ڕیالیزمی سیاسی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا
لە زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا چەندین تیۆری گشتی یان ڕوانگەی تیۆریی دژبەیەک هەن. ڕیالیزم، کە بە ڕیالیزمی سیاسییش ناسراوە، ڕوانگەیەکی سیاسەتی نێونەتەوەییە کە جەخت لەسەر لایەنی کێبڕکێکارانە و دژایەتییانەی سیاسەتی نێونەتەوەیی دەکاتەوە. زیاتر، بەرهەڵستی ئایدیالیزم یان لیبرالیزم دەکات کە دەیەوێت جەخت لەسەر هاوکاری بکاتەوە. ڕیالیستەکان دەوڵەتەکان بە گەمەکەری سەرەکیی شانۆی نێونەتەوەیی دادەنێن، کە کەڵکەڵەی ئاسایشی خۆیان هەیە و هەوڵی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن و بۆ بەدەستهێنانی هێز ململانێ دەکەن. لایەنی نەرێنیی جەختکردنەوەی ڕیالیستەکان لەسەر هێز و بەرژەوەندیی تاکەکەسی، زیاتر ئەو بەدگومانییەیە کە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان نۆرمە ئەخلاقییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان هەیانە. هەندێ جار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیاسەتی ناوخۆیی قەڵەمڕەوی دەسەڵات و یاسایە، لە کاتێکدا کە سیاسەتی نێونەتەوەیی، شانۆیەکە بەری لە دادپەروەری و بە کێشمەکێشی کردەیی یاخود هێزەکی نێوان دەوڵەتەکان دەناسرێتەوە.
سەرەڕای ئەوە، هەموو ڕیالیستەکان حاشا لە هەبوونی ئەخلاق لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ناکەن. پێویستە لە نێوان ڕیالیزمی کلاسیک (کە چەند تیۆرزانی سەدەی بیستەم و لەوانە ڕاینۆڵد نەیبور و هانس مۆرگێنتا نوێنەرایەتییان دەکرد) و ڕیالیزمی ڕادیکاڵ یاخود زێدەڕۆ، جیاوازی دابنرێت. ڕاستە ڕیالیزمی کلاسیک لەسەر چەمکی بەرژەوەندیی نیشتمانی جەخت دەکاتەوە، بەڵام ئەوە بە واتای [قبووڵکردنی] دۆکترینی ماکیاڤێلیستی نییە کە دەڵێت، «هەر شتێک لە مەسڵەحەتی دەوڵەتدا بێت ڕەوایە» (Bull 1995, 189). هەروەها ستایشی شەڕ و کێشمەکێش لەخۆ ناگرێت. ڕیالیستە کلاسیکەکان ئەگەری داوەریی ئەخلاقی لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا ڕەت ناکەنەوە. بەڵکوو ڕەخنە لە ئەخلاقگەرایی دەگرن (واتە ئەو دیسکۆرسە ئەخلاقییە زەینییە کە واقعیەتە سیاسییەکان لەبەرچاو ناگرێت). ڕیالیستەکان بایەخێکی زۆر بە کردەیەکی سیاسیی سەرکەتووانە دەدەن کە لەسەر بنەمای دوورئەندێشی بێت: واتە، توانای داوەریکردن دەربارەی شیاویی کردەیەکی گریمانەیی لە ناو بەدیلە شیمانەکراوەکان، لەسەر بنەمای ئەنجامە سیاسییە ڕێتێچووەکانی.
ڕیالیزم چەندین ڕوانگەی جیاواز لەخۆ دەگرێت و بانگەشەی نەریتێکی تیۆریی دوورودرێژ دەکات. لە ناو دامەزرێنەرانیدا توسیدید، ماکیاڤێلی و هۆبز ئەو ناوانەن کە زۆر جار ئاماژەیان پێ دەکرێت. ئەمڕۆکە ڕیالیزمی نوێ [نیۆڕیالیزم]، کە هەوڵێکە بۆ هێنانەدی ڕوانگەیەکی زانستییانەتر بۆ خوێندنەوەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر جێگای ڕیالیزمی کلاسیکی سەدەی بیستەمی گرتووەتەوە. هەم ڕیالیزمی کلاسیک و هەم ڕیالیزمی نوێ لە لایەن ئەو تیۆرزانانە کە نوێنەرایەتیی ڕوانگە لیبرال و ڕەخنەیی و پۆست-مۆدێرنەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەکەن، کەوتوونەتە بەر ڕەخنە.
١. بنوبنچکی نەریتی ڕیالیستی
١.١. توسیدید و گرنگیی هێز
٢.١. ڕەخنەی ماکیاڤێلی لە نەریتی ئەخلاقی
٣.١. دۆخی سروشتیی ئانارشیکی هۆبز
٢. ڕیالیزمی کلاسیکی سەدەی بیستەم
١.٢. تەحەدای ئی. ئێچ. کاڕ بۆ ئایدیالیزمی خەیاڵی
٢.٢. بنەما ڕیالیستییەکانی هانس مۆرگێنا
٣. ڕیالیزمی نوێ
١.٣. سیستەمی نێونەتەوەیی کێنێت والتز
٢.٣. ڕەخنەکان لە نیۆڕیالیزم
٤. دەرەنجام: تایبەتمەندیی پەنددەرانە و لەگۆڕانی ڕیالیزم
سەرچاوەکان
ئامێرە ئەکادیمییەکان
سەرچاوە ئینتەرنێتییەکانی تر
بابەتە پەیوەندیدارەکان
١. بنوبنچکی نەریتی ڕیالیستی
١.١. توسیدید و گرنگیی هێز
توسیدید (٤٦٠-٤٠٠ پ.ز)، وەکوو تیۆرزانە سیاسییە کلاسیکەکانی تر، لەو بڕوایەدا بوو کە سیاسەت پرسە ئەخلاقییەکان لەخۆ دەگرێت. لە هەمووی گرنگتر، توسیدید ئەو پرسیارەی دەکرد کە ئایا پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان کە هێندە گرنگی بە هێز دەدات، دەکرێ بە نۆرمەکانی دادپەروەرییش ڕێنوێنی بکرێت؟ لە ڕاستیدا کتێبەکەی توسیدید، واتە مێژووی شەڕی پلۆپۆنزییەکان، نە بەرهەمێکی فەلسەفەی سیاسییە و نە تیۆرێکی هەرمانە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا. بەشێکی زۆری ئەو کتێبە، کە گێڕانەوەیەکی وردە لە تێکهەڵچوونی چەکداریی نێوان ئاتێنییەکان و سپارتەکان لە نێوان ساڵانی ٤٠٤ تا ٤٣١ی پێش زایین، لێدوانە بەرانبەرەکانی کەسایەتییەکانی دوو بەرەیە کە سەبارەت بە یەک پرس، بەڵگەی جیاواز دەهێننەوە. سەرەڕای ئەوە، ئەگەر مێژووی شەڕی پلۆپۆنزییەکان، بە تاقە دەقی کلاسیکی ناسراو لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ناوی دەرکردووە و هەروەها ئەگەر خورپەبەخشی تیۆرزانەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە هۆبزەوە تا پسپۆڕانی ئێستا بووە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو کتێبە تەنیا نووسینەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو دەکرێ ڕوانگەیەکی تیۆریی لێ دەربهێنرێت.
ڕیالیزم لە یەکەمین لێدوانەکانی ئاتێنییەکان کە لە کتێبی مێژووی شەڕی پلۆپۆنزییەکاندا تۆمار کراون، ڕەنگی داوەتەوە (واتە لەو لێدوانانەدا کە لە میانەی دیبەیتێکدا، ڕێک پێش دەستپێکردنی شەڕەکە بەڕێوە چوو). جگە لەوە، لە شێوازی شرۆڤەی توسیدید سەبارەت بە هۆکاری شەڕی پلۆپۆنزییەکان و هەروەها لە [دەقی] «گفتوگۆی مێلیان»، واتە لە لێدوانەکانی نێردەکانی ئاتێندا، ڕوانگەیەکی ڕیالیستی بەکار هاتووە.
١.١.١. تایبەتمەندییە گشتییەکانی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا
تیۆرزانانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان جەخت لەو تەنگوچەڵەمانە دەکەنەوە کە سروشتی مرۆڤ (کە بە بوونەوەرێکی خۆخوازی دەزانن) و نەبوونی حکومەتێکی نێونەتەوەیی، بەسەر سیاسەتدا دەیسەپێنن. ئەو دوو فاکتەرە پێکەوە یارمەتیی پارادایمی کێشمەکێش-تەوەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەدەن، کە تیایدا دەوڵەتەکان گەمەکەری سەرەکین و هێز و ئاسایش دەبنە بابەتی سەرەکی و بابەتە ئەخلاقییەکان جێگایەکی ئەوتۆیان نابێتەوە. دەستەیەک پێشگریمانە سەبارەت بە گەمەکەرە دەوڵەتییەکان، خۆخوازی، ئانارشی، هێز، ئاسایش و بابەتە ئەخلاقییەکان کە نەریتی ڕیالیستی پێناسە دەکەن، هەموویان دەسەدیاریی توسیدیدن.
(١) سروشتی مرۆڤ خاڵی دەستپێکی ڕیالیزمی سیاسیی کلاسیکە. ڕیالیستەکان مرۆڤ بە بوونەوەرێک دەزانن کە بە شێوەی سروشتی خۆخواز و قازانجویستە، بە ڕادەیەک کە قازانجویستی بەسەر بنەما ئەخلاقییەکاندا زاڵ دەبێت. لە دیبەیتەکەی سپارتا، کە لە کتێبی یەکەمی مێژووی شەڕی پلۆپۆنزییەکاندا ئاماژەی پێ کراوە، ئاتێنییەکان پێشەنگی و سەرێتیی قازانجویستی لە بەرانبەر بابەتە ئەخلاقییەکاندا پشتڕاست دەکەنەوە. ئەوان دەڵێن، تێبینییەکان سەبارەت بە چاکە و خراپە «هەرگیز نەبوونەتە هۆی چاوپۆشیی خەڵک لە دەرفەتەکانی خۆگەورەکردنەوە کە لە لایەن هێزی باڵادەستەوە ڕەخساون» (بەشی یەکەم، پەرەگرافی ٧٦).
(٢) ڕیالیستەکان، بەتایبەت نیۆڕیالیستەکانی ئێستا، پێیان وایە نەبوونی حکومەتێکی جیهانی، واتە ئانارشی، یەکلاکەرەوەی سەرەکیی ئەنجامە سیاسییە نێونەتەوەییەکانە. ڕیالیستەکان دەڵێن نەبوونی دەسەڵاتێکی باڵا بۆ دانانی یاسا و ڕێسای هاوبەش و جێبەجێیکردنیان، بە واتای ئەوە دێت کە شانۆی نێونەتەوەیی لە بنەڕەتدا سیستەمێکی خۆیارمەتیدەرە. هەر دەوڵەتێک بەرپرسی دابینکردنی مانەوەی خۆیەتی و لە چۆنیەتیی پێناسەکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و چۆنیەتیی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هێز دەستی ئاوەڵایە. بۆیە، ئانارشی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دۆخێک کە تیایدا هێز ڕۆڵی سەرەکی لە بیچمدان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگێڕێت. بە وتەی نێردە ئاتێنییەکان لە مێلۆس، لە نەبوونی دەسەڵاتێکی هاوبەشدا کە بتوانێت تەکووزی جێگیر بکات، «دەوڵەتە سەربەخۆکان [تەنیا] کاتێ مانەوەیان مسۆگەر دەبێت کە بەهێز بن» (5, 97).
(٣) تا ئەو جێگایەی ڕیالیستەکان جیهانی دەوڵەتەکان وەکوو جیهانێکی ئانارشیک وێنا دەکەن، ئاسایشیش بە بابەتی سەرەکی دادەنێن. دەوڵەتەکان بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایش، هەوڵ دەدەن پەرە بە هێزی خۆیان بدەن و خۆیان سەرقاڵی جێگیرکردنی هاوسەنگیی هێز بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی پەلاماردەرە شیمانەییەکان بکەن. شەڕەکان بۆ ئەو مەبەستە ڕوو دەدەن کە نەتەوە ڕکابەرەکان لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزتر نەبن. سەرەڕای ئەوەی توسیدید لە نێوان هۆکارە دەستبەجێکان و هۆکارە بنەڕەتییەکانی شەڕی پلۆپۆنزییەکان جیاوازی دادەنێت، بەڵام هۆکارە ڕاستەقینەکەی ئەو شەڕە لە هیچ یەک لەو ڕووداوە تایبەتانەدا کە دەستبەجێ پێش دەستپێکردنی شەڕەکە هاتوونەتە ئاراوە، نابینێتەوە. بە پێچەوانەوە، هۆکاری شەڕەکە لە گۆڕانی [شێوازی] دابەشبوونی هێز لە نێوان دوو بەرەی دەوڵەت-شارە یۆنانییەکاندا دەبینێتەوە، واتە هاوپەیمانێتیی دێلوس، بە ڕێبەرایەتیی ئاتێنییەکان و هاوپەیمانێتیی پلۆپۆنزییەکان، بە ڕێبەرایەتیی سپارتا. بە وتەی توسیدید، هەڵکشانی هێزی ئاتێنییەکان بووە هۆی نیگەرانیی سپارتییەکان سەبارەت بە ئاسایشی خۆیان، ئەوەش بەرەو شەڕ ڕای کێشان (1.23).
(٤) ڕیالیستەکان بەگشتی سەبارەت بە پەیوەندیی بابەتە ئەخلاقییەکان و سیاسەتی نێونەتەوەیی دێرەباوەڕن. ئەوە دەتوانێت بەرەو ئەو بانگەشەیە ڕایانبکێشێت کە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، جێگایەک بۆ بابەتە ئەخلاقییەکان نییە یان لە نێوان خواستە ئەخلاقییەکان و پێداویستییەکانی کردەی سیاسیی سەرکەوتووانە لێکدژی هەیە یاخود دەوڵەتەکان ئەخلاقی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لە ئەخلاقی باو جیاوازە یان ئەخلاق (تەنانەت ئەگەریش لە ئارادا بێت) تەنیا وەکوو کەرەسەیەک بۆ ڕەواییدان بە هەڵسوکەوتی دەوڵەتەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت. نموونەیەکی ئاشکرا لە ڕەتکردنەوەی نۆرمە ئەخلاقییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکاندا، دەتوانێت لە «گفتوگۆی مێلیان»دا بەرچاو بکەوێت (5. 85- 113). ئەو دیالۆگە تایبەتە بە ڕووداوەکانی ساڵی ٤١٦ی پێش زایین، ئەو کاتەی ئاتێنییەکان پەلاماری دوڕگەکانی مێلۆسیان دا. نێردەکانی ئاتێن مافی هەڵبژاردن لە نێوان دوو بژاردەی تەفروتوونابوون و خۆبەدەستەوەدانیان خستە بەردەم مێلیانییەکان و هەر لە سەرەتاوە داوایان لێ کردن باسی دادپەروەری نەکەن، بەڵکوو تەنیا بیر لە مانەوەی خۆیان بکەنەوە. بە وتەی نێردەکان، «هەر دوو لامان دەزانین بڕیارەکان سەبارەت بە دادپەروەری تەنیا کاتێ لە باسە مرۆییەکاندا دەدرێن کە هەر دوو لا لەژێر گوشارێکی یەکساندا بن، بەڵام کاتێ لایەنێک بەهێزترە، ئەوەندەی لە توانای بێت بەدەست دەهێنێت و پێویستە لایەنی لاواز دان بەوەدا بنێت» (5: 89). «لەژێر گوشاری یەکساندا بوون» بە واتای لەژێر دەسەڵاتی یاسادا بوون و ئەوەش بە واتای لەژێر دەسەڵاتی مەرجەعێکی یاسادانەری هاوبەشدا بوون دێت (Korab-Karpowicz 2006, 234). لەبەر ئەوەی ئاوا دەسەڵاتێک لەسەرەوەی دەوڵەتەکان لە ئارادا نییە، ئاتێنییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەو بارودۆخە بێ یاسایەی ئانارشیی نێونەتەوەییدا، تاقە ماف، بریتییە لە مافی لایەنی بەهێزتر بۆ زاڵبوون بەسەر لایەنی لاوازتردا. ئەوان بە ئاشکرا ماف و توانست بە یەک شت دادەنێن و تێبینییەکان سەبارەت بە دادپەروەری لە کاروباری دەرەوەدا وەلا دەنێن.
٢.١.١. «گفتوگۆی مێلیان»: یەکەمین دیبەیتی ڕیالیستی-ئایدیالیستی
کەوابوو ئێمە دەتوانین لە لێدوانەکانی ئاتێنییەکاندا پشتیوانییەکی بەهێز بۆ ڕوانگەی ڕیالیزم ببینینەوە. سەرەڕای ئەوە، ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە کە ئایا ڕیالیزمەکەی ئەوان چەندە لەگەڵ ڕوانگەی خودی تۆسیدید دەقاودەقە؟ گەرچی بەشێکی بەرچاو لە «گفتوگۆی مێلیان» و هەروەها بەشەکانی تری کتێبی مێژووی شەڕی پلۆپۆنزییەکان، پشتیوانی لە خوێندنەوەیەکی ڕیالیستی دەکەن، بەڵام ناکرێت ڕوانگەی توسیدید لەو چەند پەرەگرافە هەڵبژێردراوە هەڵهێنجین، بەڵکوو پێویستە ڕوانگەی توسیدید لەسەر بنەمای دەقە بەربڵاوەکەی کتێبەکەی تاوتوێ بکرێت. لە ڕاستیدا، تەنانەت خودی «گفتوگۆی مێلیان» چەند ڕوانگەی ناتەبا دەخاتە بەردەم ئێمە.
ڕیالیزمی سیاسی، زۆر جار لە لایەن بیرمەندانی ئایدیالیزم یاخود لیبرالیزم، واتە ئەو ڕوانگە تیۆرییەی کە جەخت لەسەر نۆرمە نێونەتەوەییەکان، پێکەوەبەستراوەیی نێوان دەوڵەتەکان و هاوکاریی نێونەتەوەیی دەکاتەوە، بەرهەڵستی کراوە. «گفتوگۆی مێلیان» کە یەکێکە لەو بەشانەی کتێبی مێژووی شەری پلۆپۆنزییەکان کە بەردەوام باسی لەسەر کراوە، دیبەیتێکی کلاسیکی نێوان ڕوانگەی ئایدیالیستی و ڕیالیستی دەخاتە ڕوو: ئایا سیاسەتی نێونەتەوەیی دەتوانێت لەسەر بنەمای تەکووزییەکی ئەخلاقی سەرچاوەگرتوو لە بنەماکانی دادپەروەری دابنرێت یاخود بۆ هەتاهەتایە وەکوو شانۆی بەرژەوەندییە نیشتمانییە لێکدژەکان و شانۆی هێز دەمێنێتەوە؟
مێلیانییەکان، کە کەڵک لە ئارگیومێنتە ئایدیالیستییەکان وەردەگرن، دەبێ لە نێوان شەڕ و خۆبەدەستەوەدان یەکیان هەڵبژێرن (5: 86). ئەوان بوێرن و نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێت و نایانەوێت ئازادیی خۆیان لە دەست بدەن و سەرەڕای ئەو ڕاستییە کە لە ڕووی سەربازییەوە لە ئاتێنییەکان لاوازترن، بەڵام ئامادەن بەرگری لە خۆیان بکەن (5. 1000; 5. 112). ئەوان داخوازییەکانیان لەسەر بنەمای دادپەروەری دادەنێن، کە پەیوەندییان دەدات بە ئینسافەوە و ئاتێنییەکان بە نادادپەروەر دەبینن (5.90 ; 5.104). ئەوان لەخواترس و تۆبەکارن و لەو بڕوایەدان کە خوداوەندەکان لە ئامانجە دادپەروەرانەکەیان پشتیوانی دەکەن و لاوازییەکانیان قەرەبوو دەکەنەوە و هاوکات متمانەیشیان بە هاوپەیمانێتییەکان هەیە و پێیان وایە هاوپەیمانەکانیان، واتە سپارتاکان، کە خزمایەتییشیان لەگەڵیان هەیە، یارمەتییان دەدەن (5. 104, 5. 112). بۆیە، دەکرێ لە وتەکانی مێلیانییەکاندا، ڕەگەزەکانی جیهانبینیی ئایدیالیستی یان لیبرالی ببینرێتەوە: واتە، ئەو بڕوایە کە نەتەوەکان مافی بەکارهێنانی سەربەخۆیی سیاسییان هەیە و ئەوەی کە ئەو نەتەوانە بەڵێنی دوولایەنە بە یەکتری دەدەن و ئەو بەڵینانە جێبەجێ دەکەن و ئەوەی کە شەڕی پەلاماردەر، شەڕێکی نادادپەروەرانەیە. بەڵام ئەوەی مێلیانییەکان نیانە، بریتییە لە سەرچاوە[کانی هێز] و پاشەڕۆژبینی. مێلیانییەکان، لە بڕیارەکەیاندا بۆ پاراستنی خۆیان، زیاتر لەژێر کاریگەریی هیواکانیاندان تا ئەوەی پشتیان بە بەڵگەکانی بەردەستیان یاخود تاوتوێکردنە وریایانەکان بەستبێت.
بەڵگەهێنانەوەی ئاتێنییەکان لەسەر بنەمای چەمکە ڕیالیستییە سەرەکییەکان و لەوانە، ئاسایش و هێز دانراوە و و لەسەر ئەو وشارییە داڕێژراوە کە جیهان چۆنە، نەک جیهان دەبێ چۆن بێت. ئاتێنییەکان ئاوڕ لە هیچ قسەیەکی ئەخلاقی نادەنەوە و مێلیانییەکان ناچار دەکەن چاو لە واقعیەتەکان بکەن –واتە، دان بە ڕەزاڵەتی خۆیان لە ڕووی سەربازییەوە بنێن، ئەنجامە شیمانەکراوەکانی بڕیارەکانیان لەبەرچاو بگرن و بیر لە مانەوەی خۆیان بکەنەوە (5.7; 5. 101). پێ دەچێت لۆژیکێکی ڕیالیستیی بەهێز لە پشت بەڵگەهێنانەوەکانی ئاتێنییەکانەوە هەبێت. ڕوانگەکەیان کە لەسەر بنەمای نیگەرانی سەبارەت بە ئاسایش و قازانجویستی دانراوە، بە ڕەواڵەت پشتی بە ئاوەزمەندی، هۆشیاری و پاشەڕۆژبینی بەستووە. سەرەڕای ئەوە، بە لێکدانەوەی وردتر، دەردەکەوێت لۆژیکەکەیان کەموکۆڕیی جددیی تێدایە. مێلۆس، کە دەوڵەتێکی تا ڕادەیەک لاوازە، هەڵگری هیچ هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی ئەوان نییە. لەناوچوونی یەکجارەکیی مێلۆس چارەنووسی شەڕی پلۆپۆنزییەکان، کە ئاتێنییەکان چەند ساڵ دواتر تیایدا تووشی شکست دەبن، ناگۆڕێت.
توسیدید لە کتێبی مێژووی شەری پلۆپۆنزییەکاندا، دەری دەخات کە ئەگەر هێز لە ڕێگای میانەڕەوی و هەستکردن بە دادپەروەری بەری پێ نەگیرێت، دەبێتە هۆی مەیلێکی زێدەڕۆیانە بۆ [بەدەستهێنانی] هێزی زیاتر. هیچ بەربەستێکی لۆژیکی بۆ قەبارەی ئیمپراتۆریەتێک لە ئارادا نییە. ئاتێنییەکان، سەرخۆش لە شانازی و دەسکەوتەکانی دوای داگیرکردنی مێلۆس، خۆیان دەرگیری شەڕ لە دژی سیسیل دەکەن. گوێ بە بەڵگەهێنانەوەکانی مێلیانییەکان نادەن کە دەڵێن ڕەچاوکردنی دادپەروەری لە درێژخایەندا بۆ هەمووان سوودمەند دەبێت (5.90). و لەبەر ئەوەی ئاتێنییەکان توانای خۆیان لەڕادەبەدەر دەبینن و لە کۆتاییدا شەڕەکە دەدۆڕێنن، لە ڕاستیدا لۆژیکی بەرژەوەندیخوازییان ئێجگار بیرتەسکانەیە.
گوێنەدان بە هێز لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا یوتۆپیایە، بەڵام تەنیا پشتبەستن بە هێزیش بە هەمان ڕادە نەزانانەیە. پێ دەچێت توسیدید نە لایەنگری ئایدیالیزمی ساویلکانەی مێلیانییەکان بێت و نە ڕەشبینیی ئاتێنییە دژبەرەکانیان. توسیدید فێرمان دەکات لە لایەکەوە ئاگاداری «خەیاڵبازییە ساویلکانەکان دەربارەی سیاسەتی نێونەتەوەیی» بین و لە لایەکی ترەوە، «لە بەرانبەر زێدەڕۆییەکی وێرانکەری تر، واتە ڕەشبینیی زێدەڕۆیانە» ڕاوەستین (Donnelly 2000, 193). گەرچی دەکرێ توسیدید بە ڕیالیستێکی سیاسی دابنێین، بەڵام ڕیالیزمەکەی نە دەلالەت لە ڕیال پۆلیتیک دەکات کە تیایدا ئەخلاقی نەریتی حاشای لێ دەکرێت و نە دەلالەت لە ڕیالیزمی نوێی زانستییانەی ئێستا دەکات کە تیایدا پرسیارە ئەخلاقییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو پشتگوێ دەخرێن. ڕیالیزمی توسیدید، نە بەدفەڕانەیە و نە بێ ئەخلاقانە و دەکرێت لەگەڵ ڕیالیزمەکەی هانس مۆرگێنتا، ڕیمۆن ئارۆن و ڕیالیستە کلاسیکەکانی تری سەدەی بیستەم بەراورد بکرێت، کە گەرچی لە پێداویستییەکانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان تێدەگەن، بەڵام حاشا لەوە ناکەن کە گەمەکەرە سیاسییەکان لە شانۆی نێونەتەوەییدا لەژێر کاریگەریی داوەرییە ئەخلاقییەکاندان.
٢.١. ڕەخنەی ماکیاڤێلی لە نەریتی ئەخلاقی
ئایدیالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، هاوشێوەی ڕیالیزم، دەتوانێت بانگەشەی نەریتێکی دوورودرێژ بکات. ئایدیالیستەکان، ناڕازی لەو جیهانەی کە بۆیان دەرکەوتووە، بەردەوام هەوڵ دەدەن لە سیاسەتدا وەڵامی پرسیاری «دەبێ چۆن بێت؟» بدەنەوە. ئەفلاتوون، ئەرەستۆ و سیسرۆ هەموویان ئایدیالیستی سیاسی بوون و لەو بڕوایەدا بوون کە هەندێ بەها و بایەخی ئەخلاقیی جیهانی [گشتگیر] لە ئارادان کە دەکرێت ژیانی سیاسی لەسەریان دابمەزرێت. سیسرۆ بە پشتبەستن بە بەرهەمەکانی پێشینیانی خۆی، بیرۆکەی یاسای ئەخلاقیی سروشتیی هێنایە ئاراوە کە هەم لە سیاسەتی ناوخۆیی و هەم لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا شیاوی جێبەجێکردنە. بۆچوونەکانی سیسرۆ سەبارەت بە مێرخاسی لە شەڕدا زیاتر لە نووسراوەکانی بیرمەندانی مەسیحی، واتە سێنت ئاگۆستین و سێنت تۆماس ئاکۆیناس ڕەنگیان دایەوە. لە کۆتاییەکانی سەدەی پازدەهەم، ئەو کاتەی نیکۆلۆ ماکیاڤێلی لە دایک بوو، ئەو بیرۆکەیە کە سیاسەت، لەوانە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان، دەبێ ڕەوشتبەرزانە [هەڵگری تایبەتەمەندییە باشە ئەخلاقییەکان] بێت و هەروەها ئەوەی کە پێویستە میتۆدەکانی شەڕکردن پەیڕەوی لە پێوەرە ئەخلاقییەکان بکەن، هێشتا لە وێژەی سیاسیدا زاڵ بوو.
ماکیاڤێلی (1469–1527)، تەحەدای ئەو نەریتە ئەخلاقییەی کرد کە بە باشی جێ کەوتبوو، بۆیە خۆی وەکوو داهێنەرێکی سیاسی دەرخست. ناوازەبوونی ڕوانگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەخنەی لە هزری سیاسیی ڕۆژئاوا وەکوو بابەتێکی ناواقیعی و بۆ جیاکردنەوەی سیاست لە ئەخلاق. بەو چەشنە بناغەکانی سیاسەتی مۆدێرنی داڕشت. ماکیاڤێلی لە بەشی ١٥ی کتێبی «میر»دا دەڵێت، بە دوورکەوتنەوە لە ئامۆژگارییەکانی بیرمەندانی پێشووتر، هەوڵ دەدات «لەجیاتی حەقیقەتی وێناکراو، حەقیقەتی کاریگەر» بدۆزێتەوە. «حەقیقەتی کاریگەر» تاقە حەقیقەتێکە کە لای ماکیاڤێلی بایەخی خۆ پێوە ماندووکردنی هەیە. ئەو حەقیقەتە دەرخەری کۆی ئەو هەلومەرجە کردەییەیە کە ماکیاڤێلی پێی وایە بۆ بەختەوەری و بەهێزبوونی تاک و وڵات پێویستن. ماکیاڤێلی virtù، واتە توانایی یان بەهێزی، لەجیاتی virtueی سەردەمی کۆن (واتە خسڵەتێکی ئەخلاقیی تاکەکەسی، وەکوو دادپەروەری یان پشوودرێژی) دادەنێت. ماکیاڤێللی وەکوو پێغەمبەری virtù، بەڵێن دەدات نەتەوەکان و تاکەکان بەرەو مەزناهی و شکۆی زەمینی و هێز ڕێنوێنی بکات.
ماکیاڤێلیزم جۆری تۆخی ڕیالیزمی سیاسییە کە هەم لە ناوخۆ و هەم بۆ کاروباری دەرەوە بەکار هێنراوە. دۆکترینێکە کە حاشا لە پەیوەندیی ئەخلاق بە سیاسەتەوە دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو کەرەسەکان (ئەخلاقی و نائەخلاقی) بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییە ئاشکراکان ڕەوان. گەرچی مۆرگێنتا هەرگیز دەستەواژەی ragione di stato یان بە فەڕەنسەییەکەی raison d’état [و بە کوردی: مەسڵەحەتی دەوڵەت]ی بەکار نەهێنا، بەڵام ئەوەی دەرئەنجام بۆ ئەو گرنگە، ڕێک هەر ئەوەیە: واتە، لەجیاتی نۆرم یان بەربەستە ئەخلاقییەکان، هەر شتێک کە لە قازانجی دەوڵەت بێت.
ماکیاڤێلیزم پاساوی بۆ کردەوە نائەخلاقییەکان لە سیاسەتدا هێنایەوە، بەڵام هەرگیز خۆی نەبوارد لە دانپێدانان بەوەی کە ئەو کردەوانە بەدڕەوشتانەن. ماکیاڤێلی لە تاقە چوارچێوەی ئەخلاقی نەریتیدا کاری دەکرد. ئەرکی تایبەتی شوێنکەوتووانی سەدەی نۆزدەهەمی ماکیاڤێلی ئەوە بوو کە پەرە بە دۆکترینی ئەخلاقی دووانە یان دووفاقە بدەن، واتە ئەخلاقی گشتی و ئەخلاقی تاکەکەسی، بۆ ئەوەی ڕیالیزمی ماکیاڤێلی تەنانەت بەرەو توندڕەویی زیاتر پاڵ پێوە بنێن و لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەکاری بهێنن. هیگڵ بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە «دەوڵەت ئەرکێکی گەورەتر لە پاراستنی خۆی نییە»، فەتوایەکی ئەخلاقیی بۆ پەرەپێدانی دەوڵەت بە بەرژەوەندی و قازانجەکانی خۆی لە بەرانبەر دەوڵەتەکانی تر دەرکرد (Meinecke 357). بۆیە هیگڵ ئەخلاقی نەریتیی داڕووخاند. بەرژەوەندیی دەوڵەت، بە شێوەیەکی لاسارانە وەکوو باڵاترین بەهای ئەخلاقی ڕاڤە کرا و هاوکات پەرەپێدان بە هێزی نیشتمانی وەکوو ماف و ئەرکی دەوڵەت، لەبەرچاو گیرا. هاینریش ڤۆن تاریچکە، بە گەڕانەوە بۆ ماکیاڤێلی ڕایگەیاند کە دەوڵەت واتە هێز، ڕێک لەبەر ئەوەی خۆی لە بەرانبەر دەوڵەتە سەربەخۆکانی تردا کە بە هەمان ڕادە بەهێزن، بسەلمێنێت، و ئەوەی کە باڵاترین ئەرکی ئەخلاقیی دەوڵەت پەرەپێدان بەو هێزەیە. ترایچکە پێی وا بوو ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان تەنیا تا ئەو کاتەی لە مەسڵەحەتی دەوڵەتدا بن، پێویستە جێبەجێ بکرێن. بۆیە، بیرۆکەی ئەخلاقی جیا لە ڕەفتاری دەوڵەت و چەمکی ڕیال پۆلیتیک هاتنە ئاراوە. ئەخلاقی نەریتی لەناو چوو و سیاسەتی هێز بووە «باڵاترین» جۆری ئەخلاق. ئەو چەمکانە و هەروەها بڕوامەندی بە سەرتریی کولتووری ژێرمەنی، وەکوو دوو چەک بەکار هاتن کە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا، لە سەدەی نۆزدەهەمەوە تا کۆتایی شەڕی دووەمی جیهانی، بۆ ڕەواییپێدان بە سیاسەتەکانی خۆیان بە مەبەستی داگیرکاری و تەفروتووناکردن، کەڵکیان لێ وەردەگرتن.
بەگشتی، ماکیاڤێلی بە بۆنەی ئامۆژگارییە هۆشیارانەکانی بۆ ڕێبەران (کە بووەتە هۆی ئەوەی وەکوو دامەزرێنەری سەرەکیی ستراتیژی سیاسیی مودێرن بناسرێت) و بە هۆی ئەو بەرگرییەی لە فۆرمی «کۆماریی» حکومەت دەیکات، ستایش کراوە. بە دڵنیاییەوە زۆر لایەنی هزری ماکیاڤێلی شایستەی ئەو ستایشەن. هەروەها، دەکرێت وەکوو بیرمەندێکیش سەیر بکرێت کە زیاترین بەرپرسیاریەتیی هەیە لە داماڵینی ئەخلاقی ئەورووپا. ئارگیومێنتی نوێنەرانی ئاتێن لە «گفتوگۆی مێلیان»ی توسیدید، ئارگیومێنتی تراسیماخوس لە کتێبی کۆماری ئەفڵاتون، یان ئەوەی کارنیدیس کە سیسرۆ ئاماژەی پێ دەکات –هەموو ئەوانە، تەحەدای ڕوانگە کەونینە و مەسیحییەکان سەبارەت بە یەکانگیریی سیاسەت و ئەخلاق دەکەن. سەرەڕای ئەوە، پێش ماکیاڤێلی، ئەم شێوازی بیرکردنەوەی نائەخلاقی یان بەدفەڕانە هەرگیز بەسەر ڕەوتی سەرەکیی هزری سیاسی ڕۆژئاوادا زاڵ نەبووە. ئەوە توانا و لەباردابوونی پاساوەکەی بۆ پەنابردن بە شەڕ وەکوو ئامرازێکی ڕەوای گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان بوو کە قەناعەتی بە زۆرێک لە بیرمەندان و شارەزایانی سیاسی هێنا کە ڕێچکەی ئەو بگرن. کاریگەریی بۆچوونەکانی ماکیاڤێلی، لەوانە ئەو بۆچوونە کە بەکارهێنانی هەموو کەرەسەکانی بەردەست، لە شەڕدا ڕەوایە، لە بەرەکانی شەڕی ئەورووپای مۆدێرندا دەبینرێن، هەر بەو جۆرەی کە سوپای پێکهاتوو لە هاووڵاتییان، بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای دادپەروەری لە دژی یەکتری بۆ ئەنجامێکی تاڵتر شەڕیان دەکرد. [بیرۆکەی] ناتەبایی نێوان مەسڵەحەتخوازی و ئەخلاق لە ژینگەی سیاسەتدا جێگە و پێگەی خۆی لە دەست دا. چەمکی ئەخلاقی دووانە، واتە ئەخلاقی گشتی و تاکەکەسی، کە خەسارێکی زیاتری لە ئەخلاقی نەریتی و باو دا، داهێنرا. دەرئەنجام دۆکترینی مەسڵەحەتی دەوڵەت بووە هۆی سەرهەڵدانی سیاسەتی «واری ژیان»، دوو شەڕی جیهانی و هەروەها کارەساتی هۆڵۆکاست.
ڕەنگە گەورەترین کێشەی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ئەوە بێت کە مەیلی ئەوەی هەیە بخلیسکێتە ناو نوسخە توندڕەوەکانی خۆی، کە دان بە هەر جۆرە سیاسەتێکدا دەنێت کە لە قازانجی دەوڵەت و لە زیانی دەوڵەتانی تردا بێت، جا گرنگ نییە ئەو سیاسەتە لە ڕووی ئەخلاقییەوە چەندە کێشەخوڵقێنە. نووسراوەکانی والتز و زۆرێک لە نیۆڕیالیستەکانی ئێستا، تەنانەت ئەگەر بە ئاشکرا باس لە پرسیارە ئەخلاقییەکان نەکەن، بەڵام هەڵگری ئەخلاقی دووانەن و دەستەواژەگەلێک وەکوو ڕئال پۆلیتیک ئیتر ئەو دەلالەتە نەرێنییانەی نییە کە بۆ ڕیالیستە کلاسیکەکان و لەوانە، هانس مۆرگێنتا هەیبوو.
٣.١. دۆخی سروشتیی ئانارشیکی هۆبز
تۆماس هۆبز (1588–1683) بەشێک بوو لەو بزووتنەوە ڕۆشنبیرییەی کە ئامانجەکەی بریتی بوو لە ڕزگارکردنی زانستی مۆدێرنی تازەسەرهەڵداو لە تەنگوچەڵەمەکانی میراتی کلاسیک و قوتابخانەیی. بەپێی فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک، کە ڕوانگەی ئایدیالیستی لەسەری دانراوە، مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگای ئاوەزەوە مەیل و حەزەکانیان کۆنترۆڵ بکەن و دەتوانن لە قازانجی ئەوانی تر، تەنانەت لە زیانی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن. کەوابوو ئەوان هەم بکەری ئاوەزمەند و هەم ئەخلاقین و توانای جیاوازیدانان لە نێوان چاکە و خراپە و بڕیاردانی ئەخلاقییان هەیە. هەروەها بە سروشت جڤاکی یان کۆمەڵایەتین. هۆبز بە لێهاتووییەکی تەواو هێرش دەکاتە سەر ئەو ڕوانگانە. مرۆڤەکانی هۆبز، کە لەجیاتی ئەوەی ئەخلاقی یاخود کۆمەڵایەتی بن، لەڕادەبەدەر تاکگەران، هەڵگری «ویستێکی هەتاهەتایی و بێئۆقرەی بەدەستهێنانی هێز لە دوای هێزن و [ئەو ویستە] تەنیا دوای مردن کۆتایی پێ دێت» (Leviathan XI 2). بۆیە مرۆڤەکان بەناچار بۆ بەدەستهێنانی هێز ململانێ دەکەن. هۆبز بە ڕێکخستنی ئەو بۆچوونانە، یارمەتیی داهێنانی چەند چەمکێکی بنەڕەتیی نەریتی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، بەتایبەت ڕیالیزمی نوێی دا. ئەو یارمەتییانە بریتین لە ناساندنی سروشتی مرۆڤ بە سروشتێکی خۆخواز، چەمکی ئانارشیی نێونەتەوەیی و ئەو ڕوانگە کە سیاسەت، کە ڕیشەی لە ململانێ بۆ هێز داکوتاوە، دەتوانێت بە شێوەی ئاوەزمەندانە و زانستییانە لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت.
یەکێک لە ناسراوترین چەمکەکانی هۆبز، بریتییە لە دۆخی ئانارشیکی سروشت، کە بە دۆخی شەڕی [جەنگی] بە هەژمار دێت و «ئەوە شەڕی هەر مرۆڤێکە لەگەڵ هەر مرۆڤێکی تر» (XII 8). هۆبز تێگەیشتنی خۆی لە دۆخی شەڕ لە ڕوانگەکانی خۆی سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ و ئەو بارودۆخەی تاکەکانی تێدایە، وەردەگرێت. لەبەر ئەوەی لە دۆخی سروشتیدا هیچ جۆرە حکومەتێک لە ئارادا نییە و هەمووان لە دۆخێکی یەکساندان، هەر تاکێک مافی هەموو شتێکی هەیە، بەو واتایە کە بەربەستێک لە بەردەم ڕەفتاری تاکەکان لە ئارادا نییە. هەر کەسێک لە هەر کاتێکدا دەتوانێت لە هێز کەڵک وەربگرێت و هەمووان دەبێ بەردەوام بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاوها هێزێک، هێز بەکار بهێنن. بۆیە، تاکەکان بە تەماحی بەدەستهێنان و بەبێ هیچ جۆرە بەربەستێکی ئەخلاقی و بە مەبەستی کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی کاڵا دەگمەنەکان، ئامادەن بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوت، «پەلاماری» یەکتری بدەن. تاکەکان کە لە یەکتری بەدگومانن و لە یەکتری دەترسن، ڕەنگە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی خۆیان، ڕەفتاری پێشگیرانە بگرنە بەر یاخود هێرش بکەنە سەر یەکتری. دەرئەنجام، تاکەکان بە ئیفادە و مەیلی بەدەستهێنانی ناوبانگ هەڵدەخڕێن. کەوابوو، تاکە هێزخوازەکان، چ بۆ دەستکەوت، چ بۆ ئاسایش یاخود بۆ ناوبانگ، هەوڵی لەناوبردن یان بەزاندنی یەکتری دەدەن (XIII 3). لە ئاوا هەلومەرجێکی نادیاردا کە هەر کەسێک پەلاماردەرێکی شاراوە و شیمانەییە، شەڕکردن لەگەڵ ئەوانی تر، بە بەراورد لەگەڵ ڕەفتاری ئاشتیخوازانە، ستراتیژییەکی سوودمەندترە و پێویستە هەمووان ئەوە فێر بن کە زاڵبوون بەسەر ئەوانی تردا بۆ مانەوەی خۆیان پێویستە.
کەڵکەڵەی سەرەکیی هۆبز پەیوەندیی نێوان تاکەکان و حکومەتە و زۆر بە دەگمەن باسی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان دەکات. سەرەڕای ئەوە، ئەوەی هۆبز دەربارەی ژیانی تاکەکان لە دۆخی سروشتیدا دەیڵێت، دەتوانێت وەکوو گێڕانەوەیەک لە چۆنیەتیی پەیوەندیی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتری، ڕاڤە بکرێت. کاتێک دەوڵەتەکان دادەمەزرێن، هێزخوازیی تاکەکان دەبێتە بنەمایەک بۆ «ڕەفتاری» دەوڵەتەکان و زۆر جار خۆی لە هەوڵی دەوڵەتەکاندا بۆ زاڵبوون بەسەر دەوڵەت یان خەڵکی تردا دەنوێنێت. هۆبز دەنووسێت، دەوڵەتەکان «بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان... بە بیانووی مەترسی و ترس لە پەلاماردان یاخود ئەو یارمەتییانەی کە ڕەنگە ڕادەستی پەلاماردەران بکرێت، پەرە بە قەڵەمڕەوی خۆیان دەدەن [و] تا بۆیان بلوێت هەوڵی بەزاندن و لاوازکردنی دراوسێکانیان دەدەن» (XIX 4). بەم پێیە، ویست و ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز لە چەقی نوسخەی هۆبزی سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکاندایە. هەر ئەمە، دواتر سەبارەت بەو مۆدێلەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان کە لە لایەن مۆرگێنتاوە هاتە ئاراوە، واتە ئەو کەسەی کە بە جددی لەژێر کاریگەریی هۆبزدا بوو و هەر ئەو ڕوانگەیەی سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ وەرگرت، ڕاستە. هەر بەو چەشنە، کنێت والتزی نیۆڕیالیست شوێن ڕێچکەی هۆبز سەبارەت بە ئانارشیی نێونەتەوەیی، وەکوو فاکتەرێکی سەرەکیی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان کەوت (واتە ئەو هەقیقەتە کە هیچ دەسەڵاتێک لە سەرەوەی دەوڵەتە سەربەخۆکاندا لە ئارادا نییە).
تاکەکان بە چوونە ژێر ڕکێفی حکومەت، لە شەڕی هەمووان لە دژی هەمووان کە هۆبز گرێی دابوو بە دۆخی سروشتییەوە، ڕزگاریان دەبێت. سەرەڕای ئەوە، ئەو شەڕە هێشتا لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکاندا زاڵە. ئەمە بەو واتایە نییە کە دەوڵەتەکان هەمیشە لە شەڕدان، بەڵکوو زیاتر بەو واتایە دێت کە مەیلی شەڕکردنیان هەیە (XIII 8). بەهۆی ئەوەی هەر دەوڵەتێک خۆی بڕیار دەدات کە پەنا بۆ هێز ببات یاخود نا، ئەگەری ڕوودانی شەڕ هەمیشە لە ئارادایە. کەوابوو، دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆیی لە ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتەوە، هاوتەریبە لەگەڵ نەبوونی ئاسایش لە نێوان دەوڵەتەکان. دەکرێ بڵێین، ئەگەر بۆچوونەکانی هۆبز بەگشتی یەکدەست بووایەن، لەگەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕا دەبوو کە دەوڵەتەکانیش بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، پێویستە گرێبەستێک پێک بێنن و خۆیان ڕادەستی حکومەتێکی جیهانی بکەن. گەرچی ئایدیای دەوڵەتی جیهانی ئەمڕۆکە لە لایەن هەندێک لە ڕیالیستەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، بەڵام ئەوە ڕوانگەی خودی هۆبز نییە. هۆبز پێشنیازی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان دەوڵەتەکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ئانارشیی نێونەتەوەیی ناکات. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو دۆخە نائەمنەی کە دەوڵەتەکانی تێ کەوتووە، وەکوو پێویست نابێتە نائەمنی بۆ سەر هاووڵاتییانیان. تا ئەو کاتەی شەڕی چەکداری یاخود جۆرێک تێکهەڵچوونی نێوان دەوڵەتەکان ڕوو نەدات، تاکەکانی ناو دەوڵەتەکان دەتوانن بە شێوەی ڕێژەیی هەست بە ئاسایش بکەن.
حاشاکردن لە بوونی بنەما ئەخلاقییە جیهانییەکان [گشتیگرەکان] لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکاندا، هۆبز لە ماکیاڤێلییەکان و شوێنکەوتووانی دۆکترینی مەسڵەحەتی دەوڵەت نزیک دەکاتەوە. تیۆری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی هۆبز، کە لەسەر ئەو گریمانە دانراوە کە دەوڵەتە سەربەخۆکان، وەکوو تاکە سەربەخۆکان، بە شێوەی سروشتی دوژمن، ناکۆمەڵایەتی و خۆخوازن و هیچ بەربەستێکی ئەخلاقی لە بەردەم هەڵسوکەوتیان لە ئارادا نییە، تەحەدایەکی گەورەیە بۆ ڕوانگەی سیاسیی ئایدیالیستی کە لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتیبوون و هەروەها بۆ چەمکی ئەدای دادوەریی نێونەتەوەیی کە لەسەر ئەو ڕوانگەیە دامەزراوە. سەرەڕای ئەوە، ئەوەی هۆبز لە ماکیاڤێلی جیا دەکاتەوە و زیاتر لە ڕیالیزمی کلاسیک نزیکی دەکاتەوە، پێداگری لەسەر تایبەتمەندیی بەرگریکارانەی سیاسەتی دەرەوەیە. تیۆرە سیاسییەکەی بانگهێشتێک نییە بۆ ئەنجامدانی هەر شتێک کە ڕەنگە لە قازانجی دەوڵەت بێت. ڕوانگەکەی سەبارەت بە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان پارێزکارانە و هێمنانەیە: پێویستە دەوڵەتە سەروەرەکان، وەکوو تاکەکان، بەرەو ئاشتی بڕۆن کە جێگای پەسندی ئەقڵە.
ئەوەی هەندێ جار، والتز و خوێنەرە نیۆڕیالیستەکانی تری بەرهەمەکانی هۆبز پشتگوێی دەخەن، ئەوەیە کە هۆبز پێی وا نەبوو ئانارشیی نێونەتەوەیی بە واتای ژینگەیەکی بێ یاسا و ڕێسایە. هۆبز وێڕای ئاماژەکردن بەوەی کە هەندێ لە حوکمەکانی ئەقڵ تەنانەت لە دۆخی سروشتیدا جێبەجێ دەکرێن، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەکرێت پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ئاشتیخوازانەتر و هاوکارییخوازانەتر بێت. حاشا لە یاسای نێونەتەوەییش ناکات. دەوڵەتە سەربەخۆکان دەتوانن پێکەوە هەندێ ڕێککەوتننامە واژۆ بکەن بە مەبەستی دابینکردنی بنەمایەکی قانوونی بۆ پەیوەندییەکانیان. سەرەڕای ئەوە، پێ دەچێت هۆبز لەوە ئاگادارە کە یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان بەگشتی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە لە سنووردارکردنی ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز. دەوڵەتەکان ئەو یاسا و ڕێسایانە لە قازانجی خۆیان ڕاڤە دەکەن، بۆیە یاسای نێونەتەوەیی یان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتەکان یاخود پشتگوێ دەخرێت. بۆیە، پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان هەمیشە بابەتێکی نامسۆگەرە. ئەم ڕوانینە مەترسیدارە بۆ سیاسەتی جیهانی، لە چەقی ڕیالیزمی هۆبزدایە.
٢.ڕیالیزمی کلاسیکی سەدەی بیستەم
ڕیالیزمی سەدەی بیستەم وەکوو وەڵامێک بۆ ڕوانگەی ئایدیالیستی کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی باڵی بەسەر زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کێشابوو، هاتە ئاراوە. ئایدیالیستەکانی دەیەکانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ (کە بە نێونەتەوەییگەراکان و یوتۆپیاگەراکانیش ناسراون) ئامانجیان جێگیرکردنی ئاشتی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە شەڕێکی تری جیهانی بوو. ئەوان چارەسەری کێشە نێودەوڵەتییەکانیان لە دامەزراندنی سیستەمێکی یاسای نێونەتەوەیی ڕێزلێگراو، بە پاڵپشتیی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەبینیەوە. ئەو ئایدیالیزمەی نێوان دوو شەڕی جیهانی، بووە هۆی دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٠ و [ئیمزاکردنی] ڕێککەوتننامەی کلوگ-بریاند لە ساڵی ١٩٢٨دا کە شەڕی قەدەغە کرد و پێشنیاری چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی ناکۆکییەکانی دەکرد. وودرۆ ویلسۆن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەندین زانای وەکوو نۆرمەن ئەنگێڵ، ئالفێرد زیمێرن و ڕیمۆن بی. فۆسدیک و ئایدیالیستە بەناوبانگەکانی تری ئەو سەردەمە، لە ڕووی فکرییەوە پشتیوانییان لە کۆمەڵەی گەلان کرد. ئەوانە لەجیاتی چڕبوونەوە لەسەر شەڕی نێوان دەوڵەتەکان و گەلان، کە ڕەنگە هەندێ بە ناچارەکیی بزانن، جەختیان لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کردەوە کە دەبێتە هۆی یەکانگیریی مرۆڤایەتی و هەوڵیان دا کەڵک لە ئاوەزمەندی و بابەتە ئەخلاقییەکان وەربگرن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، سروشتی خۆخوازیی مرۆڤ سەرچاوەی شەڕ نییە، بەڵکوو سەرچاوەکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی پڕ لە کەمایەسی و ڕێوشوێنە سیاسییەکان و ئەوانەش دەتوانن چاک بکرێن. بەو حاڵەش، بۆچوونەکانیان لە سەرەتای دەیەی ١٩٣٠ لە لایەن ڕەینهۆڵد نەیبور و چەند ساڵ دواتر لە لایەن ئی. ئێچ. کاڕەوە ڕەخنەیان لێ گیرا. کۆمەڵەی گەلان، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرگیز نەبوو بە ئەندامی و ژاپۆن و ئەڵمانیا لێی کشانەوە، نەیتوانی ڕێگری لە ڕوودانی شەڕی دووەمی جیهانی بکات. ڕەنگە ئەو هەقیقەتە، زیاتر لە هەر ئارگیومێنتێکی تیۆری، کاردانەوەیەکی ڕیالیستیی بەهێزی بەدوای خۆیدا هێنا. گەرچی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ساڵی ١٩٤٥دا دامەزرا، هێشتا دەکرا وەکوو بەرهەمی بیرکردنەوەی سیاسیی ئایدیالیستی سەیر بکرێت، بەڵام زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە سەرەتای ساڵانی دوای شەڕدا، بە چڕی کەوتە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڕیالیستە کلاسیکەکان و لەوانە جۆن. ئێچ. هێرز، هانس مۆرگێنتا، جۆرج کێنان و ڕیمون ئارۆن. دواتر، بە درێژایی ساڵانی دەیەی ١٩٥٠ و ١٩٦٠، ڕیالیزمی کلاسیک ڕووبەڕووی تەحەدای ئەو لێکۆڵەرانە بووەوە کە هەوڵیان دەدا، ڕوانگەیەکی زانستییانەتر بۆ خوێندنەوەی سیاسەتی نێونەتەوەیی بێننە ئاراوە. لە دەیەی ١٩٨٠دا، ڕەوتێکی تر، واتە ڕیالیزمی نوێ، لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا جێگای ئەو هەوڵانەی گرتەوە.
لەبەر ئەوەی ناکرێت لەم وتارەدا، هەموو ئەو بیرمەندانەی یارمەتیی پەرەپێدان بە ڕیالیزمی کلاسیکی سەدەی بیستەمیان داوە، بناسێنین، بۆیە ئی. ئێچ کاڕ و هانس مۆرگێنتا، کە ڕەنگە کاریگەرترینی ئەو بیرمەندانەش بن، بۆ باسەکەمان دەستنیشان کراون.
١.٢. تەحەدای ئی. ئێچ. کاڕ لە ئایدیالیزمی خەیاڵی
ئێدوارد هاڵت کاڕ (١٨٩٢-١٩٨٢) لە سەرەکیترین بەرهەمی خۆیدا سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، واتە لە کتێبی قەیرانی بیست ساڵەدا، کە بۆ یەکەم جار لە مانگی جوولای ساڵی ١٩٣٩ بڵاو بووەوە، هێرش دەکاتە سەر ڕوانگەی ئایدیالیستی کە وەکوو «یوتۆپیانیزم» ناوی دەبات. کاڕ ئەو ڕوانگەیە وەکوو بڕوا بە ئاوەز، دڵنیابوون لە پێشکەوتن، هەستکردن بە بێ گزی و دزیی ئەخلاقی و بڕوا بە هاوئاهەنگیی بنەڕەتیی بەرژەوەندییەکان، وەسف دەکات. بە بڕوای ئایدیالیستەکان، شەڕ لادانێکە لە ئاراستەی ژیانی ئاسایی و چارەسەری ڕێگریکردن لە ڕوودانی شەڕ بریتییە لە پەروەردەکردنی خەڵک بۆ ئاشتی و دامەزراندنی سیستەمی ئاسایشی بەکۆمەڵ، وەکوو کۆمەڵەی گەلان یاخود ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئێستا. کاڕ بە گومان خستنە سەر بانگەشەی جیهانگەرایی ئەخلاقی و هاوئاهەنگیی بەرژەوەندییەکان، تەحەدای ئایدیالیزم دەکات. کاڕ ڕایدەگەینێت کە «ئەخلاق تەنیا دەکرێت ڕێژەیی بێت، نەک گشتگیر» (١٩) و دەڵێت، گرووپە باڵادەستەکان باس لە دۆکترینی هاوئاهەنگیی بەرژەوەندییەکان دەکەن، «بە مەبەستی پاساوهێنانەوە و پاراستنی پێگەی زاڵی خۆیان» (75).
کاڕ لەژێر کاریگەریی مارکس و تیۆرزانە مۆدێرنەکانی تر، بۆ نیشاندانی ئەوەی کە ئەو پێوەرانەی کە سیاسەتەکان لەسەر بنەمایان داوەری دەکرێن، بەرهەمی هەلومەرج و بەرژەوەندییەکانن، لە چەمکی ڕێژەییبوونی هزر کەڵک وەردەگرێت. ئایدیای سەرەکیی کاڕ بریتییە لەوەی کە بەرژەوەندییەکانی لایەنێکی تایبەت هەمیشە دیاری دەکەن کە ئایا ئەو لایەنە بنەما ئەخلاقییەکان لەبەرچاو دەگرێت یان نا، بۆیە ئەو بنەمایانە جیهانی نین. بۆ نموونە، کاڕ دەڵێت، زۆر جار سیاسەتوانان بۆ شاردەنەوەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی وڵاتانی خۆیان یاخود هێنانە ئارای وێنایەکی نەرێنی لە خەڵکانی تر بە مەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ کردەیەکی پەلاماردەرانە، باس لە داپەروەری دەکەن. کاڕ بڕوای وایە هەبوونی ئەو جۆرە نموونانە سەبارەت بە ڕیسواکردنی دۆژمنێکی شیمانەیی لە ڕووی ئەخلاقییەوە یاخود پاساوهێنانەوەی ئەخلاقی بۆ پێگەی خۆت، دەری دەخات کە بۆچوونە ئەخلاقییەکان هەڵێنجراوی سیاسەتە واقعییەکانن. سیاسەتەکان، بەو جۆرەی ئایدیالیستەکان دەیانەوێت، لەسەر بنەمای هەندێ نۆرمی جیهانی، سەربەخۆ لە بەرژەوەندییەکانی لایەنە بەشدارەکان دانەنراون.
کاڕ دەڵێت، ئەگەر هەندێ پێوەری ئەخلاقیی تایبەت هەبن کە بە کردەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان دانرابن، هەندێ بەرژەوەندییش هەن کە بە بناغەی بنەما ڕەهاکان یاخود پێوەرە ئەخلاقییە جیهانییەکان بە هەژمار دێن. لە کاتێکدا کە ئایدیالیستەکان دەیانەوێت بەها و بایەخگەلێک وەکوو ئاشتی و دادپەروەری بە بەها و بایەخی جیهانی دابنێن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پاڵپشتیی ئەو بەها و بایەخانە لە قازانجی هەمووانە، کاڕ بەرهەڵستی ئەو ڕوانگە دەکات. بە وتەی کاڕ، نە بەها و بایەخی جیهانی لە ئارادان و نە بەرژەوەندیی جیهانی. کاڕ دەڵێت، ئەوانەی باس لە بەرژەوەندییە جیهانییەکان دەکەن، لە ڕاستیدا بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەجووڵێنەوە (71). ئەوانە وا بیر دەکەنەوە کە ئەوەی بۆ ئەوان باشترینە، بۆ هەمووان باشترینە و بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەرژەوەندییە جیهانییەکان بە یەک چاو سەیر دەکەن.
چەمکی ئایدیالیستیی هاوئاهەنگیی بەرژەوەندییەکان، لەسەر ئەو بۆچوونە ڕاوەستاوە کە مرۆڤەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاوەزمەندانە لەوە تێبگەن کە خاوەن هەندێ بەرژەوەندیی هاوبەشن، کەوابوو دەکرێ پێکەوە هاوکاری بکەن. کاڕ بە کەڵکوەرگرتن لە واقعیەتی ناکۆکیی بەرژەوەندییەکان بەرهەڵستی ئەو بۆچوونە دەکات. بە وتەی کاڕ، بەرژەوەندییە تایبەتەکانی تاک و گرووپە جیاوازەکان، جیهانیان پارچە پارچە کردووە. لە ئاوا ژینگەیەکی پڕ لە کێشمەکێشدا، تەکووزی [ڕێکوپێکی] لەسەر بنەمای هێزە، نەک لەسەر بنەمای ئەخلاق. جگە لەوە، خودی ئەخلاق بەرهەمی هێزە (61). کاڕ، هاوشێوەی هۆبز، ئەخلاق بە بەرهەمی سیستەمێکی قانوونیی تایبەت دەزانێت کە لە لایەن دەسەڵاتێکی باڵاوە جێبەجێ دەکرێت. نۆرمە ئەخلاقییە نێونەتەوەییەکان لە لایەن نەتەوە زاڵەکانەوە یاخود دەستەیەک لەو نەتەوانەی کە خۆیان بەگشتی وەکوو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەردەخەن، بەسەر وڵاتانی تردا دادەسەپێنرێن. ئەو نۆرمانە بە مەبەستی درێژەدان بە زاڵێتیی ئەو نەتەوانە داهێنراون.
ئەو بەها و بایەخانەی کە ئایدیالیستەکان بۆ هەمووان بە باشیان دەزانن، بۆ نموونە ئاشتی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، خۆشبژێوی و تەکووزیی نێونەتەوەیی، کاڕ وەکوو چەمکگەلی [پاراستنی] دۆخی هەنوکەیی چاویان لێ دەکات. ئەو هێزانەی لە دۆخی هەنوکەیی ڕازین، ڕێوشوێنەکانی ئێستا بە دادپەروەرانە دەزانن، بۆیە بانگەوازی ئاشتی دەکەن. ئەو هێزانە هەوڵ دەدەن هەمووان لە دەوری بۆچوونەکەی خۆیان سەبارەت بەوەی کە چی باشە، کۆ بکەنەوە. «ڕێک وەکوو چینی باڵادەستی کۆمەڵگە کە داواکاری جۆرێک لە ئاشتیی ناوخۆیین، کە ئاسایش و باڵادەستیی ئەوان مسۆگەر بکات... ئاشتیی نێونەتەوەییش دەبێتە بەشێک لە بەرژەوەندییە ئاشکرا تایبەتەکانی هێزە باڵادەستەکان» (76). لە لایەکی ترەوە، هێزە ناڕازییەکان هەمان ئەو ڕێوشوێنانە بە نادادپەروەرانە دەزانن، بۆیە خۆیان ئامادەی شەڕ دەکەن. کەوابوو، ڕێگای بەدیهێنانی ئاشتی، ئەگەر بە ئاسانی جێگیر نەکرێت، بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هێزە ناڕازییەکانە. «ئەوانەی لە تەکووزی[ی نێونەتەوەیی] زیاترین قازانجیان بەردەکەوێت، لە درێژخایەندا تەنیا کاتێ دەتوانن هیوا لەسەر بەردەوامیی ئەو دۆخە هەڵبچنن کە بە پێدانی ئیمتیازی پێویست بەو کەسانەی کە لانیکەمی قازانج وەردەگرن، دۆخەکەیان بۆ هێور بکەنەوە» (152). ئەو ئەنجامە لۆژیکییەی کە خوێنەر دەتوانێت لە کتێبەکەی کاڕ وەری بگرێت، بریتییە لە سیاسەتی پێکەوەهەڵکردن [یان پێکەوەژیان].
کاڕ بیرمەندێکی خیبرە بوو. ئەو خۆی دانی بەوەدا دەنا کە لۆژیکی «ڕیالیزمی پەتی، شتێک نییە جگە لە ململانێیەکی ڕووت بۆ بەدەستهێنانی هێز، ئەوەش دەتوانێت بەدیهاتنی هەر جۆرە کۆمەڵگەیەکی نێونەتەوەیی پەک بخات» (87). گەرچی کاڕ ئەوەی کە بە «یوتۆپیای باو» ناوی دەبات، دەڕووخێنێت، بەڵام هاوکات هەوڵ دەدات «یوتۆپیایەکی نوێ»، واتە تەکووزییەکی جیهانیی ڕیالیستی بنیات بنێت (Ibid). کەوابوو، دان بەوەدا دەنێت کە مرۆڤەکان پێویستیان بە هەندێ نۆرم و بەها و بایەخی بنەمایی و جیهانیی ڕوون هەیە، ئەوەش لەگەڵ بەڵگەهێنانەوەکەی خۆی کە هەوڵ دەدات جیهانگیریی هەر جۆرە نۆرم و بایەخێک ڕەت بکاتەوە، لێکدژە. وەکوو ڕەخنەی زیاتر، ئەو ڕاستییەی کە باسکردن لە بەها و بایەخە ئەخلاقییە جیهانییەکان لە سیاسەتدا، دەتوانێت لە قازانجی لایەنێک یاخود ئەوی تر کەڵکی نابەجێی لێ وەربگیرێت و ئەوەی کە ئەو بەها و بایەخانە لە دامەزراوە سیاسییەکاندا تەنیا بە کەموکورتی جێبەجێ دەکرێن، بەو واتایە نییە کە ئەو بەها و بایەخانە لە ئارادا نین. لە ناو هەموو مرۆڤەکاندا، چ ئەوانەی خاوەن پێگەی تایبەتن و چ ئەوانەی بێدەسەڵاتن، تامەزرۆییەکی بەرفراوان بۆ ئاشتی، تەکووزی، خۆشبژێوی و دادپەروەری لە ئارادایە. ڕەوایی ئایدیالیزم لە هەوڵی بەردەوام بۆ تێڕامان و پشتیوانیکردن لەو بەها و بایەخانەدایە. ئەگەر ئایدیالیستەکان لە هەوڵەکانیاندا بە ڕادەی پێویست سەرنج نەدەنە واقعیەتی هێز، تووشی شکست دەبن. لە لایەکی ترەوە، لە جیهانی ڕیالیزمی پەتیدا، کە تیایدا هەموو بەها و بایەخەکان گرێ دەدرێن بە بەرژەوەندییەکانەوە، ژیان هیچ نییە جگە لە گەمەی هێز و ئەوەش بەدەر لە تاقەتە.
[کتێبی] قەیرانی بیست ساڵە پەیوەندیی بە چەند ئایدیایەکی جیهانییەوە هەیە، بەڵام ڕەنگدانەوەی ڕۆحی سەردەمی خۆیشیەتی. لە کاتێکدا دەتوانین ئایدیالیستەکانی نێوان ساڵانی دوو شەڕ(ی جیهانی) بەوە تۆمەتبار بکەین کە لە دامەزراندنی دامەزراوە نێونەتەوەییە بەتواناکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕوودانی شەڕی دووەمی جیهانی، بە ڕادەی پێویست تواناییان نەبوو، بەڵام ئەو کتێبە دەری دەخات کە ڕیالیستەکانی نێوان دوو شەڕی جیهانییش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدایە ئامادە نەبوون. کاڕ زۆر جار ئاماژە بە ئەڵمانیای ژێر دەسەڵاتی نازییەکان دەکات، چما وڵاتێکە وەکوو وڵاتانی تر. کاڕ دەڵیت ئەگەر ئەڵمانیا لە حاڵەتی هێزێکی ناڕازی دەربێت و «ببێتە مەزنەهێزێکی ئەورووپا»، وەکوو هێزەکانی تری ڕۆژئاوا، باس لە هاوجۆشی یان یەکڕیزیی نێونەتەوەیی دەکات (79). تێنەگەیشتنی کاڕ و ڕیالیستەکانی تر لە ناوەڕۆکی مەترسیداری نازیزم و ئەو بڕوایەیان سەبارەت بەوەی کە ئەڵمانیا دوای داگیرکردنی خاک دەبێتە وڵاتێکی ڕازی، یارمەتیی هاتنەدی ژینگەیەکی سیاسیی دا کە تیایدا هێزێک سەر هەڵبدات کە بە مەیلی خۆی چیکوسلۆڤاکیای داگیر کرد و لە سیپتەمبەری ساڵی ١٩٣٩دا تەنیا بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر پۆلۆنیا لە بەرانبەریدا خۆڕاگری کرا.
تیۆری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان تەنیا هەوڵێکی فکری نییە، بەڵکوو ئەنجامی کردەیی هەیە. لەسەر بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی سیاسیمان کاریگەری دادەنێت. بە کردەوە، ڕیالیستەکانی دەیەی ١٩٣٠، کە کاڕ لە ڕووی فکرییەوە پشتیوانیی لێ دەکردن، ئەو کەسانە بوون کە دژی ئەو سیستەمەی ئاسایشی بەکۆمەڵ بوون کە لە کۆمەڵەی گەلان دەرکەوتبوو. ئەوان بە کارکردن لە ناو دامەزراوەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو سەردەمەدا، بەرەو لاوازییان برد. دوای لاوازکردنی کۆمەڵەی گەلان، سیاسەتی پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەژیان لەگەڵ ئەڵمانیایان وەکوو بەدیلێک بۆ ئاسایشی بەکۆمەڵ گرتە بەر (Ashworth 46). دوای داگیرکردنی چیکۆسلۆڤاکیا، کاتێ شکستی کۆنەپارێزە ڕیالیستە دژە کۆمەڵەکانی دەوری نویل چمبێرلن و ئەو سیاسەتە ئاشکرا بوو، هەوڵیان دا هەمان سیستەمی ئاسایشی بەکۆمەڵ دامەزرێننەوە، کە پێشتر تێکیان دابوو. ئەو کەسانەی پاڵپشتی ئاسایشی بەکۆمەڵیان دەکرد، بە ئایدیالیستەکان ناسران.
٢.٢.بنەما ڕیالیستییەکانی هانس مۆرگێنتا
هانس جی. مۆرگێنتا (1904–1980) ڕیالیزمی کردە تیۆرێکی بەربڵاوی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان. هانس مۆرگێنتا لەژێر کاریگەریی ئایینناسی پرۆتستانت و نووسەری سیاسی، ڕینهۆڵد نەیبور، و هەروەها تۆماس هۆبز، خۆخوازی و هێزویستی دەخاتە چەقی ڕوانینی خۆی بۆ سروشتی مرۆڤ. بە بڕوای مۆرگێنتا، مەیل و حەزی تێرنەخۆر و بەردەوام و بێ کۆتایی مرۆڤ بۆ هێز، کە بە «ئاژەڵی زاڵیخواز»، بە واتای مەیلی خۆسەپاندن، ناوی دەبات، هۆکاری سەرەکیی شەڕە. بەو جۆرەی کە لە کتێبی سەرەکیی خۆیدا، واتە «سیاسەتی نێوان نەتەوەکان: ململانێ بۆ هێز و ئاشتی»، کە لە ساڵی ١٩٤٨دا بڵاو بووەوە، جەخت دەکاتەوە، «سیاسەتی نێونەتەوەیی، وەکو هەموو سیاسەتەکانی تر، ململانێیە بۆ بەدەستهێنانی هێز» (25).
مۆرگێنتا ڕیالیزمی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لەسەر شەش بنەما کە لە چاپی دووەمی سیاسەتی نێوان نەتەوەکاندا بڵاویانی کردەوە، ڕێک خست. مۆرگێنتا، وەکوو نەریتگەرایەک دژایەتیی ئەو کەسانە دەکات کە بە زانستوانان (واتە، ئەو لێکۆڵەرانەی کە بەتایبەت لە دەیەی ١٩٥٠دا هەوڵیان دا تەکووزی و ڕێوشوێنی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە لقێکی زانستە ڕەفتارییەکاندا کورت بکەنەوە) ناسراون. سەرەڕای ئەوە، مۆرگێنتا لە بنەمای یەکەمدا دەڵێت، ڕیالیزم لەسەر بنەمای یاسا بەرچاوەکان دانراوە، کە ڕیشەیان لە سروشتی نەگۆڕی مرۆڤدایە (4). مۆرگێنتا دەیەوێت ڕیالیزم هەم وەکوو تیۆرێکی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و هەم وەکوو هونەری سیاسی، واتە کەرەسەیەکی سوودمەندی سیاسەتی دەرەوە، بەکار بهێنێت.
بەردی بناغەی تیۆری ڕیالیستیی مۆرگێنتا، بریتییە لە چەمکی هێز یان «بەرژەوەندییە پێناسەکراوەکان لە چوارچێوەی هێزدا» و ئەوەش دووەمین بنەمای ڕیالیزمی مۆرگێنتا پێک دێنێت: گریمانە ئەوەیە کە ڕێبەرانی سیاسی «بەپێی بەرژەوەندییە پێناسەکراوەکان لە چوارچێوەی هێزدا، بیر دەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن» (5). ئەم چەمکە، سەربەخۆیی سیاسەت یەکلایی دەکاتەوە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ویستەکان و ئەولەوییەتەکان و تایبەتمەندییە فکری و ئەخلاقییەکانی سیاسەتوانان، دەرفەت بۆ شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە دەرەخسێنێت. جگە لەوە، پایە و بنەمای دیمەنێکی لۆژیکییە لە سیاسەت.
گەرچی، بەو جۆرەی مۆرگێنتا لە سێیەمین بنەمادا ڕوونی دەکاتەوە، بەرژەوەندیی پێناسەکراو بەپێی هێز، بابەتێکی جێ متمانەی گشتگیرە و لە ڕاستیدا توخمێکی پێویستە لە سیاسەتدا، بەڵام دەکرێت لە کات و هەلومەرجە جیاوازەکاندا، شتانێکی جیاواز وەکوو بەرژەوەندی یان هێز پێناسە بکرێن. ئەوە ژینگەی سیاسی و کلتوورییە کە ناوەڕۆک و شێوازی بەکارهێنانی دیاری دەکات.
مۆرگێنتا، لە بنەمای چوارەمدا، باس لە پەیوەندیی نێوان ڕیالیزم و ئەخلاق دەکات و دەڵێت، ڕاستە کە ڕیالیستەکان لە گرنگیی ئەخلاقیی کردەی سیاسی ئاگادارن، بەڵام هاوکات لە ناکۆکیی نێوان بابەتە ئەخلاقییەکان و پێداویستییەکانی کردەی سیاسیی سەرکەوتووانەیش ئاگاداران. مۆرگێنتا دەڵێت «ناکرێت پڕەنسیپە ئەخلاقییە جیهانییەکان، وەکوو فۆرمولێکی زەینیی گشتگیر بەسەر ڕەفتاری نێوان دەوڵەتەکاندا داسەپێن، بەڵکوو... پێویستە ئەو پڕەنسیپانە بەپێی هەلومەرجی تایبەت بە شوێن و کات، بپاڵێورێن» (9). پێویستە ئەو پڕەنسیپە ئەخلاقییانە تێکەڵ بە دوورئەندێشی بن، چونکە مۆرگێنتا هۆشداری دەدات کە «بەبێ دوورئەندێشی، واتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامە سیاسییەکانی کردەوەی بە ڕەواڵەت ئەخلاقی، ئەخلاقی سیاسی لە ئارادا نییە» (ibid).
پێویستە دوورئەندێشی، نەک بڕوا بە باڵادەستیی ئەخلاقی و ئایدیۆلۆژیکی، کردە سیاسییەکان ڕێنوێنی بکات. ئەوە لە پێنجەمین بنەمای ڕیالیزمی مۆرگێنتادا جەختی لێ کراوەتەوە، واتە لەو شوێنەی کە مۆرگێنتا هەمدیسان جەخت لەو بۆچوونە دەکاتەوە کە هەموو گەمەکەرە دەوڵەتییەکان، بە خۆیشمانەوە، دەبێ وەکوو بوونەوەرێکی سیاسی سەیر بکرێن کە هەوڵی دابینکردنی ئەو بەرژەوەندییانەی خۆیان دەدەن کە لە چوارچێوەی هێزدا پێناسە کراون. بۆیە، هەر دەوڵەتێک بە گرتنەبەری ئەو ڕوانگەیە سەبارەت بە دەوڵەتەکانی دەوروبەری و خۆبواردن لە بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆژیک، دەتوانێت سیاسەتێک بگرێتە بەر کە ڕێز لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی تر بگرێت و هاوکات بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و پەرەیان پێ بدات.
هەروا کە مۆرگێنتا لە شەشەمین بنەمای ڕیالیزمەکەیدا دەڵێت، تا ئەو شوێنەی هێز یاخود بەرژەوەندییە پێناسەکراوەکان لە چوارچێوەی هێزدا، چەمکی پێناسەکەری سیاسەتە، سیاسەت بوارێکی سەربەخۆییە. ناکرێت سیاسەت لقێک بێت لە ئەخلاق. بەو حاڵەش، هێشتا ئەخلاق لە سیاسەتدا ڕۆڵ دەگێڕێت. بە بڕوای مۆرگێنتا «مرۆڤێک کە تەنیا "مرۆڤی سیاسی" بێت، ئاژەڵێک زیاتر نییە، چونکە بە تەواوەتی بەرییە لە بەربەستە ئەخلاقییەکان. مرۆڤێکیش کە تەنیا "مرۆڤی ئەخلاقی" بێت، ساویلکەیە، چونکە بە تەواوەتی بەتاڵە لە مشوور و دوورئەندێشی» (12). هونەری سیاسی ئەوە دەخوازێت کە ئەو دوو لایەنەی ژیانی مرۆڤ، واتە هێز و ئەخلاق، لەبەرچاو بگیرێن.
سەرەڕای ئەوەی شەش بنەماکەی ڕیالیزمی مۆرگێنتا هەندێ دووپاتبوونەوە و لێکدژییان تێدایە، بەڵام دەتوانین ئەو دیمەنە لەو بنەمایانە وەربگرین: هێز یان بەرژەوەندی چەمکی سەرەکین کە دەبنە هۆی دەرکەوتنی سیاسەت وەکوو بوارێکی زانستیی سەربەخۆ. گەمەکەرە دەوڵەتییە ئاوەزمەندەکان، هەوڵی دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان دەدەن. بۆیە، دەکرێت تیۆرێکی لۆژیکی سەبارەت بە سیاسەتی نێونەتەوەیی چێ بکرێت. ئەو تیۆرە پەیوەندیی بە ئەخلاق، بڕوا ئایینییەکان، ویستەکان یاخود ئەولەوییەتە ئایدیۆلۆژییەکانی ڕابەرانی سیاسییەوە نییە. هەروەها دەری دەخات کە پێویستە دەوڵەتەکان، بە مەبەستی خۆبواردن لە پێکدادانەکان، خۆیان لە شەڕی مەزهەبیی ئەخلاقی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیکی ببوێرن و تەنیا لەسەر بنەمای ڕەزامەندی لە بەرژەوەندییە بەرانبەرەکان، هەوڵی پێکەوەهەڵکردن بدەن.
گەرچی مۆرگێنتا سیاسەت وەکوو بوارێکی سەربەخۆ سەیر دەکات، بەڵام ڕێچکەی ماکیاڤێلی سەبارەت بە سڕینەوەی بەتەواوەتیی ئەخلاق لە سیاسەتدا ناگرێتە بەر. مۆرگێنتا دەڵێت، گەرچی مرۆڤەکان ئاژەڵی سیاسین و هەوڵی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن، بەڵام [هاوکات] ئاژەڵی ئەخلاقییشن. ئەگەر لە هەر جۆرە ئەخلاقێک بەری بوون، تا ئاستی گیانلەبەرەکان یاخود ئاستێکی کەمتر لە مرۆڤەکان دادەبەزین. کەوابوو، کردەی سیاسی تەنانەت ئەگەر بە پڕەنسیپە ئەخلاقییە جیهانییەکان ڕێنوێنی نەکرێت، لە ڕوانگەی مۆرگێنتاوە گرنگییەکی ئەخلاقیی هەیە. دەرئەنجام کردەیەکی سیاسی کە ئامانجی مانەوەی نیشتمانی بێت، هەڵگری دوورئەندێشییە. پاراستنی ڕاستەقینەی ژیانی هاووڵاتییان لە بەرانبەر خەسارەکاندا، تەنیا کردەیەکی جەستەیی بەهێز نییە، بەڵکوو لایەنێکی دوورئەندێشانە و ئەخلاقیی هەیە.
مۆرگێنتا ڕیالیزم بە ڕێگایەک بۆ بیرکردنەوە سەبارەت بە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و کەرەسەیەکی سوودمەند بۆ داڕشتنی سیاسەت دەزانێت. سەرەڕای ئەوە، هەندێ لە چەمکە بنەماییەکانی تیۆرەکەی، بەتایبەت ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت سەرچاوەی شەڕ دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی مرۆڤ و هەروەها خودی چەمکی هێز، کەوتوونەتە بەر ڕەخنە.
لە ڕوانگەی مۆرگێنتاوە، سیاسەتی نێونەتەوەیی، وەکوو هەموو جۆرەکانی تری سیاسەت، بەهۆی تامەزرۆیی بنەڕەتیی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی هێز، جۆرێکە لە ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز. بەڵام لەبەرچاوگرتنی هەر تاکێک وەکوو بوونەوەرێک کە بەردەوام هەوڵی بەدەستهێنانی هێز دەدات (هەمان ڕوانگەی هۆبز) گریمانەیەکی جێگای مشتومڕە. سروشتی مرۆڤ لە ڕێگای بینین و ئەزموونەوە ئاشکرا نابێت و بە هیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەکی ئەزموونی ناسەلمێت، بەڵکوو تەنیا لە ڕێگای فەلسەفەوە پەردەی لێ لا دەدرێت و وەکوو بیروبڕوایەک بەسەرماندا دادەسەپێت و لە ڕێگای پەروەردەوە جێگیر دەبێت.
خودی مۆرگێنتا بە ناساندنی لایەنێکی نۆرماتیڤ لە تیۆرەکەی، واتە ئاوەزمەندی، بڕوا بە پلوپۆی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی هێز دەبووژێنێتەوە. سیاسەتی دەرەکیی ئاوەزمەندانە، وەکوو «سیاسەتی دەرەکیی باش» بە هەژمار دێت (7). بەڵام مۆرگێنتا ئاوەزمەندی وەکوو پرۆسەی لێکدانەوەی تێچوو و قازانجەکانی هەموو سیاسەتە بەدیلەکان، بە مەبەستی دیاریکردنی سوودمەندیی ڕێژەییان، بۆ نموونە توانستیان لە گەیاندنی هێز بۆ ئەوپەڕی خۆی، پێناسە دەکات. «دەسەڵاتداران بەپێی بەرژەوەندییە پێناسەکراوەکان لە چوارچێوەی هێزدا، بیر دەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن» (5). تەنیا لاوازیی فکریی داڕێژەرانی سیاسەت دەتوانێت ببێتە هۆی لادانی سیاسەتی دەرەوە لە ئاراستەی ئاوەزمەندانە بۆ دابەزاندنی مەترسییەکان بۆ کەمترین ئاست و بەرزکردنەوەی قازانجەکان بۆ باڵاترین ئاست. بۆیە مۆرگێنتا زیاتر لە نیشاندانی وێنەیەکی ڕاستەقینە لە کاروباری مرۆڤ، جەختی لەسەر هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هێز و ئاوەزمەندیی ئەو هەوڵە دەکاتەوە و وەکوو باڵاترین نۆرم دەستنیشانی دەکات.
هەروا کە ڕیمۆن ئارۆن و بیرمەندانی تر سەرنجیان داوە، هێز، واتە چەمکە سەرەکییەکەی ڕیالیزمی مۆرگێنتا، دووپاڵوویە. هەم دەکرێت کەرەسەیەک و هەم ئامانجێک بێت لە سیاسەتدا. بەڵام ئەگەر هێز تەنیا کەرەسەیەک بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی تر، ناوەڕۆکی سیاسەتی نێونەتەوەیی پێناسە ناکات، بەو جۆرەی کە مۆرگێنتا بانگەشەی بۆ دەکات. هەروەها ڕێگامان پێ نادات لە ڕەفتاری دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ویست و ئەولەوییەتە ئایدیۆلۆژییەکانی ڕێبەرانی سیاسیی ئەو دەوڵەتانە تێبگەین. ناکرێت وەکوو بنەمایەک بۆ پێناسەکردنی سیاسەت وەکوو بوارێکی سەربەخۆ سەیر بکرێت. کەوابوو، بنەماکانی ڕیالیزمی سیاسیی مۆرگێنتا جێگای مشتومڕن. ئارۆن پرسیار دەکات «ئایا ئەوە ڕاستە کە دەوڵەتەکان، بە چاوپۆشین لە جۆری ڕژێمەکەیان، سیاسەتێکی هاوشێوە دەگرنە بەر» (597) و ئایا سیاسەتی دەرەوەی ناپلیۆن یان ستالین لە بنەڕەتدا هاوشێوەی سیاسەتەکانی هیتلەر، لوویی شازدەهەم یاخود نیکۆلاسی دووەمە و هیچ نییە زیاتر لە ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز؟ «ئەگەر کەسێک وەڵامی ئەرێنی بداتەوە، ئیتر جێگای باسکردن نامێنێتەوە، بەڵام شتێکی ئەوتۆیشی بۆ فێربوون تێدا نییە» (598). بەم پێیە، پێناسەکردنی ڕەفتاری دەوڵەتەکان تەنیا بە گەڕانەوە بۆ هێز، ئاسایش یاخود بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، سوودێکی نییە. ناکرێت سیاسەتی نێونەتەوەیی جیا لە بەستێنە مێژوویی و کلتوورییە بەربڵاوەکەی بخوێنرێتەوە.
گەرچی کاڕ و مۆرگێنتا زیاتر لەسەر پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان چڕ دەبنەوە، بەڵام ڕیالیزمەکەیان دەتوانێت بۆ سیاسەتی ناوخۆییش بەکار بێت. ڕیالیستی کلاسیک بوون بەو واتایە دێت کە سیاسەت وەکوو لێکدژیی بەرژەوەندییەکان و ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە ڕێگای ناسینەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەوڵدان بۆ دابینکردنیان، لەجیاتی بەئەخلاقیکردنیان، سەیر بکرێت. بێرنارد ویلیامز و ڕیمۆند گێئۆس، نوێنەرانی بەرجەستەی ڕیالیزمی سیاسیی نوێ، کە بزووتنەوەیەکە لە ناو تیۆری سیاسیی هاوچەرخدا، ڕەخنەیان لەوەی گرتووە کە بە «ئەخلاقگەرایی سیاسی» وەسفیان کردووە و جەخت لە سەربەخۆیی سیاسەت لە ئەخلاق دەکەنەوە. سەرەڕای ئەوە، ڕیالیزمی تیۆری سیاسی و ڕیالیزمی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان وەکوو دوو پلانی توێژینەوەی جیاواز دێنە بەرچاو. بەو جۆرەی هەندێ لە لێکۆڵەران (ویلیام شۆئێرمەن، ئالیسۆن مەککوین، تێری ماردین و دوکان بێڵ) ئاماژەیان پێ کردووە، ئەو کەسانەی لە تیۆری سیاسیدا کاریگەرییان لەسەر ڕیالیزم داناوە، ئاوڕیان لە بەرهەمەکانی ئەو کەسانەی کە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لەسەر ڕیالیزم کار دەکەن، نەداوەتەوە.
٣. نیۆڕیالیزم
[کتێبی] سیاسەتی نێوان نەتەوەکانی مۆرگێنتا، سەرەڕای لێڵی و خاڵە لاوازەکانی، بووە نامیلکەیەکی پێوەر بۆ بیرکردنەوە دەربارەی سیاسەتی نێونەتەوەیی بۆ نەوەیەک یاخود زیاتر. لە هەمان کاتدا، هەوڵێک بە مەبەستی پەرەپێدان بە ڕوانگەیەکی میتۆدییانەتر [شێوازمەندتر] بۆ داڕشتنی تیۆرێک سەبارەت بە کاروباری نێونەتەوەیی لە ئارادا بوو. لە دەیەکانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا، ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی بوارە زانستییە جیاوازەکان هاتنە ناو زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و هەوڵیان دا چەمک و بەڵگەهێنانەوە زانستییەکان لەجیاتی «وێژەی ئاوەز»ی ڕیالیستە کلاسیکەکان دابنێن (Brown 35). ئەوەش بووە هۆی کاردانەوەی مۆرگێنتا و بیرمەندانی سەر بە بەناو قوتابخانەی ئینگلیزی، بەتایبەت هێدلی بۆڵ، کە بەرگریی لە ڕوانگەی نەریتی دەکرد (Bull 1966).
دەرئەنجام، زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دابەش بوو بەسەر دوو لقی سەرەکیی جیاوازدا: نەریتی یان نائەزموونگەرێتی [ناپۆزەتیڤیست] و زانستییانە یان ئەزموونگەرێتی (نیۆئەزموونگەرێتی). لە قۆناغی دواتردا لقی سێیەم هاتە ئاراوە و پۆست-ئەزموونگەرێتیی پێ زیاد بوو. نەریتییەکان پرسیارە نۆرماتیڤەکان دێننە ئاراوە و خۆیان سەرقاڵی مێژوو، فەلسەفە و یاسا دەکەن. زانستوانان یاخود ئەزموونگەرێتییەکان لەجیاتی توێژینەوەی نۆرماتیڤ جەخت لە شێوازی توێژینەوەی وەسفی و ڕوونکردنەوە دەکەنەوە و بە شێوەیەکی بەهێز لەو بوارەدا چالاک بوون. خێرا، تا ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٦٠، زۆرینەی خوێندکارانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لە ئەمریکا، لە بواری لێکۆڵینەوەی چەندایەتی، تیۆریی گەمە و تەکنیکە نوێیەکانی تری تایبەت بە توێژینەوەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان پەروەردە کران. ئەوە و گۆڕانکارییەکان لە ژینگەی نێونەتەوەییدا، کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دانا.
گریمانەی ڕیالیزم ئەوە بوو کە دەوڵەت سەرەکیترین گەمەکەری سیاسەتی نێونەتەوەییە و پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان چەقی [بابەتی سەرەکیی] پەیوەندییە نێونەتەوەییە ڕاستەقینەکانە. سەرەڕای ئەوە، هاوکات لەگەڵ دامرکانی شەڕی سارد لە دەیەی ١٩٧٠دا، دەکرا شایەت و بینەری گرنگیپێدانی زیاتر بە ڕێکخراوە نێونەتەوەیی و ناحکومییەکان و هەروەها کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان [فرەڕەگەزەکان] بین. ئەو ڕووداوە، بووە هۆی گیانگرتنەوەی بیرکردنەوەی ئایدیالیستی کە بە لیبرالیزمی نوێ یاخود فرەچەشنگەرایی [پلۆرالیزم] ناوبانگی دەرکرد. ڕۆبێرت کیوهێن و جۆزێف نای، دوو بیرمەندی فرەچەشنگەرای بەناوبانگ، هاوکات لەگەڵ دانپێدانان بە هەندێ لە گریمانەکانی ڕیالیزمدا، چەمکی پێکەوەبەستراوەیی تێکەوەپێچراویان بە مەبەستی وەسفکردنی ئەو دیمەنە ئاڵۆزترەی سیاسەتی جیهانی داهێنا. ئەوان دەڵێن، دەکرێ لە پەیوەنییە نێونەتەوەییەکاندا پێشکەوتن بێتە ئاراوە و داهاتوو وەکوو پێویست لە ڕابردوو ناچێت.
١.٣. سیستەمی نێونەتەوەیی کێنێت والتز
وەڵامی ڕیالیستی [بۆ لیبرالیستە نوێیەکان] زیاتر لە لایەن کێنێت والتزەوە دراوە، کە ڕیالیزمی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بە شێوازێکی نوێ و جیاواز داڕشتەوە. والتز لە کتێبەکەیدا لەژێر ناوی تیۆری سیاسەتی نێونەتەوەیی، کە یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ بڵاو بووەوە، وەڵامی تەحەدا لیبرالییەکەی دایەوە و هەوڵی دا بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێدۆزەکەی خۆی کە زانستییانەتر بوو و بە ڕیالیزمی پێکهاتەیی یاخود ڕیالیزمی نوێ ناوبانگی دەرکرد، کەموکووڕییەکانی ڕیالیزمی کلاسیکی هانس مۆرگێنتا چارەسەر بکات. لە کاتێکدا کە مۆرگێنتا ڕیشەی تیۆرەکەی دەبردەوە سەر ململانێ بۆ بەدەستهێنانی هێز و ئەویشی گرێ دەداوە بە سروشتی مرۆڤەوە، والتز هەوڵی دا لە هەر جۆرە باسێکی فەلسەفی سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ خۆی ببوێرێت و لەجیاتی ئەوە، دەستی کرد بە داڕشتنی تیۆرێک هاوشێوەی ئابووریی ورد دەربارەی سیاسەتی نێونەتەوەیی. واڵتز دەڵێت دەوڵەتەکان لە سیستەمی نێونەتەوەییدا، وەکوو کۆمپانیا بازرگانییە ناوخۆییەکان یەک بەرژەوەندییان هەیە کە بریتییە لە مانەوە. لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ژینگەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتەکان یاخود پێکهاتەی سیستەمەکەیان، لەسەر ئەو واقعیەتە دانراوە کە هەندێ لە دەوڵەتەکان لە کورتماوەدا مانەوە بە گرنگترین ئامانجی شیاوی دەستپێڕاگەیشتن دەزانن و بە لێهاتووییەکی ڕێژەییەوە، هەوڵی گەیشتن بەو ئامانجە دەدەن (93).
والتز پێی وایە هەم لیبرالیستە نەریتییەکان و هەم ڕیالیستە کلاسیکەکان، بە گرنگیدان بە دەوڵەتەکان وەکوو تاک و پرسە ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقی و ئابوورییەکان، تووشی هەڵەیەکی هاوبەش دەبن. ئەوان نەیانتوانیوە گێڕانەوەیەکی جددی سەبارەت بە سیستەمی نێونەتەوەیی بێننە ئاراوە، گێڕانەوەیەک کە بتوانێت لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی بەربڵاوتر هەڵبهێنجرێت. والتز پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەو هەڵێنجانە دەست دەباتە ناو واقعیەت و زۆرێک لەو فاکتەرانەی کە بۆ ڕیالیزمی کلاسیک گرنگ بوون، وەلا دەنێت و ڕێگای شیکردنەوەی بەکارهێنانی سیاسەتێکی دەرەکیی تایبەت نادات. بەو حاڵەش، هەڵهێنجانێکی سوودمەندە. بەتایبەت، یارمەتیی تێگەیشتن لە فاکتەرە یەکلاکەرەوە سەرەکییەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی دەدات. هەڵبەت، تیۆرە نیۆڕیالیستییەکی والتز، بۆ سیاسەتی ناوخۆیی بەکار نایەت و یارمەتیی پەرەپێدان بە سیاسەتی دەوڵەتەکان لە کاروباری نێونەتەوەیی یاخود ناوخۆییاندا نادات. تیۆرەکەی تەنیا وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارە کە بۆچی دەوڵەتەکان سەرەڕای فۆرمە جیاوازەکانی حکومەتیان و ئایدیۆلۆژییە سیاسییە جیاوازەکانیان، وەکوو یەک ڕەفتار دەکەن و هەروەها سەرەڕای پەرەسەندنی ڕەوتی پێکەوەبەستراوەیی، بۆچی دوورە کە دیمەنی گشتیی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بگۆڕدرێت.
بە وتەی والتز، ڕەفتاری هاوشێوە و یەکجۆری دەوڵەتەکان بە درێژایی چەندین سەدە، دەتوانێت لە ڕێگای ئەو تەنگوچەڵەمانەی کە سیستەمی نێونەتەوەیی بەسەر ڕەفتاریاندا دەیسەپێنێت، شرۆڤە بکرێت. پێکهاتەی سیستەم لە پلەی یەکەمدا بەپێی ئەو بنەما یاخود تایبەتمەندییە سەرەکییەی کە ئەو سیستەمە ڕێک دەخات، پاشان بەپێی جیاوازیی یەکەکانی ئەو سیستەمە و لە کۆتاییدا بەپێی دابەشبوونی توانا (هێز)ی نێوان یەکەکان پێناسە دەکرێت. بە بڕوای والتز، ئانارشی، بە واتای نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی، بنەمای ڕێکخەری سیستەمی نێونەتەوەییە. یەکەکانی سیستەمی نێونەتەوەیی دەوڵەتەکانن. والتز، دان بە هەبوونی گەمەکەرە نادەوڵەتییەکاندا دەنێت، بەڵام گرنگییەکی ئەوتۆیان پێ نادات. لەبەر ئەوەی کە هەموو دەوڵەتەکان خوازیاری مانەوەن و ئانارشی پێویستی بە سیستەمێکی خۆیارمەتیدەرە کە تیایدا هەر دەوڵەتێک دەبێ خۆی بپارێزێت، هیچ جۆرە دابەشکردنی کار یان جیاوازیی ئەرکی [کارکردی] لە نێوانیاندا نییە. سەرەڕای هاوشێوەیی ئەرکیی دەوڵەتەکان، بەڵام لە ڕووی توانای ڕێژەییان (واتە، ڕێژەی ئەو هێزەی کە هەر یەک لەو دەوڵەتانە هەیانە) بۆ جێبەجێکردنی هەمان ئەرک، لێک جیا دەکرێنەوە.
کەوابوو والتز، بە شێوەیەکی جیاواز لە ڕیالیستە کلاسیکەکان دەڕوانێتە هێز و ڕەفتاری دەوڵەت. لە ڕوانگەی مۆرگێنتاوە، هێز هەم کەرەسە بوو و هەم ئامانج، و ڕەفتاری ئاوەزمەندانەی دەوڵەت بە ئاسانی وەکوو جۆرە کردەیەک کە دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی زیاترین ڕێژەی هێز فام دەکرا. بەپێچەوانەوە، گریمانەی نیۆڕیالیستەکان ئەوەیە کە بەرژەوەندیی بنەڕەتیی هەر دەوڵەتێک بریتییە لە ئاسایش، کەوابوو گرنگی بە [شێوازی] دابەشبوونی هێز دەدەن. هەروەها ئەوەی ڕیالیزمی نوێ لە ڕیالیزمی کلاسیک جیا دەکاتەوە، وردبینیی میتۆدۆلۆژیک و خۆوێناکردنی زانستییانەیە (Guzinni 1998, 127–128). والتز پێداگری لەسەر توانستی تاقیکردنەوەی ئەزموونیی زانست و بەهەڵەخستنەوە [باتڵکردنەوە]، وەکوو جۆری هەره باشی میتۆدۆلۆژی دەکاتەوە، کە بەو جۆرەی خۆیشی دانی پێدا دەنێت، تەنیا بە شێوەیەکی سنووردار دەتوانێت لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەکار بهێنرێت.
دەکرێ دابەشبوونی تواناکان لە نێوان دەوڵەتەکاندا جیاواز بێت، بەڵام ئانارشی، واتە بنەمای ڕێکخەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، بەبێ گۆڕانکاری دەمێنێتەوە. ئەوە کاریگەرییەکی بەردەوام لەسەر ڕەفتاری دەوڵەتەکان دادەنێت کە بە لۆژیکی خۆیارمەتی بار هاتوون. والتز لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ ڕەتکردنەوەی بۆچوونە نیۆلیبرالییەکان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پێکەوەبەستراوەیی، لە وەڵامی ئەوەدا کە بۆچی سیستەمی ئانارشیکی نێونەتەوەیی هاوکاریی سنووردار دەکات، باس لە دوو هۆکار دەکات کە بریتین لە: نەبوونی ئاسایش و دەسکەوتە نابەرابەرەکان. لە بەستێنی ئانارشیکدا، هیچ دەوڵەتێک لە نیەتی دەوڵەتەکانی تر دڵنیا نییە و لەوە دەترسێت کە ڕەنگە دەستکەوتە شیمانەکراوەکانی هاوکاریکردن، زیاتر لە قازانجی ئەوانی تر بن تا لە قازانجی خۆی و ئەوەش ببێتە هۆی بەستراوەیی [وابەستەیی] بەوانی ترەوە. «دەوڵەتەکان بە مەیلی خۆیان خۆیان ناخەنە دۆخێکەوە کە ببێتە هۆی بەستراوەیی زیاتریان. لە سیستەمی خۆیارمەتیدا، تێبینییەکان دەربارەی ئاسایش، دەستکەوتە ئابوورییەکان دەبەستێتەوە بە بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە» (Waltz 1979, 107).
ڕیالیزمی نوێ بەهۆی وردەکاریی تیۆری و وردبینیی میتۆدۆلۆژییەوە، لە زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کاریگەریی بەرچاوی داناوە. لە ڕوانگەی زۆرێک لە لێکۆڵەرانەوە، ڕیالیزمی مۆرگێنتا وەکوو ڕیالیزمێکی ناوەخت ناسراوە (بێ گومان بەشێکی سەرنجڕاکێش و گرنگە لە مێژووی بیرکردنەوە دەربارەی بابەتەکە، بەڵام بەدەگەمن وەکوو بەشدارییەکی جددی لە [داڕشتن]ی تیۆرێکی زانستییانەی وردبینانە سەیر دەکرێت» (Williams 2007, 1). سەرەڕای ئەوە، لە کاتێکدا ڕیالیزمی نوێ سەرەتا زیاتر لە ڕیالیزمی کلاسیک پێشوازیی لێ کرا، بەڵام لە چەندین بەرەیشدا ڕەخنەی توندی بەدوادا هات.
٢.٣. ڕەخنەکان لە ڕیالیزمی نوێ
لە ساڵی ١٩٧٩، والتز نووسی، لە سەردەمی [چەکی] ناوەکیدا، سیستەمی دووجەمسەریی نێونەتەوەیی، لەسەر بنەمای دوو مەزنەهێز (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت) نەک هەر سەقامگیرە بەڵکوو ڕەنگە هەرمان بێت (176–7). ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی دواتری یەکێتیی گەلانی سۆڤیەت، سەلماندیان ئەو پێشبینییە هەڵە بووە. پێ دەچێت جیهانی دووجەمسەری زۆر لەرزۆکتر لەوە بێت کە زۆربەی شرۆڤەکارە ڕیالیستەکان گومانیان دەکرد. کۆتاییەکەی، دەستپێکی دەرکەوتنی دەرفەت و تەحەدا نوێیەکان بوو سەبارەت بە بەجیهانیبوون. ئەوە زۆرێک لە ڕەخنەگرانی هان داوە کە بڵێن، ڕیالیزمی نوێ، وەکوو ڕیالیزمی کلاسیک، ناتوانێت وەکوو پێویست شرۆڤەی گۆڕانکارییە جیهانییەکان بکات.
دیبەیتی نوێی نێوان (نیۆ)ڕیالیستەکان و (نیۆ)لیبرالیستەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، ئیتر پەیوەندیی بە پرسە ئەخلاقییەکان و سروشتی مرۆڤەوە نییە، بەڵکوو سەبارەت بەوەیە کە ڕەفتاری دەوڵەت چەندە لەژێر کاریگەریی پێکهاتەی ئانارشیکی سیستەمی نێونەتەوەیی و چەندە لەژێر کاریگەریی دامەزراوەکان، زانایی [مەعریفە] و فاکتەرەکانی تردایە کە دەبنە هۆی بەدیهاتنی هاوکاری. ڕۆبێرت کیوهێن لە کتێبەکەی خۆی لە ساڵی ١٩٨٩، لەژێر ناوی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و هێزی دەوڵەت، دان دەنێت بە جەختکردنەوەکەی والتز سەبارەت بە تیۆری ئاستی سیستەمی و گریمانە گشتییەکەی سەبارەت بەوەی کە دەوڵەتەکان گەمەکەری خۆخوازن کە ئاوەزمەندانە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەدەن. سەرەڕای ئەوە، کیوهێن بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆری گەمە، نیشانی دەدات کە دەوڵەتەکان دەتوانن لە ڕێگای هاوکاریکردن لە بواری ئابووری و بەشداریکردن لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکاندا، تێگەیشتنی خۆیان لە بەرژەوەندییەکانیان بەربڵاوتر بکەنەوە. بۆیە، مۆدێلەکانی پێکەوەبەستراوەیی دەتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەتی جیهان دابنێن. کیوهێن خوازیاری تیۆریگەلێکی سیستەمییە کە سەبارەت بەو فاکتەرانەی کە لەسەر کارلێکی دەوڵەتەکان کاریگەری دادەنێن و هەروەها بۆ گۆڕانکارییەکان، خوێندنەوەی باشتریان بێت.
هەروەها تیۆرزانە ڕەخنەییەکان و لەوانە ڕۆبێرت کۆکس لەسەر بەناو بێتوانایی ڕیالیزمی نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆرانکارییەکاندا چڕ دەبێتەوە. لە ڕوانگەی ڕەخنەییەکانەوە، نیۆڕیالیستەکان پێکهاتەیەکی دەوڵەت-تەوەری تایبەتی لە ڕووی مێژووییەوە دیاریکراوی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان هەڵدەبژێرن و گریمانەیان ئەوەیە کە ئەو پێکهاتەیە لە جیهاندا بڕواپێکراوە. بە پێچەوانەی ڕیالیستەکان، تیۆرزانە ڕەخنەییەکان لەو بڕوایەدان کە دوای شیکردنەوەی تێکەڵاویی ئایدیاکان، فاکتەرە ماددییەکان و هێزە کۆمەڵایەتییەکان، تێدەگەین کە چۆن ئەو پێکهاتەیە سەری هەڵداوە و چۆن دەکرێت دەرئەنجام بگۆڕدرێت. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕیالیزمی نوێ هەم ئەو ڕەوتە مێژووییە کە تیایدا شوناسەکان و بەرژەوەندییەکان چێ کراون و هەم دەرفەتە میتۆدۆلۆژییە جیاجیاکان پشتگوێ دەخەن. ئەوە، ڕەوایی بە مانەوەی دۆخی هەنووکەیی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دەوڵەتەکان دەدات و میتۆدی زانستییانە بە تاقە ڕێگای کۆکردنەوەی زانیارییەکان دەزانێت. ئەوە دەرخەری کردەیەکی هەڵاوێردراو، واتە تامەزرۆیی بۆ خۆسەپاندن و کۆنتڕۆڵکردنە.
لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان کەڵکەڵەی ڕیالیستەکانە، تیۆرزانە ڕەخنەییەکان گرنگی بە ڕزگاریی کۆمەڵایەتی دەدەن. سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوان تیۆری ڕەخنەیی، پۆست-مۆدێرنیزم و فێمینیزم، بەڵام هەموویان دژی چەمکی سەروەریی دەوڵەتن و کۆمەڵگەگەلێکی سیاسیی نوێ وێنا دەکەن کە لە هەمبەر گرووپە پەراوێزخراو و بێبەشەکاندا کەمتر پاوانخواز بن. تیۆری ڕەخنەیی لە دژی بێبەشکردنی دەوڵەت-تەوەرە و حاشا لەوە دەکات کە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی وڵاتێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەوانەی لە دەرەوەن، لەسەرتر بن. ئەو تیۆرە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە سیاسەتوانان چەندە گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی هاونیشتمانییانی خۆیان دەدەن، ئەوەندەش گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی بیانییەکان بدەن و پێکهاتەگەلێکی سیاسی لە سەرەوەی «قەڵا»ی دەوڵەت-نەتەوە، وێنا دەکەن. پۆست-مۆدێرنیزم، بانگەشەی دەوڵەت سەبارەت بە ناوندێتیی ڕەوای وەفادارییەکانی مرۆڤ و مافی دەوڵەت بۆ داسەپاندنی سنوورە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەخاتە ژێر پرسیار. پشتیوانی لە فرەچەشنیی کلتووری دەکات و جەخت لەسەر بەرژەوەندییەکانی کەمینەکان دەکاتەوە. فێمینیزم دەڵێت، تیۆری ڕیالیستی دەرخەری دەمارگرژییەکی نێرینەیە و [فێمینیزم] لایەنگری لە جێکردنەوەی ژن و بەها و بایەخە بەدیلەکان لە ژیانی گشتیدا دەکات.
لەبەر ئەوەی کە تیۆرە ڕەخنەییەکان و ڕوانگە تیۆرییە بەدیلەکانی تر، دۆخی هەنووکەیی دەبەنە ژێر پرسیار و زانست بەستراوەی هێز دەزانن و جەخت لە سازکردنی [چێکردنی] شوناس و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دەکەنەوە، نەریتی یان نائەزموونگەرێتی [ناپۆزەتیڤیستی] نین. تیۆرە ڕەخنەییەکان هەندێ جار بە «ڕەنگدانەوەییەکان» یاخود «پۆست-ئەزموونگەرێتییەکان» ناو دەبرێن (Weaver 165) و ئەوەش دەرخەری چوونەدەرەوەی ڕادیکاڵانە لە بازنەی تیۆرە نیۆڕیالیستی و نیۆلیبرالییە «ئاوەزمەندانە» یان «ئەزموونگەرێتییانە»کانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانە. کۆنستراکتیڤیستەکان و لەوانە، ئەلیکساندەر وێنت، هەوڵ دەدەن لە لایەکەوە لە ڕێگای دانپێدانان بە سیستەمی دەوڵەت-تەوەری هەنووکەیی و ئانارشی و لە لایەکی ترەوە بە چڕبوونەوە لەسەر سازبوون [چێبوونی] شوناس و بەرژەوەوەندییەکان، پردێک لە نێوان ئەو دوو ڕوانگەیەدا دروست بکەن. وێنت بە پێچەوانەی بۆچوونە نیۆڕیالیستییەکان، دەڵێت، خۆیارمەتی لە ڕووی لۆژیکی یاخود هۆکارێتییەوە لە ئانارشی سەرچاوە ناگرێت. بەڵکوو لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ساز [چێ] دەکرێت. بۆچوونی وێنت سەبارەت بەوەی شوناس و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ساز کراون، بووەتە هۆی ئەوەی تیۆرەکەی بە «کۆنستراکتیڤیزم» بناسرێت. بۆیە، لە ڕوانگەی وێنتەوە، «خۆیارمەتی و سیاسەتی هێز دامەزراوەن و وەکوو پێویست خسڵەتی ئانارشی نین. ئانارشی هەمان ئەو شتەیە کە دەوڵەتەکان لێی تێدەگەن» (Wendt 1987 395). هیچ لۆژیکێکی تاقانەی ئانارشی لە ئارادا نییە بەڵکوو بەستە بەو ڕۆڵانەی کە دەوڵەتەکان بۆ خۆیان و ئەوانی تر پێناسەی دەکەن، چەندین لۆژیکی هەیە. هێز و بەرژەوەندییەکان دەسکردی ئایدیاکان و نۆرمەکانن. وێنت بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕیالیزمی نوێ توانای مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکاریییەکانی سیاسەتی جیهانی نییە، بەڵام کۆنستراکتیڤیزمە نۆرم-تەوەرەکەی ئەو توانایەی هەیە.
ئاکامگیرییەکی هاوشێوە، گەرچی بە شێوازێکی نەریتی، لە تیۆرە نائەزموونگەرێتییەکانی قوتابخانەی ئینگلیسی (ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی) وەرگیراوە کە هەم جەخت لەسەر گوشار و تەنگوچەڵەمەکانی سیستەم و هەم گوشارە نۆرماتیڤەکانی بەردەم ڕەفتاری دەوڵەت دەکاتەوە. ئەو تیۆرزانانە بە گەڕانەوە بۆ ڕوانگەی کلاسیک دەربارەی مرۆڤ وەکوو تاکێک کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵایەتی و ئاوەزمەندە و توانای هاوکاریکردن و پەندوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردووی هەیە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەوڵەتەکان، هاوشێوەی تاکەکان، خاوەن بەرژەوەندیی ڕەوان و «ئەوانی تر» دەتوانن ئەو بەرژەوەندییانە بناسنەوە و ڕێزیان لێ بگرن و هەروەها دەوڵەتەکان دەتوانن لە قازانجە گشتییەکانی جێبەجێکردنی بنەمای کەسلەکەسی [هەڵوێستی بەرانبەر= reciprocity] لە پەیوەندییە دوولایەنەکانیاندا تێبگەن (Jackson and Sørensen 167). کەوابوو، دەوڵەتەکان دەتوانن لە ڕێگای ڕێککەوتننامەکانەوە خۆیان بە دەوڵەتەکانی ترەوە گرێ بدەن و هەندێ بەها و بایەخی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتانی تر بێننە ئاراوە. کەوابوو، پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی بەو جۆرەی کە نیۆڕیالیستەکان بانگەشەی دەکەن، نەگۆڕ نییە. پێکهاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی ئانارشیی هەتاهەتایی هۆبزی نییە کە بەهۆی مەترسیی شەڕ تەشەنەی سەندبێت. سیستەمێکی نێونەتەوەیی ئانارشیک کە لەسەر بنەمای پەیوەندیی هێزتەوەرانەی پەتی لە نێوان گەمەکەرەکان دامەزراوە، دەتوانێت بگۆڕدرێت بۆ کۆمەڵگەیەکی نێونەتەوەیی هاوکاریخوازانە و ئاشتیخوازانە، کە تیایدا ڕەفتاری دەوڵەت بەپێی بەها و بایەخ و نۆرمە هاوبەشەکان بیچم دەگرێت. دەرکەوتەی کردەیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییانەن کە پشتیوانی لە سەروەریی یاسا، بەتایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەکەن.
٤. دەرەنجام: تایبەتمەندیی پەنددەرانە و لەگۆڕانی ڕیالیزم
لێکەوتەیەکی نەخوازراو و جێگای داخی باسەکان سەبارەت بە ڕیالیزمی نوێ ئەوەیە کە ڕیالیزمی نوێ و بەشێکی زۆر لەو ڕەخنانەی لێی دەگیرێن (تا ڕادەیەکی زۆر جگە لە قوتابخانەی ئینگلیزی) بە زمانی زانستییانەی زەینی و فەلسەفی دەربڕدراون. ئەوە وای کردووە کەسانی ئاسایی لە تیۆری سیاسەتی نێونەتەوەیی تێنەگەن و زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دابەش ببێت بۆ چەندین بەشی ناتەبا. لە کاتێکدا کە ڕیالیزمی کلاسیک تیۆرێک بوو کە ئامانجی پشتیوانیکردن لە کردەی دیپلۆماتیک و ڕێنوێنیکردنی ئەو کەسانە بوو کە هەوڵی تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە شیمانەکراوەکانیان دەدا، تیۆرەکانی ئێستا، کە باس لە دیمەن و پرۆژەگەلی گەورەی جیاواز دەکەن، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە گونجاو نین. ڕەنگە ئەوە هۆکاری سەرەکی بێت بۆ ئەوەی کە هەمدیسان تامەزرۆیی بۆ ڕیالیزمی کلاسیک و بەتایبەت بۆچوونەکانی مۆرگێنتا خۆی نیشان داوەتەوە. لە ئێستادا بیرکردنەوەی مۆرگێنتا وردبینانەتر و سەردەمیانەتر لەوەی کە پێشتر ناسرابوو، سەیر دەکرێت، نەک ئەوەی وەکوو فۆرمێکی لەبرەوکەوتووی هزری ڕیالیستیی پێش-زانستییانە سەیر بکرێت کە ڕیالیزمی نوێ جێگای گرتبێتەوە (Williams 2007, 1–9). ئەوە بە ئاسانی لەگەڵ ئەو دیمەنە باوەی ڕیالیزم کە زۆر جار مۆرگێنتای پێوە گرێ دەدرێتەوە، ناخوێنێتەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا، لێکۆڵەران گێڕانەوە باوەکان سەبارەت بە نەریتە تیۆرییە ئاشکراکانی زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانیان بردووەتە ژێر پرسیار. تۆسیدید، ماکیاڤێلی، هۆبز و بیرمەندانی تر وەکوو کەرەسەیەک بە مەبەستی تەحەداکردنی ئەو کەڵکوەرگرتنە باوەی لە میراتەکەیان لەو بوارەدا لە ئارادایە و هەروەها بە مەبەستی لێکدانەوەی ڕەچەڵەکەکان و ئاراستە [فکرییە]کانی تریان هەمدیسان کەوتوونەتە بەر لێکۆڵینەوە. مۆرگێنتا بووەتە بابەتی پرۆسەیەکی هاوشێوەی دووبارە ڕاڤەکردنەوە. هەندێ لە لێکۆڵەران (هارموت بێهر، موریێل کۆزێت، ئەمیلیا هیز و سین مولوی) گرنگیی هزریی مۆرگێنتایان وەکوو سەرچاوەیەک بۆ گۆڕانکاری لە ڕاڤەی پێوەری ڕیالیزمدا، پشتڕاست کردووەتەوە. موریل کوزێت جەخت لەسەر لایەنی ڕەخنەیی ڕیالیزمی مۆرگێنتا دەکاتەوە کە لە بەڵێنەکەیدا بۆ «گوتنی هەقیقەت سەبارەت بە هێز» و «ئاشکراکردنی بانگەشەکانی هێز سەبارەت بە هەقیقەت و ئەخلاق» و مەیلی مۆرگێنتا بۆ دەربڕینی بانگەشە جیاوازەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا دەردەکەوێت (Cozette 10–12). کوزێت دەنووسێت: «پاراستنی ژیانی مرۆڤ و ئازادی لای مۆرگێنتا بایەخی سەرەکییان هەیە و "پێوەرێکی مەزنی ئەخلاق" پێک دێنن کە دەبێ بەردەوام هەڵخڕێنەری توێژینەوە زانستییەکان بێت» (19). ئەمە دەرخەری لخیزی ڕیالیزمە کلاسیکەکەی مۆرگێنتایە و گریمانە نۆرماتیڤەکانی کە لەسەر بنەمای بەرزکردنەوەی بەها و بایەخە ئەخلاقییە جیهانییەکان دانراون، ئاشکرا دەکات. لە کاتێکدا کە مۆرگێنتا گریمانەی لەسەر ئەوە دادەنێت کە دەوڵەتەکان گەمەکەری هێزخوازن، هاوکات دان بەوەدا دەنێت کە ئەگەر سنووری ئەخلاقی و کاریگەریی یاسای نێونەتەوەیی نەبێت، سیاسەتی نێونەتەوەیی زیاتر لەوەی لە واقیعدا دەبینرێت، کوشندە دەبێت (Behr and Heath 333).
شێوازێکی تری بەکارهێنانی تیۆری ڕیالیستیی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ئەوەیە کە لە کتێبەکەی ڕۆبێرت گیلپین لەژێر ناوی شەڕ و گۆرانکاری لە سیاسەتی جیهانیدا، خراوەتە ڕوو. لەجیاتی سەرقاڵبوون بە دیبەیتە تیۆرییە بێ قازانجەکان، ئەگەر ئەو جۆرە بەرهەمانە لە پرۆگرامی خوێندنی زانستی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا گرنگیی زیاتریان پێ درابا، ئەمڕۆکە ئێمە «بۆ گۆڕانکارییە خێراکانی هێز و گۆڕانکارییە ژیۆپۆلیتیکییەکان» ئامادەتر بووین (Wohlforth, 2011 505). ئێمە دەتوانین هۆکارەکانی شەڕە گەورەکان و قۆناغە درێژخایەنەکانی ئاشتی و هەروەها سەرهەڵدان و دامرکانی تەکووزییە نێونەتەوەییەکان شرۆڤە بکەین. شێوازێکی تریش بە بەکارهێنانی داهێنانە زانستییە نوێیەکان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا خراوەتە ڕوو. بەڵگە بۆ ئەو شێوازە، بۆ نموونە، بریتییە لە دوایین بەرهەمی ئەلیکساندر وێنت لەژێر ناوی زەینی کوانتۆمی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان. ڕوانگەیەکی ڕیالیستیی نوێ لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا، دەتوانێت لەسەر بنەمای ڕوانینی ئۆرگانیک و هەمەلایەنەی تیۆری کوانتۆم، بیرۆکەی پەرەسەندنی مرۆڤ و گەشەسەندنی ئاگایی سەبارەت بە ڕۆڵی مرۆڤ لە پرۆسەی پەرەسەندندا بێتە ئاراوە (Korab-Karpowicz 2017).
کەوابوو، ڕیالیزم گەورەترە لە تیۆرێکی چەق و بێئەخلاقانە و ناکرێت تەنیا لە ڕاڤەیەکی ئەزموونگەرێتی سەبارەت بە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کورت بکرێتەوە. ڕیالیزم تیۆرێکی کردەیی و لە گۆراندایە کە بەستراوەی هەلومەرجی مێژوویی و سیاسیی ڕاستەقینەیە و دەرئەنجام بە پێوەرە ئەخلاقییەکانی خۆی و بەو پەیوەندییەی بە بڕیاردانی سیاسیی دوورئەندێشانەوە هەیەتی، داوەری دەکرێت (Morgenthau 1962). هەروەها ڕیالیزم ڕۆڵی پەنددەرانەی سوودمەند دەگێڕێت. ڕیالیزم لە بەرانبەر پێشکەوتنگەرایی، ئەخلاقگەرایی، قانوونگەرایی و ئاراستەکانی تر کە لە واقعیەتی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان و هێز دادەبڕن، هۆشداریمان پێ دەدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕوانگەیە، زیندووکردنەوەی ڕیالیزمی نوێی دەیەی ١٩٧٠، دەتوانێت وەکوو پێداچوونەوەیەکی پێویستیش لە بڕوایەکی ئێجگار گەشبینانە سەبارەت بە هاوکاریی نێونەتەوەیی و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە پێکەوەبەستراوەیی سەرچاوە دەگرن، ڕاڤە بکرێت.
سەرەڕای ئەوە، کاتێک ڕیالیزم دەبێتە هەوڵێکی دەمارگرژانە، ناتوانێت ئەو ئەرکەی لێی چاوەڕوان دەکرێت، جێبەجێ بکات. ڕیالیزم، بە چەقین لە ناو «پارادایمێکی» دەوڵەت-تەوەر و ئێجگار ساکار وەکوو نیۆڕیالیزمدا و بە حاشاکردن لە ئەگەری هەر جۆرە پێشکەوتنێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، دەبێتە ئایدیۆلۆژیایەک. لە جەختکردنەوەکەی لە سیاسەتی هێز و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، دەکرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پەلهاویشتن کەڵکی نابەجێ وەربگیردرێت. بۆیە دەبێت تیۆرگەلێک جێگای بگرنەوە کە خوێندنەوەیەکی باشتریان بۆ دیمەنی گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی سیاسەتی جیهانی هەبێت. پێویستە نۆرمە ئەرێنییەکان بە ئەرکی [کارکردی] تیۆری ڕیالیزم کە تەنیا نەرێنی و پەنددەرە زیاد بکرێن. ئەو نۆرمانە لەو ئاوەزمەندی و دوورئەندێشییە کە لە ڕیالیزمی کلاسیکدا جەختیان لێ کراوەتەوە و هەروەها لە ڕوانگەی فرەلایەنگەرایی، یاسای نێونەتەوەیی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە لە لایەن لیبرالەکان و ئەندامانی قوتابخانەی ئینگلیزییەوە جەختیان لەسەر کراوەتەوە بگرە تا جیهان-نیشتمانگەرایی و هاوجۆشیی جیهانی کە زۆرێک لە نووسەرانی ئێستا لایەنگریی لێ دەکەن، سەرچاوە دەگرن.
:سەرچاوەکان
Aron, Raymond, 1966. Peace and War: A Theory of International Relations, trans. Richard Howard and Annette Baker Fox, Garden City, New York: Doubleday.
Ashley, Richard K., 1986. “The Poverty of Neorealism,” in Neorealism and Its Critics, Robert O. Keohane (ed.), New York: Columbia University Press, 255–300.
–––, 1988. “Untying the Sovereign State: A Double Reading of the Anarchy Problematique,” Millennium, 17: 227–262.
Ashworth, Lucian M., 2002. “Did the Realist-Idealist Debate Really Happen? A Revisionist History of International Relations,” International Relations, 16(1): 33–51.
Brown, Chris, 2001. Understanding International Relations, 2nd edition, New York: Palgrave.
Behr, Hartmut, 2010. A History of International Political Theory: Ontologies of the International, Houndmills: Palgrave Macmillan.
Behr, Hartmut and Amelia Heath, 2009. “Misreading in IR Theory and Ideology Critique: Morgenthau, Waltz, and Neo-Realism,” Review of International Studies, 35(2): 327–349.
Beitz, Charles, 1997. Political Theory and International Relations, Princeton: Princeton University Press.
Bell, Duncan (ed.), 2008. Political Thought in International Relations: Variations on a Realist Theme, Oxford: Oxford University Press.
–––, 2017. “Political Realism and International Relations,” Philosophy Compass, 12(2): e12403.
Booth, Ken and Steve Smith (eds.), 1995. International Relations Theory Today, Cambridge: Polity.
Boucher, David, 1998. Theories of International Relations: From Thucydides to the Present, Oxford: Oxford University Press.
Bull, Hedley, 1962. “International Theory: The Case for Traditional Approach,” World Politics, 18(3): 361–377.
–––, 1977. The Anarchical Society: A Study of Order in World Politics, Oxford: Clarendon Press.
–––, 1995. “The Theory of International Politics 1919–1969,” in International Theory: Critical Investigations, J. Den Derian (ed.), London: MacMillan, 181–211.
Butterfield, Herbert and Martin Wight (eds.), 1966. Diplomatic Investigations: Essays in the Theory of International Politics, Cambridge, MA: Harvard University Press.
Carr, E. H., 2001. The Twenty Years’ Crisis, 1919–1939: An Introduction to Study International Relations, New York: Palgrave.
Cawkwell, George, 1997. Thucydides and the Peloponnesian War, London: Routledge.
Cox, Robert W., 1986. “Social Forces, States and World Orders: Beyond International Relations Theory,” in Neorealism and Its Critics, Robert O. Keohane (ed.), New York: Columbia University Press, 204–254.
Cozette, Muriel, 2008. “Reclaiming the Critical Dimension of Realism: Hans J. Morgenthau and the Ethics of Scholarship,” Review of International Studies, 34(1): 5–27.
Der Derian, James (ed.), 1995. International Theory: Critical Investigations, London: Macmillan.
Donnelly, Jack, 2000. Realism and International Relations, Cambridge: Cambridge University Press.
Doyle, Michael W., 1997. Ways of War and Peace: Realism, Liberalism, and Socialism, New York: Norton.
Galston, William A., 2010. “Realism in Political Theory,” European Journal of Political Theory, 9(4): 385–411.
Geuss, Raymond, 2008. Philosophy and Real Politics, Princeton: Princeton University Press.
Gustafson, Lowell S. (ed.), 2000. Thucydides’ Theory of International Relations, Baton Rouge: Louisiana State University Press.
Guzzini, Stefano, 1998. Realism in International Relations and International Political Economy: The Continuing Story of a Death Foretold, London: Routledge.
Harbour, Frances V., 1999. Thinking About International Ethics, Boulder: Westview.
Herz, Thomas, 1951, Political Realism and Political Idealism: A Study of Theories and Realities, Chicago: University of Chicago Press.
Hobbes, Thomas, 1994 (1660), Leviathan, Edwin Curley (ed.), Indianapolis: Hackett.
Hoffman, Stanley, 1981. Duties Beyond Borders: On the Limits and Possibilities of Ethical International Politics, Syracuse: Syracuse University Press.
Jackson, Robert and Georg Sørensen, 2003. Introduction to International Relations: Theories and Approaches, Oxford: Oxford University Press.
Kennan, George F., 1951. Realities of American Foreign Policy, Princeton: Princeton University Press.
Keohane, Robert O. and Joseph Nye, 1977. Power and Independence: World Politics in Transition, Boston: Houghton Miffin.
––– (ed.), 1986. Neorealism and Its Critics, New York: Columbia University Press.
–––, 1989. International Institutions and State Power: Essays in International Relations Theory, Boulder: Westview.
Korab-Karpowicz, W. Julian, 2006. “How International Relations Theorists Can Benefit by Reading Thucydides,” The Monist, 89(2): 231–43.
–––, 2012. On History of Political Philosophy: Great Political Thinkers from Thucydides to Locke, New York: Routledge.
–––, 2017. Tractatus Politico-Philosophicus: New Directions for the Development of Humankind, New York: Routledge.
Lebow, Richard Ned, 2003. The Tragic Vision of Politics: Ethics, Interests and Orders, Cambridge: Cambridge University Press.
Linklater, Andrew, 1990. Beyond Realism and Marxism: Critical Theory and International Relations, Basingstoke: Macmillan.
Machiavelli, Niccolò, 1531. The Discourses, 2 vols., trans. Leslie J. Walker, London: Routledge, 1975.
–––, 1515. The Prince, trans. Harvey C. Mansfield, Jr., Chicago: Chicago University Press, 1985.
Mansfield, Harvey C. Jr., 1979. Machiavelli’s New Modes and Orders: A Study of the Discourses on Livy, Ithaca: Cornell University Press.
–––, 1996. Machiavelli’s Virtue, Chicago: University of Chicago Press.
Maxwell, Mary, 1990. Morality among Nations: An Evolutionary View, Albany: State University of New York Press.
Mearsheimer, John J., 1990. “Back to the Future: Instability in Europe After the Cold War,” International Security, 19: 5–49.
–––, 2001. The Tragedy of Great Power Politics, New York: Norton.
Meinecke, Friedrich, 1998. Machiavellism: The Doctrine of Raison d’État in Modern History, trans. Douglas Scott. New Brunswick, NJ: Transaction Publishers.
Molloy, Seán, 2003. “Realism: a problematic paradigm,” Security Dialogue, 34(1): 71–85.
–––, 2006. The Hidden History of Realism. A Genealogy of Power Politics, Houndmills: Palgrave Macmillan.
Morgenthau, Hans J., 1946. Scientific Man Versus Power Politics, Chicago: University of Chicago Press.
–––, 1951. In Defense of the National Interest: A Critical Examination of American Foreign Policy, New York: Alfred A. Knopf.
–––, 1954. Politics among Nations: The Struggle for Power and Peace, 2nd ed., New York: Alfred A. Knopf.
–––, 1962. “The Intellectual and Political Functions of a Theory of International Relations,” in Politics in the 20th Century, Vol. I, “The Decline of Democratic Politics,” Chicago: The University of Chicago Press.
–––, 1970. Truth and Power: Essays of a Decade, 1960–1970, New York: Praeger.
Nardin, Terry and David R. Mapel, 1992. Traditions in International Ethics, Cambridge: Cambridge University Press.
Nardin, Terry, forthcoming. “The New Realism and the Old,” Critical Review of International Social and Political Philosophy, first online 01 March 2017; doi:10.1080/13698230.2017.1293348
Niebuhr, Reinhold, 1932. Moral Man and Immoral Society: A Study of Ethics and Politics, New York: Charles Scriber’s Sons.
–––, 1944. The Children of Light and the Children of Darkness: A Vindication of Democracy and a Critique of Its Traditional Defense, New York: Charles Scribner & Sons.
Pocock, J. G. A., 1975. The Machiavellian Movement: Florentine Political Thought and the Atlantic Political Tradition, Princeton: Princeton University Press.
Rosenau, James N. and Marry Durfee, 1995. Thinking Theory Thoroughly: Coherent Approaches to an Incoherent World, Boulder: Westview.
Russell, Greg, 1990. Hans J. Morgenthau and the Ethics of American Statecraft, Baton Rouge: Louisiana State University Press.
Sleat, Matt, 2010. “Bernard Williams and the possibility of a realist political theory,” European Journal of Political Philosophy, 9(4): 485–503.
–––, 2013. Liberal Realism: A Realist Theory of Liberal Politics, Manchester: Manchester University Press.
Smith, Steve, Ken Booth, and Marysia Zalewski (eds.), 1996. International Theory: Positivism and Beyond, Cambridge: Cambridge University Press.
Scheuerman, William, 2011. The Realist Case for Global Reform, Cambridge: Polity.
Thompson, Kenneth W., 1980. Masters of International Thought, Baton Rouge: Louisiana State University Press.
–––, 1985. Moralism and Morality in Politics and Diplomacy, Lanham, MD: University Press of America.
Thucydides. History of the Peloponnesian War, trans. Rex Warner, Harmondsworth: Penguin Books, 1972.
–––. On Justice, Power, and Human Nature: The Essence of Thucydides’ History of the Peloponnesian War, Paul Woodruff (ed. and trans.), Indianapolis: Hackett, 1993.
Vasquez, John A., 1998. The Power of Power Politics: From Classical Realism to Neotraditionalism, Cambridge: Cambridge University Press.
Waltz, Kenneth, 1979. Theory of International Politics, Boston, MA: McGraw-Hill.
Walzer, Michael, 1977. Just and Unjust Wars: A Moral Argument with Historical Illustrations, New York: Basic Books.
Wendt, Alexander, 1987. “Anarchy is What States Make of It: The Social Construction of Power Politics,” International Organization, 46: 391–425.
–––, 1999. Social Theory of International Politics, Cambridge: Cambridge University Press.
Weaver, Ole, 1996. “The Rise and the Fall of the Inter-Paradigm Debate,” in International Theory: Positivism and Beyond, Steven Smith, Ken Booth, and Marysia Zalewski (eds.), Cambridge: Cambridge University Press, 149–185.
Wight, Martin, 1991. International Theory: Three Traditions, Leicester: University of Leicester Press.
Williams, Bernard, 1985. Ethics and the Limit of Philosophy, Cambridge: Cambridge University Press.
–––, 2005. “Realism and Moralism in Political Theory,” in In the Beginning was the Deed: Realism and Moralism in Political Argument, ed. G. Hawthorn, Princeton: Princeton University Press, 1–17.
Williams, Mary Frances, 1998. Ethics in Thucydides: The Ancient Simplicity, Lanham, MD: University Press of America.
Williams, Michael C., 2005. The Realist Tradition and the Limit of International Relations, Cambridge: Cambridge University Press.
–––, 2007. Realism Reconsidered: The Legacy of Hans Morgenthau in International Relations, Oxford: Oxford University Press.
Wohlforth, William C., 2008. “Realism,” The Oxford Handbook of International Relations, Christian Reus-Smit and Duncan Snidal (eds.), Oxford: Oxford University Press.
–––, 2011. “Gilpinian Realism and International Relations,” International Relations, 25(4): 499–511.
ئامێرە ئەکادیمییەکان
sep man icon How to cite this entry.
sep man icon Preview the PDF version of this entry at the Friends of the SEP Society.
inpho icon Look up topics and thinkers related to this entry at the Internet Philosophy Ontology Project (InPhO).
phil papers icon Enhanced bibliography for this entry at PhilPapers, with links to its database.
سەرچاوە ئینتەرنێتییەکانی تر
Political Realism, entry the Internet Encyclopedia of Philosophy.
Political Realism, entry in Wikipedia.
Melian Dialogue, by Thucydides.
The Prince, by Machiavelli.
The Twenty Years’ Crisis (Chapter 4: The Harmony of Interests), by E.H. Carr.
Principles of Realism, by H. Morgenthau.
Peace and War, by Raymond Aron.
Globalization and Governance, by Kenneth Waltz.
بابەتە پەیوەندیدارەکان
خۆخوازی، ئەخلاق: نەریتی یاسای سروشتی، تیۆری گەمە، هۆبز، یوماس: فەلسەفەی ئەخلاقی و سیاسی، دادپەروەری: دابەشبوونی نێونەتەوەیی، لیبرالیزم، ماکیاڤێلی، نیکۆلۆ، سەروەری.