مافە سەرزەمینییەکان و دادپەروەریی سەرزەمینی
مافە سەرزەمینییەکان و دادپەروەریی سەرزەمینی
یەکەم وەشانی وتارە ماکەکە لە 24ی ئازاری 2020دا بڵاو کراوەتەوە.
لەم دواییانەدا، لە فەلسەفەی سیاسیدا گرنگییەکی زۆرتر دراوە بە مافە سەرزەمینییەکان –ئەوەی کە ئەو مافانە چین، کێ هەڵگریانە و چی پاساویان دەدات. هەروەها گرنگییەکی زۆرتر بە بیردۆزێکی بەربڵاوتر لە دادپەروەریی سەرزەمینی دراوە کە ئەو مافە سەرزەمینییانە دەخاتە ناو چوارچێوەی باس و لێکدانەوەی دادپەروەریی دابەشکاری، و بەمەش باسی دیاریکردنی بازنە و سنووری ئەو مافانە دێنێتە ئاراوە. ئەم خولیا و گرنگیدانەش بە هیچ شێوەیەک جێی سەرسووڕمان نییە. دەوڵەت تەنیا ڕێکخراوەیەکی ئەندامێتی نییە: بەڵکوو دەسەڵات بەسەر ناوچەیەکی جوگرافیدا وەگەڕ دەخات و مومارەسە دەکات و ئەمە خۆی بە شێوەیەکی سروشتی ئەو پرسیارانە دەورووژێنێت کە چلۆن دەکرێ دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر شوێندا پاساوهەڵگر بێت، و چلۆن دەکرێ ئیدعا جیاوازەکان بۆ ئەم دەسەڵاتە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لانەگرانە هەڵسەنگێندرێت. جگە لەمە، زۆرێک لە پرسیارە هەرە گرنگ و زەقەکان کە بەرەوڕووی نەزمی هاوچەرخی نێودەوڵەتی دەبنەوە پەیوەستن بە خاکەوە –پرسیارگەلێک وەک چۆنێتیی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەو شوێنانەی کە زۆرتر لە دەوڵەتێک ئیدعای خاکێک دەکات، و چۆنێتیی دیاریکردنی سنوورەکان لە حاڵەتی جیابوونەوەدا یان کاتێک سنوورەکان جێی ناکۆکی و موناقشەن. لە ڕاستیدا زۆربەی پرسگرێکە سەرەکییەکانی ئەمڕۆ –وەک کۆچ، سەرچاوەکان و بەرگری لە خۆ– ڕەهەندگەلی گرنگی سەرزەمینییان هەیە، بە جۆرێک کە تێگەیشتنێکی تەواو نۆرماتیڤ لەم پرسگرێکانە پێویستی بە بیردۆزێکی نۆرماتیڤی خاک هەیە.
ئەو بابەتەی کە لەوانەیە سەرسووڕهێنەرتر بێت ئەوەیە کە خاک تا ڕادەیەک پشتگوێ خراوە. تا ئەم دواییانە، جەختی زۆربەی مشتومڕەکان لە فەلسەفەی سیاسیدا لەسەر مافەکان و ئەرکەکانی هاووڵاتییان بەرامبەر بە دەوڵەت و دەوڵەت بەرامبەر بە هاووڵاتییان چڕ ببووەوە، بەڵام تا ڕادەیەکی کەم لەسەر چۆنێتیی پاساودان یاخود تێگەسازیی خاکی دەوڵەت نووسرابوو. ئەم گوێپێنەدانە تەنیا لە فەلسەفەی سیاسیدا قەتیس نەبوو: بەڵکوو تایبەتمەندییەکی هەر سێ نەریتەکە بوو کە کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوە لەمەڕ دەوڵەت هەبوو. لە یاسای نێودەوڵەتیدا، ڕەهەندی سەرزەمینیی دەوڵەت بە شتێکی ڕوون و بەڵگەنەویست وەرگیرابوو. پەیماننامەی مۆنتیڤیدیۆی ساڵی 1933ی تایبەت بە مافەکان و ئەرکەکانی دەوڵەت، دەوڵەت بە یەکەیەکی سەرزەمینی پێناسە دەکات، کە پێشنیار دەکات کە یەکەم هەنگاو و ئەرکی داهاتوو ڕوونکردنەوە، تیۆریزەکردن و پاساودانی دەوڵەت و ئەو بابەتە بێت کە خاکی دەوڵەت بکرێ بەسانایی گریمانە بکرێت. ئەم گریمانەیە لە لایەن زانایانی زانستی سیاسییشەوە کە هەم لە بواری سیاسەتی بەراوردکاری و هەم بواری نەریتەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان کار و نووسینیان هەبووە خراوەتە ڕوو. ئەوان بیردۆزگەلی ڕاڤەیی و تەوسیفییان لەسەر دەوڵەت ڕا نا بەڵام بەپێی پێویست ئاوڕیان لە توخمی شوێن نەدایەوە، بەڵکوو تا ڕادەیەکی زۆر وایان دەزانی کە خاکی دەوڵەت بەرهەمی مێژوو و زۆرەملێی ڕابردوویە کە دەکرێت وەک تایبەتمەندییەکی سەرەتایی دەوڵەت بە شتێکی ئاسایی و بەڵگەنەویست وەربگیرێت. لەوانەیە وا بیر بکرێتەوە کە فەیلەسووفە سیاسییە نۆرماتیڤەکان زۆرتر بایەخ بەو پرسیارە دەدەن کە چلۆن دەکرێت دەسەڵاتی سیاسی نەتەنێ بەسەر تاکەکاندا، بەڵکوو بەسەر خاکیشدا ڕاپەڕێندرێت. بەڵام فەیلەسووفە سیاسییەکانیش ئەم خاڵە کوێرەیان نەبینی و ئاوڕیان لێ نەدایەوە، کە ڕەنگە بەشێکی بەهۆی باندۆری زۆری جۆن ڕۆڵز لە فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا بووبێت. ئەرکی ڕۆڵز لە کتێبی بیردۆزی دادپەروەریدا تیۆریزەکردنی دادپەروەریی ناوخۆیی پێکهاتەی بنەڕەتیی دەوڵەت بوو، لەبەر هەندێش لە بەڵگاندنەکەیدا گریمانەی ئەوە دەکات کە «کۆمەڵگەی سیاسی داخراوە» (Rawls 1971: 4)، کە مەبەستی ئەوە بوو کە ئێمە پێویستە هەر لە قۆناغی یەکەمەوە وەک یەکەیەکی خۆبژیو بیری لێ بکەینەوە کە بەڕێکەوت تێیداین و ناتوانین لێی دەربچین. پاشان لە قۆناغی دواتری شیکارییەکەیدا دەپەرژێتە سەر پرسی ڕەوایی دەوڵەت لە هەمبەر نەزمی نێونەتەوەییدا (Rawls 1999). گریمانەی کۆمەڵگەی داخراو زۆر بابەت و پرسی گرنگی لەبەرچاو لێڵ کرد و شاردەوە، و ئەمە بەو مانایەیە کە فەیلەسووفە سیاسییەکان کە ئەم ستراتیژە میتۆدۆلۆژییە دەگرنە بەر لە کۆمەڵێک حاڵەتی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسیارانەی پڕبایەخن بۆ ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی هیچیان بۆ گوتن پێ نییە، هەروەک لە سەرەوە باس کراوە.
١. پرسگرێکە تێگەییەکان
١.١. خاک چییە؟
٢.١. مافە سەرزەمینییەکان
٣.١. بیردۆزی دادپەروەریی سەرزەمینی چییە؟
٢. بیردۆزەکانی لەمەڕ خاک لە ڕوانگەی مێژووییەوە
١.٢. بیردۆزەکانی یاسای سروشتی: هوگۆ گرۆتیوس (1645-1583) و ساموێل پوفێندۆرف (1694-1632)
٢.٢. بیردۆزەکانی ڕەزامەندی و خاوەندارێتی: جۆن لۆک (1704-1632)
٣.٢. بیردۆزەکانی دادپەروەری: ئیمانوێل کانت (1804-1724)
٣. بیردۆزە هاوچەرخەکانی خاک
١.٣. وەشانی نوێکراوەی بیردۆزەکانی یاسای سروشتی
٢.٣. بیردۆزەکانی ڕەزامەندی و خاوەندارێتیی سروشتی
٣.٣. لێکدانەوەکانی دادپەروەری
٤.٣. بیردۆزە ناسیۆنالیستییەکان
٥.٣. بیردۆزی خاکی گروپی ئەتنۆجیۆگرافی
٦.٣. بیردۆزەکانی چارەیخۆنووسین
٤. ئاراستەکانی داهاتوو
ژێدەرەکان
ژێدەرە دەستەبژێرکراوەکان
سەرچاوەکانی تری سەر تۆڕی ئینتەرنێت
تێگە پەیوەندیدارەکان
١. پرسگرێکە تێگەییەکان
١.١. خاک چییە؟
جیاوازییەکی سەرەتایی باو جیاوازیی نێوان خاک و زەوییە. زەوی ئەو بەشە لە ڕووی گۆی زەوییە کە بە ئاو دانەپۆشراوە. خاک تێگەیەکی سیاسی و جوگرافییە کە ئاماژەیە بە پانتایی شوێنی دەسەڵاتی دادوەری. دەوڵەتان خاکیان هەیە: کە پانتایی و بواری جوگرافیی دەسەڵاتی دادوەرییانە. خاک لە زۆربەی کاتدا ئەو زەوییە دەگرێتەوە کە دەکەوێتە ناو سنوورەکانی دەوڵەت، بەڵام دەکرێت لە جیهانی مۆدێرندا لە کەناراوەکانەوە تا ناو دەریا، ژێر ڕووکەشی زەوی (بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان) و سەرووی ڕووکەشی زەوی درێژ ببێتەوە، هەروەک زۆربەی دەوڵەتان ئیدعای دەسەڵاتی دادوەرییان بەسەر بۆشایی ئاسمانی خۆیانیشدا هەیە. کەواتە خاک هاوئاقار و هاوپانتایی نییە لەگەڵ زەوی، هەرچەندە هەموو (یان نزیکەی هەموو) زەویی سەر ئەم هەسارەیە بەسەر یەکە جیاوازەکانی دەسەڵاتی دادوەریدا، واتە بەسەر خاکدا، دابەش کراوە. ئەدەبیاتی جوگرافیای ڕەخنەگرانە لەسەر «خاک» زۆرتر بە لای ئەو تێگەیشتنە لە «خاک» دەشکێتەوە کە وەک ناوچەیەکی جوگرافی وێنای بکات کە لەژێر کۆنترۆڵدایە یاخود دەسەڵات بەسەریدا ڕایی دەکرێت (Elden 2013)؛ لە کاتێکدا ئەدەبیاتی فەلسەفەی سیاسی زۆرتر دەخوازێت وەک بەستێن و مەڵبەندی ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی ڕەوا و مافە پەیوەندیدارەکانی لێی بڕوانێت (Miller 2012; Nine 2012; Banai 2014; Moore 2015; Angeli 2015; Stilz 2019). هەروەک لە خوارەوە ڕوون دەکرێتەوە، خاک لە خاوەندارێتییش جیاوازە.
٢.١. مافە سەرزەمینییەکان
ئەدەبیاتی فەلسەفەی سیاسی لەسەر خاک کەڵک لە ئایدیای مافە سەرزەمینییەکان وەردەگرێت. زۆربەی جار ئەمە بە شێوازێک ئەنجام دەگیرێت کە هاوشێوەی چۆنێتیی بیرکردنەوەمان لە مافی خاوەندارێتییە –بە واتایەکی دیکە، وەک کۆمەڵێک ئازادی، دەسەڵات، پارێزبەندی و ئیدعای جیاواز کە کاتێک لە پەیوەندی لەگەڵ شتێکی ماددی بە یەکەوە کۆ دەکرێنەوە هەر ئەوە پێک دەهێنن کە مەبەستی ئێمە لە مافی خاوەندارێتییە. لە پەیوەندی لەگەڵ خاوەندارێتیدا، تۆخترین و کامڵترین فۆرمی کۆنترۆڵی نۆرماتیڤ بەسەر ئەو شتەدا ئەوە بوو کە هۆنۆرێ (1961) بە «خاوەندارێتیی لیبراڵیی کامڵ» ناودێری کردبوو، بەڵام ئەو دانی بەمەیشدا دەنا کە مافی خاوەندارێتی دەتوانرێت لە لایەن بریکارگەلی جیاوازەوە دابەش بکرێت و هەڵبگیرێت و هەر مافێک لەم دەستەیەدا لەوانەیە پاساوی جیاواز و تایبەت بە خۆی هەبێت.
لە پەیوەندی لەگەڵ مافە سەرزەمینییەکاندا، مافی ناوەندی و بنەڕەتی مافی دەسەڵاتی دادوەرییە، کە بریتییە لە مافی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و جێبەجێکردنی یاساکان لە پانتایی ئەو مەڵبەندەی باسی لێوە دەکرێت. سەرەڕای ئەمە، هەندێ مافی پەیوەندیداری تر (دەسەڵاتەکان و پارێزبەندییەکان) هەن کە گرێدراون بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە، کە ئەوانیش پێکەوە وەک بەشێک لە «مافە سەرزەمینییەکان» دێنینە هەژمار. ئەمە دەسەڵاتی گۆڕینی ڕەوشی خاک لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە بە یەکخستنی خاک لە چوارچێوەی هەندێک یەکەی مەزنتر وەک یەکێتیی ئەورووپا، یان دەسەڵاتی چێکردنی یەکەگەلی ژێر دەسەڵاتی دادوەریی سیستەمێکی فیدراڵی. ئەمە هەروەها مافی ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان و هەڵسوکەوتکردن لە جیهاندا وەک قەوارەیەکی یاسایی، بۆ نموونە ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی، بەستنی پەیماننامەکان و چوونە ناو هاوپەیمانییەکان، دەگرێتەوە. و ئەمە مافەکانی لە هەمبەر یەکە هاوشێوەکانی تریش لە خۆ دەگرێت کە لە مومارەسەی ئەم دەسەڵاتەدا دەستتێوەردان لە کاروباریدا نەکرێت.
هەروەها مافە سەرزەمینییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی وا فام دەکرێن کە مافەکانی تری سەرووی دەسەڵاتی دادوەری و ئیدعاکان، دەسەڵاتەکان و پارێزبەندییەکانی پەیوەست بەوەوە دەگرێتەوە: بۆ نموونە مافی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان لە ناوەوەی ناوچەیەکی جوگرافی، مافی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێکخستنی هاتوچۆی خەڵک و ڕاگواستنی شتومەک لەو سنوورانەوە و مافی بەرگریکردن لە خاک لە بەرامبەر دەستدرێژیی دەرەکی (Simmons 2001; Miller 2012). ئەگەرچی زۆر جار وا گریمانە دەکرێت کە ئەمانە وەک تایبەتمەندییەکی سروشتی و خۆماکی هەر لە ئایدیای دەوڵەتێکی سەروەردا بوونیان هەیە، بەڵام دەکرێت قەوارەگەلێک هەبن کە بەشێک لە مافەکانی دەسەڵاتی دادوەرییان هەبێت وەلێ لە توخمەکانی تری کۆمەڵە مافەکانی سەرزەمینی بێبەری و بێبەش بن. ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا لەبەرچاو بگرن کە دەسەڵاتی دادوەریی بەرچاویان لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندام هەیە، بەڵام هیچ پشکنینێکی سنووری لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە ناوچەی شنگن نییە. پێکهاتەی زۆربەی فیدراسیۆنەکان بەم شێوازەیە. لە کەنەدا پارێزگاکان دەسەڵاتێکی دادوەریی بەرفراوان مومارەسە دەکەن (بەسەر بەشەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، ڕێگاوبان و سەرچاوە سروشتییەکان) بەڵام کۆنترۆڵکردنی سنوور لە نێوان پارێزگاکاندا بوونی نییە. بەم پێیە، ئەگەر بمانهەوێت بیردۆزێکی نۆرماتیڤی تەواومان لەمەڕ مافە سەرزەمینییەکان یاخود دادپەروەریی سەرزەمینی هەبێت، هەر توخمێک لەم کۆمەڵەدا کە پێکهێنەری ئەو شتەیە کە کەم تا کورتێک دەشێت پێی بڵێین «مافە سەرزەمینییەکان»، پێویستە بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە و تاوتوێ، پەیوەندیی بە توخمەکانی دیکەوە هەبێت و پاساوهەڵگریش بێت.
لێکچوونە پێکهاتەییەکانی نێوان مافی خاوەندارێتی و مافە سەرزەمینییەکان نابێت چاومان لە هەمبەر جیاوازییەکانی نێوانیان دابخات. خاک هەمان خاوەندارێتی نییە، چونکە خاک وەک توخمی سەرەکیی خۆی، مافی دەسەڵاتی دادوەریی لەگەڵە. هەندێک لەو مافانەی کە لە چوارچێوەی مافەکانی پەیوەندیدار بە خاکەوە جێ دەگرن وا دەردەکەون کە بڵێی پەیوەندییان بە ئیدعاکان بۆ ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنی خاکێکی دیاریکراوەوە هەیە، کە بە پلەی یەکەم وەک مافەکانی دەسەڵاتی دادوەری لێیان دەڕوانین. و مافەکانی تر زۆرتر لە شێوەی خاوەندارێتین، چونکە ئیدعاگەلێکی پاوانخوازانە بەسەر هەرێمێکدا، و ئەو ئیدعایانەی سەبارەت بە چۆنێتیی بەکارهێنانی سەرچاوەکان و زەویی هەڵکەوتوو لە چوارچێوە سنوورەکانی دەوڵەتدا لە خۆ دەگرن. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم مافانە لە هەمبەر دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتەکانی ئەوپەڕ و سەرووی دەسەڵاتی دادوەری، لەوانە دەسەڵاتی جیابوونەوە لە دەوڵەتێک یان چوونە پاڵ دەوڵەتێکی تر، زۆرتر وەک لایەنێکی لاوەکی بیریان لێ دەکرێتەوە.
یەک لە دابەشکارییە بنەڕەتییەکان لە بیردۆزەکانی دادپەروەریی سەرزەمینیدا دەگەڕێتەوە بۆ پرسی پەیوەندیی نێوان خاک و موڵک. کۆمەڵێک لەو تیۆریستانەی کە زۆرتر لاگیرییەکی جۆن لۆکی یان لیبەرتاریەنییان هەیە دەڵێن هەندێک مافی سروشتی بۆ خاوەندارێتی بەسەر موڵک و زەویوزاردا هەیە کە دەکرێت مافگەلێک بەسەر خاک بە دوای خۆیدا بێنێت. بەپێی ئەو ڕوانگەیە، خاوەن موڵکەکان ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی دەوڵەتێک دەدەن و موڵک و زەویوزارەکەیان لەگەڵ خۆیاندا دێنن. تیۆریستەکانی تر، لەوانە تیۆریستەکانی دادپەروەری، تیۆریستەکانی چارەیخۆنووسین و ناسیۆنالیستە لیبراڵەکان، مافی دەسەڵاتی دادوەری هەم بە لەپێشتر و گرنگتر و هەم بە بنچینەیی دەزانن، چونکە لە ڕێگەی مومارەسەکردنی دەسەڵاتی دادوەرییەوەیە کە ئەو ڕێسایانە دیاری دەکرێن کە بە گوێرەیان مرۆڤەکان دەتوانن موڵک و زەویوزار بە دەست بهێنن و بگوازنەوە.
٣.١. بیردۆزی دادپەرەوریی سەرزەمینی چییە؟
بیردۆزێکی دادپەروەریی سەرزەمینی پێویستە مافەکان بەسەر خاکدا ڕوون بکاتەوە و پاساویان بدات. دەبێت ڕوونی بکاتەوە کە چ مافێک هەیە، سنووری ئەو مافانە چییە و کێ هەڵگری ئەو مافانەیە. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت پەیوەندیی نێوان سێ توخمی جیاواز شەنوکەو بکات و پاساوی بدات: خەڵک (یان تاکەکەسەکان)؛ زەوی؛ و ڕژێم یان حکوومەت یان دەوڵەت. ئەم توخمانە بە چەند ڕێگەی جیاوازەوە پەیوەندییان لەگەڵ یەک هەیە و ڕەنگە بەهاگەلی پاساودەرانەی جیاوازیش بناغەی ئەم داڕشتنە جیاوازانە بن، بەڵام هەموو ئەو بیردۆزانەی ئێستا هەن ئارگیومێنتێک دەدەن بە دەستەوە کە ئەم توخمە جیاوازانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و داڕشتنە تایبەتەکانیان پاساو دەدات.
جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان ئەم بیردۆزانە ئەم ڕەهەندانەی خوارەوە دەشۆپێنن: (1) ئەوەی بە هەڵگری مافی سەرزەمینی بە هەژمار دێت؛ (2) ئەو بەهایەی کە مافەکان بەسەر خاکدا ڕوون دەکاتەوە و پاساو دەدات و بازنە و مەودای هەرکام لەو مافانە دیاری دەکات؛ و (3) ئارگیومێنتێک بۆ گرێدانی هەردووی بەهای پاساودەر و مافەکان بە ناوچەیەکی جوگرافیی تایبەتەوە. با یەک بە یەک چاوێک بەم ڕەهەندە جیاوازانەدا بخشێنین. یەکەم جیاوازیی سەرەکی لە نێوان بیردۆزە ڕکابەرەکاندا بۆ تێگەیشتنیان لە هەڵگری مافی سەرزەمینیی گونجاو (یان پاساودراو) دەگەڕێتەوە: گەلۆ نەتەوەیە؟ خەڵکە؟ یان دەوڵەتە؟ هەروەها لێکدانەوەی جیاواز لەو بەها بنچینەییە دەخەنە ڕوو کە ئەم مافانە پاساو دەدات: پاڵێوراو و بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ ئەم بەهایە ئاشتی و سەقامگیری؛ دادپەروەری؛ و چارەیخۆنووسینن. هەروەها ئەم بەها بنچینەییە کاریگەریی لەسەر بازنە و مەودای ئەو مافانە هەیە کە داوا دەکرێن و لە ڕاستیدا ئەوەی کە کام کۆمەڵە ماف لە کۆی مافەکاندا دەکرێت پاساو بدرێن. بیردۆزێکی سەرزەمینی دەبێت ڕوونی بکاتەوە چلۆن دەتوانین چوارچێوە و سنووری ئەو مەڵبەندە جوگرافییە دیاری بکەین کە ئەو مافانە تێیدا تاو دەدەن. تەنێ ئەمە بەس نییە کە بەگشتی ڕوون بکرێتەوە کە دەوڵەتان پێویستە سەرزەمینی بین تا ئەوەی هەر بەهایەک کە بڕیارە پاساودەریان بێت بەدی بێت. بەڵکوو بیردۆزەکە دەبێت شیی بکاتەوە کە کام بەشە تایبەت و دیاریکراوانەی خاک بە کام دەوڵەتەوە بەستراوەتەوە. ئەمە لە ئەدەبیاتی ئەم مژارەدا پێی دەگوترێت «پرسی وردبوونەوە و تایبەتکردنەوە». بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسە، بیردۆزەکە پێویستی بە ئارگیومێنتێک هەیە کە خەڵک و زەوی بە شێوازێک بە دەوڵەتەوە گرێ بداتەوە کە مافەکان بەسەر پارچە تایبەتەکانی خاکدا پاساو بدات، و ئەمەیش بۆ یەک لە بیردۆزە هەرە دیار و بەناوبانگەکانی خاک واتە بیردۆزی دادپەروەری کێشەیەکی قورسە.
٢. بیردۆزەکانی لەمەڕ خاک لە ڕوانگەی مێژووییەوە
کۆمەڵێک بیردۆزی مێژوویی هەن کە هەندێک ئارگیومێنتیان سەبارەت بە خاک خستووەتە ڕوو کە تا ڕادەیەک لە توێژینەوەی ئەکادیمیی لەسەر ئەم بیردۆزانە پشتگوێ خراون و گرنگییان پێ نەدراوە و لەم توێژینەوانەدا زۆرتر هەوڵ دراوە کە سەرنج بخرێتە سەر لایەنەکانی تری ئارگیومێنتەکانیان. سێ نەریتی سەرەکی بریتین لە نەریتی یاسای سروشتی، بەتایبەتی گرۆتیوس و پوفێندۆرف؛ نەریتی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، و بەتایبەتی جۆن لۆک کە بیردۆزێکی دەروەستیی سیاسی و پاساوێکی بۆ حکوومەتی دەستووریی سنووردار خستە ڕوو؛ و نەریتی دادپەروەری، کە بە کانتەوە گرێ دراوە، کە دەوڵەت بە بەدیهاتنی دادپەروەری پێناسە دەکات. هیچکام لەم نەریتانە بیردۆزێکی تەواویان لەمەڕ خاکەوە نەدا بە دەستەوە، بەڵام لە ڕەوتی تیۆریزەکردنی دەوڵەت و نەزمی نێونەتەوەییدا خاکیان بە شێوازگەلێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوە بە ئارگیومێنتی گشتیی خۆیان بەستەوە، بە جۆرێک کە ئێجگار بەسوودە کە سەرنج بخرێتە سەر ئەوەی کە چلۆن خاکیان تێگەسازی کردووە، چلۆن تاوتوێیان کردووە و بەڵگاندوویانە، و چلۆن بە توخمە سەرەکییەکانی تری بیردۆزی سیاسییان گرێ دراوەتەوە. بیردۆزە هاوچەرخەکان، کە لە بەشی سێیەمدا تاوتوێ دەکرێن، زۆرتر لەسەر بنەمای ئەم بیردۆزانەی پێشووتر بنیات دەنرێن.
١.٢. بیردۆزەکانی یاسای سروشتی: هوگۆ گرۆتیوس (1645-1583) و ساموێل پوفێندۆرف (1694-1632)
هەردووی گرۆتیوس و پۆفێندۆرف لە بەستێنی نەریتی یاسای سروشتیدا بیریان دەکردەوە و کاریان دەکرد. هەردووکیان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە یاساکانی سروشتی کە دەکرێت بە شێوەیەکی ئەقڵانی فام بکردرێن و بۆ هەموو مرۆڤەکان دەگونجێن، لە بەستێنی کات و شوێندا نەگۆڕن و پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێک دەهێنن. هەردووی ئەم تیۆریستانە جێگەیان بۆ یاسای دابونەریتی و باو هێشتەوە بەڵام ئاماژەیان بەوە دا کە ئەمانە لە لایەن ڕێساکانی ئەوەی هەردووکیان بە «ئاوەزی ڕاست» ناویان دەبرد سنووردار کراون.
گرۆتیوس کە لە سەردەمی فراوانبوونەوە و گەڕان و دۆزینەوەی سەرەتایی ئیمپریالیدا دەینووسی، لە کتێبی Mare Liberumدا (1609) داکۆکیی لە ئایدیای خاوەندارێتیی هاوبەشی سەرچاوەکان کرد. مەبەستی گرۆتیوس لە دەستەواژەی «خاوەندارێتیی هاوبەش» ئەوە بوو کە خودا مافێکی بە هەموو مرۆڤەکان داوە (مافی ئازادی) کە شتەکان و سەرچاوەکانی جیهان بۆ دابینکردن و چارەسەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بەکار بهێنن. بۆچوونی گرۆتیوس لە پەیوەندی لەگەڵ ئۆقیانووسەکاندا ئەوە بوو کە هیچ دەوڵەت یان دەسەڵاتێکی هاوبەش بۆی نییە ئیدعای زاڵبوون و دەسەڵاتگێڕیی پاوانخوازانە بەسەریاندا بکات چونکە دەریاکان لە چوارچێوەی سنوورە جێگیرکراو و چەسپیوەکاندا قەتیس نین و هەروەها لە ڕێگەی کاری مرۆڤەوە ناکرێت گۆڕانکارییان تێدا بەدی بێت و بەم پێیەش بابەت و ئۆبژەیەکی گونجاو بۆ مافی خاوەندارێتی نین. لەبەر هەندێ، پێویستە ئۆقیانووسەکان وەک موڵک و سەرچاوەیەکی گشتیی تا ڕادەیەک دەستلێنەدراو بمێننەوە؛ و مرۆڤەکان بۆ گەشتکردن بەسەریاندا، خەریکبوون بە ئاڵووێری دوولایەنە و ماسیگرتن تێیاندا ئازادن (لە سۆنگەی ئەوەوە، سەرچاوەکانی دەریا لە بن نایەن). هەرچەند هەر لە سەردەمی گرۆتیوسدا، جۆن سێلدن لە کتێبی Mare Clausumدا (1635) بەرەنگاری ئەم ڕوانگەیە بووەوە و ئاماژەی بەوە دا کە پۆتانە جوگرافییەکان دەتوانن دەورەی دەریاکان بدەنەوە. و لە سەردەمی خۆمانیشدا بە دانپێدانان بەو بابەتە کە سەرچاوەکانی ئۆقیانووسەکان و بنی دەریا بێسنوور و بێبڕانەوە نین، ئایدیای مافە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە موڵک و سەرچاوە گشتییە گەردوونییەکان لە دروستکردنی یاسای نێونەتەوەیی مۆدێرندا زۆر کاریگەر بوو، و هەروەها دوای ماوەیەکی کەم بایەخێکی زۆری لە گەشەی ئیمپراتۆریەتەکانی دەریادا هەبوو (بڕوانە Armitage 2012: 54–56). ئەم ئایدیایە لەمڕۆدا وەک بەشێک لە ئایدیای «میراتی هاوبەشی مرۆڤایەتی» لە زۆر بواردا بەکار دەهێنرێت.
ڕوانگەی گرۆتیوس لە پەیوەندی لەگەڵ زەویدا ئەوە بوو کە هەموو تاکەکان مافێکی سروشتییان بۆ کەڵکوەرگرتن لەو شتانە هەیە کە گشتین، بەڵام ئەم مافە ئەو بەشە لەو بابەتانە ناگرێتەوە کە دەیانبەستینەوە بە خاوەندارێتیی تایبەتەوە. مرۆڤ کاتێک کە چیتر خاوەنی شتێک نەماوە مافی قۆرخکردن یان ڕاگرتنی ئەو شتەی نییە. پاشان ئارگیومێنتێکی ڕەچەڵەکناسانە دێنێتە ناو کایەوە کە بەپێی ئەم ئارگیومێنتە لە قۆناغی سەرەتایی بوونی مرۆڤدا، لە دۆخێکی ساکارتردا دەژیاین کە تێیدا «ڕووبەری مەزنی زەوی بەس بوو بۆ ئەوەی کە هەموو دانیشتووانی زەوی تا ئەوکاتەی هەژماریان کەم بوو کەڵکی لێ وەرگرن، بەبێ کێشە و گرفت و بێ ئەوەی ئازار بە یەکتر بگەیەنن» (Grotius RWP: II, 2, ii). بەڵام لەگەڵ زیاتربوونی ڕادەی بەرزەخوازی و وەدەستخەری و بەرزەفڕیی مرۆڤ لە دابینکردنی پێداویستییەکانیدا، دەستیان کرد بە دەستبردن و بەهرەمەندبوونی بەرفرەتر لە سەرچاوەکان، و بەم شێوەیەش بوونە خاوەن سامانی زیندەماڵ و هاوکات سەرچاوە و سامانی مردەماڵ وەکوو زەوییان دەستبەسەردا گرت و کێڵا. بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بڵاوبوونەوەیان بە سەرانسەری جیهاندا، بێمانا و نائەقڵانی بوو کە مافێکی هاوبەش بۆ ئەو شتانە هەبێت کە مەودایەکی زۆر لە شوێنی ژیانی خەڵکەوە دوور بوون (Grotius RWP: II, 2, ii). گرۆتیوس پەنای بردە بەر ئایدیای ڕەزامەندی، و بە باشی تێگەیشتبوو کە چەسپاندن و دامەزراندنی هێدی هێدیی یاساکانی دەستخستن، بەکارهێنان و ڕاگواستن دەگرێتەوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە خاوەنداری لە ڕێگەی کردەیەکی گشتییەوە دەگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتی دادوەری کە ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی کە لای هەمووان ڕوون و دیاریکراو بێت کە کێ خاوەنی چییە، ئەمەیش خۆی بۆ دڵنیابوونەوە لە خاوەندارێتیی بێ شەڕ و کێشە و پێکهێنانەوە و ئاشتکردنەوەی دابەشکارییەکانی جیهان لەگەڵ کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ پڕ گرنگە.
گرۆتیوس چونکە مافە سروشتییەکان (لەوانە مافەکانی ئێمە وەک خاوەنی هاوبەشی شتەکان) وا دەمەخڵێنێت کە دەکرێت ڕاگوێزرێن، دەتوانێت جۆرە جیاوازەکانی سیستەمی حکوومەت، لەوانە دیموکراسییەکان، ئۆلیگارشییەکان و تەنانەت پاشایەتییە ڕەهاکان، ڕوون بکاتەوە و داکۆکییان لێ بکات. بەو پێیە گرۆتیوس پێی وایە کە ئەو مافە سروشتییانەی کە کەسێک بەسەر خۆیدا هەنی دەتوانرێن بگوازرێنەوە. دەکرێت بڵێت کە سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ لەڕاگواستنهاتوویی ئەم مافە بۆ دەسەڵاتێکی سەروەر لە ڕێگەی ڕەزامەندییەوە دەگەڕێتەوە، لەوانەش ئەو پەیماننامانەی کە لە ماوەیەکی درێژخایەندا داڕێژراون و بەستراون، کە نوێنەرایەتیی ئاڵوگۆڕێکی ناڕاستەوخۆ بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئارام و سەقامگیر دەکات. هەروەها لەو باوەڕەدایە کە دەکرێت دەسەڵاتی مەدەنی لە ڕێگەی داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتنیشەوە دەستەبەر بکرێت (Grotius RWP: II.3.viii)، هەرچەند ئەم لایەنەی بیردۆزەکەی لە لایەن توێژەرانی هاوچەرخەوە جەختی لەسەر ناکرێتەوە.
زۆربەی ڕەخنەکان لە بیردۆزی گرۆتیوس لە پەیوەندی لەگەڵ داکۆکیی ئەو لە دەسەڵاتی ڕەهایە، بەڵام لێرەدا سەرنج دەخرێتە سەر لێکدانەوەی ئەو لە خاوەندارێتیی گرووپتەوەر کە بە ناڕاستەوخۆ لە پاساودانی بۆ خاک دەردەکەوێت. گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە لێکدانەوەی گرۆتیوس لە خاوەندارێتی سنوورێکی بۆ پانتایی و بازنەی خاوەندارێتی نییە. ڕوون نییە کە ئەو سەرچاوە تێگەییانەی لەبەردەستە کە سنوور بۆ ئەو پانتایی و ناوچەیە دانێت کە گرووپێک دەتوانێت ئیدعای بکات (یاخود خاوەنی بێت). بەڵام دان بە مافی پێویستی و مافە ئەخلاقییەکانی تردا (بۆ تێپەڕبوون، نیشتەجێبوون، بازرگانیکردن، کەڵکوەرگرتن لە ئاو، مافی پەنابەری) دەنێت و بەفەرمییان دەناسێت، کە بەو مانایەیە کە ڕادەیەک لە پارڤە و هاوبەشکردن لە لایەن خاوەن و دەستبەسەرداگرەوە پێویستە هەبێت. هەروەها ئەوانەی دێنە ژوورەوەش بە نۆرەی خۆیان پێویستە ملکەچ و گوێرایەڵی دەسەڵاتی سەروەر بن (Grotius DJB II,2, xvii). ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە گرۆتیوس دەسەڵاتی دادوەریی دەوڵەت لە کۆمەڵە ناوچەیەکی لەخۆگری بەرفرە وێنا دەکات کە بە واتا ئاساییەکەی خاوەنیان نییە و داگیر نەکراون. لەوانەیە کەسانێک بڵێن کە ئەمە ناماقوڵ و دژە شهوودییە کە تاکە گرووپێک بتوانێت ئیدعای سەروەری بەسەر پارچەیەکی بەرفراوان و گەورەی زەویدا بکات –هەروەک ئیمپراتۆریەتەکانی ئەورووپا لە «چاخی دۆزینەوە»دا وەها ئیدعایەکیان هەبوو– و هەموو گەلان و کۆچبەران ناچار بکات کە زۆر بەسانایی گوێرایەڵ و ملکەچی یاساکانی بن.
سنووردارکردنی پانتایی و بازنەی ڕایە و حوکمی سەروەری زۆر بە ڕوونتر لە بیردۆزی یاسای سروشتیی پوفێندۆرفدا شی کراوەتەوە. پوفێندۆرف هەروەک گرۆتیوس –کە پوفێندۆرف هەوڵی دەدا بەرگری لە فەلسەفە سیاسییەکەی بکات– باوەڕی بە یاسای سروشتی و هەروەها ئەو یاسایانە هەبوو کە بە شێوازی دابونەریتیتر داتاشراون و وەرگیراون، لەوانە یاسا مەدەنییەکان و یاساکانی نێوان نەتەوەکان. ئەو بە دوو شێوە باسی خۆی لەسەر لێکدانەوە و شرۆڤەی گرۆتیوس دامەزراند و هەڵچنی. یەکەم، پوفێندۆرف بەدروستی ئاماژەی بەوە دا کە ئۆقیانووس دەکرێت بخرێتە ژێر حوکمی مومارەسەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە. خاڵی دووەم، کە لەوەی یەکەم گرنگتریشە، لێکدانەوەی پوفێندۆرف ئەو سەرچاوە تێگەییانە دابین دەکات کە نەتەنێ دان بە مافی خاوەنداریی بەکۆمەڵ بنرێت، بەڵکوو ئایدیای ڕێسای دادپەروەرانە و مەرجی دادپەروەرانە لە باس و لێکدانەوەکەی سەبارەت بە دامەزراندنی سیستەمی خاوەندارێتی جێگیر و یەکانگیر دەکات. لە لای پوفێندۆرف، دۆخی سروشتی دۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی بوو و ئیدعای خاوەندارێتیی ئێمە بەسەر سەرچاوە هاوبەش و گشتییەکاندا مافگەلێک بوون کە لە کۆمەڵگەیەکی نەرێنیدا چەسپان و برەویان گرت. ئەمە بەو مانایە بوو کە جیهانی سروشتی بە یەکسانی بە ڕووی هەموو کەسێکدا کراوەیە، بەڵام بەو پێیە، کەسێک بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەوی یان موڵکوماڵێکدا بگرێت پێویستی بە ڕەزامەندیی خاوەنەکانی تریش هەبوو. پوفێندۆرف دیاریی نەکرد چ جۆرە ڕەزامەندییەک دەبێ بە هەژمار بێت و پشتی پێ ببەسترێت. بەڵام پێشنیار دەکات کە لە شێوەی خاوەندارێتیی بەکۆمەڵ یان خاوەندارێتیی هەڵگیراو لە لایەن کۆمەڵەکانەوە بێت و لەمەوە دەتوانرێت ئیدعای خاوەندارێتیی تاکەکەسی وەربگیرێت. کارا ناین (2019) ئاماژەی بەوە داوە کە لێکدانەوەی پوفێندۆرف ئەو سەرچاوە تێگەییانەی هەیە کە سنوورەکانی مەڵبەندی خاکی دەوڵەت بە شێوەیەکی نازۆرەملێ و دوور لە ملهوڕی ڕوون بکاتەوە، چونکە بە گەڕانەوە بۆ بنەما ئەخلاقییەکانی وەک پێویستی، و دوورەپەرێزی لە زاڵێتی و سەردەستی، هەم مافی خاوەنداریی تاکەکەسی و هەم مافی خاوەنداریی بەکۆمەڵ سنووردار دەکاتەوە.
٢.٢. بیردۆزەکانی ڕەزامەندی و خاوەندارێتی: جۆن لۆک (1704-1632)
کەڵکەڵەی سەرەکیی جۆن لۆک پاساودانی حکوومەتێکی دەستووریی سنووردار (ڕێزگر لە مافەکان) بوو، و هەروەک گرۆتیوس و پوفێندۆرف پەنا دەباتە بەر ڕەزامەندی. ئارگیومێنتی لۆک سەرەتا بە بەرگریکردن لە ئایدیای مافە سروشتییەکان بۆ خاوەندارێتی دەستی پێکرد، کە لەسەر بنەمای گرنگیی بنەڕەتیی خاوەندارێتیی تایبەت و تاکەکەسی بۆ مومارەسەی ئازادی –واتە بۆ توانایی کەسەکان بۆ بەشداربوون لە پرۆژەگەلی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵدا– بونیاتی نا. دەیگوت تاکەکان دەتوانن موڵکوماڵ و سامان لە زەوی و شتە ماددییە دەرەکییەکانی تردا بە «ئاوێتەکردنی ڕەنج و ئیشیان» لەگەڵیدا و بەم پێیە بە پێشخستن و پەرەپێسەندنی، کۆ بکەنەوە و دەست بخەن (Locke ST: V,27). پاشان ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو سەختی و گرفتانەی وەها ڕێکخستنێک بە شوێن خۆیدا دێنێت تەنیا دەکرێت بە سازدانی دەسەڵاتێکی دادوەری بۆ بەڕێوەبردنی ئەو خەڵکانە و پارێزگاری لە مافەکانیان چارەسەر بکرێن. لۆک دەڵێ تاکەکان لە دۆخی سروشتیدا، یان ئەو کەسانەی کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ یەک نییە (وەک بنەماڵەکان)، کە زۆربەیان موڵکوماڵ و زەوییان هەیە، لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە تا دەوڵەتێک بۆ پارێزگاری لە مافەکانیان پێک بهێنن. ئەوان ڕەزامەندییان لەسەر حوکمڕانیی زۆرینە، گوێڕایەلی و ملدان بە یاسا و پشتگیری لە یاسا (لە چوارچێوەی سنوورەکانی یاسای سروشتیدا) دەبێت و گرنگتر لەمانەش، ڕەزامەندییان لەسەر جێکردنەوە و تۆمارکردنی خاوەندارێتیی بەرهەق و ڕەوای زەوییان لەناو ئەو خاکەدا دەبێت کە حکوومەت دەسەڵاتی دادوەریی بەسەردا هەیە. لۆک بەرپاکردنی دەسەڵات بەسەر تاکەکاندا و دەسەڵات بەسەر خاکدا بەم شێوەیە پێکەوە گرێ دەداتەوە:
بۆیە بە بۆنەی هەمان یاساوە، کە هەر کەسێک کە بەر لەمە کەسێکی ئازاد بووە، خۆی لەگەڵ سیستەمێکی بەرژەوەندیی هاوبەشدا یەک دەخات؛ و بەپێی هەمان یاسا، موڵکوماڵەکەیشی کە پێشتر ئازاد بووە دەخاتە سەر هەمان سیستەم؛ و بەم شێوەیە ئەوان، هەردووکیان، واتە کەس و موڵکوماڵ دەبن بە پاشکۆی حکوومەت و دەسەڵاتگێڕیی ئەو سیستەمەی بەرژەوەندیی هاوبەش، تا کاتێک کە ئەو سیستەمە هەبێت. (Locke ST: VIII, 120)
دوو چەشن پاساودان بۆ دەوڵەت هەیە: یەکەمیان کارکردگەرایانەیە، بەم شێوەیە کە چێکردنی دەسەڵاتی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی دۆخی سروشتی لانیکەم لە پەیوەندی لەگەڵ پارێزگاری لە مافە سروشتییەکانی خەڵکدا پێویستە؛ و ئەوەی تریان ڕەزامەندییە، بەم شێوەیە کە وا دەخەمڵێندرێت کە خەڵک لە دۆخی سروشتیدا قەناعەت بە دامەزراندنی نەزمێکی سیاسی دێنن، واتە دەقێکی یاسایی کە ئازادیی سروشتیی مرۆڤ لەگەڵ ملدان بە دەسەڵاتی هاوبەش یەکانگیر دەکات. بە گوێرەی ئەم ئارگیومێنتە، مافی سروشتی بۆ خاوەندارێتی وەک لەپێشتر و فاکتەرێکی بەر لە دەوڵەت بیری لێ دەکرێتەوە، و کۆڵەکە و توخمێکی پێکهێنەری بنەڕەتی بۆ پاساودانی پانتایی دەسەڵاتی دادوەریی دەوڵەتە. بیردۆزی لۆک بە بەستنەوەی مرۆڤ و زەوی بەیەکەوە بەر لە دروستکردنی دەسەڵاتی سیاسی، دەتوانێت پانتایی و چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەری ڕوون بکاتەوە. سنوورەکانی دەوڵەت لەگەڵ سنووری ئەو موڵک و زەویوزارانە یەکانگیرە کە خاوەن موڵکە تاکەکەسییەکان لە کاتی دروستبوونی کۆمەڵگەی سیاسیدا بەیەکیانەوە لکاندوون و یەکپارچەیان کردوون.
ئەگەرچی ئەم بیردۆزە توانای شیکردنەوەی ئەوەی هەیە کە چلۆن دەکرێت دەسەڵاتی دادوەریی ڕەوا بەسەر پارچە زەوییە جیاوازەکاندا بچەسپێندرێت، بەڵام پێدەچێت ئەمانە بەهۆی ئەو زەوییانەی ناڕازییەکان و دژبەرەکان خاوەنیانن یان لانیکەم بەهۆی سنوورە لێک جیا و نابەردەوامەکان خەلەلیان تێکەوێت. ئەمەش بەو واتایەیە کە بیردۆزەکە لە پاساودانی دەسەڵاتی دادوەریی یەکگرتوو و یەکپارچەی دەوڵەتانی سەرزەمینی تەنیا تا ئاستێک دەتوانێت کەڵکی هەبێت، چونکە حوکمی یاساکە بەسەر هەموو ئەوانەی لەناو سنوورە دەرەکییەکاندان جێبەجێ دەکرێت لە کاتێکدا کە هیچ زەوییەک لەناو ئەو سنوورانەدا نییە کە بێخاوەن یان بێڕەزامەندی بێت. بە واتایەکی تر، ئەم ئارگیومێنتە مافی سەرزەمینی بەو شێوەیەی ئێمە دەیزانین پاساو نادات، یانی بە جۆرێک کە مافە سەرزەمینییەکان و بەتایبەتی دەسەڵاتی دادوەری بەبەردەوامی و بە شێوەیەکی یەکسان لە سەرانسەری خاکدا جێبەجێ بکرێن و بچەسپێندرێن. ئەمە خۆی لە خۆیدا خەوش و کەمایەسی نییە. نابێت بیردۆزی نۆرماتیڤ وەک ناوەرۆک و مەبەستێک بۆ پاساودانی مومارەسەکانی هاوچەرخ بزانین. بەڵام ئەمە تا ئەو شوێنەی کە پێناچێت لەگەڵ بەجێهێنان و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری بگونجێت کێشە و گرفتێکە و کاریگەربوون و کارامەییش توخمێکی گرنگی ئارگیومێنتی لۆک بوو بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارە کە بۆچی تاکەکان هەوڵ دەدەن نەزمێکی سیاسی چێ بکەن کە لە پلەی یەکەمدا دەسەڵاتی بەسەریاندا هەبێت و هەروەها بتوانێت بە شێوەیەکی پێویست پارێزگاری لە مافە سروشتییەکانیان بکات.
٣.٢. بیردۆزەکانی دادپەروەری: ئیمانوێل کانت (1804-1724)
لە هەندێک ڕووەوە، ئارگیومێنتە کانتییەکان بۆ مافە سەرزەمینییەکان ڕێک پێچەوانەی ئارگیومێنتەکانی لۆکن. کانت پاساوێکی گشتی لە دەوڵەت دەخاتە ڕوو کە تێیدا دەوڵەت بۆ بەدواداچوونی دادپەروەری پێویستە، بەڵام پاش ئەوەی پیشانی دا کە دەوڵەت بۆ دادپەروەری پێویستە، ئەم ئارگیومێنتە لە ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتە کە کام پارچە لە خاک دەبێت سەر بە کام دەوڵەت بێت تووشی گرفت دێت.
کانت سەرەتا بەو واتایە داکۆکی لە مافی دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنی شتەکان دەکات کە بێژی ئەو مافە خۆی لە مومارەسە و جێبەجێکردنی ئازادیی تاکەکەسیدا دەردەخات و هەر ئەمە پاساویشی دەدات. پاشان ئاماژە بەوە دادات کە سڕینەوەی ئیمکانی بەکارهێنانی گشتی و بەهاوبەشیی شتەکان ڕێ لە خەڵکانی تر دەگرێت کە لەو شتانەی پاوان کراون بەرهەمەند ببن، و لەبەر هەندێ ئەم مومارەسە تاکلایەنەی ئازادیی تاکێک لەگەڵ مومارەسەی ئازادیی کەسانی تردا ناگونجێت و دژیەکە. بۆیە تاکە ڕێگای دەربازبوون لەم گرفت و ئاستەنگە لە ڕێگای دانپێدانان و بەفەرمیناسینی فرەلایەنەی «مافەکانی خاوەندارێتی» (کە مەبەستی ڕێککەوتنە لەسەر پابەندبوون بە ڕێزگرتن لە دەستەبەرکردن، ڕاگواستن و بەکارهێنانی شتەکان لە جیهانی دەرەوەدا) و دامەزراوەکانی دادپەروەری بۆ چەسپاندن و جێگیرکردن و جێبەجێکردنی ئەم مافە فرەلایەنانەیە. ئەمە ئارگیومێنتێک دەخاتە ڕوو کە چما ئەو کەسانەی لە نزیک یەکترەوە دەژین و بەم هۆیەوە ناتوانن خۆیان لە کارلێککردن بەدوور بگرن، لە ڕووی ئەخلاقییەوە پابەندن کە بچنە ناو دۆخی مەدەنی و دان بە دەسەڵاتێکی سیاسی بنێن کە یاسا زۆرەملێیەکەی دەتوانێت مافەکانی خاوەندارێتییان مسۆگەر بکات. بە گوێرەی لێکدانەوەی کانت، هەموو کەسێک لە دۆخی سروشتیدا ئەرکی لەسەرە کە «دۆخی بێبەریبوون لە دادپەروەری» بەجێ بهێڵێت و بە «دۆخی دادپەروەرانە و بەرهەق» شوێنی بگرێتەوە.
ئەم بیردۆزە سەرکەوتووانە مومارەسەی دەسەڵاتی دادوەری پاساو دەدات –لە ڕاستیدا، ئەم ئارگیومێنتە کە ئێمە ملکەچ و گوێرایەڵی دەسەڵاتین چونکە بۆ دادپەروەری پێویستە دەشێت بەبڕشتترین و قایلکەرترین پاساوی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت کە خراوەتە ڕوو. بەڵام هاوکات هەندێ کێشە و گرفت لەبەردەمی ئەم بیردۆزە هەن تا بتوانێت ڕوونی بکاتەوە و پاساوی بدات کە بۆچی ئەو دەسەڵاتە بەسەر هەندێک ناوچەی تایبەتی زەویدا دادەسەپێندرێت. هەنگاوێکی ساکار و ئاسایی بۆ ئەم جۆرە ئارگیومێنتە ئەوەیە کە پەنا بباتە بەر بنەمایەکی نزیکایەتی تا مەڵبەندێک دیاری بکات کە تێیدا خەڵک بەناچاری کاریگەریی دوولایەنە و کارلێکیان لەگەڵ یەکتر هەیە و پاشان ڕوونی بکاتەوە کە چما ئەو خەڵکەی لە نزیک یەک دەژین دەبێت لەژێر هەمان دەسەڵاتدا بن، چونکە ئەگەری زۆرە تووشی ناکۆکی ببن (Waldron 2009). سەرەڕای ئەمە، بەو پێیەی گەلێک مەڵبەندی ڕێتێچوو بە کارلێکی ڕێتێچوو هەیە، ئەم ئارگیومێنتە لەو حاڵەتانەی کە لە نێوان گرووپێک لە کەسانی نزیک لەیەک کە لە پرۆسەی دروستکردنی دەوڵەتی Aدان و گرووپێکی دووەم کە خەریکن دەوڵەتی B دروست دەکەن ڕاوەستاوین و هاوکات هەندێک لە ئەندامانی گرووپی ئێمەش بە شوێن دروستکردنی دەوڵەتی Cدان، پێمان ناڵێت دەبێت پەیوەست بە کام یەکەی سەرزەمینییەوە ببین (Miller 2011). ڕوونە کە پێویستە بچینە ناو کۆمەڵێکی سیاسییەوە بۆ ئەوەی لە دۆخێکی بێیاساییدا نەبین. و لە ڕاستیدا وا دیارە کە هەموو ڕکابەرکان دەشێ ڕەوایی ئەوەیان هەبێت کە پاڵ بە ئێمەوە بنێن تا بچینە ناو کۆمەڵی سیاسیی ئەوان، بەڵام ئەوە نادیارە کە کام کۆمەڵی سیاسی دەبێت دەسەڵاتی بەرهەقی بەسەر ئێمەدا مومارەسە بکات. ئارگیومێنتی کانت تەنیا بە هانابردنە بەر هەندێک سەرنج و تێڕامان کە دەکەونە دەرەوەی بازنەی خودی بیردۆزی کانتی، خۆی لە باس و تاوتوێی ئەم کێشە و ئاستەنگە دەبوێرێت: ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک وەک ڕاستییەکی ئەزموونی دەخوازن کە بە شێوەیەکی سروشتی بە گوێرەی هێڵە زمانی و ئایینییەکان دابەش بکرێن و گرووپ پێک بێنن و ئەندامێتی لەم گرووپە کولتوورییانەدا بۆ پێناسەکردنی مەڵبەندە تایبەتەکانی دەسەڵاتی دادوەری یارمەتیدەرە (Kant PP: I, first supp., para. 2). ئەم گریمانە ئەزموونییە یارمەتیی کانت دەدات تا لەوەی ڕەنگە وەک لۆژیکی جیهان-نیشتمانیی لێکدانەوە و شرۆڤەکەی بێتە بەرچاو ڕزگاری ببێت و ڕا بکات: بەبێ پەنابردنە بەر ئەو ڕاستییە تەواو نادیار و شیمانەییە کە ڕا و حەزی خەڵک لەسەر ئەوەیە کە لە ڕووی سیاسییەوە هاوبەش و یەکگرتوو و گرێدراوی کەسانێک بن کە لە ڕووی ئایینی و کولتوورییەوە لەگەڵیان هاوشێوەن، وا پێدەچێت کە لۆژیکی باس و شرۆڤەکەی گشتگیر و گەردوونی بێت. گەرچی کانت خۆی هۆکارگەلێکی جۆراوجۆر بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەتێکی جیهانی دەخاتە ڕوو (Kant MM: II; 53–61)، بەڵام ڕوون نییە کە ئەم هۆکارانە لەگەڵ لۆژیکی بیردۆزی ئەو یەک بگرنەوە و بگونجێن.
بێ گومان دەکرێت شرۆڤە و لێکدانەوەی گەردوونیی کانتییانە سەبارەت بە دەسەڵاتی دەوڵەت قبووڵ بکرێت، بەڵام پێویستە هەندێک بنەمای تەواوکەر و پاشکۆ کە بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی دەسەڵاتە تایبەتەکان یاریدەدەرن بەو لێکدانەوەیە زیاد بکرێت. بەڵام ئەگەر ئەو بنەما تەواوکەر و لاوەکییانە زۆرتر لە بنەماکانی ئاسوودەیی و حەساوەیی یان پەسندکردنی دۆخی هەنووکەیی بن، کە هەردووی ئەمانە کێشەنەرەوە و ئاڵۆزن، ئەوا بەو مانایەیە کە بیردۆزی کانت ناتوانێت شرۆڤەیەکی سەرکەوتووی سەربەخۆ بێت، بەڵکوو دەبێت لەگەڵ باس و شرۆڤەی تردا ئاوێتە بکرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بیردۆزی کانت پاساوێکی سەرکەوتوو بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت دەدات بە دەستەوە بەڵام پێویستی بە شیکارییەکی ترە تا بتوانێت خاکی تایبەت و دیاریکراوی هەر دەوڵەتێک پاساو بدات.
٣. بیردۆزە هاوچەرخەکانی خاک
زۆربەی تیۆریستە هاوچەرخەکانی خاک بیردۆزەکانیان لەسەر ئارگیومێنتە مێژووییەکانی گرۆتیوس و پوفێندۆرف، جان لۆک و کانت بونیات دەنێن یاخود تێکەڵەیەک لەم لێکدانەوە مێژووییانەن. هەندێکیان –وەک ڕیسە لە پەیوەندی لەگەڵ گرۆتیوس، ستیلز لە پەیوەندی لەگەڵ گرۆتیوس و کانت، نینە لە پەیوەندی لەگەڵ پوفێندۆرف و لۆک، سیمۆنز لە پەیوەندی لەگەڵ لۆک، و والدرۆن و یپی لە پەیوەندی لەگەڵ کانت– بیردۆزی خۆیان بەڕوونی لەسەر بنەمای تیۆریستەکانی پێشووتر دامەزراندووە و ڕێچارەیان بۆ ڕەواندنەوەی کۆمەڵێک لەو گیروگرفتانە پێشنیار کردووە کە ببوونە تەحەدایەک بۆ ئەو لێکدانەوە ماکەی کە بنەمای کارەکانی وان بووە. هەندێکی دیکەیان –وەک میلەر لە پەیوەندی لەگەڵ بیردۆزی ناسیۆنالیستیدا– وەشانێکی فەلسەفی لە بیروباوەڕێکی ناسیۆنالیستیی باو لە پەیوەندی لەگەڵ نیشتماندا پێشکەش دەکەن کە ڕەگوڕیشەی مێژوویی لە سەدەی نۆزدەیەمدا هەیە بەڵام بێبەش لە داکۆکییەکی ڕوونی فەلسەفی بوو. لێکدانەوە هاوچەرخەکان کە مافە سەرزەمینییەکان لەسەر بنچینەی چارەیخۆنووسین و گەلایەتی بونیات دەنێن بە گوێرەی لێکدانەوەکانی تاکە تیۆریستێکی دیاریکراو نین، هەرچەندە ئەم وتارە هەوڵ دەدات کە هەڵگری مافی سەرزەمینی و بەهای پاساودەرانە بە شێوەیەک پێناسە بکات کە خۆی لە بڕێک لە کێشەکانی تیۆریستەکانی پێشوو بەدوور بگرێت.
١.٣. وەشانی نوێکراوەی بیردۆزەکانی یاسای سروشتی
هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، یەک لە کێشە سەرەکییەکانی لێکدانەوەی گرۆتیوس لە خاک ئەوەیە کە نەیتوانیوە پانتایی دەوڵەت ڕوون بکاتەوە. دەسەڵاتی دادوەری لەسەر بنەمای خاوەندارێتی بوو بەڵام خاوەندارێتی بە شێوەیەکی تەوسیفی پێناسە دەکرا: گرووپێک دەیتوانی لە ڕێگەی هێزەوە یاخود لە ڕێگەی ئیدعای گشتییەوە ببێتە خاوەنی زەوی، بەڵام ڕوون نەبوو چلۆن پانتایی یا بوار و ڕووبەری ئەو خاوەندارێتییە بە شێوەیەکی نۆرماتیڤ دیاری دەکرا یاخود چلۆن دەتوانرا سنووردار بکرێت. ماتیاس ڕیسە، یەک لە لایەنگرە سەرەکییە هاوچەرخەکانی گرۆتیوس، هەوڵ دەدات لێکدانەوەی گرۆتیوس بە پەرەپێدانی بنەمایەک یان کۆمەڵێک بنەما کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە داڕێژراون نوێ بکاتەوە.
ڕیسە لە زنجیرە وتارێکدا کە لەگەڵ مایکڵ بلەیکدا نووسیونی و لە کتێبێکدا بە ناونیشانی دادپەروەریی جیهانی و خاوەندارێتیی هاوبەشی زەوی، دەڵێت کە تێگەیشتن و تێڕوانینی سەرەکیی گرۆتیوس ئەوەیە کە مومارەسە دامەزراوەییەکانمان دەبێ ڕەنگدانەوەی «ئایدیای سەرەکیی» خاوەندارێتیی هاوبەش بێت، «واتە هەموو خاوەنە هاوبەشەکان پێویستە دەرفەتی یەکسانیان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان تا ئەو ڕادەیە هەبێت کە دەگاتە ئەو سەرچاوانەی کە خاوەنی بەکۆمەڵیان هەیە.» (Risse 2012; 2014: 112)
پاشان باس لە کەمایەسیی سەرەکیی بیردۆزی خاکی گرۆتیوس دەکات: پێشنیاری سنووردارکردنی پانتایی خاوەندارێتی دەکات، بە شێوەیەک کە ئەو مەودایەی دەستی بەسەردا دەگیردرێت بەو مەرجە سنووردار دەکاتەوە کە لە گۆشەنیگایەکی جیهانییەوە پاساودراو بێت. پێشنیاری دیاریکراوی ڕیسە بنەمایەکی هاوڕێژەییە بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە هەر گرووپێک تا چەندە شایەنە و لەسەر هەقە کە بەهرەمەند بێت. گرۆتیوس خۆی پشتگیریی هاوڕێژەیی نەدەکرد بەڵام باوەڕی بە خاوەندارێتیی هاوبەش کە مافێکی پێویستی و ناچاریی لەگەڵ بێت هەبوو، کە ڕیسە دەبێژێت کە ئەوە ئەم مافە جیاکەرەوە و دیاریکەرە دەگەیەنێت کە هەر تاکێک مافی هەیە کە «یان (لە تێگەیشتنە بەرتەسکەکەیدا) لە سەرچاوەکان و شوێنەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی کەڵک وەرگرێت یاخود لە کۆمەڵگەیەکدا بژیت کە لەو دەرفەتە بێبەش نەکرێت کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی بە شێوەیەک دابین بکات کە لە حاڵەتی بەدەر لەمەدا دەکرا لە ڕێگەی سەرچاوە و شوێنە ماکەکانی پێش ئەو گۆڕانکارییە دابینیان بکات.» (Risse 2014: 112)
بنەمای هاوڕێژەیی چلۆن کار دەکات؟ ئایدیاکەی ئەمەیە کە دەکرێت کۆچبەران لەو دەوڵەتانە یاخود ئەو ناوچانە لە جیهان کە تێیاندا خەڵک لەڕادەبەدەر (یاخود لە ئاستێکی مامناوەند) کەڵک لە سەرچاوەکان وەردەگرن دوور بخرێنەوە، بەڵام ناتوانرێت لەو ناوچانە دوور بخرێنەوە کە تێیاندا سەرچاوەکان لە ئاستێکی کەمدا بەکار هێنراون. ئەمەش باس و دەمەتەقەیەکی تا ڕادەیەک تەکنیکی دێنێتە ئاراوە کە چ شتێک پێوەرەکانی «زیاد بەکارهێنان» و «کەم بەکارهێنان» پێک دێنێت، بۆ ئەم مەبەستە تۆکمەترین و گونجاوترین فۆرمولەکردن ئەوەیە کە کاتێک کە ڕێژەی دانیشتووانی دەوڵەتێک بە نیسبەت بەهای سەرچاوە سروشتییەکانی بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی تر نزم بێت دەکرێت بە «کەم بەکارهێندراو» دابندرێت، و کاتێک ئەم ڕێژەیە بەرز بێت بە «زۆر بەکاهێنراو» دادەنرێت (بڕوانە Blake & Risse 2008; Risse 2012: 158–166).
ڕەخنەگرانی ئەم ڕوانگەیە دەڵێن کە کێشەیەکی زۆر بنەڕەتی لەمەڕ بنەمای هاوڕێژەیی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە خەڵک بە گەلێک ڕێگە و شێواز کارلێکیان لەگەڵ شوێن هەیە کە دەبێ لە بیردۆزێکی دادپەروەریی سەرزەمینیدا ڕەچاو بکرێن، بەڵام ئەم بنەمایە لە هەمبەر ئەم شێوازانەی کارلێک کەمتەرخەمە و پشتگوێیان دەخات. بنەمای هاوڕێژەیی پشت بە تێڕوانینێکی یەکدەست و یەکپارچە و لێکدانەبڕاو بۆ سەرچاوەکان وەک ئەوەی لە جیهاندا هەن دەبەستێت، و بەم پێیە پرسیارەکانی خاوەندارێتی و دادپەروەریی دابەشکاری دەورووژێنێت. ئەمە «سەرچاوەکان» بە هاوتا و هاوسەنگی شتانی سروشتی کە دەکرێت بخرێنە ژێر پەیوەندییەکی خاوەندارێتی دادەنێت. هەردووی کۆلەرز (2009) و مۆر (2012، 2015) ئاماژەیان بەوە کردووە کە تێگەی «سەرچاوە» بۆ جۆرێکی سروشتی و خۆماکی ناگەڕێتەوە، بەڵکوو توخمێکی گرنگی پەیوەندییانە لەخۆ دەگرێت. بە جۆرێک کە شتێک بەوەی بە شێوەیەکی ئامرازی سەیر بکردرێت لە حاڵەتی بوون وەک بەشێک لە جیهانی سروشتی بۆ حاڵەتی بوون بە سەرچاوەیەک دەگۆڕدرێت، و ئەم تایبەتمەندییە پەیوەندییانەیە بەشێکە لەوەی کە چلۆن سەرچاوەکان لەو شتانەی لە جیهانی فیزیکیدا هەن و بە سەرچاوە بە هەژمار نایەن جیا دەکەینەوە و دیاری دەکەین. ئەمە واتە ئەوەی بە سەرچاوە دێتە هەژمار لە ڕووی مێژوویی، کولتووری و تاکایەتییەوە گۆڕاوە. شتێک دەشێ بۆ کەسێک یان گرووپێک سەرچاوە بێت چونکە ئامرازێکە بۆ دابینکردنی ئامانجەکان و پێداویستییەکانی، بەڵام هاوکات بۆ کەسێکی تر سەرچاوە نەبێت چونکە ئەو کەسە وەک ئامراز لەو شتە ناڕوانێت. بۆ نموونە، هۆزی سووی لاکۆتا [هۆزێکی سوورپێستەکان] باوەڕیان وایە کە بلەک هیڵز [گردە ڕەشەکان] پیرۆزن، واتە وەک ئامرازێک سەیریان ناکەن. کاتێک لە ساڵی 1980دا بڕیاری دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان بە لای واندا شکایەوە بەوەی کە دەبێت بەهۆی زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی زەوییەکانییان قەرەبوو بکرێنەوە، ئەوان ئەو بڕیارەیان ڕەت کردەوە: چونکە قەرەبووکردنەوەیان گەرەک نەبوو، بەڵکوو دەیانهەویست پرۆژەی دەرهێنانی کانگاکان بوەستێت. ئەمە کێشەی بنەمای هاوڕێژەیی و خاوەندارێتیی هاوبەش پیشان دەدات: ئەمەی کە لاگیری و حەزە بەرەو بەکارهێنانی چڕوپڕ و لەڕادەبەدەر بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووان. ئەمە بە هەڵە وای دادەنێت کە لە هەمان ڕوانگەی ئامرازییەوە لە هەموو شتەکانی جیهانی سروشتی دەڕوانین، بە شێوەیەک کە بیرۆکەکانی دان و ستاندن، قەرەبووکردنەوە و بەهای بەکارهێنان بەپانەوە دەستەواژەگەلێکی کارپێکراو، گونجاو و بێلایەنن بۆ ئەوەی کەڵکیان لێ وەربگێردرێت. ڕەخنەگران دەڵێن ئەوەی پێویستە کۆمەڵێک بنەمایە بۆ بڕیاردان لەسەر ئیدعا سەرزەمینییەکان کە باشتر ڕێز لە لەگۆڕانهاتوویی کولتووری لە پەیوەندی لەگەڵ زەویدا دەگرن.
هەروەها کارا نینە بە تەرکیز لەسەر بیردۆزی ساموێل پوفێندۆرف نەریتی یاسای سروشتیی نوێ کردووەتەوە. لە زنجیرە وتارێکی بەناوبانگ و کتێبەکەیدا کە لە ساڵی 2012دا بڵاو کرایەوە، پشتی بە لێکدانەوە و ڕاڤەیەکی تایبەت لە ئارگیومێنتەکانی لۆک بەستووە، بەڵام لەم دواییانەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئارگیومێنتی یاسای سروشتی / خاوەندارێتیی هاوبەشی پوفێندۆرف بۆ بیرکردنەوەمان سەبارەت بەوەی ئێستا وەک سامانە هاوبەشەکانی جیهانی لێی دەڕوانین ئاگاییدەر و بەسوودە. نینە ئۆقیانووس وەک سەرچاوە و سامانێکی گشتی و کەیسێکی هەڵسانگاندنی ئیدعا ڕکابەرەکان لە ئاوەکانی جەمسەری باکوور شەنوکەو دەکات و لێی دەکۆڵێتەوە (Nine 2019). دەڵێت کە پەنابردنی پوفێندۆرف بۆ ڕێککەوتنە کۆنەباوەکان و سیستەمێکی دەسەڵاتگێڕیی بەکۆمەڵ لەوانەیە باشترین ڕێگە بێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئاخۆ بەرژەوەندییەکی ڕاستەقینە لە بەکارهێنانی تەرخانکراوانە و پاوانخوازانەی شتێک (کە بەم شێوەیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئیدعاگەلی خاوەندارێتیی لێ دەکەوێتەوە) و ڕۆڵی گوشاری زۆرەملێ لە حوکمدان و بڕیاردانی دادوەری لە نێوان ئیدعا ڕکابەرەکاندا هەیە یان نا. نینە دەڵێت لێکدانەوەی کۆمەڵایەتی، کۆنەباو و بەکۆمەڵیتری پوفێندۆرف لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ جیهان باسێک سەبارەت بە سنوورە زاتی و خۆماکییەکانی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لەخۆ دەگرێت. لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەدات کە بانگەشەکان بۆ خاوەندارێتیی سەرچاوە و سامانە گشتییەکان لە سێ ڕووەوە سنووردارن: پێویستیی خۆبواردن لە زاڵبوون لە نێوان بانگەشەکاران، بەم شێوەیە هەل و بەستێن بۆ وتووێژ و دانوستان لە نێوان بانگەشەکاران لە ڕەوش و پێگەیەکی یەکسانەوە دەڕەخسێت؛ تەکینەوە لە چڵێسی و تەماح؛ و خۆلادان لە دەستبەسەرداگرتن و بوونە خاوەنی ئەو شتەی کەسانی تریش بەکاری دێنن، کە بە واتای داننان بە پێداویستییەکان، دەروەستییەکان و چاوەڕوانییەکانی ئەوانی دیکەیە (هەروەها بڕوانە Mancilla 2012). گەرچی ئەمە وەک بیردۆزێکی کامیلی سەرزەمینی نەخراوەتە ڕوو، بەڵام پیشاندەری جیاوازییە وردەکانی نێوان هەندێک لە شیکاران و لایەنگرانی ئەم نەریتە و ئەو شێوازەیە کە ئەو تێگانەی کە ئەوان دەکاریان دەخەن دەکرێت بۆ کێشە و گرفتەکانی هاوچەرخیش بەسوود بن و بەکار بهێندرێن. هەروەها ئاماژەیە بە شرۆڤە و لێکدانەوەیەکی کۆنەباو سەبارەت بە سنوورەکانی وەها مافگەلێک، کە بە گوێرەی ئەو لێکدانەوەیە عورف و دابونەریتەکان دەبێت بەرامبەر بە پێگەی یەکسانی لایەنەکان، پێویستییەکانیان و دەروەستییەکانیان هەستیار بن و بایەخی پێ بدەن. نینە پاشان باس لەوە دەکات کە چلۆن ئەمە دەکرێت بۆ ئەو شوێنانەی کە بە بەشێک لە سامانە گشتی و هاوبەشەکانی جیهانییان دەزانین و هەروەها لێکەوتەکانی بۆ بیردۆزێکی تێکەڵاو (تێکەڵاوی کۆنەباو و نەریت لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەکان) لەمەڕ سنوورەکان بەکار بهێندرێت.
٢.٣. بیردۆزەکانی ڕەزامەندی و خاوەندارێتیی سروشتی
ناکۆکی و مشتومڕێکی ناوخۆیی زۆر لە نێوان ئەو تیۆریستە هاوچەرخانەی ئیلهامیان لە لۆک وەرگرتووە سەبارەت بە تێگەیشتنی گونجاو لە ئارگیومێنتی لۆک و ئەوەی کە تا چەند لۆک لە بەرامبەر هەندێک لە بەرهەڵستی و ڕەخنە ستانداردەکان لاواز و لەرزۆکە هەیە. یەک لەو بەرهەڵستی و ڕەخنانە کە هاتبووە ئاراوە کە دەشێ ناوی بنێین بەرهەڵستیی پەنیری سویسی بەم شێوەیەیە: پێ ناچێت ئارگیومێنتێکی ڕەزامەندی بتوانێت پاساوی ئەو کۆنترۆڵە سەرزەمینییە یەکدەست و یەکپارچەیە بدات کە لە دەوڵەتێک چاوەڕێی دەکەین. تاقمێک لە تیۆریستە لۆکییەکان وەک هیلێل شتاینەر (1996: 144) دان بەوەدا دەنێن کە ئەمە بە لێکەوتەیەکی بیردۆزی لۆک بزانن، بەڵام ڕەتی دەکەنەوە کە ئەمە گرفتێکە، یاخود بە هەر شێوەیەک بێت گرفتێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوە نییە. بەڵام جۆن سیمۆنز باس لەوە دەکات کە هەودا کارکردییەکە لە بیردۆزی لۆکدا ڕۆڵێکی پڕبایەخ و گەورەی هەیە، بە جۆرێک کە «کاتێک خەڵک ڕەزامەندییان بۆ چێکردن و پەیوەستبوون بە کۆمەڵگەیەکی سیاسی دەردەبڕن، ڕەزامەندیی ئەوان بە شێوەیەکی ئاسایی دەبێ وەک ڕەزامەندی لەسەر هەر پلان و ڕێکخستنێک بە هەژمار بێت کە بۆ سازدانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیری ئارام پێویستە.» (Simmons 2001: 313)
بەپێی ئەم ڕوانگەیە، ئارگیومێنتی لۆک ئەو سەرچاوە تێگەییانەی هەیە کە توانایی خاوەن موڵکوماڵەکان بۆ دەرچوون یان فرۆشتنی زەوییەکانیان بە خەڵکانێک کە دەسەڵاتی دادوەریی سەروەریان قبووڵ نییە بەرتەسک بکاتەوە، و هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات کە گشت خاوەن زەوییەکانی داهاتوو پابەندی دەروەستییەکانی ئەندامێتیی دەوڵەت دەبن. بەم شێوەیە سیمۆنز پێی وایە کە ئارگیومێنتی لۆک دەتوانێت دوو لە گرنگترین ئاخێزگەکانی نایەکدەستی و نایەکپارچەیی وەڵام بداتەوە و چارەسەر بکات.
هەرچۆنێک بێت ڕاڤەیەکی دژبەری ئەمەش لە بیردۆزی لۆک هەیە کە لە لایەن باس ڤان دێر ڤۆسن (2015) داڕێژراوە، کە بەپێی ئەم ڕاڤەیە سنوورە دەرەکییەکانی دەوڵەتان بە بەرهەم و لێکەوتەی ڕەزامەندیی نێوان خودی دەسەڵاتە سەروەرەکان ڕەچاو دەکرێن، و بەم شێوەیەش ئارگیومێنتێکی دوو قۆناغی بۆ مافە سەرزەمینییەکان دێتە ئاراوە. بەڵام ڕوون نییە کە گەلۆ ئەم ڕاڤەیە دەتوانێت بەسانایی لەگەڵ تایبەتمەندیی دیاریکەری شرۆڤەی لۆک کە ئایدیای ڕەزامەندیی خاوەن موڵکوماڵەکان بۆ دروستکردنی خاکە بگونجێت و پێک بێت.
هەروەها وتارە سەرەتاییەکانی کارا نینە و کتێبەکەی بە ناوی دادپەروەریی جیهانی و خاک کە لە ساڵی 2012 بڵاو کرایەوە کەڵک لە بیردۆزی لۆک وەردەگرێت تا ڕوونی بکاتەوە کە چلۆن دەوڵەتێک دەتوانێت مافی هەبوونی خاکێک بە دەست بهێنێت. نینە دەڵێت دەوڵەت لە ڕێگەی جێبەجێکردن و ڕاپەڕاندنی یاساکانی دەسەڵاتی دادوەری سەبارەت بە موڵکوماڵ، گرێبەست و هتد بەهای ناوچەکە دەباتە سەرێ و خاکەکەی باشتر دەکات و پێش دەخات. ئەم شێوەیە لە بەکارهێنانی بیردۆزی لۆک بۆ پاساودانی خاک لە لایەن بریکارێکی بەکۆمەڵ باسێکی یەکانگیر و بێخەوشە بەڵام بەڕوونی ڕوولەڕابردوویە و کاریگەریی ڕابردوو بە هەند وەردەگرێت: پێمان دەڵێت کە دەوڵەت لەسەر بنەمای ئەوەی ئەنجامی داوە دەتوانێت مافی بەدەستەوەگرتنی ناوچەیەکی هەبێت، بەڵام بەو پێیەی کە دەوڵەت داواکاران و ئیدعاکەرانی ڕێتێچووی تر بێبەری دەکات بەڕاستی ناتوانێت پیشان بدات کە زیاتر لە بریکارە سەرزەمینییە ڕکابەرەکانی تر هەوڵی داوە و کاری بۆ کردووە، و ئەو ئاخێزگانەیش نادات بە دەستەوە تا بە گوێرەیان لە نێوان دوو گرووپی ڕکابەر و دژبەردا بڕیار بدرێت، کە هەر کام لەو دوو گرووپە ئاواتەخوازە دەوڵەتێک لەو ناوچەیەدا دروست بکات (و بەو پێیە لەو چالاکییانەی دەسەڵاتی دادوەری کە پێشخەر و بەرزکەرەوەی بەهان بەشدار بێت). کار و توێژینەوەکانی ئەم دواییەی نینە لەسەر پوفێندۆرف و جەختکردنەوەی لەسەر ڕێککەوتنە کۆنەباوەکان لەژێر هەندێک مەرجدا لە باس لەم کێشە و گرفتە چڕ بووەتەوە.
جۆن سیمۆنز لە کتێبی سنوورەکانی دەسەڵاتدا (2016) بیردۆزێکی خۆئاگایانەتری لۆکییانە لەمەڕ خاک پێشکەش دەکات. سیمۆنز گازندە دەکات کە گشت بیردۆزە سەرزەمینییەکان –بیردۆزە ناسیۆنالیستییەکان، بیردۆزەکانی چارەیخۆنووسین و بیردۆزەکانی دادپەروەری– گەرەکیانە وەشانێک لە تێزی لەبریدانان و جێگرتنەوەی واڵدرۆن (1992) قبووڵ بکەن کە بۆچوونێکە پێی وایە کە مافە مێژووییەکان (بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی) بە تێپەڕبوونی کات لاواز دەبن. سیمۆنز ئەم بۆچوونە ڕەت دەکاتە و وەکوو لۆک دەڵێت کە هەر دەسەڵاتێکی سیاسی بۆ ئەوەی بەرهەق بێت دەبێت لەسەر ڕەزامەندی بونیات نرابێت. ئەو پێی وایە خەڵکانی ڕەسەن دوو جار و لە دوو سەرەوە ستەمیان لێ کراوە، چونکە نەتەنێ ڕەزامەندییان لەسەر دەوڵەت نەبووە، بەڵکوو ئەو موڵکوماڵەی بەکۆمەڵ خاوەنی بوون بە ناهەق دەستی بەسەردا گیراوە و خراوەتە سەر لایەنی تر. ئەم هێڵە ئارگیومێنتە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان شوێنکەوتووانی لۆک (کە ئارگیومێنتێکی مێژووییان سەبارەت بە دادپەروەری هەیە) و تیۆریستەکانی تر ئاشکرا دەکات. شوێنکەوتووانی لۆک زیاتر وا بیر دەکەنەوە کە مافی خاوەندارێتیی شتەکان –لەوانەش مافی خاوەندارێتیی زەوی– بە میرات دەمێنێتەوە و ڕادەگوێزرێت و بە نەمانی خاوەن مافە تایبەتەکان و دەستدرێژیکەران یان کاتێک ئەو موڵکوماڵەی هەیانە بە ناهەق لێیان دەستێندرێت، لەناو ناچێت و دەمێنێتەوە.
بەڵام دەتوانین بڵێین کە ڕوانین و هەڵوێستی سیمۆنز پێچەوانەی لۆژیک و شهوودە، چونکە زۆربەی کات لامان وایە کە تێپەربوونی کات بۆ هەبوونی مافەکان گرنگە. هەرچۆنێک بێت، ئەگەر ئەو بەرژەوەندییانەی کە هۆکار و ئاخێزگەی داڕشتن و داهێنانی مافەکانن چیتر لە ئارادا نەبن (بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی بە تێپەڕبوونی کات هاتوونەتە دی)، ئەوا پێدەچێت کە ئەمە کاریگەریی لەسەر مافەکە هەبێت (ئەو مافەی کە بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییە داڕێژراوە و داهێنراوە). ئەگەر وەک ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ بیر لە ماف بکەینەوە ئەستەمە خۆمان لەو دەرەنجامە بەدوور بگرین، کە دەشێ هەندێکیان پەیوەندییانە یا شیمانەیی بن. کێشەیەکی قووڵتر کە لەم خاڵەوە سەر هەڵدەدات ئەوەیە کە سیمۆنز لۆکگەرایی خۆی وەک «بیردۆزێکی ئایدیاڵ» پیشان دەدات. بەڵام نزیکەی هەموو ئەو شتانەی کە گرنگییان پێ دەدەین و سەرنجمان ڕادەکێشن –یەکخستنی بە ناهەقی سیاسی، دزینی زەوی و پاشان ڕاگواستنەوەی دواتری– نموونەی ئەوەن کە بیردۆزەکە ئایدیاڵ نییە، و بە تەواوی ڕوون نییە کە چلۆن دەکرێت تێڕوانینە لۆکییانەکانی سیمۆنز لە دونیای ڕاستەقینەدا جێبەجێ بکرێن. ئەمە دەرخەری ئەو بابەتەیە کە پێویستمان بە پرۆسەیەکی داوای لێبووردن کردن یان ڕێککردنەوە و ڕاستکردنەوەیە، بەڵام سیمۆنز بە تێروتەسەلی لەسەر ئەو فۆرمەی کە ڕێککردنەوە لە ئێستادا دەبێت هەیبێت ورد نابێتەوە و هەروەها ڕوونی ناکاتەوە کە چلۆن دەتوانرێت لەگەڵ ئیدعاکانی نەوەکان و وەچەکانی داگیرکەران و کۆچبەرانی بەناهەق نیشتەجێبوو یاخود دەوڵەتانی داگیرکەری پێکهاتوو لەو کۆچبەرانە بگونجێندرێت و پێک بهێندرێت.
٣.٣. لێکدانەوەکانی دادپەروەری
گەلێکن ئەو تیۆریستانەی دادپەروەری و دەروەستیی سیاسی کە ڕوانگەیەکی کانتی بۆ پاساودانی دەوڵەت دەگرنە بەر، بەڵام کەمن ئەوانەی هەوڵ دەدەن لەم بیردۆزە بۆ پاساودانی خاک کەڵک وەرگرن. ڕوانگەیەکی تا ڕادەیەک دیار و تایبەت لە لایەن ئالێن بیوکانانەوە دەربڕدراوە کە دەڵێت «ئامانجی سەرەکیی ئەخلاقیی بەخشینی دەسەڵاتی سیاسی بە قەوارەیەک دەستەبەرکردنی دادپەروەرییە...» (Buchanan 2003a: 247; Waldron 2009). پاشان ڕوونی دەکاتەوە کە دادپەروەری بریتییە لە قبووڵکردنی مافەکانی مرۆڤ، پرۆسەی یاسایی و سەروەریی یاسا. ئەم بۆچوونە لە بنەڕەتدا کانتییە زۆر یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی پێویستمان بە دەوڵەتە، بەڵام هەروەک لێکدانەوە و شرۆڤەی کانت خۆی، لە شیکردنەوەی ئەو بابەتە کە دەوڵەت دەبێ لە کوێ ئەو دەسەڵاتە بەکار بهێنێت و ڕایی بکات (کێشەی دیاریکردن) دەشەلێت. ئەمەش بە نۆرەی خۆی سێ کێشە و گەڵاڵەی جیاواز بەڵام پەیوەندیدار بە یەکترەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گرفتە بە دوای خۆیدا دێنێت.
لەبەر ئەوەی بیردۆزی کانت هیچ میکانیزمێکی ناوخۆیی نییە کە کێشەی دیاریکردن وەڵام بداتەوە، پاش ئەوەی هەندێک گرووپ یان بریکار توانیان دەسەڵاتی سیاسی دەستەبەر بکەن، بە شێوەی ڕوولەڕابردوو [بە قبووڵکردنی ئەمری واقیعێک کە هاتووەتە ئاراوە] مافەکانی بەسەر خاکدا بەو گرووپانە دەدات. پێدەچێت ئەمە بۆ بیردۆزێک کە لە ڕەهەند و ڕووەکانی تریدا بەپێی گرنگیی دادپەروەری و سەروەریی یاسا ڕێ دەپێوێت قبووڵکراو نەبێت، و ئەمە گەلێک نەگونجاو و نالەبارە بۆ بیردۆزێکی خاک کە دەبێ بتوانێت بنەماگەلێکی نۆرماتیڤ بدات بە دەستەوە کە لەو دۆسیانەی کە تێیاندا زۆرتر لە کۆمەڵێکی سیاسی ئیدعای بۆ پارچە خاکێکی دیاریکراو هەیە حوکم و بڕیار بدات.
کێشەیەکی تر ئەوەیە کە وەک بیردۆزێکی خاک زۆر چەتوون و پڕچاوەڕوانی دێتە بەر چاو. گەر دەوڵەتان تەنیا بە مەرجێک کە دەوڵەتێکی دادپەروەر بن مافیان بەسەر خاکدا هەبێت، کەواتە یەک لە لێکەوتە و ئاماژەکانی ئەم ئارگیومێنتە ئەوەیە کە تەنانەت بە گوێرەی ڕوانگەیەکی تا ڕادەیەک مینیماڵیستی بۆ دادپەروەری (کە گەرەنتیی مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی یاسایی لە خۆ دەگرێت)، هیچ دەوڵەتێک لە هیچ سەردەمێکی بەر لە سەدەی بیستەم بە شێوەیەکی ڕەوا مافە سەرزەمینییەکانی بەسەر کۆمەڵی سیاسیی خۆیدا جێبەجێ نەکردووە، و تەنانەت لە سەردەمی ئێستاشدا زۆربەی دەوڵەتان مافی سەرزەمینیی ڕەوایان بەسەر خاک و دەڤەرەکەیاندا نییە (Banai 2014). بەڵام ئەمە دژ و پێچەوانەی لۆژیک و شهوودی ئێمەیە. یەک لەو هۆکارانەی کە ئیمپریالیزم بە هەڵە و ناهەق دادەندرا ئەوەیە کە نوێنگەی پێشێلکردنی مافە سەرزەمینییەکانی دەوڵەتی بەکۆلۆنیکراوە. بەڵام ئەگەر بڵێین کە وڵاتی مەغریب لە سەدەی نۆزدەهەمدا، کاتێک لە لایەن فەڕەنساوە بە کۆلۆنی کرابوو (بەو گریمانە ماقووڵەی کە مەغریب لەو کاتەدا ڕێزی لە مافی مرۆڤ نەدەگرت)، هیچ مافێکی سەرزەمینیی بەسەر خاکەکەیدا نەبووە، ئەوا هیچ ناهەقییەکی تایبەت لەمەڕ ئیمپریالیزم یا لە ڕاستیدا هیچ پێشێلکارییەکی تایبەت لە حکوومەتی فەڕەنسا بەسەر ئەو خاکەدا نەهاتووەتە ئاراوە. بێ گومان دەتوانین زۆر ساکار تەنیا بڵێین کە دەسەڵاتی فەڕەنسی ناهەق و ناڕەوا دەرچووە چونکە نادادپەروەر بووە، بەڵام ئەم ئارگیومێنتە ئەو دەسەڵاتە بەر لە ئیمپریالیزم و ئەو دەسەڵاتە دوای نەهێشتن و دەرچوون لە کۆلۆنیالیزمیش دەگرێتەوە، کە هەندێک لەسەر ئەو باوەڕەن کە نالۆژیکییە (Moore 2014, 2015, 2019a).
کێشەی سێیەم کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بەو دوو ئاستەنگ و گرفتەوە هەیە کە لە سەرەوە باسمان کردن، ئەوەیە کە زۆربەی ئەو تیۆریستانەی لەسەر ئەم هێڵە ئارگیومێنتە دەڕۆن دەیانهەوێت دادپەروەریی تەواو لە ڕەوایی هەڵاوێرن و بەم شێوەیە مافە سەرزەمینییەکان بەو دەوڵەتانەش دەبەخشن کە کەمتر لە ئاستی ئایدیاڵ دادپەروەرن. ئەمە بەو مانایەیە کە لە کاتێکدا کە پێدەچێت لە ڕووی ڕەواییدان بە دەوڵەت ئاستی ستاندارد و پێوەرەکانی ئەم بیردۆزە زۆر بەرزە، کاتێک بەسەر دەوڵەتە ڕاستەقینەکاندا جێبەجێی دەکات ئاستی پێوەرەکان نزم دەبنەوە، بەتایبەت کاتێک لەو ڕێڕەوە مێژووییە دەکۆڵینەوە کە هەلی بۆ دەوڵەت ڕەخساندووە مافەکانی بەسەر ئەو شوێن و وارە جوگرافییەدا دەستەبەر بکات. زۆرێک لە دەوڵەتان لە کردەوە و مومارەسەی ئێجگار نادادپەروەرانە سەریان هەڵداوە: لە ڕێگەی بەسەرداشکانەوە و داگیرکاری، فرتوفێڵ و تەڵەکە و جۆرەکانی تری ستەم و زۆرداری و هۆڤیگەری خاکیان بە دەست هێناوە. ئەمەش بە ئاسانی لەگەڵ جەختکردنەوەی گشتی لەسەر دادپەروەری لە بیردۆزەکەدا ناگونجێت. هەروەها بەهۆی ڕیاڵ-پۆلیتیکی تەواو ئاراستەکراو بەپێی ئەو دۆخەی ئێستا لە ئارادایە و ئەمری واقیع، توخمێکی ئاڵۆز و چەتوون دێنێتە ناو بیردۆزەکە و بەم شێوەیە گەرەکیەتی داڕشتە و نەزمی سەرزەمینیی هەنووکە پاساو بدات، لەوانە ئەوانەی کە لە ڕێگەی داگیرکاری و فێڵ و تەڵەکەشەوە بوونەتە خاوەنی ئەو خاکەی ئێستا هەیانە. ئەمە ڕەنگە کێشەیەک بێت لە لێکدانەوە و شرۆڤەی دادپەروەری-تەوەری لی یپیدا (Ypi 2014) کە پێی وایە تا کاتێک دەگەینە ڕێککەوتنێکی نێونەتەوەیی لەمەڕ نەزمی سەرزەمینیی هەنووکەدا، دەوڵەتان تەنیا «بە شێوەیەکی کاتی» پاساو دەدرێن نەک «بە شێوەیەکی تەواو و یەکلاکەرەوە». بەڵام بەو پێیەی لە داهاتوویەکی مامناوەند تا درێژماوەدا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی جیهانی لە پەیوەندی لەگەڵ خاکدا زۆر بەدوورە و ڕێی تێناچێت، ئەمە بە واتای قبووڵکردنی هەر قەوارەیەکی سەرزەمینییە کە لە ئێستادا هەیە (هەرچەند بە سیفەتی «بە شێوەی کاتی»یەوە بێت) و مامەڵە و هەڵسوکەوتکردنە لەگەڵیان وەک قەوارەی «بە شێوەی کاتی» بەرهەق.
٤.٣. بیردۆزە ناسیۆنالیستییەکان
ناسیۆنالیزم بە دیاردەیەکی تا ڕادەیەک مۆدێرن لە قەڵەم دەدرێت –کە هەندێک لە تیۆریستان ئاماژە بەوە دەدەن کە لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسادا و بنەمای چارەیخۆنووسینی پەیوەست بەوەوە سەری هەڵداوە؛ و هەندێکی تر دەیگەڕێننەوە بۆ سەرهەڵدانی میدیای چاپکراو کە کۆمەڵێکی لە خەڵک چێ کرد کە خاوەنی بەهاگەل، هیوا و ئاواتگەل و شوناسی سیاسیی هاوبەش و وەکیەک بوون بەڵام بە شێوەیەکی ڕوو لە ڕوو لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدا نەبوون (Anderson 1983). ناسیۆنالیزم، تەنانەت لە وەشانە سەرەتاییەکانی خۆیدا، پەنای دەبردە بەر بیرۆکەی «نیشتمانێکی نەتەوەیی»، بەڵام ئەمە نە لە ڕووی فەلسەفییەوە بەرگری و داکۆکیی لێ دەکرا و نە لەسەر بنەمای هیچ بەهایەکی تایبەت بونیات نرابوو. لەم دواییانەدا چەند تیۆریستێک (Miller 2007; Meisels 2009; Gans 2003) هەوڵیان داوە داکۆکی لە ناسیۆنالیزمی لیبراڵ بکەن کە بریتییە لە داڕشتن و خستنەڕووی باس و شرۆڤەیەک سەبارەت بەوەی کە چلۆن نەتەوەیەک دەتوانێت ببێتە خاوەنی خاکێکی دیاریکراو. پێکهاتەی ئەم ئارگیومێنتە –دەستنیشانکردنی پەیوەندییەک لە نێوان گرووپی هەڵگری ماف (واتە نەتەوە) و زەوی– پێکهاتەیەکی لۆکییانەی هەیە بەڵام تێیدا هەڵگری ماف تاکەکەس نییە بەڵکوو گرووپ و کۆمەڵێکە کە نەتەوەیە.
نەتەوە چییە؟ دەیڤید میلەر نەتەوە بەم شێوەیە پێناسە دەکات: «کۆمەڵێک کە (1) لە بیروباوەڕی هاوبەش و دەروەستیگەلی دوولایەنە پێک هاتووە، (2) بوونی لە مێژوودا درێژەی هەبووە، (3) لە کارەکتەر و کەسایەتیدا چالاکە، (4) پەیوەستە بە خاکێکی دیاریکراو و (5) بە کولتووری گشتیی جیاواز و تایبەتی خۆی لە کۆمەڵەکانی تر جیا دەکرێتەوە و هاوێر دەکرێت.» (Miller 1995: 27)
گرێدراوی و پەیوەستبوون بە زەوییەوە بەشێک لە پێناسەی نەتەوەیە. پەیوەندیی نێوان خەڵک و زەوی بەسانایی گریمانە ناکرێت: بەڵکوو باسێک لە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان کولتووری گرووپ و زەوی دەکرێت. ئەو خەڵکەی لە خاکێکی دیاریکراودا نیشتەجێن بیچم و فۆرم دەدەن بەو زەوییە کە دەستیان بەسەردا گرتووە؛ کولتووری ئەوان ئاوێتە و تێکەڵ بە تایبەتمەندییە فیزیکییەکانی زەوییەکەیە، و تایبەتمەندییە فیزیکییەکانیش بیچم و فۆرم دەدەن بەو کولتوورەی کە پەرەی پێ دەدەن. زەوی بەهای بۆ ئەو خەڵکە هەیە، هەم بەهای ئۆبجێکتیڤ و هەم سابجێکتیڤی هەیە. بەهای ئۆبجێکتیڤی هەیە چونکە بە شێوازی جۆراوجۆر باشتری دەکەن و پێشی دەخەن، بۆ نموونە پەرستگە و شوێنی پەرستنی ئایینی دروست دەکەن و گەشە بە شارەکان دەدەن و زەوییە کشتوکاڵییەکان ئاودێری دەکەن. هەروەها بەهای سابجێکتیڤی هەیە چونکە کاتێک ئەوان تەرمی مردووەکانیان لە هەندێک بەشی تایبەت لەو زەوییە دەنێژن، مۆنۆمێنت بۆ دەسکەوت یان خەسار و شکستە مێژووییە بەرچاوەکانیان دروست دەکەن و شتی لەم شێوەیە، ئەوە لە ڕاستیدا ئەو زەوییە دێ بۆ ئەوان گرنگییەکی هێمایین و ڕەمزیی هەبێت (Miller 2007: 217–218). بەم شێوەیە ئەو گرووپە دێ پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ ئەو زەوییەدا هەبێت کە دەستی بەسەردا گرتووە و دەتوانێت ئیدعایەکی سەرتر لە هەر گرووپێکی تری بۆ خاوەندارێتیی ئەو زەوییە هەبێت. سەرەڕای ئەمەش ئەم ئارگیومێنتە هێشتا مافە سەرزەمینییەکان پاساو نادات. ئەم مافە لە ڕێگەی ئارگیومێنتێکی دیکەوە دەچەسپێندرێت و بونیات دەنرێت کە دەڵێت بۆ پاراستنی بەها (بەهای ئۆبجێکتیڤ و سابجێکتیڤ) لە زەویدا، خەڵک پێویستە دەسەڵاتی دادوەرییان بەسەر ئەو زەوییەدا هەبێت (Miller 2012: 263).
ئەم ئارگیومێنتە لە ڕوونکردنەوەی ناهەقبوونی داگیرکاری و وڵاتگری زۆر سەرکەوتووە (تەنانەت ئەگەر دەوڵەتی داگیرکەر زۆر کاراتر و کاریگەرتر و بە شێوەیەکی ئۆبجێکتیڤانە دادپەروەرتر لەو نەزمە سیاسییە بێت کە جێی گرتووەتەوە)، چونکە پەیوەندیی نێوان ئەو گرووپە و ئەو زەوییە بەر لەو نەزمی سیاسییە دامەزراوە. لەبەر هەندێ، هەر داگیرکردنێکی ئەو زەوییە دەرخەری پێشێلکارییەکی بەرژەوەندییە سابجێکتیڤ و ئۆبجێکتیڤەکانی ئەندامانی ئەو گرووپەیە. هەرچەندە هێڵە پەراوێزییەکان و سنوورە پڕوردەکارییەکان بۆی هەیە بە جۆرێک دزەیان تێدا بکرێت، بەڵام ئەم چەشنە ئارگیومێنتە دەتوانێت گرووپێک بناسێنێتەوە و دیاری بکات و پاشان ئەو زەوییە دەستنیشان و پێناسە بکات کە ئەو گرووپە مافی خاوەندارێتیی بەسەردا هەیە. ڕوون نییە چلۆن دەتوانین بەتەواوی و وردبینییەوە بڕیار لەسەر ئەو مەلەفانە بدەین کە تێیاندا دوو گرووپ هاوکات هەم بە شێوەیەکی سابجێکتیڤ و هەم ئۆبجێکتیڤ بە خاکێکی دیاریکراوەوە گرێدراون و پەیوەستن –وەک بابەتی ئورشەلیم– ئەگەرچی پێدەچێت میلەر پێی وابێت کە هەڵسەنگاندنێکی بەراوردکارانەی ئیدعاکان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەتوانێت بمانگەیەنێت بە ئەنجام و لە هەندێک حاڵەتدا دەمانگەیەنێت بەوەی پشتگیریی ڕێکخستنێکی سەروەریی هاوبەش بکەین (Miller 2014).
کێشەیەکی سەرەکیی ئەم بیردۆزە ئەوەیە کە هەڵگر و خاوەن مافی سەرزەمینی بە «نەتەوە» ڕەچاو دەکات و هەندێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەمە کێشەخوڵقێنە چونکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئیستسنا و حاڵەتی ئاوارتەی هەیە.
لایەنگرانی ئەم ئارگیومێنتە پشتیوانیی فۆرمێکی لیبراڵیی ناسیۆنالیزم دەکەن، بۆیە کولتوور وەک کولتوورێکی گشتیی ناخەست و کاڵ دێننە هەژمار کە بۆی هەیە زۆر گرووپی جیاواز لە کۆمەڵگەدا لە خۆیدا جێ بکاتەوە و بگرێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، دەکرێت هەندێک لەسەر ئەو باوەڕە بن کە هەر ئاماژەیەک بە نەتەوەیەکی کولتووری دەمانگەیەنێتە هەردوو کێشەی گرتنەخۆ و لەگەڵخۆخستنی زیادەڕۆیانە یا کێشەی نەگرتنەخۆ. کێشەی گرتنەخۆی زیادەڕۆیانە کاتێک دێتە ئاراوە کە «ئاوێتەبوونی کولتووریی» ڕاستەقینە کە بڕیارە مافەکانی خاوەندارێتیی زەوی ڕوون و یەکلایی بکاتەوە، دەتوانێت بەسەر ئەو گرووپە کولتوورییانەشدا بسەپێندرێت و بەکار ببردرێت کە نەتەوە نین، وەک کولتوورە دراوسێکان یاخود هوردە کولتوورەکان لە کۆمەڵگادا. ئایا ئەوانیش کولتووری خۆیان ئاوێتەی ئەو ناوچە جوگرافییە ناکەن و بەم شێوەیە ئایا پێویست نییە ئەوانیش مافی پاراستنی ئەو بەهایەیان هەبێت کە ئاوها هاتووەتە دی؟ جۆرێکی تری کێشە کاتێکە کە هەر ئاماژەیەک بۆ «نەتەوەی کولتووری» ڕەنگە وا دەرکەوێت کە کێشەی کرۆکباوەڕی بێنێتە گۆڕ، ئەویش واتە ئەوەی کە لەسەر تایبەتمەندییە (جەوهەرییە) تایبەتەکان وەک توخمێکی پێویست یان پڕبایەخ بۆ کولتوور و نەتەوە وەستاوە، کە دواتر پەراوێزخستنی ئەو خەڵکانەی لێ دەکەوێتەوە کە لەو تایبەتمەندییەدا هاوبەش نین (Moore 2019b). میلەر وریایە کە چەمکێکی لێکچوویی بنەماڵەیی ویتگێنشتاین لە نەتەوە بدات بەدەستەوە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرۆکباوەڕی داڕێژراوە، چونکە دیاری ناکات کە هیچ تایبەتمەندی یان بەهایەکی تایبەت پێویستە، بەڵام دەشێ بپرسین کە ئاخۆ ئەم جێگۆڕکێ تێگەییە لەگەڵ لێکدانەوە و شرۆڤەی «بەها» لە زەویدا یەک دەگرێتەوە و دەگونجێت، کە دەشێ هەندێک تایبەتمەندیی تایبەت بێنێتە دی و بخوڵقێنێت.
٥.٣. بیردۆزی خاکی گروپی ئەتنۆجیۆگرافی
ئاڤێری کۆلەرز لە کتێبەکەی بە ناونیشانی زەوی، موناقەشە و دادپەروەریدا بیردۆزێکی خاک دەخاتە ڕوو کە لەمەدا کە گرووپەکان (گرووپە بێپێکهاتە و ڕێکنەخراوەکان) سەرەتا بە زەوی دەبەستێتەوە و پاشان دەوڵەت وەسف دەکات، هەمان پێکهاتەی بیردۆزە ناسیۆنالیستییەکانی هەیە بەڵام کۆلەرز گرووپی خاوەن مافی سەرزەمینی وەک «کۆمەڵێکی ئەتنۆجیۆگرافی» پێناسە و دەستنیشان دەکات نەک وەک نەتەوە. کۆلەرز مەبەستی لەم دەستەواژەیە کۆمەڵێک خەڵکە کە (1) ئۆنتۆلۆجیایەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتیان بۆ زەوی لە ناو خۆیاندا هەیە و ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمە بە واتای «تێگەیەکی تایبەتی کولتووری لە زەوییە، بەم شێوەیە کە زەوی چییە و چی سەبارەت بە زەوی بەنرخە» (Kolers 2009: 3–4) و (2) پەیوەندییەکی ماددیی تایبەتیان لەگەڵ زەویدا هەیە، بە شێوەیەک کە ئەو کۆمەڵەی باسی لێ دەکەین بە کارلێکی ماددیی گشتگیر لە نێوان زەوی و کۆمەڵدا پێناسە و دیاری دەکرێت. ئەم دوو پێوەرە –کە یەکیان سابجێکتیڤ و ئەوی دیکە ئۆبجێکتیڤە– تا ڕادەیەک جیاواز لەیەکن، بەو پێیەی کە پێدەچێت پێوەری یەکەم بایەخ و مانا کولتوورییەکان لە خۆ دەگرێت، لە کاتێکدا ئەوەی دووەم شوێن بایەخ و سەرنجە ئابووری و کارکردییەکان دەکەوێت. هەرچۆنێک بێت، هەروەک کۆلەرز ئاماژەی پێدەکات، بە چەند هۆکارێک دەتوانین بێینە سەر ئەو قەناعەتە کە بیرۆکە و ئایدیاکانمان سەبارەت بە زەوی زۆرجار ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییە ماددییەکان و پەیوەندیی ماددیمان لەگەڵ زەوییە. لە نموونەکانیدا، زۆربەی حاڵەتەکان میناک و نموونەی هەردوو مەرجەکە دەخەنە ڕوو. بەو پێیەی ئەم دوو مەرجە لە یەکتر جیان، دەتوانین وای دابنێین کە بەیەکەوە مەرجگەلی پێویست و بەسن.
بیردۆزی کۆلەرز بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتە کە چلۆن گرووپێک دەتوانێت بە ناوچەیەک ببەسترێتەوە کەڵک لە بیرۆکەی «ڕەبەقی و زەبەندی» وەردەگرێت و وا دیارە کە دەبێ بتوانێت ئیدعا نەیار و ڕکەبەرەکان قەزاوەت بکات و بڕیاریان لەسەر بدات و بە ئەگەری زۆرەوە مەودا و چوارچێوەی مافە سەرزەمینییەکان دیاری بکات. زەبەندی بۆ کۆلەرز بریتییە لە (1) فرەڕەنگی و فرەچەشنیی ناوخۆیی، و (2) جیاوازی و هەڵاواردنی دەرەکی، هەریەکەی لە ڕوانگەی داواکەر و ئیدعاکەرانەوە، و (3) پلانی لەکردنهاتوو و ڕێتێچوو بۆ پاراستن و ڕاگرتنی ئەمانە بۆ تاهەتایە (Kolers 2009: 115). ئیدعا دەکرێت کە تێگەی زەبەندی لەڕووی بەهاوە بێلایەنە، بەو مانایە کە لەسەر بنەمای بیردۆزێکی بەکارهێنانی گونجاو کە بە ڕوانگەیەکی نۆرماتیڤانە جێی موناقەشە بێت بونیات نەنراوە، و گونجاوە لەگەڵ دەروەستییەکی لە بواری ژینگەناسییەوە هەستیار بۆ هێشتنەوەی هەندێک ناوچە لە دۆخی سروشتیی خۆیاندا بەبێ گەڕانەوە بۆ خاوەندارێتیی هاوبەش و گشتی کە بە مانای لیبێرتاریەنی بۆ هەمووان ئازاد بێت.
بەڵام بەو پێیەی کە «زەبەندی» کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاوازی هەیە، ڕوون نییە کە نوێنگە و دیاریکەری میکانیزمێکی دەستڕۆیشتوو و پشتپێبەستراو بۆ بڕیاردان لە نێوان ئیدعا نەیارەکان بێت. زۆرتر لە گرووپێک دەتوانێت لەسەر ئەو بنەمایانە ئیدعای خاوەندارێتیی بۆ یەک پارچە زەویی دیاریکراو هەبێت. ئەدی ئەگەر گرووپێک دان بە فرەچەشنیی ناوخۆیی خۆی بنێت و پشتی پێ ببەستێت و گرووپێکی تر دان بە هەڵاواردن و جیاوازیدانانی دەرەکیی خۆی بنێت چی؟ یاخود ئەگەر هیچکامیان پلانی ڕێتێچوو و لەکردنهاتووی بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ئەمانە بۆ تاهەتایە نەبێت چی؟ بەو پێیەی ئەمە بە هیچ شێوەیەک تاکە پێوەر یا مەرجێک نییە، بەڵکوو لانیکەم لە سێ مەرج و پێویستیی جیاواز پێک دێت، ئەگەری هەیە هەمووی ئەم مەرجانە لە لایەن زۆرتر لە گرووپێکەوە بهێنە دی و جێبەجێ بکرێن، یاخود هەندێک توخم بکرێت بە گرووپگەلی جیاواز جێبەجێ بکرێن. بەداخەوە کۆلەرز دیاری ناکات کە لە وەها دۆخێکدا دەبێت چ بکرێت، واتە بیردۆزی کۆلەرز کەمتر لەوەی لە سەرەتادا دەهاتە بەرچاو بە وردەکاری دەپەرژێتە سەر باسی ئیدعا نەیارەکان و ناکۆکییەکان.
٦.٣. بیردۆزەکانی چارەیخۆنووسین
بیردۆزەکانی چارەیخۆنووسین لەمەڕ خاک هەمان شێوە و بیچمی گشتیی بیردۆزە ناسیۆنالیستییەکانیان هەیە، بەڵام لەم بیردۆزانەدا هەوڵ دەدرێت بە پێدانی مافە سەرزەمینییەکان بە «گەل»ێک کە وەک گرووپێک ڕەچاو دەکرێت کە لەڕووی سیاسییەوە ساز دراوە و ڕێکخراوە نەک وەک گرووپێکی کولتووری، خۆیان لە سەختییەکانی گریمانەکردنی نەتەوە بە کۆمەڵێک کە لەڕووی کولتوورییەوە هاوچەشن و یەکدەستن ببوێرن. ئانا ستیلز (2019: 10) دەڵێت کە شرۆڤەی ئەو لەسەر سێ کۆڵەکە بونیات نراوە: مافێکی نیشتەجێبوون لە چەشنی خاوەندارێتی؛ بەهای «دادپەروەریی بنەڕەتی»، کە لە دستەواژەی کانتیی پێداویستییەکانی «ویستێکی فرەلایەنە» تێگەسازی کراوە؛ و بەهای چارەیخۆنووسینی بەکۆمەڵ. مارگرێت مۆر (2015: 66) پەنا دەباتە بەر خاڵی یەکەم و سێیەم: بەم شێوەیە کە دەوڵەتێک کاتێک دەتوانێت هەڵگری مافە سەرزەمینییەکان بێت کە وەک ئامرازێکی چارەیخۆنووسین بۆ گرووپێک بجووڵێتەوە و گرووپەکە دەبێت بە شێوەیەکی ڕەوا دەستی بەسەر خاکەکەدا گرتبێت. هەرچەندە مۆر لەسەر دادپەروەریی بنەڕەتی وەک پێویستییەک بۆ خاوەندارێتیی مافە سەرزەمینییەکان جەخت ناکاتەوە (سەرەڕای ئەوەی کە باوەڕی وایە کە بۆ حوکمڕانیی ڕەوا پێویستە)، بەڵام دەڵێت هۆکاری کارکردی و دادپەروەرانە هەیە کە بۆچی دەوڵەت دەبێ بە گوێرەی خاک و سەرزەمینەوە ساز بدرێت و پێک بهێندرێت –تا مامەڵە و هەڵسوکەوتی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییانی دەوڵەت، دادپەروەری و سەروەریی یاسا گەرەنتی بکرێت و بچەسپێت. ستیلز بۆ وەسفکردنی پابەندبوونی بە دادپەروەری زۆرتر لە زمانی کانتی کەڵک وەردەگرێت، بەڵام ئەمە بۆ بیردۆزی خاکەکەی خاڵێکی ناوەندی و سەرەکی نییە، بەو مانایە کە نە بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی هەرکام لە سەرزەمینە تایبەتەکان یارمەتیدەرە و نە ئەم ئارگیومێنتە لە پاساوهێنانەوە بۆ سەرزەمینە تایبەتەکان ڕۆڵ و دەورێکی هەیە.
هەردووکی مۆر و ستیلز بە گەڕانەوە و پەنابردنە بەر ئەو ئایدیایە کە بۆ گەلێک ئەوە چ واتایەکی هەیە کە دەست بەسەر شوێنێکدا بگرێت، لە پەیوەندیی ئەخلاقیی نێوان خەڵک و شوێن دەکۆڵنەوە. جیاوازیی سەرەکیی نێوان شرۆڤەی مۆر و ستیلز شرۆڤە و لێکدانەوەی جیاوازیان لە هەڵگرەکانی مافەکانی دەستبەسەرداگرتنە. هەردووک لەسەر ئەو باوەڕەن کە خاوەنی مافی دەستبەسەرداگرتن دەبێت بە شێوەیەکی ڕەوا دەست بەسەر زەوییەکەدا بگرێت (واتە کەسێکی دیکەی لەو شوێنە دەرنەپەڕاندبێت و ئاوارە نەکردبێت) و دەبێت لە ڕێگەی پلان و پرۆژەکانی ژیان بۆ ئەندامانی ئەو گرووپە ڕەگوڕیشەی لەو شوێنە جوگرافییەدا هەبێت. سەرەڕای ئەمە، بیردۆزی ستیلز تاک بە هەڵگری مافەکانی دەستبەسەرداگرتن دەزانێت؛ و مۆر «بەرکەوتە» جیاوازەکانی مافەکانی دەستبەسەرداگرتن لێک جیا دەکاتەوە، بە چەشنێک کە هەڵگری بەشێکیان تاکەکانن (کە ئەو بە مافەکانی نیشتەجێبوونی تاکەکەسی ناودێریان دەکات) و هەڵگر و خاوەنی بەشێکی تریان گرووپەکانن (کە بە مافی دەستبەسەردارگرتنی گرووپ-تەوەر ناویان دێنێت). توخمی سەرەکی بۆ مۆر لە تێپەڕبوون بەرەو مافە سەرزەمینییەکان مافی دەستبەسەرداگرتنی گرووپ-تەوەرە. هەردووی ئەم بیرمەندە لەسەر ئەوە کۆکن کە دەستبەسەرداگرتن پێویستی بە مەرجگەلێکی زۆرتر لە تەنێ ئامادەبوونی فیزیکییە: ئەو تاک و/یا گرووپە پێویستە بە پلانەکانی ژیانی تاکەکەسی ڕەگوڕیشەی لەو شوێنە جوگرافییەدا هەبێت، و لە لای مۆر، هەروەها بە پرۆژە بەکۆمەڵەکانی ئەندامانی گرووپەکە.
سێ ئاڵنگاری و تەحەدای گرنگ لە بەردەم بیردۆزەکانی چارەیخۆنووسیندا هەیە. ستیلز و مۆر هەردووکیان دەتوانن ڕوونی بکەنەوە کە بۆچی خەڵک نابێت دەربکرێن یان بگوازرێنەوە –چونکە ئەم کارە پلانەکانی جێگرتووی ژیانیان دەشێوێنێت و تێک دەدات– بەڵام هیچکامیان ناتوانن ڕێوشوێنی ورد بۆ دیاریکردنی سنوور بدەن بە دەستەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بنەمای دەستبەسەرداگرتنی گرووپی مۆر تەنیا دەتوانێت بەشی سەرەکی و ناوەندیی خاکی گرووپەکان دەستنیشان بکات، بەڵام هەروەک خۆیشی دانی پێدا دەنێت، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، چونکە گرووپەکان زۆربەی کات لە تاکە خاکێکدا تێکەڵاون و ئەو خاکەی داوای دەکەن سەریەک دەکەوێت، ئەمە بەوردی سنوورەکان دیاری ناکات. لەبەر هەندێ چارەسەرێکی سانا و ئاسان بۆ ناکۆکی و مشتومڕەکانی پەیوەندیدار بە سنوور نادات بە دەستەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ناتوانرێت خاکەکان دابەش بکرێن بۆ قەوارەگەلی جیاواز و لە هەندێک ناوچەی تایبەتدا شێوازەکانی هاوبەشکردنی دەسەڵاتی چارەیخۆنووسین لە نێوان گرووپەکان پێویست دەبێت. وا دەر دەکەوێت کە بیردۆزی ستیلز سەبارەت بە دیاریکردنی شوێن و پانتایی مافە سەرزەمینییەکان تەنانەت کەمتریش دیاریکەر و یەکلاییکەرەوە بێت، چونکە ڕوون نییە کە ئاخۆ پلانەکانی جێگرتووی ژیانی تاکەکەسی بە هیچ شێوەیەک لە هەمان شوێن یەک دەگرنەوە و هاوئاراستە دەبن. ئەگەرچی ستیلز لەگەڵ کەیسی ناڤاهۆکان وەک کەیسی گرووپێک کە بەناهەق دەرکراون مامەڵە دەکات و بە کاری دەهێنێت، بەڵام ڕوون نییە کە تاکە ناڤاهۆییەکان مافی گەڕانەوەیان بۆ کوێ هەیە، و بۆچی ئیدعاکانیان تەواو جیاواز لە هەر کەسێکی ترە کە سەبارەت بە شوێنێک پلانی هەیە، و تێیدا، بە گوێرەی ئەوەی کە فرەچەشنیی تاکەکەسی وەک خۆی بێت، لەوانەیە لە نێوان تاکە جیاوازەکانی ناڤاهۆدا سەریەککەوتن و ئاوێتەبوون هەبێت یان نەبێت.
تەحەدای دووەم ئەوەیە کە پێ دەچێت جەختکردنەوە لەسەر چارەیخۆنووسینی بەکۆمەڵ وەک بەهایەک کە مافە سەرزەمینییەکان وەڕاستی دەگەڕێنن و دەیچەسپێنن زۆر سەرڕاست و ڕاشکاوانە ئەو گرووپانە بگرێتەوە کە بە شوێن چارەیخۆنووسینی دیموکراتین، چونکە ئەوکاتە دەتوانین دڵنیا بین کە دەوڵەت مەکینەی چارەیخۆنووسینی گرووپە. ئەگەر ئەمە وا بێت، ئەوا هەردووی مۆر و ستیلز بەرەوڕووی ئەو ڕەخنەیە دەبنەوە کە هاوتەریبە لەگەڵ ڕەخنەیەک کە لە دژی بیردۆزە دادپەروەرییەکان بەرز دەکرێتەوە. ئەمە بەو واتایە دێت کە یاخود بەربەستی بوون بە هەڵگرێکی مافی سەرزەمینی هێندە بەرز و ئەستەمە کە زۆربەی دەوڵەتان لێی سەر ناکەون و شیاوی نابن (کە پێدەچێت تا ڕادەیەک نالۆژیکی بێت)؛ یاخود بەربەستەکە هێندە نزم و ئاسانگیرانەیە کە پرسیارگەلێک دەورووژێنێت کە گەلۆ دەکرێت وەها یەکەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ ئارگیومێنتێکی چارەیخۆنووسیندا پاساو بدرێت. مۆر و ستیلز هەردوویان تا ڕادەیەک خۆیان لە کێشەخوڵقێنەرترین لێکەوتەی ئەم بابەتە لا دەدەن و دەبوێرن، چونکە ئاماژە بەوە دەکەن کە بانگەوازی چارەیخۆنووسین جیاوازی دادەنێت لە نێوان هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی دەوڵەت و بەم شێوەیە دەتوانن ئەو بەهایە ڕوون بکەنەوە کە بە دەستتێوەردانی دەرەکی لەناو دەچێت.
تەحەدای سێیەم بریتییە لەوەی کە ئەم بابەتەی کە ئاخۆ دەکرێت چارەیخۆنووسین بەدی بهێنرێت یاخود نا پەیوەستە بەوەی کە ئاخۆ گرووپی دەستبەسەرداگر (بەپێی بیردۆزی مۆر) یان کۆی ئەو تاکانەی کە مافی دەستبەسەرداگرتنیان هەیە (بە گوێرەی بیردۆزی ستیلز) توانست و شیانی ئەوەی هەیە کە چەشنێکی دروست و بەرهەقی بریکار بۆ مومارەسەی دەسەڵاتی دادوەری بێت یاخود نا. هەرچەندە کە مەرجی شیان لە ڕووی نۆرماتیڤییەوە ئاڵۆز و کێشەلەسەرە. ئەگەر بەگشتی پێناسەی شیان بکەین، دەری دەخات کە هەر دەوڵەتێک کە داگیر کرابێت یاخود شکستی پێ هێندرابێت شیانی نییە و بەم پێیەش بریکارێکی گونجاو بۆ مافە سەرزەمینییەکان نییە. ئەمە نالۆژیکی و دژە شهوودییە، چونکە زۆربەی گرووپەکان بەو پێیەی بەهۆی نادادپەروەریی پێشووەوە ئەو شیانەیان لێ زەوت کراوە ناتوانن ئەو شیان و توانستەیان هەبێت. کەواتە پێدەچێت ئەم مەرجە بۆ بیردۆزێکی نۆرماتیڤی مافە سەرزەمینییەکان لەڕادەبەدەر بەرامبەر بە ڕێکخستنەکان و پێکهاتەکانی دەسەڵات هەستیارە. مۆر هەوڵ دەدات بەم شێوەیە خۆی لەم کێشەیە قوتار بکات کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لایەنی سێیەم کۆمەڵە ئەرکێکی لەسەرە کە خۆی لە دەستتێوەردان بەدوور بگرێت و یارمەتیی ئەو گرووپانە بدات کە بوونەتە قوربانیی بارودۆخی قورس و بارگرانییەکان. بەڵام دەکرێت ڕەخنە لەم ستراتیژە بگیرێت کە ڕێگەچارەیەکی لەرزۆک، فەشەل و بیرلێنەکراوەیە، بەو مانایە کە لەسەر بنەمای پێناسەیەکی بنچینەیی لەوە نییە کە چ شتێک وەک «شیان و توانست» بە هەژمار دێت.
٤. ئاراستەکانی داهاتوو
تەوژمی پەرەسەندنی تەرکیز و هۆگری بۆ دادپەروەریی سەرزەمینی و مافە سەرزەمینییەکان لەم دواییانەدا لەوانەیە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەم ڕاستییە کە ڕوون بووەتەوە کە توخمە جیاوازەکانی دەستەی مافە سەرزەمینییەکان گرێ دراوە بە کۆمەڵێکی بەرفراوان لە مشتومڕ کە تا دێت گرنگتر و پێویستتر و زەقتر دەبنەوە، وەک دادپەروەریی سەرچاوە، کۆچ و جیابوونەوە. بەشێک لە سەرنجڕاکێشترین کار و توێژینەوەکان سەبارەت بە دادپەروەریی کۆچکردن پرسی مافەکان بەسەر خاکیان ڕەچاو کردووە و هێناوەتە ناو کایەوە (Ochoa Espejo 2016; Song 2018). هۆگری بۆ دادپەروەریی سەرچاوە ڕەنگە پەیوەست بێت بەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە گەلێک ئیدعای جیاواز بۆ سەرچاوە گشتییەکان (ئەو سەرچاوانەی لەناو هەموو خەڵکدا هاوبەشن) هەن و هەندێک لەمان تا دێت زۆرتر دادەڕمێن و دەفەوتێن. ئەمە ئەم پرسیارە زەقتر و پێویستتر دەکات کە کێ مافی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی هەیە و ئەو مەرجانە چین کە بە گوێرەیان تاکەکان و گرووپەکان دەبێت لەگەڵ ئەو جۆرە شوێنانە کارلێکیان هەبێت (Armstrong 2017; Nine 2014, 2019; Banai 2016). ئارمسترۆنگ (2017، 2018) سەرنجی خستووەتە سەر دادپەروەریی سەرچاوە و لەسەر کەیسی تایبەتی ئۆقیانووسەکان کە نموونەی سەرچاوەیەکی گشتیی گرنگ و سەرەکییە کاری کردووە. هەندێک لەم هۆگرییە گرێ دراوە بە داهێنانە تەکنۆلۆجییەکانەوە کە ئەوەیان بۆ مرۆڤ مەیسەر کردووە دەستی بە سەرچاوەکان لە قووڵایی و بنکی زەریاکان یاخود بە ئەگەری زۆرەوە لە بۆشایی ئاسمان بگات و کەڵکیان لێ وەرگرێت.
بەستێنێکی دیکە کە لەم دواییانەدا تەرکیزی زۆری خراوەتە سەر، ئاماژەکان و کاریگەرییەکانی مافەکانی دەستبەسەرداگرتن بووە کە لە بیردۆزەکانی چارەیخۆنووسین باس و تاوتوێ کراون، و لەم دواییانەدا لە پەیوەندی لەگەڵ مافەکانی زەویی خەڵکانی ڕەسەن (Colburn 2019)، ڕاگواستن و نیشتەجێبوونی چینی مامناوەند و زەنگین لە گەڕەکەکانی هەژاران (Huber & Wolkenstein 2018)، دەرکردن و دەرپەڕاندنی ناڕەوا و بە ناهەق لە زەوی (Moore 2013)، و ئەو خەڵکانەی نیشتەجێی ئەو دوورگانەن کە بەهۆی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا چارەنووسیان نوقمبوونە (Blomfield 2019; Kolers 2012a; Nine 2019) دەکار کراون و پەرە پێدراون. ئەگەر ئەم تیۆریستانە لە تیۆریزەکردنی پەیوەندییەکی ئەخلاقی لە نێوان خەڵک و شوێندا دروست و بەجێ بن، کەواتە ئەو زیانە تووشی ئەو خەڵکە بووە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی ئاوارە بوونە، ناکرێت بەسانایی بە ڕێگەدان بە کۆچکردنیان بۆ شوێنێکی تر بەتەواوی چارەسەر بکرێتەوە: ئەوان ماڵ و کۆمەڵی خۆیان و هەروەها ئەو شوێنەی کە پێوەی گرێدراون لە دەست داوە.
هەروەها کۆمەڵێک توێژینەوەی ڕوولەگەشە لەسەر مافە سەرزەمینییەکان هەیە کە چەسپیوی و سەقامی بیردۆزەکانی ئێستا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، و گرنگییەکی زۆرتر دەدەن بە سروشتی بگۆڕ و ناجێگیر و هاوبەستێنی پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی سروشتی و ئاماژە و کاریگەرییەکانی لەسەر حوکمڕانی، سەرچاوەکان و ئیدعا جۆراوجۆرەکان (بڕوانە Mancilla forthcoming; Nine forthcoming). ئەمە نموونەیەکی دیکەیە لەو شێوازەی کە تێیدا گرنگیدان و جەختکردنەوە لەسەر خاک و دادپەروەریی سەرزەمینی ئاماژە و کاریگەریی لەسەر کۆمەڵێکی بەربڵاو لە توێژینەوەکان لە بوارە تەواو جیاوازەکاندا هەیە و بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدان و هاتنەکایەی تاقمێک ئارگیومێنتی پەیوەندیدار لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر.
ژێدەرکان
تیۆریستە سیاسییە مێژووییەکان بە گوێرەی ئەو وەشانە لە کارەکانیان کە بەردەست بووە ئاماژەیان پێ کراوە، بەبێ گوێپێدان بەوەی کە ئێوە کام چاپی بە کار دەهێنن. سەروشەکان ئاماژە بە ناونیشانی وتارەکان دەدەن:
- Grotius, [ML], Mare Liberum, 1609.
- –––, [DJB], De jure belli ac pacis, 1625
- –––, [RWP], Rights of War and Peace (1625)
- Kant, [MM], Metaphysics of Morals (1785)
- –––, [PP], Perpetual Peace (1795)
- Locke, [ST], Second Treatise of Government (1689)
- Pufendorf, [DMC], On the Duty of Man and Citizen according to Natural Law (1673)
- Selden, [MC], Mare Clauseum (1635)
ژێدەرە دەستەبژێرکراوەکان
- Anderson, Benedict, 1983, Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.
- Angeli, Oliviero, 2015, Cosmopolitanism, Self-Determination and Territory, London: Palgrave Macmillan UK. doi:10.1057/9781137004956
- Angell, Kim, forthcoming, “New Territorial Rights for Sinking Island States”, European Journal of Political Theory, first online: 16 November 2017. doi:10.1177/1474885117741748
- Armitage, David, 2012, Foundations of Modern International Thought, Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9781139032940
- Armstrong, Chris, 2015, “Against ‘Permanent Sovereignty’ over Natural Resources”, Politics, Philosophy & Economics, 14(2): 129–151. doi:10.1177/1470594X14523080
- –––, 2017, Justice and Natural Resources: An Egalitarian Theory, Oxford: Oxford University Press.
- –––, 2018, “Resources Outside of the State: Governing the Ocean and Beyond”, Philosophy Compass, 13(11): e12545. doi:10.1111/phc3.12545
- Banai, Ayelet, 2014, “The Territorial Rights of Legitimate States: A Pluralist Interpretation”, International Theory, 6(1): 140–157. doi:10.1017/S1752971914000074
- –––, 2016, “Sovereignty over Natural Resources and Its Implications for Climate Justice: Sovereignty over Natural Resources”, Wiley Interdisciplinary Reviews: Climate Change, 7(2): 238–250. doi:10.1002/wcc.383
- Blake, Michael and Mathias Risse, 2008, “Migration, Territoriality and Culture”, in New Waves in Applied Ethics, Jesper Ryber, Thomas Petersen, and Clark Wolf (eds), London: Palgrave: 53–81.
- Blomfield, Megan, 2019, Global Justice, Natural Resources, and Climate Change, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/oso/9780198791737.001.0001
- Buchanan, Allen, 2003a, Justice, Legitimacy, and Self-Determination: Moral Foundations for International Law, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/0198295359.001.0001
- –––, 2003b, “The Making and Unmaking of Boundaries: What Liberalism Has to Say”, in Buchanan and Moore (eds.) 2003, pp. 231–261. doi:10.1017/CBO9780511613937.012
- Buchanan, Allen and Margaret Moore (eds.), 2003, States, Nations and Borders: The Ethics of Making Boundaries, Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511613937
- Coburn, Veldon, 2019, “Partition, Secession, Annexation: Reframing the Algonquins of Ontario Modern Treaty Process” Paper presented to the Conference on Indigenous Land Rights and Reconciliation, Queen’s University, Sept. 5–6.
- Elden, Stuart, 2013, The Birth of Territory, Chicago: University of Chicago Press.
- Gans, Chaim, 2003, The Limits of Nationalism, Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511490231
- Grotius, Hugo, c. 1615 [2004], “Defense of Chapter V of the Mare Liberum”, Reprinted in The Free Sea, David Armitage (ed.), Herbert F. Wright (trans.),Natural law and Enlightenment Classics, Indianapolis, IN: Liberty Funds, pp. 75–130. [Grotius 1615 [2004] available online]
- –––, 1625 [2007], The Rights of War and Peace, including the Law of Nature and Nations, New York: Cosimo.
- Honoré, A., 1961, “Ownership”, in Oxford Essays in Jurisprudence, First Series, Anthony Gordon Guest (ed.), Oxford: Clarendon Press, pp. 107–147.
- Huber, Jakob and Fabio Wolkenstein, 2018, “Gentrification and Occupancy Rights”, Politics, Philosophy & Economics, 17(4): 378–397. doi:10.1177/1470594X18766818
- Kant, Immanuel, 1785 [1970], The Metaphysics of Morals, Translated in Kant 1970.
- –––, 1795 [1970], Perpetual Peace: A Philosophical Sketch, Translated in Kant 1970.
- –––, 1970, Kant’s Political Writings, Hans S. Reiss (ed.), H. B. Nisbet (trans.), Cambridge: Cambridge University Press.
- Kolers, Avery, 2009, Land, Conflict, and Justice: A Political Theory of Territory, Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511575709
- –––, 2012a, “Floating Provisos and Sinking Islands”, Journal of Applied Philosophy, 29(4): 333–343. doi:10.1111/j.1468-5930.2012.00569.x
- –––, 2012b, “Justice, Territory and Natural Resources”, Political Studies, 60(2): 269–286. doi:10.1111/j.1467-9248.2011.00933.x
- Locke, John, 1689 [1988], John Locke: Two Treatises of Government, Peter Laslett (ed.), Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511810268
- Mancilla, Alejandra, 2012, “Samuel Pufendorf and the right of necessity”, Aporia, 3: 47–64. [Mancilla 2012 available online]
- –––, forthcoming, “Occupancy Rights: Dynamic as well as Located” Critical Review of International Social and Political Philosophy.
- Meisels, Tamar, 2009, Territorial Rights, second edition, (Law and Philosophy Library 72), Dordrecht: Springer Netherlands. doi:10.1007/978-1-4020-9262-6
- Miller, David, 1995, On Nationality, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/0198293569.001.0001
- –––, 2007, National Responsibility and Global Justice, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780199235056.001.0001
- –––, 2011, “Property and Territory: Locke, Kant, and Steiner”, Journal of Political Philosophy, 19(1): 90–109. doi:10.1111/j.1467-9760.2010.00377.x
- –––, 2012, “Territorial Rights: Concept and Justification”, Political Studies, 60(2): 252–268. doi:10.1111/j.1467-9248.2011.00911.x
- –––, 2014, “Debatable Lands”, International Theory, 6(1): 104–121. doi:10.1017/S1752971914000050
- Moore, Margaret, 1998, “The Territorial Dimension of Self‐Determination”, in National Self-Determination and Secession, Margaret Moore (ed.), Oxford: Oxford University Press, 134–157. doi:10.1093/0198293844.003.0007
- –––, 2012, “Natural Resources, Territorial Right, and Global Distributive Justice”, Political Theory, 40(1): 84–107. doi:10.1177/0090591711426999
- –––, 2013, “On Rights to Land, Expulsions, and Corrective Justice”, Ethics & International Affairs, 27(4): 429–447. doi:10.1017/S0892679413000373
- –––, 2014, “Which People and What Land? Territorial Right-Holders and Attachment to Territory”, International Theory, 6(1): 121–140. doi:10.1017/S1752971914000062
- –––, 2015, A Political Theory of Territory, New York: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780190222246.001.0001
- –––, 2019a, “The Taking of Territory and the Wrongs of Colonialism”, Journal of Political Philosophy, 27(1): 87–106. doi:10.1111/jopp.12156
- –––, 2019b, “Liberal Nationalism and the Challenge of Essentialism”, in Liberal Nationalism and Its Critics, Gina Gustavsson and David Miller (eds.), Oxford: Oxford University Press, 188–202. doi:10.1093/oso/9780198842545.003.0011
- Nine, Cara, 2008, “A Lockean Theory of Territory”, Political Studies, 56(1): 148–165. doi:10.1111/j.1467-9248.2007.00687.x
- –––, 2012, Global Justice and Territory, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780199580217.001.0001
- –––, 2014, “When Affected Interests Demand Joint Self-Determination: Learning from Rivers”, International Theory, 6(1): 157–174. doi:10.1017/S1752971914000086
- –––, 2019, “Rights to the Oceans: Foundational Arguments Reconsidered”, Journal of Applied Philosophy, 36(4): 626–642. doi:10.1111/japp.12340
- –––, forthcoming, A Philosophy of Territorial Borders, Oxford: Oxford University Press.
- Ochoa Espejo, Paulina, 2016, “Taking Place Seriously: Territorial Presence and the Rights of Immigrants”, Journal of Political Philosophy, 24(1): 67–87. doi:10.1111/jopp.12061
- Pufendorf, Samuel, 1673 [1991], Pufendorf: On the Duty of Man and Citizen According to Natural Law, James Tully (ed.). Michael Silverthorne (trans.), Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/9781316160800
- Rawls, John, 1971, A Theory of Justice, Cambridge, MA: Harvard University Press.
- –––, 1999, The Law of Peoples, Cambridge, MA: Harvard University Press.
- Risse, Mathias, 2012, On Global Justice, Princeton, NJ: Princeton University Press.
- –––, 2014, “The Human Right to Water and Common Ownership of the Earth”, Journal of Political Philosophy, 22(2): 178–203. doi:10.1111/jopp.12022
- –––, 2015, “Taking up Space on Earth: Theorizing Territorial Rights, the Justification of States and Immigration from a Global Standpoint”, Global Constitutionalism, 4(1): 81–113. doi:10.1017/S2045381714000161
- Schneewind, J. B., 1987, “Pufendorf’s Place in the History of Ethics”, Synthese, 72(1): 123–155. doi:10.1007/BF00413819
- Selden, John, 1635, Mare Clauseum, translated by Marchamont Nedham, (Early English Books online), Ann Arbor: Text Creation Partnership, 2011, Accessed July 2019. URL = <http://name.umdl.umich.edu/A59088.0001.001>
- Simmons, A. John, 1982, The Lockean Theory of Rights, Princeton, NJ: Princeton University Press.
- –––, 2001, “On the Territorial Rights of States”, Philosophical Issues, 11: 300–326. doi:10.1111/0029-4624.35.s1.12
- –––, 2016, Boundaries of Authority, New York: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780190603489.001.0001
- Spruyt, Hendrik, 1994, The Sovereign State and its Competitors, Princeton, NJ: Princeton University Press.
- Steiner, Hillel, 1994, An Essay on Rights, Oxford: Blackwell.
- –––, 1996, “Territorial justice”, in National Rights, International Obligations, Simon Caney, David George, and Peter Jones (eds), Boulder, CO: Westview Press, pp. 139–148.
- Song, Sarah, 2018, Immigration and Democracy, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/oso/9780190909222.001.0001
- Stilz, Anna, 2011, “Nations, States, and Territory”, Ethics, 121(3): 572–601. doi:10.1086/658937
- –––, 2019, Territorial Sovereignty: A Philosophical Exploration, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/oso/9780198833536.001.0001
- Van der Vossen, Bas, 2015, “Locke on Territorial Rights”, Political Studies, 63(3): 713–728. doi:10.1111/1467-9248.12106
- Waldron, Jeremy, 1992, “Superseding Historic Injustice”, Ethics, 103(1): 4–28. doi:10.1086/293468
- –––, 2009, “Proximity as the Basis of Political Community”, paper presented to the Workshop on Theories of Territory, King’s College, London, UK. February. [Waldron 2009 available online]
- Watner, Carl, 2010, “The Territorial Assumption: Rationale for Conquest”, Journal of Libertarian Studies, 22(1): 247–260.
- Ypi, Lea, 2014, “A Permissive Theory of Territorial Rights”, European Journal of Philosophy, 22(2): 288–312. doi:10.1111/j.1468-0378.2011.00506.x
سەرچاوەکانی تری سەر تۆڕی ئینتەرنێت
- لەمەڕ خاک: Territory and Justice: a research network (University of Bristol)
- لەمەڕ جیابوونەوە: Liechtenstein Institute of Self-Determination (Princeton)
- لەمەڕ مشتومڕەکانی ناوخۆیی زەوی/خاک: Native Land Digital
- لەمەڕ کۆچکردن: Migration Data Portal
تێگە پەیوەندیدارەکان