بەجیهانیبوون
یەکەم وەشانی وتارە ماکەکە لە 21ی حوزەیرانی 2002دا بڵاو کراوەتەوە و لە 9ی کانوونی دووەمی 2023دا پێداچوونەوەی بنەڕەتیی بۆ کراوە.
زاراوەی «بەجیهانیبوون» که پانتاییەکی بەرین لە ڕەوتگەلی جیاوازی سیاسی، ئابووری و کولتووری دەگرێتەوە، هێشتاش لە مشتومڕ و بەرهەڤدانی سیاسی و ئەکادیمیی هاوچەرخدا دەورێکی گرنگ و هەستیاری هەیە. بەجیهانیبوون لە گوتاری باوی هاوچەرخدا زۆربەی کات تەنیا وەک هاوواتایەک بۆ یەک یا چەند دیاردەی خوارەوە بە کار دەهێنرێت: شۆپاندن و درێژەدانی سیاسەتە لیبراڵییە کلاسیکییەکان (یان «بازاڕی ئازاد») لە ئابووریی جیهاندا («بەلیبراڵیکردنی ئابووری»)، زاڵێتیی ڕوولەگەشەی فۆرمە ڕۆژاواییەکانی (یا تەنانەت ئەمریکییەکانی) ژیانی سیاسی، ئابووری و کولتووری («بەڕۆژاواییکردن» یان «بەئەمریکیکردن»)، نەزمێکی سیاسیی جیهانی کە لەسەر بنەمای هزر و باوەڕە لیبراڵییەکانی یاسای نێودەوڵەتی بونیات نراوە («نەزمی لیبراڵیی جیهانی»)، تۆڕێکی نگریس و پڕمەترسیی حوکمڕانیی لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە لایەن نوخبە جیهانییەکانەوە («گڵۆبالیزم» یاخود «تەکنۆکراسیی جیهانی»)، پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای زانیاریی نوێ («شۆڕشی ئینتەرنێت»)، و هەروەها ئەو ئایدیایە کە مرۆڤایەتی لە لێوارەکانی بەدیهێنانی تاکە کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوودا وەستاوە کە تێیدا سەرچاوە سەرەکییەکانی ململانێ و ناکۆکیی کۆمەڵایەتی لەناو چوون («یەکخستنی جیهانی»). بەجیهانیبوون دیاردەیەکی لەڕووی سیاسی جێی موناقەشە و مشتومڕە کە ناکۆکی و ململانێیەکی بەرچاو لەبارەیەوە لە ئارادایە، لەم سۆنگەیەوە کە گەلێک بزاڤ و سەرکردەی ناسیۆنالیست و پۆپۆلیست لە سەرانسەری جیهاندا (لەوانە ڕەجەب ئەردۆغانی تورکیا، ڤیکتۆر ئۆربانی هەنگاریا و دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا) لە بەرانبەر ئەوەی ئەوان بە تایبەتمەندیی دزێوی بەجیهانیبوون دەیبینن دەوەستنەوە و گەرەکیانە پاشەکشەی پێ بکەن.
بەدڵخۆشییەوە، بیردۆزی کۆمەڵایەتیی ئەم دواییانە چەمکێکی زۆر ڕێک و دروستتری بەجیهانیبوونی لەوەی بەگشتی لە لایەن سیاسەتڤانان و پسپۆڕان پێشنیار کراوە فۆرموڵە کردووە. گەرچی هێشتاکەیش جیاوازیگەلی چڕ بەشدارانی ئەو بەرهەڤدانانەی کە سەبارەت بە زاراوەکە لە ئارادان لێک جیا دەکاتەوە، زۆربەی تیۆریستە کۆمەڵایەتییەکانی هاوچەرخ دان بەو ڕوانگەدا دەنێن کە بەجیهانیبوون ئاماژەیەکە بە گۆڕانکاریگەلی بنەڕەتی لە بیچم و ڕەوشی شوێنی و زەمەنیی هەبوونی کۆمەڵایەتی کە بە گوێرەی ئەو، گرنگیی شوێن یان مەڵبەند لە ئاست خێرایی بەرچاو لە پێکهاتەی کاتیی فۆرمە گەوهەرییەکانی چالاکیی مرۆیی تووشی گۆڕانکاری دێت. مەودای جوگرافی بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتدا دەپێورێت. کاتێک کاتی پێویست بۆ گرێدانی خاڵە جوگرافییە جیاوازەکان کەم دەبێتەوە، مەودا یا واڵایی تووشی پەستان یان «لەناوچوون» دێت. ئەزموونی مرۆڤ لە واڵایی گرێدراوییەکی نزیکی لەگەڵ پێکهاتەی کاتیی ئەو چالاکییانە هەیە کە لە ڕێگەیانەوە ئێمە واڵایی ئەزموون دەکەین. گۆڕانکارییەکان لە کاتبەندیی چالاکیی مرۆیی بەناچار ئەزموونگەلی گۆڕدراو لە واڵایی و مەڵبەند بەرهەم دەهێنێت. تیۆریستەکانی بەجیهانیبوون لەمەڕ ژێدەرە ڕاستەقینەکانی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە لە بیچمی شوێنی و زەمەنیی ژیانی مرۆڤدا ئارای جیاوازیان هەیە. سەرەڕای ئەمەش، ئەوان بەگشتی هاوڕان کە گۆڕانکارییەکان لە ئەزموونەکانی مرۆڤایەتی لە واڵایی و کات کار لەسەر بنکۆڵ و لاوازکردنی گرنگیی سنوورە ناوچەیی و تەنانەت دەوڵەتییەکان لە گەلێک کایە و پانتایی هەوڵی مرۆڤ دەکەن. بەو پێیەی بەجیهانیبوون لێکەوتەی بەرینی بۆ نزیکەی گشت ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤ هەیە، ئەمە بێ ئەملا و ئەولا دەرخەری پێویستیی پیاچوونەوە و سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە پرسیارە سەرەکییەکانی بیردۆزی سیاسیی نۆرماتیڤە.
- ١. بەجیهانیبوون لە مێژووی ئایدیاکاندا
- 2. بەجیهانیبوون لە بیردۆزی کۆمەڵناسیی هاوچەرخدا
- ٣. ئاڵنگارییە نۆرماتیڤەکانی بەجیهانیبوون
- ژێدەرەکان
- ژێدەرەکانی تری سەر تۆڕی ئینتەرنێت
- چەمکە پەیوەندیدارەکان
١. بەجیهانیبوون لە مێژووی ئایدیاکاندا
زاراوەی بەجیهانیبوون تەنێ لە سێ دەیەی ڕابردوودایە کە باو بووە، و شرۆڤەکارە ئەکادیمییەکان کە ئەم زاراوەیان لەم کۆتاییانەدا لە حەفتاکانی سەدەی پێشوو بەکار هێنا، بەدروستی بە نوێگەریی وەها کارێکیان زانی (Modelski 1972). بەڵام لانیکەم لە دوای سەرهەڵدانی کاپیتالیزمی پیشەسازییەوە، گوتاری ڕووناکبیری پڕ لە ئاماژە بەو دیاردانە بووە کە بە شێوەیەکی بەرچاو هاوشێوەی ئەو دیاردانەن کە سەرنجی تیۆریستەکانی ئەم دواییەی بەجیهانیبوونیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە. فەلسەفە، ئەدەبیات و شرۆڤەی کۆمەڵایەتیی سەدەی نۆزدە و بیست ئاماژەیەکی زۆر بە هۆشیارییەکی ساوا و هاوکات بە بەربڵاوی هاوبەش دەگرێتە خۆی کە بە سەرهەڵدانی فۆرمەکانی گواستنەوەی خێرا (وەک شەمەندەفەر و گەشتی هەوایی) و گەیاندن (تەلەگراف و تەلەفۆن)، ئەزموونەکانی مەودا و واڵایی بەناچار گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، کە بە ڕادەیەکی بەرچاو ئیمکان و ئەگەری کارلێکی مرۆیی لە پانتایی دابەشبوون و کەلێنە جوگرافی و سیاسییەکانی ئێستادا بەرز دەکاتەوە (Harvey 1989; Kern 1983). زۆر پێش هێنانە ئارای زاراوەی بەجیهانیبوون بۆ ناو باس و تاوتوێ گشتی و زانستییەکانی ئەم دواییە، دەرکەوتنی فۆرمگەلی نوێ و خێرای چالاکیی کۆمەڵایەتی شرۆڤەیەکی بەرفراوانی سەبارەت بە پەستانی واڵایی دروست کرد.
ڕۆژنامەنووسێکی ئینگلیزی لە ساڵی 1839دا لە نووسراوەیەکدا بە سەرنجدان لەسەر کاریگەرییەکانی گەشت بە شەمەندەفەر، بە نیگەرانییەوە گریمانەی ئەوە دەکات کە کاتێک کە مەودا «لەناو دەچێت، ڕووبەری وڵاتەکەمان وەک بڵێی قەبارەکەی بچووک دەبێتەوە، تا ئەوەی کە وای لێ دێت کە چی وا لە شارێکی گەورە مەزنتر نابێت» (Harvey 1996, 242). چەند ساڵێک دواتر، هاینریش هاینە، شاعیری کۆچبەری ئەڵمانی-جوولەکە، هەمان ئەو ئەزموونەی وێنا کردەوە و نووسی: «واڵایی بە دەستی هێڵی ئاسنی دەکوژرێت. هەست دەکەم چیاکان و دارستانەکانی هەموو وڵاتان بەرەو پاریس پێشڕەوی دەکەن. تەنانەت ئێستا بۆنی دار لیندەنەکانی ئەڵمانیا دەکەم؛ شەپۆلەکانی دەریای باکوور خۆ بە دەرگای ماڵی مندا دەدەن» (Schivelbusch 1978, 34). گەنجێکی کۆچبەری ئەڵمانیی تر کە تیۆریستێکی سۆسیالیست بوو، واتە کارل مارکس، لە ساڵی 1848دا یەکەم شیکاریی تیۆریی بۆ هەستی پەستانی سەرزەمینی داڕشت کە سەرنجی هاوچەرخەکانی ڕاکێشا. لە لێکدانەوەی مارکسدا، پێویستیی بەرهەمهێنانی کاپیتالیستی بەناچار چینی بۆرژواز هان دەدات کە «لە هەموو شوێنێک بحاوێتەوە، لە هەموو شوێنێک نیشتەجێ ببێت و لە هەموو شوێنێک پەیوەندی چێ بکات.» هێزی زەبەلاح و وێرانکەری کاپیتالیزمی پیشەسازی بنەڕەتیترین سەرچاوەی تەکنۆلۆژیاکانی پێک دەهێنا کە ئەنجامەکەی لەناوچوونی واڵایی بوو. ئەمە خۆی پاڵنەر و ڕێخۆشکەری «تێکەڵاوبوون بە هەموو ئاراستەیەکدا و پێکەوە گرێدراویی جیهانیی نەتەوەکان» بوو، ڕێک پێچەوانەی ئەو ناوچەگەرییە بیرتەسکەی کە بۆ هەزاران ساڵی نەگێڕدراوە، مرۆڤایەتی تووش و گیرۆدە کردبوو (Marx 1848, 476). مارکس لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە تەکنۆلۆژیا نوێیەکان، سەرەڕای دیوە نگریس و خراپەکەیان کە وەک ئامرازی چەوساندنەوەی کاپیتالیستین، لەو ڕووەوە کە ئیمکان و ئەگەرەکانی کارلێکی مرۆیی لە سەرووی سنوورەکانەوە زۆر دەکەن، لە کۆتاییدا نوێنەرایەتیی هێزێکی پێشکەوتنخوازانە لە مێژوودا دەکەن. ئەو تەکنۆلۆژیایانە ژێرخانی پێویست بۆ شارستانیەتێکی داهاتووی سۆسیالیستیی جیهانداگر دابین دەکەن. هاوکات لە ئێستادا وەک ئامرازگەلی ڕێکخراوەیی پێویست بۆ چینێکی کرێکار دەور دەبینن کە بەرەو ئەنجامدانی شۆڕشێک ڕێی گرتووەتە بەر کە ئەو شۆڕشە هەر بە ڕادەی ئەو سیستەمە چەوساندنەوە و داپلۆسینە کاپیتالیستییەی هیوای هەڵوەشاندنەوەی دەخوازن، لە هەمبەر دابەشکارییە سەرزەمینییە کۆنەباو و تەقلیدییەکان کەمتەرخەمە و گوێی پێ نادات.
ئەوە تەنیا ڕووناکبیرانی ئەورووپی نەبوون کە سەرسامی ئەزموونی پەستانی سەرزەمینی بوون، هەروەک لەو ڕۆڵە سەرەکییەدا دەر دەکەوێت کە هەمان مژار لە هزری ئەمریکیی سەرەتای سەدەی بیستدا بینیویەتی. لە ساڵی 1904دا، کەسایەتیی ئەدەبی، هێنری ئادامز بوونی «یاسای بەلەز و خێراکردن»ی وەک بابەتی بنەڕەتی بۆ کارکردەکانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی دیاری کرد، بەو مەبەستە کە لە ڕێگەی ئەو یاسایەوە دەتوانین لە بیچم و ڕەوشی شوێنی و زەمەنی کە بە خێرایی لە گۆڕیندان تێبگەین. تەنیا کاتێک دەتوانین لە کۆمەڵگەی مۆدێرن بەدروستی تێبگەین کە خێرایی بەڕواڵەت لە کۆنترۆڵ نەهاتووی پرۆسە تەکنۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکان شوێنێکی سەرەکییان لە شیکاریی کۆمەڵایەتی و مێژووییدا پێ بدرێت (Adams 1931 [1904]). جۆن دیویی لە ساڵی 1927دا ئاماژەی بەوە دا کە ڕەوتە ئابووری و تەکنۆلۆژییەکانی ئەم دواییە دەرخەری سەرهەڵدانی «جیهانێکی نوێ»ن کە بە ڕادەی کرانەوەی ئەمریکا بەڕووی گەڕان و دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئەورووپییەکان لە ساڵی 1492دا گرنگ و شایەنی سەرنجە. لای دیویی، داهێنانی هەڵم، کارەبا و تەلەفۆن فۆرمەکانی تا ڕادەیەک سەقامگیر و یەکدەستی ژیانی بەکۆمەڵی خۆجێیی، کە دەمێک بوو نوێنگە و پیشاندەری شانۆی سەرەکیی زۆربەی چالاکییەکانی مرۆڤ بوون، بەرەوڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی تۆقێنەر و گەورە کردەوە. چالاکیی ئابووری تا دەهات سنوور و چوارچێوەکانی کۆمەڵە خۆجێییەکانی تا ئاستێک دەتەقاندەوە و لەناوی دەبردن کە دەبووە هۆی سەرسووڕمانی پێشینیانی مێژوویی ئێمە، نموونەیەک ئەو کاتە بوو کە پاپۆڕی هەڵمی، ڕێگای شەمەندەفەر، ئۆتۆمبێل و گەشتی هەوایی بە ڕادەیەکی بەرچاو ئاستی جووڵە جوگرافییەکانی چڕتر و بەرز کردەوە.
سەرەڕای ئەمەش، دیویی بە پێشنیارکردنی ئەوەی کە پەستانی واڵایی پرسیاری بنەڕەتی بۆ دیموکراسی دروست دەکات، لە باسەکانی پێشووی گۆڕانی بیچم و ڕەوشی شوێنی و زەمەنیی چالاکیی مرۆڤ سەرووتر ڕۆیشت. دیویی تێبینیی ئەوەی کرد کە کۆمەڵە سیاسییە بچووکەکان (بۆ نموونە شارۆچکەی نیوئینگلاند) کە شوێنێکی گرنگ بۆ مومارەسەی بەشداریکردنی کاریگەری دیموکراتین، تەنانەت زۆرتر لە جاران، لە چاو پرسگرێکە گەورەکانی جیهانێکی پێکەوە بەستراوەوە لاوەکی و پەراوێز دەهاتنە بەرچاو. تۆڕە چڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوپەڕسنووری، فۆرمە خۆجێییەکانی خۆبەڕێوەبەرییان نەزۆک و بێکاریگەر کرد. ئەو پرسیارە لای دیویی ساز بوو کە «دەشێ بپرسین چلۆن دەکرێت جەماوەرێک ڕێک بخرێت لە کاتێکدا لە ڕاستیدا لە شوێنی خۆی جێگیر نامێنێتەوە؟» (Dewey 1927, 140). تا ئەو ڕادەیە کە هاووڵاتیبوونی دیموکراتی لە کەمترین ئاستی خۆیدا پێشگریمانەی ئەگەری جووڵە و کردە بە هاوکۆکی لەگەڵ خەڵکانی تری هەیە، چلۆن دەکرێت هاووڵاتیبوون لە جیهانێکی کۆمەڵایەتیدا بپارێزێت کە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئیمکانە سەرسووڕهێنەرترەکان بۆ جووڵان و ڕاگواستن؟ تەکنۆلۆژیا نوێیە خێراکان تایبەتمەندیی بگۆڕی و ناجێگیرییان بە ژیانی کۆمەڵایەتی دا، هەر وەک لە خێرابوونی گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە زۆربەی بوارەکانی چالاکیدا (ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر ئابووری) دەر دەکەوت کە ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەریی ئەو تەکنۆلۆژیایانەدا بوو، و هەروەها لە بگۆڕی و نابەردەوامی و ناجێگیریی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەوێدا. بەڵام ئەگەر هاووڵاتێتی پێویستی بە بڕێک بەردەوامی و سەقامگیریی ژیانی کۆمەڵاتییە، ئاخۆ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە لە دۆخی شوێنی و زەمەنیی چالاکیی مرۆڤ بە باری خراپدا بۆ بەشداریی سیاسی نەدەشکایەوە؟ لە کاتێکدا «خولیا و تامەزرۆیی لەڕادەبەدەری کۆمەڵگەی هاوچەرخ بۆ جووڵە و خێرایی» تەنانەت پێک ئاشنابوونی هاووڵاتییانی ئەستەم کردووە، چ جای دەستنیشانکردنی ئەو شتانەی کە هۆگری و سەرنجی هاوبەشیان بۆ هەیە، چلۆن هاووڵاتییان دەتوانن لە دەوری یەک کۆ ببنەوە و بە هاوکۆکی بجووڵێنەوە و هەنگاو بنێن؟ (Dewey 1927, 140).
پەرەسەندنی بێ وەستانی تەکنۆلۆژیا خێراکان لەوانەیە سەرچاوەی سەرەکیی ئەو ئاماژە زۆرانە بۆ لەناوچوونی مەودا و دووری بێت کە لە بەستێنی هزری و ئەقڵانی لە ساڵی 1950 بەملاوە دەبیندرێت. مارشاڵ مەکلوهان، ڕەخنەگری کولتووریی کانادایی، تەوەری «گوندێکی جیهانی»ی بنیاتنراو لەسەر بنەمای تەکنۆلۆژیا کە بەهۆی «خێرایی کۆمەڵایەتی لە هەموو ئاستەکانی ڕێکخستنی مرۆییدا» پێک هاتووە، دەکاتە ناوەندی شیکارییەکی پڕ دڵەڕاوکێی تەکنۆلۆژیا نوێیەکانی میدیا لە ساڵانی دەیەی شەستدا (McLuhan 1964, 103). پاوڵ ڤیریلیۆ، ڕەخنەگری کۆمەڵایەتیی فەڕەنسی، کاتێک لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەو باوەڕەدا بوو کە گۆڕانکارییەکانی ئەو دواییانە لە بیچم و ڕەوشی شوێنی و زەمەنیی ژیانی کۆمەڵایەتی، ڕەوتە سیاسییە دەسەڵاتخواز و سەرەڕۆیەکانی بەهێزتر و ڕژدتر کردووە، پێدەچوو زۆرێک لە تاریکترین نیگەرانییەکانی دیویی سەبارەت بە لاوازبوون و داشکانی دیموکراسی پشتڕاست بکاتەوە. بە گوێرەی لێکدانەوەی ڤیریلیۆ، پێویستییە خێراکانی سیستەمی شەڕ و چەکوچۆڵی مۆدێرن دەسەڵاتی جێبەجێکاری بەهێزتر کرد و دەسەڵاتی یاسادانەری نوێنەرایەتیی لاواز کرد. بەم شێوەیە پەستانی خاک ڕێگەی بۆ حکوومەتی باری ئاوارتە کە چەقەکەی دەسەڵاتی جێبەجێکار بوو خۆش کرد (Virilio 1977). بەڵام لەوانەیە فەیلەسووفی ئەڵمانی، مارتن هایدگەر بووبێت کە بە ڕوونترین شێوە مشتومڕی هاوچەرخ سەبارەت بە بەجیهانیبوونی پێشبینی کردبێت. هایدگەر نەتەنێ «هەڵوەشاندنەوەی مەودا»ی وەک تایبەتمەندییەکی پێکهێنەری دۆخی هاوچەرخمان وەسف دەکرد، بەڵکوو گۆڕانکارییەکانی ئەو دواییانەی ئەزموونی واڵایی بۆ گۆڕانکارییەکان لە کاتبەندی و زووتێپەڕیی چالاکییەکانی مرۆڤ کە بەو ڕادەیە بنەڕەتین گەڕاندەوە: «هەموو مەوداکان لە کات و شوێندا خەریکە بچووک دەبنەوە. مرۆڤ ئێستاکە بە تەنیا شەوێک، بە گوێرەی شوێنەکان، دەگاتە شوێنگەلێک کە پێشتر چەند حەوتوو و مانگیان پێویست بوو کە پێیان بگات» (Heidegger 1950, 165).
هایدگەر هەروەها بەوردی پێشبینیی ئەوەی کردبوو کە تەکنۆلۆژیا نوێیەکانی گەیاندن و زانیاری بە زوویی دەرفەتی نوێ بۆ گەشەسەندنی بەرچاوی بواری ڕاستیی مەجازی بەدی دێنن: «شوێنە دوورەکانی کەونارترین کولتوورەکان بە شێوەیەک لە فیلمدا نیشان دەدرێن وەک بڵێی هەر لەم ساتەدا لەناو هاموشۆی ناو شەقامەکانی ئەمڕۆدا ڕاەوستابن... لووتکەی ئەم سڕینەوە و هەڵوەشانەوەی هەر ئەگەرێکی دوورکەوتوویی لە تەلەڤزیۆندا بەدی دەکرێت، کە بەم زووانە دزە دەکاتە ناو تەواوی پێکهاتە و سیستەمی گەیاندن و بەسەر هەموویاندا زاڵ دەبێت» (Heidegger 1950, 165). لێکدانەوەی هایدگەر بۆ گەشە و کرانەوەی دەرفەت و ئیمکانی هاوکاتی و کتوپڕی لە ئەزموونی مرۆڤدا لە کۆتاییدا دەریخست کە ئەویش وەک ڕوانگەی زۆرێک لە نووسەران و بیرمەندانی پێشووی نیگەرانی ئەو دۆخە بوو. لە شیکارییەکەیدا پەستانی واڵایی تا دەهات زۆرتر ئەو ئاکامەی دەخستە ڕوو کە لە ڕوانگەی ئەزموونی مرۆڤەوە «هەموو شتێک بە یەک ڕادە دوور و بە هەمان ڕادەش نزیکە». لەبری کرانەوەی ئەگەر و دەرفەتی نوێ بۆ کارلێکی چڕوپڕ و فرەڕەهەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی سەردەمانێک لە پانتایی تێگەیشتن و دەسەڵاتی زۆربەی تاکەکان بەدەر بوون، هەڵوەشانەوەی مەودا زۆرتر بەو بارەدا شکایەوە کە «بێمەوداییەکی یەکپارچە و یەکدەست» چێ بکات کە تێیدا ئەو شتانەی لە بنەڕەتەوە جیاواز لە یەک بوون ببنە بەشێک لە گشتێکی ئەزموونیی یەکدەست و نەزۆک (Heidegger 1950, 166). لەناوچوونی هەر جیاوازییەکی مانادار لە نێوان «نزیکی» و «دووری» دابەزینێکی ئاستی ئەزموونی مرۆڤی لێ کەوتەوە، کە لە بەرامبەردا کەمتەرخەمییەکی هێنایە ئاراوە کە ئەزموونی مرۆڤی یەکڕەوت، جاڕسکەر و تاک-ڕەهەندی کرد.
٢. بەجیهانیبوون لە بیردۆزی کۆمەڵناسیی هاوچەرخدا
لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، تیۆریستەکانی بواری کۆمەڵناسی لە تایبەتمەندی و ڕەوشێکی گەشەنەسەندووی تێڕامان و بۆچوونەکانی پێشوو لەسەر پەستان یا لەناوچوونی واڵایی واوە ڕۆیشتوون و توانیویانە تێگەیشتنێکی پڕوردەکاری و پوخت لە بەجیهانیبوون بخەنە ڕوو. بەدڵنیاییەوە، ناکۆکییە سەرەکییەکان سەبارەت بە سروشتی ڕاستەقینەی هێزە هۆکارەکانی پشت بەجیهانیبوون لە جێی خۆیان ماونەتەوە، بە شێوەیەک کە دەیڤید هارڤی (1989-1996) تێڕامانی خۆی ڕاستەوخۆ لەسەر لێکدانەوەی پێشەنگی مارکس لە بەجیهانیبوون بنیات ناوە، لە کاتێکدا هەندێکی تر (Giddens 19990; Held, McGrew, Goldblatt & Perraton 1999) جەختی تایبەتی و داخراو لەسەر فاکتەرە ئابوورییەکان کە تایبەتمەندیی ڕێباز و نێرینی مارکسیستییە، دەخەنە ژێر پرسیار. سەرەڕای ئەوەش، پێدەچێت کۆدەنگییەک سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکانی چەمکی بەجیهانیبوون پێک بێت.
سەرەتا، شرۆڤەکارانی ئەم دواییە بەجیهانیبوون بە داماڵینی خاک گرێ دەدەنەوە کە بە گوێرەی ئەمە، فرەچەشنییەکی ڕوولەگەشە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ گوێدان و بە چاوپۆشی لە شوێنی جوگرافیی بەشداربووان ڕوو دەدات. هەر وەک یان ئارت شۆڵت تێبینی دەکات، «ڕووداوە جیهانییەکان –لە ڕێگەی دوورپەیوەندی، کۆمپیوتەری دیجیتاڵی، میدیای بینراو و بیسراو، زانستی مووشەکی و هاوشێوەکانیانەوە– دەکرێت کەم تا زۆر لە یەک کاتدا لە هەر شوێنێک و هەموو شوێنێکی جیهان ڕوو بدەن» (Scholte 1996, 45). بەجیهانیبوون ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ئەگەرەکانی کار و کرداری ناوبەری خەڵک و شوێندانانیان لەسەر یەکتر لە بارودۆخێکدا کە شوێنی جوگرافییان لەسەر هێڵەکانی پانی و درێژیی گۆی زەوی بۆ چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی بەردەست بێبایەخ دەنوێنێت. هەرچەندە شوێنی جوگرافی بۆ زۆێک لە پیشەکان بە گرنگی دەمێنێتەوە، بۆ نموونە کشتوکاڵ بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی بازاڕێکی خۆماڵی، بەڵام داماڵینی خاک لە زۆرێک لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی دەردەخات. خەڵکانی بازرگان لە ئێستادا لە کیشوەرە جیاوازەکاندا خەریکی بازرگانی و ئاڵووێری ئەلەکترۆنین؛ خەڵکانی ئەکادیمی لە نوێترین کەلوپەل و ئامێری کۆنفرانسی ئینتەرنێتی بۆ ڕێکخستنی سیمینارەکان کەڵک وەردەگرن کە تێیدا بەشداربووان لە شوێنگەلی جیاوازی جوگرافیدا بە کۆڕەکە پەیوەست دەبن؛ ئینتەرنێت دەرفەتی ئەوە دەدات بە خەڵک کە سەرەڕای مەودای جوگرافیی زۆری نێوانیان کە لە یەکتر جودایان دەکاتەوە، لە چرکەیەکدا پەیوەندی بە یەکترەوە بگرن. خاک بە تێگەیشتن و مانایەکی تەقلیدیی شوێنێک کە لەڕووی جوگرافییەوە دیاریکراو بێت و بناسرێتەوە، چیتر تەواوی ئەو «فەزا کۆمەڵایەتییە» پێک ناهێنێت کە چالاکیی مرۆڤ تێیدا ئەنجام دەگیرێت. بەجیهانیبوون، لەم مانا سەرەتاییەیدا، ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی فۆرمگەلی نوێی چالاکیی کۆمەڵایەتیی ناسەرزەمینییە (Ruggie 1993; Scholte 2000).
خاڵی دووەم ئەمەیە کە تیۆریستەکان بە جۆرێک لە بەجیهانیبوون دەڕوانن کە پەیوەستە بە گەشەی هاوپەیوەندی و پێکەوەگرێدراویی کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری سنوورە جوگرافی و سیاسییەکانی ئێستادا. لەم سۆنگەوە، داماڵینی خاک لایەنێکی هەرەگرنگ و گەوهەریی بەجیهانیبوونە. سەرەڕای ئەمەش، جەخت و تەرکیزێکی قۆرخکراو بەم بابەتە بە لاڕێماندا دەبات و تووشی هەڵەمان دەکات. بەو پێیەی کە زۆربەی هەرەزۆری چالاکییەکانی مرۆڤ تا هەنووکەش بەستراوەتەوە بە شوێنێکی جوگرافیی دیاریکراو و کۆنکرێتی، لایەنی یەکلاییکەرەوەتری بەجیهانیبوون بۆ شێواز و چۆنێتیی کاریگەریی ڕووداو و هێزە دوورەدەستەکان لەسەر هەوڵە خۆجێیی و ناوچەییەکان دەگەڕێتەوە (Tomlinson 1999, 9). بۆ نموونە، ئەم ئینسایکلۆپیدیایە، بەو پێیەی کە ڕێگە بۆ ئاڵوگۆڕی ئایدیا و بیرۆکەکان لە فەزای مەجازی خۆش دەکات، لەوانەیە وەک نموونەیەکی فەزای کۆمەڵایەتیی داماڵڕاو لە خاک ڕەچاو بکرێت. تاکە پێشمەرجی پێویست بۆ بەکارهێنانی، دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتە. ئەگەرچی هێشتا نایەکسانییەکی بەرچاو لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بوونی هەیە، بەڵام بەکارهێنانی ئەم ئینسایکلۆپیدیایە لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە شوێنێکی جوگرافیی دیاریکراوەوە نییە. سەرەڕای ئەمەش، دەشێ خوێنەر وەک تەواوکەرێک بۆ ئەو خوێندنەی لە قوتابخانە یا زانکۆ ئەنجام دەدرێت، زۆر بە باشی سوود لەم ئینسایکلۆپیدیایە وەربگرێت. ئەو دامەزراوەیە نەتەنێ لە جەمسەرێکی جوگرافیی تایبەتدا هەڵکەوتووە، بەڵکوو بە ئەگەری زۆر شوێنەکەی بۆ تێگەیشتن لە زۆرێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی، بنەڕەتی و پڕبایەخ بێت: ئاستی دابینکردنی بودجە لەوانەیە بە گوێرەی ئەو ویلایەت یا ناوچەیەی کە زانکۆکە لێی هەڵکەوتووە جیاواز بێت، یان لەوانەیە هەمان پسپۆڕیی ئەکادیمی و بواری خوێندن لە زانکۆیەک لە چین پێویستی بە کۆرس و خوێندنەوە و توێژینەوەی جیاواز لەوەی بۆ نموونە ئەرجەنتین یا نەرویج هەبێت. یەک لە ئاماژەکانی بەجیهانیبوون ئەو پرۆسانەیە کە بە گوێرەیان تەنانەت ئەو ڕووداو و بڕیارانەی لە شوێنێکی دوورەدەستیش دێنە ئاراوە، بە ڕادەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر ژیانی «خۆجێیی» ناو زانکۆ دادەنێن. بۆ نموونە، پێداگریی سەرکردە سیاسییە بەهێزەکانی وڵاتانی دەوڵەمەند لەسەر ئەو بابەتە کە سندووقی نێودەوڵەتیی پارە یا بانکی جیهانی پێشنیار بە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکای باشوور بکات کە خۆیان بە کۆمەڵێک سیاسەتی ئابووریی تایبەتەوە پابەند بکەن کە دەکرێت دەرەنجامەکەیان کەمکردنەوەی مووچەی مامۆستایان و توێژەران و هەروەها کەمکردنەوەی ژمارەی وانەبێژەکان لە پۆلە گەورەکانی وانەگوتنەوە لە ساوپاولۆ و لیما بێت. دوایین داهێنانەکان لە تەکنۆلۆژیای زانیاری لە تاقیگەیەکی لێکۆڵینەوەی کۆمپیوتەر لە هیندستان دەتوانێت بەخێرایی ئەزموونی پۆلەکانی خوێندنی خوێندکاران لە بریتیش کۆلۆمبیا یا تۆکیۆ بگۆڕێت. بەجیهانیبوون بریتییە لەو «پێواژۆیانەی گۆڕانکاری کە بە پێکەوە بەستنەوە و بەرفراوانکردنی چالاکیی مرۆیی لە پانتایی ناوچەکان و کیشوەرەکاندا، بناغەی وەرچەرخانێک لە ڕێکخستنی کاروباری مرۆیی دادەڕێژن» (Held, McGrew, Goldblatt & Perraton 1999, 15). بەجیهانیبوون بەم تێگەیشتنە بابەتێکی پەیوەست بە ڕادە و ئاستە، چونکە هەر چالاکییەکی کۆمەڵایەتی دەشێ کاریگەری بخاتە سەر ڕووداوەکانی کەم تا زۆر دوورەدەستی: گەرچی ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکییەکان تێکەڵاو و گرێدراو بە ڕووداوەکانی کیشوەرە دوورەکان بێنە بەرچاو، بەڵام هەندێک چالاکیی مرۆیی لەڕووی پانتایی کاریگەرییان بە پلەی یەکەم لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا دەمێننەوە. هەروەها مەزنی و کاریگەریی چالاکییەکە لەوانەیە جیاواز بێت: ئەو ڕووداوانەی لە شوێن و ناوچەیەکی جوگرافیی دوورەدەست دێنە ڕوودان هێشتاکە دەکرێت کاریگەرییان لەسەر ڕووداوەکانی ناوچەیەکی دیاریکراو هەبێت، جا ئەم کاریگەرییە تا ڕادەیەک کەم یاخود ئێجگار گەورە و بەرفراوانتر بێت. لە کۆتاییدا، ڕەنگە تا ئەو ڕادە و ئاستە ڕەچاو بکەین کە تێیدا پێکبەستراوەیی لەوپەڕی سنوورەکان چیتر تەنیا بابەتێکی هەڕەمەکی و بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو پێشبینیکراو، ڕێکخراو و نەزمپێدراوە (Held, McGrew, Goldblatt & Perraton 1999).
سێیەم، بەجیهانیبوون دەبێ ئاماژە بە خێرایی یا لەزگینیی چالاکیی کۆمەڵایەتییش لە خۆ بگرێت. داماڵینی خاک و پێکبەستراوەیی لە بنەڕەتدا بە شێوەیەکی سەرەکی لە سروشتدا دوو بابەتی پەیوەست بە واڵایی و شوێنن. هێشتا ئاسانە ببینین کە چلۆن ئەم گۆڕانکارییە واڵاییانە ڕاستەوخۆ بە خێراکردنی فۆرمەکانی هەرەگرنگی چالاکیی کۆمەڵایەتیی بەستراونەتەوە. هەروەک لە سەرەوە لە باسەکەمان سەبارەت بەو بابەتە چەمکییانەی کە پێشەکیی مشتومڕ و تاوتوێی ئەمڕۆکە لەسەر بەجیهانیبوونن بینیمان، پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای گواستنەوەی خێرا، تەکنۆلۆژیای گەیاندن و تەکنۆلۆژیای زانیاری دەستبەجێترین سەرچاوە بۆ کاڵبوونەوەی سنوورە جوگرافی و سەرزەمینییەکان پێک دەهێنن کە ئەو چاودێرانەی توانای خوێندنەوە و تێگەیشتن لە داهاتوویان هەبوو لانیکەم لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە دەستنیشانیان کردوون. پەستانی واڵایی پێویستی بە سەرهەڵدانی فۆرمەکانی زۆر خێرای تەکنۆلۆژیایە؛ گۆڕانکارییەکان لە ئەزموونەکانمان لە خاک پشتبەستوو بە گۆڕانکارییە هاوکاتەکان لە کاتبەندیی چالاکیی مرۆڤن. سەرەڕای ئەمەش، تەکنۆلۆژیای خێرا تەنیا نوێنەرایەتیی لووتکەی شاخەسەهۆڵەکە دەکات. پێکەوەبەستنەوە و پەرەسەندن و بەربڵاوبوونەوەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوپەڕی سنوورەکان لەسەر ئەگەری جووڵە و ڕاگواستنی خێرای خەڵک، زانیاری، سەرمایە و شتومەک بونیات نراوە. بەبێ ئەو ڕاگواستن و جووڵە خێرایانە، ئەستەمە بزانین چلۆن ڕووداوە دوورەدەستەکان دەتوانن خاوەنی ئەو باندۆر و کاریگەرییە بن کە هەنووکە هەیانە. تەکنۆلۆژیای خێرا دەورێکی سەرەکیی لە خێرایی کاروباری مرۆڤدا هەیە. بەڵام گەلێک فاکتەری تر هەن کە لە خێرایی و ڕەوتی گشتی چالاکیی کۆمەڵایەتیدا دەور دەبینن. پێکهاتەی ڕێکخراوەیی کارگە کاپیتالیستییە مۆدێرنەکان نموونەیەک دەخاتە ڕوو: هەندێک خوو و مەیلی هاچەرخ، لەوانە «تامەزرۆیی و خولیای لەڕادەبەدەر بۆ جووڵە و خێرایی» کە دیویی باسی دەکات، دەرخەری نموونەیەکی ترە. داماڵینی خاک و پەرەسەندنی پێکەوەبەستراوەیی پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ بەلەزیی ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە، لە کاتێکدا کە بەلەزیی کۆمەڵایەتی خۆی چەندین فۆرمی جیاوازی هەیە (Eriksen 2001; Rosa 2013). لێرەدایە کە جارێکی تر دەتوانین بەسانایی ببینین کە بۆچی بەجیهانیبوون هەمیشە بابەتێکی پەیوەست بە ڕادە و ئاستە. خێرایی و پەلەی ڕەوتەکان، جووڵەکان و ئاڵوگۆڕەکانی ئەوپەڕسنووری دەتوانێت بە ڕادەی گەورەیی، کاریگەری و شیرازە و نەزمیان جیاواز بێت و بگۆڕدرێت.
چوارەم، گەرچی شیکاران لەسەر ئەو هێزە هۆکاری و سەدەمییانەی بەرهەمهێنەری بەجیهانیبوونن ناکۆکن، بەڵام زۆربەیان هاوڕان کە دەبێ بەجیهانیبوون وەک پێواژۆیەکی تا ڕادەیەک درێژخایەن سەیر بکرێت. سیانەی داماڵینی خاک، پێکبەستراوەیی و بەلەزیی کۆمەڵایەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخدا بە ئەستەم نوێنەر و دەرخەری ڕووداوێکی لەناکاو یان پەیوەست بەم دواییانەن. بەجیهانیبوون تایبەتمەندییەکی پێکهێنەری جیهانی مۆدێرنە، و مێژووی مۆدێرن گەلێک نموونەی بەجیهانیبوون لە خۆ دەگرێت (Giddens 1990). وەک لە سەرەوە بینیمان، بیرمەندانی سەدەی نۆزدەیەم لانیکەم هەندێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییانی بەجیهانیبوونیان هەست پێ کردبوو؛ پەستانی سەرزەمینی توخمێکی گرنگی ئەزموونی ژیاوی ئەوانی پێک هێنابوو. سەرەڕای ئەمەش، بەشێک لە تیۆریستە هاوچەرخەکان باوەڕیان وایە کە بەجیهانیبوون لەم چەند دەیەی ڕابردوودا فۆرمێکی چڕوپڕ و خەستی بە خۆیەوە گرتووە، چونکە داهێنانەکان لە بوارەکانی گەیاندن، گواستنەوە و تەکنۆلۆژیای زانیاری (بۆ نموونە بەکۆمپیوتەریکردن) زۆر ئەگەر و دەرفەتی نوێ و سەرسووڕهێنەری بۆ دوو تایبەتمەندیی هاوکاتی و دەستبەجێیی خوڵقاندووە (Harvey 1989). بە گوێرەی ئەم ڕوانگەیە، دەکرێت حەز و تامەزرۆیی هزری و ڕووناکبیریی ئەمڕۆکە بۆ پرسی بەجیهانیبوون ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بە سەرهەڵدانی تەکنۆلۆژیای خێرای نوێوە کە ڕێخۆشکەری ئەو ئاراستەیەن کە تا دێت بایەخی دووری و مەودا کەم بکرێتەوە و هەل و ئەگەرەکانی داماڵینی خاک و پێکبەستراوەیی کۆمەڵایەتی بەرز بکرێتەوە. گەرچی هەستی چڕ و پتەوی پەستانی سەرزەمینی کە زۆرێک لە هاوچەرخەکانمان ئەزموونی دەکەن بەدڵنیاییەوە ئەزموونەکانی جیلەکانی پێشووترمان دەخاتەوە بیر، هەندێک نووسەری هاوچەرخ سەرەڕای ئەمەش لەو باوەڕەدان کە هەڵەیە کە ئەو ڕێگە و شێوازە بێهەژمارانە بشاردرێنەوە کە بە بوونیان بوونەتە هۆی ئەوەی کە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی بیچمی شوێنی و زەمەنیی ئەزموونی مرۆڤ گەلێک بەرفرە و بەربڵاو بن. لە کاتێکدا کە پێشینیانی سەدەی نۆزدەیەممان بەدروستی و بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراو سەرسام بە هێڵی ئاسن یا تەلەگراف بوون، کۆمەڵێکی تا ڕادەیەک بەربڵاو لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستادا خەریکە بەهۆی ئەو داهێنانانە گۆڕانیان بەسەردا دێت کە چالاکیی کۆمەڵایەتی خێراتر دەکەن و ڕەوتە درێژخایەنەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرەو ئاراستەی داماڵینی خاک و پێکبەستراوەیی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکەنەوە. بۆ دڵنیابوون، کاریگەریی داماڵینی خاک، پێکبەستراوەیی کۆمەڵایەتی و بەلەزیی کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک گشتگیر و یەکدەست و یەکسان نییە: بۆ نموونە ئەو کرێکارە کۆچبەرانەی لە کێڵگەکانی باشووری کالیفۆرنیا، بە داهاتی کەم و بە شێوازێکی کۆن و ناپێشکەوتوو، خەریک بە کاری کشتوکاڵن، دەشێت لە بەستێن و ڕەوشێکی شوێنی و زەمەنیی جیاواز لە کارسازەکانی سان فرانسیسکۆ یان سیاتڵ ببەنە سەر. گریمانەگەلی جیاواز سەبارەت بە واڵایی و کات زۆر جار ناکرێت بەسانایی لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا پێکەوە هەبن و لە ئارادا بن (Gurvitch 1964). لەگەڵ ئەمەشدا، کاریگەریی داهێنانە تەکنۆلۆژییەکانی ئەم دواییە قووڵە، و تەنانەت ئەوانەیش کە کار و پیشەکەیان ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەریی تەکنۆلۆژیای نوێدا نییە، وەک هاووڵاتی و بەرخۆرێک بە هەزاران شێوە و لە هەزاران ڕێگەوە دەکەونە ژێر کاریگەریی تەکنۆلۆژیای نوێوە.
پێنجەم، پێویستە تێگەیشتنمان لە بەجیهانیبوون وەک پرۆسەیەکی فرەڕەهەند و فرەلق بێت، چونکە داماڵینی خاک، پێکبەستراوەیی کۆمەڵایەتی و بەلەزی خۆیان لە گەلێک گۆڕەپان و بواری چالاکیی کۆمەڵایەتی (لەوانە ئابووری، سیاسی و کولتووری) دەردەخەن. هەرچەندە هەر ڕەهەندێکی بەجیهانیبوون پەیوەستە بە پێکهاتە سەرەکییەکانی بەجیهانیبوون کە لەسەرەوە باس کران، بەڵام هەرکامیان لە زنجیرەیەکی ئاڵۆز و تا ڕادەیەک سەربەخۆ لە پێشکەوتنە ئەزموونییەکان پێک دێت، کە پێویستی بە پشکنین و تێڕوانینی ورد هەیە تاکوو میکانیزمی هۆکاری و سەدەمیی تایبەت بەو ڕەهەندە دەربکەوێت (Held, McGrew, Goldblatt & Perraton 1999). هەر دەرکەوتن و خۆدەرخستنێکی بەجیهانیبوونیش خۆی کۆمەڵێک ململانێ و شڵەژان و شێوانی جیاواز بە دوای خۆیدا دێنێت. بۆ نموونە، بەڵگە و نیشانەی ئەزموونیی پتەو هەیە کە دەری دەخات هاتوچۆ و ئاڵووێری (بۆ نموونە شتومەک، خەڵک، زانیاری و هتد) ئەوپەڕسنووری، و هەروەها دەرکەوتنی شێوەگەلێک لە بەرهەمهێنان کە ڕاستەوخۆ ئەوپەڕنەتەوەیین و بە بۆنەیانەوە دەکرێت یەک بەروبوو لە یەک کاتدا لە چەندین شوێن و قوژبنی جیاوازی جیهان بەرهەم بهێنرێت، بە زەقی ڕوو لە زۆربوونە (Castells 1996). ئەو کۆمپانیایانەی بە شێوازی ئەوپەڕنەتەوەیی کار دەکەن و وەگەڕ خراون، کە بە «ئەکتەرە جیهانییەکان» ناو دەبرن، بە کاریگەرییەکی زۆرەوە کەڵک لە تەکنۆلۆژیای خێرا و ڕێبازگەلی ڕێکخراوەیی وەردەگرن. دەرکەوتنی بازاڕە داراییە گەردوونی و 24 کاتژمێرییەکان، کە تێیاندا مامەڵەی دارایی ئەوپەڕسنووریی مەزن لە چاوتروکانێکدا لە فەزای مەجازی ئەنجام دەدرێت، دەرخەری نموونەیەکی ئاشنای ڕوخسار و ڕەهەندی ئابووریی بەجیهانیبوونە. بازاڕە داراییە جیهانییەکان هەروەها بەو مەبەستە تەحەدای هەوڵە تەقلیدی و کۆنەباوەکانی دەوڵەت-نەتەوە لیبراڵ دیموکراتییەکان دەکەن کە جڵەوی چالاکییەکانی بانکدارەکان بگرنە دەست، ئەمەش گەرای دڵەڕاوکێیەکی بەجێ و بەهەق سەبارەت بە هێز و باندۆری ڕوولەگەشەی بازاڕە داراییەکان بەسەر ئەو دامەزراوە نوێنەرایەتییانەی بە شێوەیەکی دیموکراتی هەڵبژێردراون بڵاو دەکاتەوە. بەجیهانیبوون لە ژیانی سیاسیدا فۆرمێکی ڕوون و دیاریکراو دەگرێتە خۆی، هەرچەند ڕەوتە گشتییەکان بەرەو ئاراستەی داماڵینی خاک، پێکبەستراوەیی بەوپەڕی سنوورەکان و بەلەزیی چالاکیی کۆمەڵایەتی لێرەشدا بنەڕەتین. چالاکییە ئەوپەڕنەتەوەییەکان کە تێیاندا چالاکڤانان کەڵک لە تەکنۆلۆژیای گەیاندنی خێرا وەردەگرن تاکوو پەیوەندیی ئەوپەڕسنووری لە نێوان هێزەکانیان ساز بکەن کە بتوانن بەرەنگاری ئەو نەخۆشییانە ببنەوە کە لەڕووی پانتایی کاریگەرییان بە هەمان شێوە بە ئەوپەڕنەتەوەیی دێنە هەژمار (بۆ نموونە بەرتەسکبوونەوەی چینی ئۆزۆن)، نموونەیەکی بەجیهانیبوونی سیاسییە (Tarrow 2005). نموونەیەکی تر حەز و ویست بۆ فۆرمگەلێکی بەرزەفڕانەی دەرکردنی یاسا و دیاریکردنی ڕێسای کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کە سەروونەتەوەیین. پێواژۆ ئابوورییە ئەوپەڕسنوورییەکان شێوازە تەقلیدییەکانی چوارچێوەی ڕێسایی دەوڵەت-نەتەوە-تەوەریان لاواز کردووە. بەو پێیە ئەو دۆخە دەخوازێت کە دەوڵەت-نەتەوەکان هاوکاری یەکتر بکەن کە چوارچێوەیەکی ڕێسایی بێننە کایەوە کە تێیدا دەسەڵاتی دادوەری، سنوورە نەتەوەییەکان دەبەزێنێت و تێدەپەڕێنێت، چون ئەو ڕێسا تەقلیدییانە چیتر وەڵامدەری ئەم دۆخە نوێیە نین. زانایانی سیاسی بەگشتی ئەم چەشنە ڕێکخراوە سەروونەتەوەییانە (وەکوو یەکێتیی ئەورووپا یا ڕێککەوتننامەی ئەمریکا-مەکسیک-کەنەدا (USMCA)) وەک هێما و دەرکەوتەی گرنگی بەجیهانیبوونی سیاسی و یاسایی دەبینن. سەرەڕای ئەمەش، بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڕێکخراوە سەروونەتەوەییەکان هەر بە ڕادەی بەجیهانیبوونی ئابووری تەژی لە ناکۆکی و ململانێ بووە. ڕەخنەگران پێداگرن کە فۆرمگەلی خۆجێیی، ناوچەیی و نەتەوەیی خۆبەڕێوەبەری خەریکە جێی خۆیان دەدەن بە فۆرمگەلێکی حوکمڕانیی جیهانی کە بە ڕادەی پێویست دیموکراتی نین و ناتوانن پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی ئاسایی بەدی بێنن (Maus 2006; Streeck 2016). لە بەرامبەردا، داکۆکیکاران و لایەنگران، فۆرمگەلی نوێی بڕیاردانی یاسایی و سیاسیی سەروونەتەوەیی بە پێشەنگێکی پێویست بۆ فۆرمگەلێکی گشتگیرتر و پێشکەوتووتری خۆبەڕێوەبەری دەزانن، سەرەڕای ئەوەی کە کەمایەسییەکانی ئەو فۆرمگەلە نوێیە لە بابەتی دیموکراسیدا و تایبەتمەندیگەلێکی تەکنۆکراتی کە هەیانە، نیگەرانی لایەنگرانیشی لێ کەوتووەتەوە. (Habermas 2015).
٣. ئاڵنگارییە نۆرماتیڤەکانی بەجیهانیبوون
بە ڕەچاوکردنی کاریگەریی بەربڵاوی بەجیهانیبوون لەسەر بوونی مرۆڤ، ئاساییە کە بەناچار زۆر پرسیاری بنەڕەتیی فەلسەفی و سیاسی-تیۆری بە دوای خۆیدا بێنێت. بە لانیکەمەوە، بەجیهانیبوون ئەو پێویستییە دەردەخات کە فەیلەسووفە ئەکادیمییەکان لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ڕۆژئاوا زۆرتر سەرنج و گرنگی بدەنە دەنگە پشتگوێخراوەکان و نەریتە هزرییەکانی ئەو گەلانەی کە چارەنووسمان لەگەڵ وان قووڵتر پێکەوە بەستراوەتەوە (Dallmayr 1998). لەگەڵ ئەمەشدا، لەم بەشەدا بەتایبەتی سەرنج دەخەینە سەر ئەو ئاڵنگارییە دەستبەجێیانەی بە بۆنەی بەجیهانیبوونەوە بۆ بیردۆزی سیاسیی نۆرماتیڤ هاتوونەتە ئاراوە.
بیردۆزی سیاسیی ڕۆژئاوا هەر لە کۆنەوە وای داناوە کە کۆمەڵگەلێک هەن کە سنووری خاکەکەیان یەکلاییکراوە و دیاریکراوە، بە جۆرێک کە دەکرێت سنوورەکەیان کەم تا زۆر بەسانایی و بە ڕێکوپێکی لە سنووری کۆمەڵانی تر جیا بکرێتەوە و دەستنیشان بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، جۆن ڕاوڵز، فەیلەسووفی سیاسیی بەباندۆری لیبراڵ، باسی لە کۆمەڵگەلێکی سنووردار کرد کە پێکهاتەی بنەڕەتییان بریتی بوو لە «گەڵاڵە و پلانێکی خۆدابینکەر و خۆبژێوی هاریکاری بۆ هەموو ئامانجە سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤ» (Rawls 1993, 301). گەرچی بیرمەندانی سیاسی و یاسایی بە درێژایی مێژوو هەوڵ و وزەیەکی بەرچاویان خستووەتە گەڕ بۆ گەڵاڵەکردن و داڕشتنی چەندین مۆدێلی نۆرماتیڤ لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان کە جێی پاساو و داکۆکی بێت (Nardin and Mapel 1992)، بەڵام هاوشێوەی ڕاوڵز بەگشتی پشتیان بە جیاکردنەوەیەکی ڕوونی کاروباری «ناوخۆیی» و «دەرەکی» بەستووە. جگە لەوەش، زۆربەی کات باسیان لەوە کردووە کە گۆڕەپانی ناوخۆیی شوێن و گۆڕەپانێکە کە بە پێوەرێکی نۆرماتیڤی پلەیەکی بەرزتری هەیە و خاڵی پۆزەتیڤی زۆرترە، چونکە ئەگەری زۆرترە کە ئایدیاڵ و بنەواشە نۆرماتیڤە بنەڕەتییەکان (بۆ نموونە ئازادی یان دادپەروەری) لە گۆڕەپانی ناوخۆییدا بە سەرکەوتوویی بەدی بێن، وەک لەوەی لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان. بەپێی یەکێک لە لقە کاریگەرەکانی بیردۆزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان کەم تا زۆر بێیاسایە. بۆ نموونە، لەو ڕووەوە کە هەبوونی سەروەرییەکی سیاسیی کاریگەر پێشمەرجی بەدیهاتنی دادپەروەری یا دیموکراسییە، بۆشایی سەروەری لەسەر ئاستی جیهانی بەو واتایەیە کە دادپەروەری و دیموکراسی لەوێدا بەناچار کەموکورتی و کەمایەسییان هەیە و بە ئەگەری زۆرەوە مسۆگەر ناکرێن و بەدی نایەن. بە گوێرەی ئەم ڕوانگە ڕیالیستییە باوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سیستەمی مۆدێرنی دەوڵەتانی خاوەن سەروەری، بەدواداچوون بۆ ڕەسەنترین و پلەبەرزترین ئامانجەکانی نۆرماتیڤی هزری سیاسیی ڕۆژئاوا بە پلەی یەکەم دەخاتە ئەستۆی گۆڕەپانی ناوخۆییەوە (Mearsheimer 2003). هەندێک لە لایەنگرانی دیار و بەناوبانگی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمی ڕیالیزمی نێودەوڵەتی، دژایەتی و بەرهەڵستکاریی قووڵی ئەم هەڵوێستە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەی سیاسیی سەروونەتەوەییان ڕەت کردەوە، بەشێکیشی لەبەر ئەوەی کە پێشوەختە بەرەوڕووی ئەو ئاڵنگارییانە بوونەوە کە ئێمە ئێستا زۆربەی جار دەیانگەڕێنینەوە بۆ بەجیهانیبوونی تۆخترەوە (Scheuerman 2011).
بەجیهانیبوون هەرکام لەم گریمانە کۆنەباوانە بەرەوڕووی تەحەدایەکی بنەڕەتی دەکاتەوە. لە سەردەم و بەستێنی داماڵینی چڕی خاک و پەرەسەندن و تۆخبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوپەڕی سنوورەکان، چیتر ئەمە وەک پێشگریمانەیەکی بەڵگەنەویست قبووڵ ناکرێت کە دەوڵەت-نەتەوە بە «گەڵاڵەیەکی خۆدابینکەر و خۆبژێوی هاریکاری بۆ هەموو ئامانجە سەرەکییەکانی ژیانی مرۆڤ» دابندرێت. بیرۆکەی کۆمەڵێکی سنووردار بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە بیچمی شوێنی-زەمەنیی ژیانی مرۆڤ، گومانی دەخرێتە سەر. تەنانەت بەهێزترین و پلەبەرزترین یەکە سیاسییەکانیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو چالاکییانەی کە سنوور و چوارچێوەی خاکی وڵاتان دەبەزێنن و تا دێت بەرەو زۆربوونیشن (بۆ نموونە بازاڕە داراییە جیهانییەکان یا پەیوەندیی بەکۆمەڵی بەدیجیتاڵیکراو) کە کۆنترۆڵێکی کەمیان بەسەر ئەم چالاکییانەدا هەیە و خۆیان لە چەندین تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبیننەوە کە پانتایی ئەو تۆڕانە سنوورە نەتەوەییەکان تێک دەشکێنێت و دەیانبەزێنێت. بێ گومان، لە زۆربەی مێژووی مرۆڤایەتیدا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دابەشکارییە سیاسییەکانی ئەو سەردەمەیان تێپەڕاندووە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، بەجیهانیبوون دەربڕی بەرزبوونەیەکی چەندایەتی و بەگوڕ و چڕبوونەوەیەکی قووڵ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەم چەشنەیە. لە کاتێکدا کە ئەو هەوڵانە بۆ ئەو مەبەستەی کە گۆڕەپانی «ناوخۆیی» بەڕوونی لە «دەرەکی» هەڵاوێردرێت و سنووریان دیاری بکردرێت دەشێ لە قۆناغێکی پێشووتر لە مێژوو مانای هەبووبێت و لێی تێبگەین، ئەم جیاکارییە چیتر لەگەڵ ڕەوتە سەرەکییەکانی گەشەسەندن لە زۆرێک لە بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتی یەک ناگرێتەوە و ناگونجێت. لەگەڵ لەناوچوونی ئەگەری دابەشکاری و پۆلێنکردنێکی ڕوون لە نێوان کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی، ئەو ئینتما کۆنەش بۆ وێناکردنی گۆڕەپانی ناوخۆیی وەک گۆڕەپانێکی پلەبەرز و گونجاوتر بۆ بەدیهاتنی ئایدیاڵ و پرەنسیپە نۆرماتیڤەکان گومانی دێتە سەر. وەک بابەتێکی ئەزموونی، هەڵوەشانی ئەو سنووربەندییەی نێوان ناوخۆیی و دەرەکی بابەتێکی زۆر دووفاقییە، چونکە لەوانەیە زۆر بە سانایی ڕێگە بۆ لەناوچوون و داڕمانی تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشترەکانی ژیانی سیاسیی ناوخۆیی خۆش بکات: کاتێک کاروباری «دەرەکی» بەرەو ناوەوەی ژیانی سیاسیی «ناوخۆیی» دادەڕمێت، بیچم و شێوەی کاروباری دەرەکی کە یاسا و ڕێسایەکی تەواو و بێکەمایەسی تێیدا بەدی ناکرێت، پەلامار و هێرشی شڵەژێنەر دەخاتە ناو ژیانی سیاسی ناوخۆیی (Scheuerman 2004). بەڵام وەک بابەتێکی نۆرماتیڤ، هەڵوەشانەوەی دابەشبوونی نێوان ناوخۆیی و دەرەکی دەشێ ناچارمان بکات، بە ڕادەیەکی زۆرتر لە هەر کاتێک لە مێژوومان، بیر بکەینەوە کە چلۆن دەکرێت دەروەستییە بنەڕەتییە نۆرماتیڤەکانمان سەبارەت بە ژیانی سیاسی بە شێوەیەکی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهانی بێنە دی و دەستەبەر بکرێن. ئەگەر بۆ نموونە پرەنسیپی دادپەروەری یا ئازادی بە جددی وەربگرین، چیتر ئەمە وەک ئارگیومێنتێکی بەڵگەنەویست قبووڵکراو نییە کە گۆڕەپانی ناوخۆیی وەک تاکە شوێن یان تەنانەت شوێنی سەرەکی بۆ بەدیهاتنی ئەو پرەنسیپانە بزانین، چونکە کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی ئێستاکە بەقووڵی و بە شێوەیەک کە گەڕانەوەی بۆ نییە، تێکەڵ و ئاوێتەی یەک بوون. لە جیهانێکدا کە بەرەو بەجیهانیبوون دەڕوات، نەبوونی دیموکراسی یان دادپەروەری لە ژینگە و ئاستی جیهاندا، بێ ئەملا و ئەولا لەسەر بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و دیموکراسی لە ناوخۆدا کاریگەریی قووڵ دادەنێت. لە ڕاستیدا، ڕەنگە ئیتر گەیشتن بە ئایدیاڵە نۆرماتیڤەکانمان لە ناوخۆدا بەبێ ئەوەی کە لە ئاستی ئەوپەڕنەتەوەییشدا هەوڵ بۆ بەدیهێنانیان بدەین مەیسەر نەبێت.
بۆ نموونە، ئەم ئیدعایە کە پرسەکانی پەیوەست بە دادپەروەریی دابەشکاری هیچ پێگەیەکیان لە پێکهێنانی کاروباری دەرەکیدا نییە، لە باشترین حاڵەتدا دەرخەری تێڕوانینێکی ساویلکانەی ئەزموونی سەبارەت بە بەجیهانیبوونی ئابوورییە. لە خراپترین حاڵەتیشدا، نکۆڵی و خۆشاردنەوەیەکی فێڵاوی و دووڕوویانەیە تا لەگەڵ ئەم ڕاستییە بەرەوڕوو نەبنەوە کە بوونی ماددیی ئەو کەسانەی بەختەوەریی ئەوەیان هەبووە کە لە وڵاتانی دەوڵەمەند بژین، بە شێوەیەکی لێکدانەبراو بەستراوەتەوە بە بارودۆخ و پێگەی ماددیی زۆرینەی ڕەهای مرۆڤایەتییەوە کە لە ناوچە هەژار و دواکەوتوو و گەشەنەسەندووەکاندا نیشتەجێن. پەرەسەندنی نایەکسانیی ماددی کە گەراکەی بە دەستی بەجیهانیبوونی ئابوورییەوە بڵاو بووەتەوە، بۆ پەرەسەندنی نایەکسانیی ماددیی ناوخۆیی لە دیموکراسییە دەوڵەمەندەکاندا دەگەڕێتەوە (Falk 1999; Pogge 2002). بە هەمان شێوە، لە بابەتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانی و لەناوچوونی چینی ئۆزۆن، پێداگرییەکی دەمارگرژانە لەسەر پیرۆزیی سەروەریی نەتەوەیی، مەترسیی پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی خۆپەرستانەی ئەو چالاکییە نابەرپرسیارانە دێنێتە ئاراوە کە کاریگەرییان زۆر لە سنووری ئەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ بەرپرسیاری سەرەکیی ئەو دۆخەن ئەولاوەتر دەڕوات. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانی و بەرتەسکبوونەوەی چینی ئۆزۆن بەڕوونی پێویستیی فۆرمگەلێکی بەرزەفڕانەی هاوکاری و ڕێکخستنی ئەوپەڕنەتەوەییمان پێشان دەدات، و نکۆڵیی دیموکراسییە دەوڵەمەندەکان لە قبووڵکردن و چوونە ژێر باری ئەم پێویستییە بە واتای بەجددی وەرنەگرتنی پرۆسەی بەجیهانیبوون لەو کاتانەدایە کە لەگەڵ بەرژەوەندییە ماددییە دەستبەجێیەکانیان ناکۆکیی هەیە و یەک ناگرێتەوە. گەرچی لەوانەیە لە سەرەتادا وا دەرکەوێت کە ئەمە پێشاندەری ڕیاڵپۆلیتیکی زیرەکانە لە لایەن ئەو دەوڵەتە خەتابارانە بێت بۆ ئەوەی خۆیان لە ڕێکخستنێکی ڕوون و بەبڕشتی سەروونەتەوەیی ژینگەیی ببوێرن، بەڵام لاساری و کەللەڕەقیی ئەوان لەوانەیە کورتبینانە بێت: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانی و بەرتەسکبوونەوەی چینی ئۆزۆن بە هەمان شێوە کە کاریگەریی لەسەر جیلی داهاتووی ئەفریقای باشوور یان ئەفغانستان دادەنێت، مەترسیی بۆ سەر ژیانی منداڵانی ئەو ئەمریکاییانەش هەیە کە ئۆتۆمبێلی بەرز کە سووتەمەنیی زۆر دەسووتێنن دەئاژۆن یاخود فینککەرەوەی ناتەندروست بۆ ژینگە بەکار دەهێنن (Cerutti 2007). ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە تێکچوونی ژینگە دەشێ کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیاسەتی دیموکراتیک دابنێت (بۆ نموونە بە لاوازکردنی ڕەوایی و سەقامگیریی ئەو سیاسەتە)، دامان و خۆبواردن لە بەدیهێنانی ڕێکسختنێکی ژینگەیی ئەوپەڕنەتەوەیی کاریگەر دەتوانێت پێگەی دیموکراسی لە ناوخۆ و هەروەها لە دەرەوە لاواز بکات.
فەیلەسووفان و تیۆریستانی سیاسی بە تامەزرۆییەوە پەرژاونە سەر باسی لێکەوتە نۆرماتیڤ و سیاسییەکانی ئەو جیهانەی ئێمە کە بەرەو بەجیهانیبوون دەڕوات. مشتومڕێکی گەرم سەبارەت بە ئەگەری دەستەبەرکردنی دادپەروەری لەسەر ئاستی جیهانیدا، نوێنەرانی جیهان-نیشتمانگەرایی لە سەنگەری بەرانبەری کۆمۆنیتاریانیستەکان، ناسیۆنالیستەکان، ڕیالیستەکان و هەموو ئەو تاقمانەی تر داناوە کە پلە و پێگەیەکی بەرز و تایبەت بۆ دەوڵەت-نەتەوە و ئەو پەیوەندییە ئەخلاقی، سیاسی و کۆمەڵایەتییانە دادەنێن کە لەسەر دەوڵەت-نەتەوە بونیات نراون (Lieven 2020; Tamir 2019). لە بەرانبەردا، جیهان-نیشتمانگەرایان دەخوازن جەخت لەسەر ئەو ئەرکە گەردوونییانەمان بکەنەوە کە لە ئاست ئەو کەسانە هەمانن کە لە شوێنێکی دوورەدەست لە ئێمە نیشتەجێن و ڕەنگە خاڵی هاوبەشی زۆر کەممان لەڕووی زمان، داب و نەریت یا کولتوورەوە لەگەڵیان هەبێت، و زۆر جار لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو ئیدعایانەی باس لە «دادپەروەری لە ناوخۆدا» دەکەن دەکرێت و پێویستیشە لە شوێنگەلی تریشدا کردارەکی و جێبەجێ بکردرێن (Beardsworth 2011; Beitz 1999; Caney 2006; Wallace-Brown & Held 2010). بەم شێوەیە، جیهان-نیشتمانگەرایی ڕاستەوخۆ لەسەر پاڵنەرە گەردوونییەکانی هزری ئەخلاقی و سیاسیی مۆدێرن بونیات دەنرێت. ڕەخنەگرانی جیهان-نیشتمانگەرایی لە ئاست ئەو ڕوانگەیە دەوەستنەوە کە پێی وایە ئەرکەکانمان بەرامبەر بە بیانییەکان هەمان پێگەی ئەو ئەرکانەی هەیە کە بەرامبەر بە ئەندامانی ئەو کۆمەڵە خۆجێیی و نەتەوەییە تایبەتانە هەمانن کە تا ڕادەیەکی زۆر خۆمان بەشێک لەوانین. ئەوان بۆ نموونە بە هیچ شێوەیەک نکۆڵی لە پێویستیی ڕاستکردنەوە و چارەسەرکردنی نایەکسانیی جیهانی ناکەن، بەڵام زۆر جار ڕەشبین و بەگومانن لە ئاست ویست و حەزی جیهان-نیشتمانگەرایان بۆ داکۆکیکردن لە چاکسازیی بەرچاوی یاسایی و سیاسی وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ نایەکسانییەکانی هەسارەیەک کە ساڵانە ملیۆنان کەس تێیدا بەهۆی قاتوقڕی یاخود ئەو نەخۆشییانەوە دەمرن کە چارەسەریان هەیە (Miller 2007; 2013; Nagel 2005). هەروەها ڕەخنەگرانی جیهان-نیشتمانگەرایی حاشا لەوە ناکەن کە بەجیهانیبوون پرۆسەیەکی ڕاستەقینەیە، هەرچەند هەندێکیان پێیان وایە کە کاریگەرییەکەی لەڕادەبەدەر گەورە کراوەتەوە و زێدەڕۆیی تێدا کراوە (Kymlicka 1999; Nussbaum et al. 1996; Streeck 2016). هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، ئەو ڕەخنەگرانە بە گومانەوە لەوە دەڕوانن کە مرۆڤایەتی تێگەیشتنێکی دەوڵەمەند و تێروتەسەل و بە ڕادەی پێویست جومگەبەندیکراوی لە چارەنووسێکی هاوبەش بە دەست هێنابێت، بە جۆرێک کە هەوڵە دوورەدەستەکان بۆ بەدیهێنانی ئاستی بەرزتری دادپەروەریی جیهانی (بۆ نموونە سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی بەرچاو لە دەوڵەمەندەکانەوە بۆ هەژاران) بەسەرکەوتوویی سەر بگرێت. جیهان-نیشتمانگەرایان نەتەنیا بە شەپۆلێکی زۆر ئارگیومێنتی ئەخلاقیی جیهانداگر و یەکسانیخوازانە بەتوندی بەرپەرچی ڕەخنەگرانیان دەدەنەوە، بەڵکوو نەیارەکانیشیان بە تەماویکردنی ئەو مەترسییە تۆمەتبار دەکەن کە بەجیهانیبوون لەسەر فۆرمە تایبەتەکانی کۆمەڵی نەتەوەیی دروستی دەکات کە کۆمۆنیتاریانیستەکان، ناسیۆنالیستەکان و ئەوانی تر، لە سەرووی نیگەرانییە گەردوونییەکان، جەخت تەنیا لەسەر ئەولەویەتی ئەخلاقیی ئەو کۆمەڵە نەتەوەییە تایبەتانە دەکەنەوە. لە ڕوانگەی جیهان-نیشتمانییەوە، حەزی لایەنگری لە ئەرک و دەروەستییە ئەخلاقی و سیاسییەکان بەرامبەر بە هاوئەندامانی دەوڵەت-نەتەوەیەک دەرخەری نۆستالژیایەکی چەواشەکارانە و بە ڕادەیەکی زۆر کۆنەپەرستانە بۆ کۆمەڵێک مومارسە و دامەزراوەی سیاسییە کە بەخێرایی بەرەو داڕمان دەڕۆن.
کەلێن و ناکۆکییەکی هاوشێوە پێناسەکەر و دیاریکەری مشتومڕێکی ترە کە سەبارەت بە ئاسۆی دامەزراوە دیموکراتییەکان لەسەر ئاستی جیهانیدا لە ئارادایە. لە ڕوانگەیەکی جیهان-نیشتمانی، دانیێل ئارچیبوگی (2008) و دەیڤید هێڵد (1995) باسیان لەوە کردووە کە بەجیهانیبوون دەخوازێت دامەزراوە لیبراڵ دیموکراتییەکان (لەوانەیە سەروەریی یاسا و دامەزراوە نوێنەرایەتییە هەڵبژێردراوەکان) بۆ ئاستی ئەوپەڕنەتەوەیی درێژ بکرێنەوە و پەرە پێ بدرێن. لیبراڵ دیموکراسییە دەوڵەت-نەتەوە-تەوەرەکان بە ڕادەی پێویست بۆ مامەڵەکردن و بەرەوڕووبوونەوەی کاریگەرییە لاوەکییە نەرێنی و زیانبەخشەکانی بەجیهانیبوونی ئەمڕۆکە وەکوو بەرتەسکبوونەوەی چینی ئۆزۆن یان نایەکسانیی ماددیی ڕوولەگەشە تەیار نین. جگە لەمە، پەرەسەندنی ئەو چالاکییانەی کە لە شێوازی بەڕاستی ئەوپەڕنەتەوەیین، ئەو پێویستییە دێنێتە ئاراوە کە هاوکات دەبێ شێوازی بڕیاردانی لیبراڵ دیموکراتییش لە شێوەی ئەوپەڕنەتەوەیی بێت. بەپێی ئەم مۆدێلە، بابەتە خۆجێیی و نەتەوەییەکانیش دەبێ لەژێر چاودێریی دامەزراوە لیبراڵ دیموکراتییەکانی هەنووکەدا بمێننەوە. بەڵام لەو بوارانەی کە داماڵینی خاک و پێکبەستراوەیی کۆمەڵایەتی لەوپەڕی سنوورە نەتەوەییەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو لە ئارادایە، گەر بمانهەوێت دڵنیا بین کە سەروەریی خەڵک وەک پرەنسیپێکی کاریگەر دەمێنێتەوە، پێویستە دامەزراوەی ئەوپەڕنەتەوەیی نوێ (بۆ نموونە گشتپرسیی ئەوپەڕسنووری) بەدی بهێندرێن و هاوکات ئەو چوارچێوە دەسەڵاتە سەروونەتەوەییانەی ئێستا هەن (بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان) بە ڕادەیەکی بەرچاو بەهێز بکردرێن و زۆرتر لەمە بەدیموکراتی بکردرێن. هەر لە چوارچێوەی ئەم تێڕوانینەوە، جیهان-نیشتمانگەرایان گەنگەشەی ئەمە دەکەن کە ئاخۆ سیستەمێکی لەرزۆک و ناپتەوی «حوکمڕانیی» جیهانی کیفایەتە، یاخود لەبری ئەوە، ئەوەی ئایدیاڵەکانی جیهان-نیشتمانی بە پێویستی دەزانێت سیستەمێک لە شێوەی «حکوومەت» یان دەوڵەتێکی جیهانییە (Cabrera 2011; Scheuerman 2014). یۆرگن هابرماس، تیۆریستێکی دیاری هزری جیهان-نیشتمانی، هەوڵی داوە داکۆکییەک لە یەکێتیی ئەورووپا دابڕێژێت و فۆرموڵە بکات کە وەک بناغەی هەنگاوێکی سەرەکی بەرەو دیموکراسیی سەروونەتەوەیی لێی بڕواندرێت. ئەگەر بڕیار وایە یەکێتیی ئەورووپا یارمەتیدەر بێت بۆ سەرکەوتنی ئامانجی ڕزگاربوونی پرەنسیپی سەروەریی خەڵک لە جیهانێکدا کە تێیدا داڕمانی دیموکراسیی دەوڵەت-نەتەوە-تەوەر، دیموکراسی دەخاتە پێگەیەکی لاوازەوە، ئەوا یەکێتیی ئەورووپا پێویستە دامودەزگا نوێنەرایەتییە هەڵبژێردراوەکانی بەهێز بکات و مافە مەدەنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی هەموو ئەورووپاییەکان مسۆگەر بکات (Habermas 2001, 58–113; 2009). ئەمە بە پێشکەشکردنی فۆرمێکی نوێی دەستوورباوەڕیی پاش-نەتەوەیی، بە ئەگەری زۆرەوە چەندین وانەی بەرفرەتر دەداتە دەست ئەو کەسانەی دەخوازن لە هەلومەرجی نوێی جیهانیدا، دەستوورباوەڕیی دیموکراتی ڕزگار بکەن. سەرەڕای هەڕەشە گەورە و جددییەکانی بزووتنەوە ناسیۆنالیستی و پۆپۆلیستییەکان بۆ سەر یەکێتیی ئەورووپا، هابرماس و ڕووناکبیرانی تری جیهان-نیشتمانی باوەڕیان وایە کە دەکرێت بە شێوەیەکی کاریگەر چاکسازی لە یەکێتیی ئەرووپادا بکردرێت و بپارێزرێت (Habermas 2012).
بەپێچەوانەی ئارچیبوگی، هێڵد، هابرماس و جیهان-نیشتمانگەرایانی تر، ئەوانەی بە گومانەوە لێیان دەڕوانن جەخت لەسەر تایبەتمەندیی بەڕواڵەت یوتۆپیایی ئەم چەشنە پێشنیازانە دەکەنەوە و دەڵێن پێشگریمانە و پێویستیی سیاسەتی دیموکراتی هەستی قووڵی متمانە، دەروەستی و ئینتمایە کە لە ئاستی جیهانی و لە قۆناغی پاش-نەتەوەییدا لەناو دەچێت و بە دەگمەنی بەدی دەکرێت. لایەنە هاوبەشە نائیرادییەکانی بیروباوەڕ، مێژوو و داب و نەریت پێشگریمانە پێویستەکانی هەر دیموکراسییەکی خۆڕاگر و پتەو پێک دەهێنن، و بەو پێیەی ئەم لایەنە هاوباشانە لە دەرەوەی بەستێنی دەوڵەت-نەتەوە بوونیان نییە، دیموکراسیی جیهانی یا جیهان-نیشتمانی بێ ئەملا و ئەولا تووشی شکست و تێکشان دێت (Archibugi, Held, and Koehler 1998; Lieven 2020). ئەو ڕەخنەگرانەی لەژێر کاریگەریی بیردۆزی نێودەوڵەتیی ڕیالیستیدان دەڵێن کە جیهان-نیشتمانگەرایی سروشتی لە بنەڕەتدا فرەییخوازانە، دینامیک و پڕناکۆکیی ژیانی سیاسی لەسەر ئەم هەسارە لێکترازاو و بەشبەشکراوەمان دەشارێتەوە و تەماویی دەکات. دیموکراسیی جیهان-نیشتمانی، سەرەڕای ئەو لێکدانەوە و تێگەیشتنە ئاشتیخوازانە و لاشەڕەی لە خۆی پێشکەش دەکات، بێ مەبەست دەرگا بە ڕووی فۆرمگەلی نوێ و تەنانەت ترسێنەرتر و کارەساتبارتری توندوتیژیی سیاسیدا دەکاتەوە. گوتاری نۆرماتیڤی جیهانداگرانەی جیهان-نیشتمانگەرایی نەتەنێ چاو لەسەر تایبەتمەندی و خەسڵەتی توندوتیژ، چەتوون و بەناچار ئاگۆنیستیی ژیانی سیاسی دادەپۆشێت، بەڵکوو هەروەها گەرەکیەتی وەک دەمامکێکی ئایدیۆلۆژیی گونجاو بۆ ئەو شەڕە سامناک و پڕمەترسییانە بێت کە ئەو بەرە سیاسییانە سازیان دەکەن کە بە ڕادەی دەوڵەت-نەتەوە کۆنەکان و بگرە زۆرتریش لەوان، بەرژەوەندییان لەو شەڕانەدایە (Zolo 1997, 24).
ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییانەی لە ئارادان ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە ئەو مشتمومڕ و دیبەیتانە تەنیا لە قالبێکی بەرتەسکی هۆگری و بەرژەوەندیی ئەکادیمی و زانستی قەتیس نامێننەوە. تا ئەم دواییانە، وا دەهاتە بەرچاو کە هەندێک لە لق و لایەنە سەرەکییەکانی بەجیهانیبوون بۆ ئەوە دیاری و موقەدەر کراون کە کاروباری مرۆڤایەتی بە شێوازێکی بەڕواڵەت یەکجارەکی و تاسەر بگۆڕن: بەجیهانیبوونی ئابووری و هەروەها گەشەی کۆمەڵێکی زۆر لە دامەزراوە سیاسی و یاساییە نێودەوڵەتی و جیهانییەکان بەردەوام بە خێراییەکی زۆر لە ئارادا بوو. پێویستە ئاماژەی پێ بکردرێت کە ئەم پێشکەوتن و گۆڕانکارییە دامەزراوەییانە لە لایەن بەشێک لە تیۆریستانی جیهان-نیشتمانی وەک پێشتڕاستکەرەوە و سەلمێنەری بەهێزی ئاوات و خواستە گشتییە نۆرماتیڤەکانیان لێکدانەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکرا. لەگەڵ سەرهەڵدانەوە و بووژانەوەی بزاڤە سیاسییە ناسیۆنالیستی و پۆپۆلیستییەکان، کە زۆربەیان بە بەربڵاوی (و هەندێک جاریش چەواشەکارانە) توخمەکانی بەجیهانیبوون دەکەنە ئامانج، ئاسۆی دواڕۆژی بەجیهانیبوون ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نادیارتر دەردەکەوێت. بۆ نموونە، بە هەبوونی ئەو سەرکردە سیاسییە بەهێزانەی بەردەوام بە سووکایەتی و بێڕێزیکردن سەبارەت بە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا لێدوان دەدەن، ڕوون نییە ئاخۆ یەک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی بەجیهانیبوون، واتە پەرەسەندن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بڕیاردانی سیاسی و یاسایی «لە سەرووی دەوڵەت-نەتەوەوە» بەردەوام دەمێنێتەوە یاخود نا. بەداخەوە ڕەنگە فەشەلهێنان لە بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی بەجیهانیبوونی ئابووری بە جۆرێک کە ئەو نایەکسانی و نادادپەروەرییانەی دەکرێت بەریان پێ بگیرێت بە کەمترین ڕادەی خۆیان بگەن، دەرگای بە ڕووی کاردانەوەی ناسیۆنالیستی و پۆپۆلیستی کردووەتەوە، بە جۆرێک کە ئێستا خەڵکانێکی زۆر ئامادەن بە باوەشی ئاواڵە ئەو سیاسەتوان و بزاڤانە پەسند بکەن کە بەڵێنی پاشەکشەکردن بە «بازرگانیی ئازاد»، سنووری تا ڕادەیەک کراوە (بۆ کۆچبەران و پەنابەران) و دیاردە و دەرکەوتەکانی تری بەجیهانیبوون دەدەن (Stiglitz 2018). تەنانەت ئەگەر وا دەربکەوێت کە ڕێی تێنەچێت کە ناسیۆنالیستەکان یان پۆپۆلیستەکان بتوانن بەتەواوەتی بەر بە ڕەوتە پێکهاتەییەکان بەرەو ئاراستەی داماڵینی خاک، پێکبەستراوەیی پتەوتر و بەلەزیی کۆمەڵایەتی بگرن – چ جای ئەوەی کە ئەو ڕەوتانە پێچەوانە بکەنەوە و بەرەو پاشەوە بەرن– دەشێ ئەوەیان لە دەست بێت کە ئەو ڕەوتانە بە شێوەیەک دابڕێژنەوە کە جیهان-نیشتمانییەکان بە جێی مەترسی و نیگەرانیی خۆیانی بزانن. بەڵام ئەمەی کە ئاخۆ ناسیۆنالیستەکان و پۆپۆلیستەکان دەتوانن بە سەرکەوتوویی وەڵامی زۆرێک لە ئاڵنگارییە بنەڕەتییە جیهانییەکان (بۆ نموونە گۆڕانی کەشوهەوا یان زۆربوونی چەکی ناوەکی) بدەنەوە یان نا، هەر وەک ئەگەرێکی زۆر لاواز دەمێنێتەوە.
ژێدەرکان
- Adams, Henry, 1931, The Education of Henry Adams, New York: Modern Library.
- Appadurai, A., 1996, Modernity At Large: Cultural Dimensions Of Globalization, Minneapolis: University of Minnesota Press.
- Archibugi, Daniele, 2008, The Global Commonwealth of Citizens: Toward Cosmopolitan Democracy, Princeton: Princeton University Press.
- Archibugi, Daniele, Held, David, and Koehler, Martin (eds.), 1998, Re-imagining Political Community: Studies in Cosmopolitan Democracy, Stanford: Stanford University Press.
- Beardsworth, Richard, 2011, Cosmopolitanism and International Relations Theory, Cambridge: Polity Press.
- Beitz, Charles, 1999, Political Theory and International Relations, Princeton: Princeton University Press.
- Brown, Garrett W., and Held, David, 2010, The Cosmopolitanism Reader, Cambridge: Polity Press.
- Cabrera, Luis (ed.), 2011, Global Governance, Global Government: Institutional Visions for an Evolving World System, Albany: SUNY Press.
- Caney, Simon, 2005, Justice Beyond Borders, Oxford: Oxford University Press.
- Castells, Manuel, 1996, The Rise of Network Society, Oxford: Blackwell.
- Cerutti, Furio, 2007, Global Challenges for Leviathan: A Political Philosophy of Nuclear Weapons and Global Warming, Lanham, MD: Lexington Books.
- Dallmayr, Fred, 1998, Alternative Visions: Paths in the Global Village, Lanham, MD: Rowman & Littlefield.
- Dewey, John, 1927, The Public and Its Problems, Athens, OH: Swallow Press, 1954.
- Giddens, Anthony, 1990, The Consequences of Modernity, Stanford: Stanford University Press.
- Eriksen, Thomas Hylland, 2001, Tyranny of the Moment: Fast and Slow Time in the Information Age, London: Pluto Press.
- Falk, Richard, 1999, Predatory Globalization, Cambridge: Polity Press.
- Gurvitch, Georges, 1965, The Spectrum of Social Time, Dordrecht: Reidel.
- Habermas, Jürgen, 2001, The Postnational Constellation: Political Essays, Cambridge, MA: MIT Press.
- –––, 2009, Europe: The Faltering Project, Cambridge: Polity Press.
- –––, 2012, The Crisis of the European Union, Cambridge: Polity Press.
- –––, 2015, The Lure of Technocracy, Cambridge: Polity Press.
- Harvey, David, 1989, The Condition of Postmodernity, Oxford: Blackwell.
- –––, 1996, Justice, Nature, & the Geography of Difference, Oxford: Blackwell.
- Heidegger, Martin, 1950, “The Thing,” in Poetry, Language, Thought, New York: Harper & Row, 1971.
- Held, David, 1995, Democracy and the Global Order: From the Modern State to Cosmopolitan Governance, Stanford: Stanford University Press.
- Held, David, McGrew, Anthony, Goldblatt, David, and Perraton, Jonathan, 1999, Global Transformations: Politics, Economics and Culture, Stanford: Stanford University Press.
- Kymlicka, Will, 1999, “Citizenship in an Era of Globalization: A Response to Held,” in Ian Shapiro and Casiano Hacker-Cordon (eds.), Democracy’s Edges, Cambridge: Cambridge University Press.
- Kern, Stephen, 1983, The Culture of Time and Space, 1880–1918, Cambridge, MA: Harvard University Press.
- Lieven, Anatol, 2020, Climate Change and the Nation State: The Case for Nationalism in a Warming World, Oxford: Oxford University Press, 2020.
- Marx, Karl, 1848, “Communist Manifesto,” in Robert Tucker (ed.), The Marx-Engels Reader, New York: Norton, 1979.
- Maus, Ingeborg, 2006, “From Nation-State to Global State or the Decline of Democracy,” Constellations, 13: 465–84.
- McLuhan, Marshall, 1964, Understanding Media: The Extensions of Man, New York: McGraw Hill.
- Mearsheimer, John J., 2003, The Tragedy of Great Politics, New York: Norton.
- Miller, David, 2007, National Responsibility and Global Justice, Oxford: Oxford University Press.
- –––, 2013, Justice for Earthlings: Essays in Political Philosophy, Cambridge: Cambridge University Press.
- Modelski, George, 1972, Principles of World Politics, New York: Free Press.
- Nagel, Thomas, 2005, “The Problem of Global Justice,” Philosophy and Public Affairs, 33: 113–47.
- Nardin, Terry and Mapel, David (eds.), 1992, Traditions of International Ethics, Cambridge: Cambridge University Press.
- Nussbaum, Martha C., et al., 1996, For Love of Country: Debating the Limits of Patriotism, Boston: Beacon Press.
- Pogge, Thomas, 2002, World Poverty and Human Rights: Cosmopolitan Responsibilities and Reforms, Cambridge: Polity Press.
- Rawls, John, 1993, Political Liberalism, New York: Columbia University Press.
- Robertson, R., 1992, Globalization: Social Theory and Global Culture, London: Sage.
- Rosa, Hartmut, 2013, Social Acceleration: A New Theory of Modernity, New York: Columbia University Press.
- Ruggie, John Gerard, 1993, “Territoriality and Beyond: Problematizing Modernity in International Relations,” International Organization, 47: 139–74.
- Scheuerman, William E., 2004, Liberal Democracy and the Social Acceleration of Time, Baltimore: Johns Hopkins Press.
- –––, 2011, The Realist Case for Global Reform, Cambridge: Polity Press.
- Scheuerman, William E., 2014, “Cosmopolitanism and the World State,” Review of International Studies, 40: 419–41.
- Schivelbusch, Wolfgang, 1978, “Railroad Space and Railroad Time,” New German Critique, 14: 31–40.
- Scholte, Jan Aart, 1996, “Beyond the Buzzword: Towards a Critical Theory of Globalization,” in Eleonore Kofman and Gillians Young (eds.), Globalization: Theory and Practice, London: Pinter.
- –––, 2000, Globalization: A Critical Introduction, New York: St. Martin’s.
- Stiglitz, Joseph E., 2018, Globalization and Its Discontents Revisited: Anti-Globalization in the Era of Trump, New York: Norton & Co.
- Streeck, Wolfgang, 2016, How Will Capitalism End? New York: Verso Press.
- Tamir, Yael, 2019, Why Nationalism? Princeton: Princeton University Press.
- Tarrow, Sydney, 2005, The New Transnational Activism, Cambridge: Cambridge University Press.
- Tomlinson, John, 1999, Globalization and Culture, Cambridge: Polity Press.
- Virilio, Paul, 1977, Speed and Politics, New York: Semiotext[e], 1986.
- Wallace-Brown, Garrett and Held, David (ed.), 2010, The Cosmopolitanism Reader, Cambridge: Polity Press.
- Zolo, Danilo, 1997, Cosmopolis: Prospects for World Government, Cambridge: Polity Press.
ژێدەرەکانی تری سەر تۆڕی ئینتەرنێت
- Global Transformations: Politics, Economics and Culture, by Held, McGrew, Goldblatt, and Perraton. This is the Student Companion Site at wiley.com
چەمکە پەیوەندیدارەکان
communitarianism | cosmopolitanism | democracy | democracy: global | feminist philosophy, topics: perspectives on globalization | justice: climate | justice: global | nationalism | political realism: in international relations | world government