دێموکراسی

2023/05/26
676

تیۆری دێموکراتیی پێودانگ [نۆرماتیڤ] باس لە بنەما ئەخلاقییەکانی دێموکراسی و دامەزراوە دێموکراتییەکان و هەروەها ئەرکە ئەخلاقییەکانی نوێنەران و هاووڵاتییانی دێموکرات دەکات. ئەو تیۆرە جیاوازە لە تیۆری دێموکراسیی وەسفی و ڕوونکەرەوە کە ئامانجەکەی بریتییە لە شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی چۆنیەتیی کارکردنی دێموکراسی و دامەزراوە دێموکراتییەکان. ئامانجی تیۆری دێموکراسیی پێودانگ ئەوەیە ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بەوەی کە کەی و بۆچی دێموکراسی لە ڕووی ئەخلاقییەوە خوازراوە و هەروەها هەندێ پڕەنسیپی ئەخلاقییانە بۆ ڕێنوێنیی داڕشتنی دامەزراوە دێموکراتییەکان و کردەوەکانی هاووڵاتییان و نوێنەران بخاتە ڕوو. هەڵبەت، تیۆری دێموکراتیی پێودانگ لە خۆیدا نێوان پسپۆڕییە [نێوان لقی] و بە مەبەستی خستنەڕووی ڕێنوێنییەکی ئەخلاقییانەی تۆکمە پێویستە لە دەستکەوتەکانی زانستە سیاسییەکان، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و ئابووری کەڵک وەربگرێت.

ئەم کورتەباسە سەبارەت بە تیۆری دێموکراتیکی پێودانگ چەقی سەرنجی دەخاتە سەر حەوت بابەتی هاوپێوەند. سەرەتا، پێناسەیەک لە دێموکراسی دەخاتە ڕوو. دووەم، بە شێوەیەکی گشتی ڕێبازە جیاوازەکان سەبارەت بەو پرسیارەی کە بۆچی هەمووکات دێموکراسی لەڕووی ئەخلاقییەوە بایەخدارە، دەخاتە بەر باس. سێیەم، باس لەوە دەکات کە ئایا و لە چ کاتێکدا دامەزراوە دێموکراتییەکان دەسەڵاتیان هەیە و واتا جیاوازەکانی تەنگوچەڵەمەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک کامانەن. چوارەم، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە لە کۆمەڵگە دێموکراتە گەورەکاندا چ داواکارییەک مەعقوولە لە هاووڵاتییان بکرێت. ئەمە بابەتێکی سەرەکییە بۆ هەڵسەنگاندنی تیۆرە دێموکراتییە پێودانگییەکان. ژمارەیەکی زۆر لە بیروبۆچوونەکان پێیان وایە بەشێکی زۆری تیۆری دێموکراتیکی پێودانگ لەگەڵ ئەو شتەی کە دەتوانین بە شێوەیەکی لۆژیکی لە هاووڵاتییان چاوەڕانی بکەین، ناگونجێت. پێنجەم، گێڕانەوە جیاوازەکانی تایبەت بە پێناسەکردنی یەکسانی [بەرابەری] لە پرۆسەکانی نوێنەرایەتی و پێوەرە ئەخلاقییەکانی نوێنەرایەتی لێک دەداتەوە. شەشەم، باس لە پەیوەندیی نێوان ئەنجامە سەرەکییەکانی تیۆری دەستبژێرکردنی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی دەکات. حەوتەم، ئەو پرسیارە دەخاتە بەر باس کە ئەو گرووپەی کە بڕیارە دێموکراتیکەکان دەر دەکات دەبێ چ کسانێک لەخۆ بگرێت.


١. دێموکراسیی پێناسەکراو

٢. پاساودانی دێموکراسی

١.٢. ئامرازگەرایی

١.١.٢. ئارگیومێنتە ئامرازییەکان لە قازانجی دێموکراسی

١.١.١.٢. بەرهەمهێنانی یاسا و سیاسەتی تا ڕادەیەک باش: تیۆرەکانی وەڵامدانەوەیی

٢.١.١.٢. بەرهەمهێنانی یاسا و سیاسەتی تا ڕادەیەک باش: تیۆرە مەعریفەییەکان

٣.١.١.٢. ئارگیومێنتە کەسایەتی-تەوەرەکان

٢.١.٢. ئارگیومێنتە ئامرازییەکان لە دژی دێموکراسی

٣.١.٢. ڕەگوڕیشەی ئامرازگەرایی

٢.٢. نائامرازگەرایی

١.٢.٢. ئازادی

٢.٢.٢. دێموکراسی وەک پاساوی گشتی

٣.٢.٢. یەکسانی [بەرابەری]

٣. دەسەڵاتی دێموکراسی

١.٣. چەمکە ئامرازگەراییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک

٢.٣. چەمکە ناوەکییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک

١.٢.٣. دێموکراسی وەک خۆبەڕێوەبەریی بەکۆمەڵ

٢.٢.٣. ئازادی و دەسەڵاتی دێموکراتیک

٣.٢.٣. یەکسانی و دەسەڵات

٣.٣. تەنگوچەڵەمەکانی دەسەڵاتی دێموکراسی

١.٣.٣. تەنگوچەڵەمە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک

٢.٣.٣. کێشەی کەمینە هەتاهەتاییەکان

٣.٣.٣. تەنگوچەڵەمە دەرەکییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک

٤. داخوازییەکانی بەشداریکردنی دێموکراتیک

١.٤. کێشەی بەشداریکردنی دێموکراتیک

٢.٤. ڕێگەچارە پێشنیارکراوەکان بۆ کێشەی بەشداریکردنی دێموکراتیک

١.٢.٤. تیۆری نوخبەگەرایانەی دێموکراسی

٢.٢.٤. فرەچەشنگەرایی گرووپی بەرژەوەندی

٣.٢.٤. لیبرالیزمی نوێ

٤.٢.٤. گریمانەی بەرژەوەندیی تاکەکەسی

٥.٢.٤. دابەشکردنی کاری دێموکراتیک

٣.٤. ئەرکە ئەخلاقییەکانی هاووڵاتییانی دێموکرات

١.٣.٤. ئەرکی دەنگدان

٢.٣.٤. نافەرمانیی بنەمایانە لە یاسا

٥. نوێنەرایەتیی دێموکراتیک

١.٥. باشترین جۆری سیستەمی نوێنەرایەتی کامەیە؟

٢.٥. ئەخلاقی نوێنەرایەتی

٦. دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی

٧. کێشەی سنوور: بنیاتنانی دێمۆ [گەل]

ژێدەرەکان

ئامێرە ئاکادیمییەکان

سەرچاوە ئینتەرنێتییەکانی تر

بابەتە پەیوەندیدارەکان


١. دێموکراسی پێناسەکراو

زاراوەی "دێموکراسی"، بەو جۆرەی لەم وتارەدا بەکاری دەهێنین، بەگشتی ئاماژەیە بە میتۆدێک لە بڕیاردانی بەکۆمەڵ کە بە جۆرێک لە یەکسانیی نێوان بەشداربووان لە قۆناغێکی بنەڕەتیی پرۆسەی بڕیارداندا، دەناسرێتەوە. پێویستە ئاماژە بە چوار لایەنی ئەم پێناسەیە بکرێت. یەکەم، دێموکراسی پەیوەندیی بە بڕیاردانی بەکۆمەڵەوە هەیە کە مەبەستمان ئەو بڕیارانەیە کە بۆ گرووپەکان دەردەکرێن و بڕیارە هەموو ئەندامانی گرووپەکە پابەندیان بن. دووەم، ئێمە دەمانەوێت ئەم پێناسەیە زۆرێک لە گرووپە جیاوازەکان و ڕێکارەکانی بڕیاردان کە لەوانەیە بە دێموکراتیک ناودێر بکرێن، لەخۆ بگرێت. کەوابوو، دەکرێت دێموکراسی لەناو خێزانەکان، ڕێکخراوە خۆبەخشەکان، کۆمپانیا ئابوورییەکان و هەروەها لەناو دەوڵەتەکان و ڕێکخراوە بان-نیشتمانی و جیهانییەکاندا لە ئارادا بێت. هەروەها ئەم پێناسەیە لەگەڵ سیستەمە جیاوازەکانی هەڵبژاردن و لەوانە [سیستەمی] دەنگپێدانی پێشوەختە و نوێنەرایەتیی ڕێژەیی یەک دەگرێتەوە. سێیەم، پێناسەکە هەڵگری هیچ جۆرە بایەخپێدانێکی پێودانگی [نۆرماتیڤ] نییە. لەگەڵ ئەم پێناسەیە لە دێموکراسی یەک دەگرێتەوە کە دەڵێت لە هەندێ هەلومەرجی تایبەتدا هەبوونی دێموکراسی باش نییە. بۆیە، پێناسەی دێموکراسی وەڵامی هیچ پرسیارێکی پێودانگی ناداتەوە. چوارەم، ئەو یەکسانییەی کە بۆ پێناسەی دێموکراسی پێویستە، لەوانەیە کەم یان زۆر لە ئارادا بێت. ڕەنگە تەنیا بریتی بێت لە یەکسانیی فەرمیی یەک تاک یەک دەنگ لە هەڵبژاردن بۆ نوێنەرایەتیی پەرلەمان کە تیایدا بەربژێرەکان بۆ بەدەستهێنانی کورسی ڕکابەرایەتی دەکەن. یا ڕەنگە بەهێزتر بێت، بۆ نموونە یەکسانیی جەوهەری لە پرۆسەی ڕاوێژکاری و پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ دەنگدان لەخۆ بگرێت. دەکرێت "دێموکراسی" ئاماژە بێت بۆ هەر یەک لەم ڕێوشوێنە سیاسییانە. ڕەنگە بریتی بێت لە گشتپرسیی ڕاستەوخۆ لەناو ئەندامانی کۆمەڵگەیەک بۆ بڕیاردان لەسەر یاسا و سیاسەتەکانی کۆمەڵگە یاخود لەوانەیە بەشداریکردنی ئەو ئەندامانە لە هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ بڕیاردان لەخۆ بگرێت.

کارکردی تیۆری دێموکراسیی پێودانگ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێناسە نییە، بەڵکو دیاریکردنی ئەوەیە کە کام یەک لە فۆرمەکانی دێموکراسی، ئەگەر فۆرمێک لە ئارادا بێت، لە ڕووی ئەخلاقییەوە خوازراوە و کەی و چۆن. بۆ لێکدانەوەی پاساوە ئەخلاقییە جیاوازەکانی دێموکراسی، پێویستە سەبارەت بە شیاویی ئەو پڕەنسیپ و پێناسە جیاوازانە لە مرۆڤ و کۆمەڵگە کە سەرچاوەی لێوە دەگرن بڕیار بدەین.


٢. پاساودانی دێموکراسی

لەم بەشەدا، لە ڕوانگە جیاوازەکان سەبارەت بە پاساودانی دێموکراسی دەکۆڵینەوە. پاساوە پێشنیارکراوەکانی دێموکراسی ئەو بەها یاخود هۆکارانە دەستنیشان دەکەن کە لە بەرامبەر فۆرمەکانی تری بڕیاردان و لەوانە ئۆلیگارشی [فەرمانڕەوایی گرووپێکی بچووکی گەندەڵ] یا دیکتاتۆری پشتیوانی لە دێموکراسی دەکەن. گرنگە لە نێوان ڕوانگەکان سەبارەت بە پاساوی دێموکراسی و ڕوانگەکان سەبارەت بە دەسەڵاتی دێموکراسی کە لە بەشی سێیەمدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەین، جیاوازی دابنەین. هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی دێموکراتیک ئەو بەها یاخود هۆکارانە دەستنیشان دەکات کە بەو پێیە هاونیشتمانییان ناچارن وەکوو ئەرک پابەندی بڕیارە دێموکراتیکەکان بن. دەکرێت پاساو و دەسەڵات لێک جودا بن (Simmons 2001: ch. 7)، دەکرێت بڵێین هاوسەنگیی بەهاکان یان هۆکارەکان لە بەرامبەر فۆرمە بەدیلەکانی بڕیارداندا پشتگیری لە دێموکراسی دەکەن و هاوکاتیش نکۆڵی لەوە بکەن کە هاونیشتمانییان بەناچار گوێڕایەڵی بڕیارە دێموکراتییەکان بن.

دەتوانین پاساوی دێموکراسی لانیکەم بە دوو ڕەهەندی جیاواز تاوتوێ بکەین: ئامرازییانە، بە ئاماژەدان بە ئەنجامەکانی کەڵکوەرگرتن لەو میتۆدە بە بەراورد لەگەڵ میتۆدەکانی تری بڕیاردانی سیاسی؛ یاخود ناوەکییانە، بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەهایانەی کە لە سروشتی میتۆدەکەدا هەن.


١.٢. ئامرازگەرایی

١.١.٢. ئارگیومێنتە ئامرازییەکان لە قازانجی دێموکراسی

بەگشتی دوو جۆر قازانجی ئامرازییانە دەخرێنە پاڵ دێموکراسی: (١) بەرهەمهێنانی یاسا و سیاسەتی تا ڕادەیەک باش، و (٢) بەرزکردنەوەی کەسایەتیی بەشداربووان.


١.١.١.٢. بەرهەمهێنانی یاسا و سیاسەتی تا ڕادەیەک باش: تیۆرەکانی وەڵامدانەوە

زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە بڕیاردانی دێموکراتیک بە باشترین شێواز ماف یان بەرژەوەندییەکانی هاونیشتمانییان دەپارێزێت، چونکە بە بەراورد لەگەڵ فۆرمەکانی تری دەسەڵاتدارێتی، زیاتر بەدەم بڕیار و یەکەمێتییەکانیانەوە دەچێت. بۆ نموونە جۆن ستوارت میل دەڵێت لەبەر ئەوەی دێموکراسی بۆ هەر هاونیشتمانییەک پشکێک لە دەسەڵاتی سیاسی لەبەرچاو دەگرێت، دێموکراسی بە بەراورد لەگەڵ سیستەمی ئاریستۆکراسی [ڕژێمی بەگزادەیی] یاخود سیستەمی پاشایەتی، بڕیاردەران ناچار دەکات ماف و بەرژەوەندییەکانی بەشێکی زیاتر لە هاونیشتمانییان ڕەچاو بکەن (Mill 1861: ch. 3). چەند بەڵگەیەک بەدەستەوەن سەبارەت بەوەی کە لەبەر ئەوەی گرووپەکان تێکەڵ بە پرۆسەی دێموکراتیک دەبن، بەرژەوەندییەکانیان لە لایەن سیستەمی سیاسییەوە زیاتر پێش دەخرێن. بۆ نموونە، کاتێک ئەمریکاییە بە ڕەچەڵەک ئەفریقاییەکان لە ساڵی ١٩٦٥ مافی دەنگدانیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەرگرتەوە، بە بەراورد لەگەڵ پێشتر توانییان سوودی زۆر زیاتر لە دەوڵەت دەستەبەر بکەن (Wright 2013). ئابووریناسەکان باس لەوە دەکەن کە دێموکراسی دەبێتە هۆی باڵاکردنی ئابووری (Acemoglu et al. 2019). چەندین نووسەری هاوچەرخ وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی ئەزموونی بەهێزی نێوان دامەزراوە دێموکراتییە کارامەکان و پاراستنی پشتیوانیی بەهێز لە مافە لیبرالە سەرەکییەکان، وەک مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، یەکپارچەیی جەستە، ئازادیی ئەنجومەنەکان و ئازادیی ڕادەربڕین، لە نوسخە جیاوازەکانی ئەم ئارگیومێنتە ئامرازییانە بەرگری دەکەن (Gaus 1996: ch. 13; Christiano 2011; Gaus 2011: ch. 22).

ئارگیومێنتێکی ئامرازییانەی پەیوەندیدار بە دێموکراسی لە لایەن «ئامارتیا سێن»ەوە هاتووەتە ئاراوە کە دەڵێت «هیچ قاتوقڕییەکی گەورە لە هیچ وڵاتێکی سەربەخۆدا کە خاوەن دەسەڵاتێکی دێموکرات و ئازادیی ڕێژەیی چاپەمەنی بووبێت، ڕووی نەداوە». (Sen 1999: 152)

بنەمای ئەو ئارگیومێنتە ئەوەیە کە لە سیستەمی دێموکراسیی فرەحزبیدا کە هەڵبژاردنی ئازاد و ئازادیی چاپەمەنیی تێدا بێت، سیاسەتوانان هان دەدرێن وەڵامی پێداویستییەکانی هەژاران بدەنەوە.


٢.١.١.٢. بەرهەمهێنانی یاسا و سیاسەتی تا ڕادەیەک باش: تیۆرە مەعریفییەکان

پاساودانە مەعریفییەکانی دێموکراسی باس لەوە دەکەن، لە هەلومەرجی گونجاودا، بەگشتی دێموکراسی بە بەراورد لەگەڵ میتۆدە بەدیلەکانی تری دەرکردنی بڕیارە سیاسییەکان کە بەپێی ستانداردەکانی سەربەخۆ لە ڕێکار تەواو و دروستن، زیاتر جێگای متمانەیە. سەرەڕای ئەوەی چەندین شیکاریی جیاواز سەبارەت بە متمانەپێکراویی بڕیاردانی دێموکراتیک لە ئارادان، ئێمە لێرەدا بە کورتی باس لە سێ لە دیارترین شیکارییەکان دەکەین: (١) تیۆرمی لێژنەی دادوەریی کۆندۆرسە، (٢) کاریگەرییەکانی هەمەجۆری مەعریفی، و (٣) کۆکردنەوە و هاوبەشکردنی زانیارییەکان.

ناسراوترین شیکاری سەبارەت بە متمانەپێکراویی مەعریفییانەی دێموکراسی لەسەر تیۆرمی لێژنەی دادوەریی کۆندۆرسە (CJT) دانراوە، کە تیۆرمێکی بیرکارییە کە لە لایەن ماکیز دێ کۆندۆرسە، بیرکارزانی سەدەی هەژدەهەم، بەپێی"یاسای ژمارە گەورەکان" هاتە ئاراوە. CJT دەڵێت، کاتێک هەندێ گریمانەی تایبەت لە ئارادا بن، ئەگەری ئەوەی کە زۆرینەی دەنگدەران پاڵپشتیی بڕیارە دروستەکە بکەن زیاتر دەبێت و هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دەنگدەران لە یەک [١٠٠%] نزیک دەبێتەوە. گریمانەکان بریتین لە (Condorcet 1785):

١. ئەگەری ئەوەی کە هەر دەنگدەرێک بڕیارە دروستەکە بناسێتەوە زیاترە (گریمانەی لێهاتوویی)

٢. دەنگدەران، دەنگ بە بڕیارێک دەدەن کە پێیان وایە دروستە (گریمانەی نیازپاکی یا بێخەوشی)

٣. دەنگەکان لە ڕووی ئامارییەوە لە یەکتری سەربەخۆن (گریمانەی سەربەخۆیی)

لە کاتێکدا نوسخەی سەرەتایی کۆندۆرسە تەنیا بڕیاردان سەبارەت بە دوو بژاردەی لە خۆ دەگرت، زۆربەی نووسراوەکانی ئەم دواییانە باس لەوە دەکەن کە CJT دەتوانێت بڕیاردان سەبارەت بە سێ بژاردە یان زیاتریش لەخۆ بگرێت (List & Goodin 2001). زۆر جار وا بیر دەکرێتەوە کە کەڵکوەرگرتن لە CJT بۆ ڕوونکردنەوەی متمانەپێکراویی دێموکراسی بەگشتی لە بانگەشەی ژان ژاک ڕۆسۆوە سەرچاوە دەگرێت کە دەڵێت:

ئەگەر هاووڵاتییان هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان پێکەوە نەبێت، سەرەڕای ئەوە جەماوەرێک کە بە ڕادەی پێویست تێگەیشتوون پێکەوە ڕاوێژ بکەن، ئەوا ئیرادەی گشتی هەمیشە بەرهەمی ژمارەیەکی زۆری جیاوازییە بچووکەکانە و ڕاوێژکردن هەمیشە شتێکی باش دەبێت. (Rousseau 1762: Book III, ch. IV)

تیۆرزانە هاوچەرخەکان بۆ پاساودانی دێموکراسی هێشتا پشت بە CJT یان جۆرە جیاوازەکانی دەبەستن (Barry 1965; Cohen 1986; Grofman and Feld 1988; Goodin & Spiekermann 2019).

دڵڕفێنیی CJT بۆ دێموکراتە مەعریفییەکان لەو ڕاستییە سەرچاوە دەگرێت کە ئەگەر گریمانە بنچینەییەکانی جێبەجێ بکرێن کە زۆر کات تەنانەت ئەو بڕیارانەش کە لە لایەن قەبارەیەکی مامناوەندیی دەنگدەرەوە دەدرێن، تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیان کە دروستن. بۆ نموونە، ئەگەر گریمانەکانی CJT بۆ هەڵبژاردنێک بە ١٠٠٠٠ دەنگدەر جێبەجێ بکرێن و ئەگەر بە ڕێژەی ٥١ لەسەد ئەگەری ئەوە هەبێت کە هەر دەنگدەرێک لە ناو دوو بژاردەدا بڕیارە دروستەکە دەستنیشان بکات، ئەوا بە ئەگەری ٩٩.٩٧% زۆرینەی دەنگدەران بڕیارە دروستەکە هەڵدەبژێرن. بیرکاریی فەرمیی CJT جێگای مشتومڕ نییە. سەرەڕای ئەوە، ڕەخنەگرانی ئارگیومێنتی CJT-تەوەر بۆ دێموکراسی باس لەوە دەکەن کە گریمانە بنەڕەتییەکانی CJT بەدەگمەن، ئەگەر نەڵێین هەرگیز، لە دێموکراسییە ڕاستەقینەکاندا جێبەجێ دەکرێن (سەیری ئەو سەرچاوانە بکەن: Black 1963: 159–65; Ladha 1992; Estlund 1997b; 2008: ch. XII; Anderson 2006). یەکەم، زۆر کەس ئاماژەیان بەوە کردووە کە بیروبۆچوونەکانی دەنگدەران لە یەکتری سەربەخۆ نین. لە ڕاستیدا، پێدەچێت پرۆسەی دێموکراتیک جەخت لەسەر قەناعەتپێهێنان و پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دەکاتەوە. دووەم، پێناچێت تیۆرمەکە لەو حاڵەتانەدا کە تیایاندا ئەو زانیارییانەی کە لەبەردەستی دەنگدەرانن و بەپێی ئەو زانیارییانەی داوەری دەکەن بە شێوازی جۆراوجۆر بەشبەندی کرابێتن، بەکار بهێنرێت. بەشبەندی کاتێک ڕوو دەدات کە چەند بەشێک لە کۆمەڵگە زانیاریی پەیوەندیداریان لەبەردەست نییە، لە کاتێکدا هەندێکی تر لەبەردەستیانە. کۆمەڵگە و سیاسەتە مۆدێرنەکان پێدەچێت ئەم جۆرە بەشبەندییە بەپێی چین، نەژاد، گرووپبەندییە ئەتنیکییەکان، ئایین، پێگەی پیشەیی، هەڵکەوتەی جوگرافیایی و ئەو جۆرە شتانە دەنوێنن. دەرئەنجام، هەموو دەنگدەران بە دەمارگرژیی ئایدیۆلۆژییانەی بەهێز دەڕواننە ئەو بابەتانەی کە دەبێ بڕیاریان لەسەر بدەن، ئەوەش ئەو بانگەشەیە لاواز دەکات کە گوایە هەر دەنگدەرێک لە ڕێگای جۆرێک تێڕوانینی سەربەخۆیانە سەبارەت بە سروشتی مەسڵەحەتی گشتی دەنگ دەدات.

لایەنگرانی ئەو پاساوانەی دێموکراسی کە لەسەر بنەمای تیۆرمی کوندۆرسە دانراون، بەگشتی لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە جۆرە جیاوازەکانی تیۆرمی کۆندرۆسە بە گریمانەی لاوازترەوە، وەڵامی ئەو جۆرە ڕەخنانە دەدەنەوە. ئەم گریمانانە لە دێموکراسییەکاندا ئاسانتر جێبەجی دەکرێن، بۆیە ئەو تیۆرمانەی پێداچوونەوەیان تێدا کراوە ڕەنگە دەرخەری ئەوە بن کە تەنانەت قەبارەیەکی مامناوەندی لە دەنگدەران بە دڵنیاییەوە بڕیارە دروستەکان دەردەکەن (Grofman & Feld 1988; Austen-Smith 1992; Austen-Smith & Banks 1996).

دووەم پاساوی مەعریفییانەی باو بۆ دێموکراسی (کە بەگشتی لە ئەرەستۆ وەرگیراوە) (Politics, Book II, Ch. 11; see Waldron 1995)، باس لەوە دەکات کە ڕێکارە دێموکراتیکەکان بە باشترین شێواز دەتوانن کەڵک لە هەمەجۆریی مەعریفیی بناغەیی گرووپە گەورەکانی هاووڵاتییان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان وەربگرن. لەبەر ئەوەی دێموکراسی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دەهێنێتە ناو پرۆسەی بڕیاردان، دەتوانێت بۆ لێکدانەوەی یاسا و سیاسەتە پێشنیارکراوەکان لە چەندین سەرچاوەی زانیاری و ڕوانگەی جۆراوجۆر کەڵک وەربگرێت. لەم دواییانەدا، هێلێن لەندیمۆر (٢٠١٣) بۆ سەلماندنی ئەوەی کە دەکرێت بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتی پسپۆڕان لە دێموکراسی چاوەڕوانی ئەوە بکرێت بڕیاری باشتر دەر بکات، کەڵکی لە بیردۆزی "زاڵبوونی هەمەجۆری بەسەر توانایی" ئێسکات پاج و لو هۆنگ (Hong & Page 2004; Page 2007) وەرگرتووە کە دەڵێت کۆمەڵێکی هەڕەمەکی لە بکەرانی هەڵبژێردراو لەناو کۆمەڵێکی گەورە لە بکەرانی خاوەن توانای سنووردار، بۆ نموونە لە کۆمەڵێک لە باشترین بکەرەکانی هەمان کۆمەڵ باشتر کارەکان بەڕێوە دەبەن. هەم تیۆرمە سەرەتاییەکەی پاج و هۆنگ و هەم کەڵکوەرگرتنی لەندیمۆر لەو تیۆرمە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دێموکراسی جێگای مشتومڕن (بڕوانە: Quirk 2014; Brennan 2014; Thompson 2014; Bajaj 2014).

سێیەم پاساوی مەعریفییانەی باو بۆ دێموکراسی پشت بەو بیرۆکەیە دەبەستێت کە دەڵێت بڕیاردانی سیاسیی دێموکراتیک بە بەراورد لەگەڵ شێوازەکانی تری بڕیاردان زیاتر بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان و ئەو میکانیزمە هۆکارێتییانەی کە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانیان پێویستن، ڕەچاو دەکات. جۆن دیۆیی دەڵێت دێموکراسی بریتییە لە "ڕاوێژ و گفتوگۆیەک کە پەردە لەسەر پێداویستی و گێرەوکێشە کۆمەڵایەتییەکان لا دەدات". تەنانەت ئەگەر پسپۆڕان بزانن کە کێشە بەکۆمەڵەکان چۆن بە باشترین شێواز چارەسەر دەکرێن، پێویستە بیانخەنە بەردەم خەڵک بۆ ئەوەی دەمارگرژییەکانیان ڕاست بکەنەوە و پێیان بڵێن کە کێشەکان لە کوێن (Dewey 1927 [2012: 154-155]; هەروەها بڕوانە: Anderson 2006; Knight & Johnson 2011).


٣.١.١.٢ . ئارگیومێنتە کەسایەتی-تەوەرەکان

زۆر کەس لەبەر ئەوە ددانیان بە دێموکراسیدا ناوە کە دێموکراسی کاریگەریی بەسوود لەسەر کەسایەتیی هاونیشتمانییان دادەنێت. زۆر کەس لەگەڵ میڵ و ڕۆسۆ سەبارەت بەوەی کە دێموکراسی بە بەراورد لەگەڵ شێوازەکانی تری دەسەڵاتدارێتی زیاتر خەڵک دەخاتە سەرپێی خۆیان هاودەنگن، چونکە دێموکراسی بە بەراورد لەگەڵ پاشایەتی و ڕژێمی بەگزادەیی [ئاریستۆکراسی] وا دەکات کە بڕیاردانی بەکۆمەڵ زیاتر پشت بە زانیارییەکان ببەستێت. لەم ڕووەوە، لە کۆمەڵگە دێموکراتەکاندا تاکەکان هان دەدرێن سەربەخۆتر بن. هەر لەو پەیوەندییەدا، دێموکراسی لە ڕێگای پێدانی پشکێک بە هاووڵاتییان بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاردانی سیاسی، هاووڵاتییان وەکوو کەسایەتیگەلێکی چالاک و بەرهەمهێنەر بار دەهێنێت نەک کەسایەتیی ناچالاک و پاسیڤ. وێڕای ئەوەش باس لەوە کراوە کە دێموکراسی بە بەراورد لەگەڵ فۆرمەکانی تری دەسەڵاتدارێتی خەڵک ناچار دەکات بە شێوەیەکی وردتر و ژیرانەتر بیر بکەنەوە، چونکە چ بەو جۆرە بیر بکەنەوە یاخود نا، دێموکراسی جیاوازییەک لە ئەنجامە سیاسییەکاندا دروست دەکات. دەرئەنجام، هەندێک باس لەوە دەکەن کە دێموکراسی مەیلی بەرزکردنەوەی خسڵەتە ئەخلاقییەکانی هاووڵاتییانی هەیە. کاتێک هاووڵاتییان لە پرۆسەی بریاردان بەشدار دەبن، ناچار دەبن گوێ لە ئەوانی تر بگرن، داوایان لێ دەکرێت قەناعەت بە ئەوانی تر بێنن و هەروەها ناچارن تا ڕادەیەک بەرژەوەندییەکانی ئەوانی تریش ڕەچاو بکەن. هەندێک باسیان لەوە کردووە کە کاتێک خەڵک خۆیان لەو هەلومەرجەدا ببیننەوە، دەکرێت بە ڕاستی چاوەڕوانیی ئەوەیان لێ بکرێت بێ گرێوگۆڵ‌ بەپێی مەسڵەحەتی گشتی و دادپەروەری بیر بکەنەوە. بۆیە، هەندێک باسیان لەوە کردووە کە پرۆسە دێموکراتیکەکان دەیانەوێت پەرە بە سەربەخۆیی، ئاوەزمەندی، چالاکی و ئەخلاقی بەشداربووان بدەن. لەبەر ئەوەی وا بیر دەکرێتەوە کە ئەو کاریگەرییە بەسوودانە لە خۆیاندا بایەخدارن، لە قازانجی دێموکراسی بەرامبەر فۆرمەکانی تری دەسەڵاتدارێتی هەژمار دەکرێن (Mill 1861 [1991: 74]; Elster 1986 [2003: 152]; Hannon 2020).

هەروەها هەندێ کەس باس لەوە دەکەن کە ئەو کاریگەرییە ئاماژەپێکراوانە لەسەر کەسایەتی دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی چۆنایەتی [کوالیتەی] یاسادانانیش. کۆمەڵگەیەکی پێکهاتوو لە بڕیاردەرانی سەربەخۆ، ئاوەزمەند، چالاک و بەئەخلاق بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگەیەکدا کە تاقەکەسێک یان گرووپێکی بچووک بەسەر کەسانێکی کۆیلەئاسا و ناچالاکدا حکوومەت دەکەن، یاسای باشتر دادەنێن. هەڵبەت، ئەوەی کە هەر یەک لەو ئارگیومێنتانەی سەرەوە چەندە ڕاست و دروستن بەستراوەی ئەوەیە کە تیۆرە هۆکارێتییەکانی ئەنجامەکانی دامەزراوە جیاوازەکان چەندە ڕەنگدانەوەی حەقیقەتن.


٢.١.٢. ئارگیومێنتە ئامرازییەکان لە دژی دێموکراسی

هەموو ئارگیومێنتە ئامرازییەکان لە قازانجی دێموکراسی نین. ئەفلاتوون دەڵێت دێموکراسی لە فۆرمە جیاوازەکانی پاشایەتی، ڕژێمی بەگزادەیی [ئاریستۆکراسی] و تەنانەت فەرمانڕەوایی گرووپێکی بچووک [ئۆلیگارشی] نزمترە، لەبەر ئەوەی دێموکراسی دەیەوێت شارەزایی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی باشتری کۆمەڵگەکان لاواز بکات (Plato 1974, Book VI). زۆرینەی خەڵک بێبەرین لەو جۆرە بەهرە زەینییە کە توانای ئەوەیان پێ ببەخشێت بەباشی بیر لە پرسە ئاڵۆزە سیاسییەکان بکەنەوە. بەڵام بۆ بەدەستهێنانی کورسیی دەسەڵات یان پەسەندکردنی یاسایەک، سیاسەتوانان دەبێ پەنا بۆ تێگەیشتنی ئەو خەڵکە ببەن سەبارەت بەوەی کە چی دروستە و چی دروست نییە. کە وا بێت، دەوڵەت بە هەندێ ئایدیای لاواز ڕێنوێنی دەکرێت کە پسپۆڕان بە دەستکاریکردن و پێداچوونەوەی گشتی تیایاندا بە مەبەستی یارمەتیدانی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی کورسیی دەسەڵات کەڵکیان لێ وەردەگرن. ئەفلاتوون بە پێچەوانەوە دەڵێت، پێویستە دەوڵەت لە لایەن فەیلەسووف-پاشاکانەوە بەڕێوە ببرێت کە خاوەن کەسایەتییەکی زانا و بەئەخلاقن کە بۆ دەسەڵاتدارێتیی باش پیویستن. کەوابوو ئەفلاتوون بەرگری لە فۆرمێک لە دەسەڵات دەکات کە دەیڤید ئیستون بە "مەعریفەسالاری" ناودێری دەکات، واتە فۆرمێک لە دەسەڵاتدارێتیی گرووپێکی بچووک [ئۆلیگارشی] کە بریتییە لە دەسەڵاتدارێتیی پسپۆڕان (Estlund 2003).

"میڵ" لە فۆرمێک لە مەعریفەسالاری بەرگری دەکات کە هەندێ جار بە گەڵاڵەی "دەنگدانی فرەچەشن" ناو دەبرێت (1861: ch. 4). لە کاتێکدا بەپێی ئەو گەڵاڵەیە هەموو بەتەمەنە ئاقڵەکان لانیکەم دەنگێکیان دەبێت، هەندێ لە هاووڵاتییان لەسەر بنەمای هەندێ پێوەری شارەزایی سیاسی دەنگی زیاتریان دەبێت. لە کاتێکدا میڵ ئەو پێوەرانەی پەیوەندییان بە شارەزاییەوە هەیە بەپێی پەروەردەی فەرمی دەستنیشان دەکات، گەڵاڵەی دەنگدانی فرەچەشن لەگەڵ هەندێ پێوەری تردا یەک دەگرێتەوە. ڕەنگە وا بیر بکرێتەوە کە ئەم گەڵاڵەیە بەهای ئامرازییانەی شارەزایی سیاسی لەگەڵ بەهای ناوەکیی لەخۆگرتنی بەربڵاو تێکەڵ دەکات.

یەکێک لە ڕەخنەکان لە هەر فۆرمێک لە مەعریفەسالاری (ڕەخنەی دێموگرافییانە) پێی وایە هەر پێوەرێکی شارەزایی یان پسپۆڕی ئەگەری زۆرە ئەو تاکانە دەستەبژێر بکات کە لە ڕووی دێموگرافییەوە هاوچەشەن و یەکجۆرن کە بە شێوەیەک دەمارگرژن کە توانای بەرهەمهێنانی ئەنجامی سیاسیی ئەو کەسانە بۆ پەرەپێدان بە خۆشبژێویی گشتی لاواز دەکات (Estlund 2003).

هابز دەڵێت پاشایەتی لە دێموکراسی باشترە، چونکە دێموکراسی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناتەبایی ناسەقامگیر لە نێوان هاونیشتمانییاندا (Hobbes 1651: chap. XIX). بە بۆچوونی هابز، هاووڵاتییان و تەنانەت سیاسەتوانان سەبارەت بە چۆنیەتیی یاسادانان هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن، چونکە هیچ کەس جیاوازییەکی ئەوتۆ لە ئەنجامەکانی بڕیارداندا دروست ناکات. دەرئەنجام، کەڵکەڵەی هاووڵاتییان سیاسەت نییە و سیاسەتوانان تەنیا لە ڕێگای دەنگهەڵبڕین و دەستکاریکردنی داواکاریی هاووڵاتییان بە مەبەستی بەدەستهێنانی هێزی زیاتر سەر دەکەون، بەڵام هیچ یەک لەو سیاسەتوانانە ناورووژێن ئەو ڕوانگانە ڕەچاو بکەن کە بێ گڕوگێڵ لە مەسڵەحەتی گشتیدان. بۆیە، هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەنجامەکان، نیگەرانیی سیاسەتوانان سەبارەت بە مەسڵەحەتی گشتی لاواز دەکات و بەرەو ڕاکێشانی تاقم و دەستەخوازانە و دووبەرەکییانەی هاووڵاتییان ڕایان دەکێشێت.

زۆرێک لە تیۆرزانە هاوچەرخەکان پەرەیان بەو ڕەخنە ئەفلاتوونی و هابزییانە داوە. ژمارەیەکی زۆر داتای ئەزموونی دەرخەری ئەوەن کە هاووڵاتییانی دێموکراسییە گەورەکان بە نیسبەتی سیاسەت بێئاگا و کەمتەرخەمن. ئەوەش بوار بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ڕەفتاری سیاسەتوانان کۆنترۆڵ بکەن و دەوڵەت بۆ ئامانجە سنووردارەکانیان بەکار بهێنن و هاوکات تێچووەکان بەسەر هەموواندا دابەش بکەن. جگە لەوە، بەڵگەی ئەزموونی لە ئارادان سەبارەت بەوەی کە هاووڵاتییانی دێموکرات زۆر جار سەرقاڵی ئیستیدلالی هاندەرانەن کە ئامانجەکەی بە شێوەیەکی نائاگایانە زیاتر لەوەی حوکمدانی دروست بێت سەلماندنی ناسنامە سیاسییە هەبووەکانیانە (Lord, Ross, & Lepper 1979; Bartels 2002; Kahan 2013; Achen & Bartels 2016). هەندێ لە تیۆرزانان باس لەوە دەکەن کە ئەم تێبینییانە ڕەوایی بە دەستهەڵگرتنی بەتەواوەتی لە دێموکراسی دەدەن، ئەوە لە کاتێکدایە نوسخە پوختەکانی ئەم ئارگیومێنتە بۆ پاساودانی چاکسازی و ڕاستە و پاستەکردنی دامەزراوە دێموکراتییەکان بەکار هاتوون (Caplan 2007; Somin 2013; Brennan 2016). هەر لەو پەیوەندییەدا، هەندێک لە تیۆرزانان دەڵێن دێموکراسی زیاتر لەوەی کاریگەریی بەسوودی لەسەر کەسایەتیی هاونیشتمانییان هەبێت وەک چۆن میل و کەسانی تر دەڵێن، لە واقیعدا کاریگەرییەکی زیانبەخش لەسەر کەسایەتی و پەیوەندییەکانی هاونیشتمانییان دادەنێت (Brennan 2016: ch. 3).


٣.١.٢. ڕەگوڕیشەی ئامرازگەرایی

ئامرازگەرا پەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم ئارگیومێنتە ئامرازییانە لە لایەنگری یاخود لە دژی پرۆسەی دێموکراسی تاقە بنەمایەکە کە دەکرێت پاساوەکانی دێموکراسیی پێ هەڵبسەنگێندرێت یان لەگەڵ فۆرمەکانی تری بڕیاردانی سیاسی بەراورد بکرێت. چەند جۆری جیاوازی ئارگیومێنت بۆ ئامرازگەرایی پەتی لە ئارادان. یەکێک لە ئارگیومێنتەکان لە تیۆرێکی ئەخلاقییانەی گشتگیرترەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ نموونە، قازانجگەرایی [سوودگەرایی] کلاسیک لە بەهاناسیی [زانستی بایەخ و نرخ] مۆنیستیی خۆیدا جێگایەکی بۆ بەها ناوەکییەکانی دادپەروەری و ئازادی یان گرنگیی ناوەکیی دابەشبوونی یەکسانخوازانەی دەسەڵاتی سیاسی نییە. قازانجگەرایی کلاسیک بە گەیاندنی قازانج بە باڵاترین ئاستی خۆی (کە وەکوو چێژ یان بەدیهاتنی حەز ناسراوەتەوە) تاقە کەڵکەڵەی بریتییە لە زەمانەتکردنی ئەوەی کە تەنیا دەتوانێت ئارگیومێنتە ئامرازییەکان لە قازانج یا لە دژی دێموکراسی بخاتە ڕوو.

بەڵام بۆ باسکردن لە ئامرازگەرایی لە تیۆری دێموکراسیدا، پێویست ناکات مرۆڤ قازانجگەرایەکی تۆخ بێت. هەندێ ئارگیومێنت لە قازانجی ئامرازگەرایی لە ئارادان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پرسی دێموکراسی و بەگشتی بڕیاردانی بەکۆمەڵەوە هەیە. یەکێک لە ئارگیومێنتەکان دەڵێت کە دەسەڵاتی سیاسی بریتییە لە سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسیی دەستەیەک بەسەر دەستەیەکی تردا. هەروەها باس لەوە دەکات کە سەپاندنی دەسەڵاتی کەسێک بەسەر ئەوانی تردا تەنیا بە گەڕانەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان یان مافەکانی ئەو کەسەی کە دەسەڵات بەسەریدا دەسەپێت، پاساو دەدرێت. کە وا بێت، هیچ جۆرە دابەشکردنێکی دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێت پاساوهەڵگر بێت، مەگەر بە گەڕانەوە بۆ چۆنیەتیی دەرئەنجامەکانی پرۆسەی بڕیاردان (Arneson 1993 [2002: 96–97]; 2003; 2004; 2009). جۆرێکی تر لە ئارگیومێنت بۆ ئامرازگەرایی بە شێوەی نەرێنی بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدات ئەوە دەربخات کە بەها نائامرازییەکان کە زۆر جار هەوڵی پاساودانی دێموکراسی دەدەن، بە حەقیقەت دێموکراسی پاساو نادەن، و بۆیە پاساوی ئامرازییانەی دێموکراسی تاقە جۆری پاساوهێنانەوەی بەردەستە (Wall 2007).

ئارگیومێنتەکانی تر گومان دەخەنە سەر یەکگرتوویی بیرۆکەی پرۆسەکانی بڕیاردانی بەکۆمەڵ کە ئیدیعا دەکرێت لەخۆیاندا دادوەرانەن. بۆ نموونە، تیۆری دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی ئەو بیرۆکەیە دەباتە ژێر پرسیار کە گوایە دەکرێت کارکردێکی بڕیاردانێکی دادوەرانە لە ئارادا بێت کە دەتوانێت دەستەیەک یەکەمێتیی تاکەکەسی بگۆڕێت بۆ یەکەمێتیی بەکۆمەڵی ئەقڵانی. چەقی ڕەخنەکە ئەوەیە کە ناکرێت هیچ قانوونێکی گشتی دابڕێژرێت کە تەنگوچەڵەمە لۆژیکییەکان چارەسەر بکات و بتوانێت دەستەیەک یەکەمێتیی تاکەکەسی بگۆڕێت بۆ یەکەمێتیی کۆمەڵایەتیی ئەقڵانی. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ڕێکارە دێموکراتیکەکان ناتوانن لەخۆیاندا دادوەرانە بن (Riker 1982: 116). ڕۆناڵد دۆرکین دەڵێت بیرۆکەی یەکسانی [بەرابەری]، کە پێی وایە بنچینەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، ناتوانێت ڕاڤەیەکی یەکپارچە و بڕواپێکراو بخاتە ڕوو کاتێک دێتە سەر دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەناو ئەندامانی کۆمەڵگەدا. پەیوەندیی سیاسەتوانان و هاووڵاتییان بەناچار نایەکسانیی لێ دەکەوێتەوە. پرۆسەی ڕاوێژی دێموکراتیک بەناچار بەو کەسانەی کە توانای ئارگیومێنتی زیاتریان هەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی تر، توانا و مەیلی بەشداریکردنی کاریگەرتر و بەهێزتریان پێ دەبەخشێت، بۆیە یەکسانیی دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێت لەخۆیدا بەئینسافانە یان دادپەروەرانە بێت (Dworkin 2000). دۆرکین لە کارەکانی دواتریدا لەم ئامرازگەرایی تەواو و پەتییە سەرەتاییە وەرگەڕاوەتەوە (Dworkin 1996).


٢.٢. نائامرازگەرایی

ژمارەیەکی کەم لە تیۆرزانان نکۆڵی لەوە دەکەن کە دامەزراوە سیاسییەکان دەبێ لانیکەم تا ڕادەیەک بەپێی دەرئەنجامەکانی هەبوونی ئەو دامەزراوانە هەڵبسەنگێندرێن. هەروەها هەندێک باس لەوە دەکەن کە هەندێ لە شێوازەکانی بڕیاردان بە چاوپۆشین لە دەرئەنجامەکانی هەبوونیان، لە ڕووی ئەخلاقییەوە خوازراو و شیاون. لە چەندین ڕوانگەی جۆراوجۆر بۆ نیشاندانی ئەوەی کە دێموکراسی ئەم بایەخە ناوەکییەی هەیە، کەڵک وەرگیراوە.


١.٢.٢. ئازادی

یەکێک لە پاساوە بەناوبانگەکانی دێموکراسی ئاماژە بە بەهای ئازادی دەکات. بەپێی نوسخەیەکی ئەم ڕوانگەیە، دێموکراسی لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە کە هەر کەسێک دەبێت بڕیار لەسەر خۆی و ژیانی خۆی بدات. ژیانی هەر کەسێک تا ڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی، یاسایی و کلتوورییە گەورەترەدایە کە تێیدا دەژیێت. تەنیا ئەوکاتەی کە هەر کەسێک قسە و دەنگی یەکسانی لە پرۆسەی بڕیاردانی بەکۆمەڵدا هەبێت، دەتوانێت بە شێوەی یەکسان بەسەر ئەو ژینگە گەورەیەدا کۆنترۆڵی هەبێت. بیرمەندانێکی وەکوو کارۆڵ گولد دەگەنە ئەو ئەنجامە کە تەنیا کاتێک کە جۆرێک لە دێموکراسی جێبەجێ بکرێت، تاکەکان شانسی خودموختارییان دەبێت (Gould 1988: 45–85). لەبەر ئەوەی کە تاکەکان مافی خودموتارییان هەیە، مافی بەشداریکردنی دێموکراتیکیشیان هەیە. بیرۆکەکە ئەوەیە کە مافی خودموختاری مافێک بە تاک دەبەخشێت، کە لە چوارچێوەیەکدا هەڵە بکات. ڕێک بەو جۆرەی کە تاک مافی ئەوەی هەیە کە هەندێ بڕیاری خراپ بۆ خۆی بدات، گرووپێک لە تاکەکانیش سەبارەت بە چالاکییە هاوبەشەکانیان مافی بڕیاردانی خراپ یان نادادپەروەرانەیان بۆ خۆیان هەیە.

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەم ئارگیومێنتە ئەوەیە کە پێدەچێت پێویست بێت کۆدەنگی یان یەکدەنگی لەسەر یاسای بنەڕەتیی بڕیاردان هەبێت. ئەگەر هەر کەسێک دەبێت بە شێوەی ئازادانە ئەو ئەنجامانە هەڵبژێرێت کە دەیبەستنەوە یان پابەندی دەکەن، ئەوا ئەوانەی دژایەتیی بڕیارەکە دەکەن خودموختار نین. ئەوان لە ژینگەیەکدا دەژین کە لە لایەن کەسانی ترەوە بەسەریاندا سەپاوە. بۆیە تەنیا کاتێک کە هەمووان لەسەر بڕیارێک هاودەنگ بن، ئازادانە دان بە بڕیارەکەدا دەنێن (Wolff 1970: ch. 2). کێشە ئەوەیە کە بەدەگمەن سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکان لە سیاسەتدا هاودەنگی دێتە ئاراوە. بە حەقیقەت، پێدەچێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەبوونی ڕێکارەکانی بڕیاردانی سیاسی ئەوەیە کە ئەو ڕێکارانە دەتوانن سەرەڕای ناکۆکی، کێشەکان چارەسەر بکەن.

ئارگیومێنتێکی ئازادی-تەوەرانە کە پێدەچێت لەم نیگەرانییە خۆی دەرباز بکات، پەنا بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی بەکۆمەڵ دەبات کە داناشکێنرێت. زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە کۆمەڵگە سیاسییەکان وەکوو کۆمەڵگە مافی ئەوەیان هەیە خۆیان لە ڕووی سیاسییەوە بەپێی بەها و پڕەنسیپەکان یاخود پابەندبوونەکانیان ڕێک بخەن. هەندێک باس لەوە دەکەن کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی بەکۆمەڵ پێویستیی بە دامەزراوە دێموکراتییەکان هەیە کە مافی کۆنترۆڵکردنی بەکۆمەڵی پێکهاتە سیاسی و یاساییەکان بە هاووڵاتییان ببەخشن (Cassese 1995). سەرەڕای ئەوە، زۆرێک باس لەوە دەکەن کە دامەزراوە دێموکراتییەکان بۆ بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی بەکۆمەڵ تەواوکەر بەڵام ناپێویستن، چونکە ڕەنگە کۆمەڵگە سیاسییەکان ئەو مافە بۆ جێبەجێکردنی دامەزراوە نادێموکراتییەکان بەکار بهێنن (Altman & Wellman 2009; Stilz 2016).


٢.٢.٢. دێموکراسی وەکوو پاساوی گشتی

پاساوێکی تری نائامرازییانەی دێموکراسی پەنا بۆ بیرۆکەی پاساوی گشتی دەبات. ئایدیای پشتی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە یاساکان و سیاسەتەکان تا ئەو جێگایە ڕەواییان هەیە کە بە ئاشکرا بۆ هاووڵاتییانی کۆمەڵگە پاساوی گشتییان هەبێت. پاساوی گشتی پاساوێکە بۆ هەر هاووڵاتییەک لە ئەنجامی باسێکی ئازاد و لۆژیکی لە نێوان تاکە یەکسان و بەرابەرەکاندا.

تیۆری گوتاری دێموکراسیی ڕاوێژکارانەی یورگێن هابێرماس کاریگەریی بەرچاوی هەبووە لە پەرەسەندنی ئەم ڕوانگەیەدا. هابێرماس فۆرم و کارکردی سیستەمە دەستوورییە هاوچەرخەکانی لە سۆنگەی تیۆری کردەی پەیوەندیسازانە شی دەکاتەوە. بەرهەمی ئەم شیکارییە پڕەنسیپێکی دێموکراتیکە:

تەنیا ئەو یاسا و ڕێسایانە دەتوانن بانگەشەی ڕەواییبوون بکەن کە دەتوانن لەگەڵ ڕەزامەندیی هەموو هاووڵاتییان لە پرۆسەیەکی یاسادانانی گوتارییانە کە ئەویش بەپێی دەستوور دانراوە، دەقاودەق بن. (Habermas 1992 [1996: 110]).

هابرماس واتایەک لە ڕەوایی دێموکراتیک دێنێتە ئاراوە کە بەو پێیە دەستوور تەنیا کاتێک ڕەوایی هەیە کە بەرهەمی پرۆسەیەکی ئازاد و گشتگیری "چێبوونی بۆچوون و ئیرادە" بێت. ئاخۆ پرۆسەیەکی لەم شێوەیە لە کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆز و جیاوازدا چۆن دەبێت؟ هابێرماس بە هێنانەئارای مۆدێلێکی "دوو ئاراستەیی" وەڵام دەداتەوە کە بریتییە لە تێگەیشتن لە ڕەوایی دێموکراتییانە بەپێی پەیوەندیی نێوان ناوەندەکانی ڕاوێژکاریی دامەزراوەیی (بۆ نموونە، یاسادانەران، دامودەزگاکان و دادگاکان) و پەیوەندییە نافەرمییەکانی ژینگەی گشتی کە " شڵەژاوە" و بە شێوەی ناوەندی هاوئاهەنگ نییە.

ڕەنگە یەکێک لە ڕەخنەکان لەم ڕوانگەیە ئەوە بێت کە ڕێکارە دێموکراتیکە ئازاد و گشتگیرەکان بۆ بەدیهێنانی داخوازی کۆدەنگی ڕاوێژکارانە کە لە پڕەنسیپی دێموکراتیکدا خۆی نواندووە، بەس نین. ناشێت ئەم داخوازییە لە کۆمەڵگە هەمەجۆرەکاندا بەدی بێت، چونکە پێدەچێت ناکۆکییە قووڵەکان سەبارەت بەوەی کە کام یاسایانە دەبێت پەسەند بکرێن، دوای پرۆسەی پەیوەندیدار بە چێبوونی ڕا و ئیرادە درێژەیان دەبێت. بۆیە ڕەنگە وا بیر بکرێتەوە کە پڕەنسیپی دێموکراتیک واتایەکی لەڕادەبەدەر ئایدیالیستی لە ڕەوایی دێموکراتیک لەخۆ دەگرێت (Estlund 2008: ch.10). ڕەنگە نیگەرانییەکی تر ئەوە بێت کە پڕەنسیپی گوتار، پڕەنسیپێکی ئەخلاقییانەی ڕەسەن نییە، بەڵکوو پڕەنسیپێکە کە مەرجەکانی بەختەوەریی گوتاری پراکتیکی لەخۆ دەگرێت. بەم شێوەیە، پڕەنسیپی گوتاری ناتوانێت واتایەک لە ڕەوایی دێموکراتیک کە دابودەستووری ئەخلاقییانەی بەهێز لەخۆ بگرێت، بێنێتە ئاراوە (Forst 2016).

جاشوا کوهێن (1996 [2003]) بە پشتبەستن بە هابرماس و جۆن ڕالز، واتایەک لە دێموکراسی دێنێتە ئاراوە کە تیایدا هاووڵاتییان یاسا و سیاسەتەکان بەپێی ئەو هۆکارانەی کە بە شێوەی دوولایەنە شیاوی پەسەندن پاساو دەدەن. دێموکراسی، ئەگەر بە دروستی لێی تێ بگەین، بەستێنێکە کە تیایدا تاکەکان بە شێوەیەکی ئازادانە لە پرۆسەی گفتوگۆ و مشتومڕی بەڵگەمەندا و لە پێگەیەکی یەکساندا بەشداری دەکەن. بیرۆکەی ئازادی و یەکسانی هەندێ ڕێنوێنی بۆ پەیکەربەندیی دامەزراوە دێموکراتییەکان دەخاتە ڕوو.

ئامانجی پێناسەی کوهێن لە دێموکراسی وەکوو پاساوێکی گشتی بریتییە لە کۆدەنگییەکی بەڵگەمەند لەناو هاووڵاتییاندا. بەڵام گرفتێکی سەرەکی کاتێک سەر هەڵدەدات کە ئێمە پرسیار بکەین ئەگەر ناکۆکی درێژەی هەبێت چی ڕوو دەدات. دوو وەڵامی شیمانەکراو پێشنیار کراون. جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەندێ فۆرمی کۆدەنگیی لاوازتر لە کۆدەنگیی تەواو بۆ پاساودانی گشتی بەسن و جۆرە لاوازترەکانی کۆدەنگی لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا شیاوی دەستپێڕاگەیشتنن. بۆ نموونە، ڕەنگە سەبارەت بە لیستی ئەو هۆکارانەی کە بەگشتی شیاوی پەسەندن کۆدەنگی لە ئارادا بێت، بەڵام سەبارەت بە قورسایی هۆکارە جیاوازەکان جیاوازیی بیروبۆچوون لە ئارادا بێت. یان ڕەنگە سەبارەت بە هۆکارە گشتییەکان کە بە شێوەی زەینی دەرکیان پێ کراوە هاودەنگی هەبێت، بەڵام سەبارەت بە ڕاڤە تایبەتەکانی ئەو هۆکارانە جیاوازیی بیروبۆچوون هەبێت. ئەوەی کە پێویستە لێرەدا نیشان بدرێت ئەوەیە کە ئاوا کۆدەنگییەکی لاواز لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا دەستی پێ ڕادەگات و ئەو ناکۆکییانەی کە دەمێننەوە لەگەڵ بیرۆکەی پاساوی گشتیدا ناتەبا نین.

پێدەچێت پڕەنسیپی سەرەکی بریتی بێت لە پڕەنسیپی تێگەیشتوویی کە بەو پێیە ئەو کەسە تێگەیشتووانە تەنیا پڕەنسیپگەلێک بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەی خۆیان دەخەنە ڕوو کە تێگەیشتووەکانی تر دەتوانن بە شێوەیەکی ئەقڵانی دانیان پێدا بنێن. هەر کەس تەنیا ئەو پڕەنسیپانە پێشنیار دەکات کە ئەوانی تر، کە بە هەمان شێوە سنوورێک بۆ خۆیان دیاری دەکەن، دەتوانن دانیان پێدا بنێن. ئاوا پڕەنسیپێک دەلالەت لە جۆرە پڕەنسیپێکی خۆپارێزانە دەکات کە وا دەکات کەسانی تێگەیشتوو خۆیان ببوێرن لە پێشنیاردانی یاسا و سیاسەتەکان بەپێی پڕەنسیپە ئەخلاقییە یان فەلسەفییە مشتومڕهەڵگرەکان. کاتێک تاکەکان پڕەنسیپگەلێک بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەکەیان پێشنیار دەکەن، پێویست ناکات پەنا بۆ حەقیقەتی گشتی ببەن بەو جۆرەی کە دەیبینن، بەڵکو تەنیا پێویستە پەنا بۆ ئەو بەشەی لە حەقیقەتی گشتی ببەن کە ئەوانی تر دەتوانن بە شێوەیەکی لۆژیکی دانی پێدا بنێن. ڕالز بەو شێوەیە باس لەو بابەتە دەکات: کۆمەڵگەی سیاسی دەبێت بەو پڕەنسیپگەلە ڕێک بخرێت کە بە تێکڕا کۆدەنگییان لەسەرە (Rawls 2005: Lecture IV). ئەوە بە واتای پێویستنەبوونی کۆدەنگیی تەواوە لەسەر ئەو پڕەنسیپانە کە کۆمەڵگە ڕێک دەخەن.

سەرەڕای ئەوە، تێگەیشتن لەوەی کە چۆن ئەو ڕوانگە خۆی دەبوێرێت لە پێویستیی کۆدەنگیی تەواو زەحمەتە، کە زۆر دوورە تەنانەت لە کۆمەڵگەیەکی هەمەڕەنگی مامناوەندیش بێتە ئاراوە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە دیار نیییە بۆچی کاتێک من یاسا یان سیاسەتێک بۆ کۆمەڵگە پێشنیار دەکەم، کەمتر فشار دەکەوێتە سەرم بۆ ئەوەی ڕەچاوی ئەو تێبینییانە بکەم کە کەسانی تێگەیشتووی تر دانیان پێدا دەنێن بە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتەی کە هەوڵ دەدەم یاسایەک لەسەر بنەمای ئەو هۆکارانە دابنێم کە بە ئەقڵانی ڕەتی دەکەنەوە. چونکە ئەگەر من بەم شێوەیە خۆم سنووردار بکەم، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیەی کە تیایدا دەژیم بەو پێوەرانە ناژیت کە پێم وایە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگە پێویستن. کە وا بێت دەبێ من لە کۆمەڵگەیەکدا بژیم و پشتیوانیی لێ بکەم کە لەگەڵ تێگەیشتنی من لە چۆنیەتیی ڕێکخستنی ناتەبایە. دیار نییە بۆچی ئەمە بۆ ئەو کەسانەی کە دەبێ لە کۆمەڵگەیەکدا بژین کە تا ڕادەیەک بەو پڕەنسیپانە ڕێک دەخرێت کە ئەوان دانیان پێدا نانێن، کەمترە لە لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر کۆمەڵگەدا. ئەگەر یەکێکیان کێشە بێت، ئەوا ئەوی تریش کێشەیە، بۆیە کۆدەنگیی تەواو تاقە چارەسەرە (Christiano 2009).


٣.٢.٢. یەکسانی

زۆرێک لە تیۆرزانانی دێموکراتیک باسیان لەوە کردووە کە دێموکراسی شێوازێکی مامەڵەکردنە لەگەڵ تاکەکان وەکوو کەسانی یەکسان، کاتێک هۆکارێکی باش بۆ داسەپاندنی جۆرێک ڕێکوپێکی و تەکووزی [ڕێکخستن] بەسەر ژیانی هاوبەشیاندا لە ئارادایە، بەڵام جیاوازیی بیروڕایان هەیە سەبارەت بە باشترین شێوازی جێبەجێکردنی. پیتێر سینگێر باس لەوە دەکات کە کاتێک خەڵک پێداگری لەسەر شێوازە جیاوازەکانی ڕیزبەندکردنی گونجاوی پرسەکان دەکەن، هەر کەسێک بە جۆرێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە مافی خۆسەپاندنی بەسەر ژیانی هاوبەشیاندا هەیە (Singer 1973: 30–41). بەڵام ناکرێت کۆتایی بە هەموو ئەم بانگەشانە بۆ دیکتاتۆریەت بهێنرێت. دێموکراسی دەرکەوتەی جۆرێک لە سازان یا پێکهاتنی ئاشتیخوازانە و دادوەرانەیە لەناو ئەم بانگەشە لێکدژانەدا بۆ دەسەلاتدارێتی. هەر یەکیان بە ڕادەی ئەوانی تر سەبارەت بەو شتەی کە بانگەشەی بۆ دەکات سازش دەکات، کەوابوو هەر یەکیان مافی یەکسانیان لە بڕیارداندا هەیە. لە ڕاستیدا، بڕیاردانی دێموکراتیک بە پێدانی مافی دەربڕینی یەکسان بە تاکەکان سەبارەت بەوەی کە لە کاتی ناکۆکی و بیروبۆچوونی جیاوازدا دەبێ چی بکەن، ڕێز لە هەر جۆرە بیروبۆچوونێکی تاکەکەسی سەبارەت بە کەڵکەڵە هاوبەشەکان دەگریت (Singer 1973; Waldron 1999: chap. 5).

ئەگەر خەڵک سەبارەت بە میتۆدی دێموکراتیک یان ئەو فۆرمە تایبەتەی کە دێموکراسی دەیهێنێتە ئاراوە ناکۆک بن، چی ڕوو دەدات؟ ئایا دەتوانین لە ڕێگای ڕێکارێکی باڵاترەوە بڕیار لەسەر ئەم پرسیارانەی دوایی بدەین؟ و ئەگەر سەبارەت بە ڕێکاری باڵاتر ناکۆکی لە ئارادا بێت، ئایا دەبێ بە شێوەیەکی دێموکراتیک بڕیار لەسەر ئەو پرسیارەش بدەین؟ پێدەچێت ئەم ڕوانگەیە ببێتە هۆی پاشڤەچوونێکی بێکۆتایی.

شێوازێکی بەدیلی پاساودانی دێموکراسی لەسەر بنەمای یەکسانی، داڕشتنی بناغەی دێموکراسی لەسەر بنەمای پڕەنسیپی یەکسانیی گشتییە. یەکسانیی گشتی بریتییە لە پڕەنسیپێکی یەکسانی کە زەمانەت دەکات خەڵک دەتوانن دڵنیا بن بە شێوەی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەم ڕوانینە لە سێ بیرۆکەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکەم، بیرۆکەیەکی سەرەکیی یەکسانیخوازی لە ئارادایە سەبارەت بەوەی کە دەبێت بەرژەوەندییەکانی خەڵک بە شێوەی یەکسان پێش بخرێن یان لانیکەم خەڵک دەرفەتی یەکسانیان هەبێت بۆ پێشخستنیان. دووەم، مرۆڤەکان بەگشتی تێگەیشتنێکی خەتاهەڵگر و دەمارگرژانەیان هەیە سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ئەوانی تر. سێیەم، تاکەکان بەرژەوەندیی بنەڕەتییان هەیە لەوەدا کە تێبگەن بە شێوەی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. یەکسانیی گشتی پڕەنسیپێکی یەکسانیخوازانەیە کە سەرەڕای ئەو فۆرمە ناتەواوانەی مەعریفە کە خەڵک هەیانە، دەتوانێت لەناو تاکەکاندا پراکتیزە بکرێت. ئەوە تەواوی دادپەروەری نییە، بەڵام زۆر گرنگە ئەو پڕەنسیپە لە کۆمەڵگەیەکی فرەچەشندا بەدی بێت.

کاتێک جیاوازیی بەرچاوی بیروڕا و ناکۆکیی بەرژەوەندییەکانی تاکەکان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێکهێنانی ئەو کۆمەڵگەیەی تیایدا بەشدارن لە ئارادایە، دێموکراسی شێوازێکی یەکسانیخوازانەی گشتیی ناوازەیە بۆ بڕیاردانی بەکۆمەڵ. هاوکات کە بە ئاشکرا لە بەرامبەر دەمارگرژی و بەهەڵەچووندا مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هەموواندا دەکرێت، هەمووان دەتوانن لەوە تێ بگەن کە تاقە ڕێگای شیاو بۆ سەرکەوتن بەسەر جیاوازیی بەردەوامی بیروبۆچوونەکان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێکهێنانی ئەو کۆمەڵگەیەی کە هەمووان تێیدا دەژین، ئەوەیە کە بە هەر کەسێک لە پرۆسەی پێکهێنانی ئەو کۆمەڵگەیەدا مافی یەکسان بدرێت. بەم چەشنە، دێموکراسی بۆ بەدیهێنانی یەکسانیی گشتی لە کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا پێویستە. لەناو چوارچێوەی دیاریکراو لە ڕێگای ئەم یەکسانییە بەدیهاتووەدا، ڕێگا بە تاکەکان دەدرێت هەوڵی هێنانەدی بیرۆکە تایبەتەکانیان سەبارەت بە دادپەروەری و مەسڵەحەتی گشتی بدەن کە پێیان وایە دروستن.

ئایدیای یەکسانیی گشتییش هەندێ ئاستەنگ بۆ بڕیاردانی دێموکراتیک دروست دەکات. وا وێنا دەکرێت کە کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بە شێوەیەکی دێموکراتیک بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مافە دێموکراتیکەکانی هەندێ لە ئەندامانی خۆی بدات. هەروەها یەکسانیی گشتی پێویستی بەوەیە کە ڕێز لە مافە بنچینەیی و لیبرالییەکانیش لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دێموکراتیکەوە بگیرێت، بۆیە وەکوو سنوورێک بۆ بڕیاردانی دێموکراتیک دەبینرێت (Christiano 2008; Valentini 2013).

ئەم ڕوانگەیە هەڵگری هەندێ نیگەرانییە. یەکەم، بەگشتی وا بیر دەکرێتەوە کە حوکمی زۆرینە پێویستی بە مامەڵەکردنی یەکسان لەگەڵ تاکەکان لە پرۆسەی بڕیاردانی بەکۆمەڵدایە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە تەنیا حوکمی زۆرینە بە بەراورد لەگەڵ بەدیلەکانیدا لە بڕیارداندا بێلایەنە. کۆدەنگی هەر وەکوو شێوازە جۆراوجۆرەکانی حوکمی زۆرینەی ڕەها لە قازانجی دۆخی هەنووکەییە. بەڵام ئەگەر بەو جۆرە بێت، ئەو ڕوانگەیەی سەرەوە دوو مەترسی، واتە خۆسەپێنیی زۆرینە و کەمینە هەتاهەتاییەکانی لێ دەکەوێتەوە، واتە گرووپێک لەو کەسانەی کە هەمیشە خۆیان بە دۆڕاوی بڕیارەکانی زۆرینە دەبیننەوە. بە دڵنیاییەوە ئەم دوو دیاردە لەگەڵ یەکسانیی گشتیدا ناتەبان. دووەم، ئەو جۆرە ڕوانینە کە لە سەرەوە داکۆکیی لێ کرا، دەکرێت ئەو نیگەرانییەی لێ بکەوێتەوە کە یەکسانیی سیاسی لە هیچ دەوڵەتێکی مۆدێرندا کە دابەشبوونی ئاڵۆزی کاری تێدایە و پێویستی بە نوێنەرایەتییە، ئایدیاڵێکی یەکپارچە نییە. ئەم دوایین نیگەرانییە بە وردەکاریی زیاترەوە لە بەشەکانی داهاتوودا کە سەبارەت بە هاووڵاتیی دێموکراتیک و نوێنەرایەتیی یاسادانانە، تاوتوێ دەکرێت. نیگەرانیی یەکەم زیاتر لە باسەکان سەبارەت بە ئاستەنگەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک باسی لێ دەکرێت.

ڕوانگەیەکی هاوپەیوەند، ڕەچەڵەکی دێموکراسی دەگەڕێنێتەوە بۆ بیرۆکەی یەکسانیی پەیوەندییانە. یەکێک لە نیگەرانییەکان سەبارەت بە یەکسانیی پەیوەندییانە بریتییە لە نیگەرانی سەبارەت بە "پەیوەندییە مرۆییەکان کە لانیکەم لە هەندێ لایەنی ئێجگار گرنگەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی پلە و پایە، هێز و پێگە ڕێک نەخراون". (Scheffler 2010: 225)

نیکۆ کۆلۆدنی دەڵێت دامەزراوە دێموکراتییەکان توخمی پێویستی یەکسانیی پەیوەندییانەن (Kolodny 2014a,b). یەکێک لە هێڵەکانی ئارگیومێنتی کۆلۆدنی ئەوەیە کە بڕیارە سیاسییەکان هەڵگری بەکارهێنانی هێزن. نایەکسانییەکان لە دەسەڵاتی بەکار‌هێنانی هێزدا لانیکەم تا ڕادەیەک دۆخی کۆمەڵایەتیی یەکسان تێک دەدات، چونکە دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێز دەسەڵاتێکە کە "بەگشتی دابەشبوونی دەسەڵاتەکانی تر یەکلایی دەکاتەوە" (Kolodny 2014b: 307). ئەو کەسانەی کە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی تر دەسەڵاتی زیاتریان هەیە بۆ بەکارهێنانی هێز، خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی باڵاترن. بۆیە دابەشکردنی یەکسانخوازانەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەدیهێنانی یەکسانیی کۆمەڵایەتی پێویستە. و تەنیا دامەزراوە دێموکراتیکەکانن کە دابەشبوونی یەکسانیی دەسەڵاتی سیاسی بەدی دەهێنن. لە بەشی سێیەمدا کە باس لە دەسەڵاتی دێموکراسی دەکەین، زیاتر باس لە پەیوەندیی نێوان یەکسانیی پەیوەندییانە و دێموکراسی دەکەین.


٣. دەسەڵاتی دێموکراسی

مادام دێموکراسی پرۆسەیەکی بڕیاردانی بەکۆمەڵە، بە شێوەیەکی سروشتی ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئەرکی هاووڵاتییانە پابەندی ئەو بڕیارە دێموکراتیکانە بن کە لێیان ناڕازین.

سێ واتای سەرەکیی دەسەڵاتی ڕەوای دەوڵەت لە ئارادان. یەکەم، دەوڵەت تا ئەو جێگایە دەسەڵاتی ڕەوای هەیە کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە توانای پاساودانی داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەندامانیدا هەبێت. دەسەڵاتی ڕەوا لەم پێناسەیەدا هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو بەرپرسیارێتی یان ئەرکانەی کە ڕەنگە هاووڵاتییان لە بەرامبەر دەوڵەتدا هەیانبێت، نییە. بە دەربڕینێکی سادە ئەگەر دەوڵەت لە ڕوی ئەخلاقییەوە پاساوی هەبێت بۆ ئەوەی کە ئەنجامی دەدات، ئەوە بەو واتایە دێت کە خاوەن دەسەڵاتی ڕەوایە. دووەم، دەوڵەت تا ئەو جێگایە دەسەڵاتی ڕەوایە کە فەرمانەکانی لەناو هاووڵاتییاندا ئەرکێک دروست بکەن کە پابەندیان بن. ئەرکەکانی هاووڵاتییان پێویست ناکات بەهۆی دەوڵەت بن بەڵام ئەرکی ڕاستەقینەن کە پێویستە پێڕەوییان لێ بکرێت. سێیەم ئەوەیە کە دەوڵەت مافی دەرکردنی حوکمی [دەسەڵاتدارێتی] هەیە کە لەگەڵ ئەرکی هاووڵاتییان سەبارەت بە پابەندبوون بەو حوکمە تەبایە. ئەمە بەهێزترین واتای دەسەڵاتە و پێدەچێت چەقی بیرۆکەی پشتی ڕەوایی دەوڵەت بێت. بیرۆکەکە ئەوەیە کە کاتێک هاووڵاتییان بەرهەڵەستیی یاسا و سیاسەت دەکەن، گرنگە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە کێ مافی هەڵبژاردنی هەیە؟


١.٣. واتا ئامرازییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک

ئارگیومێنتە ئامرازییانەکانی دێموکراسی چەند هۆکارێک دەخەنە ڕوو سەبارەت بەوەی کە بۆچی کاتێک کە کەسێک لە بڕیارەکان ناڕازییە، پێویستە ڕێز لە دێموکراسی بگرێت. ڕەنگە ژمارەیەکی بەرچاو تێبینیی ئامرازییانە لە ئارادا بن کە لە بڕیاردان سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا کەسێک دەبێت پابەند بێت یان نا، ڕۆڵ بگێڕن. چ مرۆڤ بیر لە دێموکراسی بکاتەوە یاخود هەندێ لە شێوازەکانی تری حوکمدان، ئەم تێبینییە ئامرازییانە تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەن.

ڕوانگەیەکی ئامرازگەرایی لە ئارادایە کە بۆ دێموکراسی زۆر ناوازەیە و پێدەچێت پێناسەیەکی بەهێز بۆ دەسەڵاتی دێموکراتیک داڕێژێت. ئەویش ڕوانگەیەکی مەعریفییە کە لە تیۆرمی لێژنەی دادگەریی کۆندۆرسە کە ئێمە لە بەشی ٢.١.١.٢ لە سەرەوە باسمان لێ کرد، ئیلهامی وەرگرتووە. لەوێدا هەندێ لە کێشەکانی بەکارهێنانی لێژنەی دادگەریی کۆندۆرسەمان لە حاڵەتی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان و گشتپرسی لە دێموکراسییە گەورەکاندا باس کرد، لەوانە نەبوونی سەربەخۆیی، بەشبەشبوونی زانیاری و هەبوونی دەمارگرژییە ئایدیۆلۆژییەکان.

یەکێک لە نیگەرانییەکی تر سەبارەت بە چەمکە مەعریفییەکانی تیۆرمی لێژنەی دادگەریی دەسەڵات ئەوەیە کە زێدەڕۆیانە دەسەلمێت، چونکە کردەی باوی ئۆپۆزیسیۆنی دڵسۆز لە دێموکراسییەکاندا لاواز دەکات. ئەگەر مەرجە پێویستەکانی تیۆرمی لێژنەی دادگەریی کۆندۆرسە جێبەجێ بکرێن، زۆرینەی دێموکراسییەکی گەورە دڵنیایە کە بە کردەیی بڕیارە دروستەکان دەدەن. هاووڵاتییانی سەر بە کەمینەیەکی سیاسی لەسەر چ بنەمایەک دەتوانن بە شێوەی لۆژیکی پێداگری لەسەر ڕوانگە جیاوازەکانیان بکەن؟ ئەندامانی کەمینە هۆکارێکی بەهێزیان هەیە بۆ گۆڕینی وەفاداری خۆیان بۆ هەڵوێستی زۆرینە، بەو پێیەی کە هەر یەک لەو ئەندامانە هۆکارێکی زۆر باشی هەیە بۆ ئەوەی وا بیر بکاتەوە کە زۆرینە لەسەر حەقە. بۆیە واتای مەعریفییانە لە دەسەڵات کە لەسەر بنەمای لێژنەی دادگەری دامەزراوە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە بە شێوەیەکی بەرهەڵەستکارانە دەسەڵاتخوازە، چونکە وا دیارە نەک هەر خوازیاری پابەندبوونی کردەییە، بەڵکو پابەندیی هزرییشی دەوێت. تەنانەت لە کۆمەڵگە زانستییەکاندا ئەو حەقیقەتە کە زۆرینەی زانایان لایەنگری لە ڕوانگەیەکی تایبەت دەکەن، وا ناکات کە کەمینەی زانایان پێیان وابێت لە هەڵەدان، گەرچی ڕەنگە تووشی گومانیان بکەن (Goodin 2003: ch. 7).

هەندێ لە تیۆرەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک تێبینییە ئامرازی و نائامرازییەکان تێکەڵ دەکەن. دەیڤید ئیستلوند باس لەوە دەکات کە ڕێکارە دێموکراتیکەکان دەسەڵاتی ڕەوایان هەیە، چونکە لە ڕێکارە هەڕەمەکییەکان باشترن و لە ڕووی مەعریفییەوە باشترین جۆری سیستەمە سیاسییەکانن کە بۆ هاووڵاتییانی عاقڵ شیاوی پەسەندن (Estlund 2008). لە ڕوویەکی ترەوە، ئەو ڕێکارانە دەبێت لە هەڕەمەکییەکان باشتر بن، ئەگەرنا بۆچی ئێمە سوود لە ڕێکارێکی هەڕەمەکیی دادوەرانە وەکوو تیروپشک [لاتاری] یان شێروخەت وەرناگرین. پێویستە دەسەڵاتی دێموکراتیک توخمێکی مەعریفییانە لەخۆ بگرێت. و پێویستە پاساودانی ڕێکاری دێموکراتیک بۆ هەموو هاووڵاتییانی عاقڵ بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ئازادی و یەکسانییەکانیان جێگای پەسەند بێت. بۆیە پێناسەی ئیستلوند لە دەسەڵاتی دێموکراتیک (کە خۆی ناوی دەنێت ڕێکارگەرایی مەعریفییانە) بیرۆکەی پاساودانی گشتی لەگەڵ نیگەرانی لە مەیلی دێموکراسییەکان بۆ دەرکردنی بڕیارە باشەکان تێکەڵ دەکات.


٢.٣. واتا ناوەکییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک

١.٢.٣. دێموکراسی وەک خۆبەڕێوەبەریی بەکۆمەڵ

هەندێ لە تیۆرزانان باس لەوە دەکەن کە پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان دێموکراسی و دەسەڵاتی ڕەوادا هەیە کە لەسەر بنەمای بەهای خۆبەڕێوەبەریی بەکۆمەڵ دانراوە. جۆن لۆک دەڵێت کاتێک کەسێک ڕازی دەبێت بە بنیاتنانی کۆمەڵگەی سیاسی، ئەوا وەکوو پێویست ڕازی دەبێت بە بەکارهێنانی حوکمی زۆرینە لە بڕیاردان سەبارەت بە چۆنیەتیی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی سیاسی (Locke 1690: sec. 96). لۆک پێی وایە حوکمی زۆرینە حوکمی بڕیاردانی سروشتییە لە کاتێکدا جیاوازیی بیروڕا لە ئارادایە. لۆک باس لەوە دەکات کە کۆمەڵگە پەیکەرێکی بەکۆمەڵە کە پێویستە لە ئاراستەی هێزی گەورەتردا بجووڵێت. یەکێک لە ڕێگاکانی تێگەیشتن لەم ئارگیومێنتە بەم شێوەیەیە: ئەگەر ئێمە پێمان وا بێت هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە یەکسانن و ئەگەر پێمان وابێت کە ڕەنگە ناکۆکییەکی گەورەتر سەبارەت بە بەئەندامبوون یان بەئەندامنەبوون لە کۆمەڵگەدا لە ئارادایە، ئەوا دەبێت دان بە حوکمی زۆرینەدا بنێین وەکوو ڕێسای بڕیاردانی گونجاو. ئەم ڕاڤەیە لە ئارگیومێنتی هێزی گەورەتر گریمانەی ئەوەیە کە دەبێت بەپێی بەهای یەکسانیی بەرژەوەندی و مافەکانی هەر کەسێک لە دەستەواژەی "هێزی گەورەتر" تێبگەین، بۆیە دەبێت کۆمەڵگە بە ئاراستەیەکدا بڕوات کە زۆرینەی تاکەکان دەیانەوێت بڕوات.

لۆک پێی وایە گەل، کە لەو تاکانە پێکهاتووە کە ڕەزایەتیان داوە ببنە ئەندام، دەتوانێت لە ڕێگەی حوکمی زۆرینەوە ڕژێمی پاشایەتی هەڵبژێرێت، بۆیە ئەم ئارگیومێنتە لەخۆیدا ئارگیومێنتێک بۆ دێموکراسی بەدەستەوە نادات. بەڵام لۆک کاتێک بەرگری لە پێویستیی دامەزراوەکانی نوێنەرایەتی بۆ بڕیاردان سەبارەت بە کاتی ڕێکخستنی خاوەندارێتی و وەرگرتنی باج دەکات، هەمدیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ئارگیومێنتە. ئەو باس لەوە دەکات کە تاک دەبێت ڕەزامەند بێت بە ڕێکخستن یان وەرگرتنی باجی موڵکەکەی لە لایەن دەوڵەتەوە. بەڵام دەڵێت ئەم مەرجی ڕەزامەندییە کاتێک بەدی دێت کە زۆرینەی نوێنەرانی خاوەن موڵک سەبارەت بە ڕێکخستن و وەرگرتنی باجی موڵک ڕەزامەندی دەردەبڕن (Locke, 1690: sec. 140). وا دیارە ئەمە بەرەو واتایەکی دێموکراتیکی پەتی لە دەسەڵاتی ڕەوا [قانوونی] هەنگاو دەنێت.

ڕۆسۆ دەڵێت کاتێک تاکەکان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی سیاسی ڕەزامەندیی خۆیان دەردەبڕن، ئەوا ڕەزایەت دەدەن کە خۆیان بخەنە ژێر فەرمانی "ئیرادەی گشتی" (Rousseau 1762). ئیرادەی گشتی تەنیا کەڵەکەبوونی ئیرادەی تایبەتی تاکەکان نییە. بەڵکوو، ئیرادەی کۆمەڵگەی سیاسییە بەگشتی. و لەبەر ئەوەی کە ئیرادەی گشتی تەنیا دەتوانێت بەرهەمی ڕێکارێکی دێموکراتیکی بە ڕێکوپێکی ڕێکخراو بێت، تاکەکان ڕەزایەت دەدەن بەوەی خۆیان بخەنە ژێر فەرمانی ڕێکارێکی دێموکراتیکی بە ڕێکوپێکی ڕێکخراو. بەپێی یەکێک لە ڕاڤەکان کە لە ڕۆسۆ کراوە، ڕێکارە دێموکراتیکەکان تەنیا کاتێک بە باشی ڕێک دەخرێن کە (١) مافگەلێک پێناسە بکەن کە بە شێوەی یەکسان بۆ هەمووان جێبەجێ بکرێن، (٢) ئەوەش لە ڕێگای ڕێکارێکەوە کە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بە شێوەی یەکسان لەبەرچاو دەگرێت، و (٣) هەر کەس کە ناچارە پابەندی یاساکان بێت، خاوەن مافی قسەکردنە سەبارەت بەو ڕێکارە.

لانیکەم دوو ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە بیرۆکەی ئیرادەی گشتی لە ئارادان. بە پێی ئەو ڕاڤەیە کە دەکرێت ڕاڤەی چێکەر ناو بنرێت، ئیرادەی گشتی لە ئەنجامی ڕێکارێکی دێموکراتیکی بە ڕێکوپێکی ڕێکخراوەوە چێ دەکرێت. بە واتایەکی تر، ئەنجامی ڕێکارێکی دێموکراتیکی بە ڕێکوپێکی ڕێکخراو ئیرادەی گشتییە، بەهۆی ئەو ڕاستییە کە ئەو ئەنجامە لە ڕێکارێکی دێموکراتیکی بە ڕێکوپێکی ڕێکخراوەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک بەهۆی ئەوەی کە ڕەنگدانەوەی هەندێ حەقیقەتی سەربەخۆ لە ڕێکار سەبارەت بە مەسڵەحەتی گشتی بن. بەپێی ئەو ڕاڤەیە کە دەکرێت ڕاڤەی مەعریفییانە ناودێر بکرێت، ئەنجامی ڕێکارێکی دێموکراتیکی بە ڕێکوپێکی ڕێکخراو، ڕێگایەکە بۆ شوێنگرتنی حەقیقەتی سەربەخۆ لە ڕێکار سەبارەت بە مەسڵەحەتی گشتی. بەو جۆرەی لە بەشی ٣.١ باسمان کردووە، زۆر جار ڕۆسۆ وا لێک دەدرێتەوە کە گوایە بانگەشە بۆ تیۆرمی لێژنەی دادگەریی کۆندۆرسە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە بڕواپێکراویی مەعریفییانەی ڕێکاری دێموکراتیکی بە ڕێکوپێکی ڕێکخراو دەکات.


٢.٢.٣. ئازادی و دەسەڵاتی دێموکراتیک

ئانا ستیلز خوێندنەوەیەک لە دەسەڵاتی دێموکراتیک دەخاتە ڕوو کە بانگەواز بۆ بەهای "ئازادی وەک سەربەخۆیی" دەکات (Stilz 2009). ئازادی وەک سەربەخۆیی ئازادییە لەوەی بکەویتە ژێر ئیرادەی ئەوی تر. بۆ ئەوەی تاکەکان ملکەچی ئیرادەی ئەوانی تر نەبن، بۆ گرتنەبەری پلانەکانی خۆیان پێویستیان بە مافی خاوەندارێتی و ژینگەیەکی پارێزراوی سەربەخۆیی هەیە. ستیلز بە پشتبەستن بە کانت باس لەوە دەکات کە هەوڵەکانی چەند تاکێکی تایبەت، بە چاوپۆشین لەوەی چەندە لە ڕووی ئاگاییەوە بێت، بۆ پێناسەکردن و زەمانەتکردنی مافەکانی خاوەندارێتی و سەربەخۆیی لە دۆخی سروشتیدا لەگەڵ ئازادی وەک سەربەخۆیی یەک ناگرێتەوە. ئەم هەوڵانە بە شێوەی تاکلایەنانە لە ڕێگای داسەپاندنی ئیرادەی تایبەتەوە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بانگەشە ڕکابەرەکاندا هەندێ ئەرک و بەرپرسیارێتیی نوێ بەسەر ئەوانی تردا دەسەپێنن. بەڵام تەنانەت ئەگەر تاکەکان لە دۆخی سروشتیدا ڕێک بکەون لەسەر چارەسەرکردنی بانگەشە لێکدژەکانیان، بۆ ڕێزگرتن لەو ڕێککەوتنە وابەستەی ئیرادەی ئەوانی ترن. بەم جۆرە ستیلز باس لەوە دەکات کە پێویستە دادپەروەری لە لایەن سیستەمێکی قانوونیی خاوەن دەسەڵاتەوە جێبەجێ بکرێت کە بتوانێت بەزۆری کۆمەڵێک حوکمی ڕاستیوازانە (واتە ئەو حوکمانەی کە پێویستە تەنانەت کاتێک لەگەڵیاندا نین ڕێزیان لێ بگرین) بۆ حوکمدانی ڕەوا سەبارەت بە بانگەشە پێکناکۆکەکانمان داسەپێنێت. بەڵام ئەگەر بڕیار بێت ئەو جۆرە سیستەمە لەگەڵ ئازادیی تاکەکاندا بگونجێت، ئەوا ناکرێت بە ئیرادەی تاکەکەسیی دەسەڵاتداران داسەپێت. ستیلز دەڵێت، ڕێگاچارە لە بیرۆکەی ئیرادەی گشتیی ڕۆسۆدایە. کاتێک هاونیشتمانییان ملکەچی ئیرادەی گشتی دەبن، ئەوا ملکەچی ئیرادەی تایبەتی هیچ تاکێک نین، بەڵکوو ملکەچی ئیرادەیەکن کە لە هەمووانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەسەر هەموواندا دادەسەپێت.

یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە ئەوانەی کە بەرهەڵەسەتیی ئەو یاسا و سیاسەتانە دەکەن کە بە شێوەی دێموکراتیک پەسەند کراون، دەتوانن گلەیی ئەوە بکەن کە ئەو یاسا یان سیاسەتانە بەپێچەوانەی ئیرادەی ئەوان داسەپاون. ڕەنگە ئەوانە ملکەچی ئیرادەی تاکێکی تایبەت نەبن، بەڵکوو ملکەچی ئیرادەی زۆرینە بن. لەوانەیە وا وێنا بکرێت کە ئەمە هەڕەشەیەکی بەرچاوە بۆ سەر "ئازادی وەک سەربەخۆیی" تاکەکان. نیگەرانییەکی تر کە دەتوانین بڵێین ڕوانگەی ستیلز بێ ‌‌ئەملا و ئەولا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆسۆ، ئەوەیە کە مەرجەکانی دەرکەوتنی ئیرادەی گشتی هێندە پڕکێشەوهەران کە ئەو ڕوانگەیە دەلالەت لەوە دەکات کە هیچ دەوڵەتێکی خاوەن دەسەڵاتی سیاسیی ڕەوا نییە و نەبووە. بەم جۆرە ڕەنگە وا وێنا بکرێت کە ڕوانگەی ستیلز پێویستی بەو شتەیە کە ئەی. جەی. سیمۆنس بە " ئانارشیزمی پاشگرانە" ناوی دەبات (Simmons 2001).


٣.٢.٣. یەکسانی و دەسەڵات

ڕوانگەیەکی تر سەبارەت بە دەسەڵاتی دێموکراتیک دەڵێت کە مل کەچ نەکردن بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنێکی دێموکراتیک وەکوو مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتییانی ئەو کۆمەڵگەیە وەکوو کەسانی ژێردەستەیە (Christiano 2008: ch. 6). لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بیروڕای جیاواز سەبارەت بە یاسا و سیاسەتی بنەڕەتیدا، دێموکراسی لە ڕێگای پێدانی مافی قسەکردنی یەکسان بە هەر تاکێک سەبارەت بە دیاریکردنی ئەو یاسا و سیاسەتانە کە پەسەند کراون، جۆرێک لە یەکسانیی گشتی بەدی دەهێنێت. ئەو هاووڵاتییانەی کە ئەو یاسایانەی کە بە ڕێکارێکی یەکسانیخوازانەی گونجاو دانراون پێشێل دەکەن، بە پێچەوانەی مافی یەکسانی هەموو هاووڵاتییان بۆ قسەکردن سەبارەت بە دانانی یاساکان، هەڵسوکەوت دەکەن. ئەوانەی کە بە بیانووی نادادپەروەرانەبوون لە پێدانی باج یاخود ڕێزگرتن لە یاساکانی خاوەندارێتی خۆیان دەبوێرن، لە دیاریکردنی چۆنێتیی ڕێکخستنی لایەنە هاوبەشەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، دان بە مافی باڵادەستبوون لەبەرامبەر ئەوانی تردا دەنێن. بۆیە، بە ئاشکرا ئەرکی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی تر وەکوو کەسانی یەکسان پێشێل دەکەن. و هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی وا بیر بکرێتەوە کە ئەم ئەرکە دەبێت زۆر جار یەکەمێتیی هەبێت. یەکسانیی گشتی گرنگترین فۆرمی یەکسانییە و دێموکراسی پێویستی بە یەکسانیی گشتییە. فۆرمەکانی تری یەکسانی لە ناکۆکییە بنچینەییەکاندا سەبارەت بە یاسا و سیاسەت، ئەو حاڵەتانەن کە تاکەکان دەتوانن بیروبۆچوونی جیاوازی لۆژیکییانەیان هەبێت (لە چوارچێوەی ئەو سنوورانەدا کە پڕەنسیپی یەکسانیی گشتی دیاریی کردوون). بۆیە هاووڵاتییان ئەرک و بەرپرسیارێتیی پابەندبوون بە پرۆسەی دێموکراتیکیان هەیە، تەنانەت ئەگەر پێناسە خوازراوەکانیان لە دادپەروەری یان یەکسانی لە پرۆسەی بڕیارداندا ڕەت بکرێنەوە.

دانیێل ڤێیهۆف پێناسەیەکی یەکسانیخوازانەی لە دەسەڵاتی دێموکراتیک لەسەر بنەمای بیرۆکەی یەکسانیی پەیوەندییانە داهێنا (Viehoff 2014؛ بۆ خوێندنەوەی وردتر سەبارەت بە یەکسانیی پەیوەندییانە بڕوانە بەشی 2.2.3 لە سەرەوە). ڤێیهۆف دەڵێت یەکسانیی پەیوەندییانە بە "ملکەچکردن" لە پەیوەندییەکاندا، کە کاتێک ڕوو دەدات کە تاکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دەسەڵاتی جیاوازییان هەیە سەبارەت بە چۆنێتیی کارلێک و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتری، دەکەوێتە مەترسییەوە. بە وتەی ڤێیهۆف، پابەندبوونی هاووڵاتییان بە دەرئەنجامەکانی ڕێکارە یەکسانیخوازە دێموکراتیکەکان پێویست و بەسە بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە هەماهەنگی سەبارەت بە حوکمە هاوبەشەکان بەبێ ملکەچکردن. بەسە لەبەر ئەوەی کە ڕێکارە دێموکراتییەکان دەسەڵاتی بڕیاردان بە یەکسانی دابەش دەکەن و گەرەنتیی ئەوە دەکات کە هاوئاهەنگی لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە دەسەڵاتی نایەکسانەوە دیاری ناکرێت. پێویستە چونکە لایەنەکان دەبێت تێبینییەکان سەبارەت بە دەسەڵاتی کەمتر و زیاتر وەلا بنێن بۆ ئەوەی لە پەیوەندییەکانیاندا هەست بە ملکەچی نەکەن.

"فابیان پیتەر" پێناسەیەکی دادوەری-تەوەرانە لە دەسەڵاتی دێموکراتیک دێنێتە ئاراوە کە هەڵگری تێبینییە مەعریفییانەکانە (Peter 2008; 2009). "ڕێکارگەرایی مەعریفییانەی پەتیی" پیتەر بە پشتبەستن بەو ڕوانگانەی سەرچاوەیان لە مەعریفەناسیی ڕێکارگەرایانەدایە دەڵێت بڕیارە دێموکراتیکە یەکسانیخوازە گونجاوەکان لانیکەم تا ڕادەیەک پابەندکەرن، چونکە لە ڕێکارێکی دادوەرانەی بەرهەمهێنەری زاناهی سەرچاوە دەگرن. ئەمە جیاواز لە ڕێکارگەرایی مەعریفییانەی ئیستولدە (سەیری بەشی ٥.١ بکە لە سەرەوە)، چونکە دەسەڵاتی ڕێکارە دێموکراتیکەکان نابەستێتەوە بە توانای بڕیاردانیانەوە کە شوێنپێی حەقیقەتی سەربەخۆ لە ڕێکار دەگرێت. بەڵکوو ڕەگوڕیشەی دەسەڵاتی ڕێکارە دێموکراتییەکان لە دادوەریدایە. و ئەوە جیاوازە لە گێڕانەوەی ڕێکاریی پەتی، چونکە پێناسەی پەیوەندیدار بە دادوەری بریتییە لە دادوەری لە بەرهەمهێنانی زاناهی [مەعریفە].


٣.٣. تەنگوچەڵەمەکانی دەسەڵاتی دێموکراسی

تەنگوچەڵەمەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک کامانەن؟ یەکێک لە بەربەستەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک بریتییە لە پێشێلکردنی پڕەنسیپێک کە دەبێتە هۆی شکستی دەسەڵاتی دێموکراتیک. کاتێک پرەنسیپێک لە لایەن ئەنجومەنی دێموکراتیکەوە پێشێل دەکرێت، ئەنجومەنەکە دەسەڵاتی خۆی لەو حاڵەتەدا لەدەست دەدات یاخود قورسایی ئەخلاقیی دەسەڵات نامێنێت. چەندین ڕوانگەی جیاواز سەبارەت بەم بابەتە هاتوونەتە ئاراوە. دەتوانین لەنێوان بەربەستە ناوەکی و دەرەکییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیکدا جیاوازی دابنێین. بەربەستێکی ناوخۆیی لە پێداویستییە پێکهێنەرەکانی پرۆسەی دێموکراتیک یان لەو پڕەنسیپانە کە دێموکراسی لەسەریان بونیات دەنرێت، سەرچاوە دەگرێت. بەربەستی دەرەکی لەو پڕەنسیپانە سەرچاوە دەگرێت کە سەربەخۆن لەو بەها یان پێداویستییانەی کە دەبنە هۆی بەدیهاتنی دێموکراسی.

تەنگوچەڵەمە دەرەکییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک سنوورەکان هەڵدەوەشێننەوە کە بریتین لەو پڕەنسیپانە کە لە بەرانبەریدا قورساییان هەیە (یان ڕەنگە هەندێ جار لەو پڕەنسیپانەی کە دێموکراسی لەسەریان دانراوە، قورساییان زیاتر بێت). کە وا بێت لە حاڵەتێکی تایبەتدا، ڕەنگە تاکێک تێبگات کە هەندێ هۆکار بۆ پابەندبوون بە ئەنجومەن و چەندین هۆکار لە دژی پابەندبوون بە ئەنجومەن لە ئارادان و لەو حاڵەتە ئاماژەپێکراوەدا هۆکارەکانی دژی پابەندبوون لەو هۆکارانەی کە لایەنگریی پابەندبوون دەکەن، قورساییان زیاترە. تەنگوچەڵەمە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک سنوورەکان پێشێل دەکات. ئەم تەنگوچەڵەمانە کارکردیان قورساییپێدان بە تێبینییەکانی لایەنگری لە دەسەڵات نییە، بەڵکوو گومان لەسەر تێبینییەکانی لایەنگریکردن لە دەسەڵات بەگشتی دروست دەکەن. ئەوان بە ئاسانی دەسەڵات پشتگوێ دەخەن. کاتێک تەنگوچەڵەمەی داشکاندن دێتە کایەوە، بەو واتایە نییە کە ئەو پڕەنسیپانەی کە ئەو تەنگوچەڵەمە لەسەریان دادەنرێن گرنگتر بن لە هۆکارەکانی پابەندبوون بە ئەنجومەنی دێموکراتیک، بەڵکوو بەو واتایە دێت کە هۆکارەکانی پابەندبوون بە ئەنجومەنی دێموکراتیک بەگشتی لاواز دەبن، ئەو هۆکارانە لە ئارادا نامێنن یان لانیکەم زۆر لاواز دەبن.


١.٣.٣. تەنگوچەڵەمە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک

هەندێ باسیان لەوە کردووە کە پرۆسەی دێموکراتیک دەبێت سنووردار بکرێت بەو بڕیارانەی کە لەگەڵ کارکردی گونجاوی پرۆسەی دێموکراتیکدا ناتەبا نین. بۆیە دەڵێن ڕەنگە پرۆسەی دێموکراتیک بە شێوەیەکی ڕەوا هاووڵاتییانی خۆی لە دۆخێکی باشدا لە مافە سیاسییەکان بێبەری نەکات. ناشێت ئەو مافانەی کە بۆ پرۆسەی دێموکراتیک پێویستن، لەوانە ئازادیی ئەنجومەن یاخود ئازادیی ڕادەربڕین پشتگوێ بخات. بەڵام ئەم تەنگوچەڵەمە پێداویستییەکانی کارکردی دێموکراتیکی گونجاو تێناپەڕێنن. ئەوانە لە حاڵەتی چالاکییە ناسیاسییەکاندا لە ڕادەربڕینی هونەریی ناسیاسی یان ئازادیی ئەنجومەن پشتگیری ناکەن (Ely 1980: chap. 4).

یەکێکی تر لە تەنگوچەڵەمە ناوخۆییەکان تەنگوچەڵەمەیەکە کە لە پڕەنسیپەکانی بونیاتنەری دێموکراسی سەرچاوە دەگرێت. و پێدەچێت هەبوونی ئەم تەنگوچەڵەمەیە بۆ تێگەیشتن لە تەنگوچەڵەمەی یەکەم پێویست بێت، چونکە بۆ ئەوەی تەنگوچەڵەمەی یەکەم لە ڕووی ئەخلاقییەوە گرنگ بێت، پێویستە بزانین بۆچی پێویستە دێموکراسی پارێزەری پرۆسەی دێموکراتیک بێت.

لۆک لە بیرۆکەکەی خۆیدا گێڕانەوەیەک لە تەنگوچەڵەمە ناوخۆییەکانی دێموکراسی دەخاتە ڕوو کە تێیدا هەندێ حاڵەتی تایبەت هەن کە ڕەنگە هاووڵاتی لێیان ڕازی نەبێت (Locke 1690: ch. XI). ڕەنگە ڕازی نەبێت بە حوکمڕانیی ئارەزوومەندانە یان پێشێلکردنی مافە بنچینەییەکان و لەوانە مافە دێموکرات و لیبرالییەکان. لەبەر ئەوەی کە بە خوێندنەوەی لۆک ڕەزامەندیی بنەمای دەسەڵاتی دێموکراتیکە، ئەم گێڕانەوەیە ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە بیرۆکەی پشتەوەی یەکەمین تەنگوچەڵەمەی ناوخۆیی دەخاتە ڕوو کە دەڵێت پێناچێت دێموکراسی بە کەرەسە دێموکراتیکەکان هەڵبپەسێردرێت، بەڵام ئەو تەنگوچەڵەمەیەش تێدەپەڕێنێت و دەڵێت ئەو مافانەش کە لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی دەستوورەوە نییە ڕەنگە پێشێل نەکرێن، چونکە ڕەنگە مرۆڤ ڕازی بە پێشێلکردنیان نەبێت.

لەم دواییانەدا، ڕۆناڵد دۆرکین بەرگریی لە جۆرە خوێندنەوەیەک سەبارەت بە تەنگوچەڵەمەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک کردووە (Dworkin 1996). دەڵێت دێموکراسی بە پەنابردن بۆ پڕەنسیپی خودموختاری پاساو دەدرێت. دۆرکین دەڵێت، خودموختاری بەدی نایەت مەگەر ئەوەی لەگەڵ هەموو هاووڵاتییان وەکوو ئەندامی تەواوی کۆمەڵگەی سیاسی هەڵسوکەوت بکرێت، ئەگەر نا ناتوانرێت وەکوو ئەندامانی کۆمەڵگە بناسرێنەوە. دۆرکین دەڵێت نموونەی مەرجەکانی ئەندامێتیی تەواو، بریتین لە مافەکانی مامەڵەکردن [لەگەڵ تاکەکان] بە شێوەی یەکسان و مافەکانی ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی ئەخلاقییانەی تاک. ئەم پڕەنسیپانە لە پێداویستییە بەهێزەکانی فەرق و جیاوازی دانەنان [نەبوونی هەڵاواردن] و مافە لیبرالییە بنچینەییەکان پشتیوانی دەکەن.

پێناسەی دەسەڵاتی دێموکراتیک کە ڕەگوڕیشەی لە یەکسانیی گشتیدایە، خوێندنەوەیەک لە تەنگوچەڵەمەکانی ئەو دەسەڵاتەش دەخاتە ڕوو (Christiano 2008: ch. 6). لەبەر ئەوەی کە دێموکراسی لەسەر بنەمای یەکسانیی گشتی دامەزراوە، لە هیچ یەک لە بڕیارەکانیدا ناتوانێت یەکسانیی گشتی پێشێل بکات. بیرۆکەی بنەڕەتی ئەوەیە کە پێشێلکردنی ئاشکرای یەکسانیی گشتی لە لایەن ئەنجومەنی دێموکراتیکەوە ئەو بانگەشەیە لاواز دەکات کە گوایە ئەنجومەنی دێموکراتیک هێما و دەرکەوتەی یەکسانیی گشتییە. بەرجەستەکردنی یەکسانیی گشتی لە لایەن دێموکراسییەوە گرێدراوی پاراستنی یەکسانیی گشتییە. تا ئەو جێگایەی کە مافە لیبرالییەکان لەسەر بنەمای یەکسانیی گشتی دانراون و دابینکردنی لانیکەمیی [خۆشبژێوی] ئابوورییش ڕیشەی لەو یەکسانییەدایە، ئەمە بەو مانایە دێت کە مافە دێموکراتیکەکان و مافە لیبرالییەکان و مافی دابینکردنی لانیکەمیی ئابووری سنوورێک بۆ دەسەڵاتی دێموکراتیک دادەنێن. هەروەها ئەم خوێندنەوەیە بناغەیەکی پتەویش بۆ جۆرێک لە تەنگوچەڵەمەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک کە لە یەکەمین تەنگوچەڵەمەی ناوخۆییدا بەرگریی لێ کراوە دادەنێت و تا ئەو ڕادەیە دەچێتە پێش کە ئەو مافانەش کە پەیوەندییان بە بەکارهێنانی مافە دەستوورییەکانەوە نییە بۆ یەکسانیی گشتی پێویستن.


٢.٣.٣.کێشەی کەمینە هەتاهەتاییەکان

ئەم ڕوونکردنەوەیە سەبارەت بە دەسەڵاتی دێموکراسی هەروەها تا ڕادەیەک یارمەتیی کێشەی بێزارکەری تیۆری دێموکراتیک دەدات. ئەم کێشەیە بریتییە لە کێشەی کەمینە هەتاهەتاییەکان. ئەمە کەمینەیەکی هەتاهەتاییە لە کۆمەڵگەی دێموکراتیکدا کاتێک کە ئەو کەمینە بەردەوام لە دەنگداندا دەدۆڕێت. ئەمە بەردەوام لە دێموکراسییەکاندا بەهۆی بەکارهێنانی حوکمی زۆرینە ئەگەری ڕوودانی لە ئارادایە. ئەگەر کۆمەڵگە بەسەر دوو یان چەند بەرەی دەنگدەری یەکگرتوودا دابەش ببێت کە تیایدا ئەندامانی هەر گرووپێک بە شێوازی هاوشێوەی ئەندامانی تری ئەو گرووپە دەنگ بدەن، ئەوا گرووپی کەمینە وا خۆی وێنا دەکات کە هەمیشە لە ئەنجامی دەنگدانەکاندا دەدۆڕێت. ئەم کێشەیە هەندێ لە کۆمەڵگەکانی گرتووەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە خاوەن دانیشتووانی خۆجێیین کە لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا دەژین. ئەگەرچی ئەم کێشەیە زۆر جار پەیوەندیی بە ستەمکاریی زۆرینەوە هەیە، بەڵام جیاوازە لە کێشەی ستەمکاریی زۆرینە، چونکە ڕەنگە حاڵەتێک بێت کە زۆرینە هەوڵ دەدات بەپێی پێناسەی خۆی لە هەڵسوکەوتی گونجاو، لەگەڵ کەمینە مامەڵەی گونجاو بکات. تەنیا ئەوەیە کە کەمینە هەرگیز لەگەڵ زۆرینە سەبارەت بەوەی کە مامەڵەی گونجاو چییە، ڕێک ناکەوێت. هەبوونی کەمینەیەکی هەتاهەتایی دەتوانێت ستەمکارانە بێت تەنانەت ئەگەر زۆرینە هەوڵی چەوساندنەوە نەدات. دەکرێت بە یارمەتیی هەمان ئەو بیرۆکانەی کە بناغەی دێموکراسین لەمە تێبگەین. مرۆڤەکان حەزیان لەوەیە بتوانن دەمارگرژییە مەعریفییەکانی ئەوانی تر ڕاست بکەنەوە و بتوانن جیهان بەو جۆرە بێننە دی کە بۆیان واتادار بێت. ئەم بەرژەوەندییانە دەگەڕێنەوە بۆ کەمینەی هەتاهەتایی لەبەر ئەوەی کە هەرگیز ناگەنە ڕێگەی خۆیان.

پێناسەی دێموکراسی لەسەر بنەمای یەکسانیی گشتی، دەتوانێت تیشک بخاتە سەر ئەم کێشەیە. دەکرێت بڵێین هەبوونی کەمینەی هەتاهەتایی پێشێلکردنی یەکسانیی گشتییە (Christiano 2008: chap. 7). لە ڕاستیدا، کۆمەڵگەیەک کە کەمینەی هەتاهەتایی تێدا بێت، کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا بەگشتی وەکوو ژێردەستەیەک لەگەڵ ئەو کەمینەیەدا مامەڵە دەکرێت، چونکە ئاشکرایە کە بەرژەوەندییە بنەماییەکانی پشتگوێ دەخرێن. بۆیە تا ئەو جێگایەی کە پێشێلکردنی یەکسانیی گشتی دەسەڵاتی ئەنجومەنی دێموکراتیک لاواز دەکات، هەبوونی کەمینەیەکی هەتاهەتایی دەسەڵاتی دێموکراتیک لانیکەم لە ڕوانگەی کەمینەوە لاواز دەکات. ئەمە پێمان دەڵێت کە پێویستە دامەزراوە تایبەتەکان دابمەزرێن بۆ ئەوەی کەمینە هەتاهەتایی نەبێت.


٣.٣.٣. تەنگوچەڵەمە دەرەکییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک

یەکێک لە تەنگوچەڵەمە سروشتییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک تەنگوچەڵەمەی دەرەکییە. لێرەدا بیرۆکەکە ئەوەیە کە هەندێ تێبینی لە ئارادان کە لایەنگری لە بڕیاردانی دێموکراتیک دەکەن و هەندێ بەهای دیاریکراو هەن کە سەربەخۆن لە دێموکراسی و ڕەنگە لە بڕیارە دێموکراتیکەکاندا بێنە ئاراوە. بۆ نموونە، زۆرێک لە تیۆرییەکان مافە لیبرالییە بنچینەییەکان (لەوانە مافی خاوەندارێتی، پاراستنی جەستە و ئازادیی هزر و ڕادەربڕین) وەکوو تەنگوچەڵەمە دەرەکییەکانی دەسەڵاتی دێموکراتیک دەناسێنن. زۆر جار لۆک بەو شێوەیە ڕاڤە دەکرێت کە دەڵێت تاکەکان هەندێ مافی سروشتییان هەیە بۆ خاوەندارێتی لە جیهانی خۆیان و دەرەوەدا کە یاسا دێموکراتییەکان بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ڕەوایان هەبێت پێویستە ڕێز لەو مافانە بگرن (Locke 1690).

ڕەنگە هەندێ لە ڕوانگەکان جەخت لەوە بکەنەوە کە تەنیا تەنگوچەڵەمە دەرەکییەکان بۆ دەسەڵاتی دێموکراتیک لە ئارادان. بەڵام دەشێت وا بیر بکرێتەوە کە هەم تەنگوچەڵەمەی ناوخۆیی و هەم دەرەکی لە ئارادن. بۆ نموونە ڕەنگە ئەم پرسە لە بڕیارەکان سەبارەت بە شەڕکردن خۆی دەر بخات. لەم جۆرە بڕیارانەدا، ڕەنگە مرۆڤ لەسەری ئەرک بێت کە پابەندی بڕیارەکەی ئەنجومەنی دێموکراتیک بێت لەسەر ئەو بنەمایەی کە بەم جۆرە لەگەڵ هاونیشتمانییانی خۆیدا بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵە دەکات، بەڵام ڕەنگە مرۆڤ ئەرکی دژایەتیکردنی شەڕەکە بێت لەسەر ئەو بنەمایە کە شەڕ دەستدرێژییەکی نادادپەروەرانەیە بۆ سەر کەسانی تر. تا ئەو جێگایەی کە ئەم تێبینییانە بە ڕادەی پێویست جددی بن، ڕەنگە بە بەراورد لەگەڵ تێبینییەکانی یەکسانی کە بناغەی دەسەڵاتی دێموکراتیکن، گرنگتر بن. کە وا بێت، ڕەنگە مرۆڤ لەم بەستێنەدا ئەرکی گشتیی ئەوە بێت کە ملکەچ نەبێت. بەگشتی پێدەچێت بابەتەکانی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە ببنە هۆی تەنگوچەڵەمە دەرەکییە ئەگەرییەکانی دێموکراسی.


٤. داخوازییەکانی بەشداریکردنی دێموکراتیک

لەم بەشەدا، لە داخوازییەکانی بەشداریکردن لە دێموکراسییە گەورەکاندا دەکۆڵینەوە. بە لێکدانەوەی تەحەدایەکی سەرەکیی ئەو بیرۆکەیە دەست پێ دەکەین کە دەڵێت هاووڵاتییە دێموکراتەکان توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی گەورە و ئاڵۆزیان هەیە. دوای ئەوە ڕێگەچارە پێشنیارکراوە جیاوازەکان بۆ تەحەدا سەرەکییەکە لێک دەدەینەوە. لە کۆتاییدا، لە ئەرکە ئەخلاقییەکانی هاووڵاتییانی دێموکرات لە دێموکراسییە گەورەکاندا لەبەر ڕۆشنایی تەحەدا سەرەکییەکەدا دەکۆڵینەوە.


١.٤. کێشەی بەشداریکردنی دێموکراتیک

کێشەیەکی بێزارکەری تیۆری دێموکراتیک دیاریکردنی ئەوە بووە کە ئایا هاووڵاتییانی ئاسایی لە ئاست جێبەجێکردنی ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی گەورە و ئاڵۆزدان یاخود نا. لێرەدا سێ کێشەی جیاواز لە ئارادان:

١.١. یەکەم، ئەفلاتوون باسی لەوە کردووە کە هەندێ کەس بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی تر سەبارەت بە پرسە سیاسییەکان زیرەکتر و ئاگاترن و خاوەن کەسایەتییەکی ئەخلاقیی باڵاترن و پێویستە ئەو کەسانە دەسەڵات بە دەستەوە بگرن (The Republic, Book VI).

٢.٢. دووەم، هەندێکی تر باسیان لەوە کردووە کە کۆمەڵگە دەبێت دابەشکردنی کاری تێدا بێت. ئەگەر هەمووان سەرقاڵی ئەرکی ئاڵۆز و دژواری سیاسەت بن، کات یان وزەیەکی ئەوتۆ نامێنێتەوە بۆ ئەرکە پێویستەکانی تری کۆمەڵگە. بەپێچەوانەوە، ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بین کە زۆرینەی خەڵک سەرقاڵی ئەرکە دژوار و ئاڵۆزەکانی تر بن، چۆن دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە کات و سەرچاوەی پێویستیان بۆ تەرخانکردنی وشیارانەی خۆیان بە سیاسەتەوە هەبێت؟

٣.٣. سێیەم، لەبەر ئەوەی کە تاکەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەنجامەکانی بڕیاردانی سیاسی لە کۆمەڵگە گەورەکاندا نییە، هەست بە بەرپرسیارێتییەکی ئەوتۆ بەرامبەر ئەنجامەکان ناکەن. هەندێک باسیان لەوە کردووە کە دەنگدان عاقڵانە نییە، چونکە ئەگەری ئەوەی کە دەنگی تاکێک ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلایی بکاتەوە (واتە، یەکلایی بکاتەوە کە ئایا بەربژێرێک هەڵدەبژێردرێت یان نا) نزیک لە سفرە. بۆ نموونە، خەمڵاندنێک کە بە شێوەیەکی بەربڵاو دانی پێدا نراوە دەڵێت ئەگەری ئەوەی کە کەسێک دەنگی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بدات ١ لە ١٠٠ ملیۆنە. زۆربەی خەمڵاندنەکان ئەگەری ئاوا حاڵەتێک زۆر بە کەمتر دەزانن. خراپتر لەوەش، ئەنتۆنی داونز باسی ئەوەی کردووە کە نزیکەی هەموو ئەو کەسانەی کە دەنگ دەدەن هۆکارێکی ئەوتۆیان نییە بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن کە باشترین شێوازی دەنگدان چۆنە (Downs 1957: ch.13). بەو گریمانەوە کە هاووڵاتییان تا ڕادەیەک بەپێی مۆدێلی داونزی ئارگیومێنت دەهێننەوە و ڕەفتار دەکەن، یان دەبێت کۆمەڵگەکە لە ڕاستیدا لە لایەن گرووپێکی تا ڕادەیەک بچووکی خەڵکەوە بە کەمترین ڕێژەی بەشداریی بەشەکەی تری خەلکەوە بەڕێوە ببرێت یان ئەوەی کە زۆر بە خراپی بەڕێوە ببرێت. وەک دەبینین ئەم ڕەخنانە ڕەنگدانەوەی ئەو جۆرە ڕەخنانەن کە ئەفلاتوون و هۆبز هێناویانەتە ئاراوە.

ئەم بۆچوونانە هەڵگری هەندێ تەحەدان بۆ هەر جۆرە پێناسەیەکی یەکسانیخوازانە یان ڕاوێژییانەی توندوتۆڵ لە دێموکراسی. بەبێ توانای بەشداریکردنی هۆشمەندانە لە سیاسەتدا، نە کەس دەتوانێت لە دەنگی خۆی بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی کەڵک وەربگرێت و نە دەکرێت بڵێین لە پرۆسەیەکی ڕاوێژی لۆژیکی لەناو یەکسانەکاندا بەشداری دەکات. کە وا بێت، یا یەکسانیی دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە جۆرێک لە بەشداریکردنی یەکسانی خۆبەزێنانەی هاووڵاتییان لە سیاسەتدایە یاخود پێدەچێت دابەشکردنی لۆژیکییانەی کار یەکسانیی دەسەڵات لاواز دەکات. و یا بەشداریکردنی بەرچاوی هاووڵاتییان لە ڕاوێژی گشتیدا دەبێتە هۆی پشتگوێخستنی ڕێژەیی ئەرکەکانی تر یان کارکردی گونجاوی بەشەکانی تری کۆمەڵگە پێویستی بەوەیە کە زۆرینەی خەڵک بە شێوەی هۆشمەندانە لە ڕاوێژی گشتیدا بەشداری نەکەن.


٢.٤. ڕێگەچارە پێشنیارکراوەکان بۆ کێشەی بەشداریکردنی دێموکراتیک

١.٢.٤. تیۆری نوخبەگەرایانەی دێموکراسی

هەندێ لە تیۆرزانانی هاوچەرخی دێموکراسی، کە بە تیۆرزانانی نوخبەگەرایی ناسراون، بە لەبەرچاوگرتنی کێشەی بەشداریکردنی دێموکراتیک، لە دژی هەر جۆرە فۆرمێکی توندوتۆڵی یەکسانیخواز یان ڕاوێژکارییانەی دێموکراسی بەڵگەیان هێناوەتەوە. ئەو تیۆرزانانە دەڵێن ئاستی بەرزی بەشداریی هاووڵاتییان یاسادانانی خراپی لێ دەکەوێتەوە کە لە لایەن ساویلکەخەڵەتێنەکانەوە [دیماگۆکەکان] بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی هاووڵاتییانی بێئاگا و زۆر هەستەکی داڕێژراوە. ئەو تیۆرزانانە سەیری ئەو بێئاگاییە بانگەشەکراوەی هاووڵاتییان دەکەن کە لە زۆرێک لە لێکۆڵینەوە ئەزموونییەکانی دەیەکانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ کە بە تەواوەتی لۆژیکییانە و پێشبینیکراو تۆمار کراون. بە حەقیقەت ئەوان کەمتەرخەمیی بانگەشەکراوی هاووڵاتییان لە دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی زۆر خوازراو دەزانن.

سەرکردە سیاسییەکان دەبێ خۆیان ببوێرن لەو بابەتانەی کە دەبنە هۆی دووبەرەکی نانەوە و تێکەڵ بە هەست و سۆز کراون و بەبێ ئەوەی سەرنجێکی ئەوتۆ بە داواکارییە ناجێگیر و پەرش و بڵاوەکانی هاووڵاتییە ئاساییەکان بدەن، سیاسەت و یاسا دابڕێژن. هاووڵاتییان بە دەنگدان بەشداری دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی زانیاریی ئەوتۆیان نییە بەکردەوە بەشی دەسەڵاتداری کۆمەڵگە نین. پرۆسەی هەڵبژاردن بەگشتی تاقە ڕێگای تا ڕادەیەک ئاشتیخوازانەی هێشتنەوە یان گۆڕانی ئەو کەسانەیە کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە (Schumpeter 1942 [1950: 269]).

سەرەڕای ئەوە، بە بڕوای شومپیتەر، هاووڵاتییان لە خۆبواردن لە کارەساتە جددییەکان ڕۆڵیان هەیە. کاتێک سیاسەتوانان بە شێوازگەلێک مامەڵە دەکەن کە زۆرینەی ڕەهای خەڵک بە کێشەخوڵقێنی دەزانن، هاووڵاتییان دەتوان لەسەر کورسی لایان بدەن.

کە وا بێت پێدەچێت تیۆری نوخبەگەرایانەی دێموکراسی لەگەڵ هەندێ لە ئارگیومێنتە ئامرازییەکان کە لە سەرەوە خرانە ڕوو بگونجێت، بەڵام بە توندی دژی ئارگیومێنتە ناوەکییەکانی ئازادی، پاساوی گشتی و یەکسانییە. بە دڵنیاییەوە، دەکرێت دێموکراسییەکی ڕاوێژکارانەی نوخبەگەرایانە لە ئارادا بێت کە تێیدا، نوخبەکان تەنانەت ڕەنگە بەگشتی دوور لە چاوی خەڵک، سەبارەت بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە قووڵی بیر بکەنەوە.

ڕوانگەیەکی هاوچەشنی تیۆری نوخبەگەرایانە بەڵام کەمتر ڕەشبینانە سەبارەت بە بریکاری و لێهاتوویی سیاسیی هاووڵاتییان باس لەوە دەکات کە دێموکراسییەکی نوێنەرایەتیی کارامە دەتوانێت وەک جۆرێک لە "مەعریفەسالاریی شیاوی بەرگری" کار بکات (Landa & Pevnick 2020). ئەم ڕوانگەیە پێی وایە لە هەلومەرجی گونجاودا، دەکرێت چاوەڕوانیی ئەوە بکرێت کە بەرپرسانی هەڵبژێردراو لە دێموکراسییەکی ڕاستەوخۆدا بەرپرسیارانەتر لە هاووڵاتییان دەسەڵاتی سیاسی بەکار بهێنن، چونکە ئەگەری ئەوەی کە هەر یەک لە بەرپرسان لە ئەنجومەنی یاساداناندا دەنگی یەکلاکەرەوە بدەن زۆر زیاترە (کاریگەریی تەوەری) و بەرپرسان زیاتر هان دەدرێن کە دەسەڵات بە لەبەرچاوگرتنی خۆشبژێویی گشتی بەکار بهێنن (کاریگەریی وەڵامدانەوە). جگە لەوەش، لە هەلومەرجی گونجاودا، دێموکراسیی نوێنەرایەتی ڕێگا بە تاکەکان دەدات لێهاتوویی بەربژێرەکان بۆ پۆستەکان هەڵسەنگێنن و ئەو بەربژێرانە هەڵبژێرن کە بە باشترین شێوە دەتوانن یارمەتیی کۆمەڵگە بدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان.


٢.٢.٤. فرەچەشنگەرایی گرووپی بەرژەوەندی

یەکێک لەو ڕوانگانەی کە تا ڕادەیەک لە کێشەی هاووڵاتیبوونی دێموکراتیکەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام هەوڵ دەدات هەندێ توخمی یەکسانی لە بەرامبەر ڕەخنەی نوخبەگەرایی بپارێزێت، پێناسەی فرەچەشنگەرایانەی گرووپی بەرژەوەندییە لە سیاست. شیکارییە سەرەتاییەکەی ڕۆبێرت داڵ سەبارەت بەو ڕوانگەیە زۆر بەهێزە:

بە مانایەکی زەق، ناوەڕۆکی هەموو سیاسەتە بەدیل و ڕکابەرەکان بریتییە لە بەرتیلدانی سیاسەتوانان بە دەنگدەران... جووتیار... پشتگیریی بەربژێرێک دەکات کە پابەندیی خۆی بە پشتیوانیکردن لە نرخە بەرزەکان دەردەبڕێت، بازرگان... پشتگیری لە [بەربژێری] داکۆکیکار لە کەمکردنەوەی باجی کۆمپانیا دەکات... بەکارهێنەر... دەنگ بە بەربژێرێک دەدات کە دژی باجی فرۆشتن [باج لەسەر کاڵاکان] بێت. (Dahl 1959: 69)

بەپێی ئەم پێناسەیە لە پرۆسەی دێموکراتیک، هەر هاووڵاتییەک ئەندامی گرووپێکی بەرژەوەندییە کە بەرژەوەندییەکانی بە شێوەیەکی بەرتەسک پێناسە کراوە کە پەیوەندیی نزیکی بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە. سەبارەت بەم بابەتانە بڕیار وایە هاووڵاتییان زۆر ئاگادار بن و خوازیاری کاریگەریدانان بن. یان لانیکەم نوخبەکانی هەر گرووپێکی بەرژەوەندی کە ڕوانگەیان تا ڕادەیەک نزیکە لە ئەندامانی ئاسایی، بریکارە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیەن. لەم ڕوانگەوە، دێموکراسی دەسەڵاتدارێتیی زۆرینەوە نییە، بەڵکوو دەسەڵاتدارێتیی هاوپەیمانێتیی کەمینەکانە. سیاسەت و یاسا لە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیدا لە ڕێگەی چاووڕاوکردنی نێوان گرووپەکانی بەرژەوەندی دیاری دەکرێن.

ئەم ڕوانگەیە بە شێوەیەکی وێناکراو لەگەڵ ڕوانگەی یەکسانیخوازتر بۆ دێموکراسی یەک دەگرێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هەوڵ دەدات لە ڕێگای سنووردارکردنی ئەرکەکانی هاووڵاتییان بۆ ئەو ئەرکانەی کە بەباشی توانای جێبەجێکردنیانیان هەیە، یەکسانی لەگەڵ بڕیاردانی بەکۆمەڵ ئاشت بکاتەوە. ئەمە بەتایبەت لەگەڵ ڕوانگەی پاساودانی گشتیی ڕاوێژکاریدا [شۆرایی] ناگونجێت، چونکە پرۆسەی دێموکراتیک لە بنەڕەتدا گرێ دەداتەوە بە چاووڕاوکردن لە نێوان گرووپە جیاوازەکانی بەرژەوەندیدا کە تێیدا بەگشتی یەکەمێتییەکان لە کۆمەڵگەدا مشتومڕی زیاتریان لەسەر ناکرێت.


٣.٢.٤. لیبرالیزمی نوێ

سێیەمین ڕوانگە کە لە کێشەی بەشداریکردن ئیلهام وەردەگرێت، دەکرێت بە ڕوانگەی لیبرالیزمی نوێ سەبارەت بە سیاسەت ناودێر بکرێت کە لە لایەن تیۆرزانانی بژاردەی گشتی و لەوانە جەیمز بوکانان و گۆردۆن تۆڵکۆت پێشوازیی لێ کراوە (1962). ئەوان بەپێچەوانەی تیۆرییە نوخبەگەرایانەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوخبەکان و هاوپەیمانەکانیان هەوڵی بەرفراوانکردنی دەسەڵاتەکانی حکوومەت و بیرۆکراسی لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەدەن و ئەو فراوانکردنەش لەسەر حسابی پشتگوێخستنی جەماوەرێکی بێئاگا ڕوو دەدات. بەم هۆیەوە، باس لە سنووردارکردنی توندوتۆڵی دەسەڵاتی نوخبەکان دەکەن. ئەوان بەپێچەوانەی تیۆرەکانی فرەچەشنگەرای گرووپەکانی بەرژەوەندی دەڵێن کێشەی بەشداریکردن لەناو گرووپەکانی بەرژەوەندیدا کەم تا زۆر بە هەمان ڕادە کە لەناو هاووڵاتییاندا بەگشتی هەیە، ڕوو دەدات. تەنیا بەرژەوەندییە ئابوورییە بەهێزەکان ڕەنگە لە ڕێکخستنی کاریگەریدانان لەسەر حکوومەت سەر بکەون و بە زۆرییش بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئەو کارە دەکەن. لەبەر ئەوەی کە نوخبە ئابوورییەکان هەوڵی پەرەپێدان بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە سیاسەتدا دەدەن لە هەمان کاتکدا تێچووەکان دەخەنە ئەستۆی ئەوانی تر سیاسەتەکان تێچوویان زیاترە (چونکە دەکەونە سەر شانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە) لە قازانجیان (چونکە تەنیا قازانج بە نوخبەکانی ناو گرووپی بەرژەوەندی دەگەیەنن).

نیۆلیبرالەکان دەگەنە ئەو ئەنجامە کە دەبێت مرۆڤ زۆرێک لە کارکردەکانی ئێستای دەوڵەت بگوازێتەوە بۆ بازاڕ و دەوڵەت تەنیا سنووردار بکرێت بە جێبەجێکردنی مافە سەرەتاییەکانی خاوەندارێتی و ئازادییەکان. دەکرێت تێگەیشتن لەمانە ئاسانتر بێت و بکەونە ژێر کۆنترۆڵی هاووڵاتییانی ئاساییەوە.

بەڵام گێڕانەوەی لیبرالیزمی نوێ لە دێموکراسی پێویستە وەڵامی دوو نیگەرانیی گەورە بداتەوە. یەکەم، هاووڵاتییان لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا تێگەیشتنی بەربڵاوتریان لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مەسڵەحەتی گشتی هەیە بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی لانیکەمی. کە وا بێت گێڕانەوەی نیۆلیبرال دەلالەت لە بەرتەسککردنەوەی زۆر جددیی خودی دێموکراسی دەکات. بۆ پشتگیریکردنی ئەو بانگەشەیە کە گوایە ئەم ئاواتانە لە دەوڵەتی مۆدێرندا بەدی نایەن، بەڵگەی زیاتر پێویستن. دووەم، ڕوانگەی نیۆلیبرال کێشەی بەناوەندیکردنی تایبەتی گەورەی سامان و دەسەڵات پشتگوێ دەخات کە دەتوانێت دەوڵەتە بچووکەکان بەرەو بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕابکێشێت و ئیرادەی خۆیان بەسەر خەڵکدا بەبێ ڕەزامەندییان داسەپێنن.

هەروەها "سۆمین" (2013) دەڵێت، حکوومەت هێندە لە ڕووی قەبارەوە بچووک بکرێتەوە کە هاووڵاتییان هەڵگری زانیاریی کەمتر بن. بەڵام خوازیاری حکوومەتێکی لامەرکەزییە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بەپێی خۆیان لە قازانج یان لە دژی یەکە ڕکابەرەکانی حکوومەت دەنگ بدەن، لە ڕاستیدا دروستکردنی جۆرێک لە بازاڕ لە حکوومەتەکاندا بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن لەناویاندا هەڵبژێرن.


٤.٢.٤. گریمانەی بەرژەوەندیی تاکەکەسی

ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەدەبیاتی زانستە سیاسییەکان و تیۆری ئابووریی دەوڵەت لەسەر ئەو گریمانەیە دانراوە کە تاکەکان بە پلەی یەکەم و ڕەنگە تەنانەت هەر تەنیا بەپێی بەرژەوەندییە بەرتەسکە چێکراوەکانی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. کێشەی بەشداریکردن و ئەو گێڕانەوەیە لە پرۆسەی دێموکراتیک کە لە سەرەوە باسیان لێ کرا تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی ئەم گریمانەیەن. کاتێک گریمانە ئەوە بێت که یەکەمێتییەکانی دەنگدەران لە قازانجی تاکەکەسییاندا نییە، هەڵسەنگاندنی بەهای بەشداریکردن دەگۆڕدرێت. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بە بەرژەوەندیی تاکەکەسی بورووژێت، ئەگەر جیاوازییەکی بەرچاو لە نێو بژاردەکاندا هەبێت، شانسێکی ئەوتۆی جیاوازیدانان بۆ گەیشتن بە قازانجی کەڵەکەکراوی بەرچاو بۆ ژمارەیەکی زۆر لە تاکەکان لە ئارادا نییە. ڕەنگە لەو حاڵەتەدا گرنگ بێت کە به شێوەیەکی گونجاو ئاگادار بکرێتەوە (Parfit 1984: 74). تەنانەت یەکەمێتییە ئەخلاقییە مرۆڤدۆستانە لاوازترەکان دەتوانن جیاوازییەکی گەورە لە عەقڵانیەتی ئاگاداربوونەوە بێننە ئاراوە، بۆ نموونە ئەگەر یەکەمێتیی کەسێک ئەوە بێت کە لە ئەرکی مەدەنیی دەرکپێکراو بۆ دەنگدانی بەرپرسیارانە پێڕەوی بکات (بۆ خوێندنەوەی باسێک دەربارەی ئەرکی دەنگدان بڕوانە بەشی ٤.٣.١). دەکرێت هەر یەکەمێتییەکی ئەخلاقی لە کارکردەکانی قازانجگەرایی نەگۆڕدا دابنرێت یان فۆرمولە بکرێت.

سەرەڕای ئەوەش، بەرگریکارانی دێموکراسیی ڕاوێژکارانه زۆر جار بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەسڵەحەتی گشتی و دادپەروەری تەنیا لە پێش سیاسەتەوە نین، بەڵکوو دەتوانن لە ڕێگای پرۆسەی گفتوگۆ و دیبەیتی سیاسی پێبگەن و چاکتر بن (Elster 1986 [2003]; Gutmann & Thompson 2004; Cohen 1989 2009]]). ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر بەهۆی ئەو حەقیقەتە نەبوایەت کە هاووڵاتییان دەیانەوێت لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە ڕوانگەی ئەخلاقییانەی جیاوازیان هەیە لە باسە زەینییە کراوەکاندا بەشداری بکەن، نەدەکرا لە باسکردن و دیبەیتی زۆر لە سیاسەتدا تێبگەیت. بەڵگە ئەزموونییەکان دەرخەری ئەوەن کە تاکەکان جگە لە بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان بە تێبینییە ئەخلاقییەکانیش هەڵدەخڕێن (Mansbridge 1990).


٥.٢.٤. دابەشکردنی کاری دێموکراتیک

ڕاوێژی گشتی لە هەموو دێموکراسییە گەورەکاندا لە چوارچێوەی سیستەمێکی شۆرایی ئاڵۆز و جیاوازدا ڕوو دەدات،

«چەندین جۆر دامەزراوە، ئەنجومەن و بنکەکانی کێبڕکێ کاری سیاسی ئەنجام دەدەن» (Mansbridge et. al. 2012).

جگە لەوە، سیستەمی ڕاوێژکاریی [شۆرایی] دێموکراسییەکی ئاڵۆز بە دابەشبوونی دێموکراتیکی کار دەناسرێتەوە کە بەشە جیاجیاکانی ئەو سیستەمە پشکی جیاوازیان لە سیستەمی گشتیدا هەیە. ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە: ڕۆڵی گونجاوی هاووڵاتییەک لەم دابەشبوونی کارەدا چییە؟ لە ڕووی فەلسەفییەوە، دەبێت دوو پرسیار بکەین. هاووڵاتییان بۆ ئەنجامدانی ڕۆڵی خۆیان دەبێ سەبارەت بە چ شتێک زانیارییان هەبێت؟ بۆچوونەکانی هاووڵاتییان دەبێ لەگەڵ کام پێوەرانەدا بگونجێن بۆ ئەوەی بە ڕادەی پێویست پشتیوانی بکرێن؟ ڕوانگەیەکی هیوابەخش ئەوەیە کە هاووڵاتییان دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە کۆمەڵگە پێویستە هەڵگری چ ئامانجێک بێت و چۆنیەتیی گەیشتن بەو ئامانجانە بهێڵنەوە بۆ پسپۆڕان (Christiano 1996: ch 5). لۆژیکی ئەم دابەشکردنەی کار ئەوەیە کە پسپۆڕێتی هێندە بۆ پەرەپێدان بە یاسا و سیاسەتەکان پێویستە بۆ هەڵبژاردنی ئامانجەکان پێویست نییە. هاووڵاتییان لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا توانای تێگەیشتنی قووڵ و پێگەیاندنی بەهاکان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەیە. و ئەگەر هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بێخەوش ئامانجەکان هەڵبژێرن و ئەوانی تریش ئەمەگدارانە شێوازەکانی دەستپێڕاگەیشتن بەو ئامانجانە بگرنە بەر، ئەوا هاووڵاتییان کۆنترۆڵی کۆمەڵگە دەکەن و دەتوانن بە شێوەی یەکسان ئەم ڕۆڵە بگێڕن.

هەڵبەت، هاووڵاتییان پێویستە بزانن بە کێ دەنگ دەدەن و ئایا ئەوانەی کە دەنگیان پێ دەدەن بە ڕاستی ئامانجەکانیان پێش دەخەن یان نا. پێدەچێت ئەمە پێویستی بە زانیاریی سەرەتایی سەبارەت بە باشترین ڕێگای گەیشتن به ئامانجە سیاسییەکانیان بێت. ئەمە بەبێ زانیارییەکی فراوان چۆن دەکرێت؟ هەروەها، بەڵگەیەکی ئەزموونییانە لەبەردەستە سەبارەت بەوەی کە ئەوانەی زانیارییان زیاترە، کاریگەریی زیاتر لەسەر نوێنەران دادەنێن (Erikson 2015). کە وا بێت، ئەگەر جێبەجێکردنی باشتری ئەم ئەرکە پێویستی بە جۆرێک لە زانایی هەیە، چۆن دەکرێت لەگەڵ یەکسانیدا بگونجێت؟

ڕەنگە یەکێک لە وەڵامە ئومێدبەخشەکان ئەوە بێت کە هاووڵاتییانی ئاسایی وەکوو تاک پێویستیان بە زانیاریی زۆر لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان و واقیعە تایبەتەکان بۆ بڕیاردانی سیاسی لەسەر بنەمای ئاوا زانیارییەک نییە. دوایین توێژینەوەکان لە بواری زانستی ناسینی دەری دەخەن کە تاکەکان "قەدبڕە ناسینییەکان" بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی لە کەمترین کاتدا دەستیان بە زانیارییەکان سەبارەت بەو جیهانەی کە تیایدا دەژین بگات (Lupia & McCubbins 1998). ئەم بەکارهێنانی قەدبڕانە لە هەموو ژیانی ئابووری و سیاسیدا باو و پێویستە. لە ژیانی سیاسیدا، لە بەشێک لە لۆژیکی زۆرێک لە دامەزراوە نێوەندگیرەکانی نێوان حکوومەت و هاووڵاتییان تێدەگەین (Downs 1957: 221–229). هاووڵاتییان بە کەڵکوەرگرتن لە هەندێ دامەزراوە وەکوو چاپەمەنییەکان، یەکێتییەکان و ئەنجومەنە خاوەن بەرژەوەندییەکانی تر، پارتە سیاسییەکان و ڕابەرانی ڕای گشتی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە سیاسەتەکان، دەست بە کاتەوە دەگرن. هەروەها پشت بە کارلێک و ئاڵوگۆڕەکان لە شوێنی کار و هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکانیان دەبەستن. پارتە سیاسییەکان دەتوانن بە شێوازی جۆراوجۆر هاووڵاتییانی ئاسایی بە پسپۆڕی و شارەزایی گرێ بدەنەوە، چونکە هەر یەک لەو دووانە هەڵگری دابەشبوونی کار لەناو خۆیاندان کە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە لە دەوڵەتدا هەیە. پسپۆڕانی ناو حزبەکان هەندێ پاڵنەریان هەیە بۆ ئەوەی ئەندامانی تر لە پسپۆڕێتیی خۆیان تێبگەیێنن (Christiano 2012). هەروەها، لە هەلومەرجی لەباردا، پارتە سیاسییەکان پەرە بە ڕوانگە پێودانگییەکانی هاووڵاتییان دەدەن و ئاسانکاری بۆ کێبڕکێیەکی گشتیی تەندروست سەبارەت بە پاساودانی سیاسی لەسەر بنەمای ئەو ڕوانگانە دەکەن (White & Ypi 2016).

خەڵک لە دێموکراسیدا بە شێوازی تر بەستراوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. خەڵک لە قوتابخانە، لەسەر کارەکانیان و لە قسەوباس لەگەڵ هاوڕێ و هاوکاران و خێزانەکانیان و بە ڕێکەوت لە میدیاکاندا سەبارەت بە سیاسەت و یاسا زانیاریی "خۆڕایی" ( کە بە ئەنقەست بەدوایدا نەگەڕاون) وەردەگرن. ئەوەش دەتوانێت بنەمایەکی باشتر یاخود خراپتر دابڕێژێت کە بەو پێیە بەدواداچوون بۆ زانیارییەکانی تر بکات. دامەزراوەکان دەتوانن لە ڕەوتی وەرگرتنی زانیارییە خۆڕاییەکانی تاکەکان جیاوازی دروست بکەن. دەکرێت پەروەردە بە شێوەیەکی کەم تا زۆر یەکسانخوازانە دابەش بکرێت. چۆنیەتیی ئیش و کار دەتوانێت کەم تا زۆر زانیاریی خۆڕایی سەبارەت بە سیاسەت و یاسا دابین بکات. ئەو کەسانەی لە کارەکانیاندا خاوەن دەسەڵاتی زۆرن وەکوو یاسادانەرەکان، کەسانی بازرگان، کەسایەتییە حکوومییەکانیان لە زانیاریی خۆڕایی زۆر باش سوودمەند دەبن. ئەوانە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بەباشی ئەنجام بدەن، پێویستە سەبارەت بە یاسا و سیاسەت زانیاریی زۆریان هەبێت. ئەوانەی کە کارەکانیان شارەزایی ئەوتۆی ناوێت و ناپیشەیین، زانیاریی خۆڕایی زۆر کەمتر سەبارەت بە سیاسەت لەسەر کارەکەیان وەردەگرن. تا ئەو جێگایەی کە بتوانین دابەشبوونی ئابوورییانەی کار بۆ نموونە لە ڕێگای پێدانی شوێنی زیاتر بە یەکێتییەکان یاخود بەشداریکردنی زیاتری کرێکاران بگۆڕین، ڕەنگە بتوانین نایەکسانیی [ڕێژەی] زانیارییەکان لەناو هاووڵاتییاندا کەم بکەینەوە.


٣.٤. ئەرکە ئەخلاقییەکانی هاووڵاتییانی دێموکرات

لە دێموکراسییە ئاڵۆزەکاندا ئەرکە ئەخلاقییەکانی هاووڵاتییانی دێموکرات کامانەن؟ لەم بەشەدا، باس لە سێ ئەرکی دێموکراتیکی سەرەکی دەکەین: (١) ئەرکی دەنگدان، (٢) ئەرکی پەرەپێدان بە دادپەروەری لە ڕێگای نافەرمانیی بنەمایانە لە یاسا، و (٣) ئەرکەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگای سازان و کۆدەنگییەوە.


١.٣.٤. ئەرکی دەنگدان

بەگشتی وا بیر دەکرێتەوە کە هاووڵاتییانی دێموکرات ئەرکی ئەخلاقییان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدەن. بەڵام ئەمە ڕوون نییە. دەنگدانی تاکەکەسی گرنگییەکی ئەوتۆی لە پرۆسەی دێموکراتیکدا نییە. لە دێموکراسییە گەورەکاندا، ئەگەری ئەوەی کە دەنگی هاووڵاتییەکی تایبەت ئەنجامی هەڵبژاردنێک یەکلایی بکاتەوە، ئێجگار لاوازە. چ هۆکارێکی ئەخلاقییانە وا دەکات هاووڵاتییانی دێموکرات ناچار به بەشداریکردن لە سیاسەتدا بن لە کاتێکدا تا ڕادەیەکی زۆر لەوە دڵنیان کە نابنە هۆی جیاوازییەکی ئەوتۆ لەوەدا کە کێ براوەی هەڵبژاردنەکە دەبێت. بۆچی نابێت بە شێوازگەلێکی تر بەدوای پەرەپێدان بە چاکە و دادپەروەرییەوە بن؟

پارفیت وەڵامێکی سوودگەرایانەی کردەتەوەری بەم پرسیارە دەداتەوە (Parfit 1984: 73–75). سوودگەرا کردەتەوەرەکان لەو بڕوایەدان کە کردەوە دروستە ئەخلاقییەکان کۆی هەموو قازانجە چاوەڕوانکراوەکانی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دەگەیێننە باڵاترین ئاستی خۆی. پارفیت دەڵێت لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە دەنگدان سوودی چاوەڕوانکار بەرز بکاتەوە بۆ باڵاترین ئاست ئەگەر یەکێک لە بەربژێرەکان لە بەربژێرەکەی تر یاخود بەربژێرەکانی تر زۆر سەرتر بێت. ئەگەر بۆ هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە سوودەکانی سەرکەوتنی بەربژێرێک زیاد بکەین، جیاوازییەکی فراوان لە بەهادا وەردەگرین. کەواتە کاتێک ئەو بەهایە جارانی دەنگی یەکلاکەرەوە دەکەین کە بەگشتی وا بیر دەکرێتەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا نزیکەی 100.000.000/1 بێت، ڕەنگە هێشتا بەهایەکی باڵای چاوەڕوانکراوی لۆژیکی بەدەست بهێنین. کاتێک تێچووی دەنگدان بۆ دەنگدەر و تێچووەکانی تر (کە بەگشتی زۆر کەمە) لەم ژمارەیە کەم دەکەینەوە، ڕەنگە هێشتا هۆکارێکی باشمان بۆ دەنگدان هەبێت.

یەکێک لە نیگەرانییەکانی ڕوانگەی پارفیت ئەوەیە کە ڕووبەڕووی شتێک لەو جۆرە دەبێتەوە کە جانسۆن برێنان ناوی دەنێت "کێشەی تایبەتمەندی" (Brennan 2011). ئەم کێشەیە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی هاووڵاتییان دەبێت لە ڕێگای بەشداریکردنی سیاسییەوە، نەک لە ڕێگای کردە ناسیاسییەکانەوە پەرە بە بەها بدەن. دەنگدان تەنیا یەکێکە لە شێوازەکانی پەرەپێدان بە سوودی گشتی. ئێمە پێویستە لە سوودە چاوەڕوانکراوەکانی ئەو کردەوە جیاوازانەی کە ڕەنگە ئەوان لەجیاتی دەنگدان بیانگرنە بەر، ئاگادار بین. تەنانت ئەگەر ئەو ئارگیومێنتەی سەرەوە دروست بێت، ڕەنگە زۆرێک لە تاکەکان بە دەنگنەدان و ئەنجامدانی شتێکی سوودبەخشتر لە کاتی خۆیان سوودی چاوەڕوانکراو بگەیێننە باڵاترین ئاستی خۆی.

ئەلێکس گوریرۆ دەڵێت هاووڵاتییان بە چەندین هۆکاری ئەخلاقییانە دەنگ دەدەن، چونکە ئەو بەربژێرانەی زیاترین ڕێژەی دەنگەکان بەدەست دەهێنن، دەتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە "ئەرکێکی پێودانگیی" زیاتریان بۆ حوکمڕانی هەیە (Guerrero 2010). بەو حاڵەش دەنگی هەر تاکێک پشکێکی ئێجگار کەمی هەیە لە ڕێژەی ئەو دەنگانەدا کە بەربژێرێک وەریان دەگرێت. بۆیە دەکرێت گومانمان بێت لە توانای ئەو هۆکارەی دەنگدان کە گوریرۆ دەستنیشانی دەکات.

هەندێ لە تیۆرزانان باس لەوە دەکەن کە تاکەکان ئەرکی ئەخلاقییان هەیە بۆ دەنگدان بە مەبەستی بێبەریکردنی خۆیان لە هاودەستی لە نادادپەروەرییەکانی دەوڵەت (Beerbohm 2012; Zakaras 2018). هەموو دەوڵەتەکان لە نادادوەرییەوە دەگلێن (یاسا نادادپەروەرانەکان دادەنێن و دایاندەسەپێنن و شەڕی نادادپەروەرانە بەرپا دەکەن و زۆر شتی تر). و هاووڵاتییانی دێموکراسییە گەورەکان بە پێدانی باج و پابەندبوون بە یاساکان، بە جۆرێک بەرامبەر نادادپەروەرییەکانی دەوڵەتەکەیان بەرپرسیارێتیی هەتاهەتاییان هەیە و دەبێت چالاکانە خۆیانی لێ بێبەری بکەن. چەمکی هاودەستی لە تاوان دەڵێت ئەگەر هاووڵاتییان لە ڕێگای دەنگدان و داکۆکیی گشتی دژایەتیی ئەو نادادپەروەرییانە بکەن، ئەوا خۆیان لە بەرپرسیارێتیی هاوبەش لەو نادادپەروەرییانەی دەوڵەت بێبەری دەکەن (Beerbohm 2012).

یەکێک لە ڕەخنەکان ئەوەیە کە ڕوون نییە بۆچی وا وێنا دەکرێت کە دەنگدان و داکۆکیکردنی ئاشکرا لە دژی نادادپەروەری بەرپرسیارێتییەک کە بە باج و پابەندبوون بە یاساکان هاتووەتە ئاراوە، لە کۆڵ دەکاتەوە. ڕەخنەیەکی تر ئەوەیە کە نیگەرانیی مرۆڤ بۆ دژایەتیکردنی نادادپەروەری دەبێت لە نیگەرانییەکی ڕاستەوخۆتر سەبارەت بەو هەوڵانە سەرچاوە بگرێت کە بەسەر قوربانییانی نادادپەروەرییدا سەپاوە نەک نیگەرانیی خۆبێبەریکردن.

یەکێک لە شرۆڤەکان کە ڕێ لەم ڕەخنەیە دەگرێت، ئەرکی ئەخلاقییانەی دەنگدان بەپێی گرنگیی جێبەجێکردنی پشکی دادوەرانەی مرۆڤ لە داخوازی دادپەروەریی سیاسی کە لەگەڵ یەکسانی گشتیدا یەک دەگرێتەوە، پاساو دەدات. داخوازی دروستکردن و بەردەوامیی دامەزراوە دادپەروەرانەکان بەسەر هەموو هاووڵاتییاندا دابەش دەبێت (Maskivker 2019). ئەگەر کەسێک نەتوانێت پشکی دادوەرانەی خۆی لەو داواکارییانەدا جێبەجێ بکات، ئەوا ناتوانێت وەکوو پێویست ڕێز لە قوربانییانی دەرئەنجامی نادادپەروەری بگرێت. جگە لەوە، دەنگدان مکانیزمێک بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات بۆ جیێبەجێکردنی پشکی دادوەرانەی خۆیان لە داواکارییەکانی بەدادپەروەرانەکردنی دامەزراوەکانیان تەنیا بە شێوازێک کە لەگەڵ ڕێزگرتن لە یەکسانیی گشتیی هاونیشتمانییاندا بگونجێت. هاوڵاتییان دەتوانن بە ئامادەبوون و پێدانی دەنگێکی یەکلاکەرەوە بەشداری بکەن لە بەدەستهێنانی دادپەروەریی بەکۆمەڵدا و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی بڕیاردانی یەکسانی هاونیشتمانییان بپارێزن.


٢.٣.٤. نافەرمانیی بنەمایانە لە یاسا

لەمێژە نافەرمانیی مەدەنی وەکوو مکانیزمێکی سەرەکی ناسراوەتەوە کە لە ڕێگایەوە هاووڵاتییانی دێموکرات دەتوانن بە شێوەی قانوونی پەرە بە دادپەروەریی سیاسی لە کۆمەڵگەکەیاندا بدەن. بەپێی ڕوانگەیەکی ستاندارد، نافەرمانیی مەدەنی جۆرێکە لە پێشێلکردنی گشتی، ناتوندوتیژانە و هۆشیارانەی یاسا کە ئامانجی بریتییە لە گۆڕینی یاساکان یاخود سیاسەتەکانی دەوڵەت. ئەو کەسانەی لە نافەرمانیی مەدەنیدا بەشدار دەبن بۆ نیشاندانی وەفاداریی خۆیان بە یاسا ئامادەن دان بە ئەنجامە قانوونییەکانی کردەوەکانیاندا بنێن (Bedau 1961; Rawls 1971: ch. 55). پێناسەی ستانداردی نافەرمانیی مەدەنی ڕووبەڕووی هەندێ تەحەدا بووەتەوە. بۆ نموونە، هەندێک باس لەوە دەکەن ئەو کردە تایبەتانەی کە تیایاندا کەسی سەرکێش هەوڵی خۆدزینەوە لە سزا یاساییەکان دەدات، دەکرێت وەکوو نموونەی نافەرمانیی مەدەنی بە هەژمار بێن (Raz 1979; Brownlee 2004, 2007, 2012).

ڕەنگە باوترین شێوازی پاساودانی نافەرمانیی مەدەنی ئەوە بێت کە دەڵێت، هەمان ئەو تێبینییانەی بناغەی ئەرکی سەرەکیی پابەندبوون بە یاسان، هەندێ جار نافەرمانیی مەدەنی لە یاساش بە کردەیەکی گونجاو دادەنێن (بۆ نموونە سەیری ئەو سەرچاوە بکەن: Rawls 1971: ch. 57; Sabl 2001; Markovits 2005; Smith 2011). بۆ نموونە، ڕاوڵز دەڵێت لە کاتێکدا کە هاووڵاتییانی کۆمەڵگەیەکی "تا ڕادەیەک دادپەروەر" ئەرکی سەرەکیی پابەندبوون بە یاساکانی ئەو کۆمەڵگەیان لەبەر ئەوەی کە تا ڕادەیەک دادپەروەرانەیە لە ئەستۆیە، نافەرمانی دەتوانێت وەکوو شێوازێکی بەدیهێنانی کۆمەڵگەی دادپەروەرانەتر پاساوهەڵگر بێت (Rawls 1971: ch. 57). بە هەمان شێوە، دانیێل مارکۆڤیتس دەڵێت ئەندامانی کۆمەڵگەیەکی خاوەن ڕێکارگەلی دێموکراتیکی یەکسانیخوازانە و گشتگیر ئەرکی گشتیی پابەندبوون بە یاساکانی ئەو کۆمەڵگەیان لە ئەستۆیە، چونکە ئەو یاسایانە لە ڕێگای ڕێکارگەلێکی یەکسانیخوازانە و گشتگیری گونجاوەوە بەرهەم دێن کە دەکرێت نافەرمانیی مەدەنی وەکوو شێوازێکی یەکسانیخوازانەترکردن یاخود گشتگیرترکردنی ئەو ڕێکارانە پاساو بدرێت (Markovits 2005).

بە ئاسانی دەکرێت لەوە تێبگەین کە بۆچی ئەمە شێوازێکی سەرنجڕاکێشی پاساودانی نافەرمانیی مەدەنییە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە ڕێگای هەمان ئەو بەهایانە پاساوی نافەرمانیی مەدەنی دەدات کە بنەمای ئەرکی سەرەکیی پابەندبوون بە یاسان. لە لایەکی ترەوە، بەو جۆرەی سیمۆز دەڵێت، ئەگەر ئەرکێکی سەرەکیی پابەندبوون بە یاسا لە ئارادا نەبێت، پێدەچێت هیچ گریمانەیەک لە قازانجی فەرمانبەری [لە یاسا] لە ئارادا نییە و کە وا بێت پێویستییەکی ئەوتۆ بە پاساودانی نافەرمانیی مەدەنی ناکات. فەرمانبەری و نافەرمانی وەکوو یەک پێویستیان بە پاساودان دەبێت (Simmons 2007: ch 4).

لایەنگرانی ڕوانگەی ستاندارد بە شێوەیەکی گشتی گریمانەیان ئەوەیە کە تەنیا نافەرمانیی مەدەنی دەتوانێت بەم شێوەیە پاساوهەڵگر بێت. بەو حاڵەش، هەندێک باس لەوە دەکەن نافەرمانیی مەدەنی لە پێشگریمانەیەکی پێودانگیی تایبەتی باشتر لە نافەرمانیی نامەدەنی بەهرەمەند نییە. چەقی ئەو بیرۆکەیە ئەوەیە کە تا ئەو جێگایەی ئەو بەهایانە کە بناغەی ئەرکێکی سەرەکیی پابەندبوون بە یاسان (بۆ نموونە، دادپەروەری یاخود یەکسانیی دێموکراتیک) هەندێ جار بە باشترین شێواز لە خزمەتی نافەرمانیی مەدەنی لە یاسادان و هەندێ جاریش باشترین خزمەت بە شاراوەیی، هەڵاتن، نەناسراوی یان تەنانەت سەرکێشیی توندوتیژانە لە یاسا دەکەن (Delmas 2018; Lai 2019; Pasternak 2018).


٥. نوێنەرایەتیی دێموکراتیک

نوێنەرایەتی بەشێکی پێویستی دابەشکردنی کار لە دێموکراسییە گەورەکاندایە. لەم بەشەدا، دوو پرسیاری ئەخلاقییانەی پەیوەندیدار بە بەرپرسیارێتییەوە تاوتوێ دەکەین. یەکەم، باشترین جۆری سیستەمی نوێنەرایەتی کامەیە؟ دووەم، نوێنەرەکان پابەندی چ پڕەنسیپگەلێکی ئەخلاقین؟


١.٥. باشترین جۆری سیستەمی نوێنەرایەتی کامەیە؟

هەندێ لە دیبەیتەکان چڕ دەبنەوە لەسەر ئەو پرسیارە کە باشترین جۆرەکانی سیستەمی نوێنەرایەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک کامانەن؟ ئەوەی لێرە هەڵیدەبژێرین تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەی پاساوه ئەخلاقییە بنەڕەتییەکەمان بۆ دێموکراسی، پێناسەمان لە هاووڵاتی و هەروەها تێگەیشتنی ئەزموونییانەمان لە دامەزراوە سیاسییەکان و چۆنیەتیی کارکردنیانە. بنچینەییترین جۆرەکانی نوێنەرایەتیی سیاسیی فەرمی کە دەست دەدەن بریتین لە نوێنەرایەتیی ناحیەیی تاکە ئەندام، نوێنەرایەتیی ڕێژەیی و نوێنەرایەتیی گرووپ. هەروەها، زۆرێک لە کۆمەڵگەکان دامەزراوە قانوونییە فرەئەنجومەنییەکانیان هەڵبژاردووە. لە ‌چەند حاڵەتێکدا، تێکەڵاوێک لەو فۆرمانەی سەرەوە تاقی کراونەتەوە.

نوێنەرایەتیی ناحیەیی تاک ئەندام، نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئەو شوێنانە کە لە ڕووی جوگرافیاییەوە دەستنیشان کراون و دانیشتووانیان تا ڕادەیەکی زۆر یەکسانن دەنێرێتە ئەنجومەنی یاسادانان و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، هیند و شوێنەکانی تر دەبینرێن. باوترین فۆرمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی، بریتییە لە نوێنەرایەتیی ڕێژەیی لیستی حیزبەکان. لە فۆرمێکی سادەی ئاوا پلانێکدا، چەند حیزب بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی یاسادانان کە بەسەر ناحیە جوگرافیاییەکاندا دابەش نەبووە، کێبڕکێ دەکەن. حیزبەکان بەپێی ڕێژەی کۆی ئەو دەنگانەی کە لە کۆی دەنگەگەکان بەدەستی دەهێنن، هەندێ کورسیی ئەنجومەنی یاسادانان بەدەست دەهێنن. نوێنەرایەتیی گرووپ کاتێک دێتە ئاراوە کە کۆمەڵگە بەسەر گرووپە ناجوگرافیاییەکاندا و لەوانە گرووپە ئیتنیکی یان زمانییەکان یان تەنانەت گرووپە فۆنکشناڵەکان و لەوانە کرێکاران، وەرزێڕان و سەرمایەداراندا دابەش دەبێت و ئەنجومەنەنی یاسادانان نوێنەرانێک لە هەر یەک لەوانە لە خۆ دەگرێت.

زۆرێک لە لایەنگری لە یاسادانانی تاک ئەندامیی ناحیەیی دواون، لەبەر ئەوەی کە پێیان وایە ئەو یاسادانانە بە بەراورد لەگەڵ فۆرمەکانی تری نوێنەرایەتی دەبێتە هۆی بەدیهاتنی حکوومەتێکی سەقامگرتووتر. وا وێنا دەکرێت کە نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بەو ئاراستەیەدا دەڕوات کە هاووڵاتییان بەسەر چەندین ئوردوگای هاوجۆری لێکدژدا دابەش بکات کە بە توندی پابەندن بە هێڵە حیزبییەکانیانەوە و بەردەوام بۆ کۆنترۆڵکردنی حکوومەت کێبڕکێ دەکەن. لەبەر ئەوەی کە چەندین حیزب لە ئارادان و نایانەوێت پێکەوە ڕێک بکەون، ئەو حکوومەتانەی کە لە ڕێگای هاوپەیانێتیی حیزبەکانەوە پێک دێن، بە خێرایی لێک هەڵدەوەشێنەوە. پێدەچێت ئەزموونی حکوومەتەکانی دوای شەڕ لە ئیتالیا ئەم گریمانەیە پشتڕاست بکاتەوە. بەپیچەوانەوە دەوترێت نوێنەرایەتیی تاک ئەندامیی ناحیە بەهۆی لایەنگری لە سیستەمی دەسەڵاتی دوو حزبی، ئاستی سەقامگیریی حکوومەت بەرز دەکاتەوە. کە وا بێت هەر خولێکی هەڵبژاردن دیاری دەکات کە کام حزب بۆ ماوەیەک لە دەسەڵات دەمێنێتەوە.

چارلێز بێیتز دەڵێت نوێنەرایەتیی تاک ئەندامیی ناحیە هانی میانەڕەوی لە پلانەکانی حزبدا دەدات کە بۆ هاووڵاتییان دەخرێنە ڕوو (Beitz 1989: ch. 7). ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ مەیلی ئەم جۆرە نوێنەرایەتییە بۆ سیستەمە دوو حزبییەکان. دەگوترێت لە سیستەمێکی دوو حزبیدا کە بە حوکمی زۆرینە کار دەکات، پێویستە هەر حزبێک پەنا بۆ دەنگدەرە میانییەکان لە شەبەنگی سیاسیدا ببات. کە وا بێت، دەبێت بەرنامەکانیان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەنگدەرە میانییەکان هەموار بکەنەوە. جگە لەوە، گرووپەکان هان دەدەن پێکەوە سازش بکەن و ڕێک بکەون، چونکە هەوڵ دەدەن سەرنجی گرووپەکانی تر ڕاکێشن بۆ ئەوەی بچنە بەرەی یەکێک لە دوو حزبە پێشەنگەکەوە. ئەم مەیلانە هانی میانەڕەوی و سازش لەناو هاووڵاتییاندا دەدەن تا ئەو جێگایەی کە پارتە سیاسییەکان و گرووپەکانی بەرژەوەندی ئەو سیفەتانە وەکوو پێویستییەک بۆ کارامەیی دێموکراسییەک بپارێزن.

وەکو ڕەخنەیەک، لایەنگرانی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی و گرووپی ئاماژەیان بەوە کردووە کە نوێنەرایەتیی تاک ئەندامیی ناحیە مەیلی تاساندنی دەنگەکان و پشتگوێخستنی بەرژەوەندییەکانی گرووپە کەمینەکانی کۆمەڵگەی هەیە (Mill 1861; Christiano 1996). ئەگەری ئەوە هەیە بەرژەوەندییەکان و بۆچوونەکانی کەمینەکان لە دەقی دانوستانەکاندا و بە شێوەیەک کە جیاوازییەکانیان دامرکێندرێن، بگونجێنرێن. جگە لەوە، نوێنەرانی بەرژەوەندییەکان و بۆچوونەکانی کەمینەکان زۆر جار بە دژواری لە سیستەمەکانی تاک ئەندامیی ناحیەدا هەڵدەبژێردرێن، بۆیە تاوانبارە بەوەی کە زۆر جار گرنگی بە ڕوانگە و بەرژەوەندییەکانی کەمینەکان نادات. هەندێ جار بە داڕشتنەوەی سنوورەکانی ناحیەکان بە جۆرێک کە نوێنەرایەتیی زیاتری کەمینە مسۆگەر بکات، هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدرێت. ئەو هەوڵانە بەردەوام مشتومڕی تەواویان لەسەرە، چونکە ناکۆکییەکی بەرچاو لە بیروبۆچوونەکاندا سەبارەت بە پێوەرەکانی دابەشکردن لە ئارادایە.

بە پێچەوانەوە، لە نوێنەرایەتیی ڕێژەییدا نوێنەرانی گرووپە جیاجیاکان بەپێی ڕێژەی هەڵبژاردنی هاووڵاتییان لەسەر کورسییەکانی ئەنجومەنی یاسادانان دانیشتوون. پێویست ناکات داواکارییەکانی کەمینەکان لەگەڵ دووبەرەکیی بنچینەیی ڕوانگە و بەرژەوەندییەکان کە تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی سیستەمە تاک ئەندامییە ناحیەییەکانە یەک بخرێن، کە وا بێت ڕوانگەکانیان ڕوونتر و جیاوازتر و باشتر نوێنەرایەتی دەکرێن.

لایەنگرانی نوێنەرایەتیی گرووپ، بۆ نموونە ئایریس ماریۆن یۆنگ، باسیان لەوە کردووە کە هەندێ گرووپی بێبەشکراوی مێژوویی ڕەنگە هێشتا لە نوێنەرایەتیی ڕێژەییدا دۆخیان باش نەبێت (Young 1990: ch. 6). ڕەنگە نەتوانن وەکوو گرووپەکانی تر بە ئاسانی بۆچوونەکانیان ڕێک بخەن و بە ڕوونی دەریان ببڕن. هەروەها، هێشتا دەکرێت گرووپە کەمینەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ئەنجومەنی یاسادانان شکست بهێنن و ڕەنگە تەنانەت ئەگەر هەندێ نوێنەریشیان هەبن بەرژەوەندییەکانیان بە بەردەوامی پشتگوێ بخرێن. هەندێ باسیان لەوە کردووە کە تاقە ڕێگای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەم گرووپانە ئەوەیە لە ڕووی قانوونییە دڵنیا ببنەوە لەوەی کە بە ڕادەی پێویست و تەنانەت بە شێوەی ناڕێژەیی نوێنەریان دەبێت.

یەکێک لە نیگەرانییەکان سەبارەت بە نوێنەرایەتیی گرووپی ئەوەیە کە ئەو نوێنەرایەتییە مەیلی بەستنی چەند لایەنێکی ئەجینداکەی هەیە کە ڕەنگە باشتر بێت بسپێردرێن بە هەڵبژاردنی هاووڵاتییان. بۆ نموونە، خەڵکانێک لەبەرچاو بگرن کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەسەر گرووپە زمانییەکاندا دابەش کراون و وای دابنێن کە تەنیا بەشێک لە هاووڵاتییان گرنگی بە ناکۆکییە زمانییەکان دەدەن. لەم هەلومەرجدا پلانێکی نوێنەرایەتیی گرووپی ڕەنگە بەرەو شێوازێکی دەمارگرژانە بڕوات کە لایەنگری لە بۆچوون یاخود بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسانە بکات کە ناکۆکییە زمانییەکان بە گرنگ دادەنێن.


٢.٥. ئەخلاقی نوێنەرایەتی

ئەو پێوەرە ئەخلاقییە کە بەسەر نوێنەراندا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە فەرمییەکانیان دادەسەپێن، کامانەن؟ بە ناساندنی ئەو جیاوازییە بەناوبانگەی کە هانا پیتکین لەنێوان شاندی باوەڕپێکراو [ئەمیندار] و شاندی نوێنەران دایدەنێت، دەتوانین باشتر وەڵامی پرسیارە شیمانەکراوەکان بدەینەوە (Pitkin 1967). ئەو نوێنەرانەی کە وەکوو کەسانێکی بڕواپێکراو [ئەمیندار] کار دەکەن، لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا پشت بە حوکمە سەربەخۆکانی خۆیان دەبەستن. پێوەرەکانی باوەڕپێکراوی [ئەمینداری] کە دان بەوەدا دەنین کە بە لەبەرچاوگرتنی دابەشبوونی سروشتیی کاری دێموکراتیک بەرپرسان بە بەراورد لەگەڵ هاووڵاتییانی ئاسایی لە پێگەیەکی باشتردان بۆ بڕیاردانی سیاسی لۆژیکییانە و وشیارانە، پشتگیری دەکرێن.

ئەو نوێنەرانەی کە وەکوو لێژنەی نوێنەرایەتی کار دەکەن دەچنە ژێر باری دادوەری و حوکمی هاووڵاتییانی خۆیان. ڕەنگە وا بیر بکرێتەوە کە ئەم پێوەرانە ڕەنگدانەوەی بەرپرسیارێتیی دێموکراتیک بن. لەبەر ئەوەی کە خەڵک دەسەڵات ڕادەستی نوێنەران دەکەن، ئاساییە وا بیر بکەینەوە کە نوێنەرەکان بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان. ئەگەر نوێنەرەکان بەم شێوەیە لێپرسینەوەیان لێ نەکرێت، ئەوا هاووڵاتییان کۆنترۆڵی دێموکراتیکی خۆیان لەسەر کردەوەکانی نوێنەرەکانیان لەدەست دەدەن.

کاتێک پێوەرەکان پێکناکۆکن، کامیان سەر دەکەون؟ پیتکین دەڵێت وەڵامەکە بەپێی بەستێن دەگۆڕدرێت. دەکرێت وا بێت. بۆ نموونە، ئەگەر ڕوانگەمان ئەوە بێت کە هاووڵاتییان لە بنەڕەتدا ئەرکی دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی کۆمەڵگەیان لە ئەستۆیە، ڕەنگە پێمان وا بێت کە دەبێت نوێنەران نوێنەرایەتیی ئامانجەکان بکەن، بەڵام سەبارەت بە شێوازەکانی بەدیهێنانی ئامانجەکان، لێژنەی باوەڕپێکراو [ئەمیندار] بن (Christiano 1996). بۆ خوێندنەوەی باسێکی جیاواز و چڕوپڕتر سەبارەت بەم بابەتانە سەیری باسەکەی سوزان دۆڤی سەبارەت بە نوێنەرایەتی بکەن.


٦. دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی

هەندێک وا بیر دەکەنەوە کە تیۆرمی نەلواویی کێنێت ئاڕۆ کۆمەڵێک کێشەی گەورە بۆ تیۆری دێموکراتیک دێنێتە ئاراوە (Arrow 1951). ویلیام ڕایکێر، ڕاسێڵ هاردین و کەسانی تر بیریان لەوە کردووەتەوە کە تیۆرمی نەلواوی دەرخەری ئەوەیە کە بیرۆکە دێموکراتیکەکان تووشی چەندین کێشەی قووڵ بوونەتەوە (Riker 1982; Hardin 1999). هیچ یەک لەو بیرمەندانە دژی خودی دێموکراسی نین، هەردووکیان پێیان وایە هۆکاری ئامرازییانەی باش بۆ هەبوونی دێموکراسی لە ئارادان.

ئەنجامە بنچینەییەکانی تیۆری دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی لە شوێنێکی تری ئەم ئەنسیکلۆپیدیایەدا بە وردی باسیان لێ کراوە (List 2013). لێرەدا تەنیا ئەنجامە بنچینەییەکە و ڕوونکردنەوەیەک دەخەینە ڕوو. پرسیاری تیۆری دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتیی ئاڕۆ ئەمەیە: چۆن لەسەر بنەمای کۆمەڵێک یەکەمێتیی تاکەکەسیی ئەندامان، یەکەمێتییەکی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگا بەگشتی دیاری دەکەین؟ ئاڕۆ نیشانی دەدات کە کارکردی دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی کە چەند بەربەستێکی بڕواپێکراو چارەسەر دەکات، کاتێک کە دوو بژاردە یان زیاتر لە لایەن گرووپەوە دەستەبژێر بکرێن، پێناسە ناکرێت. ئاڕۆ چەند مەرجێک بۆ داسەپاندن بەسەر کارکردی دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتیدا دەخاتە ڕوو. پانتایی بێسنوور: کارکردی دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی بە چاوپۆشین لەوەی کە تاکەکان یەکەمێتی بە کام بژاردە دەدەن، دەبێ بتوانێت یەکەمێتییەکی کۆمەڵایەتیمان بۆ بخاتە ڕوو. نادیکتاتۆریەت: کارکردی دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی نابێت یەکەمێتییەکانی ئەندامێکی تایبەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی یەکەمێتییەکانی ئەندامانی تر هەڵبژێرێت. گوێزرانەوەیی و یەکپارچەیی: ڕیزبەندی یەکەمێتییەکانی تاکەکەسی دەبێ ڕیزبەندییەکی شیاوی گوازرانەوە و یەکپارچە بێت و پێویستە ئەو یەکەمێتییە کۆمەڵایەتییە کە لەو ڕیزبەندییە سەرچاوە دەگرێت شیاوی گواستنەوە و یەکپارچە بێت. سەربەخۆیی بەدیلە ناپەیوەندیدارەکان: پێویستە یەکەمێتیی کۆمەڵایەتیی نێوان دوو بەدیل تەنیا ئەنجامی ڕیزبەندییە تاکەکەسییەکانی نێوان ئەو دوو بەدیلە بێت. مەرجی پارەتۆ: ئەگەر هەموو ئەندامان بەدیلی x لە y بە باشتر بزانن، ئەوا دەبێت x لە ڕیزبەندی کۆمەڵایەتیدا لە سەرەوەی y دابنرێت. بەپێی ئەو تیۆرمە هیچ کارکردێکی دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی کە هەڵگری زیاتر لە دوو بژاردە بێت، ناتواێت هەموو ئەو مەرجانە دابین بکات.

نموونەیەکی سوودمەندی ئەم بیرۆکەیە پەرەپێدانی حوکمی زۆرینە بۆ حاڵەتەکانی زیاتر لە دوو بەدیل لەخۆ دەگرێت. قانوونی کۆندۆرسە دەڵیت بەدیلی x کاتێک لە بەرامبەر هەر بەدیلێکی تردا براوە دەبێت کە زۆرینە x لەو بەدیلە بە باشتر بزانن. بۆ نموونە، وای دەبنێن سێ کەس بە ناوەکانی A وB و C و سێ بەدیلی x، y و zمان هەیە. A، x لە y بە باشتر و y لە z بە باشتر دەزانێت و B، بەدیلی y لە z و بەدیلی z لە x بە باشتر دەزانێت، C، بەدیلی x لە z بە باشتر و بەدیلی z لە y بە باشتر دادەنێت. لەم حاڵەتەدا، x براوەی کوندرۆسەیە، چونکە لە y دەباتەوە و ئەویش لە z دەباتەوە. کێشەی ئەم قانوونە دەنگییە بڕواپێکراوە، حاڵەتی خولی زۆرینەیە. وای دابنێن سێ کەستان بە ناوەکانی A، B و C و سێ بەدیلی x، y و zیشتان هەیە. لە حاڵەتێکدا کە تیایدا A، بەدیلی x لە y بە باشتر و بەدیلی y بە باشتر لە z دادەنێت، و هاوکات B ، بەدیلی y لە z و بەدیلی z لە y بە باشتر دادەنێت و C بەدیلی z لە x بە باشتر و بەدیلی x لە y بە باشتر دادەنێت، یاسای کەندرۆسە ڕایدەگەیەنێت کە یەکەمێتیی کۆمەڵایەتی x لە y باشتر و y لە z باشتر و z لە x باشترە. هەمو کەس دەتوانێت لێرەدا لەوە تێبگات کە قانوونی کۆندۆرسە هەموو مەرجەکان جگە لە گوازرانەوەیی یەکەمێتیی کۆمەڵایەتی دابین دەکات. یەکێک لە ڕێگاکانی خۆبواردن لە نەگوازراوەییبوون، بەرتەسککردنەوەی پانتای ئەو یەکەمێتییانەیە کە یەکەمێتیی کۆمەڵایەتی لەوانەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکێکی تر لە ڕێگاکان ناساندنی زانیارییە سەرەکییەکانە کە ڕێژەی یەکەمێتیدانی خەڵک بە بەدیلەکان بەراورد دەکات (پێشێلکردنی سەربەخۆیی). ڕەنگە ڕێگایەکی تر ئەوە بێت کە کەسێک بکرێتە دیکتاتۆر. کەوابوو، ئەم حاڵەتە بە جوانی ڕوونی دەکاتەوە کە مرۆڤ ناتوانێت لە یەک کاتدا هەموو بەربەستەکان چارەسەر بکات.

ڕیکێر دەڵێت ئەم تیۆرمە دەرخەری ئەوەیە کە ئەو بیرۆکەیە هەڵەیە کە گوایە ئیرادەی گشتی دەتوانێت توخمی حوکمڕانیی کۆمەڵگە بێت. ئەگەر مەرجی هەبوونی ئیرادەی گشتی کۆمەڵێک یەکەمێتیی سنووردار بێت، بە شێوەیەکی سروشتی ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئاوا مەرجێک هەمیشە یاخود بە شێوەیەکی باو لە کۆمەڵگەیەکی تا ڕادەیەک ئاڵۆزدا لە ئارادایە یاخود نا. ڕەنگە پرسیار بکەین کە ئایا کۆمەڵگەیەکی زۆر فرەچەشن کە دابەشبوونی ئاڵۆزی کاری تێدایە دەتوانێت مەرجی دەستەیەک یەکەمێتیی سنووردار دابین بکات کە بۆ خۆبواردن لە خولەکان یاخود خەسارەکانی تری دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی پێویستن. هەندێک وتوویانە ئێمە بەڵگەی ئەزموونییانەمان هەیە سەبارەت بەوەی کە کۆمەڵگە مۆدێرنەکان بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم جۆرە مەرجانە دابین دەکەن (Mackie 2003). هەندێکی تر باسیان لەوە کردووە کە پێدەچێت ئەوە ڕێی تێنەچێت (Riker 1982; Ingham 2019). ئەمە تەنیا بەرگریکردن لە پانتای بێسنوور نییە. بەرگریکردنە لە تێزێک کە دەڵێت زۆر جار کۆمەڵە یەکەمێتییەکانی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان ڕەنگە ئەو تایبەتمەندییەیان تێدا نەبێت کە بتوانن خۆیان لە خولگەکان بەدوور بگرن.

ڕەخنەی مونسیفانە لە تیۆری دەستەبژێرکردنی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دانراوە کە کاتێک پرۆسەیەکی دەنگدان پێداویستییەکانی دادپەروەری دابین دەکات، دادپەروەرانەبوونی پرۆسەکە و یەکەمێتییەکان ڕەنگە ئەنجامی دیاریکراو بەدی نەهێنێت. ئەگەر خولەکان گشتگیر بن، ڕەنگە ئەنجامەکانی پرۆسە دێموکراتیکەکان لە ڕێگەی ستراتیژییە هۆشمەندانەکانەوە دیاری بکرێن نەک لە ڕێگای دادپەروەریی ڕێکارەکانەوە (Riker 1982). لێرەدا سێ خاڵی یەک لە دوای یەک هەن. یەکەم، نادیاربوونی ئەنجامەکانی پرۆسەکە لەگەڵ بەتەواوەتی دادپەروەرانەبوونی پرۆسەکە یەک دەگرێتەوە. سەرەڕای هەموو ئەوانە، تیروپشک دادپەروەرانەیە. دووەم، ئەو پرسیارە لە ئارادایە کە خولەکان چەندە بەرجەستەن. سێیەم، ڕەنگە وا بیر بکرێتەوە کە ئەگەر هەلومەرجێک لە ئارادا بێت کە ئەو توانایە بە لایەنی بەرامبەر بدات کە هەندێ ستراتیژی کاریگەر دابڕێژن خۆیان تا ڕادەیەک بەرابەر و یەکسان بن، ئەوا نیگەرانییەکان سەبارەت بە دادپەروەری بە تەواوەتی دەڕەوێنەوە. ئەگەر سەرچاوەکانی قەناعەتپێهێنان و ڕێکخستن بە شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێن، ڕەنگە پرسی دادپەروەری لە کۆتاییدا بمێنێتەوە. کاتێک پێناسەی شۆن ئینگام لە یەکسانیی سیاسی لەبەرچاو بگرین، ئەم خاڵە دەتوانێت قەناعەتپێهێنەرتر بێت. ئینگام لە پێناسەکەی خۆی سەبارەت بە دادوەری بە چڕی یەکەمێتیی گونجاندووە. ئەمە لادانە لە ڕوانگەی ئاڕۆ، بەڵام لە زۆر ڕووەوە ڕوانگەیەکی ڕاستیوازانەیە. بیرۆکەکە ئەوەیە کە زۆرینەکان کاتێک بتوانن بەو خەستییەی یەکەمێتییەکان بەو شتانەش کە دەیانەوێت بگەن، کۆنترۆڵی یەکسانیان هەیە لەسەر ئاقارە سیاسییەکان. و بەگشتی کاتێک هەموو گرووپە هاوقەوارەکان کۆنترۆڵێکی هاوشێوەیان هەبێت، ئەوا یەکسانی دێتە ئاراوە (Ingham 2019). حاڵەتێکی زێدەڕۆیانە دەمێنێتەوە کە تێیدا هەموو زۆرینەکان خەستیی یەکەمێتیی یەکسانیان هەیە و تووشی خولی زۆرینە دەبن. بەڵام ئەگەری ڕوودانی ئەم حاڵەتە ئێجگار کەمە، تەنانەت ئەگەر ئەگەری خولەکانی زۆرینە بەو کەمییەش نەبێت. تەنانەت ئەگەر ژمارەیەکی زۆر خولی زۆرینەش لە ئارادا بن، ئەگەر پرسەکان بە شێوەیەک چارەسەر بکرێن کە ئەو زۆرینانەی کە زیاترین مەترسییان لە ململانێکەدا هەیە، ئەوانە بن کە بە خواستەکانیان دەگەن، ئەوا دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر دادپەروەریمان هەبێت، تەنانەت ئەگەر خولی زۆرینەی بەربڵاو لە ئارادا بن.


٧. کێشەی سنوور: بنیاتنانی دێمۆکان [گەلەکان]

ئەگەر کۆمەڵگە دێموکراتەکان ڕێگا بە ئەندامانیان بدەن بە شێوەیەکی یەکسان لە بڕیاردانی بەکۆمەڵدا بەشداری بکەن، پرسیارێکی سروشتی دێتە ئاراوە: کێ مافی بەشداریکردنی لە بڕیاردانی بەکۆمەڵدا هەیە؟ دەتوانین ئەم پرسیارە لە بوارێکی دادوەریی تایبەتدا بکەین (ئایا پێویستە هەموو بەتەمەنەکان مافی بەشداریکردنیان هەبێت؟ پێویستە منداڵان مافی بەشداریکردنیان هەبێت؟ ئایا پێویستە هەموو دانیشتووان ئەو مافەیان هەبێت؟). بەڵام هەروەها دەتوانین ئەو پرسیارەش بکەین کە پێویستە سنووری دەسەڵات تا کوێ بێت. چەنێک لە خەڵکی جیهان پێویستە لە بڕیاردانی بەکۆمەڵدا بەشدار بن؟ شێوازێکی ئاسان، گەرچی بەلاڕێدابەرانەی پرسینی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە بپرسین سنوورە فیزیکییەکانی دامەزراوەیەکی تایبەت بە بڕیاردانی بەکۆمەڵ دەبێ چۆن بن؟ ئێمە کۆمەڵگە تا ڕادەیەک دێموکراتەکان لە سنووری دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرندا دەبینین. بەڵام لەوانەشە پرسیار بکەین کە بۆچی دەبێت ئەو کەسانەی کە لە بڕیاردانەکانی دەوڵەتی مۆدێرندا بەشداری دەکەن تەنیا بەرتەسک بکەینەوە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهەڵکەوت بە شێوەی فیزیکی دانیشتووی ئەو دەوڵەتانەن؟ بە دڵنیاییەوە جگە لەوانە، کەسانێکی زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەریی بڕیارەکانی دەوڵەتە دێموکراتەکان. بۆ نموونە، چالاکییەکانی کۆمەڵگەی A، دەتوانن ببنە هۆی پیسبوونی کۆمەڵگەی B. بۆچی نابێت ئەندامانی کۆمەڵگەی B لە بڕیارەکانی چالاکییە پیسکەرەکانی کۆمەڵگەی A قسەیان هەبێت؟ و چالاکییەکانی A دەتوانن زۆر کاریگەریی تر لەسەر B دابنێن.

هەندێک پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە سنوورەکانی دەوڵەت دەبێت لە ڕێگای پڕەنسیپی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەییەوە دیاری بکرێن. ئێمە نەتەوە وەکوو گرووپێکی بەردەوام لەو کەسانەی کە لە هەندێ پێوەری کولتووری، مێژویی و سیاسیدا هاوبەشن و خۆیان بە یەک دەزانن و خاوەن خاکێکن پێناسە دەکەین. پاشان سنورەکانی نیشتمان بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی گرووپی خەڵک و ئەو خاکەی کە ڕێزی بۆ دادەنێن دیاری دەکەین (Miller 1995; Song 2012). ئەمە لە زۆر ڕووەوە بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشە: هاونیشتمانیبوون دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی مەیلی خۆبەختکردن و فەداکاریی هاوبەش کە لە بڕیاردانی بەکۆمەڵ سەرچاوە دەگرێت. ئەوە هەستی هاوماڵیبوون لای خەڵک دروست دەکات. بەڵام بە ئاستەم دەکرێت وەکوو پڕەنسیپێکی گشتی بۆ دابەشکردنی خاک لە نێوان تاکەکاندا بەکار بهێنرێت، لە کاتێکدا کە یەکێک لە واقعیەتە سەرەکییەکان بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگەکان ئەوەیە کە هەمەجۆریی نەتەوەکان، گرووپە ئیتنیکییەکان و کولتوورەکان لەسەر هەمان خاک پێکەوە تێکەڵ دەبن.

ئایا ڕێگاچارەیەکی دێموکراتیک بۆ کێشەی سنوور لە ئارادایە؟ چەند بیرۆکەیەک پێشنیار کراون. یەکەمین بیرۆکە ئەوەیە کە پێویستە خەلک بڕیار بدەن کە سنوورەکان کامانەن؟ بەڵام ئەم پێشنیارە، لە کاتێکدا کە ڕەنگە ڕێگاچارەیەکی پراگماتیک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پێدەچێت ئەو پرسیارە بێنێتە ئاراوە کە کێ ئەندامە و کێ ئەندام نییە (Whelan 1983).

دووەم ڕێگاچارەی تیۆرییانە کە هەڵگری هەندێ ڕەگەزی دێموکراتیکە، بریتییە لە گەڕانەوە بۆ ئەو پڕەنسیپە کە دەڵێت هەموو ئەوانەی کە پێڕەوی لە بڕیاردان دەکەن، بەو مانایەی کە ناچار کراون یاخود وەکوو ئەرک بەسەریاندا سەپێندراوە، پێویستە لە بڕیارداندا مافی قسەکردنیان هەبێت (Abizadeh 2008). ئەم پڕەنسیپە بە ڕادەی پێویست بڕواپێکراوە، بەڵام حاڵەتەکانی بەسەندە نین. حاڵەتی پیسبوون کە لە سەرەوە باس کرا، حاڵەتێکی پێڕەویکردن نییە.

سێیەمین ڕێگاچارەی تیۆرییانەی پێشنیارکراو پڕەنسیپی هەموو کارتێکراوەکانە. یەکێک لە فورمولەکان ئەوەیە کە "هەموو ئەو کەسانەی کە دەکەونە ژێر کاریگەری دەبێت لەو بڕیارانەدا کە کاریگەرییان لەسەر دادەنێن قسەیان هەبێت". ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کاتێک چالاکییەکان لە دەوڵەتێکدا دەوڵەتانی تر دەخەنە ژێر کاریگەرییەوە، خەڵکی دەوڵەتەکەی تر پێویستە سەبارەت بەو چالاکییانە قسەیان هەبێت. هەندێک وا بیر دەکەنەوە کە ئەم پڕەنسیپە دەبێتە هۆی جۆرێک لە پڕەنسیپی سیاسیی جیهان-نیشتمانی کە لایەنگری لە حکوومەتی جیهانی دەکات (Goodin 2007).

بەڵام پرەنسیپی هەموو کارتێکراوەکان لە ڕووی واتاییەوە بەتەواوەتی ناڕوونە و لە ڕووی ئەخلاقییەوە کێشەخوڵقێنە و ئەگەر نەڵێین هیچ، لانیکەم ڕێگاچارەیەکی ئەوتۆی چارەسەرکردنی کێشەی سنووری تێدا نییە.

یەکەم، ڕوون نییە مەبەست لە "هەبوونی قسە" چییە. ئایا پێویستی بە هەبوونی دەنگ هەیە لە بڕیاردانی بەکۆمەڵدا؟ یان ئایا بەو جۆرەی کە دەیبینین لە کاتی چاووڕاوکردن لەسەر شتێکی دەرەکی، دەکرێت لە ڕێگای دانوستان لەگەڵ کەسێكی ترەوە، کردارێکی ئەو کەسە ڕاست بکرێتەوە؟ ئەم دوایین نوسخەیە ئەو بیرۆکەیە لاواز دەکات کە گوایە بنەمای هەموو کارتێکراوەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر کێشەی سنوور دادەنێت. کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگا دەدات بەو چالاکییەکانەی کە دەبنە هۆی بەرهەمهاتنی بارانی ئەسیدی لە کەنەدا، کەنەدا دەتوانێت لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی بارانی ئەسیدی و/ یا قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر کەنەدا کەوتوون دانوستان بکات. مادام سیستەمێکی دانوستانی دادپەروەرانە و کاریگەر لە ئارادا بێت، پێدەچێت ئەمە بەتەواوەتی پڕەنسیپی کارتێکردن لەسەر هەمووان جێگیر بکات بەبێ ئەوەی [مافی] دەنگدان بە کەنەداییەکان لە سیاسەتی ئەمریکادا یا [مافی دەنگدان] بە ئەمریکییەکان لە سیاسەتی کەنەدادا بدرێت.

دوەم، دیار نییە "کەوتنە ژێر کاریگەری" [کارتێکراوی] مانای چییە. یەکەم، ئایا کاتێک کەسێک دەکەوێتە ژێر کاریگەری تەنیا بەو واتایە دێت کە گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئەو کەسەدا ڕوو دەدات یاخود دەبێت ئەو کاریگەرییە پاشگەزبوونەوە لە یەکەمێتییەکان یان بەرژەوەندییەکان یان بەرژەوەندییە ڕەواکان یان جێبەجێکردنی تواناکان یاخود چاکەی ئەو کەسەش لەخۆ بگرێت؟ دووەم، ئایا بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ تەنیا ئەوکاتە دەکەونە ژێر کاریگەریی بڕیارێک کە سەبارەت بە هەندێ بنەما (یان دۆخی ئێستای کاروبارەکان یان هەندێک بنەمای پێناسەکراوی ئەخلاقییانە وەک ئەوانەی بەڵێنتان پێ داوم) پێش بکەوێت یاخود پاشەکشە بکات، یان ئایا من دەکەومە ژێر کاریگەریی ئەو بڕیارانە کە لەوانەیە لە قازانج یان لە دژی من بن بەڵام لە کۆتاییدا هیچ جیاوازییەک ناهێننە ئاراوە؟ بۆ نموونە، ئەگەر من لە حەوزێکدا نوقم بم و تۆ بڕیار بدەیت کە ئایا من ڕزگار بکەیت یان بڕۆیت بۆ خۆت چکلیتێک بکڕیت، ئایا من دەکەومە ژێر کاریگەریی چکلیت کڕینەکەی تۆ؟ ئەگەر کاتێک هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نەدات نەکەومە ژێر کاریگەری، کەوابوو ئەوەی کە کێ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بڕیارێک زۆر جار بەستراوەی ئەوەیە کە کێ لە بڕیارداندا بەشدار دەبێت و ئێمە هیچ ڕێگاچارەیەکمان بۆ کێشەی تێداگونجاوی [لەخۆگرتن] نییە. ئەگەر بکەومە ژێر کاریگەری، ئەوا پڕەنسیپەکە هەندێ لێکەوتەی ناوازەی دەبێت. ئێستا دەردەکەوێت کە هەژارانی باکووری ئاسیا دەکەونە ژێر کاریگەریی چکلیت کڕینەکەی من، چونکە دەمتوانی پارەکە بۆ ئەوان بنێرم (Goodin 2007).

پڕەنسیپی هەموو کارتێکراوەکان تەنیا دەستەواژەیەکی پێشنیارکراو و لەڕووی زارەکییەوە کاریگەرە. ئەوە دەستپێکی گفتوگۆ و لیستێک لەو بابەتانەیە کە دەبێت باسیان لێ بکرێت نەک پڕەنسیپێکی ڕاستەقینە. بۆ نموونە، ئەگەر بڕیار بێت من هەموو ئەو کەسانەی کە دەکەونە ژێر کاریگەریی بڕیارەکانم لە بڕیارەکانمدا بەشدار بکەم، ناتوانم بڕیاری زۆر بدەم و بڕیاردانم ئیتر ناتوانێت ژیانی خۆم و پەیوەندییەکانم لەگەڵ ئەوانی تر ڕێک بخات. ژیانم پارچە پارچە دەبێت و یەکپارچە نامێنێت (Williams 1973). دەشێت هاوشێوەی ئەم کێشەیە بۆ کۆمەڵگە سیاسییەکانیش بێتە ئاراوە: هەر کۆمەڵگەیەک کە ناچارە کەسانێکی جیاواز لە هەر بڕیارێکدا بەشدار بکات. ئەگەر وا بێت، تێگەیشتن لەوەی کە چۆن هەر کۆمەڵگەیەک دەتوانێت کەسایەتییەکی تایبەت بۆ خۆی چێ بکات، زەحمەتە.

پڕەنسیپێکی شیاوتر کە هەندێک لە پێشنیارەکانی پڕەنسیپی هەموو کارتێکراوەکان لە خۆ دەگرێت ئەوەیە کە دەبێت چوارچێوەیەک لە دامەزراوەکان دامەزرێت بۆ ئەوەی خەڵک توانای پێشخستن و پاراستنی بەرژەوەندییە ڕەواکانی خۆیان لە ژیاندا هەبێت.

بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە لە پڕەنسیپەکە تێبگەین، دیار نییە بتوانێت یارمەتیی زیاترمان بدات بۆ کێشەی سنوور. پێش هەموو شتێک، چەندین شێوازی جیاجیا لە ئارادان کە بەو پێیە دەکرێت بڵێین خەڵک دەسەڵاتیان بەسەر ژیانی خۆیاندا هەیە. جۆرێک لە دەسەڵات، بریتییە لە دەسەڵاتی بەشداریکردنی یەکسان لە پرۆسەی بڕیاردانی بەکۆمەڵدا. جۆرێکی تر ئەوەیە کە توانای پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە پرۆسەیەکی لامەرکەزی وەکوو بازار یاخود سیستەمی تەوافوقی وەکوو یاسای نێونەتەوەیی هەبێت. وێڕای وەبیرهێنانەوەی کێشەی پیسبوون کە لەسەرەوە باس کرا، دەتوانین بەو وڵاتەی کە ئەوان ئەندامین دەسەڵاتی دانوستان بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دۆخی پیسکردن بەو پێە هەر دوو لایەن لەسەری کۆکن، بدەین. تەنیا دەسەڵاتی بەشداریکردنی یەکسان لە بڕیاردانی بەکۆمەڵدا سنوورەکانی بڕیاردانی بەکۆمەڵ لەخۆ دەگرێت.

ڕێگەچارەیەکی تری کێشەی سنوور ڕێگەچارەیەکی کۆنسێرڤاتیڤ یان کۆنەپارێزانەیە. بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە کە سنوورەکانی دەوڵەتەکان تا ڕادەیەک بەو جۆرەی کە ددانیان پێدا نراوە بمێننەوە، مەگەر ئەوەی پێویستییەکی بەپەلە بۆ گۆڕینیان لە ئارادا بێت. هەوڵدان بۆ گۆڕینی سنوورەکانی کۆمەڵگە سیاسییەکان ڕێچکەیەکە بۆ ململانێی جددی، چونکە لە ڕاستیدا هیچ دامەزراوەیەک لە ئارادا نییە کە ڕەوایی یاخود دەسەڵاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەبێت و ڕەنگە ناکۆکییەکی زۆر سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بێتە ئاراوە. دەوڵەتەکان بەو جۆرەی کە دەیانناسین، بە هەر حاڵ بەهێزترین دامەزراوە سیاسییەکانی سیستەمی نێونەتەوەیین. دەوڵەتەکان بە بەراورد لەگەڵ هەموو دامەزراوەکانی تری سیستەم، شێوازگەلی کاریگەرتریان بۆ وەڵامدانەوەی هێز بنیات ناوە. ئەو دەوڵەتانە کۆمەڵگەگەلێکی یەکپارچەیان بنیات ناوە کە دانیشتووانیان لە باڵاترین ئاستدا پێکەوە بەستراوەن. دەرئەنجام، دەوڵەتەکان و ئەو تاکانەی لەو دەوڵەتانەدا دەژین، دەتوانن لە ڕێگای پرۆسەی دانوستان و دانانی یاسای نێونەتەوەییەوە تا ڕادەیەک لە حەنای تاک و دەوڵەتەکانی تر بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن. لەوانەیە سەرچاوەی ئەم سنوورانە خۆخواستی یا هەڕەمەکی بێت، بەڵام بەو حاڵەش، بێبنەماش نییە. بە دڵنیاییەوە، چەند حاڵەتێکی ڕوون هەن کە دەکرێت سنوورەکان بگۆڕدرێن. یەکێک لە هۆکارەکانی پێویستی بەپەلە [بۆ ئەو گۆڕانکارییە]، هەبوونی نادادپەروەریی جددییە لە ناوخۆی وڵاتێکدا. ڕەنگە یەکێکی تریان هەبوونی کەمینە هەتاهەتاییەکان بێت کە بە شێوەی بڕگەیی پێناسە کراون. لێرەدا تەنیا پرسیار لە چۆنیەتیی پێداچوونەوە بە سنوورەکاندا و بنەمای ئەو پێداچوونەوەیە دەکەین کە چارەسەری نادادپەروەریی جددییە.


ژێدەرەکان:

No Right to Unilaterally Control Your Own Borders”, Political Theory, 36(1): 37–65. doi:10.1177/0090591707310090

Acemoglu, Daron, Suresh Naidu, Pascual Restrepo, and James A. Robinson, 2019, “Democracy Does Cause Growth”, Journal of Political Economy, 127(1): 47–100. doi:10.1086/700936

Achen, Christopher H. and Larry M. Bartels, 2016, Democracy for Realists: Why Elections Do Not Produce Responsive Government (Princeton Studies in Political Behavior), Princeton: Princeton University Press.

Altman, Andrew and Christopher Heath Wellman, 2009, A Liberal Theory of International Justice, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780199564415.001.0001

Anderson, Elizabeth, 2006, “The Epistemology of Democracy”, Episteme, 3(1–2): 8–22. doi:10.3366/epi.2006.3.1-2.8

Aristotle, Politics: Writings from the Complete Works, Jonathan Barnes (ed.), Princeton: Princeton University Press, 2016.

Arneson, Richard J., 1993 [2003], “Democratic Rights at National and Workplace Levels”, in The Idea of Democracy, David Copp, Jean Hampton, and John Roember, 118–138, 143–147; reprinted as “Democracy at the National Level” in Christiano 2003: 95–115.

–––, 2003, “Defending the Purely Instrumental Account of Democratic Legitimacy”, Journal of Political Philosophy, 11(1): 122–132. doi:10.1111/1467-9760.00170

–––, 2004, “Democracy Is Not Intrinsically Just”, in Justice and Democracy, Keith Dowding, Robert E. Goodin, and Carole Pateman (eds.), Cambridge: Cambridge University Press, 40–58. doi:10.1017/CBO9780511490217.003

–––, 2009, “The Supposed Right to a Democratic Say”, in Contemporary Debates in Political Philosophy, Thomas Christiano and John Christman (eds.), Oxford, UK: Wiley-Blackwell, 195–212. doi:10.1002/9781444310399.ch11

Arrow, Kenneth J., 1951, Social Choice and Individual Values, New Haven, CT: Yale University Press.

Austen-Smith, David, 1992, “Strategic Models of Talk in Political Decision Making”, International Political Science Review, 13(1): 45–58. doi:10.1177/019251219201300104

Austen-Smith, David and Jeffrey S. Banks, 1996, “Information Aggregation, Rationality, and the Condorcet Jury Theorem”, American Political Science Review, 90(1): 34–45. doi:10.2307/2082796

Bajaj, Sameer, 2014, “Review of Democratic Reason: Politics, Collective Intelligence, and the Rule of the Many, by Hélène Landemore”, Ethics, 124(2): 426–431. doi:10.1086/673507

Barry, Brian, 1965, Political Argument, London: Routledge & Kegan Paul.

Bartels, Larry M., 2002, “Beyond the Running Tally: Partisan Bias in Political Perceptions”, Political Behavior, 24(2): 117–150. doi:10.1023/A:1021226224601

Bedau, Hugo A., 1961, “On Civil Disobedience”, Journal of Philosophy, 58(21): 653–665. doi:10.2307/2023542

Beerbohm, Eric Anthony, 2012, In Our Name: The Ethics of Democracy, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Beitz, Charles R., 1989, Political Equality: An Essay on Democratic Theory, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Black, Duncan, 1963, The Theory of Committees and Elections, second edition, Cambridge: Cambridge University Press.

Brennan, Jason, 2011, The Ethics of Voting, Princeton, NJ: Princeton University Press.

–––, 2014, “How Smart Is Democracy? You Can’t Answer That Question a Priori”, Critical Review, 26(1–2): 33–58. doi:10.1080/08913811.2014.907040

–––, 2016, Against Democracy, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Brownlee, Kimberley, 2004, “Features of a Paradigm Case of Civil Disobedience”, Res Publica, 10(4): 337–351. doi:10.1007/s11158-004-2326-6

–––, 2007, “The Communicative Aspects of Civil Disobedience and Lawful Punishment”, Criminal Law and Philosophy, 1(2): 179–192. doi:10.1007/s11572-006-9015-9

–––, 2012, Conscience and Conviction: The Case for Civil Disobedience, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780199592944.001.0001

Buchanan, Allen, 1991, Secession: The Morality of Political Divorce from Fort Sumter to Lithuania to Quebec, Boulder, CO: Westview Press.

Buchanan, James and Gordon Tullock, 1962, The Calculus of Consent: Logical Foundations of Constitutional Democracy, Ann Arbor, MI: University of Michigan Press.

Caplan, Bryan, 2007, The Myth of the Rational Voter: Why Democracies Choose Bad Policies, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Cassese, Antonio, 1995, Self-Determination of Peoples: A Legal Reappraisal, Cambridge: Cambridge University Press.

Christiano, Thomas, 1996, The Rule of the Many: Fundamental Issues in Democratic Theory, Boulder, CO: Westview Press.

––– (ed.), 2003, Philosophy and Democracy: An Anthology, Oxford: Oxford University Press.

–––, 2004, “The Authority of Democracy”, Journal of Political Philosophy, 12(3): 266–290. doi:10.1111/j.1467-9760.2004.00200.x

–––, 2006, “A Democratic Theory of Territory and Some Puzzles about Global Democracy”, Journal of Social Philosophy, 37(1): 81–107. doi:10.1111/j.1467-9833.2006.00304.x

–––, 2008, The Constitution of Equality: Democratic Authority and Its Limits, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780198297475.001.0001

–––, 2009, “Must Democracy Be Reasonable?”, Canadian Journal of Philosophy, 39(1): 1–34. doi:10.1353/cjp.0.0037

–––, 2011, “An Instrumental Argument for a Human Right to Democracy: An Instrumental Argument for a Human Right to Democracy”, Philosophy & Public Affairs, 39(2): 142–176. doi:10.1111/j.1088-4963.2011.01204.x

–––, 2012, “Rational Deliberation among Experts and Citizens”, in Parkinson and Mansbridge 2012: 27–51. doi:10.1017/CBO9781139178914.003

–––, 2015, “Self-Determination and the Human Right to Democracy”, in Philosophical Foundations of Human Rights, Rowan Cruft, S. Matthew Liao, and Massimo Renzo (eds.), Oxford: Oxford University Press, 459–480. doi:10.1093/acprof:oso/9780199688623.003.0026

Cohen, Joshua, 1986, “An Epistemic Conception of Democracy”, Ethics, 97(1): 26–38. doi:10.1086/292815

–––, 1989 [2009], “Deliberation and Democratic Legitimacy”, in The Good Polity: Normative Analysis of the State, Alan Hamlin and Philip Pettit (eds.), Oxford: Basil Blackwell, 17–34; reprinted in Philosophy, Politics, Democracy: Selected Essays, Cambridge, MA: Harvard University Press, 16–37.

–––, 1996 [2003], “Procedure and Substance in Deliberative Democracy”, in Democracy and Difference: Contesting the Boundaries of the Political, Seyla Benhabib (ed.), Princeton, NJ: Princeton University Press, 95–119; reprinted in Christiano 2003: 17–38.

Condorcet, Marquis de, 1785, Essai sur l’application de l’analyse à la probabilité des décisions rendues àla pluralité des voix, Paris; reprinted Cambridge: Cambridge University Press, 2014. DOI: 10.1017/CBO9781139923972

Dahl, Robert A., 1959, A Preface to Democratic Theory, Chicago: University of Chicago Press.

Delmas, Candice, 2018, A Duty to Resist: When Disobedience Should Be Uncivil, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/oso/9780190872199.001.0001

Dewey, John, 1927 [2012], The Public and Its Problems: An Essay in Political Inquiry, New York: Henry Holt; reprinted, Melvin L. Rogers (ed.), University Park, PA: Pennsylvania State University, 2012.

Downs, Anthony, 1957, An Economic Theory of Democracy, New York: Harper and Row.

Doyle, Michael W., 2011, Liberal Peace: Selected Essays, New York: Routledge. doi:10.4324/9780203804933

Dworkin, Ronald, 1996, Freedom’s Law: The Moral Reading of the American Constitution, Cambridge, MA: Harvard University Press.

–––, 2000, Sovereign Virtue: The Theory and Practice of Equality, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Elster, Jon, 1986 [2003], “The Market and the Forum: Three Varieties of Political Theory”, in Foundations of Scoial Choice Theory, Jon Elster and Aanund Hyllund (eds.), Cambridge: Cambridge University Press, 103–132; reprinted in Christiano 2003: 138–158.

Ely, John Hart, 1980, Democracy and Distrust: A Theory of Judicial Review, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Erikson, Robert S., 2015, “Income Inequality and Policy Responsiveness “, Annual Review of Political Science, 18: 11–29. doi:10.1146/annurev-polisci-020614-094706

Estlund, David, 1997a [2003], “Beyond Fairness and Deliberation: The Epistemic Dimension of Democratic Authority”, in Deliberative Democracy: Essays on Reason and Politics, James Bohman and William Rehg (eds.), Cambridge, MA: MIT Press, 173–204; reprinted in Christiano 2003: 69–91.

–––, 1997b, “The Epistemic Dimension of Democratic Authority”:, The Modern Schoolman, 74(4): 259–276. doi:10.5840/schoolman199774424

–––, 2003, “Why Not Epistocracy”, in Desire, Identity, and Existence: Essays in Honor of T.M. Penner, Naomi Reshotko (ed.), Kelowna, BC: Academic Printing and Publishing, 53–69.

–––, 2006, “Democracy and the Real Speech Situation”, in Deliberative Democracy and Its Discontents, Samantha Besson and José Luis Martí (eds.), London: Routledge, 75–92.

–––, 2008, Democratic Authority: A Philosophical Framework, Princeton: Princeton University Press.

Estlund, David M., Jeremy Waldron, Bernard Grofman, and Scott L. Feld, 1989, “Democratic Theory and the Public Interest: Condorcet and Rousseau Revisited”, American Political Science Review, 83(4): 1317–1340. doi:10.2307/1961672

Farber, Henry S. and Joanne Gowa, 1995, “Polities and Peace”, International Security, 20(2): 123–146. doi:10.2307/2539231

Forst, Rainer, 2016, “The Justification of Basic Rights: A Discourse-Theoretical Approach”, Netherlands Journal of Legal Philosophy, 45(3): 7–28. doi:10.5553/NJLP/221307132016045003002

Gartzke, Erik, 2007, “The Capitalist Peace”, American Journal of Political Science, 51(1): 166–91.

Gaus, Gerald F., 1996, Justificatory Liberalism: An Essay on Epistemology and Political Theory, New York: Oxford University Press.

–––, 2011, The Order of Public Reason: A Theory of Freedom and Morality in a Diverse and Bounded World, Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511780844

Goodin, Robert E., 2003, Reflective Democracy, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/0199256179.001.0001

–––, 2007, “Enfranchising All Affected Interests, and Its Alternatives”, Philosophy & Public Affairs, 35(1): 40–68. doi:10.1111/j.1088-4963.2007.00098.x

Goodin, Robert E. and Kai Spiekermann, 2019, An Epistemic Theory of Democracy, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/oso/9780198823452.001.0001

Gould, Carol C., 1988, Rethinking Democracy: Freedom and Social Cooperation in Politics, Economics and Society, New York: Cambridge University Press.

Grofman, Bernard and Scott L. Feld, 1988, “Rousseau’s General Will: A Condorcetian Perspective”, American Political Science Review, 82(2): 567–576. doi:10.2307/1957401

Guerrero, Alexander A., 2010, “The Paradox of Voting and the Ethics of Political Representation”, Philosophy & Public Affairs, 38(3): 272–306. doi:10.1111/j.1088-4963.2010.01188.x

Gutmann, Amy and Dennis Thompson, 2004, Why Deliberative Democracy?, Princeton, NJ: Princeton University Press.

–––, 2014, The Spirit of Compromise: Why Governing Demands It and Campaigning Undermines It: Why Governing Demands It and Campaigning Undermines It, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Habermas, Jürgen, 1992 [1996], Faktizität und Geltung. Beiträge zur Diksurstheorie des Rechts und des demokratischen Rechtsstaats, Frankfurt am Main: Suhrkamp Verlag. Translated as Between Facts and Norms: Contributions to a Discourse Theory of Law and Democracy, William Rehg (trans.), Cambridge, MA: MIT Press, 1996.

Hannon, Michael, 2020, “Empathetic Understanding and Deliberative Democracy”, Philosophy and Phenomenological Research, 101(3): 591–611. doi:10.1111/phpr.12624

Hardin, Russell, 1999, Liberalism, Constitutionalism, and Democracy, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/0198290845.001.0001

Hayek, Friedrich A., 1960, The Constitution of Liberty, Chicago, IL: University of Chicago Press.

Hobbes, Thomas, 1651, Leviathan, London; reprinted, C.B. MacPherson (ed.), Harmondsworth: Penguin Books, 1968.

Hong, Lu and Scott E. Page, 2004, “Groups of Diverse Problem Solvers Can Outperform Groups of High-Ability Problem Solvers”, Proceedings of the National Academy of Sciences, 101(46): 16385–16389. doi:10.1073/pnas.0403723101

Hume, David, 1748, “Of the Original Contract”; reprinted in Hume’s Ethical Writings: Selections from David Hume, Alasdair MacIntyre (ed.), Notre Dame: University of Notre Dame Press, 1965.

Ingham, Sean, 2019, Rule by Multiple Majorities: A New Theory of Popular Control, Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/9781108683821

Kahan, Dan M., 2013, “Ideology, Motivated Reasoning, and Cognitive Reflection”, Judgment and Decision Making, 8(4): 407–424

Kant, Immanuel, 1795, Zum ewigen Frieden: Ein philosophischer Entwurf, Königsberg: Friedrich Nicolovius. Translated as “Toward Perpetual Peace” in Immanuel Kant: Practical Philosophy, Mary J. Gregor (trans./ed.), Cambridge: Cambridge University Press, 1996, pp. 311–352.

Knight, Jack and James Johnson, 2011, The Priority of Democracy: Political Consequences of Pragmatism, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Kolodny, Niko, 2014a, “Rule Over None I: What Justifies Democracy?”, Philosophy & Public Affairs, 42(3): 195–229. doi:10.1111/papa.12035

–––, 2014b, “Rule Over None II: Social Equality and the Justification of Democracy”, Philosophy & Public Affairs, 42(4): 287–336. doi:10.1111/papa.12037

Ladha, Krishna K., 1992, “The Condorcet Jury Theorem, Free Speech, and Correlated Votes”, American Journal of Political Science, 36(3): 617–634. doi:10.2307/2111584

Lai, Ten-Herng., 2019, “Justifying Uncivil Disobedience”, in Oxford Studies in Political Philosophy, Volume 5, David Sobel, Peter Vallentyne, and Steven Wall (eds.), Oxford: Oxford University Press, 90–114. doi:10.1093/oso/9780198841425.003.0004

Landa, Dimitri and Ryan Pevnick, 2020, “Representative Democracy as Defensible Epistocracy”, American Political Science Review, 114(1): 1–13. doi:10.1017/S0003055419000509

Landemore, Hélène, 2013, Democratic Reason: Politics, Collective Intelligence, and the Rule of the Many, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Layne, Christopher, 1994, “Kant or Cant: The Myth of the Democratic Peace”, International Security, 19(2): 5–49. doi:10.2307/2539195

Levy, Jack S. and William R. Thompson, 2010, Causes of War, Malden, MA: Wiley- Blackwell.

List, Christian, 2013, “Social Choice Theory”, in Stanford Encyclopedia of Philosophy, (Winter 2013 Edition), Edward N. Zalta (ed.), URL = <https://plato.stanford.edu/archives/win2013/entries/social-choice/>

List, Christian and Robert E. Goodin, 2001, “Epistemic Democracy: Generalizing the Condorcet Jury Theorem”, Journal of Political Philosophy, 9(3): 277–306. doi:10.1111/1467-9760.00128

Locke, John, 1690, Second Treatise on Civil Government, London; reprinted C.B. MacPherson (ed.), Indianapolis, IN: Hackett, 1980.

Lord, Charles G., Lee Ross, and Mark R. Lepper, 1979, “Biased Assimilation and Attitude Polarization: The Effects of Prior Theories on Subsequently Considered Evidence.”, Journal of Personality and Social Psychology, 37(11): 2098–2109. doi:10.1037/0022-3514.37.11.2098

Lupia Arthur and Matthew D. McCubbins, 1998, The Democratic Dilemma: Can Citizens Learn What They Need To Know?, Cambridge: Cambridge University Press.

Mackie, Gerry, 2003, Democracy Defended, Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511490293

Madison, James, Alexander Hamilton, and John Jay, 1787–1788, The Federalist Papers, New York; reprinted Isaac Kramnick (ed.), Harmondsworth, UK: Penguin Books, 1987. [Federalist Papers available online]

Mansbridge, Jane J. (ed.), 1990, Beyond Self-Interest, Chicago: University of Chicago Press.

Mansbridge, Jane, James Bohman, Simone Chambers, Thomas Christiano, Archon Fung, John Parkinson, Dennis F. Thompson, and Mark E. Warren, 2012, “A Systemic Approach to Deliberative Democracy”, in Parkinson and Mansbridge2003: 1–26. doi:10.1017/CBO9781139178914.002

Markovits, Daniel, 2005, “Democratic Disobedience”, Yale Law Journal, 114(8): 1897–1952.

Maskivker, Julia, 2019, The Duty to Vote, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/oso/9780190066062.001.0001

May, Simon Cabulea, 2005, “Principled Compromise and the Abortion Controversy”, Philosophy & Public Affairs, 33(4): 317–348. doi:10.1111/j.1088-4963.2005.00035.x

Mill, John Stuart, 1861 [1991], Considerations on Representative Government, London: Parker, Son, and Bourn; reprinted Buffalo, NY: Prometheus Books, 1991.

Miller, David, 1995, On Nationality, Oxford: Clarendon Press.

Nozick, Robert, 1974, Anarchy, State and Utopia, New York: Basic Books.

Page, Scott E., 2007, The Difference: How the Power of Diversity Creates Better Groups, Firms, Schools, and Societies, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Parfit, Derek, 1984, Reasons and Persons, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/019824908X.001.0001

Parkinson, John and Jane Mansbridge (eds.), 2012, Deliberative Systems: Deliberative Democracy at the Large Scale, Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9781139178914

Pasternak, Avia, 2018, “Political Rioting: A Moral Assessment”, Philosophy & Public Affairs, 46(4): 384–418. doi:10.1111/papa.12132

Peter, Fabienne, 2008, “Pure Epistemic Proceduralism”, Episteme, 5(1): 33–55. doi:10.3366/E1742360008000221

–––, 2009, Democratic Legitimacy, New York: Routledge.

Pevnick, Ryan, 2020, “The Failure of Instrumental Arguments for a Human Right to Democracy”, Journal of Political Philosophy, 28(1): 27–50. doi:10.1111/jopp.12197

Pitkin, Hanna Fenichel, 1967, The Concept of Representation, Berkeley, CA: University of California.

Plato, The Republic, revised/trans. by Lee, D., Harmondsworth, UK: Penguin Books, 1974, 2nd edition.

Quirk, Paul J., 2014, “Making It up on Volume: Are Larger Groups Really Smarter?”, Critical Review, 26(1–2): 129–150. doi:10.1080/08913811.2014.907046

Rawls, John, 1971, A Theory of Justice, Cambridge, MA: Harvard University Press.

–––, 2005, Political Liberalism, New York: Columbia University Press, expanded edition.

Ray, James Lee, 1995, Democracy and International Conflict: An Evaluation of the Democratic Peace Proposition, Columbia, SC: University of South Carolina Press.

Raz, Joseph, 1979, The Authority of Law: Essays on Law and Morality, Oxford: Clarendon Press.

Riker, William H., 1982, Liberalism Against Populism: A Confrontation Between the Theory of Democracy and the Theory of Social Choice, San Francisco, CA: W. H. Freeman.

Rosenblum, Nancy L., 2008, On the Side of the Angels: An Appreciation of Parties and Partisanship, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Rousseau, David L., Christopher Gelpi, Dan Reiter, and Paul K. Huth, 1996, “Assessing the Dyadic Nature of the Democratic Peace, 1918–88”, American Political Science Review, 90(3): 512–533. doi:10.2307/2082606

Rousseau, Jean-Jacques, 1762, Du contrat social; ou Principes du droit politique, Amsterdam. Translated as The Social Contract, Charles Frankel (trans.), New York: Hafner Publishing Co., 1947.

Russett, Bruce M., 1993, Grasping the Democratic Peace: Principles for a Post–Cold War World, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Russett, Bruce M. and Harvey Starr, 2003, “From Democratic Peace to Kantian Peace: Democracy and Conflict in the International System”, in Handbook of War Studies II, Manus I. Midlarsky (ed.), Ann Arbor, MI: University of Michigan Press, 93–128.

Sabl, Andrew, 2001, “Looking Forward to Justice: Rawlsian Civil Disobedience and Its Non-Rawlsian Lessons”, Journal of Political Philosophy, 9(3): 307–330. doi:10.1111/1467-9760.00129

Scheffler, Samuel, 2010, Equality and Tradition: Questions of Value in Moral and Political Theory, New York: Oxford University Press.

Schumpeter, Joseph A., 1942 [1950], Capitalism, Socialism and Democracy, New York: Harper and Row; second edition 1947; third edition 1950.

Sen, Amartya, 1999, Development as Freedom, New York: Knopf.

Simmons, A. John, 2001, Justification and Legitimacy: Essays on Rights and Obligations, Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511625152

–––, 2007, Political Philosophy, Oxford: Oxford University Press.

Singer, Peter, 1973, Democracy and Disobedience, Oxford: Clarendon Press.

Smith, William, 2011, “Civil Disobedience and the Public Sphere”, Journal of Political Philosophy, 19(2): 145–166. doi:10.1111/j.1467-9760.2010.00365.x

Somin, Ilya, 2013, Democracy and Political Ignorance: Why Smaller Government is Smarter, Stanford, CA: Stanford University Press.

Song, Sarah, 2012, “The Boundary Problem in Democratic Theory: Why the Demos Should Be Bounded by the State”, International Theory, 4(1): 39–68. doi:10.1017/S1752971911000248

Stilz, Anna, 2009, Liberal Loyalty: Freedom, Obligation, and the State, Princeton, NJ: Princeton University Press.

–––, 2016, “The Value of Self-Determination”, in Oxford Studies in Political Philosophy, Volume 2, David Sobel, Peter Vallentyne, and Steven Wall (eds.), Oxford: Oxford University Press, ch. 8. doi:10.1093/acprof:oso/9780198759621.003.0005

Thompson, Abigail, 2014, “Does Diversity Trump Ability?” Notices of the AMS, 61(9): 1024–1030. [Thompson 2014 available online]

Valentini, Laura, 2013, “Justice, Disagreement and Democracy”, British Journal of Political Science, 43(1): 177–199. doi:10.1017/S0007123412000294

Viehoff, Daniel, 2014, “Democratic Equality and Political Authority”, Philosophy & Public Affairs, 42(4): 337–375. doi:10.1111/papa.12036

Waldron, Jeremy, 1995, “The Wisdom of the Multitude: Some Reflections on Book 3, Chapter 11 of Aristotle’s Politics”, Political Theory, 23(4): 563–584. doi:10.1177/0090591795023004001

–––, 1999, Law and Disagreement, Oxford: Clarendon Press.

Wall, Steven, 2007, “Democracy and Equality”, The Philosophical Quarterly, 57(228): 416–438. doi:10.1111/j.1467-9213.2007.495.x

Weart, Spencer R., 1998, Never at War: Why Democracies Will Never Fight One Another, New Haven, CT: Yale University Press.

Wendt, Fabian, 2016, Compromise, Peace and Public Justification: Political Morality Beyond Justice, London: Palgrave Macmillon. doi:10.1007/978-3-319-28877-2

Weinstock, Daniel, 2013, “On the Possibility of Principled Moral Compromise”, Critical Review of International Social and Political Philosophy, 16(4): 537–556. doi:10.1080/13698230.2013.810392

Whelan, Frederick G., 1983, “Prologue: Democratic Theory and the Boundary Problem”, Nomos 25: Liberal Democracy, J. Roland Pennock and John W. Chapman (eds.), American Society for Political and Legal Philosophy, 13–47.

White, Jonathan and Lea Ypi, 2016, The Meaning of Partisanship, Oxford: Oxford University Press. doi:10.1093/acprof:oso/9780199684175.001.0001

Williams, B., 1973, “A Critique of Utilitarianism”, in Utilitarianism: For and Against, with J.J.C. Smart, Cambridge: Cambridge University Press.

Wolff, Robert Paul, 1970, In Defense of Anarchism, New York, NY: Harper and Row.

Wright, Gavin, 2013, Sharing the Prize: The Economics of the Civil Rights Revolution in the American South, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Young, Iris Marion, 1990, Justice and the Politics of Difference, Princeton, NJ: Princeton University Press.

Zakaras, Alex, 2018, “Complicity and Coercion: Toward and Ethics of Political Participation”, in Oxford Studies in Political Philosophy, Volume 4, David Sobel, Peter Vallentyne, and Steven Wall (eds.), Oxford: Oxford University Press, ch. 8.