جیابوونەوە

2023/05/26
979

تا ئەم دواییانەش جیابوونەوە بابەتێک بوو کە فەیلەسووفان پشتگوێیان خستبوو و گوێیان پێ نەدەدا. دوو فاکتەر لەوانەیە شیی بکەنەوە کە چما فەیلەسووفان ئێستاکە دەستیان کردووە بەوەی سەرنج بخەنە سەر جیابوونەوە. یەکەم، لە چەند دەیەی ڕابردوودا، نەتەنێ هەژماری هەوڵەکان بۆ جیابوونەوە، بەڵکوو هەژماری مەلەفە سەرکەوتووەکانی جیابوونەوە بە ڕادەیەکی زۆر بەرز بووەتەوە، و ئاساییە فەیلەسووفان کاردانەوەیان بۆ ئەم ڕاستییە نوێیە هەبێت و هەوڵ بدەن تێگەیشنێکی نۆرماتیڤی لێ چێ بکەن. هۆکارەکانی زۆربوونی هەوڵەکان بۆ جیابوونەوە ئاڵۆزن، وەلێ دوو گۆڕانکاری لەم دواییانەدا ڕوویان داوە کە دیمەن و داهاتووی کەرتکردنی دەوڵەت گەشاوەتر و هیوابەخشتر دەکات: پێشکەوتن و باشتربوونی ئاسایشی نەتەوەیی و ئازادکردنی بازرگانی. هەر کە مەترسیی لکاندنی زۆرەملێ و کۆسپەکانی بەردەم بازرگانی کەم دەبنەوە، ئەگەری سەرهەڵدانی دەوڵەتگەلی بچووکتر بەهێزتر دەبێت و بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ هەرێمەکانی ناوخۆی دەوڵەتەکان زۆرتر ڕێی تێ دەچێت. دووەم، کەم تا زۆر هەر لەو سەروبەندەدا، ئەو ئایدیایە هاتووەتە ئاراوە کە گەیشتن بە فۆرمگەلێک لە خۆبەڕێوەبەری بۆ گرووپگەلێک کە ئێستاکە بەشێکن لە دەوڵەت ئارگیومێنت و هۆیەکی بەهێزی لەپشتە. کاتێک بمانهەوێت بابەتی مافگەلی تایبەتی گرووپی بۆ کەمایەتییەکان بە هەند وەربگرین و بایەخی پێ بدەین –بەتایبەتی گەر ئەو مافانە مافی خۆبەڕێوەبەری بگرێتەوە– ئەستەمە خۆمان لەو پرسیارە بدزینەوە کە ئاخۆ هەندێ لەو

گرووپگەلە دەشێ ماف و ڕێگەی سەربەخۆیی تەواویان هەبێت.


١. پرسگرێکە فەلسەفییەکانی جیابوونەوە

١.١. جیاوازیی نێوان پاساوێک(ی پەتی) و هەبوونی داوا-مافێک

٢.١. تیۆریزەکردنی دەستووری سەبارەت بە جیابوونەوە

٢. بیردۆزەکانی مافی جیابوونەوە

١.٢. بیردۆزگەلی بەس مافی چارەسەری

٢.٢. بیردۆزگەلی گشتپرسی-تەوەر

٣.٢. بیردۆزگەلی ڕەپاڵدەری-تەوەر

٤.٢. گونجاندنی بیردۆزەکانی جیابوونەوە لە چوارچێوەی بیردۆزگەلی خاک و دادپەروەریی سەرزەمینیدا

٥.٢. بەراوردکردنی بیردۆزگەلی دامەزراوەیی بەرتەسک و بیردۆزگەلی دامەزراوەیی بەربڵاو

٦.٢. بەراوردکردنی بیردۆزەکانی جیابوونەوە

٣. جیابوونەوە و بیردۆزی شەڕی ڕەوا

٤. جیابوونەوە و فەلسەفەی یاسای نێونەتەوەیی

٥. دەرەنجام

پەراوێز

ژێدەرەکان

ژێدەرەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت


١. پرسگرێکە فەلسەفییەکانی جیابوونەوە

زانایانی سیاسی، کۆمەڵناسان و ئابووریزانانی سیاسی هەوڵ دەدەن هۆکار و کاریگەرییەکانی بزاڤە جوداییخوازەکان و کاردانەوەی دەوڵەتان بەو بزاڤانە ڕاڤە و شی بکەنەوە. فەیلەسووفان سەرنجی خۆیان لەسەر پرسگرێکە ئەخلاقییەکان و ڕوونکردنەوەی چوارچێوە تێگەییەکەی بیرکردنەوە سەبارەت بە جیابوونەوە چڕ کردووەتەوە. کارە فەلسەفییەکان لەمەڕ جیابوونەوە دەکرێ بەسەر سێ تاقمدا پۆلێن بکرێن: (١) هەوڵ بۆ بەڕوونی دیاریکردنی ئەو هەلومەرجانەی کە تێیدا گرووپێک مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوەی هەیە؛ (٢) تاوتوێی گونجان یان نەگونجانی جیابوونەوە لەگەڵ دەستوورباوەڕی؛ (٣) هەوڵ بۆ دیاریکردنی ئەو هەڵوێستەی کە یاسای نێونەتەوەیی دەبێ لە هەمبەر جیابوونەوە بیگرێتە بەر. بیردۆزە فەلسەفییەکانی جیابوونەوە تا ئێستا لەگەڵ دوو بواری تیۆریزەکردنی نۆرماتیڤ کە ڕاستەوخۆ گرێدراوە پێیانەوە یەکی نەگرتووەتەوە و ئاوێتە نەبووە. یەکەمیان بیردۆزی شەڕی ڕەوایە. ئەمە سەرسووڕهێنەرە، چونکە بەشێک لە پاڵنەری بیرکردنەوەی سیستەماتیک سەبارەت بە جیابوونەوە تێگەیشتن لەو بابەتەیە کە هەوڵەکان بۆ جیابوونەوە زۆربەی کات لە توندوتیژیی بەرفرە دەگلێن یاخود خۆیان بزوێنەری توندوتیژین. دووەمیان بیردۆزگەلی دادپەروەریی سەرزەمینییە. ئەمە ژی سەرسامکەرە، چون لە حاڵەتی ئایدیالدا بیردۆزی جیابوونەوە دەکەوێتە چوارچێوەی بیردۆزێکی نۆرماتیڤی بەرینتر لە کۆمەڵێک داوای پەیوەندیدار بە خاک، کە لەوانە وەک یەک لە نموونەکان دەتوانین ئاماژە بە داواگەلی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی یاسایی سەروەر لە چەشنێک بکەین کە ئێستا بەستراوەتەوە بە بەدەوڵەتبوون.

پێویستە جیابوونەوە لە ڕێگەکانی تر کە تێیاندا دەکرێ «جیایی» یان «کەرتکردنی دەوڵەت» ڕوو بدات هەڵاوێرین. لەو حاڵەتەی کە لە تێگەیشتنی کلاسیکدا جیابوونەوەی پێ دەگوترێت، گرووپێک لە بەشێک لە خاکی دەوڵەتێکدا هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ دەدات؛ جوداییخوازان هەوڵی هاتنەدەر دەدەن و لەپاش خۆیان دەوڵەتی ماک لە حاڵەتی بچووککراودا جێ دێڵن. حاڵەتی دووەم جیابوونەوەی گێڕاندنەوەخوازە کە تێیدا هەوڵەکە بۆ چێکردنی دەوڵەتێکی نوێ نییە، بەڵکوو بۆ گێڕاندنەوە و لکاندنەوەی خاکی جیاوەبوو بە دەوڵەتێکی دراوسێیە. ئەمە بەگشتی کاتێک ڕوو دەدات کە زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەی جیاوەبوو سەر بە هەمان ئەتنیک-نەتەوەن کە لە دەوڵەتی دراوسێدا زاڵ و سەردەستە. حاڵەتی سێیەم، کە نموونەکەی هەڵوەشانەوەی چێکۆسلۆڤاکیایە، کاتێک دێتە کایەوە کە سازان و پێکهاتنێک لە نێوان دانیشتووان یان لانیکەم سەرکردەکانی دوو ناوچە (کە بەیەکەوە گشت خاکی دەوڵەتەکە پێک دێنن) بۆ کەرتکردنی دەوڵەتەکە بۆ دوو دەوڵەتی نوێ بوونی هەبێت. حاڵەتی چوارەم دابەشبوونی بە شێوەی دەرەکی داسەپاوی دەوڵەتێک بۆ دوو یان چەند دەوڵەتی نوێیە. لە ڕابردوودا دابەشبوون زۆربەی کات کاتێک ڕووی دەدا کە سەودا و مامەڵەیەک لە نێوان دوو دەوڵەتی زلهێزی دراوسێ بە تێچوو و خەساری ئەو دەوڵەتەی دابەش دەبوو دەبەسترا و سەری دەگرت، هەروەک دابەشبوونی پۆڵەندا لە نێوان ئەڵمانیای نازی و یەکێتیی سۆڤیەت. لە ئێستادا، دابەشبوونی بە شێوەی دەرەکی داسەپاو بە ئەگەری زۆر وەک دوایین داڵدە و ڕێگەچارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ململانێ و ناکۆکیی لەچارەنەهاتوو و بێبڕانەوەی ئەتنیکی-نەتەوەیی ناوخۆی دەوڵەتێکە. لە درێژەی وتارەکەدا، بەزۆری تەرکیز دەخەینە سەر جیابوونەوە لە تێگەیشتنی کلاسیکیدا، وەلێ هاوکات هەندێ سەرنجیش دەدەینە جیابوونەوەی گێڕاندنەوەخواز.


١.١ جیاوازیی نێوان پاساوێک(ی پەتی) و هەبوونی داوا-مافێک

بە لێک هەڵاواردنی جیابوونەوەی یەکلایەنە یان تەوافوقی دەست پێ دەکەین. ئەوەی یەکەمیان جیابوونەوە بەبێ ڕەزامەندیی ئەو دەوڵەتەیە کە بەشێک لە خاکەکەی لە لایەن گرووپی جیاوەبوو دەبردرێت یاخود بەبێ ڕێگەپێدانی دەستوورە. هەبوونی بیردۆزێکی مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە زۆر پێویستە، نەتەنێ لەبەر ئەوەی جیابوونەوەی یەکلایەنە زۆرتر لە جیابوونەوەی تەوافوقی ڕوو دەدات، بەڵکوو چونکە هەم مشتومڕ و کێشەیەکی زۆرتری لەسەرە و هەم ئەگەری ئەوەی زۆرترە کە توندوتیژیی بەرینی لێ بکەوێتەوە.

جیابوونەوەی تەوافوقی یان دەرەنجامی ڕێککەوتنێکی پاش دانوستانی نێوان دەوڵەتەکە و جوداییخوازانە (وەک دۆسیەی جیابوونەوەی نەرویج لە سوید لە ساڵی 1905دا) یاخود لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دەستووری دێتە ئاراوە (هەروەک دادگای باڵای کەنەدا بەم دواییانە بۆ جیابوونەوەی کێبێک لە داهاتوودا ڕەچاوی کرد).[1] جیابوونەوەی ڕێگەپێدراوی دەستووری یان بە کەڵکوەرگرتن لە مافێکی ڕاشکاوانەی دەستووری بۆ جیابوونەوە (کە ئێستاکە تەنێ چەند دەستوورێکی کەم وەها مافێک لە خۆ دەگرن) یاخود لە ڕێگەی گۆڕین و پیاچوونەوە بە دەستوور دەستەبەر دەبێت.

جیاوازییەکی گرنگی تر لە نێوان پاساودراوبوون بۆ جیابوونەوە بە شێوەی یەکلایەنە و هەبوونی (داوا-)مافێک بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنەیە. هەمووکات ڕوون نییە کە ئاخۆ تیۆریستێک خەریکی داڕشتن و خستنەڕووی بیردۆزێک لەسەر ئەو هەلومەرجانەیە کە تێیدا جیابوونەوە لەڕووی ئەخلاقییەوە پاساودراوە (واتە ئەو هەلومەرجانەی کە تێیدا گرووپێک ئازادی-مافێکی ئەخلاقی یاخود ئیزنی ئەخلاقیی پەتیی بۆ جیابوونەوە هەیە)، یاخود بیردۆزێک لەمەڕ ئەو هەلومەرجانە کە تێیدا گرووپێک خاوەنی داوا-مافی جیابوونەوەی یەکلایەنەیە. دوان لەسەر «مافی جیابوونەوە» زۆربەی کات لە نێوان ئەم بژاردانەدا بە لێڵ و ناڕوونی دەمێنێتەوە. داوا-ماف نەتەنێ ئازادی-ماف یاخود ئیزنی پەتی لە خۆ دەگرێت (بەو واتایە کە لەو تێگەیشتن و سۆنگەوە کاتێک گرووپێک پاساودراوە بۆ جیابوونەوە کە گەر جیا بووەوە، بەو جیابوونەوەی، جووڵە یا هەوڵێکی ڕێگەپێنەدراو یا یاساخی نەکردبێت)، بەڵکوو ئەرکێکی هاوبەند و پێکبەستراو لەسەر لایەنەکانی تریش دەگرێتەوە کە دەستتێوەردان لەو جیابوونەوەیەدا نەکەن کە هەوڵی بۆ دەدرێت و کۆسپی بۆ نەنێنەوە.

جیاوازیی نێوان سەلماندنی ئەوەی کە گرووپێک لەڕووی ئەخلاقییەوە پاساودراوە بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە (بە تێگەیشتنی هەبوونی ئازادی-ماف) و سەلماندنی ئەوەی کە ئەو گرووپە داوا-مافێکی ئەخلاقیی بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە هەیە گەوهەرییە، گەرچی ئەو جیاوازییە بەدەگمەن لە لایەن ئەو فەیلەسووفانەی لەسەر جیابوونەوە دەنووسن بەڕاشکاوی وێنا کراوە. هەبوونی ئازادی-ماف بە واتای هەبوونی داوا-ماف نییە: دەشێ گرووپێک لەڕووی ئەخلاقییەوە پاساودراوی جیابوونەوە بێت، کەچی دەشێ لە هەمان کاتدا ئەوانی تر (لەوانە ئەو دەوڵەتەی ئەو گرووپە لێی جیا دەبێتەوە) دەروەست بە دوورکەوتنەوە لە دەستتێوەردان لە هەوڵی ئەو گرووپە بۆ جیابوونەوە نەبن.

کەواتە، ئارگیومێنتێک کە بۆ بەڵگاندنی ئەوەی گرووپێک لەم و لەو هەلومەرجەدا پاساودراوە کە جیا ببێتەوە دەشێ بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە تەواو نەبێت کە ئەو گرووپە لەو هەلومەرجە دیاریکراوەدا (داوا-)مافێکی بۆ جیابوونەوە هەیە. سەرەڕای ئەمەش، کاتێک فەیلەسووفان بە کەڵکوەرگرتن لە بەرچاوڕوونی سەبارەت بە نموونە گریمانەییەکانی جیابوونەوە، هەوڵ بۆ داڕشتنی بیردۆزێکی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوە دەدەن، زۆربەی کات ڕوون نییە کە ئاخۆ دەرەنجامی ئەو بەرچاوڕوونییە سەبارەت بە پاساوهەڵگریی ئەخلاقیی جیابوونەوەیە (ڕێپێدراویی پەتی) یاخود سەبارەت بە هەبوونی داوا-مافێکی ئەخلاقی.


٢.١ تیۆریزەکردنی دەستووری سەبارەت بە جیابوونەوە

هەندێ لە فەیلەسووفان جیاوازییان لە نێوان ئەم دوو پرسیارەدا داناوە: (١) گەلۆ گرووپێک داوا-مافێکی ئەخلاقیی بۆ جیابوونەوە هەیە، و گەر بەڵێ، لە چ هەلومەرجێکدا؟ (٢) گەلۆ دەستوورێک دەبێ یان دەشێ بە شێوەیەکی ڕێگەپێدراو مافی جیابوونەوە لەخۆ بگرێت، و گەر بەڵێ، لە چ هەلومەرجێکدا؟ بۆ نموونە، کاس سونستاین لە کاتێکدا دان بەوەدا دەنێت کە جیابوونەوە لەوانەیە هەندێ کات لەڕووی ئەخلاقییەوە پاساوهەڵگر بێت (کە پێدەچێ ئەمە بەو واتایە بێت کە ئەو گرووپە داوا-مافی جیابوونەوەی هەیە)، باس لەمە دەکات کە بەفەرمیناسینی دەستووریی مافی جیابوونەوە لەگەڵ بنەواشەکانی دەستوورباوەڕی (یان لانیکەم دەستوورباوەڕیی دیموکراتی) نەساز و نەگونجاوە[2] (Sunstein 1991). سونستاین ئاماژە بەوە دەکات کە بنەواشەیەکی بنەڕەتیی دەستوورباوەڕی ئەوەیە کە دامەزراوە سیاسییەکان، لەوانە دەستوور خۆی، دەبێ بە جۆرێک گەڵاڵە بکرێن کە هاووڵاتییان هان بدەن کە لە پرۆسەی ئەستەمی سیاسەتی دیموکراتی بەشداری بکەن، کە بە واتای کێبەرکێکردن لە بەستێنی گشتی لەسەر بنەمای بنەواشە، بە کەمترین هێزی چەنەلێدانی ستراتیجییە. ئەو لەپاشان، دوابەدوای ئالبێرت ئۆ. هیرشمان (1970)، دەڵێت گەر دەستوور مافی جیابوونەوە بە فەرمی بناسێت، کەمایەتییە ناڕەزامەندەکان دنە دەدرێن کە بە جیابوونەوە لەو کاتانەدا کە بڕیارەکانی زۆرینە بە دژی خواستە لەپێشینەکانیان بێت یاخود بە کەڵکوەرگرتن لە هەڕەشەی جیابوونەوە وەک ئامرازێکی چەنەلێدانی ستراتیجی وەک ڤیتۆیەکی کردەیی بۆ حوکمڕانیی زۆرینە، خۆیان لە پرۆسەی ئەستەمی سیاسەتی دیموکراتیی بەپێی بنەماکان بدزنەوە و لەژێری دەرچن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، دیموکراسی دێ لاواز ببێت.

سەرەڕای ئەمە، هەروەک بیوکانان لەسەری دواوە (1991: 132)، سونستاین تەنانەت ئەو ئەگەرە ڕەچاو ناکات کە دەستوور دەتوانێت بە شێوەیەک مافی جیابوونەوە سنووردار بکات و کۆسپ بخاتە بەردەمی کە هەڕەشەی چوونەدەری کەمایەتییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. بۆ نموونە دەتوانین ئەم بابەتە بەراورد بکەین بە مافی گۆڕانکاری و پیاچوونەوە بە دەستوور کە لە دەستووری ئەمریکادا بەدی دەکرێت. ئەم مافە بە شێوەیەکی بەرچاو تەلبەند کراوە: دوو زۆرینەی باڵا، یەکیان لە کۆنگرێسدا و ئەوی تریان لە نێوان ویلایەتەکاندا، پێویستن بۆ گۆڕانکاری و پیاچوونەوە. بە هەمان شێوە، مافێکی بەگونجاوی سنووردارکراو و تەلبەندکراو بۆ جیابوونەوە لەگەڵ بنەواشەکانی دەستوورباوەڕی نەساز و نەگونجاو نییە: کۆسپ و لەمپەرگەلێکی بەباشی گەڵاڵەکراو (وەک زۆرینەی باڵا، دیاریکردنی ماوەی چاوەڕوانی و هتد) دەتوانن جیابوونەوە بە ڕادەیەکی گونجاو ئەستەم بکەن بە جۆرێک کە بەر بە مەترسیی قبووڵنەکراوی چوونەدەرەوەی پێشوەختە و بەپەلە یاخود چەنەلێدانی ستراتیجی لە لایەن کەمایەتییەکانەوە بگرن، لە کاتێکدا کە هێشتاش لە هەندێ بارودۆخی گونجاودا ئەگەری جیابوونەوە لە جێی خۆیەتی. لە ڕاستیدا دەستووری ئێستای ئیتیۆپیا وەها مافێکی سنووردارکراو بۆ جیابوونەوە لە خۆ دەگرێت، بە جۆرێک کە نەتەنێ دوو زۆرینەی باڵا دەبێ پشتگیریی جیابوونەوە بکەن، بەڵکوو ماوەیەکی چاوەڕوانییش بۆ ئەم مەبەستە پێویستە. کەواتە، گەرچی گەڵاڵەکردنی گونجاوی دەستوور لەمەڕ جیابوونەوە پێویستە بەرەوڕووی مەترسییەکانی خەسارگەیاندنی جیابوونەوە بە پرۆسەی دیموکراتی ببێتەوە، بەفەرمیناسینی دەستووریی مافی جیابوونەوە وا نایەتە بەرچاو کە لەگەڵ دەستوورباوەڕی نەساز و دژ بێت.

واین نۆرمان زۆرتر لەمەش دەچێتە پێشەوە و باس لەوە دەکات کە بەدەستووریکردنی ململانێ و ناکۆکییەکانی بواری جیابوونەوە گەلێک بەرژەوەندیی بەرچاوی لێ دەکەوێتەوە (Norman 2003). دادگای باڵای کەنەدا لەم دواییانەدا وەها هەڵوێستێکی گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێ پرۆسەی جیابوونەوەی کێبێک کە بۆی هەیە تێکدەر و شێوێنەر بێت، بە پرۆسەی دانوستان و پێداچوونەوە بە دەستووردا بکرێتە بابەتێکی ژێر سەروەریی یاسا.[3]

هێشتا ئارگیومێنتێکی تریش بۆ جێکردنەوەی مافی جیابوونەوە لە دەستووردا بوونی هەیە. لە هەندێ حاڵەتدا، کاتێک یەکەیەکی سیاسیی نوێ لە دوو یان چەند یەکەی سەربەخۆ یان نیوە خودموختار پێک دەهێندرێت، دەشێ گونجاندنی مافی هاتنەدەر لە دەستووری یەکە نوێیەکەدا وەک پاڵنەرێک بۆ چوونە ناو و پەیوەست بوون بەو یەکە نوێیە پێویست بێت. بۆ حاڵەتی نامسۆگەری و یەکلایینەکراوە سەبارەت بەمەی کە یەکە نوێیەکە چلۆن دێ بجووڵێتەوە و بە چ ئاقارێکدا بڕوات، بەفەرمیناسینی دەستووریی بژاردەی «هاتنەدەری باری تەنگەتاوی» لەوانەیە بۆ خستنەگەڕی یەکە نوێیەکە حەوجە بێت (Buchanan 1991: ch. 4).[4]

کار و لێکۆڵینەوەی فەلسەفیی زۆرتر لەسەر ئەم پرسیارە دەبێ ئەنجام بگیرێت کە کەی و چلۆن مافی جیابوونەوە دەکرێ بەدەستووری بکردرێت. بۆ ئەم مەبەستە هەم پێویستمان بە شیکردنەوە و تیشکخستنە سەر بنەواشەکانی دەستوورباوەڕی و مۆراڵیتەی جیابوونەوەیە و هەم زانینێکی ئەزموونی لەسەر ئەو هەلومەرجانە کە تێیاندا ڕێکخستن و داڕشتنە دەستوورییە جۆراوجۆرەکان بتوانن بەو جۆرەی چاوەڕوان دەکرێت بنەواشەکانی دەستوورباوەڕی بە چەشنێک بێننە دی کە لەگەڵ جیابوونەوە بگونجێت.


٢. بیردۆزەکانی مافی جیابوونەوە

لە ئەدەبیاتی فەلسەفەدا جیاوازییەکی بەڕواڵەت گشتگیر لە نێوان دوو بیردۆزی مافی جیابوونەوە (کە وەک داوا-مافی یەکلایەنە هاتووەتە فامکردن) وێنا کراوە: بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری و بیردۆزەکانی مافی سەرەتایی.[5] بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری مافی جیابوونەوە بە مافی شۆڕشکردن دەشوبهێنن و بە مافێکی دەزانن کە گرووپێک تەنێ لە ئەنجامی پێشێلکرانی مافەکانی تری لێی بەهرەمەند دەبێت. لەم ڕوانگەیەدا جیابوونەوە تەنیا کاتێک پاساو دەدرێت کە دوایین داڵدە و چارەسەر بۆ نادادپەروەریی بەردەوام و جیددی بێت. کەواتە مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە وەک مافێکی سەرەتایی ڕەچاو ناکرێت، بەڵکوو لێکەوتەی پێشێلکرانی مافە بنەڕەتیترەکانی دیکەیە؛ لەبەر هەندێ بە «بەس مافی چارەسەری» ناودێر کراوە. هەندێ جار زاراوەی «بیردۆزەکانی هۆکاری دادپەروەرانە» بۆ ئاماژەدان بە بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری و زاراوەی «بیردۆزەکانی هەڵبژاردن» بۆ ئاماژەدان بە بیردۆزەکانی مافی سەرەتایی بەکار دێت.

وەشانە جیاوازەکانی بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری لیستەی جیاواز لەو نادادپەروەرییانە کە دەتوانن ببنە هۆکار بۆ مافی چارەسەری دیاری دەکەن. بۆ نموونە، بیردۆزێکی بەس مافی چارەسەری بهێننە بەر چاوتان کە لە نێوان هۆکارەکان بۆ مافی (یەکلایەنەی) جیابوونەوە بابەتەکانی ژێرەوە دەگرێتە خۆ: (1) پێشێلکاریی بەربڵاو و بەردەوامی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ؛ (2) داگیرکردنی نادادپەروەرانەی خاکی دەوڵەتێکی ڕەوا (کە جیابوونەوە لەم حاڵەتەدا ڕێک گێڕاندنەوەی خاکی بە ناهەق داگیرکراوە، بۆ نموونە جیابوونەوەی کۆمارەکانی باڵتیک لە یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991دا)؛ و (3) لە هەندێ حاڵەتی تایبەتدا، پێشێلکردنی بەردەوامی ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بە قبووڵکردنی خۆبەڕێوەبەریی سنوورداری گرووپێکی کەمایەتی لە ناوخۆی سنووری دەوڵەتێکدا لە لایەن دەوڵەتەوە (Buchanan 2004) یان بەڵکوو تەنانەت ڕەتکردنەوەی بژاردەی هاتنە ناو ئەو دانوستانانەی کە بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی ڕژێمێکی خودموختار لە ناوخۆی دەوڵەتدا ڕێکخرابن. بیردۆزێکی بەس مافی چارەسەریی قورس و دژوارتر هەیە کە تەنیا لە یەک حاڵەتدا پاساودانی جیابوونەوەی یەکلایەنە بە گونجاو دەزانێت: (١) پێشێلکاریی بەردەوام و بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ (لە توندوتیژترین حاڵەتی خۆیدا، وەک جینۆساید یان حاڵەتەکانی تری کوشتنی بەکۆمەڵ).[6]

بیردۆزەکانی مافی سەرەتایی لەمەڕ مافی یەکلایەنە بۆ جیابوونەوە دان بەمەدا دەنێن کە گرووپێک دەتوانێت لەسەر بنەمای هۆکارگەلی چارەسەری، مافی جیابوونەوەی هەبێت، وەلێ هاوکات لەسەر ئەو بڕوایەن کە تەنانەت کاتێک کە گرووپەکە نەکەوتبێتە بەر هیچ نادادپەروەرییەکیش مافی (یەکلایەنەی) جیابوونەوەی دەکرێ هەبێت. کەوایە، ئەم جۆری دووەمەی بیردۆزەکان ئەمە دەگەیەنێت کە پێشتر و سەرتر لە هەر مافێکی چارەسەری و کەواتە هەر مافێکی لێکەوتەی، کە لەوانەیە هەبێت، مافێک بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە بوونی هەیە.

بیردۆزەکانی مافی سەرەتایی دوو چەشنن: بیردۆزەکانی ڕەپاڵدەری-تەوەر (کە زۆربەیان ناسیۆنالیستین) و بیردۆزەکانی گشتپرسی-تەوەر (یان زۆرینەباوەڕی). یەکەمیان هەڵگری ئەو بۆچوونەیە کە گرووپگەلی دیاریکراو کە ئەندامێتییان لەسەر بنەمای ئەوەی هەندێ کات پێی دەگوترێت تایبەتمەندیگەلی ڕەپاڵدەری پێناسە کراوە، تەنیا بەهۆی ئەوەی لەو چەشنە گرووپگەلەن، (داوا-)مافێکی یەکلایەنەیان بۆ جیابوونەوە هەیە. تایبەتمەندیگەلی ڕەپاڵدەری ئەو تایبەتمەندییانەن کە سەربەخۆ و بێ گرێدانەوە بە هەڵبژاردنیان دەخرێنە پاڵ تاکەکان و لە یەک نەتەوە یان «گەلێکی جیاواز» بوون لەخۆ دەگرن. باوترین فۆرمی بیردۆزی ڕەپاڵدەری-تەوەر پێی وایە کە نەتەوەگەلی لەم چەشنە مافی چارەیخۆنووسینیان هەیە، کە مافی جیابوونەوە بە مەبەستی بوون بە خاوەن دەوڵەتی خۆیان دەگرێتەوە.

لە بەرانبەردا، بیردۆزگەلی گشتپرسی-تەوەر لەسەر ئەو بۆچوونەن کە داوا-مافی ئەخلاقیی یەکلایەنە(ی تا ئەم ڕادەیە) بۆ جیابوونەوە لە حاڵەتێکدا بوونی هەیە کە زۆرینەی دانیشتووانی پارچەیەک لە خاکی دەوڵەتەکە بڕیار بدەن کە لەو بەشەدا دەوڵەتی خۆیان هەبێت، بێ گوێدان بەوەی کە تایبەتمەندیی هاوبەش، چ ڕەپاڵدەری یاخود لە هەر چەشنێکی تر، جگە لە ویست بۆ سەربەخۆییان هەیە یان نا. پێویست نییە لە یەک نەتەوە یان ئەندامی گەل یا کولتوورێکی دیاریکراو بن. بەڵکوو، تەنێ پێویستە گرووپێک پێک بێنن کە توانایی دامەزراندنی حکوومەتێکی خودموختاریان هەبێت کە بتوانێت کارکردە سیاسییەکانی پێویست بۆ ڕەوایی جێبەجێ بکات و ڕاپەڕێنێت.

ئەوەی لە نێوان ئەم دوو چەشنە لە بیردۆزگەلی مافی سەرەتایی هاوبەشە ئەوەیە کە نادادپەروەری وەک مەرجێکی پێویست بۆ هەبوونی (داوا-)مافی یەکلایەنە بۆ جیابوونەوە بە حەوجە نازانن. ئەمانە بیردۆزگەلی مافی سەرەتایین چونکە (داوا-)مافی یەکلایەنە بۆ جیابوونەوە بە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتیترەکانی تر گرێ نادەنەوە و مەرجدار ناکەن، بەو شێوەیەی کە لە بیردۆزگەلی بەس مافی چارەسەری دەبیندرێت.[7] لێرەدا هیچ هەوڵێک بۆ خستنەڕووی هەڵسەنگاندنێکی بەراوردکارانەی تێروتەسەل و گشتلایەنەی ئەم بیردۆزگەلە دژیەکە نادرێت (بڕوانە Buchanan 1997). بەڵکوو، تەنێ خاڵە بەهێز و لاوازە سەرەکییەکانیان دیاری دەکەین.


١.٢ بیردۆزگەلی بەس مافی چارەسەری

بە گوێرەی بیردۆزگەلی بەس مافی چارەسەری، هەروەک لە ناوەکەی دەر دەکەوێت، جیابوونەوە وەک دوایین ڕێگەچارە لە هەمبەر نادادپەروەریی سەپێندراو لە لایەن دەوڵەتەوە بەسەر گرووپی جیابوونەوەخوازی تامەزرۆ پاساو دەدرێت. بەپێی بیردۆزەکانی مافی چارەسەری دەوڵەتێکی تا ڕادەی پێویست دادپەروەر شیانی دادگەری و دەسەڵاتی ڕەوای بەسەر گەلی ناو خاکەکەیدا هەیە. ئەم ڕەواییە ئیزنی ئەوە بە دەوڵەت دەبەخشێت کە بەسەر هاووڵاتییانیدا حوکمڕانی بکات، کە ئەندامانی گرووپگەلی جیابوونەوەخوازی تامەزرۆ ژی دەگرێتەوە. دۆزەکە تەنێ کاتێک دەکرێ بگۆڕدرێت کە دەوڵەت مەرجەکانی ڕەوایی خۆی پێشێل بکات، کە بۆ ئەم مەبەستەش دەوڵەت دەبێ بە ڕادەیەک کە تەواو بۆ لاوازکردن و بنبڕکردنی ئیدعای دەوڵەت بۆ حوکمڕانیی ڕەوا پێویستە لە نادادپەروەری بگلێت. ڕوانگە جۆراوجۆرەکانی بەس مافی چارەسەری بۆچوون و گۆشەنیگای جیاوازیان لەمەڕ ئەوە هەیە کە چ چەشنێک لە نادادپەروەری قورسایی پێویستی بۆ جێگیرکردنی مافی جیابوونەوە هەیە. دیارترین ڕوانگەی لەم چەشنە، کە لە لایەن ئالێن بیوکانانەوە دراوەتەوە دەرەوە، سێ جۆری دیاریکراوی نادادپەروەری دیاری و پێناسە دەکات کە لە ئەنجامیاندا بکرێ جیابوونەوە بە چارەسەر بزانرێت: ١) جینۆساید یان پێشێلکارییە بەکۆمەڵ و بەربڵاوەکانی تری مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ؛ ٢) دەستبەسەرداگرتن و لکاندنی نادادپەروەرانە؛ و ٣) پێشێلکردنی بەردەوامی ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە خودموختاریی ناوخۆی خاکی دەوڵەتەکە (Buchanan 2003: p. 351). بیوکانان بەم دواییانە ئەگەری حاڵەتێکی تریشی خستووەتە ڕوو: سەرنەگرتن و فەشەلهێنانی چوونەوە ناو دانوستانگەلێک کە ئاکامی چاوەڕوانکراویان ڕژێمێکی خودموختاری ناوخۆیی بۆ هەر گرووپێکە کە داوایەکی ماقووڵی بۆ وەها خودموختارییەک هەیە (Buchanan, personal communication, August 2021).

بە ڕەچاوکردنی ئەگەری هەستان بە جیابوونەوەی یەکلایەنە بە مەبەستی ورووژاندنی توندوتیژیی بەربڵاو، خاڵی بەهێزی ڕێبازی بەس مافی چارەسەری ئەوەیە کە بەربەستێکی بەرچاو لەبەردەم جیابوونەوەی یەکلایەنە دادەنێت، کە بەپێی ئەم بەربەستە، سکاڵا و گازندەکردنی بەردەوام و جیددیی جیابوونەوەخوازان لە کەوتنە بەر نادادپەروەری مەرجێکی پێویستە. تا ئەم خاڵە، ئەم ڕێبازە ئەم تێگەیشتنە دەپێکێت کە کەرتکردنی دەوڵەت بە جۆرێک کە ڕەزامەندی و ڕێککەوتنی دوولایەنەی لەسەر نەبێت، بۆ نموونە لە حاڵەتی شۆڕشدا، هەوڵێکی پڕمەترسی و مەزنە کە پاساودرانی قورسی پێویستە. گەر لێی وردتر ببینەوە، ئەم ڕوانگەیە لێکدانەوە و شیکردنەوەیەکی لۆژیکی دەداتە دەست کە چلۆن دەکرێ دەوڵەت مافی خاوەندارێتی بەسەر خاکدا لە دەست بدات: ئەمە لە یەکەم هەنگاودا بە شکستهێنان لە ڕاییکردنی ئەو ئەرکە دێتە کایەوە کە ئیدعایەکی ئەخلاقی بۆ کۆنترۆڵی خاک بە دەوڵەت دەدات، واتە دابینکردنی دادپەروەری بۆ ئەوانەی دەکەونە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتی یاسایی ئەو دەوڵەتەوە.

خاڵێکی بەهێزی تری ڕێبازی بەس مافی چارەسەری ئەوەیە کە وا دەردەکەوێت کە پاڵنەری دروست و بەجێ دابین دەکات: ئەو دەوڵەتانەی دادپەروەرن (یان لانیکەم لەسەر نادادپەروەریی زۆر جیددی بەردەوام نین و درێژەی پێ نادەن) لە باری ئەخلاقییەوە لە هەمبەر جیابوونەوەی یەکلایەنە پارێزراون و لە پاڵپشتیی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەیان بەهرەمەندن. لە لایەکی دیکەوە، هەروەک بیردۆزەکە پێشنیازی دەکات، گەر مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە وەک چارەسەرێک بۆ نادادپەروەریی جیددی و بەردەوام بەفەرمی بناسرێت و دانی پێ بنرێت، دەوڵەتەکان هان دەدات کە دادپەروەرانەتر بجووڵێنەوە.

هەندێ لە ڕەخنەگران بەرەنگاری ڕێبازی بەس مافی چارەسەری بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە دەبنەوە و پێیان وایە کە بە شێوەیەکی نیگەرانکەر لە ئاست پەرۆشی و کەڵکەڵەکانی گەلێک گرووپی خوازیاری چارەیخۆنووسین بێبایەخ و بێکەڵکە. دەڵێن کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەمە ناسیۆنالیزمە کە پاڵنەر و هەڵگیرسێنەری شوێن چارەیخۆنووسین کەوتنە، نەک سکاڵا و ناڕەزاییەکان لە نادادپەروەری خۆی لە خۆیدا (Moore 1998a). لایەنگرێکی ڕوانگەی بەس مافی چارەسەری دەشێ وەڵام بداتەوە کە ئەمەی دواییان تەنێ لێکدانەوە بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە دەکات، نەک بیردۆزێکی گشتلایەنەی چارەیخۆنووسین بێت. کەواتە، ڕێبازی بەس مافی چارەسەری بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە لەگەڵ هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک ئاسانگرانە و ڕێدەرانە لە هەمبەر خودموختاریی ناوخۆیی دەگونجێت، کە فۆرمە جیاوازەکانی خۆبەڕێوەبەری بۆ کەمینە نەتەوەییەکانی ناوخۆی دەوڵەتەکە دەگرێتەوە. بابەتەکە جیاکردنەوە و هەڵاواردنی (داوا-)مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە لەو بەرژەوەندییە ڕەوایە جۆراوجۆرانەیە کە گرووپەکان، لەوانە کەمینە نەتەوەییەکان، دەتوانن لە فۆرمگەلی جیاوازی چارەیخۆنووسیندا بەبێ بەدەوڵەتبوون هەیانبێت.

جگە لەمە، لە ڕێبازی بەس مافی چارەسەریدا حەوجە نییە کە داوای سەربەخۆیی نەتەوەکان ڕەت بکرێتەوە؛ بەڵکوو تەنێ داوا و بانگەشەیەکی بەهێزتر ڕەت دەکاتەوە کە بە گوێرەی ئەم بانگەشەیە نەتەوەکانی لەم چەشنە مافی جیابوونەوەی یەکلایەنەیان هەیە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو گرووپانەی دەکەونە بەر چەپۆکی نادادپەروەریی ڕژد و بەردەوام لە ڕاستیدا نەتەوەن، و کەواتە بەپێی بیردۆزی بەس مافی چارەسەری مافی جیابوونەوەیان دەبێت. تا ئێرە ڕاست نییە گەر بێژین ئەم چەشن بیردۆزە گوێ بە ڕاستییەکانی بزاڤگەلی چارەیخۆنووسینی نەتەوەیی نادات. وەلێ بابەتێکی گرنگی دیکە ئەمەیە کە بیردۆزی بەس مافی چارەسەری لە کاتی ئاوێتەبوون لەگەڵ بیردۆزێکی گشتلایەنەی وەک چارەیخۆنووسین، کە ئاوڕدانەوەیەکی بنەماییە لەو حاڵەتانەی کە ڕێکخستنەکانی خودموختاریی ناوخۆیی دەتوانن پاڵپشتیی ناودەوڵەتی دەستەبەر بکەن، دەتوانێت وەڵامدەری پەرۆشی و کەڵکەڵەکانی کەمینە نەتەوەییەکان لەو حاڵەتانەدا بێت کە مافی جیابوونەوەی یەکلایەنەیان نییە.

ئەوەی ڕێبازی بەس مافی چارەسەری لێی بێبەرییە داننان بەوەیە کە نەتەوەگەلی لەم چەشنە، بێ گەڕانەوە بۆ پێویستیی هەبوونی حاڵەتێکی بەردەوامی نادادپەروەریی ڕژد و پڕمەترسی، مافی جیابوونەوەی یەکلایەنەیان هەیە. وەلێ دەکرێ بسەلمێندرێت کە ئەمە تایبەتمەندیی ئەرێنیی ئەم لێکدانەوە و ڕێبازەیە، نەک کەمایەسی و خاڵێکی لاوازی. بەم شێوەیە کە ئەو ڕەخنانەی لە خۆی تکاندووەتەوە کە ئاراستەی بیردۆزەکانی ڕەپاڵدەری-تەوەر دەکرێت و بە خاڵی لاوازیان بە هەژمار دێت، کە ئەمیش ئەوەیە کە لە جیهانێکدا کە کەم تا زۆر هەموو دەوڵەتەکان لە زۆرتر لە یەک نەتەوە پێک دێن، و نەتەوەکان بە لەباری و ڕێکوپێکی بەسەر ناوچەگەلێک بە سنووری دیاریکراو لەناو خاکی دەوڵەتاندا بڵاو نەبوونەتەوە و نیشتەجێ نین، بەڵکوو گەلێک ناوچەی دیاریکراو هەن کە داوای و بانگەشەی خاوەندارێتیی زۆرتر لە یەک نەتەوەی لەسەرە، بیردۆزەکانی ڕەپاڵدەری-تەوەر دان بە مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە بۆ هەموو نەتەوەکان دەنێن و ڕێگەی پێ دەدەن. بابەتەکە هەر وا ساکار نییە کە ڕوانگەی ڕەپاڵدەری-تەوەر سەر ناگرێت و جێبەجێ نابێت؛ بەڵکوو لایەنگریی ئەم ڕوانگەیە بۆ ئەو ئایدیایە کە هەر ئەتنیکێک دەوڵەتی تایبەتی خۆی هەبێت، هاندەر و بزوێنەرێکە بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی ئەتنیکی، گەر نەڵێین تەنانەت جینۆسایدیش. هەر چۆنێک بێت، ئەم دێڕە ئارگیومێنتە دەتوانێت وەڵامێکی کاریگەر بێت بۆ ئەو ڕەخنانەی دەڵێن بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری گرنگیی ناسیۆنالیزم پشتگوێ دەخەن و گوێی پێ نادەن، مەگەر تەنیا لە کاتێکدا کە لێکدانەوەیەی بیردۆزی بەس مافی چارەسەری بۆ مافی جیابوونەوە بەدروستی لە بیردۆزی برفرەتر و پەسندتری چارەیخۆنووسیندا جێگیر بکرێت.


٢.٢ بیردۆزگەلی گشتپرسی-تەوەر

بیردۆزگەلی گشتپرسی-تەوەر (یان ویستباوەڕ) کراوەتر و ڕێدەرتر لە بیردۆزگەلی بەس مافی چارەسەری و ڕەپاڵدەری-تەوەرن: بەبێ مەرجی هەبوونی نادادپەروەری، ڕێگە بە جیابوونەوەی یەکلایەنە دەدەن و پێویست نییە کە ئەندامەکانی گرووپی جیابوونەوەخواز تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان جگە لە خواست و ویست بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی خۆیان هەبێت. بیردۆزگەلی گشتپرسی-تەوەر بناخەی مافی جیابوونەوە لەسەر مافی چارەیخۆنووسین دادەڕێژن (Wellman 2005: ch. 3). لای ئەوان چارەیخۆنووسین خۆی لە خۆیدا وەها بەهایەکی مەزنی هەیە کە دەتوانێت لە هەلومەرجی تایبەتدا مافی سەربەخۆیی سیاسیی تەواو جێگیر بکات. دیارترین لایەنگری ڕوانگەی گشتپرسی-تەوەر، کریستۆفەر وێڵمان، دەڵێت کە مافی چارەیخۆنووسین مافێک بۆ جیابوونەوە بەدی دێنێت و دەچەسپێنێت، ئەگەر و تەنیا ئەگر (١) هەر گرووپێک کە زۆرینەی دانیشتووانی پارچەیەک لە خاکێکی دیاریکراو پێک دێنێت دەنگ بە جیابوونەوە بدات؛ (٢) ئەو گرووپە بخوازێت و بتوانێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ دامەزرێنێت کە بە ڕێکوپێکی ئەرکەکان ڕاپەڕێنێت، و (٣) جیابوونەوەی ئەم گرووپە توانایی دەوڵەتی پاشماوەی ئەم جیابوونەوەیە ژی بۆ ڕاییکردنی ئەرکەکان لاواز و بنبڕ نەکات (Wellman 1995; Wellman 2005: ch. 3; Altman and Wellman 2009: ch. 3). بێڵن خاڵی (١) مەرجی دەنگی زۆرینە، و خاڵەکانی (٢) و (٣) مەرجی بەردەوامبوونی دەوڵەت ناو بنێین. لە زۆربەی مەلەفەکاندا وا دەردەکەوێت کە بەدیهێنانی مەرجی بەردەوامبوونی دەوڵەت ساکار نەبێت، بەتایبەت کاتێک کە دێینە سەر باسی دامەزراندنی کۆمەڵێک دامەزراوەی نوێ. کەوایە مەرجی بەردەوامبوون ڕادەی کراوەیی و ئاسانگریی ڕوانگەی گشتپرسی-تەوەر دادەبەزێنێت.

بیردۆزگەلی گشتپرسی-تەوەر گەلێک تایبەتمەندیی سەرنجڕاکێشیان هەیە. یەکەم، دەتوانن پێش بە هەندێ کێشە و گرفت بگرن کە چەشنە سەرەکەییەکەی تری بیردۆزی مافی سەرەتایی، واتە بیردۆزگەلی ڕەپاڵدەری-تەوەر بە دوای خۆیدا دێنێت، چونکە لە چوارچێوەی بیردۆزگەلی گشتپرسی-تەوەردا، نە پێویستە شی بکرێتەوە چ شتێک نەتەوەیەک چێ دەکات، و نە حەوجەیە ڕوون بکرێتەوە کە بۆچی نەتەوەکان مافی ئەوەیان هەیە دەوڵەتی خۆیانیان هەبێت. هەروەها، گەر مافی گشتپرسی-تەوەر بۆ جیابوونەوە بە بەربڵاوی بەفەرمی بناسرێت، ئەوانەی خواستی جیابوونەوەیان هەیە پێویست ناکات دۆسیەکەیان بەپێی زاراوەگەلی ناسیۆنالیستی داڕێژن، کە هەندێ کات کاردانەوەی توندوتیژی ناسیۆنالیستی لە لایەن ئەوانەی دژایەتییان دەکەن بە دوای خۆیدا دێنێت. دووەم، کەمتر لە بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری شۆپپارێز و کۆنەپارێزن، چونکە ڕێگە بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دیموکراتییانەی سنوورەکانی دەوڵەت دەدەن –کە لە تیۆریدا ڕێگە بە ئاستێکی بەرزتر لە چارەیخۆنووسین بۆ گەلی دانیشتووی ناوخۆی ئەو سنوورانە دەدەن. ئەم گەڕانەوە بۆ دیاریکردنی دیموکراتییانەی سنوورگەلی دەوڵەتی، لەجیاتی پاراستنی ئەو دۆخەی ئێستا لە ئارادایە، هەروەها دەروەستبوونێکی جێی ڕێز بە دیموکراسی وەک حوکمی زۆرینە بە دوای خۆیدا دێنێت.

ئەم ڕوانگەیەیش، وەک هەر ڕوانگەیەکی تر، بەرەوڕووی گەلێک ڕەخنە و دژایەتی بووەتەوە. یەک لە نیگەرانییەکان ئەمەیە کە بیردۆزی گشتپرسی-تەوەر ئیزن بە جیابوونەوەی لەڕووی ئەخلاقی کێشەنەرەوەی «هەبوونەکان»1 لە «نەبوونەکان» دەدات: زۆرینەی زەنگین و خاوەنی بەشە بەپیت و زەنوێرەکانی سەرچاوەکانی دەوڵەت لەوانەیە خۆیان لە ئەرک و دەروەستیی دابەشکردنەوەی دارایی و سامان بەسەر هاووڵاتییانی بارچەوت و هەژارتریان بدزنەوە و بەجێی نەهێنن. وێڵمان لە وەڵامدا لەوانەیە دەست بخاتە سەر مەرجی بەردەوامبوون: دەشێ حیزبێکی جیابوونەوەخواز بە بردنی سامان و سەرچاوەی پێویست بۆ درێژەدان بە ڕاییکردنی ئەرکەکان لە لایەن دەوڵەتی پاشماوەوە، نەتوانێت جیا ببێتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر لە ناوچەیەک هەڵکەوتوون کە بەشی زۆربەی سەرچاوە سروشتییەکانی هەیە، مافی جیابوونەوەیان مەرجدارە و بەستراوەتەوە بە خواست و حەزیان بۆ هاوبەشکردنی لانیکەم هەندێ لەو سەرچاوانە لەگەڵ هاووڵاتییانی دەوڵەتی پاشماوەی جیابوونەوە. لەم سۆنگەیەوە، گرووپگەلی زەنگینتر دەشێ لە گرووپگەلی هەژارتر جیا ببنەوە؛ هەر چۆنێک بێت، پشتبەستنی گرووپی هەژارتر بەو سەرچاوانەی بە دەست گرووپی زەنگینترەوەن هەلومەرجێک دەخوڵقێنێت کە بە گوێرەی دەکرێ جیابوونەوە بێتە کایەوە (Wellman 1995: p. 145).

ئەمەی کە ئەم ڕێچارەیە وەڵام دەداتەوە و کاریگەر دەبێت پەیوەستە بەمەی کە وێڵمان تا چ ڕادەیەک دەیهەوێت ئەم پێویستی و مەرجە جێ بکاتەوە و گرنگیی پێ بدات کە دەوڵەتی پاشماوە دەبێ پاشانیش توانایی «ڕاییکردنی ئەرکەکانی» هەبێت. لێدوان و لێکدانەوەی وێڵمان لەم بارەوە تا ڕادەیەک لێڵ و ناڕوونە، وەلێ وا دێتە بەرچاو کە تەنێ ئەو پێویستی و مەرجە ڕەچاو دەکات کە دەوڵەت بتوانێت ئەرکەکانی پێویست بۆ پاراستن و جێگیرکردنی مافە بنەڕەتییەکان و دادپەروەری، ڕاگرتنی تەکووزی و دابینکردنی ژێرخانی بنگەهی و گەوهەری بەجێ بهێنێت. گەر بەم شێوەیە بێت، کەوایە هەندێ کەس کە سەبارەت بە ڕێپێدان بە جیابوونەوەی هەبوونەکان لە نەبوونەکان نیگەرانن دەشێ باس لەمە بکەن کە ڕوانگەی گشتپرسی-تەوەر ڕێگە بە هەڵوەشانەوە و لەناوچوونی دەوڵەتی خۆشبژیویی مۆدێرن دەدات کە فۆرمێکی سیاسییە کە زۆربەی کات دابەشکردنەوەی بەرچاوی سامان و دارایی لە ناوچە بەپیتەکانەوە بۆ ناوچە هەژارتر و بێبەهرەترەکان بە پێویست دەزانێت. گەرچی وێڵمان بە ڕاشکاوی پێمان ناڵێت کە بەوردی چ ئەرکگەلێک بۆ بەردەوامبوونی دەوڵەتێک پێویستن، پێ دەچێت کە ئەرکەکانی دەوڵەتێکی خۆشبژیوی ئەو ئاستە لانیکەمییەی کە ڕوانگەی وێڵمان بە حەوجەی دەزانێت تێپەڕ بکەن. کەواتە ڕەخنەگران دەشێ بڵێن کە ڕوانگەی گشتپرسی-تەوەری وێڵمان یان (١) لەڕادەبەدەر لیبەرتاریانییە، یاخود (٢) پێویستی بە پێداچوونەوە و بەرفرەکردنەوەی مەرجی بەردەوامبوونە بە جۆرێک کە جیابوونەوە خەساری جیددی بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆشبژیویی دەوڵەتی پاشماوە نەگەیەنێت.

وێڵمان بەڵام ڕێبازێکی تر دەگرێتە بەر و دەڵێت کە هاوبەشکردنی بەردەوامی سەرچاوەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی تازە دامەزراو لەگەڵ دەوڵەتی پاشماوە پێویست نییە تەنیا بەو حاڵەتانە سنووردار بکرێتەوە کە تێیدا ناوچەی هەژارتر بەبێ پاڵپشتیی ناوچەی جیاوەبوو نەتوانێت بەردەوام بێت و درێژە بە بوونی خۆی بدات. بەم شێوەیە، ڕوانگەی وی جێ بۆ ئەم ئەگەرە دێڵێتەوە کە گەلی ناوچەی هەژارتر بشێ هێشتا لە بەشێک لە سەرچاوەکان بەهرەمەند بێت کە لە ڕادەی پێویستی بۆ بەس مانەوە و بەردەوامبوون زۆرتر بێت –هەرچەند ئەمە دەشێ تەنێ لێکدانەوەیەک بێت. وێڵمان لێرەدا دوو بابەت لێک جیا دەکاتەوە کە خۆی بە دوو پرسیاری جیاواز دایان دەنێت: ١) وەک بابەتێکی چوارچێوەی دادپەروەری، هاووڵاتییانی ناوچەی زەنگینتر چ شتێک بە هاووڵاتییانی دەوڵەتی پاشماوە قەرزدارن؟ و ٢) ئاخۆ هاووڵاتییانی ناوچەی زەنگینتر مافی چارەیخۆنووسینیان هەیە؟ هەروەک خۆی ڕاڤەی دەکات: جیابوونەوەی خەڵکانی زەنگین لە هاوسەرە کەمتر زەنگینەکانیان بابەتێکە هەمووکات بوونی هەیە. ئێمە لامان وا نییە کە ئەم نایەکسانییە دەبێ بەر بە جیابوونەوەیان بگرێت؛ بەڵکوو، ئەم نایەکسانییە کۆمەڵە مەرجێک دیاری دەکات کە بە گوێرەیان ئەوان بشێ بەڕێگەپێدراوی جیا ببنەوە –و ئەم مەرجانە زۆربەی کات جیابوونەوە دەبەستنەوە بە پاڵپشتیی بەردەوام لەو هاوسەرەی نەبوونترە لە ئاستێکی سەرتر لە تەنیا بژیوێکی لانیکەمیی پێویست بۆ بەڕێکردنی ژیانی (Wellman 2005: p. 142–3).

کەواتە، پرسیاری پاراستنی دابەشکردنی سامانی دەوڵەتێکی خۆشبژیوی بابەتێکی دادپەروەریی دابەشکارییە، و دەستبەجێ ناگەڕێتەوە سەر ئەو بابەتەی کە ئاخۆ گرووپێکی زەنگینتر مافی جیابوونەوەی لە سەرووی لێکدانەوەیەکی لانیکەمیتری مەرجی بەردەوامبوون هەیە یان نا. ئەمە بەو واتایەیە کە مافی چارەیخۆنووسینی گرووپی زەنگینتر قورسایی پێویستی بۆ پاساودانی جیابوونەوەیان هەیە (بە ڕەچاوکردنی بەدیهێنانی هەلومەرجی پێویست)، بەڵام ئەمە ناگەیەنێت کە لە هەر دەروەستییەک بۆ بەجێگەیاندنی چاوەڕوانییەکانی خۆشبژیویی دانیشتووانی دەوڵەتی پاشماوە پڕبایەختر و سەرتر بێت. مەرجەکانی دادپەروەریی دابەشکاری پاڵپشتیی بەردەوام لە نەبوونەکان تەنانەت تا ڕادەی سەرتر لە ئاستی پێویست بۆ بەس گوزەرانی ژیان یاخود بەردەوامبوون تەواو بە حەوجە دەزانن. کێشەیەکی ئەم ڕێچارەیە ئەمەیە کە لە هەلومەرجی ئێستادا بەدوور لە واقع و لۆژیکە: کاتێک ناوچەیەک سەربەخۆیی تەواوی خۆی دەستەبەر کرد، ئیتر پاڵنەرێکی ئەوتۆی نییە کە درێژە بە پارڤەکردنی سەرچاوەکانی لەگەڵ دەوڵەتی پاشماوە بدات تا ئەرکەکانی پەیوەست بە خۆشبژیوی بەجێ بگەیەنێت و هیچ دەزگا و ناوەندێکی نێونەتەوەیی کاریگەریش نییە کە ناچار بەم کارەی بکات.

ڕەخنەگرانی بیردۆزی گشتپرسی-تەوەر لەم ڕەهەندەشەوە ڕەخنەکانیان بەرز دەکەنەوە کە ڕوانگەکانی وێڵمان تەشەنەکردن و زۆربوونی جیابوونەوەی لێ دەکەوێتەوە. ڕەخنەی کارتێکەریی دۆمینۆیی2، هەروەک لە ناوەکەیەوە دیارە، ئاماژە بەو نیگەرانییە دەکات کە گەر بۆ پێکهێنانی گرووپێکی جیابوونەوەخوازی خۆبژیو تەنیا دەنگێکی زۆرینە لە گشتپرسییەکدا پێویست بێت و بەس، بەدامەزراوەییکردنی ئەم ڕوانگەیە دێ ڕێگە بە جیابوونەوەی هەژمارێکی زۆر و یەک لەدوای یەکی گرووپگەلی بچووک و بچووکتر بدات. ئەمە بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە ناوچەگەلی دیاریکراو و لە ئاستی نێونەتەوەییدا کارەساتبار و کاولکەر دەبێت. دیسانەکە تیۆریستەکانی گشتپرسی-تەوەر لە وەڵامدا ئاماژە بە مەرجی بەردەوامبوون دەکەن. چێکردنی سەرکەوتووانەی دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ کە بتوانێت هەم ڕەوایی سیاسی بپارێزێت (بە بەجێگەیاندن و ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسییەکانی) و هەم بە شێوەیەکی لۆژیکی چاوەڕوانیی لێ بکرێت کە بە درێژایی کات بەردەوام بێت و بمێنێتەوە مەرجێکی قورس و ئەستەمە –مەرجێک کە بەشێکی زۆری (تەنانەت گەر نەڵێین زۆربەی) گرووپگەلی جیابوونەوەخوازی تامەزرۆ وێ ناچێت بتوانن بەدیی بێنن.

لە ڕاستیدا، وێڵمان پێی وایە کە بە کەمبوونەوەی دانیشتووان و سەرچاوەکانی، ئەگەر و شیمانەی ئەوەی گرووپێکی جیابوونەوەخواز بتوانێت وەها ئەرکێکی بەرزەفڕانە و ئاڵۆز بەجێ بێنێت دادەبەزێت (Wellman 2005: p. 7–8). کەوایە، مەرجی بەردەوامبوون سنوورێکی کردەیی لەبەردەم ئەو چەشنە گشتپرسییانەیە کە لە ڕاستیدا دەتوانن گرووپگەلی جیابوونەوەخوازی خۆبژیو پێک بێنن، کە گەر ڕوانگەی گشتپرسی-تەوەر کاری پێ بکردرێت و بخرێتە گەڕ، بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو ئەگەرە کەم دەکاتەوە کە دابەشبوونی دەوڵەتەکان لە ئاستێکی نێونەتەوەییدا بێتە کایەوە.

هەڵبەت مافی جیابوونەوە مافی خاوەندارێتی بەسەر ئەو خاکەدا لەگەڵ خۆی دێنێت کە جیابوونەوەخوازان گەرەکیانە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانی لەسەر دامەزرێنن. ئەم خاکە بەبێ ڕەزامەندی لە دەوڵەتی ماک وەردەگیرێت. چ شتێک جیابوونەوەخوازان بۆ ئیدعای خاوەندارێتی بەسەر خاکدا لە پێگەیەکی بەهێزتر لە دەوڵەتی ماک دادەنێت؟ چلۆن مافی چارەیخۆنووسین دەتوانێت لە خواستی زۆرینە بۆ بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ هەم ڕێگە بۆ ئیدعای خاوەندارێتیی خاک خۆش بکات و هەم ئیدعای دەوڵەتێکی ڕەوا بۆ خاوەندارێتیی هەمان خاک هەڵوەشێنێتەوە؟

وێڵمان لەجیاتی ئەوەی بپرسێت چلۆن گرووپی جیابوونەوەخواز مافی خاوەندارێتی بەسەر خاک بەدەست دێنێت، بەم پرسیارە دەست پێ دەکات کە بۆچی هەر لە سەرەتاوە دەوڵەتی ماک ئیدعای خاوەندارێتیی خاکی هەبووە (Wellman 1995). وێڵمان پێی وایە کە دەوڵەت پێویستە بۆمان شی بکاتەوە کە بۆچی دەتوانێت بەسەر ئێمە و ئەو خاکەی لەسەری دەژین ئیدعای دەسەڵاتی زۆرەملێیانەی یەکلایەنەی هەبێت. لە ئەنجامدا دەڵێت کە تەنیا ڕوونکردنەوەی ڕێتێچوو کارکردگەرایی و توانایی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانە. کەواتە، وێڵمان ڕوانگەیەکی بەڕاشکاوی کارکردگەرایانەی لە هەمبەر دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە –دەسەڵاتی دەوڵەتێک بەسەر خاک و گەلەکەیدا تەنیا و تەنیا تا ئەو شوێنە ڕەوایە کە ئەرکە سیاسییە پێویستەکانی لە ئاست و پلەیەکی گونجاو و جێی ڕەزامەندی ببات بە ڕێوە. کەواتە ئیدعای دەوڵەتێک بۆ دەسەڵاتی پاوان و دابەشنەکراو بەسەر خاکێکدا لە کەڵکوەرگرتن لەو خاکە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسییەکانی سەرچاوە دەگرێت (Wellman 2005: ch. 2).

لە سۆنگەی ئەم ڕوانگەوە، هەبوونی گرووپێکی ناوخۆیی جیابوونەوەخواز کە ویست و پاڵنەری سیاسیی هەبێت و لەڕووی سیاسییەوە خۆبژیو بێت، ئیدعای دەوڵەت بەسەر ئەو خاکەدا کە گرووپی ئاماژەپێکراو تێیدا دەژین دەباتە ژێر پرسیار، چونکە ١) توانایی بەردەوامبوونی سیاسیی ئەو گرووپە دەیسەلمێنێت کە دەوڵەت لە ڕاستیدا پێویست نییە بۆ پاراستنی ئاستێکی پێویست لە کارکردگەرایی، کۆنترۆڵی بەسەر ئەو خاکە و دانیشتووانیدا هەبێت (بە گوێرەی مەرجی بەردەوامبوون)؛ و ٢) زۆرینەی گەلی ئەو ناوچەیە لەگەڵ ڕێکخستنێکی سیاسیی ترن کە لە ڕێگەیەوە بتوانن خۆیان پێداویستی و هەلومەرجەکانی کارکردگەرایی بێننە دی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە کە دەوڵەتی ماک بۆ چێکردنی ژینگەیەکی هێمن و ئەمنی سیاسی بۆ هاووڵاتییانی، کە لێوەشاوانە ئەرکە سیاسییەکان بەباشی ڕایی بکات، پێویستی بەو خاکە نییە کە کێشمەکێش و ناکۆکیی لەسەرە، لە ڕوانگەیەکی کارکردگەرایانەوە ئیدعای دەوڵەت بەسەر خاکی جێی موناقشەدا پاساودراو نییە (Altman and Wellman 2009: 47). ئەو سیناریۆ تایبەتانەی ئەمە تێیدا دەور دەگێڕێت پەیوەستە بەوەی کە چلۆن شرۆڤە و لێکدانەوە بۆ بەردەوامبوونی سیاسی دەکەین، بەڵام ئارگیومێنتی گشتگیری هەڵقوڵاو لە کارکردگەرایی نەگۆڕە و لە هەموو حاڵەتێکدا یەکسانە: گەر خاکی جێی موناقشە بۆ ڕاییکردنی گونجاوی ئەرکەکان لە لایەن دەوڵەتەوە پێویست نییە، کەواتە ئیدعای دەوڵەت بۆ ئەو خاکە و ئەوانەی لەسەری دەژین دەشێ (لە کەمترین ئاستی خۆیدا) بە داوای چارەیخۆنووسینی جیابوونەوەخوازانی تامەزرۆ هەڵوەشێندرێتەوە و بایەخی نەمێنێت.

بەم شێوەیە، ڕوانگەی وێڵمان لەسەر ئیدعای دژوازی چەند لایەن بۆ خاکێک لەسەر تێگەیشتنی کارکردگەرایانەی لە ڕەوایی دەوڵەت و شرۆڤەی بەهێزی بۆ مافی چارەیخۆنووسین بونیات نراوە. سەرەڕای ئەمە، بەپێی تێگەیشتنی باو لە چارەیخۆنووسین لە ڕەوتی سەرەکیی فەلسەفەی سیاسی و یاسای نێونەتەوەییدا، مافی چارەیخۆنووسین تەنیا دوو حاڵەت دەگرێتەوە: ڕزگاری لە دەستتێوەردانی دەرەکی لە خۆبەڕێوەبەریدا و هەندێ فۆرمی نەختێ دیموکراتیی حکوومەت بە جۆرێک کە هەر ئەندامێکی یەکە سیاسییەکە لە مافی بەشداریکردنی سیاسیی یەکسان بەهرەمەند ببن. لەم تێگەیشتنەدا، ڕوونە کە مافی چارەیخۆنووسین تەنیا لە حاڵەتێکدا مافی خاوەندارێتیی خاک بەدوای خۆیدا دێنێت کە بوون بە خاوەنی خاکی خۆیان تەنیا ڕێگەیەک بێت کە گرووپێک بتوانێت لە دەستتێوەردانی دەرەکی ڕزگاری بێت یاخود بە دیموکراسی بگات. ئەمە مافی گرتنی بەشێک لە خاکی دەوڵەتێک کە ئەم دوو پێویستییەی دابین کردووە ناگرێتەوە. بیردۆزی گشتپرسی-تەوەر بۆ وەڵامدانەوە بەم ڕەخنانە پێویستە بە بیردۆزێکی ڕێتێچووی مافە سەرزەمینییەکان پشتئەستوور بکرێت، کە ڕوونی بکاتەوە کە چلۆن مافی چارەیخۆنووسین دەتوانێت ئیدعای خاوەندارێتیی خاک لە بەشێک لە دەوڵەتێکی ڕەوادا بەدوای خۆیدا بێنێت کە گشت هاووڵاتییەکانی هەنووکە تا ڕادەیەکی گونجاو لە چارەیخۆنووسین بەهرەمەندن. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە بەشی (٤.٢).


٣.٢ بیردۆزگەلی ڕەپاڵدەری-تەوەر

بیردۆزگەلی ڕەپاڵدەری-تەوەر، هاوشێوەی هاوتا گشتپرسی-تەوەرەکانیان، لەسەر ئەو بۆچوونەن کە مافی جیابوونەوە لە ئەنجامدا ڕیشەی لە بەهای چارەیخۆنووسیندایە، کەوایە هیچ پێویست نییە تەنیا بەو کەسانە بدرێت کە کەوتوونەتە بەر نادادپەروەریی ڕژد و قووڵ. بەڵام جیاواز لە بیردۆزگەلی گشتپرسی-تەوەر، لایەنگرانی ڕوانگەی ڕەپاڵدەری-تەوەر مافی چارەیخۆنووسین ناگشتێنن بۆ هەموو گرووپێک. بەڵکوو بە بۆچوونی ئەوان چارەیخۆنووسین تەنیا ئەو گرووپانە دەگرێتەوە کە بکرێت بە تایبەتمەندیگەلی دیاریکراوی تایبەت، وەک نەتەوە، ئایین، ئەتنیک یاخود شوناسگەلی تری هاوبەش لە نێوان تاکەکانی پێکهێنەری هەر گرووپێک، پێناسە بکردرێن (Margalit and Raz 1990; Moore 1997; Miller 1995; Miller 1998). گەرچی بیردۆزگەلی ڕەپاڵدەری-تەوەری جۆراوجۆر لە پێوەری جیاواز بۆ پێناسەکردنی «گەل» یا «نەتەوە»ی جێی باس کەڵک وەردەگرن، بەڵام هەموویان لەم خاڵە بنچینەییەدا هاوبەشن کە سەرچاوەی مافی جیابوونەوە چەند چەشن لە مافی چارەیخۆنووسینی نەتەوەییە، کە لەسەر داوای ئەخلاقیی تایبەتی ئەو تاکانە بونیات نراوە کە سەر بە گرووپگەلێکی ناسنامەیی تایبەتن.[8]

ئەم ڕێبازە لە جیابوونەوەی یەکلایەنە پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ناسیۆنالیستەکانی لانیکەم سەدەی نۆزدەیەم وەک مازینی، کە ڕایگەیاند کە هەر نەتەوەیەک دەبێ دەوڵەتی خۆی هەبێت. ڕەخنەگرانی جۆری ڕەپاڵدەری-تەوەری بیردۆزی مافی سەرەتایی (Buchanan 1991, Gellner 2008) دەڵێن کە ئەم بیردۆزە ڕەوایی بە گۆڕینی یەکلایەنە و زۆرەملێیانەی سنوورەکان دەبەخشێت کە کەم تا زۆر هیچکات کۆتایی پێ نایەت، چونکە بە هەر نەتەوەیەک (یاخود «گەلێک» یان کۆمەڵگەیەکی جیاواز و تایبەت) مافی بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی دەدات. بەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دان ئەمە وا دێتە بەرچاو کە نەک سەر نەگرێت، بەڵکوو ڕێوشوێنێک بێت بۆ زۆربوونی ناکۆکی و ململانێی ئەتنۆ-نەتەوەیی.

لەگەڵ ئەمەشدا، ئەوانەی داکۆکی لە ڕوانگەی ڕەپاڵدەری-تەوەر دەکەن وەڵام دەدەنەوە کە پێویست نییە هەر نەتەوەیەک (یان گەلێکی تایبەت) مافی جیابوونەوەی یەکلایەنەی بەکردەیی بکات، و گریمانەی ئەوان ئەمەیە کە گەرچی بیردۆزەکەیان بەگشتی ڕێگەی بەم کارە داوە، بەڵام هەموو گرووپێک کە ئەم مافەی پێ دراوە جیابوونەوە هەڵنابژێرێت. سەرەڕای ئەمە، بە ڕەچاوکردنی پێشینەی مێژوویی ململانێ ئەتنۆ-نەتەوەییەکان، ئەم نیگەرانییە لە جێی خۆیەتی کە بەدامەزراوەییکردنی ئەم بنەمایە کە هەر نەتەوەیەک مافی خۆیەتی کە دەوڵەتی خۆی هەبێت زۆرتر برەو بە توندوتیژیی ئەتنۆ-نەتەوەیی دەدات، و هاوکات بێ گومان پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت. کەواتە، تێچووە ئەخلاقییەکانی گونجاندنی وەشانی ڕەپاڵدەری-تەوەری بیردۆزی مافی سەرەتایی لە یاسای نێونەتەوەییدا دەشێ بە گران لەسەرمان تەواو ببێت –بەتایبەت گەر ڕێگەی کەممەترسیتر بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە ڕەواکانی نەتەوەکان هەبێت، وەکوو بەجێهێنانی باشتری نۆرمەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەڕانەوە بۆ ڕێکخستنەکانی خوموختاریی ناوخۆیی.

چەند جۆر لە بیردۆزی ڕەپاڵدەری-تەوەر هەن کە تا ڕادەیەک لەم نیگەرانییە کەم دەکەنەوە کە قبووڵکردنی ئەم بیردۆزە، بە ڕێگەدان بە مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە بە نەتەوەکان (یا گەلانی جیاواز)، بە شێوازی جۆراوجۆر دەبێتە سووتەمەنیی ئاگری ململانێ ئەتنۆ-نەتەوەییەکان. بۆ نموونە، لایەنگرانی ڕەپاڵدەری-تەوەری لەوانەیە لەسەر ئەو بۆچوونە بن کە پێشگریمانەیەک بە قازانجی هەر نەتەوە یاخود گەلێکی جیاواز هەیە کە گەر خواستی هەبێت بتوانێت ببێت بە خاوەن دەوڵەتی خۆی، یاخود لە ڕوانین و تێگەیشتنی یەکەمدا وا دێتە بەرچاو کە مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە بۆ هەموو گرووپەکان پارێزراوە. بەڵام دان بەمەدا دەنێن کە سیستەمی یاسایی نێونەتەوەیی بە جۆرێک پشتڕاست کراوەتەوە کە هەندێ گرووپ ناچار دەکات کە بە چەشنێک لە ڕێکخستنی خودموختاری کە لە ئاستێکی خوارتر لە سەربەخۆیی تەواوە قایل بن تا پێش بە ناسەقامگیریی مەترسیدار بگیردرێت یان تا لەگەڵ ئیدعاگەلی هاوشێوەی گرووپەکانی تر بۆ خاوەندارێتیی هەمان ئەو خاکە سازانێک پێک بهێندرێت. ئەم شێوازە لە وەڵامدانەوە بە نیگەرانیی لەمەڕ خۆشکردنی ئاگری ململانێ ئەتنۆ-نەتەوەییەکان تێچوو و ئەنجامی نەرێنیی خۆی هەیە: ئەوەی لە سەرەتادا وەک مافێکی یەکلایەنەی هەر نەتەوەیەکی لەم چەشنە بۆ هەبوونی دەوڵەتی خۆی لە قەڵەم دەدرا، ئێستا زۆرتر لە پێشگریمانەیەک بە قازانجی سەربەخۆیی نەتەوەکان دەچێت کە دەکرێ بەسانایی هەڵوەشێندرێتەوە و پووچەڵ بکرێتەوە. و تا کاتێک کە لێکدانەوەیەکی تا ڕادەیەک ڕوون و ڕاشکاوانە لەو هەلومەرجانە نەخرێتە ڕوو کە تێیدا ئەم پێشگریمانەیە نسکۆ نەهێنێت و کاری پێ بکرێت، ئەستەمە بزانین لێکەوتە کردەییەکانی ئەم ڕوانگە دیاریکراوەی ڕەپاڵدەری-تەوەرییە چین. ئەمەی کە پێویستە شرۆڤەیەکە سەبارەت بەوەی کە چلۆن ئەم پێشگریمانەیەی کە دەڵێن بە قازانجی بەدەوڵەتبوونی نەتەوەکانە، بە بەراورد لەگەڵ ئیدعاکان و بەهاکان چۆن هەڵدەسەنگێندرێت. لایەنگرانی بیردۆزەکانی ڕەپاڵدەری-تەوەر تا ئێستا وەڵامێکیان لەم بارەوە نەداوەتەوە.

پێشتر دیتمان کە ڕەخنەگرانی وەشانی ڕەپاڵدەری-تەوەری بیردۆزەکانی مافی سەرەتایی گەرەکیانە جەخت لە تێچووە شیمانەییەکانی پەیوەندیدار بە تۆخبوونەوەی ململانێ ئەتنۆ-نەتەوەییەکانی جێگیرکردنی ئەم ڕوانگەیە لە یاسای نێونەتەوەییدا بکەنەوە. بەڵام، تەنیا باسکردن لە تێچووە شیمانەییەکانی قبووڵکردنی بیردۆزی ڕەپاڵدەری-تەوەر و جێکردنەوەی لە یاسای نێونەتەوەییدا بەس نییە. بەڵکوو هەروەها پێویستە لە بەرژەوەندییە گریمانەییەکانی هەبوونی سیستەمێک تێبگەین کە تێیدا مافی نەتەوەکان بۆ بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان بەفەرمی ناسراوە. بەم پێیە، دەیڤید میلەر دوو ڕێگەی پشتیوانیکردن لە بیردۆزەکانی ڕەپاڵدەری-تەوەر لێک جیا دەکاتەوە: بە ئارگیومێنتگەلێک بۆ پیشاندانی ئەمەی کە نەتەوەکان پێویستیان بە دەوڵەتە یاخود بە ئارگیومێنتگەلێک بۆ پیشاندانی ئەمەی کە دەوڵەتەکان پێویستە تاک-نەتەوەیی بن (Miller 1995).

چەشنی یەکەمی ئارگیومێنتەکان دوو حاڵەتی هەیە: دەکرێ بەڵگاندن بکردرێت کە نەتەوەکان پێویستیان بەوەیە دەوڵەتی خۆیان هەبێت، (١) تا بتوانن خۆیان لە لەناوچوون یان لەو هێزگەلە بپارێزن کە هەڕەشەن بۆ تایبەتمەندیی دیاریکەر و جیاوازیان، یاخود (٢) بە دەربڕینی میلەر، تا هاونەتەوەییەکانیان سەرچاوەگەلی دامەزراوەییان هەبێت تا بتوانن دەروەستی و ئەرکە تایبەتەکانیان لە ئاست یەکتر وەک ئەندامانی «کۆمەڵێکی ئەخلاقی» بێننە دی. هەردووکی ئەم تێڕامان و سەرنجانە لە بارودۆخی تایبەتدا دەتوانن لە بەرژەوەندیی فۆرمێک لە چارەیخۆنووسینی سیاسی بۆ نەتەوەکان بن، بەڵام ڕوون نییە کە کامەیان بۆ جێگیرکردنی مافێکی گشتی بۆ گشت نەتەوەکان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی تەواو، و بەم شێوەیە، مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە تەواو و گونجاوە. لە ڕاستیدا، میلەر بۆ پشتیوانی لە دەرەنجامێکی لاوازتر هەردووکیان کۆ دەکاتەوە: ئەمەی کە نەتەوەکان «داوایەکی بەهێزیان» بۆ چارەیخۆنووسین هەیە، بەڵام دیاریی ناکات کە ئەم داوایە کەی دەتوانێت ببێت بە مافێکی تەواو و بێ ئەملا و ئەولا.

هەروەها چەشنی دووەمی پاساودانی ئەم ڕوانگەیە کە نەتەوەکان هەقیانە دەوڵەتی خۆیان هەبێت ژی دوو حاڵەت دەگرێتەوە: یەکەمیان، کە یەکەم دەرکەوتنی لە مێژوودا لانیکەم دەگەڕێتە بۆ کتێبەکەی جۆن ستوارت میل بە ناونیشانی تێبینییەکان لەسەر حکوومەتی هەڵبژێردراو (Mill [1861] 1991)، دەڵێت کە دیموکراسی دەتوانێت تەنیا لە دەوڵەتگەلی تاک-نەتەوەییدا گەشە بسێنێت، چونکە ئەو دەوڵەتانەی زۆرتر لە نەتەوەیەکیان هەیە لە یەکڕیزی، متمانە، یان هەست و سۆز و بەهاگەلی هاوبەشدا کە پێویستیی دیموکراسین کەمایەسییان دەبێت. دووەمیان، کە ئەمیش هەر لە لایەن دەیڤید میلەرەوە خراوەتە ڕوو، دەڵێت کە دەوڵەتەکان بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی دابەشکراو دەبێ تاک-نەتەوەیی بن، چونکە دادپەروەریی دابەشکراو پێویستی بە سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی بەرچاوی سامان و دارایی بەسەر هاووڵاتییانە و زەنگینەکان تەنیا لە حاڵەتێکدا کە وەک هاونەتەوەیی سەیری هاووڵاتییە کەمتر خواپێداو و هەژارەکانیان بکەن دەخوازن سامانەکەیان لەگەڵیان پارڤە و هاوبەش بکەن (Miller 1995). هەردوو فۆرمەکەی ئارگیومێنتی «دەوڵەتەکان پێویستە تاک-نەتەوەیی بن» پرسیارگەلی گەلێک سەرنجڕاکێش سەبارەت بەو هەلومەرجە بە دوای خۆیاندا دێنن کە لە کاتێکدا کە ئەرکە گەوهەرییەکانی دەوڵەت بە باشی و سەرکەوتوویی ڕادەپەڕێندرێن، دەبێ لە ئارادا بێت تا بەرەو ئەم ئارگیومێنتە هانمان بدات.

وا دیارە جۆن ستوارت میل بۆچوون و ڕوانینی خۆی کە دەوڵەتگەلی فرەنەتەوەیی لەگەڵ دیموکراسی ناگونجێن لەسەر بنەمای ئەزموونی مێژوویی دامەزراندبێت. بەڵام، خەڵکانێک بەڵگاندن دەکەن کە نموونەی دەوڵەتگەلی دیموکراتیی فرەنەتەوەیی ژی هەن: وەک کەنەدا، بەلجیکا و لەوانەیە سویسڕا (پەیوەست بەوەی کە لە کۆتاییدا بە فرەنەتەوەیی بیهێنینە هەژمار یاخود بەس فرەئەتنیکی). هەروەها دەکرێ ئەمریکاشی پێوە زیاد بکەین، چونکە زۆربەی هۆزە هیندییە ئەمریکییەکان [سوورپێستەکان] ڕەوش و دۆزێکی یاساییان هەیە کە شان لە شانی سەروەری دەدات.

بێ گومان، لایەنگرە مۆدێرنەکانی ئارگیومێنتی جۆن ستوارت میل خێرا ئاماژە بەمە دەدەن کە بەردەوامی و مانەوەی بەلجیکا و کەنەدا بەهۆی بزاڤە ناسیۆنالیستییە جیابوونەوەخوازەکان، لەژێر پرسیار و دڕدۆنگیدایە. (هەر چۆنێک بێت، لە ئێستادا ئەگەری جیابوونەوەی کێبێک گەلێک لاوازە و ڕێی تێ ناچێت). لە لایەکی ترەوە، دەکرێ بسەلمێندرێت کە گشتاندنی میل بە شێوەیەکی پێشوەختە ڕەشبینانەیە: دیموکراسییە ڕەسەنەکان دیاردەگەلی گەلێک نوێن و تا ئەم دواییانەش کەم تا زۆر هیچ هەوڵێکی جیددی، تەنانەت لە لایەن دەوڵەتگەلی دیموکراتییەوە، بۆ داننان بە داخوازییەکانی نەتەوەگەلی ناوخۆی دەوڵەتەکان، لە ڕێگەی فۆرمە جیاوازەکانی ڕێکخستنی خودموختاری لە ئارادا نەبووە.[٩] کەواتە ڕەشبینیی میل سەبارەت بە دیموکراسییە فرەنەتەوەییەکان، وەک پاساودانێک بۆ بەفەرمیناسینی مافی بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ هەموو نەتەوەکان، هاوکات لەگەڵ مەترسیی ناسەقامگیری و توندوتیژی کە لەوانەیە بە دوای خۆیدا بێنێت، لای هەندێ کەس لەوانەیە بە کرچ و کاڵ و پێشوەختە بێتە هەژمار. وا دێتە بەرچاو کە ماقووڵترین ستراتیژی لەجیاتی دەستبەردان لە ئایدای دەوڵەتگەلی فرەنەتەوە، هەوڵدانە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەوڵەتەکان ڕێز لە مافەکانی مرۆڤی کەمایەتییەکانیان دەگرن و هەروەها هاندانە بەرەو سازان و ڕێککەوتن لەسەر خودموختاریی ناوخۆیی.

وەشانی دووەمی ئارگیومێنتی «دەوڵەتەکان پێویستە تاک-نەتەوەیی بن» هەروەها بەرەوڕووی بەرپەرچدانەوە و دژایەتیی جیددییش بووەتەوە. یەکەم، ئەمەی کە ناسیۆنالیزم ئاسانکاری بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سامان لە ئاستێکی مەزن و بەربڵاودا دەکات یاخود لەباتان پێشی پێ دەگرێت، دەگەڕێتەوە سەر تایبەتمەندیی ناسیۆنالیزمی بەرباس. یەکڕیزیی ناسیۆنالیستی لەوانەیە نەگاتە ڕادەی خواست بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سامان و باندۆری لەسەر نەبێت. دووەم، تەنانەت لەو حاڵەتانەی کە هەست و سۆزی ناسیۆنالیستی ئاسانکاری بۆ دابەشکردنەوە دەدات، دەشێ بپرسرێت: چی دیکە ئاسانکاریی بۆ دەکات؟ وا دەردەکەوێت کە میلەر لە بەڵگاندنەکەیدا لەو ڕاستییەوە کە ناسیۆنالیزمێکی ئێجگار ئایدیاڵ و لەڕووی ئەخلاقییەوە شاز و بێخەوش ڕێگە بۆ دادپەروەریی دابەشکاری (یان دیموکراسی) خۆش دەکات، بەو دەرەنجامە دەگات کە نەتەوەگەلی لەم چەشنە مافی ئەوەیان هەیە کە دەوڵەتی خۆیان هەبێت یاخود وەک پێشگریمانەیەک ئەو مافەیان هەبێت. بەڵام گەلێک نموونەی مێژوویی بۆ ئەم بابەتە هەن کە ئەو یەکێتیی نەتەوەییەی میلەر لای وایە بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بە دادپەروەریی دابەشکاری دەستەمۆ دەکردرێت، دڕندانە بەرەو داگیرکاری و بە دژی کەسانی سەر بە نەتەوەکانی تر و هەروەها ئەندامانی دژبەر و ناهاوبیری ئەو نەتەوەیە خۆی ئاراستە دەکردرێت.


٤.٢ گونجاندنی بیردۆزەکانی جیابوونەوە لە چوارچێوەی بیردۆزگەلی خاک و دادپەروەریی سەرزەمینیدا

هەروەک لیا بریلمایەر بەدروستی جەختی لەسەر کردووەتەوە، جیابوونەوە تەنێ پێکهێنانی یەکێتییەکی سیاسیی نوێ لە نێوان تاکەکان، یاخود نەچوونە ژێر بار و نکۆڵیکردنی کۆمەڵە مرۆڤێک لە ئەرک و دەروەستییان لە ئاست ملدان بە یاساکانی دەوڵەت نییە (Brilmayer 1991). بەڵکوو گرتنی بەشێک لە خاکێکە کە دەوڵەتێک ئیدعای لەسەر هەیە. بەم پێیە، بیردۆزە جیاوازەکانی جیابوونەوە دەبێ وەک داڕشتن و خستنەڕووی لێکدانەوە و شرۆڤەی بەدیل لەو هەلومەرجە ڕەچاو بکردرێن کە پێویستە بۆ گرووپێک لە ئارادا بێت تا داوای خاوەندارێتیی خاکێک بکات کە لە هەمان کاتدا بەشێکە لە خاکی دەوڵەتێک.

ڕێبازی بەس مافی چارەسەری بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە لانیکەم دوو ڕێگەی بۆ ئەوە بەفەرمی ناسیوە کە گرووپێک بتوانێت ئیدعای ڕەوای پێویستی بۆ خاوەندارێتیی خاک هەبێت: (١) داوای وەرگرتنەوەی خاکێک کە لە ڕابردوودا بەسەریدا سەروەر بوون، بەڵام بە نادادپەروەری لێیان داگیر کرابێت (هاوشێوەی جیابوونەوەی کۆمارەکانی باڵتیک لە یەکێتیی سۆڤیەت لە ١٩٩١دا)؛ یاخود (٢) بە هەبوونی ئیدعای سەروەری بەسەر خاکدا لە ئاکامی پەنابردنیان بۆ دوایین ڕێچارەیەک بۆ دەربازبوون لە نادادپەروەریی ڕژد و بەردەوام کە بە دژیان لە چەشنی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە ئارادایە. خوێندنەوە و لێکدانەوەیەکی بەرفرەتر لە خاڵی دووەم بۆ دیاریکردنی ئەو حاڵەتانە لە نادادپەروەری هەیە کە لە ئاکامیان بکرێت مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە بەفەرمی بناسێندرێت. ئەم خوێندنەوەیە نەتەنێ پێشێلکاریی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، بەڵکوو پێشێلکردنی بەرچاو یاخود هەڵوەشاندنەوەی یەکلایەنەی ڕێککەوتن و پەیمانی خودموختاریی ناوخۆیی لە لایەن دەوڵەتەوە (وەک لەناوبردنی خودموختاریی کۆسۆڤۆ لە لایەن میلاشۆڤیچەوە لە ساڵی 1989دا)، و هەروەها ڕەتکردنەوە و ملنەدان بە بەشداریکردن لە دانوستانەکانی تایبەت بە خودموختاریی ناوخۆیی لەگەڵ ئەو گرووپەی کە داوایەکی ماقووڵی بۆ ئەو خودموختارییە هەیە دەگرێتەوە.

بە گوێرەی خاڵی (١)، بنەمای داوای جیابوونەوەخوازان بۆ خاوەندارێتیی خاک سەرڕاست و دیاریکراوە: تەنیا داوای ئەوە دەکەن کە بەپێی یاسای نێونەتەوەیی بە هی ئەوان دادەنرێت و دان بە خاوەندارێتیی ئەوان بەسەریدا نراوە. بەپێی خاڵی (٢)، بیردۆزی بەس مافی چارەسەری بەو پێشگریمانەیە دەست پێ دەکات کە ئەو دەوڵەتانەی بەپێی یاسای نێونەتەوەیی ڕەواییان پێ بەخشراوە، ئیدعای پشتڕاستکراویان بۆ خاوەندارێتیی خاکەکەیان هەیە. بەڵام لەپاشان دەڵێت کە وەها ئیدعایەک لە کاتی دەستبردن بۆ شێوازگەلی بەردەوامی نادادپەروەریی ڕژد و جیددی لە ئاست گرووپگەلی ناوخۆی دەوڵەتەکە دەکرێت وەلا بنرێت یاخود هەڵوەشێندرێتەوە و پووچەڵ بکرێتەوە. ئایدیاکە ئەمەیە کە لەو کاتەدا کە جیابوونەوە تەنیا ڕێچارە بۆ دەربازبوون لە نادادپەروەریی ڕژدە ئیدعای دەوڵەت بۆ خاوەندارێتیی خاک دروستی و بەهای نامێنێت و لە کار دەکەوێت.

لە کاتێکدا تیۆریستەکانی مافی سەرەتایی وەک کریستۆفەر وێڵمان هێشتا وەڵامی خۆیان بۆ ئەو دژایەتی و بەرهەڵستییانە بڵاو نەکردووەتەوە کە دەڵێن لە ڕوانگەی گشتپرسی-تەوەری ویدا بیردۆزی خاک، کە زۆریش پێویستە، جێ نەکراوەتەوە و بەدی ناکرێت، هەندێ گەشە و پێشکەوتن لە دەق و بڵاوکراوەکانی سەبارەت بە مافە سەرزەمینییەکان دەشێ بۆ داکۆکی و لایەنگری لە ڕوانگەی گشتپرسی-تەوەر بەکەڵک بن (گەرچی شێوازی کەڵکوەرگرتن لەمان بۆ ئەم مەبەستە بە ڕادەیەکی بەرچاو لە حاڵەتی بەکارهێنان بۆ داکۆکی لە بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری سەرڕاستی و ڕاشکاویی کەمتری پێوە دیارە). ئانا ستیلز دەڵێت کە دەوڵەتێک تەنیا و تەنیا لە حاڵەتێکدا خاوەنی مافە سەرزەمینییەکانە کە پارێزگاری لە مافە بنەڕەتییەکان و ئیدعای دادپەروەری بکات و ڕەنگدانەوەی خواستی هاوبەشی دانیشتووانی ناو ئەو خاکە بێت (Stilz 2019, p. 90)، و ئەمانە بە بەهاگەلی دادپەروەریی بنەڕەتی و چارەیخۆنووسینی بەکۆمەڵ ناودێر دەکات. ستیلز هەروەها پێی وایە کە دەوڵەتێک لە کاتێکدا کە هەم توانایی و هەم خواستی بەدیهێنانی ئەم بەهاگەلەی هەبێت، دەتوانێت لە خاکێکی دیاریکراودا کە لە ئێستادا هیچ یەکەیەکی تر خاوەنی مافە سەرزەمینییەکان لەو خاکەدا نییە، مافی حوکمڕانی دەستەبەر بکات. وێڵمان دەتوانێت لەم تێکهەڵکێشەی دادپەروەریی بنەڕەتی و چارەیخۆنووسینی بەکۆمەڵە بۆ ئەم ئیدعایە کەڵک وەرگرێت کە گرووپێکی جیابوونەوەخواز کە دەنگی زۆرینە پاڵنەر و هێزپێدەریەتی و خواست و توانایی بەدیهێنانی دادپەروەری و مافە بنەڕەتییەکانی بۆ ئەندامەکانی هەیە، دەتوانێت مافی خاوەندارێتیی بەسەر خاکێکدا هەبێت کە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی پێویستیەتی –هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئیدعای خاوەندارێتیی خاکی دەوڵەتی ماک ڕەت دەکاتەوە. ئەمەی کە کەڵکوەرگرتن و تەرخانکردنی ڕوانگەی ستیلز بۆ ئەم مەبەستە وەڵام دەداتەوە یان نا، پەیوەستە بەوەی کە ئاخۆ ئەو هەلومەرجانەی کە ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی سەرەتایی مافە سەرزەمینییەکان خۆش دەکەن –سازدانی داوایەکی ماقووڵ و ڕەوای خاوەندارێتیی خاک بەسەر ناوچەیەکدا کە لەو کاتەدا هیچ یەکەیەکی تر داوایەکی ماقووڵ و ڕەوای بۆ خاوەندارێتیی نییە– هەر هاوشێوەی ئەو هەلومەرجانەن کە ئیدعای خاوەندارێتی بەسەر خاکێکدا بونیات دەنێن کە هەندێ یەکەی تر تا بەر لەمە هەڵگری مافە سەرزەمینییەکان لەو خاکەدا بوونە یاخود نا. هەندێ لەوانەیە بڵێن کە هەلومەرجەکان بۆ ئەوەی دووەم پێویستتر و قورستر لەوەی یەکەمن.

تێگەیشتنی ستیلز لە بەهای دادپەروەریی بنەڕەتی دەکرێ بە مەرجی بەدەوامبوونی وێڵمان بهێندرێتە دی، و مەرجی دەنگی زۆرینەی سادەی وێڵمان ڕاستەوخۆ لەو ئاراستەیە جێ دەگرێت کە ستیلز بە بەهای چارەیخۆنووسینی بەکۆمەڵ، واتە بەپێی خواستی هاوبەش، لێی تێدەگات. وێڵمان دەتوانێ بڵێ کە گرووپێک کە دەنگی بە جێهێشتنی دەوڵەت و بوون بە دیاریکەری سەربەخۆی چارەنووسی خۆی داوە چیتر ویستی سیاسیی گرێپێدراوی لەگەڵ هاووڵاتییانی بەرفرەتری دەوڵەتی ماک نییە. ستیلز لەسەر ئەو بۆچوونەیە کە بەشێکی گرنگ لە ویستی سیاسی خواست و/یا حەز و ئارەزووی بەشداریکردن (یاخود درێژەدان بە بەشداریکردن) لە پرۆژەیەکی سیاسی لەگەڵ ئەندامانی دەوڵەتە گەورەترەکەیە. دەنگدان بە جیابوونەوە هێما و دەربڕینێکی ڕوون و ڕاشکاو بەوەیە کە وەها خواست و حەزێک چیتر لە لای زۆرینەیەک لەو دەنگی گەلە بەدی ناکرێت –ئەوان دان بەو دامەزراوانەی ئێستا لە ئارادان نانێن و هیچ دەروەستییەکیان بۆ هاوکاری لەگەڵیان نییە. بەم شێوەیە، ناکرێ چیتر دەوڵەتی ماک بە ڕەنگدانەوە و وێنای ویستی هاوبەشی گەل بزانین. کەواتە، وێڵمان بە کەڵکوەرگرتن لە بیردۆزی خاکی ستیلز، دەتوانێ بیسەلمێنێ کە ئیدعای گرووپی جیابوونەوەخواز بۆ خاکی جێی مشتومڕ و ناکۆکی بەڕوونی لە ئیدعای دەوڵەتی ماک بەهێزترە. ئەمەی کە ئەم بەکارهێنانەی ڕوانگەی ستیلز بۆ ئەم مەبەستە بڕ دەکات یان نا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئاخۆ دەکرێ ئایدیای ویستی هاوبەش تا ئەو ڕادەیە بەبایەخ و بنگەهی لێکدانەوەی بۆ بکردرێت و پیشان بدرێت کە لە حاڵەتی نەبوونی لە لای هەندێ گرووپی ناو چوارچێوەی دەوڵەتدا ئیدعای دەوڵەتێکی ڕەوا بۆ خاوەندارێتیی خاک تێک بشکێنێت و وەلای بنێت.

ڕوانگەی گشتپرسی-تەوەر هەروەها بەرەوڕووی ئەم ڕەخنەیە بووەتەوە کە ناتوانێت بەرگری لە دانەپاڵی مافە سەرزەمینییەکان بەو گرووپە دیاریکراوەی بە شوێن سەربەخۆییە بکات. لێرەدا ژی تیۆریستەکانی گشتپرسی-تەوەر لەوانەیە لە ستیلز قەرز وەرگرن. ستیلز جگە لە بەهاگەلی دادپەروەریی بنەڕەتی و چارەیخۆنووسینی بەکۆمەڵ، بە ڕادەیەکی بەرچاو جەخت لە مافەکانی نیشتەجێبوون دەکاتەوە. بە ڕوانگەی وی، هەر گرووپێک دەبێ مافی نیشتەجێبوونی بەسەر ئەو خاکە تایبەتەدا هەبێت کە تێیدا هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی سەروەری دەدات (Stilz 2019, ch. 2). وێڵمان پێشتر دانی بەمەدا ناوە کە هەڵوێستی وی پێویستی بە مافەکانی نیشتەجێبوونە، بەڵام تا ئێستا شی نەکردووەتەوە کە ئەم مافانەی نیشتەجێبوون چ بابەتگەلێک دەگرنەوە. لەوانەیە ڕوانگەی وی پشتئەستوور بە جەختکردنەوەی ئەو ئایدیایەی ستیلز بێت کە مافەکانی نیشتەجێبوون لەسەر بنەمای گرنگیی ناوچەیەک بۆ کولتوور و شێوازی ژیانی گرووپێک بونیات نراون. وەها ڕاڤەیەک لە مافەکانی نیشتەجێبوون دەکرێ بۆ شیکردنەوەی ئەو بابەتە کەڵکی لێ وەرگیرێت کە چلۆن سنوورەکانی گشتپرسی لەسەر جیابوونەوە دەبێ دیاری بکردرێن.

سەرەڕای ئەمە، کەڵکوەرگرتن و پەنابردنی تیۆریستەکانی گشتپرسی-تەوەر بۆ مافەکانی نیشتەجێبوون دەشێ ببێتە شمشێرێکی دوو دەم. ئەوانەی دژایەتیی جیابوونەوەیەکی تایبەت دەکەن لەوانەیە بڵێن کە خاوەن مافی نیشتەجێبوون لە سەرانسەری خاکی ئەو دەوڵەتەن کە بە هاووڵاتیی وێ دادەندرێن و بۆ ئەوەی مافی نیشتەجێبوونیان لە بەشێکی تایبەت و دیاریکراویدا هەبێت لە ڕاستیدا پێویستیان بە هەبوون لەو بەشەی ئەم خاکەدا نییە. گەر دەوڵەتێک ئیدعایەکی ڕەوای بۆ خاکێک هەبێت و ڕێگە بە ئازادیی جێگۆڕکێ و ڕاگواستن لە ناوخۆی سنوورەکانی بدات، گشت هاووڵاتییان بە شێوەیەکی ئاسایی وا لێکی دەدەنەوە کە مافی نیشتەجێبوونیان لە سەرانسەری پانتایی ئەو خاکەدا هەیە، نەک تەنیا لەو بەشەی کە لە ئێستادا لێی نیشتەجێن.

تیۆریستەکانی مافەکانی گشتپرسی-تەوەری دەتوانن بە شێوەی خوارەوە وەڵام بدەنەوە. تەنانەت گەر هەموو هاووڵاتییانی ئەو دەوڵەتە مافی نیشتەجێبوونیان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ناوچەیەی خەریکە جیا دەبێتەوە هەبێت، بێ گومان ئەوانەی نیشتەجێی ئەو ناوچەیەن مافەکانی نیشتەجێبوونیان پڕبایەخترە و قورسایی زۆرترە، لانیکەم گەر بوون لەو ناوچەیە بۆ پرۆژە تاکەکەسی و بەکۆمەڵییەکانیان گرنگی و بایەخی هەبێت.

هێنانەبەرباسی ئەم بابەتە لەم بڕگەیەدا تا ئێستاکە دەریخستووە کە هەر سێ چەشنە سەرەکی و دیارەکەی بیردۆزەکان (بەس مافی چارەسەری، گشتپرسی-تەوەر و ڕەپاڵدەری-تەوەر) کەموکورتی و کەمایەسییەکی جیددییان هەیە: ئەوان ڕوانگەکانی خۆیان لەسەر جیابوونەوە لە چوارچێوەی بیردۆزێکی گشتگیری دادپەروەریی سەرزەمینی جێ ناکەنەوە. ئامانجی بیردۆزی دادپەروەریی سەرزەمینی ئەوەیە کە لانیکەم ئەو چوار خاڵەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدرێت بهێنێتە دی، کە هەموویان پەیوەندیدار بە بیردۆزگەلی جیابوونەوەن. یەکەم، دەبێ لێکدانەوەیەکی پتەو و یەکانگیر لە چەشنە جۆراوجۆرەکانی ئیدعاگەلی ئەخلاقیی پشتڕاستکراو بۆ خاک بدات بە دەستەوە، هەر لە ئیدعاگەلی تایبەت بە دەسەڵاتی یاسایی تەواو سەروەر تا ئیدعاگەلی تایبەت بە کۆنترۆڵی سنووردارتری دەسەڵات کە بۆ جۆرە جیاوازەکانی خوموختاریی ناوخۆیی پێویستە (حاڵەتگەلێک لە چارەیخۆنووسین کە سەربەخۆیی تەواو ناگرنەوە)، تا ئیدعاگەلی پەیوەست بە بەشداریکردن لە فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵاتی هاوبەشدا. دووەم، کە هەر پەیوەندیدار بە خاڵی یەکەمە، دەبێ ڕوونکردنەوەیەکی پتەو و یەکانگیر لەوە بخاتە ڕوو کە کام توخمانەی کۆنترۆڵ بەسەر خاکدا پاساوهەڵگرن. بیردۆزی خاک نەتەنێ بیردۆزی پانتایی جوگرافیی دەسەڵاتی یاساییە، بەڵکوو هەروەها دەبێ بیردۆزێک بێت بۆ مافی کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی ناو خاکێک، مافی بەرگری لە هەمبەر داگیرکردنی خاک، مافی کۆنترۆڵ بەسەر هاتوچۆی خەڵک و هەناردە و هاوردەی شتومەک لە سنوورەکان، و هتد.

سێیەم، دەبێ ڕوونی بکاتەوە کە کامە گرووپانە بە چ شێوازێک و لە چ ڕێگەیەکەوە بە کام خاک گرێدراون. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بنەماکانی ڕێنوێن و ئاراستەکەری دیاریکردنی سنوورەکان و بنەماکانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی لەمەڕ سنوورەکان ڕوون بکرێنەوە. خاڵی کۆتایی، پێویستە بیردۆزێک بۆ ئەوە هەبێت کە چ چەشنە بکەرێک مافی بەسەر خاکەوە هەیە (گەلۆ نەتەوە؟ هەروەک لە بیردۆزی میلەردا (2007) ئاماژەی پێ دراوە؛ یان گرووپێکی ئەتنیکی-جوگرافی؟ هەروەک کۆلەرس (2009) باسی لێ کردووە؛ یاخود گەلێک؟ بە گوێرەی ڕوانگەی مۆڕ (2015) و ستیلز (2019)) و چلۆن ئەم گرووپانە بە دەوڵەت گرێ دەدرێنەوە.

لەسەر هەرکام لە چەشنەکانی بیردۆزی جیابوونەوە، کۆمەڵێک پرسیاری وەڵامنەدراو و بەرهەڵستی و ڕەخنەی ڕێتێچوو سەبارەت بە دادپەروەریی سەرزەمینی هەن. بۆ نموونە، بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری، کە داگیرکردن و زەوتکردنی نادادپەروەرانەی خاک بە یەک لەو نادادپەروەرییانە دادەنێن کە دەکرێ ببنە هۆکاری (داوا-)مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە، دەبێ ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو گرفتە بخەنە ڕوو کە لە شوێنی تر بە کێشەی یاسای ئەخلاقیی ماوەی سنووردار3 ناوی دەرکردووە (Buchanan 1991: 88): ڕێپێدان بەو داوایانەی سەربەخۆیی کە لەسەر بنەمای کردەوەی نادادپەروەرانەی ڕابردوو بونیات نراون تا چ ماوەیەک پاش ئەو کردەوەیە لەسەر جێی خۆی دەمێنێتەوە و بەردەوامە –گرووپێک تا چەندە دەتوانێت بە مێژوودا بگەڕێتەوە دواوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە شیاوە و مافی ئەوەی هەیە کە دەوڵەتی خۆی هەبێت چونکە پێشتر دەوڵەتی هەبووە؟

خاڵی جێی بایەخ ئەمەیە کە بیردۆزێکی بەس مافی چارەسەری لەمەڕ مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە لە ئەنجامدا تەنیا کاتێک پاساوهەڵگرە و دەکرێ بەرگریی لێ بکرێت کە پشت بە شرۆڤەیەکی ڕێتێچوو ببەستێت کە شیی بکاتەوە چ شتێک لە سەرەتاوە مافی ئەوە بە دەوڵەتێک دەدات کە کۆنترۆڵی بەسەر خاکێکدا هەبێت. بەبێ وەها شرۆڤەیەک، ڕوانگەی بەس مافی چارەسەری وا دێتە بەرچاو کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و نالۆژیکی پاراستنی دۆخی ئێستا بە سەرتر و باشتر دەزانێت، بەو شێوەیەی کە جیابوونەوەخوازان ناچار دەکات کە بۆ سەلماندن و جێگیرکردنی ئیدعای خۆیان بۆ خاوەندارێتیی خاک، ئەرکی ئەوە وە ئەستۆ بگرن کە پیشان بدەن کە کەوتوونەتە بەر نادادپەروەریی ڕژد و بەردەوام. بۆ وەڵامدانەوە بەم ڕەخنەیە، تیۆریستەکانی بەس مافی چارەسەری دەبێ بیردۆزێکی ڕەوایی لەسەر بنەمای دادپەروەری بخەنە ڕوو و بەرگریی لێ بکەن کە بەڵگاندن بۆ ئەمە بکات کە ئەوەی بناغەی ئیدعای دەوڵەت بۆ خاک پێک دێنێت مەرجی دابینکردنی دادپەروەرییە، و هەروەها ئەوەی کە بەم هۆکارەیە کە تەنێ نادادپەروەریی ڕژد و جیددی دەتوانێت ئەو ئیدعایە هەڵوەشێنێتەوە (وەها شرۆڤە و لێکدانەوەیەکی ڕەوایی لە Buchanan 2013دا بەردەستە). بیردۆزی مافی چارەسەری بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتە لەسەر خۆی لا بدات کە بیردۆزی تایبەت بە مافە سەرزەمینییەکانی، بە کورتی و لە ئاستێکی نزمدا دان بە بەهای چارەیخۆنووسین دەنێت، دەبێ پیشان بدات کە لە هەندێ حاڵەتدا دەکرێ داوای گرووپێکی جیابوونەوەخواز بۆ چارەیخۆنووسین، بەپێی پێویست لانیکەم لە حاڵەتەکانی پێکهاتەی خودموختاریی ناوخۆییدا جێ بکرێتەوە و بگونجێندرێت، کە سڕینەوەی ئیدعای دەوڵەت بۆ هەموو خاکەکەیشی لێ ناکەوێتەوە. و هەروەها پێویستە ڕوونکردنەوەیەکی بنەمایی بدات بە دەستەوە کە چ کاتێک داوای چارەیخۆنووسین لە ڕێگەی پێکهاتەی خودموختاریی ناوخۆیی، بەبێ سەربەخۆیی تەواو، بەپێی پێویست دەهێندرێتە دی.


٥.٢ بەراوردکردنی بیردۆزگەلی دامەزراوەیی بەرتەسک و بیردۆزگەلی دامەزراوەیی بەربڵاو

ڕێگەیەکی ڕوونکەرەوەی تر بۆ پۆلێنبەندیی بیردۆزەکانی جیابوونەوە هەیە. هەروەک لە بەشی (٣.٢)دا ئاماژەی پێ درا، هەندێ لە بیردۆزەکان لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراون کە تەنیا دامەزراوەگەلێکی پەیوەست بە هەندێ فاکتی تایبەت دەتوانن دیاری بکەن چ کاتێک گرووپێک مافی جیابوونەوەی هەیە. بیردۆزی گشتپرسی-تەوەر کە لە لایەن ئاڵتمان و وێڵمانەوە (2009) خراوەتە ڕوو، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو تەنیا فاکتە دامەزراوەییانەی کە بایەخیان هەیە ئەمانەن: گەلۆ ئەو گرووپەی داوای جیابوونەوە دەکات دەتوانێت ئەو دامەزراوانەی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پێویستنی بونیاتیان بنێت و گەلۆ دامەزراوەگەلی دەوڵەتی پاشماوە هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێنن کە درێژە بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بدات؟ بە واتایەکی تر، بە بۆچوونی ئەوان، ئەو تەنیا بەرژەوەندییە دامەزراوەییانەی پەیوەستن بە دیاریکردنی ئەو بابەتەی ئاخۆ مافێک بۆ جیابوونەوە لە ئارادایە یان نا، بەرژەوەندییەکانی لایەنی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی دەوڵەتی نوێ و دەوڵەتی پاشماوەن. لە ڕاستیدا، ئەم بیردۆزە ڕێک وەک پرس و بوویەرێکی دوولایەنە مامەڵە لەگەڵ جیابوونەوە دەکات، تا ئەو شوێنەی کە بابەتەکە بگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندیی پەیوەست بە دیاریکردنی ئەوەی ئاخۆ گرووپێک مافی هەیە جیا ببێتەوە یاخود نا. لە بەرامبەردا، بیردۆزی بیوکانان پێی وایە کە دەکرێ لایەنەکانی تر کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ڕەوایان هەبێت کە گرێدراون بە بابەتی دیاریکردنی ئەوەی کە مافەکانی لایەنە سەرەکییەکان چین. بەتایبەتی، بیوکانان دەڵێت کە بەرژەوەندیگەلی دامەزراوەیی نێونەتەوەیی پەیوەستن بەو بابەتەوە، لەوانە دەکرێ ئاماژە بەو بەرژەوەندییە بکرێ کە لە پێشگرتن لە پێشێلکارییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤدایە کە بە ئەگەری زۆر لەو حاڵەتانەی جیابوونەوە کە ناکۆکی و کێشمەکێشیان لەسەرە ڕوو دەدات، و هەروەها ئەو بەرژەوەندییەی لە ئەنجامی پاراستنی پەیوەندیی جێگیر و ئاشتیخوازانەی نێوان دەوڵەتەکان دەستەبەر دەبێت.

ئاڵتمان و وێڵمان دەشێ وەڵام بدەنەوە کە مەرجی بەردەوامبوونی دەوڵەت، کە مەرجی بیردۆزی ئەوانە، بەرژەوەندییەکانی لایەنەکانی سێیەمیش ڕەچاو دەکات و دێنێتە هەژمار. بەتایبەتی، بەدیهێنانی ئەم مەرجە لە ڕێگەی هەبوونی دەوڵەتگەلی سەقامگیر و بەردەوام و لە ڕێگەی دابینکردنی دادپەروەری کە هاوکات لەگەڵ بەجێگەیاندن و ڕاپەڕاندنی ئەرکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت دێتە دی، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی لایەنەکانی سێیەمیش دەکات.

کێشەی ئەم وەڵامە ئەوەیە کە لە کاتێکدا کە دان بەمەدا دەنێت کە بەرژەوەندییەکانی لایەنی سێیەم دەکرێ گرێدراو بە بابەتی دیاریکردنی ئەوە بن کە ئاخۆ گرووپێک مافی جیابوونەوەی هەیە یاخود نا، پێمان ناڵێت کە بۆچی دەبێ بەرژەوەندییە ڕەواکانی لایەنی سێیەم بەم شێوازە و بەم ڕادەیە سنووردار بکرێنەوە. بۆچی بەرژەوەندیی دەستەبەرکراو لە ئاکامی پاراستنی سازی و پێکهاتەیەکی سەقامگیر لە دەوڵەتەکان و هەروەها لە ئاکامی پێشگرتن بەو جۆرە لە ئاریشە و قەیرانە ئەمنییانەی کە لە دۆسیەکانی جیابوونەوە (بەتایبەتی حاڵەتەکانی گێڕاندنەوەخواز لە جیابوونەوە) دەکرێ بێنە ئاراوە، بە بابەتی دیاریکردنی فۆرم و پلانی مافی جیابوونەوە گرێدراو نین؟ لە ئەنجامدا، ئەمەی کە گرووپێک (داوا-)مافی جیابوونەوەی هەیە یاخود نا دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئاخۆ لایەنەکانی تر پاساوی گونجاو و قایلکەریان بۆ دەستنەبردن و خۆلادان لە هەوڵ بۆ پێشگرتن بەو جیابوونەوەیە هەیە، و هەروەها لە لایەکی ترەوە، دەکرێ بگەڕێتەوە سەر ئەو بابەتەی کە ئەم جیابوونەوەیە ئەگەری هەیە کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر بەرژەوەندییە ڕەواکان هەبێت یان نا، یەک لەوان ئەو بەرژەوەندییەی لە زیندوومانەوە و بەردەوامبوونی دەوڵەتی پاشماوە و دەوڵەتی نوێدایە، و نموونەی تریش هەن.

ئەمە بووەتە خاڵی لاوازی بیردۆزەکانی گشتپرسی-تەوەر لە هەمبەر ئەم ڕەخنەیە کە بەرەوڕووی بووەتەوە: وای بێننە بەرچاو کە گرووپێک لەناو دەوڵەتێکی ڕەوا و تا ڕادەیەکی گونجاو دادپەروەردا لە بەشێک لە خاکی ئەو دەوڵەتەدا زۆرینەیە و گەرەکیەتی دەوڵەتی خۆی هەبێت. ئەمەی کە ئاخۆ مافی جیابوونەوەیان هەبێت یان نا گرێدراوە بەوەی کە دەوڵەتانی تر پاساوی گونجاویان بۆ ئەوە هەیە کە دەست لە دەستتێوەردان لە هەوڵی جیابوونەوەی ئەوان بپارێزن یاخود نا (چونکە ئەو مافەی باسی لێ دەکەین داوا-مافێکە کە هەڵگری دەروەستییەکی دوولایەنە و پێکبەستراوە بۆ ئەوەی تەداخول لە جیابوونەوەدا نەبێت). بەڵام ئەمەی کە ئاخۆ دەوڵەتانی تر دەبێ دەست نەبەن بۆ دەستتێوەردان لە هەوڵێکی جیابوونەوە یاخود تەداخول لە هەوڵی دەوڵەت بۆ پێشگرتن بەم جیابوونەوەیە نەکەن، دەکرێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو بابەتە کە ئاخۆ بڕیاردان و جووڵانەوە بەو شێوازە دەتوانێ یارمەتیی دامەزراندنی نۆرمێکی نوێی یاسای نێونەتەوەیی باو بدات کە ڕێگە بەو گرووپانەی لە بەشێک لە خاکدا زۆرینەن بدات کە بە شێوەی یەکلایەنە دەوڵەتی خۆیان بەبێ دەستتێوەردان دامەزرێنن. لە حاڵەتی نەبوونی دامەزراوەگەلی بێلایەن بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە چ کاتێک بە گوێرەی بیردۆزی گشتپرسی-تەوەر هەلومەرجەکان بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە دێنە دی، وەها نۆرمێکی نوێ و گەلێک ئاسانگر و ڕێدەرتری یاسای نێونەتەوەیی باو مەترسیدار دەبێت؛ دەشێ هانی ئەو مەلەفانەی جیابوونەوە بدات کە تەنانەت مەرجەکانی بیردۆزی گشتپرسی-تەوەر خۆیشی تێدا نەهاتبێتە دی و جێبەجێ نەکرابن. کەواتە، هەروەک لە حاڵەتی جیابوونەوەی گێڕاندنەوەخوازدا دەبیندرێت، کە لەسەرەوە ئاماژەی پێ درا، وا دێتە بەرچاو کە لەم حاڵەت و ڕەوشانەدا ژی بە هەمان شێوەیە. ئەمەی کە ئاخۆ لەسەر دەوڵەتانی تر پێویستە دەستتێوەردان لە هەوڵێکی جیابوونەوەدا بکەن، و لەم ڕووەوە ئاخۆ گرووپێک مافی جیابوونەوەی هەیە یان نا، دەکرێ بگەڕێتەوە بۆ هەندێ فاکتەری جیاواز لەوانەی بیردۆزی گشتپرسی-تەوەر ڕێگە بە ڕەچاوکردن و بەهەژمارهێنانیان دەدات.

گەر ئەمە ڕاست بێت کە کۆمەڵە بەرژەوەندییەکی ڕەوا بە بابەتی دیاریکردنی سروشت و کرۆکی مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوە گرێدراون، و گەر پانتایی باندۆر و ڕادەی کاریگەریی جیابوونەوە بەسەر ئەم بەرژەوەندییانە بەستراو بە سەرچاوەگەلی دامەزراوەیی بێت کە ئێستا بوونیان هەیە، لەوانە نەتەنێ ئەوانەی دەوڵەتی پاشماوە و دەوڵەتی نوێ، بەڵکوو هەروەها ئەوانەی ڕێکخراوەگەلی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، کەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامە کە بیردۆزێکی مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوە پێویستە لە هەموو ئاستێکدا ئەو ڕاستییە دامەزراوەییانەی ئێستا لە ئارادان ڕەچاو بکات و بیانهێنێتە هەژمار. دوایین کاری بیوکانان ڕێک لەم بابەتە دەکۆڵێتەوە. بیوکانان دەڵێت کە مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوە گرێدراو بە دامەزراوەیە، بەو واتایە کە ئەمەی کە گەلۆ گرووپێک مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوەی هەیە یان نا، بەستراوەتەوە بە سروشت و کرۆکی ئەو دامەزراوانەی ئێستا لە ئارادان و ئەوەی کە ئاخۆ ئەو دامەزراوانە دەتوانن بەپێی پێویست ئەو مەترسییانە دامرکێنن و کەم بکەنەوە کە جیابوونەوە بەرەوڕووی ئەو بەرژەوەندییە جیاوازانەی دەکاتەوە کە لەڕووی ئەخلاقییەوە پڕبایەخن. ئەمە بەو واتایەیە کە داڕشتنی دروستی بیردۆزی مافی جیابوونەوە پێویستی بە گریمانەگەلێکی پشتئەستوور بە ئەزموون هەیە کە ئەو خاڵانەی تێدا دیاری کرابن: (١) کۆمەڵێک لە بەرژەوەندیگەلی لەڕووی ئەخلاقییەوە گرنگ کە لە حاڵەتی جۆراوجۆری جیابوونەوەدا دەکەونە ژێر مەترسی، و (٢) ئەگەری سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی دامەزراوەکان لە کاڵکردنەوە و کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەدا. گەر ئەمە ڕاست بێت، کەواتە وا دێتە بەرچاو کە هەردوو ڕوانگەی بەس مافی چارەسەری و مافی سەرەتایی ناتەواون و کەموکورتییان هەیە، چونکە هیچکامیان ڕەچاوی ئەم گریمانە ئەزموونییە گرنگانەیان نەکردووە.


٦.٢ بەراوردکردنی بیردۆزەکانی جیابوونەوە

تا ئێستاکە بەجێیە بڵێین کە هیچکام لەم بیردۆزە ڕکابەرانە بەو شێوەیە دانەڕێژراون کە بکرێ هەڵسەنگاندنێکی بەراوردکارییانەی مسۆگەر ئەنجام بگیرێت. هەرکام لەم بیردۆزانە بەرەوڕووی کۆمەڵێک پرسیاری وەڵامنەدراو و ڕەخنەی ڕێتێچوو بوونەتەوە.

هەر سێ چەشنەکەی ئەم بیردۆزانە پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو و قایلکەر بپەرژێنە سەر ئەو بابەتەی کە دەکرێ پێی بگوترێت کێشەی دەنگی ڕەسەن. سەبارەت بە بیردۆزەکانی ڕەپاڵدەری-تەوەر و بەس مافی چارەسەری، ئەمە بەو واتایەیە کە وەڵامێکی لۆژیکی و بەڵگەمەند بەو پرسیارە بدەنەوە کە «چ شتێک بە بڕیارێکی ڕەسەن بۆ هەوڵ بۆ جیابوونەوە دێتە هەژمار‌؟» (گەلۆ بەر لەوەی بگوترێت کە گرووپێکی تایبەت بڕیاری داوە کە مافی خۆی بۆ جیابوونەوە بەکردەیی بکات، ڕێگەیەکی دیاریکراو و ڕاشکاوانە بۆ دیاریکردنی ئەو بابەتە هەیە کە چ چەشنە زۆرینەیەک بۆ پشتیوانی لە جیابوونەوە پێویستە؟) بە هەمان شێوە، لەسەر بیردۆزەکانی مافی گشتپرسی-تەوەر پێویستە کە بەر لەوەی بگوترێت کە مافی جیابوونەوە هەیە، بەپێی لۆژیک و بنەماکان ڕوونی بکەنەوە کە ئەو زۆرینەیەی پشتیوان و لایەنگری جیابوونەوەیە دەبێ چەندە گەورە بێت؟

جگە لەمە، هەر سێ چەشنەکەی ئەم بیردۆزانە دەبێ بە شێوەیەکی ماقووڵ و قایلکەر ڕوانگەی خۆیان لەسەر مافەکانی ئەو دانیشتووانانەی ناوخۆی هەرێمی جیاوەبوو کە دژی جیابوونەوەن دەرببڕن. بۆ نموونە، دەکرێ لە هەندێ حاڵەت و بارودۆخدا نەیاران و بەرهەڵستانی جیابوونەوەخوازان هاووڵاتێتیی دووانەیان پێ بدرێت، بەم شێوەیە کە بتوانن هاووڵاتێتیی خۆیان لەو دەوڵەتەدا بپارێزن کە جیابوونەوەی تێدا ڕوو دراوە؟ گەلۆ هیچ حاڵەت و ڕەوشێک هەیە کە ئەوان تێیدا شیاوی قەرەبووکرانەوەی ئەو خەسار و زەرەرانە بن کە لە پرۆسەی دامەزرانی دەوڵەتی نوێدا، کە دەشێ یاساکانی خاوەندارێتی تێیدا جیاواز لە دەوڵەتی پێشوو بێت، بەریان دەکەوێت؟

لە ئەنجامدا، هەروەک پێشتریش گوترا، پێویستە ئاماژەکانی هەرکام لەم بیردۆزانە بۆ یاسای نێونەتەوەیی لە بابەتی جیابوونەوەدا شی بکرێنەوە. لە بەشی دادێدا، بەکورتی پەیوەندیی نێوان ڕوانگەکان سەبارەت بە (داوا-)مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە و ئەو پرسیارەی کە یاسای نێونەتەوەیی دەبێ چ هەڵوێستێک لە هەمبەر جیابوونەوەی یەکلایەنە بگرێت شەنوکەو دەکەین.


٣. جیابوونەوە و بیردۆزی شەڕی ڕەوا

کەمایەسی و کەلێنێکی تری دەقی فەلسەفی لەمەڕ جیابوونەوە، کە جیددیترە لە سەرنەکەوتن لە یەکخستن و جێکردنەوەی جیابوونەوە لە بیردۆزێکی گشتگیری دادپەروەریی سەرزەمینیدا، نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بیردۆزی شەڕی ڕەوایە. لەو ململانێ و ناکۆکییانەی لەسەر ئەرزی واقع ڕوو دەدەن، کە تێیاندا گرووپێک داوای مافی جیابوونەوە دەکات و دەوڵەت دروستیی ئەو داوایە ڕەت دەکاتەوە، زۆربەی کات یەکێک لەم لایەنانە یان هەردووکیان هانا دەبەنە بەر هێز. بەڵام بەس چەسپاندن و بەفەرمیناسینی ئەوەی کە گرووپێک مافی جیابوونەوەی هەیە ئەو پرسیارە وەڵام ناداتەوە کە گەلۆ ئەو گرووپە ڕێگەپێدراوە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکەی کە گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆیە، لە هێز کەڵک وەرگرێت. (بە شێوەیەکی گشتی، تەنێ هەبوونی مافی X بە واتای ڕێگەپێدراوبوون بۆ کەڵکوەرگرتنی لە هێز بۆ دەستەبەرکردنی X نییە). بە هەمان شێوە، گەر ئەو گرووپە مافی جیابوونەوەی نەبێت، دەشێ هێشتا ئەوە بۆ ئەو دەوڵەتە پاساودراو و ڕێگەپێدراو نەبێت کە لە هێز بۆ پێشگرتن لە جیابوونەوەی ئەو گرووپە کەڵک وەرگرێت. خاڵی جێی سەرنج ئەمەیە کە بیردۆزە فەلسەفییەکانی جیابوونەوە لە نێوان هەبوونی مافی جیابوونەوە و ڕێپێدراوبوون بۆ کەڵکوەرگرتن لە هێز بە مەبەستی بەکردەییکردنی ئەو مافە جیاوازییان دانەناوە. ئەو بیردۆزانە هەروەها باسیان لەو هەلومەرجانە نەکردووە کە تیایدا دەوڵەتەکان خاوەنی مافی بەکارهێنانی هێز بۆ ڕێگریکردن لە حاڵەتگەلێکی جیابوونەوەن کە جیابوونەوەخوازان مافی ئەخلاقیی جیابوونەوەیان نییە. ئەم بابەتە بەتایبەتی بە ڕەچاوکردنی بووژانەوە و سەرهەڵدانەوەی تیۆریزەکردنی فەلسەفی سەبارەت بە شەڕی ڕەوا سەرنجڕاکێش و سەرسووڕهێنەرە.

خاڵی گەوهەری لێرەدا ئەمەیە کە ڕەوتی سەرەکیی بیردۆزی شەڕی ڕەوا نە لەگەڵ ئەو دەربڕینە هاوڕایە کە پێشێلکردنی هەر مافێک دەتوانێت پاساوی بەکارهێنانی هێز بدات، و نە لەگەڵ ئەو بۆچوونەیە کە بەکارهێنانی هێز گەر بۆ مومارەسەکردنی سەرکەوتووانەی هەر مافێک پێویست بێت، ڕێگەپێدراو و پاساودراوە. بەڵکوو، ڕوانگەی زاڵ ئەمەیە کە لیستەی هۆکارە ڕەواکان (ئەو ئامانجە ڕەوایانەی کە بە هەڵگیرساندنی شەڕ دێنە دی) زۆر سنووردارتر و بەرتەسکتر لەمەیە، و دەبێ ڕەنگدانەوەی ئەو بڕوایە بێت کە بەکارهێنانی هێز تەنیا کاتێک ڕێگەپێدراو و پاساوهەڵگرە کە بۆ قەرەبووکردنەوەی نادادپەروەریی زۆر جیددی یاخود بۆ مومارەسەکردنی کۆمەڵە مافێکی زۆر گرنگ پێویست بێت و هەروەها مەرجێکی هاوڕێژەیی بێنێتە دی.

ڕوون نییە کە چلۆن بیردۆزی شەڕی ڕەوا و بیردۆزی جیابوونەوە دەبێ گرێ بدرێنەوە. بەڵام، وا دێتە بەرچاو کە بەکارهێنانی هێز لە لایەن جیابوونەوەخوازانەوە لە چوارچێوەی بەشێک لە بیردۆزەکانی جیابوونەوەدا زۆرتر لە بیردۆزەکانی جیابوونەوەی تر دەتوانێت ئاریشە و ئاڵۆزی بنێتەوە. بۆ نموونە وای دانێن کە زۆرینەیەک لە خەڵکی دانیشتووی بەشێک لە خاکی دەوڵەتێکی ڕەوا بڕیار بدەن کە دەوڵەتی خۆیان لەو بەشەدا دامەزرێنن، سەرەڕای ئەم ڕاستییە کە نەبوونەتە قوربانیی هیچ نادادپەروەرییەکی دەستی دەوڵەتەکە. بەپێی بیردۆزی گشتپرسی-تەوەر، ئەوان مافی ئەوەیان هەیە جیا ببنەوە (تا ئەو کاتەی کە یەکە نوێیەکە و دەوڵەتی پاشماوە بتوانن بەپێی پێویست ئەرکە سەرەکییەکانی حکوومەت ڕاپەڕێنن). گەر دەوڵەت ڕەتی بکاتەوە کە دامودەزگاکانی لەو ناوچەیە بکێشێتەوە، یان دەسەڵات و کۆنترۆڵ بەسەر ئەو بەشە لە خاکەکەی بدات بە جیابوونەوەخوازان، و هتد، گەلۆ ڕێگەپێدراو و پاساوهەڵگرە کە جیابوونەوەخوازان دژی دەستوپێوەندەکان و ناوەندەکانی دەوڵەت هێز بەکار بێنن؟ گەلۆ بەس خواست بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی خۆیان پاساوی تێوەگلان لە پرۆسە و هەنگاوێکی کردەیی دەدات کە پێ دەچێت ئاکامەکەی توندوتیژیی بەربڵاو بێت؟ کێشەکە لێرەدا ئەمەیە کە ئەو نیاز و مەبەستەی کە جیابوونەوەخوازان دەتوانن بۆ پاساودانی ئەو هەنگاوە کردەییە پەنای بۆ بەرن، بەپێی پێویست لەگەڵ تێگەیشتنی باو لە هۆکاری ڕەوا ناگونجێت و یەک نەگرێتەوە. بەپێچەوانەوە، بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری وا دەردەکەون کە، لانیکەم لە بنەمادا، لەگەڵ ڕەوتی سەرەکیی بیردۆزی شەڕی ڕەوا یەکانگیر بن، چونکە بیردۆزی شەڕی ڕەوا قەرەبووکردنەوەی نادادپەروەریی جیددی (و نەک بەس خواست و حەز بۆ هەبوونی یەکەی سیاسیی خۆ) وەک هۆکارێکی ڕەوا بەفەرمی دەناسێت و دانی پێدا دەنێت.

سەرەڕای ئەمەش، بیردۆزێکی تەواو پەرەسەندووی بەس مافی چارەسەری دەبێ ڕوونی بکاتەوە کە لە چ کاتێکدا نادادپەروەری تا ئەو ڕادەیە جیددی دەبێت کە لە بارودۆخێکدا کە مەترسییەکی بەرچاوی توندوتیژیی بەربڵاو لە ئارادایە، ڕێگە بە جیابوونەوە بدات. بێ گوێدانە ئەوەی لەگەڵ کام چەشنی ئەم بیردۆزانە هاوبیر بین، هەروەها پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە لە چ هەلومەرجێکدا ڕێگە بە دەوڵەت دەدرێت بۆ لەخشتەبردنی جیابوونەوە، هێز بەکار بێنێت. چونکە هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، بەس ئەم ڕاستییە کە گرووپێک کە هەوڵ بۆ جیابوونەوە دەدات مافی جیابوونەوەی نییە، ئەمە ناگەیەنێت کە دەوڵەت ڕێگەدراوە بۆ پێشگرتن لە جیابوونەوەی ئەو گرووپە، هانا بەرێتە بەر هێز. کەواتە، بیردۆزێکی ئەخلاقیی جیابوونەوە نابێ تەنیا بە داڕشتن، دەربڕین و داکۆکی لە شیکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوە بەرتەسک بکرێتەوە. بەڵکوو هەروەها پێویستە ڕوونکردنەوە و هەڵوێستی خۆی لەسەر مۆراڵیتەی بەکارهێنانی هێز لە ململانێ و ناکۆکییەکانی پەیوەست بە جیابوونەوە دەرببڕێت و ئەو هەڵوێستە دەبێ لەگەڵ ڕوانگەکەی لەمەڕ مافی جیابوونەوە گونجاو و یەکانگیر بێت.


٤. جیابوونەوە و فەلسەفەی یاسای نێونەتەوەیی

هێشتا خاڵێکی تر هەیە کە پێویستە لە بیردۆزی جیابوونەوەدا ڕەچاو بکردرێت و بگونجێندرێت: هەروەک پێشتر گوترا، لێکەوتەکانی هەر چەشنە بیردۆزێک بۆ یاسای نێونەتەوەیی لە پەیوەندی لەگەڵ جیابوونەوەدا پێویستە ڕوون و شی بکرێنەوە. و بە ئەگەری زۆر ڕوونکردنەوەیەک لەسەر مۆراڵیتەی جیابوونەوە دەبێ کۆمەڵە ڕێنوێنییەک بۆ دیاریکردنی ئەو بابەتە بدات بە دەستەوە کە یاسای نێونەتەوەیی پێویستە چ هەڵوێستێک لە پەیوەندی لەگەڵ جیابوونەوەدا بگرێت. لەم بەشەدا بەکورتی پەیوەندیی نێوان ڕوانگەکان سەبارەت بە (داوا-)مافی ئەخلاقی بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە و ئەم پرسیارە کە یاسای نێونەتەوەیی دەبێ چ هەڵوێستێک لەمەڕ جیابوونەوەی یەکلایەنە بگرێت تاوتوێ دەکەین.

کەموکووڕی و کەمایەسییەکانی یاسای نێونەتەوەیی ئێستا لەمەڕ جیابوونەوە بزوێنەری پرۆژەی گەشەدانی نەخشەڕێگا و پلانگەلی بنەمایی بۆ چاکسازییە. لە ئێستادا، یاسای نێونەتەوەیی تەنیا قایل بە چوارچێوەیەکی زۆر بەرتەسک بۆ ئەو هەلومەرجانەیە کە تێیدا بکرێت مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە وەک مافێکی یاسایی نێونەتەوەیی بوونی هەبێت، لەوانە، کاتێک گرووپێک دەکەوێتە ژێر حوکم و دەسەڵاتی کۆلۆنیالی، یان دەبێتە قوربانیی داگیرکارییەکی نایاسایی لە لایەن یەکەیەکی دەرەکییەوە، یاخود دەکەوێتە ژێر حوکمی ڕژێمێکی لە چەشنی ئەپارتاید. گرفتی ئەم تێگەیەی مافی یاسایی نێونەتەوەیی بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنە ئەمەیە کە لە کاتێکدا کە بەڕوونی ئەم ئایدیایە بەرجەستە دەکاتەوە کە نادادپەروەریی ڕژد و بەردەوام دەتوانێت مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە بە دوای خۆیدا بێنێت، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ئەو نادادپەروەرییانەی کە بەرهەمهێنەری وەها مافێکن سنووردار و بەرتەسک دەکاتەوە.

کێشەیەکی تر ئەوەیە کە لە کاتێکدا کە دۆکترینی یاسایی نێونەتەوەیی تێگەیشتنێکی هەڕەمەکییانە بەرتەسککراوی لەو ڕەوش و بارودۆخانە هەیە کە بەرهەمهێنەری مافی جیابوونەوەی یەکلایەنەن، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی یاسایی نێونەتەوەیی گرنگ هەن کە تێیاندا بەڕوونی ئاماژە بە تێگەی گەلێک بەربڵاوتری «مافی چارەیخۆنووسینی هەموو گەلان» کراوە، و گوتراوە کە مافی ئیختیارکردنی سەربەخۆیی تەواو، واتە مافی جیابوونەوە ژی دەگرێتەوە.[10] ڕێگەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئەرکی سەرەکیی بیردۆزێکی ئەخلاقیی یاسای نێونەتەوەیی لەمەڕ جیابوونەوە ئەوەیە کە دەبێ بنەمایەکی لۆژیکی و بەڵگێنراو بۆ سڕینەوەی ئەم بەرتەسککردنەوە و سنووردارکردنەوە هەڕەمەکییە بدات بە دەستەوە کە وەک خاڵێکی نەرێنی لە یاسای ئێستادا بوونی هەیە، و لە هەمان کاتدا پێش بەو بیرۆکەیە کە بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرە دەسێنێت بگرێت کە هەموو «گەلان» مافیان هەیە دەوڵەتی خۆیان هەبێت، لە جیهانێکدا کە کەم تا زۆر هەموو ئەو دەوڵەتانەی ئێستا هەن زۆرتر لە «گەلێک» لە خۆ دەگرن، لە جیهانێکدا کە چەند «گەلێک» داوای خاوەندارێتیی یەک سەرزەمین و خاک دەکەن، و لە جیهانێکدا کە هیچ بنەما یان میکانیزمێکی ڕێکخراوەیی نێونەتەوەیی بۆ چارەسەری ئەم داوا دژیەکانە نییە.

بژاردەیەکی گرنگ بۆ داڕێژەرانی بیردۆزی یاسای نێونەتەوەیی لەمەڕ جیابوونەوە ڕەچاوکردنی بوار و بەستێنی مافەکە خۆیەتی. بەپێی ڕوانگەیەک، یاسای نێونەتەوەیی دەبێ بەسانایی، لە حاڵەتی هەندێ هەلومەرجی تایبەتدا کە لە بیردۆزەکەدا پێناسە و دیاری کرابن، مافی گرووپێک بۆ هەبوونی دەوڵەتی خۆی بەفەرمی بناسێت. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، یاسای نێونەتەوەیی دەبێ جیاوازی دانێت لە نێوان (١) ئەو هەلومەرجانەی کە تێیاندا گرووپێک دەبێ مافی ئەوەی پێ ببەخشرێت کە نکۆڵی لە دەسەڵاتی یاسایی دەوڵەت بەسەر بەشێک لە خاکی دەوڵەتەکەدا بکات و لێی دەرچێت و هەوڵ بۆ بونیاتنانی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی خۆی لەو خاکەدا بدات و (٢) ئەو هەلومەرجانەی کە تێیاندا یاسای نێونەتەوەیی دەبێ یەکەی جیابوونەوەخوازان وەک دەوڵەتێکی ڕەوا بەفەرمی بناسێت و دانی پێدا بنێت، بە هەموو مافەکان، پارێزراوییەکان، بەرژەوەندی و هەڤیازییەکان، و هەموو دەروەستییەکانی کە ئەمە بە دوای خۆیدا دەیهێنێت.

جیاوازیی نێوان ئەم دوو بژاردەیە بە سەرنجدان لە نموونەیەک سەبارەت بە ڕوانین و ڕێبازێکی بەس مافی چارەسەری بۆ پلان و پێشنیارگەلی چاکسازی لە یاسای نێونەتەوەیی لەمەڕ جیابوونەوە باشتر دەردەکەوێت و فام دەکرێت. بۆ ساکارکردنەوەی بابەتەکە، وای دانێن کە ئەو بیردۆزی بەس مافی چارەسەرییەی قسەی لەسەر دەکەین تەنیا پێشێلکاریی بەردەوام و لە ئاستی بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ وەک ڕێخۆشکەر و بنەمای مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە بەفەرمی دەناسێت، و گریمان کە گرووپی G کەوتووەتە بەر وەها پێشێلکاریگەلێک. بەپێی ڕوانگەی یەکەم، پێشنیارەکە ئەمەیە کە گەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ دوایین ڕێچارە بێت لە بەرانبەر پێشێلکاریی بەردەوام و لە ئاستی بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی ئەندامانی گرووپی G، یاسای نێونەتەوەیی دەبێ بەسادەیی دان بەمەدا بنێت کە گرووپی G مافی بوون بە خاوەنی دەوڵەتی ڕەوای خۆی هەیە، کە بەو واتایەیە کە دەوڵەتانی تر پێویستە دان بەم یەکە نوێیەدا بنێن وەک یەکەیەکی خاوەن و هەڵگری هەموو ئەو ماف، هەڤیازی، پارێزراوی، دەسەڵات و دەروەستییانە کە ئەم دۆزە نوێیە بە دوای خۆیدا دەیهێنێت و پێی دەبەخشێت. بە گوێرەی ڕوانگەی دووەم، دوو پرسیاری جیاواز بوونی هەیە کە یاسای نێونەتەوەیی جیابوونەوە دەبێ بپەرژێتە سەری: یەکەم، گەلۆ پێشێلکاریی بەردەوام و لە ئاستی بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بەسەر گرووپی Gدا داسەپاوە؟ و دووەم، گەلۆ گرووپی G مەرجەکانی پێویست بۆ ڕەوایی بەفەرمیناسرانی تێدایە، ئەو مەرجانەی بۆ بەفەرمیناسران وەک دەوڵەتێکی ڕەوا پێویستن؟ ڕوانگەی دووەم لەسەر ئەو بۆچوونەیە کە ئەگەرچی ئەوەی کە ئەو گرووپە بووبێتە ئامانجی پێشێلکاریی بەردەوام و بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، بۆ بەفەرمیناسینی مافەکەی بۆ نکۆڵیکردن و دەرچوون لە دەسەڵاتی یاسایی دەوڵەتی زاڵ و هەوڵ بۆ دامەزراندن و پێکهێنانی دەوڵەتی خۆی تەواو و سەرومڕە، بەڵام بەر لەوەی یاسای نێونەتەوەیی ئەم یەکە نوێیە وەک دەوڵەتێکی ڕەوا بەفەرمی بناسێت شتێکی تر و هەنگاوی زیاتر پێویستە؛ بەتایبەتی، دەوڵەتی نوێ دەبێ دڵنیایی و گەرەنتیی باوەڕپێکراو و جێی متمانە بدات کە ڕێز لە مافەکانی کەمایەتییەکانی ناوخۆی خاکەکەی دەگرێت.

گرێدان و بەستنەوەی بەفەرمیناسینی بەدەوڵەتبوونی ڕەوا بەم شێوەیە بە هێنانەدی مەرجە سەرەکییەکانی دادپەروەری، لەگەڵ ڕێباز و ڕێچکەی بیردۆزی بەس مافی چارەسەری بۆ جیابوونەوە یەک دەگرێتەوە، کە ڕێزگرتن لەو دەوڵەتانەی ڕێز لە مافەکان دەگرن دەگرێتە خۆ. بەڵام، بێ گوێدان بەوەی کە کام بیردۆزی مافی جیابوونەوە قبووڵ دەکرێت و دەگیرێتە بەر، بۆ جیاوازیدانان لە نێوان مافی جیابوونەوە (کە وەک مافی ڕەتکردنەوە و دەرچوون لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر بەشێک لە خاکەکەیدا و هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ لەوێدا فام دەکردرێت) و مافی بەفەرمیناسران وەک دەوڵەتێکی ڕەوا، گەلێک بابەت بۆ گوتن و خستنەبەرباس لە ئارادایە. ئەو یەکە نوێیانەی لە ڕێگەی جیابوونەوەوە چێ بوونە، زۆربەی کات بەهۆی ئەو بەرژەوەندییانەی دەستیان دەکەوێت، تامەزرۆ و سوورن کە ڕەواییان بەفەرمی بناسرێت، لەو بەرژەوەندییانە دەتوانین ئاماژە بدەین بە دەستپێڕاگەیشتن بە سیستەمگەلی بازرگانی و ئاڵووێری دڵخواز، قەرز و ئیعتباراتی بانکی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە، و دەرفەتی بەشداریکردن وەک ئەندامێکی هاوسەنگ و هاوتا لەگەڵ دەوڵەتانی تر لە داڕشتن و دانانی یاسای نێونەتەوەییدا. لێک هەڵاواردن و جیاکردنەوەی ئەوەی کە گرووپێک مافی جیابوونەوەی هەیە (بۆ ڕەتکردنەوە و دەرچوون لە دەسەڵاتی یاسایی دەوڵەت و هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی) و ئەوەی کە مافی بەفەرمیناسران وەک دەوڵەتێکی ڕەوای هەیە، ڕێگە بە سیستەمی یاسایی نێونەتەوەیی دەدات کە مەرجگەلی نۆرماتیڤ بەسەر بەفەرمیناسین لە هەلومەرجێکدا بسەپێنێت کە تێیدا دەوڵەتگەلی نوێ هاندەر و بزوێنەری بەهێزیان بۆ هێنانەدی ئەو مەرجانە هەیە.

بیردۆزێکی فەلسەفیی تەواو گەشەسەندوو سەبارەت بەوەی کە یاسای نێونەتەوەیی جیابوونەوە دەبێ بە چ شێوەیەک بێت ئێجگار ئاڵۆز و بەرزەفڕانە دەبێت. ئەم بیردۆزە نەتەنێ دەبێ پەیوەندیی نێوان مافی جیابوونەوە و مافی بەفەرمیناسران ڕوون بکاتەوە و لەسەری بدوێت، بەڵکوو دەبێ بیردۆزێکی دەستتێوەردانی پاساودراو بۆ پاڵپشتی و لایەنگری لە یاخود بە دژی جیابوونەوە لە خۆ بگرێت کە لەگەڵ هەڵوێستێکی گشتیتر سەبارەت بە بەکارهێنانی ڕەوای هێز لە دەرەوەی سنوورەکان یەکانگیر بێت و بگونجێت.


٥. دەرەنجام

کار و توێژینەوەی فەلسەفی لەسەر جیابوونەوە لە سێ دەستەدا جێ دەگرێت: (١) هەوڵ بۆ داهێنان و داڕشتنی شرۆڤە و شیکارییەک لەسەر مافی ئەخلاقیی جیابوونەوە (کە یان وەک داوا-مافێک یان تەنێ وەک ئازادییەک فام دەکرێت)، (٢) لێکۆڵینەوە و تاوتوێی گونجان یان نەگونجانی جیابوونەوە لەگەڵ دەستوورباوەڕی، و (٣) هەوڵ بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە یاسای نێونەتەوەیی دەبێ چ هەڵوێستێک سەبارەت بە جیابوونەوە بگرێتە بەر. لە هەرکام لەم بوارانەی لێکۆڵینەوەدا، هەروەها لە پەیوەندییەکانی نێوانیاندا، توێژینەوە لە پرسگرێکە ئەخلاقییەکانی جیابوونەوە دەلاقەیەکی بەهێز دەدات بە دەستەوە کە لە ڕێگەیەوە بتوانین هەندێ لە گرنگترین پرسگرێکەکانی بیردۆزی ئەخلاقی-سیاسی تاوتوێ و شەنوکەو بکەین، یەک لەم پرسگرێکانە دەشێ بنگەهیترین پرسگرێک بێت: چ شتێک ئیدعای ڕەوای خاوەندارێتیی خاکەکەی بە دەوڵەتێک دەدات؟



1. Reference re Secession of Quebec. 1998. 2 S.C.R.

٢. سونستاین لە نێوان مافی ڕاشکاوی دەستووری بۆ جیابوونەوە لەگەڵ ڕێگەپێدانی دەستووری بۆ جیابوونەوە لە حاڵەتی نەبوونی مافێکی ڕاشکاوی دەستووری بۆ جیابوونەوە جیاوازی دانانێت، هەروەک دەکرێ جیابوونەوە لە ڕێگەی پیاچوونەوە و هەموارکردنەوەی دەستوور دەستەبەر ببێت.

3. Reference re Secession of Quebec. 1998. 2 S.C.R.

٤. هەستپێکردن بە پێویستیی دیاریکردنی هاندەرێک بۆ چوونە ناو دەوڵەتی نوێی ئیتیۆپیا بە دابینکردنی بژاردەیەکی «هاتنەدەری باری تەنگەتاوی» دەشێ هۆکاری ئەوە بووبێت کە حکوومەتی کاتیی ئیتیۆپیا مافی جیابوونەوە لە هەردووکی بڕیارنامەی قۆناغی ڕاگواستن و دەستووری نوێی دوابەدوایدا بگونجێنێت و جێی بکاتەوە. لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی دەستوور لە نیسانی 1993دا کە تێیدا کۆمەڵێک لە توێژەران و زانایانی تر بەشدار بوون، من [بیوکانان] پێشنیارم بە حکوومەتی کاتی کرد کە گەر ئەوان بڕیاریان دا لە دەستووری نوێدا مافی جیابوونەوە جێ بکەنەوە، ئەم مافە سنووردار بکاتەوە و بیبەستێتەوە بە مەرجگەلی تر. ئەوان بەو شێوازەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا ئەم کارەیان کرد.

٥. ئەم بەشە لە Buchanan 2006 وەرگیراوە.

٦. گرنگە جەخت بکەینەوە کە بیردۆزەکانی بەس مافی چارەسەری تەنیا پەیوەستن بە بابەتی بەستێنەکانی مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە؛ ئەم بیردۆزانە دەتوانن ئەمە پشتڕاست بکەنەوە کە حاڵەتگەلی جیابوونەوەی بەپێی ڕەزامەندیی دوولایەنە لەڕووی ئەخلاقییەوە ڕێگەپێدراون.

٧. هەردوو جۆرەکەی بیردۆزی مافی سەرەتایی بوار بەم ئەگەرە دەدەن کە نادادپەروەری ڕێگە بۆ چەشنێک لە پاساودان بە (داوا-مافی) جیابوونەوەی یەکلایەنە خۆش دەکات. ئەم دوو جۆرە وەک ڕێچارەیەک بۆ نادادپەروەری ڕێگە بە جیابوونەوەی یەکلایەنە دەدەن، وەلێ ئەمە ڕەت دەکەنەوە کە نادادپەروەری تەنیا بەستێن و هۆکار بۆ (داوا-)مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە بێت. ئەوان بیردۆزگەلی مافی سەرەتایین، نەک بیردۆزگەلی بەس مافی سەرەتایی.

٨. بۆ زانیاریی زۆرتر لەسەر چارەیخۆنووسینی نەتەوەیی و جیابوونەوە، بڕوانە Moore 1998b.

٩. ئەم پاراگرافە و پاراگرافی دوای ئەمە لە Buchanan 1998b وەرگیراون.

١٠. بڕیارنامەی 2625 (XXV)ی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. پاشکۆ، ڕاگەیەنراوی بنەماکانی یاسای نێونەتەوەیی سەبارەت بە پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاریی نێوان دەوڵەتان بە گوێرەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تۆمار و بەڵگە فەرمییەکانی کۆڕی گشتی:

Twenty-fifth Session, Suppl. No 8 (A/8028), p. 121; United Nations Yearbook, 1970, p. 788.

هەروەها

http://www.un-documents.net/a25r2625.htm

ژێدەرەکان:

Altman, Andrew and Christopher Heath Wellman, 2009, A Liberal Theory of International Justice, Oxford: Oxford University Press.

Brilmayer, Lea, 1991, “Secession and Self-Determination: A Territorial Interpretation”, Yale Journal of International Law, 16: 177–202.

–––, 2015, “Secession and the Two Types of Territorial Claims”, ILSA Journal of International and Comparative Law, 21(2): 325–332.

Buchanan, Allen, 1991, Secession: The Legitimacy of Political Divorce From Fort Sumter to Lithuania and Quebec, Boulder: Westview Press.

–––, 1997, “Theories of Secession”, Philosophy & Public Affairs, 26(1): 31–61. doi:10.1111/j.1088-4963.1997.tb00049.x

–––, 1998a, “Democracy and Secession”, in Moore 1998b: 14–30. doi:10.1093/0198293844.003.0002

–––, 1998b, “What’s So Special About Nations?”, in Jocelyne Couture, Kai Nielsen, and Michel Seymour (eds.), Rethinking Nationalism, Calgary: University of Calgary Press.

–––, 2002, “Political Legitimacy and Democracy”, Ethics, 112(4): 689–719. doi:10.1086/340313

–––, 2004, Justice, Legitimacy, and Self-Determination: Moral Foundations for International Law, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/0198295359.001.0001

–––, 2006, “Uncoupling Secession from Nationalism and Intrastate Autonomy”, in Negotiating Self-Determination, Hurst Hannum and Eileen F. Babbitt (eds), Lanham, MD: Lexington Books.

–––, 2013, The Heart of Human Rights, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780199325382.001.0001

Catala, Amandine, 2013, “Remedial Theories of Secession and Territorial Justification”, Journal of Social Philosophy, 44(1): 74–94. doi:10.1111/josp.12011

–––, 2015, “Secession and Annexation: The Case of Crimea”, German Law Journal, 16(3): 581–607.

–––, 2017, “Secession and Distributive Justice”, Philosophical Studies, 174(2): 529–552. doi:10.1007/s11098-016-0695-2

Cavallero, Eric, 2003, “Popular Sovereignty and the Law of Peoples”, Legal Theory, 9(3): 181–200. doi:10.1017/S1352325203000089

–––, 2017, “Value Individualism and the Popular-Choice Theory of Secession”, Social Theory and Practice, 43(1): 125–153. doi:10.5840/soctheorpract20174316

Copp, David, 1998, “International Law and Morality in the Theory of Secession”, The Journal of Ethics, 2(3): 219–245.

Gans, Chaim, 2003, The Limits of Nationalism, Cambridge: Cambridge University Press.

Gellner, Ernest, 2008, Nations and Nationalism, Ithaca: Cornell University Press.

Hirschman, Albert O., 1970, Exit, Voice, and Loyalty, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Kolers, Avery, 2009, Land, Conflict, and Justice: A Political Theory of Territory, Cambridge: Cambridge University Press.

Meisels, Tamar, 2009, Territorial Rights, second edition, Berlin: Springer.

Mill, John Stuart, [1861] 1991, Considerations on Representative Government, New York: Prometheus Books.

Miller, David, 1995, On Nationality, New York: Clarendon Press. doi:10.1093/0198293569.001.0001

–––, 1997, “Secession and the Principle of Nationality”, Canadian Journal of Philosophy (Supplement), 26: 261–282.

Moore, Margaret, 1998a, “Introduction”, in Moore 1998b: 1–13. doi:10.1093/0198293844.003.0001

–––, 1998b, National Self-Determination and Secession, Margaret Moore (ed.), Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/0198293844.001.0001

–––, 2000, “The Ethics of Secession and a Normative Theory of Nationalism”, The Canadian Journal of Law and Jurisprudence, 13(2): 225–250.

Nine, Cara, 2012, Global Justice and Territory, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780199580217.001.0001

Norman, Wayne, 2003, “Domesticating Secession”, in Steven Macedo and Allen Buchanan (eds.), Secession and Self-Determination (NOMOS XLV), New York: New York University Press.

–––, 2006, Negotiating Nationalism: Nation-Building, Federalism, and Secession in the Multinational State, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/0198293356.001.0001

Philpott, Daniel, 1995, “A Defense of Self-Determination”, Ethics, 105(2): 352–85. doi:10.1086/293704

Stilz, Anna, 2019, Territorial Sovereignty, New York: Oxford University Press.

Sunstein, Cass, 1991, “Constitutionalism and Secession”, University of Chicago Law Review, 58(2): 633–70.

Wellman, Christopher Heath, 2005, A Theory of Secession: The Case for Political Self-Determination, Cambridge: Cambridge University Press.

 

ژێدەرەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت

·The Liechtenstein Institute on Self-Determination, Princeton University,

[دەتوانن لەم ماڵپەڕەدا بەستەری گەلێک ناوەندی ئەکادیمی، بنکەی هزرین، دامەزراوەی نێونەتەوەیی، ناوەندی حکوومی، ڕێکخراوەی ناحکوومی، گۆڤار و دامەزراوەی هەواڵنێریی پەیوەندیدار بە بابەتی چارەیخۆنووسین و جیابوونەوە بدۆزنەوە.]