زانستی ناسینی

2023/05/25
1007

زانستی ناسینی توێژینەوەی نێوان-لقیی زەین و ژیرییە کە لە فەلسەفە، دەروونناسی، ژیریی دەستکرد، زانستی دەماری، زمانناسی و مرۆڤناسی پێکدێت. بیرۆکە سەرەتاییەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ناوەڕاستی ۱۹۵۰کان، کاتێک لێکۆڵەران لە چەندین بواردا دەستیان بە پەرەدانی تیۆرییەکانی زەین لەسەر بنەمای نواندنی ئاڵۆز و پێواژۆ ژمێرکارییەکان کرد. دەستپێكی ئەو بوارە بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ۱۹۷۰کان، کاتێک کۆمەڵەی زانستی ناسینی پێکهات و ژورناڵی "زانستی ناسینی" دەستی بە کار کرد. لەوەودوا، زیاتر لە سەد زانکۆ لە ئەمریکای باکوور، ئەورووپا، ئاسیا و ئوسترالیا بەرنامەی خوێندنی زانستی ناسینییان دانا و زۆر زانکۆی تر وانەیان لەسەر زانستی ناسینی دامەزراند.

۱. مێژینە

۲. ڕێبازەکان

۳. نواندن و ژمێرکاری

۴. بۆچوونە تیۆریکەکان

۴.۱. لۆجیکی فۆرماڵ

۴.۲. ڕێساکان

۴.۳. چەمکەکان

۴.۴. لێکچوواندنەکان

۴.۵. وێناکان

۴.۶. پەیوەندخوازی

۴.۷. زانستی دەماریی تیۆری

۴.۸. بەیزیەن

۴.۹. فێربوونی قووڵ

۵. لایەنە فەلسەفییەکان

۵.۱. کەڵکە فەلسەفییەکان

۵.۲. ڕەخنە لە زانستی ناسینی

۵.۳. فەلسەفەی زانستی ناسینی

سەرچاوەکان

ئامرازە ئەکادیمیکەکان

سەرچاوە ئینتەرنێتییەکانی دیکە

وتارە پەیوەندیدارەکان


۱. مێژینە

هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە زەین و چۆنیەتیی کارکردنی، لایکەمی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی دێرین، سەردەمێک کە فەیلەسووفانی وەک ئەفلاتوون و ئەرەستۆ هەوڵیان دا لە سروشتی زانینی مرۆڤ تێبگەن. توێژینەوە لەسەر زەین تاوەکوو سەدەی نۆزەدەیەم و پەرەسەندنی دەروونناسیی تاقیکارانە وەک بابەتێكی فەلسەفی مایەوە. ویلهێڵم ووند و خوێندکارەکانی ڕێبازی تاقیکارانەیان بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ڕێبازمەندانەتر لەسەر کردارە زەینییەکان دەست پێ‌ کرد. بەڵام لە یەک دەیەدا، دەروونناسیی تاقیکارانە کەوتە بن تارمایی ڕێبازی هەڵسوکەوتخوازی، ڕوانگەیەک کە هەبوونی زەینی ڕەت دەکردەوە. بەپێی ڕوانگەی هەڵسوکەوتخوازەکان وەک جی.بی. واتسۆن، دەبێت دەروونناسی خۆی بە پەیوەندیی نێوان پاڵنەری بینراو و بەرسڤی هەڵسوکەوتیی بینراو سنووردار بکات. قسەکردن لەسەر ئاگامەندی و نواندنە زەینییەکان لە گوتوبێژە زانستییە بەنرخەکاندا ڕێگەی لێ گیرا. بە تایبەت لە ئەمریکای باکوور، هەڵسوکەوتخوازی لە ساڵانی ۱۹۵۰کاندا، بواری دەروونناسی داگیر کرد.

دەوروبەری ساڵی ۱۹۵۶ شانۆی ڕۆشنبیری گۆڕانێکی بەرچاوی بەسەردا هات. جۆرج میلێر لە پوختەی چەندین توێژینەوەدا پیشانی دا کە توانایی بیرکردنەوەی مرۆڤ سنووردارە. بۆ نموونە، بیرگەی کورت-ماوە تەنیا حەوت ئایتم لە خۆیدا هەڵدەگرێت. ئەو پێشنیاری کرد کە دەکرێت بە تۆمارکردنی زانیاری بە شێوەی کەرتی، بەسەر سنووردارییەکانی زەیندا سەربکەوین، واتە نواندنی زەینی کە پێویستی بە پرۆسەی زەینییە بۆ کۆدکردن و دیکۆدکردنی زانیارییەکە. لەو کاتەدا، کۆمپیوتەرە سەرەتاییەکان چەند ساڵێک بوو هاتبوونە ئارا و کەسانی پێشەنگ وەک جان مەک کارتی، مارڤین مینسکی، ئالێن نووڵ و هێربێرت سیمۆن خەریکی دامەزراندنی بواری ژیریی دەستکرد بوون. هەروەها، نوام چامسکی گریمانەی هەڵسوکەوتخوازەکانی سەبارەت بە زمان وەک خوویەکی فێربوو ڕەت کردەوە و پێشنیاری کرد کە تایبەتمەندیی گشتگیریی زمان لە ڕێگەی ڕێزمانی زەینییەوە، کە لەخۆگری ڕێساکانە، شی بکرێتەوە. ئەو شەش بیرمەندەی لەو بڕگەیەدا ناویان هاتووە دەکرێت وەک دامەزرێنەرانی بواری زانستی ناسینی سەیر بکرێن.


۲. ڕێبازەکان

زانستی ناسینی بیرۆکەی تیۆریکی یەکخەری تێدان، بەڵام دەبێت ڕوانگە و ڕێبازی توێژەران لە بوارە جیاجیاکان لەسەر زەین و ژیری لەبەر چاو بگرین. دەروونناسە ناسینییەکان ئێستاکە زیاتر سەرقاڵی تیۆریزەکردن و مۆدێلکردنی ژمێرکارین، ڕێبازی سەرەکییان تاقیکارییە بە بەشداریی مرۆڤ. خەڵک بە تایبەت خوێندکارانی قۆناغی لیسانس پێویستیی وانەکان پڕ دەکەنەوە و دەهێنرێن بۆ تاقیگە و جۆرە جیاجیاکانی بیرکردنەوە لە هەلومەرجی کۆنترۆڵکراودا توێژینەوەیان لەسەر دەکرێت. بۆ نموونە، دەروونناسان ئەم بابەتانەیان خستوونەتە بەر لێکۆڵینەوە: جۆرە جیاوازەکانی هەڵەکان لە بەڵگاندنی دیداکتیڤدا، چۆنیەتیی پێکهاتن و بەکارهێنانی چەمکەکان، خێرایی بیرکردنەوەی کەسەکان لە ڕێگەی وێناکردنی زەینییەوە و لێهاتوویی کەسەکان بۆ چارەسەری پرس لە ڕێگەی لێکچوواندنەوە. ئەنجامگیریی ئێمە لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی زەین دەبێت شتێکی زیاتر لە "ئەقڵی سەلیم" و دەروونبینی بێت، ئەو دوو ڕێگەیە وێنەیەکی هەڵە لە کردارە زەینییەکان بە دەستەوە دەدەن، چونکە زۆربەی ئەو کردارانە بە شێوەیەکی ئاگایانە لەبەر دەستدا نین. دەروونناسان زیاتر کەڵک لە بەشداربووانی تاقیکردنەوەکان لە ئامازۆن مێکانیکاڵ‌ تورک و لە کەسانی سەر بە چاندی جیاواز وەردەگرن. ئەو تاقیکارییە دەروونناسییانەی بە وردبینییەوە لەسەر کردارە زەینییەکان لە ڕوانگەی جیاوازەوە دەکرێن، بۆ بواری زانستی ناسینی یەکجار گرینگن. تاقیکاری هەروەها ڕێبازێکە کە لە فەلسەفەی تاقیکارانەدا بە کار دێت. 

هەرچەند تیۆری بەبێ تاقیکردنەوە شتێکی بێناوەڕۆکە، تاقیکردنەوەش بەبێ تیۆری شتێکی بێسوودە. بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە هەرە گرینگەکان سەبارەت بە سروشتی زەین، دەبێت تاقیکردنەوە دەروونناسییەکان چوارچێوەیەکی تیۆریکیان لەسەر نواندنە زەینییەکان و پرۆسەکانی شیاوی ڕاڤەکردن ببێت. یەکێک لە باشترین ڕێگەکان بۆ پەرەدانی چوارچێوەی تیۆریک، سازکردن و تاقیکردنەوەی مۆدێلی ژمێرکاریی هاوشێوەی کردارە زەینییەکانە. بۆ تاقیکردنەوە دەروونناسییەکان لەسەر بەڵگاندنی دیداکتیڤ، سازبوونی چەمک، وێنای زەینی و چارەسەری پرس لە ڕێگەی لێکچوواندنەوە، توێژەران مۆدێلی ژمێرکارییان پەرە داون کە هاوشێوەی ئەو لایەنانەی توانایی مرۆڤن. داڕشتن، پێکهێنان و تاقیکردنەوە لە ڕێگەی مۆدێلە ژمێرکارییەکانەوە، ڕێبازێکی سەرەکییە لە ژیریی دەستکرددا (ئەی.ئای)، بوارێکی زانستی کۆمپیوتەر کە لەسەر پەرەدانی سیستمە ژیرەکان ئیش دەکات. باشترین بۆچوون لە زانستی ناسیندا ئەوەیە کە مۆدێلە ژمێرکارییەکان و تاقیکردنەوە دەروونناسییەکان دەست بخەنە ناو دەستی یەک، بەڵام کارێکی گرینگتر لە بواری ژیریی دەستکرددا کراوە، ئەویش ئەوەیە کە توانایی ڕێبازە جیاجیاکان لە نواندنی زانیندا تا ڕادەیەک سەربەخۆ لە تاقیکردنەوەی دەروونناسی بنرخێنرێت.

هەرچەند، هەندێک زمانناس تاقیکردنەوەی دەروونناسی دەکەن یان مۆدێلی ژمێرکاری پەرە دەدەن، بەڵام لەم دواییەدا ڕێبازی جیاواز بە کار دەهێنرێت. زمانناسانی سەر بە نەریتی چامسکی، سەرەکیترین ئەرکی تیۆریکیان دەستنیشانکردنی بنەما ڕێزمانییەکانە کە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی زمانی مرۆڤ دیاری دەکەن. ئەو دەستنیشانکردنە بە تێگەیشتن لە جیاوازییە بچووکەکانی نێوان دەربڕینە ڕێزمانی و ناڕێزمانییەکان دەکرێت. بۆ نموونە لە کوردیدا، ڕستەکانی "من نانم خوارد" و "من ئێرە جێ دەهێڵم" ڕستەی ڕێزمانین بەڵام "من نان خواردم" و "من ئێرە جێ دەهێڵن" ڕێزمانی نین. ڕێزمانی کوردی ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ڕستەکانی یەکەم پەسەندن بەڵام ئەوانەی دواتر وا نین. لە ڕوانگەیەکی جیاوازدا، زمانناسە ناسینییەکان سەرنجێکی کەمتر دەخەنە سەر ڕستەسازی بەڵکوو زیاتر بایەخ بە واتاناسی و چەمکەکان دەدەن.

زانایانی دەماریش وەکوو دەروونناسە ناسینییەکان زۆربەی کات تاقیکردنەوەی کۆنترۆڵکراو دەکەن، بەڵام بینینەکانی ئەوان زۆر جیاوازن، چونکە زانایانی دەمار ڕاستەوخۆ لەگەڵ مێشک ئیش دەکەن. توێژەران دەتوانن ئێلێکترۆدەکان بخەنە ناو مێشکی بوونەوەرە نامرۆییەکان و چالاکبوونی تاکە دەمارەخانەکان ببینن. چونکە ئەو شتە بۆ مرۆڤەکان زۆر هێرشبەرانەیە، ئێستا وا باوە کە لە ئامێرە موگناتیسییەکان وەک پشکنەرە پۆزیترۆنەکان کەڵک وەربگرن تاکوو ببینن لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی زەینیی جیاجیادا، چی لە بەشە جیاجیاکانی مێشکی مرۆڤەکاندا ڕوو دەدات. بۆ نموونە، لە پشکنینی مێشکدا دەرکەوتووە کە هەندێک بەشی مێشک تایبەتن بە وێناکردنی زەینی یان ڕاڤەی وشەکان. بە لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی بەشێکی دیاریکراوی مێشکیان زیانی بەرکەوتووە، زانیاری زیاتر لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی مێشک کۆ کراوەتەوە. بۆ نموونە جەڵتەلێدانی ئەو بەشەی مێشک کە تایبەتە بە زمان، دەتوانێت ببێتە هۆی کەموکوڕی و بێتوانایی لە دەربڕیندا. هەروەک دەروونناسیی ناسینی، زانستی دەماریش زیاتر تیۆریکە بەڵام لایەنی تاقیکارانەشی هەیە و زۆربەی کاتەکان پێشکەوتنی تیۆریکی ئەو بوارە بە یارمەتیی پەرەدانی مۆدێلە ژمیرکارییەکان بۆ هەڵسوکەوتی گرووپێک لە دەمارەخانەکان ڕوو دەدات.

مرۆڤناسیی ناسینی تاقیکاری لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ دەکات تاکوو بزانین کە چۆن بیرکردنەوە لەناو چاندە جیاوازەکاندا ئیش دەکات. لێکۆڵینەوە لەسەر زەین نابێت تەنیا بەوە سنووردار بکرێت کە چۆن ئاخێوەرانی ئینگلیزی بیر دەکەنەوە بەڵکوو دەبێت ئەو جیاوازییانەی کە ڕەنگە لە دۆخەکانی بیرکردنەوە لە کولتوورەکانی تردا هەبێت لەبەرچاو بگیرێت. زانستی ناسینی زۆرتر لەوە ئاگادار بووەتەوە کە پێویستە کردارەکانی زەین لە ژینگەیەکی فیزیکی و کۆمەڵایەتیی تایبەتدا سەیر بکات. بۆ مرۆڤناسە چاندییەکان، ڕێبازی سەرەکی ئێتنۆگرافییە، کە پێویستی بە ژیان و هەستان و دانیشتن لەگەڵ ئەندامانی چاندێکی تایبەت هەیە تاکوو سیستمە کۆمەڵایەتی و ناسینییەکەیان ڕوون ببێتەوە. بۆ نموونە، مرۆڤناسە ناسینییەکان لەسەر لێکچوون و جیاوازیی ناوی ڕەنگەکان لە کۆمەڵگا جیاجیاکاندا لێکۆڵینەوەیان کردووە.

وا باوە کە فەیلەسووفەکان بینینی سیستماتیکی تاقیکارانە جێبەجێ ناکەن یان مۆدێلی ژمێرکاری دروست ناکەن، هەرچەند لەم دواییەدا هەندێک کار لەسەر فەلسەفەی تاقیکارانە کراوە. بەڵام هێشتا فەلسەفە بۆ زانستی ناسینی گرینگە چونکە لەگەڵ ئەو بابەتە بناخەییانە کار دەکات کە ڕوانگەی تاقیگەیی و ژمێرکاری بۆ زەین دادەڕێژن. پێویست نییە پرسیارە ئەبستراکتەکان وەکوو سروشتی نواندن و ژمێرکاری لە کارکردنی ڕۆژانە لەگەڵ دەروونناسی و ژیریی دەستکرددا وەڵام بدرێنەوە بەڵکوو تەنیا کاتێک پێویستن کە توێژەران بە قووڵی لەسەر چۆنیەتیی کارکردنیان بیر دەکەنەوە. هەروەها فەلسەفە لەسەر پرسیارە گشتییەکان وەک پەیوەندیی زەین و جەستە و پرسیارە ڕێبازمەندەکان وەک سروشتی شیکارییەکان لە زانستی ناسینیدا ئیش دەکات. جگە لەوە، فەلسەفە خۆی بە پرسیارە نۆرماتیڤەکانەوە سەرقاڵ دەکات، وەک ئەوەی کە خەڵک دەبێت چۆن بیر بکەنەوە و چۆن بکەن. جگە لە ئامانجی تیۆریکی تێگەیشتن لە بیرکردنەوەی مرۆڤ، زانستی ناسینی دەتوانێت ئامانجی کردەیی باشترکردنی ئەو تواناییەی ببێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئەوە دەبێت کە دەمانهەوێت بیرکردنەوە چی/چۆن بێت. فەلسەفەی زەین ڕێبازێکی دیاریکراوی نییە، بەڵکوو دەبێت لەگەڵ باشترین کارە تیۆریکەکانی تر لە بوارەکانی دیکە کە ئەنجامی تاقیکارانەیان هەیە، ئیشی هاوبەش بکات.

لە لاوازترین فۆرمیدا، زانستی ناسینی تەنیا کۆکراوەیەکی ئەو بوارانەیە: دەروونناسی، ژیریی دەستکرد، زمانناسی، زانستی دەماری، مرۆڤناسی و فەلسەفە. هەوڵی نێوان-لقی ئەگەر هاوڕاییەکی تیۆریک و تاقیکارانە لە پەیوەندیی نێوان ئەنجامەکان لەسەر سروشتی زەین ساز بکات، زیاتر سەرنجڕاکێش دەبێت. بۆ نموونە، دەروونناسی و ژیریی دەستکرد دەتوانن بە یارمەتیی مۆدێلە ژمێرکارییەکان لەسەر چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی کەسەکان لە تاقیکردنەوەکاندا ئاوێتە ببن. باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزیی بیرکردنەوەی مرۆڤ ئەوەیە کە چەندین ڕێباز بە کار بهێنرێن، بە تایبەت ڕێبازی تاقیکارانەی دەروونناسی و زانستی دەماری و مۆدێلی بیرکاری. بە زمانێکی تیۆریک، پڕبەرترین ڕوانگە ئەوەیە کە لەسەر بنەمای نواندن و ژمێرکاری لە زەین تێبگەین.


۳. نواندن و ژمێرکاری

گریمانەی سەرەکیی زانستی ناسینی ئەوەیە کە دەکرێت بیرکردنەوە وەک پێکهاتەی نواندنی لەناو زەیندا سەیر بکرێت و ڕەوتە ژمێرکارییەکان لەسەر ئەو پێکهاتانە ئیش دەکەن. هەرچەند مشتومڕێکی زۆر لەسەر سروشتی نواندنەکان و ژمێرکاریی پێکهێنەری بیرکردنەوە هەیە، لێ گریمانە سەرەکییەکە ئەوەندە گشتگیر هەیە کە تێڕوانینە هەنووکەییەکان لە بواری زانستی ناسینیدا لە خۆ بگرێت و لەوانە تیۆریی پەیوەندخوازی کە بیرکردنەوە بە یارمەتیی تۆڕە دەمارییە دەستکردەکان مۆدێل دەکات.

زۆربەی کارەکان لە زانستی ناسینیدا گریمانەیان ئەوەیە کە زەین نواندنێکی زەینیی هاوشێوەی پێکهاتەدراوەکانی هەیە کە ڕەوتی هاوشێوەی ئەلگۆریتمە کۆمپیوتەرییەکان لەسەریان جێبەجێ دەکرێن. تیۆرییە ناسینییەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە زەین نواندنە زەینییەکان وەک گوزارە لۆجیکییەکان، ڕێساکان، چەمکەکان، وێناکان و لێکچوواندنەکان لە خۆ دەگرێت و ڕەوتە زەینییەکان وەکوو دیداکشن، گەڕان، وێکهاتنەوە، سووڕاندن و وەرگرتنەوە بە کار دەهێنێت. لێکچوواندنی باوی مێشک-کۆمپیوتەر لە زانستی ناسینیدا لە لێکچوواندنێکی داهێنەرانەی تر وەرگیراوە کە مێشک وەک هاوشێوەی ئانالۆگی کۆمپیوتەر سەیر دەکات.

لایەنگرانی تیۆریی پەیوەندخوازی بیرۆکەی نوێیان سەبارەت بە نواندن و ژمێرکاری پێشنیاز کردووە کە دەمارەخانەکان و پەیوەندیی نێوانیان وەک پێکهاتەدراوە و هەڵبوونی دەمارەخانەکان و بڵاوبوونەوەی چالاکیی نێوانیان وەک ئەلگۆریتمەکان سەیر دەکات. دواجار، زانستی ناسینی لەسەر لێکچوواندنێکی سیانەی زەین، مێشک و کۆمپیوتەر ئیش دەکات. زەین، مێشک و ژمێرکاری دەکرێت هەرکامیان بیرۆکەی نوێ سەبارەت بە ئەوی تر پێشنیار بکەن. تەنیا یەک مۆدێلی ژمێرکاری بۆ زەین نییە، چونکە جۆرە جیاجیاکانی کۆمپیوتەرەکان و ڕوانگەکانی بەرنامەسازی ڕێبازی جیاواز لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی زەین پێشکەش دەکەن. ئەو کۆمپیوتەرانەی کە زۆربەی ئێمە کاریان پێدەکەین، پێواژۆکەری زنجیرەیین، لە کاتێکدا تەنیا یەک فەرمان جێبەجێ دەکەن، بەڵام مێشک و هەندێک کۆمپیوتەر کە لەم دواییەدا پەرە دراون، پێواژۆکەری هاوشانن و لە یەک کاتدا چەندین فەرمان جێبەجێ دەکەن.

هەوڵێکی سەرەکیی ئێستاکە لە زانستی ناسینیدا یەکخستنی زانستی دەماری لەگەڵ زۆر بواری دیکەی دەروونناسییە وەکوو دەروونناسیی ناسینی، کۆمەڵایەتی، گەشەسەندن و نۆرینگەیی. ئەم یەکخستنە تا ڕادەیەک تاقیکارانەیە، و لێکەوتەکەی هاتنی بەلێشاوی ئامرازە نوێیەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر مێشکە وەکوو وێنەگریی زرنگانەوەی موگناتیسیی کرداری، هاوشێوەسازیی موگناتیسیی ترانسکارنیاڵ و ئۆپتۆجێنیتیکس. یەکخستنەکە هەروەها تیۆریکیشە، چونکە تێگەیشتن لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی کۆمەڵەی دەمارەخانەکان تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن ئەو تیۆرییانەی زانستی ناسینییەوە بە دەست دێت کە لەسەر بنەمای چەمکەکان و ڕێساکانن.


۴. بۆچوونە تیۆریکەکان

لێرەدا پوختەی تیۆرییە هەنووکەییەکان لەسەر سروشتی نواندنەکان و ژمێرکارییەکان سەبارەت بە چۆنیەتیی ئیشکردنی زەین پێشکەش دەکرێن.


۴.۱ لۆجیکی فۆرماڵ

لۆجیکی فۆرماڵ هەندێک ئامرازی بەهێز بۆ ڕوانین لە سروشتی نواندن و ژمێرکاری دابین دەکات. حیسابی گوزارەیی و مەحمول بۆ دەربڕینی زۆر جۆری ئاڵۆزی زانین بەکار دێن و زۆر ئاکامگیری لە ڕێگەی دیداکشنی مەنتقی بە یارمەتیی ڕێساکانی ئاکامگیری وەک مۆدوس پۆنێنس دەکرێت. چوارچێوەی شیکاریی ڕێبازی لۆجیک ئەمەیە:

ئامانجی لێکدانەوە:

  • بۆچی مرۆڤەکان ئاکامگیری دەکەن؟

نەخشی لێکدەرەوە:

  • مرۆڤەکان نواندنی زەینیی هاوشێوەی ڕستەکانیان لە لۆجیکی مەحمولدا هەیە.
  • مرۆڤەکان ڕەوتی دیداکشن و بەڵگاندنیان هەیە کە لەسەر ئەو ڕستانە ئیش دەکات.
  • ڕەوتەکانی دیداکشن و بەڵگاندن کە لەسەر ئەو ڕستانە جێبەجێ دەکرێن، ئاکامگیری دەکەن.

دڵنیایی لەسەر ئەوە نییە کە لۆجیک چەندە دەتوانێت بیرۆکە سەرەکییەکان لەسەر نواندن و ژمێرکاری، کە بۆ زانستی ناسینی پێویستن، پێشکەش بکات. چونکە لە ڕوانگەی دەرونناسییەوە بۆ شیکردنەوەی بیری مرۆڤ ڕێبازی ژمێرکاریی زۆر کاراتر و سروشتیتر پێویستن.



۴.۲ ڕێساکان

بەشێکی زۆری زانینی مرۆڤ بە شێوەی سروشتی لە چوارچێوەی ڕێساکان بە فۆرمی ئەگەر… ئەوا..دایە و زۆر جۆری بیرکردنەوە وەکوو پلاندانان دەکرێت بە سیستمی ڕێسابنەما مۆدێل بکرێت. چوارچێوەی شیکردنەوەی بەکارهاتوو بەم شێوەیە:

ئامانجی لێکدانەوە:

  • بۆچی مرۆڤەکان هەڵسوکەوتی ژیرانەی تایبەتیان هەیە؟

نەخشی لێکدەرەوە:

  • مرۆڤەکان ڕێسای زەینییان هەن.
  • مرۆڤەکان ڕەوتیان بۆ بەکارهێنانی ئەم ڕێسایانە هەن تاوەکوو لەناو فەزایەکدا بۆ وەڵامەکان بگەڕێن و ڕەوتی تریان بۆ بەرهەمهێنانی ڕێسای نوێ هەن.
  • ڕەوتەکانی بەکارهێنان و سازکردنی ڕێساکان هەڵسوکەوت بەرهەم دەهێنن.

مۆدێلە ژمێرکارییەکە پشتبەستووەکان بە ڕێساکان نزیکایەتییەکی پڕوردەکارییان بۆ زۆر تاقیکاریی دەروونناسانە لە چارەسەری کێشەی حیسابی وشەیی تاوەکوو بەدەستهێنانی شارەزایی و بەکارهێنانی زمان دیاری کردووە. سیستمە ڕێسابنەماکان بایەخێکی کردەیی بەرچاویان لە پێشنیارکردنی چۆنیەتیی باشترکردنی فێربوون و پەرەدانی ماشینە ژیرەکاندا هەبووە.


۴.۳ چەمکەکان

چەمکەکان کە تا ڕادەیەک هاوتای وشەکان لە زمانی ئاخاوتن و نووسیندان، بەشێکی گرینگی نواندنە زەینییەکانن. هۆکاری ژمێرکاری و دەروونناسی بۆ وازهێنان لەو تیڕوانینە کلاسیکە هەیە کە پێناسەیەکی دیاریکراو لە چەمکەکان بکرێت. لە جیاتی ئەوە، چەمکەکان دەکرێت وەک کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەیر بکرێن. باشیی چەمکەکان ئەوەیە کە دەکرێت پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان چەمکەکان و جیهاندا بە دەست بێت. شێما و سکریپتەکان زۆر لە چەمکەکان ئاڵۆزترن بەڵام لەوەدا هاوبەشن کە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندین کە لە دۆخە نوێیەکاندا دەگونجێنرێن و بە کار دەبرێن. چوارچێوەی لێکدەرەوەی سیستمی چەمک-بنەما بەم شێوەیە:

  • بۆچی مرۆڤەکان هەڵسوکەوتی ژیرانەی تایبەتیان هەیە؟

نەخشی لێکدەرەوە:

  • مرۆڤەکان کۆمەڵێک چەمکیان هەن کە بە شێوەی پارچەپارچە ڕێک خراون کە زنجیرەی چەشنەکان و بەشەکان و هەروەها جۆری تری پەیوەندی دادەمەزرێنن.
  • جێبەجێکردنی ڕەوتەکان لەسەر چەمکەکان دەبێتە هۆی هەڵسوکەوت.
  • دەکرێت چەمکەکان بە زمانی ڕێساکان دەردبڕدرێن بەڵام ئەوان جیاواز لە کۆمەڵەی ڕێساکان زانیاری هەڵدەگرن، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕەوتی ژمێرکاریی جیاواز ساز بکەن.


۴.۴ لێکچوواندنەکان

لێکچوواندنەکان دەورێکی گرینگ لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا، لە بوارە جیاجیاکانی چارەسەری پرس، بڕیاردان، شیکردنەوە و پەیوەندیی زمانیدا دەگێڕن. مۆدێلە ژمێرکارییەکان ئەوە هاوشێوەسازی دەکەن کە چۆن خەڵک سەرچاوەکان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لە دۆخێکی مەبەستدا بە کاریان بهێنن. چوارچێوەی لێکدەرەوە بۆ لێکچوواندنەکان بەم شێوەیە:

مەبەستی لێکدانەوە:

  • بۆچی مرۆڤەکان هەڵسوکەوتی ژیرانەی تایبەتیان هەیە؟

نەخشەی لێکدەرەوە:

  • مرۆڤەکان نواندنی ئاخاوتەیی و بینیارییان لە بارودۆخەکان هەیە کە دەتوانێت وەک حاڵەتەکان یان لێکچوونەکان بە کار بێت.
  • مرۆڤەکان پێواژۆکانی وەرگرتنەوە، ئاڵوگۆڕ و گونجاندنیان هەیە کە لەسەر ئەو لێکچووانە کار دەکات.
  • پێواژۆکانی لێکچوواندن لەسەر نواندنی لێکچووەکان، دەبێتە هۆی هەڵسوکەوت.

سنووردارییەکان لەسەر هاوشێوەیەتیی پێکهاتەی سەرچاوە و ئامانج، پرسی ئاڵۆزی چۆنیەتیی وەرگرتنەوە و بەکارهێنانەوەی زانیاریی پێشوو بۆ کێشە نوێیەکان چارەسەر دەکات. هەموو چەشنێکی بیرکردنەوە لێکچوواندن نییە و لێکچوواندنی نەگونجاو دەتوانێت ڕێگری بیرکردنەوە بێت بەڵام لێکچوواندنەکان دەتوانن زۆر لە بوارەکانی فێرکاری و دیزایندا بەسوود بن.



۴.۵ وێناکان

وێنا بینیارییەکان و جۆرەکانی تر دەورێکی گرینگ لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا دەگێڕن. نواندنە پیکتۆرییەکان زانیاریی بینیاری و فەزایی لە فۆرمێکی زۆر بەسوودتر لە شیکاریی ئاخاوتەیی دوورودرێژ دەبەخشن. پێواژۆ ژمێرکارییەکان باش بۆ کارکردن لەگەڵ نواندنە بینیارییەکان گونجێنراون بۆ ئەوەی کارەکانی وەک پشکین، دۆزینەوە، گەورەکردنەوە، سووڕارندن و ئاڵوگۆڕ لەسەریان جێبەجێ بکەن. ئەو کردارانە دەکرێت لە سازکردنی پلانەکان و شیکارییەکان لەو بوارانەدا بەسوود بن کە نواندنە پیکتۆرییەکان بە کار دێن. چوارچێوەی شیکەرەوە بۆ نواندنی بینیاری بەم شێوەیە:

ئامانجی لێکدانەوە:

  • بۆچی مرۆڤەکان هەڵسوکەوتی ژیرانەی تایبەتیان هەیە؟

نەخشەی لێکدەرەوە:

  • مرۆڤەکان وێنەی بینیارییان لە دۆخەکان هەیە.
  • مرۆڤەکان پێواژۆکانی وەک پشکنین و سووڕاندنیان هەیە کە لەسەر ئەو وێنانە جێبەجێ دەکرێن.
  • پێواژۆکانی چێکردن و دەستتێوەردانی وێنەکان دەبنە هۆی هەڵسوکەوتی ژیرانە.

وێناکردن یارمەتیی فێربوون دەدات و هەندێک لە لایەنە خوازەییەکانی زمان لەوانەیە ڕیشەیان لە وێناکردندا هەبێت. تاقیکارییە دەروونناسییەکان دەریدەخەن کە هەندێک ڕەوتی بینیاری وەک پشکنین و سووڕاندن کەڵک لە وێناکردن وەردەگرن و دەستکەوتە دەماری-فیزیۆلۆژیکەکان پەیوەندیی نزیکی فیزیکیی نێوان بەڵگاندن لەگەڵ وێناکردنی زەینی و پەیبردن پشتڕاست دەکەنەوە. وێناکردن تەنیا بینیاری نییە بەڵکوو دەشتوانێت لەگەڵ ئەزموونە هەستەکییەکانی تر وەک بیستن، ساوین، بۆنکردن، چەشتن، ئێش، هاوسەنگی، دڵ تێکئاڵان، تێری و سۆزداریش کار بکەن.


۴.۶ پەیوەندخوازی

تۆڕە پێکبەستراوەکان کە لە خاڵە سادەکان و بەستەرەکان پێک دێن بۆ تێگەیشتن لە پێواژۆ دەروونناسییەکانی پرسی ڕەواندنەوەی سنوورداری زۆر کاریگەرن[نموونەیەکی سادە لە پرسی ڕەواندنەوەی سنوورداری پرسی بڕیاردان لە نێوان چەند بژاردەدایە. بۆ وێنە کاتێک حەزتان لە خواردنی شتێکە بەڵام دەزانن بۆ تەندروستیتان زیانی هەیە، زەین چۆن بڕیار دەدەن؟‌ مۆدێلە پەیوەندخوازەکانی وەک تۆڕە دەمارییەکان دەتوانن دۆخی لەو چەشنە مۆدێل بکەن]. ئەو پێواژۆیانە لایەنەکانی وەک بینین، بڕیاردان، هەڵبژاردنی لێکدانەوە و سازکردنی واتا لە تێگەیشتنی زماندا لە خۆ دەگرن. مۆدێلە پەیوەندخوازەکان دەتوانن بە میتۆدەکانی وەک فێربوونی هێبی و پاشپارڤە فێربوون هاوشێوەسازی بکەن. چوارچێوەی لێکدەرەوە بۆ پەیوەندخوازی ئەمەیە:

ئامانجی لێکدانەوە:

  • بۆچی مرۆڤەکان هەڵسوکەوتی ژیرانەی تایبەتیان هەیە؟

نەخشەی لێکدەرەوە:

  • مرۆڤەکان نواندنیان هەن کە لە یەکەی پێواژۆی سادە پێک دێن کە بە پەیوەندیی هاندەرانە و دامرکێنەرانەوە پێکەوە دەبەسترێنەوە.
  • مرۆڤەکان هەندێک پێواژۆیان هەن کە چالاکیی نێوان یەکەکان بە یارمەتیی پەیوەندییەکان دەگوازنەوە، هەروەها هەندێک پێواژۆیان هەن کە پەیوەندییەکان باشتر دەکەن.
  • بڵاوبوونەوەی چالاکی و فێربوون لە نێوان یەکەکاندا دەبێتە هۆی هەڵسوکەوت.

هاوشێوەسازیی چەندین تاقیکاریی دەروونناسی، پەیوەندیدارێتیی دەروونناسانەی مۆدێلە پەیوەندخوازەکانیان دەرخستووە کە زۆر نزیکن لە تۆڕە دەمارییە ڕاستەقینەکان.


۴.۷ زانستی دەماریی تیۆری

زانستی دەماریی تیۆری هەوڵێکە بۆ پەرەدانی تیۆرییە بیرکاری و ژمێرکارییەکان و مۆدێلەکانی پێکهاتەکان و پێواژۆکانی مێشکی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تر. لە مۆدێلە پەیوەندخوازەکان جیاوازە چونکە زیاتر لە لایەنی زیندەزانی ورد دەبێتەوە و هەڵسوکەوتەکان بە یارمەتیی مۆدێلکردنی ژمارەیەکی زۆری دەمارەخانە ڕاستەقینەکان شی دەکاتەوە کە لە بەشە تایبەتەکانی مێشکدان. مۆدێلە ژمێرکارییەکانی مێشک لە دوو ڕووەوە بە لایەنی زیندەزانی دەوڵەمەندتر کراون. یەکەم ئەوەی دەمارەخانەی ڕاستەقینەتر بە کار دەهێنن وەک ئەوانەی کە سپایک لێ دەدەن و شوێنپێی کیمیاییان هەیە؛ هەروەها لەو لایەنەشەوە کە باشتر کارلێکی نێوان بەشە جیاجیاکانی مێشک وەک هیپۆکامپوس و کۆرتێکس مۆدێل دەکەن. ئەم مۆدێلانە جێگرەوەیەکی تەواوەتیی ڕێبازە ژمێرکارییەکانی لۆجیک، ڕێساکان، چەمکەکان، لێكچوواندنەکان، وێناکان و پەیوەندییەکان نین، بەڵکوو دەبێت لەگەڵ ئەو بۆچوونانە تێکەڵ بن تاکوو پیشانی بدەن کە چۆن کردارە زەینییەکان لە ئاستی دەماریدا ڕوو دەدەن. نەخشەی لێکدەرەوە بۆ زانستی دەماریی تیۆریک ئەمەیە:

ئامانجی لێکدانەوە: 

  • چۆناوچۆن مێشک کردارێکی وەک ئەرکە ناسینییەکان جێبەجێ دەکات؟

نەخشەی لێکدەرەوە:

  • مێشک دەمارەخانەی هەن کە لە ڕێگەی پەیوەندییە سیناپسییەکانەوە لە بەشی جیاجیای مێشكدا ڕێک دەخرێن.
  • کۆمەڵە دەمارەخەکان نەخشی سپایک لێدانیان هەیە کە لە ڕێگەی پێدراوی هەستەکانەوە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت و دەبنە هۆی سپایک لە نێوان کۆمەڵە دەمارەخانەکانی تردا. 
  • کارلێکی کۆمەڵەی دەمارەخانەکان ئەرکە ناسینییەکان جێبەجێ دەکات.

لە دیدی زانستی دەماریی تیۆریکەوە، نواندنە زەینییەکان هەمان نەخشەکانی دەمارەخانەکان و ئاکامگیریش ئاڵۆگۆڕی ئەو نەخشانەیە.


۴.۸ بەیزی

مۆدێلە بەیزییەکان لە زانستی ناسینیدا بە بەربڵاوی بە کار دێن و بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردە دەروونناسییەکانی وەک فێربوون، بینین، کۆنترۆڵی جووڵە، زمان و ناسینی کۆمەڵایەتیدا بە کار دەبرێن. هەروەها، بە شێوەیەکی کارا لە ڕۆبۆتیکدا بە کار دێن. ڕوانگەی بەیزی وا دادەنێت کە ناسین تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ تیۆریی شیمانە یەک دەگرێتەوە، بە تایبەت لەگەڵ سەلمێنراوی بەیز، کە پێی وایە شیمانەی گریمانەیەک کە بە بینراوێک دەدرێت بەرامبەرە لەگەڵ ئەنجامی لێکدانی شیمانەی پێشینەی ئەو گریمانەیە لەگەڵ شیمانەی بینراوەکە کە لە گریمانەکە وەرگیراوە، ئەنجامی ئەو لێکدانەش دابەش دەکرێتە سەر شیمانەی بینراوەکە، چوارچێوەی لێکدەرەوە بۆ ناسینی بەیزی ئەمەیە:

ئامانجی لێکدانەوە:

  • چۆن مێشک ئەرکێکی وەک ئاکامگیری جێبەجێ دەکات؟

نەخشی لێکدەرەوە:

  • زەین نواندنی بۆ هاوپەیوەندییە ئامارییەکانی شیمانە مەرجییەکان هەیە.
  • زەین توانایی ژمێرکاریی شیمانەیی وەک بەکارهێنانەکانی سەلمێنراوی بەیزی هەیە.
  • جێبەجێکردنی ژمێرکارییە شیمانەییەکان لەسەر نواندنە ئامارییەکان ئەرکە زەینییەکانی وەک ئاکامگیری جێبەجێ دەکات.

هەرچەند میتۆدە بەیزییەکان کاریگەریی سەرنجڕاکێشیان لەسەر ژمارەیەکی زۆر دیاردە هەبووە، بەکارهێنانی دەروونناسانەیان جێگەی مشتومڕە و ئەوەش بە هۆی گریمانەکانە لەسەر باشینەکردن و ژمێرکاری لەسەر بنەمای تیۆریی شیمانە.


۴.۹ فێربوونی قووڵ

ژیریی دەستکرد لە ساڵانی ١٩٥٠ەوە لە جەرگەی زانستی ناسینیدا بووە و بەشێکی زۆری پێشکەوتنی سەرنجڕاکێشی ئەم دواییەی ژیریی دەستکرد بە هۆی فێربوونی قووڵەوە بووە، کە لە زۆر بواردا وەک یاریکردن، ناسینەوەی تەن و وەرگێڕاندا پێشکەوتنی سەیری هەبووە. فێربوونی قووڵ لەسەر بیرۆکەکانی پەیوەندخوازی و زانستی دەماریی تیۆریکەوە دامەزراوە، کە تۆڕە دەمارییەکان بە چینی زیاتر و ئەلگۆریتمی باشترەوە بە کار دەهێنێت و کەڵک لە کۆمپیوتەری خێراتر و بنکەدراوەی گەورەتر وەردەگرێت. داهێنانێکی گرینگی دیکە، تێکەڵکردنی نموونەکان بە یارمەتیی فێربوونی بەهێزکەرانەیە، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بووە هۆی چێبوونی یاریکەری پێشەنگی گۆ، واتە ئاڵفاگۆ. بیرۆکەکان لە فێربوونی قووڵدا هاتوونەتەوە زانستی دەماری و کاریگەرییان لەسەر توێژینەوەی دەروونناسیی ناسینی داناوە. چوارچێوەی لێکدەرەوە بۆ فێربوونی قووڵ ئەمەیە:

ئامانجی لێکدانەوە:

  • چۆناوچۆن مێشک ئەرکە ناسینییەکان جێبەجێ دەکات؟

نەخشی لێکدەرەوە:

  • مێشک ژمارەیەکی زۆر دەمارەخانەی هەیە کە لە شەش تا بیست چیندا ڕێک خراون.
  • مێشک میکانیزمێکی بەهێزی فێربوونی لە نموونەکان هەیە و هەروەها دەتوانێت ئەو کارانە فێر ببێت کە لە ڕێگەی ئەنجامدانی سەرکەوتووانەیان بەهێز دەبن.
  • جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی فێربوون بۆ تۆڕە دەمارییە فرەچینەکان توانایی مرۆڤ و هەندێک جار بەرزەمرۆڤیان دەداتێ.

هەرچەند فێربوونی قووڵ بووەتەوە هۆی باشتربوونی زۆر بەرچاوی هەندێک لە سیستمەکانی ژیریی دەستکرد، ڕوون نییە کە چۆن دەتوانێت لە سەر بیری مرۆڤ جێبەجێ بکرێت کە تایبەتمەندیی وێناکردن، سۆز و لێکچوواندنی هەیە.


۵. لایەنە فەلسەفییەکان

هەندێک بەشی فەلسەفە و بە تایبەت فەلسەفەی سروشتیی زەین، دەچنە خانەی زانستی ناسینییەوە. هەروەها بواری نێوان-لقیی زانستی ناسینی لە چەندین ڕووەوە پەیوەندی بە فەلسەفەوە هەیە. یەکەم، ئەنجامە دەروونناسی و ژمێرکارییەکانی لێکۆڵینەوەکانی زانستی ناسینی بۆ چەندین پرسی مێژوویی فەلسەفە وەک ئیپستمۆلۆژی، میتافیزیک، و ئاکار کەڵکیان هەیە. دووەم، زانستی ناسینی دەتوانێت وەک بابەتێکی ڕەخنەی فەلسەفی سەیر بکرێت بە تایبەت بیرۆکە سەرەکییەکەی کە پێی وایە بیرکردنەوە نواندنی و ژمێرکارییە. سێیەم و بەسوودترینیان، زانستی ناسینی دەتوانێت وەک بابەتی توێژینەوەی فەلسەفی لە فەلسەفەی زانستدا سەیر بکرێت و ببێتە هۆی چێبوونی تێڕامان لەسەر ڕێبازناسی و پێشگریمانەکانی بوارەکە.


۵.۱ کەڵکە فەلسەفییەکان

بەشێکی زۆری توێژینەوەی فەلسەفیی هەنووکە سروشتخوازییە؛ توێژینەوە فەلسەفییەکان وەک درێژەی کارە تاقیکارییەکانی بوارەکانی تر وەک دەروونناسی سەیر دەکرێن. لە ڕوانگەی سروشتخوازییەوە، فەلسەفەی زەین بە توندی بەستراوەتەوە بە کارە ئەزموونی و تیۆریکەکان لە زانستی ناسینیدا. دەرەنجامە میتافیزیکییەکان لەسەر سروشتی زەین، بە بیرکردنەوەی لە پێشتر بەدی نایەن، بەڵکوو پشت بە زانیارییەکانی پێشکەوتنی زانستی لە بوارەکانی وەک دەروونناسی، زانستی دەماری و زانستی کۆمپیوتەرەوە دەبەستن. بە هەمان شێوە، ئیپستمۆلۆژی تەنیا شتێکی سەربەخۆی چەمکی نییە، بەڵکوو لە دەستکەوتە زانستییەکان لەسەر پێکهاتە زەینییەکان و ڕەوتەکانی فێربوون کەڵک وەردەگرێت و پشتیان پێ دەبەستێت. ئاکار دەتوانێت بە تێگەیشتنێکی زیاتر لە دەروونناسی، پرسیار و تێڕامانە ئاکارییەکان سەبارەت بە سروشتی چاکە و خراپە بخاتە ڕوو. لێرەدا چەند پرسی فەلسەفیی زۆر پەیوەندیدار بە گەشەسەندنەکانی ئێستای زانستی ناسینی دەبینن. بەستەرەکان بۆ وتارە پەیوەندیدارەکانی ناو زانیارینامەکە دابین کراون:

  • زگماکیبوون. تا چ ڕادەیەک زانین زگماکییە یان لە ئەزموونەوە بە دەست دێت؟ ئایا هەڵسوکەوتی مرۆڤ بە شێوەی سروشتی بیچم دەگرێت یان بە ڕاهێنان؟
  • زمانی بیرکردنەوە. ئایا مێشکی مرۆڤ بە کۆدێکی هاوشێوەی زمان ئیش دەکات یان بە کۆدێکی گشتیتر وەک نواندنەکانی تیۆریی پەیوەندخوازی؟ پەیوەندیی مۆدێلە ناسینییە هێماییەکان، کە بە یارمەتیی ڕێساکان و چەمکەکان ئیش دەکەن، لەگەڵ مۆدێلەکانی وەک تۆڕە دەمارییەکان، کە لەگەڵ هێماگەلی ئاستنزمتر لە هێماکان ئیش دەکەن، چییە؟
  • وێنای زەینی. ئایا زەینی مرۆڤەکان بە شێوەی بینیاری و وێناکردن بیر دەکاتەوە یان تەنیا نواندنی هاوشێوەی زمانی هەیە؟
  • دەروونناسیی گشتی. ئایا تێگەیشتنی ڕۆژانەی مرۆڤەکان لەوانی تر بەپێی تیۆرییەکی زەینە یان هیچ نەبێت هاوشێوەسازییەکی ئەو تیۆرییانە هەیە؟
  • واتا. چۆن نواندنە زەینییەکان واتا یان ناوەڕۆکی زەینی وەردەگرن؟ تا چ ڕادەیەک واتای نواندنێک پەیوەندی لەگەڵ نواندنەکانی تر، پەیوەندی لەگەڵ جیهان، و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵێک بیریار هەیە؟
  • ئەمئەوێتیی زەین-مێشک. ئایا دۆخە زەینییەکان دۆخی مێشکن؟ یان دەکرێت لە دۆخی مادیی دیکەشدا هەست بکرێن؟ پەیوەندیی نێوان دەروونناسی و زانستی دەماری چییە؟ ئایا مادەگەرایی ڕاستە؟
  • ئیرادەی ئازاد. ئایا کردارەکانی مرۆڤ ئازادانەن یان لێکەوتەی دۆخەکانی مێشکن؟
  • دەروونناسیی ئاکار. چۆناوچۆن زەین/مێشکەکان داوەریی ئاکاری دەکەن؟
  • واتای ژیان. چۆن زەینەکان کە لە مێشک دروست بوون، بەها و واتا دەدۆزنەوە؟
  • سۆزەکان. سۆزەکان چین، چ دەورێکیان لە بیرکردنەوەدا هەیە؟
  • ناڕێکیی زەینی. ناڕێکییە زەینییەکان چین، و پێواژۆ دەروونناسی و دەمارییە پەیوەندیدارەکان بە شیکردنەوە و چارەسەرییان چین؟
  • پەیبردن و ڕاستەقینە. چۆن زەینەکان/مێشکەکان نواندنەکان لە جیهانی دەرەوە پێکدەهێنن و هەڵیاندەسەنگێنن؟
  • زانستی کۆمەڵایەتی. چۆن شیکردنەوەی کردارەکانی زەین لەگەڵ شیکارییەکانی کردارەکانی گرووپەکان و جڤاتەکان کارلێک دەکەن؟

پرسی فەلسەفیی دیکەش بە وەرددانەوەی پێشگریمانەکانی ڕێبازە هەنووکەییەکانی زانستی ناسینی سەر هەڵدەدەن.


۵.۲ ڕەخنە لە زانستی ناسینی

ئەو ئیدعایەی کە زەینی مرۆڤەکان لە ڕێگەی نواندن و ژمێرکارییەوە ئیش دەکات بۆچوونێکی تاقیکارانەیە و دەکرێت هەڵە بێت. هەرچەند ڕوانگەی نواندنە ژمێرکارییەکان بۆ زانستی ناسینی لە شیکردنەوەی زۆر لایەنی چارەسەری پرس، فێربوون و بەکارهێنانی زماندا سەرکەوتوو بووە، هەندێک ڕەخنەی فەلسەفی پێداگری دەکەن کە ئەم ڕوانگەیە لە بناخەوە هەڵەیە. ڕەخنەگرانی زانستی ناسینی ئەم ئالەنگارییانەیان باس کردوون.

۱. ئەلەنگاریی سۆزەکان. زانستی ناسینی دەوری گرینگی سۆزەکان لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا لەبەر چاو ناگرێت.

۲. ئالەنگاریی ئاگامەندی. زانستی ناسینی بایەخی ئاگامەندی لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا لەبەرچاو ناگرێت.

۳. ئالەنگاریی جیهان. زانستی ناسینی دەوری بەرچاوی ژینگە فیزیکییەکان لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا لەبەر چاو ناگرێت، ئەوەی کە بیرکردنەوەی مرۆڤ بەشێکە لە جیهان و درێژ دەکرێتەوە بۆ ناو جیهان.

۴. ئالەنگاریی جەستە. زانستی ناسینی پشکی جەستە لە بیرکردنەوە و کرداری مرۆڤدا لەبەرچاو ناگرێت.

۵. ئالەنگاریی سیستمی دینامیکی. زەین سیستمێکی دینامیکە نەک سیستمێکی ژمێرکاری.

۶. ئالەنگاریی جڤاکی. بیری مرۆڤ لە خۆیدا جڤاکییە کە زانستی ناسینی لەبەرچاوی ناگرێت.

۷. ئالەنگاریی بیرکاری. ئەنجامە بیرکارییەکان پیشان دەدەن کە بیرکردنەوەی مرۆڤ ناتوانێت وەک سیستمێکی ستانداردی ژمێرکاری بێت، بەڵکوو بە شێوەیەکی جیاواز ئیش دەکات، ڕەنگە وەک کۆمپیوتەرێکی کوانتۆمی بێت.

پێنج ئالەنگاریی یەکەم بە پێشکەوتنەکان لە شیکردنەوەی سۆزەکان، ئاگامەندی، کردار و جەستەیەتی بەپێی میکانیزمگەلی دەمارەخانەیی تا ڕادەیەک ڕەویونەوە. ئالەنگاریی کۆمەڵایەتی بە پەرەسەندنی مۆدێلە ژمێرکارییەکان لە بکەرە کارلێکەرەکاندا ئیشی لەسەر کراوە. ئالەنگاریی بیرکاری لەسەر بنەمای خراپ تێگەیشتن لە سەلمێنراوی گودێل و لەسەر زلکردنەوەی پەیوەندیی نێوان تیۆریی کوانتۆم و پێواژۆ دەمارییەکانە.


۵.۳ فەلسەفەی زانستی ناسینی

زانستی ناسینی زۆر پرسیاری ڕێبازناسانەی سەرنجڕاکێشی دروست کردوون کە بۆ فەیلەسووفانی زانست جێی تیڕامانن. سروشتی نواندن چییە؟ دەوری مۆدێلە ژمێرکارییەکان لە گەشەی زانستی ناسینیدا چییە؟ پەیوەندیی نێوان ڕوانگە کێبەرکێکارەکان بۆ شیکردنەوەی زەین وەک پێواژۆی هێمایین، تۆڕە دەمارییەکان، و سیستمە دینامیکەکان چییە؟ پەیوەندیی نێوان بەشە جیاجیاکانی زانستی ناسینی وەک دەروونناسی، زمانناسی و زانستی دەماری چییە؟ ئایا دیاردە دەروونناسییەکان دەکرێت دابەزێنرێن بۆ زانستی دەماری؟ کام ئاستی شیکردنەوە، ئاستی بوونناسانە (مولکلولی، دەماری، دەروونناسی، کۆمەڵایەتی) یان ئاستی ڕێبازناسانە (ژمێرکاری، ئەلگۆریتمی، فیزیکی) باشتر لێکدانەوەی پێ دەکرێت؟

بایەخ پەیداکردنی شیکارییە دەمارییەکان لە دەروونناسیی ناسینی، جڤاکی، گەشەکردن، و نۆرینگەییدا پرسیاری فەلسەفیی گرینگی لەسەر شیکردنەوە و داشکاندن دروست کردوون. بۆچوونی دژە-داشکانخوازی کە پێی وایە ناکرێت شیکارییە دەروونناسییەکان داشکێنرێن بۆ ئاستی دەمارناسی تا دێت بێبرەوتر دەبێت، بەڵام هێشتا جێگەی مشتومڕە کە تا چ ڕادەیەک دەکرێت دەروونناسی بۆ ئاستی زانستی دەماریی زیندەزانیی مولیکولی داشکێنرێت. وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەسەر سروشتی شیکردنەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی داشکاندنیش گرینگن. شیکردنەوە بە گشتی لە بوارەکانی دەروونناسی، زانستی دەماری و زیندەزانیدا وەک وەسفی میکانیزمەکان سەیر دەکرێت، کە تێکەڵەیەک لە پارچەی پێکەوە بەستراون و کارلێک دەکەن بۆ ئەوەی گۆڕانی بەردەوام دروست بکەن. لە شیکردنەوەی دەروونناسەکاندا، پارچەکان نواندنە زەینییەکانن کە لە ڕێگەی ڕەوتە ژمێرکارییەکانەوە کارلێک دەکەن بۆ ئەوەی نواندنی نوێ دروست بکەن. لە شیکردنەوەی زانستی دەماریدا، پارچەکان کۆمەڵە دەمارەخانەکانن کە لە ڕێگەی پێواژۆی ئەلەکترۆکیماییەوە پەیوەندی و کارلێک دەکەن تاکوو چالاکیی دەماریی تر بەرهەم بهێنن کە دەبێتە هۆی کردەوە. ئەگەر پێشکەوتن لە زانستی دەماریی تیۆریکدا درێژە بکێشێت، لەوانەیە بکرێت بە پیشاندانی چۆنیەتیی پێکهاتنی نواندنە زەینییەکان وەک چەمکەکان بە چالاکیی کۆمەڵە دەمارەخانەکان و چۆنیەتیی ڕەوتە ژمێرکارییەکان وەک بڵاوبوونەوەی چالاکی لە نێوان چەمکەکاندا بە یارمەتی پێواژۆ دەمارییەکان، دوو لایەنی شیکاریی دەروونناسی و دەمارناسی پێکەوە ببەسترێنەوە.

یەکخستنی زیاتری دەروونناسیی ناسینی لەگەڵ زانستی دەماری بەڵگەی زیاتر لەسەر تیۆریی ئەمئەوێتیی مێشک-زەین دەخاتە بەردەست کە پێواژۆ زەینییەکان دەماری، نواندنی و ژمێرکارین. فەیلەسووفانی دیکە دژی ئەوەن کە زەینەکان لە قاڵبی سیستمی زیندەزانیدا سەیر بکرێن کە درێژ دەکرێنەوە بۆ جیهان، وێڕای ئەوەی کە هەندێک ئیدعا لەسەر جەستەیەتی لەگەڵ تیۆریی ئەمئەوێتی یەک دەگرنەوە چونکە نواندنە مێشکییەکان لە چەندین دۆخدا ئیش دەکەن (بۆ نموونە بینیاری یان جووڵەیی) کە ئەو تواناییە دەداتە زەینەکان لەگەڵ جیهان هەڵسوکەوت بکەن. جێگرەوەیەکی ماتریاڵیستیی دیکە بۆ ئەمئەوێتیی زەین-مێشک لەوەوە دێت کە شیکردنەوەکان بۆ زەین، میکانیزمە مولکلولی و جڤاکییەکان لەگەڵ میکانیزمە دەماری و نواندنییەکان بە کار دەهێنن.


سەرچاوەکان:

Anderson, J. R., 2007. How Can the Mind Occur in the Physical Universe?, Oxford: Oxford University Press.

–––, 2010. Cognitive Psychology and its Implications , 7th edn., New York: Worth.

Bechtel, W., 2008. Mental Mechanisms: Philosophical Perspectives on Cognitive Neurosciences, New York: Routledge.

Bechtel, W., & Graham, G. (eds.), 1998. A Companion to Cognitive Science, Malden, MA: Blackwell.

Bechtel, W., Mandik, P., Mundale, J., & Stufflebeam, R. S. (eds.), 2001. Philosophy and the Neurosciences: A Reader, Malden, MA: Blackwell.

Bermúdez, J. L., 2014. Cognitive Science: An Introduction to the Science of the Mind, 2nd edition, Cambridge: Cambridge University Press.

Blouw, P., Solodkin, E., Thagard, P., & Eliasmith, C., 2016. “Concepts as Semantic Pointers: A Framework and Computational Model,” Cognitive Science, 40: 1128–1162.

Boden, M. A., 2006. Mind as Machine: A History of Cognitive Science , Oxford: Clarendon.

Chemero, A., 2009, Radical Embodied Cognitive Science, Cambridge, MA: MIT Press.

Churchland, P. M., 2007. Neurophilosophy at Work, Cambridge: Cambridge University Press.

Churchland, P. S., 2002. Brain-wise: Studies in Neurophilosophy, Cambridge, MA: MIT Press.

Clark, A., 2001. Mindware: An Introduction to the Philosophy of Cognitive science, New York: Oxford University Press.

–––, 2008. Supersizing the Mind: Embodiment, Action, and Cognitive Extension, New York: Oxford University Press.

Craver, C. F., 2007. Explaining the Brain, Oxford: Oxford University Press.

Dayan, P., & Abbott, L. F., 2001. Theoretical Neuroscience: Computational and Mathematical Modeling of Neural Systems, Cambridge, MA: MIT Press.

Dehaene, S., 2014. Consciousness and the Brain: Deciphering How the Brain Codes Our Thoughts, New York: Viking.

Dreyfus, H. L., 1992. What Computers Still Can’t Do, (3rd ed.). Cambridge, MA: MIT Press.

Eliasmith, C., 2013. How to Build a Brain: A Neural Architecture for Biological Cognition, Oxford: Oxford University Press.

Eliasmith, C., & Anderson, C. H., 2003. Neural Engineering: Computation, Representation and Dynamics in Neurobiological Systems, Cambridge, MA: MIT Press.

Forbus, K. D., Ferguson, R. W., Lovett, A., & Gentner, D., 2017. “Extending SME to Handle Larger-Scale Cognitive modeling,”. Cognitive Science, 41(5): 1152–1201.

Friedenberg, J. D., & Silverman, G., 2011. Cognitive Science: An Introduction to the Study of Mind, 2nd edition, Thousand Oaks, CA: Sage.

Gibbs, R. W., 2005, Embodiment and Cognitive Science, Cambridge: Cambridge University Press.

Goldman, A., 1993. Philosophical Applications of Cognitive Science, Boulder: Westview Press.

Goodfellow, I., Bengio, Y., & Courville, A., 2016. Deep Learning, Cambridge, MA: MIT Press.

Griffiths, T. L., Kemp, C., & Tenenbaum, J. B., 2008. “Bayesian Models of Cognition,” in R. Sun (ed.), The Cambridge Handbook of Computational Psychology, Cambridge: Cambridge University Press, pp. 59–100.

Hofstadter, D., & Sander, E., 2013. Surfaces and Essences: Analogy as the Fuel and Fire of Thinking, New York: Basic Books.

Holyoak, K. J., & Morrison, R. G. (eds.), 2012. The Oxford Handbook of Thinking and Reasoning, New York: Oxford University Press.

Knobe, J., & Nichols, S. (eds.), 2008. Experimental Philosophy, Oxford: Oxford University Press.

Kosslyn, S. M., Thompson, W. L., & Ganis, G., 2016. The Case for Mental Imagery, New York: Oxford University Press.

Laird, J. E., LeBiere, C., & Rosenbloom, P. S., 2017. “A Standard Model of the Mind: Toward a Common Computational Framework across Artificial Intelligence, Cognitive Science, Neuroscience, and Robotics,” AI Magazine, 38(4): 13–26.

Lecun, Y., Bengio, Y., & Hinton, Y., 2015. “Deep Learning,” Nature, 521(7553): 436–444.

Margolis, E. & Laurence, S. (eds.), 2015. The Conceptual Mind: New Directions in the Study of Concepts, Cambridge, MA: MIT Press.

McCauley, R. N., 2007. “Reduction: Models of Cross-scientific Relations and their Implications for the Psychology-neuroscience Interface,” in P. Thagard (ed.), Philosophy of Psychology and Cognitive Science, Amsterdam: Elsevier, pp. 105–158.

Milkowski, M., 2013. Explaining the Computational Mind, Cambridge, MA: MIT Press.

Murphy, D., 2006. Psychiatry in the Scientific Image, Cambridge, MA: MIT Press.

Nadel, L. (ed.), 2003. Encyclopedia of Cognitive Science, London:Nature Publishing Group.

Nisbett, R., 2003. The Geography of Thought: How Asians and Westerners Think Differently … and Why, New York: Free Press.

O’Reilly, R. C., Munakata, Y., Frank, M. J., Hazy, T. E., & Contributors, 2012. Computational Cognitive Neuroscience, Wiki Book, URL = https://med.libretexts.org/Bookshelves/Pharmacology_and_Neuroscience/Book%3A_Computational_Cognitive_Neuroscience_(O%27Reilly_and_Munakata).

Pearl, J., & Mackenzie, D., 2018. The Book of Why: The New Science of Cause and Effect, New York: Basic Books.

Pessoa, L., 2013. The Cognitive-Emotional Brain: From Interactions to Integration, Cambridge, MA: MIT Press.

Piantadosi, S. T., Tenenbaum, J. B., & Goodman, N. D., 2015. “The Logical Primitives of Thought: Empirical Foundations for Compositional Cognitive Models,”. Psychological Review, 123(4), 392–424.

Polk, T. A., & Seifert, C. M. (eds.), 2002. Cognitive Modeling, Cambridge, MA: MIT Press.

Rogers, T. T., & McClelland, J. L., 2004. Semantic Cognition: A Parallel Distributed Processing Approach, Cambridge, MA: MIT Press.

Russell, S., & Norvig, P., 2009. Artificial Intelligence: A Modern Approach, Upper Saddle River, NJ: Prentice Hall.

Smith, E. E.., & Kosslyn, S. M., 2007. Cognitive Psychology: Mind and Brain, Upper Saddle River, NJ: Pearson Prentice Hall.

Sobel, C. P., 2001. The Cognitive Sciences: An Interdisciplinary Approach, Mountain View, CA: Mayfield.

Sun, R. (ed.), 2008. The Cambridge Handbook of Computational Psychology, Cambridge: Cambridge University Press.

––– (ed.), 2012. Grounding Social Sciences in Cognitive Sciences, Cambridge, MA: MIT Press.

Thagard, P., 2005. Mind: Introduction to Cognitive Science, second edition, Cambridge, MA: MIT Press.

––– (ed.), 2007. Philosophy of Psychology and Cognitive Science, Amsterdam: Elsevier.

–––, 2009. “Why cognitive science needs philosophy and vice versa, ” Topics in Cognitive Science, 1: 237–254.

–––, 2010. The Brain and the Meaning of Life, Princeton: Princeton University Press.

–––, 2012. The Cognitive Science of Science: Explanation, Discovery, and Conceptual Change, Cambridge, MA: MIT Press.

–––, forthcoming. Brain-Mind: From Neurons to Consciousness and Creativity, Oxford: Oxford University Press.

Thompson, E., 2007. Mind in Life: Biology, Phenomenology, and the Science of Mind, Cambridge, MA: Harvard University Press.

Von Eckardt, B., 1993. What is Cognitive Science?, Cambridge, MA: MIT Press.

Wilson, R. A., & Keil, F. C. (eds.), 1999. The MIT Encyclopedia of the Cognitive Sciences, Cambridge, MA: MIT Press.


ئامرازە ئەکادیمیکەکان

چۆن ئاماژە بەم وتارە بکەن.

سەیری وەشانی پی.دی.ئێفی ئەم وتارە لە بەشی هاوڕێیانی زانیارینامەدا بکەن.

سەیری بابەتەکان و بیرمەندە پەیوەندیدارەکان بەم وتارە لە پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژیی فەلسەفەدا (ئینفۆ) بکەن. 

لیستێکی دەوڵەمەندتر لە سەرچاوەکانی ئەم وتارە لە فیلپەیپرس، لەگەڵ بەستەرەکان بۆ بنکەدراوەکەی.


سەرچاوە ئینتەرنێتییەکانی دیکە


وتارە پەیوەندیدارەکان

ژیریی دەستکرد | لۆجیک و ژیریی دەستکرد | هەڵسوکەوتخوازی | ناسینی جەستەییبوو | چەمکەکان | پێکبەستراوەیی | ئاگامەندی | سۆزەکان | فەلسەفەی تاقیکارانە | دەروونناسیی جەماوەر وەک تیۆرییەک | دەروونناسیی جەماوەر وەک هاوشێوەسازیی زەینی | ئیرادەی ئازاد | جیاوازیی زگماکیبوون/وەرگرتن | زگماکیبوون و تیۆرییە هەنووکەییەکانی ناسینی | ئامانجدارێتی | گریمانەی زمانی بیرکردنەوە | فێربوونی پەیبردنانە | تیۆرییەکانی واتا | بیرگە | تیۆرییە هۆدارێتییەکانی ناوەڕۆکی زەینی | ناڕێکیی زەینی | وێناکردنی زەینی | نواندنی زەینی | تیۆریی ئەمئەوێتیی زەین/مێشک | تیۆریی ژمێرکارییانەی زەین | پارچەیەتیی زەین | دەروونناسیی ئاکار: بۆچوونگەلی تاقیکارانە | فەلسەفەی زانستی دەماری