لیبرالیزم

2023/10/02
617

لیبرالیزم زیاتر له یەک شته. ئەگەر له نزیکەوه بیپشکنین، لەوانەیه بەسەر ڕوانگەی پەیوەندیدار و هێندێک جار دژبەریشدا دابەش ببێت. لەم نووسینەدا تیشک دەخەینه سەر مشتومڕەکانی نێو نەریتی لیبراڵی. ئێمه سێ لێکدانەوەی پابەندبوونی سەرەکیی لیبرالیزم به ئازادی پێکەوه هەڵدەسەنگێنین. ئێمه لیبرالیزمی کۆن و نوێ له بەرامبەر یەکتر دادەنێین. ئێمه دەپرسین ئاخۆ لیبرالیزم ڕێبازێکی "سەراپاگیر"ه یان "سیاسی"؟ به پرسیار لەسەر "گەیشتن" به لیبرالیزم کۆتایی پێدەهێنین –ئاخۆ لەسەر هەموو مرۆڤەکان پیاده دەکرێت؟ ئاخۆ دەبێ هەموو کۆمەڵە سیاسییەکان لیبراڵ بن؟ ئایا دەکرێ لیبراڵێک به ڕوونی و به "نەخێر" وەڵامی ئەم پرسیاره بداتەوه؟ ئایا دەکرێ لیبراڵێک به ڕوونی و به "بەڵێ" وەڵامی ئەم پرسیاره بداتەوه؟


١. مشتومڕ لەسەر ئازادی

١.١. گریمانه له بەرژەوەندیی ئازادی

٢.١. ئازادیی نەرێنی

٣.١. ئازادیی ئەرێنی

٤.١. ئازادیی کۆماری

٢. مشتومڕ لە نێوان کۆن و نوێ

١.٢. لیبرالیزمی کلاسیک

٢.٢. لیبرالیزمی نوێ

٣.٢. تیۆرییه لیبراڵییەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی

٣. مشتومڕەکان لەسەر گشتگیربوونی لیبرالیزم

١.٣. لیبرالیزمی سیاسی

٢.٣. ئەخلاقی لیبراڵی

٣.٣. تیۆرییه لیبراڵییەکانی بەها

٤.٣. میتافیزیکی لیبرالیزم

٤. مشتومڕەکان سەبارەت بە گەیشتن بە لیبرالیزم

١.٤. ئایا لیبرالیزم لە هەموو کۆمەڵگا سیاسییەکاندا ڕەوایە؟

٢.٤. ئایا لیبرالیزم تیۆرییەکی جیهان-نیشتمانه یان تیۆرییەکی دەوڵەت-تەوەره؟

٣.٤. کارلێکی لیبراڵ لەگەڵ گرووپە نالیبراڵەکان: نێودەوڵەتی

٤.٤. کارلێکی لیبراڵ لەگەڵ گرووپە نالیبراڵەکان: ناوخۆیی

٥. ئەنجام


١. مشتومڕ لەسەر ئازادی

١.١. گریمانه له بەرژەوەندیی ئازادی

له پێناسەکەیدا موریس کرانستۆن دەڵێت: "لیبراڵ کەسێکه که باوەڕی به ئازادی هەیه" (1967: 459). لیبراڵەکان له دوو ڕووەوە یەکەمایەتی به ئازادی وەکوو بەهایەکی سیاسی دەدەن.

زۆربەی لیبراڵەکان باوەڕیان وایه که مرۆڤەکان به شێوەیەکی سروشتی "له دۆخێکی ئازادیی تەواودان بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکانیان… بەو جۆرەی که پێیان باشه… بێ ئەوەی که پێویستیان به مۆڵەت هەبێت، یان پشت به خواستی کەسێکی تر ببەستن" (Lock، 1960(1689) 287). هەروەها میل دەڵێت که "دەبێ بارگرانیی سەلماندن له ئەستۆی ئەو کەسانه بێت که دژی ئازادین، ئەوانەی که داوای سنووربەندی و قەدەغەکردن دەکەن… گریمانەی پێشوەخته بە لای ئازادیدا شکاوەتەوه" (1963, vol 21: 262). هەروەها بیرمەنده لیبراڵەکانی دواتر وەکوو جۆیل فاینبێرگ (1983:9)، ستانلی بێن (1987:88) و جان ڕاوڵز (2001:44,112) لەسەر ئەمه هاوڕان. لیبرالیزم فەلسەفەیەکه بەو بنەمایه دەست پێدەکات که دەبێ دەسەڵاتی سیاسی و یاسا خاوەن ڕەوایی بن. ئەگەر هاووڵاتییان پابەند بن به خۆسنووردارکردنەوه، و بەتایبەتی ئەگەر پابەند بن به شوێنکەوتنی دەسەڵاتی کەسێکی تر، دەبێ هۆکارێک بۆ ئەمه هەبێت. سنووردارکردنەوەی ئازادی دەبێ بەرحەق بێت.

واته هەرچەنده کەس هابز وەک لیبراڵێک پۆلێن ناکات، بەڵام لێره هۆکارێک هەیه که هۆبز وەکوو هاندەری فەلسەفەی لیبراڵی ببیندرێت (هەروەها تەماشای واڵدرۆن 2001 بکەن). چونکه ئەوە هۆبز بوو پرسیاری کرد که هاووڵاتییان لەسەر چ بنەمایەک دەبێ به دەسەڵات وەفادار بن. پرسیارەکەی هۆبز ناڕاستەوخۆ ئەو گریمانەیه ڕەت دەکاتەوه که هاووڵاتییان موڵکی پاشان. بەپێچەوانەوه ئەوه پاشاکانن که لە لایەن هاووڵاتییانەوه دەسەڵاتیان پێدەدرێت، (ئەو هاووڵاتییانەی) که سەرەتا خۆیان دەسەڵاتدارن، بەو مانایەی که خاوەنی مافی ماناداری "نا"گوتنن. له کولتووری گشتیدا، ئەم تێڕوانینه بۆ پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و پاشا بۆ چەند سەده شکڵی گرتبوو. ماگنا کارتا زنجیرەیەک ڕێککەوتن بوو که له ساڵی 1215وە دەستی پێکرد و له ناکۆکییەکانی نێوان باڕۆنەکان و جۆن پاشادا سەریان هەڵدا. ماگنا کارتا له کۆتاییدا بەو ئاکامه گەیشت که پاشا پابەنده به سەروەریی یاسا. له ساڵی 1215دا ماگنا کارتا بەشێک له دەسپێک نەک کۆتایی مشتومڕەکە بوو. بەڵام له ناوەڕاستی ساڵانی 1300دا چەمکەکانی مافی تاک بۆ دادگاییکران له لایەن دەستەی سوێندخۆران و پرۆسەی یاسایی و وەکیەکی له هەمبەر یاسادا به شێوەیەکی قایم جێگیر کران. ماگنا کارتا خەریک بوو وەها ببیندرێت که دەسەڵات تەنیا بە پاشاکان نابەخشێت، بەڵکوو به خەڵکیشی دەبەخشێت. له ناوەڕاستی ساڵانی 1400دا، جۆن فۆڕتێسکیو سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئینگلەند له 1442 تا 1461 کتێبی "جیاوازییەکانی نێوان پاشایەتیی ڕەها و سنووردار"ی نووسی. داواکارییەک بۆ پاشایەتیی سنووردار که دەکرێ بڵێین نیشاندەری دەسپێکی هزری سیاسیی ئینگلیزییه (Schmitz and Brennan, 2010: chap. 2).

هۆبز بەگشتی وەک یەکێک له یەکەم و گەورەترین بیرمەندانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەتایبەتیش، هۆبز وەکوو داکۆکیکارێکی دەسەڵاتدارێتیی ڕەها دەبیندرێت. بەپێی تیۆریی هۆبز، دەسەڵاتی لێڤیاتان له ڕەهەندێکی تایبەتەوه ڕەهایه: واته لێڤیاتان دەتوانێ هەموو شتێک بۆ پاراستنی ئاشتی بکات. ئەم ئامانجه تایبەته پاساو بۆ زۆربەی ئامرازەکانیش دەهێنێتەوه، لەوانه سنووردارکردنەوەی ڕژدی ئازادی. ئێستا سەرنج بخەنه سەر ئاکامی سنووردارکردنەوەکان: ئەرکی لێڤیاتان پاراستنی ئاشتییه، نەک ئەنجامدانی هەموو کارێک که شایانی ئەنجامدان بێت. بەڵێ تەنیا بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتییە. هۆبز، ڕەهاخوازی بەناوبانگ، بەم شێوەیه مۆدێلێکی حکوومەتی سنوورداری پەرە پێدا.

هەروەها لیبراڵه پارادایماتیکەکانی وەکوو لۆک بانگەشەی ئەوه دەکەن که سنووره بەرحەقەکانی سەر ئازادی به شێوەیەکی بەرچاو کەمن. تەنیا حکوومەتێکی سنووردار ڕەوایه. لە ڕاستیدا، ئەرکی سەرەکیی حکوومەت پاراستنی ئازادیی وەکیەکی هاووڵاتییانه. هەر بۆیه، یەکەم بنچینەی دادپەروەریی لیبراڵیی پارادایماتیکی جان ڕاوڵز ئەوەیه "هەموو تاکەکان دەبێ مافی وەکیەکیان هەبێت خاوەنی بەربڵاوترین سیستەمی ئازادییه بنچینەییەکان بن که کۆک بێت لەگەڵ سیستەمێکی هاوشێوه بۆ هەمووان" (Rawls, 1999b: 220).


٢.١. ئازادیی نەرێنی

بەڵام لیبراڵەکان لەسەر چەمکی ئازادی پێکەوه ناکۆکن، لە ئاکامدا ئایدیالی لیبراڵی بۆ پاراستنی ئازادیی تاکەکەسی دەتوانێ تێگەیشتنی جیاواز له ئەرکی حکوومەت بەدوای خۆیدا بێنێت. ئایزایا بەرلین به ئاشکرا داکۆکیی له تێگەیشتنێکی نەرێنی بۆ ئازادی دەکرد:

"بە شێوەیەکی ئاسایی من تا ئەو شوێنه ئازادم که کەس مافی دەستتێوەردان له چالاکییەکانمی نییه. ئازادیی سیاسی بەم مانایه واته ئەو ڕووبەرەی که مرۆڤ دەتوانێ بێ بەربەستی کەسانی تر چالاکی بکات. ئەگەر لە لایەن کەسانی ترەوه ڕێگری له من بکرێت لەوەی کارێک بکەم که ئەگەر ئەوان نەبوونایه، دەمتوانی بیکەم، من بەو ڕادەیه نائازادم. و ئەگەر ئەو ڕووبەره له لایەن خەڵکی ترەوه سنووردار کرابێتەوه، دەکرێ من به کەسێکی له ژێر گوشار یان کۆیله بێمه ئەژمار. بەڵام گوشار زاراوەیەک نییه که تەواوی شێوازەکانی بێتوانایی پێناسه بکات. ئەگەر من بڵێم که ناتوانم زیاتر له ده پێ له هەوادا باز بدەم یان ناتوانم بخوێنمەوه چونکه نابینام، لێرەدا بێمانا دەبێت ئەگەر بڵێم که من ناچار کراوم یان بەند کراوم. ناچارکران به حاڵەتێک دەگوترێت که کەسانێک دەست دەخەنه پانتایی چالاکییەکانی منەوه و ئەگەر وایان نەکردایه، دەمتوانی به ئازادی چالاکیی خۆم بکەم. مرۆڤ له حاڵەتێکدا له ئازادیی سیاسی بێبەش دەبێت، ئەگەر لە لایەن خەڵکی ترەوه ڕێگری له گەیشتن به ئامانجەکانی بکرێت" (Berlin, 1969: 122).

کەواته بۆ بەرلین و شوێنکەوتووانی ئەو، کاکڵەی ئازادی واته ناچارنەکران له لایەن خەڵکی ترەوه. له ئاکامدا، ئەرکی سەرەکیی دەوڵەتی لیبراڵ بۆ پاراستنی ئازادی ئەوەیه که هاووڵاتییان یەکتر ناچار نەکەن، مەگەر ئەوەی که بەرحەق بن. وەها تێدەگەین که ئازادیی نێگەتیڤ پرسێکه که بۆ کامه بژاردانه سەرپشک دەکرێین. یان وردتر، کام بژاردانه به هۆی چالاکییەکانی کەسانی ترەوه دەستیان بەسەردا گیراوه و بە کام بڕیار. ئەمەش بێ گوێدان بەوەی که ئاخۆ ئێمه ئەو بژاردانه بەکار دێنین یان نا (Taylor, 1979).


٣.١. ئازادیی ئەرێنی

تێگه ئەرێنییەکان بۆ ئازادی سەرنجی زۆرێک له لیبراڵەکانی ڕاکێشاوه. ئەگەرچی وێ دەچوو ڕۆسۆ داکۆکی له چەمکێکی ئەرێنی بۆ ئازادی بکات، که بەپێی ئەو چەمکه مرۆڤ له کاتێکدا ئازاده که بەپێی ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆی (ئیرادەی گشتی) بجووڵێتەوه. بەڵام چەمکی ئەرێنیی ئازادی به باشترین شێوه لەگەڵ نەوهێگڵییە بریتانییەکانی کۆتایی سەدەی نۆزده و سەرەتای سەدەی بیستەم پەرەی پێدرا، لە لایەن کەسانێکی وەک تۆماس هیل گرین و بێڕنارد بۆسانکوێت (2001(1923)). گرین پێداگری دەکات که دەبێ دان بەوەدا بنرێت که هەر جۆره بەکارهێنانێکی وشەی ئازادی بۆ دەربڕینی هەر شتێک، وەک پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی مرۆڤێک لەگەڵ ئەوانیتر، میتافۆڕێکی لە خۆیدا هەڵگرتووه که ئاماژه به پارێزراوبوون له ناچارکران دەکات (1986, (1895): 229). لەگەڵ ئەوەشدا، گرین پێی وایه که مرۆڤ دەتوانێ به شێوەیەکی تر نائازاد بێت، به شێوەیەکی دەروونی نەک سیاسی، واته ئەگەر مەیل یان ئارەزوویەکی هەبێت که کۆنترۆڵ ناکرێت. گرین پێی وایه که وەها کەسێک "له دۆخی کۆیلەیەکدایه که ئیرادەی کەسێکی تر جێبەجێ دەکات، نەک هی خۆی" (1986(1895): 228). ڕێک وەک کۆیلەیەک که ناتوانێ ئەو کارەی که پێی خۆشه بیکات. یان وەک کەسێکی ئالووده به ئەڵکۆڵ که بەدوای ڕەزامەندییەکدا دەگەڕێت که قەت و له هیچ کوێ دەستی ناکەوێت.

لای گرین مرۆڤ کاتێک ئازاده که سەربەخۆ یان خۆبەڕێوەبەر بێت. ئەمسەر بۆ ئەوسەری تیۆریی سیاسیی لیبراڵی ئایدیالێکه بۆ مرۆڤێکی ئازاد، وەک کەسێک که چالاکییەکانی به جۆرێک له جۆرەکان هی خۆیەتی. لەم ڕوانگەیەدا، ئازادیی ئەرێنی چەمکی ڕاهێنانه. مرۆڤ تا ئەو ڕادەیه ئازاده که به شێوازێکی کاریگەر خۆی و شێوەی ژیانی خۆی دیاری کردبێت (taylor, 1979). وەها کەسێک ملکەچی ناچارکران نییه، به شێوەیەکی ڕەخنەگرانه بیر له ئایدیالەکانی دەکاتەوه و به چاوبەستراوی وەدوای دابونەریت ناکەوێت، و بۆ خاتری چێژی کورتماوه چاوپۆشی له بەرژەوەندییه درێژماوەکانی خۆی ناکات. ئایدیالی ئازادی وەک سەربەخۆیی ڕیشەی تەنیا له تیۆریی سیاسیی ڕۆسۆ و کانتدا نییه، بەڵکوو هەروەها له کتێبی "دەربارەی ئازادی"ی جۆن ستیوارت میل سەرچاوەی گرتووه. ئەمڕۆ ئەم هزره بەسەر لیبرالیزمدا زاڵه، هەر وەک چۆن له کارەکانی ئێس. ئای. بێن(1988)، جێراڵد دورکین (1988)، و جۆزێف ڕاز (1986)دا دەردەکەوێت. هەروەها سەیری وتارەکانی کریسمەن و ئەندەرسۆن (2005) بکه.

چەمکی ئازادیی ئەرێنی لەسەر بنەمای سەربەخۆیی لای گرین زۆر جاران لەگەڵ چەمکی ئازادیی پۆزەتیڤ یەک دەگرێتەوه. ئازادی وەک هێزێکی کاریگەر بۆ کردەوه یان پەیجۆریی ئامانجەکانی مرۆڤ. له دیدی سۆسیالیستی بریتانی ڕ. هـ. تاونی، ئازادی وەک توانای کردار فام کراوه (1931: 221, هەروەها سەیری Gaus, 2000; ch.5 بکه). لەم چەمکه ئەرێنییەدا کەسێک که بۆ ئەندامبوون له یانەیەکدا هیچ بەربەستێکی نییه، بەڵام هێنده هەژاره که ناتوانێ پارەی ئەندامێتییەکه دەستەبەر بکات، واته ئازاد نییه بۆ ئەندامبوون. واته هێزێکی کاریگەری نییه بۆ چالاکی. ئازادیی ئەرێنی وەکوو هێزی کاریگەر بۆ چالاکی، ئازادی به سەرچاوه ماددییەکانەوه گرێ دەدات (بۆ نموونه، دەبێ پەروەرده بۆ هەمووان بەردەست بێت تا هەمووان بتوانن تواناکانیان پەره پێبدەن.) ئەمه ئەو چەمکەی ئازادیی ئەرینی بوو که له مێشکی هایێکدا بوو. کاتێک پێداگریی لەسەر ئەوه کرد که "ئازادی و سەروەت هەردوو شتی چاکن… بەڵام هەر وەک دوو شتی جیاواز دەمێننەوه" (1960: 17-18). بۆ هایێک سامان شێوەیەکه له توانست که ئازادی وا نییه.


٤.١. ئازادیی کۆماری

بۆچوونێکی کۆنتر لەسەر ئازادی که بەم دواییانه زیندوو بووەتەوه، ئازادیی کۆماریخوازانه یان نەو-ڕۆمانییه. چەمکێکی ئازادی که ڕیشەکەی دەگەڕێتەوه بۆ بەرهەمەکانی سیسرۆ و مەکیاڤێلی (1950(1513)). به وتەی فیلیپ پێتیت:

"پێچەوانەی وشەی ئازاد له ڕۆم وشەی کۆیله بووه و هەتا دەسپێکی سەدەی ڕابردووش مانای زاڵی وشەی ئازادی هەر لەو نەریته تەمەندرێژه کۆمارییەوه هاتبوو: ژیان نەکردن له ژێر دەسەڵاتی ئەویتر و بەرکاری دەسەڵاتی ستەمکارانەی ئەویتر نەبوون" (Petit, 1996: 576).

بەپێی ئەم ڕوانگەیه پێچەوانەی ئازادی، زاڵێتییه. نائازادبوون ئەوەیه که " ملکەچی ئیرادەی وازوازیی کەسێک بیت یان بەشێوەی نائاسایی بخرێیته بەردەم حوکمدانی کەسێکی تر" (Petit, 1997: 5). کەواته حکوومەتی ئایدیالی ئازادیپارێز دڵنیایی دەدات لەوەی که هیچ بریکارێک، تەنانەت خۆیشی، دەسەڵاتی ستەمکارانه بەسەر هیچ هاووڵاتییەکدا ناسەپێنێ. ئەمەش له ڕێگەی دابەشکردنی یەکسانی دەسەڵاتەوه بەدەست دێت. هەر کەس دەسەڵاتێکی هەیه که دەتوانێ دەسەڵاتی کەسانی تر له دەستوەردان له چالاکییەکانی خۆی دوور بخاتەوه. (Pettit, 1997: 67)

تێگەی کۆماریخوازانەی ئازادی له هەردوو تێگە ئەرێنی و نەرێنییەکانی گرین جودایه. به پێچەوانەی ئازادیی ئەرێنیی گرینی، ئازادیی کۆماریخوازانه به پلەی یەکەم ناچێت بە لای ئۆتۆنۆمیی ئەقڵانی، بەدیهێنانی سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤ یان بوون به خودی باڵاتر. کاتێک تەواوی دەسەڵاتی باڵادەست پەرش و بڵاو بووەوە، ئیتر تیۆریسته کۆمارییەکان بەگشتی لەمەڕ ئەم ئامانجانه بێدەنگ دەبن (لارمور، 2001). بە پێچەوانەی ئازادیی نەرێنی، ئازادیی کۆماریخوازانه به پلەی یەکەم تەرکیزی خستووەته سەر ئەگەر و ئامادەیی بێبەرگری بۆ دەستتێوەردان نەک دەستتێوەردانی ڕاستەقینه (Pettit, 1996: 577). بەم پێیه، به پێچەوانەی تێگەی ئاسایی ئازادیی نەرێنی، له ئازادیی کۆماریدا ئەگەری پەتیی دەستتێوەردانی ڕەمەکی سنووردارکردنەوەی ئازادییە. بەو پێیه پێدەچێت که ئازادیی کۆماری ئیدعایەکی مەرجدار سەبارەت بە ئەگەری دەستتێوەردان لە خۆ بگرێت، و ئەمە زۆربەی کات بە گوێرەی کۆمەڵێک ئیدعای ئاڵۆزی دژەڕاستی دەربڕاوە. که زۆر جار ڕوونیش نییه که ئەو ئیدعایانه دەکرێ به ڕادەی پێویست ڕوون بکرێنەوه یان نا (گاوس، 2003, cf. Larmore, 2004).

هێندێک له تیۆریسته کۆمارییەکانی وەکوو کوێنتین سکینەر (1998: 13)، ماوریزیۆ ڤیرۆڵی (2002: 6) و پێتیت (1997: 8-11) کۆماریخوازی وەک جێگرەوەیەک بۆ لیبرالیزم دەبینن. ئازادیی کۆماریخوازانه تا ئەو شوێنەی که وەک بنەمایەک بۆ ڕەخنەگرتن له بازاڕی ئازاد و کۆمەڵگەی بازاڕ ببینرێت، ڕێی تێدەچێت. بەڵام ئەگەر لیبرالیزم به شێوەیەکی بەرینتر ببینرێت و بەتەواوی نەبەسترێتەوه به ئازادیی نەرێنی یان کۆمەڵگەی بازاڕەوە، ئەوکات کۆماریخوازی له لیبرالیزم هەڵاوێرده ناکرێت (گۆش، 2008, ڕۆجێرس، 2008, لارمۆر، 2001, داگێر، 1997).


٢. مشتومڕ لە نێوان کۆن و نوێ

١.٢. لیبرالیزمی کلاسیک

تیۆریی سیاسیی لیبراڵی لەسەر چۆنیەتیی تێگەیشتن له ئازادی تووشی دووفاقی دەبێت. له کردەوەدا، دووفاقییەکی گرنگی دیکەش له پەیوەندی به باری ئەخلاقیی خاوەندارێتیی تایبەت و نەزمی بازاڕەوه پەیدا دەبێت. بۆ لیبراڵه کلاسیکەکان یان لیبراڵه کۆنەکان، ئازادی و خاوەندارێتیی تایبەت بەتەواوی گرێدراوی یەکتر بوون. له سەدەی هەژدەوه هەتا ئەمڕۆ لیبراڵه کلاسیکەکان پێداگرن لەسەر ئەوەی که سیستەمێکی ئابووری لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی تایبەت به شێوەیەکی ناوازه لەگەڵ ئازادیی تاکدا یەک دەگرێتەوه و ڕێگه به هەرکامیان دەدات بەو شێوەیەی که شیاوە، بژین. له نێویاندا بەکارهێنانی کار و سەرمایه بەو شێوەیەی که مرۆڤ به باشی دەزانێت. لە ڕاستیدا زۆر جار لیبراڵه کلاسیکەکان و لیبەرتاریەنەکان پێداگرن لەسەر ئەوەی که به جۆرێک له جۆرەکان ئازادی و خاوەندارێتی لە ڕاستیدا یەک شتن. بۆ نموونه باس لەوه کراوه که هەموو مافەکان به مافەکانی ئازادییشەوه شێوازێکن له خاوەندارێتی. هەندێکی تریش پێیان وایه که خاوەندارێتی بۆخۆی شێوازێکه له ئازادی. هەر بۆیەش سیستەمی بازاڕ لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی تایبەت وەک وێنایەک له ئازادی دەبیندرێت. خەڵک ئازاد نین، مەگەر ئەوەی که ئازاد بن که گرێبەست واژۆ بکەن و کاری خۆیان بفرۆشن، یان ئازاد بن که داهاتی خۆیان پاشەکەوت بکەن و هەر کاتێک و بە هەر جۆرێک که بیانەوێ، سەرمایەگوزاری بکەن و هەر کاتێک سەرمایەیان بە دەستەوه بێت، ئازاد بن که کۆمپانیایەک دامەزرێنن.

لیبراڵه کلاسیکەکان ئارگیومێنتێکی تریش بۆ پێکەوەبەستنەوەی ئازادی و خاوەندارێتیی تایبەت بەکار دێنن. ئەم ئارگیومێنتەی دووهەم زیاتر لەوەی که پێداگری لەسەر ئازادی بۆ بەدەستهێنان و بەکارهێنانی خاوەندارێتیی تایبەت وەکوو لایەنێکی ئازادی بکات، پێداگره لەسەر ئەوەی که تەنیا ئامرازی کاریگەر بۆ پاراستنی ئازادی، خاوەندارێتیی تایبەته. لێرەدا بیرۆکەکه ئەوەیه که پەرش و بڵاویی دەسەڵات که له ئاکامی ئابووریی بازاڕی ئازاد لەسەر بنەمای خاوەندارێتیدا بەدی دێت، ئازادیی تاکەکەس له بەرامبەر دەستدرێژییەکانی دەسەڵات دەپارێزێت. هەر وەک هایێک دەڵێت: "ئازادیی ڕاگەیاندن ناتوانێت هەبێت، کاتێک ئامێرەکانی چاپکردن لەبن دەستی حکوومەتدا بن. ئازادیی کۆبوونەوەش نییه، ئەگەر شوێنی کۆبوونەوه کۆنترۆڵ بکرێت. ئازادیی جووڵەکردنیش نامێنێت، ئەگەر ئامرازەکانی گواستنەوه بە تەواوی لە لایەن حکوومەتەوه قۆرخ کرابن" (1978: 149).

هەرچەنده لیبراڵه کلاسیکەکان هەموویان لەسەر گرنگیی بنەڕەتیی خاوەندارێتیی تایبەت بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد کۆکن، بەڵام نەریتی لیبراڵیی کلاسیک خۆی شەبەنگێکه له بۆچوونەکان. هەر له ڕوانگەی مەیلەو ئانارشیستی ڕا بگره تا ئەوانەی که له ئابووری و سیاسەتی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەدەنەوه به حکوومەت. (لەسەر ئەم شەبەنگه بڕوانه ماک و گاوس، 2004) له کۆتایی شەبەنگی لیبراڵی کلاسیکدا ڕوانگەگەلێک هەن که دەوڵەتەکان وەکوو قۆرخکاری ڕەوا بەرحەق دەبیندرێن که ڕەنگه لە لایەن سیستەمی دادەوه بۆ خزمەتگوزارییه بنەڕەتییەکان که مافی سەرەتایین، ڕاسپێردرابن: باج وەرگرتن بۆ پاراستنی کاریگەریی مافی ئازادی و خاوەندارێتی پێویسته. هەروا که بەرەو چەپ دێین، دەگەینه ئەو بۆچوونه لیبراڵییه کلاسیکانەی که باج وەرگرتن به مەبەستی پێشکەشکردنی پەروەردەی حکوومی و کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی گشتی و ژێرخانی کۆمەڵایەتی ڕێگەپێدراو دەبینن. هەروا که زیاتر بەرەو چەپ دێین، هەندێک ڕوانگەی کلاسیکی لیبراڵی ڕێگه به لانیکەمی ئاستی کۆمەڵایەتی دەدەن. زۆربەی ئابووریناسانی لیبراڵی کلاسیکی سەدەی نۆزدەهەم داکۆکییان له بەشێک له سیاسەتەکانی دەوڵەت دەکرد، نەک تەنیا یاسای تاوان و بەستنی گرێبەستەکان، بەڵکوو مۆڵەتدان به کەسانی پسپۆڕ، تەندروستی، سەلامەتی و ڕێکارەکانی ئاگرکوژاندندەوه، ڕێکاره بانکییەکان و ژێرخانی بازرگانی (ڕێگەوبان، بەندەر و نۆکەند) و زۆر جاریش هانی پێکهێنانی یەکێتییەکانیان دەدا. هەرچەنده ئەمڕۆ لیبرالیزمی کلاسیک له ئازادیخوازیی ڕادیکاڵ نزیک دەبێتەوه، بەڵام نەریتی لیبراڵیی کلاسیک له خەمی باشترکردنی دۆخی چینی کرێکار، ژنان، ڕەشپێستەکان، کۆچبەران و هتددایه. ئامانجەکه هەر وەک بێنتام ئاماژەی پێ کردووه، دەوڵەمەندترکردنی هەژارەکان بوو، نەک هەژارترکردنی دەوڵەمەندەکان. له ئاکامدا لیبراڵه کلاسیکەکان یەکسانکردنی سامان و داهات له دەرەوەی ئامانجه ڕەواکانی دەوڵەت دادەنێن.


٢.٢. لیبرالیزمی نوێ

له لیبرالیزمدا ئەوەی که وەک "نوێ"، "پێداچوونەوەخواز"، "دەوڵەتی خۆشبژێو"، یان به باشترین دەربڕین به "دادپەروەریی کۆمەڵایەتی" دەناسرێ، بەرپەرچی ئەو پەیوەندییه گەرموگوڕەی نێوان ئازادیی تاکەکەسی و سیستەمی بازاڕ لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی تایبەت دەداتەوه. سێ فاکتەر دەتوانن سەرهەڵدانی ئەم بیردۆزه پێداچوونەوەخوازانه ڕوون بکەنەوه. یەکەم ئەوەی که لیبرالیزمی نوێ تا سەرەتای سەدەی بیستەم بەڕوونی شێوەی جیاوازی بە خۆی دەگرت، چونکه توانایی بازاڕی ئازاد بۆ پاراستنی ئەو شته که لۆرد بێڤریج ناوی لێنابوو "هاوسەنگیی جێگیر"، کەوتبووە ژێر پرسیارەوه. ئەو باوەڕه که خاوەندارێتیی تایبەت بازاڕێک پێکەوه دەنێت که مەیلی ناسەقامگیریی هەیە یان ئەو جۆره که ئاماژەی پێدەدا، دەتوانێ تووشی گێچەڵی ناهاوسەنگی لەگەڵ بێکارییەکی لەڕادەبەدەر ببێت، بوو به هۆکار که لیبراڵه نوێیەکان بەو گومانەوه که خاوەندارێتیی تایبەت دەتوانێ بناغەیەکی تەواو بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و ئازاد بێت، هاتنه مەیدان. لێرەدا فاکتەری دووهەم دێته پێشەوه، هەر لەگەڵ ئەوە که لیبراڵه نوێیەکان باوەڕی خۆیان به بازاڕ لە دەست دەدا، باوەڕیان به حکوومەت وەک چاودێرێک بۆ سەرپەرەشتیکردنی ژیانی ئابووری پتەو دەبوو. ئەمەش بەشێکی بەهۆی ئەزموونەکانی شەڕی جیهانی یەکەمەوه بوو که تێیدا هەوڵەکانی حکوومەت بۆ پلاندانانی ئابووری سەرکەوتوو دەبینرا. لەوەش گرنگتر، دیموکراتیزەبوونی دەوڵەتانی خۆرئاوایی بوو به هاندەرێکی تر بۆ ئەم دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی دەوڵەت و بۆ یەکەم جار ئەو باوەڕە که نوێنەره فەرمییه هەڵبژێردراوەکان دەتوانن بەڕاستی نوێنەرایەتیی کۆمەڵگا بکەن/ هەر وەک جی ئەی هابسۆن باسی کرد. وەک دی. جەی. ڕیچی ڕایگەیاند:

"ڕوون بووەتەوه ئەو ئارگیومێنتانەی که دژی دەوڵەت بوون، ئەوەی که دەوڵەت بە تەواوی یان تا ڕادەیەک لە بن دەستی چین یان کاستی سەردەستدایه، که ژیرانه یان ناژیرانه دەسەڵات له دەستی باوک یان دایەگەورەیه –ئەو جۆره ئارگیومێنتانه ئیدی بڕ ناکەن، چونکه حکوومەت زیاتر و زیاتر دەبێته حکوومەتی خەڵک لە لایەن خودی خەڵکەوه".

سێهەمین فاکتەری سەرەکیی گەشەی لیبرالیزمی نوێ که لەوانەیه بنەڕەتیترینیان بێت: زێدەبوونی ئەو باوەڕەیه که مافی خاوەندارێتی بەجێی ئەوەی که ببێته پارێزەری هەموو مافێکی تر، بووەته هۆکاری نایەکسانییەکی ناڕەوای دەسەڵات. ئەوان بەس یەکسانییەکی ڕواڵەتی دەچەسپێنن که له مەیدانی کردەوەدا به شێوەیەکی سیستەماتیک شکست دێنێت له دەستەبەرکردنی ئەو ئازادییه ئەرێنییه وەکیەکەی که لەسەر ئەرز بۆ چینی کرێکار گرنگه. ئەو تەوەره کاکڵەی ئەو شتەیه که له سیاسەتی ئەمریکادا پێی دەگوترێت "لیبرالیزم" که پشتیوانییەکی بەهێزی ئازادیی مەدەنی و تاکەکەسی لەگەڵ بێباکی و تەنانەت دوژمنایەتی لەگەڵ خاوەندارێتیی تایبەت تێکەڵ دەکات. تۆوی ئەم لیبرالیزمه نوێیه دەکرێ له کتێبی "دەربارەی ئازادی"ی میلدا بدۆزرێتەوه. هەرچەنده میل پێداگر بوو لەسەر ئەوەی که "ئەوەی پێی دەگوترێت ڕێبازی بازرگانیی ئازاد"، هەر وەکوو "بنەمای ئازادیی تاکەکەسی" لەسەر بنەمایەکی "به هەمان ڕاده تۆکمه" دامەزراوه، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێداگریی لەسەر ئەوه دەکرد که هینجەتەکانی ئازادیی تاکەکەسی و ئازادیی ئابووری له یەکتر دوورن. له کتێبی بنەماکانی ئابووریی سیاسیدا، میل بەردەوام جەختی لەوه دەکردەوه ئەو پرسیارەمان بەدوای وەڵامدا وێڵه، که ئاخۆ ئازادیی تاکەکەسی دەتوانێ بێ خاوەندارێتیی تایبەت گەشه بکات؟ بۆچوونێک که ڕاوڵز سەدەیەک دواتر گەڕایەوه سەری.


٣.٢. تیۆرییه لیبراڵییەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی

یەکێک له ئاکامەکانی کاره گەورەکەی ڕاوڵز، واته تیۆریی دادپەروەری (1999, یەکەم جار ساڵی 1971 بڵاو کرایەوه) ئەوەیه که لیبرالیزمی نوێ سەرنجی خستووەته سەر گەشەپێدانی تیۆرییەک بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. له شەستەکانی سەدەی بیستەمەوه که ڕاوڵز دەستی کرد به بڵاوکردنەوەی بنەڕەتەکانی تیۆریی نوێی خۆی، فەیلەسووفه سیاسییه لیبراڵەکان شیکاری و مشتومڕیان لەسەر "بنەمای جیاوازی" کردووه که بەپێی ئەو بنەمایه، کۆمەڵگای دادپەروەر کۆمەڵگایەکه که نابەرابەرییه ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وەها ڕێک دەخات که زۆرترین قازانجی بۆ هەژارترین چینی کۆمەڵگا هەبێت. بۆ ڕاوڵز پێش-هەڵبژارده (دیفۆڵت) ئازادی نییه، بەڵکوو دابەشکردنی یەکسانی داهات و سامانه. بەس ئەو نایەکسانییانەی که له درێژماوەدا دۆخی هەژارترینەکان باشتر دەکەن، دادپەروەرانەن. ڕاوڵز وەها دەیبینێت که "بنەمای جیاوازی" تێگەیشتنێکی گشتی له بنەمای سەودای دوولایەنه بەرهەم دێنێت: بەو جۆره که پێکهاتەی بنەڕەتی دەبێ به شێوازێک دابڕێژرێت که خۆشبژێویی هیچ گرووپێکی کۆمەڵایەتی لەسەر حسابی ئەوانیتر نەبێت. زۆرێک له شوێنکەوتووانی ڕاوڵز ئەوەندەی سەرنجیان خستووەته سەر پابەندبوون به یەکسانی، سەرنجیان نەداوەته ئایدیالی سەودای دوولایەنه. لە ڕاستیدا ئەوەی پێشتر پێی دەگوترا لیبرالیزمی "دەوڵەتی خۆشبژێو"، ئێستا زیاتر وەک یەکسانیخوازیی لیبراڵی ناوزەد دەکرێت. بەڵام بۆ ڕەنگدانەوه مێژووییەکانی جیاوازییەکه سەیری وتارەکەی یان نارڤیسۆن بکەن لەسەر بەرگرییه ڕواڵەتییەکەی هۆبز له دەوڵەتی خۆشبژێو (له کۆرتلاند 2018).

و به شێوازێکی گونجاو ڕاوڵز له بەرهەمی دواتریدا پێداگری لەسەر ئەوه دەکات که سەرمایەداریی دەوڵەتی خۆشبژێو، پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی دادپەروەری بونیات نانێت. ئەگەر چەند وەشانی سەرمایەداریی دادپەروەرانه بن، ئەوا دەبێ "دیموکراسیی خاوەندارێتیی تایبەت" لەگەڵ بڵاوکردنەوەی خاوەندارێتی بێت. به بۆچوونی ڕاوڵز ڕژێمێک لەسەر بنەمای بازاڕی سۆسیالیستی له سەرمایەداریی دەوڵەتی خۆشبژێو دادپەروەرتره. زۆر سەرسووڕهێنەر نییه که لیبراڵه کلاسیکەکانی وەکوو هایێک (1976) پێداگری لەسەر ئەوه دەکەن کە دابەستنی لیبراڵی هاوچەرخ لەسەر "تراویلکەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی" لیبراڵه مۆدێرنەکان وا لێدەکات له بیریان بچێتەوه که ئازادی پشت به بازاڕێکی لامەرکەزی لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی تایبەت دەبەستێت، که ئەنجامه گشتییەکانی پێشبینی ناکرێن.

بەو شێوەیه ڕابێرت نۆزیک (1974, 160ff) به باشی "بنەمای جیاوازی"ی ڕاوڵز به میناکساز بەڵام نامێژوویی پۆلێن دەکات. بڕیار لەسەر دابەشکردنی سامان دەدات، بەڵام هیچ قورساییەکی ئەخلاقی ناخاته سەر ئەوەی که کێ ئەو کاڵایانەی بەرهەم هێناوه که دابەش دەکرێن. جیاوازییەکی ئاشکرا که لەمەوه سەر هەڵدەدات، ئەوەیه که تیۆریی دادپەروەریی لیبرالیزمی ڕاوڵزی تیۆرییەکه سەبارەت به چۆنیەتیی دابەشکردنی کولێره به قیمه، له کاتێکدا تیۆریی کۆنی لیبرالیزمی دادپەروەری تیۆرییەکه سەبارەت به چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ نانەواکان (schmidtz, 2022).

کێشەی بنەما میناکییەکان ئەوەیه که به وتەی نۆزیک ئازادی میناکەکان دەشێوێنێت. "هیچ بنەمایەکی دۆخی کۆتایی یان بنەمایەکی میناکیی دابەشکارانەی دادپەروەری ناتوانرێ بێ دەستتێوەردانی بەردەوام له ژیانی خەڵکدا بەدی بێت" (1974: 163). بۆ وێناکردنی ئەمه، نۆزیک داوا دەکات بیهێنیه پێش چاوت که کۆمەڵگا له ژێر تیشکی ئەو بنەمایه که تۆ پێت باشه، بگاتە میناکێک له دادپەروەریی تەواو. دواتر کەسێک دۆلارێک بداته ویلت چەمبەرلین بۆ ئیمتیازی سەیرکردنی یاریی باسکەی ویلت. پێش ئەوەی بزانین، هەزاران کەس و هەر کامەیان بۆ هەر جارێک که ویلت نمایشێک بکات، دۆلارێک دەدەنه ویلت. ویلت دەوڵەمەند دەبێت. ئیتر دابەشکردنەکه یەکسان نییه، کەسیش گلەیی ناکات. پرسیاری نۆزیک: ئەگەر دادپەروەری میناکێک بێت که له ساتێکی دیاریکراودا دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت، چی ڕوو دەدات ئەگەر کامڵ ببیت؟ ئاخۆ دەبێ پاشان هەموو شتێک قەدەغه بکەیت –ئیتر هیچ بەکارهێنان، بەرهەمهێنان، بازرگانیکردن، یان تەنانەت بەخشینێک نەبێت– بۆ ئەوەی میناکه تەواوەکه تێک نەچێت؟ تێبینی: نۆزیک نه موناقەشە و نه گریمانەی ئەوەش دەکات که خەڵک دەتوانن هەرچی پێیان خۆشه لەگەڵ داراییەکانیان بیکەن. نۆزیک به وەبیرهێنانەوەی جەختکردنەوە لەسەر بەستراوەیی مافی خاوەندارێتی به ئازادییەوه که لیبرالیزمی له فۆرمی کلاسیکی خۆیدا زیندوو کردەوه، ئاماژه بەوه دەکات که ئەگەر شتێک هەبێت که خەڵک بتوانن بیکەن، تەنانەت ئەگەر تاکە شتێک که خەڵک ئازاد بن بیکەن ئەوه بێت که قەرەپووڵێک بدەن بەو کەسه که سەرگەرمیان دەکات، کەواته به تێپەڕینی کات تەنانەت ئەو ئازادییه بچووکەش دەتوانێ میناکی دڵخواز تێک بدات. نۆزیک ڕاست دەکات که ئەگەر سەرنجمان بخەینه سەر بڕگەکانی کات، سەرنج دەخەینه سەر کاته جیابووەوەکان و به جددی وەریان دەگرین. له کاتێکدا ئەو شتەی که گرنگه، میناکی سامان و داراییەکان له ساتێکدا نییه، بەڵکوو میناکی ئەوەیە کە مرۆڤەکان به تێپەڕبوونی کات چلۆن لەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت دەکەن. کەواته تەنانەت ئازادییه بچووکەکانیش دەبێ میناکی ساتێکی چەقبەستوو تێک بدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بە هەمان شێوە، هیچ هۆکارێک نییه که ئازادی دەبێ میناکێکی بەردەوامی هەڵسوکەوتی دادپەروەرانه تێک بدات. بۆ نموونه، بنەمایەکی ئەخلاقی که هەڵاواردنی نژادی قەدەغه دەکات، هیچ دۆخێکی کۆتایی تایبەت دیاری ناکات. بنەمایەکی ئاوا هەمان ئەو شتەیه که نۆزیک وەک میناکێکی لاواز، هەستیار به مێژوو و هەروەها میناک و ئایدیالێکی دیاریکەر که چۆن دەبێ لەگەڵ خەڵکدا مامەڵه بکرێت، دەیبینێت، که نامانگەیەنێته دابەشکردنێکی دۆخی کۆتایی. ئەمە بێ ئەوەی که میناکێکی تازه بەدی بێنێت کاریگەری لەسەر میناکەکه دادەنێت. و ئەگەر بنەمایەکی قەدەغەکردنی هەڵاواردنی نژادی له ڕێگای گەشەی کولتوورییەوه بێته ناو کۆمەڵگا نەک له ڕێگەی دەستتێوەردانی یاسایی، پێویستی به هیچ جۆره دەستتێوەردانێک نامێنێت. کەواته هەرچەنده نۆزیک هەندێک جار جۆرێک قسه دەکات که گوایە ڕەخنەی ئەو هەموو میناکەکان دەگرێتەوه، بەڵام دەبێ ئێمه ئەو لایەنە ئەرێنییەی ئەو به هەند وەربگرین که میناکە "لاوازەکان" لەگەڵ ئازادیدا گونجاون. لەوانەیه هەندێکیان بەپێی ئەوەی چلۆن دێنە ناساندن و پاراستن، ئازادی بەرەو پێش ببەن (بڕوانه شمیتز 2006, بەشی 6). بۆ دیتنی کارەکانی لیبراڵه مۆدێرنەکان که لێکدانەوەی ڕەهەندەکانی یەکسانی له لایەن نۆزیکەوه دووپات دەکەنەوه که دەکرێ به شێوەیەکی باوەڕپێکراو لیبراڵی هەژمار بکرێت، سەیری ئەندەرسۆن (1999), یۆنگ (1990) و سێن (1992) بکەن.

بەو پێیه تەنانەت ئەگەر لەوەدا لەگەڵ نۆزیک هاوڕا بین که بنەماکانی بڕگەی کات مۆڵەتی دەستتێوەردانی زۆر، بەردەوام و دژوار له ژیانی ڕۆژانەدا دەدەن، هۆکارگەلێک بۆ گومان هەیه که ڕاوڵز مەبەستی قبووڵکردنی وەها بۆچوونێکی هەبووه. ڕاوڵز له یەکەم وتاریدا دەڵێت: "ئێمه ناتوانین دادپەروەریی دۆخێک به لێکۆڵینەوە لێی لە تاکە ئان و ساتێکدا دیاری بکەین" (1951: 191). دوای ساڵانێک، ڕاوڵز ئەوەی پێوه زیاد کرد: "ئەوه هەڵەیه که سەرنج بخەینه سەر دۆخه ڕێژەییه جیاوازەکانی تاکەکان و بمانهەوێ هەموو گۆڕانکارییەک کە وەک مامەڵەیەکی تاک و تەنیا و دابڕاو ڕەچاو دەکرێت، خۆی له خۆیدا دادپەروەرانه بێت. ئەوه ڕێکخستنی پێکهاتەی بنەڕەتییه که دەبێ هەڵسەنگێندرێت، و له ڕوانگەیەکی گشتییەوه هەڵسەنگێندرێت (1999b: 76). بەو پێیه له ڕوانگەی ڕاوڵزەوه ئەرکی پێکهاتەی سەرەکی ئەوه نییه که هەموو مامەڵەیەک له بەرژەوەندیی چینی کرێکاردا بێت، چ بگا بەوەی که له بەرژەوەندیی تاک به تاکی ئەو چینەدا بێت. ڕاوڵز لەوه واقعبینتر بوو. له بەرامبەردا، ئەوه ڕەوتی تەواوی کۆمەڵگایه که به تێپەڕینی کات بڕیاره وەک چینێک سوود به چینی کرێکار بگەیەنێت. بەدڵنیاییەوه ڕاوڵز به جۆرێک یەکسانیخواز بوو. بەڵام میناکێک که ڕاوڵز دەیەویست پشتگیریی لێ بکات، میناکێک بوو له دۆخێکی یەکسان که نەک تا ئەو ڕادەیە بۆ دابەشکردن، بەڵکوو بۆ پەیوەندییەکی بەردەوام بەکار دەهێنرا. ئەوه بەو مانایه نییه که ڕەخنەی نۆزیک هیچ قازانجێکی نەبوو. نۆزیک پێمانی نیشان دا که بیردۆزێکی جێگرەوه چۆن دەبێت، و ویلت چەمبەرلینی وەک کەسێکی جیاواز بە شێوەیەکی بەهێزتر (بێ بارگرانیی قەرزه ناڕوونەکان بە کۆمەڵگا) لەوەی وێنا کرد که ڕاوڵز دەیتوانی پەسندی بکات. به باوەڕی نۆزیک، قازانجەکانی ویلت ئەوانه نین که ویلت لەسەر مێزەکه دەیاندۆزێتەوه، قازانجەکانی ویلت ئەوانەن که دەیانخاته سەر مێزەکه. و ڕێزگرتن لەو شتانەی که ویلت دەیانهێنێته سەر مێزەکه، به واتای ڕێزگرتنه له ئەو وەکوو مرۆڤێکی جیاواز. تا ڕادەیەک به هۆی نۆزیکەوه، یەکسانیخوازانی ئەمڕۆ دان بەوەدا دەنێن که هەر یەکسانییەک که شیاوی خۆزگه بێت، کەمتر سەرنج دەخاته سەر دادپەروەری وەک تایبەتمەندییەکی دابەشکردنی بڕگەی کات و زیاتر گرنگی به چۆنیەتیی مامەڵه لەگەڵ خەڵک دەدات: ئەوەی که چۆن له بەرامبەر هاوکارییەکانیان پاداشت دەکرێن و به درێژایی زەمەن ئەو دەرفەتەیان پێدەدرێت که هاوکاریگەلێک پێشکەش بکەن کە شایەنی پاداشتکردن بێت (Schmidtz, 2006).


٣. مشتومڕەکان لەسەر گشتگیربوونی لیبرالیزم

١.٣. لیبرالیزمی سیاسی

لەگەڵ پەرەسەندنی کارەکەی، ڕاوڵز پێداگریی لەسەر ئەوه دەکرد که لیبرالیزمەکەی ئەو ڕێبازێکی گشتگیر نییه، بەو شێوەیه که تیۆرییەکی گشتیی بەها، تیۆرییەکی ئەخلاقی، ئێپیستێمۆلۆژیایەک، یاخود میتافیزیکێکی کێشەلەسەر دەربارەی مرۆڤ و کۆمەڵگاش لە خۆی بگرێت. کۆمەڵگا مۆدێرنەکانی ئێمه که لەسەر بنەمای جۆرێک له فرەڕەنگیی ژیرانه ساز کراون، ئێستا پڕ بوون لەو جۆره بیروباوەڕانه. ئامانجی لیبرالیزمی سیاسی زیادکردنی ڕێبازێکی دیکەی تاقمچێتی نییه، بەڵکوو دروستکردنی چوارچێوەیەکی سیاسییه که دەرهەق بەو ڕێبازه گشتگیر و کێشەلەسەرانه بێلایەن بێت. بۆچوونی ڕاوڵز لەسەر لیبرالیزم وەک چەمکێکی تەنیا سیاسی، له تیۆرییه سیاسییە لیبراڵییه نەریتییەکان که لە سەرەوه باسمان کردن، ڕەقوتەقتر دەردەکەوێت، که تا ڕادەیەکی زۆر سنوورداره بەو بنەما دەستورییانەی که پاڵپشتی له ئازادییه مەدەنییه بنەڕەتییەکان و پرۆسەی دیموکراسی دەکەن.

گاوس (2004) پێی وایه که جیاوازیی نێوان لیبرالیزمی "سیاسی" و "گشتگیر" شتانێکی زۆر پشتگوێ دەخات. تیۆرییه لیبراڵییەکان زنجیرەیەکی درێژ پێک دەهێنن هەر لەوانەڕا که سیستەمێکی فەلسەفیی تەسەل ساز دەکەن تا دەگاته ئەوانەی که پشت به تیۆرییەکی چڕوپڕ له بەها و چاکه دەبەستن، هەتا ئەوانەی که باوەڕیان به تیۆرییەک لەسەر بنەمای ماف (نه چاکه) هەیه، ڕێگایەک بۆ ئەو کەسانەی بەدوای ڕێبازێکی تەنیا سیاسیدا وێڵن. لەگەڵ هەموو ئەوانەش، گرنگه له بیرمان بێت که گەرچی ئێمه به پلەی یەکەم وەک تیۆرییەکی سیاسی مامەڵه لەگەڵ لیبرالیزم دەکەین، بەڵام پەیوەندیی به تیۆرییه بەربڵاوەکانی ئەخلاق، بەها و کۆمەڵگاشەوه هەیه. لە ڕاستیدا زۆر کەس لەو باوەڕەدان که لیبرالیزم ناتوانێت خۆی له ئەو هەموو بەرپرسایەتییه کێشەلەسەره میتافیزیکی (هامپتۆن, 1989) و ئێپیستێمۆلۆژییانه (ڕاز, 1990) ڕزگار بکات.


٢.٣. ئەخلاقی لیبراڵی

هەر دوابەدوای ویلهێلم ڤۆن هۆمبۆڵت ((1845)1993)، میل له کتێبی "دەربارەی ئازادی"دا پێی وایه که یەکێک له بنەماکانی پەسەندکردنی ئازادی (کە پێی وایه زۆرن)، باشیی گەشەی تاکایەتی و چاندنی تواناکانه:

"تاکایەتی هەمان گەشەکردنه، و... تەنیا چاندنی تاکایەتییه که مرۆڤی گەشەسەندوو بەرهەم دێنێت... چی لەوه باشتره که مرۆڤەکان له باشترین شتێک که دەتوانن ببن، نزیک بکاتەوه؟ و چ شتێک له بەربەستدانان له پێش ئەم چاکەیه خراپتره" (میل1963, بەرگی 18: 267).

ئەمه تەنیا تیۆرییەک دەربارەی سیاسەت نییه. ئەمە تیۆرییەکی بنچینەیی، کامڵخواز و ئەخلاقییه دەربارەی چاکه. لەم ڕوانگەیەوه کاری دروست پەرەپێدانی گەشەکردن و پێگەیشتنه و بەس ڕژێمێک که ئازادییەکی بەرفراوان بۆ هەمووان دابین بکات، دەتوانێت ئەمه بەدەست بێنێت. ئەو ئایدیاله ئەخلاقییەی کامڵبوون و گەشەسەندنی مرۆڤ له کۆتایی سەدەی نۆزده و زۆربەی سەدەی بیستەمدا بەسەر بیرکردنەوەی لیبراڵیدا زاڵ بوو. نەتەنیا میل، بەڵکوو تی. ئێچ. گرین، ئێڵ. تی. هوبهاوس، بێڕنارد بوسانکوت، جان دیۆیی، و تەنانەت ڕاوڵز وەفاداریی خۆیان نیشان داوه بۆ جۆرەکانی ئەو ئەخلاقه کامڵخوازه و پێیان وایه بنەمایەک بۆ پەسەندکردنی ڕژێمێکی مافه لیبراڵییەکان دابین دەکات (گاوس، 1983a). و بۆ لایەنگرانی سەربەخۆیی لیبراڵی که له سەرەوه باسمان کرد، هەروەها بۆ تیۆریستەکانی "ڕەوشتبەرزیی لیبراڵی" وەک ویلیەم گالستۆن (1980) بنەڕەتییه. ئەوه که ژیانی باش ژیانێکی به ئازادی هەڵبژێردراو بێت که تێیدا تاک توانا ناوازەکانی خۆی وەکوو بەشێک له پلانی ژیان پەروەرده بکات، به ئەگەری زۆر ئەخلاقی لیبراڵیی زاڵی سەدەی ڕابردوو بووه.

گرنگترین بەرپەرچدەرەوەی پێگەی کامڵخوازیی میل وەکوو ئەخلاقێکی لیبراڵیی جیاواز، گرێبەستخوازیی ئەخلاقییه که دەکرێ بەسەر دوو وەشانی "کانتی" و "هۆبزی"دا دابەش بکرێت. به پێی گرێبەستخوازیی کانتی، کۆمەڵگایەک که لە کەسانی جۆراوجۆر پێک هاتووه که هەر یەکەیان ئامانج، بەرژەوەندی و تێگەیشتنی خۆی بۆ "چاکه" هەیه، ئەو کۆمەڵگایه کاتێک به باشترین شێوه ڕێک دەخرێت که بنەماکانی بەڕێوەبەری، هیچ تێگەیەکی تایبەتیان دەربارەی "چاکه" فەرز نەکردبێت. لەم ڕوانگەیەدا ڕێزگرتن له خەڵکی تر پێویستی بەوەیه که تێگەیشتنی خۆمان دەربارەی ژیانی باش بەسەر ئەواندا نەسەپێنین. تەنیا ئەو بنەڕەتانەی که بۆ هەمووان ڕەوان، ڕێز له کەسایەتیی هەمووان دەگرن. بەو شێوەیه ئێمه شاهیدی مەیلی تیۆریی لیبراڵیی ئەم دواییه (ڕێیمان، 1990, سکانلۆن، 1998) دەبین بۆ گۆڕینی گرێبەستی کۆمەڵایەتی له گێڕانەوەی دەوڵەتەوه بەرەو هۆهێنانەوەیەکی گشتی بۆ ئەخلاق یان لانیکەم ئەخلاقێکی کۆمەڵایەتی. بەڵام ئەمه بەو مانایه نییه که ڕەتی بکەینەوه لیبرالیزم له بنەڕەتدا بۆچوونێکه که شتێک بە ناوی گرنگیدان به کاروباری خۆت هەیه و پانتاییەکیش هەیه که تێیدا مافی ئەوەمان هەیه بڵێین "ئەوه ژیانی منه"، لە کاتێکدا بە ڕێزەوه ئەو بانگهێشتنانه ڕەت دەکەینەوه که داوامان لێدەکەن هینجەت بۆ خۆمان بێنینەوه. لیبرالیزم ئەو بیرۆکەیەیە که سنوور بۆ هەر جۆره هۆهێنانەوەیەکی گشتی دادەنێت.

له بەرامبەردا گرێبەستخوازیی هۆبزی به شێوەیەکی جیاواز تەنیا ئەو گریمانەی هەیه که تاکەکان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان هەیه و به باشی لەوه تێدەگەن که توانایی هەرکەس بۆ بەدواداچوونی کاریگەرانەی بەرژەوەندییەکانی، به چوارچێوەی پێوەرەکان هێز دەگرێت که ژیانی کۆمەڵایەتی پێک دێنن و بەرهەمەکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتی دابەش دەکەن. کەواته ئەخلاق چوارچێوەیەکی هاوبەشه که بەرژەوەندیی خۆکەسیی هەر کەسێک پێش دەخات. ئەو ئیدعایه که گرێبەستخوازیی هۆبزی به ڕوونی تێگەیەکی لیبراڵییه له ئەخلاق، له گرنگیی خاوەندارێتی و ئازادیی تاکەکەسی له چوارچێوەیەکی هاوبەشی لەو شێوەدا سەرچاوه دەگرێت: دەگوترێت کە تەنیا سیستەمێکی پێوەرەکان که ئازادییەکی بەرفراوان دەبەخشێته هەر کەسێک تا چۆنی پێ گونجاوه، بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بچێت، دەتوانێت بابەتی کۆدەنگیی بریکاره بەرژەوەندیخوازەکان بێت. کێشەی بەردەوامی گرێبەستخوازیی هابزی ئەقڵانیەتی ڕواڵەتیی ئازادیی سواربوونه. ئەگەر هەمووان (یان بەس هەندێک) به مەرجەکانی گرێبەستەکەوه پابەند بن و نەزمی کۆمەڵایەتی دەستەبەر ببێت، ژیرانه دەبێت که کاتێک دەکرێ به مامەڵەیەکی نائەخلاقی بگەیته بەرژەوەندیی خۆت، ئەنجامی بدەیت. ئەمه له بنەڕەتدا ئارگیومێنتی "گەمژه"ی هۆبزه که له هۆبزەوه تا گۆتیەر هەوڵیان داوه وەڵامی بدەنەوه.


٣.٣. تیۆرییه لیبراڵییەکانی بەها

به سووڕان له دروستییەوه بۆ چاکه، دەتوانین سێ بەربژێری سەرەکی بۆ تیۆرییەکی لیبراڵیی بەها دەستنیشان بکەین. تا ئێره یەکەمینمان شرۆڤه کردووه. کامڵخوازی: تا ئەو جێیەی که کامڵخوازی تیۆریی کرداری دروسته، دەتوانرێت وەک گێڕانەوەی ئەخلاقیش ببینرێت. بەڵام ئەم لێکدانەوەش دروسته که پێشگریمانەیەک بۆ تیۆریی بەها یان چاکه پێشکەش دەکات. بەهای کۆتایی مرۆیی کەسایەتیی گەشەسەندوو یان ژیانێکی سەربەخۆیه. له کێبەرکێ لەگەڵ ئەو تیۆرییه ئۆبژێکتیڤیستییەی بەهادا دوو شرۆڤەی دیکەی لیبراڵی هەن: پلورالیزم و سوبژێکتیڤیزم.

بەرلین له بەرگرییه بەناوبانگەکەی له ئازادیی نێگەتیڤ، پێداگر بوو لەسەر ئەوەی که بەها یان ئامانجەکان فرەن و بێجگه لەوەش چوون بەدوای ئامانجێکدا بە مانای بەدینەهاتنی ئامانجەکانی دیکەیه. بەو پێیه کۆتاییەکان تووشی بەریەککەوتن دەبن. له ڕووی ئابوورییەوه، چوون بەدوای یەک ئامانجدا تێچووی دەرفەتەکانی لێ دەکەوێتەوه: ئەو ئامانجانەی که لەدەست چوون، ناکرێ بێنرخ نیشان بدرێن. هیچ ڕێگایەکی ڕەوای نێوانکەسی بۆ ڕیزبەندکردنی کۆتاییەکان نییه، و هیچ ڕێگەیەکیش بۆ بەدەستهێنانی هەموویان نییه. هەر مرۆڤێک دەبێ به تێچووی لەدەستدانی ئامانجەکانی تر خۆی بۆ هەندێک ئامانج تەرخان بکات. کەواته بۆ پلورالیستەکان مەرج نییه سەربەخۆیی، کامڵبوون یان گەشەسەندن پلەیان بەرزتر بێت له ڕابواردن، پاراستنی ژینگه یان یەکسانیی ئابووری. هەموویان بۆ بەدەستهێنانی سەرنجی ئێمه کێبەرکێ دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی پێکەوه بەراورد ناکرێن، هیچ بژاردەیەک ناتوانێ لە بواری نێوانکەسییەوه بەرز بکرێتەوه.

پلورالیست سوبژێکتیڤیست نییه: ئەوه کە بەهاکان زۆرن، کێبەرکێکارن و ناپێورێن، بەو مانایه نییه کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پشت بە ئەزموونی سوبژێکتیڤ دەبەستن. بەڵام ئەو بانگەشەیه که ئەو شتەی مرۆڤ گرنگیی پێدەدات، لەسەر ئەزموونگەلێک دامەزراوه که له کەسێکەوه بۆ کەسێکی تر جیاوازن، لەمێژه بۆته بەشێک له نەریتی لیبراڵی. بۆ هۆبز، ئەوەی که مرۆڤ گرنگیی پێدەدات، پەیوەسته بەوەی که ئارەزووی چی دەکات (1948 [1651]: 48). لۆک "تیۆریی تامی بەها" دەناسێنێت:

"زەین به شێوازێکی جیاواز چێژ دەبات، ناودەمیش هەروەها؛ و تۆش بەبێ ئەنجام هەوڵ دەدەیت هەموو مرۆڤێک بە سامان یان شکۆمەندی دڵخۆش بکەیت، (کە هێشتا هەندێک کەس بەختەوەریی خۆیان لەوەدا دەبیننەوه). وەک چۆن دەتەوێ پەنیر یان قڕژال بدەی به هەموو مرۆڤه برسییەکان کە هەرچەندە بۆ هەندێک کەس زۆر خۆش و بەتامن، بەڵام بۆ هەندێکی تر لەڕادەبەدەر ناخۆش و قێزەونن: زۆر کەس برسێتییان پێ باشتره لەم خواردنانە کە بۆ هەندێک کەس وەک نانی جەژن وان. پێم وایه لێرەوە بوو کە فەیلەسووفه کۆنەکان بێهووده پێیان وا بوو که چاکەی ڕەها له دەوڵەمەندی، چێژه جەستەییەکان، یان ڕەوشتبەرزی یان بیرکردنەوەدایه. و لەوانەیە بە هەمان شێوەش مشتومڕێکی مەنتقییان هەبووبێت لەسەر ئەوەی ئاخۆ باشترین چێژ دەبێت لە سێو، هەڵووژه یان گوێزدا بێت و خۆیان بەسەر گرووپی جیاوازدا دابەش کردووە. چونکە... تامه خۆشەکان پشت بە خودی شتەکان نابەستن، بەڵکوو بەستراون بە زەوقه تایبەتەکانەوه کە زۆریش جۆراوجۆرن... (1975 [1706]: 269).

کامڵخواز و پلورالیست و سوبژێکتیڤیستەکان لەسەر ئەو خاڵە چارەنووسسازە هاوڕان: سروشتی بەها جۆرێکە کە مرۆڤە ژیرەکان بەدوای شێوازی ژیانی جیاوازدا دەگەڕێن. بۆ کەسی کامڵخواز، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە هەر مرۆڤێک خاوەن توانای تایبەتییه کە گەشەکردنیان بەها بە ژیانی دەبەخشێت؛ بۆ پلورالیستەکان لەبەر ئەوەیە کە بەهاکان زۆرن و ناکۆکیشن و هیچ کەسێک ناتوانێت هەموویان لەخۆ بگرێت یان هەڵبژاردنی دروستی نێوانکەسی لە نێوانیاندا بکات. و بۆ سوبژێکتیڤیست لەبەر ئەوەیە کە بیرۆکەکانمان سەبارەت بەوەی چی بەنرخە، لە ئارەزوو یان سەلیقەی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەمانە لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی دیکە جیاوازن. کەواتە هەر سێ بۆچوونەکە بەرگری لەو بیرۆکه بنەڕەتییه لیبراڵییه دەکەن کە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی ژیرانه شێوازی ژیانی جیاواز پەیڕەو دەکەن. بەڵام لە خۆیاندا ئەم جۆرە چەمکانە لەبارەی بەهاکانەوه ئەخلاقێکی لیبراڵی پەره پێنادەن، چونکە پێویستیان به ئارگیومێنتێکی زیادە هەیه کە بەهای لیبراڵی بە نۆرمەکانی ئازادیی وەکیەکەوه ببەستێتەوە، و بەو بیرۆکەوه کە مرۆڤەکانی دیکە تەنیا بە هۆی هەبوونی بەهای تایبەت بە خۆیان خاوەن ڕێز و پێگەن. بۆ دڵنیابوون وا دیاره که بەرلین پێی وایە ئارگیومێنتێکی زۆر سەرڕاست هەیه: فرەیی سروشتیی ئامانجەکان باڵادەستیی سیاسیی ئازادیی بەدوادا دێت (بۆ نموونە سەیری گرای: 2006 بکە). بەرلین پێی وایه که گەرەنتیکردنی پێوەرێک بۆ ئازادیی نەرێنی مرۆڤانەترین ئایدیالە، چونکە دان بەوەدا دەنێت کە "ئامانجەکانی مرۆڤ زۆرن" و کەس ناتوانێت هەڵبژاردنێک بکات کە بۆ هەموو مرۆڤەکان گونجاو بێت (1969: 171). لێرەدایە کە سوبژێکتیڤیست و پلورالیست هەندێک جار وەکیەک پشت بە وەشانی گرێبەستخوازیی ئەخلاقی دەبەستن. ئەوانەی پێداگرن لەسەر ئەوەی کە لیبرالیزم لە کۆتاییدا به نیهیلیزم دەگات، دەتوانرێت وەها لێک بدرێتەوە کە ئەم گواستنەوەیە سەرکەوتوو نابێت: بە بۆچوونی ئەوان، لیبراڵەکان بە تیۆرییەکی سوبژێکتیڤیستی یان پلورالیستی لە بەهاوه نووساون که هیچ تێگەیشتنێک لەبارەی مافەوە بەدەستەوه نادات.


٤.٣. میتافیزیکی لیبرالیزم

بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، لیبرالیزم تووشی مشتومڕ بووه، لە لایەکەوە، لە لایەن ئەوانەی بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک "تاکگەراکان" دەناسرێن و لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی وەک 'کۆمەڵباوەڕەکان'، 'کۆمۆنیتاریستەکان' یان 'ئۆرگانیسیستەکان' ناسراون (بۆ گومانکردن لەم بارەیەوە، بڕوانە Birds, 1999). ئەم ناونیشانه ناڕوون و گشتگیرانە بۆ کۆمەڵێک ناکۆکیی بەرفراوان بەکار هێنراون. ئێمە لێرەدا سەرنج دەخەینە سەر ئەو مشتومڕانەی کە تایبەتن بە (یەکەم) سروشتی کۆمەڵگا؛ (دووهەم) سروشتی خود.

بێ گومان لیبرالیزم زۆر جاران پەیوەستە بە شرۆڤه تاکگەراییەکانی کۆمەڵگاوە. میل پێی وا بوو: "مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا" هیچ تایبەتمەندییەکیان نییە جگە لەو تایبەتمەندییانەی کە لە یاساکانی سروشتی تاکەکەسیی مرۆڤەوە سەرچاوەیان گرتووه و هەر لەو یاسایانەشدا دەتوێنەوه' (1963، بەرگی 8: 879؛ هەروەها سەیری بێنتام بکە: 1970 [1823]: پاژی یەکەم، بەشی 4). هێربێرت سپێنسەر هاوڕا بوو که"تایبەتمەندییەکانی بارستە بەستراوەی تایبەتمەندییەکانی بەشە پێکهێنەرەکانین" (1995 [1851]: 1). لە ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ئەم بۆچوونە تاکگەراییە تا دەهات زیاتر تووشی هێرش دەبووەوه، بەتایبەت لە لایەن ئەو کەسانەوه کە لە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی ئایدیالیستیدا بوون. دی. جی. ڕیچ ڕەخنە لە لیبرالیزمی تاکگەرایی سپێنسەر دەگرێت، ڕەتی دەکاتەوە کە کۆمەڵگا تەنیا تۆپەڵەیەک له تاکەکان بێت، پێداگره لەسەر ئەوەی کە زیاتر لە زیندەوەرێک دەچێت که ژیانێکی ئاڵۆزی له هەناویدا هەڵگرتووه (1896: 13). لیبراڵەکانی وەک ئێل. تی. هۆبهاوس و دیویی ئەگەرچی ئەو بۆچوونە ڕادیکاڵه کۆمەڵباوەڕانەیان ڕەت کردەوه، وەک ئەوانەی کە بێرنارد بۆسانکوێت (2001) بانگەشەیان بۆ دەکات، بەڵام هەروەها تاکگەرایی ڕادیکاڵی بێنتام و میل و سپێنسەریشیان ڕەت کردەوە. بە درێژایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، شرۆڤەی "ئۆرگانیک"ی کۆمەڵگا کاریگەریی خستبووە سەر تیۆریی لیبراڵی و تەنانەت ئابوورییش (بڕوانە A.F Mummery and J. A. Hobson, 1956: 106; J.M. Keynes, 1972: 275).

لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم و دوای جەنگیش جارێکی دیکە ئەو بیرۆکەیە سەری هەڵدا کە لیبرالیزم لەسەر بنەمای شرۆڤەی بنەڕەتیی تاکگەرایی بۆ مرۆڤ لە کۆمەڵگادا دامەزراوە. کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی (1945)ی کارل پۆپەر ڕەخنەیەکی بەردەوامی لە تیۆریی هیگڵی و مارکسیستی و تیۆریی کۆمەڵباوەڕانه و مێژووباوەڕانه له کۆمەڵگا خسته ڕوو، که پۆپەر کە لە بنەڕەتدا نالیبراڵ بوو. سەرهەڵدانەوەی شیکاریی ئابووری لە تیۆریی لیبراڵیدا تاکگەراییەکی میتۆدۆلۆژیی وردی هێنایه ئاراوه. جەیمس بیوکانان و گۆردۆن تولۆک لە سەرەتای شەستەکاندا لە نووسینێکدا، بە توندی بەرگرییان لە بنچینەی "تاکگەرایی" کرد لە دژی هەموو جۆرەکانی "ئۆرگانیزم": “ئەم ڕێباز یان تیۆرییه [ئۆرگانیک] یان بەکۆمەڵه.... لە بنەڕەتدا دژایەتیکردنی نەریتی فەلسەفیی ڕۆژئاوایە کە تێیدا تاکەکەس بوونەوەرێکی سەرەتایی فەلسەفییە” (1965: 11–12). بیوکانان و تولۆک پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە مرۆڤ تاکە هەڵبژێرەر و بڕیاردەری ڕاستەقینەیە و ئارەزووەکانی هەم کردەوەی گشتی و هەم کردەوەی تایبەت دیاری دەکات. تاکگەرایی بووژاوەی نێولیبرالیزمی کۆتایی سەدەی بیستەم لەسەر بنەمای ناساندنی هۆبز وەک ئەندامێکی کۆمەڵی لیبراڵ کاری دەکرد. شرۆڤەی تەواو تاکگەرایانەی هۆبز له کۆمەڵگا و لێکدانەوەی بۆ دۆخی سروشتی، هاوکاریی داڕشتنی تیۆریی یاریی (گەمه) کرد و شرۆڤەیەکی تەواو تاکگەرایانه و فۆرماڵی بۆ دەوڵەتی لیبراڵ و ئەخلاقی لیبراڵی لێکەوتەوە.

هەر وەک دەزانین، بەم دواییانه شاهیدی نوێبوونەوەی حەزێکی دووباره بۆ شرۆڤەی کۆمەڵباوەڕی بۆ کۆمەڵگا لیبراڵەکان بووین، هەرچەنده دەستەواژەی کۆمەڵباوەڕی له بەرژەوەندیی کۆمۆنیتاریزم کاڵ بووەتەوه. ئێمی گاتمان لە ساڵی 1985دا لە نووسینێکدا تێبینیی ئەوەی کردووە کە “ئێمە شاهیدی زیندووبوونەوەی ڕەخنەی کۆمۆنیتار لە تیۆریی سیاسیی لیبراڵین. وەکوو ڕەخنەگرانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ڕەخنەگرانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووش لیبرالیزم بەوه تاوانبار دەکەن کە بە هەڵە و بە شێوەیەکی قەرەبوونەکراوە بەرەو تاکگەرایی ڕۆیشتووه” (1985: 308). دوابەدوای ڕەخنەی بەناوبانگی مایکڵ سەندێل له ڕاوڵز، ژمارەیەک ڕەخنەگری دیکەش لیبرالیزمیان بەوه تۆمەتبار کرد که لەسەر بنەمایەکی ئەبستراکت له خودی تاکەکەسەکان وەک هەڵبژێرەرێک دامەزراوە که پابەندبوون و بەها و نیگەرانییەکانیان مڵکی خۆیانن، بەڵام هەرگیز خود پێک ناهێنن. هەرچەندە مشتومڕی "لیبراڵ-کۆمۆنیتار" لە کۆتاییدا ناکۆکییەکی بەرفراوانی ئەخلاقی و سیاسی و کۆمەڵناسیی سەبارەت بە سروشتی کۆمەڵگاکان و ماف و بەرپرسیارێتیی ئەندامەکانیان لەخۆ گرتبوو، بەڵام کاکڵی مشتومڕەکە سەبارەت بە سروشتی خودی لیبراڵ بوو. به باوەڕی سەندێل، ئەو درزەی که لە دڵی لیبرالیزمی ڕاولزدایە، تیۆرییەکی ئەبستراکتی پەسەندنەکراوه که خود وەک هەڵبژێرەرێکی سەربەخۆی پەتی دەبینێت. ئەو ڕاوڵز بەوه تۆمەتبار دەکات که پێی وایه دەکرێ مرۆڤ وەکوو گونجایشتێکی پەتی بۆ هەڵبژاردن پێناسه بکرێت که دەکرێ یەک یان هەموو دڵبەستەیی و بەهاکانی وەلا بنێت و لەگەڵ ئەوەشدا ناسنامەکەی بهێڵێتەوه.

لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەملاوه لیبراڵه جیاوازەکان بەدوای ئەوەدا بوون نیشان بدەن کە لیبرالیزم دەتوانێت بانگەشە بۆ تیۆرییەک دەربارەی خود بکات کە بوار بۆ ئەندامێتیی کولتووری و هۆگری و پابەندبوونە هەڵنەبژێردراوەکانی دیکەش بکاتەوه کە ئەوانیش لانیکەم بەشێکی خود پێک دەهێنن (کیملیکا, 1989). بەشێکی زۆری تیۆریی لیبراڵی لەسەر ئەو پرسە چڕ بووەتەوە کە چۆن دەتوانین بوونەوەری کۆمەڵایەتی بین، ئەندامی کولتوورەکان بین و لە نەریتە جۆراوجۆرەکاندا گەشه بکەین، لە هەمان کاتیشدا هەڵبژێرەری سەربەخۆ بین کە له ئازادییەکەمان بۆ بنیاتنانی ژیانی خۆمان بەکار دێنین.



٤. مشتومڕەکان سەبارەت بە گەیشتن بە لیبرالیزم


١.٤. ئایا لیبرالیزم لە هەموو کۆمەڵگا سیاسییەکاندا ڕەوایە؟

میل لە کتێبی "دەربارەی ئازادی"دا ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئازادی وەک بنەمایەک هیچ کارپێکردنی بۆ دۆخی پێش گەشەی گفتوگۆی ئازاد و بەرابەر نییه" (1963، بەرگی 18: 224). بەو پێیه "ستەمکاری جۆرێکه له حکوومەتێکی ڕەوا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەرەکان، بەو مەرجەی که ببێته هۆکاری پێشکەوتنیان..." (1963، بەرگی 18: 224). ئەم بڕگەیه، که به ڕوحی ئیمپریالیزمی سەدەی نۆزدەهەمەوه داڕێژراوه (و یان وەک هەندێک کەس پێی دەڵێن ڕەگەزپەرستیی شاراوه)، زۆر جار لە لایەن لایەنگرانی میلەوه وەک شەرمەزارییەک پشتگوێ دەخرێت (Parekh, 1994; Parekh, 1995; Mehta, 1999; Pitts, 2005). ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ بەرگریکارێکی بیرکەرەوه خۆی لەم دەربڕینانەی "میل" به خاوەن ناکات. بۆ نموونە بڕوانە کتێبی (, 2011,Inder Marawah). سەرەڕای ئەوەش، ئەم دەربڕینه پرسیارێکی ورووژاندووه کە تا ئێستاش لیبراڵەکان دابەش دەکات: ئایا بنەما سیاسییە لیبراڵییەکان بۆ هەموو کۆمەڵگا سیاسییەکان ڕەوان؟ لە کتێبی "یاسای گەلان"دا ڕاولز دەڵێت کە وا نییه. بە بڕوای ڕاولز دەتوانرێت "کۆمەڵگەیەکی پلەبەندکراوی شیاو" هەبێت که هەموو کەسەکانی بەپێی تێگەیشتنی لیبراڵی ئازاد و وەکیەک نەبن، بەڵکوو وەک "ئەندامی بەرپرسیار و هاوکار لە گرووپەکانی خۆیاندا" سەیریان دەکات که لە بنەڕەتدا وەکیەک نین (1999a: 66). بەو پێیه ناتوانرێت چەمکێکی تەواو لیبراڵی لە دادپەروەری لە بیرۆکە هاوبەشەکانی ئەم "خەڵکه"دا بنیات بنرێت، هەرچەندە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، کە لە خودی بیرۆکەی پێکهاتەی هاوکاریی کۆمەڵایەتیدا هاتووە، بۆ هەموو کەس دەگونجێت. دەیڤید میلەر (2002) بەرگرییەکی جیاواز لەم هەڵوێستە دژەیونیڤەرساڵییه پەرە پێدەدات، لە کاتێکدا ئەوانەی وەک تۆماس پۆگ (2002: بەشی 4) و مارتا نۆسباوم (2002) هەڵوێستی ڕاولز ڕەت دەکەنەوە. ئەوان لەبری ئەوەی بانگەشە بۆ وەشانەکانی یونیڤەرساڵیزمی ئەخلاقی بکەن، بانگەشه بۆ ئەوە دەکەن کە بنەما ئەخلاقییه لیبراڵییەکان بۆ هەموو دەوڵەتەکان گونجاون.


٢.٤. ئایا لیبرالیزم تیۆرییەکی جیهان-نیشتمانه یان تیۆرییەکی دەوڵەت-تەوەره؟

مشتومڕ لەسەر ئەوەی کە ئایا بنەما لیبراڵییەکان بۆ هەموو پێکهاتە سیاسییەکان دەگونجێن یان نا، نابێت لەگەڵ ئەو مشتومڕە تێکەڵ بکرێت کە ئایا لیبرالیزم تیۆرییەکی دەوڵەت-تەوەره، یان لانیکەم بە شێوەیەکی ئایدیال تیۆرییەکی سیاسیی جیهان-نیشتمانه بۆ هەموو مرۆڤایەتی. ئیمانوێل کانت –یونیڤێرساڵیستێکی ئەخلاقی که لەوانەیه هەر ئەو ئاوا بووبێت– ئاماژەی بەوەدا کە هەموو دەوڵەتەکان دەبێ وەک کەسانێکی ئازاد و وەکیەک ڕێز له کەرامەتی هاووڵاتییانیان بگرن، بەڵام ڕەتی کردەوە مرۆڤایەتی تاقە کۆمەڵگەیەکی سیاسی پێک بهێنێت. بەم شێوەیە ئەو ئایدیالی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی لیبراڵی جیهان-نیشتمانیی یونیڤەرساڵی لە بەرژەوەندیی جیهانێک لە دەوڵەتەکان کە هەموویان دەستووری دادپەروەرانەی ناوخۆییان هەیه و لە کۆنفیدراسیۆنێکدا بۆ گەرەنتیکردنی ئاشتی یەک دەگرن، ڕەت کردەوه (1970 [1795]).

له تیۆریی لیبراڵیی کلاسیکدا جیاوازیی نێوان جیهانێک لە کۆمەڵگە لیبراڵەکان و کۆمەڵگەیەکی لیبراڵی جیهانی بنەڕەتی نییە. بەو پێیەی ئامانجی حکوومەت لە کۆمەڵگەیەکدا مسۆگەرکردنی ئازادیی بنەڕەتی و مافی خاوەندارێتیی هاووڵاتیانیەتی، سنوورەکان لە لیبرالیزمی کلاسیکدا گرنگییەکی ئەوتۆی ئەخلاقییان نییە (لۆماسکی، ٢٠٠٧). لە بەرامبەردا له لیبرالیزمی "نوێ"دا کە جەخت لەسەر دابەشکردنەوەی سامان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکرێتەوه، زۆر گرنگە بزانرێت کێ کۆمەڵگەی سیاسی یان ئەخلاقی پێک دێنێت. ئەگەر بنەما لیبراڵییەکان پێویستیان بە دابەشکردنەوەیەکی بەرچاوی سامان هەبێت، ئەوا گرنگییەکی یەکلاکەرەوە لەمەدا هەیه کە ئاخۆ ئەم بنەمایانە تەنیا لە ناو کۆمەڵگە تایبەتەکاندا کاریان پێدەکرێت یان ئایا هەموو جیهان دادەگرن. بەم پێیە مشتومڕێکی سەرەکی لە نێوان ڕاولز و زۆرێک لە شوێنکەوتووانیدا ئەوەیە کە ئایا "بنەمای جیاوازی" تەنیا لە ناو دەوڵەتێکی لیبراڵی وەک ئەمریکادا (کە لەوێدا هەژارترینەکان هەژارترینه ئەمریکییەکانن) جێبەجێ بکرێت، یان دەبێ لە ئاستی جیهانیشدا جێبەجێ بکرێت (کە لەوێدا هەژارترینەکان هەژارترینەکانی جیهانن) (Rawls, 1999a: 113ff; Beitz, 1973: 143ff; Pogge, 1989: بەشی سێیەم).


٣.٤. کارلێکی لیبراڵ لەگەڵ گرووپە نالیبراڵەکان: نێودەوڵەتی

هەروەها تیۆریی سیاسیی لیبراڵی سەبارەت بە وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ ئەو گرووپانە (کولتووری، ئایینی و هتد) کە پشتگیری لە سیاسەت و بەها نالیبراڵییەکان دەکەن، تووشی درز دەبێت. ئەم گرووپانە بەشێک له ئەندامەکانیان له خوێندن بێبەش دەکەن، بانگەشە بۆ خەتەنەکردنی ژنان دەکەن، ئازادیی ئایینی سنووردار دەکەنەوه، سیستەمێکی نایەکسانی کاستی دەپارێزن و هتد. کەی دەبێ گرووپێکی لیبراڵ دەست لە حوکمڕانیی ناوخۆیی گرووپێکی نالیبراڵ وەربدات؟

سەرەتا وای دابنێن که گرووپی نالیبراڵ پێکهاتەیەکی سیاسی یان دەوڵەتێکی دیکەیه. ئایا لیبراڵەکان دەتوانن دەست لە کاروباری دەوڵەتە نالیبراڵەکان وەربدەن؟ میل لە وتارەکەی ساڵی 1859دا لەژێر ناوی "چەند وشەیەک لەسەر دەستتێوەرنەدان" وەڵامێکی ئاڵۆز دەداتەوە. بە دووبارەکردنەوەی ئیدیعای خۆی لە "دەربارەی ئازادی"دا که پێی وایه وڵاتانی شارستانی و ناشارستانی دەبێ بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە "بەربەرەکان وەک نەتەوەیەک هیچ مافێکیان نییە، جگه له مافی مامەڵەکردنێک که ڕەنگه له زووترین کاتدا بیانکات به یەک. تاکە یاسای ئەخلاقی بۆ پەیوەندیی نێوان حکوومەتێکی شارستانی و بەربەری، یاسا یونیڤەرساڵه ئەخلاقییەکانی نێوان مرۆڤ و مرۆڤن” (1963, بەرگی 21: 119). ئەگەرچی ئەمڕۆ ئەمه بە سانایی وەک کەیسێک بۆ ئیمپریالیزمێکی باوکسالاری ناپەسەند دێته بەرچاو (و بە دڵنیاییەوه وا بوو)، بەڵام ئارگیومێنتی میل بۆ ئەنجامەکە ئاڵۆزترە، لەنێویاندا ئەو ئیدیعایه کە بەو پێیەی ئەخلاقی نێودەوڵەتی پشت بە دەستەواو دەبەستێت، حکوومەتە "بەربەرەکان" کە ناکرێ بۆ بەشداری لەو دەستەواوەدا حیسابیان لەسەر بکرێت، کەواته لە لایەن حکوومەتەکانەوه هیچ مافێکیان پێ نادرێت. لە هەر حاڵەتدا کاتێک میل باس لە دەستتێوەردانەکانی نێوان گەلانی "شارستانی" دەکات، باسەکه تەواو ئاڵۆزتره لەوه که دەوڵەتێک دەتوانێت بۆ پاراستنی بنەما لیبراڵییەکان دەست لە کاروباری دەوڵەتێکی دیکه وەربدات. لێرەدا میل بەگشتی دژی دەستتێوەردانه. "هۆکارەکەش ئەوەیە کە بە دەگمەن شتێک دەدۆزرێتەوه که پێی دڵنیا ببین لەوەی که دەستتێوەردان ئەگەر سەرکەوتووش بێت، له بەرژەوەندیی خەڵکەکه دەبێت. تاکە تاقیکردنەوەیەک کە دەربارەی شیاوبوونی خەڵکێک بۆ دامەزراوه مەدەنییەکان بەنرخ بێت، ئەوەیه که تەواو یان بەشێکیان ئامادەن له پێناوی ڕزگاری خۆیان بخەنه مەترسییەوه” (1963, ژمارەی 21: 122).

بێجگە لە پرسیارەکانی شوێندانەری، تا ئەو شوێنەی کە گەل یان گرووپەکان مافی دیاریکردنی چارەنووسی بەکۆمەڵیان هەیە، دەستتێوەردانی گرووپێکی لیبراڵ بۆ هاندانی کۆمەڵگەیەکی نالیبراڵ بۆ وەرگرتنی بنەما لیبراڵییەکان لە ڕووی ئەخلاقییەوە ناڕەزایی لێدەکەوێتەوه. هەر وەک تاکەکان ڕەنگە لیبراڵەکان پێیان وا بێ کە گەل یان گرووپەکان ئازادن که لە بەڕێوەبردنی کاروباری بەکۆمەڵی خۆیان هەڵەش بکەن. ئەگەر خۆتێگەیشتنی خەڵک لەسەر بنەمای بەشداریکردنیان لەم جۆرە گرووپانەدا بێت، تەنانەت ئەوانەی کە ئازادییەکانیان قۆرغ دەکرێت، لەوانەیە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە سەپاندنی بنەما لیبراڵییەکان هەبێت و ڕەنگە بە جۆرێک زیانیان پێ بگات (مارگالیت و ڕاز, 1990; تامیر, 1993). هەر بۆیه زۆرێک له لیبراڵەکان بەجێی پێشنیارکردنی بیرۆکەی دەستتێوەردان، بنەما جۆراوجۆرەکانی پێکەوەهەڵکردن پێشنیار دەکەن که دیاری دەکات لیبراڵەکان تا کوێ دەبێ لەگەڵ گەل و کولتووره نالیبراڵییەکان هەڵکەن. وەک هەمیشە باسەکەی ڕاوڵز ورد و ڕوونکەرەوەیه. ڕاوڵز له باسەکەیدا سەبارەت بە کاروباری دەرەوەی گەلانی لیبراڵ دەڵێت کە گەلانی لیبراڵ دەبێ کۆمەڵگە نالیبراڵە شیاوەکان لە دەوڵەتانی "نایاسایی" و دەوڵەتانی دیکە جیا بکەنەوە؛ گرووپی یەکەم بانگەشەی پێکەوەهەڵکردن لەگەڵ گەلانی لیبراڵ دەکەن، بەڵام گرووپی دووهەم وا نین (1999a: 59–61). ڕاوڵز پێی وایه گەلانی شیاو به ئاسانی ئەو دەوڵەتانه قبووڵ ناکەن که مافەکانی مرۆڤ پشتگوێ دەخەن: ئەو جۆرە دەوڵەتانە لەوانەیە تووشی گەمارۆی سەخت و تەنانەت دەستتێوەردان" بن (1999a: 81). لە بەرامبەردا ڕاولز پێی وایه کە "گەلانی لیبراڵ دەبێ هەوڵ بدەن گەلانی شیاوی [نالیبراڵ] هان بدەن، بەڵام بە پێداگری لەسەر ئەوەی که هەموو کۆمەڵگاکان دەبێ لیبراڵ بن، زیندوویەتییان سەرکوێر نەکەن" (1999a: 62). چاندران کوکاتاس (2003) –کە لیبرالیزمەکەی لە نەریتی کلاسیکەوە سەرچاوەی گرتووە– مەیلی بۆ پێکەوەهەڵکردنی تەواوەتی لەگەڵ گەلانی نالیبراڵ هەیە، بەو مەرجە گرنگەی کە دەبێت مافی دەرچوونیان هەبێت.


٤.٤. کارلێکی لیبراڵ لەگەڵ گرووپە نالیبراڵەکان: ناوخۆیی

پێگەی گرووپە نالیبراڵەکان لەناو کۆمەڵگا لیبراڵەکاندا تا دێت دەبێته بابەتی مشتومڕ، بەتایبەتیش ڕێزگرتن لە هەندێک لە هاووڵاتییانی باوەڕدار. پێویستە دوو پرسیار لە یەکتر جیا بکەینەوە: (یەکەم) تا چەند پێکهاتە کولتووری و ئایینییە نالیبراڵییەکان دەبێ لە داخوازییەکانی دەوڵەتی لیبراڵ بێبەری بن؟ و (دووهەم) تا چەند دەکرێ ڕێگەیان پێبدرێت لە بڕیاردان لە دەوڵەتی لیبراڵدا بەشدار بن؟

بۆ وەڵامی پرسیاری یەکەم، لیبرالیزم مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی ئەو گرووپە ئایینییانەی کە ناڕەزایەتیی قووڵیان بەرامبەر بە هەندێک سیاسەتی گشتی هەیه، وەک کواکەرەکان، مێنۆنەکان یان سیکەکان. قورسترین پرسەکان لەم ڕووەوە لە پەیوەندی لەگەڵ منداڵان و پەروەردەدا سەر هەڵدەدەن (بڕوانە Galston, 2003; Fowler, 2010; Andersson, 2011) بۆ نموونە میل دەنووسێت:

... کەیسی پەروەرده لەبەر چاو بگرن. ئایا ئەوه بنەمایەکی بەڵگەنەویست نییه که دەوڵەت دەبێ بۆ هەر مرۆڤێک کە وەک هاووڵاتیی ئەو لە دایک دەبێت، خوێندن تا ئاستێکی دیاریکراو بکاته ناچاری؟ بەڵام کێ هەیە کە لە ناسینەوە و جەختکردنەوە له سەر ئەم ڕاستییە نەترسێت؟ بەزەحمەت کەس دەتوانێ ئینکاری ئەوە بکات که ئەمه یەکێکە لە پیرۆزترین ئەرکەکانی دایک و باوک (یان بەپێی یاسای ئێستا، باوک)، دوای هێنانی مرۆڤێک بۆ سەر دنیا، پەروەردەیەکی گونجاو بەو بوونەوەره بدرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە ژیاندا بەرامبەر بە کەسانی تر و بەرامبەر بە خۆی به باشی بگێڕێت... که هێنانی منداڵێک بۆ سەر دنیا ئەگەر ئاسۆیەکی دادپەروەرانە نەبێت کە بتوانێت هەم خۆراک بۆ جەستەی دابین بکات و هەم فێرکردن و ڕاهێنانیش بۆ مێشکی، تاوانێکی ئەخلاقییە، هەم له بەرامبەر منداڵه بێنازەکان و هەم له بەرامبەر کۆمەڵگاش... (1963, بەرگی 18).

به درێژایی سی ساڵی ڕابردوو کەیسێکی تایبەت هەبووە کە کاکڵی سەرەکیی ئەم مشتومڕەیە –ویسکۆنسین بەرامبەر یۆدەر: [406 U.S. 205 (1972)]. لەم کەیسەدا دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیریی له مافی دایک و باوکه ئامیشەکان کرد کە خۆیان لە یاساکانی خوێندنی ناچاری بەدوور بگرن و منداڵەکانیان لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لە قوتابخانە دوور بخەنەوە –بەم پێیه و بە قسەی ئامیشەکان، خۆدوورگرتن لە کاریگەرییە سێکولارەکان پێویسته، چونکه لەوانەیه ببنه هۆکاری لاوازکردنی شێوازی ژیانی نەریتیی ئامیشەکان. بەو پێیه که کۆمەڵە کولتووری و ئایینییەکان منداڵان گەوره و پەروەردە دەکەن، ئەمه ناکرێ وەکوو وازهێنانێکی خۆویست لە دەوڵەتی لیبراڵ ببیندرێت: ئەوان دەسەڵاتی زۆرەملێ بەسەر منداڵاندا دەسەپێنن و لێرەدا بنەما بنەڕەتییە لیبراڵییەکان سەبارەت بە پاراستنی بێتاوانەکان لە بەرامبەر ناچارکردنی ناڕەوا دێنه مەیدان. هەندێک پێیان وایە کە بنەما لیبراڵییەکان وا دەخوازن کە دەبێ دەوڵەت دەستتێوەردان بکات (دژی گرووپەکانی وەک ئامیشەکان) بۆ ئەوەی [یەکەم] مافی دەرچوون بۆ منداڵان دابین بکات، چونکه ئەگەر وا نەبێت له خوێندن بێبەش دەبن (ئۆکین، 2002)، [دووهەم] بۆ پاراستنی مافی منداڵان بۆ داهاتوویەکی سەربەخۆ و گەش (Feinberg, 1980) و/یان [سێهەم] بۆ دڵنیابوون لەوەی کە منداڵان ئامرازە مەعریفییەکانیان لەبەر دەست دەبێت بۆ ئامادەکردنیان بۆ ڕۆڵی داهاتوویان وەک هاووڵاتی (گالستۆن, 1995: ل 529؛ ماسیدۆ، 1995: ل 285-6). لە بەرامبەردا تیۆریستە لیبراڵەکانی دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەوڵەت نابێت دەستتێوەردان بکات، چونکە لەوانەیە هەندێک بەها کە بۆ بەردەوامبوونی هەندێک باوەڕی گشتگیر پێویستن، تێک بدات (گالستۆن, 1995: p. 533; شتۆلزنبێرگ, 1993: ل 582-3). جگە لەوەش، هەندێک کەس وەک هاری بریگهاوس (1998) ئاماژەیان بەوە کردووە کە چاندنی بەها لیبراڵییەکان لە ڕێگەی پەروەردەی ناچارییەوه ڕەنگە ڕەوایی دەوڵەتە لیبراڵەکان لاواز بکات، چونکە منداڵان (بەهۆی ئەگەری گۆشکران) لەوانەیه بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ئەو جۆره دامەزراوانه ئازاد نەبن.

پرسیاری (دووهەم) –ڕێژەی کەڵکوەرگرتن له بیروباوەڕ و بەها نالیبراڵییەکان لە گفتوگۆی سیاسیی لیبراڵیدا– لە ساڵانی دوای لیبرالیزمی سیاسیی ڕاوڵزدا بووەتە بابەتی مشتومڕی بەردەوام. بەپێی لیبرالیزمی ڕاولز –و ئەوەی کە ڕەنگە بە شێوەیەکی گشتیتر پێی بڵێین "لیبرالیزمی ئاوەزی گشتی"– چونکە کۆمەڵگاکانمان بە "فرەیی ژیرانه" دەناسرێنەوه، ناکرێت گوشارهێنان بۆ بنەمای سیستەمی بیروباوەڕی ئەخلاقی یان ئایینی پاساو بدرێت. بەڵام زۆرێک لە ئاییندۆستان (بۆ نموونە، ئێبەرل، 2002 پێری، 1993) دەڵێن کە ئەمە بە شێوەیەکی خراپ "هەڵاواردنه": ڕێگری له باوەڕدارانی ئەرکناس دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەر قووڵترین باوەڕەکانیان. دیسانیش لیبراڵەکان لە وەڵامەکانیاندا جیاواز دەردەکەون. هەندێکی وەک ستیڤن مەکدۆ هەڵوێستێکی زۆر لاسارانه دەگرنە بەر: "ئەگەر هەندێک کەس... هەست بە "بێدەنگبوون" یان "پەراوێزخران" بکەن بەهۆی ئەو ڕاستییەوە کە هەندێکمان پێمان وایە کە هەڵەیه ئازادییه بنەڕەتییەکان لەسەر بنەمای باوەڕی ئایینی یان میتافیزیکی شکڵ پێبدەن، تەنیا دەتوانم بڵێم "گەوره ببه!"' (2000: 35). له بەرامبەردا ڕاولز بەدوای خۆگونجاندنی زیاترەوەیه و ڕێگا دەدات کە ئارگیومێنته گشتگیرە ئایینییەکان لەوانەیه لەسەر پرسەکانی دادپەروەریی بنەڕەتی بچنە ناو سیاسەتی لیبراڵییەوه، "بە مەرجێک لە کاتی خۆیدا هۆکارگەلێکی دروست بۆ پشتگیری له بنەما و سیاسەتەکانمان پێشکەش بکەین" (1999a: 144). بەم شێوەیه ڕاوڵز ئارگیومێنته ئایینییەکان له دژی کۆیلەتی و له بەرژەوەندیی بزووتنەوەی مافه مەدەنییەکان له ئەمریکا به ڕەوا دەزانێت. چونکه لە کۆتاییدا ئەم جۆرە ئارگیومێنتانە بە هۆکارگەلی گشتی پشتگیرییان لێدەکرا. هەندێکی تر (بۆ نموونە، گرینواڵت، 1995) پێیان وایه کە تەنانەت ئەمە زۆر بەرتەسککەرەوەیه: بۆ لیبراڵەکان ئەستەمه که پاساو بۆ قەدەغەکردنی ئەخلاقی لە هاووڵاتییەکی باوەڕدار بهێننەوە تا بۆچوونەکەی لە مشتومڕی سیاسیی لیبراڵیدا باس بکات.


٥. ئەنجام


بە سەرنجدان بەوەی کە لیبرالیزم گەلێک پرسی لێدەبێتەوه –سروشتی ئازادی، جێگه و پێگەی خاوەندارێتی و دیموکراسی لە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەردا، گشتگیربوون و گەیشتن بە ئایدیالی لیبراڵی– ڕەنگە مرۆڤ پرسیار بکات کە ئایا هیچ خاڵێکی گشتگیر لە باسکردنی لیبرالیزمدا هەیە؟ بەڵام ئەمە شتێکی ناگرنگ یان بێبایەخ نییە کە هەموو ئەم تیۆرییانه ئازادی وەک بنەمای بەهای سیاسی وەردەگرن. دیموکراتە ڕادیکاڵەکان جەخت لەسەر بەهای سەرەکیی وەکیەکی دەکەنەوە، کۆمەڵباوەڕەکان پێیان وایە کە داخوازی گرێدراوێتی لە ئازادی لەسەرتره و کۆنەپارێزەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە تەرخانکردنی لیبرالیزم بۆ ئازادی، بەها و ڕەوشتبەرزییه نەریتییەکان و بەم پێیەش خودی نەزمی کۆمەڵایەتی تێک دەدات. بەدەر له ناکۆکییه ناوخۆییەکان، لیبراڵەکان لە ڕەتکردنەوەی ئەم چەمکانەی مافی سیاسیدا بەشدارن.


سەرچاوەکان:


Anderson, Elizabeth S., 1999. ‘What Is the Point of Equality?’ Ethics, 109: 287–337.

Andersson, Emil, 2011. ‘Political Liberalism and the Interests of Children: A Reply to Timothy Michael Fowler,’ Res Publica, 17: 291–96.

Beitz, Charles, 1997. Political Theory and International Relations, Princeton: Princeton University Press.

Benn, Stanley I., 1988. A Theory of Freedom, Cambridge: Cambridge University Press.

Bentham, Jeremy, 1952 [1795]. Manual of Political Economy in Jeremy Bentham’s Economic Writings W. Stark (ed.), London: Allen and Unwin.

–––, 1970 [1823]. Introduction to the Principles of Morals and Legislation, J. H. Burns and H. L. A. Hart (eds.), London: Athlone Press.

Berlin, Isaiah, 1969. ‘Two Concepts of Liberty,’ in his Four Essays on Liberty, Oxford: Oxford University Press: 118–72.

Beveridge, William, 1944. Full Employment in a Free Society, London: Allen and Unwin.

Bird, Colin, 1999. The Myth of Liberal Individualism, Cambridge: Cambridge University Press.

Brighouse, Harry, 1998. ‘ Civic Education and Liberal Legitimacy,’ Ethics, 108: 719–45.

Bosanquet, Bernard, 2001 [1923]. Philosophical Theory of the State in Philosophical Theory of the State and Related Essays, Gerald F. Gaus and William Sweet (eds.), Indianapolis: St. Augustine Press.

Buchanan James M. and Gordon Tullock, 1966. The Calculus of Consent: Logical Foundations of Constitutional Democracy, Ann Arbor: University of Michigan Press.

Chapman, John W., 1977. ‘Toward a General Theory of Human Nature and Dynamics,’ in NOMOS XVII: Human Nature in Politics, J. Roland Pennock and John W. Chapman (eds.), New York: New York University Press: 292–319.

Christman, John and Joel Anderson (eds.), 2005. Autonomy and Challenges to Liberalism, Cambridge: Cambridge University Press.

Cranston, Maurice, 1967. ‘Liberalism,’ in The Encyclopedia of Philosophy, Paul Edwards (ed.), New York: Macmillan and the Free Press: 458–461.

Courtland, Shane D., 2007. ‘Public Reason and the Hobbesian Dilemma,’ Hobbes Studies, 20: 63–92.

–––, 2018. Hobbesian Applied Ethics and Public Policy, New York: Routledge.

Dagger, Richard, 1997. Civic Virtue: Rights, Citizenship and Republican Liberalism, Oxford: Oxford University Press.

Dewey, John, 1929. Characters and Events, Joseph Ratner (ed.), New York: Henry Holt.

Dworkin, Gerald, 1988. The Theory and Practice of Autonomy, Cambridge: Cambridge University Press.

Dworkin, Ronald, 2000. Sovereign Virtue, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Eberle, Christopher J., 2002. Religious Conviction in Liberal Politics, Cambridge: Cambridge University Press.

Ely, James W. Jr., 1992. The Guardian of Every Other Right: A Constitutional History of Property Rights, New York: Oxford University Press.

Feinberg, Joel, 1980. ‘ The Child’s Right to an Open Future,’ in Whose Child? Children’s Rights, Parental Authority, and State Power, William Aiken and Hugh LaFollette (eds.), Totowa: Rowman & Littlefield; reprinted in Feinberg (1992), Freedom & Fulfillment, Princeton: Princeton University Press: 76–97.

–––, 1984. Harm to Others, Oxford: Clarendon Press.

Fowler, Timothy Michael, 2010. ‘The Problems of Liberal Neutrality in Upbringing,’, Res Publica, 16: 367–81.

Freeden, Michael, 1978. The New Liberalism: An Ideology of Social Reform, Oxford: Clarendon Press.

Galston, William, 1980. Justice and the Human Good, Chicago: University of Chicago Press.

–––, 1995. ‘ Two Concepts of Liberalism,’ Ethics, 105: 516–34.

–––, 2003. ‘Parents, Governments and Children: Authority Over Education in the Liberal Democratic State,’ in NOMOS XLIV: Child, Family and The State, Stephen Macedo and Iris Marion Young (eds.), New York: New York University Press: 211–233.

Gaus, Gerald F., 1983a. The Modern Liberal Theory of Man, New York: St. Martin’s Press.

–––, 1983b. ‘Public and Private Interests in Liberal Political Economy, Old and New,’ in Public and Private in Social Life, S.I. Benn and G.F. Gaus (eds.), New York: St. Martin’s Press: 183–221.

–––, 1994. ‘Property, Rights, and Freedom,’ Social Philosophy and Policy, 11: 209–40.

–––, 1996. Justificatory Liberalism: An Essay on Epistemology and Political Theory, New York: Oxford University Press.

–––, 2000. Political Concepts and Political Theories, Boulder, CO: Westview.

–––, 2003a. Contemporary Theories of Liberalism: Public Reason as a Post-Enlightenment Project, London: Sage Publications Ltd.

–––, 2003b. ‘Backwards into the Future: Neorepublicanism as a Postsocialist Critique of Market Society,’, Social Philosophy & Policy, 20: 59–92.

–––, 2004. ‘The Diversity of Comprehensive Liberalisms,’ in The Handbook of Political Theory, Gerald F. Gaus and Chandran Kukathas (eds.), London: Sage, 100–114.

–––, 2012. ‘Hobbes’s Challenge to Public Reason Liberalism,’ in Hobbes Today: Insights for the 21st Century, S.A. Lloyd (ed.), Cambridge: Cambridge University Press, 155–77.

Gaus, Gerald F., and Kevin Vallier, 2009, ‘The Roles of Religious Conviction in a Publicly Justified Polity: The Implications of Convergence, Asymmetry, and Political Institutions,’ Philosophy & Social Criticism, 35(1): 51–76.

Gauthier, David, 1986. Morals By Agreement, Oxford: Oxford University Press.

–––, 1995. ‘ Public Reason,’ Social Philosophy and Policy, 12: 19–42.

Ghosh, Eric, 2008. ‘ From Republican to Liberal Liberty,’ History of Political Thought, 29: 132–67.

Gray, John, 2006. Isiah Berlin, Princeton: Princeton University Press.

Green, Thomas Hill, 1986 [1895]. Lectures on the Principles of Political Obligation and Other Essays, Paul Harris and John Morrow (eds.), Cambridge: Cambridge University Press.

Greenawalt, Kent, 1995. Private Consciences and Public Reasons, New York: Oxford University Press.

Gutmann, Amy, 1985. ‘Communitarian Critics of Liberalism,’, Philosophy & Public Affairs, 14: 308–22.

Hampton, Jean, 1986. Hobbes and the Social Contract Tradition, Cambridge: Cambridge University Press.

–––, 1989. ‘Should Political Philosophy by Done without Metaphysics?’ Ethics, 99: 791–814.

Hayek, F.A., 1960. The Constitution of Liberty, Chicago: University of Chicago Press.

–––, 1976. The Mirage of Social Justice, Chicago: University of Chicago Press.

–––, 1978. ‘Liberalism,’ in his New Studies in Philosophy, Politics, Economics and the History of Ideas, London: Routledge and Kegan Paul.

Hobbes, Thomas, 1948 [1651]. Leviathan, Michael Oakeshott, ed. Oxford: Blackwell.

Hobhouse, L. T., 1918. The Metaphysical Theory of the State, London: Allen and Unwin.

Hobson, J.A., 1922. The Economics of Unemployment, London: Allen and Unwin.

Kant, Immanuel, 1965 [1797]). The Metaphysical Elements of Justice, John Ladd (trans.), Indianapolis: Bobbs-Merrill.

–––, 1970 [1795]. ‘Perpetual Peace,’ in Kant’s Political Writings, Hans Reiss (ed.), Cambridge: Cambridge University Press.

Kavka, Gregory S., 1986. Hobbesian Moral and Political Theory, Princeton: Princeton University Press.

Keynes, John Maynard, 1972. ‘The End of Laissez-Faire,’in his Essays in Persuasion, London: Macmillan.

–––, 1973 [1936]. The General Theory of Employment, Interest and Money, London and Cambridge: Macmillan and Cambridge University Press.

Kukathas, Chandran, 2003. The Liberal Archipelago, Oxford: Oxford University Press.

Kymlicka, Will, 1989. Liberalism, Community and Culture, Oxford: Clarendon Press.

Larmore, Charles, 1996. The Morals of Modernity, Cambridge: Cambridge University Press.

–––, 2001. ‘A Critique of Philip Pettit’s Republicanism,’, Noûs (Supplement): 229–243.

–––, 2004. ‘Liberal and Republican Conceptions qof Freedom,’ in Republicanism: History, Theory, and Practice, D. Weinstock and C. Nadeau (eds.), London: Frank Cass, 96–119.

Locke, John, 1960 [1689]. The Second Treatise of Government in Two Treatises of Government, Peter Laslett, ed. Cambridge: Cambridge University Press, 283–446.

–––, 1975 [1706]. An Essay Concerning Human Understanding, Peter H. Nidditch (ed.), Oxford: Clarendon Press.

Lomasky, Loren E., 1987. Persons, Rights, and the Moral Community, New York: Oxford University Press.

–––, 2007. ‘Liberalism Without Borders,’ in Liberalism: Old and New, Ellen Frankel Paul, Fred D. Miller and Jeffrey Paul (eds.), New York: Cambridge University Press, 206–233

Macedo, Stephen, 1995. ‘ Liberal Civic Education and Religious Fundamentalism: The Case of God v. John Rawls?’ Ethics, 105: 468–96.

Machiavelli, Niccolo, 1950 [1513]. The Prince And the Discourses, L. Ricci and C.E. Detmold (trans.), New York: Random House, Inc.

Mack, Eric and Gerald F. Gaus, 2004. ‘Classical Liberalism and Libertarianism: The Liberty Tradition,’ in The Handbook of Political Theory, Gerald F. Gaus and Chandran Kukathas (eds.), London: Sage, 115–130.

Margalit, Avishai, and Joseph Raz, 1990. ‘National Self-Determination,‘ Journal of Philosophy, 87: 439–61.

Marwah, Inder, 2011. ‘Complicating Barbarism and Civilization: Mill’s Complex Sociology of Human Development,’ History of Political Thought, 32: 345–66.

Mehta, Uday Singh, 1999. Liberalism and Empire: A Study in Nineteenth-Century British Liberal Thought, Chicago: University of Chicago Press.

Mill, John Stuart, 1963. Collected Works of John Stuart Mill, J. M. Robson (ed.), Toronto: University of Toronto Press.

Miller, David, 2002. ‘Two Ways to Think about Justice,’ Politics, Philosophy and Economics, 1: 5–28.

Mummery A. F. and J. A. Hobson, 1956. The Physiology of Industry, New York: Kelly and Millman.

Narveson, Jan, 2018. ‘Hobbes and the Welfare State,’ in Courtland 2018: 198–213.

Nozick, Robert, 1974. Anarchy, State and Utopia, New York: Basic Books.

Nussbaum, Martha, 2002. ‘Women and Law of Peoples,’ Politics, Philosophy and Economics, 1: 283–306.

Okin, Susan, 2002. ‘ Mistresses of Their Own Destiny: Group Rights, Gender, and Realistic Rights of Exit,’ Ethics, 112: 205–30.

Parekh, Bhikhu, 1994. ‘Decolonizing Liberalism,’, in The End of ‘Isms’?: Reflections on the Fate of Ideological Politics after Communism’s Collapse, Alexander Shtromas (ed.), Cambridge, MA: Wiley-Blackwell: 85-103.

–––, 1995. ‘Liberalism and Colonialism: A Critique of Locke and Mill,’ in The Decolonization of Imagination: Culture, Knowledge and Power, Jan Nederveen Pieterse and Bhikhu Parekh (eds.), London: Zed Books: 81–98.

Paul, Ellen Frankel, Fred D. Miller and Jeffrey Paul (eds.), 2007. Liberalism: Old and New, New York: Cambridge University Press.

Perry, Michael J., 1993. ‘Religious Morality and Political Choice: Further Thoughts— and Second Thoughts — on Love and Power,’ San Diego Law Review, 30 (Fall): 703–727.

Pettit, Philip, 1996. ‘Freedom as Antipower,’ Ethics, 106: 576–604.

–––, 1997. Republicanism: A Theory of Freedom and Government, Oxford: Clarendon Press.

Pitts, Jennifer, 2005. A Turn to Empire: The Rise of Imperial Liberalism in Britain and France, Princeton: Princeton University Press.

Pogge, Thomas W., 1989. Realizing Rawls, Ithaca: Cornell University Press.

–––, 2002. World Poverty and Human Rights, Cambridge: Polity Press.

Popper, Karl, 1945. The Open Society and its Enemies, London: Routledge and Kegan Paul.

Rawls, John, 1951. ‘Outline of a Decision Procedure for Ethics,’ The Philosophical Review, 60: 177–97.

–––, 1996. Political Liberalism, New York: Columbia University Press.

–––, 1999a. Law of Peoples, Cambridge, MA: Harvard University Press.

–––, 1999b. A Theory of Justice, revised edition. Cambridge, MA: Harvard University Press.

–––, 2001. Justice as Fairness: A Restatement, Erin Kelly, ed. New York: Columbia University Press.

Raz, Joseph, 1986. The Morality of Freedom, Oxford: Clarendon Press.

–––, 1990. ‘Facing Diversity: The Case of Epistemic Abstinence,’ Philosophy & Public Affairs, 19: 3–46.

Reiman, Jeffrey, 1990. Justice and Modern Moral Philosophy, New Haven, CT: Yale University Press.

Ridge, Michael, 1998. ‘Hobbesian Public Reason,’ Ethics, 108: 538–68.

Ritchie, D.G., 1896. Principles of State Interference, 2nd edn., London: Swan Sonnenschein.

Robbins, L., 1961. The Theory of Economic Policy in English Classical Political Economy, London: Macmillan.

Rogers, Melvin, 2008. ‘Republican Confusion and Liberal Clarification,’ Philosophy & Social Criticism, 34: 799–824.

Rousseau, Jean-Jacques, 1973 [1762]. The Social Contract and Discourses, G.D.H. Cole (trans.), New York: Dutton.

Sabl, Andrew, 2017. ‘Realist Liberalism: An Agenda,’ Critical Review of International Social and Political Philosophy, 20: 349–64.

Sandel, Michael, 1982. Liberalism and the Limits of Justice, Cambridge: Cambridge University Press.

Scanlon, Thomas, 1982. ‘Contractualism and Utilitarianism,’ in Utilitarianism and Beyond, Amartya Sen and Bernard Williams (eds.), Cambridge: Cambridge University Press: 103–28.

–––, 1998. What We Owe Each Other, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Schmidtz, David, 2006. Elements of Justice, New York: Cambridge University Press.

–––, 2022. Ecological Justice, New York: Oxford University Press.

Schmidtz, David, and Jason Brennan, 2010. A Brief History of Liberty, Malden, MA: Wiley-Blackwell.

Sen, Amartya, 1992. Inequality Reexamined, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Shorten, Andrew, 2014. ‘Liberalism,’ in Political Ideologies: An Introduction, 4th edition, Vincent Geoghegan and Rick Wilford (eds.), New York: Routledge: 19–46.

Spencer, William, 1995 [1851]. Social Statics, New York: Robert Schalkenback Foundation.

Skinner, Quentin, 1998. Liberty Before Liberalism, Cambridge: Cambridge University Press.

Spector, Horacio, 1992. Autonomy and Rights: The Moral Foundations of Liberalism, Oxford: Clarendon.

Steiner, Hillel, 1994. An Essay on Rights, Oxford: Basil Blackwell.

Stolzenberg, Nomi, 1993. ‘He Drew a Circle That Shut Me Out: Assimilation, Indoctrination, and the Paradox of Liberal Education,’ Harvard Law Review, 106: 581–667.

Swaine, Lucas, 2006. The Liberal Conscience, New York: Columbia University Press.

Tamir, Yael, 1993. Liberal Nationalism, Princeton: Princeton University Press.

Tawney, R. H., 1931. Equality, New York: Harcourt. Brace.

Taylor, Charles, 1979. ‘What’s Wrong with Negative Liberty,’ in The Idea of Freedom, A. Ryan (ed.), Oxford: Oxford University Press: 175–93.

–––, 1992. Multiculturalism and The Politics of Recognition, Princeton: Princeton University Press.

Viroli, Maurizio, 2002. Republicanism, A. Shugaar (trans.), New York: Hill and Wang.

von Humboldt, Wilhelm, 1993 [1854]. The Limits of State Action, Indianapolis: Liberty Press.

Waldron, Jeremy, 2001. ‘Hobbes and the Principle of Publicity,’ Pacific Philosophical Quarterly, 82: 447–474.

Wall, Steven, 1998. Liberalism, Perfectionism and Restraint, Cambridge: Cambridge University Press.

Young, Iris Marion, 1990. Justice and the Politics of Difference, Princeton: Princeton University Press.