێت. هەبوویەکی زەرووری، بەپێچەوانە بوونی جۆرێکە کە هەڵەیە بڵێین دەکرا بوونی نەبێت. ئەوەی کە ئایا بەرناسەکان هەبووگەلێکی پێویستن یان نا، یەکێک لە پرسیارە گرینگەکانی مێتافیزیکی ئاراستەمەندە. هەندێک لە فەیلەسووفان تا ئەو ڕادەیە ڕۆیشتوون کە بڕوایان وایە کە هەموو بەرناسەکان هەبووگەلێکی پێویستن، چونکە بوونی پێویست حەقیقەتێکی لۆژیکییە کە بە ڕای ئەوان لۆژیکی ئاراستەمەندیی چەندەکیپێوەر باشترینیانە. (بۆ ئاگاداری لە یەکەم پەیوەندیی مۆدێرن لە نێوان بوونی پێویست و لۆژیکی ئاراستەمەندیی چەندەکی بڕوانە: بارکان، ١٩٤٦. بارکان هیچ ئاکامگیرییەکی مێتافیزیکیی لە دەرەنجامە لۆژیکییەکانی خۆی نەگرت، کەچی نووسەرانی دواتر، بەتایبەت ویلیامسۆن ٢٠١٣، ئەو کارەیان کردووە).
جۆری دووهەمی ئاراستەمەندیی شتپێوەر پەیوەندە بە تایبەتمەندییەکانی خودی شتەکانەوە. هەر وەک هەبوونی شتەکان، دارابوونی تایبەتمەندییشیان پەیوەستە بە مەرجی ئاراستەمەند. ئەگەر ساڵی، کە بە ئینگلیزی قسە دەکات، بڵێت: "من لەوانە بوو تەنها بە فەڕەنسی قسە بکەم"، تا ڕادەیەک هەمووان ئەو ڕستەیە بە هەمان ئەندازەی ئەو گوتەزارەی کە لەوانە بوو بوونی نەبێت، ڕوون دێتە بەرچاویان. و ئەگەر ئەوەی ناوبراو گوتوویەتی ڕاست بێت، ئەوا "بە ئینگلیزی دوان" تایبەتمەندییەکە کە ئەو تەنها بە شێوەیەکی ئیمکانی و مەرجدار یان "بە دەربڕینێکی باوتر" تەنها بەهەڵکەوت هەیەتی. سەرەڕای ئەوە، لەوانەیە تایبەتمەندیگەلێک هەبن کە شتەکان بە شێوەیەکی سرشتی هەیانە. شتێک کە بە شێوەیەکی سرشتی خاوەن تایبەتمەندییەک بێت، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییە نەبێت ئەوا ئەو شتەیش بوونی نابێت. نموونەگەلی پەیوەندیدار بە تایبەتمەندییە سرشتییەکان مشتومڕیان لەسەرە، زۆرتر بەهۆی ئەوەی کە شیمانەییترین نموونەکان لەمەڕ ئەوەی کە بەرناسێکی تایبەت کە ئەساسەن خاوەن تایبەتمەندییەکە، تەنها بە ڕادەی ئەم تێزە ڕێتێچوویە کە ئەو شتە لە بنەڕەتدا ئەو تایبەتمەندییانەی هەیە. بە نموونە، ئەگەر ساڵی بەرناسێکی فیزیکی بێت، وەک چۆن فیزیکاڵیستەکان وای بۆ دەچن، ئەوا بۆ ئەوان زۆر ڕێگەتێچوویە کە گریمانە بکەن کە ناوبراو ئەساسەن بەرناسێکی فیزیکییە –بەڵام ئەوە جێگای مشتومڕە کە ئایا فیزیکاڵیستەکان مافی ئەوەیان هەیە کە وا بزانن ناوبراو بەرناسێکی فیزیکییە. و هەڵبەت هەمان شت دەتوانین، بە هەندێک دەستکارییەوە، دەرهەق بە دووفاقبڕواکان و تایبەتمەندیی بەرناسێکی نا-فیزیکیبوونیش بڵێین. بە هەر حاڵ، وا دیارە کە ساڵی یان لە سرشتدا بەرناسێکی فیزیکییە یان ئەساسەن بەرناسێکی نا-فیزیکی. و گەلێک بیرمەند ئەو گریمانەیە بە ڕێتێچوو دەزانن کە (چ ساڵی بەرناسێکی فیزیکی بێت چ نافیزیکی) ناوبراو بە شێوەیەکی سرشتی خاوەن ئەم تایبەتمەندییەیە کە "هێلکەیەکی کوڵاو نییە".
بەهێزترین و کاریگەرترین دوژمنی ئاراستەمەندی (هەم گوتەزاپێوەر و هەم شتپێوەر) و. ڤ. کواین بوو کە بەگوڕ لەو دوو تێزەی خوارەوە بەرگری دەکات. یەکەم، تەنها بەپێی تێگەی شیکارێتی (تێگەیەکی جێگای مشتومڕ لە ڕوانگەی کواینەوە) دەتوانین لە ئاراستەمەندیی گوتەزاپێوەر تێبگەین. دووهەم، ناتوانین بەپێی شیکاریبوون لە ئاراستەمەندیی شتپێوەر تێبگەین و بەم بۆنەیەوە، ناتوانین ئەساسەن لێی حاڵی بین. کواین بۆ ئەو ئیدعا ئەخیرە بە خستنەڕووی چەند دژنموونەی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو تیۆرییانەی کە سرشتمەندی بە واتادار دەزانن، ئیستدلال دەکات. کواین دەڵێت (١٩٦٠: ١٩٩-٢٠٠)، ئەگەر ئاراستەمەندیی شتپێوەر واتایەکی هەبێت، پاسکیلسوارەکان دەبێ وەک کەسانی لەڕووی سرشتەوە دووپێ ڕەچاو بکەین –چونکە ئەو کەسانەی بڕوایان بە شیکاریبوون هەیە، گوتەزاری "پاسکیلسوارەکان دووپێن" وەک ڕستەیەکی شیکارانە لە قەڵەم دەدەن. بەڵام بیرکارەکان تەنها بە هەڵکەوت دووپێن (ڕستەی "بیرکارەکان دووپێن" بە ڕای هیچکەس شیکارانە نییە). پاشان کواین دەپرسێت ئەی سەبارەت بە کەسێک کە هەم بیرکارە و هەمیش پاسکیلسوار چی؟ ئەو کەسە هاوکات هەم لەڕووی سرشتەوە و هەمیش بەهەڵکەوت دووپێیە. بەهۆی ئەوەی کە ئەم شتە ناڕاستە، کواین وای بۆ چوو کە ئاراستەمەندیی شتپێوەر دژوێژانەیە.
سەرەڕای ئەو باسانە، زۆرینەی فەیلەسووفان هەنووکە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە ئارگیومێنتی "پاسکیلسواری بیرکار"ی کواین لە لایەن سۆل کریپکی (١٩٧٢)، ئالڤین پلانتینگا (١٩٧٤) و لایەنگرە جۆراوجۆرەکانی تری پرسی ئاراستەمەندیی شتپێوەرەوە، بە شێوەیەکی گونجاو وەڵام دراوەتەوە. بەرگرییەکانی کریپکی و پلاتینگا لە پرسی ئاراستەمەندی بە شێوەیەکی بەرچاو مێتافیزیکییە (جگە لەو شوێنانەی کە ڕاستەوخۆ دەپەرژێنە سەر ئارگیومێنتی زمانەوانیی کواین). هەردووکیان لە تێگەی جیهانی ڕێگەتێچوو بۆ بەرگری لە ژیرانەبوونی ئاراستەمەندی (هەم شتپێوەر و هەم گوتەزارپێوەر) بە بەرفراوانی کەڵک وەردەگرن. لایبنیتز یەکەم فەیلەسووفێک بوو کە "جیهانی ڕێگەتێچووی" وەک چەمکێکی فەلسەفی بەکار هێنا، بەڵام شێوەی بەکارهێنانی کریپکی و پلانتینگا لەو دەستەواژەیە جیاوازە لەوەی لایبنیتز. لای لایبنیتز، جیهانێکی ڕێگەتێچوو ئافراندنێکی ڕێگەتێچوویە: کردەوەی ئافراندنی خودا بریتییە لە هەڵبژاردنی جیهانێکی ڕێگەتێچوو لەنێو گەلێک جیهانی ڕێگەتێچوو کە دەیانئافرێنێت –جیهانی "واقعی". بەڵام، لای کریپکی و پلانتینگا جیهانێکی ڕێگەتێچوو "گشت واقعیەتێکی" ڕێگەتێچوو دەگرێتەوە. لای لایبنیتز، خودا و کردەوەکانی "بەدەرەن لە" هەموو جیهانە ڕێتێچووەکان. لای کریپکی و پلانتنینگا، هیچ بوونەوەرێک، تەنانەت خودایش، ناتوانێت دەر لە گشت سیستەمی جیهانە ڕێتێچووەکان بێت. جیهانی کریپکی-پلانتینگایی (KP) بە جۆرێک شتێکی دەرهەستە. با وای دانێین کە جیهانی KP ئەگەری ڕوودانی هەیە (ئەمە بیرۆکەی پلانتینگایە؛ کریپکی دەڵێت شتێکی وەها ڕوون نییە). هەر حاڵەتێکی دیاریکراوی شتێک لەبەرچاو بگرن؛ با بڵێین پاریس پێتەختی فەڕەنسایە. ئەم حاڵەتە گونجاوە، چونکە پاریس پێتەختی فەڕەنسایە. بەپێچەوانە، حاڵەتی توور پێتەختی فەڕەنسایە، گونجاو نییە. بەڵام حاڵەتی دووهەمیش ئەگەری هەیە، چونکە ئاوەها دۆخێک [لەڕووی لۆژیکییەوە] گونجاوە. (کەواتە، گونجاوبوون بۆ حاڵەتی شتەکان وەک ڕاستی وایە بۆ گوتەزارەکان: هەرچەند ئەو گوتەزارەی کە توور پێتەختی فەڕەنسایە ڕاست نییە، کەچی ئاوەها گوتەزارێک ئەگەری هەیە.) دەگوترێت حاڵەتی x حاڵەتی y لە خۆ دەگرێت، ئەگەر بۆ x گونجاوبوونی نامومکین بێت و بۆ y گونجاونەبوونی نامومکین بێت. ئەگەر هەم بۆ x هەم بۆ y گونجاوبوونیان نامومکین بێت، ئەوا هەر یەک ڕێ لەوی دی دەگرێت. جیهانێکی ڕێگەتێچوو و گونجاو تەنها حاڵەتێکی مومکینی شتانێکە کە بۆ هەر حاڵەتێکی شتانی x، یان x لە خۆ دەگرێت یان وەدەری دەنێت؛ جیهانی واقعی، حاڵەتی ئەو شتانەیە کە [بوونیان] گونجاوە.
لە ڕێگای تیۆریی KPیەوە دەتوانین بەم شێوەیە وەڵامی تەحەدای کواین بدەینەوە. لە هەر جیهانێکی ڕێگەتێچوودا، هەر پاسکیلسوارێک لەو جیهانەدا دوو جێگەپێی هەیە. (بەپێی ئەو گریمانەیەی کواین کە پاسکیلسوارەکان بەحەتم دوو جێگەپێیان هەیە. وا دیارە کواین بیری لەو پاسکیلانە نەکردبووەوە کە بەپێی بارودۆخ جێگەپێکانیان دەگۆڕدرێت.) بەم حاڵەیشەوە، بۆ هەر پاسکیلسوارێکی تایبەت، جیهانێکی ڕێگەتێچووی دیاریکراو لە ئارادایە کە ناوبراو (واتە ئەو کەسە تایبەتە) دوو جێگەپێی نییە. کاتێک ئاوڕ لەو جیاوازییە دەدەینەوە، ئیدی دەبینین کە ئارگیومێنتەکەی متمانەپێکراو نییە. بە شێوەیەکی گشتیتر، بەپێی تیۆریی KP، تێزگەلی سەبارەت بە تایبەتمەندییە سرشتییەکانی شتپێوەر بەحەتم شیکارانە نین؛ ئەو تێزانە واتادارن، چونکە ئیدعاگەلێک لەمەڕ تایبەتمەندییەکانی بەرناسێک لە جیهانگەلی ڕێگەتێچووی جۆراوجۆر دەردەبڕن.
هەروەها دەتوانین لە تێگەی جیهانگەلی ڕێگەتێچوو بۆ پێناسەی زۆرێک چەمکی ئاراستەیی تر کەڵک وەرگرین. بە نموونە، گوتەزارێکی بەحەتم ڕاست گوتەزارێکە کە سەرفەنەزەر لەوەی کە چ جیهانێکی ڕێگەتێچوو لە ئارادا بێت، هەر ڕاستە. سوقرات هەبوویەکی مومکینە، تەنانەت ئەگەر جیهانێکی ڕێگەتێچووی ئاوەها هەبێت کە ناوبراو بوونی نەبێت کەچی ئەو جیهانە واقعی بێت، و ئەگەر سوقرات تایبەتمەندییە سرشتییەکانی "مرۆڤبوونی" هەبێت، هەر جیهانێکی ڕێگەتێچوو کە بوونی ئەوی لە خۆ گرتبێت، هەروەها مرۆڤبوونیشی لە خۆ دەگرێت. کریپکی و پلانتینگا گوتاری ئاراستەمەندییان (بەتایبەت گوتاری ئاراستەمەندیی شتپێوەر) بە شێوەیەک ڕوونتر کردووەتەوە، بەڵام بە تێچووی خستنەڕووی بوونناسییەکی ئاراستەمەند، بوونناسییەکی جیهانە ڕێگەتێچووەکان.
بوونناسییە ئاراستەمەندییەکەی ئەوان تەنها بوونناسییەکی پێشنیارکراو نییە. جێگرەوەی سەرەکی بۆ تیۆریی KP "ڕیالیزمی ئاراستەمەند"ە کە لە لایەن دەیڤید لێویسەوە (١٩٨٦) پێداگریی لەسەر کراوە. بوونناسیی ئاراستەمەندیی لێویس پەنا بۆ ئەو شتانە دەبات کە پێیان دەڵێین جیهانە ڕێگەتێچووەکان، بەڵام ئەم "جیهانگەلە" شتانێکی بەرهەستن. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین جیهانی واقعی یەکێک لەو شتە بەرهەستانەیە، جیهانێکی لەڕووی شوێن-کاتییەوە پێکەوە گرێ دراوە و تێیدا نیشتەجێین. ئەو جیهانانەی کە پێیان دەڵێین جیهانگەلی "ناواقعی"، جیهانگەلی بەرهەستترن کە لەڕووی شوێن-کاتییەوە لە جیهانی ئێمە و (لە یەکتر) جودان. لێویس لای وایە کۆمەڵێکی زۆر لە جیهانگەلی ناواقعی هەن، کۆمەڵێک کە لانیکەم ئەو جیهانانە لە خۆ دەگرن کە لەسەر پرەنسیپێکی لەسەرڕا تێکەڵکردنەوەی داهێنەرانەوە بەدی هاتوون؛ پرەنسیپێک کە بێ کەڵکوەرگرتن لە زمانی ئاراستەمەندی دەتوانین باسی لێوە بکەین (١٩٨٦: ٨٧). (هەروەها، لای لێویس "واقعی" دەستەواژەیەکی ئاماژەدەرانەیە: "کاتێک باس لە جیهانی واقعی دەکەم، خەریکم ئاماژە بۆ ئەو جیهانە دەکەم کە لێی نیشتەجێم –و ئەمەیش بۆ هەر ئاخێوەرێک کە "لەنێو" هەر جیهانێکدا (یان وەک ئەندامێکی هەر جیهانێک) هەیە، ڕاستە").
تیۆریی لێویس سەبارەت بە ئاراستەمەندیی گوتەزارپێوەر، بە چەشنێک دەڕواتە پێش کە لانیکەم هاوتەریبە لەگەڵ تیۆریی KPدا: خووگی باڵندە دەشێ ببێت، ئەگەر خووگی باڵندە لە جیهانێکی ڕێگەتێچوودا هەبێت (ئەگەر ئاوەها جیهانێک خووگی باڵندەی وەک بەشێک لە خۆی هەبێت). بەڵام لەمەڕ ئاراستەمەندیی گوتەزارپێوەرەوە پرسەکە جیاوازە. بەهۆی ئەوەی کە هەر بەرناسێکی ئاسایی تەنها لە یەکێک لە جیهانە بەرهەستەکاندا بوونی هەیە، لێویس یان دەبێ بڵێت کە هەر شتێکی ئاوەها هەموو تایبەتمەندییە سرشتییەکانی خۆی هەیە یان دەبێ ڕێکارێکی گونجاوتر بۆ ئاراستەمەندیی گوتەزارپێوەر بدۆزێتەوە کە لەگەڵ ڕێکاری KP هاوتا نەبێت. ناوبراو بژاردەی دووهەم هەڵدەبژێرێت. بە بڕوای لێویس، هەرچەند سوقرات تەنها لە جیهانی واقعیدایە، بەڵام "هاوشێوەکانی" لە جیهانگەلێکی تردا هەن؛ هاوشێوەگەلێک کە لەو جیهانانەدا هەمان ڕۆڵ دەگێڕن کە سوقرات لەم جیهانەدا دەیگێڕێت. ئەگەر هەموو هاوتاکانی سوقرات مرۆڤ بن، ئەوا دەتوانین بڵێین کە ئەو ئەساسەن مرۆڤە. ئەگەر یەکێک لە هاوتاکانی هێربرێت هامفێری لە هەڵبژاردنی (هاوشێوەی) سەرۆک کۆماریی ١٩٨٦ بیباتەوە، ڕاستە بڵێین کە هامفێری دەیتوانی لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوێت.
جگە لە دژایەتیی بوونناسانەی بەرچاو لە نێوان ئەو دوو تیۆرییەدا، لەڕووی دەرهاویشتەکانیشیانەوە بۆ فەلسەفەی ئاراستەمەندی دوو جیاوازیی گرینگیان پێکەوە هەیە. یەکەم، ئەگەر لێویس ڕاست بکات ئەوا دەتوانین چەمکەکانی ئاراستەمەندی بە شێوەیەکی نموونەیی بەپێی چەمکەکانی نا-ئاراستەمەندی پێناسە بکەین، چونکە "جیهان" و هەموو دەستەواژە تەکنیکییەکانی لێویس تەنها بە کەڵکوەرگرتن لە [ڕستەگەلی وەک] "لەڕووی شوێن-کاتی پەیوەندیدار بە"، "بەشێکە لە" و هەروەها دەستەواژەکانی تیۆریی دەستە دەتوانین پێناسەیان بکەین. سەرەڕای ئەمە، لای کریپکی و پلاتینگا چەمکگەلی ئاراستەمەند ناوازە و لەپێناسەنەهاتوون یان تەنها پێناسەگەلێکیان هەیە کە وابەستەن بە چەمکە ئاراستەمەندەکانی ترەوە. دووهەم، تیۆریی لێویس دەلالەت بۆ جۆرێک دژە-ڕیالیزمی پەیوەندیدار بە ئاراستەمەندیی شتپێوەر دەکات. هۆکارەکەی ئەوەیە کە هیچ پەیوەندییەک نییە کە پەیوەندیی چوونیەک بێت –شێوە یان ڕەهەندگەلێکی جۆراوجۆرتر هەیە کە دەتوانین بڵێین بەرناسەکانی دوو جیهان "ڕۆڵێکی یەکسان دەگێڕن" هەر یەک لە جیهانی تایبەت بە خۆیان. کەواتە، لەوانەیە سوقرات لەژێر پەیوەندییەکی چوونیەک هاوتاگەلێکی نا-مرۆیی هەبێت و هیچ هاوشێوەیەکی نا-مرۆیی لەژێر پەیوەندییەکی تر نەبێت. و هەڵبژاردنی پەیوەندییەکی چوونیەک هەڵبژاردنێکی پراگماتیکی و قازانجپێوەرە. بەڵام بەپێی تیۆریی KP، ئەمە پرسیارێکی بەتەواوی بەرهەستە کە ئایا سوقرات لەو جیهانەی تێیدایە، مرۆڤە یان نا: وەڵامەکە دەبێ بەڵێ یان نەخێر بێت و لە هەڵبژاراردن و قازانجەکانی مرۆڤ سەربەخۆیە.
هەرجۆر لەسەر ئەم تیۆرییانە بیر بکەینەوە، ئەو کاتەی کە وەک تیۆریی سەربەخۆ لێیان دەڕوانین (وەک تیۆریگەلی ئاراستەمەندی، وەک تیۆریگەلێکی خاوەن بەڵێنی بوونناسانە کە دەکرێت گومانیان لێ بکرێت)، دەبێ دان بەوەدا بنێین کە ئەو تیۆرییانە بە شێوەیەکی بەرچاو تیۆریگەلێکی مێتافیزیکین. ئەو تیۆرییانە شایەتیدەری بووژانەوەی مێتافیزیکن لە یەک لە سێ بەشی کۆتایی سەدەی بیستەمدا.
٢.٣. شوێن و کات
گەلێک پێش ئەوە تیۆریی ڕێژێتی، کات و شوێن وەک ڕەهەند یان دەرهاویشتەگەلێک لە هەبوویەکی تاک، کات-شوێن، بنوێنێت، فەیلەسووفان کات و شوێنیان وەک دوو شتی زۆر نزیک لەیەک بینیوە. (چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر هەر قامووسێک لە دەربڕینەکاندا دەری دەخات کە جووتکردنی فەلسەفییانەی شوێن و کات دەرخەری ڕوانگەیەکی سروشتی و پێش-فەلسەفییانەیە: "جیهان بەتەنهایی بەسمان بوو و کاتیش ..."؛ "هەمووان لە کات و شوێندا نیشتەجێن"). بە نموونە، کانت لە جوانیناسیی ترانسێندێنتاڵ (ئەزموونتێپەڕەک)ـەکەیدا لەگەڵ کات و شوێن وەک شتانێک مامەڵەی کرد کە دەبێ بەپێی تیۆرییەکی تاک و یەکپارچە شرۆڤە بکرێن. و تیۆریی ناوبراو سەبارەت بە کات و شوێن، هەرچەند لە ڕەهەندگەلێکی ترەوە لەوانەیە شۆڕشگێڕانە بووبێت، بەڵام لەم ڕوانگەیەوە نموونەی شرۆڤەیەکی فەلسەفی لە کات و شوێن بوو. سەرچاوەی ئەو بڕوایە کە کات و شوێن ئەندامی یەک "جۆر"ن (و تەنها دوو ئەندامی ئەو جۆرەیشن)، هەرچییەک بێت، بەدڵنیاییەوە پرسیارگەلێکی فەلسەفیی هاوشێوە دەورووژێنن. دەتوانین بپرسین کە ئایا شوێن لە هەموو ئاراستەیەکدا بە شێوەیەکی بێبڕانەوە و بێسنوور درێژەی هەیە، و دەیشتوانین بپرسین کە ئایا کات لە هەر دوو "ئاراستە"کەیدا بە شێوەیەکی بێکۆتایی درێژەی هەیە. هەر وەک چۆن دەتوانین بپرسین کە ئایا ئەگەر شوێن ڕادەمەند بێت، "کۆتایی"یەکی هەیە (چ سنووردار بێت چ بێسنوور)، لەمەڕ کاتیش دەتوانین بپرسین کە ئایا، ئەگەر کات ڕادەمەند و بێبڕانەوە بێت، سەرەتایەکی هەبووە یان کۆتاییەکی دەبێت یان لەوانەیە هیچ یەک نەبێت، بەڵکوو پتر "بازنەیی" (ڕادەمەند بەڵام بێسنوور) بێت. هەروەک چۆن دەتوانین بپرسین کە ئایا لەوانەیە دوو بەرناسی خاوەن کێشمانمان هەبێت کە لەڕووی کاتەوە پێکەوە پەیوەندییان نەبێت؛ دەکرێت بپرسین کە ئایا دەکرێت دوو ڕووداو هەبن کە لەڕووی کاتەوە پەیوەندییان پێکەوە نەبێت. دەتوانین بپرسین کە ئایا شوێن (a) شتێکی واقعی –جەوهەر–ـە، شتێک کە لەوانەی شوێنمەندن سەربەخۆ بوونی هەیە، (b) یان تەنها سیستەمێکە لە پەیوەندیگەلی نێوان ئەو شتانەی لەنێو شوێندان. دەکرێت هەمان پرسیار سەبارەت بە کات و هەروەها سەبارەت بە ئاراستەمەندییش بپرسین. (بۆ لێکدانەوەی لێکچووگەلی کاتمەندی/ئاراستەمەندی بڕوانە: واڵاس، ٢٠١٩).
بەڵام هەروەها پرسیارگەلێکیش سەبارەت بە کات هەیە کە هیچ لێکچوویەکی شوێنمەند یان لانیکەم هیچ لێکچوویەکی حاشاهەڵنەگر و بێمشتومڕی نییە. بە نمونە، پرسیارگەلێک لەمەڕ هۆکارە جۆراوجۆرەکانی ناتەبایی لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا هەیە –بۆچ زانیاریمان لەمەڕ ڕابردوو باشترە تا زانیاریمان لەسەر داهاتوو؟ بۆچ ڕووداوێکی دڵتەزێن کە خەریکە ڕوو دەدات بە شێوەیەکی جیاواز لەو ڕووداوە دڵتەزێنەی کە تازە ڕووی داوە لێکی دەدەینەوە؟ بۆچ وا دەزانین کە هۆکارێتی ئاراستەیەکی کاتمەندی ناوازەی هەیە؟ لەوە ناچێت ناتەباییگەلێکی دەرهەست لەم چەشنە لەمەڕ شوێن لە ئارادا بێت.
هەروەها پرسی تێپەڕینی کات لە ئارادایە –پرسەکە ئەوەیە کە ئایا "جووڵە"ی ڕواڵەتیی کات (یان جووڵەی ڕواڵەتیی خۆمان و بابەتەکانی ئەزموونمان لە درێژەی کات یان لەنێو کاتدا) تایبەتمەندییەکی واقعیی جیهانە یان چەشنێک وەهم. لە ڕوانگەیەکەوە سەبارەت بە کات، ئاراستەیەکی کاتمەندی ناوازە هەیە کە جیاوازیی نێوان ڕابردوو، هەنووکە و داهاتوو دیاری دەکات. تیۆریزانانی A لایان وایە کە کات لە بنەڕەتدا بەپێی جیاوازیی ڕابردوو/هەنووکە/داهاتوو پێک هاتووە. کاتەکان لە ڕابردووەوە بەرەو داهاتوو دەگۆڕدرێن و تێپەڕین بەرهەمی ئەم گۆڕانەیە. (ناوی "تیۆریزانی A" لە ج. م. مەکتاگارت (١٩٠٨) وەرگیراوە کە بۆ ناوی زنجیرەی ڕابردوو/هەنووکە/داهاتوو دایناوە کە پێی گوتووە "دەستەی A"). لە چوارچێوەی تیۆریی Aدا، لەوانەیە زۆرتر بپرسین کە ئایا ڕابردوو و داهاتوو "هەمان واقعیەتیان" هەیە کە هەنووکە هەیەتی. تیۆریزانانی هەنووکەبڕوای دەستەی A، وەک پریۆر (١٩٩٨)، نکۆڵی لەوە دەکەن کە ڕابردوو یان داهاتوو واقعیەتێکی بەرهەستی هەبێت. هەنووکەبڕواکان، لە باشترین حاڵەتدا، زۆرجار ڕابردوو و داهاتوو وەک جیهانگەلی ڕێگەتێچووی دەرهەست دەبینن –[بە ڕای ئەوان ڕابردوو و داهاتوو] حاڵەتێکن کە جیهان بووە یان دەبێت، هەر ئەو جۆرەی کە جیهانە ڕێگەتێچووەکان حاڵەتگەلێکن کە جیهانی واقعی دەتوانێت ببێت. تیۆریزانانی تری دەستەی A، وەک سالیڤان (٢٠١٢)، لایان وایە کە هەنووکە لەڕووی مێتافیزیکییەوە لەبەرترە، بەڵام نکۆڵی لە هەر جۆرە جیاوازییەک لە نێوان ڕابردوو، هەنووکە و داهاتوو دەکەن. بە شێوەیەکی گشتیتر، تیۆریزانانی دەستەی A، زۆرجار ستراتێجیگەلێک لە مێتافیزیکی ئاراستەمەندی دەخەمڵێننە نێو تیۆرییەکانیان سەبارەت بە پەیوەندیی ڕابردوو و داهاتوو لەگەڵ هەنووکەدا.
بەپێی تیۆریگەلی دەستەی B لەسەر کات، تەنها جیاوازییەکی بنەڕەتی کە دەبێ دایبنێین ئەوەیە کە هەندێک ڕووداو و کاتەکان بە بەراورد لەگەڵ هەندێکی تر کۆنترن یان نوێترن. (ئەم پەیوەندیگەلە پێیان دەگوترێت "پەیوەندیگەلی B"، ئەم چەمکەیش لە مەکتاگارتەوە وەرگیراوە). بە ڕای بیردۆزانی دەستەی B، هیچ تێپەڕینێکی بەرهەستی کات، یان لانیکەم بە واتای تێپەڕینی کات لە داهاتووەوە بۆ هەنووکە و لە هەنووکەیشەوە بۆ ڕابردوو، لە ئارادا نییە. بیردۆزانی دەستەی B بەگشتی دەڵێن کە هەموو کاتەکانی ڕابردوو و داهاتوو واقعین بە هەمان واتا کە هەنووکە واقعییە –هەنووکە بە هیچ جۆرێک لەڕووی مێتافیزیکییەوە لەبەرتر نییە.
هەروەها ڕاستە، و کەمیش ئاماژەی پێ دەدرێت، کە چەمکی شوێن پرسیارگەلێکی فەلسەفی دەورووژێنێت کە هیچ لێکچووگەلێکی کاتییان نییە –یان لانیکەم هیچ لێکچووگەلێکی دیار و بێمشتومڕیان نییە. بە نموونە، بۆچی شوێن سێ ئاراستەی هەیە نە چوار یان حەوت؟ بەڕواڵەت، کات لە سرشتدا تاکڕەهەندییە و شوێن لە بنەڕەتدا سێڕەهەندی نییە. هەروەها وێدەچێت پرسە مێتافیزیکییەکان لەمەڕ شوێن کە هیچ لێکچووگەلێکی کاتییان نییە، بەهۆی ئەو واقعیەتەوە بێت کە شوێن بەپێچەوانەی کات، زیاتر لە ڕەهەندێکی هەیە. بۆ میناک، پرسی هاوتاگەلی نەگونجاو لەبەرچاو بگرن: ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە کە شوێن تەنها سیستەمێکە لە پەیوەندییەکان، بۆ شرۆڤەی ئەو ئەزموونە ڕاستەوخۆیەمان کە دەتوانین جیهانێک کە تەنها دەستێکی چەپی تێدایە لە جیهانێک جیا کەینەوە کە تەنها دەستێکی ڕاستی تێدایە مشتومڕیانە. هەر بۆیە، وێدەچێت لایەنگرییەکی هەناوی/شهوودی دەرهەق بە شتەکان لە خودی شوێندا هەبێت. زۆر ڕوون نییە کە ئایا ئەو پرسگەلەی لەمەڕ کات کە هیچ لێکچوونگەلێکی شوێنمەندیان نییە، پەیوەندییان بە تاکڕەهەندێتیی کاتەوە هەیە یان نا.
لە کۆتاییدا، دەتوانین پرسیارگەلێک سەبارەت بەوە بپرسین کە ئایا شوێن و کات لە بنەڕەتدا واقعین –و ئەگەر واقعین، (کورد گوتەنی) تا چ ڕادەیەک واقعین. ئایا لەوانەیە شوێن و کات دوو پاژی پێکهێنەری واقعیەت نەبن وەک چۆن خودا واقعیەت دەرک دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا "دیاردەگەلێکی گونجاو و بەپاساو" بن (وەک چۆن لایبنیتز بڕوای وا بوو)؟ ئایا کانت بەرهەق بوو ئەوکاتەی نکۆڵیی لە تایبەتمەندیگەلی کاتمەند و شوێنمەندی "شتە-سەر-بەخۆکان" دەکرد؟ و هەروەها ئایا کانت ڕاستی دەکرد ئەوکاتەی لای وا بوو کە شوێن و کات "فۆرمەکانی شهوود"مانن؟ یان ئەو هەڵوێستەی مەکتاگارت ڕاستە کە دەڵێت شوێن و کات بەتەواوی ناواقعین؟
ئەگەر ئەو پرسانە لەمەڕ شوێن و کات تەنها بە واتایەکی پاش-سەدەکانی ناوەڕاستی پەیوەندییان لەگەڵ مێتافیزیکدا هەیە، لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ پرسگەلی سەبارەت بە هۆکارە سەرەتاییەکان و هەمەکییەکاندا هەیە. هۆکارە سەرەتاییەکان بەگشتی لە ڕوانگەی ئەو کەسانەی وا باوەڕیان پێیانە، هەتایی و ناشوێنن. بە نموونە، خودا –چ خودای ناتاکەکەسی ئەرەستوو و چ خودای تاکەکەسی فەلسەفەی مەسیحی، یەهوودی و ئیسلامیی سەدەکانی ناوەڕاست– بەگشتی هەتاهەتایی وێنا دەکرا و دەگوترا کە خودای تاکەکەسی لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە. ئەو وتەیە کە خودا تاهەتاییە واتە یان خودا ئەبەدییە یان ئەوەی کە بە جۆرێک دەر لە کاتە. و ئەمەیش ئەو پرسیارە مێتافیزیکییە دەورووژێنێت کە ئایا لەوانەیە هەبوویەک –نە شتێکی هەمەکی یان دەرهەست لە جۆرێکی تر، بەڵکوو جەوهەرێکی کارا– هەبێت کە ئەبەدی یان نا-کاتمەند بێت. هەبوویەکی لە هەموو شوێن ئامادە بوونەوەرێکە کە هیچ هەرێمێکی شوێن داگیر ناکات (تەنانەت هەموو شوێن، ئەگەر ئێتێری ڕووناکی سەدەی نۆزدەهەم بوونی دەبوو، داگیری نەدەکرد)، و لە هەمان کاتدا کارتێکەریی هۆکارێتیی ئەو هەبووە بێ جیاوازی لە هەر ناوچەیەکی شوێندا (بەپێچەوانەی هەمەکییەکان، کە تێگەی هۆکارێتی بۆیان بەکار نابرێت) لە ئارادایە. بیرۆکەی لە هەموو جێیی بوونی خودا ئەو پرسیارە مێتافیزیکییە دەورووژێنێت کە ئایا بوونی هەبوویەک بەو تایبەتمەندییەوە مومکینە؟ هەندێک لە لایەنگرانی بیرۆکەی هەمەکیگەلی پێش شتەکان دەڵێن (ڕاست ئەو کەسانەی کە نکۆڵی لەوە دەکەن کە هەمەکییەکان پێکهێنەری هەندەکییەکان بن)، ئەو هەمەکییانە فڕیان بەسەر شوێن و کاتەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی "بریکارانە"یان پێیانەوە هەیە: دەکرێت بڵێین هەمەکی پێش شتی "سپێتی" لە هەر شوێنێک وا شتێکی سپی هەبێت ئامادەیە، بەڵام تەنها وەک ژمارەی دوو کە لەنێو هەر جووتێکی شتانی شوێنمەند ئامادەیە. هەرچەند جێگای گومانە کە ئایا ئەم هەڵوێستە بۆ مێتافیزیکزانێک گونجاوە کە دەڵێت شتێکی سپی پێکهاتەیەکی بەکۆمەڵە لە سپێتی و هەمەکیگەلێکی جۆراوجۆری تر. ئەوانەی وا بڕوایان بە بوونی هەمەکیگەلی لەنێو شتدا هەیە حەز دەکەن بڵێن یان لەم ئاخرانەدا گوتوویانە کە ئەم هەمەکییانە ("هەمەکیگەلی ئەزموونتێنەپەڕ" ناوێکە کە ئێستا باوە) "فرەچەشنن" –لەو جێگایانە "بەتەواوی ئامادەن" کە ئەو شتانەی دەکەونە ژێریان، ئامادە بن. و مەبەستیشیان لەم وتەیە بەدڵنیاییەوە ئەوە نییە کە سپێتی لە زۆرینەی هەرێمە جۆراوجۆرەکانی شوێن تەنها بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئامادەیە، بەس وەک ژمارەیەک کە دەتوانین بڵێین لەو هەموو شوێنانەی ئامادەیە کە شتانێک لەنێو ئەو ژمارەیەدا هەبن، تەنها بەپێی ئەوەی کە هەبوونی پەیوەندیی نا-شوێنی "پەیوەست بووە" بە کۆمەڵێک پاژی سپێتی کە لە هەرێمێکی تایبەت لە شوێندا ئامادە بووە. کەواتە، هەموو ئەو تیۆرییانەی سەبارەت بە هەمەکییەکانن، پرسیارگەلێک لەمەڕ چۆنێتیی پەیوەندیی کاتەگۆریگەلی جۆراوجۆری بوونناسانە لەگەڵ شوێندا دەورووژێنن. و هەموو ئەو پرسیارانەیش پرسیارگەلی هاوشێوەیان لەمەڕ کات هەیە.
٣.٣. دەوامهێنان و پێکهاتە (پاژە پێکهێنەرەکان)
لە پەیوەندی لەگەڵ پرسیارەکان سەبارەت بە سرشتی شوێن و کاتەوە، پرسیارگەلێک لەمەڕ سرشتی ئەو شتانە دێتە ئاراوە کە شوێن داگیر دەکەن یان لە درێژەی کاتدا دەوام دەهێنن، و ئەم پرسیارانەش تەوەرێکی سەرەکیی دەیکەی مێتافیزیکی پاش-سەدەکانی ناوەڕاست پێک دێنن. ئایا هەندێک یان هەموو شتەکان لە پاژگەلێکی گونجاو پێک هاتوون؟ ئایا شتێک بۆ ئەوەی جێگایەک لە شوێن "پڕ بکاتەوە" دەبێ خاوەن پاژگەلێکی گونجاو بێت –یان تەنها پاژگەلێکی خاوەن کێشمانی ساکار لە ئارادایە؟ ئایا دەتوانین زیاتر لە شتێک ڕاست لە یەک جێگادا جێ بکەینەوە؟ ئەو شتانەی خاوەن پاژگەلی کاتین، سەرەڕای گۆڕانی کات، دەوام دێنن؟
گەلێک کاری هزری لەسەر دەوامهێنان و پێکهاتە (پاژە پێکهێنەرەکان) پەرژاونەتە سەر کۆمەڵێک لێپێچینەوەی لێک نزیک –لێپێچنەوەگەلێک سەبارەت بە هاوڕوودان. یەکێک لەو لێپێچینەوانە "پرسی پەیکەر و کۆگا"یە. پەیکەرێکی زێڕین لەبەرچاو بگرن. زۆرێک لە مێتافیزیکزانەکان لایان وایە کە لانیکەم شتێکی ماددی هەیە کە لەڕووی شوێنەوە لەگەڵ ئەو پەیکەرەدا هاو-بوونە، واتە کۆگایەک زێڕ. ئەوان دەڵێن بە پشتبەستن بە یاسای لایبنیتزەوە (پرەنسیپی نە-وەکیەکیی شتە لێکجیاکان) بەساکاری پاساو دەدرێت. لێرەدا پەیکەرێک و کۆگایەک زێڕ هەیە و –ئەگەر چیرۆکی هۆکارێتیی بەدیهاتنی پەیکەرەکە لە جۆری ئاساییەکەی بێت– کۆگا زێڕەکە پێش پەیکەرەکە هەبووە. و تەنانەت ئەگەر خودا پەیکەرەکە (و بەناچار کۆگا زێڕەکە)ی لە هیچەوە داهێنابێت و لە قۆناغێکدا پەیکەرەکە لەنێو ببات (و بەم کارەیش کۆگا زێڕەکەیش بسڕێتەوە)، مێتافیزیکزانەکان هێشتا ئیستدلال دەکەن کە پەیکەرەکە و کۆگا زێڕەکە، هەرچەند ڕاست لە یەک کاتدا بوونیان هەیە، خاوەن تایبەتمەندیگەلی ئاراستەیی جیاوازن: کۆگا زێڕەکە تایبەتمەندیی "دەتوانێت لەژێر بیچمگۆڕانی بنەڕەتی خۆی قوتار بکات"ی هەیە، پەیکەرەکە ئەو تایبەتمەندییەی نییە. یان ئەو مێتافیزیکزانانە لانیکەم دەتوانن بەو شێوەیە ئاکامگیری بکەن. بەڵام بە ڕای مێتافیزیکزانەکانی تر ئەو ئەنجامگیرییە مەحاڵە، (دەستەی دووەم دەڵێن) مەحاڵە لامان وا بێت کە دەکرێت شتانێکی فیزیکیی لەڕووی شوێنەوە چوونیەک هەبن کە لە هەموو تایبەتمەندییە کاتییە نا-ئاراستەییەکانی خۆیان هاوبەش بن. هەر بۆیە، پرسیار ئەوەیە ئەگەر وەها پرسێک لە ئارادا بێت، کەمایەسیی ئارگیومێنتی نا-هاویەکیی پەیکەرەکە و کۆگا زێڕەکە لە چیدایە؟
لێپێچینەوەی دووهەم لەو کۆمەڵە لێپێچینەوانەدا بریتییە لە "کێشەی تیب و تیبڵز". تیبڵز پشیلەیەکە. کلکەکەی ناو بنێن "تەیڵ (کلک)". بە هەموو ئەندامێکی جگە لە کلکی بڵێن "تیب". وای دانێن کلکەکە ببڕدرێت –یان، باشتر بڵێین، لەناو بچێت. تیبڵز هێشتا هەر هەیە، چونکە پشیلەیەک پاش لەدەستدانی کلکی دەتوانێت زیندوو بمێنێتەوە. و وا دیارە کە تیب دوای "لەدەستدانی" کلک بوونی دەبێت، چونکە تیب هیچ پاژێکی لە دەست نەداوە. بەڵام پەیوەندیی نێوان تیب و تیبڵز چی بەسەر دێت؟ ئایا دەکرێت وەکیەکی بێت؟ نا، ئەم بژاردەیە لە ڕێگای [پرەنسیپی] نا-وەکیەکیی شتە جیاوازەکانەوە وەلا دەنرێت، چونکە تیبڵز چکۆلەتر بووە و تیب بە هەمان قەبارە ماوەتەوە. بەڵام ئەودەم، جارێکی تر، وێدەچێت لەگەڵ بابەتی شتگەلی ماددیی لەڕووی شوێنەوە چوونیەک، ڕووبەڕووین کە لە تایبەتمەندییە کاتییە نا-ئاراستەییەکانیاندا هاوبەشن.
هەر دوو ئەو پرسانەی لەمەڕ پێکهاتە، پرسیارگەلێک سەبارەت بە وەکیەکیی شتگەلی لەڕووی شوێنەوە چوونیەک دەورووژێنن –و لە ڕاستیدا، سەبارەت بەو شتانەی کە لە پاژە (شیاو)ەکانیاندا هاوبەشن. (سێهەمین کێشەی بەناوبانگی پێکهاتەی ماددی –کێشەی گەمێی تێسێئووس– پرسیارگەلێکی جیاواز دەورووژێنێت.) هەندێک لە مێتافیزیکزانەکان لایان وایە کە ناتوانین بەتەواوی بەپێی تێگەکانی پاژێتی و (نە-)وەکیەکی لە پەیوەندیی نێوان کۆگا و پەیکەر لە لایەکەوە، و پەیوەندیی نێوان تیب و تیبڵز لە لایەکی ترەوە تێبگەین، بەڵکوو پێویستمان بە چەمکێکی تر هەیە، چەمکێکی نا-پاژناسانە واتە تێگەی "پێکهاتە": کۆگای لەپێش-هەبوو لە قۆناغێکی تایبەت لە کاتدا پەیکەرەکە پێک دەهێنێت (یان بڕێکی دیاریکراو لە زێڕ یان گەردیلەگەلێکی تایبەتی زێڕ کە سەرەتا تەنها کۆگا زێڕەکەی پێک دەهێنا، پێکهێنەری هەردووکیانە)؛ تیبی لەپێش-هەبوو لە قۆناغێکی دیاریکراو لە کاتدا تیبڵز (یان گۆشت و پێستی پشیلەیەکی تایبەت یان گەردگەلێکی تایبەت) پێک دەهێنێت. (بەیکر: ٢٠٠٠ لایەنگرێکی ئەو تێزەیە). هەندێکی تر دەڵێن کە هەموو پەیوەندییەکانی نێوان ئەو شتانەی کە هەر دوو ئەو پرسانە ساز دەکەن، دەتوانین بەتەواوی بەپێی پاژێتی و وەکیەکی لێکیان دەینەوە. بۆ بەسەرکردنەوەی وردتری ڕێگەچارەگەلێک بۆ ئەو لێپێچینەوانە و ئەو تیۆرییە جۆراوجۆرانەی کە سەبارەت بە پرسی پێکهاتە لە ئارادان، بڕوانە: ڕێد ١٩٩٧ و تامسۆن ١٩٩٨.
٤.٣. هۆکارێتی، ئازادی و جەبربڕوایی (دیتێرمینیزم)
پرسیارەکان سەبارەت بە هۆکارێتی ئێستاشی لەگەڵ بێت، چوارەمین کاتەگۆریی گرینگی پرسەکانی مێتافیزیکی "نوێ" پێک دەهێنێت. هەڵبەت، باس لە هۆکارەکان بۆ فەلسەفەی کەونارا، بەتایبەت کتێبی مێتافیزیک و فیزیای ئەرەستوو دەگەڕێتەوە. بەڵام تێڕوانینی ئەرەستوو لە [دەستەواژەی] "هۆکار" واتایەکی زۆر بەرینتری هەبوو لەوەی ئێستا ئێمە ڕەچاوی دەکەین. لای ئەرەستوو، "هۆکار" یان "aiton" مەرج یان بنەڕەتی لێکدانەوەیی بەرناسێکە –وەڵامێکە بۆ پرسیاری "بۆچی" لەمەڕ ئەو بەرناسە. ئەرەستوو چوار لەو مەرجە شرۆڤەییانە پۆلێنبەندی دەکات –فۆرمی بەرناس، ماددە یان ماکەکەی، هۆکاری بکەر و مەبەستەکەی. هۆکاری بکەری شتێک بریتییە لەو هۆکارەی کە جووڵەی ئەو شتە شرۆڤە دەکات. لەگەڵ دەرکەوتنی فیزیای مۆدێرن لە سەدەی حەڤدەهەمدا، دڵبەستەیی بۆ لای پەیوەندیگەلی هۆکارێتیی بکەر چڕتر بووەوە، و ئەو ڕەوتە ئێستاش هەر بەردەوامە. و کاتێک فەیلەسووفانی هاوچەرخ باس لە کێشەکانی هۆکارێتی دەکەن، بەگشتی مەبەستیان ئەم واتایە لە هۆکارێتی.
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی مێتافیزیکی هۆکارێتی، تایبەتە بە پەیوەندیی پەیوەندییە هۆکارییەکانەوە. بێن با ئاوڕێک لەو ئیدعا ئاساییە بدەینەوە: گاشەسەهۆڵێک بوو بە هۆی نوقمبوونی گەمێکەی تایتانیک. ئایا پەیوەندیی هۆکارێتی لە نێوان دوو ڕووداودا هەیە: ڕووداوی لێدانی گەمێکە لە گاشەسەهۆڵەکە و ڕووداوی نوقمبوونی گەمێکە؟ یان لە نێوان دوو کۆمەڵە دۆخدایە؟ یان لە بازنەی دوو جەوهەردا، واتە گاشەسەهۆڵەکە و گەمێکە، سوڕ دەخوات؟ پەیوەندییە هۆکارییەکان دەبێ سێ لایەنە بن یان چەند لایەنە؟ بە نموونە، لەوانەیە کەسێک وا بیر بکاتەوە کە ئێمە هەمیشە پێویستە ئەو ئیدعایە هۆکارییە بسەلمێنین: نەک کەمتەرخەمیی گەمێوانەکە، بەڵکوو گاشەسەهۆڵەکە هۆکاری سەرەکیی نغرۆبوونی گەمێکە بوو. و ئایا دەکرێت بزربوونی تایبەتمەندییەک لە پەیوەندییە هۆکارییەکان بێت؟ بۆ میناک، ئایا ئاوەزمەندانەیە ئیدعا بکەین کە لەبەردەستنەبوونی بەلەمی فریاکەوتن هۆکاری مردنی گەشتیارێکی پلە سێهەم بوو؟ بێرنشتاین (٢٠١٤) و سارتۆریۆ (٢٠٠٤) پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە بزربوونەکان دەتوانن ببنە هۆکار. بیبی (٢٠٠٤) لای وایە کە بزربوونەکان ڕووونکردنەوەی هۆکارێتین، بەڵام بۆخۆیان هۆکار نین.
پرسیارێکی دیکە لە ڕەوتی توێژینەوەی هاوچەرخدا هاتووەتە ئاراوە کە ئایا هۆکارێتی پلەپلەیە. بە نموونە، ئەگەر دوو کەس تەختەیەکی قورس بەرز بکەنەوە و یەکێکیان لا قورسەکەی هەڵبگرێت، ئایا ئەو کەسە لەوی تریان لە بەرزکردنەوەی تەختەکەدا ڕۆڵی زۆرتری گێڕاوە؟ بێرنشتاین (٢٠١٧) دەڵێت هۆکارێتی پلەپلەیە، بەڵام زۆرینەی تیۆرییە مێتافیزیکییەکانی هۆکارێتی ناتوانن وەڵامی ئەو بۆچوونە بدەنەوە. دێمیرتاش (٢٠٢٢) و کایزێرمەن (٢٠١٨) [لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا] هاوڕان، کەچی سارتۆریۆ (٢٠٢٠) لای وایە کە ئەو بیرۆکەیە کە هۆکارێتی بە شێوەیەکی زنجیرەپلە دەردەکەوێت، شتێکی وەهمییە و بۆ باسکردن نابێت.
هەروەتر لەوانەیە بشپرسین کە ئایا پەیوەندییە هۆکارییەکان، تایبەتمەندیگەلی دەرەکی و لەدابەزاندننەهاتووی واقعیەتن؟ هیووم بەئاشکرا گومانی لەو بیرۆکەیە کرد و تیۆرییەکەی ئەوەیە کە بینراوەکانمان لەمەڕ پەیوەندیی هۆکارێتی هیچ نین جگە لە کارتێکەریی بەردەوام و پێکەوەبەستراوی هەستەکانمان. بە نموونە، لەوانەیە وای بۆ بچین کە گاشەسەهۆڵەکان دەبنە هۆی نوقمبوونی گەمێکان تەنها بەهۆی ئەوەی کە هەمیشە پاش ڕووداوی پێکدادانی گاشە سەهۆڵەکان، ڕووداوی نغرۆبوونی گەمێکانی لێ کەوتووەتەوە و نە چونکە پەیوەندییەکی هۆکارێتیی واقعی لە نێوان گاشەسەهۆڵەکان و نوقمبوونی گەمێکاندا لە ئارادایە.
مێتافیزیکزانانی هاوچەرخ بەرەو لای جۆرەکانی تری شێوەڕوانینی دابەزاندراوەیی هۆکارێتی کشاون. هەندێک –لەوانە ستالنەیکێر و لێویس– پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێ بەپێی پێوەبەستراوەییە دژەواقعییەکان، لە پەیوەندییە هۆکارییەکان تێبگەین (ستالنەیکێر: ١٩٦٨؛ لێویس ١٩٧٣). بۆ وێنە، پێکدادانی گاشەسەهۆڵێک لە گەمێیەک دەبێتە هۆی نوقمبوونی لە کاتێکی دیاریکراودا و تەنها ئەگەر لە نزیکترین جیهانی ڕێگەتێچوودا گاشە سەهۆڵەکە ڕاست لەو کاتەدا بەر گەمێکە نەکەوتبێت، گەمێکە نوقم نابێت. بیرمەندانی تر پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێ بە گوێرەی نموونەگەلێک لە یاساکانی سروشت لە پەیوەندییە هۆکارییەکان تێبگەین. (دەیڤیدسۆن، ١٩٦٧: ئارمسترۆنگ، ١٩٩٧؛ هەر یەک هەرچەند بە شێوەیەکی جیاواز، لایەنگرییان لەم ڕوانگەیە کردووە). هەموو ئەم تیۆرییانە درێژەدەری ئەو بیرۆکەیەی هیوومن کە هەوڵ دەدات [پەیوەندیی] هۆکارێتی بۆ کاتەگۆرییەکی جیاواز یان بنەڕەتیتر و سەرەتاییتر دابەزێنێت. (بۆ لێکدانەوەی چڕوپڕتری تیۆرییەکانی ئەم دواییانە لەسەر هۆکارێتی، بڕوانە: پاوڵ و هاڵ، ٢٠١٣).
باسوخواسەکان سەبارەت بە هۆکارێتی و یاساکانی سروشت هەروەتر کۆمەڵێک پرسی فەلسەفیی پەیوەندیدار بەم باسەوە –وەک پرسی ئازادی/ئیختیار– دەهێنێتە کایەوە. لە سەدەی حەڤدەهەمدا میکانیکی ئاسمانی وێنەیەکی دیاریکراوی سەبارەت بە ئەگەری چۆنێتیی بوونی جیهان خستە بەردەستی فەیلەسووفان: جیهانێک کە وا دیارە کە دۆخەکانی داهاتووی بەتەواوی لە لایەن ڕابردوویەوە و هەروەها لە ڕێگای یاساکانی سروشتەوە (بە نموونە، یاساکانی نیۆتۆن لەسەر جووڵە و یاسای ڕاکێشی گەردوونی) دیاری کرابێتن. لە سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەو تیۆرییە کە دەیگوت جیهان لە ڕاستیدا بەو چەشنە بووە، پێی دەگوترا "جەبربڕوایی". دەتوانین کێشەی ویستی ئازاد وەک دووڕێیانێک بخەینە ڕوو. ئەگەر جەبربڕوایی ڕاست بێت، ئەوا تەنها داهاتوویەکی لەڕووی فیزیکییەوە ڕێگەتێچوو لە ئارادایە. بەڵام ئەودەم چۆن کەسێک توانیویەتی تا ئێستا بەپێچەوانەوە هەڵسوکەوت بکات؟ چونکە، هەروەک کارڵ گینە دەڵێت (١٩٩٠: ١٠٣)، [لەو حاڵەتەدا ئیدی] ئازادیمان تەنها ئازادییەک دەبێت بۆ زیادکردن بە ڕابردوویەکی واقعی و ئەگەر جەبربڕوایی ڕاست بێت، ئەوا تەنها یەک ڕێگا هەیە کە بتوانین شتێک بە ڕابردووی دیاریکراو –واقعی– "زیاد بکەین". بەڵام ئەگەر جەبربڕوایی ڕاست نەبێت، ئەگەر داهاتووگەلێکی لەڕووی فیزیکییەوە ڕێگەتێچووتر وەک جێگرەوە لە ئارادا بێت، ئەودەم ئەوەی کە کامیان دەبووایە ڕوو بدات، دەشێ تەنها بەهەڵکەوت بێت. و ئەگەر درۆکردن یان ڕاستوێژیی تەنها شتێکی هەڵکەوت بێت، ئەوەی کە من درۆ یان ڕاست دەکەم، چۆن دەتوانێت "پەیوەندیی بە منەوە" هەبێت؟ مەگەر ئەوەی لە یەکێک لەم دوو ئارگیومێنتەدا، ئارگیومێنتی ناتەبایی ویستی ئازاد و جەبربڕوایی یان ئارگیومێنتی ناتەبایی ویستی ئازاد و هەڵەبوونی جەبربڕوایی، هەڵەیەک لە ئارادا بێت؛ ویستی ئازاد مەحاڵە. کێشەی ویستی ئازاد لەوانەیە لەگەڵ پرسی دەرخستنی ئەگەری ویستی ئازاد –و ئەگەر ویستی ئازاد ڕێگەتێچوو بێت، پرسی خستنەڕووی شرۆڤەیەک لەسەر ویستی ئازاد کە هەڵەیەک لە یەکێک (یان لە هەر دوو) ئەو ئارگیومێنتانە دەردەخات– وەک یەک بن.
ڤەن ئینواگێن (١٩٩٨) لایەنگری لەو ڕوانگەیە دەکات کە هەرچەند کێشەی مۆدێرنی ویستی ئازاد سەرەتاکەی بۆ تێڕوانینە فەلسەفییەکان لەسەر دەرەنجامەکانی ئەو وێنایە لە گەردوون دەگەڕێتەوە کە گوایە لە لایەن یاساگەلی نەگۆڕەوە دابین کراوە، بەڵام ناکرێت بە وەرگرتنی [ئایدیایەکی] مێتافیزیکی (وەک دووفاقبڕوایی یان ئایدیالیزم) کە گریمانەی ئەوەیە کە ئەو هۆکارانە ناماددی یان نا-فیزیکین، لەو پرسە خۆمان بدزینەوە. ئەم بابەتە پەلکێشمان دەکات بۆ نموونەی دوایی و کۆتایی بابەتەکانی باسەکەمان لەسەر مێتافیزیکی "نوێ".
٥.٣. بابەتی زەینی و بابەتی فیزیکی
ئەگەر لەتەنیشتیەک و دژبەیەک دانانی کات و شوێن شتێکی ئاساییە، لەتەنیشتیەک و دژبەیەک دانانی بابەتی زەینی و فیزیکییش ئاساییە. بەپێی تیۆریی مۆدێرنی وەکیەکی هەموو ڕووداو یان حاڵەتە زەینییەکان، جۆرێکی تایبەت لە ڕووداو یان حاڵەتی فیزیکین. ئەم تیۆرییە (لەگەڵ لایەنە چاکەکانی تریدا) دەستپێوەگرە، بەڵام سەرەڕای ئەمە حەزێکی سروشتیمان هەیە بۆ جیاکردنەوەی بابەتی زەینی و بابەتی فیزیکی. وێدەچێت هۆکاری ئەمە ماریفەتناسانە بێت: چ هزر و هەستەکانمان فیزیکی بن یان نا، ئەو جۆرە زانیارییانەی کە لێیانمان هەیە لە جۆرێکی ئەساسەن جیاوازە لەو زاناییەی کە لە فڕینی باڵندەیەک یان ڕووبارێکی بەخوڕ هەمانە، و وا دیارە ئاسایی بێت کە بیسەلمێنین کە بەرناسەکانی جۆرێک لە زانایی لە بنەڕەتدا لە بەرناسگەلێکی زاناییەکی تر جیاوازن. ئەوەی کە ئەو ئاکامگیرییە لەڕووی لۆژیکییەوە بێبنچینەیە (هەر چۆن زۆرجار وایە)، نابێتە لەمپەرێک بۆ نواندنی. هۆکارەکە هەرچی بێت، فەیلەسووفان بەزۆرینە (بەڵام نە بەتەواوی) گریمانەیان ئەوە بووە کە دەتوانین جیهانی هەندەکییە بەرهەستەکان دابەش بکەین بەسەر دوو هەرێمی زۆر جیاوازی زەینی و ماددییەوە. (لەگەڵ تێپەڕینی سەدەی بیستەم و چڕتربوونی کێشەئامێزی هەر ڕۆژ زیاتری چەمکی "ماددە" لە تیۆریی فیزیکاڵدا، تەعبیری "بابەتی زەینی و بابەتی فیزیکی" ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بوو بە شتێکی باو). ئەگەر کەسێک دەرهەق بە شتەکان ئاوەها ڕوانگەیەکی هەبێت، لەگەڵ پرسگەلێکی فەلسەفیدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە فەلسەفەی مۆدێرن داویەتیە پاڵ مێتافیزیکەوە.
لەنێو ئەو پرسانەدا، پرسی ڕوونکردنەوەی هۆکارێتیی زەینی بەرچاوترە. ئەگەر بیر و هەستەکانمان سەر بە بەشی ناماددی یان نا-فیزیکیی واقعیەتن –ئەگەر بۆ نموونە، گۆڕانکاریگەلێک لەسەر جەوهەری ناماددی یان نا-فیزیکی بن– چۆن دەتوانن کارتێکەرییان هەبێت لەسەر جیهانی فیزیکی؟ بۆ وێنە، چۆن بڕیار یان کردەوەیەکی خۆویستانە دەبێتە هۆی جووڵانی جەستەی مرۆڤ؟ ئەساسەن چۆن گۆڕان لە دنیای فیزیکیدا کاریگەری لەسەر بەشی نا-فیزیکیی واقعیەت دادەنێت؟ ئەگە هەست بە ئازار کردن ڕووداوێکی نا-فیزیکی بێت، چۆن برینێک لەسەر جەستەی کەسێک دەبێتە هۆی هەستکردن بە ئازار؟ هەر دوو پرسیارەکە، فەیلەسووفانی بڕوامەند بە "دوو هەرێم" –یان بە تەعبیرە باوەکەی "دووفاقبڕواکان"–ی خستووەتە تەنگانەوە. بەڵام کێشەی یەکەم زۆرتر تەنگانەی بۆ ساز کردوون، چونکە فیزیکی مۆدێرن لەسەر بنەماگەلێک دامەزراوە کە داکۆکی لەسەر ڕاگرتنی چەندەکییە جۆراوجۆرە فیزیکییەکان دەکات. (بۆ باسێکی ڕوونکردنەوەیی سەبارەت بە بەراوردی دەرەنجامەکانی فیزیکاڵیزم و دووفاقبڕوایی، بڕوانە: بێنێت، ٢٠٢١). ئەگەر ڕووداوێکی نافیزیکی ببێتە هۆی گۆڕانی دنیای فیزیکی –لە دووفاقبڕواکان پەیتاپەیتا دەپرسرێت– ئایا ئەمە بەو واتایە نییە کە چەندەکییە فیزیکییەکانی وەک وزە یان تەکان لە هەر سیستەمێکی لەڕووی فیزیکییەوە داخراو، کە ئەو گۆڕانەی تێدا دێتە ئاراوە، دەوام ناهێنن؟ و ئایا ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە هەر جووڵەیەکی خۆخوازانەی جەستەی مرۆڤ ڕەوێنەری یاساکانی فیزیایە –واتە، پەرجۆ؟
کۆمەڵێکی بەربڵاو لە تیۆرییە مێتافیزیکییەکان وەک هەوڵێک لە لایەن دوفاقبڕواکانەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە هاتوونەتە گۆڕێ. هەندێک لەو هەوڵانە بەهۆی ئەوەی کە لەڕووی فەلسەفییەوە زۆر سەرنجڕاکێش نین، کەمتر سەرکەوتوو بوونە. بە نموونە، س. د. براود لای وایە (١٩٢٥: ١١٣-١٠٣) کە زەین لە ڕێگای گۆڕانی چرکەبەچرکەی خۆڕاگریی ئێلکتریکیی سیناپسگەلێکی تایبەت لە مێشکدا کار دەکاتە سەر جەستە (بەم شێوەیە پاڵسگەلێکی جۆراوجۆر لە حاڵی جووڵەدا، کە لە ڕاستیدا ڕێگای کەمترین خۆڕاگری هەڵدەبژێرن، دەیانگۆڕێت بۆ ڕێگەگەلێکی تر جیا لەو ڕێگایانەی کە تێیانپەڕاندووە). گریمانەی ناوبراو ئەوەیە کە ئەم بیرۆکەیە دەلالەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرەنسیپی مانەوەی وزە ناکات. بەڵام وا دیارە ئەو گریمانەیە ڕێگەتێنەچوو بێت کە کارگێڕێک دەتوانێت خۆڕاگریی ئێلێکتریکیی سیستەمێکی فیزیکی بەبێ دەکارکردنی وزە لەو پڕۆسەیەدا بگۆڕێت، چونکە ئەو کارە پێویستی بە گۆڕانی پێکهاتەی فیزیکیی سیستەمەکەیە، و ئەمەیش بۆ خۆی دەلالەت دەکات بۆ گۆڕانی بارودۆخی ئەو ماددە وردیلانەی کە هێزەکان کار دەکەنە سەریان (بیر لە سووڕاندنەوەی پەلەپیتکەی ئامێری ڕێخستنی تەزووبەند یان خۆڕاگریی ناوبەناو بکەنەوە: بۆ ڕێخستنی ئەم کارە دەبێ وزە دەکار بکەیت). ئەگەر ئەم نموونەیە دڵبەستەییەکی فەلسەفیی تێدا بێت، بریتییە لەوەی کە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە وێناکردنی ڕێگایەک بۆ ئەوەی شتێکی نافیزیکی کار بکاتە سەر چالاکیی سیستەمێکی فیزیکی (کلاسیک)، بەبێ هەڵوەشاندنەوەی پرەنسیپی مانەوە، مەحاڵە.
تیۆرییە جۆراوجۆرەکانی دووفاقبڕوایی زەین، کێشەی کارلێککردن [ی زەین و جەستە] بە شێوەگەلێکی جیاواز تاوتوێ دەکەن. ئەو تیۆرییەی کە پێی دەڵێن "کارلێکگەریی دووفاقبڕوایانە" بۆخۆی شتێکی لەم بارەیەوە بۆ وتن پێ نییە –هەرچەند لایەنگرە جۆراوجۆرەکانی (لەوانە، براود) ڕێگەچارەگەلێکیان بۆ ئەو تیۆرییە پێشنیار کردووە. "گاگابڕوایی" بەساکاری پێمان دەڵێت کە وابەستەبوونی دژەواقعیی کردەوەی سیستەمێکی فیزیکی بە ڕووداوێکی نا-فیزیکی پێویستی بە پەرجۆیەک هەیە. تیۆریی هەماهەنگیی لەپێش-داڕژاو، کە وابەستەبوونی "گشتی" لە جێی وابەستەبوونی ناوچەیی دژەواقعیی جووڵە فیزیکییە خۆویستەکانی حاڵەتگەلی زەینیی کارگێڕەکان دادەنێت، بەرییە لە کێشەکانی پرەنسیپی خۆڕاگری –بەڵام ئەم دەسکەوتە بە تێچوویەکی زۆر دەستەبەر دەکات. (ئەو تیۆرییە وەک گاگابڕوایی، یەزدانبڕوایی لەپێشدا گریمانە دەکات و بەپێچەوانەی گاگابڕوایی، هەڵگری ئەوەیە کە یان ویستی ئازاد بوونی نییە یان ئەوەی کە ویستی ئازاد لەگەڵ جەبربڕواییدا ناتەبایە). "دوادیاردەبڕوایی (ئێپیفێنۆمێناڵیزم)" بەڕاشکاوی نکۆڵی لەوە دەکات کە بابەتی زەینی دەتوانێت لەسەر بابەتی فیزیکی کارتێکەریی هەبێت و خۆی بەو شرۆڤەیە قانع دەکات کە بۆچ وا دەردەکەوێت کە بابەتی زەین کارتێکەریی لەسەر بابەتی فیزیکی هەیە.
سەرەڕای ئەم تیۆرییە دووفاقبڕوایانەیە، تیۆریگەلێکی یەکەبڕوایانەیش وەک ئایدیالیزم و فیزیکاڵیزم هەن؛ تیۆریگەلێک کە بە نکۆڵیکردن لە بوونی بابەتی فیزیکی یان نا-فیزیکی، کێشەی کارلێکەری [ی زەین و جەستە] چارەسەر دەکەن. (فەیلەسووفانی هەنووکە بەو هۆکارانەی پێشتر باسمان کرد، بەزۆرینە چەمکی "فیزیکاڵیزم"یان لا باشترە تا چەمکی "ماتریاڵیزم"). زۆرینەی هەوڵەکانی ئێستای فەلسەفەی زەین لەپێشدا فیزیکاڵیزم گریمانە دەکەن، و بەگشتی لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون کە تیۆرییەکی فیزیکاڵیستی کە تەنها نکۆڵی لە واقعیەتی بابەتی زەینی ناکات (واتە تیۆرییەکی "سڕینەوەیی" نییە)، پرسیارگەلێکی مێتافیزیکی دەورووژێنێت. هەڵبەت، ئاوەها تیۆرییەک دەبێت جێگایەک بۆ بابەتی زەینی لە جیهانێکی سەرانسەر فیزیکیدا بدۆزێتەوە، و ئاوەها جێگایەکیش تەنها بەو مەرجە هەیە کە ڕووداو و حاڵەتە زەینییەکان، ڕووداو و حاڵەتەگەلێکی فیزیکیی تایبەت و دیاریکراو بن. لانیکەم سێ پرسیاری مێتافیزیکیی گرنگ لە لایەن ئەو تیۆرییانەوە ورووژێندراوە: یەکەم، گریمان کە هەموو ڕووداو و حاڵەتگەلی زەینیی تایبەت دەقاودەق هەمان ڕووداو یان حاڵەتگەلی فیزیکیی تایبەتن، ئایا دەکرێت هەندێک یان هەموو هەمەکییە زەینییەکان ("جۆرەکانی ڕووداو" و "جۆرەکانی حاڵەت" دەستەواژەگەلی باون)، لەگەڵ هەمەکییە فیزیکییەکاندا یەکێک بن؟ دووهەم، ئایا فیزیکاڵیزم واتای ئەوەیە کە ڕووداو و حاڵەتە زەینییەکان لە واقعدا ناتوانن هۆکار بن (ئایا فیزیکاڵیزم دەلالەت بۆ جۆرێک لە دوادیاردەبڕوایی دەکات)؟ سێهەم، ئایا شتێکی فیزیکی دەتوانێت تایبەتمەندیگەلی نافیزیکیی هەبێت –لەوانەیە تایبەتمەندیگەلێکی زەینی وەک "بیرکردنەوە لە ڤیەننا" یان "درەککردنی ڕەنگی سوور" تایبەتمەندیی نا-فیزیکیی بوونەوەرانی فیزیکی بن؟ هەڵبەت ئەم پرسیارەی دوایی، پرسیارێکی مێتافیزیکیی بنەڕەتیتر دەورووژێنیت: "تایبەتمەندیی نا-فیزیکی چییە؟" و هەموو شێوازەکانی تیۆریی وەکیەکی، پرسیارگەلێکی بنەڕەتیی مێتافیزیکی، پرسیارگەلێکی بوونناسانە، پرسیارگەلێکی لەم چەشنە کە "ڕووداو چییە؟" و "حاڵەت چییە؟" دەورووژێنێت.
٦.٣. مێتافیزیکی کۆمەڵایەتی
لەم ساڵانەی دواییدا ئاگاداری هەڵکشانی دڵبەستەیی بەرەو لای مێتافیزیکی کۆمەڵایەتی بووین، کە سرشتی جیهانی کۆمەڵایەتیی وەک بابەتی لێکۆڵینەوەی خۆی هەڵبژاردووە. زۆرێک لە مێتافیزیکزانە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکان دەپەرژێنە سەر سرشتی بوونناسانەی گرووپ، ڕێکخراوە و بنکە کۆمەڵایەتییە ڕۆنراوەکان. پرسیارە سەرەکییەکانیان ئەمانەیە: شەریکەکان، چێشتخانەکان و یانە وەرزشییەکان لە ڕاستیدا چین؟ سرشتی پارە چییە؟ سرشتی کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ژن، ڕەشپێست، لێزبیەن و کەمئەندام چین؟ پەیوەندیی نێوان تاکەکان و شتە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی بەریندا چۆنە؟ کاتێک دەگوترێت شتێک "ڕۆنراوی کۆمەڵایەتی"یە مەبەست چییە، و لە هەنگاوی یەکەمدا جیاوازیی نێوان بابەتی کۆمەڵایەتی و بابەتی سروشتی لە چیدایە؟
ڕیچی (٢٠١٣: ٢٠١٥: ٢٠٢٠ئا: ٢٠٢٠ب) لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی "جۆری ١" وەک شەریکەکان و ڕێکخراوەکان، کە ڕێکخراو و ڕۆنراون، و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی "جۆری ٢" وەک ڕەشپێستەکان و ژنان، کە جۆرگەلی کۆمەڵایەتیی کەمتر ڕۆنراون، جیاوازی دادەنێت. ئەپستاین (٢٠١٩) لەگەڵ ئەو چەشنە پۆلێنبەندیکردنە کێشەی هەیە و وا بە باشی دەزانێت کە ئەو شتانە بەپێی پەیوەندیگەلی ئاستی مێتافیزیکییەکەیان پۆلێنبەندی بکات. ڕووبێن (١٩٨٥) نکۆڵی لەوە دەکات کە دەتوانین گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و بنکە کۆمەڵایەتییەکانی تری ئاستی بەرین دابەزێنین بۆ ئاستی تاکەکان. کورمەن (٢٠٢٠) بە وردەکارییەکی زۆرترەوە لەسەر پرسی سرشتی دامەزراوەگەلی وەک چێشتخانەکان دەوەستێت. ئوزکیانۆ (٢٠٠٤) مەرجەکانی خۆڕاگریی گرووپگەلی کۆمەڵایەتیی وەک دادگای باڵا دەخاتە ژێر گومانەوە، و لە ئاکامدا ئیستدلال دەکات کە ئەوانە هاوشێوەی مەرجگەلی خۆڕاگریی شتە دەسکردەکانن. ڕیچاردسۆن (٢٠٢٢) هاوڕا لەگەڵ ئەم بیرۆکەیە لای وایە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان پاژگەلی ماددیی بەرهەستن، چونکە دوو گرووپی کۆمەڵایەتیی جیاواز دەکرێت ڕاست ئەندامی هاوشێوەیان هەبێت.
مێتافیزیکزانەکانی تر پێگەی بوونناسانەی پارە، و بەتایبەت پێگەی دراوی مەجازی وەک بیتکۆین، هەڵدەسەنگێنن. پاسینسکی (٢٠٢٠) بۆ لێکدانەوەی ئەو بابەتە لە نێوان ڕوانگەگەلی شرۆڤەیی و ڕێسایی جیاوازی دادەنێت، و لایەنگری لە دووهەمیان دەکات. بەپێچەوانە، وارمکە (٢٠٢١) پشت بە ڕوانگەیەکی شرۆڤەیی دەبەستێت، و دەڵێت بیتکۆین جەوهەرێکی خەیاڵییە کە کراوە بە حەقایەتێکی بەکۆمەڵ.
هەروەها شەپۆلێک دڵبەستەیی ئەم دواییانە بۆ لای مێتافیزیکی زایەند و جێندەر سەری هەڵداوە. هاسلانگێر (٢٠٠٠) زۆر جوان دەڵێت کە (تا ڕادەیەک) x، ژنە ئەگەر تەنها بەپێی ژنبوونەکەی ستەمی لێ بکرێت. ڕوانگەی هاسلانگێر بەهۆی ئەوەی کە گرینگی بەوە دەدات کە چ جۆرە تێگەگەلێک لە جێندەر و زایەند لەوانەیە بۆ بیردۆزی بەکەڵکترین بن، بۆ چاکسازی دەشێت. ئاستا (٢٠١٨)، کە لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا هاوڕایە، شرۆڤەیەکی ڕاوێژکارانە لە کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە بەپێی ئەو بۆچوونە کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتییەکان بەپێی بەستێنگەلی تایبەت لە دەرەوە بەسەر تاکەکاندا دادەسەپێت. بیرمەندانی تر پەرژاونەتە سەر بابەتی سرشتی جۆرگەلی تایبەتیتری کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتییەکان: برێنشتاین (٢٠٢٠) دەڵێت کاتەگۆریگەلی کۆمەڵایەتیی نێوانبەشی/لێکدراو وەک ژنی ڕەشپێست دەبێ وەک [کاتەگۆریگەلێکی کۆمەڵایەتیی] یەکپارچەی شرۆڤەیی و پێشتر لە پێکهاتەگەلی هەندەکی و ساکار وەک ڕەشپێست و ژن ڕەچاو بکرێت. جوربا و ڕۆدۆ دوو زاراتە (٢٠١٩) چوارچێوەیەک لە تایبەتمەندییەکان و ئەزموونی نوێ بۆ شرۆڤەی نێوانبەشێتی پێشنیار دەکەن.
دێمبرۆف (٢٠١٦) دەپەرژێتە سەر لێپێچینەوەی حەزی سێکسی و پێداگری لەسەر "حەزی دووڕەهەندی" دەکات. بەپێی ئەو ڕوانگەیە، ڕەگی حەزی سێکسیی کەسێک بۆ حەزەکانی ئەو کەسە دەگەڕێتەوە بۆ خەریکبوون بە کردەوە سێکسییەکان لە بارودۆخێکی ئاساییدا. حەزەکانی تاک بریتییە لە زایەند و جێندەری ئەو کەسە کە لەو بارودۆخەدا حەز بە ئەنجامدانی کاری سێکسی دەکات. ئەندلێر (٢٠٢١) لە نێوان حەزی سێکسی و ناسنامەی سێکسی جیاوازی دادەنێت و لای وایە کە چەمکی دووهەم بۆ ڕاڤەی ئەو دیاردەیە هەم گونجاوتر و هەمیش لەڕووی شرۆڤەییەوە بەهێزترە.
تەنانەت مێتا-مێتافیزیکێکی ڕوولەگەشە سەبارەت بە جیهانی کۆمەڵایەتی لە ئارادایە، کە لەوە دەکۆڵێتەوە ئایا پرسیارە سەرەکییەکانی مێتافیزیکی کۆمەڵایەتی جەوهەری و بنەڕەتین یان نا. بارنێز (٢٠١٧) و میکۆلا (٢٠١٧) مشتومڕ لەسەر بۆچوونی سایدێر (٢٠١٢) سەبارەت بە پرسیارێکی بنەڕەتی لە مێتافیزیکدا دەکەن، بەو پاساوەی کە گوایە ئەو بۆچوونە لەگەڵ پرسیارە بنەڕەتییەکانی بواری مێتافیزیکی جێندەر یەک ناگرێتەوە. ڕیچاردسۆن [لەگەڵ ئەو ڕاڤەیەدا] هاوڕا نییە. و لە کاتێکدا کە مێتافیزیکی کۆمەڵایەتی زۆرجار دژ بە مێتافیزیکی کورد گوتەنی "بنەڕەتی" ڕەچاو دەکرێت (بڕوانە: مەککیتریک، ٢٠١٨)، چەندین فەیلەسووف، لەوانە (ماسۆن و ڕیچی. ٢٠٢٠) و بێرێنشتاین (٢٠٢١)، ئەم دواییانە ئاماژەیان بە ئەوە کردووە کە بنچینەکانی جیهانی کۆمەڵایەتی لەوانەیە بنەڕەتی بن. وەک چۆن بێنێت (٢٠١٧) گوتوویەتی، دەتوانین مێتافیزیکی کۆمەڵایەتی وەک دژنموونەیەک بۆ ئەو تێزە چاو لێ بکەین کە [دەڵێت] مێتافیزیک بریتییە لە لێکدانەوەی واقعیەتی بنەڕەتی. پاسینسکی (٢٠٢١) لای وایە کە مێتافیزیکی فاینی چوارچێوەیەکی گونجاوە بۆ مێتافیزیکی فێمینیستی. هەندێک توێژەری تر وەک هەکینگ (١٩٩٩) و دیاز-لیۆن (٢٠١٥) لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە مەبەست لەوەی کە شتێک ڕۆنراوی کۆمەڵایەتییە، چییە. بۆ دەورەکردنەوەیەکی گشتگیر لەسەر بوونناسیی کۆمەڵایەتی، هەروەها بڕوانە بۆ سەردێڕی "بوونناسیی کۆمەڵایەتی" لە لایەن ئێپستاینەوە (٢٠٢١).
٤. میتۆدناسی (ڕێڕەوناسی)ی مێتافیزیک
وەک لە باسەکانی بەشی ٣ دەردەکەوێت، گۆڕەپانی مێتافیزیک لەو سنوورە دیارانەی ئەرەستوو بۆی دیاری کردبوو، بەرینتر بووەتەوە. کەواتە، ئەدی چۆن دەبێ وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکەمان بدەینەوە؟ ئایا مێتافیزیک بەس پوختەیەک لە پرسگەلێکی فەلسەفییە کە ناتوانین بیدەینە پاڵ ماریفەتناسی یان لۆژیک یان ئەخلاق یان جوانیناسی یان هەر لقێکی فەلسەفە کە پێناسەیەکی تا ڕادەیەک ڕوونی هەیە؟ یان ئەوەی کە بابەتێکی هاوبەش هەیە کە کارکردن لەسەر ئەو پرسە پەرتەوازانە یەک دەخات و مێتافیزیکی هاوچەرخ لە ئاقارەکانی دیکەی توێژینەوە جیا دەکاتەوە؟
ئەم بابەتانەی پەیوەندیدار بە سرشتی مێتافیزیکەوە زۆرتر لەگەڵ بابەتگەلێک سەبارەت بە جێگەوپێگەی زانینیی تیۆرییە جۆراوجۆرە مێتافیزیکییەکانەوە پەیوەندییان هەیە. ئەرەستوو و زۆرینەی بیرمەندانی سەدەکانی ناوەڕاست لایان وا بوو، لانیکەم لە بنەڕەتیترین ڕەهەندەکانیەوە، وێنای کەسێکی ئاسایی لە جیهان "تا ڕادەیەک" ڕاستە. بەڵام زۆرێک لە مێتافیزیکزانانی پاش-سەدەکانی ناوەڕاست دژ بەو بیرۆکەیە وەستاونەتەوە. لە ڕاستیدا، هەندێکیان بەرەو بەرگری لەو تێزە کشاون کە جیهان زۆر جیاوازە، وێدەچێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازە، لەو شتەی کە خەڵک بیری لێ دەکەنەوە پێش ئەوەی لەڕووی فەلسەفییەوە پاساوی بۆ بهێننەوە. بە نموونە، هەندێک لە مێتافیزیکزانەکان لە وەڵامی لێپێچینەوەگەلی هاوبوون کە لە بەشی ٣-٣ تاوتوێمان کردن، لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە هیچ شتێک کە خاوەن پاژگەلێکی شیاو بێت لە ئارادا نییە. ئەم ئیدعایە وا دەگەیەنێت کە شتە لێکدراوەکان –وەک مێز، کورسی، پشیلە و هتد– بوونیان نەبێت؛ ئەو بۆچوونە تا ڕادەیەک سەرسووڕهێنەرە. و هەروەک چۆن لە بەشی ٣-١دا بینیمان، مێتافیزیکزانەکانی تر بەدڵفراوانییەوە واقعیەتی جیهانگەلی بەس ڕێگەتێچووی بەرهەستیان گریمانە کردووە، بۆ ئەوەی ئەو گریمانەیە تیۆرییەکی ساکارتر و لەڕووی شرۆڤەییەوە بەهێزتر بۆ پرسی ئاراستەمەندی بەرهەم بهێنێت. لەوانەیە ئەم دڵئاواییەی هاوچەرخ دەرهەق بە مێتافیزیکی "شەنوکەوکراو" تەنها وەگەڕخستنەوە یان گەڕانەوەی بۆچوونی پێش-ئەرەستوویی بێت لە "ئاکامگیریی مێتافیزیکی ڕێگەپێدراو"؛ بۆچوونێک کە لە ڕێگای ئارگیومێنتەکانی زنۆن دژ بە واقعیەتی جووڵە و "هێماچیرۆکی ئەشکەوتی" ئەفلاتوون تیشکی خراوەتە سەر. بەڵام گرینگ نییە چۆن پۆلێنبەندیی بکەین، سرشتی سەرسووڕهێنەری زۆرێک لە ئیدعا مێتافیزیکییەکانی هاوچەرخ، گوشارێکی زۆرتر دەخاتە سەر پسپۆڕان بەس بۆ ئەوەی ڕوونی بکەنەوە کە سەرقاڵی چین. ئەوان پرسیارگەلێک لەسەر میتۆدناسیی مێتافیزیک دەورووژێنن.
یەکێک لە ستراتێجییە سەرنجڕاکێشەکان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە، داکۆکی لە پەیوەندیی مێتافیزیک لەگەڵ زانست دەکات. بەپێی ئەم بۆچوونە، مێتافیزیک لە ئەساسدا یان بەتایبەتی سەرقاڵی گەشەپێدانی ئەو گشتاندنانەیە کە دەرەنجامی تیۆریگەلی زانستیی متمانەپێکراوە. بە نموونە، کواین (١٩٤٨) لە نێوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، پێشنیاری ئەوەی کرد کە مشتومڕی مێتافیزیکیی "کۆن/نێوەندی" لەسەر دۆخی شتە دەرهەستەکان دەبێ بەم شێوازە چارەسەر بکرێت. ئەو وای بۆ چوو ئەگەر باشترین تیۆرییە زانستییەکانمان بەپێی "هێماسازیی باوی بەچەندەکیکردن (پلە-یەک)" (بەو ڕادەیە قووڵ کە هەموو ئەو دەرهاویشتانەی کە بەکارهێنەرانی ئەو تیۆرییانە دەیانەوێت بیکەن، لە لۆژیکی پلە-یەکەمدا گونجاو بێت) لەسەرڕا داڕێژرێنەوە، ئەودەم زۆرێک لەو تیۆرییانە، ئەگەر نە هەموویان، وەک دەرەنجامێکی لۆژیکی گشتاندنێکی وجوودییان دەبێت لەسەر بار (مەحموول)ێک کە ئەو بارە تەنها لە لایەن بەرناسە دەرهەستەکانەوە دەستەبەر دەبێت. هەر بۆیە، وا دیارە کە باشترین تیۆرییە زانستییەکانمان "هەڵگری بەڵێنی بوونناسانە"ن دەرهەق بەو شتانەی کە لە ڕوانگەی نۆمینالیستییەوە نکۆڵی لە بوونیان دەکرێت. (ئەو شتانە لەوانەیە بە واتای کلاسیکی هەمەکییەکان نەبن، بەڵکوو بە نموونە دەستە بن.) بۆ وێنە، ئەم تیۆرییە ساکارە لەبەرچاو بگرن: "بەرناسگەلێکی هاوجۆر هەن، و قورسایی شتێکی هاوجۆر بە پێوەری گرام، دەرەنجامی لێکدانی چڕی یان بارستایی ئەو شتەیە بە پێوەری گرام لەسەر سەنتیمەتری سێجا و قەبارەی ئەو شتە بە پێوەری سەنتیمەتری سێجا." داڕشتنەوەیەکی نموونەیی ئەم تیۆرییە لە ڕێگای هێماسازیی ئاسایی بەچەندەکیکردنەوە بەم شێوەیە:
∃Hx & ∀x(Hx → Mx = Dx × Vx)
(Hx: x هاوجۆرە؛ Mx: بارستایی x بە پێوەری گرام؛ Dx: چڕیی x بە پێوەری گرام لەسەر سەنتیمەتری سێجا؛ Vx: قەبارەی x بە پێوەری سەنتیمەتری سێجا). دەرەنجامێکی لۆژیکیی پلەیەکی ئەم تیۆرییە ئاوەهایە:
∃x∃y∃z(x=y×z)
واتە: لانیکەم شتێک هەیە کە بەرهەمی ئەو لێکدانەیە (لانیکەمی شتێک هەیە، بۆ بڕێک لە x و بڕێک لە y، دەرەنجامی لێکدانی x و y لە ئارادایە.) و دەرەنجامەکەیش دەبێ ژمارەیەک بێت، چونکە کرداری "لێکدان" تەنها لەسەر ژمارەکان ئەنجام دەدرێت. کەواتە، تیۆرییە گچکەکەمان لانیکەم ئەگەر بەو شێوەی سەرەوە سەرلەنوێ داڕێژرێتەوە، بە واتایەکی زۆر ئاشکرا، "پێبەند" بە بوونی ژمارەکانە. هەر بۆیە، وا دیارە کە نۆمینالیستێک ناتوانێت بۆ هەمیشە ئەو تیۆرییە ڕاستاندە بکات. (لەو نموونەیەدا، ڕۆڵێک کە "باری F" لە دەربڕینی دەرهەستی "ژێر لێکۆڵینەوەکەی" کوایندا دەیگێڕێت، لە لایەن باری "...x...=..." دەستەبەر دەبێت.)
هەوڵەکانی کواین لەسەر نۆمینالیزم بوو بە هەوێنی گەڵاڵەیەکی زۆر بەرینتر بۆ تێڕامان لە پرسیارە بوونناسانەکان. بەپێی بۆچوونی "نوێ-کواینییەکان"، ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە بوونی شتە دەرهەستەکان، ڕووداوە زەینییەکان، شتگەلی خاوەن پاژگەلی شیاو، پاژە کاتییەکان، و تەنانەت جیهانگەلی ڕێگەتێچووی بەرهەستی تر تا ئەو ڕادەیە یەکگرتوون کە پرسیارگەلێکن لەمەڕ ئەو دامودەزگا بوونناسانەی کە بۆ دەرخستنی حەقیقەتی باشترین تیۆرییە متمانەپێکراوەکانمان پێویستن. بەمەیشەوە، هەڵای زۆرێک لە پرسیارەکانی مێتافیزیکی کۆن و نوێ، پرسیارگەلێکی بوونناسانە نین. بە نموونە، گەلێک لە بەشداربووانی باسی هۆکارێتی، بەتایبەتی دڵنگەرانی ئەوە نین کە ئایا هۆکار و هۆکردەکان هەن یان نا. بەڵکوو زۆرتر دەیانهەوێت بزانن "بەپێی چ بنەمایەک" شتێک دەبێتە هۆکار یان هۆکرد. ژمارەیەکی کەم لە ئەوانەی سەرقاڵی باس لە بابەتی زەینی و فیزیکین دڵبەستەی ئەو پرسیارەن کە ئایا تایبەتمەندییە زەینییەکان (بە هەر واتایەک بێت) هەن یان نا. بەڵکوو زۆرتر دڵبەستەی ئەوەن کە ئایا تایبەتمەندییە زەینییەکان "بنەمایی"ن یان ناوازە –یا ئەوەی کە ئایا، تا ڕادەیەک یان بەتەواوی، بنەمایان بۆ تایبەتمەندییە فیزیکییەکان دەگەڕێتەوە یان نا.
ئایا میتۆدناسییەکی یەکپارچە بۆ مێتافیزیک بەرینتر لەوەی بیر دەکرێتەوە، هەیە؟ بە بڕوای هەندێک، ئەرکی مێتافیزیکزان بریتییە لە ناسین و ئیستدلال بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی پەیوەندیگەلی جۆراوجۆر. بە ڕای فاین (٢٠٠١)، مێتافیزیکزانەکان هەوڵ بۆ خستنەڕووی تیۆریگەلێک دەدەن لەمەڕ ئەوەی کە کام یەک لە فەکتەکان یان گوتەزارەکان، فەکت یان گوتەزارەکانی تر ڕۆ دەنێت، و کام یەک لە فەکتەکان یان گوتەزارەکان "لە واقعیەتدا" ڕاستن. بە نموونە، لەوانەیە فەیلەسووفێک لای وا بێت کە مێزەکان و شتومەکە لێکدراوەکانی تر بوونیان هەیە، بەڵام بڕوای بەوە بێت کە فەکتگەلی سەبارەت بە مێزەکان بەتەواوی بنەمایان دەگەڕێتەوە بۆ فەکتگەلێک لەمەڕ [شێوازی] چێندراوەیی خاڵە وردیلەکان یان فەکتگەلێک لەمەڕ دۆخی فانکشنی شەپۆل. ئەم مێتافیزیکزانە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هیچ فەکتێک "لە واقعیەتدا" سەبارەت بە مێزەکان لە ئارادا نییە، بەڵکوو فەکتگەلێک لەسەر چێندراوەیی وردیلەکان هەیە. شافێر (٢٠١٠) ڕوانگەیەکی هاوشێوەی هەیە، بەڵام دەڵێت پەیوەندیگەلی بنەڕەتیی مێتافیزیکی نە لە نێوان فەکتەکاندا، بەڵکوو لە نێوان هەبووەکاندا بەرقەرارە. بە وتەی شافێر، هەبوو/هەبووە بنەڕەتییەکان دەبێ وەک هەبوو/هەبووگەلێک چاو لێ بکەین کە بنەمای هەموو شتەکانی ترە/ترن. بەپێی بۆچوونی شافێر، دەتوانین بە شێوەیەکی واتادار بپرسین کە ئایا بنچینەی مێز لەسەر پاژەکانی دامەزراوە یان بەپێچەوانەوە. دەتوانین (هاوڕا لەگەڵ شافێردا) لەسەر ئەو بیردۆزییە بڕۆین کە جیهان وەک گشتێک، بنەمای کۆتایی هەموو شتێکە.
بۆچوونێکی تری شیاوی سەرنج (سایدێر، ٢٠١٢) دەڵێت ئەرکی مێتافیزیکزان "ڕوونکردنەوەی جیهانە" بەپێی پێکهاتە بنەڕەتییەکەی. بە ڕای سایدێر، ئەوەی مێتافیزیک (ی باش) وەک لقێک یەکپارچە دەکات، ئەوەیە کە تیۆرییەکانی هەموو لە چوارچێوەی دەستەواژەگەلێکدا داڕێژراون کە پێکهاتەی بنەڕەتیی جیهان دیاری دەکەن. بە نموونە، بە ڕای سایدێر ئێمە دەتوانین "نهیلیزمی هۆکارێتی" وەک ئەو بۆچوونە ببینین کە پەیوەندیگەلی هۆکارێتی لە پێکهاتەی بنەڕەتیی جیهاندا دەرناکەون و لەم ڕووەوە باشترین زمان بۆ وەسفی جیهان، خۆی لە گوتەزارگەلی هۆکارێتی دەدزێتەوە.
دەبێ جەخت لەسەر ئەوە بکەین کە ئەم شێوازانە بۆ دیاریکردنی سنووری مێتافیزیک لەپێشدا گریمانەیان ئەوە نییە کە هەموو ئەو تەوەرانەی ئێمە وەک نموونەگەلێک لە مێتافیزیک ئاوڕمان لێ داونەتەوە، بۆ خودی تەوەرەکە بنەڕەتی یان گرنگن. باس لەسەر ئاراستەمەندی لەبەرچاو بگرن. کواین (١٩٥٣) و سایدێر (٢٠١٢) هەر یەک لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی خۆیانەوە سەبارەت بە سرشتی مێتافیزیک ئیستدلال دەکەن کە ڕەهەندەکانی مشتومڕ لەسەر تیۆریی شیاوی مێتافیزیکیی ئاراستەمەندی بە لاڕێدا بەرن. هەندێکی تر سەبارەت بە باسوخواسەکان لەمەڕ پێکهاتە یان دەوامهێنان لە درێژەی کاتدا بەگومانن. لەم ڕووەوە، تیۆرییەکانی سەبارەت بە سرشتی مێتافیزیک لەوانەیە سەرچاوەگەلێکی نوێ بخەنە بەردەستمان بۆ ڕەخنەگرتن لە باسە پلەیەکەمە تایبەتییەکان کە لەڕووی مێژووییەوە مێتافیزیکی لە قەڵەم دراون، و ئەمەیش ڕەوتێکی باوی مێتافیزیکزانەکانە کە هەندێک لە باسەکان وەک باسی بنەڕەتی ڕەچاو دەکەن، کەچی دەرهەق بەوانی تر بەرچاو تەنگن.
٥. ئایا مێتافیزیک مومکینە؟
لەوانەیە هیچ هاودەنگییەکی ناوخۆییش بۆ میتافیزیک لە ئارادا نەبێت. گرنگتر لەوە، لەوانەیە شتێک بە ناوی مێتافیزیک هەر بوونی نەبێت –یان لانیکەم شتێک کە شیاوی ئەوە بێت کە پێی بڵێین زانست یان بواری لێکۆڵینەوە یان لقێکی خوێندن. لەوانەیە، وەک چۆن هەندێک لە فەیلەسووفان گوتوویانە، هیچ گوتەزار یان تیۆرییەکی مێتافیزیکی نە ڕاست بێت نە هەڵە. یان ڕەنگە، هەر وەک کەسانی تر گوتوویانە، تیۆرییە مێتافیزیکییەکان بەهای ڕاستییان هەیە، بەڵام دۆزینەوەی چۆنێتییەکەیان مەحاڵە. لانیکەم لە سەردەمی هیوومەوە، فەیلەسووفگەلێک بوون کە وتوویانە مێتافیزیک "نامومکینە" –یان بەهۆی ئەوەی کە پرسیارەکانی بێواتان یان بەهۆی ئەوەی کە وەڵامدانەوەیان مەحاڵە. درێژەی ئەم بابەتە تەرخان دەکرێت بۆ باس لەسەر هەندێک لە ئارگیومێنتەکانی ئەم دواییانە سەبارەت بە نامومکینبوونی مێتافیزیک.
بێن با وای دانێین کە دڵنیاین دەتوانین هەر گوتەزارێک وەک "گوتەزارێکی مێتافیزیکی" یان "گوتەزارێکی نامێتافیزیکی" دیاری بکەین. (پێویستمان بەوە نییە کە فەرز بکەین ڕەچەڵەکی ئەم تواناییە بۆ پێناسە یان شرۆڤەیەکی ورد لە مێتافیزیک دەگەڕێتەوە). بێن با ئەو تێزە کە هەموو گوتەزارە مێتافیزیکییەکان بێواتان، بە "داڕێژەی بەهێزی" ئەو تێزە بزانین لەسەر نامومکینبوونی مێتافیزیک. (سەردەمانێک، دوژمنی مێتافیزیک لەوانە بوو بەوە ڕازی بێت کە بڵێت هەموو گوتەزارە مێتافیزیکییەکان هەڵەن. بەڵام ئەمە بەئاشکرا تێزێکی مومکین نییە، ئەگەر نکۆڵی لە گوتەزارێکی مێتافیزیکی بۆخۆی دەبێ گوتەزارێکی مێتافیزیکی بێت.) و بێن با ئەو گوتەزارەی خوارەوە وەک "داڕێژەی لاوازی" تێزی نامومکینبوونی مێتافیزیک ناودێر بکەین: گوتەزارە مێتافیزیکییەکان واتادارن، بەڵام مرۆڤەکان قەت ناتوانن دەری بخەن کە ئایا هەر گوتەزارێکی مێتافیزیکی ڕاستە یان هەڵە (مومکینە یان نامومکین؛ پاساوهەڵگرە یان نا).
بێن با بەکورتی نموونەیەک لە داڕێژەی بەهێز لەو تێزە تاوتوێ بکەین کە [دەڵێت] مێتافیزیک نامومکینە. پۆزیتیڤیستە لۆژیکییەکان بڕوایان وا بوو کە واتای گوتەزارێکی (نا-شیکارانە) بەتەواوی بریتییە لەو پێشبینییانەی کە سەبارەت بە ئەزموونی مومکین دەیکات. لەگەڵ ئەمەشدا، لایان وا بوو کە گوتەزارە مێتافیزیکییەکان (دیارە وەک حەقیقەتگەلێکی شیکارانە نەدەخرانە ڕوو)، هیچ پێشبینییەک لەمەڕ ئەزموونەوە ناکەن. هەر بۆیە، بەو دەرەنجامە گەیشتن کە گوتەزارە مێتافیزیکییەکان بێواتان –یان باشتر بڵێین، ئەو "گوتەزارگەلە"ی کە ئێمە وەک گوتەزارگەلی مێتافیزیکی پۆلێنبەندییان دەکەین، لە ڕاستیدا و لە بنەڕەتدا گوتەزار نین: شتانێکن کە وەک گوتەزار دەنوێنن بەڵام نین، هەروەک چۆن مانکەنەکان مرۆڤئاسا دێنە بەرچاو، بەڵام مرۆڤ نین.
بەڵام (زۆرێک لە فەیلەسووفان دەیانپرسی) ئەو تێزە سەرەکییەی پۆزیتیڤیستە لۆژیکییەکان کە دەڵێت "واتای گوتەزارێک بەتەواوی بریتییە لەو پێشبینییانەی کە سەبارەت بە ئەزموونی مومکین دەیکات."، بەپێی پێوەرەکانی خۆی چۆن کار دەکات؟ ئایا ئەو تێزە بۆخۆی پێشبینیگەلێک سەبارەت بە ئەزموونی مومکین دەخاتە ڕوو؟ ئایا ئەزموونێک دەتوانێت ڕاستیی ئەو تێزەمان بۆ دەربخات؟ ئایا تاقیکردنەوەیەک دەتوانێت هەڵەبوونی نیشان بدات؟ وا دیارە کە نا. وێدەچێت کە هەر شتێک لە جیهاندا –وەک خودی ئەم وتەیە– یەکسان دێتە بەرچاو، چ ئەو تێزە ڕاست بێت چ هەڵە بێت. (ئایا پۆزیتیڤیست وەڵام دەداتەوە کە ئەو گوتەزارە شیکارانەیە؟ ئەو وەڵامە بەو بۆنەیەوە کێشەسازە کە دەلالەت بۆ ئەوە دەکات زۆرینەی ئاخێوەرانی خۆجێیی زمانی ئینگلیزی کە بۆچوونی پۆزیتیڤیستە لۆژیکییەکان لەسەر واتا ڕەت دەکەنەوە، تا ڕادەیەک لێیان ڕوون نییە کە ئایا ئەو ڕستەیە بەپێی دەلالەتی وشەی "واتا" –کە نە چەمکێکی تەکنیکی بەڵکوو وشەیەکی ئاسایی ئینگلیزییە– ڕاستە یان نا). و بەم پێیە، ئەگەر ئەو گوتەزارە ڕاست بێت، ئەوا بێواتایە؛ یان بە هەمان شێوە ئەگەر واتادار بێت، هەڵەیە. کەواتە، پۆزیتیڤیزمی لۆژیکی وا دیارە لەمەڕ [تێزەکەی] خۆیەوە دەڵێت هەڵە یان بێواتایە؛ ئەگەر لە ڕستەیەکی ئێستاباو کەڵک وەرگرین لەوانەیە نموونەی "ناتەبایی لەخۆکەوتن" بێت.
هەروەها لایەنگرانی ئێستای "دژەواقعبڕوایی مێتافیزیکی" لە داڕێژەی بەهێزی ئەو تێزە کە دەڵێت مێتافیزیک نامومکینە، پشتگیری دەکەن. تا ئەو شوێنەی دەلوێت هێڵێکی ئارگیومێنتی لۆژیکی لە نووسراوەکانی هەر دژەواقبڕوایەک بدۆزینەوە، ئەستەم تێبگەین بۆچ ئەوان، وەک پۆزیتیڤیستە لۆژیکییەکان، ناکەونە بەر تۆمەتی ناتەبایی لەخۆکەوتن. لە ڕاستیدا، ئەو دەرەنجامە کە هەموو فۆرمە بەهێزەکانی تێزی ئاماژەپێکراو تووشی ناتەبایی لەخۆکەوتنن، قسەوباسی زۆر هەڵدەگرێت. بە شێوەیەکی زۆر دەرهەستانە، دەتوانین ئیستدلال دژ بە لایەنگرانی ئەو تێزە بەهێزە بەم چەشنە بخەینە ڕوو. د. مەکزێد، وەک "دژەمێتافیزیکێکی بەهێز"، بڕوای وایە کە هەر بەشێکی دەقێک لە تاقیکردنەوەیەک کە ئەو دیاریی کردووە دەرنەچێت، ئەوا بێواتایە (ئەگەر ناوبراو نموونەی دژەمێتافیزیکێکی بەهێز بێت، دەڵێت هەر دەقێک لەو تاقیکارییەوە تێنەپەڕێت، دەرخەری هەوڵێکە بۆ چەوت کەڵکوەرگرتن لە زمان بە شێوازێک کە زمان بەو شێوەیە کەڵکی لێ وەرناگیرێت.) و هەروەها دەڵێت هەر بەشێکی دەقێک کە بە شێوەیەکی ئاوەزمەندانە بکرێت پێی بڵێین "مێتافیزیکی"، دەبێ لەو تاقیکارییە دەرنەچێت. بەڵام هەمیشە دەردەکەوێت کە ڕستەگەلێکی جۆراوجۆر کە پێکهاتەی بنەڕەتیی ئارگیومێنتەکەی مەکزێد لە هەنبەر مێتافیزیکن، بۆخۆیان لە تاقیکارییەکەی ئەودا سەر ناکەون. نموونە تاقیکارییەک بۆ ڕەتکردنەوەی زۆر کورت و دەرهەستی هەموو ڕەتدانەوەکانی مێتافیزیک، ڕەخنەیەکی پڕوردەکاری و وردبینانەی مێتافیزیکە (کە دەگوترێت تەنها لەسەر ئەو جۆرە مێتافیزیکە کاریگەرە کە لە لایەن ئاوەزبڕوایانی سەدەی حەڤدەهەم و مێتافیزیکی شیکارانەی هەنووکە هاتووەتە ئاراوە)، کە لە لایەن فراسێنەوە (٢٠٠٢) خراوەتە ڕوو. ئەمە هەڵوێستێکی شیاوی بەرگرییە کە ڕەخنەکەی ڤان فراسیێن دژ بە مێتافیزیک لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە هەندێک تێزەوە کە هەرچەندە بۆخۆیان تێزی مێتافیزیکی نین، بەڵام لە هەمان کاتدا دکەونە بەر زۆرینەی ئەو ڕەخنانەی کە ناوبراو دژ بە تێزە مێتافیزیکییەکان ئاراستەی کردوون.
داڕێژەی لاوازی ئەو تێزە کە دەڵێت مێتافیزیک نامومکینە، ئەمەیە: شتێک لەمەڕ زەینی مرۆڤ (لەوانەیە تەنانەت زەینی هەموو بکەرە بەئاوەزەکان یان هەموو بکەرە بەئاوەزە ڕادەمەندەکان) لە ئارادایە کە بۆ گەیشتنی زەین بە دەرەنجامگەلێکی مێتافیزیکی بە هەر شێوەیەکی متمانەپێکراو ڕەوتەکەی دەشێوێنێت. ئەم بیرۆکەیە لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ کات، بەڵام ڕوونووسێکی زۆر ساکارتر لە ئەوەی کانت (و تێگەیشتنیش لێی ساکارترە) بەوردی لە لایەن مەکگینەوە (١٩٩٣) خراوەتە ڕوو. ئارگیومێنتی مەکگین بۆ ئەم دەرەنجامەیە کە زەینی مرۆڤ (وەک بابەتێکی مومکینی لە گەشە و هەڵکشاندا، و نەتەنها بەو هۆیە کە "زەینێک"ـە)، ناتوانێت بە شێوەیەکی دڵخواز کۆمەڵێکی بەربڵاو لە پرسیارە فەلسەفییەکان (کۆمەڵێک کە هەموو پرسیارە مێتافیزیکییەکان لە خۆ دەگرێت) تاوتوێ بکات، بەمەیشەوە بەستراوەتەوە بە تێزگەلێکی واقعی و تیۆریک سەبارەت بە تواناییە زانینییەکانی مرۆڤ کە لە بنەڕەتدا دەکەونە بەر ڕەتدانەوەی ئەزموونی و ئێستاکەش پشتیوانێکی ئەزموونیی ئەوتۆیان نییە. بۆ بەرگرییەکی جیاواز لەو تێزە لاوازە، بڕوانە: (توماسۆن، ٢٠٠٩).
سەرچاوەکان
- Andler, Matthew, 2021, “The Sexual Orientation/Identity Distinction”, Hypatia, 36(2):259–275.
- Armstrong, David, 1989, Universals: An Opinionated Introduction, Boulder, CO: Westview.
- –––, 1997, A World of States of Affairs, Cambridge: Cambridge University Press.
- Ásta, 2018, Categories We Live By: The Construction of Sex, Gender, Race, and Other Social Categories, New York, USA: Oxford University Press.
- Baker, Lynne Rudder, 2000, Persons and Bodies: A Constitution View, Cambridge: Cambridge University Press.
- Barcan [Barcan Marcus], Ruth, 1946, “A Functional Calculus of First Order Based on Strict Implication”, Journal of Symbolic Logic, 11: 1–16.
- Barnes, Elizabeth, 2016, The Minority Body: A Theory of Disability. Oxford, United Kingdom: Oxford University Press.
- Barnes, Elizabeth, 2017, “Realism and social structure”, Philosophical Studies, 174(10): 2417–2433.
- Beebee, Helen, 2004, “Causing and Nothingness”, in Causation and Counterfactuals, John Collins, Ned Hall and Laurie Paul (eds.), Cambridge: MIT Press, pp. 291–308.
- Bennett, Karen, 2021, “Why I am Not a Dualist” in Oxford Studies in Philosophy of Mind, 1: 208–231.
- –––, 2017, Making Things Up, New York: Oxford University Press.
- Bernstein, Sara, 2014, “Omissions as Possibilities”, Philosophical Studies, 167(1): 1–23.
- –––, 2017, “Causal proportions and moral responsibility” in Oxford Studies in Agency and Responsibility, Volume 4, David Shoemaker (ed.), Oxford: Oxford University Press, pp. 165–182.
- –––, 2020, “The Metaphysics of Intersectionality”, Philosophical Studies, 177(2): 321–335.
- –––, 2021, “Could a Middle Level be the Most Fundamental?”, Philosophical Studies, 178(4): 1065–1078.
- Broad, C. D., 1925, The Mind and its Place in Nature, London: Lund Humphries.
- Davidson, Donald, 1967, “Causal Relations”, Journal of Philosophy, 64: 691–703.
- Dembroff, Robin A, 2016, “What Is Sexual Orientation?”, Philosophers’ Imprint 16.
- Demirtas, Huzeyfe, 2022, “Causation Comes in Degrees”, Synthese, 200(1): 1–17.
- Díaz-León, Esa, 2015, “What Is Social Construction?”, European Journal of Philosophy, 23(4): 1137–1152.
- Epstein, Brian, 2019, “What are Social Groups? Their Metaphysics and How to Classify Them”, Synthese, 196 (12): 4899–4932.
- –––, “Social Ontology”, The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Winter 2021 Edition), Edward N. Zalta (ed.), URL = <https://plato.stanford.edu/archives/win2021/entries/social-ontology/>
- Fine, Kit, 2001, “The Question of Realism”, Philosopher’s Imprint, 1: 1–30.
- Ginet, Carl, 1990, On Action, Cambridge: Cambridge University Press.
- Hacking, Ian, 1999, The Social Construction of What?, Cambridge: Harvard University Press.
- Jorba, Marta & Rodó de Zárate, Maria, 2019, “Beyond Mutual Constitution: The Properties Framework for Intersectionality Studies”, Signs: Journal of Women in Culture and Society, 45(1): 175–200.
- Kaiserman, Alex, 2018, “‘More of a Cause’: Recent Work on Degrees of Causation and Responsibility”, Philosophy Compass, 13(7): e12498.
- Korman, Daniel Z, 2020, “The Metaphysics of Establishments”, Australasian Journal of Philosophy, 98 (3): 434–448.
- Kripke, Saul, 1972, Naming and Necessity, Cambridge, MA: Harvard University Press.
- Laurence, Stephen and Cynthia Macdonald (eds.), 1998, Contemporary Readings in the Foundations of Metaphysics, Oxford: Blackwell.
- Lewis, David, 1973, “Causation”, Journal of Philosophy, 70: 556–67.
- –––, 1986, On the Plurality of Worlds, Oxford: Blackwell.
- Lowe, E. J., 2006, The Four-Category Ontology: A Metaphysical Foundation for Natural Science, Oxford: The Clarendon Press.
- Mason, R. & Ritchie, K., 2020, “Social Ontology”, in Routledge Handbook of Metametaphysics, R. Bliss and J. Miller (eds.), Routledge, pp. 312–324.
- McKitrick, J, 2018, “Feminist Metaphysics: Can This Marriage Be Saved?”, The Bloomsbury Companion to Academic Feminism, Pieranna Garavaso (ed.), London: Bloomsbury Academic, pp. 58–79.
- McDaniel, Kris, 2013, “Degrees of Being”, Philosophers’ Imprint, 13.
- McGinn, Colin, 1993, Problems in Philosophy: The Limits of Inquiry, Oxford: Blackwell.
- McTaggart, J.M. E., 1908, “The Unreality of Time”, Mind, 17: 457–474.
- Mikkola, Mari, 2017, “On the Apparent Antagonism between Feminist and Mainstream Metaphysics”, Philosophical Studies, 174(10): 2435–2448.
- Passinsky, Asya, 2020, “Should Bitcoin Be Classified as Money?”, Journal of Social Ontology, 6(2): 281–292.
- –––, “Finean Feminist Metaphysics”, Inquiry: An Interdisciplinary Journal of Philosophy, 64(9): 937–954.
- Paul, L.A. and Ned Hall, 2013, Causation: A User’s Guide, Oxford: Oxford University Press.
- Plantinga, Alvin, 1974, The Nature of Necessity, Oxford: The Clarendon Press.
- Politis, Vasilis, 2004, Aristotle and the Metaphysics, London and New York: Routledge.
- Prior, A.N., 1998, “The Notion of the Present”, in Metaphysics: The Big Questions, Peter van Inwagen and Dean Zimmerman (eds.), Oxford: Blackwell Press, pp. 80–82.
- Quine, W. V. O., 1948, “On What There Is”, in Quine 1961: 1–19.
- –––, 1953, “Reference and Modality”, in Quine 1961: 139–159.
- –––, 1960, Word and Object, Cambridge, MA: MIT Press.
- –––, 1961, From a Logical Point of View, Cambridge, MA: MIT Press.
- Rea, Michael (ed.), 1997, Material Constitution: A Reader, Lanham, MD: Rowman & Littlefield.
- Richardson, Kevin, forthcoming, “The Metaphysics of Gender is (Relatively) Substantial”, Philosophy and Phenomenological Research.
- –––, 2022, “Social Groups Are Concrete Material Particulars”, Canadian Journal of Philosophy 52(4): 468–483.
- Ritchie, Katherine, 2020b, “Social Structures and the Ontology of Social Groups”, Philosophy and Phenomenological Research 100(2): 402–424.
- –––, 2015, “The Metaphysics of Social Groups”, Philosophy Compass 10(5): 310–321.
- –––, 2013, “What are groups?” Philosophical Studies, 166(2): 257–272.
- Ruben, David-Hillel, 1985, The Metaphysics of the Social World, London: Routledge & Kegan Paul.
- Sartorio, Carolina, 2004, “How to be Responsible for Something Without Causing it”, Philosophical Perspectives, 18(1): 315–336.
- –––, 2020, “More of a Cause?”, Journal of Applied Philosophy, 37(3): 346–363.
- Sartre, Jean-Paul, 1949, Situations III, Paris: Gallimard.
- Schaffer, Jonathan, 2004, “Causes Need Not Be Physically Connected to Their Effects: The Case for Negative Causation”, in Contemporary Debates in Philosophy of Science, C. Hitchcock (ed.), Malden MA: Blackwell, pp. 197–216.
- ––– 2010, “Monism: The Priority of the Whole”, Philosophical Review, 119: 31–76.
- Sider, Theodore, 2012, Writing the Book of the World, Oxford: Oxford University Press.
- Stalnaker, Robert, 1968, “A Theory of Conditionals”, in Studies in Logical Theory, Nicholas Rescher (ed.), Oxford: Blackwell, pp. 98–112.
- Sullivan, Meghan, 2012, “The Minimal A-Theory”, Philosophical Studies, 158: 149–174.
- Thomasson, Amie, 2009, “Answerable and Unanswerable Questions”, in Metametaphysics: New Essays on the Foundations of Ontology, David J. Chalmers, David Manley, and Ryan Wasserman (eds.), Oxford: Oxford University Press, pp. 444–471.
- Uzquiano, Gabriel, 2004, “The Supreme Court and the Supreme Court Justices: A Metaphysical Puzzle”, Noûs, 38 (1): 135–153.
- Thomson, Judith Jarvis, 1998, “The Statue and Clay”, Noûs, 32: 149–173
- Van Fraassen, Bas C., 2002, The Empirical Stance, New Haven, CT: Yale University Press.
- Van Inwagen, Peter, 1998, “The Mystery of Metaphysical Freedom”, in Peter van Inwagen and Dean W. Zimmerman (eds.), Metaphysics: The Big Questions, Malden, MA: Blackwell, pp. 365–374.
- Wallace, Meg, 2019, “The Lump Sum: A Theory of Modal Parts”, Philosophical Papers, 48(3) :403–435.
- Warmke, Craig, 2021, “What is Bitcoin?”, Inquiry: An Interdisciplinary Journal of Philosophy.
- Williamson, Timothy, 2013, Modal Logic as Metaphysics, Oxford: Oxford University Press.
- Zimmerman, Dean W. (ed.), 2006, Oxford Studies in Metaphysics (Volume 2), Oxford: The Clarendon Press.